هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكرێت؟

Draw Media

2024-04-25 11:39:46




درەو:
نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغداد، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، دوای گەڕانەوەی لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوەو پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن چارەنووسی هەڵبژاردن یەكلا دەكاتەوە،  پارتی سوورە لەسەر ئەوەی "بەم دیزاینە پێشەوەختەوە هەڵبژاردن نەكرێت"، بارزانی دەڵێت: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە، یەكێتی لە بازنەكان دەستی بە ئامادەكاری هەڵبژاردن كردووە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: هەڵبژاردن دەكرێت و یەك دەقەش دواناخرێت.
لەنێوان پێداگری پارتی و یەكێتی بۆ ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردن، چارەنووسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەكوێ دەگات؟

خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، واتا بڕیاری دیاریكردن و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە.
نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام (پارتی دیموكراتی كوردستان) تێبینی هەیەو داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، بەتایبەت تێبینییەكانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان و پێكهاتەی كۆمسیۆن و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن و هەندێك تێبینی تر لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە تەماشاكردنی تانەكانی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی عێراقەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی (4) جار مەرسوومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، ئەگەر ئەم وادەیەش دوابخات ئەوا دەبێتە پێنجەم مەرسووم بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن.
•    رۆژی 24/2/2022 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1/10/2022
•     رۆژی 26/3/2023 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 18/11/2023
•    رۆژی 3/8/2023 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 25/2/2024
•    رۆژی 3/3/2024 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10/6/2024

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ناوی لیستەكەی تۆماركردووە، وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە مانگی رابردوو كۆتاییهات و پارتی ناوەكانی رادەست نەكرد، لە تیروپشكی ژمارەی لیستەكانیش ژمارەی لیستی پارتی دیارینەكرا، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەرەوەی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەو كۆمسیۆنیش لە نوێترین لێدوانیدا لە رێگەی وتەبێژەكەیەوە دەڵێت: لەسەر ئامادەكارییەكان بەردەوامن و هیچ بڕیارێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە دیبلۆماسیەكاندا هەڵوێستی حزبەكەی روون دەكاتەوە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە دیداریدا لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپاو باڵیۆزی فەرەنسا بەڕوونی وتوویەتی:
•    ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن
•    سیغەیەكی گونجاو بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە
•    كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن.  
•    ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
•    چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.
•    دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەكنیكی.
(درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد ئەوان باسیان لەوەكرد، كۆمسیۆنی ئێستا پێكهاتەكەی و هەنگاوەكانی پلانێكی دیزایینكراوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی نایەوێت بەم ستافەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر تەواوی داواكارییەكانی پارتی جێبەجێبكرێت هێشتا هەڵبژاردن ئاستەمە بكرێت، پارتی پێی وایە ئەو پێكهاتەو ستافەی كۆمسیۆن موعەدەلەیەكی عێراقی نیە، پارتی پشك و بڕیارێكی لەم كۆمسیۆنەدا نیە، بۆیە پارتی گومانی لەم كۆمسیۆنە هەیەو نایەوێت بەم كۆمسیۆنە هەڵبژاردن بكرێت.
ئەو سەرچاوانەی پارتی ئەوەشیان بۆ (درەو) باسكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوەو بەم كۆمسیۆنە بەرێوەنەچێت، نەك لەبەر پرۆسەكە بەڵكو لەبەر كۆمسیۆنەكە چونكە یەك هەنگاو دوابخرێت ئیتر كۆمسیۆنی عێراق وادەكەی بەسەر دەچێت لە (7/7) ئیتر ناتوانێت هەڵبژاردن بكات و بە ئەستەم دەتوانێت لەناو پەرلەمانی عێراقیش جارێكی تر كۆمسیۆن بەو دیزاین و پێكهاتەیەی ئێستایەوە هەڵبژێردرێتەوە، پارتی دەیەوێت پێكهێنەرە سەرەكییەكانی عێراق دەستیان هەبێت لە دیاریكردنی ئەندامانی كۆمسیۆن نەك كۆمسیۆنی عێراق بەناوی بێلایەنەوە ئەندامەكانی دیاریبكرێن و دواتریش لەبەرژەوەندی لایەنێك یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو بڕیاربدات و دوو پێكهاتەكەی تر (كورد و سونە) وەڵا بنرێن.
واتا بیانووی پارتی بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بە پلەی یەكەم كۆمسیۆنە نەك بیانووەكانی دیكە.


بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی سەرۆكەكەیەوە (بافڵ تاڵەبانی) جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكاتەوە لەوادەی خۆیدا.
یەكێتیی كە لەدوای بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای فیدراڵییەو (21ی شوباتی 2024)‌، یاسای هەڵبژاردنی بەو جۆرە لێكردووە كە دڵخوازی خۆیەتی (چوار بازنە، سەرۆكی كۆمسیۆن نزیكی خۆیەتی، پێكهاتە نەماوە...) بۆیە دژی دواخستنی هەڵبژاردنە.
لە دیداری سلێمانی بافڵ تاڵەبانی میدیاكانی بانگكرد بۆ وتنی یەك دێڕ "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت"
( درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی قسەیكرد، ئەوان باسیان لەوەكرد، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پێی وتوون یەكێتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی (10ی حوزەیران) بەهیچ شێوەیەك هەڵبژاردن دواناخرێت، تەنانەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی" بڕۆن بەردەوام بن لەسەر كارو بەرنامەكانتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەس ناتوانێت هەڵبژاردن دوابخات و دەبێت لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و بۆ یەك دەقەش دواناخرێت"
بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی وتووە" بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هەڵبژاردن دوابخرێت، هەڵبژاردن دەبێت لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت"
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی كە دابەشكراون بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا رۆژانە كاری خۆیان دەكەن و پلانەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ دەكەن.
بەڵام سەرەڕای سوربوونی یەكێتی لەسەر هەڵبژاردن، دەسەڵاتی دواخستن و نەكردنی هەڵبژاردن لە دەستی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، چەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی ئەوەیان بە (درەو) وت كە نێچیرڤان بارزانی سسەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی نیگەران و نایەوێت جارێكی تر هەڵبژاردن دوابخات یان وادەیەكی تر دیاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چونكە كە لە 3/3/2024 وادەی (10/6/2024)ی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵًبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رای سەرجەم حزبەكانی هەرێمی كوردستانی وەرگرت و سەرجەم حزبەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە رازی بوون بەو وادەیە.

چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟
ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، بۆ ئەوەی بڕیار بدات هەڵبژاردن دوابخرێت یاخود لەكاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت؟
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: لە سەردانەكەی هەفتەی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی چەند سیناریۆیەك بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دوای گەڕانەوەی لە بەغداد نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆدەبێـتەوەو بڕیاری كۆتایی لەسەر هەڵبژاردن دەدات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی پێش دەستپێكردنی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات.
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بە چەند سیناریۆ دەكەن:
•    دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرەلەمانی كوردستان لە مانگی (10 یان 11)ی ئەمساڵ 2024.
•    دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی (10)ی ساڵی داهاتوو 2025 و ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
•    دواخستنی تا چارەسەركردنی كێشەكان و هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن.
•    ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیداو جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی پارتی.
 
كێ یارییەكە دەباتەوە؟
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دوو ئەگەردایە ئەنجامدان یان دواخستن، لەهەر حاڵەتێكیاندا پارتی یان یەكێتی زیان دەكات.
•    ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت بەبێ پارتی، ئەوا بۆ یەكێتی و بۆ سوربوونی بافڵ تاڵەبانی دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە، هەرچەندە كاریگەرییەكانی زۆر دەبن چونكە ئەستەكە پرۆسەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت بە بێ پارتی لە هەرێمی كوردستان.
•    دواخستنی هەڵبژاردن، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە، بەو پێەی سەرجەم حزبەكان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بە دواخستنی واتا هیچ پرسێكی گرنگ و چارەنووسساز بەبێ پارتی ناكرێت و پارتیش بەدواخستنی بەشێك لە كارتەكانی دەستی یەكێتی دەسوتێنێت و ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دێنێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand