Draw Media

سەرۆکی کۆمار، مەرجی بڕوانامە و زمانی عەرەبی پێویستە؟

سەرۆکی کۆمار، مەرجی بڕوانامە و زمانی عەرەبی پێویستە؟

2026-01-04 16:58:53


 

هاوڕێ تۆفیق شارەزای یاسایی تایبەت بە (درەو)


چەند جار دەتوانی ببیت بەسەرۆکی  کۆمار وەزیران و پەرلەمان؟ 

 لە دەستوری عێراقدا بۆ هەر سێ پۆستە باڵا دەستورییەکان لێکچون و دژ بەیەکی هەیە، بۆ هەر یەکە لە سەرۆکی وەزیران و پەرلەمان مەرجی بروانامەی زانکۆ مەرجێکی خۆپاڵاوتنە، بەڵام بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار مەرجی بروانامە لە دەستوردا نەهاتوە، لە هەمان کاتدا بۆ هەریەکە لەسەرۆکی وەزیران و پەرلەمان مانەوەیان لە پۆستەکانیان کراوەیە، بەڵام بۆ سەرۆکی کۆمار داخراوەو تەنها دوو خولی چوارساڵەیە، بەڵام بۆ سەرۆکی وەزیران و پەرلەمان، دەتوانن هەتا ئەمرن خۆیان هەڵبژێرن، کەواتە مەرجی دەستوریی بروانامەی زانکۆ بۆ سەرۆکی کۆمار بونی نیە! بەڵام هەر بە گوێرەی مادەی (٦٩) برگەی یەکەمی دەستور ئەنجومەنی نوێنەران راسپێردراوە کە قانونێک دەربکات، تایبەت بە رێکخستنی حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار، پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٢  قانونی ژمارە (٨)  ئەحکامەکانی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار دەرکردوە، لەمادەی (١)، برگەی چوارەمی ئەم قانونەدا هاتوە ( ئاستی خوێندنی نابێت لە بروانامەی سەرەتایی زانکۆ  کەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە دانی پیادا نرابێت، کەمتر بێت )، بەمەش مەرجی بوونی براوانامەی زانکۆ، وەکو یەکێک لە مەرجەکانی خۆ پاڵاوتن چەسپاندوە. هەندێک چاودێری یاسایی باوەریان هەیە، کە ئەم مەرجە قانونیە دژی دەستورە، مادام لەدەستوردا مەرجی بروانامە بونی نیە ،کەواتە ئەو مەرجە کە لەقانونەکەدا هاتوە راست نیە.  بۆ پاساوی یاسایی قسەکانیان، دەڵێن؛ دانەریی دەستوریی بەمەبەست باسی بروانامەی زانکۆی سەرۆک کۆماری نەکردوە ،چونکە باسی سەرۆکی وەزیران و پەرلەمانی کردوە. بۆچونی یاسایی دووەم،  دەڵێن، مەرجی بروانامەکە لە یاساکەدا هاتوە، ئەمە مانای وانیە کە دژی دەستورە ! پاشان دەستور باسی هەموو وردەکارییەک ناکات ،لەلایەکی تر  بەگوێرەی مادەی (٦٩) برگەی یەکەم،  دەستور، دەسەڵاتی بەخشیوە بە پەرلەمان  هەتاوەکو یاسای خۆپاڵاوتن و مەرجەکانی دەربکات، ئەم دەسەڵاتەی بۆ پەرلەمان بەجێهێشتوە. پوختەی قسەکان ئەمەیە،  لەپاڵ مەرجی دەستوریی، هاوکات مەرجی قانونیش بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار هەیە. پرسیارە ئاڵتونیەکە ئەو پرسیارە نیە کە دەڵێن؛ مەرجی قانونی بروانامە دژی دەستورە؟ بەڵکو پرسیارە راست و گرنگەکە ئەمەی تریانە، مادام مەرجی بروانامە ،مەرجێکی دەستوریی نیە، بەڵکو مەرجێکی قانونیە !کەواتە پەرلەمان چۆن دەسەڵاتی دەرکردنی قانونی هەیە ، بەهەمان شێوە دەسەڵاتی هەموارکردنی قانونیشی هەیە، پرسیارەکە ئەمەیە، ئەگەری هەیە پەرلەمان دەستکاری ئەو مەرجە قانونیە بکات و لایببات؟ بێگومان بە گوێرەی دەستور و یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران پاش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان دەسەڵاتی تەواوەتیان بۆ یاسادانان و هەموارکردنی  هەموو قانونێک هەیە، بۆیە لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی تەواوی یاسادانان و هەمواردکردنی هەیە، لەو روانگەیەی سیستەمی دەستوریی عێراق، پەرلەمانی، دیموکراتی فیدراڵیە ،کەواتە پەرلەمان رەنگدانەوەی بەرژەوەندی حزبە سیاسیەکانەو ئەگەر خواستیان هەبێت قانونەکە هەموار دەکەن و مەرجی بروانامە هەڵدەگرن! بە پێچەوانەوە مەرجی بروانامە، وەکو مەرجێکی قانونی لەپاڵ باقی مەرجە دەستورییەکانی تردا جێ بەجێدەکرێت. لەلایەکی تر چیرۆکێکی دادگای دەستوریی هەیە ،کاتێک قانونی حزبایەتی ژمارە(٣٦) ساڵی ٢٠١٥ دەرچوو، مەرجی بروانامەی زانکۆ دانراوە بۆ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری حزبەکان، دوو کەس لە دادگا داوایان پێشکەشکردوەو ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە!  کە دەڵێن ئەو مەرجە پێشلکردنی دەستورەو دادگای فیدراڵی بە بریاری ژمارە (٣) فیدراڵی/راگەیەندراو/ ٢٠١٦ بریاری دەرکردوە، دەڵێت، مادام بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار لەدەستوردا مەرجی بروانامەی باس نەکراوە،  کەواتە دەستەی دامەزرێنەری حزبەکانیش بروانامەی زانکۆی پێویست نیە! لەراستیدا ئەمە بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بە قانونی حزبایەتیەوە هەیە، بەڵام لێکچواندنی لەگەڵ بروانامەی سەرۆکی کۆمار هەیە!  

مەرجی زمانی عەرەبی:
سەرۆک کۆمار مەرجە زمانی عەرەبی بزانێت؟ 
بە گوێرەی مادەی(٤) برگەی یەکەمی دەستور (زمانەکانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمی عێراقن). نەک هەر ئەوەندە لە برگەی دووەمی هەمان مادە باسی چوارچێوەی پراکتیزەکردنی دەستەواژەی زمانی فەرمی دەکات و داوای دەرکردنی قانونی بۆ دەکات، دەڵێت  چوارچێوەی پیادەکردنی ئەمانە دەگرێتەوە: 
أ: دەرکردنی رۆژنامە بەهەردوو زمانەکە. 
ب: قسەپێکردن وتاردان و دەربرین لە بواری فەرمیدا وەکو( ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران، دادگاکان، کۆنگرە رەسمەییەکان،  بەهەر کام لە دوو زمانە. 
ج: دانپیانان بە بەڵگەنانە رەسمیەکان بەهەر دوو زمان و دەرکردنی بەڵگەنانەی رەسمی پێیان. 
د: کردنەوەی خوێندنگە بەهەردوو زمانەکە بەگوێرەی رێنمایی پەروەردەیی. 
هه: یان هەر بوارێکی تر کە بنەمای دادپەروەری بپارێزێ، وەکو دراوی نەختینە، گەشتنامە(پاسپۆرت) ، پول.
برگەی دووەمی مادەی (٤) دەڵێت( داودەزگای فیدراڵیەکان و داودەزگای فەرمی لە هەرێمی کوردستان هەردوو زمان بەکار دەهێنن). 
وەکو دیارە مەسەکەی زمان زۆر بەرونی و ئاشکرایی و بە چڕو پڕی لە دەستوردا هاتوەو هیچ تەم و مژێکی تیادا نیە، بە تەواوی زمانی کوردی، هاوتای زمانی عەرەبیە ، بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادانەی دەستور،  قانونی زمانە فەرمیەکان دەرکراوە، کەواتە بەهیچ جۆرێک مەرجی زانینی زمانی عەرەبی،  مەرجی دەستوریی نیە! مادام کوردی دەزانیت، کەواتە ئەمە بەسە! بەڵام لەرووی فەرهەنگیەوە زانینی زمانێکی تر  واتە ناسینی کلتورو مێژوو شارستانیەتی گەلێکی تر، مادام زۆرینەی خەڵکی عێراق عەرەبی زمانن، بۆ لێکتێگەیشتن و بەهێزکردنی پەیوەندی زانینی زمانی عەرەبی گرنگە، بەڵام بەهیچ جۆرێک زانینی زمانی عەرەبی بۆ خۆپاڵاوتن پۆستی سەرۆکی کۆمار مەرجی دەستوری نیە،  بەو مەرجەی زمانی کوردی بزانیت، مەرجەکە ئەوەیە کە لەهەر یەکە لە زمانەکانی عەرەبی و کوردی ،یەکێکیان بزانیت، بەڵام  لەرووی نەریتی سیاسیەوە . چونکە سەرۆکی کۆمار راستەوخۆی لەلایەن خەڵکەوە 
 هەڵبژاردنی بۆ ناکرێت و پەرلەمان بەشێوازی ناراستەوخۆ لە بری گەل دەنگی پێدەدات و سیستەمە پەرلەمانی حزبیە، کەواتە رەنگە هەواو هەوەسی حزبایەتی و تایفی کاریگەری 
 لەسەر بریاری پەرلەمان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسەی کە زمانی عەرەبی نەزانێت. ئەمەش مەسەلەیەکی رێژەییەو رەنگە بۆ هەندێک کاندید ئەو هەستیاریەیان فەرامۆش بکەن و پەسەندی بکەن.
مەرجە سەرۆک کۆمار لە عێراق لە دایک بوو بێت؟ 
بە گوێرەی مادەی(٦٨) برگەی یەکەمی دەستور، مەرجە پاڵێوراو بۆ سەرۆکی کۆمار لەدایک بووی عێراقی بێت و دایک و باوکی عێراقی بن. دەقە عەرەبیەکە وەکو خۆی ( عراقيا بالولادة و من ابوين عراقين) دەقە عەرەبیەکە فرە مانایە! دوو رای جیاواز هەیە ، یەکەمیان عێراقی بە ولادە، مانای جوگرافی نیە، کە لەسەر خاکی عێراق لەدایک بوو بێت، بەڵکو ولادە یانی عێراقی بێت، مانای دووەم، لەسەر خاکی عێراق لەدایک بوو بێت. کەواتە یەکلاکەرەوە نیەو مشتومرو مانای جیاواز هەڵدەگرێت،  بۆ یەکلایکردنەوەی دەتوانن داوای بریاری تەفسیری دادگای فیدراڵی بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand