1O نهێنی ژیانی تایبەتی ئەنیشتاین

Draw Media

2018-07-30 00:15:03



( درەو میدیا):
سایتی " ناشناڵ جیۆگرافیك" بە چەند زنجیرەیەك وردەكاری ژیانی تایبەتی زانای بواری زانستی فیزیا ئەلبێرت ئەنیشتاینی خستەڕوو، ئەمانە دیارترین نهێنییەكانی ژیانی تایبەتی ئەو زانایەن:
•    دەستبەردابوونی رەگەزنامە: لە سەرەتای تەمەنیدا ئەنیشتاین رەخنەی لە هەموو جۆرە نەتەوە پەرستییەك دەگرت و ئارەزووی دەكرد " هاوڵاتییەكی جیهان" بێت و لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەڵمانیی بوو و بە رەسمی خاوەنی هیچ رەگەزنامەیەك نەبوو، هەتا ساڵی 1901 بووە هاوڵاتی سویسرا.

•    هاوسەرگیری لەگەڵ خوێندكاری زیرەكدا: میلیڤا ماریچ تاكە خوێندكاری كچ بوو لە بەشی ئەنیشتاین لە پۆلیچنیك زیورخ و زۆر حەزی لە ماتماتیك و زانستەكان بوو، زۆر خواستی ئەوە بوو لە بواری فیزیادا پێشبكەوێت، بەڵام كاتێك لەگەڵ ئەنیشتاین هاوسەرگیری كرد دەستبەداری خولیا و خواستەكەی بووە و بووە دایكی منداڵەكانی.

•    دۆسیە لە " FBI " : لە ساڵی 1933دا نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا " FBI "  دۆسیەیەكی دەربارەی ئەنیشتاین كردەوە، ئەوەش ماوەیەكی كەم پێش سێیەم سەردانی بۆ ئەو وڵاتە، دۆسیەكە دواتر زیاتر و گەورەتر بووە گەیشتە 1427 لاپەڕە و هەموو بەڵگەنامەكانیش پەیوەست بوون بە پەیوەندی ئەنیشتاین بە رێكخراوی ئاشتیخواز و سۆسیالیستەكانەوە بە درێژایی تەمەنی، هەروەها جی ئێدگار داوایكرد بە گوێرەی یاسای دوورخستنەوەی بیانییەكان رێگە بە ئەنیشتاین نەدرێت بێتە ناو ئەمریكا، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە رەتكرایەوە.

•    منداڵی ناشەرعیی: میلیڤا منداڵێكی لە ئەنیشتاین بوو پێش ئەوەی هاوسەرگیری بكەن، ئەوەش كاتێك ساڵی 1902 لەگەڵ خێزانەكەیدا لە سربیا دەژیا و منداڵەكە ناوی " لیزریل"ی لێنرا و باوەڕ وایە كە لە قۆناغی منداڵیدا مردبێتن یان بەخشرابێت بە خێزانێك، ئەنیشتاین هەرگیز ئەو منداڵەی نەبینی و بونی ئەو منداڵە نهێنی بوو هەتا ساڵی 1987 دوای بڵاوكردنەوەی چەند نامەیەكی ئەنیشتاین ئاشكرابوو.

•    خەڵاتی نۆبڵ بۆ تەڵاقدان: ئەنیشتاین بەهای یەكەمین خەڵاتی نۆبڵی بەخشیە ژنی یەكەمی لەبەرامبەر جیابوونەوە لێی و بڕەی پارەكە ئەو كاتە گەیشتە 32.250 دۆلار، كە ئەوەش 10 جار زیاتر بوو لە تێكڕای موچەی ساڵانەی مامۆستایەكی زانكۆ لەو كاتەدا.

•    هاوسەرگیری دووەمجار: هاوسەری دووەمی ئەنیشتاین ناوی ئەلیسا بوو كە كچی پوری بوو ( خوشكی دایكی) و لە لایەكی تریشەوە باوكی كچەكە ئامۆزای ئەنیشتاین بوو.

•    چالاكی جوڵانەوە مەدەنییەكان: ئەنیشتاین بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە مەدەنییەكان و ئازادی رادەربڕین بوو، كاتێك نوسەر و چالاكی مەدنی ئێدوارد بۆرگارت بۆیس ساڵی 1951 تۆمەتباركرا لە كاركردن بۆ هێزێكی بیانی، ئەنیشتاین ئامادەیی دەربڕی لە بری ئەو بكوژرێت، كاتێك پارێزەرەكە ئەم خواستەی ئەنیشتاینی بە دادوەرەكە وت، دۆسیەكە داخرا.

•    منداڵی نەخۆش: كوڕی دووەمی ئەنیشتاین كە ناوی ئێدوارد بوو دووچاری نەخۆشی دەرونی " شیزۆفرینیا" بوو، زۆر سەرسام بوو بە فرۆیدن ئەنیشتاین دوای ئەوەی ساڵی 1933 كۆچی كرد بۆ ئەمریكا هەرگیز ئەم كوڕەی نەبینیەوە و ئێدوارد لە نەخۆشخانەیەكی دەروونی لە تەمەنی 55 ساڵیدا مرد.

•    هاوڕێی باوكی جەنگی كیمیایی: ئەنیشتاین هاوڕێیەتییەكی بەهێزی لەگەڵ فریتز هابەر هەبوو، كە زانایەكی كیمایی ئەڵمانیی بووە لە جولەكەوە ببووە مەسیحی و هاوڕێیەكی زۆر نزیكی ئەنیشتاین بوو، هابەر بە باوكی جەنگی كیمیایی دادەنێت و لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا پەرەی بە غازی كلۆرەی كوشندە دا كە لە هەوا قورسترە و دەبێتە هۆی خنكاندی سەربازەكان و بەهۆی سوتانەوەی قوڕگ و سیەكانەوە ئازاری زۆریان پێ دەگەیەنێت.

•    خۆشەویستی لەگەڵ سیخوڕدا: ساڵی 1953 ئەنیشتاین چاوی بە مارگریتا كۆنینكۆڤا دەكەوێت و عاشقی یەك دەبن، و لە زیادكردنێكی ئاشكرادا نۆ نامەی خۆشەویستی كە مارگرێتا بۆ ئەنیشتاینی نوسیوە نمایشكران، بە گوێرەی كتێبێكیش كە سیخوڕێكی روسیا نوسیوێتی، مارگریتا كاری بۆ دەزگای هەواڵگری روسیا كردووە، هەرچەندە مێژوونوسان ئەوەیان نەسەلماندووە.
سەرچاوە: العربی الجدید

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand