Draw Media

سودانی بۆچی كشایەوە ؟ شیعەكان لەنێوان كاندیدكردنی مالیكی و قسەی مەرجەعیەتدا

سودانی بۆچی كشایەوە ؟ شیعەكان لەنێوان كاندیدكردنی مالیكی و قسەی مەرجەعیەتدا

2026-01-11 13:31:00


راپۆرت: درەو 
بڕیارە سبەی ئێوارە جارێكی تر لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆببنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدكردنی (نوری مالیكی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و راگەیاندنی بڕیارەكە، كشانەوەی كتوپڕی سودانی لە ركابەرایەتی پۆستی سەرۆك وەزیران گومان و مشتومڕی دروستكردووە، بەقسەی سەرچاوەكان سودانی بەو مەرجە كشاوەتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێت بە كەسێك كە كوتلەی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە كۆتایی بەو نەریتە سیاسییەی ناو پێكهاتەی شیعە بهێنێت كە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن هێزی سیاسی لەناو پەرلەماندا نەبێت، بەمەش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خستوەتە دۆخێكەوە، بەكاندیدكردنی مالیكی بكەونە بەرامبەر قسەیەكی مەرجەعی باڵاوە كە وتویەیەتی"تاقیكراوە تاقی ناكرێتەوە"، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 

كشانەوەی سودانی و بۆچوونی مەرجەعیەت
دواجارو بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە، لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا پێشوەختە گەیشتنە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران. 
دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگیی لە ماڵی (موحسین مەندەلاوی) سەرۆكی ئیئتیلافی (اڵاساس) كۆبوونەوە، ئەم كۆبوونەوەیە كە بڕیار بوو چوارشەممەی رابردوو بەڕێوەبچێت و بە كۆبوونەوەیەكی "یەكلاكەرەوە" ناودەبرا، تێیدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئیئتیلافی (ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان) كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، كشانەوەی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەرژەوەندی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا راگەیاند. 
سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكەن، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ماڵی موحسین مەندەلاویدا، سەركردەكانی چوارچێوە داوایان لە سودانی كردووە هۆكاری كشانەوەی لە خۆكاندیدكردن بۆ ویلایەتی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران روون بكاتەوە، ئەویش قسەی كردووەو باسی لەوەكردووە "بەرژەوەندی عێراق لە بەرژەوەندی حزبی و كەسی گەورەترە"؛ دوای ئەم قسانە، حزبی دەعوە پێشنیاری ئەوەی كردووە نوری مالیكی وەكو كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكرێت، بەتایبەتیش كە بە كشانەوەی سودانی، مالیكی هیچ ركابەرێكی نەماوە بۆ پۆستەكە. 
دوای پێشنیارەكەی حزبی دەعوە، زۆرینەی سەركردە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی پشتیوانی خۆیان بۆ مالیكی دەربڕیوە، بەڵام عەممار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمە پێشنیاری كردووە بۆ ئەم بابەتە پرسێك بە مەرجەعیەتی باڵا (ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) بكرێت، لەسەر ئەم بنەمایەش پەیامێكی بۆ مەرجەعیەت لە نەجەف ناردووە، مەرجەعیەت لەسەر هەمان بۆچوونی پێشتری خۆی رەتیكردوەتەوە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیراندا بكات. ئایەتوڵڵا سیستانی لە ساڵی 2015وە دەرگای ماڵەكەی بەڕووی پێشوازیكردن لە سیاسییەكان داخستوە، ئەمەش وەكو ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە شكستی چینی دەسەڵاتداری عێراق لە ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی و چاككردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەكان. 

كۆبوونەوەی سبەینێ و یەكلابوونەوەی مالیكی
كشانەوەی سودانی و، بێدەنگی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران وایكردووە ئێستا نوری مالیكی بە تەنیا وەكو كاندید لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە. 
بەقسەی سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بڕیارە سبەی ئێوارە جارێكی تر لایەنەكانی چوارچێوە كۆبوونەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی تەواوەتی پرسی كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەگەر تا ئەوكاتە هیچ یەكێك لە لایەنە شیعەكان ناڕەزایەتی نیشان نەدەن، كاندیدكردنی مالیكی تێدەپەڕێنرێت و بە فەرمی رادەگەیەنرێت، خۆئەگەر ئەمە رووینەداو ناڕەزایەتی هەبوو؛ ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگیی گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێكی تری واقعی دەكات بۆ كۆتایهێنان بە مشتومڕی كاندیدی سەرۆك وەزیران.  
ئەمە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە دوێنێ شەوەوە كەوتونەتە پیرۆزبایكردن بەبۆنەی كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ ویلایەتی سێیەمی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بكەن چوارچێوەی هەماهەنگیی بە فەرمی راگەیەندراو دەربكات و كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رابگەیەنێت، پۆستێك كە بەگوێرەی نەریتی سیاسی داكەوتووی عێراقی دوای سەددام، پشكی پێكهاتەی شیعەیە وەكو گەورەترین پێكهاتەی عێراق. 

بۆچی سودانی كشایەوە؟
بڕیاری كشانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ولایەتی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران، كتوپڕو چاوەڕوان نەكراو بوو، بەوپێیەی ئیئتیلافەكەی (ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان) براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، خۆشی بەفەرمی ئەوەی راگەیاندوو دەیەوێت لە ویلایەتی دووەمدا ئەو پرۆژانە تەواو بكات كە لە ویلایەتی یەكەم دەستی پێكردبوون، وەكو سەركەتوویەك لە پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت قسەی دەكرد.
بەڵام بەقسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بڕیاری كشانەوەی سودانی دوای ژمارەیەك كۆبوونەوەی تایبەتی هاتووە لەگەڵ نوری مالیكی، ئەمەش لەچوارچێوەی پێشنیارێكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ ئەوەی مالیكی و سودانی بتوانن لەنێوان خۆیاندا پرسی كاندیدبوون یەكلابكەنەوەو، ئەوان توشی شەرمەزاری نەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیران لەناو چوارچێوەدا لە (9) كاندیدەوە كورت بووەوە بۆ (2) كاندید كە هەریەكە لە مالیكی و سودانی بوون. 
سایتی (سۆمەریەنیوز)، لە شیكارییەكدا باسی لە (3) سیناریۆ كردووە سەبارەت بە هۆكاری كشانەوە كتوپڕەكەی سودانی لە بەرژەوەندی مالیكی:

سیناریۆی یەكەم: متمانەی گروپە چەكدارەكان.. دڵنیایی بەرامبەر بە چەك
لە یەكەم تەماشاكردندا وا دەبینرێت كاندیدكردنی مالیكی بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ "هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان و هێشتنەوەی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا"، ئەمە بەوپێیەی نوری مالیكی وا دەبینرێت نزیكە لە گروپە چەكدارەكان و پشتیوانی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام لەڕاستیدا لەم قۆناغە هەستیارەدا گروپە چەكدارەكان و هاوكێشەی سیاسی شیعەكان بە تەنیا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یەكەم: بەریەككەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكاو گوێنەگرتن بۆ بۆچوون و خواستەكانی واشنتۆن، كە ئەمەش سەرچڵییەكی گەورەیەو بەر لە قسەكردن لەسەر لێكەوتە ئەمنییەكانی تری، یەكەمین قوربانی ئەم بڕیارە ئابوری عێراق دەبێت، بەڵام بژاردەی دووەم بریتییە لە ملكەچبووون بۆ خواستەكانی ئەمریكا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان و هێشتنەوەی چەك بە تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، رەنگە گروپەكان ئەم بژاردە قبوڵ بكەن لەپێناو رزگاركردنی هاوكێشە سیاسییەكەدا، بەڵام ئەوكاتە پێویستیان بە سەرۆكی حكومەتێك دەبێت كە "متمانەی پێبكەن"، دەستبەردابوونی گروپەكان لە چەك و پاشەكشێكردنیان و تەنانەت بەشدار نەبوونیان لە حكومەت و وەزارەتەكان، رەنگە دەرفەتی ئەوە بە سەرۆكی داهاتووی حكومەت بدات بەتەواوەتی لاوازیان بكات، بۆیە پێویستیان بە سەرۆك وەزیرانێكە كە متمانەیان پێی هەبێت، ئەمەش یەكەمین بژاردەیە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی كە وای لێدەكات مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵبژێرێت، چونكە ئەو تاكە كەسە رەنگە بتوانێت بە "لێكتێگەیشتن" نەك بە "پێكدادان" چەك لە گروپە چەكدارەكان بسەنێتەوە، بەوپێیەی متمانەیان بە ئەو هەیە. 

سیناریۆی دووەم: تەنگژەی ئابوری
زانراوە یەكێك لەو پرسە زەق و نیگەرانكەرەكان كە روبەڕووی حكومەتی ئایندەی عێراق دەبێتەوە تەنگژەی ئابوری و پاشەكشێی نرخی نەوتە، بۆیە حكومەتی ئایندە لە ئێستاوە وەكو "حكومەتی تەنگژەكان نەك حكومەتی خۆشگوزەرانی" تەماشا دەكرێت، ئەمەش بەواتایە دێت كە خەرجییەكان دەبێت كەمبكرێنەوەو باج و رسومات بسەپێندرێت و، زۆرێك لە پرۆسەی خەرجییەكان رابگیرێن یاخود پاڵپشتی بۆ زۆرێك لە بوارەكان كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە رابگیرێن.
لەبەرئەوەی لەم ماوانەی دوایدا سودانی بەوە ناسراوە بەرەو ئاڕاستەی سەپاندنی باج و رسومات دەڕوات، بۆیە بەردەوامبوونی لەسەر سەپاندنی بڕیاری توندتری ئابوری، ئاستی رەتكردنەوەی زیاتر دەكات، لێرەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەزانێت رزگاركردنی حكومەتی ئایندە واتا نابێت سودانی بمێنێتەوە كە ناچارە بڕیاری توندتری ئابوری دەربكات، بەڵام دەكرێت هەمان بڕیارە ئابورییەكانی سودانی لەلایەن مالیكییەوە دەربكرێت؛ كە بە "بەخشندەیی" ناسراوە لە خەرجكردن لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەوەش بەهۆی بەرزی نرخی نەوت لەو سەردەمەدا، بۆیە هەر باجێك كە مالیكی بیسەپێنێت شەقام وەكو بڕیاری "بەئەنقەست" تەماشا ناكات، بەڵكو وادەبینێت بڕیارێكی پێویستەو دەبێت بدرێت. 

سیناریۆی سێیەم: مانۆڕێكی سیاسی
سازشكردنی سودانی لە بەرژەوەندی مالیكی لەلایەكی ترەوە وا تەماشادەكرێت مانۆڕێكی سیاسی بێت، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆی لابدات لەسەر هەر جۆرە ئەگەرێكی دروستبوونی بنبەستی سیاسی، بەڵام سودانی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران نابێت بچێت بۆ "كاندیدی یەكلاكەرەوە"، ئەم باوەڕەش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە كە پێیوایە قۆناغەكە پێویستی بە سەرۆك وەزیرانێكی "ئەزمونكراو" هەیە نەك كەسایەتییەكی نوێ كە هەوڵ بدات بەختی خۆی تاقیبكاتەوە، بۆیە سودانی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێت بە كەسێك كە كوتلەی سیاسی هەبێت نەك كاندیدی تر، لەپێناو دەربازبوون لە بنبەست سازشی بۆ مالیكی كردووە، بەڵام لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگیی خستوەتە بەرامبەر هەڵوێستی پێشووی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لەدژی مالیكی "ئەزمونكراو ئەزموون ناكرێتەوە"، هەروەها چوارچێوەی خستوەتە بەرامبەر رەوتی سەدریش "كە نەیاری مالیكین"، ئەمە سەرباری رای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێك لە هاوبەشەكانی عێراق بەتایبەتیش هەندێك لە هێزە سوننەكان كە هەڵوێستی نەرێنییان هەیە بەرامبەر بە مالیكی، جگە لە هەندێك چین و توێژی كۆمەڵگە كە هەمان تێڕوانینیان هەیە. 
پێدەچێت ئەم مانۆڕە ئامانج لێی ئەوە بێت، بنەمای "سەرۆك وەزیران بۆ ئەوانەی كە كوتلەی سیاسییان هەیە" بچەسپێنێت و، دەرگا لەبەردەم كاندیدی "التسویە" دابخات، دواتر ئەگەر مالیكی سەركەوتوو نەبوو لە بڕینی ئەم بەربەستانە، ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ سودانی؛ بەوپێیەی ئەوەی لەسەر شانی بووە كردویەتی و سازشی بۆ مالیكی كردووە، بەڵام دۆخەكە رێگەی بە مالیكی نەداوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand