رۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارەی ئەمرۆیدا 13/6/2018 لە مانشێتێكیدا دەنوسێت"لە هەرچوار دەنگێك یەكێكیان ساختەكراوە" رۆژنامەكە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامداوەو رایگەیاندووە: ئەو ساختەكاریەی كراوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژمارەیەكی زۆر بووە، بەشێوەیەك نزیكەی 11 ملیۆن هاوڵاتی دەنگی داوە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 500 هەزار بۆ نزیكەی سێ ملیۆن دەنگی هاوڵاتییان ساختەیان تێدا كراوە. بەم پێیەش بێت لە هەرچوار دەنگێك كە دراوە دەنگێكی ساختە بووە، ساختەكاریەكانیش دوو جۆرن، جۆرێكیان بەدەست و جۆرێكی تریان بە ئەلكترۆنی.   


بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " هاوڵاتی" كە لە ژمارە 1757ی رۆژی چوارشەممە شەشی ئایاری 2018 بڵاوكراوەتەوە ، هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكەن كە لە مۆندیالی روسیا هاندەری چ هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێن . •    فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق: هاندەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسرە •    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم: هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە •    هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی:  هاندەری هیچ هەڵبژاردەیەك نییە. •    عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی: هاندەری وڵاتێكی دیاریكراو نیە. •    جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:  هاندەری ئەو وڵاتەیە كە یاری جوان دەكات. •    نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم: هاندەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە. •    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم: هاندەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە. •    بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و هاوسەرەكەی : هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیلن. •    محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكرات:  هاندەری هەڵبژاردە ئەڵمانیایە •    ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە. •    یوسف محەمەد، سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان: هاندەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین. •    سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: هاندەری هیچ هەڵبژاردەیەك نییە. •    مەلابەختیار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: هاندەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە. .  


(درەو میدیا): رۆژنامەی باس كە هەفتەنامەیەكی گشتییە و سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەلایەن كۆمپانیای ڤێرسای دەردەكرێت لە نوێترین ژمارەیدا هەواڵێكی لە لاپەڕەی یەكەمدا بڵاوكردوەتەوە و نوسیوێتی:" ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوا كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری پێكهێنانی شاندێك دەدات بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی 12ی ئەمساڵ و هەریەكە لە پارتی و یەكگرتووی ئیسلامیش ئەو هەوڵەی یەكێتی بە گونجاو نازانن". بە پێی زانیارییەكانی " باس" كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێی دراون، لە دوا كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی شاندێك بەمەبەستی سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ رازیكردنیان بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی 12 كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، بەو بیانووەی كە لەو مانگەدا بە یەكەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش ئەنجامبدرێت.  


حكومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند زیاتر لە هەزار " ئیسلامیی"  لە چەند ساڵی رابردوودا چوونەتە عێراق و سوریا و پەیوەندییان بە رێكخراوی تیرۆریستییەكانی وەكو داعشەوە كردووە و 243 كەسیش لە ئەڵمانیا پەیوەندییان بە شەڕڤانانی كوردەوە كردووە. حكومەتی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیاری فراكسیۆنی پارتی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمان راشیگەیاند بەڵگەیان هەیە كە 170 ئیسلامیی ئەڵمانیی لە سوریا و عێراق و لەمیانی شەڕەكاندا كوژراون. هەروەها حكومەتی ئەڵمانیا ئاشكراشیكردووە كە لە ساڵی 2013 ەوە 243 كەس لە ئەڵمانیاوە پەیوەندییان بە شەڕڤانانی كوردەوە كردووە لە رۆژئاوای كوردستان و لەو ژمارەیەش 20یان لە شەڕەكاندا گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوە: DW  


(درەو میدیا): پەنابەرێكی ئێرانی لەبەرچاوی فەرمانبەرانی ئیدارەی حكومەت لە شاری گۆبینگنی باشوری ئەڵمانیا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. بەگوێرەی راپۆرتی میدیاكانی ئەڵمانیا، ئەو پەنابەرە ئێرانییە كە تەمەنی (35 ساڵ)ە، وەكو ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی مافی پەنابەرێتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لەو كارەشیدا رەنگە مەبەستی خۆكوشتن بوبێت.  پۆلیس رایگەیاند، ئەو پەنابەرەی كە خۆی سوتاندووە، زیانی زۆری بەرنەكەوتووە و رزگاركراوە، بەڵام ئەو كەسانەی كە روداوەكەیان بە چاوی خۆیان بینیوە دوچاری شۆك بوون بەتایبەتی كە گوێیان لە هاواری پەنابەرەكە بووە لەكاتی سوتانیدا. پۆلیسى ئەڵمانیا ناو و ناسنامەی پەنابەرەكەی ئاشكرانەكرد.


رۆژنامەیەكی بەریتانیی رایدەگەیەنێت، چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش لە توركیا لە گرتوخانەی پێنج ئەستێرەیدان و بە ئازادی هاتوچۆ دەكەن و وەرزش دەكەن. رۆژنامەی " دەیلی مەیل" ی بەریتانیی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد كە :" مەترسیدارترین تیرۆریستی ئوسترالیی لە ناو داعشدا لە گرتوخانەیەكی توركیادا زۆر بە خۆشی دەژی كە بە شێوازێك بونیادنراوە رێگە بە زیندانییەكان دەدرێت كە زۆربەیان لە تیرۆریستەكانی داعشن بە ئازادی هاتوچۆ بكەن و وەرزش بكەن و خۆیان خواردن بۆخۆیان ئامادەبكەن." دەیلی مەیل دەشڵێت:" تیرۆریست نەعیم براكاش كە داواكراوی ژمارە یەكە لە ئوسترالیا لەو كاتەوەی كە لە تشرینی یەكەنی ساڵی 2016 لەگەڵ 20 تیرۆریستی تردا دەستگیركراون، لە یەكەیەكی نیشتەجێبوونی پێكهاتوو لە دوو نهۆم لە گرتوخانەیەكی توركیادان كە بازاڕی تێدایە و دەتوانن ئە ئازادی جموجوڵ بكەن و چیان دەوێت بیكڕن، هەروەها چەندین هۆكاری خۆشگوزەرانی و كات بەسەربردنی وەك تەلەفزیۆن و گۆڕەپانی وەرزشی تێدایە."  


لە كاتێكدا كە وادەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا نزیك دەبێتەوە كە ساڵی داهاتووە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە بەریتانیانەی داوای رەگەزنامەی بەریتانیی دەكەن زیاتر بوووە ساڵی رابردوو بە وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەڵمانیی بە رێژەی 162% زیادی كردووە، ئەوەش بە گوێرەی نوسینگەی ئاماری فیدراڵی ئەڵمانیا كە رۆژی چوارشەممە 24ی ئایار بڵاویكردەوە. بە گوێرەی ئەو ئامارە نزیكەی 7500 هاوڵاتی بەریتانیی ساڵی رابردوو رەگەزنامەی ئەڵمانیان وەرگرتووە و بەوەش ژمارەی ئەو بەریتانیایەی كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەگەزنامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە گەیشتە نزیكەی 10400 كەس ، ئەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بەریتانیانە زیاترە كە لە ساڵی 2000 ەوە بوونەتە هاوڵاتی ئەڵمانیا. نوسینگەی ئاماری فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت: " پەیوەندییەكی روون و ئاشكرای بە كشانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا هەیە و بەریتانییەكان دووەم گەورەترین گروپن كە رەگەزنامەی ئەڵمانی وەردەگرن دوای هاوڵاتیانی توركیا كە ساڵی رابردوو 15 هەزاریان رەگەزنامەی ئەڵمانییان وەرگرتووە." ئازاری 2019 وەك وادەیەك بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دیاریكراوە، و تا ئێستا لەندەن و برۆكسل دەربارەی ئەو پرۆسەیە نەگەیشتوەنە رێككەوتن، ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكەی زۆر لە هاوڵاتیانی بەریتانیا هەست بە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی بكەن بۆ لەدەستدان مافی ژیان و كاركردن لە دووەم گەورەترین ئابوری ئەوروپا، كە ماوەیەكی دوورودرێژە بە شێوەیكی بەردەوام لە گەشەكردندایە و بێكاریش بۆ رێژەیەكی پێوانەیی دابەزیوە."  مۆنتی كارلۆ  


پەرلەمانی ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی 24ی حوەزیرانی توركیا چاودێر رەوانەی ئەو وڵاتە ناكات. دەیڤد ماك ئەلیست و لیندا ماك ئاڤانن سەرۆكی گروپی هەماهەنگی و پشتیوان و هەڵبژاردنەكان لە پەرلەمانی ئەوروپا لە لێدوانێكی هاوبەشدا رایانگەیاند " پەرلەمانی ئەوروپا چاودێری هەڵبژاردنەكانی 24ی حوەزیرانی توركیا ناكات و هیچ كۆمێنتێكیشی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابێت." جەختیشیانكردەوە هەر لێدوانێكی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر هەڵبژاردنەكانی توركیا گوزارشت لە بۆچونی پەرلەمانی ئەوروپا ناكات. رۆژنامەی زەمانی توركی  


رۆژنامەی " واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی ئەمڕۆ یەكشەمە ئاشكرایكرد كە ئەبوبەكرد بەغدادیی سەرۆكی رێكخراوی داعش زیندووە و چالاكە و ئەركێكی نهێنی بەڕێوەدەبات كە موچڕكە بە جەستەی مرۆڤدا دەهێنێت. رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند سەرەڕای دەنگۆی مردنی یان برینداربوونی، بەڵام ئەبوبەكرد بەغدادیی زیندووە و چالامە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە كە دەوڵەتی خەلافەت بكاتە بزوتنەوەیەكی نهێنی بۆ ئەركێك موچڕكە بە لەشی مرۆڤدا دەهێنێت. بە گوێرەی رۆژنامەكە بەغدادیی لەگەڵ كەوتنی موسڵ و گەمارۆدانی رەققە دەستیكردوووە بە پرۆژە نوێكەی كە ئەویش فێركردن و پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێیە بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە بنەماكانی رێكخراوەكە. نیكۆلاس راسمۆسین، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانی بۆ قەلاچۆكردنی تیرۆر لە ئەمریكا دەڵێت:" تێبیمی سەركردەكانی داعشمان دەكرد كە موسڵ و رەققەیان لەدەستدا پلاندادەڕێژن بۆ كارێكی نهێنی نوێ‌، هەتا كاتێك لە شوێنێك دەردەكرێن لەدوای خۆیان چەندین شانە بەجێدەهێڵن." رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر زاری چالاكێكی سەر بەداعشەوە گواستویەتییەوە " كە ستراتیژییەكی هەیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێی رێكخراوەكە" ئاماژەیبەوەشداوە كە بەغدادی مامۆستای زانكۆ و گەورە فەرماندەكانی داعش ماوەیەكە بڕیاریانداوە كە فێركردن و پێگەیاندنی منداڵان لە ناو عێراق و سوریا و شوێنەكانی تر و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە كاری لە پێشینەی رێكخراوەكە دەبێت." زیاتر وتیشی:" كە ئەم ئەركە زۆر جەختیلێكرایەوە بەتایبەتی كاتێك دەركەوت كە دەوڵەتی خەلافەت بەردەوام نابێت و سەركردەكانی داعش گەیشتنە ئەو راستییەی كە ئەگەر دەوڵەتی خەلافەتیش بمرێت، ئەوا بیر و بنەماكانی نامرێت ئەگەر سەركەوتوو بوون لە كاریگەری خستنەسەر نەوی داهاتوو لە رێگەی فێركردنەوە و بەهاكانیش بە سەرپەرشتی بەغدادیی دەمێنن و ون نابن".  


(درەو میدیا): هەموو ئەو كاندیدانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هەولێر كە لەلایەن ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتییەوە پشتیوانی دەكران، دەنگی پێویستیان لە هەڵبژاردن بەدەستنەهێنا. رۆژنامەی (ژیان) لە ژمارەی ئەمڕۆدا، هەواڵێكی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێ" پێش هەڵبژاردن شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ كرا بە بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی، بەڵام یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای هەولێر توشی شكست بوو". رۆژنامەكە نوسیویەتی" لە هەڵبژاردنی رابردودا یەكێتی لە هەولێر 179 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها 79 هەزارو 220 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.. ئەمە لەناو ریزەكانی یەكێتیدا وەكو تاقیكردنەوەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ سەیر دەكرێت". ئاماژە بەوەدەكات" شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵ بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر پشتیوانی لە هەریەكە لە نەوزاد رەسوڵ و كوردەی هاشم جیهاز (سەلما) كردووە، بەڵام هەرێمی كەمال ئاغا سەركەوت بۆ پەرلەمان، لەدوای ئەویش ئارێز عەبدوڵا دەرچوو، بەڵام بەهۆی كۆتایی ژنانەوە دەنگەكەی رۆیشت بۆ كوردەی هاشم جیهاز و كوردە سەركەوت بۆ پەرلەمان".  


رۆژنامەی ئاژانسی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژمارە 235ی رۆژی چوارشەممە 16ی ئایاردا  " لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ 12ی ئایارن خیانەتكاران یەكڕیزی ناوماڵی كوردیان بە تەواوەتی تێكدا" ی كردووەتە مانشێكی سەرەكی رۆژنامەكە و نوسیوێتی : لە كاتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی بڵاوكردەوە و رایانگەیاند بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر یەكڕیزی ناوماڵی كورد پارچە پارچە بوون ئێستەش یەكێتی لایەنە سیاسییەكانی تووشی هەمان دۆخ كردەوە.  


محەمەدی مەلاقادر  ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئاژانس" پێی وایە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئەندامانی سەركردایەتی ئێستای پارتی بەهۆی ئەنجامنەدرانی كۆنگرەوە شەرعیەتیان نەماوە. محەمەدی مەلا قادر لەو چاوپێكەوتنەدا دەشڵێت:" لەناو پارتیدا باڵباڵێنی شارەوا هەیە" و باس لەوەشدەكات كە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەرەنجامی خراپی لەسەر پارتی هەبووە و پێشبینی ئەوەشدەكات نێچیرڤان بارزانی لەبری مەسعود بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت.  


" رۆژنامەی ئاژانس" ئەو رێككەوتنەی پێشتر لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەبوو بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش بە وتەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێك لەو دوو حزبەكە. لە ساڵی 2005 ەوە بەپێی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی نێوانیان، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووەو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش لە پشكی یەكێتی بوو، بەڵام كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار هاوكێشەی رێككەوتنەكەی تێكداوە، لە كاتێكدا پۆستی سەرۆكی هەرێم هێشتا دەسەڵاتی پێشووی ماوە، سەرەڕای ئەوەی چوار لایەن پرۆژە یاسایان بۆ هەمواركردنی یاساكە بردە پەرلەمان، بەڵام پارتی رێگربوو لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی. رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە " ئاژانسی" وت:" گرنگی پۆستێك بۆ پۆستێكی تر جیاوازی هەیە  هەر پۆستێكی  سیادی لە بەغدا بۆ كورد بێت گرنگەن بەڵام ئەوە ئەنجامی رێككەوتەنەكان دەزانێت چیمان بەردەكەوێت، پێشتر رێككەوتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبووە بۆ دابەشكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم، ئێستا ئەو رێككەوتنە نەماوە، لە ئایندەدا نازانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەكرێت." وتیشی:" رێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا نییە بۆ وەرگرتنی كام پۆست لە بەغدا و ئەو بابەتانە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكات و یەكێتی لەمەولا بە نەتیجەی ئینتیخابی مامەڵە لەگەڵ وەرگرتنی پۆستدا دەكات. هەرچەندە ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم سڕكراوەن بەڵام پارتی بە پشكی خۆی دەزانێت و چاویشی لە پۆستەكانی بەغدایە. فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە ئاژانسی وت: " پۆستەكانی كورد لە بەغدا تاپۆ نییە لەسەر هیچ لایەنێكی كوردی، وەرگرتنەوەی بەپێی كورسی لایەنەكان دەبێت، لە پاش هەر هەڵبژاردنێك تەشكیلەی وەرگرتنی پۆست گۆڕانی بەسەردا دێت، پۆستی سەرۆكی هەرێمیش لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكلایی دەبێتەوە بۆ كێ‌ دەبێت."  


لە رووداوێكی دەگمەندا لە ئەمریكا ئەسپێك سكاڵا لەدژی خاوەنی پێشووی بەرزدەكاتەوە و داوای 100 هەزار دۆلاری وەك قەرەبوو لێدەكات بەهۆی ئەوە زیانە گەورەیەی بەری كەوتووە.. سایتی كەناڵی " ABC "  ئەمریكی بڵاویكردەوە، لە ویلایەتی ئەریگۆنی ئەمریكا ئەسپێك خاوەنەكەی پێشووی بەناوی " گویندۆلین فیشەر" ( 51 ساڵ ) داواتە دادگا.  چیرۆكە نامۆكە كاتێك دەستیپێكردووە كە فیشەر لە وەرزی زستاندا ئەسپەكەی لە دەرەوە بەجێهێشتووە و خۆراكی پێویست و جێگەی گونجاوی بۆ دابیننەكردووە و بەو هۆیەشەوە ئەسپەكە چەند شوێنێكی جەستەی زیانی زۆری پێگەیشتووە. ماتیۆ لیمان پارێزەری ئەسپەكە كە ناوی " دادپەروەریی" لێنراوە وتی" ئەسپەكە زۆر لاواز بووە، نزیكەی 136 كیلۆگرام كێشی كەمترە لە ئەسپێكی ئاسایی. لیمانی  پرێزەرە لە رێكخراوی "Animal Legal Defense Fund" كە رێكخراوێكی قازانج نەویستە و داكۆكی لە مافی ئاژەڵان دەكات وتیشی:"  بەشێك لە ئەندامی نێرینەی ئەسپەكە برینداربووە، بەهۆی ئەوەی رووبەڕوووی سەرمای زۆر بووەتەوە و بۆ چەند مانگێك چارەسەرنەكراوە." هاوكات ماڵپەڕی رۆژنامەی "The Oregonian" پارێزەری ئەسپە تەمەن هەشت ساڵانەكە داوای لە دادگا كردووە بڕی 100 هەزار دۆلاری ئەمریكی وەك قەرەبوو بدرێتە ئەسپەكە بەهۆی ئەو زیانەی پێی گەیشتووە. رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد ئەمە حاڵەتێكی دەگمەنە كە ئەسپێك خاوەنەكەی راپێچی دادگا بكات، و فیشەری خاوەنیشی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی گۆڤاری " دێرشپیگڵ" توڕەیی و بێزای خۆی لەو سكاڵایە دەربڕیوە كە لەسەری تۆماركراوە. ماتیۆ لیمان پارێزەری داكۆكیكار لە مافی ئاژەڵانیش رایگەیاند ئەسپ و وڵاخە بەرزەكان بە تایبەتی لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریكا دەتوانن سكاڵا لەدژی خاوەنەكانیان بەرزبكنەوە و وتیشی ئاژەڵانیش " مافی یاسایی" یان هەیە و پێویستە دان بەوەدا بنرێت كە ئاژەڵانیش گیانەوەری خاوەن مافی یاسایین. سەرچاوە: DW  


ئیبراهیم تاڵیساس گۆرانیبێژی بەرەگەز كوردی توركیا لەسەر لیستی حزبەكەی ئەردۆغان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا كاندیددەكات. تاتڵیساس لە سەردانێكیدا بۆ لقێكی ئاكەپە لە شاری ئیزمیری خۆرئاوای توركیا رایگەیاند زۆر هۆگری پارتی داد و گەپەشێدانە و ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناویدا بكاتە قوربانیی. تاڵیساس كە ماوەی حەوت ساڵە بەهۆی تەقەكردن لێیەوە گۆرانیی نەوتووە، ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكی دوێتە لەگەڵ كچە گۆرانیبێژ " سپیل جان"، گۆرانییەكە  تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنی داگیركردنی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە و تێكستەكەی لەلایەن " ئیبراهیم كاڵن" وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە نوسراوە و ئاوازەكەشی فۆلكلۆرە. لەماوەی رابردووشدا تاتڵیساس بە یاوەری ئەردۆغان و چەند گۆرانیبێژ و وەرزشوانی توركیا سەردانی سنورەكانی نزیك عەفرینیان كرد و گۆرانیان بۆ سوپای توركیا وت. سەرچاوە: رۆژنامەی زەمان    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand