(درەو میدیا): بەردەوام پسپۆرانی بواری خۆراك و تەندروستی باس لە بوونی پەیوەندی دەكەن لە نێوان پەیوەندی سێكسی دروست و هەندێك خۆراك بە دیاریكراوی، رۆژبەرۆژ ئەو بەڵگانە زیاتر دەبن كەجەخت لەو پەیوەندییە دەكەنەوە. جینیفەر. ر. بیرمان بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستی ژنان لە بیفەرلی هێڵز لە كالیفۆرنیا دەڵێت:" تادێت بەڵگەكان زیاتر دەبن لەسەرئەوەی كە هەندێك لە ڤیتامینەكان و پێكهاتەكانی ناو خۆراك دەكرێت كاری سێكس بەهێزتربكەن". لێرەدا نۆ خۆراك دەخەینە روو كە توێژینەوە زانستییەكان و تاقیكردنەوەكان سەلماندوویانە رۆڵێكی كارایان هەیە لە زیادكردنی ئارەزووی سێكسیدا. سپێناخ سپێناخ بە مەگنیسیۆم دەوڵەمەندە، كە كانزایەكە هەوكردنی مولولەكانی خوێن كەمدەكاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی خێرا رۆیشتنی خوێن ، هەروەها خواردنی سپێناخ وا لە مرۆڤ دەكات كە هەست بە دۆخێكی ئارام و مەزاجێكی باش بكات، چونكە دەبێتە خۆی رەوانكردنی خوێنی زیاتر بۆ ناوچەی ناوەڕاستی جەستە. تامی نیلسۆن كە پزیشكی دەرونییە و پسپۆرە لە تەندروستی سێكسییدا دەڵێت زیاتر رۆیشتنی خوێن بۆ لایەكانی جەستە، هەمان ئەو ئەركە جێبەجێ دەكاتكە ڤیاگرا هەیەتی، ئەویش وروژاندن زیاتر دەكات. شوكولاتەی تۆخ شوكولاتە رێژەی سیرۆتۆنین و دوبامین لە مێشكدا زیاددەكات، ئەوەش وامان لێدەكات دڵخۆش بین و هەروەها ماندووبونیش كەمدەكاتەوە، هەروەها كاكاویش هاتوچۆی خوێن لە خوێنبەرەكاندا بەرزدەكاتەوە و مولولەكانی خوێن چالاك دەكات و خوێن بۆ هەموو ئەندامە جیاوازەكانی جەستە دەنێرێت. شوتی شوتی مادەی لیكۆبینی دژە ئۆكسانی تێدایە، ئەو مادەیە هاوشێوەی ڤیاگرا كاریگەری هەیە، و توانای ئەوەی هەیە هاوكاری مولولەكانی خوێن بكات كە بكشێن و بەوەش خوێنی زیاتر لە جەستەدا هاتوچۆدەكات بە تایبەتی بەشی خوارەوەی جەستە. چەرەزات  ناوكە كولەكە زۆر دەوڵەمەندە بە زەنك، و غودەی پرۆستات سەلامەتتر دەكات، چەرەزات بەگشتی دەوڵەمەندە بە ترشەكانی ئۆمێگا 3 كە وەك سوتەمەنییەك كاردەكات بۆ هۆرمۆنە بنەڕەتییەكانی تایبەت بە تەندروستی سێكسی. هەروەها گازۆ و بادامیش دەوڵەمەندن بە زەنك، ئەوەش خشتی بنچینەییە بۆ ئۆكسیدی نیتریك، كە گازێكی سروشتییە و هاوكاری پیاوان دەكات بۆ ماوەیەكی درێژتر بە رەپی بمێنێتەوە، هەروەها چەرەسات یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵ و ئەوەش سوڕی خوێن لە هەموو جەستەدا و ناوچەكانی خوارەوەدا ئاسان و چالاك دەكات. هەنار هەنار پەیوەندی بە دژە ئۆكسێنەرەكانەوە هەیە كە بۆ سوڕی خوێن یارمەتیدەرن، هەروەها زۆر دەوڵەمەندە بەو خۆراكانەی پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی تۆوی پیاو. توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی تایبەت بە لاوازی سێكسی و نەزۆكیدا بڵاوكراوەتەوە ئاماژەیبەوەداوە كە شەربەتی هەنار كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر لاوازی چوكی پیاوان. سیر توێژەران جەختدەكەنەوە كە خواردنی سیر یارمەتیدەر دەبێت لە وەستاندنی دروستبوونی توێژاڵێكی چەوریی نوێ كە بە " توێژاڵی نانۆ" ناودەبرێت لە ناو دیواری خوێنبەرەكاندا، ئەو خوێنبەرانەش دەگرێنەوە كە خوێن دەبەن بۆ ئەندامی نێرینەی پیاوان. هەروەها سیر یارمەتیدەر ددەبێت لە رێگەگرتن لە خەستبوونەوەی خوێن و گەرەنتی رۆیشتنی بڕێكی زۆری خوێن دەكات بۆ ناوچەكانی خوارەوەی جەستە و پزیشكەكان هاوسەران ئامۆژگاریدەكەن كە پێش ئێوارە سیر بخۆن. ئۆمیگا 3 ئۆمیگا 3 رێگرە لە كەڵكەنەبووونی چەوریی لە خوێنەبەرەكاندا و بەوەش سوڕیی خوێن و چوونی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی جەستە  باشتر دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا ماسی تونە یەكێكە لەو كلیلانەی كە رۆڵی دەبێت لە باشتركردنی پەیوەندیی سێكسیدا. مۆز مۆز یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی پۆتاسیۆم، كە رۆڵی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسەواری ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرز سۆدیۆمیان تێدایە. گوێچكە ماسی گوێچكە ماسی پڕە لە زەنك، ئەو كانزایەی كە ئاستی هۆرمۆرنی تستۆستیرۆن بەرزدەكاتەوە و لە هەمان كاتیشدا  هۆرمۆنی گەشەكردن زیاد دەكات و هەردووكیشیان گەشەكردنی ماسولكەكان و كاری جەستەی مرۆڤ چالاكدەكەن، هەروەها كانزای زەنك یارمەتیدەر دەبێت لە رۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامی زاوزێ‌ لە هەردوو رەگەزەكەدا. سەرچاوە: سایتی سۆمەریە نیوز  


(درەو میدیا): جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودیە دوای سەردانكردنی كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە شاری ئیستانبوڵی توركیا دیارنامێنێت و كونسوڵگەری سعودیە دەڵێت لەلای ئەوان نییە و رۆیشتووە و دەسەڵاتدارانی توركیاش دەڵێن هێشتا لەناو كونسوڵگەریدایە. كونسوڵگەری سعودیە لە ئیستانبوڵ لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی سعودیە بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا رێوشوێنیان گرتوەتەبەر بۆ ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسە". رونیشیكردەوەتەوە كە بەدواداچوون دەكات بۆ " دیارنەمانی جەمال خاشقی لەداوی هاتنەدەرەوەی لە بینای كونسوڵگەری لە ئیستانبوڵ". ئەم بەیاننامەیەی كونسوڵگەری توركیا  لەكاتێكدایە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە رایگەیاند بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەوان هێشتا خاشقچی لەناو كونسوڵگەری توركیادایە. هاوكات رۆژی سێشەممە لە لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی  خەدیجە ئازرو، دەزگیرانی خاشقچی رایگەیاند بەرپرسانی كونسوڵگەریی ئاگاداریان كردوەتەوە كە بیانی كونسوڵگەریی بەجێهێشتووە بەڵام پێشهاتەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە خاشقچی هێشتا لەناو كونسوڵگەریدا دەستبەسەرە. جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسێكی دیاری سعودیەیە و وتارەكانی لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاودەكاتەوە و تێیاندا رەخنە لە چەند سیاسەتێكی سعودیە و دەستوەردانی سەربازی لە یەمەن دەگرێت و رۆژی سێشەممەی رابردوو بە ئامانجی دەرهێنانی بەڵگەنامەی تایبەت بە هاوسەرگیری سەردانی كونسوڵگەری وڵاتەكەی كرد لە ئیستانبوڵ و لەو كاتەوە دیارنەماوە. سەرچاوە: بی بی سی  


( درەو میدیا): بە گوێرەی میدیاكانی ئێران، عەلی خومەینی كوڕەزای ئیمام خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی, ئێرانی بەرەو عێراق بەجێهێشتووە و بۆ چەند ساڵێك لە نەجەف نیشتەجێدەبێت كە بنكەی حەوزەی ئاینی و شوێنێتی نیشتەجێبوونی مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانییە. سایتی " خەبەر ئۆنلاین"ی نزیك لە عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند عەلی خومەینی ئێرانی بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی لە شاری نەجەف نیشتەجێ ببێت و لەبری حەوزەی قوم، چالاكی ئاینی و وانەوتنەوەی لە حەوەزەی نەجەف درێژەپێیدات. محەمەد رەزا نائینی، یەكێك لە پیاوانی ئاینی حەوزەی قوم ونزیك لە عەلی خومەینی لەو بارەیەو رایگەیاندووە كە كۆچكردن سروشتییە بۆ هەموو كەسێك لە پێناوی بونیادنانی كەسایەتی، بە تایبەتی سود وەرگرتن لە هەردوو حەوزەی نەجەف و قوم كە رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە بونیادنانی كەسایەتی پیاوانی ئاینیی. نائینی ئاشكراشیكردوووە عەلی خومەینی پاش ماوەیەك نیشتەجێبووون لە قوم چووەتە نەجەف و لەوانەیە بۆ چەند ساڵێك لەو شارە بمێنێتەوە. عەلی خومەینی ( 33 ساڵ) كوڕی ئەحمەد خومەینی دووەمین كوڕی ئیمام خومەینییە ، كە چەند ساڵێك دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە دۆخێكی تەمومژاویدا كۆچی دواییكرد. هەروەها عەلی خومەینی زاوای جەواد شەهرستانی نوێنەری عەلی سیستانییە لە ئێران.


(درەو میدیا): ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" لە خاكی ئێرانەوە گەیشتوەتە ئەفغانستان. رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت" ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی و گروپە توندەڕەوەكانی پاكستانەوە بڵاویكردەوە كە ئەبوبەكر بەغدادیی بە خاكی ئێراندا تێپەڕیوە و گەیشتوەتە ویلایەتی نەنگەهار لە خۆرهەڵاتی ئەفغانستان. سەركردەی یەكێك لە گروپە توندڕەوەكانی پاكستان كە داوایكردووە ناوی ئاشكرانەكرێت دەڵێت:" دوای گەیشتنی سەدان چەكداری داعش لە شەش مانگی دواییدا لە خاكی ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان، ئەبوبەكر بەغدادیش گەیشتوەتە ئەفغانستان". دەشڵێت:" زۆرینەی ئەو چەكدارانەی داعش كە هاتونەتە ئەفغانستان ئێستا لە هەرێمی نەنگەهاری خۆرهەڵاتی ئەفغانستانن و هەواڵگری پاكستانیش چاودێری جموجوڵی چڕی ئەندامەكانی داعش دەكات كە هەوڵدەدەن بێنە ناوچەی هۆزەكانی پاكستان".


( درەو میدیا): سێرجیۆ رامۆس كاپتنی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بووە یەكەمین یاریزان، كە زۆرترین كارتی زەد وەربگرێت لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا " چامپیۆنز لیگدا"، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە تایمی یەكەمی یاری قۆناغی گروپەكاندا لە لە بەرامبەر یانەی رۆمای ئیتالی كارتی زەردی وەرگرت. بە وەرگرتنی ئەو كارتە، تا ئێستا رامۆس لەكۆی 115 یاری ئەو پاڵەوانێتییە ژمارەی كارتە زەردەكانی گەیشتە 37 كارت و پێش پۆڵ سكۆڵزی یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتد كەوت. هەروەها رامۆس خاوەنی ژمارەیەكی پێوانەییە لە وەرگرتنی كارتی زەردا لەمیانی یەك وەرزدا، ئەویش پێنج كارتی زەرد بوو لە هەردوو وەرزی 2010- 2011 و 2012- 2013 ، لە كاتێكدا سكۆڵز  بە یەك وەرزدا زیاتر لە چوار كارتی زەردی وەرنەگرتووە. رامۆس كە چوارجار جامی پاڵەوانێتی " چامپیۆنز لیگ"ی بەرزكردووەتەوە 24 جار لەگەڵ ریاڵ مەدریدا كارتی سوری وەرگرتووە و لە یاریگا كراوەتە دەرەوە، ئەوەش دوو هێندەی كارتە سورەكانی فێرناندۆ هیرۆی كاپتنی پێشووتری یانەكەیە. هاوكات رامۆس لە مێژووی خولی ئیسپانیدا خاوەنی زۆرترین كارتی سورە و 19 جار ئەو كەرتە لە یاریگا دوورخراوەتەوە، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا تەنها سێ‌ جار كارتی سوری وەرگرتووە. سەرەڕای ئەو هەموو كارتە سورە لە یاریەكانی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدریدا، رامۆس لە 158 یاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا هیچ كارتێكی سوری وەرنەگرتووە. سەرچاوە: رۆیتەرز  


( درەو میدیا): دادگایەكی توركیا سزای حەوت و ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بەریتانیادا سەپاند، كە لە ریزی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" دا لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا شەڕی لەدژی رێكخراوی داعش كردووە. ئەو سەربازەی پێشووی سوپای بەریتانیا ناوی جۆ رۆبنسۆنە و تەمەنی 25 ساڵە و ساڵی 2017 لە كاتێكدا لە پشوودابووە لە توركیا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە دەستگیركراوە و بە تیرۆر تۆمەتباركراوە. رۆبنسۆن تۆمەتی ئەندامێتی لە یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگەی" ئاراستەكراوە كە توركیا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنێت و بە هاوكاری ئەمریكا لەدژی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەجەنگێت. دادگای توركیا سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەر رۆبنسۆندا سەپاند، بەڵام ئێستا بە كەفالەت ئازادكراوە و رێگەی چوونە دەرەوەی توركیای لێ‌ قەدەغەكراوە و ئێستا بە نیازە تانە لە بڕیارەكەی دادگا بدات. لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی " شارۆن شایمچۆك" دایكی جۆ رۆبنسۆن رایگەیاند ئێوەری هەینی لەلایەن بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە تەلەفۆنی بۆكراوە و لە دەرچوونی بڕیاری دادگا بەرامبەر بە كوڕەكەی ئاگاداركراوەتەوە و ئاشكراشیكرد, دەستگیرانی كوڕەكەشی " ماریا رۆژكان" كە خوێندكاری یاسای زانكۆی لیدزە، بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆر حكومدراوە بەڵام جێبەجێكردنی راگیراوە. شایمچۆك وتیشی:" دادگاییكردن هەبوو، بەڵام رۆبنسۆن لەوێ‌ ئامادەنەبوو". رۆژكانی دەستگیرانی رۆبنسۆنیش وتی:" دادگا حكومێكی بەسەرمدا سەپاندووە بەهۆی بڵاوكردنەوە راگەیەندراوەوە لە فەیسبوك كە ئاڵای كوردی تێدایە لەگەڵ لینكی گۆرانی كوردی لە سایتی یوتیوب". وتیشی:" رووداوەكە خەمناكە و زۆر بێ‌ ماناشە، ناتوانم روودانی كارێكی لەو شێوەیە قبوڵ بكەم".  جۆ رۆبنسۆن پێشتر لەریزی سوپای بەریتانیا لە ئەفغانستان خزمەتی كردووە و ساڵی رابردوو لە توركیا دەستگیركراوە، دوای مانەوەی چوار مانگ لە زینداندا تشرینی دووەمی رابردوو بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام رێگای چونەدەرەوەی توركیای لێی قەدەغەكراوە. هەروەها رۆبنسۆن ماوەی پێنج مانگ وەك خۆبەخشێك لەگەڵ شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە رۆژئاوای كوردستان شەڕی لەدژی داعش كردووە و خێزانەكەشی دەڵێن وەك پزیشكی سەربازی كاریكردووە و لە ماوەی رابردووشدا لە چەند چاوپێكەوتنێكدا باسی لە ئەزمونی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە. لایخۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند ئامادەن هەموو هاوكارییەك پێشكەشی ئەو هاوڵاتییە بەریتانییە بكەن لە توركیا. سەرچاوە: بی بی سی   


(درەو میدیا): رۆژی چوارشەممە تەمیم بن حەمەد ئالسانی فڕۆكەیەكی جۆری" بۆینگ 8-747 "ی بەدیاری پێشكەشی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كرد، كە بەهاكەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و فڕۆكەكە گەیەنرایە فڕۆكەخانەی سەبیحەی نێودەوڵەتی لە ئیستانبوڵ. سایتی هەواڵی " هەبەر یەدی" توركی رایگەیاند تەمیم ئەو دیارییەی بۆ دەرخستنی " خۆشەویستی بۆ ئەردۆغان و متمانەی بە توركیا" پێشكەشكردووە، دوای ئەوەی ئەردۆغان سەرسامی خۆی بۆ ئەو فڕۆكەیە دەربڕیوە. فڕۆكەكە 76 كورسی و حەوت ژووری نوستن و دوو هۆڵی پێشوازی لەخۆدەگرێت و سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بۆ فرۆشتن نمایشكرا بە نرخی 400 ملیۆن دۆلار و قەتەر ساڵی 2015 كڕی. سەرچاوە: سایتی تورك پرێس  


( درەو میدیا): چەند كرێكارێك لە كانێكی خۆرئاوای ئوسترالیا دوو بەردی گەورەی تێكەڵاو بە زێڕیان دۆزییەوە كە بەهای هەریەكەیان چەندین ملیۆن دۆلارە. بە گوێرەی سایتی " بی بی سی " كێشەی بەردە گەورەكەیان نزیكەی 95 كلیۆگرام دەبێت و زیاتر لە 2400 ئۆقە زێڕ لەخۆدەگرێت، ئەوەش بەوتەی كۆمپانیای ئاڕ ئێن سی كەنەدی تایبەت بە كانزاكاریی. ئەو كۆمپانیایە راشیگەیاند هەفتەی رابردوو لە كانێكی نزیك لە كالگۆرلی بەبەهای 11 ملیۆن دۆلار زێڕی دەرهێناوە و ئەندازیارێكی بواری كانزاكاریش ئەو دۆزینەوەوەی یە رووداوێكی دەگەمەن وەسفكرد. پرۆفیسۆر سام سپێرینگ بەڕێوەبەری كۆلێژی كانزاكاری لە زانكۆی كیرتین لە خۆرئاوای ئوسترالیا وتی:" هەتا ئێستا خەڵك دۆزینەوەی پارچەی زۆر بچوك لە زێڕیان تۆماركردووە  كە زۆر كەمترە لە چەند ئۆقەیەك". كۆمپانیایەكی بواری كانزاكاریش بەهای بەردی یەكەمی بە 4 ملیۆن دۆلاری كەنەدی خەمڵاند و راشیگەیاند بەردی دووەم كە كێشەكەی 63 كیلۆگرامە و نزیكەی 1600 ئۆقە زێڕی تێدایە و بەهاكەی بە 2.6 ملیۆن دۆلاری كەنەدی دەخەمڵێنرێت.


( درەو میدیا): كتێبێكی نوێ‌ ئاشكرایدەكات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ویستویەتی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا تیرۆر بكرێت، بەڵام جەیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەو داواكارییەی پشتگوێخستووە، كۆشكی سپیش رەخنە لە ناورۆكی ئەو كتێبە دەگرێت و دەڵێت تەنها " چیرۆكی هەڵبەستراوە". كتێبەكە كە ناونیشانی" ترسە" و  لەلایەن نوسەری بەناوبانگ بۆب وودۆردەوە ئاشكراكەری سكانداڵی " وۆتەر گەیت"ەوە نوسراوە و رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رۆژی سێشەممە 4ی ئەیلول كورتەیەكی لێ بڵاوكردەوە. كتێبی " ترس" كە هێشتا چاپ و بڵاونەكراوەتەوە نوێترین كتێبە كە وردەكاریی ئاڵۆزییەكانی ناو كۆشكی سپی ئاشكرادەكات لە سایەی سەرۆكایەتی ترەمپدا كە 20 مانگە دەستیپێكردووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەربارەی وتەكانی ماتیس و گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی جۆن كیلی و ئەوانی تردا كە لەو كتێبەدا هاتووە نوسیوێتی" ئەوە فێڵ و تەڵەكەی هەڵبەستراوە و خەڵەتاندنی جەماوەرە". كتێبەكە ترەمپ بەو شێوەیە وەسفدەكات كە زۆر خێرا و كتوپڕ توڕەدەبێت و وشەی نەشیاو ناشرین دەڵێت و زۆر بە هەڵپەیە لە بڕیارداندا. نوسەری كتێبەكە دەڵێت ترەمپ بە وەزیری بەرگرییەكەی راگەیاندووە كە دەیەوێت ئەسەد تیرۆر بكرێت، دوای ئەوەی سەرۆكی سوریا لە نیسانی 2017دا چەكی كیمیایی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەكارهێنا و ماتیسیش لە وەڵامدا دەڵێت " دەستبەجێ ئەو كارە دەكات" بەڵام لەجیاتی ئەوە پلانێكی دانا بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی دیاریكراو و نەبووە هەڕەشە لەسەر ئەسەد. نوسەری كتێبەكە دەڵێت ماتیسدوای رووداوێكی تر بە یاریدەدەرەكانی وتووە كە ترەمپ وەك " خوێندكارێكی پۆلی پێنجەم یان شەشەم" رەفتار دەكات. لە بەیاننامەیەكدا كە رۆژی سێشەممە بڵاویكردەوە جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا وتی " هەرگیز ئەو قسانەم نەكردووە و لە كاتی بوونی منیشدا نەكراوە". هەروەها سارە هاكەبی ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سیی وتی:" ئەو كتێبە هیچ نییە جگە لە چەند چیرۆكێكە هەڵبەستراو، زۆربەی ئەوانەی قسەیان تێداكردوووە فەرمانبەری توڕەی پێشوون و ئامانجی وێنەیەكی خراپی سەرۆك قسەیان كردووە". هاوكات نیكی هەیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گومانی خۆی دەربڕی لەو چیرۆركەی تایبەت بە بەشار ئەسەد و وتی:" لەبەرئەوەی ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانەم، هەرگیز نەمبیستووە سەرۆك باس لە تیرۆركردنی ئەسەد بكات". سەرچاوە: DW  


(درەو میدیا): " ئەو یاریزانێكە لە ئەستێرەیەكی ترەوە هاتووە و باشترین یاریزانە لە مێژووی كرواتیادا" ئەوەش بە وتەی ئیڤان راكیتیچی هاوڕێی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی بەرشەلۆنە، ئەو یاریزانە، لوكا مۆدریچە كە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بەدەستهێنا دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بردەوە و لە مۆندیالی روسیاشدا هەڵبژاردەی وڵاتەكەی گەیاندە یاری كۆتایی. مۆدریچ لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپادا بەسەر محەمەد سەڵاحی میسری و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالیدا سەركەوت، هەروەها مۆدریچ خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لە ئەوروپا بۆ وەرزی 2017- 2018 بەدەستهێنا. لوكا مۆدریچ كێیە؟ لوكا مۆدریچ 9ی ئەیلولی 1985 لە زادار لە كرواتیا لە خێزانێكی پەنابەر لە دایكبووە كە لەمیانی شەڕی بۆسنەدا لە هێرشی سربەكان هەڵاتوون، دایكی كرێكاری رستن و چنین بووە و باوكیشی میكانیكی جەنگیی بووە. ژیانی منداڵی لوكا پڕە لەبیرەوەری تاڵ بەهۆی جەنگی سەربەخۆیی كرواتیاوە كە تێیدا باپیری كوژراوە و ئەو بیرەوەرییانەش پاڵنەرێك بوون بۆئەوەی بەردەوام سوربێت لەسەر سەركەوتن و چۆكدانەدان بۆ هیچ دۆخێكی نەرێنی لە ژیانیدا. جۆسیپ پاسلۆ، سەرۆكی یانەی " ئێن كەی زادار" كە مۆدریچی بە منداڵی بینیوە دەڵێت:" منداڵێكی بچوكی لاواز هەبوو بەردەوام لە بەردەم یەكێك لە هۆتێلەكاندا یاری تۆپی پێی دەكرد، بەڵام زۆر بە خێرایی توانا و بەهرەی خۆی نیشاندەدایت". لاوازی جەستەی گومانی زۆر لەسەر داهاتووی مۆدریچ كردبوو لە تۆپی پێدا، بەڵام بەهرەو تواناكانی قسەیەكی تریان هەبوو، هەر زوو بەهرە و توانی خۆی نیشاندا و بەناوبانگترین یانەی كرواتیا " دینامۆ زاگرب" ساڵی 2001 گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزاكرد، پاشان ساڵی 2008 چووە یانەی " تۆتنهام هۆتسبێر" و تا ساڵی 2012 لەگەڵ ئەو یانە ئینگلیزییەدا مایەوە ئنجا رویكردە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی و لەگەڵیدا چەندین پاڵەوانێتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی  بەدەستهێنا و نازناوی " كرۆیڤیی بچوكی" لێنرا. لە 2018دا مۆدریچ رۆڵی بەهێزی هەبوو لە گەیشتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بە یاری كۆتایی مۆندیالی روسیا بۆ یەكەمجار لە مێژووی كرواتیانداو خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستهێناو پاشان خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئەوروپاو باشترین یاریزانی ئەوروپای بردەوە. ئیڤان راكیتیچ دەڵێت شانازییەكی گەورەیە بۆی كە ماوەی 11 ساڵە لەگەڵ مۆدریچدا لە هەڵبژاردەی نیشتمانی كرواتیادا یاریی دەكات. سەرچاوە: بی بی سی 


(درەو میدیا): كینان مالك، لەوتارێكدا كە لەڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی بڵاویكرۆتەوە دەڵێت، هەڵمەخەڵتێن، دۆستە سعودییەكانمان باوكی سەركوتكارین، پێشێلكارییەكانی دژ بەچالاكوانان لەناوخۆی سعودیە و ئەو جەنگەی محەمەد بن سەلمان جێنیشنی پادشای سعودیە لەیەمەن دەریئەخەن كە قسەكردن لەسەر چاكسازی تەنها نمایشكردنە.  مالك ئاماژە بەوەدەكات، پێنج چالاكوانی سعودی حكومی لەسێدرارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، هەموو گوناهەكەشیان ئەوەیە تۆمەتبارن بەوەی بەشدارییان كردووە لە ناڕەزایی ئاشتیخوازانە یاخود دروشمی دژ بە رژێمیان وتوەتەوە یان وێنەی ناڕەزایەتییەكانیان گرتووە و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردوەتەوە.  ئەو چالاكانە، لەناویشیاندا (ئەسرا ئەلغەمغام) چالاكەوان لەبواری ژنان، كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی سعودییە نیشتەجێن و زۆرینەی شیعە مەزهەبن، زیاتر لە دوو ساڵە زیندانیكراون و داواكاری گشتیش ئێستا داوای لەسێدارەدانیان دەكات. نوسەر باس لەوەدەكات" ڕاستە محەمەد بن سەلمان ڕێگەیدا ژنان شۆفێری بكەن و ئیدارەی كاری تایبەتی خۆیان بدەن و ئامادەی بۆنە وەرزشییەكان بن، دەرگای سینەماكانی كردەوە و ڕێگەیدا بە سازاكردنی ئاهەنگی میوزیكی ڕۆك و شتی تر، بەڵام تاكە دەسەڵاتداری ڕەهای شانشینە، كە ئەشكەنجەدان و سەرپەڕاندن ئەنجامدەداو سیاسەتێكی دڕندانە هەناردە دەكات، لەو  نێوەوەندەشدا ئەو جەنگە كارەساتاوییەی كە دژی یەمەن بەرپای كردووە، كە بە وەحشیگەرترین جەنگەكانی سەدەی نوێ‌ دادەنرێت".  كینان مالك لەوتارەكەیدا ئاماژە بە بۆردومانی ئەو پاسە دەكات لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ڕیازەوە، كە دەیان منداڵی خۆێندكاری یەمەنی تێیدا كورژران و دەڵێت، سعودیە بەرپرسیاری باڵابونی هەژمونی "تیرۆری ئیسلامییە"  زیاتر لەهەر دەوڵەتێكی تر. نوسیویەتی: سعودیە لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردودا ڕەوتی وەهابی هەناردە دەكردو پشتیوانی ژمارەیەكی بێئەندازە خوێندنگەو مزگەوتی دەكرد، پشتیوانی دارایی بزوتنەوە جیهادییەكانی لە ئەفغانستان و سوریاش دەكرد.  "ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشوی ڕێكخراوی قاعیدەو ژمارەیەكی زۆر لەوانەی بەشداری هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەریان كرد دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سعودی بوون.  نوسەر ئاماژە بەیاداشتێكی حكومەتی ئەمریكا دەكات كە لەساڵی 2009دا، سعودییەی بەسەرچاوەی پشتیوانی گروپە تیرۆرستییە سونییەكان لەسەرانسەری جیهان دەستنیشانكردووە، نزیكیشیان لەم گروپانە قۆستوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگە لەوڵاتانی خۆرئاوا. لەدرێژەی وتارەكەدا هاتووە" ملیۆنان لەوانەی ڕووبەڕووی برسێتی بونەتەوە لە یەمەن، هەزاران هاوڵاتی سعودیی زیندانیكراو لە وڵاتەكەیان و هەموو ئەو ڕەفتارانەی دەسەڵات لەدژیان ئەنجامیدەدات لە لێدان و ئەشكەنجە، تاكە هۆكاری، داواكردنی مافە بنچینییەكانە نەك شتێكی تر.   بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ناهەمواری دۆخی چالاكوانان ساختەبوونی ئەو بانگەشانەی ئاشكراكردووە كە دەڵێن سعودییە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت، بڕێكی زۆر زانیاری دەگەنە خۆرئاوا لەبارەی ئەنجامدانی چاكسازی بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەتێڕوانینی 2030 كە شازادەی جێنشین تەبەنی كردووە. دەسەڵاتدارانی سعودیە، بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو دەیان چالاكوان و زانای ئاینی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیریان دەستگیركردووە كە نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەوباریەوە دەربڕیوە. 


(درەو میدیا): سەرەڕای ئەوەی یاری تۆپی پێ لە یارییەكانی ئۆڵۆمپی 2018ی ئاسیا كە لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت گەیشتوەتە قۆناغی یارییە چارەنوسسازەكان، بەڵام خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتونی بۆ كچان یەكلابوەوە و كچە یاریزانی چینی وانگ چانچانی تەمەن 28 ساڵ 11 گۆڵی تۆماركردووە و نۆ گۆڵیی تەنها لە یەك یاریدا تۆماركرد، دوای ئەوەی وەك جێگرەوەی كچە یاریزانێكی هاوڕێی هاتە نێو گۆڕەپانی یارییەوە. دووشەممەی رابردوو هەڵبژاردەی كچانی چین رووبەڕووی هەڵبژارجەی تاجیكستان بوەوە، چانچان لە خولەكی 56ی یارییەكەدا بەشداریكرد و " هاتریكی هاتریكی" تۆماركرد. چانچان لەو گێمەدا نۆ گۆڵی تۆماركرد و لەو ژمارەیەش سێ‌ گۆڵی لە كاتی زیادكراوی یارییەكەدا تۆماركرد و یارییەكە بە ئەنجامی 16 گۆڵ بەرامبەر بە هیچ لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی چین كۆتایی هات. هەڵبژاردەی تاجیكستان ئەوە دووەم شكستی لەو شێوەیەیە و هەینی رابردووش بە هەمان ئەنجام بە هەڵبژاردەی كۆریای باكور دۆڕا. هەڵبژاردەی تاجیكستان لە گروپی " بی " یاری دەكات و هیچ خاڵێكی نییە و تەنها یەك گۆڵی تۆماركردووە و لە دوا یاریی قۆناغی كۆمەڵەكەدا ب ەشەش گۆڵی خاوێن بە هۆنگ كۆنگ دۆڕا، هەڵبژاردەی چینیش نۆی خاڵی كۆكردووەتەوە لە پلەی یەكەمدایە و هەرسێ‌ یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی بردوەتەوە و چانچانی یاریزانی ئەو هەڵبژاردەیەش  بە تۆماركردنی 11 گۆڵ تا ئێستا گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكەیە. لە قۆناغی چارەكی كۆتاییدا هەڵبژاردەی چین رووبەڕووی هەڵبژاردەی تایلاند دەبێتەوە و چانچان بە جیاوازی شەش گۆڵ لە پێش هاوڕێكەی " زاو رۆنگ" و كچە یاریزانی كۆریای باشوور " لی هیون یۆنگ" ەوەیە. سەرچاوە: بی بی سی   


(درەو میدیا): وێنەكانی ئاهەنگی هاوسەرگیری كوڕێكی "موحسین مورادیان" باڵیۆزی ئێران لە دانمارك لەگەڵ كچە دیزاینەر و نمایشكار " ئەناشید حسێنی"  رق و توڕەیی هاوڵاتیانی ئێرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە و لە هەڵمەتێكدا داوا لە بەرپرسان دەكەن موڵك و سامانی كەسە نزیكەكانیان ئاشكرابكەن. لەبەر زۆری خەرجیی ئاهەنگەكە بە گاڵتەجاڕییەوە ناونراوە " ئاهەنگی هاوسەرگیری شاهانە"، ئەوەش لە كاتێكدایە ئێرانییەكان بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە دۆخێكی ئابوریی و دارایی سەختدا دەژین. پەیامنێری رۆژنامەی " دەیلی تەلەگرافی " بەریتانیی رایگەیاند بوك و زاواكە ئاشكرایانكردووە كە خەرجی ئاهەنگەكەیان لە پارەی تایبەتی خۆیان دابینكردوە. محەمەد بەهمەتی، بەڕێوەبەری پێشووی بانكی ناوەندی ئێران لە سەردەمی سەرۆكایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژادداا لە لێدونێكیدا بۆ " دەیلی تەلەگراف" ئاشكرایكرد ئێستا نزیكەی پێنج هەزار " ئاغازادە" لە دەرەوەی ئێران دەژین و وتیشی:" لەكۆی گشتیدا ئەوانە خاوەنی 148 ملیار دۆلاری ئەمریكین لە حساباتە بانكییەكانیاندا و ئەوەش لە یەدەگی دراوی بیانیی ئێران زیاترە و دەمانەوێت بزانین ئەوانە لەو وڵاتانە چی دەكەن كە ئاشكرایە ژمارەی ئەوانەی خوێندكاری زانكۆن و ناویان تۆماركراوە تەنها 300 خوێندكارن". لە ئێراندا و لە زمانی فارسیدا وشەی " ئاغازادە" بۆ ئاماژەدان بە " منداڵی دەوڵەمەند" بەكاردەهێنرێت. چەند هاوڵاتییەكی ئێران لە هەڵمەتی ناڕەزایەتییدا دژی ژیانی بەرپرسانی ئێران و منداڵەكانیان وێنە ئەو منداڵانەیان بڵاوكردوەتەوە كە لە شەقامەكانی تارانی پایتەختدا سواڵ دەكەن. لەماوەی رابردوودا بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریی لە سەرتاسەری ئێراندا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران خراپی دۆخی ئابوری بۆ بڵابوونەوەی گەندەڵی و سیستمی بانكی و زۆربوونی بێكاریی دەگەڕێننەوە و مەنوچەهر فەرەحبەخشن كە شارەزای بواری ئابورییەو لە لەندەن نیشتەجێیە لە لێدوانێكیدا بۆ " دەیلی تەلەگراف" دەڵێت:" هەموو ئەوەی كە لەسەر ئایەتوڵا عەلی خامنەیی پێویستە بیكات ئەوەیە فۆرمێكی سادە ئامادەبكات  كە یەكێك پرسیاری تێدابێت دەربارەی ناوی بەرپرسە و بڕی سامانەكەی پێش شۆڕش و ئێستا دوای شۆڕش بووە بە چەندە". سەرچاوە: بی بی سی   


( درەو میدیا): پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا پشتیوانی لەوەدەكات بەرلین هاوكاری دارایی پێشكەشی توركیا بكات و بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابوریش توركیا پەنا بۆ وڵاتانی كەنداو دەبات. ئەندریال ناڵس سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكانی گروپی " ڤۆنكە" رایگەیاند حزبەكەی پشتگیری لەوە دەكات هاوكاریی ئەڵمانیا بۆ توركیا بەمەبەستی رزگاربوون لە قەیرانی ئابوریی گفتوگۆی لەسەر بكرێت. ناڵس وتی:" پێویستە لەسەر ئەڵمانیا ئەو هەڵوێستە بگرێتەبەر و هاوكاری توركیا بكات بەبێ‌ رەچاوكردنی ناكۆكییە سیاسییەكان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەدرۆغان". وتیشی:" توركیا هاوبەشمانە لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی  و لە بەرژەوەندیی هەموومانە كە ئابوری توركیا سەقامگیربێت و كاربكرێت بۆ سنوردانان بۆ دابەزینی بەهای دراوەكەی". هاوكات گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانیی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەداوە كە حكومەتی ئەڵمانیا هانی توركیای داوە، پرۆگرامی هاوكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قبوڵبكات، بۆ دەرچوون لە قەیرانی داڕمانی بەهای لیرە كە بووەتە هەڕەشە بۆ داتەپینی ئابوری توركیا. گۆڤارەكە ئاشكراشیكرد رۆژی پێنجشەممە ئۆلاڤ شۆڵتس وەزیری دارایی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا توركییەكەی بەرات ئاڵبایراق گفتوگۆی كردووە و هانیداوە توركیا بە هەڵوێستیدا بچێتەوە بۆ رەتكردنەوەی پرۆگرانی هاوكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی." بە گوێرەی راپۆرتەكەی گۆڤاری شپیگڵ، وەزیری دارایی توركیا بە هاوتا ئەڵمانییەكەی راگەیاندووە كە هەفتەی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری دارایی لە حكومەتە دۆستەكانی توركیا گەشتێك بۆ وڵاتانی كەنداو دەستپێدەكات و هیواشیخواستووە كە روسیاش ئامادەبێت كە هاوكاریی دارایی توركیا بكات. ماوەیەكە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا گژی و ئاڵۆزی زۆری تێكەوتووە و ئەنكەرە ئامادە نییە قەشەیەكی ئەمریكی بەناوی " ئەندرۆ برۆنسۆن" ئازادبكات و لە كاردانەوەی ئەوەشدا سەرۆكی ئەمریكا ژمارەیەك سزای ئابوریی بەسەر توركیادا سەپاند و بەو هۆیەشەوە بەهای لیرەی توركیی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و توركیای دووچاری قەیرانێكی دارایی و ئابوریی كرد. سەرچاوە: " DW "  


(درەو میدیا): یانەیەكی تۆپی پێی توركیا لە هەنگاوێكی  سەرنجڕاكێشدا 18ی یاریزانی تیپی لاوانی بۆ كڕینی 10 سەر بزن دەفرۆشێت. تۆڕی " سی ئێن ئێن تورك" رایگەیاند یانەی " گوڵسپۆر" كە لە شاری ئەسپارتەی باشووری خۆرئاوای توركیایە ئەو هەنگاوەی ناوە بۆ پەیداكردنی سەرچاوەیەكی بودجەی جێگیر بۆ خزمەتكردنی یانەكە. كینان پۆیۆكلیبلیپ، سەرۆكی ئەو یانەیەی كە ساڵی 1954 دامەزرێنراوە رایگەیاند بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی داراییەوە ناچاربوون یاریزانەكان بفرۆشن و ئاماژەیبەوەشدا قەیرانەكەیان زیاتر بووە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی حكومیی بۆ ئەو یانانەی كە لە خولە نزمەكاندا بەشدارن وەك یانەی گۆڵسپۆر. بە گوێرەی سایتی " زە هیراڵد" ئەو یانەیە بە فرۆشتنی 18 یاریزان بڕی 15 هەزار لیرەی توركی " 2600 دۆلاری ئەمریكی" دەستكەوتووە و ئێستا تیپەكە پلان هەیە كە لە فرۆشتنی شیری بزنەكانی بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی یانەكە 5 هەزار لیرەی دەستبكەوێت. سەرۆكی یانەكەش جەختیكردەوە لەسەر بایەخی ئەو پلانە و رایگەیاند رۆڵی دەبێت لە دابینكردنی پارە كە دەكرێت لە تیپی منداڵانی یانەكەدا خەرجبكرێت. سەرچاوە: سكای نیوز عەرەبیە



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand