Draw Media

پۆستی سەرۆككۆمار بەرامبەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم

پۆستی سەرۆككۆمار بەرامبەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم

2026-01-05 18:55:51




درەو:
چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق، هەرچەندە بەدوو ئاراستەو كاندیدی جیا دەچنە ناو پرۆسەكەوە، بەڵام جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لە نێوان یەكێتی و پارتی درووستبووە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەردوولا داوای گرنتی دەكەن، یەكێتی داوای كردووە پارتی كاندیدی نەبێت بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، لەبەرامبەردا یەكێتیش رازی بێت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانەو گرنتی، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكرد (فوئاد حسێن و نەوزاد هادی)، ئەمەش بۆ دوو ئەگەر دەگەڕێتەوە:
-    پارتی دەیەوێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كێشە بۆ یەكێتی درووست بكات، (سێ یەكی پەكخەر ) درووست بكات، چونكە دەبێت دوو لەسەر سێ ئامادەبن، كە دەكاتە (220) ئەندام لە كۆی (329) ئەندام بە پێچەوانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە (50+1) هەیە واتا لە كۆی (329) پێویستی بە (166) ئەندام هەیە، واتا پارتی و هاوپەیمانەكانی رێگە نەدەن نیساب تەواو بێت.
-    پارتی داوای زەمانەت دەكات و متمانەی نیە بەوەی ئەكەر كاندیدی نەبێت، یەكێتی رازی دەبێت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم.
بەو پێیەی لە چەند رۆژی رابردوو چەندین گفتوگۆو كۆبوونەوە هەبووە، یەكێتی داوای لە پارتی كردووە كاندیدی نەبێت لەبەرامبەر ئەوەی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بكات، یەكێتی ئامادەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی داوای زەمانەتی كردووە بەوەی یەكێتی بەڵێنەكەی بەرێتە سەرو لە هەمانكاتیشدا كاندیدی هاوبەش یان كاندیدی یەكێتی بە رەزامەندی پارتی هەبێت.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو) ی راگەیاند: لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی چڕوپڕ هەبووە لە نێوان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، هەردوولا لێكتێگەیشتنیان هەبووە، كە لە كۆتایی پرۆسەكەدا پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە و دەنگ بدات بە كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بە مەرجێك پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق كە دواوادە 28/2/2026ە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێدرێت و سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی بخوات و كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران (مەسرور بارزانی) رابسپێردرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ ئەوەیە كە زەمانەت هەبێت كە یەكێتی لەو هەنگاوانەدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوات، هەركات ئەو هەنگاوانە نراو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێدراو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و مەسرور بارزانی راسپێردرا بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق ئەوا پارتی كاندیدی خۆی دەكشێنێتەوە و بە یەك كاندید لەگەڵ یەكێتی دەچنە كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق. 
بەڵام پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە: 
یەكەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن نەكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، هەموو كاندیدەكان دەچنە  هۆڵێ پەرلەمان و هەڵبژاردن دەكرێت، لە گەڕی یەكەم كەس دوو لەسەر سێ واتا (220) دەنگ ناهیێنێت و دەچێتە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەم ئەگەری سەركەوتنی كاندیدەكەی یەكێتی بەهێز دەبێت چونكە پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە.
دووەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن نەكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی سێیەكی پەكخەر درووست دەكەن و رێگە نادەن نیساب تەواو بێت، یەكێتی ناچار دەبێت بە داوای پارتی رازی بێت، بەتایبەت دەبێت كاندێدێك بێت كە رەزامەندی پارتی لەسەر بێت، كە لەو حاڵەتەدا یەكێتی ناچار دەبێت كاندیدە فەرمیەكەی خۆی بكشێنێتەوە (نزار ئامێدی) كاندێدێك كە رەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت (مەلا بەختیار یان لەتیف رەشید).
سێیەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن بكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، ئەویش دوو ئەگەر هەیە:
-    یەكێتی و پارتی كاندیدەكانیان دەكشێننەوە بۆ كاندیدی هاوبەش لەو حاڵەتەدا كاندیدێك دەبێت كە رەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت.
-    پارتی رازی دەبێت بە كاندیدە فەرمییەكەی یەكێتی، لەبەرامبەردا یەكێتی رازی دەبێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كە ئەویش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نوێ. 

هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بە پێی دەستور:
لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور).
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand