Draw Media

■ ئاراس فەتاح پرد فرەمانا و وەزیفەیە، ھەڵگری خەسڵەتێکی دووفاقەییە. لەکاتی پێویستدا دروستدەکرێت و لە دۆخی مەترسییشدا دەتەقێنرێتەوە. پرد دەشێت بەیەکبەستنەوەی دوو جوگرافیای سروشتیی بێت بەیەکتر، یاخود دابڕانی دوو جوگرافیای سیاسیی، کولتووریی، ئەتنیی یان ئایینی بێت لەیەکتر. پرد چەندە شوێنی گرێدان و بەیەکگەیشتنە، ھێندەش دەتوانێت ببێت بە سنووربەندیی و لێکدابڕان. پرد چەندە دەتوانێت سیمبۆڵێک بێت بۆ ڕق و دڵڕەقیی، ھێندەش دەتوانێت جێگایەک بێت بۆ خۆشەویستیی و لێکتێگەیشتن. پرد لەیەککاتدا دروستکردنی پەیوەندیی و سنووربەندییە لە نێوان ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“دا کە ھەردوو وەزیفەی دابڕان و بەیەکگەیشتنی لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە. نموونەی یەکەم:  لە کۆتایی نەوەدەکاندا کتێبێکی زۆرم بە زمانی عەرەبیی و کوردیی بۆ نووسینەوەی ماستەرەکەم لە کوردستان کڕی و ویستم لەگەڵ خۆمدا بیانبەمەوە بۆ فرانکفۆرت. لە دوای پەڕینەوە بە پردی برایم خەلیلدا کە دواخاڵی پشکنینی سنووری تورکیا و کوردستانی عێراقە، جانتاکەمیان پشکنیی و بینییان کە جگە لە کتێب ھیچی تری تیا نییە. ئەمەش بوو بە شوێنی گومانێکی گەورە. ئەفسەرێکی ئاساییش ھات کە دیاربوو کوردیی دەزانی، یەکە بەیەکەی کتێبەکانی پشکنیی و کتێبە کوردییەکانی جیاکردەوە و پێی ڕاگەیاندم کە ئەم کتێبانە بە زمانێک نووسراوان لە وڵاتی ئەواندا بوونی نییە و لای ئەوان نامۆیە و نایناسن. لەو چرکەساتەدا ھەستمکرد زمانی کوردیی وەک پیسییەک وێنادەکەن کە پاکێتی نیشتیمانی ئەوان دەشێوێنێت، یان ڤایرۆسێک بێت و لەودیوەوە ھێنابێتم و ھەڕەشە لە جەستەی کولتووری ئەوان بکەم. کابرای ئاساییش فەرمانی بە ژەندرمەکان کرد کە دەبێت چۆن بەسەر ئەو پردەدا ئەو کتێبانەم ھێناوە، ئاوھاش بەسەریا بگەڕێمەوە و بیانبەمەوە بۆ شوێنی خۆیان. بۆئەوەی تاکسییەکە و نەفەرەکانی کە لەگەڵمدا بوون زیاد لە پێویست دوانەخەم و فریای فرۆکەکەشم بکەوم، پێشنیاری ئەوەم کرد، مادام ناھێڵن کتێبەکان لەگەڵ خۆمدا ببەم، بەناچاریی لای ئەوان بەجێاندەھێڵم و بەدەستی خاڵی دەگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا. ژەندەرمەکان بەمەش ڕازیی نەبوون. پاش مشومڕێکی زۆر و ھەوڵی تێگەیاندنیان بەوەی کە ئەم کتێبانە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستیی بەکاردەھێنرێن، سەرەنجام ئەوان بە بزیەکی تاڵەوە دوو ھەڵاوێردیان خستە بەردەمم؛ یەکێکیان فڕێدانی کتێبەکان بوو لەسەر پردەکەوە بۆ ناو ڕووبارەکە و دووھەمیشیان بردنەوەیان بوو بەسەر پردەکەوە بۆ ئەودیو سنوور. کاتێک بەپیادە کتێبەکانم بردەوە ئەو دیو سنوور و کێشەکەم لە بەرپرسانی سنووری خۆمان تێگەیاند، کەچی ھیچ کەسێکیان ئامادەنەبوو کتێبەکانم وەکو دیاریی لێوەربگرێت، یان بیانبات بۆ کتێبخانەی گشتیی زاخۆ یان ھەر جێگایەکی تر کە پێشنیارمکرد. ناچار لەبەر پێی پێشمەرگەیەکی پارتیی دامنان و پێمگوت ئەمە دیاریی منە بۆ منداڵەکانت، ئەویش گوتی مامۆستا چی لەم کتێبانە بکەم؟ بەکەڵکی ئەوان نایەت! پاشان داوای لێبوردنم لە پێشمەرگەکە و کتێبەکانم کرد و بەپەلە بەسەر پردەکەدا گەڕامەوە بۆ تورکیا، بۆئەوەی فریای تاکسییەکەم بکەوم کە لەودیو سنوور چاوەڕێی دەکردم. مۆدێلی ناسیۆنالیزمی نەژادپەرستیی چەندە مانای کێشانی سنووری دەستکرد و دروستکردنی پردی جیاکارییە لەنێوان تێرمی ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“دا، ھێندەش مانای شکاندنی پردی پەیوەندییە لەنێوان کولتوور و زمان و جوگرافیای دەرەوەی خۆیدا و دروستکردنی کولتوورێکی باڵای نەتەوەییە کە تەنھا جێگای یەک زمان و یەک نەژادی تێدا دەبێتەوە. بۆئەوەی ناسیۆنالیزمی ئەتنیی بەرھەمبێت، دەبێت ھەموو ئەو پەیوەندییە ئینسانیی و کولتووریی و زمانییانە وێرانبکرێت کە لە نێوان ”ئێمە“ و ”ئەوان“دا بوونی ھەیە. بۆئەوەی دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستیی لەدایکبێت دەبێت ھەموو سنوور و پردەکانی پەیوەندیی لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرباز و دەزگاکانی ئاساییشدا بێت کە ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“ بەیەکتر دەبەستێتەوە. ئەوەی ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرستیی بەرھەمیدەھێنێت پرد نییە لە نێوان کولتوور و نەتەوەکان، بەڵکو شکاندنی ھەموو پردەکانە کە ئەگەری دروستبوونی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ و ئینسانیی و پلوراڵ بەرھەمدەھێنن. نموونەی دووھەم:  پردەکەی شاری مۆستار لە وڵاتی بۆزنەوھەرسەک کە بە ”پردی دێرین یان کۆنەپرد“ ناسراوە، یەکێکە لە مێژووییترین پردەکان لە جیھاندا. ئەم پردە ساڵانێکی زۆر ڕەمزی دابەشکاریی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات بوو. پردەکەی مۆستار تەنھا جیاکردنەوەی جیھانی مەسیحیی و ئیسلامیی نەبوو لەیەکتر، بەڵکو ڕەمزی دابەشبوونی کرواتە کاتۆلیکەکان و سێربە ئۆرتۆدۆکسەکانیش بوو. لە جەنگی ناوخۆیی یۆگۆسلاڤیای ئەو کات، ئەم پردە ڕۆڵێکی ستراتیژیی دەگێڕا، ھەربۆیە لە ساڵی ١٩٩٣دا لەلایەن گاردی کرواتییەکانەوە تەقێنرایەوە. دوای جەنگ و بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەکی زۆر لە تاوانبارانی جەنگ لە دادگای نێونەتەوەیی لە شاری دێن ھاگ حوکمدران کە یەکێک لە خاڵەکان بریتی بوو لە تاوانی تەقاندنەوەی ئەو پردە. سەرئەنجام سەرۆکی ئەوسای حکومەت، یادرانکۆ پرلیچ بە ٢٥ ساڵ و وەزیری بەرگریی بە ٢٠ ساڵ و چەندین جەنەراڵیش بە ٢٠ ساڵ حوکمدران. نموونەی سێھەم:  لە مێژووی نوێی ھەرێمی کوردستانیشدا بۆیەکەمینجار تەقاندنەوەی پردێک نەک ھەر دەبێت بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندیی کورد بە بەغداوە و گۆڕانکاریی گەورەی لەو وێنایەی کە لەسەر ھێزی بەرگریی و ئازایەتیی کورد ھەبوو دروستکرد، بەڵکو بووە ھۆکاری گۆڕانکاریی قووڵ لە وێنای کورد لەسەر خۆی و پەیوەندیی کورد بە خۆشیەوە. دووبارە دروستکردنەوە و کردنەوەی پردەکەی پردێ لەدیدگای ناسیۆنالیزمی نوێی عێراقییەوە مانای دروستکردنی پەیوەندیی نییە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا وەکو سەرانی ناسیۆنالیزمی کوردیی پروپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵکو مانای دروستکردنەوەی پەیوەندییە لەنێوان دووپارچەی لەیەکدابڕاوی سنوورێکی سروشتیی ناو دەوڵەتی عێراق. کردنەوەی ئەم پردە مانای سەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردیی نییە کە ئاڵاکەی لە حەمرینەوە گواستەوە بۆ سەر پردی پردێ، بەڵکو مانای سەرکەوتنی سیاسەتی سەروەرێتیی سەربازیی و ئابووریی دەوڵەتی عێراقییە بەسەر سەرکێشیی ھێزێکی لۆکاڵیی لەناو دەوڵەتەکەیدا و بچووکردنەوەی ھێز و سنووردارکردنی ڕووبەری جوگرافیی دەسەڵاتێتی. کردنەوەی پردی پردێ ڕەمزی داننانی بەغدا نییە بە سەروەریی ھەرێم، بەڵکو سیموڵی داننانی ھەرێمە بە بەغدا وەک سەروەری خاک و ئاسمانی دەوڵەتی نوێی عێراق. کردنەوەی ھاموشۆی سەر پردەکە ڕووداوێکی نیشتیمانیی نییە، چونکە بە کۆنتڕۆڵکردنی نیوەی خاکی ھەرێم و سامانی ژێر زەوی و سەر زەویی و ئاسمانیی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستیپێکرد و بە ملکەچکردن و ئیملاکردنێکی بێوێنەی سیاسیی بۆ براوەی جەنگ کۆتاییھات. پرد چەندە کەرەسەیەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی، ھێندەش کەرەسەیەکە بۆ تێکشکاندنی پەیوەندیی. چەندە ھێمایەکە بۆ ئاوەدانیی، ھێندەش دەتوانێت ڕۆڵی وێرانکاریی بگێڕێت. کاتێک لە جەنگدا بەرگریی لە پردێک دەکرێت، مانای ئەوەیە کە ڕۆڵێکی ستراتیژیی لە تەرازووی ھێز دروستدەکات. ھەرکاتێکیش ئەو پردەی کە بەرگریی لێدەکرێت بوو بە ھەڕەشە و مەترسیی، ئەوا چارەنووسی تەقاندنەوە دەبێت. پرد رێگایەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان چەق و کەنار، بەڵام کاتێک مەترسیی بۆ چەق دروستدەبێت پێگەی کەنار گرنگیی خۆی لەدەستدەدات و پردەکە دەروخێنرێت، بۆئەوەی بەرگریی لە نێوەند بکرێت. چەمکی چەق یان نێوەند لە دیدی پارتییدا بریتییە لە ھەولێر نەک کەرکوک یان سلێمانی. ئەم نێوەندە دەتوانێت بچووکتریش بێتەوە و بەرەو دھۆک و لەوەش بچووکتر بەرەو ناوچەی بارزان ھەڵکشێت، گەر جەبری پاراستنی چەقی دەسەڵات فشاری بۆ بھێنێت. گومانی تێدا نییە ناسیۆنالیزمی نوێی عێراقیی دوای بەعسیزم کە شیعیزمی عێراقیی بەھەموو ڕەوتەکانییەوە ڕابەرایەتی دەکات، بەدوای ھەلێکدا دەگەڕا کە سەروەریی خۆی بەسەر خاک و ئاسمانی خۆیدا وەدەستبھێنێتەوە و نیشتیمانپەروەرییەکی نوێی عێراقیی بە مۆدێلی شیعە نماییشبکات. ئەم ھەلەش ریفراندۆکەی پارتیی و یەکێتی و ھەموو ئەو ھێزانەی بە ھەڵەستراتیژییەکانی بارزانیی فریویان خوارد، خستیانە سەر سینییەکی زیڕین و بردیانە بەردەمی حەشدی شەعبیی و عەبادییەوە کە لەدوای ڕزگارکردنی موسڵ وەکو پاڵەوانێکی نەتەوەیی شاباشی خۆی پێکرد. بەپێچەوانەی ڕووداوی پردەکەی شاری مۆستار کە پاش نۆژەنکردنەوەی بەئامادەبوونی نوێنەرانی ٦٦ دەوڵەت لە ئاھەنگێکی بێوێنەدا کرایەوە، پردی پردێش دوای ساڵێک لە بێمانایی سیاسیی و مێژووییدا وەکو ”ناڕووداوێک“ بە ئامادەبوونی چەند پۆلیسێک دەکرێتەوە و بەبێ ھیچ دادگاییکردنێکی ڕەمزیی یان ھەقیقیی تێدەپەڕێت. ھەربۆیە وەک ھەر پردێکی ئاسایی کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، دووبارە دەکرێتەوە و دەبێت بە ھەواڵێکی تێپەڕ لەناو ھەواڵەکانی تری ڕۆژانەی ناو میدیاکاندا. سەرەڕای ئەو ھەموو وێرانکاریی و قوربانییەی کە بە لەدەستدانی نیوەی خاکی ھەرێم و داخستنی فرۆکەخانەکان و سنوورەکان کۆتایی ھات، تەنھا بارزانی بە فشاری ئەمریکا و ھێزە ئیقلیمییەکان دەستی لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کێشایەوە و نەجمەدین کەریمیش ھەڵھات و کورسیی پارێزگاری کەرکوکی بەجێھێشت، جگە لەم دوو ئەکتەرە ھیچ کەسێک یان ھێزێکی تر بەرامبەر بەو شکستە مێژووییە دادگایی سیاسیی و ئەخلاقیی نەکرا و لێپێچینەوەی یاسایی و سەربازیی لە ھیچ ھێزێک و کەسێک نەکرا کە بوونە ھۆکاری ئەم کارەساتە نیشتیمانییە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و کۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق. پێدەچێت شوێنگەی پردێ لە دیدو ستراتیژی پارتییدا مۆدێلی دووھەمی دێگەڵە بێت. گەر دێگەڵە ئەو سنوورە بێت کە لەناو ناسیۆنالیزمی تێکشکاوی ھەرێمییانەی (قطري) کوردییدا کێشرا و شکستی پڕۆژەی نەتەوەسازیی تێدابەرجەستەبوو، ئەوا دوبارەدروستکردنەوەی پردی پردێ بەیانی ئەو پەیوەندییە بەزیوەیە کە ناسیۆنالیزمی شکستپێھێنراوی ھەرێمیی کوردیی بە ناسیۆنالیزمی نوێی عەرەبی عێراقییەوە دەبەستێتەوە. ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی بەپێی ستراتیژیی مانەوەی خۆی خوێن لەسەر پردەکان دەڕێژێت و کەی بیەوێت دەیانتەقێنێتەوە و کەی بەرژەوەندیشی واخواستی تەنازولی مێژوویی دەکات و پاش دروستکردنەوەشیان لەشوێنی پەڵەخوێنەکاندا ئاڵای کوردستان ھەڵدەکات و وەکو سەرکەوتنێکی وەھمیی نەتەوەیی بە خەڵکی ئێمەی دەفرۆشێتەوە. پردی پردێ سیمبۆڵی شکستی پەیوەندییەکی شکاو و ئاڵۆزی نێوان ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی و نیشتیمانپەروەرێتیی نوێی عێراقییانەی قۆناغی دوای بەعسیزم و داعشیزمە. گواستنەوەی ئاڵای کوردستان بۆ پردێ ئەگەری ئەوەی ھەڵگرتووە کە کەرکوک لە شوێنی ململانێی نێوان کورد و عەرەبی شیعە و سوننەوە گەشەبسەنێت بۆ کوانووی ململانێی توندی نێوان کورد و تورکمانیش بە سپۆنسەری دەوڵەتی تورکیی. شکستی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی ساڵانێکی زۆر پێش تەقاندنەوەی پردی پردێ دەستپێدەکات. ئەم ناسیۆنالیزمەی پارتیی و یەکێتیی لە ھەڕەتی دەسەڵاتی خۆیدا بەتەنھا ھەموو ئەو پردانەی نەتەقاندەوە کە بۆ رێکخستنی ماڵێکی دیموکراسیی لە ھەرێمی کوردستاندا پێویست بوو، بەڵکو ھەموو ئەو پردانەشی وێرانکرد کە لەڕووی سیاسیی و کولتووری و لێکتێگەیشتنەوە لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی تر لەدەرەوەی ھەرێمدا پێویستبوون، بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ لە پێکەوەژیان و بنیاتنانی دونیایەکی یەکسان و دادپەروەر و پلوراڵ.


■ ساڵح موسلیم سەرچاوە ھەواڵییە جیھانییەکان لە ئێستادا زیاتر تیشکیان خستووتە سەر قەیرانی دارایی تورکیا و دابەزینی بەھای لیرەی ئەو وڵاتە کە ھۆکارە سەرەکییەکەی بریتییە لە خراپبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا و ھەر وەک ئەوەی بەرپرسانی تورکیاش دەیانەوێت وەھا وێنەی بکەن بۆ ئەوەی سیفەتی پاڵەوانێتی بدەنە پاڵ ئەردۆغان وەک ئەوەی ململانێ لەگەڵ ئەمریکای تاکە ھێزی جیھان دەکات. بەڵام لە ڕاستیدا قەیرانەکە شتێکی کاتی و نوێ نییە و بەڵکو پێشبینی کراوبوو بە شێوەیەک ئەنجامدانی ھاوپەیمانی لە نێوان حزبە شۆڤێنییە تورکەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە حوزەیرانی ڕابردوودا لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەبوو ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵی ئابوری و سیاسی و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا ببنەوە، ھەر بۆیە ڕەگوڕیشەکانی ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی زۆر پێشتر دەگەڕێتەوە و ھۆکارەکەشی گەندەڵی و فێڵ و کاری خراپی دەسەڵاتدارانی تورکیایە. پێش ھەموو شـتێک، گەیشتنی ھاوپەیمانی "ئەردۆغان ـ گولەن" بە لوتکەی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە خۆڕا نەبوو بەڵکو بە ھاوکاری چەند لایەنێکی دەرەکی بووە کە بە ھەموو شێوەیەک لە ڕووەکانی ئابوری و سیاسییەوە ھاوکارییان کردوون بۆ ئەوەی بگەنە ھەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی تورکیا، ھەروەھا لەم کاتەشدا تورکیا یەکەم وڵات بوو سودی لە ھەر دوو جەنگی کەنداو بینی و توانی لە ڕووی ئابورییەوە بەھۆی فرۆشتنی چەک و کاڵاکانی بە وڵاتانی ناوچە زیرەکانە ماوەیەک خۆی لە قەیرانی دارایی ڕزگاربکات کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتبووەوە. ئەردۆغان لەڕێگەی پەیوەندی بە ھێزی لەگەڵ بەشار ئەسەد توانی لەو ماوەیەدا سوریا بکاتە داگیرگەی کاڵا تورکییەکان و بازاڕێکی گونجاو بدۆزێتەوە و ھەروەھا کاتێکیش ئەمریکا عێراقی داگیرکرد تورکیا توانی ھەژمونی خۆی لە باشوری کوردستان بچەسپێنێت و توانی لەرێگەی ناردنی کاڵا و دزینی نەوت و دروستکردنی بۆرییەوە داگیرگەیەکی ئابوری تر بۆ خۆی دروستبکات. ھەروەھا دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی بە سەر ئێراندا سەپاند تورکیا ئەمەی بە ھەلزانی و دەرگای بازرگانی بە شێوەی ئاشکرا و نھێنی بە ڕووی ئێراندا کردەوە و بانکە تورکییەکانیش لەم بوارەدا ڕۆڵیان ھەبوو و کە سزاکانیان لەسەر ئێران سوکترکرد لەڕێگەی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی دۆلار و زێڕەوە ھەروەک ئەوەی کێشەکە لە ئێستادا لە دادگاکانی ئەمریکا ھەیە و نمونەش کێشەکەی ڕەزا زەڕابە. کاتێکیش بەھاری عەرەبی و شۆڕشی گەلانی ناوچەکە ڕوویاندا تورکیا زیرەکانە توانی خۆی وا دەرخات کە پارێزەی مافی ئەو گەلانەیە و دیموکراسی دەوێت لەم ڕێگەوە توانی قایلیان بکات کە ھاوڕێی ئەو گەلانەیە و ئیتر مەبەستە شاراوەکانی خۆی دەرنەخست و سەرەتا تونس و دواتر لیبیا و میسر و ئینجا سوریا، پێش ئەوەشی شەڕ لە سوریا دەستپێبکات ھەستا بە دابینکردنی کەمپی ئاوارە و کردنەوەی سەربازگە و جێگەی مەشق و ڕاھێنان و لەم پێناوەدا پارەیەکی زۆری خەرجکرد و ھەروەک "بن جاسم" دانیپێدانا کە ١٣٧ ملیۆن دۆلاریان بۆ کردەی سەربازی و کڕینی چەک دابینکردووە لە سوریا و لەم ڕێگەیە تورکیا کرایە شوێنی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە و دواتر خۆی ئاڕاستەی دەکردن. ھەروەھا ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە تورکیا کرد دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک مانگای شیردەر بەکاریان ھێنان و ملیۆنان دۆلاریان بە ناوی ئەوانەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرییەکانی جیھان وەرگرت و ئەوەشی بە مەرج گرت کە سەرجەم پارەکان لەڕێگەی دامەزراوەکانی تورکیا خەرج بکرێت و دواتر شاری غازی عەنتابی کردە بنکەی ڕێکخراوە جیھانییەکان و سەرجەمیان لە ژێر ئیدارەی دەزگای ھەواڵگری تورکیا کاریان دەکرد و دەبوو بۆ دابەشکردنی یەک کاڵا ڕەزامەندی ھەواڵگری وەرگرن. ئا لەم قۆناغەدا تورکیا توانی ڕێکارەکانی تایبەت بە خۆی بەھێز بکات بۆ جێبەجێکردنی نەخشەو پلانەکانی و دەرکەوتنی داعش و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیش زیاتر ئەم کارەی بۆ تورکیا خۆشکرد و کە دەستیکرد بە بازرگانی نەوت و کاڵا قاچاخەکانی تر لەگەڵیان و ھەموو ئەم یاریانەی تورکیاش بەرەبەرە دەرکەوت و بە تایبەت دوای شکانی داعش لە کوبانێ کە بووە ھۆی یەکەم شکستی "تورکیای زیرەک". لە دوای ئاشکرابوونی یارییەکانی تورکیا و شکستەکانی، دەستیکرد بە ھێرشکردن و دەمەقاڵێ لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی دەستیان لە سوریا ھەبوو لێرەوە ھەڕەشەی ئەوەی لە ئەوروپا کرد کە دەرگا بۆ ئاوارەکان دەکاتەوە بچنە ئەو وڵاتانە ئەگەر مەرجە ئابوری و سیاسییەکانی قبوڵنەکەن و لێرەوە ھەر بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ئەمریکاشی تۆمەتبارکرد کە دەستی ھەبووە لە کودەتاکەی تورکیادا و لێرەوە سەرەتای پێکدادانی تورکیا و ئەمریکا دەستیپێکرد و قەشەیەکی ئەمریکی دەستگیرکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ فەتحوڵا گولەن دیل بە دیلی پێبکات و دۆسییەکانی بانکە تورکیەکان و کێشەی ڕەزا زەراب دابخات کە سەرجەمیان لەژێر سەری کەسە نزیکەکانی ئەردۆغاندابوون. لێرەوە دەتوانین بڵێین قەیرانەکەی تورکیا لە ھەردوو ڕووی ئابوری و سیاسییەوە زۆر قوڵە و ماوەیەکی درێژە دەستیپێکردووە و ئەوەی زیاتر قەیرانەکەی دەرخست ئەوەبوو ئیتر تورکیا سەرچاوە ناشەرعییە داراییەکانی لە سوریا لە دەستدا و لە داھاتووشدا بە ھۆی سزاکانی سەر ئێران بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەش لە دەستدەدات دوای ئەوەی کە ئەمریکا ئاگاداریکردەوە. ھەموو ئەو ھۆکارە دەرەکییانەی ئاماژەم پێکرد تەنھا نین و بەڵکو ھۆکاری ناوخۆیش ھەن لە دەرەکییەکان گرنگترن ئەویش جەنگی ناوخۆی تورکیایە کەوای کردووە لە بری گەشەسەندنی پیشەسازی مەدەنی گرنگی بە پیشەسازی سەربازی و چەک بدرێت و بازرگانانی جەنگ دروستببن کە ھیچ کاتێک کۆمەڵگایان لا گرنگ نیە. لە بەرئەمانە دەتوانین بڵێن قەیرانی دارایی تورکیا بریتییە لە "خلیسکان و کەوتنی زیرەکێک" کە بەساختە زیرەک بووە و ئەم کەوتنەشی زۆر بە ئازارە و دەرھاویشتەکانیش لە داھاتوو زیاتر دەبن لەسەر گەلی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ لە ھەردوو ڕووی ئابوری و سیاسییەوە.


■ لاوك سەڵاح گۆرانکاریە ناوخۆییەکان ودەرەکییەکان و دەستێوەردانی ئیقلیمی زۆر خێران، ئێران وتورکیا لە ململانێیەکی سەختی ئابووریدان لەگەڵ ئەمەریکا کە شێوازی سزادانی ئەم ناوچەیەی بەهۆی سەرکێشی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانەوە لە پەلامەردانی سەربازییەوە گۆریوە بۆ سزای توندی ئابووری. ئەمە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمەریکایە. هەرێم بە گۆرانکاری ریشەییدا تێدەپەرێت، هەرێمی ساڵانی نەوەدەکان وتەنانەت سەرەتایی ساڵانی دوو هەزار نییە، لەناوخۆدا هێزی نوێ و کاراکتەری سیاسی نوێ هاتوونەتە گۆرەپانی سیاسەتەوە، هەرێم چیدی بەتەنیا هەرێمی پارتی ویەکێتی نییە، هەرچەندە لە وێنە گەورەکەدا پارتی ناوچەیەکی گرنگی جیۆپۆلۆتیکی بەدەستەوەیە کە ئەمەریکا ناتوانێت گرنگی پێنەدا و پارتی ئیهمال بکات، تا ئەم ساتە، پارتی لە هەموو پارتەکانی دیکە دیسپلینی بە شێوازی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە پارتی سەرباری ئیمزاکردنی رێکەوتنامەیەکی گرنگی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاییەکی گرنگی رووسیدا ناتوانێت لە دەرەوەی ئەجەندای ئەمەریکا رەفتار بکات، هەربۆیە هەموو سنوورەکان تەسلیم بە بەغدا کرانەوە و نەوت دەڕوات و مووچە دێت و گرفت لەگەڵ بەغدا لەم ساتەدا نییە، بەهەمان شێوە یەکێتی پەیوەندیەکی توندی بە ئێرانەوە هەیە، هێزێکی گەورەی لۆکەڵی لە بەردەستدایە، سەربار بە نەبوونی سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و رەفتارە سەیروسەمەرەکان وسەربەخۆکانی کەسە ناشارەزاکانی، هێشتا لەرزۆکانە حکومرانی ناوچەی سەوز دەکات . گۆران میراتێکی سیاسی و تێروانێکی سیاسی تایبەتی بۆ ئاییندەی سیاسی ئەم هەرێمە هەیە، کە زۆرجار روون و یەک یەکە نییە و پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە توانای ئەندامەکانیدا رەنگبداتەوە، بەڵام هێشتا وەک رکابەرێکی سەخت دەتوانێت رۆڵی گرنگ لەسەر ئاستی شەقام و چەمکەکانی دادپەروەری ویەکسانی و دەوڵەت و حکومرانی کاری زیاتر بکات. هێزە ئیسلامییەکان نوێنەرایەتی چینیكی فراوان لە کۆمەڵگە دەکەن کە ناکرێت پەرواێز بکرێن و لە ناو ململانێی زاراوە سیاسییەکانی عیلمانییەت وئیسلامی سیاسی و ئیرهابی سیاسیدا بخنکێنرێن، نەوەی نوێ و هێزە بچووکەکانی دیکە لەسەر ئاستی ئەندامەکانیان  خیتابێکی سیاسیان لە جۆرێکی دیکە هەیە کە ساڵانێکە پارتە کلاسیکییەکان لە ژێر فشاری چەمکە شۆرشگێرە چەواشەکاندا، نەیانتوانیوە ئاوریان لێبدەنەوە.  هەرێم لەسەر ئاستی خیتابی سیاسی پێویستی بەدەستپێشخەرییەکی سیاسییە کە بتوانێت ئەم هێزانە کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات و بە نەخشە رێگایەکی پراگماتیکییانە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات دوور لە دروشمی بێ مانا و دوورلە شێوازەکانی پۆپۆلیزمی سیاسی بدوێن و پلانی کۆنکرێت بۆ ئاییندەی هەرێم دارێژرێت، لانی کەم متمانەی خەڵک بگەرێننەوە  تاوەکو ئەوەی ماوە تەرخان بکرێت بۆ شەرعیەتی سیاسی دوور لە قومارکردن و دوور لە فێڵ وجەهلی کەسە ساختەکان. لەهەمان کاتدا لە ئەجێندای دەرەوە تێبگات و بتوانێت وەک بەرگدروو پرۆژەیەک بە قەبارە و ئاستی ئەم کۆمەڵگە پێشکەش بکات کە تێگەیشتن لە پارسەنگی بەرژەوەندییە سیاسیەکان وململانێکانی مێژوو و پێکدادانەکانی کەلتوور و پێداویستییە فراوانەکانی کۆمەڵگە تیایدا رەنگبداتەوە. ئێمە هەموومان لە خەتەرداین ئەگەر بەلەمێک نەبێت بەهێمنی لە کەناردا لەنگەر نەگرێت.   چارەنووسی زیاد لە ٤ ملێۆن کەس بەدەست ئێوەوەیە، ئەو دەستپێشخەرییە جوامێری و راستگۆیی سیاسی دەخوازێت


■ کاروان عه‌لی شامار ھیچ کات خەوفی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر ناوچەکە بارتەقای ئێستا مەترسیدار نەبووە چونکە ھەنوکە ئه‌و حیزبه‌ سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی حکومەتی لەدەستدایە ئەمە وێرای کۆنترۆڵکردنی بازارو کەیسی نەوت و گاز! لێ ھاوکات پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی سلێمانیش کەمترین فۆکەسیان لەسەر ئەم گەورەبونە ناسروشتیه‌ی پارتی ھەیه‌ و ململانێی سیاسی لۆکاڵی ده‌رفه‌تی ئەوەی پێنەبەخشیون که‌ پێشگرن له‌وه‌ی پارتی ببێ به‌ حزبی یه‌که‌م و سه‌رداری ناوچه‌که‌.  ئه‌و مەترسیانه‌ی که‌ پارتی چاوگی سه‌ره‌کیانه‌و دوور نییه‌ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا کوردستان دووچاری ‌ده‌یان گرفت و قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ بکا‌ بۆیه‌ لێره‌یا به‌کورتی ئاماژه‌ به‌به‌شێکیان ده‌که‌ین! (1) یه‌ک له‌و مه‌ترسیه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ پێشبینی ده‌کرێت له‌ ئاینده‌دا ڕوو بداو بۆته‌ مژاری گه‌رمی میدیاکان ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی ده‌یه‌وێ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا زۆرینه‌ی ڕه‌های کورسیه‌کان به‌ده‌ست بهینێ و له‌ کاتێکدا بەھەموو پێودانگەکان دەبوو پارتی لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوه‌ بەرەو ترازان و ھەڵوەشاندنەوە برۆشتبا وەلێ نەک ئەنجامەکە واده‌رنه‌چوو به‌ڵکو کورسی زیاتری به‌ده‌ستھێنا! وا بڕیاره‌ له‌ 30-9 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئه‌نجامبدرێ پارتی لە ھەموو حزبەکان زیاتر ئامادەیه‌و دەیەوێ لەم ھەڵبژاردنەدا به‌هه‌ر نرخێک بوبێ زۆرینه‌ی ڕه‌هاو (50+1) به‌ده‌ست بێنێ و به‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ کۆتاکان و دوکانه‌ سیاسیه‌کاندا حکومەتی داهاتوو پێکبێنێ. به‌مه‌ش کوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی دروست بوونی دیکتاتۆری و تاکحیزبی هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌ش دروست ده‌بیت له‌سه‌ر ئه‌و ئازادی و دیموکراتییه‌ی که‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌ ناوچه‌که‌دا بوونی هه‌یه‌! (2) یەکێکی تر له‌و مه‌ترسیانه‌ی که‌ ده‌لاقه‌ی له‌سه‌ر کاری په‌رله‌مان دروست کردوه‌و بونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی کورسی کۆتاکانه‌ که‌ پارتی رێگه‌نادات ئه‌و که‌مایه‌تیانه‌ خۆیان نوێنه‌ری خۆیان ده‌ست نیشان که‌ن و ده‌نگ به‌ قه‌واره‌که‌ی خۆیان به‌ن له‌بری ئه‌وان ئاسایش و زێره‌ڤانی ده‌نگ ده‌دات و زۆرجاریش کاندیدی کۆتاکان ئه‌ندامی رێکخستنه‌کانی پارتین‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا په‌رله‌مانی عێراق به‌و گه‌وره‌ییه‌وه‌ له‌ کۆی 329 کورسی ته‌نها 9 کورسی کۆتایی هه‌یه‌ بۆ پێکهاته‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ لیستی خۆیان داده‌به‌زن که‌چی له‌ کورستان له‌ کۆی 111 کورسی په‌رله‌مان 11 کورسی کۆتا هه‌یه‌ کۆی کورسیه‌کانیش هه‌مووجار له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ کۆنترۆڵکراوه‌. ئه‌م کۆتایانه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ پارتی هاوده‌نگ بونه‌، وه‌ له‌ دانیشتنه‌کانی په‌رله‌ماندا هۆکار بونه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌یان پرۆژه‌ یاسایی گرنگ و چاره‌نوساز بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی. (3) فرۆشتنی نه‌وت سه‌ربه‌خۆیانه‌و له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ یه‌کێکی تر له‌و مه‌ترسیانه‌ی که‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ لێکه‌وته‌ی زیاتری ده‌رده‌که‌وێت، پارتی‌ ته‌واوی بازاری هه‌رێمی کۆنترۆڵکردووه‌و ته‌واوی نه‌وته‌که‌شی بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ راده‌ستی تورکیا کردووه، به‌داخه‌وه‌‌‌ تێکرای پارته‌ سیاسیه‌کان له‌ په‌رله‌مان ره‌زامه‌ند بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پارتی نه‌وتی هه‌رێم سه‌ربه‌خۆیانه‌ بفرۆشێ و ڕاده‌ستی سۆمۆی نه‌کا! ده‌کرێ بڵێین یه‌ک له‌و هه‌ڵه‌ مێژوویانه‌ی که‌ به‌سه‌ر تێکرای حزبه‌ سیاسیه‌کانی کابینه‌ی هه‌شتدا هات ئه‌و بڕیاره‌ بوو. به‌مه‌ش هه‌نوکه‌ جگه‌ له‌ پارتی و ماڵباتی بارزانی که‌س نازانێ داهاتی نه‌وت چه‌نه‌و چۆن ده‌فرۆشرێت. وه‌ پارتی له‌ڕێی برسیکردنی هاونیشتیمانیان و سه‌پاندنی ئابوری ره‌یعی و پاره‌ی نه‌و‌ته‌وه‌ تاراده‌یه‌کی باش توانیویه‌تی ده‌نگ و ویژدانی خه‌ڵک بکڕێ! (4) مه‌ترسییه‌کی تری پارتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ دوای مۆنۆپۆڵکردنی ته‌واوی سێکته‌ره‌کانی حکومه‌ت‌ رێگه‌ نادات پۆسته‌ سیادییه‌کان راده‌ستی حزبه‌کانی تر بکات و وه‌هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌شی که‌ پشکی لایه‌ن سیاسیه‌کانی تره‌ چ له‌ ناوخۆ و چ له‌سه‌ر ئاستی عێراق پارتی خۆی که‌سه‌کان ده‌ستنیشانیان ده‌کاو ده‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌ویان له‌سه‌ر بێ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌ نادات هیچ که‌سێک دا‌بنرێت گه‌ر ئۆکه‌ی ماڵباتی له‌سه‌ر نه‌بێ! به‌م کاره‌ش توانیویه‌تی هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن‌ که‌سانه‌ی ئه‌کتیڤن و نه‌یاری پارتیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن دووربخاته‌وه‌و به‌ که‌سانی لاواز بسپێردرێ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بریارو یاساکان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و به‌ ئاره‌زووی خۆی و بێ هیچ له‌مپه‌رێک تێپه‌ڕێنێ. فشاره‌کانی پارتی وایانکردووه‌ که‌ حیزبه‌کان بۆ رازی کردنی دڵی لاوازترین تیم ره‌وانه‌ی حکومه‌ت ‌بکه‌ن!  (5)  کردنه‌وه‌ی دوکانی سیاسی یه‌کێکی تره‌ له‌و یارییه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی که‌ پارتی ماوه‌یه‌که‌ ده‌ستی داوه‌تێ به‌مه‌ش توانیویه‌تی چه‌ندین حزبی کارتۆنی هاوشێوه‌ی دوکانی سیاسی دروست بکاو به‌ ئاره‌زوی خۆی به‌کاریان بێنێ ئه‌مه‌ وێرای پڕچه‌کردن و هاوکاری مانگانه‌ی چه‌ندین پارتی سیاسی تر که‌ ئامانجی گه‌وره‌یان ده‌ستکه‌وتنی زۆرترین پاره‌و خزمه‌تکردنی پارتیه‌. وه‌ مه‌ترسیه‌کی تری پارتی ئه‌وه‌یه‌ ده‌یان کادیرو شانه‌ی نوستوی له‌ نێو زۆرێک له‌ حزبه‌کان ڕواندوه‌و پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌یان هێنێته‌ سه‌ر شاشه‌و وه‌ک ریکلامی هه‌ڵبژاردن به‌کاریان دێنێ. وه‌ هه‌ندێک جاریش به‌ ئیعازی پارتی پارته‌ سیاسیه‌کان هاوپه‌یمانی یاخود ترازان له‌ نێوانیاندا روو ده‌دات!  (6) له‌ده‌ستدانی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان یه‌کێکی تره‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی که‌ پارتی له‌ هه‌گبه‌یدایه‌ ئه‌نجامی بدا چونکه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌و ناوچانه‌دا دوچاری ئیفلاسی سیاسی و مۆراڵی بووه‌ جا بۆیه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ ده‌یه‌وێ ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دروست بکاو ده‌یان سیناریۆی جۆراو جۆری تاقیکردۆته‌وه‌ له‌وانه‌ (هێنانی داعش و به‌شداری نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردن و تۆمه‌تبارکردنی یه‌کێتی به‌ ڕوداوی 16 ئۆکتۆبه‌رو... هتر) هه‌ندێک له‌ چاودێران باس له‌وه‌ ده‌که‌ن مه‌به‌ستی گه‌وره‌ی پارتی و سوربوونی بارزانی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ وێرانکردن و دروستبوونی کاره‌ساتی مرۆیی هاوشێوه‌ی ره‌قه‌و حه‌له‌ب و موسل بووه له‌و ناوچانه‌دا‌. (7) مه‌ترسیه‌کی تری پارتی هه‌وڵدانیه‌تی بۆ دروست بوونی دوو ئیداره‌ی‌، پارتی یه‌قین بووه‌ له‌وه‌ی رێکخستنه‌کانی له‌ سنوری زۆنی سه‌وزو ناوچه‌ دابڕینراوه‌کان هه‌میشه‌ له‌ لاوازی و پوکانه‌وه‌دایه‌، بۆیه‌ نایه‌وێ چیتر ‌بوجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح ته‌رخان کا بۆ ئیداره‌دانی ئه‌و ژماره‌ که‌مه‌ی رێکخستن که‌ ماو‌یه‌تی. ‌ پارتی به‌هاوکاری تورکیا له‌ مێژه‌وه‌ ده‌یه‌وێ هه‌ولێر و دهۆک و به‌شێک له‌ موسڵ جیا بکاته‌وه‌و دایبرێت له‌ خاکی کوردستان بیکا به‌ ویلایه‌تێکی سه‌ر به‌ تورکیای عوسمانی. ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌کانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیدا به‌پاره‌ی و قوتی میلله‌ت تاراده‌یه‌ک ته‌کوینی ئابوری خۆی کردووه‌ به‌جۆرێک به‌شیکی زۆر له‌ بیره‌ نه‌وته‌کانی سنوره‌که‌ کاری باشی تیا کردون و ئێستا له‌ قۆناغی به‌رهه‌مهێناندان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی زۆنی سه‌وز هێشتا له‌ قۆناغی (ئیکسپلۆره‌یشندان). مێژووی پارتی پێمان ده‌ڵی که‌ هیچ کات پابه‌ستی بابه‌ته‌ نیشتیمانیه‌کان نه‌بووه‌و زۆر به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ جارێکی تر کوردستان ببێته‌وه‌ به‌ دوو ئیداره‌یی و هه‌رچی سه‌روه‌ری و پیرۆزی خاکی کوردستان هه‌یه‌ به‌ مسقاڵێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی هه‌رزان فرۆش بکات! (8) له‌ کۆتایدا ...  ئاماژه‌کانی سه‌ره‌وه‌ پێمان ده‌ڵی که‌ دواین ده‌رفه‌ت بۆ ‌هێزه‌ سیاسیه‌کان ئه‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت (یه‌کێتی و گۆران و هاوپه‌یمانی) ته‌باو یه‌کگرتوو یه‌کهه‌ڵوێست بن، وه‌ ببنه‌وه‌ به‌ یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێز ‌بۆ ناوچه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی جاران و له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسیه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌کانی تردا هاوپه‌یمانێتیه‌کی به‌هێز دروست ‌که‌ن و پێش به‌و مه‌ترسیانه‌ی پارتی بگرن لێ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا پارتی ده‌بێت به‌هێزێکی گه‌وره‌و کوردستان دووچاری ده‌یان گرفت و قه‌یرانی مه‌ترسیدار ده‌کا.  خولاسه‌ی که‌لام  بۆ ئه‌وه‌ی کار له‌ کار نه‌ترازێ ناوچه‌که‌ پێوویستی به‌ هێزێکه‌ به‌ پارتی بڵێت ستۆپ و سنورێک بۆ قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌کانی دابنێت. 


■ چیا عەباس     خودا و دنیا و قەدەر وایان کردوە نیشتمانەکەمان بەشێک بێت لە ناوچەیەکی تەنراو بە ئەقڵیەتی مەزهەبی و فاشیسزم و شەرەنگخواز، سەرەرای هەوڵێکی زۆر بەڵام نەمانتوانیوە لە بەشێکی گرنگی داوەکانی ئەو واقیعە قورتار بین.  ئەوەی بە دریژایی دەیان ساڵ کردومانە بۆ خۆپاراستن و مانەوەمان بوە لە سەر خاکەکەمان. سەرهەڵدان و شۆرشمان بەرپاکردوە، ئیمارە و مەملەکەت و کۆمار و ئیدارە و هەرێم و کیانمان دروستکردوە، هەر زۆر بەپەلە خزێنراوینەتەوە نێو قەواغە کۆنەکە و لە نێوان مان و نەماندا هێشتویانینیتەوە، زیادە بۆ ئەمانەش لە ناو خۆشماندا کەوتوینەتە گیانی یەکتر. گەلە گورگی دەوروبەرمان سەرکردە و تێکۆشەرەکانمانیان کوشتون، لە سێدارەیان داون، زیندان و نەفیان کردون، خاک و تەر و وشکیان سوتاندوە و وێرانەیان کردوین. لە گەڵ ئەو هەمو ماڵویرانی و نەهامەتیانەدا هەوڵمان داوە بەرگری لە خۆمان بکەین، لە گەڵ کەش و هەوای زاڵبو بەسەر ناوچەکە و نیشتمانەکەماندا مامەڵە بکەین، لە دوا مەتافەکاندا سەرکەوتو نەبوین. ئۆقیانوسێک لە خوێن و فرمێسک و ئازار ئەم رۆژەی ئێستایان خەڵقاندوە، رۆژیک بە رۆژەکانی تری مێژو بەراورد ناکرێت، لە گەڵ ئەوەشدا بێ ئۆقرەین، پەلەمانە، نارازین و چاومان لە رۆژێکی رۆشنتر و ئارامتر و سەقامگیرتر بریوە. خۆمان و ئەو دۆخە !   چەپ و مارکسیەکانی کورد جیاوازی چینایەتییان بە هۆکاری سەرەکی چەوساندنەوە و نائارامی و نەهامەتیەکان دەبینی، پێداگریان دەکرد کە سەرکەوتنی کادحەکان تاکە رێگەی چارەسەری رەوای پرسی نەتەوەییمانە، تەنانەت هەندێکیان لەو باوەرەدا بون خەباتی هاوبەشی چینە چەوسێنراوەکانی کورد و نەتەوەکانی درواسێ زامنە بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد.   ناشیۆنالیستەکان چەوساندنەوەی نەتەوەیی و شۆڤێنزمی نەتەوە گەورەکانی  دراوسێکانیان بە هۆکاری دۆخی دژواری کورد دەبینی، خەبات و شۆرشی نەتەوەییان بە فریادرەس دەزانی. ئیسلامیەکانی کوردیش لادان لە ئاین و شەریعەیان بە زەمینەی فیتنە و فەساد و فەرق و زوڵم دەبینی، چارەش بەلای ئەوانەوە گەرانەوە بۆ سوننەتی ئیسلام بو. سۆشیاڵیست و سۆشیال دیموکراتەکان، دیموکراسیەتی بەغدا و دڵراگرتنی عروبە و رازیکردنی دەر و درواسێیان بە گونجاوترین ستراتیژ بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەییمان دەدایە قەڵەم.   لە ساڵانی دواییشدا گۆرانخوازان وەک رەوتیکی نوێ بژاردەی کۆی گشتی چەمکە دێرینەکانی بزافی کوردایەتیان کردوە، ئەوەی جیاوازە لە نەریتەکانی مێژو گرتنەبەری خەباتی سیاسی و پەرلەمانیە بۆ بەدیهێنانی ئەو بژاردەیە. لە گەڵ ئەوەی گۆرانکاریان بەدەست هێناوە، بەڵام هەنوکە ئەوانیش بونەتە هێزێکی چالاک لە بازنە داخراوەکاندا و ئەو خوریە دەرێسنەوە کە چەندین جار رێسراوە، سیاسەتمەدارەکانی ئەم رەوتەش بە هەندێ رتوشەوە وەک هاورێ دێرینەکانی هێزەکانی تر لە پراکتیکدا گۆرانکاری بە چاویلکەی رابوردو دەبینین نەک بە دیدگایەکی جیاوازی نوێ بۆ ئایندە،     جیاوازی بۆچون و هەڵسەنگاندن تا ئەو ئاستە ئاساییە کە سەرجەمیان لە سەر پرسە بنەرەتیەکان هاورا بن، مەخابن لای ئێمە بە دەگمەن ئەوە رویداوە، خۆیان هۆکاری سەرەکین و داوای یەکریزیش دەکەن. ئێستا ئێمەی کورد لە باشور پاش ئەو مێژوە درێژە بە شێوازی جیاجیا هەمان خوریەکەی جاران دەرێسینەوە، ئەوانەی تازەن و هاوردەکراوی ئەو دیو سنورەکانن  بە باشی بەکاریان ناهێنین. ئەو وڵات و هێزانەشی بە هاوپەیمانی خۆمانمان دەزانین لە پرسی ریفراندۆمدا سەلمێندرا بەرامبەر بە مافەکانمان زۆر بێباکن. کورد لە باشور بە درێژایی ئەو دەیان ساڵە نەیتوانیوە هاوکێشەیەکی نوێی گونجاوی پر بە پێستی تایبەتمەندیەکانی خۆی بدۆزێتەوە، بێجگە ئەزمونی تەمەن کورتی بەرەی کوردستانی پێش راپەرین نەبێت، کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بو.   سەرکردە و هێزە کلاسیکیەکان چاویان لە دراوسێکان بریوە، گەنجە یاخیبوەکان هەرچی لە مەتبەخی هزر و فکری چەپدا هەبو تاقیان کردنەوە و مایەپوچ دەرچون. سۆشیاڵ دیموکراتەکان وەعدی بەهەشتی عەدالەت و دیموکراسیان دەبەخشیەوە، لە لوتکەی نادادی و خۆپەرستیدا ئەو گوڵزارەیان بۆ خۆیان رازانۆتەوە.  ئیسلامیەکان زۆریان لە عەدالەت و یەکسانی سەماوی و " رفع الڤلم" بە گوێماندا خوێند، کەچی سەردەمانێک بە چەک کەوتنە گیانمان و لە سایەی ئایندا ویستیان دەمکوتمان کەن. هەر گروپێک لێیان لە سەرچاوەیەکی ئەو دیو سنورەکانەوە ئاو دەخواتەوە، تێشیاندایە وەک بوقێکی هەرزان بەهای ئەم غەریب و ئەو داگیرکەر وەعز و ئیرشادمان دەکەن و تەراویحی دوعا و نزا بۆ داگیرکەرە خوێن مژەکان دەچرنەوە.  ئەستەمە لە سایەی ئەم هەریسەیەدا لە روانگای نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەشەوە نێوماڵی خۆمان رێکبخەین و موخاتەبەی دنیای دەرەوە بکەین. فێربوین لە کڵتوری سیاسیماندا هەمیشە باسی ستەم و ناعەدالەتی و مەترسیەکانی سەر نەتەوەکەمان بکەین، پێشئەوەی چاوێک بە خۆماندا بخشێنین پەنامان بۆ دەر و دراوسێ و زلهێز و خودا بردوە.  پێویستە دەرک بکەین بەوەی لەم سەردەمەدا هیچ وڵات و هێزێک بێ بەرامبەر نایەت بە دەنگتەوە، ئەوەی ئێستا هەمانە و قابیلی ئاڵوگۆرکردنن نەوت و پێگەی جوگرافی و پرسە سیاسی و ئەمنی و سەربازیەکانن. کورد بە هاوبەشی ئەم هاوکێشەیەیەشی بەکار نەهێناوە، لە پرسەکانی سەربەخۆیی ئابوری و شەری دژ بە داعش و ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر ئەم راستیە بە زەقی بەرچاو کەوت.  پرسیارەکان  لە گەڵ دوژمنەکانمان هێڵەکانی یەکلاکەرەوەمان نەبوە، رۆژێک شەرمان کردون، رۆژێکی تر دەست لە ملان و دۆست و هاوپەیمان بوین، رۆژێک دکتاتۆر و خوێنمژ بون، رۆژێکی تر وەک رەحیم و حەکەم خەمخۆرمان بون. کەی و چۆن کۆتایی بەم ئیزداوجیەتە دێت؟  رۆژێک لە گەڵ هاونەتەوەکانمان لە کوردستانی گەورە برا و پشتیوانین، بەیەکەوە دەجەنگێین و داڵدەی یەکتر دەدەین، رۆژێکی تر شەریان دەکەین و لە خاکی زێد و باپیرانیان دەریان دەکەین و سوپای دوژمن دەهێنینە سەریان. بۆچی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانیمان ئەوەندە ئۆپۆرچینست و خۆخۆر و خۆپەرست و ناجێگیرە؟ رۆژێک دەستی ( برا عەرەبەکانمان لە بەغدا) بە توندی دەگوشین و بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەین و زو زو دەبینە میوان و هاوپەیمانی یەکتر و داوای زۆر شتیان لێدەکەین، رۆژێکی تر بە هەزار و یەک قسەی ناشرین وەسفیان دەکەین و بە لادەر و دکتاتۆر و مەزهەبچی وەسفیان دەکەین. تۆ بلێی ئەوان ئەوەندە خراپ بن و خۆمان لێیان گێل دەکەین، یاخود ئێمە ئیرادە و دیدگای جێگیرمان نیە و ئۆپۆرچینیستین و لە سەر هەزار پەت یاری دەکەین؟ رۆژێک بە کیسەیەکی بەتاڵەوە لە دەرگای ئەم وڵات ئەو وڵاتمان دەدا، بۆ مان و نەمان شتێکیان پێدەداین و ئێمەش بۆ بەرگری لە خۆمان بەکارمان دەهێنا. رۆژێک هات بوینە خاوەنی هەزاران کیسەی پر، کەچی بە هەدەرمان دا و نەمان کرد شورایەکی پتەو بە دوەری مەملەکەتەکەمان بنیات بنێین تا مرۆڤی کورد ئازاد و سەربەست تێیدا بژی و موحتاجی هیچ نەبێت. هێشتا کیسە بەتاڵەکەی جارانمان هەر لە گیرفاندایە و ناو بە ناو لەم دەرگا و ئەو دەرگا دەدەین. تۆ بلێی ئەوەندە چاوچنۆک و دەستگیر و بێ ویژدان بین؟ یاخود کەوتوینەتە چەند تەڵەیەکەوە و تا دوا دڵۆپ دەمان دۆشن؟ فرە پێكهاتە ناکۆکەکانی نەتەوەکەمان بە هەمان قەوانەکانی جاران وەڵامی ئەم هەمو پرسیارانەیان داوەتەوە. هەڵبژاردن سەردەمی هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان، جارێ ناکۆکن کەی بکرێت و نەکرێت و دوابخرێت و نەخرێت. یەک دەنگ نابیستیت ئەو پرسیارانە لە خۆیان و لە یەکتر و ئاراستەی هاوڵاتی بکەن، گوێت لە نقەیەک دەرباری سەربەخۆیی نابێت، کەس خۆی لە قەرەی شکست پێهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر نادات، وەک ئەوەی ئەو دو روداوە گرنگە ئاوخۆاردنەوەیەک بوبن، یەک پرسیاری جدی ناکرێت بۆچی لەم بازنە داخراوەی مێژودا دەخولێینەوە؟ بە پێچەوانەوە هێزەکان لە ماراتۆنێکدان چۆن بە هەر رێگایەک بێت زۆرترین ژمارە ببەنەوە، کێبرکێیانە چۆن پێش یەکتر بگەنە دەروازەکانی بەغدا و چۆن کیسەی بەتاڵکراو و لیستی دوعا و نزاکانیان بخەنە سەر مێزی نەیارەکانی دوێنێ و هاوپەیمانانی ئەمرۆ و سبەینێ.  لە دوای راپەرینەوە هەزاران جار گوێبیستین هێزەکان ئامادە نین، ئامادەن، مەرجیان نیە، مەرجیان هەیە، راستەوخۆ دانانیشن،دادەنیشن، چاوەروانی یەکتر ناکەن، چاوەروانن، بەیەکەوە ناچنە بەغدا، بە تەنیا و گەلەکۆمی دەچن ... تاد. ئەم کار و هەڵوێستانە دەیسەلمێنن چۆن قەدەر و مێژو ئەمانەی دەستبەست کردوە.    دەزانم بەشێک لەمانە لە ناچاریەوەیە، ئەوەی بەردەوام ملکەچی ناچاری دەبێت لە دوا مەتافدا بەهاکانی ناسنامەکەی کاڵدەبن، دەشبێتە مرۆڤێکی ئیرادە لەرزۆک. شەری سەربەخۆیی لەم دۆخ و رەوشەدا تەنها یەک وەڵامی بنەرەتی لە شوێنی خۆیدایە، ئەویش شەری سەربەخۆییە بۆ کورد. شەرێکە بەهەمان نیەت و وەتیرە باوەکانی مێژو هەزار و یەک تەفسیری بۆ دەکرێت، ئەوەندە دەیهێنن و دەیبەن تامی تێدا ناهێڵن. دەیان ساڵە بەردەوام نەتەوە و نیشتمانەکەمان وێرانە دەکرێن، بەکار دەهێنرێن، کاتێکیش دەگاتە سەنگی مەحەک و تروسکاییەک لە ئاسۆدا دەردەکەوێت دەکەونە گیانمان، بە کوردی هەمو رۆژێک تا لێواری قەبر دەمان دەن.  کورد لە باشور لە کودەتاکەی ١٩٥٨ ەوە سەدان هەزار کوژراوی هەیە، زیاتر لەوەش بریندار و پەککەوتە، زیاتر لە سێ هەزار گوندو شارۆچکەی وێرانکراون، ئابوریەکەشی گەیشتۆتە ئاستی دارمان، سروشت و ژینگەی کوردستانیش بە کیماویی و تێکدان زۆر تێکشکێنراون و کارەسات و برینە کۆمەڵایەتیەکانیش زۆر خەست و ئاڵۆزن و .... تاد.    هیچ میللەتێکی ئەم دنیایە بێ سەربەخۆیی نەیتوانیوە خۆی بنیات بنێت و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی زامن بکات، سەربەخۆیی لە خولانەوە لە بازنە داخراوەکانی مێژو و بەردەوام گەرانەوە بۆ سەرەتا رزگارمان دەکات و قوربانیەکانیشی شایستەی ئەو ئامانجە مەزنەن. شەر بۆ سەربەخۆیی پیرۆز و رەوایە، سەربەخۆیی بە رەچەتەی داگیرکەر و زلهێزەکان قەد نابێتە واقیع، پێویستی بە ئیرادە و نیەت و ئامادەسازیە، شەرێکە ئەوە دەهێنێت موجازەفەی گەەورەی بۆ بکرێت. مەخابن پێدەچیت زۆربەی سەرکردە و هێزەکانمان ئولفەتیان لە گەڵ مێژو گرتبێت و نەستۆلژیا ئاسا چێژی تامەکەی دەکەنەوە، ئەوان بە دەگمەن ئاورێکی جدی لە مێژو دەدەنەوە و بە خەیاڵ پڵاویش دەرواننە ئایندە، بۆیە لە سات و ئانی ئێستدا دەگوزەرێن، هاوکاتیش بوێری تەحەدای جدیان نەماوە، ئەم دۆخەی ئێستایان بە دڵە، لە روی کۆمەڵایەتی و مادیشەوە جێگیرن و لە هیچیان کەم نیە، خولانەوە لە دۆخی کروزانەوە و دەستە دەستی پێکردن و نائارامی و پروکانەوەی ‌هێدی هێدی ئاوات و خواستەکانمان و هەڵگرتنی کیسەی بەتاڵ و... بە سیاسەتکردنی ژیرانە و دەسکەوتی گەورە وەسف دەکەن.  تۆ بلێی بتوانین لەو مێژوە شتێک هەڵجنین تا کاریگەریەکانی ئەو قەدەرە شومە لە نزمترین ئاستدا راگرین؟  رۆتەردام: ١٨ی ئۆگۆستی ٢٠١٨      


■ گوڵاڵە سدیق  کاتێک باسی خۆکوشتن دەکرێت، هەموان بێ بیرکردنەوە خەیاڵمان بۆ کوشتنی ڕۆح دەچێت، کە ئەم خۆکوشتنە لە ئاینی ئیسلامدا بە یەکێک لە کارە حەرامەکان دادەنرێت. سەرەڕای حەرامییەکەی خۆکوشتن بە کردارێکی پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە نەک تەنها مرۆڤ بەڵکو هەمو زیندەوەرێک بە سروشت خۆشەویستی بۆ ژیان و مانەوە لە ژیان هەیە. لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا سەرەڕای خراپی باری گوزەرانی خەڵک لەڕوی دارایی و سیاسی و ئابوری و ...... هتد بەڵام دەبینرێت کە ڕێژەی خۆکوشتن کەمترە بەبەراورد وڵاتی غەیرە ئیسلام. بەڵام کاتێک هەندێک لە سیاسیەکان یان سەرۆکەکان یان هەندێ حزب لە پێناو بەدەست هێنانی چەند دەسکەوتێک هانا بۆ وڵاتێکی بیانی  دەبەن(دەسکەوتەکە ئابوری بێت یان سیاسی)، بێ گوێ دانە لێکەوتەکانی ئەوا بەو تەسلیم بونە بەو هێزە دەرەکییە دەوترێت خۆکوشتنی سیاسی . هەمیشە ئەم تەسلیم بونە لەسەر ئاستی دەوڵەت یان حزب یان سەرۆک دەبێت، کە پرسێک دەکرێت بە ڕەهنی ئەو دەسکەوتە شەخسیە یان حزبییە، لەکاتێکدا پرسەکە پرسی نەتەوەیەک یان میلەتێکە. کاتێک هێزێک پشت بە دەوڵەتێکی بیانی دەبەستێت لە ڕوی دارایی یان سەربازی یان سیاسی بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە بیانیه ڕۆڵی سەرەکی ببینێ بۆ یەکلاکرنەوەی پرسێک لە بەرژەوەندی هێزە بەرژەوەند خوازەکەوە، ئەوا ئەو هێزە بەهەمو پێوەرێک خۆکوژی سیاسی کردوە، چونکە هەمیشە ئەو پرسەی کە لە پێناویدا تەنازلاتی بۆ کراوە دەوڵەتە بیانییەکە وەک بارمتەیەک لای خۆیەوە لێی دەڕوانێت و هەمو پیرۆزییەکانی ئەو وڵاتەی کە داوای پشنیوانیەکانی کردوە دەبنە بارمتە لای. بەهیچ جورێک نابێت بۆ پرسی ناوخۆیی وڵاتێک پشت بە وڵاتی بیانی ببەسترێت چونکە ئەو دەوڵەتە بیانیه پێویستە سیاسەتیان لەگەڵ بکرێت نەوەک پشتیان پێ ببەسترێ. وەهەمیشە زیانەکانی ئەم خۆکوشتنە زۆر گەورەیە، زیانی بۆ پرسێکی گرنگی گەل و نەتەوەیەک دەبێت. ئەم خۆکوشتنە لە میلەتە زیندوەکاندا بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیه، هەمیشە کەسی سازشکەر یان لایەنی سازشکەر بەتوندترین شێوە لەلایەن گەل و نەتەوە سزادەدەرێت. لەسەر ئاستی تاکیش کەسانێک هەن کە بەرەو خۆکوشتنی سیاسی هەنگاو دەنێن. هەندێک جار بەهۆی بەدەست هێنانی سودی کەسی لە ڕوی ئابوری و سیاسیەوە کە تەسلیم بە ئیرادە و ئایدیای هێزێکی تر دەبێت، بێ گوێ دانە هیچ لێکەوتێک. کاتێک کەسێک لە پێناو بەرژەوەندییە شەخسیەکانی خۆی ئەم کارە دەکات، کاتێک بە مەرامەکانی دەگات گرنگ نابێت بەلایەوە لە پاشەڕۆژیدا سیاسەت بکات یان نا، ئەوەی کە گرنگە بەلایەوە دەسکەوتە خێراکانە. هەندێ جاریش بەهۆی خۆشباوەڕی و کەم ئەزمونی کەسی خۆکوژەوە دەبێت و لە سیاسەتدا، کە هەندێک لە سەرکردەی حزبەکان ئەم کەم ئەزمونیە دەقۆزنەوە و تاکەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن. لە هەردو حاڵەتەکدا ئەگەر کەسی خۆکوژ بەهۆی دەسکەوت یان کەم ئەزمونی بێت، تەنها زیانی بۆ خۆی هەیە، هیچ زیانێکی گەل یان نەتەوەی تێدا نیه.


چۆمان محەمەد *  پاش ئەو ساختەكاریەی لە هەلبژاردنی 12 ایار رویدا, پەرلەمانی عیراق هەمواری بۆ یاسای هەلبژاردن كرد,بریاردرا نۆ دادوەر شۆینی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بگریتەوە و سەۆپەرشتی دوبارە ئەنجامدانەوەی ئەژماری دەستی گشت سندوقەكان بكریت,راسپاردنی دادوەر و دەسەلاتی دادوەری لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەم كارە پیرۆزە ,هیواو ئومید بونی هەبوو بۆ راستكردنەوە و لابردنی ئەو ساختەكاریەی رویاندابوو لە هەلبژاردنەكان,پیچەوانەی هەموو پیشبینیەكان و هەمواری یاساكەو بریاری دادگای فیدرالی,بریاری جیاكردنەوەی بەشیك لە سندوقەكان درا,كە هیچ كەس نازانیت بنەماو ئەساسی جیاكردنەوەی ئەم سندوقانە چین و چۆن جیاكراونەتەوە وادەردەكوت گۆترەكاری تیاكراوە,ئەمەش خالی دەستپیكی بەلاریدان و دژایەتی ئەو هەول و كارانە بون بۆ ئاشكراكردنی ساختەكاریەكانی هەلبژاردن و راستی روداوەكان,شاردنەوەی تزویرو كشف نەكردنی لەسە ر دەستی دەسەلاتی دادوەری كرا,ئەوەان كرانە ئامرازی مەرامی چەپەلی تەزویركاران,ئەو گومانانەی كرد راستی و یەقین كە هیچ دەسەلاتیك بە دەسەلاتی دادوەری و دادگاكان لەسەرو بەرژەوەندی حیزب نین و ناتوانن پیشەیانە و دامەزراوەیانە لە خەمی سەروەری یاساو دیموكراسی و دەنگ و ئیرادەی هاولاتیان بن. ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی و تانەدان لیی لەو بەشەشی گۆترەكاری دیاریكرابوو بۆ دوبارە ئەژماركردنەوەی بەدەست,جیاوازی گەورە و ساختەكاری روون دركەوت و ئاشكرابوو,بەلام مەخابن چاوپۆشیان لەمەش كرد و تییان پەران,ئەنجامی كۆتاییان راگەیاند بەبیی ئەوەی هیچ گۆرانكاریەك رویدابیت لەنیوان ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ئەنجامی دەستی,پلان و فەرمان چۆن كرابوو ئاوا جیبەجیكرا,بەبی ئوەی راو قسەیەكی جیاواز هەبیت لەلایەن ئەم دادوەرانەوە بەرامبەر ئەو گالتەجاریەی رویدا لە هەلبژاردنەكان. دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان ,لەماوەی 3 روژدا 264 تانە  لە لایە ن پارتە سیاسیەكانەوە درا لە وبریارە لای دەستەیەكی 3 دادوەری دادگای تەمیزی عیراق,ماوەی 10 رۆژ دیاریكرابوو بەپیی یاسا قرار لەو تانانە بدەن ,بەلام ئەم دەستەیە لەماوەی یەك رۆژدا بریاری رەتكردنەوەی گشت تانەكانیان دا,بریاریك لیوان لیوە لە گومان و ناپیشەییە نیەتی پەردە پۆشكردنی ساختەكاریەكانی هەلبژاردن,دەنا چ بەنەمایەكی كاركردنی دادگا و چ یاساو كاریكی دادگەری و چ لۆژیك و عقلیك ئەوە قبول دەكات ,لەماوەی یەك رۆژدا 3 دادوەر فریای وردبینی خویندنەوەی 264 تانە كەوتبن,چ جای ئەوەی بریاری رەتكردنەوەی ئەو تانانە بدەن ,كە چەندین بەلگەو رای یاسای گونجاو و باوەرپیهینەری تیابوو بۆ قبولنەكردنی ئەنجامەكان. دادگای فیدرالی و دواهەمین هەنگاوی پرۆسەكە دوای رەتكردنەوەی تانەكان لەلایەن دادگای تەمیزی عیراقی ,بەپیی دەستوری هەمیشەی عیراق و یاسای كۆمیسیۆن ,دواین قۆناغی هەلبژاردن پەسەندكردنی دەرئەنجامی هەلبژاردنەكانە تایبەت بە كاندیدە سەكەوتوەكان,لیرەدا دادگای فیدرالی سەرنجی كاندیدەكان دەدات گەر تاوانیكیان ئەنجام دابیت یاخود تۆمەتیكی دادوەریان خرابیتە پال یاخود مە رجیكی كاندیدبونی تیانەبیت,لیرەدا دادگای فیدرالی پەسەنكردنی ناوی ئەو كاندیدانە دوادەخات ,بەبی ئەوەی دەسەلاتی قسەكردنی هەبیت لەسەر تزویرو ساختەكاری ,یاخود رەتكردنەوەی هەلبژاردنەكان,چونكو بابەتی پەسەندنەكردن و هەلوەشانەوەی هەلبژاردن لای دادگای تەمیزبوو,ئەو دادگایەی لە ماوەی یەك رۆژدا 264 تانەی رەتكردەوە,بۆیە دادگای تەمییز كۆتای بە شانۆی ساختەكاری هینا و بە بریاری دادگا  رەوایەتی دا بە و ساختەكاریەی رویداوە,نەیتوانی بری لیبگریت,تائەم ساتە ریكارەكان و پرسەی هەلبژادن بەپیی دەستورو یاسا نەرۆشتوە ,تداخلاتی حیزبی و الاقلیمی و دە ولی, رۆلی هەبوە لە ئاراستە كردنی ئەم روداوانە ,بۆیە گەر ویست و ئیرادەی نیوخۆی و دولی هەبیت  د‌وخە سیاسیەكە بەو شیوە نەروات  كە دەویستریت دەتواننن بە بریاری دادگای فیدرالی سەرەرای نایاسایبون و نادەستوریبونی بریاریكی پیچەوانە بدەن,بەلام ئەم باباتە كۆتای هاتوە و دەرچوانی  بریاریكی  لەو جۆرە لەلایەن دادگای فیدرالیەوە كاریكی ئەستەمە. قۆناغی داهاتوو چاوەروانكراوی عیراق دوای پەسەنكردنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن دادگای فیدرالی,عیراق هەنگاو دەنیت بۆ پیكهینانی حكومەت و كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان,ئەمەش هەنگاویكی هیندە ئاسان و بی گرفت نیە ,سەر ئیشە و گرو گیلەی زۆرە,بەلام ئەم هەلبژاردنە نابیتە هۆی فە راهەمكردنی  سەقامكیری و جیگیری حكومەت و حكومرانی و سیاسەت لە ولاتدا,وانزیك دەبینەوە لە چوار مانگ تائیستا ویناكان زۆر نارونن,حكومەت و پەرلەمانیكی ناشەرعی و ساختەكارمان دەبیت,چونكە تیپەراندنی ئەو ساختەكاری و تزویرە ئاوابە سانای هەرگیز تیناپەریت,چونكە بیریزی بەرامبەر دیموكراسی و سەروەری یاسا و دەنگی دەنگدەران كراوە,خیلافات و جیاوازیەكان زۆر قولبۆتەوە. ئەوەی تایبەتە بە حیزبەكانی هە ریمی كوردستان,پیویستە ئەو لایەنە سیاسیانەی كە دەنگیان خوراوە و تزویریان لیكراوە بەردەوامبن لەسە ر هەلویستی خۆیان و رەتكردنەوەی دەرئەنجامەكان,نەچنە ئەو بەرەیە ی تزویریان بۆ كراوە ,بەپاساوی یەكریزی نیشتیمانی و هاوهەلوسیتی بۆ پاریزگاری مافەكانی گەلی كورد و پرسی سەربەخۆی مزەوەر,پیویستە بەپییی خویندنەوەی دۆخی هەریم و عیراق بریاریكی ئازایانە بەن ,چ بە رۆشتنبیت بۆ بغداد  چ بە بایكۆتبی چ بە معارەزەبونبیت * ئەندامی ژوری یاسای بزوتنەوەی گۆران


■ پەیڕەو ئەنوەر  بۆ تێگەیشتن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی! سیستمەکە تاکو ئێستا "تاک جەمسەرییە Unipolar System" و ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات و بەهەکانی نێو سیستمەکە بەرهەمدێنێتەوە! ڕاستە هێزی تری وەک (یەکێتی ئەوڕوپا، چین، ڕووسیا و هیند) جوڵەدەکەن بەڵام هێشتا ئامادەنین تا سیستمەکە بگۆڕن و بیگوازینەوە بۆ دوو جەمسەری یا فرە جەمسەری! تورکیا لەناو سیستمە سیاسییە هەرێمییەکە Regional System و بەدوای ڕۆڵ و بەها و شوناس دەگەڕێت! شوناسی تورکیا لەدوای داعشەوە گەڕانەوەیە بۆ میرات و سەرمایە سیمبوڵی، مێژوویی و جیۆپۆلەتیکییەکەی دەوڵەتی عوسمانی و عوسمانیزم! پێدەچێت ئەم خەونەی تورکیا تەنها خەونێکی دۆنکیشۆتیانە بێت! بەڵام هەوڵی سەرەکی تورکیا دابڕان بووە لە ئەمەریکا؛ دابڕان بەمانای ئەوەی لە بەها ئەمەریکییەکان دووربکەویتەوە و لەگەڵ هێزێکی وەک رووسیا و چین بتەوێت بەهای سیاسی تازە و ئۆردەری تازە و خەیاڵی تازەی سیاسی دروستبکەیت! ئەمەریکا وەک هێزێکی باڵا گەردوون بە قوڵایی ستڕاتیژی خۆی دەزانێت؛ ئەمە مانای وایە ڕێگەنادات هیچ جەمسەر و بلۆکێک دروستبێت تا خەیاڵی سیاسی ئەمەریکی تێپەڕێنێت. مەسەلەی قەشەکە تەنها بیانووە، ململانێ بنەڕەتییەکە لەسەرئەوەیە تورکیا دەیەوێت خەیاڵی ڕووسی و بیرکردنەوەی سیاسی رووسیانەی هەبێت`


تارق حەرب، پسپۆر و شارەزای یاسا ئێستا پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق  زۆر ئاسانتر بووە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە: 1. ئەو دۆخە گاڵتەجاڕییەی بەسەر لیرەی توركیدا هاتووە، توركیای سەرقاڵكردووە و توركیا ئەوەندەی خەم و مەینەتی هەیە، عێراق و حكومەتە نوێیەكەی لەبیرچۆتەوە. 2. ئەو نەهامەتییەی بەسەڕتمەنی ئێرانیدا هاتووە، وایكردووە ئێران، عێراق و حكومەتە نوێكەی لەبیربكات و " ئەوەی بەسەرمان هاتووە بەسمانە" دەڵێنەوە. 3. قەتەر سەرقاڵی داڕمانی دارایی و ئابووریی توركیای هاوپەیمانێتی و چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە داڕمانی توركیای لەئەستۆگرتووە. 4. نەهامەتیی سعودیە بەهۆی رووداوی كوشتنی منداڵانی یەمەنەوە زیاتربووە، بەجۆرێك  دووریخستوەتەوە لە چاودێركردنی پێكهاتەیەكی دیاریكراو لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، چاوی بەخۆڵی یەمەن پڕ بووەتەوەو عێراقی لەبیرنەماوە. 5. ئەمریكا تاكە لایەنی زاڵە لە عێراقدا و بەبێ بەشداریی سعودیە و قەتەر و ئێران. 6. ئێستا باشترین دۆخە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بەبێ كاریگەری توركیا و ئێران وقەتەر و سعودیە. 7. ئایا حزبە عێراقییەكان ئەم دۆخە دەقۆزنەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بونیادنەر و خزمەتگوزاری و نیشتمانیی عێراقیی،كە كاربكات بۆ هەموو عێراقییەكان و ئەو كەسەی دەسەڵات دەگرێتە دەست دەبێتە خزمەتكار نەك فەرمانڕەوا. تۆپەكە ئێستا لە گۆڕەپانی حزبە عێراقییەكاندایە، دوای نەمانی كاریگەری ئێران و سعودیە و توركیا و قەتەر ، دوای ئەوەی ماوەو  پیاوەكانی دەسەڵاتەكانی پیشووترمان لە كۆمەڵەی نیشتمانیی و پەرلەمان بۆ چوارجار تاقیكردەوە..  هیوادارین و داوای ئەوە دەكەین و بۆی دەپاڕێینەوە.  


■ ھێرش عبدولرەحمان   ئەمریکا لەستراتیژا سیفاتی جاڵجاڵۆکەی ھەیە ، سەرەتا " تەون "ەکە دروست دەکات ، بەس پەلەی نیە کەی نێچیرەکە دەکەوێتە ئەو تەونەوە .  پێش ئەوەی گۆڕانکاری لەئێران بکرێت ، ئەبێت تورکیا گۆڕابێت ، ڕێگای گۆڕانکاری لەئێران بەتورکیادا تێپەڕدەبێت ، پلانی A تورکیایە و پلانی B ئێران ، ھەمووشی کەوتۆتە سەر سازشی تورکیا و ، ملدان بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا .  ڕێگەگرتن لەبەکارھێانی بنکەی " ئەنجەرلیک " لەلایەن ئەمریکاوە ، بۆ لێدانی سەدام ، سەرەتای دوورکەوتنەوەی ئەو دوو وڵاتە بوو .  لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، ئەمریکا گروپێک کۆنتراکتەری تورکی دەستگیرکرد ، تورەکەی کردە سەریان ، لەڕێگای ئیبراھیم خەلیلەوە دیپۆرتی کردنەوە .  لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ، تورکیا لەڕێگای گروپێک پارێزەرەوە جارێکی تر ھەوڵی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک ئەفسەری ئەمریکی ، لەبنکەی ئەنجەرلیکدا ، بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆر ، هەروەها داوا دەکەن ئەمریکا کەلوپەلە سەربازیەکانی بگوازێتەوە .  سەرەتای پرۆسەی ڕوخانی سەدامەوە ، ئەمریکا بەردەوام ڕێگەی داوە تورکیا سەرکێشی بکات لە عێراق و ناوچەکە ، بەس ئیتر گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کەئەوەی ڕێگرە لەبەردەم لەپلان و ستراتیژی ئەمریکا لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ، تورکیایە . کێشەکانی تورکیا و ئەمریکا ، بریتین لە : ٭ دروستکردنی کێشە ، بۆ پلان و ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە . ٭ گەمارۆکانی سەر ئێران ، کەنیوەی نەوتی ئێران لەڕێگای تورکیاوە دەروات و ، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری تورکیا دەبێت . ٭ گومانی ئەردۆغان لەبێدەنگی ئەمریکا ، بەرامبەر ئینقلابەکەی ٢٠١٦ . ٭ نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا . ٭ تەسلیمکردنەوەی گولەن . ٭ کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین . ٭ پشتگیری کورد لەسوریا ، لەلایەن ئەمریکاوە . ٭ دەستگیرکردنی قەشەکە . ٭ لێکۆڵینەوە لەجموجۆڵی بانکی تورکی ، لەلایەن ئەمریکاوە ، تاوانبارکردنیان بەپێشێلی ھاوکاری ئێران ، گوێنەدان بەگەمارۆکان . مەرجی ترامپ ئەوەیە ، تاقەشەکە ئازاد نەکرێت ، ئەمریکا کارت لەدوای کارت بەکاریدەهێنێت ، کەزەحمەتە تورکیا بەرەگەیان بگرێت .  تورکیا لەناوخۆدا لەڕووی سیاسەوە پەرتەوازەیەو کێشەیەکی زۆری ھەیە ، پارەیەکی زۆر قەرزدارە ، کە بۆ وەبەرھێنان وەریگرتووە ، بەم شێوەیە گرژیەکان بەردەوام بێت ، ناتوانێت بەئاسانی ئەو قەرزانە بداتەوە ، وا سەرقاڵ دەکرێت ئیتر ناتوانێت بەردەوامی بە جموجوڵەکانی بدات ، لەسوریا و عێراقدا دواتر ئێستا دوژمنەکانی تورکیا لە دۆستەکانی زۆرترن میسر ، سعودیە، یونان، ئیسرائیل، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا. کە ھەموویان ھاوپەیمانی بەھێزی ئەمریکان.  تازە زەحمەتە پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا بگەرێتەوە دۆخی جاران ، کێشەکان زۆرن ، ئاسان چارەسەرنابن ، بەڵام دوو ڕێگای ھەیە ، یەکەم ، تورکیا ئابورییەکەی لاگرنگە و داواکاریەکانی ئەمریکا جێبەجێدەکات و ، نابێتە کێشە بۆ بەردەم ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە . دووەم ، یان ئابوری خۆی لاگرنگ نیە و قۆچ گیردەکات لەقۆچی ئەمریکا ، ئەوەش بەزیانی خۆی تەواو دەبێتو ، خۆزگە بەسوریا دەخوازێت .  دواجار دەبێت تورکیا خۆی ساغبکاتەوە ، یان بەرەی ڕوسیا ، یان ئەمریکا ، پاڵدان بەبەرەی ڕوسیاوە ، واتا چارەسەرنەکردنی تەواوی ئەو جیاوازیانەی سەرەوە و ، وێرانکردنی تەواوی ئابوری تورکیا و ، کۆتایی ئەردۆغان .


■سەرتیپ قەشقەیی لێره‌ پڕۆسه‌ى سیاسى و دیموكراسى له‌ شوێنى خۆیدا نییه‌، پارتى و یه‌كێتى به‌شێوه‌یه‌كى ڕێژه‌یى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ساخته‌كارى ئه‌نجامده‌ده‌ن، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش ناتوانن ده‌نگه‌كان بپارێزن، كه‌ره‌سته‌و ئامرازو توانا مڕۆییه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، هه‌مان كه‌ره‌سته‌و ئامرازو تواناى مرۆیى هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌، ئه‌و هێز گه‌لانه‌ تواناى گۆڕانكاریان نییه‌. له‌م هه‌رێمه‌ توێژه‌ خوێنه‌وارو نوخبه‌كه‌، یه‌كێكه‌ له‌ فاسترین توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگاو نه‌یانتوانیوه‌ گۆڕانكارى له‌ كۆمه‌ڵگا دروستبكه‌ن و به‌ ده‌ورى خۆیان ده‌خولێنه‌وه‌و به‌شێكیشیان مامه‌ حه‌مه‌و ماستاو بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن. میدیاو سۆشیال میدیا (وه‌كو ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م و پێنجه‌م ) نابێته‌ پێوه‌ر تاوه‌كو بزانین بارودۆخى حزب و كاندید له‌ چ ئاستێك دایه‌. سایكۆلۆژیه‌تى ده‌نگده‌ر لێره‌ زۆر جیاوازه‌، ده‌نگده‌ر زۆركات ڕه‌خنه‌و ناڕازیبوونى خۆى ده‌رده‌بڕى له‌و هێزانه‌و بگره‌ زۆرجار جوێنیشیان پێده‌دات، به‌ڵام هه‌ر ده‌نگیشیان پێده‌دات. هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان خۆیان هۆكاربوون بۆئه‌وه‌ى تۆى بێوئومێدى له‌ ناوخه‌ڵك بچێنن، باشترین نموونه‌ش بۆئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌: ماوه‌ى چوار مانگه‌ هاوارو سكاڵایان له‌سه‌ر ساخته‌كارى و ته‌زویرى ده‌نگه‌كانى هه‌ڵبژاردنى عێراقه‌و، ناشزانن ئه‌و كارو ڕه‌فتاره‌یان ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ مه‌ترسى دروستكرد له‌سه‌ر باوه‌ڕ نه‌بوونى جارێكى دیكه‌ به‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و بێ متمانه‌یى و ساردكردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ چوونیان بۆ سندوقه‌كانى ده‌نگدان. پارتى و یه‌كێتى له‌م هه‌راو هۆریایه‌ زۆر قازانجیان كردوه‌، ئه‌وان هه‌رچۆنێك بێت ده‌توانن به‌شێكی زۆر له‌ ده‌نگده‌ره‌كانیان، به‌ ئه‌ندازه‌ى كورسى پێویست، ببه‌نه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان، چونكه‌ زۆرێك له‌و ده‌نگده‌رانه‌ مولكى خۆیانن، له‌به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانى دیكه‌ ده‌نگده‌ره‌كانیان خۆڵه‌مێشین و كه‌س ناتوانێ خۆى بكاته‌ خاوه‌نى و ، خۆى بڕیار له‌سه‌ر چوون و نه‌چوون ده‌دات. ڕاسته‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر گوتارى میدیاى و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى به‌ره‌ى ئۆپۆزیسۆنه‌و، ئه‌وێ بۆته‌ به‌هه‌شتێك بۆ گۆڕانكارى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ربێین و سه‌ردانى بازاره‌ گشتییه‌كانى پارێزگاكان و كافتریاو بازاره‌ میلی و شوێنى فڕۆشتنى ئۆتۆمبێل و ئیسكان و سه‌هۆڵه‌كه‌و بازارى مۆبایل فرۆشان و دیوه‌خانى ئاغاو سه‌رۆك عه‌شیره‌ت...هتد بكه‌یت، ئینجا ده‌زانی له‌وێ چ جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ك زاڵه‌و خه‌ڵكى له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌نگده‌دات و سایكۆلۆژیه‌تى ده‌نگده‌رى ئه‌و شوێنانه‌ چه‌ند جیاوازه‌ له‌وه‌ى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى و میدیا هه‌یه‌. كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌و شوێنه‌ ئاست نزم و مام ناوه‌ندیانه‌ له‌ڕووى خوێنه‌وارى و ئاستى تێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌ت، ئینجا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وان زۆرینه‌ى زۆرى كۆمه‌ڵگان و دواجار به‌ ده‌نگى ئه‌وان زۆر هاوكێشه‌ هه‌یه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستا ئۆپۆزسیۆن لاى ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بۆته‌ ئه‌لته‌رناتیڤ ، نایانه‌وێ جگه‌ له‌ پارتى و یه‌كێتى هیچ هێزى دیكه‌ تاقیبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكى زۆرى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى ئه‌و هێزانه‌ خۆیان. دواى گه‌یشتن به‌م قۆناغه‌، ئێستا كارى نوخبه‌ى كۆمه‌ڵگا به‌سه‌رجه‌م توێژه‌كانى ئه‌وه‌یه‌، تۆى بێئومێدى بچێنن به‌ ئامانجى دروستكردنى هێزى نوێ، یاخود ناچاركردنى هێزه‌كانى ئێستا بۆ دووباره‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌و ستراتیژو سیاسه‌تى خۆیان. بایكۆتكردنى پڕۆسه‌ى سیاسى ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌ باش و كاریگه‌رییه‌كان، به‌ تایبه‌ت دواى بێئومێدى و لاوازیه‌ى هێزه‌كان و، ده‌رنه‌چوون له‌ گوتارى ته‌قلیدى و دروستبوونى باوه‌ڕى ته‌واو لاى به‌شێك له‌ خه‌ڵكى، به‌ ئاڕاسته‌ى به‌ره‌ى بایكۆت.  به‌ ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ى سه‌لاحه‌دین بهائه‌دینم، كه‌ پێشنیازى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى كردبوو بۆماوه‌ى چه‌ند ساڵێك، تاوه‌كو له‌و ماوه‌یه‌دا بتوانن دواى به‌خۆداچوونه‌وه‌ هێزێكى نوێ به‌ كه‌ره‌سته‌و ده‌م و چاوى دیكه‌ بنیاتبنێن. ئه‌وه‌ى من زانیاریم هه‌بێ ئه‌وه‌ بۆچوونى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى گۆڕان و كۆمه‌ڵیشه‌، به‌ڵام به‌هۆى لاوازى ئه‌و ده‌نگانه‌ نه‌توانراوه‌ ئه‌و پێشنیازو بیرۆكانه‌ ته‌به‌نى بكرێت. ئێستا هێزگه‌لى به‌ ناو ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌و هێزى نوێى ساخته‌ش به‌ ناوى ئۆپۆزسیۆن په‌یدابوون، به‌ڵام هه‌موویان یه‌ك كه‌ره‌سته‌و ئامرازو ده‌م وچاوو گوتاریان هه‌یه‌و، ده‌ركه‌وتووه‌ جگه‌ له‌و رێگه‌ هه‌ڵه‌یه‌ى ئه‌وان گرتوویانه‌ته‌ به‌ر، رێگه‌ى دیكه‌ هه‌ن و، پێویسته‌ جله‌وى گۆڕانكارى به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ئاڕاسته‌بكرێت. كاتێك ئۆپۆزسیۆنێك تواناى گۆڕانكارى نه‌بێت، نه‌شتوانێ ده‌نگه‌كانمان بپارێزى و، ده‌نگیش نه‌ده‌ین به‌ پارتى و یه‌كێتى، بۆیه‌ باشترین بژارده‌ بۆ ئاسووده‌یى خۆمان و شه‌رعیه‌تنه‌دان به‌ هه‌ڵبژاردن، بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن و دروست بوونى به‌ره‌ى بایكۆته‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ كه‌س پێیانوایه‌، ئه‌و كاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى و یه‌كێتیه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌م قسه‌یه‌ شتێكى ڕێژه‌یه‌و مه‌رج نییه‌، ئه‌وه‌ى نه‌چێت له‌ شوێنى پڕده‌كرێته‌وه‌. داماننا بیانوى كه‌مى رێژه‌ى به‌ژداریكردن له‌ قازانجى پارتى و یه‌كێتى، ئه‌ى بۆچى ئێوه‌ تواناتان نییه‌ خه‌ڵكى خۆتان ببه‌نه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان و ئومێدیان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هێزگه‌لى ته‌قلیدى و به‌رژه‌وه‌ندیخوازنین ؟! كاتێك عومه‌رى سه‌ید على و على باپیرو سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین و به‌رهه‌م ساڵح، ناتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ بسازێن و ببنه‌ به‌ره‌یه‌كى هاوبه‌ش، به‌هۆى بێ متمانه‌یى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ده‌بێ حه‌قیش به‌ خه‌ڵكى بده‌ن بایكۆتى پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن ؟!!


  ■ عادل باخه‌وان من وشیارم به‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستا و ئێره‌دا ماڵی سیاسی کوردی وه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌ک دڕاوه‌ و سه‌دان ناکۆی له‌نێوان گروپه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو لێکترازانه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو دڕانه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناپاکیه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و غه‌درانه‌ی له‌ یه‌کتری و له‌ کۆمه‌ڵگای کوردیان کرد، ...، گه‌ر لایه‌نی هه‌ره‌که‌می به‌رپرسیاریی له‌به‌رامبه‌ر "کوردبوون"دا لای گروپه‌ سیاسیه‌کان مابێت، ده‌بێت هه‌موو تواناکانیان بخه‌نه‌ کار، بۆئه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ عه‌بادی نه‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق. که‌وتنی که‌رکوک له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ر دا، له‌ڕوی سایکۆلۆژیه‌وه‌ چه‌ند برینێکی سه‌خت و قوڵی له‌ یاده‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معیی کوردیدا به‌جێهێشت، بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عه‌بادی، ئه‌وه‌نده‌ و له‌هه‌مان ئاستدا، برینێکی دیکه‌ی سه‌خت و قوڵ له‌ هه‌مان یاده‌وه‌ریدا به‌جێده‌هێڵێت. سیاسه‌ت بریتیه‌ له‌ ئیداره‌کردنی ستراتیژیه‌کان له‌ کورته‌ مه‌وداو نزیکه‌ مه‌ودا و دوره‌ مه‌ودادا. ستراتیژیه‌کانیش له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی هێز له‌نێوان ئه‌کته‌ره‌کاندا دروستده‌کرێن. له‌ نزیکه‌ مه‌ودادا، شکاندنی عه‌بادی په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌ که‌رامه‌تی سیاسی کوردیه‌وه‌ هه‌یه‌، گه‌ر له‌ 16 ئۆکتۆبه‌ردا ئه‌و که‌رامه‌ته‌ شکابێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دورخستنه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، به‌شێکی زۆر له‌و که‌رامه‌ته‌ سیاسیه‌ شکاوه‌ بۆ کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. بێگومان که‌ده‌ڵێم کورد، مه‌به‌ستم هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ که‌ ئینتیمای سیاسیان بۆ کوردبوون هه‌یه‌، نه‌ک هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌ کوردی قسه‌ده‌که‌ن، یان کوردی ده‌زانن، یان له‌ خێزانێکی کوردی له‌ دایکبوون.


■ عەبدولڕەحمان راشید... وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت هیچ دەوڵەتێك لەبەرامبەر ویلایەتە یەكگرتووەكان رانەوەستاوە و نەدۆڕابێت، تەنانەت ئەگەر كاتەكە درێژەشی كێشابێت، ئەمە راستییە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، بەهێزترین چەكی ئەمریكییەكان چەكی سەربازی نییە، بەڵكو ئابورییە. توركیا نە لە ئەڵمانیا و نە لە چین بەهێزتر نییە، دوو وڵات كە بڕیاریاندا روبەڕووی ئیدارەی ترەمپ نەبنەوە، و دانوستان و سازش و دوركەوتنەوەیان لە توندكردنەوەی بارودۆخ و شەڕەقسە هەڵبژارد، كێشەكە چییە ؟ واشنتۆن چاوەڕوانی كۆمەڵێك داواكاری لە توركیا دەكات، گرنگترینیان راگرتنی بازرگانییە لەگەڵ ئێران، كەمترینیشیان ئازادكردنی ئەو قەشە ئەمریكییەیە كە توركیا تۆمەتباری دەكات بە سیخوڕیكردن. لە ئابلۆقەی ئێراندا، سێ دەوڵەتی سەرەكی هەن كە پێكەوە یاخود بە تەنیا دەكرێ رۆڵی هاوسەنگ بۆ رژێم لە تاران بگێڕن، پاكستان و توركیا و سعودیە. هەرسێكیان پەیوەندی بەهێز دەیانبەستێتەوە بە ئەمریكاوە، بەڵام توركیا رێڕەوی سەرەكییە بۆ بازرگانی ئێران، توركیا دەوڵەتێكی گرنگە لە سیستمی خۆرئاوادا، تاكە دەوڵەتی ئیسلامییە لە پەیمانی ناتۆدا و گرنگە بۆ هەر روبەڕوبونەوەیەك لەگەڵ روسیا لە داهاتوودا هاوكات لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكی روسیا و ئەمریكا و ئەگەری گەڕانەوەی جەنگی سارد. ترەمپ دەیەوێت توركیا رۆڵی خۆی وەكو هاوپەیمانێك بگێڕێت یاخود نا. واشنتۆن لە توركیای قبوڵ ناكات چەكی بەرگریی ستراتیژی لە روسیا بكڕێت، و كرانەوەی بازرگانی بەڕووی ئێراندا بكات و هاوكاتیش لە پەیمانی ناتۆ لەگەڵیدا دابنیشێت و خۆی وەكو دەوڵەتێكی هاوپەیمان ئەژماربكات. بەڵام سنورێك هەیە بۆ قوڵبونەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان واشنتۆن و ئەنكەرەدا لەچوارچێوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوو پایتەختەكە. سەرباری ئەو ژاوەژاوەی كە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا "سزای" دیاریكراوی بەسەر توركیادا سەپاندووە، كە سزای رەمزین و ئامانج لێیان فشاردانانە لەسەر سەرۆك ئەردۆغان. ئەژماری بانكیی دوو وەزیری توركیای بلۆك كردووە، و باجی بەسەر تەنیا دوو جۆر كاڵای توركیدا سەپاندووە. بەدڵنیایی لێكەوتی ئەو دوو هەنگاوە لەسەر توركیا گەورەیە، لیرەی شاردەوە و ترسی خستە ناو بازاڕەكەیەوە، هۆكارەكەشی بە پلەی یەكەم سیاسییە، بەجۆرێك رەشبینی باڵیكێشا بەسەر پەیوەندییەكە و داهاتوشیدا. لە روخساری روبەڕوبونەوەكەدا شێخێكی توركی و قەشەیەكی ئەمریكی هەن. ئەردۆغان حكومەتەكەی ترەمپ تۆمەتبار دەكات بەوەی داڵدەی رێبەری ئۆپۆزسیۆنی داوە، گولەن، كە ئۆپۆزسیۆنێكە لەدوای هەوڵی كودەتاكەوە لە پرۆسەكانی پاكتاوكردندا لەناوبراوە. ترەمپ هەڵگرتنی سزاكان دەبەستێتەوە بە ئازاددكردنی قەشە ئەمریكییە دەستگیركراوەكە لە توركیا. بەتێڕوانینی من، نە گولەن و نە قەشەكە كێشە نین، ئەگەرچی ئەو بەهانەیە لە راگەیاندنەكانەوە باسدەكرێن، ناكۆكییەكان ماوەیەكە توند دەبنەوە و دۆسیەی جیاواز لە خۆدەگرن، لەناویاندا ناكۆكی لەناو سوریا، و پەیوەندی لەگەڵ روسیا، هەروەها دژی پەیوەندی بەهێزی بازرگانی ئەنكەرەیە لەگەڵ ئێران، بە دیاریكراوی ئەمە مەترسیدارترین هۆكاری قەیرانە لەگەڵ ترەمپ كە زۆر جەخت لەسەر خنكاندنی ئێران دەكاتەوە لەڕووی بازرگانییەوە، ئەمەش شتێكە كە توركیای هاوبەشی سەرەكی ئێرانییەكان قایل ناكات. سەرباری ئەو زیانە گەورانەی كە بەهۆی بڕیارەكەیەوە بۆ دوو هێندەكردنی باج لەسەر هەناردەی ئاسن و ئەلەمنیۆمی توركیا كەوتوەتەوە. ترەمپ نە پەلەیەتی و نە هەڵەشەیە، لەراستیدا ترەمپ رێزێكی تایبەتی بۆ ئەردۆغان نیشاندا دژ بە ئارەزووی سیاسەتمەدارانی تری ئەمریكا، دەستوەردانی كرد و فشاری خستەسەر حكومەتی ئیسرائیل و خانمێكی توركی ئازادكرد كە تۆمەتبار دەكرا بەوەی یارمەتی دارایی بزوتنەوەی حەماسی داوە، پاسەوانەكانی ئەردۆغانی ئازاد كرد كە تۆمەتبار كران بە لێدانی خۆپیشاندەران لە واشنتۆن (نوسەر مەبەستی لە خۆپیشاندەرانی كوردە). هەروەها ترەمپ یەكەمین سەرۆكی جیهان بوو كە تەلەفۆنی بۆ ئەردۆغان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی بۆ سەرۆكایەتی توركیا لێكرد، پەیوەندییەكی باشیش لەنێوان هەردوو وڵات هەیە كە گریمانەی پیلانگێڕی دوردەخاتەوە كە ئەردۆغان باسی لێوەكرد. توركیا وەكو ئێران دەوڵەتی شۆڕش نییە، بەهای توركیا لە ئابورییەكەیدایە نەك پاسەوانانی شۆڕش (سوپای پاسداران) و چالاكییە تیرۆریستییەكانی وەكو ئێران، هەروەها بەهای توركیا بەهۆی ئامادەگییەتی لەناو سیستمی سیاسی و سەربازی خۆرئاوادا.  ئایا حكومەتی توركیا زاتی ئەوە دەكات روبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكان ببێتەوە؟ ئەگەرێكی دوورە. توركیا دەوڵەتێكە كە شانازی بەوەوە دەكات لەڕووی ئابورییەوە سەركەوتووە، ئابورییەكەی لەسەر بازرگانیكردنە لەگەڵ خۆرئاوا نەك ئێران و عەرەب. توركیا ناتوانێت ئاڵنگاریی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران بكات، لەسەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا ئەمەی كرد، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هۆشداری زۆری نارد بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن بەوەی سزایان  دەدات، هەروەها، بابەتێكی پەراوێزی وەكو دەستگیركردنی قەشەكە، كە پێشتر ئازادكراو لە ئیزمیر ماڵبەند كرا، شایستەی ئەوە نییە هۆكارێك بێت بۆ تێكدانی ئابوری توركیا. ترەمپ قەشەكە وەكو كارتێكی فشار بەكاردەهێنێت، چونكە دەزانێت ئەگەر توركیا ئازادی بكات چاكەكەی بۆ ئەو دەبێت، ئەگەر ئازادیشی نەكات وەكو كارتێكی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی خۆی بەكاریدەهێنێت بەوەی كە پاڵپشتی كردووە، و سزای توركیا دەدات لەسەر دەستگیركردنی. بەڵام توركیا لەهەردوو رووەكەوە دۆڕاوە، ئەگەر كێشەكەی بە كراوەیی جێهێشت. 


■ دارا شێخ یەحیا.... لە بەردەرکی سەرای  سلێمانی یەوە دەست پێ بکەو... بەپیاسە سەرەنجی پەیکەرەکان بدە دواتر بڕۆرەوە بۆ بەردەم باخی گشتی و بە ناو باخی گشتی دا بیاسەیەک بکە ئەبینیت پەیکەرەکان چەند نامۆن ،  دواتر بزانە شەهید ئارام چ پەیکەرێکی بۆ کراوە، ئینجا بەرەو پارکی نالی سەیری کەرەکە بکە و لە وێوە بۆ بەردەم کتێبخانەی گشتی  پەیکەری لە تیف هەڵمەتی لنگەوقوچ پاشان بگەڕی بەشاردا و سەرێک لە قفڵەکە بدەو،شەقام بەشەقامی شارەکە بگەڕێ...پەیکەرێکم بۆ بدۆزەرەوە لە ساحێبەکەی بچێت...هەر لە ساڵح دیلان، عەولەسیس ، شێرکۆ بێ کەس .... هتد پەیکەر بەسەربانەوە ، بە بن بانەوە بگەڕێن،جوان بگەڕێن پەیکەرو مۆنۆمێنتان باش! هونەری وێنە کێشان قورسە، پەیکەرتاشین قورستر، مۆنیومێنت هەر زۆر قورستر، ئاخر هونەری ئەو قفڵ و چەقۆ و بێ ڕێزیە چی یە بە هونەروە  ئەکرێت، ئەبێت بودجەو پارە بە فیڕۆ نەدەن  لە پێناو کاری نا هونەری و ناشرین ، هونەر دا‌هێنانە ، هونەر وتاری سیاسی نی یە بەڵکو دەڕبڕینێکی جیاوازە... هونەری سەقەت  لە وڵاتانی تریش هەیە وەک وەک لەوێنەکان  دامان ناوە، چەند سەقەت؟ یەک دوان ؟ نەک هەمووی پاشان کێ بڕیار دەدات لە سەر دانانی پەیکەر ؟ کێن ئەو زاڵمانەی ڕەحم بە شار ناکەن و ناشرینی ئەکەن ؟ کوا ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرەکەی، کوا سەرۆکی شارەوانی ؟ کوا پارێزگار ؟ ئەمانە چی لە هونەر ئەزانن؟ لە وڵاتی پێشکەوتوو، لە شێ‌رەوانی لیژنەیەکی تایبەت بە هونەری پەیکەر سازی هەیە و وە ئەندامانی خەڵکی هونەرمەندی بە توانا و شارەزاو ئەندازیارو ڕۆشنبیرن! لە سلێمانی کوا ئەو لیژنەیە كێن و کوان و لە کوێن ؟  یان لێرە لیژنە حیزبیەو لە حیزبیش یەک کەس بڕیار ئەدات خودایە ڕحمێ بە سلێمانی بکە ، گوناحتان دەکات ئەو هەموو زوڵمە لە سلێمانی ئەکەن سەرەڕای زوڵمەکانی تر ... ئەمە لە کاتێکدایە دەیان هونەرمەندی باشی کورد هەن ڕێگەیان پێ نادرێت ... تۆ بزانن من باسی پەیکەری شێخ مەحمود  هادی زیاد ئەدین ناکەم ، چونکە بەراستی کارێکی هونەرییە... ڕۆژێک دێت بە شۆفڵێک  ئەو پەیکەرانە لابەرین و سلێمانی دەبێتە مەیدانی هونەرو پەیکەر و مۆنۆمێنتی جوان.


■  عەبدولڕەحمان مەهابادی.... چاوخشانێك بەسەر هەڕەشەكردنەكانی ئەمدواییەی رژێمی ئێران لە ناوچەكە لەمدواییانەدا لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێ كە رژێمی ئێران دەیهەوێت شەڕێكیتر هەڵگیرسێنێت تا بتوانێ قەیرانە ناوخۆییەكانی خوی پەردەپۆش بكات. خاوەنانی ئەم تیۆرییە بۆ سەلماندی راوبۆچوونی خۆیان پشت بە نموونەكانی پێشووتر و بە تایبەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەبەستن كە رژێمی ئێران توانیویەتی بە هەڵایسانی شەڕی دەرەكی، ئازادی و ئازادیخوازان لەناوخۆی ئێران سەركوت بكات لەو سەردەمەدا و لەمڕووەوە سوودێكی گەورە بكات. ئەوان هەروەها ئاماژە بە پێناسەی رژێمی ئێران دەكەن كە بێ هەڵایسانی شەڕ لە سەر پێ نامێنێتەوە و بەردەوام جۆرێك لە شەڕئەنگێزی بە سیاسەت و ستراتیژییەكانییەوە دیار بووە. كە دەوترێ شەڕخوازی بەشێكی جیانەكراوەیە لە مانەوەی ئەو رژێمە شتێكی تەواو راست و درووست و بنەڕەتییە و ئەزموونی چوار دەیەی رابردوو لە پێناسەكردن و كارنامەی كردەیی ئەم رژێمە بە باشی ئەو راستییەی دەرخستووە و حاشاهەڵنەگرە. ئەو تیۆرییەی سەرەوە باس كرا لەهەمبەر شەڕئەنگێزیی نوێی رژێمی ئێران دوای ئەوە دێت كه لەم دواییانەدا كاربەدەستانی ئەو رژێمە و بە تایبەت سەرۆكی ئاخوندان، حەسەن روحانی، پاڵەوانە پەمۆكەی، واتا قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی تیرۆریستیی قودسی سەر بە سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی (گەرووی هۆرمۆز)یان كرد. لێرەدا ئەو پرسیارە دەكرێت كە ئایا رژێم توانای داخستنی گەرووی هۆرمۆزی هەیە؟ بە بڕێك شارەزایی لە سەر بارودۆخی ئێران و ناوچەكە و جیهان دەكرێت بە راشكاوی بڵێین كە رژێم لە كۆتایی دەیەی چوارەمی خۆیدا، ناتوانێ بەدوای هەڵگیرسانی شەڕێكی نوێوە بێت. چون بەر لە هەمووان، كاربەدەستانی رژێم خۆیان باش دەزانن كە نە توانای ئەمكارەیان هەیە و نە دۆخەكەیش شتی لەمجۆرە قبووڵ ناكات. ئێستا لە ئێران راپەرین بەردەوامە و بەتینیشە و كۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران هەموو رۆژێك بە شێوازی جیاجیا بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە لە سەر شەقامن. چون شتێكیان بۆ نەماوەتەوە نیگەرانی بن بۆ لەدەستدانی. ئەوان لە نەبوونی ژیانێكی ئاسان و ئاسوودە، لە نەبوونی لانیكەمی ئازادییەكان و ئاسایشی گیانی و ماڵی و شوغڵی و ... تووڕەن. ئەم بارودۆخە هەر دێت و بەرەو تەقینەوە نزیك دەبێتەوە. لەم رۆژانەی دواییدا و بە نزیكبوونەوەی قۆناغێكی نوێ و قورستری سزا كوشندەكانی كۆمەڵگای جیهانی بۆ سەر رژێم، نرخی دۆڵار لە 12هەزار تمەن تێپەڕی و چینی مامناوەندی و هەژار چاریان نییە لە تەقاندنەوەی رق و تۆوڕەیی خۆیان دژ بە دەسەڵات. كەوایە كاردانەوەی ئەم دۆخە، ژیانی كاربەدەستانی ئەم رژێمەیان تاڵ و شوێنی پێ لەق كردوون و لەو سۆنگەوە ورەی هێزە سەركوتكەرەكانی رژێم بە تەواوی دابەزیوە. بە جۆرێك كە كاربەدەستانی سەربازی و حكومی بە راشكاوی باس لەوە دەكەن و نایشارنەوە كە «مەترسییەكانی ناوەوەی ئێران زۆرترن لە مەترسییەكانی ئەو دیوی سنوورەكان» بۆ سەر رژێمەکەیان (ئاژانسی هەواڵی تەسنیم 5ی گەلاوێژی 1397). هەربۆیە نە رژێمی ئێران و نە خەڵكی ئێران لە ئاستی پێشووی خۆیاندا نەماون، واتا سەرەتاكانی هاتنە سەر كاری رژێمی مەلاكان لە سەرەتای هەشتاکانی زایینی. باشترین بەڵگەیش درووشمەكانی جەماوەری خەڵكی ئێرانه بەرانبەر بە رژێمی دەسەڵاتدار. درووشمی وەك: مەرگ بۆ دیكتاتۆر. مەرگ بۆ خامنەئی، ئیسڵاح تەڵەب ئوسولگەرا، ئیتر كۆتایی هات ماجەرا، دوژمنی مە لێرەیە، درۆ دەكەن دەڵێن ئەمریكایە. وای بە حاڵتان كە دەستمان بە چەك بگات و ... هەربۆیە خەڵكی ئێران چیتر ئەم رژێمەیان پێ قبووڵ ناكرێت و نابنە سوتەمەنی بۆ شەڕێكیتری رژێمی ئێران لە ناوچەکە. خەڵكی ئێران ئێستا چارەی هەموو ئێش و ئازار و كێشەكانی خۆێ لە رووخاندنی ئەم رژێمەدا بەدی دەکات و ئامادە نیە پاشەكشە لە داخوازییە رەواکەی بکات. ئەوەی دەستەبەری راپەڕینە، حزووری چالاكی هێزەكانی موقاومەتی ئێرانە وەك ”شانەكانی شۆڕش” لە ناو ئێران كە گەشەسەندنی رۆژانەیان بووەتە جێی تووڕەیی کاربەدەستانی رژێمی ئێران. هەنگاوی هیسترییانەی رژێم و هاوپەیمانان و كرێگرتەكانی، بۆ رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی پاریس و پلانی تیرۆریستیی رژیم بۆ بۆمبانانەوە لەو گردبوونەوەیە باشترین بەڵگەن بۆ سەلمانی پەیوەندیی لە پسان نەهاتووی نێۆان راپەڕینی گەلی وەزاڵەهاتووی ئێران و موقاومەتی رێكخراو. پیلانێك كە كەشفكردن و دەستگیركردنی دیپلۆمات _ تیرۆریستی رژێم (ئەسەدۆڵڵا ئەسەدی) و ئەندامانیتری تیمی تیرۆرەكە لە لایەن دەزاگاكانی ئاسایشی ئەوروپا م ریسواییەكی زۆری بۆ رژێمی ئێران بە دواداهات و موقاومەتی ئێرانی وەك تاكە ئاڵترناتیڤی دیموكراتی بەرانبەر بە رژێمی ئێران لە جیهانی سەلماند، هۆكارێكی حاشاهەڵنەگریتر لەم پێوەندییەدا، ئەو گۆرانكارییە گەورەیەیە کە لە ئاستی جیهانیدا دژ بە رژێمی ئاخوندان دەركەوتووە و خۆی لە ستراتیژیی نۆێی حكومەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بەرجەستە دەكات دژ بە رژێمی ئێران كە خۆی هەڵقوڵاوی راپەڕینی خەڵك و دەوری بێ بەدیلی موقاومەتی ئێرانە كە وای لە دەوڵەتانی جیهان كردووە بێنە تەنیشت خەڵك و موقاومەتی ئێران. كەوایە هەر له بنەڕەتدا هەڕەشەكردنەكانی ئەم رژێمە لەرزۆک و شڵەژاوە، نەک نیشانەی بەهێزبوونی رژێم، بەڵكو دەرخەری لاوازی و ناسكبوونی ئەم رژێمەیە و گومان هەڵناگرێت ئەم رژێمە زۆر بە زوویی لەسەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران دەڕووخێت و پەنابردنە بەر هەڕەشەكردن، رووخانی ئەم رژێمە نزیك دەكاتەوە. ............................. هەموو وتار و بۆچونەكان تەعبیر لە رای نوسەرەكانیان دەكات و درەو میدیا لێی بەرپرس نیە



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand