Draw Media

لە دوای 2026/1/1 پرۆسەكانی هاوردەکردن چی بەسەر هات؟

لە دوای 2026/1/1 پرۆسەكانی هاوردەکردن چی بەسەر هات؟

2026-01-06 14:50:59


مەنار عوبێدی- شارەزای ئابوری

لەگەڵ سەرەتای 2026دا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان توشی سەرسامی بوون بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ پەیوەست بە هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق. هەرچەندە ئەم ڕێکارانە لەدایكبووی ئەم ساتە نین و، پێش چەند مانگێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سیمینار و گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لەسەر كراوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە -وەک هەمیشە- ئێمە بە تەواوی لە رەهەندەكانی گۆڕانكارییەكە تێناگەین تا نەكەوێتە بواری جێبیەجێكردنەوە. 
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت لە سێ خاڵی سەرەکیدا گرنگترین پێشهاتەکان کورتبكرێتەوە: 

یەكەم: جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی
هەندێک پێیانوایە ئەو باجی گومرگییەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە جێبەجێ کرا، بڕیارێکی ئەم دواییەی حکومەتی ئێستایە، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ئەم باجە لە ساڵی 2010وە بەپێی یاسای پێناسی گومرگی ژمارە (22)ی ساڵی 2010 بەشێوەیەکی یاسایی پەسەندكراوە، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی راستەقینە جێبەجێ نەكراوە. بۆیە ئەوەی ڕوویداوە بڕیارێکی نوێ نییە، بەڵکو دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسایەک بووە كە زیاتر لە دەیەیەك دەسەڵاتی یاسادانان دەریكردووە. 

دووەم: ئەژماركردنی پێشەوەختەی گومرگ
لە مێژە لە گفتوگۆ گشتییەكاندا حەواڵەی دەرەكی دەبەسترێتەوە بە پرسەکانی سپیکردنەوەی پارەو هەڵئاوسانی پسوڵەكانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا وەڵامێکی پراکتیکییە بۆ ئەم نیگەرانیانە لە ڕێگەی پەسەندکردنی میکانیزمێکی پێشوەختەی حیساباتی گومرگی. ئەمەش واتە دیاریکردنی باجی گومرگی و پابەندبوونەکان پێش ئەوەی حەواڵەی دارایی ئەنجام بدرێت، لەگەڵ کۆکردنەوەی پارەدان لە کاتی چوونە ژوورەوەی راستەقینەی کاڵاکان. ئەم هەنگاوە ئامانجی ڕێگریکردنە لە حەواڵەی وەهمی و، کەمکردنەوەی هەڵاوسانی پسوڵەكان و، دڵنیابوون لە هاتنە ژوورەوەی كاڵاكان بەشێوەیەمی فەرمی و یاسایی، لەهەمان کاتدا کۆکردنەوەی تەواوی باجەکانی دەوڵەت.

سێیەم: گەرەنتی باج
بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی (ئەسیكۆدا)، حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی گەرەنتی باج بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان لە کاتی گەیشتنیان، بەپێی ڕێژەی دیاریکراوی پێشوەختە. بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵ دارایدا پاكتاوی كۆتایی باج بكرێت، کە شایستەی باج لەسەر کۆمپانیا ئەژماردەكرێت و لەو بڕە پارەی گەرەنتییە دەبڕدرێت؛ كە لە پرۆسەكانی هاوردەكردن كۆكراوەتەوە. 
ئەم سێ رێوشوێنە كرۆكی ئەو شتانەن کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە. رەنگە پرسیارێک سەبارەت بە بەرزی ڕێژەی پێناسی گومرگی سەرهەڵبدات. دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دانانی ئەم رێژانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە، بەڵکو لە پسپۆڕی دەسەڵاتی یاساداناندایە کە لە ساڵی 2010 یاساکەی دەرکردووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی ئەو رێژانە دەبێت ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، حکومەت بەرپرسیارێتی یاسا بەركارەكانی ناكەوێتە ئەستۆ. 

پرسیارێکی تر کە ڕەنگە سەرهەڵبدات ئەوەیە: بۆچی ئێستا ئەم میکانیزمانە جێبەجێ کران؟
وەڵامەمە بەسادەیی ئەوەیە کە دواجار دەوڵەت ئەو پڕۆژەیەی تەواو كردووە کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی گومرگی و دەروازە سنورییەکان، پڕۆژەیەک کە دواکەوتنەکەی لە ساڵانی رابردوودا سوودی بۆ زۆر کەس هەبووە.
سەبارەت بە هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، رەنگدانەوەی لایەنێکی بەرچاوە لە دابەزینی قاچاخی دراو و هەڵئاوسانی پسوڵەكان. لەگەڵ توندكردنەوەی چاودێری و جێبەجێكردنی ئەم رێكارانە، ئەوانەی بۆ مەبەستی ناڕەوا بەدوای دۆلاردا دەگەڕێن، ڕوویان لە بازاڕی هاوتەریب "بازاڕی رەش" کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمییەی لە بازاڕی فەرمیدا هەیە.
سەبارەت بە گلەیی بەشێک لە بازرگانان لەبارەی سەختی دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکان یان وەڵامدانەوەی خاو لەلایەن هەندێک لە بانکەکانەوە، ئەمە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردندا چاوەڕوانكراوەو، پێویستی بەكاتە بۆ لەخۆگرتنی هەموو بازرگانەكان و رێكخستنی كارەكانیان و دڵنیابوون لە یاسایی و دروستی رێکارەکان.

گرنگترین پرسیار كە دەمێنێتەوە: ئایا نرخەكان بەرزدەبنەوە؟
واقیعەکە ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی دۆلار تاکە کاریگەری نابێت. پێشبینی دەکرێت نرخی زۆرێک لە کاڵاکان بەتایبەت کاڵا بەکاربەرەکان بەرزببێتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستی بە ڕێوشوێنی ئابوری "نەشتەرگەری" هەیە بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، سەرەڕای لێکەوتەكانی لەسەر هاوڵاتی لە قۆناغی ئایندەدا. گرنگترین ئاڵنگاری لەبەردەم دەوڵەتدا بمێنێتەوە بریتییە لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیری نرخی كاڵا بنەڕەتییەكان، لە پێش هەمووشیانەوە خۆراک، دەرمان و گواستنەوە، ئەمەش بۆئەوەی هاوڵاتی ئاسایی قورسایی ئەم گۆڕانكارییەی نەكەوێتە سەرشان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand