■ دڵشاد ئه‌نوه‌ر زۆر له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ نێو یه‌كێتى نوسراو وترا، به‌ڵام سه‌رنج و كۆمێنته‌كان له‌مباره‌یه‌وه، كه‌میان ده‌چوونه چوارچێوه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى قوڵى واقیعیه‌وه، به‌ڵكو زۆربه‌یان هێرش و خوێندنه‌وه‌ى سه‌تحى بوون بۆ مه‌سه‌له‌كه. پێش ئه‌وه‌ى بچمه نێو بابه‌ته‌كه‌وه، هه‌ندێك پرسیار دێنه پێشه‌وه، بۆچى دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كێتى جێهێشت ؟ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى بۆ شكستى هێنا؟ ئه‌ى بۆچى گه‌ڕایه‌وه نێو یه‌كێتى؟ داهاتوى چۆن ده‌بێت له نێو یه‌كێتى دا؟ . چوونه ده‌ره‌وه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م له یه‌كێتى ؟ . تا ئه‌وكاته‌ى تاڵه‌بانى له‌ژیان دا بوو، تاڵه‌بانى پشتیوانى و دكتۆر به‌رهه‌میش خوێندكارێكى گوێڕایه‌ڵى بوو، بڕینى چه‌ندین وێستگه‌ى به‌رپرسیارێتى حیزبى حكومى له‌لایه‌ن دكتۆر به‌رهه‌مه‌وه، په‌یوه‌ندى به پشتگیرى كردنى تاڵه‌بانیه‌وه هه‌بوو. ئه‌گینا گه‌ر پشتگیرى تاڵه‌بانى نه‌بایه، به‌شێكى زۆر له قیاده‌كانى یه‌كێتى، چوونه پێشه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح و ئه‌و گرنگى پێدانه‌یان له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه پێ هه‌زم نه‌ده‌كرا، هه‌ر زوو ده‌بوونه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌میدا. كۆچى دوایى تاڵه‌بانى، هه‌ر زوو كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵه‌ح وه‌دیار خست و بێ پشت و په‌ناى كرد، ته‌نانه‌ت له‌نێو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانیشه‌وه ده‌نگ دژى به‌رهه‌م ساڵه‌ح هه‌ڵبڕا، تا دواجار له‌خولى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق دا، فواد مه‌عسوم ى له‌به‌رانبه‌ر قوت كرایه‌وه و رێگه‌ى گه‌یشتن به‌پۆستى سه‌رۆك كۆمارى لێ‌گیرا. له‌به‌رانبه‌ریشدا، به‌رهه‌م ساڵه‌ح نه‌یتوانى ئارام بگرێت و دان به‌خۆیدا بگرێت، چونكه سیاسه‌ت و ململانێ پشوو درێژى ده‌وێ، دژایه‌تیه‌كان نیگه‌رانیه‌كانى به‌رهه‌م ساڵه‌حى گه‌یانده لوتكه، بۆیه كاتێك له راگه‌یاندنى باڵى ناوه‌ندى بڕیار نا‌ئومێد بوو، یه‌كێتى جێهێشت و بریارى دروستكردنى هێزێكى نوێ ده‌دات. واته بریاره‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانى، كاردانه‌وه بوو به‌رانبه‌ر پشتگوێ خستنى و دژایه‌تى كردنى له‌نێو یه‌كێتى دا. . به‌رهه‌م ساڵه‌ح په‌له‌ى كرد! . به‌رهه‌م ساڵه‌ح، كاتێك له یه‌كێتى رۆیشته ده‌ره‌وه، ئومێدى گه‌وره‌ى هه‌بوو، پێیوابوو له‌رێگه‌ى سندوقه‌كانى ده‌نگدان و پشتیوانى به‌شێك له قیاده به‌جێماوه‌كانى ناو یه‌كێتیه‌وه، ده‌توانێت تۆڵه‌ى په‌راوێز خستنى بكاته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك كۆبونه‌وه‌دا، وتبووى"كاك نه‌وشیروان ته‌نها جه‌ماوه‌رى له‌گه‌ڵ بوو، به‌ڵام من خاوه‌ن هێزیشم، سه‌ركرده‌ى سه‌ربازیشم له‌گه‌ڵدایه، بۆیه من زیاترم پێده‌كرێ." ره‌نگه بۆچوونه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ ئه‌و كاته واقیعى بێت، چونكه كاتێك ئه‌و یه‌كێتى جێهێشت، یه‌كێتى له‌ڕووى جه‌ماوه‌رى و گرفتى نێوخۆیشه‌وه له دۆخێكى ئێجگار خراپ‌دا بوو. په‌یوه‌ندى نێوان ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌وپه‌ڕى خراپیدابوو، ته‌نانه‌ت گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دا، هه‌ندێك له قیاده‌كانى یه‌كێتى ئیشیان بۆ كوتله‌كه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م ده‌كرد. ره‌نگه دكتۆر به‌رهه‌م و به‌شێك له قیاده‌كانى یه‌كێتى پلانى ئه‌وه‌یان هه‌بووبێت، له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دا ده‌نگێكى زۆر بهێنن و یه‌كێتى ته‌واو بچوك بكه‌نه‌وه، دواتر یه‌كێتى به‌بچووكى جێبهێڵن و ئه‌وانه‌شى له‌نێو یه‌كێتى مابوون، بێنه لاى دكتۆر. به‌ڵام ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دۆخه‌كه‌ى ته‌واو پێچه‌وانه كرده‌وه، یه‌كێتى كرده‌وه به‌هێزێكى كاریگه‌ر، دكتۆر به‌رهه‌م و ئه‌و قیادانه‌شى له‌نێو یه‌كێتى مابوونه‌وه بێ ئومێد كرد، بۆیه هه‌موو هاوكێشه و پلانه‌كان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه. ئه‌وه‌ى ڕوویدا، راسته به‌شێكى په‌یوه‌ندى به ته‌زویرات و هاوكێشه ئیقلیمیه‌كه‌وه بوو، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانى به‌رهه‌م ساڵه‌حیش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه په‌له په‌لیان پێوه دیاربوو، بۆیه ئیشى به‌په‌له‌ش زۆرجار ئه‌نجامه‌كه‌ى خراپ ده‌بێت. هه‌ڵبژاردنى ته‌وقیتى گونجاو بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، زامنى سه‌ركه‌وتن یان شكستهێنانى جوڵانه‌وه‌كه ده‌كات، بۆ نمونه گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له 2000 بزووتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى ئیعلان بكردایه شكستى ده‌هێنا، به‌ڵام له 2009 ئیعلانى كرد، سه‌ركه‌وتوو بوو، واته ته‌وقیت زۆر گرنگه. خۆ ئیعلان كردنى هاوپه‌یمانى و دیموكراسى، وه‌كو كیانێكى سیاسى ته‌وقیته‌كه‌ى گونجاو نه‌بوو، بۆیه ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌مردویى له‌دایكبوو، به‌تایبه‌ت ئه‌وكات خه‌ڵك له‌دۆخێكى پڕ له نائومێدى و ئابورى خراپ‌دا بوو، بێزاربوو. جیا له‌وه‌ش، هاوپه‌یمانى كاتێك خۆى راگه‌یاند، راسته خه‌ڵك له گۆڕان تا ڕاده‌یه‌ك نا‌ئومێد بوو ، به‌ڵام نه‌وه‌ى نوێ هاتبووه ساحه‌كه و فه‌راغى كشانه‌وه‌ى گۆڕ‌انى پڕ كردبوویه‌وه، بۆیه ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ هاوپه‌یمانى نه‌ره‌خسا تا فه‌راغه‌كه بقۆزێته‌وه و ئه‌سپى خۆى تاو بدات. ئینجا خیتابى سیاسى و ئیعلامى و كۆمه‌ڵایه‌تى هاوپه‌یمانى، خیتابێكى لاواز و شه‌رمنانه بوو، به‌جورئه‌ته‌وه دانه‌به‌زیبوونه گۆڕه‌پانه‌كه، نه‌یانتوانى موخاته‌به‌ى جه‌ماوه‌ر بكه‌ن و سه‌رنجیان بۆ لاى جوڵانه‌وه‌كه‌یان رابكێشن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌و رابردووه‌ى خودى دكتۆر به‌رهه‌م له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یبوو، زیانى پێگه‌یاندبوون. یانى به‌كورتى، هاوپه‌یمانى په‌له‌ى كرد. ئاماده‌كارى ته‌واوى نه‌كرد. ته‌وقیتى گونجاوى هه‌ڵنه‌بژارد. دۆخه‌كه‌ى به‌باشى هه‌ڵنه‌سه‌نگاند. نه‌یتوانى بۆشاییه‌ك بدۆزێته‌وه و ئه‌سپى خۆى تێدا تاو بدات. نه‌یتوانى له‌نێو ململانێ تونده‌كه‌ى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێم، خیتابێكى جیاوازى هه‌بێت و شتێكى تازه پێشكه‌ش بكات، بۆیه ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه له‌پایزى ته‌مه‌نیدا، وه‌فاتى كرد. . پێكهاته‌ى هاوپه‌یمانى . یه‌كێكى تر له‌و فاكته‌رانه‌ى بووه هۆى شكست هێنانى هاوپه‌یمانى، پێكهاته‌كه‌ى بوو، واته چى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌وروبه‌رى دكتۆر به‌رهه‌م كۆبوو بوونه‌وه، یاخود ئه‌وانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا مابوونه‌وه و پشتگیریان ده‌كرد. ئه‌وانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا بوون و پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بوون، ئه‌وانه بوون كه زۆرترین ره‌خنه و سه‌رنجیان له‌سه‌ربوو، خه‌ڵك كاتێك ئه‌مه‌ى ده‌بینى، ئومێدى به‌م هاوپه‌یمانێتیه لاواز بوو. یه‌كێتیش هات ئه‌مه‌ى به‌جوانى ته‌وزیف كرد، ئه‌وه‌ى به جه‌ماوه‌ر گه‌یاند، ئه‌وانه‌ى یه‌كێتیان رووتاندۆته‌وه و به‌م حاڵه‌یان گه‌یاندووه، له موئامه‌ره‌دان بۆ یه‌كێتى و ده‌یانه‌وێ له‌ناوخۆوه بیڕوخێنن. توانى له‌م رێگه‌یه‌وه هه‌م عه‌تفى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى بۆ خۆى كێشكرد و بۆ ئیشكردن گه‌رمى كردنه‌وه، هه‌م زیانیشى به هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح گه‌یاند به‌وه‌ى پشتیوانه‌كانى ئه‌م خه‌ڵكه خراپانه‌ن. جیا له‌وه‌ش، ئه‌وانه‌ى له ده‌ورى به‌رهه‌م ساڵه‌ح كۆبوو بوونه‌وه، ئه‌وانه بوون كه پێشتر له ژیانى حیزبایه‌تیان دا شكستیان خواردبوو، یاخود وه‌زیر و كادیره باڵا خانه‌نیشینكراوه موسته‌فیده‌كان بوون، واته هه‌رچى موسته‌فید و شكستخواردووى نێو حیزبه‌كان هه‌بوو، به‌حیزبه عه‌لمانى و ئیسلامیه‌كانیشه‌وه، له‌ده‌ورى به‌رهه‌م ساڵه‌ح كۆبوونه‌وه. بێگومان، حیزبى سه‌ركه‌وتوو، به خه‌ڵكانى شكستخواردو و خانه‌نیشینى موسته‌فید به‌رێوه ناچێت، هه‌ر بۆیه له‌سه‌ره‌تاشه‌وه چاوه‌روانى داهاتویه‌كى باش بۆ هاوپه‌یمانى نه‌ده‌كرا. . به‌رهه‌م ساڵه‌ح دیسانه‌وه په‌له‌یكرد . گه‌ر هاوپه‌یمانى ده‌نگى بهێنایه، ئه‌گه‌رى زۆر بوو، ئه‌و سه‌ركردانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا مابوونه‌وه و پشتگیرى دكتۆر به‌رهه‌م بوون، بێنه نێو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام كه هاوپه‌یمانى شكستى هێنا، خه‌ریكبوو ئه‌و سه‌ركردانه‌ش پشت له‌به‌رهه‌م ساڵه‌ح بكه‌ن، بۆیه ئه‌مه ناوبراوى ته‌واو بێ ئومێد كرد. نكۆڵى له‌وه ناكرێت، به‌رهه‌م ساڵه‌ح كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى ناسراوه، په‌یوه‌ندیه‌كى قوڵى چى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچه‌كه‌ش هه‌یه، بۆیه گه‌ر خۆشى ته‌نها بووایه، وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى هه‌ر كاریگه‌رى ده‌بوو. به‌رهه‌م ساڵه‌ح، كاتێك له پێگه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى نا‌ئومێد ده‌بێت، له نێو یه‌كێتیشه‌وه خوڵك ده‌كرێت و به‌ڵێنى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێده‌درێت، هێنده په‌له ده‌كات له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو یه‌كێتى، دیسان توشى هه‌مان هه‌ڵه‌ى كاتى ده‌رچوون له‌یه‌كێتى ده‌بێته‌وه. به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو یه‌كێتى، جگه له‌وه‌ى میسداقیه‌ت و كه‌سایه‌تى سیاسى به‌ته‌واوه‌تى له‌كه‌دار بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌یتوانى پێش بڕیاردان بۆ گه‌ڕانه‌وه، پۆستى سه‌رۆك كۆماریش زه‌مان بكات كه له‌پێناویدا، باجى به كه‌سایه‌تى خۆیه‌وه دا. له‌نێو یه‌كێتى دا، نه‌یارى پێدانى ئه‌و پۆسته به به‌رهه‌م ساڵه‌ح زۆره، مه‌لا به‌ختیار له نێو نه‌یاره‌كاندایه كه له‌رابردوودا چى ویستبێت تێكى داوه، هه‌ر له ڕاونانى نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوه‌ڵه‌كانى، تا ده‌گاته تێكدانى رێكه‌وتنامه‌كه‌ى نێوان گۆڕان و یه‌كێتى و دواتریش ئیجباركردنى یه‌كێتى به‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم. له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیش، پارتى به ئاشكرا دژه، كه‌هیچگات له خواسته‌كانى پاشه‌كشه‌ى نه‌كردووه و چى ویستووه له‌رابردوودا، به‌سه‌ر یه‌كێتى دا فه‌رزى كردووه. هه‌رچه‌نده ئه‌سته‌م نیه پۆستى سه‌رۆك كۆمار بدرێته دكتۆر به‌رهه‌م، به‌ڵام گه‌یشتنیشى به‌م پۆسته زۆر قورسه، به‌و پێیه‌ى نه‌یارى زۆره. خۆ ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو ته‌نازولاتانه، ده‌ستى نه‌گاته ئه‌و پۆسته، ئه‌وا ئه‌مجاره به‌ته‌واوه‌تى داده‌روخێت و نا‌ئومێد تر ده‌بێت. به تایبه‌ت گه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێنه‌درێ، كێشه ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى به‌كاتى له‌حیم كراوه، هه‌موو كاتێك ئه‌م كێشانه قابیلى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ن، دكتۆر به‌رهه‌میش له‌نێو بنه‌ماڵه‌و سه‌ركردایه‌تیشدا نه‌یارى هه‌یه، بۆیه دیسانه‌وه چاره‌نوسى له‌نێو یه‌كێتیشدا ڕوو له نادیارى ده‌كاته‌وه. بۆیه بۆ به‌رهه‌م ساڵه‌ح گرنگ بوو، مادام هه‌ر بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى دابوو، په‌له‌ى نه‌كردایه، تا ئه‌وكاته‌ى به‌رچاوى ڕوون ده‌بوو، ئایا پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێده‌درێ یاخود نا، پۆسته‌كه‌ى زه‌مان كردایه، ئینجا بریاره‌كه‌ى بدایه، چونكه ئێستا كه‌وتۆته نێو ئاوێك نه ده‌توانێ لێى بكشێته‌وه، مه‌له كردنیش تێیدا ئاسان نابێت بۆى.
■ بەهرۆز جەعفەر هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان، وا خۆی نیشانداوە کە «بەهێزە» و «دەوڵەتیانە» کارئەکات و «ئەوان نەبن کەس بۆی نییە کورد بێت و کارێک بۆ کورد بکات». ئەم باهۆزە ئیقلیمیەی لەدوای بەهاری عەرەبیەوە هەڵیکردووە، لەرزی بە ناوچەکە هێناوە، دۆخەکە ڕێک لە تاشە بەردێکی گەورە ئەچێت لە بەرزاییەکدا کە بەردێکی بچووک لەژێریدا سەت ساڵە ڕای گرتووە، ئەوە لەدوای کۆتایی شەڕی داعشەوە، ڕۆژانە ئیش لەسەر لەقاندنی بەردە بچوکەکە ئەکرێت، تا تاشە بەردە گەورەکە خلۆر بێتەوە. کە خلۆریش بویەوە ئەسەح کۆمەڵێ شت تەخت ئەکاو، هەندێ شت لەت ئەکاو، هەندێکی تریش لە دامێندا قووت ئەکاتەوە. ئێمە ڕق و ناحەزایەتیەکمان لەگەڵ پارتی نییە، باوک و باپیرمان لە باوک و باپیری عەڕرابەکانی تاڵان‌کردنی نەوتی کوردستان و، درۆزن و ڕاوێژکارە فشەکەرەکانی بەردەرگاکانی ئەوان تێکۆشەرتر بووە، خۆشمان لە خۆیان باشتر ئەقڵێک مان بەم دونیایەدا ئەشکێ...پارتی هەڵەی ستراتیجی کردووەو، باجەکەشی ئەدات. جا خوا بکات لایەک لە کوردستان گڕ نەگرێت بەهۆی هەڵەی سیاسی و درۆزنەکانی کوردایەتیەوە. زۆر نابات، ئەبینن گۆڕانکاری لەناوچەکەو، لە عێراق ڕوئەدات، بە ئەگەری ئەسەح حیزبی دەعوە وەک گەورەترین حیزب نامێنێ یان ئەبێتە سێ لەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان یش کۆتایی سیاسی لەناوچەکەدا ئەبینێت. هۆکاری سەرەکی ئەمەش پێش هەرشت خۆشباوەڕی ناوەندی بڕیاری پارتییە بە دەوروبەرەکانیان و بە سیاسەتە نادروستەکەیان، لەوەندە ساڵە هیچیان نەکردوە غەیری سوکایەتی و درۆ لەگەڵ خەڵکی خۆیان و تەواوی کوردستانیان. پارتی نەک کاندیدێک هەمویان بچنە بەغدا نەک دەنگ بۆ سەرۆک کۆمار بەدەست ناهێنن، بەڵکو هیچ ڕۆڵێکیان نابێت لە حکومەتی ئایندەی عێراق دا، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەدوای ڕیفراندۆم ەوە چ کورد بە گشتی چ پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی پەیامنێرێکی بی بی سی یان ڕووسیا تودەی- RT- کاریگەرییان نییە. لە ئاستی ناوخۆی کوردستان یشدا ڕای گشتی ئەو حیزبە ڕاڕایەو، تێ ئەگەن لەپاڵ کوردایەتی و ماڵی بارزانیەوە دەیان ملیاردێر و سەدان ملیۆنێر دزو درۆزن بەربونەتە گیانی کوردە ڕەسەنەکان و تێکۆشەرەکانی، ئەم هەموو هەڵپەیەش ترسە لە یەکڕیزی و یەکگرتووی ناوچەی سولەیمانی، وە ترسە لە هەیبەت و دیبلۆماسیەتی بەرهەم ساڵەح. ئێستا ئیتر ئەم هەموو هەڵپەیە ترسە لە ئاوتکردنیان، خۆزگە چەند جارێکیش پارتی بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و قووتی خەڵک وا شپرزە بوایە و خێرا خۆی گەیاندبایەتە بەغدا!؟. لاوازبوونی کوردستان لاوازبوونی هەریەکێکمانە، ئێمە زۆر زووتر دڵسۆزانە، شەرەفمەندانە، زانستیانه، دڵپاکانە، ئەمانەمان زۆر پێوتن، بەڵام وایان ئەزانی عالەم ئەبێت خۆ بچەمێنێ بۆ ئەوان،،،ئا،،، ئەوجا ئەم برادەرانە هەموو شت بە موئامەرە تێ ئەگەن. بۆیە ئێستا وەڵامی خۆیان وەرئەگرنەوە. چ بێ حورمەتیەکە ئیلاهی،،، ئێستا جێگری سەرۆکی پارتی داوای هاوکاری لە حەشدی شەعبی ئەکاو، لە مەهدی موهەندیس و مالیکی و عامری زیاتر داوای عێراقی یەکگرتوو ئەکەن، بەڵێ دروست ساڵێ دوای ڕیفراندۆم ەو، وەفدی پارتی لەبەغدان بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز!!. بلا ئەنگۆ یادی ڕیفراندۆم لەبەغدا ئەکەنەوە!؟. ئەوە کوردێکی ڕەسەن نییە بپرسێ ئایا ئەمە سەنەدی ڕیفراندۆم ە !؟؟ کوا ئەنجام و بەرهەمی خوێنی شەهیدان!؟؟.
■ كەمال چۆمانی هەبونی دو کاندیدی جیاواز لەلایەن یەکێتیی و پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق سەرەتایەکی باشە و پێویستە داکۆکی لێ بکەین. گەورەترین درۆی یەکێتیی و پارتیی لە ساڵانی رابردودا، لە پاڵ هەمو درۆکانی تریان، درۆی یەکگرتویی گوتاری کوردیی بوە لە بەغداد. ئەگەر کۆتایی بەو گوتاری گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنە ناسیۆنالیستییە بهێنرێت، ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغداد زیاتر دەبێت، ئۆپۆزسیۆنی ترسنۆکیی بێ روئیای کوردیی ئەگەری هەیە جورئەتی ئەوە بکات لەگەڵ هێزە شیعیی و سونییەکان هاوپەیمانێتیی دروستبکەن. ئەوەی دەبێتە سەرۆکیش دەتوانێت لە دەرەوەی رێککەوتنەکانی یەکێتیی و پارتیی کاربکات و زۆر نەگەڕێتەوە هەولێر و سلێمانیی بۆ دروستکردنی قەرار. بەرپرسانی کورد لە بەغداد هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانی هەمو عێڕاقییەکان لەبەرچاوبگرن نەک هەر بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی خۆیان چونکە لە هاوپەیمانێتییەکی عێڕاقیی دەبن نەک کوردیی، ئەمەش وا دەکات کێشەکان بە ئاراستەی چارەسەریی بڕۆن و پەیوەندییەکانی گەلانی عێڕاق بەرەو پێشەوە بچن. ئەوکات لە بەغدادیش چیتر هێزە ناسیۆنالیست و طائیفییەکان وەک جاران ناتوانن کارتی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەکاربێنن بۆ گەوجاندن و گەمژاندن و سەرخۆشکردنی خەڵکی خۆیان. هیوادارم ئەو هەوڵەی پارتیی فشار نەکاتە سەر یەکێتیی و تەنازولی زیاتریان پێ‌بکات، بەڵکو دەبێت هەوڵی ململانێیەکی شەریفانە بدەن. بە بڕوای من، رێککەوتنی یەکێتیی لەگەڵ هێزێکی شیعیی یا سونیی سەد قات باشترە لە رێککەوتن لەگەڵ پارتیی لەسەر حیسابی گەل، هەمان شتیش بۆ پارتیی راستە. حکومەتی زۆرینە لە بەغداد و هەرێمی کوردستان، واتا هەبونی ئۆپۆزسیۆن و کاری جدیی لە پارلەمان و حوکمڕانیی چاکتر. ئەوکات کورد نەک هەر دەتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیرانیش. هەمان شت بۆ مەسیحییەک و یەزیدییەک و تورکمانێکیش راستە. بۆیە، پێویستە ئێمە پشتیوانیی ئەوە بکەین یەکێتیی و پارتیی کاندیدی جیاوازیان هەبێت تا گەلمان رزگار بێت لە گوتاری گەمژاندن و گەوجاندنی ناسیۆنالیزم و درۆی گوتاری یەکگرتوی کوردیی.
■ زمناکۆ ئیسماعیل بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوو گوتاری جیاوازدا دەبینرێت، دوو گوتار کە هەریەکەیان، هەڵقوڵاوی ناخی جەماوەری خۆڕسک و هەڵسوڕاوو لایەنگران و کەسانی دیاری نێو ئەو بزوتنەوەیەن، یەکەم گوتارییان، بایکۆتکردنی دەنگدان و بەشدارینەکردنە لە پڕۆسەی دەنگدان، دوهەم گوتاریش، دژە بایکۆت و گوتاری بەشداریکردنی گۆڕانە لە هەڵبژاردنەکانی هەڵگرتوە. ئەم دابەشبونەی جەماوەرو هەڵسوڕاوو لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرەتایەکی نادیار بە داهاتوی ئەو بزوتنەوەیە دەبەخشێت، سەرەتایەک کە رەنگە ئەو بزوتنەوەیە بەجۆریک لەقاڵب بدات، کە چیتر نەتوانێت جارێکی دیکە گەشە بە لاشەی بدات، لەو ڕوانگەشەوە ئەو بزوتنەوەیەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ئەندامانی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی، پێویستیان بەگوێگرتنە، پێویستیان بەوەیە کە قسەی کەسانی دڵسۆز و هەڵسوڕاوانی نێو ئەو بزوتنەوەیە بگرنە گوێ، دەبێت کار بە بۆچون و بەرنامەی خەڵکانی دڵسۆز بکەن، چونکە ئەمە دوا دەرفەت و دوا هەنگاوە کە جەماوەری ئەو بزوتنەوەیە پێیان دەبەخشێ، ئەو جەماوەرەی کە بەدەنگدان و متمانە بەخشینیان توانییان، لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ و ٢١-٩-٢٠١٣ دا، ئەو بزوتنەوەیە بکەن بە دوهەم هێزی هەرێمی کوردستان، لەهەمانکاتیشدا هەر ئەو جەماوەرە توانییان، لە هەردوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣-٧-٢٠١٠ و ٣٠-٤-٢٠١٤دا، ئەو بزوتنەوەیە بکەن بەهێزێکی دیاری نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، پشت‌کردن لەو جەماوەرە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، خۆکوژییە، گوێگرتن و بەدەمەوە هاتنی بانگەوازو بۆچون و رەخنەو تێڕوانینی ئەو جەماوەرە، بوژاندنەوەی دەمارو خوێنبەرەکانی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە نیشان ئەدات، بۆ ئەوەش دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم چەند هەنگاوە بنێت. یەکەم: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەم دوو کەرتبونەوە دەیەوێت بچێتە نێو هەڵبژاردن، کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەیە لەهەڵبژاردنەکان و راگرتنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٨، لەوڕوانگەشەوە دەبێت ئەو بزوتنەوەیە، ئۆپۆزسیۆنبونی دەرەوەی پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. رەنگە لێرەدا بگوترێت، ئەمە خۆکوژی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لەبیرتان نەچێت، هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان گاڵتەجاڕییە، بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٣دا توانی ٢٤ کورسی بەدەست بهێنێت، دروشمی بەرەو دەسەڵات بەشێک بوو لەسەرکەوتنەکانی ئەو بزوتنەوەیە، لەبەر ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان بەچەند وەزیرو بریکارو بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی پەڕلەمانەوە نەیتوانی خەونی گۆڕین و بەدیهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی و چاکسازی ریشەی هەرێم بەدەست بهێنێت، ئێستا بەم دوو کەرت بون و بایکۆتکردنەی زۆرینەی هەڵسوڕاوو ئەندام و لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە، هیچ ئامانجێکی بچوکی ئەو کاتەشی پێناپێکرێت، نەک ئامانجە گەورەکەی رەوانشاد کاک (نەوشیروان مستەفا)، کە ئەو ئامانجەش بریتییە لە بەهێزکردنی سیستەمی پەڕڵەمانی و کارکردن بۆ بە دامەزراوەیکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم و بەهێزکردنی دەسەڵاتی قەزائی و دادگایکردنی گەندەڵکاران و سیاسییە پۆخڵەواتەکانی هەرێم و سەپاندنی دادی کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت کار بۆ ئەوە بکات لەبەغدادەوە هەرێم ببوژێنێتەوە، دەبێت هەر لەبەغدادەوە بەڕەی ژێر پێی دەسەڵاتە قۆرخکارییەکەی هەرێم دەربهێنێت، بۆ ئەوەش دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لەبەغداد لەگەڵ هەریەکە لە ( کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ)، پێکەوە یەک بەرەی سیاسی و کوتلەی کوردی رابگەیەنن، بەمەبەستی چاکسازیکردن لە دەسەڵاتی فرەیی هەرێم. بۆ نمونە: ئەگەر هەوڵبدرێت لەرێگای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێداچونەوە بە یاسای فیدڕاڵی بکرێت، دەتوانرێت لەوێوە پێڕاکێشانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ببڕدرێت و چاکسازی لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم بکرێت، ئەگەر لەبەغدادەوە، دەسەڵاتی قەزائی هەرێم بەیاسای تایبەتمەند بەو دەسەڵاتە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ، ببەسترێتەوە بەدەسەڵاتی قەزائی مەرکەز، لەوڕوانگەشەوە دەتوانرێت، مەحکەمەی ئیتیحادی و دەسەڵاتی قەزائی مەرکەز، بەهێز بکرێت و یاسای مەرکەزی بەسەر هەرێم و حیزبەکانی هەرێم بسەپێندرێت، لەهەمانکاتدا دەتوانرێت لەڕێگای دادوەرەکانی بەغدادەوە، هەر بەرپرسێکی گەندەڵ و حیزبی خوارو خێچ، ببرێتە نێو دادگا‌و نێو قەفەزی دادگا‌و بەیاسا سزای بەسەردا بسەپێندرێت. تا دەسەڵاتی قەزائی لەدەستی حیزب‌دا بێت، ناتوانرێت گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەو سەروەت و سامانی ئەم میللەتە بوەستێندرێت. دوهەم: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕڵەمان هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی ئەو بزوتنەوەیە بە بەهێزی بمێنێتەوە، دەبێت بەزوترین کات ئەم چەند هەنگاوەی خوارەوە بنێت، کە ئەویش چاکسازی ریشەییە لەکێشە ناوخۆییەکانی ئەو بزوتنەوەیەو کارکردنە بەمانیفێستی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە بۆ ئەو بزوتنەوەیەی داڕشتوە، بۆ ئەوەش دەبێت. یەکەم: هەموو سەروەت و سامانی کاک نەوشیروان مستەفا کە بۆ کاری سیاسی ئەو بزوتنەوەیەو کۆمپانیایی ووشەی وەرگرتوە، یاخود لەسایەی ئەو بزوتنەوەیەو کۆمپانیای ووشە بەدەستی هێناوە، رێگا نەدرێت بکرێت بەمیراتی و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو بەشی دارایی ئەو بزوتنەوەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت، سەرجەم پشکەکانی بزوتنەوەکە کە لەسەر هەردوو کوڕی کاک نەوشیروان (نما و چیا) تاپۆ کراوە، بەشێوەی رێککەوتنی بزوتنەوەکە لەگەڵ میراتگرەکانی، بخرێتەوە سەر هەژماری ئەو بزوتنەوەیە، بۆ ئەوەی دەنگدانی جەماوەری بزوتنەوەکەش بەدەست بهێندرێتەوە، دەبێت کوڕانی کاک نەوشیروان بەفەرمی و لەسەر تی ڤی یان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم چەناڵەکانی راگەیاندن، گەڕاندنەوەی پشکەکان بەفەرمی رابگەیەنن. دووەم: ئاشتکردنەوەی لایەنگرو هەڵسوڕاوو جەماوەرو دەنگدەری ئەو بزوتنەوەیەو کەسایەتی دیار‌و رۆژنامەنوس و میدیاکار و پێشمەرگەی دێرین، ئاشتکردنەوەی دەنگدەران و لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە، ئەوەش کاتێک دێتە ئاراوە، کە ئەو بزوتنەوەیە ئیش بەمانیفێستی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بکات، بۆ ئەوەش دەبێت پشت بکاتە دەستەڵات و روو بکاتە میللەت، دەبێت ئەو بزوتنەوەیە دەستبخاتە ناو دەستی هەموو ئەو هێزانەی کە کار دەکەن بۆ هێنانە دی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی خۆشگوزەرانی بەبێ جیاوازی. سێیەم: دەبێت ئەو بزوتنەوەیە ئاراستەی کاری سیاسی خۆی لەگۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا دیاری بکات، ناکرێت رۆژێک دژ بە حیزبە دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت و رۆژێکیش هاوپەیمان و دۆست، ناکرێت کە دژبوو، هەرچی گوتاری خراپ و هەرچی گوتەی ناشیرین هەیە بەعەلاگەی حیزبە دەسەڵاتەکاندا هەڵیبواسێت، بەڵام کە ئاراستەی کاری سیاسی خۆی گۆڕی و بوو بە دۆستیان، وەک فریشتە سەیری ئەو دوو حیزبە بکات، دەبێت ئەو بزوتنەوەیە بڕیار بدات، وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە تا خەڵک لەگەڵی دەبێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی نزیک لەوان، یاخود دەبێت بە هاوپەیمانیان و لەگەڵ ئەواندا دەمێنێتەوەو دەچێتە ناو دەسەڵات. کاک نەوشیروانی رەوانشاد هەردوو رێگاکەی تاقیکردەوە، بەڵام فریای رێگای سێهەم نەکەوت، رێگای یەکەم، لە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩ رێگای ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕڵەمانی بوو، تا ئاستێکی زۆر باش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەهەمانکاتدا توانی ببێت بەهاوپەیمانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی، چ لەئاستی سیاسی و قیادی، چ لەئاستی جەماوەری و گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی، ئەو سێ حیزبە یەکگوتاری سیاسی‌یان هەڵبژارد، ئەویش دژبون بوو بەگەندەڵی و پاکسازی و رێکسازی و چاکسازییان کرد بە هەوێنی چونیان بۆ دەسەڵات، بەڵام پاش ئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، بەهەرسێ حیزب نەیانتوانی ٥٠+١ بهێنن، دروشمی چون بۆ دەسەڵات و هاوپەیمانی یەکێتی و پارتییان هەڵبژاردو بون بە دەسەڵات، تا ئاستێک لەدەسەڵاتدا، بەتایبەتی لەپەڕڵەماندا، کاری باش و جدی کرا، بەڵام ئەوەش هەتا سەرنەبوو، بەڵکو بەهۆی کەم جیقڵدانی پارتی و قەبوڵنەکردنی هەندێک گوتاری دژ بەراوبەری لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو حیزبە ململانێیەکی توندی بزوتنەوەکەی کرد، بۆ ئەوەش بەداخوازی حیزبی و دور لە یاسایی پەڕڵەمانی، بزوتنەوەکەیان لە حکومەت دەرپەڕاند، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت ئەو بزوتنەوەیە لەئێستاوەو لەبەردەم جەماوەرەکەی بڕیار بدات، دەبێت بە ئۆپۆزسیۆنی ناو پەڕلەمان؟! یاخود دەچێتەوە نێو دەسەڵات و شانبەشانی ئەوان درێژە بەحوکمی نا عەدالەتی ئەدات؟!. یاخود دەبن بە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەڕڵەمان و ئاراستەی کاری سیاسی و گوتار‌و بۆچونی خۆیان لەچوار چێوەی ئەو جۆرە لەئۆپۆزسیۆن بون دیاری دەکەن؟!. چوارەم: دەبێت ئەنجومەنێکی یاسایی لەناو بزوتنەوەکەو ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەو نوێنەری ژوری حکومەت و پەڕڵەمان و ژوری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە پێکبهێنرێت، بۆ پێداچونەوە بە کار‌و بارەکانی خانەی راپەڕاندن و چاکسازیکردن لە کۆت‌و بەندو کێشەکانی ئەو خانەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت ئەو خانەیە هەڵبوەشێتەوەو لەکورترین ماوەدا کۆنگرەی بزوتنەوەکە بکرێت و هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن بکرێت، بەو مەرجەی ژن و گەنج لە خانەی ڕاپەڕنداندا بەشداری پێبکرێت. پێنجەم: دەبێت سیستەمی بزوتنەوەکە لەچەقدا نەهێڵدرێت و سیستەمی دوو لایەنەی بەڕێوەبردن پێکبهێندرێت، وەک هەمان سیستەمی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ نمونە، چۆن رێکخەر هەیە، دەبێت هاورێکخەریش هەبێت و چاکسازی لەو سیستەمە چەق بەستوەدا بکرێت، ئەوەش بۆ هەموو ژورەکان و هەموو ئەو شوێنانە دەبێت بکرێت کە یەک کەس تا هەڵبژاردن یان کۆنگرە دەبێت بە ڕێکخەرو هەموو کارەکان لەو یەک کەسە وەک چەقی کارکردن قوڵدەکرێتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت سیستەمی هاورێکخەر دروستبکرێت و ژن و گەنج بەشێکبن لەو هاوڕێکخەرییە. شەشەم: دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان ببێتەوە بە خاوەنی پڕۆژە گەورەکانی چاکسازی بەڕێوەبردنی دەسەڵات، رێکسازی لەیاساو بۆچونەکانی نێو پەڕلەمان، پاکسازی لەگوتارەکانی حکومەتی هەرێم، ئەوەش بە خستنەوە گەڕی میدیای بزوتنەوەکەو واڵاکردنی دەرگای رەخنەگرتن جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان، لەبیرتان نەچێت، داینەمۆی گۆڕانکاری گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ئەو جەماوەرەیە کە ئێستا لێتان زویر بوە، ئەو جەماوەرەش تەنها ئومێدیان بە مانیفێستی نەوشیروان مستەفا هەیە، ئەو مانیفێستەی کە دژ بەگەندەڵی و بەگەڕخستنی دادی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی گوتاری خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیانی پێیە، ئێوە دەبێت بزوتنەوەکە وەک لاشەی مرۆڤێک تەماشا بکەن و ئەو خەڵکەش وەک ئاوێنە، ئاوێنەیەکی درۆینە نا، ئاوێنەیەک کە خۆتانی تیادا ببیننەوە. لەبیرتان نەچێت دەبێت بەغداد چەقی ململانێکانتان بێت لەگەڵ یەکێتی و پارتی، بۆ ئەوەش دەبێت لیژنەی هەمئاهەنگی وەک هەمان لیژنەی هەمئاهەنگی سێ حیزبی ئۆپۆزیسۆن بخەنەوە گەڕ، بەڵام ئەمجارە بەرفراوانتر و رونتر لەبڕیاردان کار بکەن، بۆ ئەوەش دەبێت، دەرگای گفتوگۆتان لەئاستی یەکتر واڵا بکەن و دەرگای کاری سیاسیتان بەڕوی پارتی و یەکێتیدا دابخەن تا دەگەن بە دەسەڵات. حەوتەم: ئەو بزوتنەوەیە موڵکی جەماوەرەکەیەتی نەک موڵکی خزمان و دۆستانی دەسەڵاتداران و هەڵسوڕاوو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی، بۆ ئەوەش دەبێت هەلی چونە پێشەوە برەخسێندرێت، لەنێوان گەنجان و ژنان و خەڵکانی نوێ و رۆحیەتی نوێ و بەرزبونەوە بۆ پلەی حیزبی و ئەندامبون بۆ نێو ژورو سەکتەرە سیاسییەکانی ئەو بزوتنەوەیە، لەو ڕوانگەشەوە دەبێت هەم کۆنفرانسی بزوتنەوەکەو هەمو کۆنگرەی بزوتنەوەکە بکرێت بە پێشینەی کارەکانی ئەو بزوتنەوەیە و هەوڵی بەستنی کۆنفرانس و کۆنگرە بڕەخسێندرێت لە کورتترین ماوەو لە زوترین کاتدا.
■ فرمان عەبدولڕەحمان ئەو جانەوەرە ریشنەی لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا شکۆی مرۆڤێک دەشکێنێ و سوکایەتی بە حکومەت و کۆمەڵگەیەک دەکات هەمووانی توڕەو نیگەرانکرد بەڵام دەبێت بزانین ئەو دیمەنەو چەندان دیمەنی دیکەی وەکو پڕشەقکردنی مامۆستاکەی هەولێرو ئەو گەنجەی لەسەر فول لایتەکە کوژراو کوشتنە لەناکاوو شاراواوەکان تیرۆری رۆژنامەنوسان و کەسایەتیە جیاوازەکانی لە نمونەی مەلا وشیارو بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەیان و سەدان رووداوی ناخۆشی دیکە هەموویان دیوی جیاوازی یەک دراون. بەرهەمی ئەو زەلکاوەن کە ۲۷ ساڵە لە سایەی پارتی و یەکێتیدا گەورە ئەبێ و باکیان نیە. بەرهەمی ئەو شکستە گەورەیەن کە رووبەرووی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەروەری یاسایان کردەوە. یەکێتی و پارتی ۲۷ ساڵە وزەی ژیان دەدەن بەو ژینگە ناتەندروستەی کە لۆژیکی کلکە دەمانچە تیایدا سەروەرە. کارەساتە گەورەکەش ئەوەیە لە پشتی هەموو ئەو کاراکتەرە بەڵتەجیانەوە هەمیشە بەرپرسێکی حیزبی یان حکومی سەر بە دەسەڵات ئامادەیی هەیە و زۆر جار بەشێکن لەو گروپەی پێیان دەوترێ پاسەوانی بەرپرسان کە لە ماوەی رابردوودا خاوەنی تۆمارێکی رەش و لێوانلێون لە کاری نامرۆیی بێ ئەوەی نە حیزب نە حکومەت هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێ بەرامبەریان ئاخر ئەوان بەڵتەجی و شەقاوەکانیان بە بەشێکی گرنگ و هەنوکەیی قۆناغەکە دەبینی هەقربۆیە ۲۷ ساڵە لە پەنای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا ئەو جانەوەرە ترسناکانە دەژین و گەورە ئەبن کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا بینیمان.. ئەو جانەوەرانە هەمیشە هێزیان لەو مەسئولانەیانەوە وەرگرتووە کە پاسەوانیان دەکەن.. بیست و حەوت ساڵەبەرپرسان و دارودەستەکانیان لەسەرەوەی هەموو یاسا‌و عورف و پێودانگێک بوون چۆنیان حەزکردووەو ئارەزوو لێ بووە بەو شێوەیە رەفتارو مامەڵەیان کردووە هەربۆیە تاکە شتێک خاڵی بوبێتەوە لە قورسایی‌و ئەرزش دادگا‌و دەسەڵاتی دادوەری بووە.. بینینی ئەو ڤیدیۆیە ناخی هەموومانی بریندار کرد چونکە زۆر بێ پەردەو بە راشکاوی شکۆو کەرامەتی ئینسانێکی تێدا دەشکێنرێ کە زۆرجار شکاندنی کەرامەت زۆر لە کوشتنی ئینسان سەخترو دژوارترە بەڵام دەبێ بزانین سەدان چرکەساتی لەو شێوەیە ناشرینترو بەسوێتر لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی روویانداوە بەبێ ئەوەی تۆمار بکرێن چونکە سزای راستەقینەو یاسایی تاو‌انبارانیان نەداوە ئەوان شکستیانهێنا لەوەی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێزو سەربەخۆ بونیاد بنێن.. ئەوان شانازی بە بەخشینەوەی دەمانچەو فیشەکەوە بکەن ئەوان کە یاسا بە گاڵتەی منداڵان بزانن ئەوان کە بەرژەوەندیە ئابوری و شەخسیەکانیان بە ئەمنی قەومی بزانن پێویستیان بە کاراکتەری وەکو ئەو جانەوەرە ریشنەی نێو ڤیدیۆکەیە. جا تەماشا مەهزەلەی حوکمڕانی تا چ ئاستێک رۆیشتووە لەم هەرێمەدا لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک گەنج لە بە چەکەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەرکەوتن و تیایدا خۆپیشاندانەکانی خەڵکیان کرد لە سلێمانی راپەڕین و گەرمیان بێ ئەوە هیچ کردەیەکی فیعلی ئەنجام بدەن لەسەر ئەرزی واقیع هەمویان گیران و کەس نازانێ چارەنوسیان چی بەسەرهاتووە. ئاخر ئەو گروپە ترسناک و لە دەرەوەی یاسا بوون چونکە جڵەویان لەژێر دەستی مەسئولەکاندا نەبوو بەڵام بکوژو کەرامەتشکێنەکانی دی کە سەر بە خۆیانن و رێشمەکانیان لەدەستی خۆیاندایە ئازادانەو بێ ترس هەموو کارێکی یاساشکێنی و وەحشیگەرانە ئەکەن چونکە ئەزانن هیچ شتێک نایانوەستێنێ کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین گوزاریشتێکی ئاشکرای ئەو بێ حورمەتیەیە کە ۲۷ ساڵە بەناوی حوکمڕانیەوە پارتی و یەکێتی بە خەڵکی ئەم هەرێمەی دەکەن.. کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین پردەی هەڵماڵی لەسەر ئەو چەتەگەرییەی لەم هەرێمەدا بەڕێوە دەچێ و پێویستە بەری پێ بگیرێ
■ چیا عەباس لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان سەرکردە و بەرپرس و کادر و کاندیدی حزبەکان زۆر بە پەلە و پەرۆشیەوە خۆیان دەخزێننەوە نێو رەحمی حزبەکەنیان، تەوژمی خوێنی گەرم و هەڵچوی حزب دەمارەکانیان دەبوژێننەوە، دەوروژێنن و گرژیشیان دەکەن. کچ و کورانی حزب بە لۆگۆ و دروشم و رەنگ و وێنە و پۆشاک و گۆرانی و سرودی حزب کەش و هەوای بانگەشە دەرازێننەوە و گەرمی دەکەن. زۆر ئاسایی و سروشتی و چاوەروانکراویشە نەوەکانی حزب خەڵک بە بەرنامە و خەونەکانی حزبەکانیان بە شێوازێکی هێمن و لە سنوری ئادابە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا ئاشنا بکەن، ئاساییتریشە لۆژیکانە رەخنە و تێبینیان لە سەر هێزە رکابەرەکانیان هەبێت. مەبەستێکی بنەرەتی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگایەکدا کە یەک هێز نەتوانێت زۆرینە بۆ حوکمرانی بەدەست بهێنێت ئەوەیە چەند براوەیەک بەیەکەوە لە سەر کارنامەی حوکمرانی بۆ بەرێوەبردنی وڵات رێک بکەون، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت لە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرچاوی دەنگدەر بۆ ئەگەرە بەهێزەکانی ئایندە رون بێت، چونکە بێ ئەم چاورونیە دەنگدەر لە نێو قەواغە سنوردار و دیاریکراوەکانی حزبیدا بێگومان دەنگ بە حزبەکەی خۆی دەدات بێئەوەی بتوانێت دەنگەکەی بە پرسێکی گەورەتر لە حزبەکەی گرێبدات، ئەوەی لە دنیا دیموکراسیدا پێی دەڵێن دەنگدانی ستراتیژی. ئەم پرەنسیپە گرنگەی بانگەشەی هەڵبژاردن لای خۆمان زۆر پشتگوێ خراوە، حزبەکان کاریان بۆ نەکردوە و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتیش وەک پێویست ئەو هاوکێشەیە ناخوێنێتەوە. هۆکارێکی گرنگی ئەم چەقبەستەنە دیموکراسیە دەگەرێتەوە بۆ چاوەروانی زۆربەی خەڵک کە هەرچۆنێک دەنگ بدرێت لە دوا مەتافدا پارتی و یەکێتی جومگەکانی دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەم بێ ئومێدیە لە سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤ دەمارگیری حزبی و هەڵچونی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیشی لێکەوتۆتەوە. ئەوەی شایستەی تێرامانە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەبینین دو هێزی دەسەڵاتدار بون بە دو بەشی رکابەری بەهێزی یەکتر. هەر هێزێک لێیان وا پیشانی دەدات خاوەنی هەمو کارە باشەکانی حوکمرانی بوە، رێگر بوە لە رودانی نەخوازیار و کارەسات و پەیامی بەهەشتی ئایندە بە دەنگدەر دەبەخشێت. ساڵانێکی درێژە لە حوکمرانیدا شەریکن، بەرپرسیارن لە چاک و خراپی فەرمانرەوایی کەچی کەوتونەتە گیانی یەکتر. بە خوێندنەوەی راگەیاندنی ئەو دو هێزە لە سەر یەکتر لەم بانگەشەیەدا چەندین پرسیاری جدی هەڵتۆقاون، پێدەچیت ئەم کامپینەی دژ بە یەکتر گەورەتر و قوڵتر بێت لە خواستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن. زمانی زۆر زبری کامپینەکەیان و تانەدان و باسکردنی کەسایەتیە باڵادەستەکانی یەکتر ئاماژەن کە ئەو دو هێزە کەمترین ئاستی متمانەیان بە یەکتر ماوە. هەرچی یەکێتیە گەمەیەکی ژیرانەی هەمە لایەنە بەرێ دەکات، کورە بچوکی مام جلال بۆتە واجهەی هەڵبژرادن و کورە گەورەکەشی بۆتە بزوێنەری پشت پەردە، بە گەرانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێتی بەشێک لە ئەگەرەکانی بەردەم پارتی سنوردار کردوە و ئەگەرەکانی خۆشی بەهێزتر کردوە، پارتیش بە پێداگری لەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی کوردستانە نەک لایەنێکی دیاریکراو و کاندیدی یەکێتی کۆدەنگی نەتەوەیی نیە، ئاماژەدانیش بەوەی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دەبێت دەیەوێت ئەگەرەکانی بەردەم یەکێتی بەرتەسک بکات، رێگەش نەدات لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو بریاری گرنگ لە پرسە نەتەوەییەکان بدرێت. بە مەزەندەی بەشێکی گرنگی پارتی شێوازی هێنانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جۆرێکە لە کودەتایەکی سپی بەسەر ئیرادەی پارتیدا. بۆ خۆم دەمێکە ئاماژەم داوە بەوەی لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لە دوای کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئامادەنین جڵەوی هاوپەیمانیان لە گەڵ یەکێتی و حوکمرانی کوردستان بدەنە دەستی قەزاو و قەدەر و ئەگەری چاوەروان نەکراو، ناهەقیشیان نیە کاتێک بە تەحەفوزێکی واقیعیەوە مامەڵەی ئەو دۆخ و رەوشە بکەن، وەک نەریتێکی سیاسی پارتی هەرگیز هەمو هێلکەکانی نەخستۆتە ناو یەکە سەبەتەوە. هەرچۆنێک بێت هەوڵدان لەم ساتە وەختەدا بۆ تێکدانی هاوسەنگی هێز لە کوردستان بە هەر وەسیلەیەک بێت ئاکامی باشی لێ چاوەروان ناکرێت، بۆیە دەبوا ئەم دو هێزە کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە کوردستان بەرێوەدەبەن بە ڵایەنی کەمەوە لە سەر پرسەکانی بەغدا لە یەکتر نزیک بونایە، لە سەر ئاستی کوردستانیش بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەو شێوە توند و گرژە نەکردایە. ئەمجۆرە بانگەشەیە لە کەش و هەوای دیموکراسی راستەقینەدا یەکسانە بە بێمتمانەیی و پوچەلکردنەوەی چەندین بەهای سیاسی و حوکمرانی. راستە لە ساتی هەڵبژاردندا کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، کێشەکە لەوەدایە ئەم راستیە پوخت و پاک بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت و بەمەبەستی خۆ بە پاڵەوان زانین و سفرکردنی لایەنەکانی تر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ٢٢ی سێپتەمبەر ٢٠١٨
■ یاسین تەنها لەم ڤیدیۆیەدا كە رەنگە گرنگترین بڕگەبێت لەمێژووی بەرنامەكەی بەشیر، مەزاتخانەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەبێت. پەرلەمانتارانی لیستە سوننەكان كە دەنگەكانیان فرۆشتوە بەبنەماڵەی كەربولی بۆ هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی، یان وێنەی دەنگەكانیان دەگرن یان پیشانی دەلاڵەكانی دەدەن. باسی ئەوەش هەیە هەر دەنگەو بە 150 هەزار دۆلار فرۆشرابێت كە بەشیر بە كالۆری ناوی دەبات. لەناو دەنگ فرۆشەكاندا پەرلەمانتار هەیە پێشتر وەزیرو دوو خولیش پەرلەمانتار بووە (محەمەد تەمیم). بەم سەفقەیەش كەربولییەكان پاش كۆنترۆڵكردنی ئەنبار و پۆستی پارێزگارەكەی بەگەندەڵی و فرت و فیڵ، وا بەرەو بەغداش كشان و لەژێر ناوی پێشخستنی گەنجدا بوونە خاوەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەوترێت نرخەكەی بەرانبەر 30 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەوان رەتی دەكەنەوە شتی وا روویدابێت، بێگومان لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لەو پارەیە زیاتریان دەست دەخات. لەپاش دەنگدانەكەش ماجیدە تەمیمی هاواری كردبوو "عێراق فرۆشرا"، دواتریش یەكەم كەس بوو سەواو مامەڵەكەی بۆ رادیۆیەك ئاشكراكرد‌و عەبادیش هەر ئەوەنەی پێكرا لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەدا بانگەوازی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە كرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتی بەسەر پەرلەماندا نییە. ئەمەی رویداوە لە مێژووی عەرەبە سوننەكان شتێكی نوێ نییە، لەزۆربەی خولەكاندا ئەوان وەزارەت و پشكەكانیان بەكڕین و فرۆشتن لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن، بەنمونە وەزارەتی پیشەسازیی تا 5 ملیۆن دۆلار رۆشت كە جارێكیان بەر ئەحمەدی برای جەمال كەربولی كەوت، وا ئیستا مەزاتەكە هەڵكشا بۆ لوتكەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق، چونكە سوننە لەئیستادا ئەوان هیچ قەزیەیەكیان نییە جگە لەپڕكردنی گیرفانیان و جەماوەرەكەشیان یان لەخێمەو كامپەكاندا یان لەشارە وێرانەكەنی پاش داعشدا ژیان دەگوزەرێنن. لەئێستادا مەترسی هەیە ئەم ماجەرایە لەسەرۆكایەتی كۆماریش دووبارە ببێتەوە یان سەفقەیەكی نزیك لەوە یەكلایی بكاتەوە ئەگەرهات و رێككەوتنی پێشوەختی لەبارەیەوە نەكرێت. خۆ رەنگە پاش ئەم ڤیدیۆیەو ئاشكرابوونی نهێنییەكە رێگربێت لەشتی لەوجۆرە یان پارتی و یەكێتی وەك كەربولییەكان نەتوانن پینەوپەڕۆی بكەن چونكە 329 پەرلەمانتار كۆنترۆڵ ناكرێن و هەندێكیان ئێستا وەك پەیامنێر بۆ فەیسبوك و سناب و تویتەر كاردەكەن.
■ د. هه‌ردی مێد ئه‌م پرسیاره له هه‌ر كه‌سێكی بكه‌یت، له وڵامدا به بێ سڵه‌مینه‌وه ده‌ڵێت پارتی و یه‌كێتی. به مانایه‌كی دی، بۆ هه‌موومان ئه‌وا ئه‌م جووت حزبه‌یه كه زه‌مینه‌سازی به ده‌ستگابوونی په‌رله‌مان ناڕه‌خسێنن. وه‌لێ، به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌م دیده باوه كه بۆته حاشاهه‌ڵنه‌گر، من له‌م بابه‌ته‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وا ئه‌و راستیه ده‌ربخه‌م، كه به ئه‌ندازه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه له هه‌وڵی له‌ده‌ستگاخستنی په‌رله‌مانن، ئه‌وه‌نده‌ش لایه‌نگر و ئه‌ندامانی هه‌موو حزبه‌كان، كۆمه‌ڵگا به گشتی به‌رپرسن له‌م دۆخه‌ی په‌رله‌مانی تێدایه. وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره به به‌بێ تێگه‌شتن و ناساندنی پرۆسه‌ی به ده‌ستگاییبوون بێهۆده‌یه. بۆیه، به كورتی لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م مه‌به‌ست له ده‌ستگایبوون چییه روونبكه‌مه‌وه؟ له لایه‌ك، به ده‌ستگایی بوون بریتیه له پرۆسه‌یه‌ك كه لێوه‌یڕا ده‌ستگا ده‌بێته خودان جه‌سته‌یه‌كی بابه‌تی و سه‌ربه‌خۆ له كارمه‌نده‌كانی، واته ده‌بێته خاوه‌ن یاسا، ڕێسای كاركردن، به‌ها، نۆرم، وێنایه‌كی تایبه‌ت به بوون و چۆنایه‌تی هه‌ڵسوڕانی وه‌زیفه‌كانی، كۆمه‌ڵێ بیروبڕوا، تد. كاتێك ده‌ڵێین ده‌ستگا ده‌بێته جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه به پێی حه‌ز، ئاره‌زوو، میزاج، به‌رژه‌وه‌ندی…تاكه‌كانی نه‌چێته‌ڕێووه و به‌ده‌ر له‌مان و به پێی ڕێسا و به‌هاكانی خۆی مسۆگه‌ری و به‌رده‌وامێتی خۆی مه‌یسه‌ر ده‌كات. له دۆركاهایمه‌وه تا ده‌ستگاخوازه نوێییه‌كان به تێپه‌ربوون به ماری دۆگلاس هه‌موو له سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ده‌ستگا ئه‌و كاته ده‌بێته ده‌ستگا كه توانای له قاڵبدانی شێوازی تێفكرین و ئاره‌زووكردنمانی هه‌بێت، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستبخاته ناوه‌خنمانه‌وه. له لایه‌كی دیش، ده‌ستگایبوون بریتیه له پرۆسه‌یه‌ك كه كارمه‌نده‌كانی ناو ده‌ستگاكه ملكه‌چی پرۆسه‌ی به پیشه‌مه‌ندبوون ده‌بن، واته فێری ڕێساكانی هه‌ڵسوڕانی ده‌ستگاكه، زانیاری و توانستی پێویست و وابه‌سته به رۆڵ و كاره‌كانیان ده‌بن، هاوتا به ناوه‌كیكردنی (internalization) به‌ها و نۆرمه‌كانی و بڕوابوون به گرنگی و بایه‌خی ده‌ستگاكه، تد. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ده‌ستگا واته كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری، توانست، بیروبڕوا، وێنا، یاساكانی چۆنه‌ڕێوه‌ی، كه به سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌بنه زاكیره و كولتوری ده‌ستگاكه و ڕێوشوێنگه‌لێك (path dependency) كه ده‌بێت كارمه‌نده‌كان بۆ هه‌ڵسوڕانی كاره‌كانیان بیانگرنه به‌ر. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی هێنانه‌دی ئه‌م پرۆسه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونه ده‌كات خودی ده‌ستگاكه به ته‌نها خۆی نییه، ده‌ستگا روح له‌به‌رنییه كه خودی خۆی به‌رگری له نۆرمه‌كانی بكات، به‌ڵكو كارمه‌نده‌كانی نێوی كه له پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژدا ده‌ستگاكه ده‌كه‌ن به خاوه‌ن كو‌لتور و ڕێساگه‌لێكی كه‌ڵه‌كه‌بوو. كه‌واته مه‌رجی به ده‌ستگایبوون ته‌مه‌ندرێژی كارمه‌نده‌كانێتی: واته چه‌ند كارمه‌نده‌كانی زیاتر له ده‌ستگاكه‌دا بمێننه‌وه ئه‌وه‌نده پیشه‌مه‌ندتر ده‌بن، چه‌ندش پیشه‌مه‌ندبن ئه‌وه‌نده‌ش شانسی به ده‌ستگایبوونی ده‌ستگا ده‌ڕه‌خسێنن. ده‌توانین بڵێین، ده‌ستگا هه‌ر ده‌قه یاساییه‌كان، په‌یڕه‌وی ناوخۆ، وێنا و ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه نییه بۆ ده‌ستگاكه هه‌یه، به‌ڵكو له جه‌سته و زه‌ینی تاكه‌كانشدایه. جا ده‌ستگایه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان زۆر له‌مه‌ی ئاماژه‌مان پێدا پێوستی به ده‌ستگابوونه، چونكه له بیرمان نه‌چێت په‌رله‌مان یه‌كێكه له‌و ده‌ستگایانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه: كارمه‌نده‌كانی (واته په‌رله‌مانتاران) ته‌نها ئه‌و كاته ده‌توانن فێری پیشه‌كانیان بن كه ده‌چنه نێو ده‌ستگاكه‌وه. واته، كاری په‌رله‌مانتاری به پێچه‌وانه‌ی پیشه‌كانی دییه‌وه پێشخانی زانكۆیی و خۆئاماده‌كردنی پێشینه‌یی نییه. بۆ نمونه، بوون به دۆكتۆر پرۆسه‌یه‌كی فێركاری پێشینه‌ی هه‌یه، واته بۆ ئه‌وه‌ی ببینه دۆكتۆر ده‌بێت بچین كۆلیژی پزیشكی بخوێنین. بۆ ئه‌وه‌ی ببینه ئه‌ندازیار ده‌بێت ئه‌ندازیاری بخوێنین. وه‌لێ، بوون به په‌رله‌مانتار ته‌نها له‌و كاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌چینه نێو ده‌ستگاكه. ئه‌و شته‌ی له زانسته سیاسیه‌كان پێده‌ڵێن <فێربوون له سه‌ر شوێنی كار، به فه‌ره‌نسی (apprentissage sur le tas)>. شیاوی باسه، گه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه له په‌رله‌مان بڕوانین ده‌بینین هه‌ڵبژاردن ته‌نها فرسه‌تێك نییه بۆ حزبه‌كان كه ١١١ كاندیدی نوێ بۆ په‌رله‌مان به‌رن و له ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌ستیان به سه‌رچاوه‌كان(موچه، حه‌سانه…)ی ده‌وڵه‌ت بگات، یان هه‌ر چوار ساڵێ په‌رله‌مانتاره‌كانیان خانه‌شین بكه‌ن له سه‌ر داهاتی گشت و دڵی ١١١ كادیریان رابگرن و ولائیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو ریتواڵێكشه (ته‌قس) كه حزبه‌كان هه‌ر چوار ساڵجارێ په‌رله‌مان له مانا و توانای كه‌ڵه‌بوون و ده‌ستگابوون به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه. حزبه‌كان له پێناو به ده‌ستهێنانی موچه و گه‌شتن به سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت باكیان نییه هه‌ر چوار ساڵ جارێ كاندیدی نوێ بنێرنه په‌رله‌مان و به‌مه‌ش ڕێگه له دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی په‌رله‌مانتاری پیشه‌مه‌ند بگرن. ئه‌مان، به دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێن ئه‌ندام په‌رله‌مانی پیشه‌یی و قاڵبوه‌وه‌یان هه‌بێت، به‌ڵكو ته‌نها رازیكردنی دڵی كادیره‌كانیان و كڕینی ولائو و دڵسۆزیان. بێگومان، ڕێگه‌گرتن له پیشه‌مه‌ندبوونی په‌رله‌مانتار، ڕێگه‌گرتنه له به‌ده‌ستگاییبوونی په‌رله‌مان كه مه‌رجی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری و توانست و هێزه بۆ ده‌ستگاكه و هاوكات سه‌ربه‌خۆبوونی. به‌ڵام، هه‌ڵه ده‌كه‌ین گه‌ر پێمان وابێت ته‌نها حزبه‌كان له‌مه به‌رپرسن. بێگومان كۆمه‌ڵگاش ته‌واو له‌مه به‌رپرسه. بۆ نمونه، كۆمه‌ڵگا دژی ئه‌وه‌یه په‌رله‌مانتارێك دووجار، یان سێ‌جار هه‌ڵبژێردرێته‌وه له لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه به بیانووی هێنانه‌پێشه‌وه‌ی كه‌سی دی. بۆ نمونه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی یه‌ك دوو په‌رله‌مانتاری بۆ ئه‌م خوله نوێییه، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناچاربوو به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕاشكاوانه له به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی بیانوو بۆ لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی بێنێته‌وه چونكه دژی كاندیدكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی پێشوو بوون. بێگومان ئه‌مه بۆ حزبه‌كانی دیش هه‌ر راسته. بۆیه، لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه هه‌ر سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان به‌رپرس نین له به‌ده‌ستگانه‌بوونی په‌رله‌مان، به‌ڵكو لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوانشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مانشدا كۆی كۆمه‌ڵگا، واته كۆی ده‌نگده‌ران.
■ لاوك سەڵاح حەقتانە بڕواتان بە دروشمە گەورەکان نەمابێت، زۆر راست دەکەن پرۆسەی دیموکراسی تا ئەم ساتە لە درۆیەکەی گەورە زیاتر نییە، مافی خۆتانە دەنگ بدەن یاخود نا، سەربەستن لەوەی بچن یان نەچن بۆ دەنگدان، ئازادن دەنگ بەکێ دەدەن تا ئەو ساتەی بەرژوەندییەکان رەوایە وتەندروستە وساغە و لەسەر بنەمای درۆ و فێڵ ولادان وچەواشەکردن نییە. ئێوە زۆرتان چەشت، تەنانەت دەنگیشتان تیرۆر کرا. بەڵام هەموو پرۆسەکە هەر لەوەندەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو ئەرکی خۆشتانە کە دەنگی خۆت بپارێزیت، واتە ئەو کاتەی کە دەنگت بۆ نوێنەرێکی دیکە دەروات دەبێت بەرگری لە دەنگەکەت بکەیت، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت بە نائومێدی وخەمساردییەوە بەرجەستە نابێت، ئەمە پرۆسەیەکی ماراسۆنیە. ئەوەی لێرە روودەدات ئەوەندە دەگمەن نییە، لە چەندان وڵات و لە نێوان هەزارەها میللەت ونەتەوەدا روودەدات، نەوەک جارێک بەڵکو چەندان جار. هەربۆیە چاوەرێی فێڵی نوێبن و سەرسام مەبەن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئەگەر تەکنیکی یان یاسایی بێت، چۆن پارتە سیاسییەکان و دەنگدەرەکان دوور لە رۆمانسیەت و شای و زەماوەند گێران و پەرچەکرداری پر سۆز، یاساکان و پرۆسەی دەنگدان و رێوشوێنەکانی دادەمەزرینن و پرۆسەکە شەفاف دەکەن تا ئەوەی تەزویر دەکات ئاشکرا و فەزح بکرێت و زوو دەرکەوێت. هەموو شتێک لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەداوەک خۆر دیار و رووناکە، ئاسانە کەسە فێڵبازەکان و رێوشوێنە نایاساییەکان بخرێنە بەردەم دەنگدەران. رەنگە بڵێن ئەوەی هێزی ئەمنی هەیە هەمیشە دەتوانێت کۆنترۆلێ هەموو بنکەکان بکات، ئەم قسەیە تا رادەیەک راستە، بەڵام قوتابی تەمبەڵ تا سەر ناتوانێت قۆپییە بکات، ئەگەر بەردەوام بوو ئەوە رەنگدانەوەی لاوازی هەموومانە هەر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی حکومەت، پارتە سیاسییەکان، دەزگاکانی میدیا و دەنگدەر خۆشی. دەڵێن ئەوەی دەنگەگان دەژمێرێت ئەو دەیباتەوە و ئەو دەستنیشانی ئاراستەی پرۆسەکە دەکات، کۆکم لەسەر ئەوەی ستەمە وڵاتێک هەموو سەدەکانی مێژووی جەنگی خوێناوی بووبێت بتوانێت دیمۆکراسیەت بکاتە رەفتار و شێوازی رێکخستنی کۆمەڵگە و سەرچاوەکانی و دەستەڵاتەکانی دادپەروەرانە و یەکسانانە دابەش بکات، بەڵام مافێکی زۆر سەرەتاییە کە دەنگی خۆت بدەیەتە ئەو کەسەی کە دڵنیایت کار بۆ کاری گشتی و بەرژوەندی کۆمەڵگە دەکات. راستە هەڵمەتێکی پڕگەرد لە ناوخۆدایە هەیە دەیەوێت بەهای دیموکراسیەت بەرجەستە نەبێت، دەیەوێت زانیاری چەوت بڵاوبکاتەوە و دەیەوێت ئەم کۆمەڵگەیە بە فۆبیا و وەهمەوە بەرێوە ببات بەڵام دەبێت دڵنیابین ئەمە تا سەر نابێت. راستە، کەسانێکی نا‌ئومێد هەن دووبارە و سێ بارەی دەکەنەوە کە ئێمە کۆمەڵگەیەکین مێژوو وەک خۆی دووبارەدەکەینەوە، کەلتوورمان ناگۆردرێت، خۆمان ناگۆڕیێین، دەڵێن ئێمە کەسانێکی چالاک نیین، ئەم وەهم و درۆیانە کەسانێک بۆ مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی و دوور لە بەرپرسیاریەت ئەحکام وتۆمەت وەک بڵێ کورد ناسن بڵاودەکەنەوە. لە راستیدا، گرفتەکانی ئێمە ئەگەر بەراورد بکەین بە وڵاتێکی وەک باشووری ئەفەریقاوە هێشتا نەهامەتەکانی ئێمە بە نیوەی مێژووی هەڵمەتەکانی رەگەزپەرستی لە باشووری ئەفەریقا ناچێت کە دواجار کۆمەڵگەکە گەیشتنە ئەو راستییەی کە دەبێت پێکەوە بژین و پرۆسەیەک بۆ دامەزراندنی پیشەیانەی دەوڵەت لە رەگەزی رەش و سپی پێکبهێنرێت. بە داخەوە هێرشێکی نارەوا لە شێواندنی هەموو توانایەکی چالاک هەیە بۆ دەستەمۆکردنی تواناکانی خەڵک ئەمەش بەشێوازی جیاواز، هێرشێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی کەس بڕوای بە هیچ نەمێنێت و تەنانەت توانای خەوبیین بە ئاینندەیەکی هەندێک باشترە نەمێنێت. ئەوان واتە نوخبە کەمینەکانی ناو پارتە سیاسیەکان لە نزیکەوە دەزانن کە سەرچاوە دارایی و مرۆکانی ئەم وڵاتە لە بن نەهاتووە، هەر لە بەرئەوە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکان تاوەکو هەتاهەتایە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بمێنێتەوە و هەر ئەوان دەستەڵاتی رەهایان هەبێت لە هەر بریارێکی سیاسی چارەنووسازدا. ئەمە لەبری ئەوەی کە دەبوایە ئەو سەرچاوانە بۆ دامەزراندن و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگە بوایە و بە جۆرێک کە فرسەت و هەلی کاری یەکسان و رەوا بۆ هەموو رۆڵەیەکی ئەم کۆمەڵگە بێ جیاوازی دابینکردایە. بۆ گەراندنەوەی متمانە بە پرۆسەی دەنگدان، هەر لە سەرەتاوە، پێویستیت بە پاراستی یاساکانی دەنگدان هەیە، پێویستت بە دڵنیابوونە لەوەی رێوشوێنەکان پیشەییانە بەرێوەدەچن، ئەمە کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی میدیا وتەنانەت پارتە سیاسییەکانە ئەگەر بڕوایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ دامەزراندنی هەرێمێک لەسەر بنەمای راستگۆیی بۆ ئەوەی دواتر برژێتە ناو پرۆسەی بەدەوڵەتکردنی هەرێمەوە. دەنگدەر دەپرسێت چۆن دڵنیابم دەنگم نافەوتێت، هەر لەبەر ئەم نیگەرانییە دەنگدەرێکی زۆر دەڵێن بە خۆمان رانابووێرین و ناچین، لە راستیدا چوون بۆ دەنگدان نیوەی ئەرکە نیشتمانییەکەیە، نیوەکەی تری پاراستنی دەنگەکەیە، کە دەنگدەر خۆشی دەتوانیت رۆڵی هەبێت. ئەوەی لە رابردوودا روویدا لاوازی یاساکان و نەزانینی بەکارهێنانی ئامێرەکان وتەنانەت نەبوونی کارمەندی بە توانا بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەکە بوو، هەندێ جار خەڵکانێکی زۆر زیاد لە جارێک دەنگیان داوە، یان پاشان پارتێکی سیاسی فشاری جۆراوجۆری کردووە بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بێت هەڵبژردرێتەوە. هەندێ کەس زیاد لە ناسنامەیەکیان بەکارهێناوە یان هێشتا ناوی مردووەکان بەکاردەهێنن یان بەهەر جۆرێکی تر بێت تەزویریان کردووە. هەموو ئەم کارانە نابێت کٶڵ بە دەنگدەر بدات کە دەنگ نەدات و دەنگی خۆی نەپارێزێت، چەسپاندی پرۆسەی دیموکراسی بە گوڵ نەرازاوەتەوە و دامەزراندنی شەرعیەتی سیاسی داکۆکیکردنێکی بەردەوام دەخوازێت. دەنگدەر دەتوانێت، لانی کەم پانابەرێتە بەر تۆمارکردنی هەرهەڵسوکەوتێک و رەفتارێکی نابەجێ کە لە رۆژی دەنگداندا هەستی پێدەکات و بەدونیادا بڵاوی بکاتەوە. دەنگدەرە گەنجەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون و پرۆسەکە رۆماڵ بکەن و کەسەکان کەشف بکەن. ئەمە لە پاڵ دڵنیابوون لە ناوەکان و تۆمارەکان وپرۆسەی چاودێریکردن و بە بەڵگەکردنی هەر هەموو پرۆسەکە وهەرهەموو بنکەکان بە چەندان شێوازی جیاواز.
■ نەبەز گۆران ئەم حیزب و لایەنانە، زۆر رووداوی مەترسیدار لە خەڵكی هەرێم دەشارنەوە، لەكاتێكدا پێش ئەوەی رووداوەكان رووبدەن، ئاگادار كراونەتەوە كە روودەدەن. زیاد لە هەفتەیەكە تیمێكی _ئەمریكی_، كە پێكهاتوون لە شارەزای سەربازیی و سیاسیی و ئابووری، هاتوونەتە _عێراق_ و پاشان هەرێم. ئەم تیمە زۆر كەس و لایەنیان بینیوە، زۆریش بە راشكاوی بە كەس و لایەنەكانیان راگەیاندوە،_ 5_11_ ئەمریكا بە شێوەیەكی رەسمی ئابڵوقە دەخاتە سەر _ئێران_. لەم رۆژانەی رابردوودا (رۆحانی) لە وتارێكیدا وتی: " ئەمریكا خەوندەبینێت گەر پێی وابێت دەبێت نەوتی جیهان بفرۆشرێت و، نەوتی ئێران نەفرۆشرێت." ئەم چیرۆكە تازەیە دەستپێدەكات، چیرۆكێكی ئاسان نابێت بۆ ئێمە. هەرێمی كوردستان لەنێوان ئەم دوو زلهێزەدا كەرەستەی بەرگری نییە. پێناچێت تەنها چیرۆكەكە بە _ئێران_ كۆتایی بێت و، چاوەرواندەكرێت بۆ _توركیا_ش هەمان چیرۆك دووبارە بكرێتەوە. لەم نێوانەدا ئەوەی گرنگە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی. با وا بیربكەینەوە ئابڵوقەكە دەستێپێكردوە و، ئەمریكا فشاری بۆ سەر_عێراق_ دروستكرد سنوورەكانی بەسەر _ئێران_دا داخست، هەرێم لەم كاتەدا چ رێگایەكی دیكەی هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە؟ ئەی پەرچەكرداری _ئێران_چی دەبێت؟ ئەی ئەگەر هەمان چیرۆك بۆ _توركیا_ دووبارە كرایەوە، ئێمە لە هەرێم رێگا نوێیەكانمان چین، تا نەكەوینە ژێر هەیمەنەی ئەم ململانێیەوە و باجی قورس نەدەین و گەمارۆكەش نەبێتە گەمارۆ بەسەر ئێمە؟ لەرووی بازارەوە ئێمە لە ئێستادا دوو دەرگامان هەیە بۆ خۆژیان، دەرگای _ئێران و توركیا_ گەر ئەو دوو دەرگایە داخران چی؟ گەر یەكێكیان داخرا ئەویتریان دەتوانێت دۆخەكە رابگرێت؟ پێدەچێت سەركردە حیزبییەكانی هەرێم لەم دۆخەدا سەرقاڵی هەڵبژاردن بن و، خەریكی دونیا بچوكەكەی حیزب بن! نایانەوێت بیر لەوە بكەنەوە دوای دوو مانگی دیكە هەرێم دەكەوێت ناو دۆخێكی چاوەرواننەكراوەوە. (هەڵبەت بۆ منی هاوڵاتی جێگای خۆشحاڵییە ئەو دوو مۆدێلە سیستەمە حوكمرانییەی ئێران و توركیا كۆتاییان بێت.) ئەما بۆ من گرنگە هەرێم لەم ململانێیەدا پشكی زۆری بەرنەكەوێت، تەنها چەكێكیش بەدەست هەرێمەوە بێت، خۆرزگاركردنییەتی لەو دۆخە و نەهێڵێت ببێتە بەشێك لەو ململانێییە. _ئێران_ مەترسیدارە. كاتێك رووبەرووی گەمارۆكە دەبێتەوە، دەستدەكات بە لێدان لەبەرژەوەندییەكانی_ئەمریكا_ لەناوچەكەدا. ئەو گورزانەشی دەیوەشێنێت هەمیشە بە جۆرێك ئەنجامیدەدات خۆی ئامادەیی تێدا نەبێت و، بەهێزە سێبەرەكانی دەرەوەی خۆی ئەركەكان جێبەجێدەكات. چاوەروانناكرێت پەرچەكردارەكانی _ئێران_ پەرچەكرداری ئابووری بن، بەڵكو بە شێوازە میلیشاییەكە دەبن، بەتایبەت لەو شوێنانەی باڵادەستی هەیە. سنووری نێوان _هەرێم و ئێران_ سنوورێكی فراوانە و چەندین دەروازەش بەیەكەوە دەمانبەستێتەوە و، بەشێكی بازارەكەشمان لەسەر كاڵای ئێرانییە، كاتێك گەمارۆكە دەست پێدەكات ئیدی ئەمە گۆرانكاری بەسەردا دێت. چ سیاسییەكان و چ بازرگانەكان، پێش ئەوەی چیرۆكەكە رووبدات، دەبێت بۆ رێگایەكی دیكە بگەڕێن، تا ئەو گەمارۆیە نەبێتە گەمارۆش بەسەر هەرێمەوە و تا ئەو شێواندنی ئاساییشە نەبێتە شێواندنی ئاسایشی هەرێم. لەوانەیە هەڵەبێت راستەوخۆ بیرمان بچێت بۆ رێگای _توركیا_ چونكە چاوەرواندەكرێت ئەم ئیدارە نوێییەی ئەمریكا_ هەمان نەخشەی _ئێران_ بۆ ئەویش دووبارە بكاتەوە. گومانم لەوەنییە لەم شەڕەدا كەروودەدات، هەرێم بتوانێت بەبێ ئازار تێپەڕێت. حیزبە كوردییەكان لەبری پیاهەڵشاخان بەیەكتریدا لەسەر كورسییەكی پەرلەمانی، باشترە لە ئێستاوە بیربكەنەوە بۆ خۆرزگاركردن لەوەی بریارە رووبدات. هەموو ئەگەرە مەترسیدارەكان شایەنی ئەوەن پێش ئەوەی رووبدەن، بیریان لێبكرێتەوە و چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە. گەمارۆكەی سەر _ئێران_ هەمان گەمارۆ كۆنەكەی سەر_عێراق_ە، كە تا ئەم چركەساتەش كاریگەرییەكانی بەسەر كۆمەڵگەكەمانەوە ماوە. _ئێران_یش، دەوڵەتێك نییە بیەوێت بە ئاسانی تەسلیم بێت، لەبری تەسیلم بوون هەموو رێگا نادروستەكان دەگرێتە بەر. ئەوەی جێگای سەرسامییە بێخەمی سەركردە حیزبییەكانی هەرێمە لەوەی كە بریارە رووبدات! هەموویان ئاگاداركراونەتەوە چی روودەدات، كەچی وەك هەموو چیرۆكەكانی تر، دەیانەوێت رووبدات و كێشە دروستبێت پاشان لەبری چارەسەر بیخەنە ئەستۆی یەكتری! ئەو نەوتەی لە ئێرانەوە دەڕوات ئەگەر راگیرا، چی روودەدات؟ ئەو بەنزینەی لە ئێرانەوە دێت ئەگەر راگیرا چی روودەدات؟ ئەو كاڵا و خۆراك و میوەیەی لە ئێرانەوە دێت ئەگەر راگیرا چی روودەدات؟ ئەگەر _ئێران_ بۆ فشار خستنە سەر ئەمریكا دەستیكیكرد بە تێكدانی ئارامی ئەو شوێنانەی هاوپەیمانی _ئەمریكان_ چی روودەدات؟ ئەگەر _ئێران_ لە رێگای میلیشا سێبەرەكانییەوە شەرێكی لەناوچەكەدا هەڵگیرساند چی روودەدات؟ ئەمانەو دەیان پرسیاریدیكە پاش _5_11_ پێویستیان بە وەڵامە و كاتەكەش زۆر كەمە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروستی ئەم پرسیارانە. بەڵام پێویستە خەڵكی ئەم هەرێمە بزانن، شەرێك هاتووەتە بەردەرگاكەمان و لەبری بیركردنەوە بۆ خۆلادان لێی، هەموو لایەك سەرقاڵی دونیا بچوكەكەی حیزبن و، خەمەگەورەكەیان لەبیركردوە بۆ خەمی بچوكی ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەلاماردانی یەكتری. پاش _5_11_ چارەنووسی ئەم هەرێمە لەبەردەم هەرەشەی گەورەدایە. ئەگەر عەقڵێكی دروست ئیدارەی ئەم رووداوە نوێیە نەدات، وەك راوێژكارێكی كۆشكی سپی لە _بی،بی،سی_ وتی: " ئەگەر ئاگامان لە كوردەكان نەبێت، ئەوەی بەدەستیان هێناوە لە دەستیدەدەن."
دانا هەڵەبجەیی بەشی یەکەم لە تەمەنی 35 ساڵی ئەزموونم لە کایکانی کولتوری و سیاسەت و کاری ڕیکخراویەدا، ئەوەندەی ئێستام بە پێویست نەزانیوە کە ئاوڕێکی جدی لە تەواوی کۆی هێل و بازنەکانی حیزب و سیاسەت و حکومەتداری (هەرێمی کوردستان)، بدرێتەوە. سەرەتا ئایا حیزبەکان کێن و چین و چۆنن؟، بە چ پێوەرێکی فکری و ئایدیۆلۆژی پۆلێن ئەکرێن، بە سەنگ و بەهای کلاسیک یا مۆدێرن پێوانە ئەکرێن؟. ئایا لەسەردەمی دەستکەوتە زێڕینەکانی خۆیاندا ئەژین، یان لە سەردەمی ئێستا؟. لە چ زمان و زەمینەیەک و قۆناغیکدا سەریان هەڵداوە و لە کام گێڵگەدا تەراتێن ئەکەن، لە کوێ و بەچی دەستیان پیێکرد و بە چی بەردەوامن و بە چی گەیشتون. شەڕ و ناکۆکی و ململانێ و کیشمەکێش و شیروتیر و جیاوازییەکانیان، لە چیدایە و چۆن بەڕێوەیانبردوە، لە کۆتاییدا تائێستاش هەر تۆخ و قوڵن، یاخود کاڵ و تەنکن؟. ئەمانە و دەیان پرسیاری جدی و چاوتیژی کە ئەبوایە شیکردنەوە و ناساندنێکی ئەکادیمی و مێژوییان لە لایەن پسپۆران و ئەکادمیستان لە بەردەستماندا بوایە،،ئەمە نەک هەر نییە، ئەوەشی وەک ڕۆژژمێر نوسراوەتەوە تەنیا شیرینی دۆکەی خۆیان و ترشی دۆکەی ئەوانی تر. بە داخەوە هەموو ئەو نوسەران و بەناو ڕۆشنبیر و چاودێرانەش، تەنیا تەشی ڕۆژانە و ڕوداوەکانیان ڕستوە و هەویری ڕۆژیان داوە بە ساجی ڕوداوەکاندا. ئەگەر میللەتی کورد یا بە سەردەمیانە بڵێم هاوڵاتیانی کوردستان، ئەگەر لەسەردەمێكی شۆڕشی ڕزگاریخوازدا، حیزبیان بە ئامانج زانیوە و تەنانەت وەک نەتەوە و خێڵ مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، مانەوەی خۆیان و میللەتەکەیان بە دامەزراوەیی حیزبەکەیان زانیوە، وای لێهاتبوو کە کۆمەڵگە و کولتور و تەنانەت میللەتیشیان کردبووە و ئەکەنە قوربانیی حیزب و سەرۆکەکەی. ئەی باشە تا ئێستاش هەر وایە؟، یا حیزب کەرەسەیە و ئامرازە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بۆ هاوڵاتی؟. ئایا لە قۆناغی شۆڕشداین و سەپاندنی شەرعییەتی شۆڕشگێری حیزبداین، وەک ئەوەی سەددام حسێن و حیزبی بەعس(مجلس القیادە الپورە) کە 35 ساڵ دریژەی کێشا و تا مردنی خۆی و حیزبەکەی هەر بەردەوام بوو، یا وەک ئەوەی ستالین و بەلشەفییەکان، کە دەیان ملێۆن کرانە قوربانی حیزب و ئایدۆلۆژییەکەیان، و 70 ساڵ یەکێتییەکی پوشەڵی سۆڤییەتیان بەڕێکرد؟ کردنی حیزب بە دەزگایەکی داهات و داپڵۆسین، کردنی حیزب بە ئامانج و ستراتیژی نەتەوەیەک، پیرۆزکردنی حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانیان، تا ئێستا بەردەوامە یاخود ماوە و بە نهێنی پەیڕەو ئەکرێت؟. باوەڕی نەتەوەیی، نیشتمانیی و ئایدیۆلۆژی بە بناغەی بیروباوەڕی حیزبەکان دائەنران، سۆسیالیست و دیموکراتیست، پۆشاکی باڵای حیزب بوون. ئەی ئێستا کە ئایین ئەکرێتە بەرگی حیزب، ئایا حیزب بە ئایین کراوە، یا ئایین بە حیزب؟، ئەی ئەگەر وایە بۆ چەندین بزوتنەوە و حیزبی ئایینی هەیە؟ ئەگەر ئیسلام یەکە، بۆ حیزبەی سیانن؟. ئەی چی لە ڕێبازەکانی لیبرالیزم و پۆست مۆدێرێنە و سەوز، ژینگەپارێز، ئاژەڵپارێز و شارەوانی و هەرێمەکان کراوە، ئایا حیزبی کوردی هەیە بە ڕونی و بلوریانە (شەفافانە) بە هاوڵاتیان بڵێت؛ چ چەشنیکن و چ ڕەنگ و بۆیەکن، و خاڵبەندی دوو یا سێ ئامانجی کۆنکرێتی خۆیان بکەن؟. یا لێدانەوەی قەوانە کۆن و ڕابردووە قوربانیدەرەکەی و پیرۆزڕاگرتنی سەرۆک و بەرزڕاگرتنی خۆیان و چیرۆکە دێرینەکانیانن؟. ئەمانە حیزبن بۆ شۆڕشی چەکداری دامەزراون، بە هەمان عەقڵی کوشتن و هەڕەشە و زمانبڕین و پەنجەبرێن چالاکن، یا حیزبن بۆ گرتنی دەستەڵاتی هەرێمێکی ستەمدیدەی وەک کوردستان، لە قۆناغی دیموکراسی و بە ململانییەکی سەردەمیانە بە ڕێگەی هەڵبژاردن، لە چالاکی سیاسییدان؟. کۆتایی بەشی یەکەم
■ ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع بەشی دووەم (٦) زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانن کە ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی، ئەزموونی فەرمانڕەوایەتییەکی باش یان رەشید و بەرپرسیار نییە و نەبووە، بەڵکو ئەزموونێکی ھێجگار ناعەقڵانیی و وێران و دەسەڵاتگەرانەیە. ئەو فۆرمە تایبەتەیە لە دەسەڵاتگەرێتی، کە ناوکەکەی لە چەند خێزان و بنەماڵەیەک دروستبووە و بەدەوریاندا چەندان دەزگا و ئۆرگان و ھێزی سەربازیی و ئیمپراتۆریەتی ئیعلامیی دروستکراوە. ئەم ئەزموونە دەسەڵاتگەرە فۆرمێک لە حیزبایەتیی سەروەرکردوە کە تیایدا ئەرکی ژمارە یەکی حیزب بریتییە لە پاراستن و بەھێزکردنی دەسەڵاتی ئەو ناوکە خێزانییە و ڕۆچوونی دەسەڵاتەکەیان بۆ ناو خانە ستراتیژییەکان و دەزگا گرنگ و سەرەکییەکانی ناو جەستەی کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی ئێمە. ئەم ھێزانە کۆمەڵگایەکی پڕ لە فەرمانبەر و خانەنشین و بێئیش و موچەخۆری کەمدەرامەت و ناڕازییان دروستکردوە، کە پێویستی بە ھێزێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێرکردنی. حیزب لێرەدا ڕۆڵی دەزگایەکی خێرخواز دەگێڕێت کە بەشێوەیەکی ئینتیقائی و بەپێی بەررزونزمیی ناڕەزایەتییەکان پارە بەسەر کەرەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دابەشدەکات و بەم میکانیزمەش کۆنترۆڵ و دیسپلینی کۆمەڵگا دەکات. بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، حیزب لەم قۆناغەدا لەوە نەکەوتوە کە حیزب بێت، چونکە حیزب جەوھەرێکی نەگۆڕیی نییە لە ھەموو شوێن و لە ھەموو سەردەمێکدا وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵکو ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کە لە ژینگە و قۆناغ و سەردەمی جیاوازدا، ناوەڕۆک و فۆرم و ئەرکی جیا دەگرێتەخۆی و پراکتیک و گوتارەکانیشی بەپێ کات و ژینگە جیاوازەکان، گۆڕانیان بەسەردادێت. یەکێک لە وەزیفە ھەرە سەرەکییەکانی حیزب بۆ پارتیی و یەکێتیی لە ئێستادا بریتییە لە وەزیفەی کۆنترۆڵکردنی کایەکانی داھات و وەزیفەی ئەمنیی و پەلدرێژکردن بۆناو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنیان. لەڕاستیدا حیزب لەم ئەزموونەدا جەستەیەکی گەورەی کۆنترۆڵ و چاودێریی و دیسپلینکردنە، ئامادەیە ھەموو ئەو خاڵی بەرگریی و بەربەستانەش تێکبشکێنێت کە لەبەردەم ئەنجامدانی ئەم کارەدا دەوەستن، بە بەرگریی و بەربەستە میدیایی و فیکریی و ڕۆشنبیرییەکانیشەوە. ئەم کردەی تێکشکانە لەسەرێکەوە ھاوشانە بە بەرھەمھێنانی بەدبینیی و خەمۆکیی و ڕقێکی زۆر و بەرفراون، لەسەرێکی دیکەوە ھاوتەریبە بە دۆزینەوەی چەندەھا کەناڵ بۆ دابەشکردنی ئەو دۆخە دەرونیی و کۆمەڵایەتییە بەسەر خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و بەسەر تاک و گروپەکانی ناو کۆمەڵگادا. ھەموو ئەمانەش یەک ستراتیژ ئاراستەیان دەکات: بچووککردنەوەیەکی تەواوی ئەگەرەکانی کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی سیاسیی و شێلگیریی کۆمەڵایەتیی لەناو کۆمەڵگادا. یەکێتی و پارتی ساڵانێکە وەک دوو کۆمپانیای ھاوپشک و دوو دەزگای ئەمنیی و دوو مەکینەی گەورەی پڕوپاگەندەکردن و دوو دەزگای سوپای تایبەت و دوو ستراتیژیی ئیداریی کۆنترۆڵکردن کاردەکەن، کە بە چەندەھا میکانیزمی جیاواز بەرگرییەکی سەرسەخت لە ناوەندە خێزانییەکەی دەسەڵاتەکەیان دەکەن و بەچەندەھا میکانیزمی تریش خەریکی لاواز و بێئومێدکردن و لەناوبردنی سەرجەمی ئەو خانە و وزە و توانا ناوەکییانەی بەرگریکردنن کە کۆمەڵگای ئێمە دروستیاندەکات. (٧) شکستی ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و، گۆڕانی لۆژیکی ئیش‌کردنی ئەم حیزبانە بۆ لۆژیکی کۆمپانیایەکی فرەپشکیی و ئیشکردنیان بە ئەخلاقیاتی ”سەرمایەدارێتییەکی چەتەگەریی“، لەڕووی تیۆرییەوە، کۆتایی بە قۆناغی ”حیزبی جەماوەریی“ دەھێنێت و ئەو پەیوەندییە تەواو دەستکاریدەکات کە حیزب بە جەماوەرەکەیەوە گرێدەدات. شتێک بەناوی پرۆگرام و پلان و وێنایەکی تایبەت بۆ ئایندە و ئێستای ئەم کۆمەڵگایە لای ئەم پارتانە بوونی نەماوە، ئەوەشی خەڵک لەدەوریان کۆدەکاتەوە ئەو ڕەگەزانە نین کە لە حیزبی جەماوەرییدا ھەن، بەڵکو بە پلەی یەکەم گەڕانە بەدوای ئەگەر و ھەلی کارکردن و باشترکردنێکی ڕاستەوخۆی بژێویدا. دۆزینەوەی ھەلی کار لای حیزب و وەرگرتنی موچە دەسکەوتێکی مادیی ترە کە بتوانێت قورساییەکانی ژیان کەمەکێک کەمتر بکاتەوە، یان ڕێگای دەوڵەمەندبوونێکی خێرا و بێچاودێریی لەبەردەم ھەندێکدا بکاتەوە. جگە لەمە حیزب لە ھەرێمدا گۆڕاوە بۆ فۆرمێکی خێزانیی و دەستەیی و نوخبەیی کە تەنھا لەڕێگای تێرکردنی بەرژەوەندییە تاکەکەسیی و گروپییەکان لە دابەشکردنی داھاتی ئابووریی و بەشھەبوون لە دەسەڵاتدا، دەتوانێت خێزان و دەستە و نوخبە ناکۆک و جیاوازەکانی بەیەکەوە کۆبکاتەوە. حیزب چەندە رەسیدی جەماوەریی و پێگەی کۆمەڵایەتیی لاوازبووە، ھێندە و زیاتریش خزاوەتە ناو کەرتی ئابوریی و ئاساییش و میدیا و بیرۆکراسیەتی دەوڵەت و دەزگا سەرەکییەکانی حوکمڕانییەوە. حیزبە فەرمانڕەواکان جگە لەوەی ھەموو پێگە سیاسیی و ئیداریی و سەربازییە گرنگەکانیان بەدەستە و پۆستە سەرەکییەکان بەسەر کادرە گوێڕایەڵەکانی خۆیان دابەشدەکەن، خاوەنی دەیەھا کۆمپانیای نەوت و غاز و تەلێکۆمینیکاسیۆن و سێکیوریتیی و فرۆکەوانیی و چەندین گرێبەستی ئابوریی زەبەلاحن، کە لەڕێگایانەوە ھەلی کار لەناو کۆمەڵگادا دابیندەکەن. ئەمەش وایکردوە حیزب لەمڕۆدا ببێت بە یەکێک لە گەورەترین خاوەنکار و سەرمایەدارەکان لە ھەرێمدا. بەم چەشنە چ حیزب و چ ئابوریی بەناو پرۆسەیەکی بەرفروانی خەسخەسەکردندا تێپەڕیوون و بوون بە کۆمپانیای فرەپشکیی یان موڵکی تایبەتی ئەوانەی پێگە سەرەکییەکانی حیزبیان بەدەستەوەیە. پارتی وەکو حیزب موڵکی تایبەتی بنەماڵەی بارزانییە، یەکێتیش لە دونیای دوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیی لە دوای کۆتاییھاتنی ڕژێمەکەی سەدامەوە، بوو بە موڵکی تایبەتی بنەماڵەی تاڵەبانیی. ھەردووکیان لەوە کەوتون موڵکی کۆمەڵگا یان بەشێک لە کۆمەڵگا، یان تەنانەت چین یان توێژێکی کۆمەڵایەتیی بن. ھێزەکانی تریش، لەناویشیاندا بە پلەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕان، گەر ڕێی لێنەگیرێت، بەشێوەیەکی سیستەماتیکیی بە ئاراستەی بەکۆمپانیابووندا دەڕوات و پڕۆژەی بەخێزانییبوون و تەوریسی سیاسیی تیایدا لەسەر ھەمان مۆدێل بەڕێوەیە. (٨) لە ئێستادا یەکێک لە میکانیزمانەکانی بەرگریکردن لە نوخبە سوڵتانییە خێزانییە حوکمڕانەکە، ھەڵبژاردنە. لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتگەریی دروستبووە کە پێویستی بە دیکۆرێکی دیموکراسیی ھەیە بۆ مانەوە و نیشاندانی وێنەی پلورالیزمی سیاسیی سیستەمەکە بە دونیای دەرەوە. ھەڵبژاردنیش لە ئێستادا ئەرکی دروستکردنی ئەو دیکۆرە پلورالیستییە درۆزنانەی لەسەرشانە و لەوە کەوتوە ئامرازێک بێت لانیکەمی ئەگەری گۆڕانکاریی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتبێت. بە بۆچوونی ئێمە لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ھەڵبژاردن ئەگەری دەستکاریکردنی سیستەمە سیاسییەکەی لەگەڵ خۆیدا ھێنایەکایەوە، ئومێدی ئەوە دروستبوو کە بتوانێت لەڕێگای خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی پێویست و ھەنوکەیی دروستبکات و ئەزموونە سیاسییەکە لە ھەندێک لە گرفتە ھەرە جەوھەریی و ھەرە ترسناکەکانی ئازادبکات. یان بتوانرێت مۆدێلێکی نوێ بۆ کاری سیاسیی و کاری حیزبیی و فۆرمێکی نوێ لە حوکمڕانیی پێشنیاربکات کە بڕێک لەو نەخۆشییە کوشندانەی ئەمڕۆکەی تێدانەبێت. ئەو بەرنامە سیاسییە و ئەو پرنسیپ و ڕوانینەی لە سەرەتای دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ھاتنە ناو کایەی سیاسیی ئێمەوە، تا ئەم ساتەش بەشی ئەوە شەرعیەتی سیاسی‌یان پێیە کە وەک وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی و ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ بڕێکی زۆر لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا و سیستمە سیاسییەکە، ببینرێن. ئێمە ئەو بۆچوونە بە ڕاست نازانین کە پێیوایە پڕۆژەی گۆڕانکاریی لەسەرەتاوە تەنھا مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات بووە و پەیوەندی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمە سیاسییەکەوە نەبووە. یاخود دید و ڕوانینێک بوونی نەبووە بۆئەوەی سیستمێکی سیاسیی تەندروستر دروستبکرێت. ئەمجۆرە لێکدانەوانە جگە لەوەی تاکبین و سادەگەرن، ھاوکات ھەڵگری رەگەزی نھیلیزم و پوچگەراییەکی سیاسیی گەورەن و موتوربەکراون بە جیھانبینییەکی شکستگەرا کە وێرانکردنی ھەموو دیدێکی مێژوویی بۆ کردەی سیاسیی و بەرگریی کۆمەڵایەتیی، لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە. ئەوەی لە ئاستی مێژوویی‌دا ڕوودەدات ئەو جیاکارییە دوولایەنە سادەیە نییە کە دابەشکردنی دەسەڵات و دەسکاریکردنی سیستەمەکە وەک دوو مەسەلەی تەواو جیاواز و بێپێوەندیی لەیەکدی جیابکاتەوە، بەڵکو بەناویەکداچوون و کاریگەریی چەندجەمسەرە و تێکەڵبوونی پرۆسەکانە بەیەکتری. کێشەکە ئەوە نییە کە نیاز و بەرنامەی دەسکاریکردنی سیستەمە سیاسییەکە بوونی نەبووە، چونکە ئەمە لە ھەقیقەتدا ھەبووە، بەڵکو ئەوەیە لە دە ساڵی ڕابردوودا پارتیی و یەکێتی لەوەدا سەرکەوتن ئەو ئەگەری گۆڕانکارییەی کە لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا ھاتەکایەوە، چەندیش بچووک بووبێت، لە پرۆسەی ھەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی سیاسیی بۆ گۆڕانکاریی، بسێننەوە و دەزگای پەرلەمان خۆشی بەتاڵبکەنەوە لە ھەر ئەرکێک کە بتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەی سەروەریان کردوە. داخستنی پەرلەمانیش بەتەنھا سەرەتای بێنرخکردنێکی بێوێنەی دەزگای پەرلەمان نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا شکستێکی گەورەشی بە خەباتی پەرلەمانیی و گۆڕانکاریی ئارام و مەدەنییانە ھێنا. بارزانی لەو ساتەوەختەدا ئەم دەزگایەی داخست کە تیایدا پەرلەمان بە خاڵێک گەیشتبوو بتوانێت لە پێگەی پەراوێزبوونی خۆیەوە، قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە دروستبکات و لە پێگە پەراوێزییەکەشییەوە سێنتەرەکانی دەسەڵات تووشی شڵەژان و کێشەی گەورە بکات. پارتی کاتێک پەرلەمانی داخست کە پەرلەمان خەریکبوو دەبوو بە دەزگایەکی بوێرتر و چالاک‌تر، بەلانی کەمی توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و توانای خۆقوتارکردن لە ڕۆڵی دیکۆربوون. قەیرانی سیاسیی لە ھەرێم و ناچیزکردنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ئەو کاتە قووڵتربووەوە کە داخستنی پەرلەمان ھاوشان نەبوو بەدروستبوونی جوڵەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گەورە بۆ بەرگریکردن لەم دەزگایە و بۆ پاراستنی پێگە پەراوێزییەکەی، بەڵکو ئەم داخستنە وەکو قەدەرێکی سیاسیی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرا. لەپاڵ ئەمەشدا کەسانێکی زۆر ئەو دەھۆڵەیان لێدەدایەوە کە گوایە خەباتی پەرلەمانتاریی گەمژەییەکی سیاسییە و ئێمە لەباتی ڕیفۆرمکردنی سیستمەکە پێویستە ڕادیکاڵبین و خودی سیستمەکە بگۆڕین، بێگومان بەبێ ھیچ جۆرە ئامادەییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و تەنانەت بەبێ ھیچ ئەمادەگییەکی فیکرییش بۆ ئەم دروشمبازییە ئایدیۆلۆژییە، باواز لەوە بھێنین کە ھیچ پێشنیارێکی مێژوویی و کۆنکریتیان پێ نەبوو. ھەموو ئەمانە بوونە ھۆکاری پوکانەوەی ئیرادەی بەرگرییکردن و ئۆپۆزیسیۆنبوون، چونکە لەسەرێکەوە ھیچنەکردن بووە یاسای سەرەکیی کردەی سیاسیی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەسەرێکی دیکەوە ریتۆریکی گۆڕینی ڕادیکاڵی سیستەم و گاڵتەکردن بە خەباتی دیموکراسیی و پەرلەمانتاریزم چووە شوێنی بەرگریکردن لە دەزگایەک کە لە پێگەی پەراوێزی خۆیەوە دەیتوانی زۆر زیاتر کێشە بۆ ئەم دەسەڵاتدارێتییە دروستبکات تا ئەو ھەموو ریتۆریکە ڕادیکاڵە بەتاڵەی کە خەباتی مەدەنییان بە گاڵتەجاڕیی سیاسیی پێناسدەکرد. ئەم شکستەی خەباتی پەرلەمانیی و ئۆپۆزیسیۆنبوون وایکرد کۆتایی بەو پەراوێزە بێت کە ھەم بڕێک لە توانا و ھەم خواست و ھەم کەمەکێک ئیرادەی ئەوەی تیادروستبووبوو، دەستەمۆ و کۆنترۆڵ نەکرێت. (٩) لە ئێستادا سیستەمی سیاسیی لە ھەرێمدا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو مۆدێلەیە لە جیھان کە بە ڕژێمی دەسەڵاتگەریی ئینتیخابی‌ی Electoral Authoritarianism ناودێڕدەکرێت. لەغیابی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر و یەکگرتوودا پرۆسەی ھەڵبژاردن لەم قۆناغەدا نەک ھەر ھیچ وزەیەکی ناوەکیی تێدانەماوە بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی، بەڵکو بەتەواوی گۆڕاوە بۆ کەرەستەیەک بۆ دووبارەبەرھەمھێنانەی مۆدێلی دەسەڵاتگەریی سیاسیی لە ھەرێم و چەسپاندنی دەسەڵاتی کوڕ و ئامۆزا و برازا و خۆشکەزا و زاواکان. بە بۆچوونی ئێمە ھەڵبژاردن لە ئێستادا دوو وەزیفەی سیاسیی و رەمزیی گرنگ بۆ پارتی و یەکێتی جیبەجێدەکەن. یەکەمیان نیشاندانی ھەرێمە وەکو مەنزڵگایەکی سیاسیی فرەحیزبیی کە زیاد لە حیزب و بزوتنەوە و جوڵەیەکی سیاسیی تێدایە و رێگریی لە کاری سیاسی‌یان ناکرێت. دووھەمشیان ھەموو ئەم حیزبانە دەتوانن ململانێی دەسەڵات بکەن و لە ھەڵبژاردندا شانسی خۆیان تاقیبکەنەوە. لەکاتێکدا وەزیفە جەوھەرییەکەی ھەڵبژاردن لەبنەڕەتدا بریتییە لە نماییشی ململانێیەکی شکڵییانە لەسەر دەسەڵات و گۆڕینی ھەڵبژاردن بۆ ئامرازێکی کاریگەر بۆ دووبارەبەرھەمھێنانەوەی سیستەمە سیاسییەکە و سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانیی و خێزانییەی کە ٢٧ ساڵە کار لەسەر دروستکردنی کۆڵەکەکانی دەکرێت. ھێشتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی ئەمڕۆیەوە و بەشداربوونی لە ھەڵبژاردنێکدا کە تەزویرکردنی بەرفراوان یەکێک لە گرفت و میکانیزمە ھەرە سەرەکییەکانیەتی، یەک وەزیفەی سیاسیی ھەیە، ئەویش نماییشکردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەڵبژاردن و لە ململانێکردنیدا لەسەر دەسەڵات. لە ئێستادا پەرلەمانی ھەرێم کە کاتی دەوامکردنی لە دەوامی قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان کەمترە، جەستەیەکی سیاسییە کە پارتی و یەکێتی بە ئارەزووی خۆیان کەی بیانەوێت دەیکوژن و کەیش بیانەوێت زیندووی دەکەنەوە. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم لە ئێستای ژیانی سیاسیی ئێمەدا جگە لە زامنکردنی دەسەڵاتی نەوەی دووھەمی خێزانە سوڵتانییەکان، خاڵییە لە ھەر مانا و ئەگەر و بەھایەکی تر و تەنانەت ئەگەری دروستبوونی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی بەھێز زۆر لاوازە. پەرلەمانی ھەرێم نە شوێنی دیبەیت و تەوافوقە و نە شوێنی چاودێریکردنی دەسەڵات و لێپرسینەوەیە، نە شوێنی بڕیاری سەربەخۆ و عەقڵانییەتە، نە بکەر و یاریکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی تێدایە، نە شوێنی بڕیارە سیاسییە ڕاستەقینەکانیشە، بەڵکو کراوە بە دیکۆرێکی سیاسیی کە ئەکتەری پلە سێ و پلە چوار، شانۆگەرییەکی کۆمیدیی بۆ کۆمەڵێک دەسەڵاتداری پشت پەردە، نمایشدەکات. ڕاستییەکی نەشاراوەیە کە پارتی و یەکێتی کێشەی ئەوەیان نییە ژمارەی دەنگدەر کەمبێت و خەڵکێکی زۆر بەشداری ھەڵبژاردن نەکەن، چونکە ئەو دۆخە تەواو لەخزمەتی ئەواندایە، بەڵام جگە لە کێشەی سیستەمی یەکبازنەیی ھەڵبژاردن، ئەزموونی چەندین جاری تەزویرکردنێکی سیستەماتیکیی و ھەمەلایەن و بێڕێزیی بەرامبەر بە دەنگدەران لەلایەک و پەراگەندەیی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیی و نەبوونی ھیچ متمانە و ھیوایەک بۆ گۆڕانکاریی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەلایەکی تر، وادەکەن چاوەڕوانی ئەوەبین ژمارەیەکی گەورەی دەنگدەران نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن. چارەسەری ئەم بنبەستییە سیاسییەش نە بە زیادکردنی ژمارەی دەنگدەرە مردووەکان لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە ڕۆژی ھەڵبژاردندا دەکرێت و نە بە ھاندانی خەڵکێکی ماندوو لە پرۆسەی ململانێی سیاسییش کە گومانی ئەوەیان ھەبێت ژمارەی مردووەکان لە ژمارەی ئەوان زیاترە و ھیچ زەمانەتێکی نیشتمانیی و نێونەتەوەیی بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر بوونی نییە. ئەم تۆران و دڵشکانەی ھاونیشتیمانیانی ھەرێم قۆناغێکی نوێ لە مانای حیزب و بەھای ھەڵبژاردن و پێگەی پەرلەمان دروستدەکەن کە ھەم ئەزموونی حوکمڕانێتی پارتیی و یەکێتیی و ھەم ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنیش لە ھەرێمدا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە. کەسیش لەم بنبەستە سیاسیی و لەناو ئەم وێرانەیەدا چارەسەرێکی سیحریی و خێرا و دەستبەجێی پێنییە، مەگەر تەنھا ئەوانە نەبێت کە بێماندوبوون بە ڕیتۆریکێکی ھەرزان و بە خیتابێکی ئینشایی بەتاڵ و بانمێژوویی، بە گوتارگەلی وەک ”گۆڕانی بونیادیی ڕادیکاڵ“ و ”دەرچوون لە سیستەم“، بەرخورد لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتییماندا دەکەن. سایتی ئاوێنە
■ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی و به‌خێرهاتنم ئه‌كردیت ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كێتی بگه‌ڕایتایته‌وه ناو یه‌كێتی، به‌ڵام ئێستا كه بو كورسیه‌كه‌ی یه‌كێتی هاتوویته‌ته‌وه.. ناتوانم بڵێم به‌خێربێته‌وه، چونكه تۆ هه‌رگیز خێرت نه بۆ یه‌كێتی و نه بۆ هیچ كه‌سێكتر جگه له خودی خۆت نه‌بووه و نیه… ناشتوانم پیرۆزبایی له كه‌سێك بكه‌م كه چه‌ندین حزب و لایه‌نی كردبێته قوربانی كورسیه‌ك.. له راستیدا.. شایانی ئه‌وه نه‌بوویت و نیت كه بۆ چه‌نده‌مین جار شه‌ره‌فی یه‌كێتی بونت پێ ببخشرێت، چونكه یه‌كێتی بوون مبدا و قه‌ناعه‌ت و حورمه‌ت و كه‌رامه‌ت و پیاوه‌تی و ئازایه‌تی و سووربوونه له سه‌ر رێبازی مام و خوێنی شه‌هیدان، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر خۆت به ته‌نها تاوانبار نیت، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ن كه وه‌ك خۆت یاری به موقه‌ده‌ساتی یه‌كێتی ده‌كه‌ن و هه‌ر رۆژه‌و له بازارێكدا هه‌رزان فرۆشی ده‌كه‌ن… له كۆتاییدا هیوادارم كه جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له سه‌رخستنی لیستی مام و شه‌هیدان ساردنه‌بنه‌وه و به گوروتینێكی زیاتره‌وه به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان بڕۆن و به‌ده‌نگه‌كانیان وه‌ڵامی ناحه‌زانی یه‌كێتی بده‌نه‌وه و تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو غه‌درو دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانیانه‌ی ئه‌م كاته هه‌سیاره‌ی بانگه‌شه له كۆنگره‌دا له تاك به‌تاكیهه‌ر هه‌موو ئه‌وانه بكه‌نه‌وه كه له باتی خۆسازدان بۆ سه‌رخستنی لیستی شه‌هیدان سه‌رقاڵی پرۆژه‌ی (به‌سه‌رۆك كردن)ی سه‌رۆكی حزبێكی تر بوون..
■ ئەبوبەكر عەلی دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی له‌پێناو دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، ئومێد به دواڕۆژی بزوتنه‌وه‌ی ریفۆروخوازیی كوردستانی، لای كۆمه‌ڵی كادر و خه‌ڵكی پاشخان جیاواز بوژانده‌وه. كه سروشتی ململانێكانی رابردوو شه‌كه‌ت و ڕاڕای كردبوون. له‌ڕاستیشدا هاوپه‌یمانی له‌ڕووی فكری یه‌وه كه جه‌ختی له نائایدۆلۆژیبوون و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و كاری هاوبه‌شی دیدگا جیاوازه‌كان له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی ریفۆرمخوازی هاوبه‌شدا ده‌كرده‌وه، ئه‌و شته بوو كه هه‌ندی كه‌س و ناوه‌ند و نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه بیریان لێده‌كرده‌وه و چاوه‌ڕوانی بوون. به‌شێ له پاشخان ئیسلامیه‌كانیش كه هه‌ندێكیان پێشتر له حیزبه‌كان هاتبوونه ده‌ره‌وه و هه‌ندێكی تریشیان دوای راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی پێوه‌ی په‌یوه‌ست بوون، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێناسه‌ی سه‌ره‌وه بوو. به‌ڵام له‌گه‌ل ده‌ستپێكردنی گه‌رم و گوڕی سه‌ره‌تاكان، ساخته‌كاریه گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، ئیستێكی به‌م هێزه كرد و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاویش ( هه‌روه‌ك به‌شی له هێزه‌كانی تریش) تاساندی . به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرسیاری جددی خسته سه‌ر چاره‌نووس و ئاینده‌ی ئه‌م قه‌واره سیاسیه، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گفتوگۆی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بوو، له‌گه‌ڵ به‌شێ له یه‌كێتی و بڕیاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندان بوون، كه هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێشمه‌رجی یه‌كێتی و ڕه‌نگه هه‌ندێ هێزی ناوچه‌یی تریش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاك دكتۆر به‌رهه‌م ببێته به‌ربژێری پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق. كه پێشتر به‌رێزیان له زیاد له جارێ جه‌ختی له‌وه كردبۆوه كه پۆست و پله و پایه به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگ نیه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه مه‌به‌سته كاركردنه بۆ چاكسازی و گۆڕینی فۆرمی حوكمڕانی و به‌دیهێنانی حوكمڕانیی باشه. هه‌رچۆنێ بێت ئێمه له‌م كورته نوسینه‌دا دادوه‌ری ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌و (اداء)ی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ناكه‌ین. به‌ڵكو ده‌خوازین قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كێ له پێكهاته‌كانی هاوپه‌یمانی بكه‌ین، كه ئه‌ویش پاشخان ئیسلامیه‌كانی ناویه‌تی. ئه‌وه‌ی ده‌شمانه‌ویت لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌م خوشك و برایانه سه‌رنجی بۆ ڕابكێشین، تیڕوانینی هێزو لایه‌نه ئیسلامیه‌كان بنكه‌ی حیزبی وجه‌ماوه‌ره‌كه‌یانه بۆ ئێستای هاوپه‌یمانی و چۆنیه‌تی داوه‌ریكردن ومامه‌ڵه كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌وخوشك وبرایانه‌یان كه‌ساڵأ نێكی زۆر خه‌م و ڕێبازی هاوبه‌ش كۆیكردونه‌ته‌وه كه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا سه‌رنجه‌كانمان كورت ده‌كه‌ینه‌وه: 1. ده‌ربڕینی ڕاو بۆچوون ده‌رباره‌یان به‌وپه‌ڕی رێز و حورمه‌ته‌وه، خۆدوورگرتن له هه‌ر پلار و كۆمێنت و ره‌فتار و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، بۆنی ناوزڕاندن، پێخۆش‌بوون، قه‌در نه‌گرتن و هه‌ستبرینداركردنی تێدا بێت. 2. پێشوازی گه‌رم و گوڕ و برایانه و پڕ ڕێز له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌و به‌ڕێزانه خوازیاری ئه‌وه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه ناو چوارچێوه حیزبی و ڕێكخراوه‌كانی خۆیان. 3. كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌لیاندا به ئه‌ندازه‌ی ئاماده‌گی ئه‌وان، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن به‌رپرسانی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان، سه‌باره‌ت به كۆی دۆخه‌كه و باری سه‌رنجی ئه‌وان ده‌رباره‌ی ریفۆرم و كاری سیاسی و چۆنیه‌تی خۆڕێكخستنه‌وه. 4. سه‌یركردنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان وه‌ك كه‌سانێ كه چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی سیاسیان هه‌ڵبژاردووه به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ره‌وتی ریفۆرمخواز و به‌كارهێنانی به‌شێ له وزه و توانا ئیسلامیه‌كه له‌نێو بازنه‌یه‌كی كراوه‌تری كاری سیاسی و زه‌مینه‌سازكردن بۆ پێكهێنانی ره‌وتێكی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گه‌وره‌تر له‌دواڕۆژدا، به‌به‌شداری گه‌وره و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئیسلامیه‌كان و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه به‌په‌رۆشه‌ی چاویان له‌دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ وڵاته‌كه‌یان بریوه. 5. ئه‌م خوشك و برایانه خۆیان و به‌شی له بێ لایه‌نه‌كان درێژه به هاوپه‌یمانی بده‌ن، لێی بێنه ده‌ره‌وه و حیزبێكی نوی دروست بكه‌ن، له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا خۆیان رێكخه‌نه‌وه، یاخود له‌گه‌ل ئیسلامیه‌كان ته‌وژمێكی نوێی نیشتمانی دیموكراتی و ریفۆرمخواز به هه‌ناسه‌یه‌كی ئیسلامیه‌وه پێك بێنن، كه ده‌بێته باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه و داهاتوو، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا تا ئه‌و كاته‌ی به سه‌ره‌تاكانی ریفۆرمخوازی و به‌هاكانیه‌وه پابه‌ند بن. به‌به‌شێ له وزه و تواناكانی ئه‌و ته‌وژمه داده‌نرێن و پێویسته له‌خه‌میاندا بین. 6. پێم وایه ئه‌ركی خودی ئه‌و به‌ریزانه‌یه كه ئه‌وه‌ی روویدا به ئه‌زموونیكی سه‌ره‌ڕێی خۆیان بزانن و بڕیاری هه‌ڵه‌یان پێنه‌دا و نه یانخاته هه‌ڵوێستی كاردانه‌وه‌و، به‌ربه‌ست له‌نێو خۆیان و ده‌وروبه‌ریان دروست نه‌كه‌ن. هه‌ندی لێدوانی كه‌م لێپرسراوانه‌ی ئێره‌و ئه‌وێش گرژ و نائومێدیان نه‌كات. 7. ئه‌وان و ئێمه‌ش له چه‌ند ساڵی رابردوودا بڕوامان وابوو گۆڕانكاری به قه‌واره‌ی وه‌ك هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌كانی تری هاوشێوه‌ی ناكرێت، سه‌یری هه‌مو ئه‌م هه‌وڵانه‌مان واده‌كرد كه ده‌بێته به‌شێك له پرۆژه‌ه‌یه‌كی سیاسی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گه‌وره‌ی وا توانای گۆڕانكاری و به‌شداریه‌كی راسته‌قینه و كاریگه‌ری له ژیانی سیاسی‌دا هه‌بێت. ئه‌و ئه‌ركه‌ش تاكو ئیستاش وه‌كو خۆیه‌تی. ئیسلامیه‌كانیش له‌به‌رده‌م قۆناغێكدان داوای دووباره خۆپێناسه كردنه‌وه‌و خۆریكخستنه‌وه‌یان لێده‌كات، له‌و پانتاییه كراوه‌شدا هه‌موومان ده‌گه‌ینه‌وه به‌یه‌ك و پێكه‌وه بیرله ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان و ته‌وژمی ریفۆرمخواز و ئێستای ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه و خواحه‌زكات بڕیار ده‌ده‌ین.
■ سەردار عەزیز لە کۆمەڵگای کوردی‌دا قسەکردن چەند شێوازێکی هەیە کە زۆریان لاوازن. لە ڕاستیدا قسەکردن بە گشتی وەک کردارێکی نەرێنی دەبینرێت. ئەوەی لێرەدا دەیڵێم بە مەبەستی وروژاندن ئەوەیە کە ئێمە هونەری قسەکردنمان نیە. پێناسەی من بۆ قسەکردن بریتیە لە ئەو دەربڕینە باڵایەی کە لە کەسێکەوە دەردەچێت بەرامبەر کەسێکی تر، یان دیاردەیەک، یان بیروڕایەک، بەبێ دەربڕینی هیچ نەخۆشییەک. مەبەستم لە نەخۆشی ئەو بارە دەرونیە کە کەسی قسەکەر لە میانەی قسەکردندا دەریدەبڕێت. بۆ نمونە دەربڕینی کوردی بە زۆری پڕیەتی لە ئیرەیی، لە کینە، لە هەڵچون، لە باری دەرونی شڵەژاو، لە ئیگۆ، لە برینداری، لە بێتوانایی بۆ بینینی خود لە چاوی کەسێکی ترەوە. لە ئەنجامی ئەمەدا زۆرینەی دەربڕین لە دونیای کوردی‌دا دەربڕین نیە لە پرسێک، دیدێک، ئاگاییەک، ئارگومێنتێک، بیرێک، بەڵکو دەربرێنە لە هێرش، بە تایبەتی هێرش بۆ سەر کەس و کەسایەتی. کاتێک ئەمە خەسڵەتی سەرەکی گفتوگۆ، قسەکرد، دەربرین یان ئارگومێنتە، ئەوا ئامانج یان دەرئەنجام هەمیشە بریتیە لە دان پیانەنان، سڕینەوە، بریندارکردن، توندوتیژی، زبری، شڵەژان، نکوڵیکردن. هەموو ئەمانە دەربڕن لە کەسایەتیەک کە ناتوانێت دان بە ئەویتردا بنێت، سنگفراوان بێت، بە خۆیدا بچێتەوە، گەشە بکات، بەرەوپێشەوە بروات. لە سەروی هەموو ئەمانەوە زۆربەی قسەکردنی کوردی دەربڕین نیە لە ئەویتر و خەسڵەتەکانی ئەویتر، زۆرینەی خەڵك کە باسی ئەویتر دەکەن باسی خۆیان دەکەن. تەنها هۆکاری ئەوەی مرۆڤەکان کێشەیان هەیە لە گەڵ ئەوانیتردا ئەوەیە کە لە بنەڕەتتدا کێشەیان هەیە لە گەڵ خۆیاندا. بۆ ئەوەی قسەبکەین دەبێت سەرەتا تێگەیشتنی خۆمان بۆ ئەو دیدە، ئەو کەسە، ئەو باوەڕە دەربخەین کە قسەی لە سەر دەکەین. پاشان، دیدی ئەویتر بزانین، دووەم، دەبێت، لە سەر بنەمای هەردوو تێگەیشتنەکە ئەو کورتی و کەلێن و بۆشایی و کێشانە ببنین لە ئەویتردا. ئینجا دەرئەنجاممان دابڕ‌ێژین. بە تایبەت بە پێشاندانی ئەوەی کە چی وەهای لە ئەویتر کردوە کە توشی ئەو کێشانە بێت کە ئێمە دەستنیشانمان کردوە. کەواتە ئار‌گومێنت شەڕ نیە، سەرکەوتن نیە، بردنەوە نیە، نمایش نیە بەڵکو پرۆسەی یەکتر تەواوکردنە. بەڵام مێژوو و ئەدەبیات و نوسینی کوردی یەک دەقی لەمجۆرەی تیادانیە. کە تۆ توانای قسەکردنت نەبوو، توانای پێکەوەبوون، رێکخستن، کارکردن، گەشەکردنت نابێت. ناتوانی دەزگا دروستبکەیت، حیزب پێک بهێنێت، رێکخراو پێکەوبنییت، گروپی فیکری بونیاد بنێیت. ئەمە بە ڕونی دیارە کاتێک ئێمە چ ڕەهەندێکی مۆدێرنە وەردەگرین: ئێمە حەزمان لە دەسەڵاتە، لە چەک، لە هێز، لە شمەک، لە پۆشاک، لە ئامێر. بەڵام تاقەتی دەزگا و یاسا و سیستەم و رێکخراو و فیکر و دیبەیت و دایەلۆگ و زانستمان نیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە یەکێک لە زاڵترین چەمکی دوای ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا چەمکی ڕەخنەیە، تەشەنەکردنی ئەم چەمکە لە بەر ئەوەنیە کە ئێمە عاشقی کانتین، بەڵکو لە بەر ئەوە زۆر بە ئاسانی دەخلیسکێت بۆ بوارە دێڕینەکانی خۆمان لە هێرش و برنیدارکردن و جنێو و سڕینەو و بریندارکردن. لە ئەنجامدا تەنها دەقێکی ڕەخنەیی لە دونیای کوردی بەرهەم نەهات لە چەند دەیەی ڕابوردودا، بەڵام زەریایەک لە تەقلیدیات هاتە ئاراوە.
