Draw Media

كورد چەكدار نەبوایە، دەمێك بوو لەلایەن رژێمی نوێی سوریا كۆمەڵكوژ كرابوو

كورد چەكدار نەبوایە، دەمێك بوو لەلایەن رژێمی نوێی سوریا كۆمەڵكوژ كرابوو

2026-01-07 20:07:35


✍️ سەرتیپ جەوهەر
پەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب لەلایەن رژێمی سوریا دەكرێت بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ بكەین:
1- رژێمی نوێی سوریا كە چەند گروپێكی ئیسلامیی توندڕەون لەگەڵ هیچ كام لەپێكهاتەكانی سوریا هەڵناكەن. بڕوایان بەمافی هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و مەزهەبیی و سیاسی نییە. 
2- پەلاماردانی گەڕەكە كوردنیشینەكان، دەبێتە سێیەم تاوانی كۆمەڵكوژیی و لەناوبردنی پێكهاتە جیاوازەكان لەلایەن رژێمی نوێ‌ لەماوەی یەك ساڵدا. 
3- ئەم پەلاماردانە باشتر روون دەبێتەوە بوون و مانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەك بۆ كوردو پێكهاتەكانی دیكەش چەندە گرنگە. ئەو كۆمەڵكوژیی و وێرانكارییەی ئێستا كورد لەحەلەب رووبەر\ِووی دەبێتەوە، ئەگەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكبەدەستبوونی كورد نەبوایە، هەر لەسەرەتای كەوتنی رژێمی ئەسەد كورد رووبەرووی دەبویەوە. ئێستاش هەسەدە بەنزیكەی 45 كیلۆمەترێك لەرووداوەكە دوورە، بەپێی بەیاننامەی ئەمڕۆ ئێوارەبێت ئاماژە بەوەدراوە كە دەرگای شەڕ لەبەرەكانی دیكە رووبەرووی رژێمی سوریا بكرێتەوە، بەو مانایەی رەنگە لەبەرامبەر پەلاماردانی كورد لەحەلەب، هێزەكانی هەسەدە بەرەی شەڕكردن لەشوێنی دیكە بكەنەوە.
4- رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە پشتیوانی نەدەكراو بەڵكو جۆرێك لەدژایەتی دەكرا، بەڵام ئەم رژێمە نوێیە كە هەڵگری هەمان بیروباوەڕی شۆڤینی و دەمارگیریی عەرەبییە، ئێستا لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعودیە پشتیوانیی دەكرێت. بۆیە دەبینین بەبەرچاوی ئەوانەوەو كوردو پێكهاتەكانی دیكەی سوریا كۆمەڵكوژ دەكرێن، كەچی لێی بێدەنگن.
5- بەپەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، دەبێتە سێیەم رووداوی تاوانكاریی و داگیركاریی دژ بەكورد لەبەر رێككەوتنی پێشوەختەو بەرژەوەندی ئەمریكا خۆی لێ‌ بێدەنگ دەكات. یەكەمیان پەلاماردان و داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیا لەسەرەتای 2018 دووەمیان؛ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو رادەستكردنی سەرێكانی تا گرێ سپی بەجەندرمەی تورك بەدرێژایی 120 كیلۆمەتر لەئۆكتۆبەری 2019 لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكات و ئێستای ئەمریكا.
پەلاماری ئەمجارەش، دوو رۆژ دوای كۆبونەوەو رێككەوتنی ئەمریكاو ئیسرائیل دێت لەگەڵ رژێمی سوریا لە پاریس! بۆیە دەبینین ئەمریكاو ئیسرائیل بەتەواوی لەرووداوەكە بێدەنگن، وەك ئاماژەیەك بۆ رەزامەندبوونیان لەپەلاماردانی كورد لەحەلەب.
6- كورد قەت نابێت گرەو لەسەر پەیمانی درۆو دروشمە بریقەدارەكانی ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل بكات. هەڵوێستی ئەمریكاو ئەوروپا هەتا ئێستا لەبارەی كورد لەسوریا روون نییە. سەبارەت بەكورد هەمیشە دەستەواژەی گشتیی بەكاردێنن و خۆیان دەدزنەوە. ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل بەچاوی بازرگانیی لەچارەسەری پرسی گەلانی ژێردەستەو ستەملێكراو دەڕوانن بۆیە دوای رێككەوتن و دابینكردنی بەرژەوەندیان، دەستبەجێ خۆیان دەدزنەوەو گەلان بەسینگی خالی و روون، دەخەنە بەر خەنجەری رژێمە ستەمكارو داگیركەرەكان و بێ‌ پشت و پەناو توانا، لەدەشتایی چۆڵ جێیان دەهێلن. لەماوەی 100 ساڵی رابردوو كورد لەهەموو پارچەكان رووبەرووی ئەم واقعە بۆتەوە، چ لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە بوبێت، یان لەلایەن فەرەنساو سۆڤیەتەوە بوبێت.
ئەنجام؛ ئەوەی ئێستا لەگەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب روودەدات، لەژێر فشاری راستەوخۆی توركیاو بەڕەزامەندی ئەمریكاو ئیسرائیل و بێدەنگی ئەوروپایە. لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد پەلاماری ئەو گەڕەكانە دەدرا، بەڵام زیاتر گروپە تیرۆریستیەكانی نزیك توركیا بوون، بەڵام ئەمجارە هەموو گروپە تیرۆریستیەكانی سەربەتوركیاو چەكدارانی تیرۆریتیی دیمەشق كۆبونەتەوە بۆ پەلاماردانی كورد لەحەلەب.
ئێستا ئەمریكا هەم نێوانگرەو هەم رێگر، لەلایەك تێگەیشتنی سەبارەت بەچارەنوسی كوردو خەڵكی سوریا روون نییە، لەلایەكی دیكە نێوانگری كوردو دیمەشق دەكات، بەڵام مەیلی رێككەوتنی كوردو دیمەشقی نییە، بەڵكو دەیەوێت ئەم دۆخە بەمشێوەیەی هەیە بەردەوام بێت تاوەكو بەرژەوەندی خۆی و ئیسرائیل مسۆگەر دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand