درەو: 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئامارەکانی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق، تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) مانگانە بڵاو دەکاتەوە، پاڵپشت بە کۆی ئەو ئامارانەی لە (12) مانگی ساڵی (2025) بڵاوی کردوونەتەوە؛ 🔹 ئامارەکان دەگاتە (329 هەزار و 130) حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراو، بەرزترین ئاستی هاوسەرگیری بەڕێژەی (10.5%) لە مانگی تشرینی یەکەم تۆمارکراوە، هاوکات زۆرترین هاوسەرگیری بە ڕێژەی (15.2%) لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ ڕەسافە تۆمار کراوە. کەمترین هاوسەرگیری بە ڕێژەی (7%) لە مانگی ئازاردا بووە، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری بە ڕێژەی (2.5%) لە پارێزگای موسەننا بووە. 🔹 لە کاتدا (72 هەزار و 528) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە. بەرزترین ئاستی جیابوونەوە بەڕێژەی (10.3%) لە مانگی تشرینی یەکەم تۆمارکراوە، هاوکات زۆرترین جیابوونەوە بە ڕێژەی (18.1%) لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ کەرخ تۆمار کراوە. کەمترین جیابوونەوە بە ڕێژەی (6.7%) لە مانگی کانونی یەکەمدا، کەمترین ڕێژەی جیابوونەوە بە ڕێژەی (2%) لە پارێزگای موسەننا بووە. پوختە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئامارەکانی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق، تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) مانگانە بڵاو دەکاتەوە، پاڵپشت بە کۆی ئەو ئامارانەی لە (12) مانگی ساڵی (2025) بڵاوی کردوونەتەوە؛ ئامارەکان دەگاتە (329 هەزار و 130) حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراو، بەرزترین ئاستی هاوسەرگیری بەڕێژەی (10.5%) لە مانگی تشرینی یەکەم تۆمارکراوە، هاوکات زۆرترین هاوسەرگیری بە ڕێژەی (15.2%) لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ ڕەسافە تۆمار کراوە. کەمترین هاوسەرگیری بە ڕێژەی (7%) لە مانگی ئازاردا بووە، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری بە ڕێژەی (2.5%) لە پارێزگای موسەننا بووە. لە کاتدا (72 هەزار و 528) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە. بەرزترین ئاستی جیابوونەوە بەڕێژەی (10.3%) لە مانگی تشرینی یەکەم تۆمارکراوە، هاوکات زۆرترین جیابوونەوە بە ڕێژەی (18.1%) لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ کەرخ تۆمار کراوە. کەمترین جیابوونەوە بە ڕێژەی (6.7%) لە مانگی کانونی یەکەمدا، کەمترین ڕێژەی جیابوونەوە بە ڕێژەی (2%) لە پارێزگای موسەننا بووە. هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە عێراق؛ شیکردنەوەی ئامارەکانی ساڵی 2025 لە کاتێکدا عێراق بە قۆناغێکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2025 نیشانەی مەترسیدار و گۆڕانکاریی گەورە لە پێکهاتەی خێزاندا دەخەنەڕوو. بەپێی داتاکان، لەم ساڵەدا کۆی (329,130) گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، بەڵام لە بەرامبەردا (72,528) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە. 1. بەغداد؛ پایتەختی هەڵوەشانەوەی خێزان بەپێی داتاکانی سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە، بەغداد بە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافەوە، گەورەترین پشکی لە هەڵوەشاندنەوەی خێزاندا بەرکەوتووە: • بەری کەرخ: سەرەڕای ئەوەی تەنها (33,610) هاوسەرگیری تێدا بووە، بەڵام بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی تۆمار کردووە کە (13,108) حاڵەت بووە (واتە نزیکەی (39%)ی هاوسەرگیرییەکان تێکچوون). • بەری ڕەسافە: زۆرترین ژمارەی هاوسەرگیری تێدا بووە بە (50,158) حاڵەت، بەڵام هاوکات (12,040) حاڵەتی جیابوونەوەشی تێدا تۆمارکراوە. 2. پارێزگاکانی نەینەوا و بابل؛ نموونەی جێگیریی کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەی بەغدادی پایتەخت، پارێزگای نەینەوا هاوسەنگییەکی باشتری نیشانداوە؛ بە (37,532) هاوسەرگیری، تەنها (5,775) جیابوونەوەی تێدا بووە. هەروەها دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای بابل بە یەکێک لە جێگیرترین ناوچەکان دادەنرێت، کە تەنها (3.1%)ی کۆی جیابوونەوەکانی عێراقی تێدا تۆمارکراوە. 3. کاریگەریی کات و وەرزەکان لەسەر بڕیارەکان شیکردنەوەی مانگانەی ئامارەکان دەریدەخات، کە هۆکارە ژینگەیی و ئایینییەکان کاریگەرییان لەسەر کاتی ئەنجامدانی پرۆسەکان هەیە، بەجۆرێک: • تشرینی یەکەم (مانگی 10) :قەرەباڵغترین مانگی دادگاکان بووە، کە تێیدا (34,617) هاوسەرگیری و (7,470) جیابوونەوە تۆمارکراوە. • ئاب (مانگی 8): بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و بۆنە ئایینییەکان، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تێدا تۆمارکراوە (16,654)، بەڵام ڕێژەی جیابوونەوە تێیدا هەر بە بەرزی ماوەتەوە (6,214) حاڵەت تۆمار کراوە. 4. کورتەی ئامارە گشتییەکان • کۆی هاوسەرگیری: 329,130 • کۆی جیابوونەوە: 72,528 • بەرزترین (جیابوونەوە): بەغداد/ کەرخ (18.1%) • نزمترین (جیابوونەوە): موسەنا (2.0%) 5. دەرەنجامی گرنگ ئامارەکان دەریدەخەن کە لەسەر ئاستی گشتی (15) پارێزگاکەی عێراق، لە بەرامبەر هەر (4.5) هاوسەرگیرییەک، حاڵەتێکی جیابوونەوە هەیە. ئەم ڕێژەیە لە شارە گەورەکان و ناوچە پیشەسازییەکانی وەک بەسرە (کە (8,280) جیابوونەوەی تێدا بووە) زیاتر هەستی پێ دەکرێت، کە ئاماژەیە بۆ فشاری ئابووری و گۆڕانی شێوازی ژیان لە شارە گەورەکاندا. بۆ وردەکاری و بەرچاوڕوونی زیاتر بڕوانە خشتە و چارتەکان
درەو: 🔹 ڕێکخراوی داعش، لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 بەرپرسیارێتی هەزاران کردەوەی گرتووەتە ئەستۆ، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار چڕ بوبوونەوە؛ بە جۆرێک ئەم پارێزگایانە پێکەوە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکانیان پێکدەهێنا، کە ژمارەیان گەیشتبووە (5 هەزار و 772) کردەوە. 🔹 لە سووریا، ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی ئەنجامداوە، بەڵام دابەزینێکی بەرچاو دەبینرێت لە (288) کردەوە لە ساڵی 2024ەوە بۆ تەنها (128) کردەوە لە ساڵی 2025دا. سەرەتا لەم ساڵانەی دواییدا و سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوام بوون. ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 بەرپرسیارێتی هەزاران کردەوەی گرتووەتە ئەستۆ، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار چڕ بوبوونەوە؛ بە جۆرێک ئەم پارێزگایانە پێکەوە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکانیان پێکدەهێنا، کە ژمارەیان گەیشتبووە (5 هەزار و 772) کردەوە. هێرشە ئاسمانییەکان و جووڵە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نێوان ساڵانی 2017–2020، کە گەیشتە (هەزار و 846) هێرش لە پارێزگا جیاوازەکاندا، بووە هۆی پاشەکشەیەکی پلەبەندی لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە، بەتایبەتی دوای ساڵی 2021، تا وای لێهات لە ساڵی 2025دا ئاستی چالاکییەکانیان گەیشتە نزمترین ئاست. لە لایەکی ترەوە و لە سووریا، ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی ئەنجامداوە، بەڵام دابەزینێکی بەرچاو دەبینرێت لە (288) کردەوە لە ساڵی 2024ەوە بۆ تەنها (128) کردەوە لە ساڵی 2025دا. ئەم دابەزینە نیشانەی لاوازبوونی تواناکانی ڕێکخراوەکەیە لە سووریا، کە هاوشێوەی دۆخی عێراقە و دەرەنجامی ئەو فشارە ئەمنی و سەربازییە چڕەیە کە خراوەتە سەر مۆڵگەکانیان لە هەردوو وڵاتدا. بە کورتی، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش ئێستا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا و تەنها لە هەندێک ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵات چالاکە، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانی و سەربازییە ڕاستەوخۆکان بوونەتە هۆی سنووردارکردنی جووڵەکانیان و پاشەکشەی کردەوەکانیان بۆ ناوچەی دیاریکراو. بڵاوبوونەوەی جوگرافیای ڕێکخراوی داعش لە کاتی هەڵکشانی هێزەکەی لە ساڵی 2014 و کۆنترۆڵکردنی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا، ڕێکخراوی داعش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ 20 ویلایەت دابەش کردبوو. لە عێراقدا ویلایەتەکانی (باشوور، ئەنبار، فەلوجە، دیالە، بەغدا، باکووری بەغدا، سەڵاحەدین، کەرکوک، دیجلە، نەینەوا و جەزیرە)ی لەخۆ دەگرت. لە سووریاش ویلایەتەکانی (بەرەکە، خەیر، ڕەققە، حومس، حەلەب، دیمەشق، حەمات و ئیدلب) بوون، جگە لەو ناوچانەی لە ڕێگەی "بەیعەت"ـەوە دەستی بەسەردا گرتبوون. ویلایەتی "جەزیرە" بیابانەکانی حەزەر و ناوچەکانی شەنگال، تەل عەبتە، مەحلەبیە، تەلەعفەر، زوممار و بەعاجی لە پارێزگای نەینەوا دەگرتەوە. ویلایەتی "دیجلە" بریتی بوو لە گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر ڕووباری دیجلە، لە قەزای بێجییەوە تا ناحیەی حەمام عەلیل لە پارێزگای نەینەوا. لە سووریاش، ویلایەتی "خەیر" دەوروبەری مەیادین و ئەلبووکەمال بوو لە پارێزگای دێرەزوور، هەروەها ویلایەتی "بەرەکە" گوزارشتی لە پارێزگای حەسەکە دەکرد. دوای ساڵی 2017، هەژموونی ڕێکخراوەکە لە دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەوە گۆڕا بۆ کۆنترۆڵێکی ناڕاستەوخۆ و بوونیان تەنها لە چوارچێوەی "شانە نوستووەکان" و گیرفانی بچووکدا مایەوە. لە سووریا، بوونیان تەنها لە ناوچە بیابانییەکان و هەندێک شوێنی سنووردار وەک (مەیادین، ئەلبووکەمال، حەسەکە، حومس و دیمەشق) ماوەتەوە، بێ ئەوەی دەسەڵاتی فعلییان بەسەر حەلەب، ڕەققە، حەمات و ئیدلبدا هەبێت. لە عێراقیشدا، لە ئێستادا ڕێکخراوەکە تەنها لە ناوچە بیابانی، شاخاوی و چۆڵەکاندا وەک شانەی نوستوو ماونەتەوە. چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق 2018 – 2026 چارت داتا ئامارییەکانی ساڵانی 2018 - 2026 ئاماژە بە پاشەکشەیەکی پلەبەندیی کردەوەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا کۆنترۆڵی زەمینیی ناوچەکانی لەدەستدا. لە کاتێکدا ئاستی چالاکییەکانی لە نێوان ساڵانی 2018 - 2021دا بە بەرزیی مابووەوە و ساڵانە زیاتر لە 1,000 کردەوەی ئەنجام دەدا، بەڵام لە ساڵی 2022دا تووشی داڕمانێکی کوشندە هات؛ بە جۆرێک ژمارەی چالاکییەکانی بۆ 487 کردەوە دابەزی و ئەم کورتهێنانە بەردەوام بوو تا لە ساڵی 2025دا تەنها گەیشتە 14 کردەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێژەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بەراورد بە ساڵی 2018 بە ڕێژەی 98.9% دابەزیوە. وەرچەرخانە ستراتیژییەکانی ڕێکخراوەکە ڕێکخراوی داعش لە نێوان ساڵانی 2014 - 2026دا پێنج قۆناغی جیاوازی بڕیوە، کە گوزارشت لە خولی ژیانی ڕێکخراوەکە دەکەن لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیەوە تا کاتی کاڵبوونەوەی؛ • قۆناغی یەکەم (2014 - 2018): ئەمە دیارترین قۆناغی ڕێکخراوەکە بوو، تێیدا گۆڕدرا بۆ "دەوڵەتێک" کە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و ناوچەگەلێکی فراوانی لە سووریا لەژێر دەستدا بوو. • قۆناغی دووەم (2018 - 2019): گرنگترین نیشانەی ئەم قۆناغە داڕمانی ئەو دەوڵەتە بوو کە لە ساڵی 2014دا دامەزرابوو. دوای لەدەستدانی "دەسەڵاتی زەمینی"، ڕێکخراوەکە پەنای بۆ بڵاوبوونەوەیەکی جوگرافیی فراوان و هێرشی جۆراوجۆر برد، وەک هەوڵێک بۆ سەلماندنی بوونی خۆی. • قۆناغی سێیەم (2020): لێرەدا ژمارەی کردەوەکان بە بەرزی مابوونەوە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و ئەنبار. ڕێکخراوەکە لەم قۆناغەدا پشتی بە ستراتیژی "جەنگی درێژخایەنی پڕوکان" دەبەست. • قۆناغی چوارەم (2021 - 2022): ئەمە قۆناغی پاشەکشە و کشانەوە بوو. ئەنجامە هەرە دیارەکانی بریتی بوون لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی کردەوەکان و بچووکبوونەوەی مەودای جوگرافی؛ ڕێکخراوەکە لێرەدا لە ستراتیژی "بڵاوبوونەوە"وە گۆڕدرا بۆ ستراتیژی "خۆحەشاردان و جێگیربوون" لە شوێنی دیاریکراودا. • قۆناغی پێنجەم (2023 - 2025): ئەمە بە قۆناغی "ماتبوون یان نیوە سڕبوون" دادەنرێت. نیشانەکانیشی بریتی بوون لە کردەوەی زۆر کەم و نەمانی چالاکی لە زۆربەی ئەو پارێزگایانەی کە پێشتر ناوەندی قورسیی کردەوەکانی ڕێکخراوەکە بوون. بەراوردکارییەکی گشتگیر لە نێوان ساڵەکاندا ئەوە دەسەلمێنێت کە داعش لە عێراقدا، لە ماوەی حەوت ساڵدا لە چالاکییەکی فراوان و ڕێکخراوەوە گەیشتووەتە قۆناغی کشانەوەی تەواوەتی. ڕەوتی کات نیشانی دەدات کە ئەوەی دوای ساڵی 2021 ڕوویدا تەنها پاشەکشەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو ئاڕاستەیەکی جێگیری پێکهاتەیی بوو بەرەو هەڵوەشانەوەی سەربازی، کە لە ساڵی 2025دا گەیشتە لوتکە و کەمترین ژمارەی کردەوەی تێدا تۆمارکرا لەو کاتەوەی کە تێکشکانی زەمینیی خۆی ڕاگەیاندووە. جوگرافیای کردەوەکانی داعش 2018 - 2026 داتا کەڵەکەبووەکانی پەیوەست بەو کردەوانەی کە ڕێکخراوی داعش لە نێوان ساڵانی 2018 و 2026 لە عێراقدا گرتوویەتیە ئەستۆ (کە کۆی گشتییان 5 هەزار و 772 کردەوەیە)، دەریدەخەن کە چالاکییە مەیدانییەکانی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی دیار لە ناوچە جوگرافییە دەستنیشانکراوەکاندا چڕ بووەتەوە، لەگەڵ هەبوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پارێزگاکاندا. • چەقە سەرەکییەکانی چالاکی: پارێزگای دیالە بە (هەزار و 607) کردەوە لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش نزیکەی (27.8%)ی کۆی گشتیی کردەوەکان پێکدەهێنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە دیالە وەک چەقێکی سەرەکیی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە ماوەتەوە. دوای ئەویش، پارێزگای کەرکوک بە (هەزار و 364) کردەوە (23.6%) دێت؛ بەمەش ئەم دوو پارێزگایە پێکەوە زیاتر لە نیوەی چالاکییە مەیدانییەکانیان (51.4%) لەو ماوەیەدا پێکهێناوە. • پشتێنەی ناوەند: پارێزگاکانی سەڵاحەدین (641) و ئەنبار (609) لە پلەکانی دواتردا دێن، کە ڕێژەی هەردووکیان پێکەوە دەگاتە نزیکەی (21.8%)، ڕێکخراوەکە لەم ناوچانەدا پشتی بە ڕووبەرە جوگرافییە فراوانەکان و سروشتی گوندنشین و بیابانی بەستووە. • ناوچە ناجێگیرەکانی تری کردەوەکان: ناوچەکانی باکووری بەغدا (478) و دیجلە (464) ژمارەی نزیک لە یەکیان تۆمار کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنی فشاری ئەمنی لە نزیك پایتەخت، بێ ئەوەی بگەنە ئاستی چڕیی کردەوەکانی پارێزگاکانی باکوور. لە بەرامبەردا، ناوچەکانی باشوور (145)، بەغدا (132) و نەینەوا (137) ئاستێکی نزمیان تۆمار کردووە. کەمترین ژمارەش لە فەلوجە (107)، جەزیرە (61) و بادینە (27) بووە. هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق 2017 - 2020 داتا ئامارییەکانی هێرشە ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دابەشبوونێکی جیاواز لە نێوان پارێزگاکاندا نیشان دەدەن، کە کۆی گشتییان (هەزار و 846) هێرش بووە لە ماوەی چوار ساڵدا. • ئەو پارێزگایانەی زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر: هاوپەیمانان 612 هێرشیان (33.2%) لە شوێنە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامداوە. لە ئەنبار 537 هێرش (29.1%) ئەنجامدراوە بەهۆی سوودوەرگرتنی داعش لە ناوچە بیابانییە کراوەکان بۆ خۆحەشاردان. لە پارێزگای نەینەواش 346 هێرش (18.7%) ئەنجامدراوە. • ئەو پارێزگایانەی هێرشی مامناوەندیان تێدا بووە: لە کەرکوک 235 هێرش (12.7%) هەبووە بەهۆی چالاکییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە لە باکوور، هەروەها لە سەڵاحەدین 106 هێرش (5.7%) خاڵە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەیان کردووەتە ئامانج. • کەمترین هێرش: هەریەک لە بەغدا و دیالە تەنها 14 هێرشیان (0.8%) تێدا ئەنجامدراوە؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی دیالە لە زۆربەی ساڵەکاندا لە پێشەنگی کردەوەکانی داعش بووە، کە لە ماوەی 7 ساڵدا ( هەزار و 607) کردەوەی تێدا کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سنوورداریی کاریگەریی ڕێکارە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا. چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی سووریا (2024 - 2025) ڕێکخراوی داعش لە ماوەی ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی لە سووریا ئەنجامداوە، کە چالاکییەکان لە چەند پارێزگایەکی دیاریکراو چڕ بوونەتەوە: پارێزگای دێرەزوور (کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق) بە (274) کردەوە لە پێشەنگدایە، کە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکان پێکدەهێنێت. پارێزگای حەسەکە (ئەویش هاوسنوورە لەگەڵ عێراق) بە پلەی دووەم دێت بە (78) کردەوە، دوای ئەویش ڕەققە بە (27) کردەوە؛ ئەمەش بەردەوامیی بوونی ڕێکخراوەکە لە ناوچەکانی کەنار ڕووباری فورات و ناوچە گوندنشینە کراوەکانی ڕۆژهەڵات نیشان دەدات. لە پارێزگاکانی تردا چالاکییەکان سنووردار بوون؛ بە جۆرێک لە حمس (هاوسنوور لەگەڵ عێراق) 18 کردەوە، حەلەب 9، حەمات 6، ئیدلب 3 و لە دیمەشق تەنها یەک کردەوە تۆمارکراوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی توانای ڕێکخراوەکە بۆ کارکردنی بەردەوام لە ناوچەکانی ڕۆژاوا و باشوور، بەهۆی ڕێکارە ئەمنییە چڕەکان و چاودێرییە ناوخۆییەکانەوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە؛ - شبكة الساعة، تنظيم داعش: خريطة النشاط العملياتي للفترة 2018 – 2026، 2026-02-08؛ https://shorturl.at/YCSuP - Aaron Y. Zelin, Ilana Winter, One Year of the Islamic State Worldwide Activity Map, Washington Institute, Mar 20, 2024, at; https://shorturl.at/2Rqjb - Aaron Y. Zelin, Introducing the Islamic State Select Worldwide Activity Map, Washington Institute, Mar 21, 2023; https://shorturl.at/tCsnm
درەو: ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 🔹 پرۆسەی گواستنەوەی زیندامیانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق دەستی پێکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە (هەزار و 350) دەستگیرکراو کە لە زیندانەکانی حەسەکەی سووریاوە لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. 🔹 ئامانجەکە ئەوەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نزیکەی (7 هەزار) دەستگیرکراوی تر بە چەند قۆناغێک بگوازرێنەوە بۆ عێراق. 🔹 ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات گواستنەوەی ژن و منداڵەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە لەو کەمپانەی لێی نیشتەجێ بوون لە سوریاوە بۆ عێراق. 🔹 میوانداریکردنی چەکدارانی داعش بە مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ دادەنرێت، چونکە ئەگەری یاخیبوون یان هەڵاتن لە زیندانەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ دروست دەکات. 🔹 عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە یاساییە گەورەکان دەبێتەوە بەهۆی فشار لەسەر سیستەمی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تۆمەتبارانی تیرۆر 🔹 میوانداریکردنی زیندانیانی داعش بارگرانییەکی دارایی و کارگێڕی زیاتر دروست دەکات، لەبەر پێویستی بە زیندانی زۆر پارێزراو، ستافی ئەمنی زیادە، و تێچووی بەردەوامی بەڕێوەبردن، جگە لە فشار خستنە سەر ژێرخانی زیندانەکان کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست قەرەباڵغییەوە دەناڵێنێت. سەرەتا دوای ڕێککەوتنی ئاشتی و تێکەڵبوونی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات SDF))، و بوونی مەترسی لە لاوازبوونی کۆنترۆڵکردنی زیندان و گرتووخانەکان، کە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی تێدایە، بەتایبەتی مەترسی هەڵاتنی چەکدارانی داعش و پلان گێڕان بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان لە ناوچەکەدا؛ عێراق وای دەبینێت کە باشترین بژاردەی ئەمنی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مەترسییەکانیان لە ناوخۆی سوریا و عێراقدا، گواستنەوەیانە بۆ ناو خاکی عێراق و دانانیان لە زیندانی تایبەتدا. شایەنی باسە ئەم بڕیارە تەنها بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە نەبووە، بەڵکو هەڵوێستێکی پێشووتری عێراق بووە بۆ کۆنترۆڵکردنیان و دەستەبەرکردنی مانەوەیان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بە شێوەیەکی گونجاو. کەواتە پرۆسەی گواستنەوەکە بە هیچ شێوەیەک بەسەر عێراقدا نەسەپێنراوە. پرۆسەی گواستنەوەکە دەستی پێکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە (هەزار و 350) دەستگیرکراو کە لە زیندانەکانی حەسەکەی سووریاوە لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. پلانەکە ئامانجی ئەوەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نزیکەی (7 هەزار) دەستگیرکراوی تر بە چەند قۆناغێک بگوازرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان. دەستگیرکراوەکانیش بەپێی ئاستی مەترسییان پۆلێن دەکرێن بۆ: سەرکردە باڵاکان، چەکدارانی ئاسایی، و ئەوانەی مەترسییان کەمترە. دەرفەتە بەردەستەکان بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ پێشوازیکردن لەمانە، کۆمەڵێک تێبینی و ڕەچاوکردنی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەخۆ دەگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بنەمای بڕیارەکە نادڵنیاییە لە ژینگەی ئەمنی سووریا بەپێی دراوەکانی ئێستا، بۆیە ڕەوانەی عێراق کراون بۆ پاراستنیان. ئەم هەڵوێستە متمانەیەکی بەرز بە دەزگاکانی حکومەتی عێراق نیشان دەدات لە وەرگرتن و هێشتنەوەیان تا تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و دادگاییەکردن؛ بەڵام گواستنەوەی ئەم ژمارە زۆرە بە چەند قۆناغێک، هەندێک ئاڵنگاری و گرفت دروست دەکات، ئەوەی بابەتەکەش ئاڵۆزتر دەکات گواستنەوەی ژن و منداڵەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە لەو کەمپانەی لێی نیشتەجێ بوون لە سوریاوە بۆ عێراق. پرۆسەی گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بۆ زیندانەکانی عێراق، دەرفەتێکە بۆ عێراق تا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ زۆربەیان تەواو بکات، بەتایبەت کە نابێت لە ئاست تەحەدییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا کەمتەرخەمی بکرێت. پێشتر لایەنە دادوەرییەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی وەرگیراون. بەهۆی زۆری ئەو تاوانانەی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دراون، ئاشکراکردنی سەرەداوەکانیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە و بوونیان لە لێرە کارئاسانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەکات. لەبری هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا، ئێستا لەژێر دەستی خۆدان، ئەمەش ماندووبوون و تێچووی دارایی بۆ عێراق کەمدەکاتەوە. هەروەها بوونیان لە عێراق دڵنیایی زیاتر دەدات بەهۆی هەستیاریی بارودۆخی سوریا و فرەیی لایەنە چەکدارەکان لەوێ. عێراق دەتوانێت پەیوەندییەکی سیاسی-ئەمنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بە شێوەیەکی پیشەیی دابڕێژێت و ستراتیژێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی منداڵەکانیان لە کەمپەکاندا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابنێت. هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسێکی لەم شێوەیە دەرفەتێکە بۆ باشترکردنی دەزگای دادوەری؛ چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی تیرۆر بە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان، دەبێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی دادوەری بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی دژەتیرۆردا. حکومەت دەتوانێت بەرنامەکانی دووبارە ڕاهێنانەوە و تێکەڵکردنەوە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنێت بۆ بونیادنانی بەرنامەی کاریگەر بۆ ڕاهێنانەوەی توندڕەوەکان، کە لایەنی پیشەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بگرێتەوە و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری بیری توندڕەوی. ئەم خاڵانە یارمەتیدەرن بۆ نیشاندانی عێراق وەک نموونەیەک لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕەچاوکردنی مافی قوربانیان و سزادانی تیرۆریستان بە شێوەیەکی شایستە. ئاڵنگاری و مەترسییەکان دەکرێت کۆمەڵێک مەترسی پەیوەست بە گواستنەوە و هێشتنەوەی ئەم تیرۆریستانە لە زیندانەکانی عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە کورت بکرێنەوە: 1. مەترسییە ئەمنییەکان: میوانداریکردنی چەکدارانی داعش بە مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ دادەنرێت، چونکە ئەگەری یاخیبوون یان هەڵاتن لە زیندانەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ دروست دەکات. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی ڕێکخراوەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی چالاککردنەوەی شانە نووستووەکان یان گۆڕینی زیندانەکان بۆ ژینگەیەکی لەبار بۆ بەرهەمهێنانەوەی بیری توندڕەوی ئەگەر ڕێکاری توندی جیاکردنەوە و پۆلێنکردن نەبێت. 2. نیگەرانییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان: ئەم دۆسیەیە ناڕەزایەتییەکی فراوانی لە ناوخۆی کۆمەڵگەی عێراقیدا لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە زیانیان پێگەیشتووە، چونکە میوانداریکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە وەک کەمکردنەوە لە مافی قوربانییەکان دەبینرێت. هەروەها دۆسیەکە ئەگەری زۆری هەیە بکرێتە کەرەستەی سیاسی، کە ببێتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی و سوودوەرگرتنی سیاسی کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری بڕیارە حکومییەکان دەبێت. 3. مەترسییە یاساییەکان و مافەکانی مرۆڤ: عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە یاساییە گەورەکان دەبێتەوە بەهۆی فشار لەسەر سیستەمی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تۆمەتبارانی تیرۆر، جگە لە ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕێکارەکانی دادگایی و بارودۆخی دەستبەسەرکردن و سزای لەسێدارەدان، کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەبێت. 4. بارگرانی ئابووری و کارگێڕی: میوانداریکردنی زیندانیانی داعش بارگرانییەکی دارایی و کارگێڕی زیاتر دروست دەکات، لەبەر پێویستی بە زیندانی زۆر پارێزراو، ستافی ئەمنی زیادە، و تێچووی بەردەوامی بەڕێوەبردن، جگە لە فشار خستنە سەر ژێرخانی زیندانەکان کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست قەرەباڵغییەوە دەناڵێنێت. 5. نیگەرانییە ستراتیژییەکان: نیگەرانییەکی ستراتیژی هەیە لەوەی عێراق ببێتە لایەنێک کە بارگرانییەکی نێودەوڵەتی لەجیاتی ئەو وڵاتانە هەڵبگرێت کە نایانەوێت هاوڵاتییە چەکدارەکانیان وەربگرنەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی درێژخایەن دەخاتە سەر شانی عێراق کە لەگەڵ تواناکانیدا ناگونجێت و پێچەوانەی پرەنسیپی دابەشکردنی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتییە. هەروەک چۆن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش پێکهێنرا و ئەرکی خۆی لە تێکشکاندنی سەربازی و ئەمنی ئەو قەوارەیە جێبەجێ کرد، دەبێت ستراتیژێکیش هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەندامە تیرۆریستەکان و خێزانەکانیان لەسەر مەودای دوور. دەکرێت کۆمەڵێک خاڵ وەک گرنگترین کۆڵەکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە دیاری بکرێن: • پێویستە هاوبەشی هەبێت لە هەڵگرتنی بارگرانی گواستنەوە و میوانداریکردنی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە لە زیندانەکانی عێراقدا؛ نابێت عێراق "دەرهاویشتە داراییەکان" بە تەنها هەڵبگرێت بەبێ بەشداریی ئەوانی تر، بەتایبەت بۆ ئەوانەی خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتانی ترن. هەروەها دەبێت حکومەت پشتگیرییەکی سیاسی نێودەوڵەتی بەردەوام (بەتایبەت لەگەڵ هاوپەیمانان) دەستەبەر بکات بۆ دابینکردنی بودجەی گواستنەوە و میوانداریکردنیان. نابێت لەگەڵ زیندانیانی تردا لە یەک شوێن بن بەهۆی "مەترسی ڕاکێشانی خەڵکی تر بۆ ناو ڕیزەکانیان"، بەڵکو دەبێت لە زیندانی تایبەت و دوور لە خێزانەکانیان بن و نابێت مانەوەیان "بەبێ دادگایی" درێژە بکێشێت. • میوانداریکردنی هەزاران چەکداری داعش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات ئەگەر ڕێکاری چاودێری توند نەگیرێتەبەر. گرنگە ئەم زیندانانە دوور بن لە شارەکان، بەتایبەت ئەو شارانەی پێشتر لەژێر دەستی ڕێکخراوەکەدا بوون، هەروەها دوور بن لەو ناوچانەی کە لایەنگر یان پاشماوەکانی ڕێکخراوەکەی تێدایە. • پێویستە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی ڕاشکاو هەبێت بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە دادگاییکردنیان و کۆتاییهێنان بە تەواوی هۆکارەکانی بوونی ئەم ڕێکخراوە. نابێت بابەتەکانی مافی مرۆڤ و کێشە سیاسییەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەمەدا. • پێویستە ڕێکارەکانی گواستنەوەیان بۆ عێراق هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵێکی ئەمنی لە لایەکەی تری سنوور (لە سووریا) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ڕێکخراوەکە، تا لە داهاتوودا نەتوانن کێشە و ئاژاوە لە عێراق بنێنەوە یان هەوڵی گەیشتن بە زیندانیانی هاوڕێیان بدەن. بێ گوێدانە سوود و مەترسییەکانی میوانداریکردنی ئەم تیرۆریستانە، هێشتا مەترسی ڕاستەقینە لای زۆرێک لە چاودێرانی ئەمنی و سیاسی هەیە سەبارەت بە سوودی ئەم هەنگاوە. مەترسییەکە تەنها لە بوونیان نییە لە زیندان، بەڵکو لەوەدایە چەکدارانی تر لە سووریا و عێراق هەوڵی یارمەتیدانیان بدەن بۆ هەڵاتن. ئەم مەترسییانە بەهۆی کەمیی زیندان و ئامێرە پێویستەکان لە عێراق زیاتر دەبن. نابێت ئەم دەوڵەتە پابەندی دارایی لەجیاتی وڵاتانی تری جیهان بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییان لەناو زیندانیانی داعشدایە؛ دەبێت ئەوان هاوکاری دارایی و لۆجستی پێشکەش بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە. مەترسییەکی تر پەیوەستە بە میوانداریکردنی خێزانەکانیان لە کەمپەکاندا، چونکە ئەمەش پێویستی بە ئامادەکارییەک هەیە کە کەمتر نییە لە ئامادەکاری زیندانەکان، ئەگەر زیاتر نەبێت بەهۆی ئەوەی ژن و منداڵن. هەروەها گومان هەیە لە ئەگەری چاکسازی و ڕاهێنانەوەیان دوور لە بیروباوەڕە لادەرەکانی ڕێکخراوەکە. هەموو ئەم مەترسییانە وادەخوازن کە تەنها زیندانییە عێراقییەکان بگوازرێنەوە، و دادگای عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بکات و بە خشتەیەکی کاتی کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنێت، لەگەڵ دانانی پلانی وا کە زیانی ئەگەریی حەواندنەوەیان لە ناوخۆی عێراقدا بگەیەنێتە سفر لەسەدا.
راپۆرت: درەو ئەمڕۆ بەغدادو بەسرەو ژمارەیەك لە پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆپیشاندان و مانگرتنی دوكاندارو بازرگانەكانی بەخۆوە بینی، ئەمە ناڕەزایەتییە دژ بە جێبەجێكردنی پێناسی نوێی گومرگی و سیستەمی ئیسكۆدا لە دەروازە سنورییەكان. خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی تایبەت بە پێناسی نوێی گومرگی یاخود هەمواركردنەوەی دەكەن، بەوپێیەی بە قسەی دوكاندارو بازرگانان ئەم سیستەمە نوێیە لەگەڵ واقعی بازاڕی ناوخۆیی عێراق ناگونجێت و توانای كڕین لای هاوڵاتیان لاواز دەكات. بەڵام لە قوڵایی ئەم بابەتەدا وەكو كەسانی پسپۆڕ دەڵێن ئابوری نیشتمانی فراوانتر هەیە؛ كە پەیوەندیدارە بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و رێكخستنی بازرگانیی دەرەكی و چارەكردنی ئەو كێشە درێژخایەنانەی كە زیاتر لە یەك دەیەیە روبەڕووی ئابوری عێراق بووەتەوە. ئەم دۆخە نوێیە پرسیاری جددی دروستكردووە لەبارەی ئەوەی ئایا لە شارەكانی عێراق دوكاندارو بازرگانەكان بەرگری لە قوتی خەڵك دەكەن یاخود دەترسن ئەو دەستكەوتانە لەدەستبدەن كە بەهۆی ناڕێكی سیستەمی گومرگی لە عێراق چەندین ساڵە لێی بەهرەمەندبوون. سایتی (سۆمەریەنیوز) بە پێچەوانەی هاواری بازرگانەكانەوە راپۆرتێكی كردووەو لە چەند خاڵێكدا سودی سیستەمە گومرگییە نوێیەكە دەسەلمێنێت، كە كورتەكەی بەمشێوەیە: بەرگری لە خەڵك ناكەن! بازرگانەكان لە خۆپیشاندانەكانیاندا دروشمی ئەوە بەرزدەكەنەوە كە پێناسی گومرگی دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانای كڕین لای هاوڵاتیان، بەڵام شیكاری جوڵەی بازاڕی عێراق بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت، بازرگانی عێراق وەكو هەر ئەكتەرێكی ئابوری بەشوێن قازانجدا دەگەڕێت و، دەستبەجێ هەر زیادبوونێكی تێچووی هاوردەكردن دەخاتە سەر نرخی كۆتایی بەكاربەر. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لە عێراق پەیوەندی بازرگان و بەكاربەر "پەیوەندییەكی یەكلایەنە"یە؛ كاتێك تێچوو بەرزدەبێتەوە، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا نرخەكان بەرزدەبنەوە، بەڵام كاتێك تێچووی گومرگی دادەبەزێت یاخود سەقامگیر دەبێت زۆر بەكەمی هاوڵاتی هەست بەم دابەزینە دەكات، ئەگەر رووشبدات چەند مانگێكی پێدەچێت. بۆیە دانانی داواكاری بازرگانان لەو چوارچێوەی كە "نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گەل دەكەن" هەڵەیەكی لۆژیكییەو شەڕە راستەقینەكەیان بۆ پاراستنی پەراوێزی ئەو قازانجە زۆرەیە، نەك بەرگریكردن لە سفرەو خوانی هەژاران. زۆرێك لە گۆشەیەكی تەسكەوە تەماشای پێناسە گومرگییەكان دەكەن و وەكو هۆكاری راستەوخۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان تەماشای دەكەن، رۆڵی پێناسەكە وەكو ئامێزێكی سەرەكی ئابوری نادیدە دەگرن كە وڵاتانی بەكاریدەهێنن بۆ رێكخستنی بازرگانی خۆیان، بەرزكردنەوەی پێناسی گومرگی تەنیا بە واتای زیادبوونی نرخەكان نییە، بەڵكو كۆمەڵێك سودی گشتیشی هەیە لەوانە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كشتوكاڵی و پیشەسازی، كە ملیۆنان دەرفەتی كار دەڕەخسێنت و، خۆبژێوی بەشێوەیەكی رێژەیی بەهێز دەكات و پشتبەستنی زۆر بە هاوردەكردن كەمدەكاتەوە. هەروەك پێناسە گومرگییەكە داهاتەكانی دەوڵەت زیاد دەكات، ئەمەش بایەخێكی گەورەی هەیە بۆ وڵاتێك كە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەكەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ پشت بە خەرجییەكانی حكومەت دەبەستن جا ئیتر لەریگەی موچەوە بێت یاخود خانەنشینی یان تۆڕەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی. هەر گرفتێك دارایی گەورە رەنگە ببێتە هۆی قەیرانێك كە هەڕەشە لەسەر توانای كڕینی هاوڵاتیان بكات و، بەشێوەیەكی نەرێنی بشكێتەوە بەسەر چالاكی ئابوریدا، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پاراستنی دارایی گشتی دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندی هەمووانەوە بە بازرگانانیشەوە. ماددە خۆراكییەكان لە جیهاندا لە گومرگ بەخشراون؟ یەكێك لەو بانگەشانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە كە ماددە خۆراكییەكان لە هەموو وڵاتانی جیهان پێناسی گومرگییان سفرە و، عێراق ئەم بنەمایەی پێشێل كردووە. زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بەوانەشیانەوە كە لە سیستەمی ئیسكۆدا پەیڕەو دەكەن، باجی گومرگی بەسەر ماددە خۆراكییەكاندا دەسەپێنن بە رێژەی 5% بۆ 20%، رەنگە ئەم رێژەیە بۆ ئەو كاڵایانەی كە لە ناوخۆدا پارێزگارییان لێ دەكرێت باجەكەی زۆر بەرزتریش ببێتەوە. لە عێراق، ئەو پێناسە گومرگییەی كە بۆ زۆربەی ماددە خۆراكییەكان پشتی پێ دەبەسترێت رێژەكەی تەنیا 5%ە، كە ئەمەش رێژەیەكی كەمە بەراورد بە پێوەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان. هەروەك بازاڕی عێراق بەدەست بەرزی نرخەكانەوە ناناڵێنێت ئەگەر بەراوردی بكەی بە وڵاتانی دراوسێ، بەڵكو نرخی خۆراك تێیدا لەخوار تێكڕای نرخی ناوچەییەوەیە و گونجاوە لەگەڵ داهاتی تاكدا. نالۆژیكییە هەندێك كاڵای هاوردەی وەكو ماسی (تونە)و (سەردین) وا وێنا بكرێت كە پێكهاتەی بنەڕەتی خۆراكی چینە هەژارەكانن، لەكاتێكدا كە بەدیلی ئەم جۆرە خۆراكە لە ناوخۆدا هەرزانترو كوالیتییەكەشیان باشترەو گونجاوترە لەگەڵ نەریتی خۆراكیی لە عێراق. ئایفۆن 17و كەمالیاتی چینی خۆشگوزەران یەكێك لەو نمونانەی تر كە زۆر باسدەكرێت، ئەوەیە كە گوایا پێناسە گومرگییە نوێیەكە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی موبایلەكان لەوانە "ئایفۆن 17" بۆ ئاستێكی خەیاڵی، دەوترێت نرخەكەی دەگاتە 1800 دۆلار. بەڵام ئەم بەراوردكارییە راستییەكی پشتگوێخستووە كە نرخی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بەگوێرەی سیاسەتی كۆمپانیای بەرهەمهێن، پاشان بەپێی باج و پێناسی كارپێكراو لە هەر وڵاتێك. لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا، نرخی فەرمی ئامێرەكە لە عێراق بەرزترە، پاشان پێناسی گومرگی و باجی بەهای زیادكراو (VAT)ی دەخرێتەسەر، كە وا دەكات نرخی كۆتایی زۆر زیاتر بێت، لەبەرامبەردا لە عێراق باجی (VAT)یان باجی كڕین بوونی نییە، ئەمەش وادەكات ئەو بەراوردكارییە ورد نەبێت. هەروەك ئەم جۆرە كاڵایانە بە كەمالیات (ناپێویست) ئەژمار دەكرێن و ئەوانە دەیكڕن كە داهاتیان مامناوەند یاخود بەرزە نەك هەژاران، لە ڕووی ئابورییەوە لۆژیكییە پێناسی زیاتر بەسەر كاڵا ناپێویستەكاندا بسەپێندرێت لەبەرامبەر پاراستنی كاڵا بنەڕەتییەكاندا كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی هەموو هاوڵاتیان هەیە. زۆرێك لەوانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن راستییەك پشتگوێ دەخەن (ئەمە بەقسەی پسپۆڕان)، ئەویش ئەوەیە عێراق لەو وڵاتە كەمانەیە كە باجی بەهای زیادكراو جێبەجێ ناكەن، لەكاتێكدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان لەناویاندا وڵاتانی كەنداو پشت بەم جۆرە باجە دەبەستن، ئەم باجە بەسەر نرخی كۆتایی فرۆشتندا دەسەپێندرێت، نەك تەنیا بەسەر نرخی هاوردەكردندا، ئەمەش دەبێتە بارگرانی راستەقینە لەسەر بەكاربەر لەو وڵاتانە، زیاتر لەوەی كە لە عێراق هەیە. لەكاتی ژماركردنی كۆی پێناس و باجەكان تاوەكو كاڵا دەگاتە دەستی بەكاربەری كۆتایی، بەشێوەیەكی رێژەیی نرخ لە بازاڕی عێراقدا هەرزانترە، ئەمەش بانگەشەكانی "گرانی بێ پێشینە" پوچەڵدەكاتەوە. پاراستنی بەكاربەر بەواتای پشێوی هاوردەكردن نییە پاراستنی بەكاربەر تەنیا لەوەدا كورت نابێتەوە نرخەكان بە نزمی بهێڵدرێنەوە، بەڵكو كوالیتی كاڵاكان و رێگری لە پڕبوونی بازاڕ بە كاڵای ناستاندارد و، بەدیهێنانی هاوسەنگی لە هاوردەو بەرهەمهێنانی ناوخۆیش دەگرێتەوە. كردنەوەی دەرگای هاوردەكردن بەبێ كۆنترۆڵ، وەكو ئەوەی لە ساڵانی پێشووی هەبووە، بووەتە هۆی لاوازبوونی پیشەسازی نیشتمانی و گۆڕینی عێراق بۆ بازاڕێكی تەواوەتی بەكارهێنان، ئەمە بەپێی قسەی پسپۆڕان. لەم روانگەیەوە، سەپاندنی باجی گومرگی بەگوێرەی جۆری كاڵاكە، رێكارێكی ئاساییە لەچوارچێوەی پاراستنی بازاڕدا، بەئامانجگرتنی بازرگاكان یاخود هاوڵاتیان نییە. رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان.. مەرج نەك لێخۆشبوونی رەها هاوكات پرسی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان دەوروژێنرێت، لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی کە زۆربەی کاڵای عەرەبی یان بیانی دەبێ بە لێخۆشبوونی تەواوەوە بچنە ناو عێراقەوە. بەڵام رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بە مەرجی دیاریكراو جێبەجێ دەكرێن، لە گرنگترینیان ئەوەیە كە سەرچاوەی راستەقینەی كاڵاكان دەبێت وڵاتی هەناردەكار بێت، نەك تەنیا دووبارە هەناردەكردنەوە بەبێ بەهای زیادكراو. تەنانەت لەناو یەكێتیی ئەوروپا، بازرگانی تەواو بەبێ باج لەنێوان هەموو وڵاتاندا نییە، پۆلێنبەندییە ئاڵۆزەکان ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەڕێوەدەبەن. هەروەك ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆشی بەمدواییانە دەستیكردووە بە سەپاندنی باجی گەورە بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتاندا، لەناویاندا وڵاتە هاوپەیمانەكانی، ئەمەش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە سیاسەتی پێناسی گومرگی ئامرازێكی رەوای سەروەرییە. لە كۆتایدا دەكرێت بوترێت- قسەی هەندێك لە پسپۆڕان- ئەو ناڕەزایەتییەی كە ژمارەیەك لە بازرگاكان رێبەرایەتی دەكەن دژ بە پێناسی گومرگی و سیستەمی ئیسكۆدا، سەرباری رەوایەتی لە گۆشەی گوزارشتكردن لە بەرژەوەندییەكان، نابێت وەكو دەنگی بەرژەوەندی گشتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. پێناسە گومرگییەكە ئامرازێكی ریفۆرمی ئابورییە كە لەمێژە چاوەڕوان دەكرێت و، جێبەجێكردنی رۆڵی دەبێت لە روبەڕووبونەوەی قاچاخچێتی و رێكخستنەوەی دەروازە سنورییەكان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دراوی قورس. بەرژەوەندی نیشتمانی وا پێویست دەكات ریفۆرم بخرێتە پێش بەرژەوەندییە تەسكەكان و، پێداگری بكرێت لەسەر جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە كە توێژینەوە ئابورییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان داوایان كردووە. ئاساییە ئەم ریفۆرمانە روبەڕووی بەرەنگاری سودمەندبووانی پشێووی پێشوو ببێتەوە، بەڵام سەركەوتنی هەنگاوێكی بنەڕەتییە بە ئاڕاستەی ئابورییەكی هاوسەنگترو دادپەروەرتردا، كە وەكو یەك خزمەت بە هاوڵاتی و بازرگانی راستەقینەش بكات.
درەو: رۆژنامەی العالم الجدید : راسپاردنی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە شوێنی مارک ساڤایا، بۆ گرتنە دەستی دۆسیەی عێراق، ترسی کوردەکانی لە رەدەڵ و بەدەڵی نوێ زیندوو کردووەتەوە، کە جوگرافیای سیاسی ئاڵۆزی نێوان عێراق و تورکیاو سوریا دەیسەپێنێت، لە وەرچەرخانێكدا كە تەنیا وەك گۆڕانکارییەکی ئیداری ئاسایی ناوخوێندرێتەوە، هێندەی ئەوەی ئاماژەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەولەویەتەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، لە سەروشیانەوە پشتیوانیکردنە لە دەوڵەتە ناوەندییەکان. ئەوەش هەولێر دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەكلاكەرەوە: یان خۆی لەگەڵ رێسا نوێیەکانی یارییەکەدا دەگونجێنێت، یان تێچووی قۆناغێک هەڵدەگرێت کە دۆستایەتی سیاسی بەس نییە بۆ گەرەنتیکردنی هەژموون و دەستکەوتەکان. عەلی باخ، توێژەر لە کاروباری سیاسی کوردی، دەڵێت، دوورخستنەوەی ساڤایا دەلالەتێكی سیمبوڵی سەروی کاریگەرییە راستەوخۆ دامەزراوەییەکانی هەڵدەگرێت. پێشهاتەكان ئاماژە بەوە دەکەن بە تەواوی تێکەڵ بە بیرۆکراسی ئەمریکا نەبووە، کەناڵەكەشی نەچەسپاوە وەک شێوازێکی کارکردنی سەقامگیر، ئەوەش بەو مانایەیى پارتی دیموکراتی کوردستان پەنجەرەیەكی دیپلۆماسی لەدەست دەدات. ئاماژە بەوە دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک زیانلێکەوتووترین و هەستیارترین لایەنی ئەم گۆڕانکارییە خێرایە دەردەکەوێت، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی مێژوویی بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە تایبەتەکان بۆ پتەوکردنی پێگەی دانوستاندن و دەسەڵاتی روبەڕوبونەوەی واتایی لە بەرامبەر نەیارەکانی لە بەغداد. پیشوایە، نیگەرانی کورد كەلەكەتردەبن بەو ڕاپۆرتانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن، تۆم باراک جگە لە ئەرکەکانی وەک باڵیۆز لە تورکیا و نێردراو لە سوریا بەرپرسیارێتی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت. ئەم ترسە لە هەڵوێستەکانی رابردووی باراکەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا، کە لایەنگری بەناو دەوڵەتێکی ناوەند و یەکگرتنی دیفاکتۆ بوو- لۆژیکێک کە کورد ترسی ئەوەی هەیە لە عێراقدا جێبەجێ بکرێت، کەمکردنەوەی ئیمتیازاتی تایبەتی ناوچەکە لە بەرژەوەندی بەغداد لە هەر ململانێیەکدا. رۆڵێکی نوێى واشنتۆن لای خۆیەوە، فایەق عادل، چالاکوانی سیاسی، پێی وایە: دوورخستنەوەی مارک ساڤایا رۆڵی نوێی ئەمریکا لە عێراق پشتڕاست دەکاتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی باسەکانی جێگرەوەی، تۆم باراک، نوێنەری واشنتۆن بۆ سوریا و لوبنان. ڕوونیشی دەکاتەوە، ئیدارەی ئەمەریکا سیاسەتێکی نوێی پاڵپشتیکردنی حکومەتە ناوەندەکانی ناوچەکە پەیڕەو دەکات، ڕوونە کە گەورەترین زەرەرمەند لەم دۆخەدا پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، کە هیوایەکی زۆری خستە سەر ساڤایاو پەیوەندییەکی نزیکی هەبوو لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو حزبە. ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک وتەبێژی ساڤایا مامەڵەیان دەکردو تویتەکانیان دەگواستەوە و چاوەڕێی گۆڕانکاری و کەمبوونەوەی هەژمونی شیعەکان بوون، بەڵام ئەوەی ڕوویدا هەڵگەڕانەوەی مێزەكە بوو، كە وەک ڕوون بووەوە لۆبی کورد لە واشنتۆن کە لە لایەن پارتە کوردییەکانەوە پارەی بۆ دابین دەکرا، کاریگەر نییە. لای خۆیەوە، رێبین سەلام، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە، پارتەکەی پشت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیاریکراو لەناو سیستمی ئەمریکیدا نابەستێت، پەیوەندی کورد لەگەڵ واشنتۆن لەسەر متمانە بنیات نراوە و ساڵانێکە وەک خۆی ماوەتەوە، سەرەڕای گۆڕانکاری لە ئیدارە و پارتەکان، لە کۆمارییەکانەوە بۆ دیموکرات، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا بەهێز ماوەتەوە. سەلام ئاماژە بەوە دەکات، تۆم باراک متمانەی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵدا هەیە، هەمیشە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە سوریا، هەروەها لە زیاتر لە بۆنەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕیوە، بۆیە ئێمە هیچ نیگەرانییەکمان نییە لەوەی کە دەنگۆی لاوازکردنی هەرێم و هاوکاریکردن لەگەڵ بەغدادو مەسەلەی سوریا تەواو جیاوازە لە عێراق
راپۆرت: درەو دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق بۆ كاتێك كە هێشتا دیاری نەكراوە، دواخرا. بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتییەوە گومان لەسەر پێشێلكردنی وادە دەستورییەكان لە عێراق دروستبووە، بۆ چارەسەری ئەمە پەنا بۆ رۆژە پشووەكان براوە. بەگوێرەی دەستور بۆئەوەی دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت دەبێت لە كۆی (329) پەرلەمانتار لانی كەم 220 كەسیان ئامادەبن، بە دەنگی هەمان ژمارە سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمدا هەڵدەبژێردرێت، ئەگەرنا پرۆسەكە دەكێشێتە ناو گەڕی دووەمەوە، لەحاڵی بەردەوامی ناكۆكی پارتی و یەكێتیدا ئەگەری دروستبوونەوەی "یەك لەسەر سێی پەكخەر" لە ئارادایە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دواخستنی دانیشتنەكە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆك كۆمارێكی نوێ هەڵبژێرێت، بەڵام سەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دانیشتنەكە دواخرا. هەرچەند هێشتا پەرلەمان بەفەرمی وادەی نوێی بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان دیاری نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی نوسراوێك كە (شاخەوان عەبدوڵا) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان پێشكەشی كردووە، داوا كراوە دانیشتنەكە بۆ رۆژی یەكشەممەی ئایندە (1ی شوباتی 2026) دوابخرێت، ئەمە بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كاندیدی پۆستەكە بگەنە رێككەوتن. ماددەی 72ی دەستور دەڵێ: لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێردرێت. پەرلەمانی عێراق لە 29ی كانونی یەكەمی 2025دا دەستەی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژاردن، لە رۆژی 31ی كانونی یەكەمی 2025دا دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، بۆیە بەگوێرەی خشتەی زەمەنی دەستور دەبێت سبەینێ واتا (28ی كانونی دووەمی 2026) دوا وادەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ 1ی شوبات لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە وەكو پێشڵكردنی ماوە زەمەنییەكانی دەستوری عێراق ناودەبرێت. بەڵام بەپێی قسەی (سرەو عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ 1ی شوبات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رۆژە پشووەكان لەناو ماوەی دەستوری ئەژمار نەكراون، واتا رۆژە پشووەكان لە وادە دەستورییەكە دەركراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ماوەكە درێژبكرێتەوە. سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (16)ی 3ی شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت لە لێكدانەوەی ماددەی 70ی دەستور، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابەكەی (واتا رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە) بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)ی تێكڕای ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، بەم پێیەش دەبێت لەكاتی كردنەوەی دانیشتنەكەدا لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، ژمارەی ئامادەبووان لە (220) پەرلەمانتار كەمتر نەبێت. یەك لەسەر سێی پەكخەر ساڵی 2022و لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، شیعەی عێراق دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، لەگەڵ بەرەی لایەنەكانی نزیك لە ئێران (مالیكی+ عامری+ حەكیم+ فالح فەیاز+ عەبادی+ خەزعەلی و چەند لایەنێكی تر)، ئەم دوو بەرە لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت كەوتنە ناكۆكییەوە. دادگای فیدراڵی لەسەردەمی ئەم ناكۆكییەدا، نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكرد. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران (یەك لەسەر سێی پەكخەر)یان دروستكرد، كە كۆكردنەوەی 110 پەرلەمانتارە بۆ رێگریكردن لە تەواوبوونی نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەوهۆیەوە دواجار هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵوەشایەوە. بۆیە لەم خولەشدا دەرگای دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) هەیە، ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەنێو خۆیاندا لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەنە رێككەوتن و لایەنە شیعەو سوننەكانیش دابەش ببن بەسەر ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتیدا. سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر وەزیری ناوخۆدا! بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كورددا تائێستا ئەم پۆستە لای یەكێتیی بووە، بەڵام هاوشێوەی دوو خولی پێشوو، ئەمجارەش پارتی كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پێشكەش كردووە. كاندیدی فەرمی یەكێتیی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (نزار ئامێدی)؛ كاندیدی فەرمی پارتیش (فوئاد حسێن)ە، هێشتا ئەم دوو حزبە لەسەر ئەوەی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بە یەك كاندیدەوە بچنە ناو پرۆسەكە. پارتی پێوەرێكی دیاریكردووە و دەڵێ: ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆك كۆمار ببات، دەبێت دەستبەرداری (4) پۆستە وەزارییەكەی كورد ببێت لە بەغداد، لەبەرامبەردا یەكێتیی لەسەر هەمان هاوكێشەی پێشوو دەنگی بە كاندیدی پارتی داوە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و دەیەوێت هەمان دۆخ بەردەوام بێت، واتا جگە لە پۆستی سەرۆك كۆمار، (2) پۆستی وزارەتیش لە بەغداد وەربگرێت. لەناو ناكۆكییەكاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد، پارتی و یەكێتیی لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتیش لە هەرێمی كوردستان ناكۆكن و، ئەگەر دانوستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن، دور نییە پۆستەكانی بەغداش نەبەستنەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە كوردستان، بەتایبەت پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە یەكێتیی داوای دەكات و لەسەر ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت راوەستاوە. وا دەردەكەوێت پارتی لە بەغداد بە پۆستی سەرۆك كۆمار فشار لە یەكێتیی دەكات و یەكێتیش لە كوردستان بە پۆستی وەزیری ناوخۆ فشار لە پارتی دەكات. دەستبەرداربوونی پارتی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بە واتای دەستبەرداربوونی یەكێتیی دێت لە پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێم، لەم حاڵەشدا هەم گرێی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە هەم گرێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە كوردستان. سەرۆك كۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ دەستوری عێراق دەڵێ سەرۆك كۆمار بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) پەرلەمانتار، هەڵدەبژێردرێت. خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار. لێرەدا دەبێت ئەوە بوترێت، نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ گەڕی دووەمی دەنگدان هەمان نیسابەو، تەنانەت بە چوونە دەرەوەی پەرلەمانتارانیش نیسابەكە تێكناچێت و پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەردەوام دەبێت. كێ دەبێت بە سەرۆك كۆمار؟ هەینی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاند، كە (19) كاندیدن و بریتین: 1. شوان حویز فریق نامق 2. أحمد عبد الله توفیق أحمد 3. حسین گه حسن محمد سنجاری 4. نجم الدین عبد الكریم حمه كریم نصر الله 5. اسو فریدون علی 6. سامان علی إسماعیل شالی 7. صباح صالح سعید 8. عبد الله محمد علی ڤاهر العلیاوی 9. عبد اللگیف محمد جمال رشید شیخ محمد 10. إقبال عبد الله أمین حلیوی 11. نزار محمد سعید محمد كنجی 12. سردار عبد الله محمود تایمز 13. فۆاد محمد حسین بكی 14. مپنی أمین نادر 15. نوزاد هادی مولود 16. خالد صدیق عزیز محمد 17. ێزاد مجید حسن 18. رافع عبد الله حمید موسی 19. سالم حواس علی الساعدی
شیكاری: درەو 🔻 وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان؛ 🔹 وەزارەتەکە بە زیاتر لە (10 ترلیۆن و 411 ملیار و 226 ملیۆن) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ بە بڕی نزیک لە (7 ترلیۆن و 827 ملیار و 315 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و زیاتر لە (9 ملیار و 491 ملیۆن) دینار بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە و زیاتر لە (2 ترلیۆن و 574 ملیار و 419 ملیۆن) دیناری موچەی چاودێر کۆمەڵایەتی بۆ حکومەتی هەرێم نێردراوە. 🔹 تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی (2025)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) سەروو (103 ترلیۆن و 514 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (93 ترلیۆن و 197 ملیار) دیناری بە رێژەی (90%) داهاتی نەوت و زیاتر لە (10 ترلیۆن و 306 ملیار) دیناری بە رێژەی (10%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (115 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار بووە، کە (87%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (13%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. بڕی زیاتر لە (74 ترلیۆن و 893 ملیار) دینار دراوە بە خەرجی موچە و چاودێری کۆمەڵایەتی. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (12%) خەرجی لە داهات زیاتر بووە و زۆرتر لە (12 ترلیۆن و 21 ملیار و 79 ملیۆن) دینار و کورتهێنان ڕویداوە. 🔹 نزیک لە (7 ترلیۆن و 893 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە (515 ملیار و 419 ملیۆن) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار پتر لە (41 ملیار و 561 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران نزیکەی (7 ترلیۆن و 336 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی (2025)دا وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی مانگانەی داهات و خەرجی خۆی بۆ 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان؛ یەکەم؛ تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025) بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە بۆ 10 مانگی یەکەمی (2025) بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی (2025)، وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرجییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بڕی (10 ترلیۆن و 411 ملیار و 226 ملیۆن و 332 هەزار و 719) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ 1. بە بڕی (7 ترلیۆن و 827 ملیار و 315 ملیۆن و 281 هەزار و 223) دینار و بە ڕێژەی (75.2%)ی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە. 2. بڕی (9 ملیار و 491 ملیۆن و 575 هەزار) دینار بە ڕێژەی (0.1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری بەخشین و هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە. 3. بڕی (2 ترلیۆن و 574 ملیار و 419 ملیۆن و 476 هەزار) دینار بە ڕێژەی (24.7%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە. بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی تەمویلە داراییەکانی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (10ی 2025) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە (گرافیکی (1)). لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (919 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877) دیناری وەک داهاتی نانەوتی گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق، ئەم بڕەش (8.8%)ی ئەو بڕە پارەیەیە کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە. بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی گێڕانەوەی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق، لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (10ی 2025) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە دووەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی 2025 بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (103 ترلیۆن و 514 ملیار و 200 ملیۆن و 991 هەزار و 817) دینار، بەجۆرێک بڕی (93 ترلیۆن و 197 ملیار و 452 ملیۆن و 551 هەزار و 148) دیناری بەڕێژەی (90%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (10 ترلیۆن و 316 ملیار و 748 ملیۆن و 440 هەزار و 669) دیناری بەڕێژەی (10%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمی (2025) بڕوانە (گرافیکی (3)). سێیەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی 2025 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، تا کۆتایی مانگی دەی ساڵی (2025)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (115 ترلیۆن و 535 ملیار و 280 ملیۆن و 185 هەزار و 396) دینار، بەجۆرێک بڕی (96 ترلیۆن و 378 ملیار و 257 ملیۆن و 473 هەزار و 862) دیناری بەڕێژەی (87%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (19 ترلیۆن و 157 ملیار و 22 ملیۆن و 711 هەزار و 534) دیناری بەڕێژەی (13%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب، ئەیلول و تشرینی (2025) بڕوانە (گرافیکی (4)). چوارەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی 2025 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، ڕێگاوبان و چاکسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (19 ترلیۆن و 157 ملیار و 22 ملیۆن و 711 هەزار و 534) دیناری بەڕێژەی (13%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (139 ملیار و 466 ملیۆن و 268 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1%) بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (13 ترلیۆن و 385 ملیار و 240 ملیۆن و 955 هەزار و 684) دیناری بە ڕێژەی (70%) بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 400 ملیار و 815 ملیۆن و 746 هەزار و 482) دیناری بە ڕێژەی (7%) بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (3 ترلیۆن و 631 ملیار و 905 ملیۆن و 887 هەزار و 124) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (599 ملیار و 593 ملیۆن و 853 هەزار و 688) دیناری بۆ بە ڕێژەی (3%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025) بڕوانە (گرافیکی (5)). پێنجەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی 2025 لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (115 ترلیۆن و 535 ملیار و 280 ملیۆن و 185 هەزار و 396) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (103 ترلیۆن و 514 ملیار و 200 ملیۆن و 991 هەزار و 817) دینار. واتە بڕی (12 ترلیۆن و 21 ملیار و 79 ملیۆن و 193 هەزار و 579) دیناری بەڕێژەی (12%) لە داهاتی گشتی کورتهێنان ڕویداوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی (2025) بڕوانە (گرافیکی (6)). شەشەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە 10 مانگی یەکەمی 2025 لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 892 ملیار و 950 ملیۆن و 8 هەزار و 420) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (515 ملیار و 419 ملیۆن و 562 هەزار و 118) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (10 ملیار و 399 ملیۆن و 904 هەزار و 616) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (41 ملیار و 561 ملیۆن و 485 هەزار و 764) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش (218 ملیۆن و 688 هەزار و 500) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (7 ترلیۆن و 335 ملیار و 968 ملیۆن و 960 هەزار و 538) دیناری خەرجکردووە، بڕی (6 ترلیۆن و 578 ملیار و 357 ملیۆن و 997 هەزار و 11) دیناری بە ڕێژەی (90%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (757 ملیار و 610 ملیۆن و 963 هەزار و 427) دیناری بە ڕێژەی (10%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی (2025) بڕوانە (گرافیکی (7)). سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آیار لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آب لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایلول لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة تشرین الاول لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة https://mof.gov.iq/Budget-implementation-Archive.aspx http://<iframe src="chart.html" width="100%" height="1200px" frameborder="0"></iframe>
راپۆرت: درەو بڕیارە سبەی ئێوارە جارێكی تر لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆببنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدكردنی (نوری مالیكی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و راگەیاندنی بڕیارەكە، كشانەوەی كتوپڕی سودانی لە ركابەرایەتی پۆستی سەرۆك وەزیران گومان و مشتومڕی دروستكردووە، بەقسەی سەرچاوەكان سودانی بەو مەرجە كشاوەتەوە پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێت بە كەسێك كە كوتلەی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە كۆتایی بەو نەریتە سیاسییەی ناو پێكهاتەی شیعە بهێنێت كە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن هێزی سیاسی لەناو پەرلەماندا نەبێت، بەمەش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خستوەتە دۆخێكەوە، بەكاندیدكردنی مالیكی بكەونە بەرامبەر قسەیەكی مەرجەعی باڵاوە كە وتویەیەتی"تاقیكراوە تاقی ناكرێتەوە"، وردەكاری لەم راپۆرتەدا. كشانەوەی سودانی و بۆچوونی مەرجەعیەت دواجارو بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە، لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا پێشوەختە گەیشتنە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران. دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگیی لە ماڵی (موحسین مەندەلاوی) سەرۆكی ئیئتیلافی (اڵاساس) كۆبوونەوە، ئەم كۆبوونەوەیە كە بڕیار بوو چوارشەممەی رابردوو بەڕێوەبچێت و بە كۆبوونەوەیەكی "یەكلاكەرەوە" ناودەبرا، تێیدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئیئتیلافی (ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان) كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، كشانەوەی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەرژەوەندی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا راگەیاند. سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكەن، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ماڵی موحسین مەندەلاویدا، سەركردەكانی چوارچێوە داوایان لە سودانی كردووە هۆكاری كشانەوەی لە خۆكاندیدكردن بۆ ویلایەتی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران روون بكاتەوە، ئەویش قسەی كردووەو باسی لەوەكردووە "بەرژەوەندی عێراق لە بەرژەوەندی حزبی و كەسی گەورەترە"؛ دوای ئەم قسانە، حزبی دەعوە پێشنیاری ئەوەی كردووە نوری مالیكی وەكو كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكرێت، بەتایبەتیش كە بە كشانەوەی سودانی، مالیكی هیچ ركابەرێكی نەماوە بۆ پۆستەكە. دوای پێشنیارەكەی حزبی دەعوە، زۆرینەی سەركردە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی پشتیوانی خۆیان بۆ مالیكی دەربڕیوە، بەڵام عەممار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمە پێشنیاری كردووە بۆ ئەم بابەتە پرسێك بە مەرجەعیەتی باڵا (ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) بكرێت، لەسەر ئەم بنەمایەش پەیامێكی بۆ مەرجەعیەت لە نەجەف ناردووە، مەرجەعیەت لەسەر هەمان بۆچوونی پێشتری خۆی رەتیكردوەتەوە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیراندا بكات. ئایەتوڵڵا سیستانی لە ساڵی 2015وە دەرگای ماڵەكەی بەڕووی پێشوازیكردن لە سیاسییەكان داخستوە، ئەمەش وەكو ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە شكستی چینی دەسەڵاتداری عێراق لە ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی و چاككردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەكان. كۆبوونەوەی سبەینێ و یەكلابوونەوەی مالیكی كشانەوەی سودانی و، بێدەنگی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران وایكردووە ئێستا نوری مالیكی بە تەنیا وەكو كاندید لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە. بەقسەی سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بڕیارە سبەی ئێوارە جارێكی تر لایەنەكانی چوارچێوە كۆبوونەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی تەواوەتی پرسی كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەگەر تا ئەوكاتە هیچ یەكێك لە لایەنە شیعەكان ناڕەزایەتی نیشان نەدەن، كاندیدكردنی مالیكی تێدەپەڕێنرێت و بە فەرمی رادەگەیەنرێت، خۆئەگەر ئەمە رووینەداو ناڕەزایەتی هەبوو؛ ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگیی گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێكی تری واقعی دەكات بۆ كۆتایهێنان بە مشتومڕی كاندیدی سەرۆك وەزیران. ئەمە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە دوێنێ شەوەوە كەوتونەتە پیرۆزبایكردن بەبۆنەی كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ ویلایەتی سێیەمی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بكەن چوارچێوەی هەماهەنگیی بە فەرمی راگەیەندراو دەربكات و كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رابگەیەنێت، پۆستێك كە بەگوێرەی نەریتی سیاسی داكەوتووی عێراقی دوای سەددام، پشكی پێكهاتەی شیعەیە وەكو گەورەترین پێكهاتەی عێراق. بۆچی سودانی كشایەوە؟ بڕیاری كشانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە خۆكاندیدكردنەوەی بۆ ولایەتی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران، كتوپڕو چاوەڕوان نەكراو بوو، بەوپێیەی ئیئتیلافەكەی (ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان) براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، خۆشی بەفەرمی ئەوەی راگەیاندوو دەیەوێت لە ویلایەتی دووەمدا ئەو پرۆژانە تەواو بكات كە لە ویلایەتی یەكەم دەستی پێكردبوون، وەكو سەركەتوویەك لە پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت قسەی دەكرد. بەڵام بەقسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بڕیاری كشانەوەی سودانی دوای ژمارەیەك كۆبوونەوەی تایبەتی هاتووە لەگەڵ نوری مالیكی، ئەمەش لەچوارچێوەی پێشنیارێكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ ئەوەی مالیكی و سودانی بتوانن لەنێوان خۆیاندا پرسی كاندیدبوون یەكلابكەنەوەو، ئەوان توشی شەرمەزاری نەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیران لەناو چوارچێوەدا لە (9) كاندیدەوە كورت بووەوە بۆ (2) كاندید كە هەریەكە لە مالیكی و سودانی بوون. سایتی (سۆمەریەنیوز)، لە شیكارییەكدا باسی لە (3) سیناریۆ كردووە سەبارەت بە هۆكاری كشانەوە كتوپڕەكەی سودانی لە بەرژەوەندی مالیكی: سیناریۆی یەكەم: متمانەی گروپە چەكدارەكان.. دڵنیایی بەرامبەر بە چەك لە یەكەم تەماشاكردندا وا دەبینرێت كاندیدكردنی مالیكی بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ "هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان و هێشتنەوەی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا"، ئەمە بەوپێیەی نوری مالیكی وا دەبینرێت نزیكە لە گروپە چەكدارەكان و پشتیوانی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام لەڕاستیدا لەم قۆناغە هەستیارەدا گروپە چەكدارەكان و هاوكێشەی سیاسی شیعەكان بە تەنیا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یەكەم: بەریەككەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكاو گوێنەگرتن بۆ بۆچوون و خواستەكانی واشنتۆن، كە ئەمەش سەرچڵییەكی گەورەیەو بەر لە قسەكردن لەسەر لێكەوتە ئەمنییەكانی تری، یەكەمین قوربانی ئەم بڕیارە ئابوری عێراق دەبێت، بەڵام بژاردەی دووەم بریتییە لە ملكەچبووون بۆ خواستەكانی ئەمریكا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان و هێشتنەوەی چەك بە تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، رەنگە گروپەكان ئەم بژاردە قبوڵ بكەن لەپێناو رزگاركردنی هاوكێشە سیاسییەكەدا، بەڵام ئەوكاتە پێویستیان بە سەرۆكی حكومەتێك دەبێت كە "متمانەی پێبكەن"، دەستبەردابوونی گروپەكان لە چەك و پاشەكشێكردنیان و تەنانەت بەشدار نەبوونیان لە حكومەت و وەزارەتەكان، رەنگە دەرفەتی ئەوە بە سەرۆكی داهاتووی حكومەت بدات بەتەواوەتی لاوازیان بكات، بۆیە پێویستیان بە سەرۆك وەزیرانێكە كە متمانەیان پێی هەبێت، ئەمەش یەكەمین بژاردەیە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی كە وای لێدەكات مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵبژێرێت، چونكە ئەو تاكە كەسە رەنگە بتوانێت بە "لێكتێگەیشتن" نەك بە "پێكدادان" چەك لە گروپە چەكدارەكان بسەنێتەوە، بەوپێیەی متمانەیان بە ئەو هەیە. سیناریۆی دووەم: تەنگژەی ئابوری زانراوە یەكێك لەو پرسە زەق و نیگەرانكەرەكان كە روبەڕووی حكومەتی ئایندەی عێراق دەبێتەوە تەنگژەی ئابوری و پاشەكشێی نرخی نەوتە، بۆیە حكومەتی ئایندە لە ئێستاوە وەكو "حكومەتی تەنگژەكان نەك حكومەتی خۆشگوزەرانی" تەماشا دەكرێت، ئەمەش بەواتایە دێت كە خەرجییەكان دەبێت كەمبكرێنەوەو باج و رسومات بسەپێندرێت و، زۆرێك لە پرۆسەی خەرجییەكان رابگیرێن یاخود پاڵپشتی بۆ زۆرێك لە بوارەكان كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە رابگیرێن. لەبەرئەوەی لەم ماوانەی دوایدا سودانی بەوە ناسراوە بەرەو ئاڕاستەی سەپاندنی باج و رسومات دەڕوات، بۆیە بەردەوامبوونی لەسەر سەپاندنی بڕیاری توندتری ئابوری، ئاستی رەتكردنەوەی زیاتر دەكات، لێرەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەزانێت رزگاركردنی حكومەتی ئایندە واتا نابێت سودانی بمێنێتەوە كە ناچارە بڕیاری توندتری ئابوری دەربكات، بەڵام دەكرێت هەمان بڕیارە ئابورییەكانی سودانی لەلایەن مالیكییەوە دەربكرێت؛ كە بە "بەخشندەیی" ناسراوە لە خەرجكردن لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەوەش بەهۆی بەرزی نرخی نەوت لەو سەردەمەدا، بۆیە هەر باجێك كە مالیكی بیسەپێنێت شەقام وەكو بڕیاری "بەئەنقەست" تەماشا ناكات، بەڵكو وادەبینێت بڕیارێكی پێویستەو دەبێت بدرێت. سیناریۆی سێیەم: مانۆڕێكی سیاسی سازشكردنی سودانی لە بەرژەوەندی مالیكی لەلایەكی ترەوە وا تەماشادەكرێت مانۆڕێكی سیاسی بێت، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆی لابدات لەسەر هەر جۆرە ئەگەرێكی دروستبوونی بنبەستی سیاسی، بەڵام سودانی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران نابێت بچێت بۆ "كاندیدی یەكلاكەرەوە"، ئەم باوەڕەش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە كە پێیوایە قۆناغەكە پێویستی بە سەرۆك وەزیرانێكی "ئەزمونكراو" هەیە نەك كەسایەتییەكی نوێ كە هەوڵ بدات بەختی خۆی تاقیبكاتەوە، بۆیە سودانی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێت بە كەسێك كە كوتلەی سیاسی هەبێت نەك كاندیدی تر، لەپێناو دەربازبوون لە بنبەست سازشی بۆ مالیكی كردووە، بەڵام لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگیی خستوەتە بەرامبەر هەڵوێستی پێشووی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لەدژی مالیكی "ئەزمونكراو ئەزموون ناكرێتەوە"، هەروەها چوارچێوەی خستوەتە بەرامبەر رەوتی سەدریش "كە نەیاری مالیكین"، ئەمە سەرباری رای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێك لە هاوبەشەكانی عێراق بەتایبەتیش هەندێك لە هێزە سوننەكان كە هەڵوێستی نەرێنییان هەیە بەرامبەر بە مالیكی، جگە لە هەندێك چین و توێژی كۆمەڵگە كە هەمان تێڕوانینیان هەیە. پێدەچێت ئەم مانۆڕە ئامانج لێی ئەوە بێت، بنەمای "سەرۆك وەزیران بۆ ئەوانەی كە كوتلەی سیاسییان هەیە" بچەسپێنێت و، دەرگا لەبەردەم كاندیدی "التسویە" دابخات، دواتر ئەگەر مالیكی سەركەوتوو نەبوو لە بڕینی ئەم بەربەستانە، ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ سودانی؛ بەوپێیەی ئەوەی لەسەر شانی بووە كردویەتی و سازشی بۆ مالیكی كردووە، بەڵام دۆخەكە رێگەی بە مالیكی نەداوە.
هاوڕێ تۆفیق. بۆ بەرچاوروونی هەموو لایەک، دەسەڵاتی سەرۆکی کۆمار لە سیستەمی دەستوریی عێراقدا ،دەسەڵاتی تەشریفاتی نیە، بەڵکو کۆمەڵێک دەسەڵاتی دەستوریی و جێبەجێکاری گرنگی هەیە، مادەی (١) ی دەستوری عێراق، پێناسەی شێوەی سیستەمی دەستوری وڵاتی کردوەو دەڵێت(کۆماری عێراق یەک دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆیە، خاوەنی سەروەریی تەواوە،سیستەمی حوکم تیایدا کۆماریی ،پەرلەمانیی ،دیموکراسیە،ئەم دەستورە دەستەبەری یەکپارچەیی عێراقە) بە گوێرەی ئەم مادەیە، کۆتایی بە سیستەمی سەرۆکایەتی پێشوو هاتوەو سیستەمی حوکم گۆردراوە بۆ پەرلەمانی، لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی سەرەکی و فراوان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنە، ئەوانەی دەڵێن لەم سیستەمەدا سەرۆکی کۆمار ، دەسەڵاتی رەمزیی و تەشریفاتیە لێکدانەوەیەکی دروست نیە. بە گوێرەی مادەی(٦٦) ی دەستور ، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵ لە سەرۆکی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتووە و دەسەڵاتەکانیان بە پێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکەن.ئەم مادەیە بەروونی ئەو راستیە روون دەکاتەوە کەسیستەمی پەرلەمانی رەهامان نیە، بەڵکو سیستەمێکی تێکەڵاوی پەرلەمانی نیمچە سەرۆکایەتیە، هەڵەیەکی تری باو کە دەکرێت دەڵێن سەرۆک وەزیران !هەمان مادە روونی دەکاتەوە، کە لە عێراقدا سەرۆکی وەزیران بونی نیە( رەئیسی وزەرا_بە کوردی نوسیومە بە ئەنقەست) بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە(رەئیسی مەجلیسی وزەرا) هەیە، ئەمە جیاوازی دەستەواژەو زمانەوانی نیە، بەڵکو جیاوازی ئەرک و رۆڵی دەستورییە. لە سەردەمی دەستوریی پاشایەتیدا، سەرۆک وەزیران هەبوو، بەڵام لەدەستوری ئێستایا بەهیچ شێوەیەک سەرۆک وەزیران، وەکو دەسەڵاتی رەها بوونی نیە، بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە. ئەمەش مانای وایە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەنجومەنەو بریاردان بە کۆمەڵە و سەرۆکی ئەنجومەن یەکێکەلە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، بێگومان بە کردوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەژموونی بەسەر ئەنجومەندا کردوەو خۆی سەپاندوە، ئەمەیان پەیوەندی بەئاکاری سیاسیەوە هەیە ،بەڵام لەرووی دەستورییەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەنجومەنی وەزیرانە، نەک سەرۆک ئەنجومەن! لەلایەکی تر ،ئەم مادەیە بەروونی و بە ئاشکرایی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی روون کردۆتەوە کە لەسەرۆکی کۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێک هاتوە، واتە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دوو بەشە، سەرۆکی کۆمار خۆی بە تەنها، نەک سەرۆکایەتی کۆمار !ئەو وەختە جێگرەکانیشی دەگرتەوە .بەڵام دەستور یەکلایی کردۆتەوە تەنها سەرۆکی کۆمار، بەشی دووەمی دەسەڵات پێکهاتوە لە ئەنجومەنی وەزیران، نەک خودی سەرۆک وەزیران! ئەمەش بنەمانی دەستوریی دوانەیی جێبەجکردن بەرجەستە دەکات. لەسیستەمی پەرلەمانی رەهادا ،دەسەڵاتی جێبەجکردنی دوانەیی نیە، تەنها دەسەڵات بۆ ئەنجومەنی وەزیران، یان سەرۆک وەزیرانە و هاوبەشی تری نیە، بە کوردیی و کورتی پوختەی کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگی دەستوریی سەرۆک کۆمار دەخەینەروو: ١: بە گوێرەی مادەی(٦٠)سەرۆکی کۆمار بەتەنها خودی خۆی دەسەڵاتی ئامادەکردنی پرۆژەی قانونی هەیە، ئەمە لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی نیە، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران پێکەوە بە کۆمەڵ دەسەڵاتی ناردنی پرۆژەی قانونیان بۆ پەرلەمان هەیە، بەداخەوە لەرێگای بریاری شیکردنەوەی دادگای فیدراڵیەوە( قەراری تەفسیریی) دەروازەیەکی نادەستورییان داتاشیوە کە نابێ هیچ پرۆژەیەکی قانون کە رەهەندی دارایی هەبوو ئامادەبکرێ، جگە لە ئەنجومەنی وەزیران خۆی، بەو بیانوەی لێکەوتەیی دارایی لە پسپۆریی حکومەتە .تەنانەت پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانانە ،ئەم مافەی لێسەندراوەتە! بەڵام ئەمە مادەیەکی دەستوریی نیەو بریاری دادگای فیدراڵیەو ئەکرێ لە داهاتوودا، دادگا هاوشێوەی زۆر بریاری تر لە قەرارەکەی پەشیمان بێتەوە. ٢: بە گوێرەی مادەی(٥٤) سەرۆکی کۆمار بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ کۆبوونەوەی یەکەم دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. ٣: بە گوێرەی مادەی(٥٨) سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە وەرزی دانیشتنی پەرلەمان درێژ بکاتەوە. گرنگتر لەمە دەسەڵاتی هەیە، داوای کۆبونەوەی تایبەت و کوتوپری پەرلەمان بکات بۆ بابەتێکی دیاریکراو هەروەها دەسەڵاتی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانی هەیە. ٤: داوای لێسەندەنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بکات ماددە (61 / هەشتەم – ب):دەڵێت؛ سەرۆکی کۆمار دەتوانێت داواکاری بۆ لێسەندنەوە متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات) ئەم دەسەڵاتە لە هیچ سیستەمێکی پەرلەمانیدا بونی نیە، بەڵکو دەسەڵاتێکی گرنگی سەرۆکی کۆمارە کە دەتوانێت داوای لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بکات و پەرلەمان ناچارو پابەندە کە داواکەی سەرۆک کۆمار بخاتە دەنگدانەوە، بریار بۆ ئەندامانی پەرلەمانە ،کە بە زۆرینەی رەهای دەنگ، داواکەی پەسەند بکەن ،یان رەتی بکەنەوە. متمانەی لێ وەربگرنەوە، یان بیهێڵنەوە، بەڵام لەرووی سیاسیەوە بۆ رای گشتی ،ئەمە چەکێکی دەستوریی بەهێزی سەرۆکی کۆمارە، لەدژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. بەپێچەوانەوە بۆ لابردنی سەرۆکی کۆمار کۆمەڵێک مەرجی قورس و سەخت هەیە و سەرۆکی کۆمار پارێزبەندی گەورەو فراوانی هەیە، بۆ لابردنی سەرۆکی کۆمار ،ئەبێت بریار لە دادگای فیدراڵی لە دژی دەربچێت، بەمەش تەواو نابێت و دەبێت پاش بریارەکە بخرێتە دەنگدانی پەرلەمانەوە بەگوێرەی مادەی(٦١) ی برگەی شەشەم (ئەلیف و با) سەرۆکی کۆمار تەنها بە زۆربەی ڕەها (٥٠ + 1)ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و دوای بڕی دادگای فیدراڵی باڵا، لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا لادەبرێت: 1. شکاندنی سوێندی دەستووری 2. پێشلکردنی دەستوور 3. خیانەتی گەورە ٥: ڕاگەیاندنی جەنگ و دۆخی لەناکاو ماددە (61 / نۆیەم): پەسەندکردنی ڕاگەیاندنی جەنگ و دۆخی فریاکەوتن بە زۆربەی دوو سێیەک (2/3)ی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت، بە داواکاری هاوبەش لە سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. ٦: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ماددە (64): ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆربەی ڕەها هەڵدەوەشێتەوە، یان بە داواکاری سێیەکی ئەندامان، یان بە داواکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەسەندکردنی سەرۆکی کۆمار. لە کاتی هەڵوەشاندنەوەدا، سەرۆکی کۆمار بانگهێشت بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان دەکات لە ماوەیەکدا کە لە شەست (60) ڕۆژ زیاتر نەبێت، و ئەنجومەنی وەزیران بە مستەعفی دادەنرێت و تەنها کاروباری ڕۆژانە بەڕێوە دەبا ٧؛ سەرۆکی کۆمار وەک هێمای دەوڵەت و پارێزەری دەستورە، بە گوێرەی مادەی (67): دەڵێت (سەرۆکی کۆمار سەرۆکی دەوڵەتە و هێمای یەکێتی وڵاتە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و شەونخونی دەکات بۆ پابەندبوون بە دەستوور، پارێزگاری دەکات لە سەربەخۆیی عێراق ، سەروەرییەکەی، یەکپارچەیی سەلامەتی خاکەکەی بە گوێرەی حوکمەکانی دەستور و پارێزگاری خاکی عێراق دەکات). ئەم مادەیە دەرگایەکی فراوانی کردۆتەوە بۆ دەستێوەردانی دەستوریی لەو روانگەی پارێزەری دەستورە. ئەتوانێت دەستێوەردان لە بریاری جێبەجێکردن و زۆر شتی تر بکات ٨: دامەزراندن و دەرکردنی مەرسومی کۆماریی بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی نۆیەم. دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی کۆماری هەیە بۆ دامەزراندنی (سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی، داواکاری گشتی، سەرپەرشتیاری دادوەریی)ئەمەش ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە دەتوانیت مەرسومەکەی بکێشێتەوە، کاتێک هەست دەکات دەستور پێشێلکراوە لەروانگەی پارێزەری دەستورە. ٩: دامەزراندنی پارێزگارەکان پێویستی بە مەرسومی سەرۆک کۆمارە. ئەمە ئەزمونکراوە لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ،پارێزگاری هەڵبژراردوە، سەرۆکی کۆمار مەرسومی دەرنەکردوەو بەو هۆیەوە نەبوو بە پارێزگار. ١٠: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی هەشتەم هیچ کەسێک لە سێدارە نادرێت بە ئیمزای مەرسومی کۆماریی سەرۆک کۆمار نەبێت. ١١: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی یەکەم ، مافی دەرکردنی لێبوردنی تایبەتی هەیە بۆ مەحکومدراوان، جگە لە چەند جۆرێکی تاوان کە مافی لێبوردنی تایبەتی نایگرێتەوە. ١٢: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی شەشەم، کاغەزی متمانەی نوێنەرایەتی دبلۆماسی وڵاتان پەسەند دەکات. واتە هیچ باڵێوزێک ناتوانێت لێرە کاربکات ،بەبێ مەرسومی سەرۆک کۆمار.
مەنار عوبێدی- شارەزای ئابوری لەگەڵ سەرەتای 2026دا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان توشی سەرسامی بوون بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ پەیوەست بە هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق. هەرچەندە ئەم ڕێکارانە لەدایكبووی ئەم ساتە نین و، پێش چەند مانگێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سیمینار و گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لەسەر كراوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە -وەک هەمیشە- ئێمە بە تەواوی لە رەهەندەكانی گۆڕانكارییەكە تێناگەین تا نەكەوێتە بواری جێبیەجێكردنەوە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت لە سێ خاڵی سەرەکیدا گرنگترین پێشهاتەکان کورتبكرێتەوە: یەكەم: جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی هەندێک پێیانوایە ئەو باجی گومرگییەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە جێبەجێ کرا، بڕیارێکی ئەم دواییەی حکومەتی ئێستایە، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ئەم باجە لە ساڵی 2010وە بەپێی یاسای پێناسی گومرگی ژمارە (22)ی ساڵی 2010 بەشێوەیەکی یاسایی پەسەندكراوە، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی راستەقینە جێبەجێ نەكراوە. بۆیە ئەوەی ڕوویداوە بڕیارێکی نوێ نییە، بەڵکو دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسایەک بووە كە زیاتر لە دەیەیەك دەسەڵاتی یاسادانان دەریكردووە. دووەم: ئەژماركردنی پێشەوەختەی گومرگ لە مێژە لە گفتوگۆ گشتییەكاندا حەواڵەی دەرەكی دەبەسترێتەوە بە پرسەکانی سپیکردنەوەی پارەو هەڵئاوسانی پسوڵەكانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا وەڵامێکی پراکتیکییە بۆ ئەم نیگەرانیانە لە ڕێگەی پەسەندکردنی میکانیزمێکی پێشوەختەی حیساباتی گومرگی. ئەمەش واتە دیاریکردنی باجی گومرگی و پابەندبوونەکان پێش ئەوەی حەواڵەی دارایی ئەنجام بدرێت، لەگەڵ کۆکردنەوەی پارەدان لە کاتی چوونە ژوورەوەی راستەقینەی کاڵاکان. ئەم هەنگاوە ئامانجی ڕێگریکردنە لە حەواڵەی وەهمی و، کەمکردنەوەی هەڵاوسانی پسوڵەكان و، دڵنیابوون لە هاتنە ژوورەوەی كاڵاكان بەشێوەیەمی فەرمی و یاسایی، لەهەمان کاتدا کۆکردنەوەی تەواوی باجەکانی دەوڵەت. سێیەم: گەرەنتی باج بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی (ئەسیكۆدا)، حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی گەرەنتی باج بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان لە کاتی گەیشتنیان، بەپێی ڕێژەی دیاریکراوی پێشوەختە. بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵ دارایدا پاكتاوی كۆتایی باج بكرێت، کە شایستەی باج لەسەر کۆمپانیا ئەژماردەكرێت و لەو بڕە پارەی گەرەنتییە دەبڕدرێت؛ كە لە پرۆسەكانی هاوردەكردن كۆكراوەتەوە. ئەم سێ رێوشوێنە كرۆكی ئەو شتانەن کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە. رەنگە پرسیارێک سەبارەت بە بەرزی ڕێژەی پێناسی گومرگی سەرهەڵبدات. دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دانانی ئەم رێژانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە، بەڵکو لە پسپۆڕی دەسەڵاتی یاساداناندایە کە لە ساڵی 2010 یاساکەی دەرکردووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی ئەو رێژانە دەبێت ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، حکومەت بەرپرسیارێتی یاسا بەركارەكانی ناكەوێتە ئەستۆ. پرسیارێکی تر کە ڕەنگە سەرهەڵبدات ئەوەیە: بۆچی ئێستا ئەم میکانیزمانە جێبەجێ کران؟ وەڵامەمە بەسادەیی ئەوەیە کە دواجار دەوڵەت ئەو پڕۆژەیەی تەواو كردووە کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی گومرگی و دەروازە سنورییەکان، پڕۆژەیەک کە دواکەوتنەکەی لە ساڵانی رابردوودا سوودی بۆ زۆر کەس هەبووە. سەبارەت بە هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، رەنگدانەوەی لایەنێکی بەرچاوە لە دابەزینی قاچاخی دراو و هەڵئاوسانی پسوڵەكان. لەگەڵ توندكردنەوەی چاودێری و جێبەجێكردنی ئەم رێكارانە، ئەوانەی بۆ مەبەستی ناڕەوا بەدوای دۆلاردا دەگەڕێن، ڕوویان لە بازاڕی هاوتەریب "بازاڕی رەش" کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمییەی لە بازاڕی فەرمیدا هەیە. سەبارەت بە گلەیی بەشێک لە بازرگانان لەبارەی سەختی دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکان یان وەڵامدانەوەی خاو لەلایەن هەندێک لە بانکەکانەوە، ئەمە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردندا چاوەڕوانكراوەو، پێویستی بەكاتە بۆ لەخۆگرتنی هەموو بازرگانەكان و رێكخستنی كارەكانیان و دڵنیابوون لە یاسایی و دروستی رێکارەکان. گرنگترین پرسیار كە دەمێنێتەوە: ئایا نرخەكان بەرزدەبنەوە؟ واقیعەکە ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی دۆلار تاکە کاریگەری نابێت. پێشبینی دەکرێت نرخی زۆرێک لە کاڵاکان بەتایبەت کاڵا بەکاربەرەکان بەرزببێتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستی بە ڕێوشوێنی ئابوری "نەشتەرگەری" هەیە بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، سەرەڕای لێکەوتەكانی لەسەر هاوڵاتی لە قۆناغی ئایندەدا. گرنگترین ئاڵنگاری لەبەردەم دەوڵەتدا بمێنێتەوە بریتییە لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیری نرخی كاڵا بنەڕەتییەكان، لە پێش هەمووشیانەوە خۆراک، دەرمان و گواستنەوە، ئەمەش بۆئەوەی هاوڵاتی ئاسایی قورسایی ئەم گۆڕانكارییەی نەكەوێتە سەرشان.
(درەو): دوای هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی نوێی عێراق لە یەكەم هەنگاودا دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوەو مەرجەكانی خۆكاندیدكردنی راگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بڕیارێكی دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری قورس كرد، بەجۆرێك نیسابی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری بە (دوو لەسەر سێ)ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان دیاریكرد، بەوهۆیەوە هاوپەیمانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەڵوەشایەوەو سەدر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە. كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەفەرمی كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە. پاڵپشت بە ماددەكانی (2و 3) لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012 لە یاسای حوكمەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمان دەرگای خۆكاندیكردنی كردەوەو رایگەیاند، ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان كاندید بكەن و ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە، نوسراو پێشكەش بكەن لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییە ئەسڵییەكان؛ كە بیسەلمێنێت ئەو مەرجانەیان تێدایە، ئەمانە لەگەڵ سیڤییەكانیان پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن و رادەستی فەرمانگەی كارەباری یاسایی پەرلەمان/ كۆشی كۆنگرەكان بكرێت، لەماوەی دەوامی فەرمیدا لە 9ی بەیانییەوە تاوەكو 3ی پاشنیوەڕۆ (لە رۆژانی چوارشەممە، یەكشەممەو دوو شەممە) كە دەكاتە رۆژانی 31/12/2025و 4،5/1/2026، لەگەڵ وەرگرتنی پسوڵە كە بیسەلمێنێت داواكارییان پێشكەش كردووە لەگەڵ رێككەوتی پێشكەشكردن و بەڵگەنامە هاوپێچەكانی. مەرجەكانی خۆكاندیدكردن پشتبەست بە ماددەی (1)ی لە یاساكە، كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت: - لە عێرق لەدایك بووبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی. - لەڕووی عەقڵییەوە سەلامەت بێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت. - ناوبانگی باش و ئەزمونی سیاسی هەبێت، دەستپاك و سەرڕاست و دادپەروەرو دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان. - نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ "بەكالۆریۆس" كەمتربێت و دەبێت بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت. - حكوم نەدرابێت بە تاوانێك كە لەكەداری بكات. - یەكێك نەبێت لەوانەی كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە. هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور). خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار. لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ساڵی 2022 پەرەسەندنێكی نوێ روویدا، لەم ساڵەدا و بە دیاریكراوی لە (3ی شوبات)دا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)، واتا دەبێت لە كۆی 329 ئەندام، 220 ئەندام ئامادە بن ئەوكاتە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەست بەكارەكانی بكات. دیاریكردنی دوو لەسەر سێ وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە 2022دا كێشەی بۆ هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستكرد، بەوهۆیەوە نەیانتوانی بەبێ لایەنەكانی تر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوەو ئەمەش دواجار سەریكێشا بۆ كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (بارزانی و حەلبوسی)دا. بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە، تائێستا لەناو كورددا ئەم پۆستە لای یەكێتیی نیشتمانی بووە، ئەمجارەش پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی ناكۆكن و تائێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد لە نێوانیاندا نییە، بۆیە هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە بازی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە.
(درەو): كات بەرەو كۆتایی دەڕوات، هێشتا نە سوننەكان لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان گەیشتوەنەتە رێككەوتن، نە شیعە لەسەر كاندیدی جێگری (یەكەم)، نە كوردیش لەسەر كاندیدی جێگری (دووەم)، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریش هۆشداری داوە لەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی دوو شەممە بەڕێوەدەچێت نابێت هاوشێوەی ئەوەی هەرێمی كوردستان درێژبكرێتەوە یاخود دوابخرێت، هەر دەبێت لەو دانیشتنەدا سەرۆك و جێگرەكانی هەڵبژێردرێت. سوننەو دوو كاندید وادەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیكدەبێتەوەو هێشتا هیچ یەكێك لە پێكهاتەكانی (سوننە)و (شیعە)و (كورد) لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن. بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامدا داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەیە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ (شیعە)و پۆستی جێگری دووەمیش بۆ كورد دەبێت. لایەنە براوەكانی سوننە لە دواین هەڵبژاردن كە پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی (ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) دروستكردووە، دوای چەندجارێك شكستهێنان لە دیاریكردنی كاندیدی تەوافوقی، بڕیاریانداوە سبەینێ و بەر لە 24 كاتژمێر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەم، سەرلەنوێ كۆببنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان. سەڵاح كوبەیسی كە یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی( سیادە)یە قسەی بۆ (شەفەق نیوز) كردوەو دەڵێ: لایەنە سوننەكان ناكۆكییەكانیان لەسەر زۆرێك لە پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەلاداخستووە، تەنیا ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ماوەتەوە. بەقسەی كوبەیسی، هێشتا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم سورە لەسەر خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و موسەننا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم-یش بەرامبەری راوەستاوە. ئەم پیاوە پێشبینی ئەوە ناكات لە كۆبوونەوەی سبەینێش لایەنە سوننەكان لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگەنە رێككەوتن، پێیوایە دواجار (ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) بە دوو كاندیدەوە (حەلبوسی+ سامەڕائی) دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و، پەرلەمانتارانی كوردو شیعە دواجار بڕیار دەدەن كام یەكێك لەو دوو كاندیدەی سوننە دەبن بە سەرۆكی پەرلەمان. شیعەكان و جێگری یەكەم لایەنە شیعە براوەكانی هەڵبژاردن كە خۆیان لەناو هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) كۆكردوەتەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئۆفیسی (عەممار حەكیم) سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆببنەوە. كۆبوونەوەكە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی جێگری (یەكەم)ی سەرۆكی پەرلەمانە كە پشكی پێكهاتەی شیعەیە. سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكەن، بەگوێرەی ئەو میكانیزمەی لەناو شیعەكاندا بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دیاریكراوە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (15 خاڵ)ی لەسەر دانراوە، هەر خاڵێك بەرامبەرە بە یەك كورسی پەرلەمان، واتا بەهای پۆستەكە 15 كورسی پەرلەمانە بۆ ئەو لایەنەی كە دەیبات. وەكو باسدەكرێت، سێ كەس لەناو پێكهاتەی شیعەدا كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كە بریتین لە هەریەكە لە: - عەدنان فەیحان- لە عەسائیبی ئەهلی حەق - موحسین مەندەلاوی- لە هاوپەیمانی ئەساس - ئەحمەد ئەسەدی- لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدانی محەمەد شیاع سودانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هێشتا لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران نەگەیشتونەتە رێككەوتن، بۆیە یەكلاكردنەوە كاندیدی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت بە سەرەتایەك بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی تری پشكی شیعە. كوردو جێگری دووەم لەدوای كەوتنی رژێمی سەددام و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی كوردە هەموو جارەكان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، جگە لە یەك خول (كابینەی حەیدەر عەبادی 2014-2018) كە درا بە (ئارام شێخ محەمەد) لە بزوتنەوەی گۆڕان. پارتی و یەكێتیی هێشتا هیچ رێككەوتنێكیان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد نەكردووە، یەكێتیی خوازیارە پۆستەكانی بەغداد لەگەڵ پۆستەكانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بخرێنە ناو یەك سەبەتەو دواتر دابەشبكرێنەوە، هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزبدا هەبوو، بەڵام پارتی دەیەوێت بەگوێرەی "شایستەی هەڵبژاردن"و هەریەكەیان بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، واتا خوازیارە پرسی پێكهێنانی حكومەت لە بەغداد جیابكاتەوە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە كوردستان. بەڵام بەوپێیەی یەكێتیی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی خۆیەتی، رەنگە وەكو جاری پێشوو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدێكی پارتی بەجێبهێڵێت، بەتایبەتیش كە پارتی نەیوتوە پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێت، بەڵكو وەكو رابردوو جەخت لەوە دەكات دەبێت كاندیدەكە تەوافوقی لەسەر بێت، ئەگەر نا دەبێت هاوشێوەی سوننە، كوردیش بە دوو كاندید یان زیاتر بچێتە ناو پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. دانیشتنەكە درێژدەكرێتەوە؟ لە هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە ساڵێك و مانگێك یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی هێڵدراوەتەوەو لایەنە براوەكان بەدیاریكراوی (پارتی و یەكێتیی) لەسەر پێكهێنانی كابینەی (دەیەم)ی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن. بەڵام ئایا پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان دەردی پەرلەمانی كوردستان دەچێت و ناتوانێت بەر لە ساڵی نوێ دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژێرێت؟ دادوەر فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ سەرۆكی تەمەن-ی خولی نوێیی پەرلەمانی عێراق كۆبووەو هۆشیداری پێدا دانیشتنی یەكەم كە بڕیارە 29ی ئەم مانگە واتا رۆژی دوو شەممە دەبێت تێیدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێردرێن و؛ بەگوێرەی دەستورو یاسا نابێت دانیشتنەكە دوابخرێت یاخود درێژبكرێتەوە. ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات و لە یەكەم دانیشتنداو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئیتر خشتەی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەستپێبكات.
(درەو): تا 15 رۆژی تر دەبێت كاندیدە سەركەوتووەكانی پەرلەمانی عێراق هەم سوێندی یاسایی بخۆن، هەم سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەڵبژیرن، بەگوێرەی سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان، هەر كورسییەك بەتاڵ بێت بەمشێوەیە پڕدەكرێتەوە. دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەندكرد، ئێستا ئیتر دەبێت سەرۆك كۆمار (ئێستا لەتیف رەشیدە) داوای لە خولی نوێی پەرلەمان (خولی شەشەم) بكات لەماوەی 15 رۆژدا یەكەم دانیشتنی خۆی سازبدات (ئەمە بەگوێرەی ئەوەی لە ماددەی 54ی دەستوردا هاتووە، بەپێی ئەم وادەیە نابێت ماوەی سازدانی دانیشتنەكە لە 15 رۆژ زیاتر درێژبكرێتەوە). یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، بەمەش بەپێی ماددەی (56ی دەستور) ئیتر یەكەم رۆژی خولی نوێی پەرلەمان دەستپێدەكات. بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەسەندكرد، كاندیدی سەركەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێت لەماوەیەكدا كە (یەك مانگدا) لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانەوە سوێندی یاسایی بخوات، بەپێچەوانەوە بەگوێرەی (سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان) كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریكردووە، جێگرەوی بۆ دیاری دەكرێت، بەوشێوەی لەخوارەوە هاتووە. كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (5) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی لە پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە دیاریكردووە: * ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگی هێناوە، شوێنەكەی پڕدەكاتەوە. * ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. * ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بوو، كە لەچوارچێوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، كورسییەكە تەرخان دەكرێت بۆ كاندیدێكی تر لە هەمان پێكهاتەو بازنەی هەڵبژاردن كە زۆرترین دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. * ئەگەر كورسی "كۆتا"ی ژنان چۆڵ بوو، مەرجە ئەو ژنەی كە شوێنی دەگرێتەوە لە هەمان لیستی كراوەی هەڵبژاردن بێت. ئەم دەقە جێبەجێ نابێت بەسەر كورسی چۆڵ بوو لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراو بۆ "كۆتا"ی پێكهاتەكان. * ئەگەر هاتوو كورسی چۆڵ بوو تایبەت بوو بە ژنێكی براوە لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیی، كورسییەكەی تەرخان دەكرێت بۆ ژنێك لە حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی هێنابێت بەڵام كورسی پەرلەمانی نەبردبێتەوە.
درەو: حکومەتی عێراق حزبوڵای (لوبنان) و ئەنساروڵای حوسییەکانی لە یەمەن وەک قەوارەی تیرۆریستی لەناوخۆی وڵاتدا پۆلێن کرد، هەروەها فەرمانی بلۆككردنی سەرجەم سامان و سەروەت و سامانەکانیانیشی دەرکرد. رۆژنامەی وەقائعی عێراق لە ژمارە 4848ی خۆی لە 17ی تشرینی دووەمی 2025، بڕیارێکی دەركردووە لە ( لیژنەی بلۆككردنی سامانی گروپە تیرۆریستییەکان) ژمارە 61ی لە بەرواری 28ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکردووەتەوە و بڕیاریبلۆككردنی سەروەت و سامانی 24 قەوارەی دەرکردووە، کە وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنیکردووە. لەوانە: - لە زنجیرەی ١٨: حزبوڵا، لوبنانـ تۆمەت: بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆریستی. - لە زنجیرەی ١٩: حوسییەکان (ئەنساروڵا) یەمەن، تۆمەت: بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆریستی. لیژنەی بەستنی پارەی تیرۆریستی، لیژنەیەکە لە لایەن ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرۆکایەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی و جێگرەکەی، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر پێکهێنراوە، هاوکات ئەو نوێنەرانە لەخۆدەگرێت کە ناونیشانی کارەکەیان کەمتر نییە لە بەڕێوەبەری گشتی یان راگر لە وەزارەتەکانی: دارایی، ناوخۆ، کاروباری دەرەوە، داد، بازرگانی، پەیوەندییەکان، زانست و تەکنەلۆژیا، کۆمیسیۆنی دەستپاکی، دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، و دەزگای هەواڵگری.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق كێڵگەی (خۆرئاوای قورنە-2) لە كۆمپانیا (لوك ئۆیڵ)ی روسی وەردەگرێتەوەو، دەیدات بە كۆمپانیایەكی ئەمریكی. وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو، تێیدا بانگهێشتی (راستەوخۆ)و (تایبەت)ی ئاڕاستەی ژمارەیەك لە گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا كرد، بێتە ناو دانوستانی راستەوخۆ بەمەبەستی پێشكەشكردنی پێشنیارو كێبركێی خۆیان بۆ (گواستنەوەی بەڕێوەبردنی كێڵگەی خۆرئاوای قورنە-2) بۆ یەكێك لەو كۆمپانیایانەی؛ كە بەگوێرەی كێبركێ و پێوەرەكان گرێبەستەكە دەباتەوە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە. وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەكردووە، گواستنەوەی ئیدارەی كێڵگەی خۆرئاوای قورنە-2 بۆ یەكێك لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەتوانایدایە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات و، سەقامگیری بازاڕی جیهانیش نەوتیش بەهێز بكات، ئەمە لەپاڵ زامنكردنی بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و پشكی خۆی لە بازاڕدا، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابورییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و ئەمریكاو گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو. كۆمپانیای (لوك ئۆیڵ) كە دووەم گەورە كۆمپانیای نەوتە لە روسیا، بەمدواییە لەلایەن ئەمریكاو بەریتانیاوە سزای بەسەردا سەپێندرا، بەوهۆیەوە كۆمپانیاكە كارەكانی لە كێڵگەی خۆرئاوای قورنە-2 لە عێراق پەكیكەوت. بەهۆی سزاكانەوە حكومەتی عێراق پێدانی پارەی كاش و نەوتی خاوی بە كۆمپانیا روسییەكە راگرت. سەرباری راگرتنی پێدانی پارە، باركردنی نەوتی كێڵگەی خۆرئاوای قورنە-2 لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە راگیرا، ئەمەش دواجار كۆمپانیا روسییەكەی ناچار كرد لە كێڵگەكە بكشێتەوە.
