Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرتی: درەو 🔹 بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی (8.8 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (8.1 ملیار) دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (7.8) ملیار دۆلار بووە. 🔹 کەل‌وپەل و ئامێرە کارەباییەکان لە پێشەنگی کاڵا هەناردەکراوەکان بووە و بە ڕێژەی (23%)ی کۆی هەناردەکراوەکانی پێکهێناوە کە بەهای (2.1 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (1.9 ملیار) دۆلار بووە. 🔹 هەناردەکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار، کە دەکاتە (15%)ی کۆی هەناردەکردن، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024) دا (ملیارێک) دۆلار بووە. 🔹 بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق بەڕێژەی (30%) گەشەی کردووە و گەیشتووەتە (638 ملیۆن) دۆلار، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (490 ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە (26.6 ملیار) دۆلار و هەناردەی عێراق بۆ چین گەیشتووە بە (17.7 ملیار) دۆلار کە زۆرینەی نەوتی خاو بووە. یەکەم: هەناردەی کەل‌وپەلی "چین"ی بۆ عێراق هەناردەی ڕاستەوخۆی چین بۆ عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 بە ڕێژەی (9.3%) گەشەی تۆمارکردووە، هەروەها بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 (13.2%) زیادیکردووە. بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی (8.8 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (8.1 ملیار) دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024دا (7.8) ملیار دۆلار بووە. کەل‌وپەل و ئامێرە کارەباییەکان لە پێشەنگی کاڵا هەناردەکراوەکان بووە و بە ڕێژەی (23%)ی کۆی هەناردەکراوەکانی پێکهێناوە کە بەهای (2.1 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (1.9 ملیار) دۆلار بووە. هەروەها هەناردەکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گەیشتووەتە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار، کە دەکاتە (15%)ی کۆی هەناردەکردن، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024) دا (ملیارێک) دۆلار بووە. بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ عێراق بەڕێژەی (30%) گەشەی کردووە و گەیشتووەتە (638 ملیۆن) دۆلار، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پێشوودا (490 ملیۆن) دۆلار بووە. بەم شێوەیە ئەو سێ کاڵایەی پێشتر باسمان کرد لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا (47%)ی کۆی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی چینی بۆ عێراق پێکهێناوە. بەپێچەوانەوە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە (26.6 ملیار) دۆلار و هەناردەی عێراق بۆ چین گەیشتووە بە (17.7 ملیار) دۆلار کە زۆرینەی نەوتی خاو بووە. سەرەڕای ئەم چالاکییە بازرگانییە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بە ڕێژەی (3.3%) دابەزیوە کە بڕی (27.5 ملیار) دۆلار بووە. زیادەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق گەیشتووە بە (8.8 ملیار )دۆلار، ئەمەش بەڕێژەی (21%) کەمبووەتەوە بە بەراورد بە (11.3 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024. ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای هاوردە لە چینەوە، هاوکات بەهای هەناردەی عێراق دابەزیوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە (1). خشتەی ژمارە (1) دووەم: هەناردەی ئۆتۆمبێلی "چین"ی بۆ عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەشەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو بە ڕێژەی (65%) زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە (583 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا (352 هەزار) ئۆتۆمبێل بووە. کۆی بەهای هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی گەیشتووە بە نزیکەی (7.7 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا کۆی بەهای هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل (4.5 ملیار) دۆلار بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی بازرگانی چینە لە بازاڕەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی. وڵاتانی هاوردەکاری سەرەکی ئۆتۆمبێلی "چین"ی: 1.    ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پێشەنگی لیستی هاوردەکاراندایە و زیاتر لە (221 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا (102 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردبوو. 2.    سعودیە لە پلەی دووەمدا دێت و نزیکەی (124 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (97 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە. 3.    تورکیا زیاتر لە (91 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا (71 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردبوو. 4.    عێراق زیاتر لە (18 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، لە هەمان ماوەی ساڵی 2024دا (11 هەزار) ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردبوو. 5.    ئوردن بەرزترین ڕێژەی گەشەی هاوردەکردنی تۆمارکردووە، هاوردەکردنی بەڕێژەی (1050%) بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە (23 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا تەنها (2 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردبوو. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە چارت و خشتەی ژمارە (2). چارت خشتەی ژمارە (2) ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئامادەیییەکی گەشەسەندوو ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کە بە تەواوی بە بزوێنەری کارەبایی کاردەکەن، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا (10%)ی کۆی هەناردەکردنی چین بۆ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، بەجۆرێک؛ 1.    ئیمارات پێشەنگ بوو و (25 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە کردووە. 2.    تورکیا نزیکەی (20 هەزار) ئۆتۆمبێلی هاوردە کردووە. 3.    ئوردن بە هاوردەکردنی (15 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی پلەی سێیەمی گرتووە. لەسەر ئاستی جیهان، چین لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا زیاتر لە (750 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەناردە کردووە، بەلجیکاش لە پێشەنگی لیستی هاوردەکارانی جیهانیدایە و لە هەمان ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە (100 هەزار) ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە کردووە. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی ئۆتۆمبێلی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت تا کۆتایی ساڵی 2025 یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل تێپەڕێنێت، ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی خواست و نرخی کێبڕکێیەوەیە، بەتایبەتی لە جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە خێرایی لە ناوچەکەدا فراوانتر دەبێت. ڕاپۆرتی پەیوەندیدار؛ بەهای شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لەساڵی 2024؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16637      


راپۆرتی: درەو 🔻 بە پێداچوونەوەیەک بە داتای خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی (2019 بۆ 2024) دەردەکەوێت؛ 🔹 مووچەی گشتی دام‌و دەزگاکانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 27% زیاد دەکات و بۆ یەکەمجار بەربەستی (60 ترلیۆن) دیناری عێراقی دەشکێنێت، کە دەکاتە 40%ی خەرجییەکانی حکوومەتی عێراق. ئەم خەرجییەش لە شێوەی مووچە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەری کارەساتبار لەسەر دۆخی ئابووری عێراق دەبێت. 🔹 تەنها (7) دامەزراوەی حکومەت نزیکەی (93%) کۆی خەرجی مووچەی حکومەتی ناوەندیان پێکهێناوە. 🔹 وەزارەتی ناوخۆی لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە بە پشکی (22%) لە کۆی مووچەی ساڵی 2024، کە خەرجی مووچەی وەزارەتەکە گەیشتووەتە نزیکەی (13 ترلیۆن) دینار. 🔹 وەزارەتی پەروەردە بە ڕێژەی (18%)ی کۆی خەرجی مووچە دەبات، ساڵی 2019 بۆ لە ساڵی 2024 خەرجی تەرخانکراوی موچە بە ڕێژەی (513%) زیادیکردووە. 🔹 خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە (4.58 ترلیۆن) دینارەوە لە ساڵی (2019) بۆ (9.2 ترلیۆن) دینار لە ساڵی 2024 زیادیکردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (15.3%)ی کۆی مووچەی حکومەتی ناوەند، بە ڕێژەی گەشەسەندنی (101%). خەرجی دام‌و دەزگاو وەزارەتەکانی عێراق لە نێوان (2019 بۆ 2024) مووچەی گشتی دام‌و دەزگاکانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 27% زیاد دەکات و بۆ یەکەمجار بەربەستی (60 ترلیۆن) دیناری عێراقی دەشکێنێت، کە دەکاتە 40%ی خەرجییەکانی حکوومەتی عێراق. ئەم خەرجییەش لە شێوەی مووچە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەری کارەساتبار لەسەر دۆخی ئابووری عێراق دەبێت. لە ساڵی 2019 خەرجی مووچەی حکومەت (40 ترلیۆن) دینار بووە. لە ساڵی 2024 کۆی خەرجی مووچەی حکومەت دەگاتە (60 ترلیۆن) دینار. لە ماوەی پێنج ساڵدا کۆی خەرجی مووچە بە ڕێژەی (50%) زیادی کردووە. بەبێ ئەوەی هیچ زیادکردنێکی بەرچاو بۆ داهاتی نانەوتی یان خزمەتگوزاری پێشکەشکراو وەک پێویست زیادی کردبێت. (لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) بە پێداچوونەوەیەک بە داتای خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی (2019 بۆ 2024) ئەوە ڕووندەبێتەوە، کە تەنها (7) دامەزراوەی حکومەت نزیکەی (93%) کۆی خەرجی مووچەی حکومەتی ناوەندیان پێکهێناوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی چڕبوونەوەی دابەشکردنی زۆری خەرجییەکانی بەکاربردنە. لە پێشەنگی ئەم دامەزراوانە، وەزارەتی ناوخۆیە کە لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە بە پشکی (22%) لە کۆی مووچەی ساڵی 2024، کە خەرجی مووچەی وەزارەتەکە گەیشتووەتە نزیکەی (13 ترلیۆن) دینار، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا (10.5 تریلیۆن) دینار بووە. لە دوای وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پەروەردە بە ڕێژەی (18%)ی کۆی خەرجی مووچە دەبات، بە تەرخانکردنی بڕی خەرچی مووچە لە (1.74 ترلیۆن) دینارەوە لە ساڵی 2019 بۆ (10.7 ترلیۆن) دینار لە ساڵی 2024 زیادی کردووە، ئەمەش بە ڕێژەی (513%) کە زیادبوونی سەرنجڕاکێشە، کە بەرزترین بەرزبوونەوەیە ڕێژەی خەرجییە لەنێو سەرجەم وەزارەتەکاندا. خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە (4.58 ترلیۆن) دینارەوە لە ساڵی (2019) بۆ (9.2 ترلیۆن) دینار لە ساڵی 2024 زیادیکردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (15.3%)ی کۆی مووچەی حکومەتی ناوەند، کە دەکاتە ڕێژەی گەشەسەندنی (101%). دوای ئەو دامەزراوانەش وەزارەتی تەندروستی بە ڕێژەی بەرچاو و (466%)ی زیادبوونی خەرجی مووچەی بەخۆیەوە بینیوە، لە نزیکەی (ترلیۆنێک) دینار لە ساڵی 2019 بۆ (5.9 تریلیۆن) دینار لە ساڵی 2024. هاوکات ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و ئۆرگانەکانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران، مووچەکانیان بە ڕێژەی (80%) زیادی کردووە، لە (3.5 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (6.34 ترلیۆن) دینار زیادی کردووە لە هەمان ماوەی ساڵدا. لەبەرامبەردا ئەو وەزارەت و پارێزگاریانەی کە ماونەتەوە بە کۆی گشتی تەنها (6.5%)ی کۆی خەرجی مووچەی ناوەند پێکدەهێنن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم ژمارانە ئەو وەزارەت و دەستانە ناگرێتەوە کە پشت بە دارایی خۆیان دەبەستن (التمويل الذاتي)، وەک هەندێک لە دامەزراوەکانی وەک وەزارەتی کارەبا و نەوت و پەیوەندییەکان. بەم شێوەیە، کۆی زیادبوونی تەرخانکردنی خەرجی مووچەی ناوەند لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024 بە نزیکەی (48%) بووە، ئەم ڕێژە بەرزەی گەشەکردن بارگرانییەکی قورس لەسەر حکومەتەکانی داهاتوو پێکدەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بەردەوامیی خەرجییە گشتییەکان و سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت. بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (2). خشتەی ژمارە (2)  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە ساڵی ٢٠١١ ەوە سوریا لەناو گێژاوی جەنگ و پێکدادانێکی سێکتاریی، تائیفیی، هەمەلایەندا نووقمە. کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و هاتنە سەرکاری ئەم رژێمە تازەیەی ئەستا، نەک نەیتوانیوە کۆتایی بەم دۆخە تائیفییە پر هەرەشە و مەترسییە هەمەلایەنە بهێنێت، کە بونیادی قووڵی دەوڵەتی سوریی پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەم رژێمە تازەیەش، دۆخەکە بەرەو ئەوە دەبات بەناوی «وەتەنیەتی سوریی» و «پاراستنی یەکێتی وڵاتەکە» و «ناسیۆنالیزمی عەرەبیی»ەوە، هەمان بەرگە کۆنە سواوەوەکەی سەردەمی بەعس، بە بەبەر ئەم شەپۆلە تازە و بەهێزەی سێکتاریزمەدا بکاتەوە. ئەوەی لەم ساتەدا دروستدەبێت و بەڕێوەیە دروستببێت دروستبوونی دەوڵەتێکی مەرکەزییە لەبەرگێکی سێکتاریی دینیی سوونیدا، بەڵام مارەکراو لە هەمان زمان و دروشمە نیشتیمانیی و نەتەوەییە ساختەکانی، رژێمەکەی پێشو.   بێگومان سێکتاریزم دیاردەیەکی تازە و لە ناکاوی ناو ژیانی سیاسیی و مۆدێلی حوکمڕانیی لە سوریادا نییە، بەڵکو رەگوڕیشەیەکی دێرینی لەناو چۆنیەتی دروستکردن و کارکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و لەناو عەقڵیەتی سیاسیی حومکڕانانی سوریادا هەیە.  لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە حیزبی بەعس حوکمرانیی ئەو وڵاتەکە دەگرێتەدەست، لە سەرەتای ساڵی ١٩٧١ یشەوە تا کۆتایی ٢٠٢٤ ، واتە بە درێژایی زیاد لە ٥٣ ساڵ، باوک و کورێکی سەر بە تائیفەی عەلەوی بەشێوەیەکی تاکڕەوانە حوکمڕانبوون، ئەگەرچی بەعس خۆی وەک هێزێکی ناسیۆنالیستی پان-عەرەبیی پێناسدەکرد و قسەی لە پیادەکردنی سیستمی سۆسیالیزمی عەرەبیی دەکرد. بەڵام لە جەوهەردا حوکمڕانی بەعس لە سوریادا کورتبوبووەوە بۆ حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد و لەڕێگای ئەوانیشەوە بۆ حوکمرانی عەلەوییەکان لە سوریادا.  لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە ناکۆکیی و شەڕی مەزهەبی لەو وڵاتە بەرادەیەکی بەرچاو زیادی کردوە،  لە ناوچەکانی سویدا و کەناراوەکانی سووریادا جەنگێکی مەزهەبی خوێناوی بەرپابووە. کوشتنی هەڕەمەکیی بە کۆمەڵ، بە لە سێدارەدانی بە کۆمەڵەوە، کوشتنی مەیدانیی دەستەبەجێ، گولەبارانکردن، کە تیایدا چەندان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی تێدابووە، بەشی سەرەکیی ئەم کوشتنە مەزهەبیی و تائیفیە هەنووکەییەیە. لەم دۆخەدا تەنها دزین و تاڵانکردنێکی بەرفروانی چەندەها گوند و ناوچەی جیاوازیش روویاننەداوە، بەڵکو چەندانیان سوتێندراون و وێرانکراون.  هاوکات وڵاتەکە پڕە لە گروپی عەشایەری و خێڵەکی چەکدار، لە پاشماوەکانی داعش، لە میلیشیای جیهادیی هەمەجۆر، کەهەندێکیان بوون بە بەشێک لەو سوپایەی گوایە سوپای دەوڵەتە لە سوریادا.  لە رۆژانی رابردوودا ئەو کوشتن و بڕین و پەلاماردانە خوێناویانەی لە پارێزگاری سویدادا بینیمان، یەک راستیی سادەمان پێدەڵێت: سێکتاریزم شێوازی سەرەکیی و باڵدەستی پەیوەندیی رێکخراوی نێوان تائیفییە دینییە جیاوازەکان و شێوازی باڵادەستی پەیوەندیی «دەوڵەت» و کۆمەڵگاکەیە بەیەکەوە. سوەیدا ئەو راستییەمان بۆ چەندەمین جار نیشان ئەداتەوە، کە شتێک «نەتەوە، و «گەل» و «دەوڵەتی نەتەوە» و «نیشتیمان»ەوە لە سوریادا، لە راستی لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا، بوونی نییە. هەریەکێک لەم چەمکانە تەواو ناکۆکن بەوەی لەسەر ئەرزی واقیع و لەناو پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان و لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، بە شێوەیەکی بەردەوام، روودەدەن.  نائامادەگیی ئەم چەمکانە لە شوێنێکی وەک سوریادا تەنها دەرەنجامی مێژوویەکی تائیفیی ناوەکیی نییە، بەڵکو هاوکات لەناو ژینگەیەکی ئیقلیمیدا ڕووئەدات کە بەشێوەیەکی بەردەوام رۆلی بەرچاو لە دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ناوەکیی و دروستکردنی ناکۆکییدا دەبینێت.  ئەوەی لە سوریادا پێویستە رووبدات، تەنها ئەنجامدانی ئەم یان ئەو ڕێکەوتنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە، تەنها نزیکبوونەوەی ئەم هێز و تائیفە لەو هێز و تائیفەی تر نییە، بەڵکو سەرلەنوێ بیناکردنەوەی دەوڵەتی سورییە وەک «دەوڵەتى نەتەوە»، دەوڵەتێک نوێنەرایەتی نەتەوەیەک بکات، نەک «دەوڵەتێک بێت بەبێ نەتەوە». هاوکات گۆڕانی سەرزەمینیی جوگرافیی سوریایە بۆ «نیشتیمان»ێکی هاوبەش، بۆ سەرچاوە و ژێرخانی شوناسێکی کۆگیر و یەکگرتوو، ئینجا گۆڕانی «دانیشتوانە فرەدین و فرەئەتنیی و فرەچاوەڕوانییەکان»ی وڵاتەکە بۆ  «گەل» یان «نەتەوە»یەکی کۆگیر کە هەر لایەنێک لەو لایەنانە خۆیان بە ئەندامێکی یەکسانی ئەو گەل و نەتەوەیە بزانن. ئەوەی لە وڵاتەکەدا پێویستە رووبدات کۆکردنەوەی هەموو چەک و هێزە چەکدارەکانە لەژێر ڕکێفی دەوڵەتدا، واتە دەوڵەت تاکە لایەنێک بێت مافی مۆنۆپۆڵکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی هەبەێت، نەک هەر سێکت و لایەنێک سوپاس و هێزی سوپایی تایبەت بەخۆی هەبێت. بەڵام ئەم دەوڵەتە دەبێت دەوڵەتی هەمووان بێت، بە دیندار و بێدینەکانەوە، بە هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیا سیاسییە جیاوازەکانەوە، بە مەزهەب و دینە جیاوازەکانەوە، بە گروپە ئەتنییە جۆراوجۆرەکانەوە. واتە دەوڵەت نابێت نوێنەری هیچ دین و ئایدیۆلۆژیا و گرپێکی ئەتنی یان فەرهەنگی تایبەت بێت. نابێت مافی سەربەخۆبوونی ناوچەیی و لۆکاڵی لەهیچ گروپێکی ناو کۆمەڵگاکە لە چوارچێوەی دەوڵەت و یاساکانیدا لە هیچ لایەنێک بسێنێتەوە.  دەوڵەت، دەوڵەتی نەتەوە بەتایبەتی، یەکەیەکی کۆمەڵایەتییە لەناو ململانێیەکی ماتریالیی و رەمزی گەورەدا دروستدەبێت. بەڵام لەدوا دەرەنجامدا دەبێتە تۆڕێک لە دەزگای هەمەجۆر کە لەپێناوی «چاکەی گشتیی» کۆمەڵگاکە کاردەکات و لە دیدگا و هەلوێستێکی کەم تا زۆر بێلایەنەوە لەبەردەم پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا، دەوەستێت.  لەپشتی چەمکی «دەوڵەتی نەتەوە»وە خەیاڵێکی کۆمەڵایەتی کاردەکات کە کاری کۆکردنەوەی هەمووانە لەناو شوناسێکی گشتیی و کراوەدا بۆ هەمووان. بیرکردنەوە وەک دەوڵەت بیرکردنەوەیەکە مافی یەکسان و دەسەڵاتی یاسا و بێلایەنبوون بەرامبەر بە پێکهاتە مرۆییەکانی ناو هەناوی، ئاراستەی دەکات. ماکس ڤێبەر پێیوایە دەوڵەت مافی مۆنۆپۆڵکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی فیزیایی هەیە، هەرچی پیار بۆردیۆیە بۆ ئەم تێگەیشتنە ڤێبەرییە «توندوتیژیی رەمزیی»ش زیاد دەکات و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەوڵەت پێویستە مۆنۆپۆڵیی «توندوتیژیی رەمزیش» بکات. واتە دەوڵەت مۆنۆپۆڵی بڕیاری پابەست بە هاوڵاتیبنوون و بە هەبوون یان نەبوونی رەگەزنامە و شەێوازی خوێندن و پەروەردە، دەکات. ئەمەش لەسەر بنەمای بیرۆکەی هاولاتیبوون و بوونی نیشتیمانەکی هاوبەش و ئەندامبوون لەناو یەک یەکەی سیاسیی هاوبەشدا.  هەردوو فۆرمەکەی مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی کارێکی ترسناک و وێرانکەردەبێت گەر لەسەر بنەمای سەپاندنی ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو مەزهەب و ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسیی، بێت.   ئەو حوکمڕانانەی ئەمرۆکە سوریا بەڕێوەدەبەن، هەم ئایدیۆلۆژیا و دیدگا سیاسیی و دینییەکەیان، هەم پاشخانە کۆمەڵایەتییەکەیان و هەم هێزە سەربازییەکەیان، ئامراز و هێزی دروستکردنی دەوڵەت نین بەو ئاکارانەوە کە لەسەرەوە باسمانکردن. بۆیە هەر مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی مادیی و توندوتیژیی رەمزیی جگە لە دووبارەکردنەوەی مێژووی تائیفیی و خوێناوی وڵاتەکە شتێکی دیکەنابێت.  هیچ کەمینەیەکەی ناو وڵاتەکە لانی هەرەکەمی دڵنیایی نییە لە پەیوەندیدا بەو دەسەڵاتە سیاسییەوە کە لە دیمەشقدا دروستبووە و دروستدەبێت.  هاوکات بەشە نادینیی و عەلمانیی و نامەزهەبیی و ناتائیفییەکەی وڵاتەکەش، لە هەمان دۆخی بەدگومانیی گەورەدا دەژیی.  پێدەچێت گۆڕینی ئەو پارچەپارچەبوونە دینیی ومەزهەبیی ئەتنیی و ئیدیۆلۆژییە، بۆ یەکەیەکی سیاسیی بەلانی هەرەکەمی هارمۆنیەتەوە، بەشێک نەبێت لە خەیاڵی سیاسیی و دینیی و ئایدیۆلۆژیی و کۆمەڵایەتیی ئەو هێزەی ئەمڕۆکە لە دیمەشقدا خاوەن دەسەڵاتە.   


  درەو: مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵ (الشرق) باس لە پرسی موچەو پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر  وبەغداد دەكات:       بەغداد هەموو كارتێكی فشار بەكار دەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە.      بەکارهێنانی پرسی مووچە  وەك کارتی فشاری سیاسی، جێگەی داخە و ناكرێت موچە ببێتە كارتی فشار لە ناككیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد.      بەكارهێنانی موچەی خەڵكی وەك كارتی فشار جێگەی قبوڵكردن نیە       بەپێی دەستوری عێراق خەڵكی مافی خۆیانە موچە وەربگرن بەبێ دواكەوتن و هیچ فشارێك.      هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکووک.      ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا.      ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن.      "پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە."      دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز.      پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە.      پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.      کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان "نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ.  


درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی،  (776 هەزار) کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، لەم ژمارەیەش نزیکەی (511 هەزار) کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و (260 هەزار) کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە". لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (3 هەزار) هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (10 هەزار و 255) كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، (39) كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و (106) كەسیشیان كەمئەندام بوون. 🔹 تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری (ملیۆنێک و 200 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند. لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، سەبارەت بە پاشماوەکانی جەنگ لە کۆتا ئاماری ساڵی 2025 دەڵێت: مینە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقینەوەکانی جەنگ  بە پانتایی (2 هەزار و 100) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراقدا بڵاوبوونەتەوە کە یەکسانە بە نزیکەی (300 هەزار) یاریگای تۆپی پێ. 🔹 بەپێی خەمڵاندنەکان لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2019، زیاتر لە (110 ملیۆن) مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020،  (60) وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیسکراون، لە کۆی (60) وڵاتەکە (33) وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن. لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، (50 بۆ 100 ملیار) دۆلاری تێدەچێت. سەرەتا کاریگەرییە ژینگەییەکانی پاشماوەکانی جەنگ و بە تایبەتی (مین)ە چێندراوەکان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکان لە مەترسیدارترین و درێژخایەنترین کاریگەرییەکانن لەسەر ژینگە و سرووشت،  هەر ئەمەش وای کردووە  ببێتە هۆی لە دەستدانی هەزاران دۆنم لە پاوەن و دارستان و تەنانەت ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو و ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنی سەدان هەزار باڵندە و ئاژەڵ، جگە لەو زیانە ماددیانەی کە لەکاتی هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەیاندا تەرخان دەکرێت، زیانەکانی کوشتن و کەمئەندامکردنی مرۆڤەکان بێکۆتایی. پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە (مین) هەرێمی کوردستان یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ژینگەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە. لەماوەی پەنجا ساڵی رابردووەدا کە کوردستان پێیدا تێپەڕیوە، وەکو بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە بەشێکی زۆری ژینگەکەی رووبەڕووی شێواندن و پیسبوون بووەتەوە. "بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی،  (776 هەزار) کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، ئەم ئەنجامە جگە لەوەی بۆ ژینگە مەترسییەکی ترسناکە، هاوکات هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵانیش دەکات، لەم ژمارەیەش نزیکەی (511 هەزار) کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و (260 هەزار) کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە". "لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (3 هەزار) هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (10 هەزار و 255) كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، هەر لە ساڵی 1992ـەوە كە كاری پاككردنەوە لە زەوییە مینڕێژكراوەكان دەستی پێكردووە، (39) كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و (106) كەسیشیان كەمئەندام بوون. لە ئێستاشدا چەندین تیمی گیانفیدا لە کوردستان کار دەکەن بۆ بنبڕکردن و هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان، کە بەیەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەدە هەژمار دەکرێ لەسەر ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان. بەپێی ئامارێکی تایبەتی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەکنیکی تایبەت بە گۆشەی (ئایندەی ژینگە). 1.    ژمارەی مین: زياتر له (144 هەزار و 863) 2.    ژمارەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ: (232 هەزار و 53) 3.    ژمارەی بۆمبی چێندراو: (4 هەزار و 824) 4.    قوربانیانی مین: (13 هەزار و 709). 5.    قوربانیانی کارمەندانی مین: (49) 6.    ڕوبەری زەوی پیسبووی هەرێمی کوردستان،( 776) كم2، بەجۆرێک؛ •    قەزای پێنجوێن، زیاتر(40) كم2 •    شارباژێڕ  زیاتر له (30) كم2 •    سۆران زیاتر له (22) كم2 •    چۆمان زیاتر له (21) كم2 •    خانەقین زیاتر له (18) كم2 •    هەڵەبجە زیاتر له (14) كم2 •    ئامێدی زیاتر له (9) كم2 داتاکانی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان (گرافیک)   ژینگەی عێراق و مەترسییەکانی مین لە ئەنجامی ململانێیە بەردەوامەکان، مین بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، سەرەتاکەشی بە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 دەستیپێکرد، دواتر ڕژێمی عێراقی سەدام حوسێن لە داگیرکردنی کوێت ساڵی 1991، دواتر لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، پاشان ململانێی تائیفی، سەرهەڵدانی (داعش)، و کۆنترۆڵکردنی یەک لەسەر سێی ناوچەکانی عێراق لە ساڵی 2014، تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری (ملیۆنێک و 200 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند. لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، سەبارەت بە پاشماوەکانی جەنگ لە کۆتا ئاماری ساڵی 2025 دەڵێت: مینە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ بە مەزەندەکردنی (2 هەزار و 100) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراقدا بڵاوبوونەتەوە – کە یەکسانە بە نزیکەی (300 هەزار) یاریگای تۆپی پێ.  ئەم مەترسییە کوشندانە مەترسییەکی بەردەوامن دروست دەکەن بۆ سەر ژیانی مەدەنی، ڕێگری لە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان دەکەن، دەستڕاگەیشتن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان سنووردار دەکەن و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خاو دەکەنەوە. ئەم پاشماوە کوشندانەی شەڕ بووەتە هۆی بەردەوامی لە گیان لەدەستدان و برینداربوونی کارەساتبار.  لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2024 بە گشتی (78) کوژراون یان بریندار بوون. لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) لە عێراق  ICRC لە ساڵی 1980ەوە لە عێراق کاردەکات، چالاکییە سەرەکییەکانی بریتین لە سەردانیکردنی دەستگیرکراوەکان، یەکخستنەوەی خێزانە دابڕاوەکان، ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ونبووەکان، هەروەها پێشخستنی و داکۆکیکردن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا.  هەروەها ICRC کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و یارمەتی کۆمەڵگاکان دەدات لە درێژخایەندا خۆیان بگونجێنن بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی چارەسەرکردن. مەترسییەکانی مین و پاشماوەکانی جەنگ لە جیهاندا بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2019، زیاتر لە (110 ملیۆن) مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020،  (60) وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیسکراون، لە کۆی (60) وڵاتەکە 33 وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن.  لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، (50 بۆ 100 ملیار) دۆلاری تێدەچێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی زیانلێکەوتوو هەژارترینن، تێچووی پاککردنەوەی مین بارگرانییەکی زۆر دەبێت لەسەر ئابورییان. مین و پاشماوەکانی جەنگ هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە پاشماوەی جەنگ، بەتایبەتی مین و تەقەمەنی نەتەقیو، بە چەندین شێوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ژینگە هەیە. خاک و ئاو پیس دەکەن و گیانلەبەرە کێوییەکان دەخەنە مەترسییەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکانی فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دروست دەکەن. لەسەر کۆمەڵێک ئاست گرفت بۆ ژینگە دروست دەبێت، بەجۆرێک؛  یەکەم: پیسبوونی ژینگەیی دروست لەسەر ئاستەکانی: 1.    پیسبوونی خاک: پاشماوەی جەنگ دەتوانێت خاک بە کانزا قورسەکان و ماددە ژەهراویەکان پیس بکات و وای لێدەکات بۆ کشتوکاڵ نەگونجێت و زیان بە وردە زیندەوەران بگەیەنێت. 2.    پیسبوونی ئاو: ماددە کیمیاییەکان و پیسکەرەکانی پاشماوەی جەنگ دەتوانن بچنە ناو سەرچاوەکانی ئاو و مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەکان دروست بکەن. 3.    پیسبوونی هەوا: تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگ دەتوانێت هەوا پیس بکات بە گازی ژەهراوی و دوکەڵ و زیان بە تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ بگەیەنێت. دووەم: کاریگەری لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان: مین و تەقەمەنییەکان دەتوانن مەترسیدار بن بۆ سەر ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان و لە ئەنجامدا برینداربوون و مردنیان لێدەکەوێتەوە. سێیەم: تێکچوونی ئیکۆسیستەمەکان: پیسبوون و لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوون دەتوانێت ئیکۆسیستەمەکان تێکبدات، کاریگەری لەسەر جۆراوجۆری زیندوو دروست بکات. چوارەم: بەربەستەکانی بەردەم بەکارهێنانی مرۆڤ:  1.    زەوییە کشتوکاڵییەکان: مینە چێندراوەکان دەتوانن زەوییە کشتوکاڵییەکان بکەنە شوێنێکی بەکارنەهێنراو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت. 2.    شوێنی نیشتەجێبوون: پاشماوەی شەڕ دەتوانێت ناوچە نیشتەجێبوونەکان ناپارێزراو بکات و ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بکات. 3.    هەوڵەکانی فریاگوزاری: پاشماوەی جەنگ دەتوانێت ڕێگری لە هەوڵەکانی فریاگوزاری مرۆیی بکات، دانیشتوانی پێویست لە هاوکارییە پێویستەکان بێبەش بکات. ژمارە گرنگەکانی تایبەت بە مین بەشێوەیەکی گشتی (110 ملیۆن) مینی چێندراو لە کێڵگە مینەکاندا لە وڵاتانی جۆربەجۆر لە جیهاندا دانراون. تێچووی پاککردنەوەی ئەم کێڵگانە نزیکەی (33 ملیار) دۆلارە، بەڵام ئەم ژمارەیە هیچ کێڵگەیەکی نوێ ناگرێتەوە کە لە ئێستادا دانراون. ژمارەی ئەو مینانەی کە تا ئێستا بەکارنەهێنراون نزیکەی (250 ملیۆن) مینە. ساڵانە (2.5 ملیۆن) مین لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێت. لە ساڵی 1970ەوە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی مینی چێندراوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن کەس. ساڵانە مین (26 هەزار) کەس دەکوژێت و ڕۆژانە (70) کەس گیانیان لەدەستداوە. لە جیهاندا نزیکەی (350) جۆر مین هەیە، کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیارنامەی کۆبوونەوەی گشتی لە 8ی کانوونی دووەمی 2005 لە (4ی نیسانی) هەموو ساڵێکدا ڕۆژی جیهانی هۆشیاری لە مەترسی مین بەڕێوەدەبات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی پێشکەشی ئەو وڵاتانە دەکەن، کە کێشەی پەیوەست بە مینیان هەیە و بۆ هاندانی بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا نیشتمانییەکان لەو وڵاتانەی کە مین و پاشماوەی تەقەمەنی هەڕەشەن بۆ سەر سەلامەتی خەڵکی مەدەنی یان بەربەست لەبەردەم گەشەکردن. کاریگەرییە ئابورییەکانی مین (گرافیک) سەرچاوەکان -    دەزگای گشتی کارووباری مین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەکنیکی. -    لیژنەی نێودەوڵەتی خاجی سور لە عێراق. -    سوود لە ئاماری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان وەرگیراوە.  


یادگار سدیق گەڵاڵی  بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەدات (1973-2026): کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا تورکیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆری نەوت لەگەڵ عێراق لە ساڵی 1973 ڕاگەیاند، لە کاتێکدا وادەی بەسەرچوونی فەرمی لە مانگی تەمموزی 2026 نزیک دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە لاکاتێکدایە کە لێکتێگەیشتنی نوێ و جۆرێک لە ڕیێکەتن لە نێوان حکومەتی هەولێر و بەغدا  دروست بووە سەبارەت بە بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنی عێراقی، نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) مامەڵە لەگەڵ کارەکانی بازاڕکردن و هەناردەکردن دەکات. ئەگەر هەناردەکردن لە ڕێگەی سۆمۆوە نەتوانرا بکرێت، ئەوا نەوتەکە ڕاستەوخۆ دەگەیەنرێتە دەستی وەزارەتی نەوتی عێراق ، بەبێ دەستوەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم یان حکومەتی هەرێمی کوردستان.   تورکیا بەدوای دەستکەوتی فراوانتردا دەگەڕێت... عێراقیش پێویستی بە ڕێڕەوێکی سەلامەتە. هەڵوەشاندنەوی گرێبەستەکە مەرج نییە بەمانای ئەوەبێت کە تورکیا نایەوێت گرێبەست لەگەڵ عێراقدا ئەنجام بدات بەڵکو  لە هەمانکاتدا کە ڕایگەیاند گرێبەستەکە هەڵدەوەشێةێتەو  ئەنقەرە پێشنیازی رێکەوتنێکی نوێ و فراوانتر و هەمەلایەنتر لە چاو ئەوەی پێشوو پێسکەشکردووە، کە گەرەنتی دەستکەوتی ئابووری فراوانتر دەکات. لە بەرانبەریشدا عێراقیش خاکی تورکیا وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بەشێوەیەکی کاراتر و تێچووی کەمتر دەڕوانێت.  بەپێی گرێبەستەکەی کە ئێستا بەرکارەو ساڵێکی تر لەلایەن تورکیاوە کۆتایی پێدێت، کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت تا بڕی  ٤٢١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بریتییە لە ١.١٨$ ( تابڕەکەی زیاتر بێت کرێی گواستنەوەی کەمتر دەبێتە وە) ئەگەر قەبارەی هەناردەکردن بۆ یەک ملیۆن و ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک بۆ ٠.٩٤ دۆلار دابەزێت، کە ئەمە بەلای تورکیاوە کەمە. چونکە هەرێمی کوردستان  بۆ گواستنەوی هەربەرمیلێک نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێی هەمان بۆرییەوە  بڕی ٤.٣١$ دۆللاری داوە بە کۆمپانیای بۆتاش بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت-چارەکی ئەکەمی ٢٠٢٣ . ئەمەش بەو مانایەیە کە تورکیا سێ هێندە زیاتر داهاتی لە هەرێمەوە هەبووە لەوەی لە حکومەتی فیدراڵی هەیبوو بۆ هەمان خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش وایکردووە ئەگەری ئەوە هەبێت لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێدا داوای تاریفەی گواستنەوەی زیاتر بکات . بۆیە هەر رێکەوتنێکی نوێ چاوەڕێ دەکرێت تورکیا داوای تاریفەی گواستنەوەی زیاتر بکات لانیکەم رێژەیەک نزیک لەوەی هەرێمی کوردستان ، لەپاڵ ئەوەی داوای تەرخانکردنی بڕێک نەوت دەکات بە نرخی داشکاو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی تورکیا. ئایا کوردستان بەتەواوی لە هاوکێشەی هەناردەکردن دوور دەخرێتەوە؟ یەکێک لەو خاڵە سەرەکیانەی کە ئایندەی هەرێم لە کارەکانی هەناردەکردندا دیاری دەکات، پەیوەندی بە ئەگەری خستنەڕووی بڕگەیەکی هاوشێوەی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2011وە هەیە. ئایا لە گرێبەستە نوێکەدا بەهەمانشێوەی هەموارەکەی ٢٠١١ بە مادەیەک دەچەسپێنرێت  کە تەنها سۆمۆ بۆی هەیە نەوت لە ئەمبارەکانی جەیهان هەڵبگرێت و باری بکاتە سەرکەشتییەکان ( بیفرۆشێت و بەبازاڕی بکات) لەو حاڵەتەدا بەتەواوەتی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی نەوت نامێنێت  هەروەک چۆن لە ٢٨ مانگی رابوردودا نەیتوانیوە نەوت هەناردەبکات . بەڵام لە بەرانبەردا ئەگەر بەغدا نەتوانێت ئەم بڕگەیە بچەسپێنێت یان  ئەگەر تورکیا رازی نەبێت  بەندێکی وا جێگیر بکات لە رێکەتنە نوێکەدا ئەوا لە بەردەم ئەگەری ئەوەداین کە هەرێمی کوردستان ساڵێکی تر بتوانێت تاکلایەنە نەوت هەناردە بکات و بیفرۆشێت لە ڕێگەی تورکیا و بەندەری جەیهانەوە. ئەمە ئەگەرێکە گەر لاوازیش بێت لە ئێستادس بەڵام لەئەگەری نەبوونی گرێبەستێکی نوێ یان جێگیرکردنی دەستەڵاتی حصری سۆمۆ لە جەیهان رودانی ئەم ئەگەرە زیاد دەکات و ئەوکاتیش ئەوگریمانەیەی کە دەڵێ هەرێم گرەوی لەسەر نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوان تورکیا و عێراق کردبێت زیاتر دەبێت، لەم حاڵەتەدا تورکیا ڕەنگە ڕێگە بە حکومەتی هەرێم بدات کە بۆرییەکە بەکاربهێنێت وەک ئەوەی پێش راوەستانی هەناردەکردن لە مانگی ئازاری 2023دا، بەپێی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق، بەبێ ئەوەی پابەندبوونی فەرمی بە حکومەتی فیدراڵیەوە هەبێت و پێشێلی هیچ ریکەوتنێکیش بکات.  ڕێگای گەشەپێدان: ئاسۆیەکی ئابووری فراوانتر پێدەچێت تورکیا و عێراق نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە نوێیە نەوتییەکان ببەستنەوە بە ڕێککەوتنێکی فراوانتر لە چوارچێوەی پرۆژەی "رێگای گەشەپێدان" ، کە ئامانج لێی گۆڕینی عێراقە بۆ ناوەندێکی ناوچەیی کە کەنداو بە ئەوروپاوە ببەستێتەوە و ڕۆڵێکی ستراتیجی بە تورکیا ببەخشێت وەک ناوەندێک بۆ دابەشکردنی وزە و گاز بەسەر کیشوەری ئەوروپادا. لەم چوارچێوەیەدا، بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە، ئیتر تەنیا بە رۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەچەند ساڵی رابوردوودا کۆمپانیا تورکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشایان کردووە لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان ،  بەڵکو ئێستا بەرژەوەندییەکانی تورکیا بە پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا گرێدراوە، ئەمەش چانسی نوێکردنەوەی بەرفراوانتر و هەمەلایەنەی ڕێککەوتننامەی دوو قۆڵی زیاتر دەکات.  پێدەچێت پێوەرەکانی ئێستا ڕوون بن: ئایندەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چۆنیەتی داڕشتنی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان عێراق و تورکیا. ئەگەر لێکتێگەیشتنی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا تا مانگی تەمموزی 2026 بەردەوام بێت، ئەوا لە ماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی هەرێم ناکات. لە دەرەوەی ئەو خاڵە، هاوکێشەکە لە دەستی دانوستانکاران دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ هێنانەکایەی فاکتەری نوێی وەک ڕێڕەوی گەشەپێدان و گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەنقەرە لە بازاڕی وزەی ناوچەکەدا. ئەم ڕێکخستنەی ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر بەو مانایەیە کە تاکە لایەنێک کە دەسەڵاتی بەکارهێنان یان بەبازاڕکردنی نەوتی هەێمی کوردستانی هەیە- چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا- وەزارەتی نەوتی عێراقە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم میکانیزمە تا کۆتایی ڕێککەوتنی ئێستا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، هاوکات داهاتووی هەناردەکردنی هەرێم دواتر بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکە دیاری دەکرێت، کە تورکیا ئامادەکاری بۆ دەکات، بە وردی چاودێری وردەکارییە یاسایی و بازرگانییەکانی دەکات.    


 درەو: داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی لە (17) ملیارەوە بۆ (87) ملیار دینار و بەڕێژەی (411%) زیادیكردووە. ماڵپه‌ڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگای( سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (راپەڕین و گەرمیان) بڵاویكردەوە  🔹داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 19/7 – 25/7/2025: ( 87 ملیار و 229 ملیۆن )دینار بووە، بەجۆرێك كە 8%ـی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 92%ـی داهاتەكە بەشێوەی مەقاسە بووە واتا تەنیا نزیكەی (7) ملیار دیناری نەختینەیەو (80) ملیار دیناری مەقاسەیە. 🔹داهاتی هەفتەی رابردووی سنوری سلێمانی 12/7 – 19/7/2025:: ( 17 ملیار و 52 ملیۆن )دینار بووە، بەجۆرێك كە 8%ـی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 92%ـی داهاتەكە بەشێوەی مەقاسە بووە. سایتەكە بڵاویكردووەتەوە لە نێوان ئەو دوو هەفتەیە داهات بەڕێژەی (411%) زیادی كردووە.  🔹داهاتی مانگی تەمووزی سنوری سلێمانی بریت بووە له‌ ( 118 ملیار و 926 ملیۆن) دینار ، كه‌ 28%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 67%ی مەقاسە بووەو  5% به‌شێوه‌ی چه‌ك بوه‌.  🔹داهاتی مانگی حوزەیرانی سنوری سلێمانی ( 62 ملیار و 14 ملیۆن دینار) بووە، كه‌ 34%ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ بوه‌ و 64% به‌شێوه‌ی مەقاسە بووە.  سایتەكە بڵاویكردووەتەوە لە نێوان ئەو دوو مانگەدا داهات بەڕێژەی (91%) زیادی كردووە.       


د. سەردار عەزیز  ڕۆژی دووشەمە لە گەزەتەی فەرمی تورکیادا بە بڕیارێک کە لە لایەن ئەردۆگانەوە واژۆ کراوە، بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان کۆتایی پێکهێنراوە. بڕیارەکە لە ساڵی داهاتودا جێبەجێ دەکرێت. لە کاتێکدا عێراق و تورکیا لە پلانی دروستکردنی ڕێگای گەشەدابوون، بڕیارێکی وەها هەتا ئاستێک چاوەڕوان نەکراوبوو. بەڵام هۆکاری تر هەن کە وەهایان لە تورکیا کردوە ئەم بڕیارە بدات. لە بەیاننامەی گەزەتەی فەرمیدا هیچ هۆکارێک ئاماژی پێنەدراوە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار لە پشت بڕیارەکەی تورکیا وە هەن. یەکەم، تورکیا خۆی وەک لایەن و وڵاتێکی جیاواز دەبینێت لە ناوچەکە. بڕیاری عێراق بۆ چون بۆ دادگای پاریس لە لایەن ئەردۆگانەوە وەک جۆرێک لە سوکایەتی بینرا، بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی دانوستانی نوێ پیاداچونەوە دەبێت بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە لە لایەن عێراقەوە. بەو مانایە کە عێراق دەبێت واز لە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار بهێنێت. دووەم، تورکیا لە ڕوی جیوپۆلەتیکیەوە خۆی لە پێگەیەکی تردا دەبینێت، لاواز بونی ئێران و ڕوسیا لە ناوچەکە، زەمینەی ئەوە سازاندوە کە خەونی عوسمانیەتی بەڵام بە شێوازی جیاواز پیادە بکات.  سێیەم، تورکیا کارتی تری زۆری هەیە لە سەر عێراق لە سەروی هەمویانەوە ئاو. تورکیا ئێستا وەک ساڵانی حەفتاکان نیە، کە توانای گلدانەوە ئاوی نەبوو، ئەوەی کاکە حەمە بانگەشەی بۆ دەکات، ئەردۆگان پیادەی دەکات.  لە حەفتاکان کە تورکیا و عێراق ڕێکەوتن، تورکیا وڵاتێکی موحتاج بوو. جارێک بوڵند ئەجەوید بە موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت: ئێمە جگە لە بنکەی ئەنجەرلیک و داهاتی کرێکارانمان لە ئەوروپا هیچ داهاتێکی جێگر و گەورەمان نیە. ئەو کاتە موکەڕەم تاڵەبانی بەرپرسی مەلەفی ئاو بوو لە گەڵ تورکیادا لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە. بەڵام ئێستا تورکیا جیاوازە. بۆیە دانوستان لە پێگەیەکی جیاوازەوە دەکات.  ئاماژەکان وەها دەڵێن کە دانوستانی نوێ بەرفراوان تر دەبێت لەوەی تەنها پەیوەست بێت بە بۆڕی نەتەوە، بەڵکو وزە بە فراوانی لە نێویاندا غاز و هەروەها ئاو و گومانیش دەکەم بواری ئاسایشی و بنکە سەربازییەکانی تورکیاش بگرێتەوە. لە ڕاستیدا عێراق هێندە پێویستی بەو بۆڕییە نیە وەک جاران، چونکە ئێستا لە ئەوروپا تەنها یونان و تورکیا و ئیتالیا نەوتی عێراق دەکڕن، کە یونان گەورەترین کڕیارە. نەوتی عێراق بە گشتی بۆ ڕۆژهەڵات دەڕوات. بەڵام عێراق وەک وڵاتێک ناتوانێت بیر لە فرە سەرچاوەی هەناردە نەکاتەوە، لە بەر هۆکاری ئاسایشی و جیوپۆلەتیکی. لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا، ئێران توانیبوی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەی عێراق لە باشور بوەستێنێت. بۆیە عێراق هەموو فشاری لە سەر کەرکوک بوو. سەرەتا لە سوریاشەوە هەناردە دەکرا بەڵا ئێرانییەکان توانیان پارەی زیاتر بدەن بە ئەسەدی باوک هەتا بۆڕییەکە دابخات. کەرکوک چونکە لە ناوەوەی عێراق بوو بوو بە سەرەکیترین سەرچاوەی نەوتی عێراق، لە هەمانکاتدا ستراتیژی ئێران وەها بوو، هەتا عێراق کەمتر نەوت بفرۆشێت کەمتر توانای هێرشی هەیە. هەر ئەمەش بوو کە عێراقی بەرەو قەرزاری زۆر برد لە ناوەڕاستی هەشتاکان. ئەو کاتەی کە چین بڕیاری دا کە چەک بە هەردوو لا بفرۆشێت.  هەوڵی هێزە کوردییەکان بۆ پەکخستنی هەناردەی نەوتی کەرکوک دەچوە خانەی ئەم ستراتیژەوە، بەڵام گومان هەیە کە لێی بە ئاگا بوو بن.  عێراق ئەگەر بتوانێت لە ڕوی هەناردەی نەوتەوە دەستبەرداری بۆڕییەکە ببێت وەک دوو ساڵە نەوتی پیادا ناڕوات، ئەوا ناتوانێت لە ئاستەکانی تردا دەستبەرداری بێت چونکە عێراق لە بواری تردا زۆر پێویستی بە تورکیایە و لە هەمانکاتدا دۆخی جیوپۆلەتیکی گۆڕاوە.


شیكاری: درەو  # بە گەڕانەوە بۆ داتا فەرمییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە ماوەی ڕابردوودا؛ 🔻 حکومەتی هەرێم مانگانە لە چوار سەرچاوەوە نزیکەی (ترلیۆنێک و 383 ملیار) دیناری دەست دەکەوێت، بەجۆرێک؛ 🔹 نزیکەی (975 ملیار) دینار پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ موچە. 🔹 بڕی (290 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ کە لە (باج، ڕەسم و گومرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. 🔹 بڕی (99 ملیار) دیناری داهاتی (ملیۆنێک و 500 هەزار) بەرمیل نەوت، واتا (50 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ئەگەر هەر بەرمیلێک بە (50 دۆلار) بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بفرۆشرێت. 🔹  بڕی (20 ملیار) دیناری هاریکاری هاوپەیمانان بۆ لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە. 🔻 حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێک و 320 ملیار و 658 ملیۆن) دیناردەبێت بۆ پڕکردنەوەی خەرجی و پێداویستییەکانی، بەجۆرێک؛ 🔹 نزیکەی (975 ملیار) دینار خەرجی موچە. 🔹 بڕی (120 ملیار) دینار بۆ  ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە حکومەتی عێراق. 🔹  بڕی (20 ملیار) دیناری هاریکاری هاوپەیمانان بۆ لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە. 🔹 بڕی (31 ملیار و 680 ملیۆن) دینار بۆ خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت (واتا (16 دۆلار)  بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت). 🔹 بڕی (2 ملیار و 165 ملیۆن) دینار بۆ تێچووی کڕینەوەی وزەی کارەبا لە وێستگەکانی کەرتی تایبەت. 🔹 بڕی (110 ملیار) دیناری خەرجی بەگەڕخستی وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێم. 🔹 بڕی (62 ملیار) دیناری خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان. 🔻 کەواتە حکومەتی هەرێم مانگانە بەڕێژەی (5%) و بڕی (63 ملیار و 155 ملیۆن) دینار داهاتی زیاتر دەبێت لە خەرجییەکانی.   داهات و خەرجی هەرێم داوای ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بەو ئامارو داتا فەرمییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە ماوەی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی خەرجی و پێداویستییەکانی بە تێکڕی مانگانە پێویستی بە بڕی (ترلیۆنێک و 320 ملیار و 658 ملیۆن) دینار هەیە بۆ؛ 1.    بڕی (974 ملیار و 813 ملیۆن)  دینار خەرجی موچەی موچەخۆران، وەک ئەوەی لە لیستی موچەی مانگی ئایاری (2025)دا هاتووە. 2.    بەپێی دواین ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق پێویستە مانگانە بڕی (120 ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێم ڕادەستکردنی حکومەتی عێراق بکرێت. 3.    مانگانە بڕی (20 ملیار) دینار وەک مینحە دەدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هاریکاری هاوپەیمانانەوە دەستی دەکەوێت. 4.    وەک لە ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقدا هاتووە، حکومەتی هەرێم ڕۆژانە بڕی (50) هەزار بەرمیل نەوت دەدات بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، تێچووی بەرهەمهێنانەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت، کە بڕی (31 ملیار و 680 ملیۆن) دینارە بۆ بڕی (ملیۆنێک و 500 هەزار) بەرمیل نەوت لە تەواوی مانگەکەدا و تێچووی هەر بەرمیلێک بە (16 دۆلار) خەمڵێندراوە، وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنەکاندا هاتووە، هەر دۆلارێکیش بە (هەزار 320) دینار هەژمارکراوە بە نرخی بانکی ناوەندی. 5.    حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە بڕی (2 ملیار و 165 ملیۆن) دینار هەیە بۆ تێچووی کڕینەوەی وزەی کارەبا لە وێستگەکانی کەرتی تایبەت، ئەم پاڵپشتە بە بەڵگەنامەکانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کە وێنەیەکی هاوپێچە. 6.    حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە بڕی (110 ملیار) دیناری خەرجی بەگەڕخستی وەزارەت و دەستەکانی حکومەتی هەرێم. پاڵپشت بە بەڵگەنامەکانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کە وێنەیەکی هاوپێچە. 7.    حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە بڕی (62 ملیار) دیناری خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان. پاڵپشت بە بەڵگەنامەکانی حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کە وێنەیەکی هاوپێچە. داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پاڵپشت بەو ئامارو داتا فەرمییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە ماوەی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی داهاتەکانی بەم شێوازەی ئێستا هەیە مانگانە بریتییە لە (ترلیۆنێک و 383 ملیار و 813 ملیۆن) دینارە، بە جۆرێک؛ 1.    بڕی (974 ملیار 813 ملیۆن) دینار پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ موچە، وەک ئەوەی لە مانگی ئایاری (2025) حکومەتی هەرێمی پێ تەمویل کراوە. 2.    بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم بە تێکڕا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ سەروو (290 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ بووە کە لە (باج، ڕەسم و گومرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. (وێنەیەکی خشتەی لیژنە هاوبەشەکە هاوپێچە) 3.    بڕی (99 ملیار) دینار داهاتی (ملیۆنێک و 500 هەزار) بەرمیل نەوت دەبێت، واتا (50 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ئەگەر هەر بەرمیلێک بە (50 دۆلار) بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بفرۆشرێت. 4.    بڕی (20 ملیار) دیناری هاریکاری هاوپەیمانان بۆ لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکی دیکەیە لە سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەم پێیەبێت دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان، حکومەتی هەرێم لە کۆی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت بڕی (63 ملیار و 155 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (5%) زیاترە لە خەرجییەکانی، وەک لە خشتەو چارتەکەی خوارەوە ڕوونکراوەتەوە.  


     فه‌رهاد حه‌مزه‌ ،  سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له كۆمپانیای نه‌وتی باكوور دوو سه‌رنج له‌سه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێرو به‌غدا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئه‌نجام درا زیاتر جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی به‌غدا بوو نه‌وه‌ك رێكه‌وتن به‌ڵام مادام له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوو جێگه‌ی دڵخۆشی و پیرۆزباییه‌ . له‌سه‌رئه‌م رێكه‌وتنه‌ دوو سه‌رنجم هه‌یه‌ :- 1- پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ڕاده‌ستكردنی 230 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی گه‌وره‌یه‌ چونكه‌ هه‌رێم ژماره‌ی كێڵگه‌كانی دیاریكراوه‌و له‌باری ئاساییدا و به‌بێ كێشه‌ی ته‌كنیكی و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ناتوانن له‌ 300 هه‌زار به‌رمیل زیاتر به‌رهه‌م بهێنن , بۆیه‌ هه‌ر كاتێك كێشه‌ی ته‌كنیكی بێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وا ناچار گوشار بۆ سه‌ر كێڵگه‌كانی تر بهێنن تا بگه‌ن به‌و بڕه‌ كه‌ئه‌مه‌ش كارێكی نازانستیه‌و له‌ ته‌مه‌نی كێڵگه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كێڵگه‌ی ته‌قته‌قدا هات و له‌كار كه‌وت . ده‌بوایه‌ هه‌رێم خۆی پابه‌ند بكردایه‌ به‌ شه‌فافی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی كێڵگه‌كانه‌وه‌ هه‌رچه‌ندێك بوایه‌ به‌بێ ئه‌نجامدانی هیچ گه‌نده‌ڵیه‌ك ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستی سۆمۆی بكردایه‌ كه‌به‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ كێڵگه‌كان ده‌پارێزران له‌لایه‌كی تره‌وه‌ متمانه‌ ی نێوان هه‌ردوولا زیاتر ده‌بوو . 2- ئاشكرایه‌ حكومه‌تی عێراق 16 دۆلاری ته‌رخان كردووه‌ بۆ كرێی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت  , سه‌رنجه‌كه‌م لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی به‌ بۆری خورماڵه‌ –زاخۆ هه‌نارده‌ی توركیا بكات كێ كرێی ئه‌م بۆرییه‌ ئه‌دات كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی كۆمپانیای رۆزنه‌فتی روسیه‌ ‌, بڕوابكه‌ن بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ په‌یوه‌ندیم به‌ كه‌سانی باڵاده‌ستی هه‌رێمه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وه‌ڵامه‌كانیان جیاوازن و نا موقنیعن .      


شيكاري: جیهانگیر سدیق گوڵپی چەند ساڵێكە ناوبەناو باسی كێشەی كەمی سیولەى نەختی لە عێراق دەكرێت، بەڵام هەموو ئەو قسانەی تاوەكوو ئێستا لەو بارەیەوە دەكرێن بە هیچ جۆرێك باوەڕپێهێنەر نین، نە لەڕووی داراییەوە، نە لەڕووی ژمێریاریی و نە لەڕووی ئابوورییەوە. باسەكەیش بەو جۆرەی كە دەكرێت هەر خۆی لەڕووی ناولێنان و ناساندن و ئارگیۆمێنتكاری سەلماندنیەوە هەڵە و نادروست و پڕگرفتە. كێشەی كەمبوونەوەی سیولە كێشەیەكی تایبەتە بە بانك نەك حكوومەت، بەتایبەتیش ئەوكاتەی كە بانكەكان برێكی زۆر لە سپاردەكان (الودائع) دەخەنە وەبەرهێنان یان دەیاندەنەوە بە قەرز، لەهەمان كاتیشدا ڕووبەڕووی قەبارەیەكی چاوەڕواننەكراو لە داواكاری بۆ ڕاكێشانەوەی سپاردەكان دەبنەوە و بە ئەندازەی پێویست كاشیان لەبەردەست نییە بۆ دانەوەی سپاردەكان بە خاوەنەكانیان. بۆ چارەسەری ئەوەیش حكوومەت و بەتایبەتیش بانكی ناوەندی دێنە سەرخەت و یاسا و ڕێكاری تایبەت دەگرنەبەر.   ئەوەی بەزۆری حكوومەتەكان ڕووبەڕووی دەبنەوە، كورتهێنانی داهاتە نەك كەمبوونەوەی سیولە، ئەو دو دوبابەتەیش زۆر جیاوازن لە یەكتری.   دەشێت حكوومەتەكان لە حاڵەتێكی زۆر دەگمەندا و بەهۆكاری چاوەڕواننەكراو و نەخوازراو، بۆ ماوەیەكی كورت و دیاریكراو ڕووبەڕووی كێشەی كەمی سیولە ببنەوە، بەوەی كە دەستگەیشتنیان بە كاشی داهاتی وەدەستهاتوو بۆ ماوەیەك دوابكەوێت، ئەوەیش حاڵەتی زۆر دەگمەنە و كورتخایەن دەبێت و گرفتی ئەوتۆ دروست ناكات، دەشێت هەندێک جار و بۆ ماوەی دیاریكراو كێشەی داهاتی وەدەستهاتووی وەرنەگیراویان هەبێت (الایرادات المحققة غیر المقبوضة)، بەڵام ئەویش نابێتە كێشە، چونكە زۆربەی جار ئەم حاڵەتانە سوڕی بەردەوامیان هەیە و ئەوەی ڕابردوو لە ئێستا وەردەگیری و ئەوەی ئێستایش لە داهاتووی نزیك وەردەگیرێت، بەگشتی هەرگیز نابنە هۆی دروستكردنی كێشەی سیولەی نەختی بۆ حكوومەت، بەزۆريش وەك حاڵەتێكی گریمانەیی باس دەكرێن. بەڵام لە عێراق ناوبەناو باسی هەبوونی ئەو كێشەیە دەكرێت بەبێ ئەوەی بەڵگەی حاڵەتی لەو جۆرە لەئارادا بێت.   بەڵێ، عێراق كیشەی قووڵی دارایی هەیە، بەڵام ئەمە كێشەی كەمی سیولە نییە. ڕاستە كورتهێنان هەیە (نەك كێشەی كەمی سیولە) بەڵام هەموو ڕێگاكان بەردەستن بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، ڕاستە قەرزەكانی عێراق زۆرن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هێڵی سور و حكوومەتیش نابێت بەو پاساوە مووچە دوا بخات و بەهیچ جۆرێكیش بەنیازی ئەوە نییە و ناتوانێت ئەگەر بۆ عێراق بەگشتی باسی بكەین.   ئەو قسەیەی دەڵێ عێراق كێشەی كەمی دیناری هەیە. بەر لە هەموو شتێك قسەیەكی ڕوون نییە؛ ئایا مەبەست لەوەیە حكوومەت ئەو كێشەیەی هەیە یان بانكی ناوەندی یان ئابووریی عێراق بەگشتی؟ با لەخوارەوە قسە لەسەر هەر ئەگەرێكیان بكەین.   ئەگەر مەبەست لەوەیە حكومەت كێشەی كەمی سیولەی دیناری هەیە ئەوە دیسان هیچ حكوومەتێك بە عێراقیشەوە كێشەی لەو جۆرەی نابێت، بەڵكوو كێشەی حكوومەت دەشێت كورتهێنان بێت ئەویش بەڕێگا یاساییەكان پڕی دەكاتەوە.   خۆ ئەگەر حكوومەت نەیتوانی كورتهێنانەكە پڕبكاتەوە بەهۆی ئەوەی  سەنەدات (قەواڵە) و حەواڵەكانی پێشوازیان لێ نەكراوە و نەفرۆشراون و نافرۆشرێن، ئەوە بەو واتایە دێت كە حكوومەت نەیتوانیوە كورتهێنان پڕبكاتەوە و واتە حكوومەت كێشەی كورتهێنانی فیعلی هەیە نەك كێشەی كەمی سیولەی نەختی، هەرچەندە ئەمەیش چارەسەری هەیە بە گۆڕانی ڕێژەی سووی قەواڵەكان و ڕێگەی تر. خۆ ئەگەر چارەسەریش نەكرا و كورتهێنانەكە پڕنەكرایەوە، ئەوە دیسان دوور و نزیك ناتوانرێت ناوی لێ بنرێت كێشەی كەمیی سیولە.   دەگوترێ گوایە بەهۆی ڕێوشوێنەكانی گەڕانەوەی دۆلارەكانی عێراق لە ئەمریكاوە، ئەو كێشەیە دروست بووە. ئەگەر كێشەیەكی لەو جۆرە هەبێت هیچ كات پەیوەندیی بە وەدەستگەیشتنەوەی حكوومەت بۆ دینار نابێت و نەبووە. حكوومەتی عێراق چەند نەوت بفرۆشێت و دۆلار بخاتە سەر حسابی بانكی ناوەندی عێراق لە ئەمریكا، ئەوا ڕاستەوخۆ و بەبێ گرفت بە ئەندازەی ئەوە بانكی ناوەندی عێراق لە بەغدا دینار دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەیشدا ماوەی نزیكەی دوو ساڵە عێراق كێشەی گەڕاندنەوەی دۆلارەكانی تاڕادەیەكی زۆر نەماوە.   داهاتە ناوخۆییەكانی عێراقیش هەرچەند كەمن لەچاو نەوت، بەڵام كێشەیەكی ئەوتۆی وا دروست ناكەن بتوانرێت ناوی لێ بنرێت كێشەی سیولە.   عێراق لە خراپترین دۆخ ئەو كاتەی كە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی بۆ ماوەی چەند مانگێك نزیكبوونەوە لە سفر، كێشەی سیولەی نەبوو، كێشەی كورتهێنانی هەبوو  و چارەسەری كرد. پێشتریش بەهەمان شێوە بۆ چەند ساڵێك كێشەی گەورەی كورتهێنانی هەبوو و چارەسەری كرد بەبێ ئەوەی بڵێ كێشەی سیولەم هەیە.   دەگوترێت گوایە زۆرینەی دیناری نەختینەی خەڵكی لە دەرەوەی بانكەكانە و ئەوەیش یەكێكە لە هۆكارەكانی كەمی سیولەی بەردەستی حكوومەت، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەكی نییە بە كەمبوونەوەی سیولەی نەختیی بەردەستی حكوومەت، چونكە ئەو پارانەی خەڵك كە لە دەرەوەی بانكەكانن ئەوە داهاتی حكوومەت نین و ئەگەر بچنەوە ناو بانكەكانیش نابێت بۆ خەرجی حكوومەت بەكاربهێنرێن، ڕاستە بانكەكان سوودیان لێ وەردەگرن بۆ چالاكیی خۆیان وەک قەرزدان و وەبەرهێنان.   سەبارەت بەوەیش كە گوایە بانكەكان سیولەیان لەبەردەست نییە تاوەكوو قەرز بدەنە حكوومەتی عێراق، ئەو قسەیەیش لە سێ ڕوانگەوە شیاوی ڕەتكردنەوەیە: یەكەم بانكەكان زیاتر لەڕێگەی كڕینەوە سەنەدات و حەواڵاتی خەزێنەوە قەرز دەدەن بە حكوومەت، كە یەكسەر حەواڵەكان دەفرۆشنەوە بە بانكی ناوەندی و لەوێ دینارەكە وەردەگرنەوە، واتە ساڵانی ڕابردوویش هەر بە دیناری بانكی ناوەندی حەواڵەی حكوومەتیان كڕیوە و قەرزیان داوە بە حكوومەت، ئەمە بۆ زۆربەی قەرزەكانە كە حكوومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان کردوویەتی. دووەمیش بەپێی ڕاپۆرتەكانی بانكی ناوەندی عێراق ئاستی سپاردەی بانكی لە بانكەكانی عێراق، ئێستا لە هەموو ساڵانی ڕابردوو زیاترە، ئەی بۆ ساڵانی ڕابردوو ئەو كێشەیەیان نەبوو؟ سێیەمیش ئەگەر ئەوە ڕاست بێت دیسان ناتوانرێت بگوترێت حكوومەت كێشەی كەمیی سیولەی هەیە، بەڵكوو ئەمە مانای وایە حكوومەت كێشەی كورتهێنانی هەیە و نەیتوانیوە بە قەرزی ناوخۆیی پڕی بكاتەوە و دەبێت هەوڵی قەرزی دەرەكی یان ڕێكاری تر بدات، وەك ڕێكارەكانی تەقەشوف بەگشتی لە عێراق.   ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە كە بانكی ناوەندی كێشەی كەمی نەختینەی دیناری هەیە و ناتوانێت وەك پێویست دینارەكان ڕاكێشێتەوە تاوەكوو تەمویلی حسابی دیناریی حكوومەت بكات. ئەوەیشیان دیسان قسەیەكی بێ بەڵگەیە و لەچەند ڕوویەكیشەوە نادروستە، یەكەم: ئایا حكوومەت ڕەسیدی فیعلیی لە حسابەكانی هەیە و بانكی ناوەندی كێشەی سیولەی دیناری هەیە و ناتوانێت تەمویلی بكات؟ بڕوا ناكەم هەرگیز شتی وا هەبێت و نە حكوومەت و نە بانكی ناوەندی وایان نەگوتووە و ڕوودانی شتی لەو جۆرەیش زۆر ئەستەم و نەگونجاوە لەگەڵ لۆژیك و پێوانە ئابوورییەكان. ئەمەیش لە خاڵەكانی تردا زیاتر ڕوونی دەكەینەوە.  دووەم: گەڕاندنەوەی دۆلارەكانی عێراق  لە ئەمریكاوە چ بۆ حەواڵەی بازرگانی چ بۆ فرۆشتنی نەختی تاڕادەیەك ئاساییە، هەموو فرۆشتنێكی دۆلاریش لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بە حەواڵە و بە نەختی واتە ڕاكیشانەوەی دینار بە بەهای ئەو دۆلارانە. بەپێی داتاكانی بانكی ناوەندی فرۆشی دۆلار و ڕاكێشانەوەی دینار لەساڵی 2024 و چەند مانگێكی سەرەتای ئەمساڵ لەبەرزترین ئاستدا بووە.   خۆ دوساڵ بەر لەئێستا ئەوكاتەی عێراق دۆلارەكانی لە ئەمریكاوە بۆ نەدەگەڕانەوە و ڕۆژانە بانكی ناوەندی عێراق  بۆ حەواڵە و نەختیش یەك لەسەر دەی ئێستا دۆلاری دەفرۆشت و یەك لەسەر دەی ئێستا دیناری ڕادەكێشایەوە، كێشەی سیولەی نەبوو، ئێستا بۆ دەبێت هەیبێت؟   ئەگەر مەبەست ئەوەیە گوایە لەناو ئابووری و بازاڕی عێراقدا نەختینەی دینار كەمبووە و بانكی ناوەندی ناتوانێت وەك پێویست ڕایكێشێتەوە. ئەم قسەیەیش لە چەند ڕوویەكەوە نادروستە. لە ڕوویەكیانەوە كاتێك باس لەوە دەكرێت خەرجییەكانی حكوومەت زۆرن كە بە دینارن ئیتر چۆن دەكرێت دیناری كەم هاتبێتە ناو بازاڕ و ئابووریی عێراق، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی زۆری خستنەڕووی دراوی ناوخۆیی هەمیشە پەیوەندیی بە زۆریی خەرجییەكانی حكوومەتەوە هەیە.   لەڕوویەكی تریشەوە ئەگەر دۆخێكی وا هاتە ئاراوە سیولەی نەختی بە دراوی ناوخۆیی لەناو ئابووریی وڵاتێك كەمبوو و لە ئاستی پێویستییەكانی ئەو وڵاتە نەبوو، ئەوە نەك هەر پێی ناگوترێت كێشەی كەمیی سیولە بەڵكوو لەو حاڵەتەدا ئیتر بابەتەكە لە چوارچێوەی دارایی و ژمێریاری دەردەچێت و دەبێتە بابەتێكی پوخت ئابووری، ئەوكاتیش دەبێت بانكی ناوەندی بەپێی دۆخی نیشاندەرە ئابوورییەكان (لەسەرووی هەموویشیانەوە هەڵاوسانی نرخەكان) بە گوژمەی دیناری نوێ خستنەڕووی نەختینە زیاد بكات بۆ ئابووریی وڵات لەڕێگەی ئەوەی پێی دەگوتری (الاصدار النقدي و التوسع النقدي) و كە پێوەستە بە ڕێگە جۆراوجۆرەكانی قەرزپێدان و ئاسانكاریی قەرزوقۆڵە، یانیش بە گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی ناوخۆیی بە دۆلار. چونكە بانكی ناوەندی خۆی خاوەنی دینار و بڕیادەری خستنەڕووی بڕەكەیەتی و دۆخی پێنوێنە ئابوورییەكانی عێراقیش لە ئاستێكدان كە تاڕادەیەكی زۆر دەستكراوەیان كردووە بۆ خستنەڕووی گوژمەی زیاتری دینار ئەگەر پێویست بێت.  


(درەو): كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی كە لە  كێڵگەی (تاوكی) لە هەرێمی كوردستان كاردەكات، داتای خۆی بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی دووەمی 2025 لە كێڵگەكە راگەیاند.   بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیاكە، كۆمپانیای (DNO) لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵیشدا هاوشێوەی پێشتر، پشكی خۆی لە نەوتی كوردستان فرۆشتوە بە كڕیارە خۆجێییەكان و پێشوەختە پارەكەی وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بۆری هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە. بەپێی خشتەیەك كە كۆمپانیاكە بڵاویكردوەتەوە: * تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی (تاوكی) لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (74هەزارو 760) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە لەكاتێكدایە ئاستی بەرهەمێنان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (82 هەزارو 81) بەرمیلی رۆژانە. * پوختەی پشكی كۆمپانیاكە لە بەرهەمی نەوتی كێڵگەی تاوكی لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بریتی بووە (18 هەزارو 675) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە لەكاتێكدا پشكی كۆمپانیا لە نەوتەكە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە (18 هەزارو 464) بەرمیل. لەبارەی تاوكی-یەوە بلۆكی (تاوكێ) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای زاخۆ لە  پارێزگای دهۆك، لەگەڵ كێڵگەی (فیشخاپور) یەك گرێبەستیان بۆ كراوە، بۆیە كاتێك باسی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەكرێت ئاماژەیە بۆ تێكڕای بەرهەمی هەردوو كێڵگەی (تاوكێ)و (فیشخاپور) كە لەچوارچێوەی یەك بلۆكی نەوتیدان. رێژەی (75%)ی پشكەكانی گرێبەستی كێڵگەی (تاوكێ) بۆ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی‌و (25%)ی دراوە بە كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) توركی. كۆمپانیای DNO كە زۆرینەی پشكەكانی كێڵگەكەی هەیە، رۆژی 25ی حوزەیرانی 2004 گرێبەستی "هاوبەشی لە بەرهەمهێنان"دا لەم كێڵگەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردووە. رووبەری ئەم كێڵگەیە (594) كیلۆمەترەو یەدەگی خەمڵێندراوی نەوت لەم كێڵگەیە بە بڕی (1.9 ملیار) بەرمیل خەمڵێندراوە. لە ساڵی 2007ەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت كراوە لە كەم كێڵگەیەدا. 1ی حوزەیرانی 2009 كۆمپانیای DNO گروپ، بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیاند، وەك هەنگاوی یەكەم لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بە تێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهان‌و لە ڕێگەی تانكەرەوە. لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، لە كۆی (14) كێڵگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، (تاوكێ) لەدوای (خورمەڵە)وە دووەم گەورەترین كێڵگەی كوردستانەو؛ پێشتر بەرهەمی ئەم كێڵگەیە رێژەی 25،51%ی تێكڕای بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە. بەرهەمهێنانی (رۆژانەی) نەوت لە كێڵگەی تاوكی لەماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2020 بەمشێوەیە بووە: •    2015: 135 هەزار بەرمیل •    2016: 107 هەزار بەرمیل •    2017: 109 هەزار بەرمیل •    2018: 113 هەزار بەرمیل •    2019: 124 هەزار بەرمیل (بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كرۆناوە بازاڕی جیهانی نەوت شكا، لە كۆتایی ئەم ساڵەوە ئیتر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ 83 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە) •    2020: 110 هەزار بەرمیل •    2021: 100 هەزار بەرمیل •    2022: 108 هەزار بەرمیل  


 شیكاری: بڵند دلێر شاوەیس  بە پێی ئەو دوو نوسراوەی بڵاو کراوەتەوە لە سۆشیال میدیا کە تایبەتە بە بڕیاری ژمارە(٢٨٥)ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری ژمارە (٥٥٠)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، سەبارەت بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بە شێوەیەک ئەوەندە جێگای سەرسوڕمانە گومان دەکرێت لە ڕاستی و دروستی نوسراوەکان. جێی سەرنجە دوای ئەو هەموو دانوستان و دانیشتن و هاتوچۆی شاند و لیژنەی وەزاری و خەڵکە پسپۆڕ و شارەزایانە، هەردوو نوسراوی بڕیاری لێکتێگەیشتن یان ڕێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دوو ناوەڕۆکی جیاوازیان هەیە؟ بە گوێرەی ئەو دوو بڕیارەی بڵاوکراونەتەوە، جیاوازی ناوەڕۆکیان  خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا: یەکەم / دۆسێی نەوت  ١- بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨٥) لە ٢٠٢٥/٧/١٦، باس لە پەسەند کردنی لێکتێگەیشتن (التفاهم المشترك) لە نێوان هەردوو لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکات. بەڵام بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (٥٥٠) لە ٢٠٢٥/٧/١٧ تایبەتە بە پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی(توصيات) ليژنەی وەزاری سەبارت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨٥) لە ٢٠٢٥/٧/١٦. ٢- بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە بڕیارێکی(دوو) خاڵی و هاوپێچێک کە لە (چوار) خاڵ پێکهاتووە، خاڵی یەکەم (٢) بڕگە، خاڵی دووەم(٣) بڕگە.  بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی پێکهاتووە لە(شەش) خاڵ،  خاڵی یەکەم (٢) بڕگە، خاڵی دووەم(٢) بڕگە. ٣- لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە:  دۆسێی نەوت (ملف النفط). بەڵام لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا هاتووە: دۆسێی تەسلیم کردنی نەوت (ملف تسليم النفط). ٤- بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەست دەکات بە هەناردەکردنی تەواوی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە گەڵ ئەو زیادەیەی لە داهاتوشدا ڕودەدات لە ڕێگای کۆمپانیای (سۆمۆ)، حکومەتی فیدراڵی بڕی (١٦ دۆلار ) دەدات بە هەرێم لە بری هەر بەرمیلێک بە گوێرەی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی فیدراڵی. بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی:  حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە تەسلیم کردنی تەواوی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای (سۆمۆ) بەمەبەستی هەناردەکردن، حکومەتی فیدراڵی پێشینەیەک بە بری (١٦ دۆلار ) دەدات بە هەرێم لە بری هەر بەرمیلێک بە شێوەی (عیني يان نقدي) بە گوێرەی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (١٣ی ساڵی٢٠٢٣)، بەمەرجێک لە ئێستادا بڕەکەی لە (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت و هەر زیادکردنێک لە بەرهەمدا ڕووبدات بخرێتە سەری، لە ڕێگای لیژنەی پێوانە و پێوەری هاوبەش، ئەگەر بەهەر هۆکارێک هەناردەکردنی نەوت ڕاگیرا، کۆی ئەو بڕە تەسلیم دەکرێت بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی. ٥- بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم:  ڕۆژانە بڕی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دابین دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم بەڵێن دەدات تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە بگرێتە ئەستۆ، لەکاتی پێویستی حکومەتی هەرێمدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک لە بەرهەمەکانی بۆ دابین دەکات کە یەکسان بێت بە پاڵاوتنی(١٥ هەزار ) بەرمیل نەوت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ پێویستی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن بەمەبەستی دابینکردنی و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتەکەیان بەرز دەکەنەوە. بەڵام لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی هاتووە: بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی هەرێم کۆی بەرهەمی نەوتی لە ئێستادا بریتییە لە (٢٨٠ هەزار) بەرمیل(٥٠ هەزار) بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت و باقیەکەی (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی بەرهەم لە داھاتودا تەسلیم بە (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردن.  ڕۆژانە بڕی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دابین دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم بەڵێن دەدات تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕە بگرێتە ئەستۆ و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بگێڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی فیدراڵی لە دوای لێبڕینی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.  لەکاتی پێویستی حکومەتی هەرێم وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک لە بەرهەمەکانی بۆ دابین دەکات کە زیاتر نەبێت لە پاڵاوتنی (١٥ هەزار ) بەرمیل نەوت. دووەم/ دۆسێی داهاتە نانەوتییەکان ١- بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: بڕی(١٢٠ ملیار دینار) تەسلیم دەکات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ هەر یەک لە مانگەکانی(٥ و ٦ /٢٠٢٥). تیمێکی هاوبەش لە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکان و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە ماوەی زیاتر نەبێت لە مانگێک. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی:  دەبێت هەرێم بڕی(١٢٠ ملیار دینار) وەک گوژمەیەکی سەرەتایی تەسلیم بکات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەک پشکی خەزێنەی فیدراڵی بۆ مانگی(٥ /٢٠٢٥). تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکان و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە مانگی(٢٠٢٥/٥) ەوە، لە ماوەی زیاتر نەبێت لە دوو هەفتەدا. سێیەم/ هەژماری موچەخۆران/ توطين الرواتب  بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بە هەژمار کردنی(توطين الرواتب)ی موچه‌ی هەموو موچەخۆرانی هەرێم. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی:  لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی (توطين الرواتب) بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی، بە مەرجێک لە ماوەی سێ مانگ تێنەپەڕێت، لە کۆتایی ئەو ماوەیەشدا (تمویل) پاڵپشتییە داراییەکان تەنها بۆ مووچە توطين كراوەکان دەبێت. چوارەم/ سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم  بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: وەزارەتی دارایی دەستبەجێ هەڵدەستێت بە سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگەکانی(٥ و ٦) و مانگەکانی دواتر. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی:  وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەڵدەستێت بە سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی(٥) وەک سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ سۆمۆ پشتگیری دەکەن کە تەواوی بڕە دیاریکراوەکەیان کە (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوتە ڕۆژانە وەرگرتووە  لە بەندەری جیھان بە گوێرەی یاسای. پێنجەم/ زیادکردن لە سەرف بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ دیاریکردنی بڕی زیاد سەرفکردن و چارەسەرکردنی بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣). بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی:  لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە دیاریکردنی بڕی زیاد سەرفکردن لە پشکی هەرێم لە (الانفاق الفعلي) و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣).


راپۆرتی: درەو  🔹 بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی (2024) موچەی تەرخان کراو بۆ هێزەکانی حەشدی لە (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارەوە لە ساڵی (2023) بڕی (400 ملیار) دینار و بە ڕێژەی (11.4%) بۆ (3 ترلیۆن و 900 ملیار) دینار و لە ساڵی (2024) بەرزکراوەتەوە. 🔹 لە ساڵی 2014 عێراقییەکان لە کاتی شەڕی داعش خۆبەخشانە پەیوەندییان بە ریزەکانی "حەشدی شەعبی"ییەوە کردووە و لەو کاتەدا ژمارەیان گەیشتبووەتە نزیکەی (60 هەزار) خۆبەخش تا ساڵی 2021، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی (122 هەزار) چەکداری تێپەڕاند، لە کۆتایی ساڵی (2023) ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ (204 هەزار) چەکدار و ئێستا ژمارەیان گەیشتووە بە (238 هەزار) چەکدار، ئەم ژمارەیەش (16.5%)ی گشتی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی عێراق پێکدەهێنێت.  🔹 پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە. پێکهاتەی حەشدی شەعبی هێزەکانی حەشدی شەعبی دوای دەرکردنی فەتوای (جیهادی کفائی) لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعە "عەلی سیستانی"یەوە، لە ساڵی (2014)، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سێیەکی خاکی عێراقدا لە لایەن "داعش"ەوە پێکهێنرا. دواتر یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی پەسەندکرا، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 26ی تشرینی دووەمی 2016 دەنگی لەسەردا و کردییە هێزێکی فەرمی ژێر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق. هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکرێت، جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عەبدولعەزیز ئەلمحەممەداوی (ئەبو فەداک)ە. بەپێی ئامارەکانی ناوەندی داڕشتنی سیاسەت، پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی  و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە. ژمارەی موچەخۆران و بودجەی تەرخانکراوی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 عێراقییەکان لە کاتی شەڕی داعش خۆبەخشانە پەیوەندییان بە ریزەکانی "حەشدی شەعبی"ییەوە کردووە و لەو کاتەدا ژمارەیان گەیشتبووەتە نزیکەی (60 هەزار) خۆبەخش "تا ساڵی 2021، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی (122 هەزار) چەکداری تێپەڕان، لە مانگی نیسانی 2023، فالح ئەلفەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە "ژمارەی ئەندامان و چەکدارانی حەشدی شەعبی (170 هەزار) کەس بووە. لەناکاو و لە کۆتایی ساڵی (2023)، ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ (204 هەزار) چەکدار و ئێستا ژمارەیان گەیشتووە بە (238 هەزار) چەکدار، ئەم ژمارەیەش (16.5%)ی گشتی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی عێراق پێکدەهێنێت.  هاوکات بودجەی هێزەکانی حەشدی شەعبی ساڵانە بە خێرایی گەشە دەکات. لەساڵی (2019 - 2022) بوجەی گشتی دەستەی حشدی شەعبی (2 ملیار 160 ملیۆن) دۆلار بوو، لە بودجەی ساڵی (2023) دا، بودجەی دەستەکە بۆ (2 ملیار 600 ملیۆن) دۆلار بەرزکرایەوە، بەپێی خشتەکانی یاسای بودجە و لە ساڵی (2024) پشکی دەستەکە بۆ نزیکەی (2 ملیار 900 ملیۆن) دۆلار بەرزکرایەوە.  بە مانایەکی دیکە بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی (2024) موچەی تەرخان کراو بۆ هێزەکانی حەشدی لە (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارەوە لە ساڵی (2023) بڕی (400 ملیار) دینار و بە ڕێژەی (11.4%) بۆ (3 ترلیۆن و 900 ملیار) دینار و لە ساڵی (2024) بەرزکراوەتەوە، وردەکاری لە خشتەی ژمارە (1 و 2)دا ڕوونکراوەتەوە خشتە ژمارە (1) خشتە ژمارە (2) بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەشدی شەعبی -    بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشد (ئەبو زەینەب ئەللامی) -    بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی حەشد (ئەبو ئیمان ئەلباهیلی) -    بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەشد (موهەنەد ئەعقابی) -    بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکان (محەمەد ڕەزا) -    بەڕێوەبەرایەتی قەڵاچۆکردنی تەقەمەنی (ئەبو شەمس ئەلعەگیلی) -    بەرێوەبەرایەتی حەرەکات (جەواد کازم ئەلربیعاوی) -    بەرێوەبەرایەتی ئاراستەکردن عەقائدی (سەید محەمەد ئەلحەیدەری) لیواکانی حەشدی شەعبی و شێوازی دابەشبوونیان ڕێکخراوی بەدر ڕێکخراوێکی چەکداریە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات. ڕێکخراوەکە (15) لیوای هەیە لە چوارچێوەی "حەشدی شەعبی" هەیە، کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی سەلاح الدین، نەینەوا، دیالە، کەرکوک بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛ 1.    لیوای یەک (لیوای ئیمام محەمەد ئەلجواد) 2.    لیوای سێ (تەشکیلەی ئەسەدی ئامرلی) 3.    لیوای چوار (سەبازانی پێشڕەو) 4.    لیوای پێنج (تەشکیلەی ئەلکەرار) 5.    لیوای نۆ (لیوای کەربەلا) 6.    لیوای دە (لیوای بەدر) 7.    لیوای شانزە (هێزی تورکمان)  8.    لیوای بیست و یەک (رێکخراوی بەدر) 9.     لیوای بیست و دوو (رێکخراوی بەدر) 10.    لیوای بیست و سێ (ڕێکخراوی بەدر) 11.    لیوای بیست و چوار (ڕێکخراوی بەدر) 12.    لیوای بیست و حەوت (هێزەکانی ئەبو مونتەزەر ئەلمحەممەداوی) 13.    لیوای پەنجاو دوو (فوجی ئامرلی)  14.    لیوای پەنجاو سێ (لیوای ئەلحسێن) 15.    لیوای سەدو دە (لیوای کوردانی فەیلی) حزبی دەعوەی ئیسلامی یەکێکە لە پارتە سیاسییەکانی عێراق، بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، چەندین کوتلەی چەکداریی هەیە، لەنێویاندا چوار لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبییە، لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاح الدین و… نەینەوا. لیواکانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بریتین لە؛ 1.    لیوای پانزە (هێزەکانی سەدر) 2.    لیوای بیست و پێنج (هێزەکانی سەدری یەکەم) 3.     لیوای سی و یەک (کەتائبی رسالیون) 4.    لیوای سی و پێنج (هێزەکانی سەدر)  ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی) لە ساڵی 1982 لە ئێران بە سەرکردایەتی جەلال الدین ئەلسەغیر دامەزراوە و چوار لیوای لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە جێگیرکراون. لیواکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بریتین لە؛ 1.    لیوای حەوت (هێزەکانی المونتەزەر)  2.    لیوای هەشت (سەرایا عاشورا) 3.    لیوای بیست و هەشت (سەرایا ئەنسار ئەلعقیدە) 4.    لیوای شەست و شەش (سەرایا ئەنسارولعەقیدە) ڕەوتی سەدری لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری دامەزراوە و سێ لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، کە لە سەرانسەری پارێزگاری سەلاحەدین بڵاوبوونەتەوە، لیواکانی ڕەوتی سەدری بریتین لە؛ 1.    لیوای 313 (سەرایا ئەلسلام) 2.    لیوای 314 (سەرایا ئەلسلام) 3.    لیوای 315 (سەرایا ئەلسلام) ئەو لیوایانەی لە ڕەوتی سەدری جیابونەتەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین بڵاوبوونەتەوە؛ 1.    لیوای 99 (سوپای موئەمەل) 2.    لیوای 19 (ئەنسار اللەی ئەلئەوفیا) کەتائبی حزبوڵای عێراق لیواکانی حزبوڵای عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی ئەبو حسێن محەممەداوی و کۆمەڵێک سەرکردەی ڕانەگەیەنراو چالاکییەکانی دەستپێکردووە، چوار لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، و لە سەرتاسەری پشتێنەکانی بەغدا و ئەنبار و سەلاحەدین بڵاوبووەتەوە، ئەوانیش؛ 1.    لیوای 45 (سەرایای بەرگری شەعبی) 2.    لیوای 46 (سەرایای بەرگری شەعبی)  3.    لیوای 47 (سەرایای بەرگری شەعبی) 4.    لیوای 17 (سەرایای جیهاد) 5.    لیوای 12 (بزووتنەوەی نوجەبا) عەسائیب ئەهلی حەق لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە چالاکییەکانی کرد، دوای ئەوەی قەیس خەزعەلی و ئەکرەم کەعبی، لە "سوپای مەهدی"ی سەرکردەی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر جیابوونەوە بۆ ئەوەی هێزێکی چەکداری تایبەت بۆ خۆی دابمەزرێنێت. عەسائیب سێ لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە و لە باشووری سەلاحەدین و ئەنبار و پشتێنەی بەغدا بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛ 1.    لیوای 41 (ئەساعیب ئەهلی حەق)  2.    لیوای 42 (هێزەکانی ئەبو موسا ئەلعامری) 3.    لیوای 43 (سەبع ئەلدوجەیل) حەشدی عەتەبات لیواکانی "حەشدی عەتەبات" لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەربەلا، نەجەف، ئەنبار و سەڵاح الدین جێگیرکراون. بریتین لە؛ 1.    لیوای 44 (ئەنسار ئەلمرجەعیە _ ئەلعەتەبە لە نەجەف)  2.    لیوای دوو (فیرقەی شەڕی ئیمام عەلی) 3.    لیوای 26 (فیرقەی عباسی ئەلقتالی – ئەلعەتەبەی ئەلعباس) 4.    لیوای 11 (عەلی ئەکبر - مەزارگەی ئەلحسێنیە) مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوتلە چەکدارە جۆراوجۆرەکان کە خۆیان بە "مەقاوەمەئ ئیسلامی لە عێراق" ناودەبرد لە ساڵانی جیاوازدا پێکهاتن و بەشدارییان لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کرد. لە پارێزگاکانی بەغدا و سەڵاحەدین و ئەنبار بڵاوبووەتەوە، لیواکانیشتان بریتین لە؛ 1.    لیوای شەش (کەتیبەکانی جوند ئەلئیمام)  2.    لیوای 13 (لیوای التفوف - جیابوونەتەوە لە عەتەبەی ئەلحوسێنیە) 3.    لیوای 14 (کەتیبەکانی سەید ئەلشودا) 4.    لیوای 18 (سارایا ئەلخوراسانی) 5.    لیوای 20 (لیوای ئەلتفوف)  6.    لیوای 29 (کەتیبەکانی ئەنسار ئەلحجه) 7.    لیوای 39 (بزووتنەوەی ئەلئەبدال)  8.    لیوای 40 (کەتیبەکانی ئیمام عەلی) حەشدی کەمینەکان 1.    حەرەکەی بابلیون بزووتنەوەیەکی مەسیحیە کە لە ساڵی 2014 دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی یەک لەسەر سێی عێراق پێکهێنرا، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە بە سەرۆکایەتی ڕایان ئەلکیلدانی، کە لە پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون، بە ناوی؛  لیوای 50 (کەتایبەکانی بابلیون)، بە سەرۆکایەتی ڕەیان ئەلکیلدانی. 2.    هێزەکانی دەشتی نەینەوا هێزەکانی سەر بە پێکهاتەی شەبەک، گروپێکی دانیشتووانی کورد کە لە نزیکەی 60 گوندی دەشتی نەینەوا لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ بڵاوبوونەتەوە، لە ساڵی 2014 هێزێکی چەکداریان پێکهێنا دوای ئەوەی داعش ناوچەکانیان کۆنترۆڵکرد و بەشدارییان کرد لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەویش؛ -    لیوای 30 (هێزەکانی دەشتی نەینەوا) بە سەرۆکایەتی زەین ئەلعابیدین جەمیل خدر حزبی فەزیلەی ئیسلامی پارتێکی سیاسییە کە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، سەرکردەی ڕۆحی ئەو پارتە محەممەد موسا ئەلیاقوبییە، پارتەکە لەلایەن عەبدولحسێن عەزیز حەمەد جەلیل موسەویەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنباردا بڵاوبووەتەوە، ئەویش؛ -    لیوای 33 (هێزەکانی وەعوالله)، بە سەرۆکایەتی حەقیقی ئیسماعیل ئەمین. حەشدی عەشائری  لە ساڵی 2014 پێکهێنرا، دوای ئەوەی داعش سێیەکی ناوچەی عێراقی کۆنترۆڵکرد، لە هۆزە سوننەکانی عێراق، و بەشداری لە دامەزراندنی هێزەکانی حشدی شەعبیدا کرد لەڕێگەی کۆمەڵێک لیوا و فەوجەوە، جگە لە بوونی (21) فەوجی سەربازی، لیواکانیش بریتین؛ 1.    لیوای 86 (لیوای ئەحرار ئەلعێراق) 2.    لیوای 91 (نەوادر شەمر) 3.    لیوای حەشد ئەلیاوەر 4.    لیوای 51 (لیوای صلاح ئەلدین) 5.    لیوای 56 (لیوای حەشدی شەهیدانی کەرکوک) 6.    لیوای 88 (هێزی ئومەوی ئەلجەبارە) 7.    لیوای 90 ( فورسان ئەلجبور) 8.    لیوای سێ (حەشدی ئەنبار) 9.    لیوای نیدائی دیالە 10.    لیوای حەشدی فەللوجە 11.    لیوای عامریەت ئەلسمود 12.    لیوای 92 (لیوای ئەللویزیین) 13.    لیوای 201 (حەرەس نەینەوا) سەرچاوەکان؛ -    درەو میدیا، حەشدی شەعبی... هێزێک بە تەنیشت سوپای عێراقەوە، 7/1/2025؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16205 -    قانون رقم (١٣) لسنة ٢٠٢٣ قانون الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنوات المالية (٢٠٢٥ ــ ٢٠٢٤ ــ ٢٠٢٣( https://moj.gov.iq/upload/pdf/4726_72.pdf -    المسلة تنشر جداول موازنة 2024 التي صوت عليها البرلمان، 3 يونيو، 2024؛ https://almasalah.com/archives/93272 -    أمیر الکعبي و مایکل نایتس، زيادة غير عادية في عديد "قوات الحشد الشعبي"، بالأرقام، ٦ يونيو ٢٠٢٣؛ https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/zyadt-ghyr-adyt-fy-dyd-qwat-alhshd-alshby-balarqam -    تشكيلات الحشد الشعبي العراقي، موقع الساعة، 8/8/2023؛ https://alssaa.com/post/show/8654 -    نزاع حول إدارة مديرية أمن الحشد الشعبي يكشف عن صراع على السلطة بين العراقيين الشيعة، موقع امواج میدیا، 2/8/2024؛ https://amwaj.media/ar/media-monitor/clash-over-pmu-security-directorate-exposes-iraqi-shiite-power-struggle  


راپۆرتی: درەو  🔻 پێنج کێڵگەی نەوتیی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە؛ کێڵگە نەوتییەکانی (شێخان، تاوکێ، پیشخابوور، خورمەڵە و سەرسەنک)، هێرشیان کراوەتەسەرو بەرهەمهێنانیان تێدا ڕاگیراوە. 🔹 هێرشەکان بەرهەمهێنانی نزیکەی ڕێژەی (50%) و بڕی (145 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا ڕاگرتووە. 🔹 کێڵگەی نەوتی شێخان ڕۆژانە زیاتر لە (35 هەزار) بەرمیل نەوت تێدا بەرهەمدەهێنرێت و دوای هێرشی درۆنی خرایە لیستی کێڵگە بەرهەم ڕاگیراوەکانەوە. 🔹 کێڵگەی تاوکێ بەتوانای نزیکەی (29 هەزار) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لە دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر کێڵگەکە داخراوە. 🔹 کێڵگەی بیشخابور زیاتر لە (50 هەزار) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت و کێڵگەکە لەژێر کاریگەری هێرشەکانی ئەم دواییە، کارکردن بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان ڕاگیراون. 🔹 کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بە توانای بەرهەمهێنانی (30 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کاریدەکرد ڕۆژی (15ی تەمموزی 2025) هێرش کرایە سەر کێڵگەکە و بەرهەمهێنان بەتەواوی تێیدا ڕاگرا. دەستپێک پیشەسازی نەوت لە کوردستانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەککەوتنی ئەمنی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرشی دوبارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە چەند کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی ناوچەکەیان کردە ئامانج و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێک لەو کێڵگانە ڕاگیرا و لە هەندێکی دیکەشیان زیانی بە ژێرخانی کێڵگەکان گەیاند. بەپێی ئەو زانیاری و ئامارانەی کە پلاتفۆرمی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە بەدەستی هێناوە، هێرشەکان بەرهەمهێنانی نزیکەی تێکڕای ڕێژەی (50%) و بڕی (145 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا لە ڕاگرتووە، کە کۆی بەرهەمی هەرێم (280 هەزار) بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر کەرتێکە دروست دەکات کە بەردی بناغەی ئابووری کوردستانە. ئەو پێنج کێڵگە نەوتییەی هەرێمی کوردستان، کە کرایە ئامانج بریتین لە؛ کێڵگە نەوتییەکانی (شێخان، تاوکێ، پیشخابوور، خورمەڵە و سەرسەنک). هەموو ئەمانە پڕۆژەی ستراتیجین کە لەلایەن کۆمپانیا بیانی و هەرێمییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک و نزیک هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەبرێن. ئاشکرا نەکردن و نەبوونی هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بە لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکان، بەدواداچوونە سەرەتاییەکان ئاماژە بە تێوەگلانی کوتلە چەکدارەکانی پاڵپشتیکار بە وڵاتانی بیانیەکان دەکەن، ئەمەش دیمەنی ئەمنی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات و ئاڵنگاری بۆ حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان دروست دەکات کە لە کەرتی نەوت لە کوردستانی عێراق کاردەکەن. یەکەم: کێڵگە نەوتییە زیانبەرکەوتووەکان لە هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە، بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمن، جا چ لەڕووی چەندایەتی، یەدەگی سەلمێنراو، یان ژێرخانی هەناردەکردنەوە بێت. ئەم کێڵگانە بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشکراون، لەوانە ئەو کێڵگانەی دەکەونە پارێزگای دهۆک لە نزیک سنووری تورکیا، وەک؛ (تاوکێ و پیشخابور) و ئەوانەی نزیک هەولێرن، وەک؛ (خورمەڵە و شێخان). ئەمەش مەودای بێ وێنەی هەڕەشەکان بۆ سەر دامەزراوە گرنگەکان نیشان دەدات. 1.    کێڵگەی نەوتی شێخان کێڵگەی نەوتی شێخان یەکێکە لە کێڵگە هەرە بەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان. دەکەوێتە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای هەولێرەوە. کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای گڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بەپێی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان 80%ی پشکی کارکردنی هەیە. ئەو کێڵگەیە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کرایە سەر و ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی ڕابگرێت و ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی کرێکاران بگرێتەبەر. ئەم کێڵگەیە ڕۆژانە زیاتر لە (35 هەزار) بەرمیل  نەوت بەرهەم دەهێنێت و دوای هێرشەکە خرایە لیستی بەرهەم ڕاگیراوەکانەوە. 2.    ناوچەی گرێبەستی نەوتی تاوکێ ‌أ.    کێڵگەی تاوکێ؛ لەگەڵ کێڵگەی بیشخابور یەک گرێبەستی ئیمتیاز پێکدەهێنێت کە لەلایەن کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی(DNO) بە ڕێژەی (75%)  بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (گێنێڵ ئینێرجی) بە ڕێژەی (25%) بەڕێوەدەبرێت. دەکەوێتە ناوچەی زاخۆ لە نزیک سنووری تورکیا. کێڵگەی تاوکێ یەکێکە لە کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە، لە ساڵی (2007)ەوە کاردەکات و لە ئێستادا نزیکەی (29 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت. دوای تەقینەوەکانی بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کێڵگەکە داخراوە، هەرچەندە زیانی گیانی مرۆیی تێدا نەبووە نەبووە. یەدەگی ئەم کێڵگەیە کە دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت لە نێوان (150 بۆ 370 ملیۆن) بەرمیل مەزەندە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە پایەی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق. ‌ب.    گۆڕەپانی بیشخابور؛ کێڵگەی بیشخابور لە ساڵی 2017 ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، دەکەوێتە چوارچێوەی ئیمتیازاتی گرێبەستی تاوکێ و هەروەها لەلایەن کۆمپانیای DNO بەڕێوەدەبرێت. لە ئێستادا زیاتر لە (50 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمهێنانی کەڵەکەبووی تا مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە. پڕۆژەیەکی بەرفراوانی چارەسەری غازی هاوەڵ لە ساڵی 2020 لە کێڵگەکەدا دەستیپێکرد، بە تێچووی (110 ملیۆن) دۆلار، کە بەشداربووە لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گازی ژەهراوی و زیادکردنی پەستانی خەزانەکان. هەروەها کێڵگەکە لەژێر کاریگەری هێرشەکانی ئەم دواییە، کارکردن بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان ڕاگیراون. 3.    کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی (HKN Energy) بەڕێوەدەبرێت، دەکەوێتە ناحیەی شامانکێ لە پارێزگای دهۆک و بە توانای بەرهەمهێنانی (30 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کاردەکات. ڕۆژی سێشەممە (15ی تەمموزی 2025) هێرش کرایە سەر کێڵگەکە و بەرهەمهێنانی بەتەواوی ڕاگرت، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی کۆمپانیاکە واژۆکردنی ڕێککەوتنی پەرەپێدان بۆ بوارێکی دیکە لە عێراق ڕابگەیەنێت. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بە پێی سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپە پاڵپشتییەکانی ئێرانەوە دەستیان پێکردووە و ئەمەش نیگەرانییەکانی پەرەسەندنی سەقامگیری ئەمنی ناوچەکەی دروستکردووە. 4.    کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کێڵگەی خورماڵە دەکەوێتە 35 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر، درێژکراوەی جوگرافیای کێڵگەی زەبەلاحی کەرکوکە. بەڵام لە ساڵی (2007)ەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و لەلایەن "گروپی کۆمپانیاکانی کار" ناوخۆییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەو کێڵگەیە دووجار لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر و زیانی بە بۆرییەکانی ئاو گەیاندووە، هەرچەندە هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی زیانگەیاندن بە دامەزراوە نەوتییەکان لەبەردەستدا نییە. لە ئێستادا سەروو (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وایکردووە کە گەورەترین کێڵگەی کاریگەری لەسەر بێت لە ڕووی قەبارەوە. بەپێی ئامارەکانی گڵۆباڵ داتا، ئەم کێڵگەیە زیاتر لە (35%)ی یەدەگی لێوەر وەرگیراوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2026 بگاتە لوتکەی بەرهەمهێنان و چالاکییەکانی تا ساڵی 2065 بەردەوام بن. دووەم: بەرهەم و داهاتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە داتاکانی "ڕێکخراوی ڕونین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت"؛ لە هەرێمی کوردستان هەشت کێڵگەی نەوت (خورمەڵە، تاوکێ، شێخان، ئەتروش، سەرسەنگ، هەولێر، سەرقەڵا، هەریر)، بەرهەمیان هەیە، پێکەوە بە تێکڕای ڕۆژانە (300 هەزار) بەرمیل نەوت و مانگانە نزیکەی (9 ملیۆن) بەرمیل بەرهەم دەهێنن. بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانە هەر بەرمیلێکی لە نێوان (27 بۆ 39) دۆلار و بە تێکڕا بە (34) دۆلار ساغدەکرێنەوە. مانگانە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەگاتە سەروو (297 ملیۆن 507 هەزار) دۆلار، لەو داهاتەش بە تێکڕا (72%)ی پشکی حکومەتی هەرێم و (28%) پشکی کۆمپانیاکانە، خشتەکەی خوارەوە وردەکاری بەرهەم و داهاتی کێڵگەکان ڕوندەکاتەوە. خشتە وێنەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان (سەرسەنگ، بیشخابور، تاوکێ و شێخان) سەرچاوەکان -    سامر أبووردة، النفط في كردستان العراق.. أبرز المعلومات عن 5 حقول تضررت بفعل الهجمات، الطاقة، 2025/07/16؛ https://shorturl.at/YU8H4 -     یادگار سدیق گەڵاڵی، سەبارەت بە بەرهەم و داهاتی نەوتی هەرێم، 27/6/2025؛ https://www.drawmedia.net/page_detail?smart-id=17057  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand