رێككەوتنی یەكێتی و پارتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان هەڵدەوەشێتەوە

Draw Media

2018-05-09 10:17:10



" رۆژنامەی ئاژانس"
ئەو رێككەوتنەی پێشتر لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەبوو بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش بە وتەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێك لەو دوو حزبەكە.
لە ساڵی 2005 ەوە بەپێی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی نێوانیان، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووەو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش لە پشكی یەكێتی بوو، بەڵام كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار هاوكێشەی رێككەوتنەكەی تێكداوە، لە كاتێكدا پۆستی سەرۆكی هەرێم هێشتا دەسەڵاتی پێشووی ماوە، سەرەڕای ئەوەی چوار لایەن پرۆژە یاسایان بۆ هەمواركردنی یاساكە بردە پەرلەمان، بەڵام پارتی رێگربوو لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی.
رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە " ئاژانسی" وت:" گرنگی پۆستێك بۆ پۆستێكی تر جیاوازی هەیە  هەر پۆستێكی  سیادی لە بەغدا بۆ كورد بێت گرنگەن بەڵام ئەوە ئەنجامی رێككەوتەنەكان دەزانێت چیمان بەردەكەوێت، پێشتر رێككەوتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبووە بۆ دابەشكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم، ئێستا ئەو رێككەوتنە نەماوە، لە ئایندەدا نازانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەكرێت."
وتیشی:" رێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا نییە بۆ وەرگرتنی كام پۆست لە بەغدا و ئەو بابەتانە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكات و یەكێتی لەمەولا بە نەتیجەی ئینتیخابی مامەڵە لەگەڵ وەرگرتنی پۆستدا دەكات.
هەرچەندە ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم سڕكراوەن بەڵام پارتی بە پشكی خۆی دەزانێت و چاویشی لە پۆستەكانی بەغدایە.
فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە ئاژانسی وت: " پۆستەكانی كورد لە بەغدا تاپۆ نییە لەسەر هیچ لایەنێكی كوردی، وەرگرتنەوەی بەپێی كورسی لایەنەكان دەبێت، لە پاش هەر هەڵبژاردنێك تەشكیلەی وەرگرتنی پۆست گۆڕانی بەسەردا دێت، پۆستی سەرۆكی هەرێمیش لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكلایی دەبێتەوە بۆ كێ‌ دەبێت."

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand