■ شوان محهمهد... ئەو کاتەی هەر چوار لایەنی ( گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) کۆدەبنەوە و بەدڵە ڕاوکێ و نا ئارامییەوە وتووێژ لەسەر دواخستن، یان بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، دەبێت ئەو راستییە بزانرێت کە ئەوە تەنها دەرئەنجامە، دەرئەنجامی ئەو دۆخەیانە کە نەیانتوانی بڕیار بدەن بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. رەنگە ئەمە دووەم هەڵەی ستراتیژی بێت کە هێزە ناڕازییەکان، یان ئەوەی ناسراوە بە ئۆپزسیۆن، ئەنجامی دەدەن، هەڵەی یەکەم ئەو کاتەبوو کە گۆڕان وەک دووەم هێزی کوردستان دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٣ بڕیاریان دا لە ئۆپۆزسیۆنەوە پێگەی خۆیان بگۆڕن و بەشداری حکومەت بکەن، دروستنەکردنی لیستێکی هاوبەشیش بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلول دووەم هەڵەی ستراتیژیە. ئەگەر ئەم چوار لایەنە بە یەک لیست بەشداریان بکردایە، ئەوا دەبوونە قەوارەیەکی بێڕکابەری بەهێزی بەرامبەر پارتی، نەک وەک ئێستا شەڕی هەموویان بووبێت بە ململانێکردن لەسەر هێزی دووەم و سێهەم، پارتیش وەک یەکەمی بێڕکابەر بمێنێتەوە. لەم حاڵەتەدا کە پلانەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەری گرت و ئەم چوار لایەنە ( کۆمەڵ ، گۆڕان ، یەکێتی ، پارتی ) نەیانتوانی هاوپەیمانێتییەک سازبکەن، ئەو دەمە ئەم لایەنانە خۆیان لە بێ هێزیان دەرگا دەکەنەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی، وەک لە راگەیاندنی کۆبوونەوەی سەرکردەی چوار لایەنەکە لە رۆژی١١ی ئابی ٢٠١٨ دا داوای ئەنجامدانی دیالۆکی نیشتمانی دەکەن، وەک ئەوەی ئەمان لە هەڵبژاردندا ساختەکاریان لە یەکێتی و پارتی کردبێت و، هەر ئەمان تەقەیان لە بارەگای یەکێتی کردبێت. ئەم چوار لایەنە، وەک لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان کردووە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٣٠ ئەیلول سازدەکرێت، سێ بژاردەیان لە بەردەستدایە، بەشداری، بەدڵنیایەوە مادام ئەوان نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش دروستبکەن، خەڵکێکی زۆر وەک هەڵبژاردنی ١٢ ی ئایار بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن کە پشکی شێریشیان جەماوەری ئەو چوار لایەنە دەبن، بەدیاریکراوی جەماوەری گۆڕان و هاوپەیمانی. دواخستنی هەڵبژاردن کە ئەگەری دووەمی بەردەم ئەم چوار لایەنەیە، هەرچی کارەکانی کۆمسیۆن و سووربوونی پارتی یە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هیچ ئاماژەیەکی دواخستنی هەڵبژاردنی لێ بەدیناکرێت. جەختکردنەوەی ئەم چوار لایەنە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، هیچ جیاوازیەکی بەدیکراو ناهێڵێتەوە لە ئەخلاقی سیاسی ئەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، کە دۆخی حیزبەکانیان باش بوو، هەڵبژاردن بکەن ، دۆخی حیزبەکانیشیان خراپبوو، هەڵبژاردن دوا بخەن، کە لە داوای راپەڕینەوە ئەمە ئەخلاقی یەکێتی و پارتی بووە هەر کاتێک ویستبێتیان هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە، بە پێچەوانەشەوە دوایان خستووە، لە کاتێکدا بەپێی ستاندارە جیهانییەکان لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، هەڵبژاردن لە دەستور، یان یاسایی وڵاتەکەدا هاتووەو بەشێکە لە میکانیزمەکانی دیموکراسیەت و هیچ حیزبێک مافی ئەوەی پێنادرێت کەی ویستی ئەنجامی بدات و، کەی دۆخی خراپبوو دوای بخات. ئەگەری سێهەم، بایکۆتکردنە: بایکۆتکردن، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە بێ هیوای خەڵکەوە هەبێت لە گۆڕانکاری و گەیشتبنە ئەو باوەڕەی چەندان هەڵبژاردنی تریش بکرێت پارتی و یەکێتی هەر لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە، بەشەکەی تری خەڵک لە ناڕەزایەتی و بێزاریانە لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بەڵینیان دا جیاوازبن لە پارتی و یەکێتی، بەڵام هەمان رێچکەیان گرتەوەو هەمان ئەخلاقیاتی ئەوان دووبارە دەکەنەوە. دوو پرسی گرنگ لەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان مشتومڕی زۆری لەسەر کراو، گۆڕان و لایەنەکانی تر شانازیان پێوە دەکرد، یەکەمیان یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لێی کەوتەوە هەموو دۆخی هەرێمی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە تێکداو تا ئێستاش ئاسایی نەبۆتەوە، بەڵام دوایی گۆڕان بە سانایی سازشی لەسەر کرد، دووەمیان یاسایی دامەزراندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمە کە پارتی لەدەستە باڵاکەیدا کەمایەتییە، وا خەریکە ئەم چوار لایەنە بە بایکۆت ئەو کۆمسیۆنەش پەراوێز دەخەن، باشە هاورێیان کە هەنگاو بۆ بایکۆت دەنێن، بۆ هەنگاوی یەکەم ئەندامەکانتان لە کۆمسیۆن ناکشێننەوە؟ ئێ باشە بایکۆت دەکەن، دوای ئەوە پلانتان چییە؟ هیچ دیار نییە..!! هاوڕێیانی ئۆپۆزسیۆن، عەقڵی لۆکاڵی ئێوە کارێکی کرد پێشبینی دەکرێت ئەگەر بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگەکانتان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبێتەوە، ئەگەر نەڵێین دۆخی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ٢٠٠٩ کە ئۆپۆزسیۆن دروست نەبووبوو، ئەوا جیاوازیەکی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ ئەو ساتانەدا، دەبێت دان بەو راستییدا بنێن لەم گەمەیەدا ئێوە پاسێکتان دا بە پارتی ئاکامی و هەڵبژاردنەکانتان هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٤ ی حوزیرانی تورکیا لێکرد کە هێزێک زۆرینەیەکی بەرچاو بەدەستدەهێنێت و هێزێکی بچووکی پێویستە تا حکومەتی لەگەڵدا پێکبهێنێت، ئێوەش هەر خەریکی خەونە لۆکاڵیەکانی خۆتان بن.. پێرۆزتان بێت و عاقیبەتان خێربێت..!
■ موراد غەزبان... وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت بۆ بەڕێزان دادوەران لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن، ئەوانەی كە دانران، ئەی ئەوانەی كە راسپێردراون بە ئەركی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان و بەرپرسیارێتی چارەنوسی گەل و وڵاتتان گرتەئەستۆ و رووبەڕووی ئەركێكی مێژوویی بونەوە كە دەكرا لە رێگەیەوە درك بە و هیوایە بكرێت كە ماوە هەروەها متمانەی گەل بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێننەوە و عێراق رزگار بكەن لە چارەنوسێكی نادیار و تاریك. بەڵام بەداخەوە.. لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبوون و عێراق و گەلەكەیتان نائومێدكرد وشتێكتان هێنا كە عەقڵ باوەڕی پێناكات و بەسەر نەزان و ژیریشدا تێناپەڕێت، هاوتابوونی ئەنجامەكان بەو شێوە ترسناكە كە ناكرێت لێكدانەوەی بۆ بكرێت، جگەلەوەی بوترێت رێككەوتنێك بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامەكان و قایلبون بە ئەمری واقیع، ئەگەر نا ڤیدیۆ دزەكراوەكان و دۆسییەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە و ئابڕوچوونەكانی بنكەكانی دەنگدان لە عەممان و سوریا و توركیا و راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چییان لێهات، كە دانی نابوو بە بوونی ساختەكاریی هەروەها كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی كە بونی پرۆسەكانی هاككردنی ئامێرەكانی سەلماند، ئەمە سەرباری لێدوانی هەندێك لە ئەندامانی لەكارلابراوی كۆمسیۆن لەبارەی پرۆسەكانی یاریكردنی "گەورە" بە ئەنجامەكان و ئەمە و دەیان بەڵگە و دۆكیۆمێنتی تر كە هیچ بوارێكیان بۆ گومان نەهێشتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ رێژەیەكی دیاریكراوی ساختەكارییش بێت. دوای ئەمانە راپۆرت و ئەنجامەكانی ئێوە دێت كە هەموانی توشی شۆك كرد و ئەو تۆزە متمانەیەشی سڕییەوە كە هاوڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و بنەمای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیانبوو، دواین بزماری لە تابوتەكەی دا و عێراقی ناشت و رادەستی چارەنوسێكی نادیار و تاریكی كرد، گەل هەمووی توڕەیە و گەل هەمووی متمانە و ئومێدی بەو روخسارانە لەدەستداوە كە ئێوە بەم كارەتان بەشداربوون لە پاراستنی دەسەڵاتیان بەسەر گەردنی گەلدا بۆئەوەی سامانەكەی بدزن و ئەوەی دەیكوژن لە رۆڵەكانی، بیكوژن. بەڵی، عێراق لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەكات و مێژووش باسیدەكات كە ئێوە بوون ئەو گەندەڵانەتان رزگاركرد كە حوكمی عێراق دەكەن و بەشداربوون لەوەی بیانگەیەننە كەناری ئارام و جارێكی تر و بۆ چوار ساڵی تر پارێزگاری لە پۆستە پڕ ناز و نیعمەتەكانیان بكەن بە سەروەت و سامانی عێراقەوە، تاوەكو گەمەی پێبكەن و تێكی بدەن بەوشێوەیەی دەیانەوێت. گەل متمانەی نەبە سیاسەتمەدار ماوە نە دادگا نە پیاوانی ئاینی نە مەرجەع، ئەو هەمووان وەك بەشداربوو لەم رێككەوتنەدا دەبینێت و هەر ئەویشە كە تاكە زەرەرمەندە و هەریەكە لە ئێوە دەستكەوت و قازانجی خۆی بردووە. ئێستا ئەم رێككەوتنە تێدەپەڕێت و گەل بەوە قایل دەكرێت كە بڕیارتان لێداوە، بەوپێیەی بێهیوا و ماندوو بووە و پێویستی بە پاروە نانێكە، بەڵام رۆژێك لە رۆژان كاردانەوەی گەل توشی سەرسامیتان دەكات كاتێك رادەپەڕێت و تۆڵەتان لێدەكاتەوە و ئەوكاتیش كە دەكەونە دەست گەل رێگای هەڵاتنتان نامێنێت. هەموومان دەزانین كە ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان 17%ی تێنەپەڕاند و بە قودرەتی قادر كرا بە 44% هەمووشمان پێشبینیمان دەكرد پرۆسەی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەو رێژەیە ئاشكرابكات، بەڵام بەداخەوە ئێوە بەشداربوون لە دیزە بەدەرخۆنەكردنی تاوانەكە و بەشداریتان لە دزیەكەدا كرد. بۆچی كۆمسیۆنتان كەمكردەوە و ناوتانزڕاند و وەكو ساختەكار ناوتان برد، كێ سەنگیان بۆ دەگەڕێنێتەوە دوای سەلماندنی ئەستۆپاكییان و پەسەندكردنی ئەو ئەنجامەی ئەوان رایانگەیاند، ئەگەر ركابەرەكەیان دادوەربێت پەنا بۆ كوێ ببەن سكاڵای خۆیان پێشكەش بكەن ؟ لێرەوە بیرتان دەخەمەوە هەموو ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەوە بەرهەم هاتووە كە ئێوە رۆڵتان هەبوو لە ساختەكردنییدا، پوچەڵە و تانە لەسەر شەرعیەتی هەیە، نە حكومەت نە پەرلەمان نە سەرۆكایەتی بە ساختەكاریی دروست نابێ، و كەس باوەڕی پێی نییە جگە لە سودمەندبووەكان و حزبەكانیان و كۆیلەی سیمبوڵە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوانەی خۆیانیان پێدا هەڵدەواسن.. بەڵام زۆرینەكەی گەل جوڵەیەكیان دەبێت ئەگەر دوای ماوەیەكی تریش بێت.
■ نیاز عهبدوڵڵا.... سهرنووسهری یهكهم رۆژنامهی ئههلی ئازاد و سهربهخۆ بوو له ههرێمی كوردستان، ئێستا به بودجهی چهندین ملیۆن دۆلار كار بۆ تازهترین دهزگای راگهیاندنی ئهمنی سیخوڕی دهكات. بهرگریكاره له ماف و ئازادی كاری رۆژنامهوانی، بهڵام به پاره و هاوكاری بنهماڵه سیاسییه بكوژهكهی رۆژنامهونووسان كاری رێكخراوهكهی بهڕێوه دهبات. بهڵام رۆژنامهی ئاوێنه لهبهر نهبوونی پاره نهیتوانی بهردهوام بێت و بهشێك له میدیای ئۆپۆزسیۆنیش به پارهی یهكێتی و پارتی پهیامی میدیایی ئۆپۆزسیۆنییان دژ به حوكمڕانی نادیموكراتی ههرێم درێژه پێداوه. ساڵانی رابردوو پارتی دیموكرات و یهكێكتی نیشتیمانی پێویستییان به ههڕهشهی بهردهوام و گوللە و تیرۆری جهستهیی بوو بۆ لهناوبردنی رۆژنامهنووسان و كپكردنی دهنگیان، بهڵام ئێستا بهبێ ئهوهی تۆمهتبار بكرێن به كوشتن و لهسهر شهقامهكان خۆپیشادانیان له دژ بكرێت و له راپۆرته ناوخۆیی و نێودهوڵهتییهكان ناویان بهێندرێت، پاره بۆ كڕینی رۆژنامهنووسانی ناسراو خهرج دهكهن و له دهزگا راگهیاندنهكانیان پێگهیان پێدهدهن لهپاڵ رۆژنامهنووسه حیزبییهكانی خۆیان. ئهوان له رێگای سیاسهتی برسیكردن و لاوازكردنی دهزگا راگهیاندنه ئههلی سهربهخۆكان توانییان بهشێكی زۆری رۆژنامهنووسان كه پێشتر دهنگیان بهرزبوو دژ به خراپی سیستهمی سیاسی و رۆڵیان ههبوو له ئاشكراكردنی گهندهڵی، به پاره فیكریان هاك بكهن و ژماره حیسابی كهسایهتییان بخهنه خزمهت پرۆژه گهورهكه كه چهسپاندنی دیكتاتۆرییهته. ئێستا ئهو رۆژنامهنووسانهی له رابردوو دژ بهم جۆره سیستهمهبوون، تهنیا ژمارهیهكن لهناو ژمارهكانی دیكهی رۆژنامهنووسانی حیزبی، كه رۆڵ دهبینن بۆ سپیكردنهوهی سیاسهتی رهشی بهرپرسانی حكومی و بهرپرسانی ئهمنی و سهرمایهدارانی سیاسی. گومانم لهوهدا نییه پارتی و یهكێتی و ههندێك حیزبی ئۆپۆزسیۆنیش بۆیان بلوێت ئهو رۆژنامهنووسه ئازا و ئازادنهی كه ماونهتهوه و فیكرییان هاك نهكراوه یهك لهدوای یهك تیرۆریان دهكهن. رۆژانی داهاتوو ئهو دیمهنهمان جوانتر پیشاندهدات كه ناوهندی میدیای كوردی چۆن دهبێته گۆڕستانی میدیاكاره دیموكراتخوازهكانی رابردوو و ژمارهیهكی ئێجگار كهم له دهزگای راگهیاندن و میدیاكار ئازایانه لهبهرگریكردن و خۆڕادهستنهكردنیان به حیزبه سیاسییهكان بهردهوام دهبن. پێویسته له دووهم ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامهنووس ویداد حوسێن، ئهو وێنه گهورهیهی تیرۆری رۆژنامهنووسان ببینین كه له رێگای پارهوه دهكرێت نهك بەتەنیا گوللە. بهم جۆره پاشهكشهیهی میدیا له كوردستان تهمەنی ئهو دهسهڵاتهی ویداد و سۆران و كاوه و عهبدولستار و سهردهشتی تیرۆركرد درێژتر دهبێت، بهڵام لهگهڵ تهمهن درێژیهكهی قورستر دهكهوێت چونكه میدیاكارانی راستهقینه تهنیا گوللە دهیانبڕێ نهك پاره.
■د. محەمەد ئەمین ..... كارل ماركس هەموو هزر و فەلسەفەی خۆی بەكارهینا بۆ شرۆفە و باسی پەیوەندی نیوان كاڵا و بەها و نرخی زیاد، کە چۆن ئەخرێتە سەر کاڵا بەرهەمهاتووەكان واتە زیاتر لە بڕی تێچوونی بەرهەمهێنان و هەتا قازنج.ماركس ئەم بەها و نرخە زیادەی سەرکاڵا بە دزیی و تاڵانی دەزانی، کە لە چینی كریكار دەکرێت، چونکە ئەوان کاڵاكەیان بۆ سەرمایەدار و خاوەن ئامیرەكانی بەرهەمهینان بەرهەم هێناوە.لە بەرامبەردا ئادەم سمیپ سەرمایەداریی بە خوشگوزەرانی میللەت دەزانی، لای وابوو لە بازاڕی ئازاددا بەشێوەیەكی سروشتی بازاڕ خۆی رێك ئەخات و بەهای کاڵاكان پەیوەستە بە داخوازیی و پێویستی بازاڕەوە. ئەگەرماركس شەڕی لە سەر ئەمە بووە، كە کاڵاكان لە بەهای تێچوونیان زیاتر دەفرۆشرێن، واتە دراوی زیاتریان پێ ئەدرێ، ئەوا ئەمرۆ لە بازاڕی دراو و یاراییەكاندا رەوشەکە پێچەوانە بۆتەوە، واتە ئەگەر ئەوسا دراو قوربانی کاڵا بووبێت، ئەوا ئیستا لە دنیای هاوچەرخی ئابووریدا و لە كاتی قەیرانە دارایی و دراو و ئابووریەكاندا کاڵا قوربانی دراو دەبێ.هەڵبەت لەگەڵ تێبنی زۆر لە سەر بەهای راست، بەهای ئەم دراوانە ئەمرۆ لە بەرامبەر بەهای ئاڵتون بەكاردێن، بۆ نمونە ئەمەی باسمان كرد كە کاڵا لە قەیرانە دارایی و ئابووری و دراوییەكاندا ئەبنە قوربانی واتە بەهاكانیان زۆر كەمتر دەبێ لە بەها و لە بری تێچونیان بە پێچەوانەی ئەم بەها زیادەی كە ماركس باسی دلێوە کردووە، کە ئەخرێتە سەر کاڵاكان، ئەمڕۆ زیاترە لە بەهای تێچوونیان، ئەگەر ئێستا ماركس بمایە بێگوومان لەسەرئەمەش بابەتە قسەیەكی تری دەبوو. نمونەی زیندو بۆ ئەمە، بەهای کاڵایەك بەبەهای دراوی ئێرانی /تمەن كە بەر لە یەك ساڵ 100، 000 دۆلاری پێ درابێ، ئەمڕۆ بەهاكەی 10، 000 دۆلارە، واتە ئەمەش جۆرێكە لە تاڵانی، چونكە كەسانێک كە 30-40 ساڵ كاری كردبێت، تا بتوانێ خانوویەك دروست بکات، یان بیکڕێت، یاخود پارەی پاشەكەوتی ساڵانی كاری لە بانك دانابێ، ئەمرۆ ئەم پارەیەی، كە لە بانك دایناوە بەهای لە دەست داوە بە ئەندازە و ئاستیی مایە پووچی. ئەم دارمانە دراوەی، كە لە ئێران و توركیا هەیە پەیوەندی بە سیاسەتی دراوی ئابوورییەوە نییە، كەهەندێ جار بۆ هاندانی هەناردە كردن یا راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی و گەشتیار بەكاردێ، بەڵكو ئەمە بێ بەهابوونی devaluation دراوی بەناو نیشتیمانی ئەم وڵاتانەیە، كە تووشی بەربەستیان ئەكات لە بازرگانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەروەها بۆ گێڕانەوەی قەرزی دەرەكی، كە لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی تێكچوونی رەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی وەك ئەم خۆپیشاندانانەی، كە ئیستا لە ئێراندا هەیە، ئەگەر بێ بەهابوونی زیاتری دراوی توركیش بەردەوام بێ لەویش لەهەموو روییەكەوە نائارامی دروست دەبێ، گریمانەی بێ بەهابوونی زیاتری هەردوو دراوی توركی و ئێرانی زۆر بەهیزە چونكە: 1- بەرزبوونەوەی بەهای دراوی ئەم وڵاتانە پێوستی بەسەرمایەگوزاری بیانی زۆرهەیە، بەڵام رەوشی ئەم ولاتانە لە رووی سیاسییەوە، نەك هەر بۆ ئەمە ئامادە نییە، بەڵكوهەتا ئەم سەرمایەگوزارانەی كە تا ئیستاش لەم دوو وڵاتە بوون زۆربەیان ئەم دوو وڵاتە بەجێ دەهیلن بەتایبەت لە ئێران و لە توركیاش هەمان مەیل لای سەرمایەگوزارانی بیانی هەیە كە كار لە توركیا دەكەن 2- بەرزكردنەوەی رێژەی قازانج تا ئیستا نەیتوانیوە رێگا لە بەردەوامی بەهای ئەم دراوانە بگرێ و بەرز كردنەوەی زیاتر و زیاتریش، دەشێ ئەنجامی پێچەوانەی لەسەر بانكەكان هەبێ، ئەمە جگە لە مەیلی كۆچكرنی سارمایەدارانی ناوخۆی ئەو وڵاتانە بۆ دەرەوە تا سەرمایەكەیانی خۆیان بپارێزن. 3- نەبوونی پشتیوانی دارایی و سیاسی بەهێز لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی بۆئەم دوو وڵاتە، بە تایبەتی ئێران وا دەكات متمانە بە لیرە و تمەن كەمتر و كەمتر بێ، واتە بێ بەهابوونیان زیاتر دەبێ. زۆربەی ئەوانەی ئەمرۆ لە باشووری كوردستانی مامەڵەی بازرگانیان لەسەر بنەمای قەرز یان گرێبەست بە تمەن و لیرە لەگەڵ ئێران و توركیادا هەیە، باشووری کوردستانیش تووشی زیانی زۆر دەبێت، كە قەرەبوو ناكرێتەوە، لەئەنجامدا ئابووری كوردستانیش تووشی زیان دەبێ و بۆ ئەوەی سەرەتای بنەمای ئابووری سەربەخو بۆ كوردستانی سەربەخۆ دروست بكرێ دەبێت: 1- كوردانی باكوور و رۆﮊهەڵات لە بەكارهێنانی كەرەستەی نایاب و لۆكسس تا ئەو پەڕی كەم بكەنەوە و بایەخ بە بەرهەمهینانی كەرەسەی ستراتیجی بدەن وەك كشتوكاڵ و خوراكی خۆماڵی 2- تا ئەتوانن کاڵاكوردییەكان وەك بەرو بوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵ، ئەمیش بە گوڕیینەوە یا دراوی قورس مامەڵە پێوە بكەن و بفرۆشن. 3- كوردانی رۆژئاوا و باشوورهەموو مامەڵەیەك بە دراوی قورس كە هەیانە بەكارنەهینن لە مامەلە بە دراوی توركی و ئێرانی وهەتا لەگەڵ دیناری عیراقی و لیرەی سوری بۆ راستی ئەمە فەرموون لەگەڵ ئەم بەڵگەیەكە لەكاتی تەواوكردنی بابەت خوێندمەوە كە ئەمرۆ جومعە 10.8.2018عبادی داوای كرد مامەلە بە دۆلار لەگەڵ ئێران رابگرن. http://iraqvoiceirq.com/f4498gykugf0/1 4- دروستکردنی ئەنجومەنی شورای شار و ناوچەکان، کە کار لەسەر کایەکانی ئابوری بکەن، بێ خۆبەستنەوە بە بەرژەوەندیەکانی حزب و خێڵ و خێزان، ئەم حاڵە لەسەر ئاستی حکومەتیش ھەر دەبێت وابێت، کە پێی دەڵێین حکومەتی تەکنۆکرات وەك سەرەتا بۆ دامەزراندنی ئابووری نیشتیمانی.* 5- ھەموو کەرتە ئابورییەکان، بخرێنە ژێر چاودێری ئەنجومەنەکانەوە، دادپەروەرانە بەکاربێن بۆ پڕکردنەوە پێداویستییە ھەنوکەییەکانی خەڵک، بۆ فەراھەمکردنی موچە و خۆراک و پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیان و بەڕێوەبردنی دەزگاکانی وڵات. 6- دانانی نەخشە و جوگرافیای ئابوری نیشتمانیەوە دەست کردن بە دروستکردنی دامەزراوەی ئابوری، کە ھەم بۆ کاتی ئێستا بتوانێت ئیدارەی قەیرانەکان بکات، ھەم بۆ داھاتوو ببنە ژێرخانی تۆکمە 7- پەرەپێدانی سیستەمی هەرەوەزیی لە كەرتەكانی ئابووری لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی خزمەتگوزاری و كەرتی نیشتەجێبوون بە مەبەستی فەراهەمكردنی دیموكراتی ئابوری تا زۆرترینی خەڵك راستەوخۆ بەشدار بن، هەم لە بواری بەرهەمهێناندا هەم لە بواری بازاڕ و قازانجدا. https://bit.ly/1OfJz9E.* هەروەها ئەبێ بزانرێ كە ئابووری هەر پارە نییە جا چ بگات بە پارەی ئێرانی و توركی كە بەهای كاغەزەكەشی نیه نەك بەهایەك بەرامبەر ئاڵتون http://nishan.org/11.06.2014/5271.NISHANPRESS
■ چیا عەباس .. دیموکراسیەت گرێبەستێکە نێوان گەل وەک سەرچاوەی تەشریع و فەرمانرەوا وەک لایەنی جێبەجێکەر، دەستوریش گرێبەستەکەیە. دیموکراسیەت بەیعەدان نیە کە فەرمانرەوایی بە پێرەوکردنی شەریعەتی خوا یا بە حوکمی فکر و عەقیدەیەکی تایبەت دەکرێ و گرێبەسەتەکەشی ئیمان و چەمکی کۆمەڵایەتیە. یەکێک لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی دیموکراسی یەکسانی هاوڵاتیانە لە ماف و ئەرکەکاندا. لەم روانگایەوە با بزانین دیموکراسی هەرێم لە کوێدایە. لە گەڵ بەرزبونەوەی حەماوەی هەڵبژاردن و گرژبونی دەمارگیری حزبی چەندین بەرپرس و کادر و هەڵسوراو و نوسەر و کاندید بە لەهجە و شێوازێک باس لە هەڵبژاردنەکان دەکەن وەک ئەوەی بە نەکردنیان یاخود دواخستنیان کڵپەی دیموکراسی لە هەرێم دادەمرکێتەوە، حوکمرانی، خزمەتگوزاری، گۆرانکاری و کار و کاسبی ئیفلیج دەبن، بە ئەنجامدانیشی لە کاتی خۆیدا ئیتر پەیمانی وەفا و راستگۆیی لە گەڵ دیموکراسی دەگاتەوە لوتکە. گروپێکی تر بانگەشە بۆ بایکۆت دەکەن چونکە لەو باوەرەدان هەڵبژاردن شتی جەوهەری لە حوکمرانی ناگۆرێت. بۆ سەلماندنی کاریگەری دیموکراسی و گرنگی پەرلەمان گروپێک لەم هەڵمەتەدا گۆرینی هاوسەنگی هێزی ناو پەرڵەمان بە بەراورد بە سەرەتای دروستبونی بۆ پرۆسەی دیموکراسیەت و ژیانی پەرڵەمانی دەگەرێننەوە. ئەمە تەنها دیوێکی واقیعەکەیە، دیوەکەی تری ئەوەیە وێرای ئەو گۆرینە دەرکەوت شتێکی ئەوتۆی لە سیستەم و شێوازی حوکمرانی نەگۆریوە، بە پێچەوانەوە لە چەند بوارێکی هەستیاردا خراپتریش بوە لەوەی پێش گۆرینی هاوسەنگیەکە. بۆ یەکەم جار لە مێژوی باشوردا دوای راپەرین پەنا بۆ چەمکی دیموکراسیەت برا، کورد لە دۆخێکی زۆر دژوار و ئاڵۆزدا بو، کوردستانێکی وێرانەی دەستی سەدامی ئازاد کردبو، ئابوری دارمابو و لە گەڵ چەندین برین و کێشەی گەورە بەرەو ئازادی و بونیاتنان هەنگاوی دەنا، تەنها پشتگیری گەورەی هێزەکانی هاوپەیمان بون. مەخابن هێشتا پەنجەمۆری دەنگدەران بۆ پەرڵەمانی کوردستان وشک نەبوبو بە زەبری هێز فیفتی- فیفتی سەپێنرا، ئەوەندەشی نەبرد لە سەر پارە فیشەک جێگای وشەی گرتەوە، پەرڵەمان لەت کرا و داخرا، " دیموکراتخوازە دێرینەکان" هۆکاری زۆر دەردەسەری و ماڵوێرانی و زراندنی ناو و ناوبانگی کورد بون. دوای چوار ساڵ بە جەبروتی ئەمریکا شەرەکە راگیرا و پەرڵەمان یەکخرایەوە. ئەمە سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی مێژویی بو بۆ دەسەڵاتدارانی کورد چۆن مامەڵە لە گەڵ پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی کوردستان دەکەن. بە گەلێک پاساو و هۆکارەوە یەکگرتنەوەی دو ئیدارەکە لە سەر پشتی کیسەڵ دەرۆیشت، هەوڵێکی جدی نەدرا بۆ بە دامودەزگاکردنی جومگەکانی حوکمرانی تا بکرێنە کۆڵەیەکی بەهێزی دیموکراسی، بە پێچەوانەوە چوار ساڵ دوای روخاندنی سەدام بە زەبری رێکەوتنی ستراتیژی نقەیان لە پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن بری، مافەکانی هاوڵاتیانیش کرانە خۆراک و کاڵای حزبی. وێرای ئەو سەرەتا سەقەتە بە درێژایی ٢٦ ساڵ لە تەمەنی پەرلەمان چەندین نوسەر و رۆشنبیر و خۆپیشاندەر بونە قوربانی بەکارهێنانی سادەترین مافی دیموکراسیان لە دەربرین را و نارەزایی، چەندین رێکخراو و دەزگا ناودارەکانی دنیا دەرباری پێشێلکردنی مافە دیموکراسیەکان راپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە. تێگەیشتنی زۆربەی هێزەکان بۆ پرسی دیموکراسی تێگەیشتنێکە کە هاوتەریب بە ژمارەی کورسی بە دەستهاتوی پەرلەمان ژمارەی پۆست و دەسکەوتی تایبەت و حزبیان دەبینن، مامەڵەیان لە گەڵ پرۆسەی دیموکراسی وەک گرێبەستێکی سیاسی، یاسایی، ئیداری، کۆمەڵایەتی و مەعنەوی کە مافەکانی هاوڵاتی دەپارێزێت، دابینیان دەکات و بەرگریشیان لێدەکات، نەکردوە. زۆر ئاساییە هێزەکان مشوری یاسایی و رەوای پێگەی بەهێز لە پەرلەمان بخۆن وەک دەروازەی سەرەکی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، کێشەکە لەوەدایە بەدەستهێنانی ئەو پێگەیە بۆتە ئامانجی سەرەکی تا لە سایەی دەسەڵات و نیعمەتەکانیدا گوزەر بکەن، هەر بۆیە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لە کوردستان بێبەری نەبون لە ساختە و فروفێڵی بەرچاو بۆ بەرزکردنەوەی زۆرەملێی نارەوای ژمارە. ئەم ئەزمونە تاڵانە دەریدەخەن کە شەرعیەتی شۆرشگیری لە دوای راپەرینەوە و لە یەکەم ساتی دروستبونی پەرلەمانەوە شکستی هێنا بە شێوازێکی هێمن و پەسندکراو و رەوا بەرەو شەرعیەتی یاسایی و دەستوری بروات، هاوکاتیش تارمایی ئەو دو شەرعیەتە لە پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردندا وا تێکەڵ و پێکەڵ بون کە لێکەوتەکەی بۆتە ئەستەنگێکی سەرسەختی بەردەم پرۆسەکە. ئەزمونی حوکمرانی و پەرلەمانی کوردستان لێوان لێون لە دەیان نمونە لەو بوارەدا. بەشێکی تر لە خەمخۆرانی هەڵبژاردن بە جۆرێک سەمایەیان بە دەوری خێمەی دیمەکراسیەت و پەرلەماندا بەرپا کردوە وەک ئەوەی گرێبەستی دەستور یەکلایی بۆتەوە و بەیعەتی ئاینی و حزبی و خێلەکی و فکری ملکەچی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمانن. کارنامەی هێز و حزبەکانی کوردی لە ساتی دامەزراندنیانەوە( نەتەوەیی، ئاینی، کۆنسێرڤەتیڤ، کۆمینیست، سۆسیال دیموکرات و.... جۆرەکانی تریش) داوای دیموکراسیەتیان کردوە و بە کلیلی چارەسەری پرسی کوردیان زانیوە. پاش روخاندنی سەدام و پێرەوکردنی سیستەمێکی پەرلەمانی تەوافقی لە بەغدا کە بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵە بێجگە چەسپاندنی چەند مافێکی رەوای کورد لە دەستوردا نەبێت پرسە گرنگەکانی تر یەکلا نەکراونەتەوە، کەچی هێزە کوردیەکان بە بانگەشەش بێت گۆدۆ ئاسا چاوەروانی دیموکراسی بەغدان، لە کاتێکدا نێوماڵی خۆیان تەنراوە بە دیاردە و کاری نامۆ بە دیموکراسی. کاتیەتی دەرک بکرێت بەوەی زۆر لە مێژە پرسی دیموکراسیەت لە ناوچەکەمان، بە کوردستانیشەوە، برینە کۆنەکەیەتی کە لە سایەی ئاین و مەزهەب و حزب و عەقیدە و دکتاتۆر و نەریتە بەسەرچوەکاندا زەمینەی سارێژکردنی بۆ نەرەخساوە. کاتێک گۆڕان دروستبو نوێنەرەکانی پەرڵەمانی کوردستان یان وروژاند، هاوکێشەکان، ئیرادەی حزبی، بەرژەوەندخوازەکان، ژمارەکان و بەرپرسان کەوتنە بەر شاڵاوی راستەوخۆی نارەزایی و هەڵچون، هاوتەریب هەڵمەتێکی راگەیاندنی بەهێزیش ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی خەڵکی بۆ چەندین چەمکی سیاسەت و حوکمرانیان پتەوتر کرد. گۆرانکاری لە ئەقڵیەتی خەڵک و گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی ئەو سەرمایە گەورەیە کە کاری بەرەی نارەزای ناو پەرڵەمان بەدەستی هێناوە. مەخابن باش ئیستیسمار نەکراوە، چونکە پرسی دیموکراسی بۆ بەرەی عیلمانی نارەزاش لە هەمان فێرگای فکری و سیاسی بەرەی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی کردوە. لەو فێرگایەدا وا پەروەردە و گۆشەکراون کە ململانێکردنی یەکتر بە چەک یاخود بە سیاسەت بۆ زاڵبون و باڵادەستیە و گەر بشکرێت بۆ سرینەوەی یەکترە، بە چەک و سیاسەت ئەمەیان بۆ نەکرا. لە سایەی ئەو مێژ و زەمینەیەدا شەری دەنگ لای خۆمان زۆر ئاڵۆزترە لە شەری چەک، چونکە دەنگ وەک فیشەک نیە دەتوانرێت ئاراستەکەی بگۆردرێت، بۆیە شەرەکە لە سەر ئاراستەکردنی دەنگە. راستە لەم شەرەدا بەرنامەی جیاواز خراونەتە بەردەم دەنگدەر، تا ئێرە کارێکی ئاساییە، ئەوەی هێزەکان لەو پرۆسەیەدا پشتگوێیان خستوە ئەوەیە کە پرۆسەی دیموکراسی تەنها دەنگدان نیە، بەڵکو لە بنەرەتدا پەروەردە و گۆشەکردنی دیموکراسیانە و پێرەوکردنی یاسا و بە دامەزراوەکردنی حوکمرانی و دادپەروەری و قبوڵکردنی یەکتر و جیاوازیەکان و گوێگرتن لە لۆژیکی واقیعی و لە سەروی هەمو ئەمانەشەوە دارشتنی هاوبەشی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان و پێرەوکردنیانە. پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکێک بو لە پێوەرە هەرە گرنگەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ئەقڵیەتی سیاسی دیموکراسی. چاوەروان دەکرا پارتی لە گەڵیدا نەبێت، بەڵام نەک بەو شێوەیەی قفڵ لە دەرگای پەرڵەمان بدات و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکات و نوێنەرانی هاوپەیمانێکی حوکمرانی بە فەرمانی حزبی رەوانەی ماڵەوە بکات. ئەوەی چاوەروان نەدەکرا یەکێتی کە خۆی بە سۆشیال دیموکرات دەزانێت و خاوەنی پرۆژەی سەرەتایی هەموارکردنەوەکە بو لە پشتەوە خەنجەرێک لە پرسێکی گرنگی دیموکراسی بدات. ئەم ئەزمونە سەلماندی بەیعە کرۆکی دیموکراسیەتی لە کوردستان دارشتوە و ئەقڵیەتی سیاسی کوردی ماویەتی بتوانێت ملکەچی دیموکراسیەتێکی راستەقینە بێت. بۆ خۆم ئەوپەری شانازی دەکەم کە کوردستانەکەم خاوەنی پەرلەمانە، هاوکات بێ ئومێدیشم بە مانەوەی ئەم پەرلەمانە بەم شێوازەی ئێستا بتوانێت رۆڵیکی کاریگەری لە بیناتنانی نەتەوەکەمدا هەبێت. بێگومان پەرلەمانتارە بەرێزەکان دەڵێن چەندین یاسایان دەرکردوە، چەندین لێپرسینەوە و چاودێریان کردوە و رۆڵیان لە چارەکردنی چەند کێشەدا هەبوە. ئەوانە هەمویان راست و واقیعن. گروپ و کۆمەڵگا سەرەتاییەکانیش یاسا و رێسای خۆیان بۆ رێکخستنی ژیانیان هەبوە، گەرچی ئەمجۆرە لە حوکمرانی بە زەبری وراسی و عرفەوە بەرێکراون، بەڵام شتی زۆر باشیان بۆ خۆیان کردوە کە دواتر گەشەیان کردوە و بونەتە بەردەکانی بناغەی فەرمانرەوایی لە دنیادا. ژیانی پەرلەمانی کوردستان، سەرەرای دەسکەوتەکانی، لە کەش وهەوای فەریکە دیموکراسیدا گیرساوەتەوە، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بەو شێوازە لە دایکبو، بە ئیفلیجی پەروەردە کرا، بە زەبری حزب و بەرژەوەندیەکان تا ئەم چرکەیەش دیلێکی قوماتە کراوە و ناو بە ناویش بە میلۆدیا نەتەوەییەکان دەیلاوێننەوە. وێرای ئەوەی ئەم هەڵمەت و پەرۆشیە بۆ هەڵبژاردن مافی هێزەکانە، بەڵام گرنگ نیەتە هاندەرەکانن، بێگومان بەشێکی خەمخۆریە و بەشەکەی تریشی بۆ شەرعیەت دانە بە پێگە، جا چ دەسەڵاتدار بێت یاخود نارەزا و ئۆپزسیۆن، ئەو دو بەرەیەی کە هەر یەک لێیان پشکی خۆی هەیە لە شێواندنی زەمینە دروستەکەی دیموکراسی. رۆتەردام: ١٢ی ئۆگۆستی ٢٠١٨
■ یاسین تەها ... سەرۆک وەزیرانى عێراق حەیدەر عەبادى لەدوا کۆنگرەى هەفتانەیدا زۆر درێژەى دا بەباسکردنى زیانەکانى گەمارۆ ئەمەریکییەکان لەسەر گەلى ئاسایی ئێرانى و بەدۆخى خەڵکى عێراق و ساڵانى نەوەدەکانى چوواند. بەڵام بەرانبەر بەمەش جەختیکردەوە کە حکومەتەکەى "لەپێناو بەرژەوەندى گەلى عێراق" پابەند دەبێت بەو گەمارۆیانە کە یەکلایەنە لەلایەن ئەمەریکاوە سەپێنراون بەسەر تاران بەتایبە پاش هەڕەشەی تڕەمپ بۆ خۆ یەکلاییکردنەوەی وڵاتان لەنێوان ئەمەریکاو ئێران. هەندێک لەچاودێران ستایشى هەڵوێستەکەى عەبادى دەکەن و پێیانوایە پراگماتییە بەرانبەر دۆسییەک کە زۆر گەورەترە لەقەبارەى عێراق، بەڵام هەندێکیتر لەوانەش سەرۆک مەعسوم بەگومانن عێراق بتوانێت بەئاسانى پابەند بێت بەگەمارۆکان چونکە 1400 کم سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەمە جیا لەپەیوەندییە مێژویی و مەزهەبییەکانى نێوان هەردوو وڵات. دۆستانى ئێران لەبەغدا بەرەیەکى گەرمى شەڕیان کردۆتەوە دژى هەڵوێستەکەى سەرۆک وەزیران، بەجۆرێک لەماوەى دوو رۆژدا زیاتر لە 20 بەیاننامەو لێدوانى جیاجیا لەوبارەیەوە دەرکران کە زۆربەیان دژى چونە بەرەى ئەمەریکا بوون لەلایەن عێراقەوەو هەندێ سیاسەتوانیش ئەمەیان ناوناوە شیزۆفرینیا. حیزبى دەعوە کە بنکەى سیاسى عەبادییە، داوایکرد "گەلانى ئازادیخواز دژى گەمارۆکەى ئەمەریکا بوەستەوە"، بێئەوەى باسى هەڵوێستى حکومەتى عێراق بکات لە پابەندبوون بەو گەمارۆیانە لەکاتێکدا سکرتێرى مەکتەب سیاسییەکەى خۆى "عەبادى" سەرۆکایەتى دەکات. بەرانبەر بەمەش ئەمیندارى گشتى حیزب کە نورى مالیکییەو لەرکابەرییەکى سەختدایە لەگەڵ عەبادى راشکاوانە دوایکرد حکومەتى عێراق نەبێتە بەشێک لەگەمارۆکان، بەدواى ئەوەشدا کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بالیۆزى ئێران ئیرەج مەسجدی _ دا گرێدا بۆ سەلماندنى مانەوەى کاریگەریی ئێران لەکایەى سیاسى عیراقیدا. ئەوەشى مالیکى بەراشکاوانە نەیوت، ئەوا هەندێ لەسەرکردەکانى دەعوەو ناوەندیترى نزیک لەئێران وتیان کاتێک عەبادیان تۆمەتبار کرد بە "بێ سفەتى" بەو پێیەى ئێران لەسەردەمى سەدام پەناى حیزبى دەعوەو خودى عەبادى ـ یان داوە، لەشەڕى داعشیش هاوکاریی باشى عێراقیان کردووە. دابەشبوونى عێراقییەکان لەبارەى سزا ئەمەریکییەکانى سەر ئێرانەوە، تەنها لەناو حیزبى دەعوەى حوکمڕاندا نییە، بەڵکە ئەم دۆسییە فرە رەهەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە تەواو عێراقى شپرزە کردووە، وەک ئەوەى وڵاتەکە خۆى زۆر تەباو رێک بێت و هیچ هۆکارێکى نەبێت بۆ دابەش بوون. بۆ نمونە کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا کە لەژێر چەترى حەشدى شەعبیدان داوا دەکەن بەهەمووجۆرێک ئیش بکرێت بۆ شکاندنى گەمارۆکان و سوێندیان خواردووەو خوایان گرتووە بەشایەت لەبەیاننامەکەیان کە نان لەگەڵ ئێرانییەکان بکەن بەدوو کەرتەوە. بەبێ ئەوەى ئەوان هەڵوێستەیان لەسەر ئەوە کردبێت کە هێشتا نان و خواردن و شمەک و کەلوپەل هەر لەئیرانەوە دەگاتە عێراق و قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى شمەک لەئێرانەوە بۆ عێراق ساڵانە 6 ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات. عەسایب کە 15 کورسى پەرلەمانیان بەدەستهێناوەو لەباڵە ئێرانییەکانى حەشدن برێک دیبلۆماسیانەتر مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە بەبیرخستنەوەى عەبادى کە ئەو حکومەتى کار بەرێکەرى کاتییەو مەجبور نییە بچێتە ژێربارى بڕیارى وەها، ئەمەش پێچەوانەى هەڕەشەى گروپەکانیترى حەشدى دەستەخوشکى عەسایبە لەچەشنى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا. لەناو شەپۆلى نارەزایەتییەکانى شیعە دژى بەشدارى عێراق لەگەمارۆکانى سەر ئێران، رەوتەکەى حەکیم ناوەراستى گرتووە بەداواکردنى قسەکردن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ رەچاوکردنى دۆخى عێراق و پێدانى رۆڵێکى هاوچەشنى ئوردن لەگەمارۆى عێراقى ساڵانى نەوەدەکان، ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامیش شتێکى هاوشێوەى لەمەى وتووە بۆ دورکەوتنەوە لەتوڕەیی ترەمپ و هەمیش قوتاربوون لە ئیحراجى بەجێهێشتنى هاوپەیمانەکەیان کە ئێرانە. نێچرڤان بارزانى کە حکومەتەکەى بەبێ پرسى عێراق نەوت دەفرۆشێت، دەلێت چاوەڕوانى هەڵوێستى بەغدا دەکەین لەمەڕ ئێران. لەرووى ئابووریشەوە شارەزایان پێیانوایە ئەو دۆخەى لەئێران هاتۆتە ئاراوە هەندێک جێکەوتەى دەبێت لەسەر عێراق لەوانەش، کەمبونەوەى دانانى پارە لەبانکەکانى ئێران، چونکە بەپێى هەندێک خەمڵاندن لەماوەى رابردوودا عیراقییەکان لەهاڕەکردنى بەهاى تمەن نزیکەى 500 ملیۆن دۆلار زیانیان کرد. جگە لەوەش رەنگە خەڵکى زیاتر بۆ گەشتوگوزار روو بکەنە ئێران و لەوەیە خانوو شوققەو ئەرزەش بکڕن چونکە نرخەکەى هەرزانە لەچاو دۆلار، ئەو شتانەشى بەفەرمى قەدەغە دەکرێن دگۆردرێن بۆ مەرزە نافەرمى و رێگا قاچاغەکان. لەمەولا چیتر ئیرانییەکان ناتوانن بۆ گەشتوگوزار یان زیارەت وەک جاران بێنە عێراقەوە بەهۆى گرانى تێچوونەکان، ئەگەرى زۆریش هەیە بەقاچاغ ئاودیوکردنى دۆلار لەسەر ئاستێکى فراوان دەست پێ بکات بەتایبەت ئەوکاتەى عێراق دەبێتە سییەکى هەناسەدان بۆ ئیرانى تەواو گەمارۆدراو لەمانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵدا. هەرچەندە عێراق خۆى کێشەى کوشندەى بێکاریی هەیە بەڵام دوور نییە ئێرانییەکان روو بکەنە ئێرە بۆ دەسکەوتنى کارو راکردن لەو دۆخە سەختەى لەوڵاتى خۆیاندا سەرهەڵدەدات. هەرچەندە گەمارۆکان بۆ ئێران کوشندەو خراپن بەڵام بەشى عێراقیش خێریان تێدایە بەهۆى بەرزکردنەوەى نرخى نەوتەوە کە داهاتى سەرەکى عێراقییەکانە، زۆر کەسى بەئاگاش هوشیاریی دەدەن لەوەى عێراق دڵ بەو سەرکزییەى ئێستاى ئێران خۆش نەکات، چونکە گوشارەکان زیاتر تڕەمپ ـ ین تا ئەوەى ئەمەریکى بن و ئەگەر بێت و دوو ساڵیتر نەبێتەوە بەسەرۆک ئەگەر هەیە ئیران بگەرێتەوە دۆخى خۆى وەک سەردەمى ئۆباما.
■ كەمال رەئوف.. بەدەر لەلۆمەو رەخنەو رەتكردنەوەی كاری ساختەكاری پارتی و یەكێتی لەهەڵبژاردنەكان، گرنگە كەموكورتی لایەنە نارازیەكانیش لەبەرچاو بگیرێت و ئەو هەڵانەش باس بكرێت كە خۆیان لێ بەرپرسیار بوون، چونكە ئەوەی لە هەڵبژاردنی 12/ 5 رویدا گەر بەشێكی رەخنەكان بەرەو رووی لایەنە نارازیەكان نەكرێتەوە، بەتایبەت گۆران، هاوپەیمانی، كۆمەڵ و یەكگرتوو، ئەوان رەخنەكان جگە لەپاساو هێنانەوە هیچی تر نابێت. سەرباری ئەو هەموو كاری ساختەكاریانەی ئەنجامدران، هێشتا كۆی دەنگی ئەو چوار لایەنە پێكەوە لەهەرێم دەكاتە هێزی دووەم و لەگەڵ پارتی ئەوەندەی جیاواز نییە، بۆنمونە، لەهەرێم ئەو چوار لایەنە پێكەوە كۆی دەنگەكانیان دەكاتە، 512351 دەنگ، لەكاتێكدا كۆی دەنگانی یەكێتی 364638 دەنگە، واتە 147713 دەنگی لە یەكێتی زیاترە، پارتی كە هێزی یەكەمە لەگەڵ چوار لایەنەكە 212376 دەنگی زیاترە، بەڵام دابەش بوونی لایەنەكان و فەوتاندنی دەنگەكانیان واكەوتۆتەوە، كە نەوەی نوێ بە 63760 دەنگەوە لەسلێمانی 2 كورسی بەربكەوێت لەكاتێكدا چوار لایەنەكە، بە 283289 دەنگەوە بتوانن تەنها 6 كورسی بەدەست بهێنن، ئەمە لەكاتێكدا چوار لایەنەكە 219529 دەنگیان لە نەوەی نوێ زیاترە، خۆ ئەگەر چوار لایەنە نارازیەكە پێكەوە بونایەو دەنگیان نەفەوتایە، دەبوو لەباتی 6 كورسی 9 كورسیان بۆخۆیان مسۆگەر بكردایە. لەهەولێر چوار لایەنەكە كۆی گشتی دەنگەكانیان 152659 دەنگە بەڵام سێ كورسیان مسۆگەر كردوە، بەڵام نەوەی نوێ بە 70833 دەنگ دوو كورسی بەركەوتوە، واتە دەبوو چوار لایەنەكە زیاتر لە 4 كورسیان بەربكەوێت. لەدهۆكیش هەمان حاڵ دووبارە بووەتەوە، بۆنمونە، هەرچوار لایەنەكە 76631 دەنگی هەیە، بەڵام یەك كورسیان بەركەوتوە، گەر پێكەوە بونایە دەبووە دووكورسی، واتە كۆی ئەو كورسیانەی لە هەر سێ پاریزگاكە لەدەستیانداوە بەهەڵەی خۆیان دەكاتە 6 كورسی. ئەمە وێرای ئەگەر بەیەكەوە بونایەو یەك لیستیان هەبووان ئومێدی زیاتر و بەشدارییەكی زیاتری خەڵك لەهەڵبژاردن دەكراو رادەی كاری ساختەكاریش بەو شێوەیە نەدەبوو كە ئێستا چارەسەركردنی بووەتە خەونی حوشتر. ماوەتەوە سەر ئەوەی بڵێن گەر دەسەڵات غەدری شەش كورسی لێكردبێتن بۆ خۆشیان هۆكاری لەدەستدانی زیاتر بوون، بۆیە هەقوایە بەشێك لە رەخنەكان پێش دەسەڵات بەرەو رووی ئەو هۆكارانە بكەنەوە كە تەنها خۆیان هۆكار بوون و نەیان توانی دۆخەكە وەك خۆی بناسنەوە.
■ كۆساڵان عەبدولمەجید .. لەبنەمادا ھاتنە سەردەسەڵاتی ترامپ واتای گۆڕانکارییەکی ئابوری سیاسی بوو بۆ جیھان و بەتایبەت ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، ترامپ نەیشاردۆتەوەو بەئاشکرا ئەڵێت "ئەوەی لەگەڵ ئێرانە لەگەڵ ئێمە نیە". لەبنەمادا ئێرانیش ھێندە پارویەکی بچوک نیە تا بەئاسانی قوتبدرێت، ھەربۆیە سیاسەتی ئەمریکا لەشەڕی بەرامبەر ئێران بەچەند شێوازو قۆناغێکە و کۆتا ڕێگەی چارەسەری سەربازییە. لەو چوارچێوەیەدا ئەمریکا ھەوڵی بڕینی شادەمارەکانی ئێران دەدات لە عێراق سوریا لوبنان، بەبڕوای من شەڕی سوریا و داتەپینی ئابوریيەکەی و لەناوبردنی ئەسەد ھەر لەچوارچێوەی بڕینی شادەمارەکانی ئێراندایە. لەکاتێکدا ئەمریکا دەیتوانی چەند ساڵێک لەمەو بەر ئەو سزایانە بەسەر ئێراندا بسەپێنێ بەڵام ئیدارەی ئەو وڵاتە ھەموو ھەنگاوێک بەدراسە دەکەن، چونکە ھەتا پەلوپۆکانی ئێران لەکارنەخەن، باش دەزانن سزاکان کاریگەری ئەوتۆیان نابێت، لەماوەی ڕابردوشدا ئەو ڕاستیيە سەلمێنرا. بۆیە بەدرێژایی شەڕی ئەمریکاو ئێران و لەچوار چێوەی ئەو فشارانە خراونەتە سەر ئابوریيەکەی، ھێندەی ئێستا کاریگەری نەبووە و ھێزی کڕینی پارەی دانەبەزیووە. ئەمە لەکاتێکدایە ھیچ یەکێک لە دەوڵەتە ھاوپەیمانەکانی لەناوچەکە حاڵیان لە ئیران باشتر نیە وەک حکومەتی شیعەی عێراق و بەشار ئەسەد لە سوریا، بۆیە بەئاسانی ناتوانێ ئەو لاسەنگیيە ڕاست بکاتەوە. یەکێک لەو دەوڵەتانەی غەزەبی توڕەیی ئەمریکا گرتویەتيیەوە، تورکیایە، کە دەیەوێت سەرکێشی لەگەڵ ئەمریکا بکات لە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕاستە بە ئێستەشەوە تورکیا ھاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکایە، بەڵام ھەندێ جار بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست لەخەتی ئەمریکا لا ئەدا، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەمریکا وەک ئێران چاو لە تورکیا دەکات، بەڵام پێویستیشە جارجارە زلەیەكی ئاگادارکردنەوەی لێبدات. سەرەڕای بوونی چەند دۆسیەیەکی بازرگانی و سپیکردنەوەی پارەی ئێرانی لە لایەن تورکیاوە، لەئێستاشدا تورکەکان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران نابین، دروستە ئەگەر لەڕووی دیبلۆماسیيەوە سەیری ئەو ھەڵوێستەی تورکیا بکەن، بەو مانایە کە دەیەوێت ئەمریکا ناچار بکات مل بۆ کۆمەڵێک داواکاری بدات، بەڵام ئایا تاچەند ئەمریکا بەدەم ئەم فشارانەی تورکیاوە دێت ؟ وەک دەردەکەوێت ئەمریکا نەک بەدەم فشارەکانی توەکیاوە نەھاتووە، بگرە تۆزێکی ماوە ھاوتای ئێرانی بکات، لیرەی تورکی تۆزێکی کەمی ماوە لەڕوی ھێزی کڕینەوە ھاوشێوەی تمەنی ئێرانی لێبێت. پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا کام لەم دوو دەوڵەتە زوتر تەسلیمی ئیرادەی ئەمریکا دەبن؟ ئەوەی جێی سەرنجە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا زیاتر و کاریگەر تر دەبن،چونکە ساڵانێکە گەلی ئێرانی بەبەراورد بە تورکیا لەگەڵ ئەو دۆخە ڕاھاتون و دەڵێن "زیندەگی سەختە"، بەڵام تورکەکان وانین، بەرگە ناگرن، چونکە شێوازو ستایلی ژیان لە خواردن و خواردنەوە، کەیف و سەفا، زۆر لەگەڵ ئێرانیيەکان جیاوازە.
■ د. ئەحمەدی مەلا .. ئەوەی لای ئێمە هەیە، سیستەم نییە، بەڵکو "ستراکتور" هەن، مزگەوت "ستراکتورێکە" لە ناوەوەی ئەم ستراکتورە سیستەم هەیە، نموونە، ئەرکە ئاینییەکان، پێنج ئەرکەکە، ژمارەی کڕنۆشەکان، دەسنوێژ پێش نوێژکردن، گوتاری هەینی هتد. خێل ستروکتوترێکە، لە ناوەوەی ئەم ستراکتورە سیستەم هەیە. سوڵحی عەشایریی، هەڵبژاردنی ریش سپی، نەریت و دەستوورە نەنووسراوەکان.خێزان ستراکتورێکی دیکەیە، هەروەها قوتابخانەش ستراکتورێکە، لە ناوەوەی ئەم بونیادە سیستەم هەیە، ژمارەی وانەکان، دابەشبوونی مادەکان و نمرە بەدەستهێنان و دەوامی بەیانیان و دوای نیوەڕوان. بەڵام ئەم ستراکتورانە، وەکو دورگەی دوور لەیەکن. لە سەرووی ئەمانەوە سیستەمێکی گشتگیر نییە. دروستکردنی سیستەم پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵانییەوە کە دواتر لەگەڵ مۆدێرنیتێ یەک دەگرێتەوە و دواجار دەبێتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی دیموکراسیی و هتد تاکو ئێستا هیچ حیزبێک نەیتوانیوە خوێندنەوەیەکی ورد بکات و پرۆگرامێکی تێروتەسەلی لەم رووەوە هەبێت. وەک بینیمان، مامۆستایانی قوتابخانە مانیان گرت، هیچی لێ شین نەبوو، چونکە قوتابخانە دابڕاوە لە کۆمەڵگە..سبەی ئەگەر هەموو زانکۆکان دەرگاکانیان دابخەن، هیچ روو نادات...سبەی کەس نەچی بۆ مزگەوت، هیچ روو نادات..جوتیار زەوی نەكێڵێ، هیچ روو نادات...ئێمە سیستەممان نییە، چونکە دامودەزگایەکی باڵامان نییە کە سەرنجی کۆمەڵگە بدات، لە جوولەکانی تێبگات و دواجاریش ئاراستەی بکات، دەستنیشانی کێشەکان بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.حیزب هەموو ئەرکەکانی کورتکردۆتەوە بۆ چەند شتێکی سادە و ساکار کە ئیدامەدانە بە بوونی خۆی وەکو حیزب کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە بوونی ئەو وابەستەیە بە بوونی کوردەوە. چۆن لەگەڵ بەغدا رێک بکەوێ...چۆن دڵی شیعە رازی بکات، چۆن لەگەڵ سوننە بکەوێتە دانوساندنەوە...چۆن داوای یەک ریزیی بکات، چۆن و چۆن..سیستەم واتە بوونی یەک پاکێچ، ئەمەش پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵاندنەوە کە لە لای ئێمە نییە.
■ هەژار کاکەیی.. زۆر جار حزب و سەرکردەی حزبەکان کە دێنە گۆ ڕاستەوخۆ باسی پێشمەرگە دەکەن گوایە ئەوان خاوەنی هێزی پێشمەرگەن و ئەگەر ئەوان نەبن لە ئێستا دا شتێک نەبو بەناوی هەرێمی کوردستانەوە . لێرەدا چەند ڕاستیەک باسی لێوە دەکەین : پارتی کە خاوەنی هێزی چەکدارەو هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوانن پارێزەری ئەم هەرێمە . لە سەروی هەموشیانەوە مەسعود بارزانی و کەس و کارەکەی . ئەوانە خویان بە خاوەنی پێشمەرگە دەزانن . مەسعود بارزانی زۆر جار وتویەتی من پێشمەرگەم بەڵام ئایا ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەیەک و مەسعود بارزانی دەکرێت بەراورد بکرێت ؟ ئایا موچەکەی مەسعود بارزانی کە تا ئێستا کەس نازانێت چەندە لەگەل موچەی پێشمەرگەیەکی داماو کە بە ۳ مانگ جارێک پێنج سەد هەزار وەردەگرێت بەراورد دەکرێت ؟ پێشمەرگەیەک کە لەبەر نەبونی و کەم دەرامەتی ناتوانێت کرێ خانوەکەی بدات و خاوەن خانو کەل وپەلەکانی فرێدەداتە سەر شەقام و لەولاشەوە مەسعود بارزانی خاوەنی ٤۸ ملیار دولای نقدی بێت لە بانکەکانی ئەوروپا دەکرێت بەراورد بکرێت؟ بە درێژای شۆرشی نوێ یک کەس پێمان بلێت چەند لە کەس وکاری مەسعود بارزانی لە بەرەکانی شەر شەهید بونە ؟ دیارە انفال کردنی بارزانیەکان بەدەرن چونکە ژیانی بەشێک لە کەس وکاری ئەنفالکراوانی بارزانیەکان زۆر خراپە. هەرچی کور و کوڕەزاو و براو برارزاو ئاموزای مەسعود بارزانی هەیە هەمویان بێ شومار داڵ و نەجمەیان لە سەر شان داناوە هەمویان جەنەڕاڵن بەڵام تا ئێستا کەسیان گەرما و سەرمای سەنگەرەکانیان نەدیوە تەنیا مەگەر بۆ وێنەگرتن و بەردەم کامیرا نەبێت بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوان . بە درێژای شەڕی ڕاپەڕین و خیانەتی شەڕەکانی ناو خۆی ئەو حزبە لەگەل (یەکێتی ـ پەکەکە ) و شەڕی دژ بە داعش یەک کەسێکی بنەمالەکەی مەسعود بارزانی خوێن لە پەنجەیان نەهاتوە ئیتر دەبێت چون پێشمەرگەیەک بن! هەمو ئەوانەی لە سەرەوە باسکران بۆ بنەمالەی تالەبانیش هەمن شتە . ئەو دو بنەمالەیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەردەوام خەریکی موزایەدەن بە ناوی پێشمەرگەوە . بۆیە باشترین شتێک کە لە ئێستادا بکرێت هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەیە و دامەزراندنی سوپای ڕزگاری کوردستانە . بە دیاریکردنی کومەڵێک مەرج بۆ ئەو کەسانەی پەیوەندی بەو سوپایە دەکەن و تەواوی ئەو کەسانەی لە سەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و حزبی بون پلەیان پێدراوە هەموی هەلبوەشێتەوە . چونکە ئەگەر هەر حزب و لایەنێک لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێی وابێت ئەو هێزەی پارتی و یەکێتی بکرێتە هێزی نیشتیمانی جگە لە خۆل لە چاوکردنی خەلک و کوتینی ئاسنی سارد زیاتر هیچی تر نیە
■ئێڤار ئیبراھیم.. بڕیاری گەمارۆی قورسی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گوزارشت لە نزیکبونەوەی راگەیاندنی رەسمی ودەستپێکردنی شەڕی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکاو ئێرانە لە ناوچەکەدا. بە حوکمی ئەوەی ئەو شەڕە کەم تا زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئایا باشوری کوردستان لە کوێی ھاوکێشەکەدایە ؟ بەتایبەتی چونکە ھاوسنورە لەگەڵ ئەو دەوڵەتی ئێران و پەیوەندی جۆربەجۆری راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەمێژینە پێکەوەیان ھەیە، ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی کوردی ئەو بەشە تا چەند خۆیان بۆ ھەموو ئالنگاریەکی حەتمی ساز و ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ بە کەمترین زیان لەو جەنگەدا بێتە دەرەوە کە ھیچ پێناچێت زیانی کەم بن بەڵکو بە پێچەوانەوە، چونکە رەنگە ببێتە بەشێک لە مەیدانی یەکلای کردنەوەی جەنگەکە زۆرترین پرشکی ئاگر بەر عێراق و کوردستان بکەوێت و ئەنجام ببێتە کاولکاریەکی زۆر لە ناوچەکەدا دور نیە کارەساتی مرۆی گەورە بخولقێنێت، بەتایبەتی ھەرێم کە ھێشتا دەوڵەت نیە دەوڵەتە زلھێزەکان دەتوانن بە ئاسانی بیخزێنە ناو یاریەکە و ئاسمان و زەویەکەی بکەنە مەیدانی جەنگ ، دەوڵەتی ئێرانیش ھەموو ھەوڵێکدەدات ئاگرەکە لە ناو خاکی خۆی دوربخاتەوە و بیگوازێتەوە بۆ ناوچەکانیتر، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتەسەر ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکی کۆتای سەعاتی سفر بنکە ئەتۆمیەکان دەکاتە ئامانج و بۆردومانیان دەکات کە لەناو خاکی ئێراندان. دەبێت سەرکردایەتی کورد کەمتەرخەم نەبن لەئاست ئەو رووداوە گەورەو جیھانیە و تا ئێستا بیری لە چارەنوسی کوردانی باشور بکەنەوە و ھەموو ئەو مەترسیانەی لە پێش و لە دوای جەنگەکە بۆ سەر کورد دروست دەبێت بڕەوێننەوە، ئاقڵمەندانە بە کەمترین زیان بێنەدەرەوە، کورد وتەنی( پێش باران فەرەنجی)، دووربکەونەوە لە بڕیاری چەوت و ھیچ گرەوێک نەکەن لەسەر خاک و خەڵکی خۆیان. چونکە بە ئاوڕدانەوەیەکی سادە بە مێژوودا دەردەکەوێت ھیچ یەکێک لەو دەوڵەتانە جێگەی باوەڕ پێکردن نین و ھەمیشە کوردیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکارھێناوە کاتێکیش کورد کەوتۆتە لێژی ئەوان بەجێیان ھێشتووە بەتەنگیەوە نەھاتون، کە بەتەنگیشیەوە ھاتبن سنورداربووە و لە چوارچێوەی تەسکی بەرژەوەندی خۆیان دەرنەچووە. تارمای شەڕ ؛ تارماییەکانی شەڕی ئەمریکاو ئێران بەڕونی دیارە، پاڵپشتیکردنی ئاشکرای ئێران لە رژێمی بەعسی سوریا، پشتیوانی لە بزوتنەوەی حەماس و جیھادی فەلەستینی دژ بە ئیسرائیل، دوژمنایەتی لەگەڵ سعودیە، دەستێوەردان لە عێراق لە ھەموو رویەکەوە، ھەوروەھا بەردەوامی دان بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم یەک لە ھەرە ھۆکارە بەھێزەکانە. لە ئێستادا لەناوخۆی ئێران مەترسی زۆر پەیدابووە لەوەی ئەمریکا بنکە و چالاکییە ئەتۆمیەکان بۆردومان بکات، بەڵام زۆرێک پێیان وانییە ئەمریکا ئەوەبکات، چونکە ئایا ئەمریکا ئەو قەیرانەی کە سوپاکەی لەدوای داگیرکردنی عیراق توشی هات دووبارە توشی خۆی دەکاتەوە، جگەلەوەش ئایا ئەو وڵاتە گورزێکی وا کوشندە لە ئابوریی بەتایبەتی و ئابووری هەموو جیهان دەدات بەهۆی بەرزبونەوەی نەوت؟؟ یان ھەر نیشاندانی بەچکە رێویەو ھیچی تر تا ببێتە دەرسێک ئیدی نەتوانێت مەترسی بخاتە سەر ئیسرائیل وسعودیە و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی لەناوچەکە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران دەمێکە خەریکی خۆئامادەکردن و جۆشدانی ئەو وڵات و حیزب و رێکخراوانەیە کە خستونیەتە ژێر هەژمونی خۆیی و دەیەوێت وەک کارتی فشار نیشانی ئەمریکای دەدات و نیەتی وایە بەکاریان بێنێت لەو شەڕەدا، بەکاریاندن بێنێت و کە بەسێبەری ئێران ناودەبرێن، لەوانەش حیزبواللەی لوبنانی و حکومەتی عیراق و حوسیەکانی یەمەن و هێزەچەکدارەکانی لە سوریا. جگە لەوانەش ئەو وڵاتە پشت بەچەند ھێزێکیتر دەبەستێت تا لەتەنگانەدا لەدژی سوپای ئەمریکا بەکاریان بێنێ و بچێتە مەیدانی شەڕێکەوە بەسەرکەوتوی لێی بێتەدەر. لە ماوەی رابردوو خۆپیشاندانی برسییەتی لە ئیران دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر لێواری داڕوخانی تەواوەتی ئابووریدایە ئەوەش ئەگەری نزیکبونەوەی جەنگەکە زیاترکردووە. با چاوەڕێبکەین بزانین لە ماوەی داھاتوودا چی روودەدا. دەخوازم کوردستان پارێزراو سەلامەت بێت
■ پەیكار عوسمان ..... هەڵبژاردنی پێشوو ئەوترا خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە نایەڵی تەزویر بکرێ. دوای سێ مانگ ئەڵێن خەڵکینە بڕۆن بۆ دەنگدان، ئەمجارە جیهازەکە لابراوەو شتەکە وەك پێشتری لێدێتەوە! ئەم هاتوچۆیە لەنێوان دوو تەزویردا، ئەم گەڕانەوەیە بە مەمنونی بۆ تەزویری پێشوو، هەڵبژاردن وەکو دوو ئەگەری تەزویر کە سێیەمی نیە، ئەم دارە کە هەردو سەری تەزویرەو هەموو جارێکیش دەستی پێوەئەگرین، زۆر بە کورتی یەعنی (تەسلیمبوون بە تەزویر). تەسلیمبون بە تەزویریش یەعنی تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجود. تەسلیمبوون بە دۆخی مەوجودیش یەعنی لەدەستدانی هێزی گۆڕانکاری! سەیرکە ئەو هەڵبژاردنی کردوە بە شاڕێ ی تەزویر لەپێناو نەگۆڕانی دۆخەکە. تۆش هەڵبژاردنت کردوە بە شاڕێ ی خەبات لەپێناو گۆڕینی دۆخەکە. دەی ئەو لەکارەکەی خۆیدا سەرکەوتوبووە. تۆش فەشەلت هێناوە لەوەدا کە ڕێگری لێبکەیت. هەر بەمەش هەڵبژاردن بووە بە ڕێگای نەگۆڕان. ئێ کە شتەکە ڕێگای نەگۆڕان بێت، چۆن لەهەمان کاتا ڕێگای گۆڕانیشە دەماغ ؟ بەڵێ هەڵبژاردن باشترین ڕێگای گۆڕانکارییەو پێویستی بە نەفەس درێژی و بەردەوامی ئێمە هەیە، بەڵام تا کەی؟ بێگومان تا ئەو کاتەی کە نەبووبێت بە ڕێگای نەگۆڕان. کە بووبە ڕێگای نەگۆڕان ئیتر ئەبێ هەڵبژاردن خۆی بگۆڕین، نەك ئەوەی هێشتا بەتەمابین لەڕێی ئەوەوە شتەکان بگۆڕین. ئاخر هەڵبژاردن وەسیلەیەو گۆڕین ئامانجەکەیە. تۆ ئەبێ لەسەر گۆڕین سورو بەردەوام بیت نەك لەسەر هەڵبژاردن، چونکە هەنێجار خودی هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕینە. دواتر بۆ هەڵبژاردنت لێبووە بە موقەدەس و پێتوایە فەرزە پەرستشەکەت ئەنجام بدەی لەڕێی بەشدارییەوە؟ بۆ بایکۆتت لێبووە بە کفرو بە دژی هەڵبژاردن؟ لە کاتێکا بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە، پێش هەر شت لەپێناوی خودی هەڵبژاردنە، هەر بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن توانای گۆڕانکاری بەدەست بهێنێتەوە. بۆ پێتوایە بایکۆت یەعنی توندوتیژی، لەکاتێکا بایکۆتی هەڵبژاردن هەر وەکو بەشداری هەڵبژاردن، خەباتێکی تری مەدەنییە! کە باسی بایکۆت ئەکرێ، یەکسەر ئەڵێی ئەی دوای بایکۆت چی؟ وەك ئەوەی خودی بایکۆت خۆی لە خۆیدا کارێك نەبێت! جا ئەگەر وابێ عەکسەکەشی ڕاستە، ئەی دوای هەڵبژاردن چی؟ یان بەشداری حکومەتە یان موعارەزەی پەرلەمانی خۆ لەمە زیاتر نیە. دەی ئەم دووانە هەردوکیمان بینی بە چەقبەستویی، بۆ ئەمجارە موعارەزەی دەرەوەی پەرلەمان تاقینەکەینەوە؟ دواجار 'شەڕی ئازادی' شەڕی گۆڕانکاریی و تەسلیمنەبوونە بە نەگۆڕان. هەرشتێك تەسلیمت بکا بە نەگۆڕان ئەبێ لێی یاخی ببیت. هەر ڕێگایەك بتبا بەرەو نەگۆڕان ئەبێ پیای نەڕۆیت. هەر شتێك ببێتە چوارچێوەی نەگۆڕان ئەبێ لێ ی بێتە دەرەوە. کاری تۆ ئەوەیە کە وەسیلەکانی نەگۆڕانیش تەرجەمە بکەیت بۆ وەسیلەی گۆڕان، نەك ئەوەی کڵاوی سیاسیت بۆ بدورن و وەسیلەکانی گۆڕانت بۆ بکەن بە وەسیلەی نەگۆڕان و تۆش مێش میوانت نەبێ. لە ئێستایا ئازادیخوازیی یاخیبوونە لە هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن سجنت ئەکاتەوە لە دۆخی هەییدا. لە ئێستادا گۆڕانخوازیی وەستانەوەیە بە ڕووی هەڵبژاردندا، چونکە هەڵبژاردن لەسایەی تەزویردا بۆتە چەقی نەگۆڕانی سیاسیی. لە ئێستادا 'ئیرادە' نایەکی گەوەیە کە بە هەڵبژاردن بوترێ، چونکە دواجار هەڵبژاردن هەموو ناکانی ناوی ئەکاتەوە بە بەڵێ بۆ دۆخی مەوجود. کە نەگۆڕی ناو هەڵبژاردن تەزویربێت، هەڵبژاردن توانای گۆڕینی نامێنێ. بۆیە لە ئێستادا شاڕێ ی گۆڕانکاری بایکۆتە، چونکە هەڵبژاردن بووە بە شاڕێ ی نەگۆڕان.
■ د. نیاز نەجمەدین .. نەوەی نوێ زۆر باسی تەقلیدیيبون دەکات. بەپێی سەرنج و تێگەیشتنی خۆم، چەند بەڵگەیەک ئەخەمەڕوو کە دەریدەخات ئەم حزبەش زۆر هێڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حزبی تەقلیدییدا. تەقلیدییبون چییە؟ - نەرجسییەتی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبێک توشی نەرجسییەتی سیاسیی ببێت، تەنیا سەرۆکەکەی خۆی یان حزبەکەی خۆی بە باشترین بزانێت، خۆی وەک فریشتە و ئەوانی تر وەک شەیتان سەیربکات. ئەوەی لە نەوەی نوێم بینیوە، رایان وایە کە تەنیا خۆیان تەقلیدیی نین، تەنیا خۆیان باشترینن و تەنیا ئەوانیش گۆڕانکارییان پێئەکرێت. - ئەخلاقی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە لە پێناوی سەرکەوتندا دەست بۆ هەموو میکانیزمێک بەریت و باز بەسەر هەموو ئەخلاقێکی سیاسییدا بدەیت. نابێت ئامانجەکەت سەرکەوتن بێت بەو مانایەی لە حزبێکی ببةیتەوە. مەسەلەکە بردنەوە نییە لە حزبێک، بەڵکو توانای گۆڕانکارییە لە ژیانی خەڵکدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم، ئەمەشم لە نەوەی نوێ نەبینیوە. - داخراویی حزب: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبەکەت داخراو بێت، تەنیا لە ئەندام و لایەنگران و ئەکادیمیی و رۆشنبیرانی حزب قسە وەربگرێت و وزەی ئەمانیش بخاتەوە پارێزگاریکردن لە خۆی، لە بری مەسەلەی نیشتمانیی و ئینسانیی. ئەوەی تێبینییم کردووە، ئەگەر بە شان و باڵیاندا هەڵبەیت، یان بۆچونهکهت رهخنهی ئهوان نهبیَ و دهعمیان بکات، ئەوا دەتخەنە سەر شاشەکانیان و ماڵپەڕەکانیان. بەپێچەوانەوە، فەرامۆشت ئەکەن. - دوا خاڵ، تەقلیدییبون ئەوەیە هەڵبژاردنی پاک و دادپەوەرانە لەناو حزبەکەتدا رونەدات و باسی ئەوەش بکەیت کە دەبێت "هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاک و بێگەرد بێت"، حزبەکەی خۆی بەدەزگایینەکردووە و باسی بەدەزگاییکردنی پەرلەمان و حکومەت دەکات، هەر بەو شێوەیە. کوا دەزگا و هەڵبژاردنی پاک و دادپەروەر و موشارەکەی بڕیاردان لەم حزبەدا؟ لەم چەند مانگەدا زۆر کەس وازیان لێ هێنان لەسەر ئەم تەقلیدییبونە. ئەمانەی سەرەوەش بۆ ئەوە نەموتون تا بڵێم: ئەم حزبە بسڕنەوە، دەنگی پێ مەدەن و چی و چی تر. هەم رونکردنەوەیەکی سادەیە بۆ رای گشتیی، رەخنەی ناڕاستەوخۆشە لە حزبەکانی تر، هەم بەڵکو برادەرێک لەو برادەرانەی نەوەی نوێ کە لە فەیسبوکدا هاوڕێمن گوێی بیستنی رەخنەیان بەهێزبێت و خۆیان راست بکەنەوە ئەگەر سەرنج و تێبینییەک شیاو و راست بوو.
■نەبەز گۆران... هیچ لەسەر ئەوە ناوەستم، كە دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، بروابوون بە هەڵبژاردن، بڕوابوونە بە یەكێك لە بنەما گرنگەكانی دیموكراسییەت. هەر هێز و لایەنێك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات، ئەو هێز و لایەنە لە بونیاددا بروای بە دیموكراسییەت نییە. ئێستا كە لە میدیاكاندا دەنگێك دەبیستین باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، ئەو دەنگە دوو دیوی هەیە، دیوێكیان بەشێكی ئەو لایەنانەن ترسیان لە پرۆسەكە هەیە، دیوێكی تری یارییەكی زمانەوانییە لە لایەن پارتەكانی دەسەڵاتەوە بۆ دروستكردنی گومان و، بێبڕوایی لەناو دەنگدەردا. ئەو دیوی یاریییەكی زمانەوانی دەكات لە ئێستاوە لەناو هەڵمەتی هەڵبژاردندایەو بە شێوازێكی ژیرانە كار لەسەر دەنگدەر دەكات. بەڵام ئەوەی دیكە، كە بڕوای وایە پێویستە هەڵبژاردن دوابخرێت، دۆخە شێواوەكەی خۆی دەبینێت و پێیوایە پرۆسەیەكی گەورەی دیموكراسی پێویستە لەسەر دۆخی ئەو بەرێوە بچێت. من قسە لەسەر دواخستن ناكەم، چونكە بە هیچ جۆرێك ناتوانم دژی برواكانی خۆم بوەستمەوە بۆ چەمكی دیموكراسی، ئەما لەم زنجیرە وتارەدا قسە لەسەر بەژداریكردن، یان بایكۆت كردن دەكەم. رووی وتارەكەم لە چوار لایەنەكەیە، نەك دوو لایەنەكەی ناو سیستەمی دەسەڵات. ئەو دوولایەنەی كە دەسەڵاتن، روونە گوتار و كردەكانیان چۆنە و، روونیشە چۆن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات دەڕوانن. وەلێ چوار لایەنەكە بە هەموو ئەو رەخنە و سەرنجانەوە لەسەرمان هەیانە، بە هەموو شێواوییە ناوخۆیییەكانیان، بەو نەتوانینەیان بۆ جێبەجێكردنی گوتارەكانیان، هێشتا وزەیەكیان تێدا ماوە بتوانن جارێكی كە، بە مۆدێلێكی جیاوازتر ببنە بەرگریكاری ئەو گوتارەی بەرزیانكردوەتەوە و، بەرگری لە ماف و داخوازی هاوڵاتیان بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە گرنگە لە ئێستادا قسە بۆ ئەوان بكرێت. (خوێنەری بەرێز بۆیە قسە لەسەر نەوەی نوێ ناكەم و دەیانكەمە دەرەوەی ئەم وتارە، چونكە هێشتا ئەم جوڵانەوەیە روون نییە بەرەو كوێ دەچێت و چۆن دەبێت. پێویستە هەڵبژاردنێك بكرێت و بەژداربن، پاشان دەزانین بەشێك دەبن لە دەسەڵات، یان بەشێك دەبن لەو گوتارە گەورەیەی ئێستا بەرزیانكردەوە و، رۆژگارێك بزوتنەوەی گۆڕان ئەو گوتارەی بەرزدەكردەوە و پاشان بۆی جێبەجێنەكرا و گیرۆدەبوو بە دەستییەوە، ئەمانیش ئەشێت لە قۆناغێكی تردا هەمان ئەزموون بێتەوە رێگایان و ئەو گیرۆدەبوونە ببینن، دەوەستین تا ئەو كاتە وێنە راستەقینەكەیان دەبینن، ئەوكات قسەی رژدیان لەسەر دەكەین، هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەوان.) چوار لایەنەكە نەیانتوانی لیستێكی هاوپەیانی دروستبكەن و جۆرێكی تر لە وزە و، جۆرێكی تر لە تێگەیشتنی سیاسیی بخەنەوە ناو خەڵك. هەوڵەكان بۆ دروستكردنی ئەم لیستە، كە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێستای رووبەری سیاسیی، شكستی هێنا. كەوایە ئێستا هەر چوار لایەنەكە لەبەردەم دۆخێكی ئاڵۆزدان. بەپێی راپرسییە نهێنییەكانی دوو پارتی دەسەڵات (زانیاریی راپرسییەكانیان گەیشتووەتە ناو رۆژنامەنووسان و نووسەران) ئەم هەڵبژاردنە لە شانسی ئەواندایە، لە كۆبوونەوە تایبەتییەكانی نێوانیاندا، بە هەمان شێوە قسە لەسەر ئەو دۆخەكراوە، كە دۆخێكی لەبارە بۆ هەردوو پارتی دەسەڵات. بۆ وەڵامی ئەم بانگەشەیەی لەناو خەڵكدا دەیبیستین، پێویستمان بە ئارگۆمێنتە تا روونیكەینەوە بزانین ئەم بانگەشەیە راستە یان نا. بزانین دۆخی چوار لایەنەكە چۆنە لەناو خەڵكدا؟ بشزانین دۆخی دوو پارتەكە لە ئێستادا چۆنە؟ یەكەم: هەڵبژاردنەكانی عێراق گورزێكی كوشندەبوو لە چوار لایەنەكە. دۆخێك دروستیوو هیچ لایەك سەنگی خۆی نەزانی. نە دادگای فیدڕاڵ، نە پەرلەمانی عێراق، نە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نەیانتوانی دۆخە شێواوەكە رونبكەنەوە. سەرەرایی ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی بەژداری هەڵبژارندەكانیان نەكرد، ئەو بەشەش بەشداریانكرد بە تەواوەتی توشی نائومێدی بوون. بەشە بەژداربووەكە دەنگەكانی خۆی دەوێت، چوار لایەنەكەش ناتوانن ئەو دەنگانە بگەڕێننەوە و دۆخەكە چۆن تێپەڕیوە بەهەمان شێوە تێدە پەڕێت. تێكدانی سیستەمی دەنگدانەكە، تێكدانی سیستەمی ئومێدی خەڵكیش بوو. دەنگدەرانیان گەیاندە ئەو بڕوایەی هەم داوای دەنگە ونبووەكانیان بكەن كە بۆیان ناگەڕێتەوە، هەم رێگە لە هەنگاوەكانیان بگرن جارێكی كە زۆرینەیان نەچنەوە سەر سندوقی دەنگدان. ئەمەش بۆ چوار لایەنەكە گورزی گوشندەیە و چاوەرێدەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەو گوزرە كاری خۆی بكات. بە دیوێكی دیكەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەرگایەكی گەورەبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. ئەم دەرگایە بەرووی پارتی و یەكێتیدا كرایەوە و، بەرووی چوار لایەنەكەدا داخرا. رەنگە لەكاتی هەڵمەتی ئەم جارەدا خەڵك پێیان بڵێت: ئێوە كە ناتوانن بەرگری لە دەنگەكانمان بكەن، چۆن دەتوانن داوای دەنگمان لێبكەن؟! بێگومان چوار لایەنەكەش دەستە وەستاندەبن لەبەردەم ئەم پرسیارە گرنگەدا. دووهەم: هیچ كەس ناتوانێت دڵنیایی بدات دوو هێزەكەی دەسەڵات ساختەكاری ناكەن. مێژووی هەڵبژاردن لەم هەرێمە، لەگەڵ مێژووی ساختەكاریدا، پێكەوە یەك مێژوویان هەیە و لەیەك ساتدا لەدایك بوون. هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە، چ لەناو حیزب، چ لەدەرەوەی حیزب، بەبێ ساختەكاری تێپەریبێت. بۆیە لەم هەڵبژاردنەشدا ئەگەر هەموو رێگاكانیشان لێبگیرێت_كە كەس نییە ئەو رێگایانەیان لێبگرێت_ لە گۆشەیەكی بچوكیشەوە بێت كاری خۆیان دەكەن. راپرسییە تایبەتییەكانی دوو پارتەكە دەریدەخەن ئەمجارە بە هێزی یەكەم و دووهەم دەمێننەوە! ئەمەش بۆ خۆی دوو رێگای هەیە، رێگای دەنگدانی ئاسایی، رێگای ساختە. بێگومان هەردوو رێگاكە بەروونی چاوەروانكراون و دەیانبینین. لەم رووەوە خاڵێكی تر چوار لایەنەكە، سەرلەنوێ گورزێكی دیكەیان بەردەكەوێت. بەبروای بەشێكی رۆشنبیران كە چاودێری دۆخەكە دەكەن، ئەم هەڵبژاردنە بە تەڵەیەكی مەترسیدار دەبینن، بۆ بچوككردنەوە و لاوازكردنی سەرجەم هێزەكان و پارچە پارچە كردنیان بۆ قەبارەی بچوكی ناو پەرلەمانی. بۆ رونكردنەوەی ئەم بڕوایە، پێویستمان بە ئارگۆمێنت هەیە تا بزانین چۆن؟ چوار لایەنەكە و لەناو كەوانەدا (ئۆپۆزسیۆن) لە دۆخێكی خراپدان. دۆخەكە بەشێكی پەیوەندی بە چوارچێوەی هەرێمەوە هەیە و، بەشێكیشی پەیوەندی بە ناوخۆی هێزەكانەوە هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان لەرووی گوتارەوە بەتەواوەتی گوتارەكەی لاواز بووە خەریكی هاژەهاژێكی دەنگدەر لەو هیچ لەو هاژەهاژە تێناگات. لەرووی ناوخۆیشەوە كەس بەخیلی بەناوخۆی نابات. هاوپەیمانی دوای گورزەكەی عێراق، نەیتوانیوە سەر دەربێنێتەوە و متمانە چ بۆخۆی، چ بۆ دەنگدەران دروست بكات. لەناوخۆشدا دۆخی ئەو هیچ لە دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان باشتر نییە. یەكگرتووی ئیسلامی، پاش ریفراندۆم بەتەواوەتی بەرەو لاوازی چوو، رەنگە قۆناغێكی زۆری بووێت تا جارێكی دیكە هەڵسێتەوە، چاوەروانیش ناكرێت ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم ئەو قۆناغەبێت ئەو تێیدا هەڵسێتەوە. كۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی ئەو فایلەوە بۆی نەخشێنرا، ئەمجارە لەو سنوورە توشی شكستی زۆر دەبێت و، لە سنووری ئەملاش دۆخەكەی هیچ باشتر نییە لە دۆخی هێزەكانی دیكە. ئەم چوار لایەنە یەكێك لە ئومێدە گەورەكەیان سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە. سروشتی ئەم دوو پارێزگایە لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دهۆك زۆر جیاوازە. دەنگە نارازییەكانی دەسەڵات بەشێكی زۆری لەم دوو پارێزاییە، بەڵام ئەم دەنگە نارازییانە پێناچێت لەم هەڵبژاردنەدا بەو ئاسانییە بەژداری بكەن، بەژداری نەكردنی ئەو دەنگە نارازییە كە ئومێدی ئەو چوار لایەنەیە، راستەوخۆ گۆرینی تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانە. خەڵكی نارازی مافی خۆیەتی لەم چوار لایەنە نیگەران بێت، ئەم چوار لایەنە گوتاریان نەماوە، جوڵەیان نەماوە، زۆربەی كاتەكانیشیان بۆ كێشە ناوخۆیەكانی خۆیان تەرخاندەكەن و، توانای ئەوەیان نییە ببنە هێزێك بتوانن شوێنی دوو هێزەكە بگرنەوە. نیگەرانی دەنگدەرانیش لەم چوار لایەنە، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەردەكەوێت. پێناچێت هێزێكیش لە رووبەرەكەدا مابێت جەسارەت بكات خۆی بە (ئۆپۆزسیۆن) پیشان بدات. تەواوی هەوڵەكان بۆ بەژداریكردنە لە دەسەڵاتەكە نەك دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێك بە گوتار و دونیابینیەكی نوێوە. ئەو دۆخەش تێپەڕی بە گوتارێكی كۆنەكەوە جارێكی كە نمایشی ئۆپۆزسیۆن بكەیت، چونكە ئەو گوتارە هێندە وترایەوە و شوێنی نەگرت، خودی گوتارەكە و خودی ئۆپۆزسیۆنە كۆنەكەش، لەناو رووبەری سیاسیدا كاریگەرییەكی نەما. پێناچێت ئەم چوار لایەنە بەم دۆخەی ئێستایانەوە بتوانن ئاڵوگۆرێك بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردندا بهێنن.(ئەمە جگە لەوەی بەشێكیان لیستی كاندیدەكانیان نیشانەی لاوازی هوشیاری سیاسییان و جێگەی پێكەنینێكی زۆرە.) گەر ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەك نییە بۆ تێكشكاندنی چوار لایەنەكە و وزەی ئۆپۆسیۆن بوون، ئەی چییە؟ ئەو كۆمەڵە سەرنجەی لەسەرەوە خستمنە روو، دیمەنێكن بۆ ترس لەم هەڵبژاردنە. گومانم نییە دەنگدەران و ئەندامانی دوو پارتەكەی دەسەڵات دەچن بۆ دەنگدان، گومانیشم نییە ئامادەكارییەكی تەمیز كراوە بۆ ساختەكاریی، گومانیشم لەوەنییە بەشێكی دەنگی نارازی لە ماڵەكانیان نایەتە دەرەوە، بەشێكی دەنگدەرانیش نیگەرانن لە دۆخی چوار لایەنەكە و ئەوانیش روونییە دێنە دەرەوە یان نایەنە دەرەوە. بەڵام ئەو دەنگەی لەناو هێزی هاوپەیمانیدا هەیە و باس لە بایكۆت دەكات لەلایەن چوار لایەنەكەوە، دەنگێكی ژیرانەیە. بۆئەوەی بزانین ئەم دەنگە چۆن دەنگێكی ژیرانەیە دەبێت بەشوێن وەڵامێكی دروستدا بگەڕێین. بایكۆتی گروپ، یان تاقە هێزێك، یان تاكە كەس و كەسایەتی، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و ئاڵوگۆرێكی گەورە دروست ناكات. بەڵام بایكۆتی چوار لایەن، بۆ خۆی گۆڕینی تەواوی پرۆسەكە و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی وزەیەكی گرنگە لە رووبەری سیاسیی و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە. (لەم دۆخەدا نابێت گوێ لە كۆمەڵێك كەسی بەرژەوەندی خوازبگیرێت كە شەیدای دەسەڵات و، لە ژیانیاندا هیچ فرسەتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی بگەن بەو سفرەی دەسەڵاتە، ئێستا تولە رێكیان دەستكەوتوە بۆگەیشتن پێی، ئیتر شیوەنی هەڵبژاردن دەكەن و ناشزانن دەرناچن.) هەرچۆن بەژداریكردن لە هەڵبژاردن كردەیەكی دیموكراسیانەیە، ئاواش بایكۆتكردنی كردەیەكی دیموكراسیانەیە. چوونی چوار هێز بەلاوازی بۆ ناو پەرلەمان گرنگە، یان مانەوەیان لە دەرەوەی پەرلەمان؟ رەنگە هەندێك كەس بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بڵێن: گەر ئێمە لەناو پەرلەمان نەبین، دوو پارتەكە چیان بوێت دەیكەن؟ لەوەڵامی ئەم بیانوە لاوازەدا دەبێت پێیان بڵێین: بێزەحمەت كەی ئەوان ویستویانە شتێك بكەن و ئێوە توانیبێتان بیوەستێنن؟ ئەو یاسایانەی ویستویانە تێپەڕن هەمیشە تێپەڕیون، ئەو پیسخۆرییەی دەستیانداوەتێ بەردەوامە و لەگەڵ بەردەوام بوونیشی بەشێكی هێزەكانی تریش تێوەی گلان، لەكاتێكدا بۆ بنبركردنی چوون، كەچی بەشێكیان كەوتنە ناوی! پەرلەمانێك گرنگە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزی تیابێت، یان پەرلەمانێك هێزێكی لاوازی ئۆپۆزسیۆنی تیابێت؟ ئۆپۆزسیۆن بوون مەرج نییە هەر لەناو پەرلەمان بێت، ئۆپۆزسیۆنبوون گوتارە، ئەم گوتارە لە هەرشوێنێكدا تەحقیقی بكەین، كاریگەری خۆی دەبێت و پەیوەندی بە تەنها شوێنێكەوە نیە. پاشان چ كام لەو چوار هێزە جەسارەت ئەكەن بڵێن: لەم هەڵبژاردنەدا بەهێز دەبین و دەتوانین كورسییەكانمان زیاد بكەین؟ بایكۆتكردنی چوار لایەنەكە تەسلیم بوون نییە، بە پێچەوانەوە گەر ئیرادەیەك هەبێت، گەر بروایەكی راستەقینە هەبێت، گەر گوتارێكی هەبێت، دەتوانرێت لەدەرەوەی ئەو بەژداریكردنە فریودەران و نمایشییەوە، كاری زۆر گەورە بكرێت. دەپرسین چ كارێك؟ ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێت چوار لایەنەكە یان بەلاوازی لەناو دەسەڵاتەكەن، یان لە دەرەوەی دەسەڵاتەكەن. گوتاری پەرلەمانیش بەتەواوەتی پەكخراوە. هەموو هێزی چوار لایەنەكە لەناو شاشەكاندایە و، بەشەرمیشەوە جار بەجار لە سەر شەقامن. كەوایە وزەی ئەم چوار لایەنە لەناو هۆڵی پەرلەمان نەبووە، لەناو دەسەڵاتیشدا نەبووە، بەڵكو لەسەر شاشەكان و شەقامبووە بەشەرمەوە. ئێستا ئەگەر ئەم وزەیە جارێكی كە بەشوێوەیەكی راستەقینە بگوازیتەوە بۆ شەقام و شاشەكان، چی روودەدا؟ كاریگەری دەبێت؟ ئایا دەسەڵات چی دەكات؟ ئەی گەر دەست لەم دوو شوێنە هەڵگریت و بچیتەوە ناو پەرلەمان بەو دۆخەی باسدەكرێت و بەروونی دیارە، چی دەبێت؟ ئایا ئەو رۆحە نامرێت كە كار بۆ دروستكردنی سیستەمێكی دروستدەكات؟ ئەو وزەیە كاڵنابێتەوە هێشتا جوڵەی تیاییە بۆ چاككردن؟ (من گومانم نییە هەرچی كاندیدی چوار لایەنەكەیە بەم وتارە خۆشحاڵ نین، چونكە زۆرینەیان خەونی تایبەتیان هەیە، بەڵام ئەوانەی خەونی گەورەیان هەیە بۆ كۆمەڵگەیە، بەم تێگەشیتنە ئاسودە دەبن.) رێگای دروستی چوار لایەنەكە لەم هەڵبژاردنە: داكۆكیكردنە لەوەی دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت. یاشان بایكۆتكردنییەتی و كارەكردنە بۆ بەرزكردنەوەی گوتاری بایكۆتكردن. بایكۆت لە پێناو حورمەتگرتنی دەنگدەردا، لە پێناو بەرگریكردن و گەرانەوەی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی عێراق. بایكۆتكردن رێگیركردنە لە دووبارە ساختەكاری. بایكۆتكردن هاتنە بۆناو خەڵك و پشتكردنە لەو دەسەڵاتەی هەرگیز ئامادە نییە لەپێناو خەڵكدا بیربكاتەوە و سیستەمێكی تەندروست دروست بكات. بایكۆتكردن سەرلەنوێ دورستكردنەوەی بلۆكێكی ئۆپۆزسیۆنە لە دەرەوەی هۆڵی ئەو پەرلەمانەی كە خەریكە نەخشەی دادانەكەی لەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە دیارە. بایكۆتكردنی ئەو چوار لایەنە بەرهەم هێنانەوەی گوتارێكی نوێیە، خۆ ئامادەكردنە بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ، هەڵبژارنێكی كەمترین ساختەی تیابكرێت، هەڵبژاردنێكی هەرلایەنە و قورسایی خۆی بزانێت، بە پێچەوانەوە بەژداریكردنی ئەو چوار لایەنە لەم هەڵبژاردنە بچوككردنەوەی چیرۆكە گەورەكەیە. لاوازكردنی ئەو وزەیەیە چەندین ساڵە كاری بۆ دەكرێت. نائومێدكردنی خەڵكە لە تەواوی دیدگای ئۆپۆزسیۆنبوون. كێشەی گەورەی ئەم چوار لایەنە لە ئێستادا ئەوەیە خەونی گەورەیان نەماوە، خەونی گەورە ئەوەیە هەوڵبدەی خۆت ببیتە دەسەڵات، كەچی خەونی ئەم چوار لایەنە بەژداریكردنی دەسەڵاتە! بەژداریكردن و خۆبوون بە دەسەڵات دوو خەونی زۆر جیاوازن. بەشێكی زۆری خەڵك نیگەرانە لەم چوار لایەیەنە پەیوەندی بەوە هەیە تێدەگەن خەونی گەورەیان نەماوە. ئەگەر چوار لایەنەكە چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژدارنەوە و بەژداریانكرد، لە مانگەكانی داهاتوودا دەیانبینین بە چ قەبارەیەكی بچوكەوە دەچنە پەرلەمان، گەر بایكۆتیشیانكرد و بلۆكێكی سیاسیی نوێیان دروستكرد و، پشتیان لە هۆڵی پەرلەمانكرد و گەرانەوە بۆ سەر شەقام و، گوتارێكی نوێیان بەرزكردەوە. ئەوكات دەكرێت قسەی دیكە لەسەر ئەو رووبەرە نوێیەی خەیاتی مەدەنی بكەین و، قسە لەسەر ئەو بلۆكە نوێیە بكەین. گەر نەشیانكرد بێگومان بە قەبارەی بچوكەوە دەیانبینینەوە.
■ كەمال رەئوف.. حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، بەدەم خەریكی پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن و بەدەستیان خەریكی سیخناخ كردنی دەنگی ساختەی ترن. دیارە ئەوان چیتر بۆ حوكمرانی شەری شەرعیەت لەگەڵ هیچ لایەك ناكەن، بەڵكو ئەوان شەری ئەوە دەكەن دەسەڵات و هێزیان بەدەستەوە بێت بۆ حوكمرانی، هەربۆیە نزیكەی 240 هەزار دەنگی ساختەو مردو لە تۆماری دەنگدەران هەیە و بە ئەنقەست پاك ناكرێتەوە، جیاوازی تۆماری دەنگدەرانی بەغداد و هەرێم 275 هەزار ناوە، ئەمە جگە لەو دەنگ و ناوانەی كە بەناوی ئاوارەوكوردانی دەرەوەی هەرێم خزێنراونەتە ناو تۆمارەكەوە، ئەمە جگە لەو هەموو پێناسە ساختەیەی ئامادە كراوە لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگیان پێبدرێت، ئەمانە جگە لەو هەموو گزی و ساختانەی لەكاتی هەڵبژاردن بەناوی دەنگی تایبەت و بەرێگای تر بۆمانەوەی خۆیان بەكاری دەهێنن. باشە هەڵبژاردنێك بەم شێوەیە بەرێوە بچێت كە هێزەكانی دەسەڵات تەنها هەر بەگەزی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دۆخەكە بیپێون، ئەبێت بۆچی ئەم هێزانەی تر غیرەتی ئەوەیان نەبێت بەمەبەستی هێنانە پێشەوەی دۆخێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنێكی باشتر لەوەی ئێستا، داوایی دواخستن و چاككردنی دۆخی هەڵبژاردن بكەن، هەڵبژاردنێك كە هەموو كەس بزانێت سەری گوریسەكە تاكۆتاییەكەی بەدەست كێوەیە، ئەبێت هونەر و حیكمەتی ئەم تاقیكردنەوە تاڵە بەناوی هەڵبژاردن چی بێت و بۆچی بێت؟. هەردوو حزبی خاوەن دەسەڵات شەرم ناكەن و شانازیش بەوەوە ئەكەن، كە خواستی خۆیان بسەپێنن و كەی مەبەستیان بوو هەڵبژاردن بكەن، كەی نەیانویست دوایبخەن، چۆن ویستیان یاسای بۆ دەربكەن، كە نەشیان ویست دەرگای پەرلەمان بەتەواوەتی دابخەن، ئاخۆ ئەبێت ئەو لایەنانەی كە خۆ بەئۆپۆزیسۆن دەزانن، ئیتر شەرم لەچی بكەن گەر مەرجی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن، چاككردن و دروستكردنی دۆخێكی گونجاوتر و پاكتری بێ ساختە بێت، بەپێچەوانەوە دەبوایە حزبە زیان لێكەوتوەكانی هەڵبژاردنی 12/ 5 خاوەن پرۆژەو بەرنامەیەكی هاوبەشی تۆكمەو رۆشن بوونایەو تائاستی بایكۆت و تاكە مەرجیان بۆ بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنە، دورخستنەوەی كاری ساختەكاری بوایەو بۆ ئەمەش ئەركی گەورەیان بۆ حكومەت دیاریبكردایەو بەرپرسیارێتیەكەیان بخستایەتە سەر شانی حكومەت و لەبەرامبەر ئەنجام نەدانیشیدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتی كاربەرێكاریان مەترح بكردایە، دەبوایە ئەوان بۆ سەرپەریشتی ئەم هەڵبژاردنە، لەپێش هەر شتێكیشەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیان بكردایە بە دورخستنەوەی ئەندامەكانی خۆشیانەوە، چونكە ئێستا ئەوەی گرفتە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاكی بێ ساختە هەر بێ باكی ئەندامانی دەسەڵات نییە لەكۆمیسۆن، بەڵكو شەرم و بێ ئیرادەی ئەندامەكانی خۆشیانە. ئێستا مادام هەڵبژاردن پرنسیپەكانی خۆی لەدەستداوەو خاڵی كراوەتەوە لەبەهای دیموكراتیەت و گەرانەوەی شەعیەت بۆ حوكمرانی، ئیتر ئەبێت ململانێ بۆ وەرگرتنی حوكمرانی ململانێی وەرگرتنی گۆرینی هاوسەنگی هێز بێت، نەك جوانكردن و رەنگ كردنی شەرعیەتی حوكمرانی.
