Draw Media

 ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع به‌شی‌ یه‌كه‌م   (١) حیزب لە ھەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی درێژی لەگەڵ ململانێی ناوەکییدا ھەیە. ھەرکاتێک دەستەیەکی ناڕازیی بەسەرۆکایەتی کەسایەتییەکی دیاریکراو جیادەبنەوە، خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی ھێڵی سیاسیی حیزبەکە دادەنێن. لە ژیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیشدا وەکچۆن جیابوونەوە و لێکترازان بەشێکە لە خەسڵەتی ژیانی حیزبایەتی، ئاواش دووبارەلکاندنەوە و تێکەڵاوبوونەوەش دیاردەیەکی ھاوتەریبی ناو ململانێی حیزبایەتی لە کوردستاندا پێکدەھێنێت.  لەساڵانی ڕابردوودا قۆناغێکی نوێ لە پێکھات و وەزیفەی حیزبی کوردییدا ھاتۆتەکایەوە کە کاریگەریی گەورە لەسەر کردەی سیاسەت لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا بەجێدەھێڵێت. ئەم قۆناغەش بەدوو خەسڵەتی نوێ لەناو پێکھاتی حیزبی کوردییدا دەناسرێتەوە. یەکەمیان کۆتایی کاریزمای سیاسیی و جێگرتنەوەی باوکە سیاسییەکانە لەلایەن کوڕەکانیانەوە. دووھەمیشیان پرۆسەی پاکسازییە لەناو ئۆرگانەکانی حیزب خۆیدا.  حیزبی کوردیی ھەر لەسەرەتاوە جەستەیەکی سیاسیی بووە کە بەبێ بوونی کاریزمایەک ھێز و توانای کارکردنی سیاسیی، گەر نەڵێین ئاستەم بووە، ئەوا زۆر زەحمەت بووە. کاریزماکان چ لە کاتی ژیانیان و چ لە کاتی مردنیاندا دەبن بە داینەمۆی ناوەکیی حیزبە سیاسییەکانیان. گەر لەسەردەمی ژیانیاندا ھێزی لکاندن و کۆنترۆڵکردنی ململانێکان و رۆڵی ئامێزانکردنی باڵ و گروپە ناکۆکەکانیان گێڕابێت و وەک سێنتەرێک کاریانکردبێت کە چەندان پەراوێزیی جیاوازیان لەدەوری خۆیان کۆکردبێتەوە، ئەوا لەدوای مردنیان ئەم سێنتەرە کۆتایی پێدێت و پەراوێزەکان دەپچڕێن و زۆریشیان دەچنە قۆناغ و کەڵکەڵەی بە سێنتەربوونەوە. بەمەش ھەم ململانێیەکی گەورە لەناو حیزبەکەدا دروستدەبێت، ھەم کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی گەورە سەرھەڵدەدەن کە چارەسەرکردنیان لەناو ئەو حیزبەدا زۆر زەحمەت دەبێت، گەر مەحاڵ نەبێت. دۆخی یەکێتی دوای مام جەلال و دۆخی بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بەرجەستەی ئەم دۆخە دەکەن.     (٢) لە کۆمەڵگای سیاسیی نوێی ئێمەدا ململانێی سەرەکیی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و لەناو خودی ھێزە سیاسییەکانیشدا، ململانێی ھەیمەنەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی دوو سەرمایەی سەرەکیی. یەکەمیان ململانێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرمایەی ئابووریی و لەناو سەرمایەی ئابووریشدا بەپلەی یەکەم ململانێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی داھات، بەتایبەتیتریش داھاتی نەوت. دووھەمیان ململانێیە لەسەر سەرمایەی رەمزیی لەنێوان گروپی خێزانی سەرۆکە کۆچکردووەکاندا، کە خۆیان بە نوێنەر و وەریسی شەرعیی حیزب دەزانن، بەرامبەر بەو گروپانەی کە دژ بە پرۆسەی تەوریسن، یان سەر بە گروپێکی تری ناو خێزانە سیاسییەکەن. ئەم ململانێیەش تەواو دابڕاوە لە ھەر ڕەھەندێکی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی و بەرنامەیی کە پێویستە لانیکەم یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ململانێی سیاسیی بێت. لەھەمانکاتدا گەشەی ناوەکیی حیزبە کوردییەکان لەمڕۆدا بە ئاراستەی موتوربەکردنی سەرمایەی ئابووریی بە سەرمایەی رەمزییدا تێدەپەڕێت. واتە کوڕانی سەرکردە مردووەکان و ژنەکانیان و خزمەکانیان خەریکی مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایەی رەمزیی سەرۆکە مردوەکانن و ئەم سەرمایەیەش تێکەڵ بەو سەرمایە ئابورییە گەورەیەی حیزب دەکەن کە لەدوای خەسخەسەکردن و بازگانیکردن بە نەوتەوە بۆیان دروستبووە. لێرەدا پرۆسەی تەوریسی سیاسییش بەھەمان لۆژیکی تەوریسکردنی کۆمپانیا و موڵک و ماڵی تایبەتدا تێدەپەڕێت کە باوکان لەدوای مردنیانەوە بۆ منداڵەکانیان بەجێیدەھێڵن. قەسامی شەرعیی دەبێت بە رەچەتەیەکی یاسایی بۆ تەقسیمێکی شەرعیی دەسەڵات و داھات لەنێوان کوڕەکانی سەرۆکی کۆچکروو. وەکچۆن کۆمپانیایەک لەدوای مردنی خاوەنەکەیەوە بۆ منداڵەکانی بەجێدەمێنێت، بەھەمان لۆژیک حیزبیش لەدوای مردنی سەرۆکەکەیەوە بۆ کوڕەکانی بەجێدەمێنێت.     (٣) خەسڵەتی دووھەمی ژیانی حیزبیی لەمڕۆدا بریتییە لە پاکسازییەکی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە تەواوی ئەو دەنگانەی لەناو حیزبدا ناڕازین و حیزب وەک کۆمپانیایەکی فرەپشکی سیاسیی نابینن، یان کێشەیان لەگەڵ تەوریسیی سیاسیدا ھەیە و ئەم پرۆسەی تەوریس و دابەشکردنە نادیموکراسییە نوێیەی دەسەڵاتیش لەناو حیزبدا وەک کردەیەکی سیاسیی ھەڵە و ناڕاست دەنرخێنن. ئەم پرۆسەی پاکسازییکردنە لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی ئەو کەسە ناڕازییانەوە دەستپێدەکات، دواتر بەناو ناچارکردنیان بە بێدەنگبوون و ھیچ نەکردندا تێپەڕدەبێت و لە دەستلەکارکێشانەوە و جیابوونەوەشدا کۆتاییدێت. پاسیڤکردنی حیزب و دروستکردنی ئۆرگانی تایبەت و ھێزی تایبەت و میدیای تایبەت لەناو حیزب خۆیدا، دیاردەیەکە نەوەی دووھەم و منداڵ و خزمەکانی سەرکردەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پێیھەڵدەستن. بێگومان ھەڵەیە ئەم کردەیە وەک پرۆسەی لاوازبوون و نەمانی ئەرکی حیزب ببینین و مامەڵەبکەین، بەڵکو مانای گۆڕانیەتی لەچوارچێوەی ململانێکردندا لەسەر ھەیمەنەکردن بەسەر ناوک یان پێگەی سێنتەر لەناو حیزبدا. ھەموو ئەو ئۆرگانانەی کە وەک حیزب لەناو حیزبدا کاردەکەن، وەک یەکەی تایبەتیی ئامادەن، ھەموویان لەناو ئەو چوارچێوە گەورەیەدا کاردەکەن کە ناوی حیزبە. کۆی ئەو باڵ و گروپە چەکدار و میلیشیایانەی لەناو حیزبدا ھەن، ھەموویان لەناو چوارچێوەی رێکخراوەکەدا ئامادەن و لەناو ئەو چوارچێوەیەشدا پێگەیان ھەیە. ھەرکاتێکیش کەوتنە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبەکەیانەوە ئەگەری پوکانەوەی ڕۆڵیان و لەناوچوونیان زۆر گەورەیە. بە کورتییەکەی منداڵی خێزانە دەسەڵاتدارەکان، دوای مردنی باوکیان دەستدەکەن بە خستنەگەڕی پرۆسەیەکی بەرفراوان لە پاکسازیی ناوەکیی و ھەڵدەستن بە تەرەکردن و شکسپێھێنانی بەرگریی ئەو ھێزانەی کە رەخنەیین و نوزەیەکیان تیاداماوە. وەکچۆن ئۆرگان و پێگە و ھێزی تایبەت بەخۆیان لەناو جەستەی سیاسیی و ڕێکخراویی حیزبەکەدا دروستدەکەن و دەپارێزن. ئەم پرۆسەی بێدەنگکردنە ناوەکیی و دەرەکییە و ئەم دروستکردنی ئۆرگانی تایبەتەیە، وادەکات ژیانی سیاسیی ئێمە روبەڕوی دۆخێکی تەواو جیاواز بێت لە دۆخی ڕابردووی. ململانێی کوڕەکان و نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانی ئێمە تەنھا لەگەڵ دونیای دەرەوەدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو دونیا ناوەکییەشدایە کە باوکەکان دروستیانکردوە. ھەم دژ بە کۆمەڵگا و ھەم دژ بە دەنگ و ھێز و کەسە ناڕازییەکانی ناو حیزب دەکەونە جەنگ و پێکدادانەوە.     (٤) لەدوای ئەزموونی ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کە بزوتنەوەی گۆڕان وەک ھێزێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی ریفۆرمخوازی نوێ سەریھەڵدا، چاوەڕوانیی و ئومێدێکی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستکرد کە خەباتی پەرلەمانیی بچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، بتوانێت بکەری سیاسیی نوێ دروستبکات، دەستکاری سیستەمە سیاسییەکە بکات و نەخۆشییە سەرەکییەکانی دەستنیشان و چارەسەربکات. بەرامبەر بەوە لە دە ساڵی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی ھەموو شتێکیان کرد کە ئەم خەباتە پەرلەمانییە بۆ گۆڕانکاریی لە ماڵی سیاسیی ئێمەدا وێرانبکەن و لەوەشدا سەرکەوتن کە شکست بە خەباتی پەرلەمانیی و پڕۆژەی چاکسازیی بھێنن. ئەم دەساڵە، دەساڵی پڕ بەرزیی و نزمیی و پێکدادان و دانوستان بوو و بەوە کۆتایی ھات سەرۆکی ھەرێم دەرگای پەرلەمان دابخات و ئۆپۆزیسیۆنیش لە پایتەختی حوکمڕانییە سوڵتانییەکەی دەربکات. بە کورتییەکەی، لەماوەی ئەم دەساڵەی ڕابردووی سەرھەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنییدا، پارتی و یەکێتی توانییان پەراوێزبوونی دەزگای پەرلەمان قووڵتربکەنەوە و ھیچ بەھایەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەم بۆ ئەم دەزگایە و ھەم بۆ خەباتی مەدەنی، نەھێڵنەوە. ئەوەی ئێستا ھەیە بێرخبوونی تەواوەتی دەزگای پەرلەمان و سەرلەنوێ کورتکردنەوەیەتی بۆ دیکۆرێکی بێروح و بێکاریگەرتر لە ڕابردوو.  لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا پەرلەمان وەک دەزگایەکی سیاسیی، ھەندێک قورسایی و کاریگەریی بۆ دروستبوو، لە دیکۆرێکی بێڕۆحەوە گۆڕا بۆ پەراوێزێکی سیاسیی گرنگ کە لە زۆر ساتدا سیستەمە سوڵتانییەکە گیر بەدەست ھەندێک لە بڕیار و چالاکیی و زمان و ئەکتەرەکانییەوە دەخوات. مەترسیی ئەم دەزگایە گەیشتە ئاستێک کە بارزانی دەرگاکەی دابخات و کلیکەکەی بخاتە گیرفانی خۆیەوە. تا بەر لە داخستنی لەلایەن بارزانییەوە پەرلەمان لە پێگە پەراوێزییەکەی خۆیەوە و بە تیپی سێھەم و چوارەمی سیاسەتکردنیشەوە، توانای تەحەداکردنی شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتیی سیستمە سوڵتانییەکە و بڕێکی زۆر لە سیاسەتەکانی ھەبوو. داخستنی پەرلەمان گەڕاندنەوەی ئەم دەزگایە بوو بۆ خاڵی سفر و بێبەھاکردنی تەواوی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی بوو لە جیھانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و یاسایی کۆمەڵگای ئێمەدا. ئێستا ئیتر پەرلەمان لە ھەرێم بە کردەوە کورتکراوەتەوە بۆ ئەو دیکۆرە دەرەکییە کە ناتوانێت تەنانەت دۆخە پەراوێزییەکەی جارانی خۆی ھەبێتەوە. لەم قۆناغەی ئێستادا چاکسازیی و ڕیفۆرمی سیاسیی لە ھەرێمدا ھەرچییەکی بۆ بکرێت و ھەرچیەک بکات، ناتوانێت بگاتە کردەی دابەشکردنی دەسەڵات و بنەبڕکردنی گەندەڵیی و سنووردانانێک بۆ شکستە سیاسیی و ئابووریی و نیشتیمانییەکانی ئەم حوکمڕانییە سوڵتانییە، کە ھێدی ھێدی نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان پێگە سەرەکییەکانی داگیردەکەن. دەسەڵات لەمڕۆدا بەجۆرێک لەدەستی کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو ھەندێک خێزان و بنەماڵەی سیاسییدا گرمۆڵەبووە کە ھەموو فشار و ھەوڵدانێک بۆڕیفۆمرکردنی، بەمانای سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات، ڕووبەڕووی ھێرش و توندوتیژییەکی گەورە دەبێتەوە. ھەر دەستکارییکردنێکی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ھەوڵدانێک بۆ دابەشکردنی، مانای پەراوێزخستن و کەوتنی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتیی و ناوەکانی ناو ئەو نەوە تازانەی ھاتونەتە سەر خوانی باوک و برا و مام و کەسوکارەکانیان. ئەمەش کردەی ڕیفۆمی سیاسیی لەھەموو کات ھەم زەحمەتتر کردوە، ھەم ترسناکتر. منداڵەکان لە ھەرشتێکدا لەگەڵ یەکدا ناکۆکبن، لەوەدا تەبان کە پێگەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بسەپێنن و بپارێزن و بەرگریی لە بەرژەوەندییە نوێکانیان بکەن.     (٥) ئەوەی ئێمە وەک ئەگەرێکی بچووک دەیبینین، ڕەنگە ئەنجامدانی ھەندێک ڕیفۆرمی ئابوریی بێت کە ئاکاری نیۆلیبرالانەی سیستەمە ئابورییەکە زیاتر بسەپێنێت، ڕەنگە ھەندێک ریفۆرمی زۆر سەرەتایی و ناچیز لەناو دیاردەی گەندەڵیی لە خوارەوەی سیستمە ئابورییەکەدا بکرێت، ھەندێک ریفۆرم لە جیھازی ئیداریی و بیرۆکراسییەتدا بکرێت، بەڵام ڕیفۆرمی سیاسیی و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەمڕۆدا و دوای ئەو دۆخە تاڵ و وێرانکەرەی بزوتنەوەی گۆڕانی تێکەوتوە و دوای شکست و ئیفلیجیی پێکەوەکارکردنی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ یەکتر و دروستنەکردنی ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەسەڵات، کردەیەکی تەواو زەحمەتە. ئەم لاوازیی و پەرتەوازەییەی ئۆپۆزیسیۆن وادەکات ڕیفۆرمکردنی ئابوریی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی لە پێگە سەرەکییەکانیدا کارێکی نەکردەبێت، چونکە سەرە گەورەکانی ناو سیاسەت و منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان خۆیان لە تێوەگلاوە سەرەکییەکانی گەندەڵیین. ئەوان لە ئێستادا دیزاینەر و ئەندازیار و بکەرە سەرەکییەکانی ناو سیستمە گەندەڵەکەی ھەرێمن، کە ساڵانێکی دێژە لە کایەی ئابووریی و ئیدارییدا بونیاتنراوە. سایتی ئاوێنە


■  عادل باخه‌وان سبه‌ینێ له‌ یه‌کێک له‌ ڕادیۆ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی فه‌ره‌نساده‌م، کاتژمێر 6 و 45 ده‌قه‌ی سه‌رله‌به‌یانی، ڕادیۆی فرانس کولتور، بۆ قسه‌کردن له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق. به‌ڵێ، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڵوێسته‌کانم وه‌ک هاوڵاتی و له‌سه‌ر ئاستێکی بابه‌تیی بیانکراو له‌سه‌ر فاکت و داتا، من پێموایه‌ عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌وه‌دا نیه‌ که‌ هیچ یه‌کێک له‌ سێ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ بکات که‌ بریتین له‌ : 1. حکومه‌تداری به‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌ی که‌ بڕیاره‌ سه‌روه‌ری به‌سه‌ردا هه‌بێت. ئه‌م ده‌وڵه‌تی عێراقیه‌ توانای جێگۆڕکێکی پۆلیسێکی له‌ بیاره‌ نیه‌، هه‌موو باکوری حه‌بیبی له‌ده‌ستداوه‌، له‌ باشور ئه‌وه‌ی حکومده‌کات میلیشیاکانن نه‌ک ده‌وڵه‌ت، له‌ زۆنه‌ سوننه‌ نشینه‌کاندا، یان خێڵ حکومده‌کات یان داعش و ده‌کرێت سه‌دان فاکتی تر بخه‌ینه‌ ڕو، به‌ڵام ئێره‌ شوێنی ئه‌وه‌ نیه‌... 2. ئه‌رکی دوهه‌می ده‌وڵه‌ت بریتیه‌ له‌ دابینکردنی ئاسایش و سه‌قامگیری. له‌ 2003 وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ دوو سه‌د و سی و سێ هه‌زار مه‌ده‌نی کوژراون. له‌ ئێستا و ئێره‌شدا، عێراق یه‌کێکه‌ له‌ مه‌ترسیدارترین شوێنه‌کانی دنیا و وڵاتی مردنه‌ ترسناکه‌کانه‌...شکستی ده‌وڵه‌ت له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ئه‌رکه‌دا، یه‌کێکه‌ له‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌کان... 3. ئه‌رکی سێیه‌میشی برییه‌ له‌ دابیکردنی خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی وه‌ک کاره‌با و ئاوی پاک و گواستنه‌وه‌ و هتد بۆ هاوڵاتیان. گوڵی واز له‌ هه‌موو ڕوداوه‌کان بێنه‌ و به‌ته‌نها ته‌ماشای به‌سره‌ و خۆپیشاندانه‌کان بکه‌ ئه‌وسا تێده‌گه‌یت که‌، پاش سه‌فرکردنی 30 ملیار دۆلار بۆ چاککردنی کاره‌با، هێشتا به‌سریه‌کان ته‌نها چه‌ند سه‌عاتێکی که‌م کاره‌بایان هه‌یه‌، له‌ کاتێکدا پله‌ی گه‌رما له‌ 53 دایه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ توانای دابیکردنی هیچ جۆره‌ خزمه‌تگوزاریه‌کی سه‌ره‌کی بۆ هاوڵاتیان نیه‌، بێهوده‌نیه‌ که‌ له‌ ڕزی دوانزه‌هه‌مین ده‌وڵه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌کانی دنیادایه‌.  به‌پێی ئه‌و بنه‌ما و پێناسانه‌ی که‌ سۆسیۆلۆژیای زانسته‌ سیاسیه‌کان بۆ ده‌وڵه‌تی له‌رزۆرک و ده‌وڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ و ده‌وڵه‌تی موفلیس و ده‌وڵه‌تی قابیل به‌ ئینهیار و ده‌وڵه‌تی ....، ده‌کات، هه‌ر چه‌ند ئه‌م پێناسه‌ و بنه‌مایانه‌ به‌شێکن نین له‌ زانسته‌ سروشتیه‌کان و ده‌کرێت هه‌ر توێژه‌رێک له‌ چوارچێوه‌ی فکری خۆیدا دایانبڕێژێته‌وه‌، گه‌ر سه‌د له‌ سه‌د به‌سه‌ر ده‌وڵتی عێراقیدا جێبه‌جێ نه‌بن، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، له‌ چه‌ندین ئاستدا ڕوناکی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سه‌ره‌تانه‌ گه‌وره‌ و کوشنده‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ که‌ من به‌ موسته‌حیلی ده‌زانم. ئه‌دی چی واده‌کات ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ تا ئێستاش هه‌ر وه‌ک ده‌وڵت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت و کوردکان و شیعه‌کان و سوننه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدادێک که‌ وه‌ک خراپترین شار له‌ جیهاندا ئه‌م ساڵ ده‌ستنیشانکرا ؟  بێگومان کۆمه‌ڵێک هۆکارن که‌ ده‌کرێت له‌ شوێنی دیکه‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هه‌ره‌ گرنگیان بریتیه‌ له‌ خواستی پۆڵاینی ئێستا و ئێره‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئێران بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ با به‌شێوه‌یه‌کی کارتۆنیشبێت و ناچارکردنی ئه‌کته‌ره‌ کورد و سوننه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌ شیعه‌کانیش بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌غداد. گوڵی من، ئه‌وه‌ی بارزانی نارده‌وه‌ بۆ به‌غداد، ده‌وڵه‌تی عێراقی نیه‌، به‌ڵکو خواستی ئه‌مه‌ریکا و ئێرانبوو، ئه‌وه‌ی سوننه‌کانی ناچارکرد به‌ تێکه‌ڵبونی کارتۆنی به‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ به‌غدا، خواستی ئه‌مه‌ریکا و چه‌ند وڵاتێکی ناوچه‌که‌ن، نه‌ک ده‌وڵه‌تێک که‌ ناتوانێت به‌ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ده‌وڵه‌تبوون هه‌ڵسێت. له‌ ژه‌نیوه‌ری 2016 وه‌ تا ئێستا، ماوه‌ی دوو ساڵه‌، له‌ خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌کانی پاریس، سه‌رپه‌رشتی گروپێکی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییگه‌رایی و بیناکردنی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌م. له‌نێو ئه‌م گروپه‌دا، که‌ له‌ 12 توێژه‌ره‌ی ئه‌وروپی و رۆژهه‌ڵاتی پێکهاتوون و له‌ چه‌ندین دیسیپلینی جیاوازه‌وه‌ هاتون، پۆلیتۆلۆگ، ئه‌نترۆپۆلۆگ، سۆسیۆلۆگ، ئیکۆنۆمیست، هتد. له‌ 2016 وه‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ین له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و بزوتنه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییگه‌راییه‌کان له‌ جیهاندا و که‌م تێوریی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و بزوتنه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییگه‌راییه‌کان هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ نه‌مانپشکنیبێت و له‌م گروپه‌دا شیته‌ڵمان نه‌کردبێت ! چه‌ند سه‌یره‌، هاوڕێیه‌ک لێتراستده‌بێته‌وه‌ و به‌و په‌ڕی چاونه‌ترسیه‌وه‌ پێی وابێت : ئه‌و قسانه‌ی ئێمه‌ ده‌یکه‌ین دورن له‌ تێوریه‌ سیاسیه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵوێستی ناسیۆنالیستین !


■ شۆڕش خالید  له‌وكاته‌ی سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی پێشووی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و به‌شێك له‌ كۆنه‌ یه‌كگرتوو و یه‌كێتییه‌كان (هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) سه‌رقاڵی خۆرێكخستنه‌وه‌ و گۆڕانكاری بوون، مه‌سجێكی به‌رهه‌م ساڵح ده‌گاته‌ كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی "ئاماده‌ین تا یه‌كگرتن"، ئه‌مه‌ پێی ده‌ڵێن فێڵ. مه‌سجه‌كه‌ زۆر خێرا بووه‌، به‌جۆرێك ئاڕاسته‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی گۆڕیووه‌، كه‌ بڕیاربووه‌ تیایدا كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق یه‌كلاییبكرێته‌وه‌، له‌نێوان فواد مه‌عسوم، مه‌لا به‌ختیار، محه‌مه‌د سابیر، ئێستا بازه‌كه‌ به‌دوای شانی تردا ده‌گه‌ڕێت (به‌رهه‌م ساڵح)، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن چانس. سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی هاوپه‌یمانی، كه‌ سه‌رده‌مانێك ركابه‌ری سه‌ختی عه‌لی باپیر و سه‌ڵاحه‌دین بەهادینیان ده‌كرد له‌ حزبه‌كانیان له‌ نمونه‌ی (ئارام قادر و محه‌مه‌د ره‌وف و...)، به‌پێی وته‌ی سۆزانی خاڵی شیهاب كه‌ به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌ی كردوه‌ "ئه‌وانیش دێن له‌گه‌ڵیان بۆ ناو یه‌كێتی"، ئه‌مه‌ پێی ده‌ڵێن به‌رد له‌جێی خۆی سه‌نگینه‌. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، بۆ سایتی هاوڵاتی قسه‌ی كردوه‌ ده‌ڵێت "له‌کۆبونه‌وه‌ بوون، یه‌کێک وتویه‌تی ئه‌وه‌ مه‌سجی هاوپه‌یمانی گه‌یشت، ئێمه‌ ئاماده‌ین و به‌ ئه‌ندامانی کۆبونه‌وه‌که‌ش بڵێ  تا ئه‌ندازه‌ی یه‌کگرتنه‌وه ده‌ڕۆین‌"، ئه‌مه‌ پێێ ده‌ڵێن فریاكه‌وتن. ئه‌و مه‌سجه‌ رێك له‌وكاته‌دا بووه‌ كه‌ ئارام قادر، ركابه‌ره‌كه‌ی پێشووی مامۆستا عه‌لی باپیر، له‌ ژوره‌كه‌ی تری هاوپه‌یمانی، بەرپرسی دەڤەرەكانی حزبه‌كه‌ی یه‌كلاییكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش رێك پێناسه‌ی سیاسه‌ته‌. ساڵی رابردو له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئاسمانی رووداودا پێشه‌كه‌شكاره‌كه‌ پرسیاری له‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ كرد، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری جیابونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و ‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر‌ یه‌كێتی، پیره‌ وتی "به‌رهه‌م ساڵح نه‌وشیروان مسته‌فا نییه‌، یه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌یه‌". ئه‌مه‌ش پێی ده‌ڵێن ته‌حلیلی سیاسه‌تمه‌دار.  تۆ پێی ئه‌ڵێی چی؟


■ ئێڤار ئیبراهیم   ناڕونی سیاسی یەكێكە لەو دەردە كوشندانەی كە ھێزو لایەنەسیاسیەكان زۆرجار توشی دەبن، ئەم دەردە ماوەیەكە بزووتنەوەی گۆڕانیشی گرتۆتەوە، لە ماوەی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد، بەڵام ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی  بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای ووتوە " پێم باشە ئەمجارە شەش لایەنەكە بەیەكەوە بچنە بەغدا" واتا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەكێتی جارێكی تر ملی رێگەی بەغداد بگرێتە بەر، جا نازانم ئەوە رای شەخسی خۆیەتی یان رای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانە، ھەرچی بێت نارونیەك بەدی دەكرێت چونكە بەپێی زانیاریەكان ئەندامە دەرچووەكانی گۆڕان سوێندی یاساییان نەخواردوەو خۆشیان نازانن بۆچی ؟ ئەوەشی باس دەكرێت لە موزایەدەی بێ سود و زیان بۆ بزوتنەوەكە ھیچیتر نیە بەتایبەتی لەكاتی ئێستادا كە بانگەشەی ھەڵبژاردنێكی گرینگ دەستی پێکردوە، بەتایبەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كە لەبەردەم دۆخێكی هەستیار و چارەنوسسازدایە.    ئەوان لەلایەك دەڵێن لەگەڵ دەنگ دزو تەزویركەران لە بەغداد سوێند ناخۆن، بەڵام لێرە  پێشوازیان لێ دەكەن و لەگەڵیان كۆدەبنەوە، ھەر هەندێك لە زانیاریەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە سوێند نەخواردنی كاندیدە دەرچووەكانی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەندی بەخانەنشینی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانەوەیە. هەرچۆنێك بێت ئەم هەنگاوو هەڵوێستانەی گۆڕان دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی بانێكەو دوو هەوا، ئەم جۆرە سیاسەتە لەم بارودۆخەدا زیانی گەورە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەدات.


■  كەمال چۆمانی  هێز و گروپە سیاسییەکان یان بەو ئایدیۆلۆژیایە لێک جیادەکرێنەوە کە هەڵگرین، یان بەو مەسەلانەی کە کاری لەسەر دەکەن و جێی گرنگیپێدانیانە. ئەو جیاوازییانە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رونتر و زۆرتر دەردەکەون.  ئەوەی سەیرە، لە هەرێمی کوردستاندا، زۆربەی هێزەکان لەیەکدەچن لە بانگەشە و ئەو پرسانەی کاری لەسەر دەکەن. گۆڕان کە دروستبو کاری لەسەر کۆمەڵێک پرس کرد کە وای کرد گۆڕان بەتەواوی جیاواز بێت لە هێزەکانی دی. هێزە ئیسلامییەکان پاشگری ئیسلامییشیان هەڵگرتوە، کەچی نە جورئەتی ئەوە دەکەن بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیاکەیان بکەن -کە من بە هیوام ئەو پاشگرە لێبکەنەوە-، نە پرسەکانیشیان زۆر جیاوازن لە کۆی پرسەکانی تر.لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو پەیامە زۆر گرنگە کە باس لە لامەرکەزیەت دەکات، بەڵام دیسان پێناسەی گۆڕان بۆ لامەرکەزیەت زۆر سادەیە و تەنها خۆی لەوەدا بینیوەتەوە کە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگا/حکومەتی خۆجێییی کۆمەڵێک دەستەڵاتی کارگێڕیی هەبێت، تەنانەت نەیانتوانیوە ئەم تێگەیشتنە سادەیە بۆ ئەندامانی خۆشیان رونبکەنەوە. نەوەی نوێ دەیەوێت کەمێک جیاواز بێت لەڕێی گەشەپێدانی ئابوریی و بزنسی بچوکەوە، بەڵام دیسان نەیانتوانیوە نە ئەو پرسانە رونتر بکەنەوە، نە ببنە هەڵگری فیکر و ئایدیۆلۆژیایەکی جیاواز. زۆر هێزی دونیا ئەمڕۆ تەرکیزیان لەسەر پرسەکانە. بۆ نمونە دیموکراتە پێشکەوتوخوازەکانی ناو حیزبی دیموکراتیی ئەمریکا، کە زیاتر بێرنی ساندەرز وەک سەرکردەیان دەردەکەوێت، هەر بۆ نمونە، بیمەی تەندروستیی وەک مافێکی ئینسان دەبینن، جیاواز لە پارتیی کۆماریی بەرانبەریان.  بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەو جیاوازییانە کەمترن و لێکچونی هێزەکان -لە بانگەشەدا نەک لە کردەوەدا- زۆر لەیەکدەچن. ئەمەش، بە بڕوای من، بۆ دو هۆکاری سەرەکیی دەگەڕێتەوە: یەکەم: هەرێمی کوردستان هێشتا لە قۆناغێکی هەرە سەرەتایی حوکمڕانیی دامەزراوەیی، دیموکراتیک و خزمەتگوزار دایە، بۆیە هەموان ئەو پرسانەی تەرکیزیان لەسەرە، لە یەک نزیکن. هەر بۆ نمونە، هەرێمی کوردستان سەرەتا پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی باش هەیە، ئینجا ئەو گفتوگۆیانە دروستدەبن ئایا چ جۆرە تەندروستییەک بۆ هەرێمی کوردستان باشە، هەرچەندە بەپێی قانونەکانی عێڕاق ئەمە یەکلایی بۆتەوە. - گەشەی فیكریی و ئایدیۆلۆژیی و مەعریفیی هێزەکان و سەرکردایەتییان لە ئاستێکی زۆر زۆر نزم و سەرەتایی دایە. فیکڕ لەناو هێزەکان نەک پرسیکی جدیی نییە، هەر پرس نییە.


■ سەردار عەزیز  بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد. من گۆڕانم و بە هیوام گۆڕان سەربکەوێت، بەڵام لێرەدا باس لە پەرلەمان دەکەم بۆ مرۆڤی کورد، بە دەر لە هەر لایەنگرییەکی حیزبی یان ئەخلاقێکی خێڵەکی. پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی تاقانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها پەرلەمانە کە لە ئاستی سەبستەیتدایە (بن دەوڵەت)، بەرهەمی وەرچەرخانی سیاسەتی پاش جەنگی ساردە. ئەم دەزگایە سەرکەوتنی مسۆگەرنیە، بەڵام گرنگیەکەی نهێنی نیە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەک لە میکیاڤیللیەوە فێردەبین دەسەڵات یان لە ڕێگای ترسەوە بەرجەستە دەبێت یان خۆشەویستی،. ترس لە رێگای هێزەوە دێتە ئارا، زۆرجار خۆشەویستیش. بەلام هێزی ڕەق جێگای نیە لە پەرلەمان، دیارە ئەمە کێشەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان. مۆدیلی پەرلەمانی مۆدیلی دەسەڵاتی عەقڵە. دەسەڵاتی عەقڵ ئاسان نیە، کاتێک عەقڵ هەموو ساتێک لای هەموو کەسێک میوان نیە. لە سیستەمی پەرلەمانیدا، بە تایبەت لە دەزگای پەرلەماندا ئەوەی دێتە ئاراوە جۆرێکە لە ئامادەبونی هەموان، بە پرۆسەیەکی پشێوی، درێژخایەنی هەنگاو بە هەنگاو، زۆرجار تاقەت پڕوکێنەر. بۆیە کاتێک بیر لە پەرلەمان دەکەیتەوە بیر لە ئەوە بکەرەوە کە ئەمە سیستەمێکە خێرانیە، دەیەوێت هەموان ڕازی بکات، خواستی هیچ کەسێک و لایەک بە تەواوی نایەتە دی، هەمیشە دەبێت سازش لە ئارادابێت. بۆیە پەرلەمان شوێنی قارەمان نیە، شوێنی هات و هاوار و نمایشی پەهلەوانی نیە، دیارە هەرگیز بەتاڵ نیە لە ئەمانە، چونکە ئەم خەسڵەتانە سروشتی بەرجەستە بوونی دەسەڵاتن لای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی. کاتێک بیر لە پەرلەمان دەکەیتەوە تەنها بیر لە کاندید و موچە و پوچگەرایی فەیسبوک مەکەرەوە، بیر لەوە بکەرەوە، کە ئەمە نە کودەتایە نە شۆرش، بەڵکو هەوڵدانە بۆ یاسا داڕشتن، بۆ دیبەیت، بۆ چاودێری، بۆ پەیوەندی.  هیچ لەوە ئاسانتر نیە هەموو شتێک زەربی سفر بکەیت. ئەوانەی وەها دەکەن زۆر دەقیڕێنن بەڵام هەرگیز هێلکە ناکەن.  پەرلەمان تەنها دەزگایەکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو تا ئاستێکی زۆر جیهانیە. کاتێک بیر لە بودجە دەکەیتەوە دەبێت بزانیت نرخی نەوت چۆن دەبێت لە ساڵی داهاتودا، کاتێک بیر لە ئاسایش دەکەیتەوە دەبێت بزانیت یاری جیوپۆلەتیکی هێزەکان چۆنە لە ناوچەکە و جیهاندا، کاتێک بیر لە ژینگە دەکەیتەوە دەبێت بیر لە گۆی زەوی بکەیتەوە، کاتێک بیر لە ماف دەکەیتەوە دەبێت بیر لە مافی هەموو مرۆڤەکان بکەیتەوە، کاتێک بیر لە سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەیتەوە دەبێت بزانیت لە چ سەردەمێکا دەژیت و چی فەراهەم دەبێت. گرنگ نیە خەونت چیە، گرنگە خەونت هەبێت، بەڵام بەرجەستەبونی خەونت هەمیشە پەیوەستە بە ئەوانی ترەوە. دەسەڵات تەنها لە حکومەتدایە، یان لە حکومداریدایە، چونکە ئەوە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە، بۆیە ئەگەر لەوێ نەبێت دەسەڵاتت نیە. مرۆڤی کورد، نەیتوانی خۆی لە خێڵکی و پەرتەوازەیی و شەڕی ناوخۆ رزگاربکات، لە ئەنجامدا نەبوە بە نەتەوە. دیارە هەموو ئەوانی تر لە ناوچەکە نەبوون بە نەتەوە. نەتەوە تەنها رێگابوو بۆ رزگاربوون لە ئیمپریالیزم لە هەموو دونیادا (ئینگلیزەکان نەتەوەیان هێنا بۆ ناوچەکە بۆ دەرپەڕاندنی عەسمانیەکان، نەتەوە و لیبرالیزم هاپسبۆرگی داڕوخاند، پاشان هەردوو ئیمپراتۆریەتی بەریتانی و فەرەنسی). ئەمڕۆ درەنگە بۆ نەتەوەبوون. بۆیە ئەگەر پێکەوەبوون بنەمای هێزبێت ئەوا پەرلەمان تەنها ڕێگایە. پەرلەمانی ئەمجارە لە هەڵپەسێنراوی دەسەڵاتی سەرۆکدا، پەرلەمانێکی جیاواز دەبێت. ئاسانە هیچ نەکەیت بەڵام هەرگیز هیچ نەکردن هیچت پێ نابەخشێت!! ڕۆژانی داهاتوو بابەتێکم دەبێت بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لە خانەی بیری واشنتۆن ئینستیتیوت بەم ئاراستەیەدا. بابەتەکەم لەوێ بە ئاراستەی سیاسەت داڕێژەرانی واشنتۆنە کە چۆن ئەم دەزگایە پشتگوێ نەخەن.


■  شوان ئادەم ئەیڤەس پێشێلکردنی مافی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەسەروەختی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا، لەرێی ژانرە جیاوازەکانی رۆژنامەگەرییەوە بەیەکێک لەدیاردە مەترسییدارەکانی سەردەمی جیھانگیریی دادەنرێت، ھاوکات دژ و پێچەوانەشە لەگەڵ بنەما یاساییەکان و پرنسیپەکانی ئیتیکی رۆژنامەگەری. مافی تایبەتمەندێتی The Right to Privacy یاخود ژیانی تایبەتی کەسەکان بەیەکێک لە مافە شارستانییە ناسیاسییەکان دادەنرێت و بەپێی جیاوازی شوێن، کات، کەس، لایەن، کولتوور، دابونەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی گەلان لە گۆڕاندایەو دۆخێکی نەگۆڕو چەسپاوی نییە. ئەم مافە پەیوەستە بەئازادیی و بەرژەوەندی تایبەتی کەسەکانەوە، لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە ژیانی گشتیی تیایدا کۆتاییدێت. پسپۆڕی زانستی ڕۆژنامەگەریی ماتیۆ کیران پێیوایە، تایبەتمەندی ژیانی تایبەت بەواتای چەند لایەنێکی ژیانمان دێت کە خۆڕسکانە کۆنتڕۆڵی دەکەین و کەسی دیکە ھیچ مافێکی پێوەی نییە تا خۆمان ڕێگای پێنەدەین، بەو پێیەش تایبەتمەندێتی مافێکی بنەڕەتییە بەرامبەر بە گروپە کۆمەڵایەتیی یان فەرمییەکان کە دژ بە بەرژەوەندییەکانمانن. لە ڕاستییدا کاتێک پاڵێوراوانی لیستە رکەبەرەکانی ھەڵبژاردن دێنە نێو جیھانی سیاسەتەوە، دەبێ ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە دەبنە فیگەرێکی گشتیی و میدیا تیشک دەخاتە سەر زۆربەی لایەنەکانی ژیانیان کە پەیوەندیدارە بە کارو پۆستەکانیان، لەھەمانکاتدا مافی ئەوەیان ھەیە ھەندێ لایەنی ژیانیان بەشاراوەیی بھێڵنەوە، بەتایبەت ئەگەر کاروبارەکانیان وەک بەرپرسێک، ھیچ پەیوەندییەکی نەبێـت بەژیانی گشتییانەوە، ھەربۆیە دەتوانرێت ژیانی تایبەت بەمافی تەنھایی، مافی سنووردارکردنی دەسگەیشتن بە ژیانی تاکەکەس و توانای دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم دەستڕاگەیشتنێکی ڕێگەپێنەدراو بۆژیانی خەڵک، مافی بەنھێنی مانەوەی ھەندێ کاروباری تاکەکەس و کۆنتڕۆڵکردنی زانیاری کەسی، مافی پشتیوانی لەتاکەکەس و کەرامەتی مرۆیی لەگەڵ مافی دەستەبەرکردنی ڕاشکاوێتی بۆ کەسەکان، پێناسە بکرێت. بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەوانان لەگەڵ ئەوەدان جیاوازی بکرێت لە ڕووماڵکردنی ژیانی تایبەتی ھەریەک لەبەرپرسان و ناوداران و خەڵکانی ئاسایی، چونکە کاری ڕۆژنامەگەریی دەبێ لەسەر ئیشوکار و بواری چالاکی کەسەکان بێت نەک ژیانی تایبەتییان، جگەلەوەش بەپێی ئاست و پلەی بەرپرسیارێتی و ناسراوێتی کەسەکان، بەھاو گرنگی ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. ساڵی ١٩٩٦ ڕەخنەگری بواری ڕۆژنامەگەریی لۆرد وەیکھام، حەوت پرسیاری خستە بەردەست ھەواڵسازو داڕێژەرانی نێو میدیاکان، تا بەرلەوەی ھەرشتێک لەسەر ژیانی تایبەتی کەسایەتییە گشتییەکان بخەنەڕوو بیری لێبکەنەوە، ئینجا بڕیاری ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی بدەن، ئەو حەوت پرسیارەش ئەمانەن: * ئایا بە ڕاست ئەوەی بڵاوی دەکەیتەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدایە؟ * لەبڵاوکردنەوی نھێنی و تایبەتمەندییەکانی ژیانی تایبەتی کەسەکان (جگەلەو ڕێگایە) ھیچ ڕێگایەکی دیکە نییە بگیرێتەبەر؟ * ئایا وێنەگرتن پێویستە یان ھەر بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەیە؟ * ئایا ھیچ ڕێگە چارەیەک نییە بۆ کەمکردنەوەی زیان لەسەر خەڵکی بێتاوان و داماو، وەک خزم و کەسوکارو منداڵی ئەو کەسە؟ * ئایا پێویستە خزمایەتی و پەیوەندییەکانی ئەو کەسە بخرێنەڕوو؟ * ئایا بەراوردکردن لەنێوان ھەڵوێستی پێشوی کەسێک لەگەڵ ھەڵوێستی ئێستاییدا، کاتێکی زۆری بەسەردا نەڕۆشتوە یاخود ئەو بەراوردکارییە دادپەروەرانەیە؟ * ئایا ئەگەر ھیچ کەسێک داوایەکی لەسەر ئەو کەسە تۆمار نەکردبێت کە تۆ زانیارییەکانی نێو ژیانی تایبەتی بڵاودەکەیتەوە، بەردەوام دەبیت لەسەر ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی؟ وەیکھام، لە خستنەڕووی ئەو پرسیارانەدا مەبەستی بوو ڕۆژنامەوانان ھانبدات تا ئەوپەڕی توانا ھەوڵبدەن بابەتیی بن و کاروباری پیشەیی و وەزیفی کەسەکان بکەنە بابەتی ئیشکردنیان نەک ژیانی تایبەتیان، ئەوەش بۆ ڕاماڵینی تەمی ئەو گومان و زانیاریانەی لەسەر کەسایەتییەکان ھەیانە بیر لە ڕێگەچارەی وردتر بکەنەوە، چونکە پاراستنی ژیان و سەروەری کەسەکان و شکۆو کەسایەتیان گرنگەو نابێ یاری بەناوناوبانگی ھیچ کەسێکەوە بکرێت، ھەربۆیە یاساناسی ئەمەریکی WILLIAM L. PROSSER، دەستنیشانی چوار ڕەگەزی سەرەکی پەلاماردان و پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکانی کردووە کە ئەوانیش: * پەلاماردانی مادیی یان خۆھەڵقورتاندن لە کاروبارە تایبەتییەکان و نھێنی کەسەکان. * ئاشکراکردنی گشتیی نھێنییە تایبەتییەکان بۆ ھەموان، واتە ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی نھێنی ژیانی تایبەتی کەسێک کە حەز نەکات خەڵکی بەو نھێنییەی بزانن و بەچاوی گومانەوە سەیر بکرێت. * خستنەژێر ڕووناکییەکی دروستکراو، بە واتای ڕووناکی خستنەسەر کەسێک و دەرخستن و بڵاوکردنەوەی، بێئەوەی ھیچ پەیوەندیی و بەھایەکی ھەواڵیی ھەبێت. * دەستبەسەراگرتنی ناوی کەسێ یان وێنەکەی بۆ بەجێھێنانی سوود و بەرژەوەندی کەسێکی دیکە، بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە پرسێکی پێکرابێ یاخود ڕەزامەندی وەرگیرابێ. لەدەرەنجامدا، پاراستنی ژیانی تایبەتی کەسەکان لەھەر بارودۆخێکدا بێت مافێکی یاسایی ھەر تاکەکەسێک و ئەرکێکی پیشەیی ھەر رۆژنامەوانێکیشە کە پابەندبێ پێوەی و پێشێلی نەکات، بەدیاریکراوتر لەسەروەختی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن دا کە لیستە رکەبەرەکان ھەموو رێگەیەک دەگرنەبەر لەپێناو چنینەوەی دەنگێکی زیاتردا. لەرۆژگاری ئەمڕۆدا کە رۆژنامەگەریی ئەلکترۆنیی بووەتە ئامرازێکی خێرایی گەیاندنی زانیاریی و ھەواڵەکان، زۆرجار رۆژنامەوانان لەرێی پەلاماردانی ژیانی تایبەتی کاندیدەکان و کەسایەتییە دیارەکانی لیستە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردنەوە، دەبنە بریکاری ھێزە رکەبەرەکان و ئیتیکی پیشەی رۆژنامەوانیی پێشێل دەکەن.


■ توانا عوسمان  وەفدێکی ئەمەریکی تا ئێستا 20 وڵاتی جیهان گەڕاون بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێبهێنن لەسەری مانگی یانزەوە، هیچیان نەوت لەئێران نەکڕن "سەرچاوە نیویۆڕک تایمز".. ئەجندەی وەفدەکەش ئەوەیە تا 4ی مانگی یانزەی ئەمساڵ، فرۆشی ووزەی ئێران لەبازاڕەکانی جیهاندا بگاتە سفر "کەئەمەش مەحاڵە". چوار وڵاتی جیهانی کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێرانن، چین، هندستان، کۆریای باشوور، ژاپۆن... چین لەهەموویان زیاتر نەوت ئەکڕێت "نزیکەی لە35%ی فرۆشی ئێران". تا ئێستا چین ڕازی نیە لەمانگی یانزەدا لەسەر داوای تڕەمپ نەوتی ئێرانی نەکڕێت، بەڵام گوایە لەژێرەوە بەڵێنی داوە کە لەو ڕێژەیەی ئێستا زیاتر نەوتی لێنەکڕێت "سەرچاوە بلومبێڕگ". بەڵام هندستان کەدووەم گەورە کڕیاری نەوتی ئێرانیە، پێدەچێت بەقسەی تڕەمپ بکات چونکە مانگێک زیاترە دەستیکردوە بەکەمکردنەوەی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێرانی "سەرچاوە ڕۆیتەرز". ژاپۆن و کۆریای باشوریش بەبڕیارەکەی تڕەمپەوە پابەند ئەبن و بایکۆتی کڕینی نەوتی ئێرانی دەکەن. ڕوسیاش کەنەوت لەئێران ناکڕێت چونکە خۆی گەورە فرۆشیاری نەوتە "رۆژی 10 ملیۆن بەرمیل" دەستبەرداری سەرمایە گوزاری ووزە نابێت لەئێران و کارەکانی ڕۆزنەفت لەئێران پەرەپێدەدات، "ئەمەش لەئێستادا دادی ئێران نادات". هەرچۆنێک بێت مانگی یانزە گورزێکی ئابوری توند بەر ئێران دەکەوێت، ئەو کورتیەکەشی بەهۆی گەمارۆی سەر ئێرانەوە، دەکەوێتە بەشە نەوتی بازاڕی جیهانیەوە، محەمەدی بن سەلمانی سعودیە پڕی ئەکاتەوەو نایەڵێت شڵەژانی نرخ لەجیهاندا ڕووبدات "بەڵێنی بەتڕەمپ داوە". ۆک، ئێران لەئێستاوە تا کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سزاکانی سەری، بەدوو تەکنیک کاردەکات: یەکەم: عینادی وخۆگرژکردن و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لەناوچەکەدا "فشارکردن لەسەر دروستکردنی حکومەتێکی پڕۆ ئێرانی لەبەغدا و بۆردومان و کوشتنی نەیارەکانی و ڕێگرتن لەهاتوچۆی کەشتی لەگەرووی بابلمەندەب و هەڕەشە لەسەر هورمز و نمایشکردنی یەکەم فرۆکەی ئێرانی "کەوسەر" هەروەها مانۆڕی سەربازی و هتد". دووەم: هێشتنەوەی تاڵی پەیوەندی بۆ ئەگەری قبوڵکردنی عەرزەکەی ترامپ کە شەوی 30 حوزەیران لەتوویتەر بڵاویکردەوەو داوای دانیشتنی بێ مەرجی کرد لەگەڵ ڕۆحانی.. قبوڵکردنی لەپڕی ئەو عەرزەش، پەیوەستە بەڕادە و توانای رۆحانیەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کۆنتڕۆڵنەکردنی پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئێران لەماوەی کورتی داهاتوودا.


■ هەڵمەت ئەکرەم بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجام بدرێت، بەپێویستی دەزانم لەپێناو قورسایی و سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان و متمانە و پشیوانی جەماوەرەکەی، ئەو پەیامە لەوپەڕی دڵسۆزیم بۆ دۆخی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی بزوتنەوەکە ئاراستەی ئێوە بکەم،  بەو پێیەی ئێوە ناوەندی بڕیار و نوێنەر و بەرپرسیاری تەواوی ئۆرگان و جومگکەکانی ناو بزوتنەوەکەن. بەهیوای ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستی بەرپرسیارێتی مێژویی و متمانەی هەڵسوڕاوان و جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دابێت و بڕیار بدات: ۱. بایکۆتی هەڵبژاردنە ساختە و تەزویرەکەی پارتی و یەکێتی بکات، نەچێتە ناو هەڵبژاردنێکەوە، کە سەرلەبەری فرت و فێڵ و ساختەکارییە. ۲. بایکۆتی تەواوی حکومەتی خۆجێی لە سلێمانی بکات، بزوتنەوەی گۆڕان نەکاتە قوربانی، ئەو حکومەتە شکستخواردوە، لەپێناو پۆست و بەرژەوەندی چەند کەسێک. ۳. لە پەرلەمانی عێڕاق، بڕیار ئۆپۆزسیۆنبونی ڕابگەینێت، نەچێتە ناو هیچ تحالف و هاوپەیمانێتییەك بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق، بەشدار و کۆبونەوە لەگەڵ هیچ وەفدێکی پارتی و یەکێتی نەکات بۆچونە بەغدا بە وەفدی هاوبەش. ٤. بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەربکرێت و ئامادەکاری بکرێت، بۆ بەستنی کۆنکرەیەکی نەوعی و پێداچونەوەیەکی جدی بکرێت، بە تەواوی ئۆرگان و ژور و مەکۆ و ئەنجومەنەکانی دەرەوە. کار بکرێت، لە پێناو چۆنایەتیەکی بەهێز و پتەو، دور لەو فەوزا و پاشاگەردانیەی ئەمڕۆ لە ناو بزوتنەوەکە دەگوزەرێت. بەهیوای ئەوەی تەواوی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، دڵسۆزانە و ئازایانە فشاربکەن لەسە جڤاتی نیشتیمانی، بۆ ئەوەی بریارێکی دروست و ڕاست بدەن لەسەر ئەو دۆخە سیاسیەی بزوتنەوەکە تێی کەوتیە.  * هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان


■ د. ئیسماعیل نامیق هەڵبژاردن لەوڵاتانی دیموکراسیدا بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێکردنەوەی شەرعیەت ئەنجامدەدەرێت، بۆیە بنەماکانی ململانێی هەڵبژاردن لەژێر سەقفی دەستور بەجۆرێک داڕێژراون کەهەل وپارێزگاری یەکسان وچونیەک بۆ هەمو رکابەرەکان رەخسێنراوە، ئەمەش وایکردوە هەردوو ئامانجەکە ( دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێبونەوەی شەرعیەت ) بەسانایی وئاشتیانە ودورلەکێشە بێنە دی. بەڵام لەکوردستاندا بنەماکانی ململانێی سیاسی لەنێویشدا هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی وپارتیەوە داڕێژراوان، بۆیە هەل وپارێزگاری بۆ هەمو لایەنەکان یەکسان وچونیەک نیە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە یەکێتی وپارتی لەکۆی ئەو هەڵبژاردنانەی کەلەکوردستاندا ئەنجامدراون تاتوانیبێتیان ساختەکاریو گزیکاریان کردوە لەمەشدا قۆرخکاریان بۆ دەسەڵات وپارەو بازاڕ وقوتی خەڵک هەروەها پەیوەندی نهێنی وئاشکرایان بەهەندێک وڵاتەوە هاوکارو یارمەتیدەریان بوە. لەلای سێیەمەوە سەرەڕای هەمو ئەو لاسەنگیانە کەلەبنەماکانی ململانێی سیاسیدا هەن ئەگەر هێزێک تەحەدای کردبن وتوانیبێتی بەشێک لەدەنگەکان بۆ خۆی بەرێت وبەپرۆژەی چاکسازی تەنگەتاوی کردبن، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی هێزی رەق وپەکخستنی ئەوبنەما لاسەنگانەی ململانێی سیاسی کە خۆیان دایانناوە. لەبەر ئەوە هەڵبژاردن لەکوردستاندا تا ئێستا گوزارشتێکی راستەقینە نەبوە لەویستی خەڵک، وە ئامرازێکیش نەبوە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو تەنها ئامرازێک بوە بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەتی شاخی یەکێتی وپارتی. بۆیە دەبینین یەکێتی وپارتی هەرکاتێک بیانەوێت هەڵبژاردن دوائەخەن، هەرکاتێکیش هەڵبژاردن لەقازانجی خۆیان بێت ئەنجامی ئەدەن، پەرلەمان وحکومەت ودەسەڵاتی دادەوەری وسەرجەم دامەزراوەکانی تر تائەو کاتە کارا ئەبن کەخزمەت بەخۆیان دەکات، هەرکاتێک بونە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیەکانیان ئیتر پەکیان ئەخەن. لەدۆخێکی وادا لایەنەکانی تر بڕیارێکی حەکیمانە نادەن ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەشداریکردنیان تەنها شەرعیەت بەپرۆسەیەک دەدات کەشەرعیەتی شۆڕشگێڕی یەکێتی وپارتی تیادا نوێدەکرێتەوە. لەبەرئەوە نابێت لایەنەکانی تر لەبایکۆت بترسن، بەڵکو پێش ئەوەی بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، یەکێتی وپارتی ناچار بکەن لەسەر دوبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی ململانێی سیاسی بەبەشداری هەموان، لەپێناو: 1) رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموان لەبەشداری سیاسیدا. 2) بەدیهێنانی دەرفەت وپارێزگاری یەکسان لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردندا. 3) رێزگرتن لەدەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەجۆرێک هەڵبژاردن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێکردنەوەی شەرعیەت بێت. ئەم سێ ئامانجەش بەدیدێت لەڕێگەی: 1) دانانی دەستورێکی وا بنەما هاوچەرخەکانی ململانێی سیاسی لەخۆبگرێت. 2) دروستکردنی دادگای دەستوری تا لەکاتی رودانی ناکۆکیە سیاسیەکاندا لایەنی یەکلایکەرەوە بێت. 3) پەیڕەوکردنی یاسای پارتە سیاسیەکانی عێراق ژمارە36 بۆ ساڵی 2015 لەهەرێمی کوردستاندا وجێبەجێکردنی بەسەر هەمو پارتە سیاسیەکاندا بەجۆرێک هەمویان دۆخی خۆیان رێکبکەنەوەو لەگەڵ بەندەکانی ئەم یاسایەدا بیگونجێنن. لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی نابێت نەشەرم بکەن نەبترسن لەبایکۆت، چیتر لێرە بەدواوە نەچنە هەڵبژاردنێکەوە پارتی ویەکێتی بەئارەزوی خۆیان کاتەکەی دوابخەن ودیاریبکەن، هەروەها یاری بەئەنجامەکانی و ویستی دەنگدەر بکەن، ئەگەر سەرەڕای ئەوانەش ئەنجامەکەیان بەدڵ نەبو یان لەوێستگەیەکدا لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوان یەکی ناگرتەوە بەبیانوی پوچ حوکمی عەسکەری بسەپێنن وحوکمی مەدەنی پەکبخەن. کاتێک باسی بایکۆت دەکرێت یەکسەر نمونەی سونەکان دەهێنرێتەوە کە کاتی خۆی بایکۆتی هەڵبژاردنی 2005 یان کردوە، دەوترێت تائێستا باجەکەی ئەدەن. بەڵام ئەمە راست نیە، چونکە سونەکان سەرەڕای ئەوەی بەروخانی رژێمی حیزبی بەعس لێدانێکی گەورەیان بەرکەوت، دواتر شەڕی ئەمریکا وشەڕی لایەنە شیعەکانیشیان کرد، قاعدەو داعش لەناوچەکەیاندا دروستبو، بەهۆی ئەم دوو رێکخراوەوە ناوچەکەیان گەورەترین ماڵویرانی ووێرانکاری بەرکەوت، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا هێشتا دۆخی سونەکان لەکورد باشترە وحسابی زیاتریشیان بۆ ئەکرێت. ئیتر بۆ سونەکان زیانیان لەبایکۆت کردوە؟  بایکۆت هەرچەندە هەڵوێستێکی نەرێنییە وپێویستی بەخەرجکردنی هەوڵ وچالاکیەکی ئەوتۆ نیە، بەڵام هەندێک جار کاریگەریەکەی لەکاریگەری هەڵوێستە ئەرێنییەکان گەورەتر وزیاترە. بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن رەنگە وا پێویست بکات کەمپینی بۆ بکرێت وئەندازەیەک لەچالاکی وماندوبونی بوێت، بەڵام خۆی لەواقعدا زەمینەکەی لەبارەو میللەت چاوەڕێی ئەوەیە لایەنێک پێشڕەوی بکات بۆ ئەوەی بە پارتی ویەکێتی بڵێت چیرۆکی ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی ئێوە دەتانەوێت ئیتر بەسە وکۆتایی هات. لەدوای بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش دەست بۆ هەمو ئەو رێگەو میکانیزمە دیموکراسی ومەدەنیانە ببرێت کە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان ویاساهاوچەرخەکان بۆ ئۆپۆزسیونیان فەراهەمکردوە، لەپێناو گۆڕینی واقعی سەپێنراوو هەڵوەشاندنەوەی هەر دامەزراوەیەک کەبەجسمێکی رەنگاوڕەنگی موزەیەف ودور لەویست وبەرژەوەندی گشتی دروستکراوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بەباشترین شێوە دروستبکرێتەوە. لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەبایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنە بەهێزتر نەبێت، دڵنیام بەبەشداریکردن تیادا بەهێزتر نابێت.


■  ئاراس فەتاح گوێتە، گەورەشاعیری ئەڵمانیی دەڵێت: ”من لە رۆژانی یەکشەممەو پشووەکاندا جگە لە جەنگ و ھاوارو ناڵەی جەنگ، شتێکی باشتر نادۆزمەوە بۆ گفتوگۆ“. گوێتە گازندەی ئەوەدەکات کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانی پشوو بۆئەوەیە مرۆڤ ئارامییەک بەخۆی ببەخشێت، کەچی ئەو بۆ قسەکردن لەسەر جەنگ تەرخانی دەکات. لەڕاستیدا ئەم ڕستەیەی گوێتە لەدونیای ئێمەدا بووە بە دۆخێکی باوی کۆمەڵایەتیی و بابەتی رۆژانەی ژیانی ئینسانی ئێمە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە ھەموو ڕۆژێک، جگە لە باسی شەڕ و کوشتن و ململانێی توندتوتیژ و ئازار و ناڵەی جەنگ، شتێکی تریان نییە گفتوگۆی لەسەر بکەن. لەسێدارەدانی سێ گەنجی کوردستانی ڕۆژھەڵات و ھاوکات ھێرشی موشەکیی دەوڵەتی سێدارەی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە کە بووە ھۆکاری شەھیدبوونی پانزە کەس و برینداربوونی زیاتر لە پەنجا کەس، ھەواڵی گەرم و ھەست و وێژدانھەژێنی ئەم ڕۆژانە بوون بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان. گۆڕانی مانا و رەھەندەکانی جەنگ جەنگی ناتەبا بە ھەموو پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتیی و ئێتیکییەکان، شەڕێکی نائەخلاقییە، چونکە ھیچ تەبایی و ھاوسەنگییەک لەنێوان دووبەرەکەدا بوونی نییە. چ لەئاست کەرەسە و چ لەئاست جەبەرووتی ھێز و چ لە ئاست تەکنیکی پیادەکردنی ھێرش و چ لە ئاست زانیاریی و باڵادەستیی زەمینیی و ئاسمانییدا تەبایی و ھاوسەنگییەک لەنێوان ھێزێکی دەوڵەتیی و ھێزێکی ناودەوڵەتییدا بوونیان نییە. بێگومان ماناکانی جەنگ و میتۆدەکانی پیادەکردنی گۆڕانی قووڵیان بەسەردا ھاتووە. گەر سەدەی پێشوو قۆناغێک بێت کە جیاکارییەکی ڕوون لەنێوان ناوەوە و دەرەوە، لەنێوان دوژمن و دۆستدا کێشرابێت کە لە جەنگی سارددا خۆی بەرجەستەدەکرد، ئەوا لە سەردەمی نوێدا، جەنگ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا ھاتووە و ئەو سنوورانە گەر نەڵێین تێکشکێنراون، دەتوانین بڵێن ھیچ سنوورێکی دەوڵەتیی توانای بەرگریی ڕەھای لەخۆی نەماوە. ئەم دۆخەش ھەندێ لە بیریاران بە سەرھەڵدانی پارادایمێکی نوێی ھێرش و بەرگریی ناویدەبەن. بەرگریی کاتێک مانایەکی پۆزەتیڤی ھەیە کە بتوانێت لە ھێرش بەھێزتر بێت. ئاشتیی ناوەوەی ھیچ سیستەمێکی بەرگریی ناتوانێت بەردەوام بێت گەر نەتوانێت ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی دەرەوەی خۆی بێت. ئەم سەردەمەمان سەردەمی سنووری تەقلیدیی نییە. سەروەریی سنوورەکان ناتوانرێن بە بازگەی سەربازیی و دیواردروستکردن و خەندەقلێدان بپارێزرێن. نەک تەنھا لەبەرئەوەی لەئێستادا سیستەمێکی گلۆبالدا دەژین و ھەموو دەوڵەتێک پێویستی بەوی ترە، بەڵکو لەسەردەمی پەیوەندییەکی گشتگیردا دەژین کە ھەندێ وڵات بەبێ کەرتی گەشتوگوزار و ھاتنی گەشتیار ناتوانێت ئابووری خۆی بپارێزێت. دەوڵەتی ئەم سەردەمەمان ناتوانێت بەبێ کۆمپیوتەر بژی و پەیوەندی لەنێوان پارچەکانی خۆی و دەرەوەی خۆیدا دروستبکات. گەر جاران قەڵا تاکە پەنایەک بووبێت بۆ بەرگریی، ئێستا ھیچ قەڵغان و قەڵایەک ناتوانێت ببێت بە بەرگریی ڕاستەقینەی ئەم جیھانە گلوباڵە. گەر جاران گولەی تۆپ چەند کیلۆمەترێک مەوداکەی بووبێت، ئەوا ئێستا ڕاکێتی دوورمەودامان ھەیە کە دەتوانێت لەماوەی چەند خولەکێکدا ئامانجی خۆی لە دوورترین شوێندا بپێکێت. گەر جاران قەڵغان کەرەسەی بەرگرییکردن بووبێت لە جەستە، لەئێستادا قەڵغانێکی مەجازییمان بۆ دروستبووە کە پێیدەڵێن فایەرۆڵ و بەرگریی لە ھاتنەژوورەوەی دوژمن و ڤایرۆس دەکات. ئەم سەردەمەی ئێستامان سەردەمی بەکتریا نییە کە بە پەنسلین مەترسییەکانی لەناوببەین، بەڵکو سەردەمی ڤایرۆسە کە دەچێتە ناو سیستەمی جەستەی بیۆلۆگیی و سیستەمی جەستەی کۆمەڵایەتییمانەوە. ڤایرۆس بوونەوەرێکە کە دەتوانێت بەخێرایی و بەنادیاریی بچێتە ناو ھەموو کۆمپیوتەرێکەوە و کۆی پەیوەندییەکانمان وێران بکات. لەسەردەمی ڤایرۆسدا سیاسەتی ڤایرۆسییش ھەیە. واتە سیاسەتێک کە دەچێتە ناو جەستەی ھەموو کۆمەڵگایەکەوە و سیستەمی بەرگرییەکەی شەلەل و ئیفلیجدەکات و لە دەزگایەکی خۆبەڕێوەبردنەوە دەیگۆڕێت بۆ بەڕێوەبراو و کۆنترۆڵکراو. چەمکی سەروەریی لە سەردەمی ڤایرۆسدا ئەفسانەیەکی سیاسییە کە تاوەکو قۆناغی دروستکردنی یەکەم ڤایرۆسی کۆمپیوتەر بڕدەکات. ڕۆڵی حیزبی کوردیی لەنێوان ڤایرۆسێکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا کێشەی چەمکی سەروەریی بۆ کوردیش لێرەوە دەستپێدەکات. کورد ھیچ کاتێک سیستەمی بەرگریی خۆی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لەو ھێرشانەی کە دەوڵەتە دراوسێکان بەکاریانھێناوە بۆئەوەی سیستەمی بەرگریی ناوەوەی ھەر یەک لەو دەوڵەتانە لاوازبکەن کە کورد تیایدا دەژیی. کورد لێرەوە دەبێت بە ڤایرۆسێکی پۆزەتیڤ بۆ یەکێکیان و بە ڤایرۆسێکی نێگەتیڤ بۆئەوی تریان. لەھەردوو حاڵەتەکەدا رۆڵی ڤایرۆسێک دەگێڕێت لەناو سیستەمی بەرگریی و ھێرشی ئیقلیمییدا. ئەم دۆخەش لە دوای دروستبوونی ھەرێمی کوردستانەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا نەھاتووە. گەرچی ساڵانێکە ھەرێمێکی دەسەڵاتدارێتییمان ھەیە و لە دەستووری عێراقدا دانیپێدانراوە، بەڵام ھیچ ھێمایەک لە سیاسەتی کوردییدا بوونی نییە کە ناوی سەروەریی نیشتیمانیی بێت. ئەم دۆخەش تەنھا پابەندی ئەو دابەشکارییە دەسەڵاتدارێتییە لۆکاڵییە نییە کە ھەریەک لە دوو حیزبە گەورەکە ھەیانە و بوونەتە بەشێک لە قوڵایی ستراتیژیی جیۆپۆلیتیکیی ھەر یەکێک لە دوودەوڵەتە دراوسێکەی خۆیان، واتە ئێران و تورکیا، بەڵکو پابەندی ئەو پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و ئابوورییەشە کە ھەرێمی جووتسەروەریی حیزبیی لە کوردستان بە ھەریەک لەو وڵاتانە دەبەستێتەوە. بوونی ھێزی بەشەکانی تر لە ھەرێمیشدا بووە بە نەعلەت و بە نیعمەت بۆ ھەر یەکێک لە دوو حیزبە لۆکاڵییەکەی کوردستان. نەبوونی سەروەریی نیشتیمانیی تەنھا مانای نەبوونی سیستەمی بەرگریی نییە، بەڵکو مانای کردنی ئەم ھەرێمەیە بە گۆڕەپانی ململانێی ھەیمەنەی ئیقلیمیی و دابەشبوونی بەسەر ئاساییشی نەتەوەیی ئێران و تورکیادا. ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان بووە بە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی و پاراستنی ئاساییشی ئەو وڵاتانە و ململانێی ھەیمەنەی سیاسیی و سەربازییان لە ناوچەکە. پاداشتی ھەریەک لەو دوو ھێزە سیاسییە باڵادەستەی ھەرێم بۆئەوەی ڕۆڵی فایەرۆڵی سیاسیی و سەربازیی بۆ ھەر یەک لەو دەوڵەتە ناوچەییە زلھێزە بگێڕێت، ناردنی ڤایرۆسی پۆزەتیڤە بۆیان و دەستکاریکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانە لە بەرژەوەندییان. باجی پاراستن و ڕاگرتنی ئەم سیستەمە لۆکاڵیی کوردییە، وەکو قەڵغانێک بۆ بەرگریی لە دزەکردنی ڤایرۆسیی سیاسیی بۆ ناو ئەو وڵاتانە، زۆرجار ئەو ھێزانە دەیدەن کە لەناو سنووری ھەرێمدان و شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە دەکەن. دەوڵەتە ئیقلیمییەکان سەروەریی سیاسیی ئەم دوو ھێزە لۆکاڵییەی پارتیی ویەکێتیی تەنھا بە چەک و پارە ناپارێزن، بەڵکو بە دەستکارییکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش لە بەرژەوەندییاندا یەکێکە لەو خزمەتگوزارییانەی کە فایەرۆڵی ئەم ھێزانە دژ بە ڤایرۆسی ناوەکییان کە لە ئۆپۆزیسۆندا بەرجەستەدەبێت، بەھێزدەکەن. رێگەدانیش بە بازاڕی نەوتی قاچاخ کە ئەمڕۆ بەشێکی دانەبڕاوی تێکەڵبوونی سەرمایەی نوخبەی سیاسیی کوردیی لەناو سیستەمی سەرمایەی جیھانیی پێکدەھێنێت، لە خزمەتی کۆی سیستەمی بەرگریی و ئابووری ھەر یەک لەو دوو زلھێزە ناوچەییەدا دەکەوێتەوە. بەیاننامەکەی حکومەتی ھەرێم دژ بە ھێرشە سەربازییە دڕندانەکەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی خۆرھەڵات لە شاری کۆیە، گەواھیی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە یەک ئامانجی ھەیە، ئەویش ئیشکردنە لە بەرھەمھێنانی عەقلییەتێکی ناسیۆنالیستیی ھەرێمییانەی کوردیی. ئەم عەقلییەتە پێماندەڵێت ئێمەی کوردی ئەم ھەرێمە لەگەڵ پارچەکانی تر جوداین و دەمانەوێت دەسەڵاتدارێتییەکی ھەرێمیی دابمەزرێنین کە خاوەن ناسیۆنالیزمێکی ھەرێمیی تایبەت بەخۆیەتی و نایەوێت ببێت بە مەترسیی بۆ ھیچ دەوڵەتێکی دراوسێ. ئەم ناسیۆنالیزمە ھەرێمییە لە جەوھەردا مانای نەمانی ھیچ ھێزێکی بەرگریی ناوەکیی و دەرەکییە بەرامبەر بە ھەموو فۆرمەکانی ھێرش و دەستکارییکردنی ناوەکیی ئەو دەوڵەتانە لەناو ھەیکەلی سیاسیی ھەرێم و رۆڵی لەناو چوارچێوەی عێراقدا. مۆڕالی جەنگ و سنوورەکانی تیرۆر گەر تیرۆر سنووری نەتەوەیی نەناسێت، ئەوا تێپەڕاندنی ھەر سنوورێکی نێودەوڵەتیی بەبەھانەی لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر، وەکو تورکیا و ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا دەیکەن، دەچێتە قاڵبی تیرۆری دەوڵەتییەوە. تیرۆری دەوڵەتی لێرەدا مانای ئەوەیە کە ھەموو رێسا و یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێلدەکرێت و بەبێ مۆڵەتی نێونەتەوەیی دەوڵەتێک ھێرشی سەربازیی یان موشەکیی بکاتە سەر سەروەریی دەوڵەتێکی تری دراوسێ و بەناوی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆیەوە خەڵکی مەدەنیی وڵاتەکەی تر بکوژێت و ئاوارە بکات. ئەو قسەیەی کە دەڵێت جەنگ مۆڕاڵی نییە، بانگەشەی کوشتارێکی دەستەجەمعیی بێڕێسای نەیارەکانی دەکات. کوشتنی بێڕێساش مانای جەنگی ڕەھایە کە ھیچ مۆڕالێکی نییە. یەکێک لە کۆدێکسەکانی جەنگ بریتییە لەوەی کە لە بەرەکانی جەنگدا روبەڕوی دوژمن ببیتەوە. ھەموو کوشتنێکی بەرامبەر بەبێ بوونی رێسا دەچێتە دەرەوەی رێسای جەنگەوە. لەسەردەمی کلاوزەڤیتزەوە دەزانین کە جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە بە کەرەسەی تر. کاتێک باس لە کەرەسەی تر دەکەین، مەبەست تەنھا توندوتیژیی نییە، بەڵکو مەبەست سیاسەتە. کوشتاری بێ ڕێسا لەبنەڕەتدا مانای نەھێشتنی ھیچ رووبەرێکە بۆ سیاسەت لەجەنگدا کە ھەمیشە بە دانوستاندن و رێککەوتن کۆتاییدێت. خاڵێکی تر بریتییە لە رەھەندی عەدالەت لە جەنگ. کاتێک باس لە عەدالەت لە جەنگدا دەکەین، مەبەست بوونی رێز و خۆشەویستیی نییە لە جەنگدا، بەڵکو مەبەست ھاوتاییەکە لە بەکارھێنانی کەرەسەکانی جەنگ. کاتێک دوژمنەکەم شمشێری پێبێت بێمانایە من بە فلچەی ددان شەڕی لەگەڵدا بکەم. بەھەمان شێوەش ھێرشبردنە سەر دوژمن بە فرۆکەی بێفرۆکەوان دابڕاوە لە ھەموو رێسایەکی مۆرالی پێکدادانی جەنگاوەرییانە، چونکە ناتەبایی و ناھاوتاییەکی ھیجگار گەورە لە نێوان ئەوانەدا ھەیە کە لە گۆڕەپانی جەنگدان و ئەوانەی کە لە ئاسمانەوە وەکو یاری کۆمپیور دوژمنەکەیان بە پەلەپیتکەیەک دەکوژن. جیاواییەکە ناھاوسەنگیی ھێزی بەکارھێنانی جەنگە لەنێوان ئەوانەی کە لەسەر زەوین و ھیچ کەرەسەیەکی ھاوتایان نییە بۆ بەرگرییکردن لە خۆ و ئەوانەی کە لە ئاسمانەوە ھێرش دەبەنە سەر نەیارەکەیان. ھەموو کوشتنێک بە کلیکی ماوس لەسەر کۆمپیوتەر لە رووی ئەخلاقییەوە جەریمەیە و ناچێتە ناو جەنگێکی ھاوتاوە. شەڕ یان جەنگ رووبەڕووبوونەوەی دوو کەسە یان دوو لایەنە لەناو گۆڕەپانی جەنگ، ئازایەتی نییە تۆ نادیاربیت و دوژمن بەدەرەوە، شکۆمەندیی نییە تۆ راکێتی دوورمەودات ھەبێت و دوژمنەکەت کڵاشنکۆف. تیرۆریزم بۆیە جەنگێکی پیسە، چونکە ھەموو رێساکانی جەنگ تێکدەشکێنێت. ھەر دەوڵەتێکیش جەبەرووتی ھێزی خۆی بەشێوەیەکی ناھاوسەنگ دژ بە نەیارە سەربازیی و سیاسییەکەی بەکارھێنا، دەچێتە خانەی جەنگی نائەخلاقیی و تیرۆری دەوڵەتییەوە. لەسەردەمی ئەمڕۆدا جەنگی تەقلیدیی کە لە نێوان دوو دەوڵەتدا ڕوویدەدا، بەرەو نەمان دەچێت. لەبری ئەوە جەنگی نوێ وەکو دیاردەیەکی تازە بوونی ھەیە کە لە فۆرمی شەڕی ناوخۆ و ئەکتەری نادەوڵەتیی و تۆڕی تیرۆریستییەکاندا بەرجەستەدەبێت. بەنادەوڵەتییکردنی جەنگ لە جەوھەردا وەزیفەی بەناسیاسییکردنێتی. ھەموو بەناسیاسییکردنێکی جەنگیش دەچێتە خانەی بەنامۆڕاڵیکردنەوە، چونکە رێز لە ھیچ رێسایەکی جەنگ ناگیرێت. لە جەنگی تەقلیدییدا دوژمن دەبێت لە گۆڕەپانی جەنگدا ملکەچبکرێت. ئەم ملکەچکردنە دەشێت بە ڕاگرتنی تەقە و رێککەوتن لەنێوان دۆڕا و براوە، یان تێکشاکان و تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدان کۆتایی پێبێت. بەڵام لە جەنگی نوێی نادەوڵەتییدا ئەم رێسایانە نە بوونی ھەیە و نە رێزیشی لێ دەگیرێت، چونکە کاتێک راکێتێک بەئاسمانەوەیە و ئەوانەی وەکو ئامانج بۆیان دیارییکراوە ئاگایان لە تەقاندنی ئەو راکێتە نییە، بۆیە نە توانای گفتوگۆیان ھەیە، نە توانای تەسلیمبوون و نە فرسەتی ھەڵھاتنیشیان لەبەردەستدایە. بەھەمان شێوەش کاتێک فرۆکەی بێفرۆکەوان بە ئاسمانەوە چاودێریی نەیارە سەربازیی و سیاسیەکەی لەسەر زەوی دەکات و ساروخیان تێدەگرێت و وەکو مەگەز دەیانکوژێت، ھیچ فرسەتێک بە بەرامبەر نادات وەکو لە جەنگی تەقلیدییدا ھەیە کە خۆی تەسلیمبکات یان بریندارەکان ببرێن بۆ نەخۆشخانە و وەکو دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بۆیە ئەو کەسەی کە لە ئاسمانەوە بە راکێت دەکوژرێت وێنای دوژمنی نییە، بەڵکو تاوانکارێکە کە بەبێ دادگا لەلایەن دەوڵەتێکەوە دەکوژرێت. بەمشێوەیەش لەخۆڕا نییە کە کوشتنی بەئەنقەست و بەئامانج، جەنگی لەشکر نییە دژ بە لەشکرێکی تر، بەڵکو جەنگی دەزگاکانی ئەمنیی و ئیستیخباراتییە دژ بە نەیارە سیاسیی و سەربازییەکان کە لەزۆرینەی کاتەکاندا ھێزی نادەوڵەتیین. ئەم جۆرە جەنگە کوشتنی دوژمن نییە لەبەرەکانی جەنگ، بەڵکو کوشتنی بەئەنقەستە کە ھیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتیی و ئێتیکی جەنگ نایگرێتەوە. ئەم جۆرە لە کوشتار سیاسەت نییە، بەڵکو کوشتنی کردەی سیاسەتە کە ھەمیشە لە جەنگدا بوارێک بۆ قسەکردن و دانوستاندن دەھێڵێتەوە. ئەم فۆرمە لە کوشتن چ لەرووی یاسای نێودەوڵەتییەوە و چ لەڕووی ئێتیکی جەنگەوە پڕئیشکالییەتە. رەھەندی جەنگ دژی تیڕۆر بەناوی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی دەوڵەتییەوە بەئاستێک گەیشتووە کە جیاوازیی لەنێوان تیرۆری گروپ و تیرۆری دەوڵەتیی ھەڵبگیرێت و ئامانجی سەرەکیی لەم جەنگە نوێیەدا تەنھا کوشتار بێت کە جگە لە خوێنڕشتن ھیچ بوارێک بە کردەی سیاسەت نادات. لەو چرکەساتەوەی کە کورد شەڕی چەکداریی ڕاگەیاندووە لە جەنگێکی ناھاوسەنگدایە لەگەڵ دوژمنەکانی. ئەم جەنگە بەشێوەیەکی ناتەبا و ناھاوسەنگ بەڕێوەدەچێت و دوژمنەکانی جیاوازیی لەنێوان چەکدار و بێچەکدا ناکەن، رێز لە رێسا و یاسا نێودەڵەتییەکانی جەنگ ناگرن و ھەموو بەرھەڵستکارێک وەکو دوژمن تەماشادەکەن و لەھەر شوێنکاتێکیشدا بۆیان بکرێت، بەبێ دادگا و رێزگرتن لە رێسا و ئێتیکی جەنگ، وەکو تاوانکارێک مامەڵەیان لەتەکدا دەکەن و دەیانکوژن. ئەم فۆرمەش لە جەنگ دەچێتە خانەی تیرۆری دەوڵەتییەوە. .................................... تێبینی: ئەم بابەتە کورتکراوەی وتارێکی درێژە کە ھێشتا بڵاونەکراوەتەوە. ..................................... بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی تێزەکانی ئەم بابەتە بڕوانە: زنجیرە وتارێکم دەربارەی جەنگ و تیڕۆر لە ژمارەکانی گۆڤاری سەردەمی ڕەخنە. Byung-Chul Han: Müdigkeitsgesellschaft. Matthes & Seitz, Berlin 2010 Herfried Münkler: Die neuen Kriege, Rowohlt, Reinbek (2002) https://www.matthes-seitz-berlin.de/…/byung-chul-han-die-et…


  ■  عەبدوڵای کوێخا موبارەک ھاوخەم و نیگەرانم بە ھۆی ئەو ھێرشە دڕندانەیەی کە ئەمڕۆ لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کرایە سەر خوشک و برایانمان لە حزبی دیموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سەری ڕێز دائەنەوێنم بۆ ڕوحی پاکی شەھیدانی ئەو ھێرشە و ھیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان ئەخوازم. ھیرشی ئێران بۆ سەر حزبی دیموکرات لەم کاتەدا و لە نێو قوڵای ھەرێمی کوردستان، بە ڕونی و ئاشکرا دیارە کە ڕێککەوتنێکی ئێران و حزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکانە بۆئەوەی لەبەرامبەردا ئێران تەزویر و ساختەکاریان بۆ بکات لە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا، ئەگەر وانیە پێویستە بەلای کەمەوە حکومەتی بەناو ھەرێمی کوردستان کە لە ژێر دەست و ھەیمەنەی ئەو حزبە تەزویر چیانەدایە ئەگەر بۆ تەنھا یەک مانگیش بێت ھەڵوێست وەربگرێت و کۆنسوڵگەری و کۆمپانیاکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان دەربکات و خاڵە سنوریەکان بە ڕوی ئێراندا دابخات کە دڵنیام ئەوە ڕونادات، چونکە خۆیان دەستی ئێرانیان ڕاکێشاوە بۆ ئەم کارە. بۆیە داوام لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە با ھەموان بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەین، ھەر ھیچ نەبێت با شەرعێتیان پێ نەدرێت و وڵاتانی چاکە خواز و دیموکرات خواز بزانن کە ئەمانە بە زۆر خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەم خەڵکە چەوساوە و ماف خوراوەی کوردستاندا، ئاخر ناکرێت ئەمانە ھەر بە گەندەڵی و ستەمکاری ناوخۆیەوە نەوەستن و کار بگاتە ئەوەی نۆکەرایەتی دوژمنەکانمان بکەن و لە نێو ماڵی خۆمان خوێنی خوشک و براکانمان بڕێژن لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات بەو تەزویر و ساختەکاریەی کە چەندین ساڵە لەبەرامبەر سازشی نەتەوەی و نیشتیمانیدا لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆیان دەکرێت. زۆر ڕێگای وەک دروستکردنی ئۆپۆزیسۆن، خەباتی مەدەنی، خۆپیشاندان و مانگرتن تاقیکرایەوە، ھەمو ڕێگاکان بێسود بون و  ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە بەھاوکاری دوژمنانی گەلەکەمان ھەر مانەوە و بەردەوامن، ئێستا تەنھا کارت بایکۆتە بۆ ناساندنی دیکتاتۆریەکەیان بە ھەمو دنیا و خستنە ڕوی قەبارە و ڕوخسارە ڕاستەقینەکەیان بۆ ھەمو خەڵکی کوردستان و عێراق. بۆیە تکایە با ھەمومان بایکۆت بکەین.  


■  ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین ناڕازاییه‌كانی شاری به‌سره‌ی شیعه‌ نشین پێی ناوه‌ته‌ قۆناێكی نوێوه‌، ئه‌ویش چونكه توندو تیژیه‌كان قوربانی زۆرتریان لێ كه‌وتۆته‌وه‌ و جگه‌ له‌ دام و ده‌زگا حكومیه‌كان، خۆپیشانده‌ران هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر كۆنسولخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌ به‌رچاوی كامێراكانه‌وه‌ ئاڵای ئه‌و وڵاته‌یان سوتاندوه‌. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی به‌سره‌ له‌ هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان توڕه‌ن، ئه‌وا مه‌نتقی بوو ئه‌و توڕه‌ییه‌ به‌ڕوی ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقیانه‌دا بته‌قێننه‌وه‌ كه‌ مه‌جالیان بۆ ئێران كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌سره‌ باڵاده‌ست بێت. ‌هه‌ موو كه‌س ده‌زانن كه‌ ئه‌ركی ئێران نیه‌ ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ و كاره‌با بۆ خه‌ڵكی به‌سره‌ دابین بكات و كێشه‌ی بێكاریان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. عێراق وڵاتێكی ده‌ستكردی ئیستیعماره‌ و، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ ڕێكلام بۆ عێراقێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز ده‌كه‌ن خه‌یاڵپڵاون و خه‌ریكی پینه‌و په‌ڕۆكردنن. عێراق هه‌رگیز ده‌وڵه‌تێكی سروشتی و هۆمۆجین نه‌بوه‌ و هه‌رگیزیش وای لێ نایه‌ت. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وا ده‌كات كه‌ هه‌موو دونیا خاوه‌ن بڕیار بێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ستكرده‌دا، دانیشتوانه‌كه‌ی لێ ده‌رچێت. ئێمه‌ش (زۆر به‌داخه‌وه‌) وه‌ك به‌شێكی به‌زۆر لكێنراو به‌ عێراقه‌وه‌، وه‌ك له‌ ماڵی خۆماندا خاوه‌ن ماڵ نه‌بین وایه‌. ئه‌وه‌تا ڕۆژێك توركیا به‌ مافی خۆی ده‌زانێ سنوری نیشتیمانه‌كه‌مان ببه‌زێنێت و ئه‌وه‌ی حه‌زی لێیه‌ جێبه‌جێی ده‌كات و، ڕۆژێكیش ئێران. له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌شدا ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ كه‌ چرای سه‌وز بۆ ئه‌م دوو دراوسێیه‌ی لێده‌دات كه‌ له‌ هێرش و مانۆڤره‌ سه‌ربازیه‌كانیاندا له‌ چوارچێوه‌ی سنوره‌كانی عێراقدا ده‌ستكراوه‌ بن. به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كانی هێزه‌كانی سوپای پاسدارانی شوڕشی ئیسلامی ئێران به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو ئاڵۆزه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گاكانی كوردانی خۆرهه‌ڵات له‌ قه‌زای كۆیه‌. دیاره‌ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رنامه‌یه‌كی زۆر ووردی بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ داڕشتوه‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌م به‌یانیه‌ رامین په‌ناهیان له‌ سێداره‌داو شه‌هیدیان كرد. به‌ واتایه‌كی تر ئامۆزا نه‌ژادیه‌كه‌مان، به‌ یه‌ك ئاڕاسته‌ دوو هوشداری جیاوازی بۆ ڕه‌وانه‌ كردین، كه‌ یه‌كێكیان په‌یامێكی سه‌ربازیه‌، ئه‌وه‌ی تریشیان سیاسی (ڕامین په‌ناهی له‌سه‌ر تلیاك كێشان نه‌گیرابوو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ئه‌وا ده‌بوو ده‌وڵه‌تی ئێران نیوه‌ی گه‌وره‌ساڵانی ئێرانی له‌سێداره‌ بدایه)‌. ئێمه‌ داگیركه‌ری فه‌له‌ستین نه‌بوین، كه‌چی سه‌ددام و حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ ترسنۆكیان به‌رامبه‌ر به‌ ئیسرائیل ئێمه‌یان كیمیایی باران و جینۆساید ده‌كرد. ئێمه‌ نه‌چوین و هیچ كوردێكی خۆرهه‌ڵاتیش نه‌چوه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر كۆنسولخانه‌ی ئێران له‌ به سره‌ و ئاڵای وڵاته‌كه‌یان بسوتێنێت، كه‌چی ئێران له‌ ترسی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌سرائیل ته‌كنۆلۆژیا سه‌ربازیه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌. كۆماری ئیسلامی ئیران باشتره‌ جورئه‌تی هه‌بێت و به‌ره‌و ڕوی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ببێته‌وه، با شه‌ڕه‌كه‌ نه‌گوێزته‌وه‌ بۆ نیشتیمانی كوردستان. باشتره‌ تاران بیر له‌ به‌رژه‌وندی هاوبه‌ش بكاته‌وه‌ نه‌ك ده‌ست شكاندن. به‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ نابێت كۆماری ئیسلامی ئێران لای سه‌یر بێت هاوسۆزی بۆ براكانیان و توڕه‌ بونیان، وا له‌خه‌ڵكی باشوری كوردستان بكات كه‌ به‌ فه‌وج (و رایت الناس یدخلون فی دین الله‌ افواجا- النسر ٢) له‌ ڕیزدا بوه‌ستن بۆ به‌ خۆبه‌خش خۆ ناونوسكردن له ڕیزه‌كانی خه‌ڵكی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. داهاتویه‌كی له‌و جۆره‌ له‌ قازانجی كه‌س نیه‌. هیوادارین كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌م هه‌ڵه‌ كوشه‌نده‌یه‌ دوباره‌ نه‌كاته‌وه‌.


  ■   مەریوان وریا قانع  عێراق نە دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دەوڵەتێکە خاوەنی نەتەوەیەک نییە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە. نە جوگرافیایەکی نیشتیمانیشە بە مانای ئەوەی ھەموو پێکھاتەکانی ناو ئەو جوگرافیایە ئەو سەرزەمینە بە نیشتیمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاسیی خۆیان بزانن. عێراق ڕووبەرێکی پارچەپارچە و دابەشبووی پڕ ناکۆکیی قووڵ و گەورەیە. سێ پێکھاتەی سەرەکییەکەی ولاتەکە خۆشی، شیعە و سونە و کوردیش، لەناو خۆیاندا پارچەپارچە و ناھاوبەش و بێ لانی کەمی ھەرجۆرە ئیجماعێکە. ئەو سێ بلۆکە سیاسییە لە مێژە لەسەر ململانێی دەسەڵات و ململانێ لەسەر دزیی و تاڵانیی و گەندەڵیی لەناو خۆیاندا پارچەپارچەبوون. ئەوەی لە بەسەرە ڕوودەدات زۆر جیاواز نییە لەوەی ساڵانێکی درێژ لە کوردستاندا ڕوویداوە و دەشێت سەرلەنوێ ڕووبداتەوە: پێکدادانی ھێزە نەیار و ناتەباکان لەسەر دەسەڵات لەگەڵیەکدا لەسەرێکەوە و، زەلیل و بێئومێدکردنێکی ھەمەلایەنەی دانیشتوان و بێبەشکردنیان لە سادەترین خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ئامادەگیی چەندان میلیشیای رەسمیی و نارەسمیی و بڵاوبوونەوەی چەکێکی زۆر بەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەدا، لەسەرێکی دیکەوە، ئەو وێنە گشتییەیە کە بەبێ زەحمەتییەکی زۆر دەتوانین دروستیبکەین. ئەوەی دەیبینین فەشەلەێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ئەو نوخبە سیاسییانەیە کە لە قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لەو وڵاتەدا حوکمڕان بوون و دەزگاکانی ئەم حوکمڕانییەیان بەکارھێناوە بۆ قایمکردنی پێگە ئابوریی و سەربازیی و ئیقلیمیەکانی، خۆیان.  لەناو عێراقدا کێشەیەک نەماوە بە ئیقلیمیی نەکرابێت، ئێران و تورکیا و سعودیە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە زۆرێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو ئەو وڵاتەدا دەبینن. لە دەرەوەی ئەوانیشدا ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسرائیل بە شێوازی جیاواز ئامادەن. کەم ھێز ھەیە لە عێراقدا، بە ھێزە کوردییەکانی خۆشمانەوە، کە پرۆکسی و پیاوی لایەنێک لەو لایەنە ئیقلیمیانە نەبێت. ئەمە وایکردوە ئەو وڵاتە ئیقلیمیانە دەستیان لەناو خاکی عێراق و لە ناو ھەرێمیشدا کراوەبێت. ئێران بە قووڵانی سەدان کیلۆمەتر دێتە ناو خاکی ھەرێم و کۆیە بۆمباران دەکات و خەڵک دەکوژێت. ئاو لە خەڵکی ناوچەی قەڵادزێ و پشدەر دەگرێتەوە، دەستوەرئەداتە ناو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کوردستانەوە، ھتد.. تورکیا دەیەھا بنکەی سەربازیی لەناوچەی بادیناندا ھەیە و لەوێوە نەک تەنھا چالاکیی سەربازیی ئەنجامئەدەن، بەڵکو وەک چاوی کراوەی تورکیا لەناو ھەرێمدا ئامادەن و کاردەکەن و کەرکوک بە بەشێک لە قەڵمڕەوی خۆیان دەزانن.  فەشەلی ڕۆژانەی مۆدێلی ئەم حوکمڕانییە و نائومێدبوونی تەواوی خەڵک لێیان، سەرەتای یاخیبوون و جەنگێکی گەورەیە لەنێوان خەڵک و حوکمڕانیەکەدا، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم یاخیبوونە تەنھا وەک کردەیەکی ناوەکیی نامێنێتەوە، بەڵکو ھێزە جیھانیی و ئیقلیمییەکان دەستی تێکدەر و وێرانکارانەی خۆیانی تێوەرئەدەن و ھەوڵئەدەن بۆ قازانج و مەسڵحەتی تایبەتی خۆیان بەکاریبھێنن. وەکچۆن ڕاپەڕینی خەڵک لە سوریا و یەمەندا گۆڕان بۆ جەنگێکی خوێناوی ناوەکیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، ئاواش عێر اق لەبەردەمی ئەگەری ھەمان سیناریۆدایە.


■  پەیڕەو ئەنوەر  سوتاندنی قونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە دەکرێت سوتانی جەستەی ئێران بێت لەناو جوگرافیا و جەستەی عیراقدا. خۆپیشاندەرەکان دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە، بەسڕە ئازادە" دەڵێنەوە. چەمکی "دەرەوە" لێرە مانایەکی جیاوازی سیاسی و سۆسیۆ-سیاسی هەیە بۆ بەسڕەییەکان لەدوای ٢٠٠٣ ەوە. دیارە بەر لەڕووخانی سەدام بەسڕەییەکان پێیان وابوو ئێران دەبێت لەناوەوە ئامادەبێت. ناوەوە بەمانای ئەوەی بەسرە بەهۆی هاوبەشی مەزهەبییەوە دەتوانێت لەڕووی سیاسی و ئابوریشەوە لەگەڵ ئێران بژیت و بەردەوام بێت. یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەسڕە و عیراق بەرهەم نەهێنانی "گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە" و "یادەوەرییەکی هاوبەشی ڕاستەقینەیە!" بەسڕە لەئێستادا بەهۆی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی ساختەوە بەڕێوەدەبرێت. گرێبەست بەمانای ئەوەی هەروەک ڕۆسۆ و هاوڕێکانی تری باسی دەکەن کۆمەڵگەیەکی سیاسی دروستبکەن تا دەسەڵات بەهاکان ببەخشێتەوە یا بەلایەنی کەمەوە ژیانێکی مەدەنیانە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە بەرهەمبهێنرێت! ئەمڕۆ بەسڕە لە بری شار، لەکەلاوەیەکی گەورە و ناوچەیەکی دوورەدەستی دوور لە مەسەلەی مۆدێرنە دەچێت! بەسڕە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بەهۆی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە ساختەیە و بەهۆی ئەو تریاکە مەزهەبییەیەوە مردووە! تا ئێستا هەڵبژاردن و دەنگدان و جێگۆڕکێی هێزە سیاسییەکان لە عیراقدا نەیتوانیوە دونیایەکی تازە و خەیاڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تازە بۆ بەسڕەییەکان بهێنێت!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand