وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ پسپۆرانی بواری تەندروستی جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پراكتیكی كە دەبنە مایەی تەندروستییەكی باش و باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییەكانی دواتری ژیاندا و ئاماژەبەوەشدەدەن كە تەندروستی مرۆڤ سەرەتا و پێش هەموو شتێك لە بیركردنەوەكانی و دیدوبۆچوونی و ئاستی گەشبینی یان رەشبینیەوە دەستپێدەكات. " ئەمڕۆ تۆ لەو شوێنەكەی كە بیكردنەوەت بردویتی و بەیانیش لەو شوێنە دەبیت كە بیركردنەوەكانت دەتبەن"، بەمشێوەیە فەیلەسوف و نوسەری بەریتانی بەناوبانگ "جیمس ئالان" لە كۆندا دەربارەی قسەكردن لە رۆڵی بیركردنەوە لە بونیادنانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤدا نوسیوێتی. سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە 100 ساڵ بەسەر ئەو وتەیەدا، بەڵام هێشتا پارێزگاری لە بایەخ و گرنگی خۆی كردووە، بە تایبەتی كە ئاڵنگارییەكانی ئەمڕۆی ژیان وایكردووە كە كەسانێكی زۆر نەتوانن لە دەرچوون لە بیركردنەوە نەرێنییەكان رزگاریان بێت و دەستیان لەسەر دڵیانە لە چاوەڕوانی ئەوەی رۆژانی داهاتوو چی بۆ هەڵگرتوون. دەربارەی ئەم بابەتە سایتی "fitbook" باسی لەوەكردووە كە پێویستە بیركردنەوە نەرێنییەكان بۆ كەمترین ئاست كەمبكرێنەوە، چونكە ئەم جۆرە لە بیركردنەوە كاریگەری دەكاتە سەر هەموو جەستە. ئەو سایتە ئەڵمانیە كە لەگەڵ كۆمپانیای دڵنیایی " DAK " دا كاردەكا، راشیگەیاندووە كە تەندروستی مرۆڤ پێش هەموو شتێك لە سەرییەوە دەستپێدەكات، واتە بیركردنەوەكانی. لە لێدوانێكیدا بۆ ئەو سایتە " كریستیان لیدكە" توێژەری دەرونی دەڵێت ماوەیەكی زۆرە توێژینەوەكانی بواری مێشك دەریانخستووە كە بیركردنەوە كاریگەری لەسەر هەست و سۆزمان هەیە و پێچەوانەكەشی راستە و دەشڵێت:" ئەگەر نەرێنییانە بیرمانكردەوە، یان پێشبینی نەرێنیمان هەبوو، ئەوا ناوەندی ئازار لە مێشكدا هۆرمۆنەكانی كۆرتیزون، ئەدرینالین دەردەدەن و ئەوەش دڵەڕاوكێ و زنجیرەیەكی تەواوەتی لە كاردانەوەی جەستەو هەتا ئازاریشی لێدەكەوێتەوە". سودەكانی بیركردنەوەی ئەرێنیانە لە بەرامبەردا هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات كە بیركردنەوەی ئەرێنیانە دەبێتە هۆی چالابوونی " ناوەندی هاندان" لە مێشكدا و تێكەڵەیەك لە هۆرمۆنەكانی سیرۆتونین و دوبامین بەرهەمدەهێنێت، لەگەڵ هۆرمۆنی ئۆكسایتوسین و ئەم جۆرە تێكەڵەیە لە هۆرمۆن دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەجێ‌ مرۆڤ هەست بەوە بكات كە لە دۆخێكی زۆر باشدایە. هەروەها سودەكانی بیركردنەوەی ئەرێنیانە تەنها لەم سنورەدا ناوەستێت، بەڵكو پزیشكەكان بە پشتبەستن بە ئامێری " ستی سكان" تێبنیان كردووە كە بیركردنەوە بە شێوەیەكی ئەرێنی شەپۆلەكانی مێشك درێژتر دەكەن و مرۆڤ هەستدەكات كە زۆر باشە و زۆر ئاسودەیە. هاوكات سایتی " "success"  چەند خاڵێكی داناوە، لە پێناوی زاڵبوون بەسەر بیركردنەوەی نەرێنییدا و قەرەبووكردنەوەی بە بیركردنەوەی ئەرێنیانە كە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە ژیانێكی ئاسودە شاد ببێت و بە ئامانجە دوور و نزیك مەوداكانی بگات. بایەخدان بە شتە ئەرێنییەكان و زەردەخەنە رۆژانە چەندین تەگەرە و بەربەست دێنەرێت، كە وادەكەن رۆژەكەت نمونەیی نەبێت، لەكاتێكدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەك بویتەوە تەنها بایەخ بەلایەنی ئەرێنی كارەكە بدە هەتا ئەگەر زۆر بچوكیش بێت جگە لەوەش، دەتوانیت پێكەنین و زەردەخەنە بكەیتە رێگایەك بۆ رزگاربوون لە بیركردنەوە نەرێنییەكان و هەوڵبدەن لە ناخۆشترین ساتەكاندا زەردەخنە لەسەر لێوەكانت بێت و بەبیری خۆتی بهێنەرەوە كە ئەم دۆخە ناڕەحەتەی كە پێیدا تێدەپەڕیت دەكرێت لە داهاتوودا ببێتە چیرۆكێكی رابردوو و وابكات پێبكەنیت، ئەوەش بە گوێرەی سایتی  "success". لە " شكست" ەوە فێربە و بایەخ بە ئێستا بدە ئەنجامدانی هەڵە و شكست لەو شتانەن كە هەموان پێیدا تێدەپەڕن، لەبەرئەوە هەوڵبدە لەبری بیركردنەوە لە شكستەكە، لێیەوە فێربیت و ببێتە باشترین وانە بۆت و لە جاری داهاتوودا لەوە باشتر بكەیت، هەروەها سایتی "success" جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستی بایەخدان و بە هەند وەرگرتنی ئێستا و لە رابردوودا نەژین و ببینە قوربانی رابردوو. سەرچاوە: بەشی عەرەبی DW  


( درەو میدیا): خێزانی ئەو منداڵە ئەفغانییە ئاوارەبوون، كە بۆ ماوەیەكی كورت لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی ناوبانگی دەركردبوو، تێیدا درسێكی لە نایلۆن دروستكراوی یاریزانی بەناوبانگی ئەرژەنتینی لیۆنێل میسی پۆشیبوو، ئەوەش دوای ئەوەی چەكدارەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان هێرشیانكردە سەر ماڵەكەیان. دوو ساڵ لەمەوبەر مورتەزا ئەحمەدی كە ئێستا تەمەنی گەیشتوەتە حەوت ساڵ، بووە مانشێتی رۆژنامەكانی جیهان، ئەوەش كاتێك براكانی درێسێكیان لە نایلۆنی شین و سپی بۆ دروستكرد كە ناوی میسی و ژمارە 10ی لەسەربوو. بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە مورتەزای كتوپڕ كردە كەسێكی ناسراو بووە هۆی ئەوەی كە چاوی بە لیۆنێل میسی بكەوێت، بەڵام ئەو ناسین و دیدارەی لەگەڵ میسی بووە مایەی كێشە بۆ خێزانەكەی كە سەر بە كەمینەی هەزارەن و لە ناوچەی جاگوری هەرێمی غەزنە لە ناوەڕاستی ئەفغانستان دادەنیشن. شەفیقە ئەحمەدی دایكی مورتەزا لە ئێستا  لە خانویەكدا لە كابوڵی پایتەخت نیشتەجێبوون، دەڵێت:" مورتەزا بووە كەسێكی ناسراو لە هەموو جیهاندا، ناتوانین بە ئازادی بچینە هیچ جێگەیەك و مورتەزاش نەتیوانی وەك منداڵانی تر بچێتەوە قوتابخانە". دەشڵێت:" كاتی شەو پیاوانی گوماناوی لە نزیك ماڵەكەمانەوە هاتوچۆیان دەكرد و كاتێكیش چەكدارەكانی تاڵیبان هێرشیانكردە سەر گوندەكەمان بڕیارماندا بەجێیبهێڵین. ناوچەی غەزنە كە دەكەوێتە باشووری كابوڵی پایتەختەوە وگەیشتن پێی بە ئۆتۆمبیل دوو كاتژمێر دەخایەنێت، ئەمساڵ شەڕێكی زۆر قورس و سەخت تێیدا روویدا و ئابی رابردوو چەكدارەكانی تاڵیبان بۆماوەیەك غەزنەیان كۆنترۆڵكرد و شەڕێكی سەخت لە جاگوری رویداو بەهۆیەوە هەزاران كەس ئاوارەبوون. لەو بارەیەوە مورتەزا كە بە میسیەكەی ئەفغانستان ناسراوە وتی:" دۆخی ئەمنی باش نیە و ناوێرم بچمە دەرەمە، دەمەوێت وەك میسی ببمە یاریزانی تۆپی پێ و بتوانم بچم بۆ قوتابخانە". سەرچاوە: کەناڵی الحوڕە


( درەو میدیا): كریستیانۆ رۆناڵدۆ ویستی بەشداری بكات لە هەڵمەتی نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان، و لە دوایاری یانەكەیدا " یۆڤانتۆس" هاوشێوەی یاریزانەكان خەتێكی سوری لەسەر رومەتی نەخشاند، بەڵام كاردانەوەی جەماوەر زۆر توند بوو بەرامبەری. نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكردووە، ئەمساڵ لەو رۆژەدا گەڕێكی تری یارییەكانی خولی ئیتالیا " كالچیۆ" بەڕێوەچوو، یاریزانەكان وەك بەشدارییەك لە هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان خەتێكی سوریان لەسەر رومەتیان نەخشاند وەك پشتیوانییەك بۆ هەوڵە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان. یەكێك لەو یاریزانانەی كە بەشداری كرد لەو هەڵمەتەدا  كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی پرتوگال و یانەی پۆڤانتۆس بووە كە پێچەوانەی یاریزانە هاوڕێكانی رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە لەلایەن جەماوەر و بەركارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو یاریزانە ئێستا لە ئەمریكا روبەڕووی لێكۆڵینەوە دەبێتەوە لەسەر تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆسەر كچێك. كاسرینا مایۆرگا كچێكی ئەمریكییە و رۆناڵدۆ تۆمەتباردەكات بەوەی كە ساڵی 2009 لە ژوورێكی یەكێك لە هۆتیلەكانی لاس ڤێگاس دەستدرێژی سێكسی كردوەتەسەر. رۆژنامەی " دێرشپیگڵ"ی ئەڵمانی ئاشكرایكرد كە رۆناڵدۆ بڕی 375 هەزار دۆلاری ئەمریكی بەو كچە داوە لەبەرامبەر ئەوەی بێدەنگ بێت، لەبەرامبەریشدا رۆناڵدۆ ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و گرەو لەسەر ئەوە دەكات كە لێكۆڵینەوەكانت بێ‌ تاوانی دەسەلمێنن. رۆناڵدۆ  مانگی رابردوو لە  چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " فرانس فوتبوڵ" وتی:" رۆژێك دێت راستەییەكان ئاشكرا دەبن و ئەوانەی كە رەخنەم لێدەگرن و دەیانەوێت ژیانم بگۆڕن بۆ سێرك دەیبینن". بەشداری رۆناڵدۆ لە هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و چەند بەشداربوویەك رەخنەی توند لە ئەستێرەكەی یۆڤانتۆس دەگرن و گومانیان لە راستگۆیی هەیە و هەتا هەندێكیان داوادەكەن زیندانیی بكرێتز بەكارهێنەرێكی تۆِی تویتەر نوسیوێتی:" رۆناڵدۆ خەتی سور لەسەر رومەتی دادەنێت، بۆئەوەی سەرنج بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان رابكێشێت، لە كاتێكدا خودی خۆی تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێكسی و ئێستا لەسەر ئەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، بەراستی ئەوە گاڵتەجاڕییەن ئەو پیاوە بخەنە زیندانەوە". كەسێكی تر نوسیوێتی:" دەبێت پێبكەنم" و سێیەمیش دەڵێت:" كریستیانۆ رۆناڵدۆ خەتی سوری دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لەسەر رومەتی داناوە وەك پاڵەوانێكی فیلیمە سێكسییەكان كە بانگەشەی پاكیزەیی دەكات". سەرچاوە: DW


( درەو میدیا): كاتێك قسە دەربارەی میشێل ئۆباما دەكرێت، كەسانێكی زۆر ئەوەیان بە بیردا دێت كە خانمی پێشووی ئەمریكایەو و دایكی دوو منداڵە لەگەڵ چەند وردەكارییەكی بچوكی تر، بەڵام ئەو نهێنی زۆری پاراستووە و لە كتێبەكەیدا بەشێكی زۆری نهێنییەكانی ژیانی ئاشكراكردووە. میشێل لە كتێبەكەیدا دەربارەی ژیانی خۆی كە چەند رۆژێكە چاپكراوە دەرگای بۆ خوێنەرانی كردووەتەوە تا ئاشنای ئەو قۆناغەی ژیانی بن كە بە هەژاری لە باشووری شیگاكۆ و لەو شوێنەوەی كە تاوان زۆر تێیدا بەربڵاوە ژیاوە. میشێل كە هەموان وەك خانمی یەكەمی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بینویانە  لە میانی خولی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامای هاوسەریدا، لە منداڵیدا خەونی بە خانویەكی دوو نهۆمیەوە بینیوە و ئەو كە باوكی كەنفەتی سەر جێگا بووە، هەمیشە هیوای ئەوەبووە خێزانەكەیان ئۆتۆمبیلێكی گەورە و نوێ و چواردەگای هەبێت. كتێبەكەی میشێل ناوی "Becoming"  یان " وەرچەرخان"ە لە 426 لاپەڕە پێكدێت و بۆ 24 زمان وەرگێڕدراوە و لە سایتی ئەمازون لە رووی خواست لەسەرییەوە لە پلەی یەكەمدایە. میشێل هەرگیز رۆژێك خەونی ئەوە نەبووە ببێتە پارێزەر یان لەو بوارەدا كاربكات، بەڵكو هەمیشە خەونی بەوەوە بینیوە ببێتە پزیشكی منداڵان. كێشە لەگەڵ ئۆباما یەكێك لەو نهێنیانەی تر كە میشێل بۆ خوێنەرانی كتێبەكەی ئاشكراكردووە پەیوەستە بە پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، خەڵكانێكی زۆر وەك ژن و مێردێكی نمونەیی بینیویانن بەڵام میشێل نوسیوێتی:" بەڵێ‌ هاوسەرگیریمان زۆر خۆش بوو، بەڵام پێوەیستە لە پێناوی ئەوەی وابكەین خۆش بێت هەوڵبدەین". دەشڵێت بە گوێرەی زانیارییەكانی بۆ هەموو شتێك " چارەسەرێكی مامناوەندیی هەیە و ئاماژەش بەوەدەكات بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێك بیریان لێكردوەتەوە ناكۆكی و كێشەی لەگەڵ باراكی هاوسەریدا هەبووە. یەكێك لەو كێشانەی كە میشێل و هاوسەرەكەیدا بەدەستیەوە ناڵاندویانە قۆناغی سكپڕی بووە، چونكە میشێل ماوەی 20 ساڵە رووبەڕووی لە بارچوونی منداڵ بووە و دواتر بەهۆی دەرزی لێدانەوە دوو كچەكەی " مالیا و ساشا:" بووە. نەهامەتی بەردەوام لە نوسینەوەی ژیانی تایبەتیدا میشێل ئاماژەی بە نەهامەتیی خۆی كردووە بەهۆی رەنگی پێستییەوە و باس لەوەدەكات كە هەرچەندە وەك بەهێزترین ژن لە جیهاندا وەسفكراوە بەڵام لە بەرامبەردا دەڵێت:" سوكایەتیم پێكراوە بەوەی من ژنە رەشە توڕەكەم". میشێل بەهۆی رەنگی پێستییەوە دووچاری نەهامەتی زۆر بوووە و لەو ساڵەی كە هاوسەرەكەی رایگەیاند خۆی بۆ سەرۆكایەتی كۆشكی سپی كاندید دەكاتن رووبەڕوووی رەخنەی توند بووە لەسەر بیروبۆچونی دەربارەی پەیوەندیی رەشپێست و سپی پێستەكان كە لە نامەی ماستەرەكەیدا دەریبڕیبوون. میشێل لەو كتێبەدا باسی لە هەموو گۆڕانكاریی و وەرچەرخانەكانی ژیانی كردووە، بەڵام چاوپۆشی كردووە لە قسەكردن لە سكانداڵ و گەندەڵی كۆشكی سپی. سەرچاوە" بەشی عەرەبی DW  


( درەو میدیا): رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد ساڵی داهاتوو لە چوارچێوەی پێداچونەوەیەكی ورد بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا- سعودیە، دیموكراتەكانی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران لێكۆڵینەوە لە مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە كوشتنی رۆژنامەنوسی سعودیە جەمال خاشقچی دەكەن. ئەنداومی دیموكراتی ئەنجومەنی نوێنەران ئادەم شیف بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە كە لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران لێكۆڵینەوە دەكات لە هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بۆ كوشتنی خاشقچی و شەڕی یەمەن و سەقامگیری خێزانی فەرمانڕەوای سعودیە و مامەڵەی سعودیە لەگەڵ رۆژنامەگەری و چەند پرسێكی تر. ئادەم شیف دیاترین ئەندامی دیموكراتەكانە كە پاڵێوراوە بۆ سەرۆكایەتی  لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران، لە مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو كاتێك حزبەكەی دەبێتە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا كە لە هەڵبژاردنی كۆنگرێسی مانگی تشرینی دووەم زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا. شیف وتیشی لیژنەكە لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی سی ئای ئەی بۆ كوشتنی خاشقچی دەكات و هەروەها لێكۆڵینەوە دەكات لەوەی كە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی دارایی تایبەتی لەگەڵ سعودیەدا هەبێت و كاریگەری كردبێتە سەر مامەڵەی لە پرسی خاشقچیدا وەك سەرۆك.


(درەو میدیا): ژن و مێردێك لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریكا، لەكاتی پاككردنەوەی ماڵەكەیاندا بەهۆی جەژنی سوپاسگوزارییەوە، بلیتێكی یانسیبیان دۆزیەوەو خەڵاتێكی گەورەیان بۆ دەرچوو بوو كە ئەویش نزیكەی دوو ملیۆن دۆلارە. تینا ئاهرنبێرگ رایگەیاند لەكاتی پاككردنەوەی ماڵەكەیدا بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی سوپاسگوزاری كە پشووی فەرمییە لە ئەمریكا لەسەر مێزێكی نزیك جێگەی نوستنەكەی ژمارەیەك بلیتی یانسیبی  دۆزیوەتەوە و یەكێك لە بلیتەكان خەڵاتێكی گەورەی بۆ دەرچووە كە بەهاكەی دەگاتە 1.8 ملیۆن دۆلار. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " بی بی سی " ئەو ژن و مێردە هەفتەیەك پێش بەسەرچوونی وادەی پێشكەشكردنی پارەی یانسیبەكە ئەو بلیتەیان دۆزیوەتەوە و بلیتەكە لە شەشی حوەزیرانی رابردوو راكێشراوە و شەش مانگ ماوەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكەی دیاریكراوە. هارۆڵد ئاهنبێرگ بەدامەزراوەی یانسیبی لویزیانای راگەیاند چەندینجار سەیری ژمارەكانی بلیتەكانیان كردووە و پێیدا چوونەتەوە و پاش ئەوەی كە بۆیان دەركەوتووە بە رەسمی چوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە. ئەو ژن و مێردە لە شارۆچكەیەكی بچوك بە ناوی " ماندیفیل" دەژین كە 75 میل لە شاری باتون رۆگ پایتەختی ویلایەتی لویزیاناوە دوورە. هارۆڵد و تینای هاوسەری  دوای لێبڕینی باجی فیدراڵی دەبنە خاوەنی  1.3 ملیۆن دۆلار و وەك خۆشیان دەڵێن تاكە پلانیان ئەوەیە كە پارەكەیان لە بانك دادەنێن بۆ قۆناغی خانەنشینبونیان.


( درەو میدیا): ئەمیتاب باچان، ئەستێرەی بەناوبانگی بۆڵیۆد رایگەیاند قەرزی بۆ سەدان جوتیاری وڵاتەكەی داوەتەوە و بەهای قەرزەكە گەیشتوەتە نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار. ئەمتیاب لە سایتی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت نوسیوێتی كە قەرزی بۆ 1389 جوتیار داوەتەوە و دەشڵێت هەستدەكات كە دەستكەوتێكی گەورەی بەدیهێناوە. ئاشكراشیكردووە سەرجەم ئەو جوتیارانە خەڵكی هەرێمی ئۆتار برادیچن كە زێدی لە دایكبوونیەتی. دەیان هەزار لە جوتیارانی هندستان كەوتونەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە و كەرتی كشتوكاڵ لەو وڵاتە چەندین ساڵە بەهۆی وشكەساڵی كەمی ئاو و كەمبوونەوەی بەرهەم و نەبوونی ئامێری پێشكەوتووەوە دەناڵێنێت و خۆكوشتنی جوتیاران بەهۆی كێشەكانیانەوە بوەتە دیاردە و لە ساڵی 1995ەوە نزیكەی 300 هەزار جوتیار خۆیان كوشتووە. ئەمیتاب باچانی تەمەن 76 ساڵ كە یەكێكە لە بەناوبانگترین هونەرمەندەكانی هیندستانەو قەرزی ئەو جوتیارانەی لە بانكێكی حكومی داوەتەوە و بانكەكەش لایخۆیەوە ئەو بڕە قەرزەی بڵاوكردوەتەوە كە ئەمیتاب داویەتییەوە و هەرچەندە ناتوانرێت هەموو جوتیارەكان بێن بۆ شاری مۆمبای كە ئەمیتاب لێی نیشتەجێییە، بەڵام ئەو شەمەندەفەرێكی بۆ نزیكەی 70 جوتیار بەكرێ گرتووە و لە ماڵەكەیدا پێشوازیان لێدەكات و پسوڵەی دانەوەی قەرزەكانیانی پێشكەشدەكات و بڕیارە 26ی ئەم مانگە پێشوازیان لێبكات. ئەمە یەكەمجار نییە ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی هیندستان دەستی هاوكاری بۆ جوتیارانی وڵاتەكەی درێژبكات و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا قەرزی بۆ نزیكەی 350 جوتیاری هەرێمی ماهاراشترا دایەوە كە هەزاران جوتیار بۆ داواكردنی سڕینەوەی قەرزەكانی سەریان خۆپیشاندانین كرد. ساڵی 2007 ئەمیتاب باچان لەلایەن دادگایەكەوە تۆمەتباركرا بەوەی كە 90 هەزار پێ زەوی كشتوكاڵی بە نایاسایی دەستكەوتووە و تۆمەتی ساختەكاریی ئاراستەكرا، بەڵام دواتر بەهۆی پاشەكشێی لە داواكردنی ئەو زەویانە تۆمەتەكانی لەسەر لابرا. ئەمیتاب باچان، بەشداری لە نزیكەی 190 فیلمدا كردووە و لەم چەند ساڵەی دوایشدا لەچەند فیلمێكی بۆڵیوددا رۆڵی بینیەوە و لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی هیندستانیشەوە بەرنامەی " كێ‌ یەك ملیۆن دەباتەوە" پێشكەشدەكات كە بینەرێكی زۆری هەیە لەو وڵاتەدا. سەرچاوە: بی بی سی   


(درەو میدیا): لە یەكێك لە گەڕەكەكانی خۆرهەڵاتی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، تابلۆیەك بۆ یادكردنەوەی سەددام حسێن، دیكتاتۆری پێشووی عێراق دادەنرێت و بووە مایەی بێزاری بەشێك لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە. تابلۆكە لە مس دروستكراوە و لەسەری نوسراوە " یادكردنەوەیەكی خۆشەویستانە بۆ سەددام حسێن" و هەروەها ئاماژەش بە ساڵی لەدایكبوونی سەددام ( 1937) و مێژووی لە سێدارەدانی ( 2006 ) دراوە و لە ناوەڕاستی شەقامێكی قەرەباڵی ناوچەی وانستید، یەكێك لە گەڕەكەكانی خۆرهەڵاتی لەندەن هەڵواسراوە. هەڵواسینی ئەو تابلۆیە بۆ یادكردنەوەی سەددام حسێن توڕەیی و نیگەرانی بەشێك لە دانیشتوانی ناوچەكەی لێكەوتەوە،  مۆلیسا مۆندای چینین" 38 ساڵ" كە یەكێكە لە دانیشتوانی ناوچەكە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " ئیندیپێندنت" وتی:" زۆر ترسام، دایكم لێرە بوو سەردانی كردین و  ئەو سەرنجی  بۆ تابلۆكە راكێشام و بەراستی تووشی شۆك بووم و دەستبەجێ هەوڵمدا تەئكیدی لێبكەمەوە". وتیشی:" باوەڕم وابوو كە بە هەڵەدا چوووە، بەڵام ئەوەی ترساندمی ئەوەبوو راست بوو، باوەڕم وایە كە كارێكی دزێوە كەسێك یادی ژیانی كەسێك بكاتەوە كە بووە هۆكاری ئەو هەموو ترس و تۆقاندنە، ئەگەر بۆ نوكەتش بێت مایەی پێكەنین نیە". لایخۆشیەوە رید بریج وتەبێژی ئەنجومەنی ئەو گەڕەكە بۆ رۆژنامەی " سەن" وتی:" مۆڵەتمان بەكەس نەداوە ئەو تابلۆیە دابنێت و لابراوە". سەرچاوە: بی سی سی   


(درەو میدیا): توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە ژمارەی ئەندازیار لە ئەڵمانیا زۆر پاشەكشێی كردووە و رەنگە ئەمەش ببێتە هەلێك بۆ ئەو ئەندازیارانەی خوازیارن لە و وڵاتە گرنگەی یەكێتی ئەوروپا كاربكەن. بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیە كە سەندیكای ئەندازیاری كارەبا و ئەلیكترۆنیات و تەنكۆلۆژیای زانیاری " ڤی دی ئەی " ئەنجامیانداوە، دەركەوتووە لە 10 ساڵی داهاتوودا ئەڵمانیا پێویستە بە نزیكەی 100 هەزار ئەندازیاری كارەبا هەیە. گۆنتەر كیگڵ سەرۆكی سەندیكاكە دەڵێت:" پێویستە لەسەرمان هەوڵبدەین بۆ بەرزكردنەوەی ژمارەی ئەندازیارانی كارەبا لە رێگەی كۆچەوە". ئاماژەیبەوەشداوە كە كۆمپانیا مامناوەندەكات لە پێشەنگی ئەو كۆمپانیایانە كە لە دەرەوەی وڵات بە دوای ئەندازیاردا دەگەڕێن و جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە ئاسانكاری بۆ كۆچی هێزی كاری پسپۆر بۆ ئەڵمانیا بكرێت. بە بۆچوونی كیگڵ پێویستە رێگە بەكەسانی خانەنشینكراویش بدرێت بەردەوام بن لە كاركردن و دەڵێت:" پێویستە لەسەرمان كە هانیان بدەین بۆ ئەوەی كاتێكی كەمێك درێژتر كاربكەن".  سەرچاوە: بەشی عەرەبی " DW "  


(درەو میدیا): رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانیی رایگەیاند چوار وەزیری حكومەتی بەریتانیا كە پشتیوانی لە مانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكەن، زۆر نزیك بوونەتەوە لەوەی دەستلەكاربكێشنەوە. هەروەها رۆژنامەكە راشیگەیاندووە یەكێتی ئەوروپا پلانەكەی تیریزای مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای رەتكردوەتەوە سەبارەت بە رێوشوێنی سەربەخۆ بۆ سەرپەرشتیكردنی دەرچوونی بەریتانیا لەهەر ریزبەندییەكی گومركی كاتی كە یەكێتییەكە رەزامەندی لەسەر بدات. بە گوێرەی سەندەی تایمز تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بگاتە وردەكاری كۆتایی رێككەوتنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام دانوستانەكان دەربارەی سنور لەگەڵ ئیرلەندا تەگەرەیان تێكەوتووە. مەی پێشنیاری گرتنەبەری رێوشوێنی كاتی كردووە لە نێوان بەریتانیا و یەكێتی یەكێتی ئەوروپا, بەڵام لایەنگرانی دەرچوون لە یەكێتییەكە لەناو حزبەكەیدا ئەوەیان ناوێت و دەخوازن لەندەن قسەی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە وادەی كۆتاییهاتنی ئەو رێوشوێنانە بۆئەوەی بۆ هەتاهەتایە رێگەبگرن لە پەیوەستبوون بە یەكێتی ئەوروپاوە.


( درەو میدیا):     كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی ئێستای یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی و هەڵبژاردەی پرتوگال هۆكاری بەجێهێشتنی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی ئاشكراكرد و رایگەیاند بەهۆی فلۆرەنتینۆ پیرێزی سەرۆكی یانەكەوە بڕیاری دووركەوتنەوە لە یانەی شاهانەی داوە، چونكە پیرێز تەنها وەك ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی پارە تەماشایكردووە. رۆناڵدۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ  گۆڤاری " فرانس فوتبۆڵ" وتی:" پیرێز تەنها منی وەك ئامرازێكی بازرگانی دادەنا، ئەوە باش دەزانم، ئەوەی پێی وتم لە دڵییەوە نەبوو".  رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ دوای چەندین وەرز یاریكردن و بەدەستهێنانی دەیان نازناوی گرنگ لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، تەمموزی رابردوو بەرامبەر بە 100 ملیۆن یۆرۆ سەنگەری گواستەوە ریزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی. كریستیانۆ رۆناڵدۆ:   پیرێز تەنها وەك ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی پارە تەماشایدەکردم لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ " فرانس فوتبوڵ" رۆناڵدۆ وتی:" لە چوار  یان پێنج ساڵی كە لە ریاڵ مەدرید بەسەرمبرد، هەستم بە كەسایەتی خۆم كرد ، بەڵام دواتر ئەو هەستە پاشەكشێی كرد و زمانی چاوەكان لەلایەن سەرۆكی یانەكەوە شتێكی جیاوازیان دەوت، وەك ئەوەی یانەكە پێویستی بە من نەمابێت". وتیشی:" ئەوە هۆكار بوو بۆئەوەی بیر لە رۆیشتن بكەمەوە، هەندێكجار سەرنجی ئەو هەواڵانەم دەدات كە دەیانوت دەمەوێت مەدرید بەجێبهێڵم، من بیرم لەوە دەكردەوە هەستێكی وام هەبوو كە سەرۆك دەستم پێوەناگرێت". رۆناڵدۆ : بڕیاری رۆیشتنم پەیوەندی نەبوو بە بوونی زیدانەوە، هەست بە هەندێک ناڕەحەتی دەكەم دەربارەی بڕیارەكەم، كاتێك دەڕوانمە ئەوەی پێشبینیم دەكرد لە ریاڵ مەدرید رووبدات". دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ، ئێستا دۆخی یانەی ریاڵ مەدرید كەس حەسودی پێ نابات و یانەكە پێش دەستپێكردنی ئەم وەرزە بیری لەوە نەكردەوە جێگرەوەیەك بۆ رۆناڵدۆ بدۆزێتەوە و بەوەش ئاستی یانەكە ئێستا زۆ دابەزیوە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیادایە لە سایەی لۆپتیگی راهێنەری نوێی یانەكوە كە ئەگەرەكانی دوورخستنەوەی زیاتربوون. زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی شاهانە، لە دوای كۆتایی هاتنی وەرزی رابردوو جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ریشەیی، بەڵام ئەویش لە هەنگاوێكدا كە بە هەنگاوێكی زیرەك دادەنرێت یانەكەی بەجێهێشت. رۆناڵدۆ : یۆڤانتۆس هەست بە ئارامی دەكەم و هەست دەكەم خۆشەویستم و  ئەگەر كارەكە پەیوەندی بە پارەوە هەبوایە ئەوا دەچوومە چین و ئەو كاتە پێنج ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەم بەدەستدەهێنا. دەربارەی بڕیارەكەی بۆ دووركەوتنەوە لە مەدرید رۆناڵدۆ رایگەیاند زۆر رازییە لە بڕیارەكەی بە رەچاوكردنی ئەوەی ئێستا لەم وەرزەدا لە بێرنابیۆ روودەدات و وتی:" بڕیاری رۆیشتنم پەیوەندی نەبوو بە بوونی زیدانەوە، كە باسی لێوەكرا، هەست بە هەندێک ناڕەحەتی دەكەم دەربارەی بڕیارەكەم، كاتێك دەڕوانمە ئەوەی پێشبینیم دەكرد لە ریاڵ مەدرید رووبدات". رۆناڵدۆ رونیشیكردوەتەوە كە لە یۆڤانتۆس هەست بە ئارامی دەكات و هەست دەكات خۆشەویستە و دەڵێت:" ئەگەر كارەكە پەیوەندی بە پارەوە هەبوایە ئەوا دەچوومە چین و ئەو كاتە پێنج ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەم بەدەستدەهێنا، لە پێناوی پارەدا پەیوەندیم نەكرد بە یۆڤانتۆسەوە، هەمان ئەو بڕە پارەیەم لە مەدرید دەستدەكەوت، ئەگەر زیاتر نەبوایە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە یۆڤانتۆس بە راستی منی دەویست، ئەوەیان پێ راگەیاندووم ئەوەشم روونكردوەتەوە.


(درەو میدیا): ڤیچای سریڤاداناپرابا، ملیاردێری تایلاندیی و خاوەنی یانەی لیستەر سیتی ئینگلیزی بەهۆی تەقینەوەی هێلیكۆپتەرەكەیەوە گیانی لەدەستدا،  ئەو یەكێك بوو لە سەرمایەدارە پاكەكانی جیهان و ساڵی 2010 یانەی لیستەر سیتی كڕی و یارمەتیدا بۆئەوەی دوای شەش ساڵ نازناوی خولی ئینگلیزی " پریمەر لیگ" بەدەستبهێنێت. سریڤاداناپرابای تەمەن 60 ساڵ نیسانی 1958 لە بانكۆك لە دایكبووە و پێنجەمین دەوڵەمەندی تایلاند بوو، ساڵی 1989 بە كردنەوەی دوكانێك لە دوكانەكانی بازاڕی ئازاد دەستی بە كاری بازرگانی كرد و دواتر لە هەموو فڕۆكەخانەكانی تایلاندا بووە براندێكی بەناوبانگ بە ناونیشانی " كینگ پاوەر" و ئێستا بەهای ئەو براندە لەلایەن گۆڤاری فۆربسی ئەمریكییەوە بە 4.9 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. پەیوەندی سریڤاداناپرابا لەگەڵ یانەی لیستەر سیتی " رێوییەكان" بە گرێبەستی سپۆنسەریكردنی پۆشاكی تیپەكە دەستیپێكرد و دواتر بە بەهای 39 ملیۆن پاوەن یانەكەی لە میلان مانداریچی سربی كڕی. یانەی لیستەر سیتی ساڵی 2014 سەركەوت بۆ خولی پلە یەكی ئینگلتەرا، سریڤاداناپرابا كە لە شوباتی 2011دا بووە سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی یانەكە بەڵێنیدا 180 ملیۆن پاوەن بدات یانەكە ئەگەر سەربكەوێت بۆ پێنج پلەی پێشەوی ریزبەندیی خولەكە و كاتێك لیستەر سیتی لە وەرزی 2015- 2016 نازناوی خولی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، سریڤاداناپرابا بووە جێگەی قسەوباسی میدیاكان. دوای ئەو سەركەوتنەش سریڤاداناپرابا 19 ئۆتۆمبیلی " BMW I8S"ی پێشكەشی یاریزانەكان كرد كە بەهای هەر ئۆتۆمبیلێكیان 100 هەزار پاوەن بوو. سریڤاداناپرابا لەگەڵ ئیمون سریڤاداناپرابا هاوسەرگیری كردووە و چوار منداڵیان هەیە بەناوەكانی فۆرامس، ئەبیچای، ئەرونرۆنن ئایاوات و ساڵی 2013 لەلایەن پادشای پێشووی تایلاندەوە " پۆمیبۆو ئەدۆلیادیگ" ەوە نازناوی " سریڤاداناپرابا" بەو خێزانە بەخشرا كە بەواتای " روناكیی سەربەرزی هەڵكەتوو" دێت، ئەوەش لە پای ئەو كارانەی كە سریڤاداناپرابا لە بواری كۆمەڵایەتیدا ئەنجامیدابوون بە تایبەتی پەروەردە و فێكردن و تەندروستی منداڵان. . سەرچاوە: bbcarabic  


( درەو میدیا): ئەندامێكی رێكخراوی داعش كە بە رەگەز ئەڵمانییە و لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەدیل گیراوە داوا لە حكومەتی وڵاتەكەی دەكات هاوكاری بكات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتە. ئەو داعشە ئەڵمانیا كە بە سوفیان خۆی ناساندووەو ئامادەنەبووە ناوی راستەقینەی خۆی ئاشكرابكات تەمەنی 36 ساڵە و لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، كەسێكی سڤیل بووە و هەڵخەڵتێنراوە و هەرگیز چەكدار نەبووە و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سوریا و عێراق سەرقاڵی دروستكردنی قاچی دەستكرد و پێڵاوی پزیشكی بووە. سوفیانی تەمەن 36 ساڵ خەڵكی شاری شتوتگارتی باشووری ئەڵمانیایە و یەكێكە لەو سەدان داعشە بیانییەی كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە دەستگیركراون و هیوادارە حكومەتی ئەڵمانیا رەوانەی ئەو وڵاتەی بكاتەوە و رەزامەندیشە ئەو سزایەی بەسەردا بسەپێندرێت كە شایانیەتی.


(درەو میدیا): رۆژنامەی " قەبەس"ی ئوردنی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە كە حكومەتی عێراق داوای لە ئوردن كردووە پەیكەرێكی لەمس دروستكراوی سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراقی رادەستبكاتەوە. ئەو پەیكەرەی سەددام حسێن ساڵی 2003، هاوڵاتییەكی ئەمریكی هەوڵیداوە لە ئوردنەوە بە قاچاخ بیباتە دەرەوە ، بەڵام لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئوردنەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیانكردووە, ئوردن ئامادەنەبوو پەیكەرەكە بفرۆشێت، هەرچەندە بە گوێرەی سیستمێك رێگەی پێدەدرێت ئەو كەلوپەلە گومركیانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت دوای سێ‌ مانگ بیانفرۆشێت.  


(درەو میدیا): ڕۆژنامەیەكی لوبنانی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەكە بەسپێتی بڵاودەكاتەوە، بێئەوەی هۆكارەكەی ڕونبكاتەوە. ڕۆژنامەی (نەهار) كە لە 8 لاپەڕە پێكهاتووە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا تەنها ناوی ڕۆژنامەكەو وێنەیەكی (جوبران توینی)ی پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوسی دیاری لوبنانی لەبەشی سەرەوەی ڕۆژنامەكە بڵاوكردتەوەو تەواوی پەڕەكانی سپیەو هیچ بایەتێكی تێدا بڵاونەكراوەتەوە، ئەمەش سەرەنجی خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاكێشا. جوبران توینی پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوس لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2005 لە بەیروتی پایتەختی لوبنان تیرۆركرا.  بەگوێرەی قسەی ڕاگەیاندنەكانی لوبنان، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژنامەی (نەهار) دەیەوێت بەم هەنگاوە هاوارو زەنگی هۆشداری لێبدات بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئەو قەیرانە توندەی میدیای نوسراو پێیدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ ئەو دۆخە سیاسیی‌و ئابورییەی كە لوبنانی تێكەتووە. هاوكات، لەسەر پێگەی ئەلیكترۆنی ڕۆژنامەكە هیچ وتارو بابەتێكی نوێ‌ بڵاونەكراوەتەوەو كۆی خانەكانی بەبەتاڵی هێڵراوەتەوە، لەشەوی ڕابردوشەوە هیچ بابەتێكی تازە لەلاپەڕەی ڕۆژنامەكە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان پۆست نەكراوە.  بڕیارە ئەمڕۆ، نیلا توینی سەرنوسەری ڕۆژنامەی نەهار كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكبخات بۆ ڕونكردنەوەی ئەو هەنگاوەو سبەینێش ژمارەیەكی تێروتەسەلی ڕۆژنامەكە بڵاودەكرێتەوەو بەوردی هۆكارو ئامانجی بڵاوكردنەوەی ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەكە بەوشێوەی ڕونبكاتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand