ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەشواق حاجی حەمید، یەكێكە لەو هەزاران كچە ئێزدییانەی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی "داعش" بۆسەر شەنگال، دەستگیركراوە، ئەوەی چیرۆكی ئەم كچە لەوانەی تر جیادەكاتەوە ئەوەیە، دوای رزگاربوونی لە دەستی "داعش" و كۆچكردنی بۆ ئەڵمانیا، روبەڕووی یەكێك لەو كەسانە دەبینێتەوە كە لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچانی ئێزدییدا ئەوی بە (100 دۆلار) كڕیوە. ئەشواق تەمەنی (14 ساڵ) دەبێت كاتێك ناوچەكەیان روبەڕووی دڕەندترین هێرش دەبێتەوە لە مێژوودا، ئەو هاوشێوەی هەزاران كچ و ژنی ئێزدیی دەكرێتە كۆیلە و لە بازاڕی " نەخاسە" بە تیرۆریستێكی "داعش" دەفرۆشرێت كە بە " ئەبو هەمام" ناودەبرێت. ئەشواق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "بی بی سی"  دەڵێ" دوای دەستگیركردن، روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجە و لێدان بووەتەوە و دوای سێ‌ مانگ توانیویەتی هەڵبێت و پاشان لەگەڵ دایكی و برایەكیدا رووبكاتە ئەڵمانیا". پاش چەند مانگێك مانەوە لە ئەڵمانیا، رۆژێك لە شەقامێكی ئەڵمانیا، گوێی لە پیاوێك دەبێت كە بەناوی خۆیەوە بانگی دەكات، ئەو پیاوە "ئەبو هومام"ە و شوێنی نیشتەجێبوونی دەزانێت. ئەشواق دەربارەی ئەوە دەڵێ:" هەرگیز باوەڕم نەدەكرد لە ئەڵمانیا روبەڕووی رووداوێكی لەو جۆرە ببمەوە.. وڵاتەكەم و خێزانەكەم بەجێهێشت و چووم بۆ ئەڵمانیا بۆئەوەی ئەو ئازار و ئەشكەنجەیە لەبیربكەم كە روبەڕووی بومەوە، دوا شت كە چاوەڕوانم نەدەكرد، كۆبوونەوەیەكی نهێنی بوو لەگەڵ رێكخراوی داعش، ببینم هەموو شتێك دەربارەی من دەزانێت". "ناگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا" دوای ئەو رووداوە ئەشواق دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، لە كەمپێكی ئاوارە ئێزدییەكان نیشتەجێ دەبێت، ئەو هێشتا دەیەوێت خوێندن تەواو بكات و لە هەمان كاتیشدا خۆی و خێزانەكەی خوازیارن هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، باوكی ئەشواق دەڵێ:" ئێمە لە چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی دەترسین". ئەشواق باسلەوە دەكات " هەرگیز جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا" و ئێستا خێزانەكەی هاوشێوەی ژمارەیەكی زۆر لە خێزان ئێزدییەكان داواكاری ژیانیان لە ئوسترالیا پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی پرۆگراوێكی تایبەت بەو ژنانەی كە لەلایەن "داعش"ەوە رفێندراون. ئەڵمانیا چی دەڵێت؟ چیرۆكەكەی ئەشواق و بینینی یەكێك لە رفێنەرەكانی لە یەكێك لە بازاڕەكانی ئەڵمانیا لە شوباتی رابردوودا و  بەجێهێشتنی ئەڵمانیا، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە. نوسینگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەكان لە ویلایەتی (بادن فۆرتمبێرگ) لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لە ئازاری رابردووەوە ئاگاداری ئەو پرسەیە و لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووە و ئێستا بەچاودێری نوسینگەی داواكاری گشتی فیدراڵی بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە. كانوونی دووەمی رابردوو ئەشواق لە ناوچەی (شڤبیش گمۆند) پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە لەوەی پیاوێكی بینیوە كە پێدەچێت یەكێك بێت لەو چەكدارانەی "داعش" بەناوی " ئەبو هومام" كە بەشداربوون لە رفاندنیدا و دوای پێنج رۆژ پۆلیس بە گوێرەی وەسفی ئەشواق وێنەی ئەو كەسە دەكێشن، بەڵام تائێستا پۆلیس نەیتوانیوە ئەو كەسە بدۆزێتەوە و ئەشواقیش لە ئەڵمانیا نەماوە و ئەوەش بەوتەی لێكۆڵەران پرۆسەكەی قورسكردووە و دەزگا ئەمنییەكان ناتوانن زانیاری پێویستیان دەستبكەوێت. لایخۆیەوە وتەبێژی داواكاری گشتی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" وتی:" سەیری كەیسەكەم كردووە، بەڵام تائێستا و لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان، نەمانتوانیوە بە دروستی ناسنامەی تاوانبارەكە دیاریی بكەین".


(درەو میدیا): وەزیرێكی حكومەتی نەرویج بەهۆی سەردانێكییەوە بۆ ئێران و بێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكی حكومەت دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " بی بی سی " پیێر ساندبێرگ، وەزیری سامانی ماسی نەرویج مانگی رابردوو لەگەڵ كچە هاوڕێ ئێرانییەكەیدا بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیران, سەردانی ئێرانی كردووە و بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و ناچاركراوە دەستلەكاربكێشێتەوە. ساندبێرگ بەوە تۆمەتباركرا كە پرۆتۆكۆڵە ئەمنییەكانی پێشێلكردووە و لە گەشتەكەیدا بۆ ئێران مۆبایلەكەی بردووەتە وڵاتێكەوە كە هیچ هەماهەنگییەكی ئەمنیی لەگەڵ نەرویجدا نییە. ساندبێرگی تەمەن 58 ساڵیش دانیناوە بەوەدا  كە لەگەڵ هاوڕێی تەمەن 28 ساڵانەكەی " باهرە لیتنیس" بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیران سەردانی ئێرانی كردووە و مۆبایلە حكومییەكەشی لەگەڵ خۆیدا بردووە. پیێر ساندبێرگ جگە لەوەی وەزیری سامانی ماسیی بوو، هاوكات جێگری سەرۆكی حزبی پێشكەوتنی دژ بە كۆچبەرانە, كە بەشداری حكومەتی ئیئتیلافی نەرویجە. هاوكات رەخنەی ئەوەش لە ساندبێرگ گیرا كە بە بردنی مۆبایلەكەی بۆ ئێران خۆی خستوەتە بەردەم مەترسی سیخوڕە ئێرانییەكان. باهرە لیتنسی هاوڕێی ساندبێرگیش كە شاجوانی پێشووی نەرویجە و كۆمپانیایەكی بواری هەناردەكردنی ماسی بەڕێوەدەبات رەتیكردەوە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ حكومەتی ئێراندا هەبێت، بە گوێرەی چەند راپۆرتێكیش دەزگای هەواڵگری نەرویج ئێستا لە چالاكییەكانی دەكۆڵێتەوە. لایخۆشیەوە ئێرنا سۆلبێرگ سەرۆك وەزیرانی نەرویج رایگەیاند فەروانی بە ساندبێرگ داوە مۆبایلەكەی رادەستی پۆلیس بكات، بۆئەوەی پشكنینی سەلامەتی ئەمنی بۆ بكرێت و دڵنیا بن كە دزە نەكراوەتە ناو مۆبایلەكەیەوە. پیێر ساندبێرگ هاوكات دەستی لە پۆستە حزبییەكەشی كێشایەوە و سەرۆك وەزیرانی نەرویجیچ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:" ساندبێرگ خۆی داوای دەستلەكاركێشانەوەی كردووە و باوەڕم وایە بڕیارێكی دروستی داوە". لە دوای نەوت و غازەوە ماسی و بەرهەمانی تری نێودەریا لە هەناردەی نەرویجدا بۆ دەرەوە پلەی دووەمیان هەیە.  سەرچاوە: بی بی سی   


( درەو میدیا): بە گوێرەی میدیاكانی ئیسرائیل مانگێك لەمەوبەر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ لە میسر كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە و پرسی چارەسەری سیاسی  كەرتی غەززەیان تاوتوێكردووە. كەناڵی دەی ئیسرائیل لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد كە كۆبوونەوەكە 22ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچووە و باس لەوەكراوە كە دەسەڵاتدارێتی فەلەستین كاروبارەكانی كەرتی غەززە بگرێتەوەدەست و ئاگربەست لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس رابگەیەنرێت و گەمارۆی سەر كەرتی غەززە سوك بكرێت و هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ كاركردنی پرۆژە مرۆییەكان لەوێ‌. كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە سیسی لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ غەززە  هەتا ئەگەر بە چەند قۆناغێكیش  بێت و حەماسیش داماڵینی چەكە قورسەكانی سەرەتا رەتبكاتەوە. سیسی جەختیشیكردوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل  وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشاربخەنە سەر سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی مەحمود عەباس بۆئەوەی ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت. كەناڵەكە ئاشكراشیكردووە كە لە كۆبوونەوەكدا باسی پرسی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەش كراوە كە لەلای حەماس دەستبەسەرن لەگەڵ روفانی دوو سەرباز كە لە غەززە كوژراون و باسیش لە پلانی ئاشتی كراوە كە ئەمریكا كار بۆ ئامادەكردنی دەكات. بەوتەی كەناڵە ئیسرائیلییەكە  زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە حكومەتی تەلئەبیە ئاگاداری كۆبوونەوەكەی نەتەنیاهۆ و سیسی نەبوون. لایخۆشیەوە رۆژنامەی بەناوبانگی ئیسرائیل " یەدیعۆت ئەحرانۆت" لەسەر زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی بیانییەوە رایگەیاند كە كۆبوونەوەكە لە كۆتایی ئایاردا كراوە. سەرچاوە: سایتی " روسیا الیوم"


(درەو میدیا): هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی دڵی كەسێك كاتێك لەبەردەمتدا تووشی وەستانی دڵ دەبێت بۆ هەموو كەسێك كارێكی زەحمەتە، بە تایبەتی فووكردنەوە دەمی كەسێكی نامۆوە. دامەزراوەی نەخۆشییەكانی دڵ لە ئەڵمانیا ئاماژە بەوەدەكات كە كاتێك كەسێك دڵ دەوەستێت، گوشارخستە سەر سنگی باشترین كارە بۆ بوژاندنەوەی دڵ و بەبێ‌ ئەوە مردن بەخێرایی دێت. ئەگەر ئەو فریاگوزارییە خێراییە بۆ پاراستنی ژیانی ئەو كەسە نەكرێت، ئەوا هەلی رزگاربوونی كەسەكە هەموو خولەكێك بەرێژەی 10% دادەبەزێت و لە ماوەی تەنها 10 خولەكەدا مردن روودەدات، لەبەرئەوە ئەكەر كەسێك لەبەردەمتدا كەوتە سەر زەوی یان لەهۆش خۆی چوون پێویستە بە گوێرەی پزیشكی ئەڵمانی پسپۆری نەخۆشیەكانی دڵ " دیتریچ ئەندرسین"  ئەم كارانە بكەیت: •    سەرەتا لە رێگەی جوڵاتنی شانەكانی و پرسیاریكردن لێی بەدەنگی بەرز بزانە ئەو كەسە هۆشی ماوە. •    ئەگەر كەسەكە وەڵامی نەبوو، دەستبەجێ پەیوەندی بكە ئەمبوڵانسەوە یان ئەو كارە بە كەسێكی تر بسپێرە. •    دەستبەجێ‌ دەستبكە بە گوشارخستنە سەر سنگی، لەسەر شوێنێكی جێگیر كەسەكە لەسەر پشت رابكێشە و بچۆرە لای شانییەوە و  لەپی دەستت لە ناوەڕاستی سنگیدا لە نێوان هەردوو مەمكیدا دابنێ‌ و دەستەكەی ترت بخەرە سەر دەستت و بە تێكڕای 100 بۆ 120 جار لە خولەكێكدا گوشاری بخەرەسەر و شوێنی دیاریكراو كەمتر جێی بایەخە وەك لە گوشاركردنەكە. •    گرنگ ئەوەیە گوشارەكە بەردەوانم بێت و رانەگیرێت، ئەگەر ماندووبویت، داوا لە كەسێكی تر بكە بێتە شوێنی تۆ. •    لەسەر كەسی نوێ پێویستە كە جێگەی تۆ دەگرێتەوە  لەلای شانەكی تری كەسەكەوە  دانیشێت و پاشان تا سێ‌ بژمێرن و دەستان ئاڵوگۆڕ بكەن، گوشارخستنە سەر دڵ سوڕی خوێن دەگەڕێنێتەوە و وادەكات ئەو ئۆكسجینەی لەلاشەی كەسەكەدایە بگاتە مێشكی. •    پێویستە فریاگوزارییەكە " گوشارخستنە سەر كەسەكە" بەردەوام بێت هەتا ئەو كاتەی ئەمبوڵانس دەگات و ئەوان ئەو ئەركە دەگرنە ئەستۆ. بە گوێرەی ئامارەكان ساڵانە 70 هەزار كەس لە ئەڵمانیا كتوپڕ دڵیان دەوەستێت و نزیكەی 65 هەزاریان دەمرن و بە گوێرەی دامەزراوەی نەخۆشیەكانی دڵیش تەنها یەك لەسەر سێی هاوڵاتیان راهێنانی پزیشكی و فریاگوزاریی سەرەتاییان پێكراوە. سەرچاوە: http://24.ae/article/410822/ماژا-تفعل-عندما-یصاب-شخص-أمامك-بسكتە-قلبیە


(درەو میدیا): وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە 10 ساڵی رابردوودا 66 هەزار رووداوی هاتوچۆیان تۆماركردووە كە بەهۆیانەوە 23 هەزار حاڵەتی مردن و 70 هەزار حاڵەتی برینداربوونی جیاواز تۆماركراون. لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " سەباح"ی عێراقی، دكتۆر ئەحمەد حەسەن ئەبو رەغیف، یەكێك لە لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەكە لە 10 ساڵی رابردوودا 66 هەزار رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 22 هەزار و 952 كەس مردون و 79 هەزار كەسیش بە ئاستی جیاواز برینداربوون. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆكاری رووداوەكانی هاتوچۆشی بۆ خێرایی شۆفێرەكان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنمایی و یاساكانی هاتوچۆ و بێ‌ ئاگایی بەهۆی مۆبایل یان ماندوێتی گەڕاندەوە و راشیگەیاند بەشێكی زۆری رووداوەكانیش لەوەوە روودەدەن كە شۆفێران بە شێوەیەكی دەوریی ئۆتۆمبیلەكانیان ناپشكنین و كەموكوڕییەكانی چاك ناكەن. سەرچاوە: رۆژنامەی سەباحی عێراقی  


(درەو میدیا): ئایا دەكرێت گەورە سیاسییەكان ببنە هاوڕێ‌؟ زۆر قورسە ئەوە بە راستی بزانرێت، بە بۆنەی رۆژی جیهانی هاوڕێیەتی لە نێوان پیاواندان تیشكێك دەخەینە سەر هاوڕێیەتی نێوان سیاسییەكان و دیدارە دۆستانەكانی نێوانیان: •    ئەم وێنەیە لە كۆبوونەوەی دووەمی لوتكەی عەرەبی ئەفەریقی ساڵی 2010 گیراوە، كە 60 سەركردەی عەرەب و ئەفریقی بەشداریان تێداكرد، لە پێشیانەوە حوسنی موبارەك، موعەمەر قەزافین زەینولعابدین بن عەلی، بۆ بەدیهێنانی یەك هەڵوێستی عەرەب و ئەفریقا، ناتوانرێت دیاری بكرێت كە ئایا هاوڕێیەتی ئەم فەرمانڕەوایانەی كۆكردبووەوە یان بەرژەوەندییەكان، بەڵام ئەوەی راستییە كە رێبازی دیكتاتۆریەت خاڵی هاوبەشی نێوانیان بوو. •    هیڵمۆت كۆڵ راوێژكاری ئەڵمانیا و بیل كلینتۆن سەرۆكی ئەمریكا زۆر بە خۆشییەوە ساڵی 1998 لە ناو فڕۆكەی سەرۆكایەتی ئەمریكادا لە رێگەیاندا بۆ فرانكفۆرت قسەدەكەن، ئایا وێنەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا و ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئێستای ئەمریكا هەمان دڵخۆشی پێوەدیارە؟ لە راستیدا نەخێر, چونكە هیڵمۆت و كلینتۆن بە پراكتیكی هاوڕێ‌ بوون. •    هاوڕێیەتی راستەقینە لە ساتێكی پڕ بایەخدا دەردەكەوێت، لە كاتی پرسەی راوێژكاری پێشووی ئەڵمانیادا كە 16ی حوەزیرانی 2017 كۆچی دواییكرد، ئەو كات دەركەوت كە هاوڕێیەتی نێوان هیڵمۆت كۆڵ و بیل كلینتۆن زۆر راستەقینە بوو، كلینتۆن هەر تەنها لە ناشتنەكەیدا ئامادەنەبوو، بەڵكو زۆر غەمبار دەركەوت و لە راستیدا وەك لەم وێنەیەدا دەركەوێت ئەنگێلا مێركڵ هەوڵدەدات دڵنەوایی بداتەوە. •    هیڵمۆت كۆڵ لەگەڵ چەندین سەركردە و فەرمانڕەوادا لە جیهاندا دۆستایەتی و هاوڕێیەتی هەبوو، بەناوبانگترین  هاوڕێیەتی سەرۆكاكانی جیهان لە نێوان كۆڵ و فرانسوا میتەراندا هەبوو كە لەم وێنەیەدا و لە ساڵیادی قوربانییەكانی هەردوو وڵات لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا دەسیان خستوەتە ناو دەستی یەكتر. •    دیدارێكی نێوان دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی وڵاتانی بێ‌ لایەن كە پەیوەندی بەهێزی هاوڕێیەتی لە نێوانیاندا هەبوو: سەرۆك وەزیرانی هیندستان جەواهر لال نەهرۆ، سەرۆكی میسر جەمال عەبدولناسر، سەرۆكی یوگوۆسلاڤیا تیتۆ، كە كاریان كرد بۆ دیاریكردنی بنەمكانی بزوتنەوەكە كە رۆڵێكی بنەڕەتی بینی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا. •    گێرهارد شرۆدەر، كە دوای كۆڵ بووە راوێژكاری ئەڵمانیا پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ چەندین سەركردەی بەهێز جیهاندا بونیادنا، شرۆدەر پێچەوانەی كۆڵ زیاتر مەیلی لەلای خۆرهەڵاتدا بوو، ئەو هاوڕێیەكی نزیكی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی ئێستای روسیایە و هەردوولا هاوبەشن لە شیكپۆشی و هەڵبژاردنی پۆشاكدا، ئەم وێنەیە لە هاوینەهەواری پوتن لەسەر دەریای رەش ساڵ 2004 گیراوە.   •    ئامانجی كۆبوونەوەكەیان بۆ چارەسەركردنی چەند پرسێكی وەك نزیكبوونەوەی روسیا و یەكێتی ئەوروپا بوون وێنەكە ئاستی نزیكی ئەو دوو سەرۆكە نیشاندەدات، كاتێك لە خۆرئاوابووندا بە كەناری دەریادا دەڕۆن، ئەوە ش كەشی پشوویەكی خێزانی خۆش نیشاندەدات و هەتا ئێستاش رەخنە لە شرۆدەر دەگیرێت بەهۆی ئەوەی ساڵی 2004 پوتنی بەوە وەسفكرد كە " كەسێكی دیموكراتییە و هیچ خەوشێك ناشیرینی ناكات".   •    وادەردەكەوێت كە ئەم ماچە تەنها هاوڕێیەتی دەرببڕێت، لە 5ی ئۆكتۆبەری 1970 هەریەك لە ئەریك هۆنیكەر سەرۆكی ئەڵمانیای خۆرهەڵات و لیۆنید بریژینێڤ سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت و پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەت " ماچی هاوڕێیەتی " یان " ماچی برایەتی" دەگۆڕنەوە لە 30 یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا.   •    هاوڕێتییەكی پێشبینی نەكراو پێش 20 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد، كاتێك  بۆ یەكەمجار یەكەمین راوێَژكاری كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی كۆنراد ئەدیناوەر چاوی بە  سەرۆكی فەرەنسا شارڵ دیگۆل كەوت لە ساڵی 1958دا، ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو كە پەیوەندییەكی دۆستانەی بەهێز لە نێوانیاندا دروست بوو، وێنەكە ساڵی 1962 لە شاری بۆن گیراوە كاتێك خەڵك لە پشتیانەوە بۆ پشتیوانیكردن لە ئەوروپایەكی یەكگرتوو وەستاون.   •    ئەم كەسە  كێە كە باوەشی كردووە بە هۆرست زیهۆڤەر سەرۆك وەزیرانی باڤاریا ساڵی 2016؟ ئەمە سەرۆكی حكومەتی هەنگاریا ڤیكتۆر ئۆربانە، كە وادەردەكەوێت زۆر لە یەكەوە و زیاتر لە ئەنگێلا مێركڵ نزیكتر بن لە یەكەوە، بەڵام ئایا بە راستی ئەوان هاوڕێن؟   •    دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوانیاندایە، ئەوەش بەشێكی زۆر بۆ زاواكەی ترەمپ جارید كۆشنەر دەگەڕێتەوە، كە ترەمپ لە پرسەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتی پێ دەبەستێت، بە گوێرەی نیویۆرك تایمز نەتانیاهۆ هاوڕێیەكی نزیكی باوكی كۆشنەرە و كاتێك نەتانیاهۆ سەردانی هاوڕێكەی كرووە لە ژووری كۆشنەردا خەوتووە و كۆشنەر چووەتە نهۆی ژێرەوە.   •    " پیاوی موشەكە بچوكەكان" و " سەرۆكی ئەمریكی عەقڵ ناتەواو" لە كۆبوونەوەكەیاندا لە 12ی حوەزیرانی 2018 زۆر بەشان و باڵی یەكتردا هەوڵیاندا، كە پێش ئەوە كیم جۆن ئون و ترەمپ شەڕە قسەیەكی توند لە نێوانیاندا هەبوو, بەڵام لێدوانەكانی دواتریان تاڕادەیەك گونجانی پێوەدیاربوو، تاكە شتی هاوبەش لە نێوانیاندا : پێشبینیكردن بۆیان مەحاڵە و لەوانەشە بە شێوەیەكی چاوەڕوانەكراو هاوڕێیەتیان بەرەوپێش بچێت.   سەرچاوە: بەشی عەرەبی" DW"


( درەو میدیا): سایتی " ناشناڵ جیۆگرافیك" بە چەند زنجیرەیەك وردەكاری ژیانی تایبەتی زانای بواری زانستی فیزیا ئەلبێرت ئەنیشتاینی خستەڕوو، ئەمانە دیارترین نهێنییەكانی ژیانی تایبەتی ئەو زانایەن: •    دەستبەردابوونی رەگەزنامە: لە سەرەتای تەمەنیدا ئەنیشتاین رەخنەی لە هەموو جۆرە نەتەوە پەرستییەك دەگرت و ئارەزووی دەكرد " هاوڵاتییەكی جیهان" بێت و لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەڵمانیی بوو و بە رەسمی خاوەنی هیچ رەگەزنامەیەك نەبوو، هەتا ساڵی 1901 بووە هاوڵاتی سویسرا. •    هاوسەرگیری لەگەڵ خوێندكاری زیرەكدا: میلیڤا ماریچ تاكە خوێندكاری كچ بوو لە بەشی ئەنیشتاین لە پۆلیچنیك زیورخ و زۆر حەزی لە ماتماتیك و زانستەكان بوو، زۆر خواستی ئەوە بوو لە بواری فیزیادا پێشبكەوێت، بەڵام كاتێك لەگەڵ ئەنیشتاین هاوسەرگیری كرد دەستبەداری خولیا و خواستەكەی بووە و بووە دایكی منداڵەكانی. •    دۆسیە لە " FBI " : لە ساڵی 1933دا نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا " FBI "  دۆسیەیەكی دەربارەی ئەنیشتاین كردەوە، ئەوەش ماوەیەكی كەم پێش سێیەم سەردانی بۆ ئەو وڵاتە، دۆسیەكە دواتر زیاتر و گەورەتر بووە گەیشتە 1427 لاپەڕە و هەموو بەڵگەنامەكانیش پەیوەست بوون بە پەیوەندی ئەنیشتاین بە رێكخراوی ئاشتیخواز و سۆسیالیستەكانەوە بە درێژایی تەمەنی، هەروەها جی ئێدگار داوایكرد بە گوێرەی یاسای دوورخستنەوەی بیانییەكان رێگە بە ئەنیشتاین نەدرێت بێتە ناو ئەمریكا، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە رەتكرایەوە. •    منداڵی ناشەرعیی: میلیڤا منداڵێكی لە ئەنیشتاین بوو پێش ئەوەی هاوسەرگیری بكەن، ئەوەش كاتێك ساڵی 1902 لەگەڵ خێزانەكەیدا لە سربیا دەژیا و منداڵەكە ناوی " لیزریل"ی لێنرا و باوەڕ وایە كە لە قۆناغی منداڵیدا مردبێتن یان بەخشرابێت بە خێزانێك، ئەنیشتاین هەرگیز ئەو منداڵەی نەبینی و بونی ئەو منداڵە نهێنی بوو هەتا ساڵی 1987 دوای بڵاوكردنەوەی چەند نامەیەكی ئەنیشتاین ئاشكرابوو. •    خەڵاتی نۆبڵ بۆ تەڵاقدان: ئەنیشتاین بەهای یەكەمین خەڵاتی نۆبڵی بەخشیە ژنی یەكەمی لەبەرامبەر جیابوونەوە لێی و بڕەی پارەكە ئەو كاتە گەیشتە 32.250 دۆلار، كە ئەوەش 10 جار زیاتر بوو لە تێكڕای موچەی ساڵانەی مامۆستایەكی زانكۆ لەو كاتەدا. •    هاوسەرگیری دووەمجار: هاوسەری دووەمی ئەنیشتاین ناوی ئەلیسا بوو كە كچی پوری بوو ( خوشكی دایكی) و لە لایەكی تریشەوە باوكی كچەكە ئامۆزای ئەنیشتاین بوو. •    چالاكی جوڵانەوە مەدەنییەكان: ئەنیشتاین بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە مەدەنییەكان و ئازادی رادەربڕین بوو، كاتێك نوسەر و چالاكی مەدنی ئێدوارد بۆرگارت بۆیس ساڵی 1951 تۆمەتباركرا لە كاركردن بۆ هێزێكی بیانی، ئەنیشتاین ئامادەیی دەربڕی لە بری ئەو بكوژرێت، كاتێك پارێزەرەكە ئەم خواستەی ئەنیشتاینی بە دادوەرەكە وت، دۆسیەكە داخرا. •    منداڵی نەخۆش: كوڕی دووەمی ئەنیشتاین كە ناوی ئێدوارد بوو دووچاری نەخۆشی دەرونی " شیزۆفرینیا" بوو، زۆر سەرسام بوو بە فرۆیدن ئەنیشتاین دوای ئەوەی ساڵی 1933 كۆچی كرد بۆ ئەمریكا هەرگیز ئەم كوڕەی نەبینیەوە و ئێدوارد لە نەخۆشخانەیەكی دەروونی لە تەمەنی 55 ساڵیدا مرد. •    هاوڕێی باوكی جەنگی كیمیایی: ئەنیشتاین هاوڕێیەتییەكی بەهێزی لەگەڵ فریتز هابەر هەبوو، كە زانایەكی كیمایی ئەڵمانیی بووە لە جولەكەوە ببووە مەسیحی و هاوڕێیەكی زۆر نزیكی ئەنیشتاین بوو، هابەر بە باوكی جەنگی كیمیایی دادەنێت و لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا پەرەی بە غازی كلۆرەی كوشندە دا كە لە هەوا قورسترە و دەبێتە هۆی خنكاندی سەربازەكان و بەهۆی سوتانەوەی قوڕگ و سیەكانەوە ئازاری زۆریان پێ دەگەیەنێت. •    خۆشەویستی لەگەڵ سیخوڕدا: ساڵی 1953 ئەنیشتاین چاوی بە مارگریتا كۆنینكۆڤا دەكەوێت و عاشقی یەك دەبن، و لە زیادكردنێكی ئاشكرادا نۆ نامەی خۆشەویستی كە مارگرێتا بۆ ئەنیشتاینی نوسیوە نمایشكران، بە گوێرەی كتێبێكیش كە سیخوڕێكی روسیا نوسیوێتی، مارگریتا كاری بۆ دەزگای هەواڵگری روسیا كردووە، هەرچەندە مێژوونوسان ئەوەیان نەسەلماندووە. سەرچاوە: العربی الجدید  


(درەو میدیا): بە تۆمەتی تەشهیركردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، دادگایەكی ئەو وڵاتە سزای غەرامەكردنی بە بڕی 75 هەزار دۆلار بەسەر كەمال كلیچدارئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"ی ئۆپۆزسیۆندا سەپاند. كلیچدارئۆغڵۆ، سەرۆكی توركیا و ئەندامانی خێزانەكەی تۆمەتباركردبوو بە حەواڵكردنی پارە بۆ " دوورگەی مان" كە ناوەندێكی دارایی سەر بە بەریتانیا و بەوە وەسفدەكرێت كە پەناگەیەكە بۆ خۆدزینەوە لە باج. بەڵام ئەردۆغان لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئەو تۆمەتەی سەرۆكی جەهەپەی رەتكردەوە و رایگەیاند خێزانەكەی " یەك قرشی رەوانەی دەرەوە نەكردووە". ئەردۆغان كە سێ هەفتە لەمەوبەر بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت، ئەو كات بەڵێنیدا سكالا لەسەر كلیچدارئۆغڵو تۆماربكات وتی " باجەكەی دەدات". ئەم بڕە پارەیەكی كە وەك غەرامە بەسەر كلیچدارئۆغڵودا سەپێندراوە تا ئێستا لە شەڕی دادگایی ئەودا بەرامبەر ئەردۆغان گەورەترین بڕی غەرامەیە. سەرچاوە: بی سی سی  


رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانیی رایگەیاند دەسەڵاتدارانی بەرلین لە داواكارییەكی ئێران دەكۆڵنەوە، كە تایبەت بە راكێشانی 300 ملیۆن یۆرۆ لە بانكەكانی ئەڵمانیاوە بۆ ئێران. رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد، ئێران دەستەی چاودێری دارایی ئەڵمانیای ئاگاداركردوەتەوە كە پێویستی بە پارە هەیە بۆ ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەی كە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن و ناتوانن كارتی دڵنیایی متمانەپێكراو بەدەستبهێنن. بەوتەی رۆژنامەكە ئێستا بەرپرسانی باڵای راوێژكاری ئەڵمانیا و وەزارەتی دەرەوە و دارایی ئەو داواكارییەی ئێران تاوتوێدەكەن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش رایگەیاند بانكی ناوەندیی ئەڵمانیا " بۆندس بانك" ئامادە نییە بەهۆی یاسا نهێنییەكانی بانكەوە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو پرسە بدات. سەرجاوە: dw  


(درەو میدیا): پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك بە سەرپەرشتی دادوەرەكانی كۆمسیۆن و بە ئامادەبوونی چاودێری قەوارە سیاسییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوامە. بەوتەی چەند لێپرسراوێكی عێراقی لە بەغداد و كەركوك، جیاوازییەكی زۆر لە ئەنجامی دەنگی 32 بنكەی هەڵبژاردندا هەیە، كە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە جارێكی تر بە شێوەی دەستیی ئەژماركراونەتەوە و پێشبینیشدەكەن زیاتر لە 80 كارمەند و لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمسیۆن بە تۆمەتی ساختەكاری رەوانەی دادگا بكرێن. پرۆسەكی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە هۆڵێكی وەرزشی ناوەڕاستی شاری كەركوك بەڕێوەدەچێت و 40 فەرمانبەر و هەشت دادوەر كە بۆ ئەو ئەركە دیاریكراون پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن و دادوەرێكی سەر بە یەكێك لە كەمایەتییە ئاینییەكان سەرۆكایەتییان دەكات، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ سەلماندنی بێلایەنی و پاكێتی پرۆسەكە. لە پرۆسەكەدا رێگەی بە یەك بریكاری حزبەكان دراوە لە دوورەوە چاودێری پرۆسەكە بكات و مافی دەستوەردانی نییە، جگە لەوانیش ژمارەیەك راگەیاندنكار و چاودێرانی كۆمەڵی مەدەنی و چاودێرانی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغداد " یۆنامی" چاودێری پرۆسەكە دەكەن، و رێگە بە میدیاكانی عێراق و میدیا بیانییەكانیش نادرێت مۆبایل یان كامێرا ببنە ناو هۆڵەكەوە و پەیامنێران یان رۆژنامەنوسان هاوشێوەی بریكاری قەوارە سیاسییەكان تەنها رێگەیان پێدەدرێت دەفتەرێكی بچوك و قەڵەمێك بەرنە ژوورەوە. ئەنجامەكان چی دەڵێن؟ ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی چەند سندوقێكی كەركوك، دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەنگی سندوقەكان و ئەنجامە راگەیەنراوەكاندا هەیە و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی كە دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بەدەستی ئەژماربكرێنەوە. دەربارەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دادوەرێك كە داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی " العربی الجدید"ی قەتەری راگەیاندووە  لەو چەند سندوقەی لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگەكانیان بەدەستی ئەژماركراونەتەوە، جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ئەنجامی ئەژماری دەستی دەنگی سندوقەكان و ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك ئەژماربكرێنەوە. بەوتەی ئەو دادوەرە زۆرترین پرۆسەی ساختەكاریی بۆ حزبە دەسەڵاتدارە كوردییەكان كراوە لەسەر حسابی حزبی توركمانی و عەرەبییەكان لە ناوچە جیاجیاكانی وەك دووز، پردی و ناوەندی كەركوك. دەشڵێت بۆ نمونە لە وێستگەیەكی دەنگدانی خوێندنگەی " الاخا‌و: لە داقوق، 209 دەنگ بە شێوەی ئەلیكترۆنیی بۆ كاندیدێكی كورد ئەژماركراوە، بەڵام لە راستیدا 109 دەنگی هێناوە،  لە وێستگەیەكی تردا لە دەنگدانی ئەلیكترۆنیدا 10 دەنگ بۆ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیادكراوە لە كاتێكدا یەك دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوەش لە جیاكردنەوەی دەستیی دەنگی سندوقەكاندا ئاشكرابووە. لایخۆشیەوە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانیی، حەسەن تۆران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" رایگەیاندووە ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی لە دوو رۆژی رابردوودا دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستیدا هەیە. تۆران دەڵێت:" بە داخەوە پرۆسەیەكی ساختكاریی زۆر ئاشكرا هەیە و بە زمانی ژمارە، بەڵام پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بە شێوەیەكی شەفاف و ئاسان بەڕێوەدەچێت و ئێمە خۆشحاڵین پێی، و هیوادارین دەنگی هەموو بنكەكانی دەنگدانی كەركوك كە ژمارەیان 2500ە  بەدەستی جیابكرێنەوە نەك تەنها 500 بنكە كە ئێستا جیاكردنەوەی دەستی بۆ دەكرێت و دەركەوتووە كە ساختەكاریی گەورە لە كەركوك كراوە". هاوكات خالد ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی دەسەڵاتدار دەڵێت:" جیاوازی لە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی قەبارەی ئەو ساختەكارییە ئاشكرادەكات كە لە كەركوك كراوە". ئەسەدی لە بەیاننامەیەكدا دەشڵێت:" دەركەوتنیئەو رێژە زۆرەی دەستكاریكردن، ئاماژەیە بۆ گەورەیی قەبارەی ئەو پرۆسەی ساختەكارییەی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا كراوە". ئەسەدی راشیگەیاندوووە كە ئەو پرسە هەموو بەرپرسانی عێراق و خاوەن بڕیار  لە دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی  دادوەریی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژوویی بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پابەندكردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە ژماردەنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق. بەوتەی ئەسەدی بەهۆی ئاشكراكردنی ساختەكاری ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە پارێزگاكانی باشوور لە نێویشیاندا بەسرە و میسان و زیقار، پێویستە ویستی هاوڵاتیان جێبەجێ بكرێت و دەنگی هەموو سندوقەكان بە دەستی جیابكرێتەوە و دەنگ بۆ ئەوانە بگەڕێتەوە كە هاوڵاتیان متمانەیان پێكردون لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێداون. داواشی لە هاوڵاتیان كرد داوای مافەكانیان بكەن و بێ دەنگ نەبنن چونكە بێی دەنگی بەوە لێكدەدرێتەوە كە ئەوان قایلن بەو دەستكارییە گەورەیەی لە هەڵبژاردنی 2018 دا كراوە. ژماردنەوەی هەموو سندوقەكان سەركردەیەكی دیاری كوتلەی عەرەبیی لە كەركوك بە رۆژنامەی " العربیی الجدید" راگەیاندووە كە توركمانەكان و پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان بەڵێننامەیەكیان ئیمزاكردووە و داوادەكەن ئەگەر رێژەی جیاوازی نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی زیاتر بوو لەسدا 40 زیاتر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە. ئاشكراشیكرد سەركردە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان و هێزە شیعییەكان لە بەغداد دیاترینیان " فەتح و نەسر" تەوافقیان كردوووە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر جیاوازییەكە زۆر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە و بەوتەی ئەو پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركوك زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا دەخایەنێت. سەرچاوە: رۆژنامەی " العربی الجدید"  


(رۆژنامەی زەمانی توركی): گێرت جان سێجیریس، سەرۆكی پارتی یەكێتی مەسیحی ( CU) كە یەكێكە لە چوار پارتە بەشدارەكەی حكومەتی هۆڵەندا، داوا لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات لە داهاتوودا هیچ هاوكارییەكی سەربازی پێشكەشی توركیا نەكات، ئەگەر ئەو وڵاتە رووبەڕووی هەر هێرشێك بووەوە. سێجیریس لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " تەلەگراف"ی بەریتانیی بە پێویستیشی دەزانێت كاردانەوەی توند بەرامبەر توركیا بگیرێتبەرن بەهۆی ئەو سیاسەتانەی ئەنكەرە پیادەیان دەكات و داواش لە یەكێتی ئەوروپا دەكات دانوستانەكانی ئەندامێتی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بوەستێنێت. سەرۆكی پارتی یەكێتی مەسیحیی هۆڵەندا رەخنەی ئاراستەی وڵاتەكەشی كرد كە لە سەرەتای دەستوەردانی توركیا لە سوریا موشەكەی پاتریۆتی رەوانەی توركیا كردووە و ئاماژەیبەوەشدا كە دۆخەكە لە سوریا زۆر گۆڕاوە و توركیا بووەتە وڵاتێكی دەستدرێژیكەر بۆسەر وڵاتانی دراوسێیی و  بە ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرینیش سنوری خۆی تیپەڕاندووە. سێجیریس لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا داوایكرد وەڵامی ئەنكەرە نەدرێتەوە ، ئەگەر بە گوێرەی مادەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ داوای هاوكاریكرد لەكاتی رووبەڕووبونەوەی هێرشێكدا و وتی:" پێویستە ئەگەر توركیا داوای هاوكاری سەربازی كرد رەتیبكەینەوە".  


رۆژنامەی " سەباح"ی توركیی نزیك لە حكومەت  ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی حوەزیران رایگەیاند رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و هاوبەشەكەی لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدار دەوڵەتی باخچەلی رێككەوتن لەسەر درێژنەكردنەوەی باری ئاسایی لە توركیا دوای كۆتاییهاتنی لە تەمموزی داهاتوودا. رۆژنامەكە بەبێ‌ ئاشكراكردنی وردەكاریی رایگەیاندووە لە كۆبوونەوەكەیاندا ئەردۆغان و باخچەلی رێككەتون لەسەر ئەوەی كە باری نائاسایی درێژنەكەنەوە. ئەردۆغان و باخچەلی دوێنێ‌ چوارشەممە 27ی حوەزیران كۆبوونەوە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك ئەردۆغان لە كابینەی نوێی حكومەتی توركیادا چەند پۆستێكی حكومیی بە مەهەپە دەبەخشێت، لەپای پشتگیركردنیان لە ئەردۆغان و ئاكەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیادا كە 24ی حوەزیران بەڕێوەچوو. حكومەتی ئاكەپە لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی تەمموزی 2016 باری نائاسایی لەو وڵاتە راگەیاندووە و ئەو دۆخەش دەسەڵاتی ئەوەی داوەتە ئەردۆغان و حكومەتەكەی كە بەبێ‌ پەرلەمان چەندین یاسا دەربكەن و كاركردن بە چەندین یاساش هەڵپەسێرن و رەخنەگرانی دۆخەكەش دەڵێن ئەردۆغان باری نائاسایی بۆ سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن بەكارهێناوە  


سەفەر ئایجان، جێگری سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " مەهەپە" رایدەگەیەنێت لە ئێستا بەدواوە مەهەپە سیاسەتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا دیاریدەكات و داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن و مەهەپە ئێستا پێگەیەكی ستراتیژی لەناو پەرلەماندا هەیە و دەوڵەتی باخچەلی سەرۆكی مەهەپە رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان ئاكەپەی لە شكستهێنان لە هەڵبژاردنەكاندا رزگاركرد. ماڵپەڕی رۆژنامەی " زەمان"ی توركی رایگەیاند سەفەر ئایجان  جێگری سەرۆكی مەهەپە لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی حزبەكەی لە شارۆچكەی دولكادر ئۆغڵو وتویەتی:" لەم هەڵبژاردنانەدا دوو براوە هەنن یەكێكیان رەجەب تەیب ئەردۆغانە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەوەی تریان مەهەپەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا و ئەوە ئێمە بووین پێش خودی ئاكەپە پشتگیریمان لە ئەردۆغان كرد بۆئەوەی خولێكی نوێی سەرۆكایەتی بەدەستبهێنێتەوە و ئەندامانی مەهەپە گوێڕایەڵی سەرۆكەكەیان دەوڵەت باخچەلی بوون و دەنگیان بۆ ئەردۆغان دا".  


بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سبەینێ‌ دەنگ بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەگەر دەركەوت 15%ی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە  لیژنەی بەدواداچوون بۆ راستییەكانی هەڵبژاردن ددەڵێت 40%ی دەنگەكان ساختەكراون. ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی" هاوڵاتی" دەڵێت:  ئەگەر ساختەكارییەكان بسەلمێنرێت و رێژەكەی بگاتە لەسەدا 15 ئەوا هەڵبژاردنەكان هەڵدەوەشێتەوە". وتیشی:" پەرلەمان كۆدەبێتەوە تا چەند بڕگەیەك لە یاسای هەڵبژاردنەكان دەستكاری بكات، تا هەژماركردنەوەی لەسەدا سەدی دەنگەكان بەدەست ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا پەرلەمان بێ‌ دەنگ نابێت لەو یاسایەی خۆی دەریكردووە و دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".  


دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا توركیا پابەند دەكات قەرەبووی دوو هاوڵاتی باكوری كوردستان بكاتەوە، كە بەهۆی بەرزكردنەوەی دروشمەوە ساڵی 2007 سزای 10 مانگ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنراوە. دەسەڵاتدارانی توركیا سكاڵایان لەسەر هەریەك لە مەسعود كییك و ئیمرە ساریتاش تۆماركردبوو، بەهۆی ئەوەی لە ئاهەنگێكدا لە ساڵی 2007 شارۆشكەی هۆزاتی سەر بە شاری دێرسیمی باكوری كوردستان دروشمیان بەرزكردووەتەوە و دادگاش بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی سزای 10 مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاندن و دادگای باڵای توركیاش بڕیارەكەی پەسەندكرد. دوای ئەو بڕیارەی دادگای توركیا، پارێزەری ئەو دوو هاوڵاتییەی باكوری كوردستان، بارش یەڵدریم لە دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد. دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا پاش لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بڕیاریدا بە پابەندكردنی حكومەتی توركیا بە قەرەبووكردنەوەی ئەو دوو هاوڵاتییە بە بڕی 10 هەزار یۆرۆ، بەهۆی پێشێلكردنی مادەی 10ی پەیمانناكەی مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا و پێشێلكردنی مافی ڕا دەربڕینی ئەو دوو كەسە. دادگاكە لە بڕیارەكەیدا روونیكردوەتەوە كە هەموو كەس مافی هەیە  بۆ دەربڕینی رای خۆی لافیتە و دروشم بەرزبكاتەوە بە مەرجێك بەشداری لە كاری توندوتیژیدا نەكات. رۆژنامەی زەمان  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand