سیستمی «ئەسیکۆدا» و وەرچەرخانی ئابووریی عێراق
2026-02-16 18:06:58
درەو:
🔻 ئەوەی پێویستە دەربارەی سیستمی ASYCUDA)) بزانرێت، کە ئێستا لە عێراقدا بووەتە جێی مشتومڕ؛
🔹 کاری سەرەکی ئەم سیستمە ئەوەیە، پرۆسەی کاغەز و مامەڵەی دەستی لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو شتێک دەکاتە ئەلیکترۆنی. لە وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی، پشکنینی بارهەڵگرەکان، تا کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان.
🔹 سیستمەکە زۆر وردە و ڕێگە نادات هیچ بڕە پارەیەک "تێپەڕێنرێت"، ئەمەش وای کردووە بازرگانان هەست بەو تێچووە گەورەیە بکەن، کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان (یان بە نایاسایی یان بە کەم خەمڵین) لێی دەرباز دەبوون.
🔹 بەغداد دەیەوێت هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان)یشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت.
🔹 جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو مانایەیە کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر چرکەیەک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر هەرێم کە دەبێت داهاتەکان بە ڕوونی ڕادەستی بەغداد بکات یان لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە.
🔹 ئەگەر هەرێم سیستمەکە جێبەجێ نەکات، بەغداد لە بازگەکاندا (وەک بازگەی نێوان کەرکوک و هەولێر) گومرگی دووبارە دابنێت بە پاساوی ئەوەی "ئەسیکۆدا" نییە، ئەوا بازرگانی لە هەرێم پەککەوێت و نرخەکان لە ناوخۆی کوردستان زۆر گران دەبن.
🔹 ئەگەر بەغداد دان بە گومرگی هەرێمدا نەنێت و سیستمەکە یەک نەخرێت، بازرگان لە ئیبراهیم خەلیل گومرگ دەدات و کاتێک دەگاتە کەرکوک یان موسڵ، جارێکی تر داوای گومرگی لێ دەکرێتەوە. ئەم "دوو گومرگییە" گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەی بازرگانان پەنا ببەنە بەر ڕێگەی قاچاخ بۆ دەربازبوون لە یەکێکیان.
پوختە
عێراق لە ئێستادا لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەی ئابووریدایە. جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) تەنها گۆڕینی شێوازی کارکردنی گومرگ نییە لە کاغەزەوە بۆ دیجیتاڵ، بەڵکو شەڕێکی مانیفێستکراوی دەوڵەتە بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و شەفافیەت لە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکاندا.
سیستمی ئەسیکۆدا ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت وەک "نەشتەرگەرییەکی بەئازار" وایە بۆ ئابووری عێراق؛ لە لایەکەوە گەندەڵی کەمدەکاتەوە و داهاتی دەوڵەت زیاد دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەگەر بە وریایی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ نەکرێت، دەبێتە هۆی گرانبوونی بژێوی ژیان و ناڕەزایەتی گەورەی بازرگانان.
بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کێشەی عێراق "کەمیی تەکنەلۆژیا" نییە، بەڵکو "زۆریی دەستوەردانی سیاسییە" ئەسیکۆدا وەک ئاوێنەیەک وایە؛ تەنها عەیبەکانی سیستمەکەمان نیشان دەدات، بەڵام ناتوانێت دەموچاوەکان بشوات!
ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە تەکنیکی، سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەم پرۆسەیە، هاوکات گرنگی و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە دەخاتەڕوو، جگە لەوەی تیشک دەخاتە سەر لێکەوتەکانی پرۆسەکە لەسەر دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سیستمی ئەسیکۆدا ASYCUDA)) چییە؟ بۆچی عێراق دەیەوێت کاری پێ بکات؟
ئەوەی پێویستە دەربارەی ئەم سیستمە بزانرێت، کە ئێستا لە عێراقدا بووەتە جێی مشتومڕ، ئەوەیە: ئەسیکۆدا ASYCUDA)) کورتکراوەی Automated System for Customs Data))ـە. مەبەست لێی سیستمێکی کۆمپیوتەریی مۆدێرنە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNCTAD)) پەرەی پێدراوە.
کاری سەرەکی ئەم سیستمە ئەوەیە، پرۆسەی کاغەز و مامەڵەی دەستی لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو شتێک دەکاتە ئەلیکترۆنی. لە وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی، پشکنینی بارهەڵگرەکان، تا کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان.
حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە ڕێگری لە گەندەڵی، ساختەکاری لە پسوڵەکان و خۆدزینەوە لە باج بگرێت، چونکە سیستمەکە نرخەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و جیهانی دیاری دەکات.
بەڵام بازرگانان گلەیی ئەوەیان هەیە کە سیستمەکە زۆر توندە و ئەو نرخ و پێناسانەی دیاریی کردوون، زۆر بەرزن و لەگەڵ باری دارایی بازاڕی عێراق ناگونجێن، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی کەلوپەل لەسەر هاووڵاتیان.
بە کورتی، حکومەت وەک ئامرازێک بۆ "شەفافیەت" دەیبینێت، بەڵام بازرگانان وەک "بارێکی قورس" و بڕیارێکی لەپڕ سەیری دەکەن.
لایەنە تەکنیکییەکانی ئەسیکۆدا (چۆن کار دەکات؟)
ئەم سیستمە تەنها بەرنامەیەکی ژمێریاری نییە، بەڵکو ژینگەیەکی تەواوی دیجیتاڵییە، کە ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێت:
1. مەنیفێستی ئەلیکترۆنی: (e-Manifest) پێش ئەوەی بارهەڵگرەکە بگاتە سنوور، زانیارییەکانی بۆ سیستمەکە دەنێردرێت. ئەمەش وا دەکات گومرگ پێشوەختە بزانێت چی دێت.
2. پشکنینی هەستیار (Risk Management) :سیستمەکە ژیریی دەستکرد یان هاوکێشەی تایبەت بەکاردێنێت بۆ پۆلێنکردنی بارەکان بەسەر سێ ڕەنگدا دابەشیان دەکات:
o ڕەنگی سەوز: بارەکە هیچ کێشەیەکی نییە و ڕاستەوخۆ دەردەچێت.
o ڕەنگی زەرد: تەنها پشکنینی بەڵگەنامە و کاغەزەکانی بۆ دەکرێت.
o ڕەنگی سوور: دەبێت بارەکە بە تەواوی دابگیرێت و پشکنینی فیزیایی بۆ بکرێت.
3. پێوەندی بە بانکەکانەوە: سیستمەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سیستمی بانکییەوە؛ بازرگانەکە ناتوانێت بە کاش پارە بدات، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی بانکەوە ڕەسمەکان بدات، ئەمەش ڕێگری لە گەندەڵی دەستی دەگرێت.
سوودەکانی لەسەر ئاستی جیهانی
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان (زیاتر لە 100 وڵات) سیستمەکە بەکاردەهێنێت، وڵاتانی وەک (ئوردن، لوبنان، میسر) و چەندین وڵاتی تری ناوچەکە پێشتر ئەمەیان جێبەجێ کردووە و بەم ئامانجانە گەیشتوون:
1. کەمکردنەوەی کات: ئەو مامەڵەیەی پێشتر (2) هەفتەی دەخایاندبێت، بە پەیڕەو کردنی ئەم سیستمە بە (2) ڕۆژدا تەواو دەبێت.
2. زیادبوونی داهات: بەهۆی ئەوەی سیستمەکە ڕێگری ل واسیتەو واسیتەکاری و دەستکاری کردنی نرخ دەکات، داهاتی گومرگی وڵاتان بە ڕێژەی 20٪ بۆ 30٪ زیادی کردووە.
3. داتای ورد: حکومەت دەزانێت بە وردی چەند تەن شمەک و خۆراک یان چەند ئۆتۆمبێل و چی کەلوپەلێک هاتۆتە ناو وڵاتەوە، ئەمەش بۆ پلاندانانی ئابووری گرنگە تایبەتی هەیە.
بۆچی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە عێراق کێشەی دروست کردووە؟
کێشەکە لە خودی سیستمەکە "ئەسیکۆدا" نییە، بەڵکو لە شێوازی تێکەڵکردنیەتی لەگەڵ یاسا کۆنەکان:
1. پێناسەی گومرگی :(Tariff) حکومەت لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمەکە، پێناسەی نوێی داناوە (وەک بڕیاری 957). سیستمەکە زۆر وردە و ڕێگە نادات هیچ بڕە پارەیەک "تێپەڕێنرێت"، ئەمەش وای کردووە بازرگانان هەست بەو تێچووە گەورەیە بکەن، کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان (یان بە نایاسایی یان بە کەم خەمڵین) لێی دەرباز دەبوون.
2. نەبوونی ژێرخانی ئەلیکترۆنی: زۆرێک لە بازرگانان و کارمەندانی گومرگ هێشتا ڕانەهاتوون لەسەر سیستمی دیجیتاڵی و ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغی و مانەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە سنوورەکان (وەک بەندەری ئوم قەسر).
3. یەکخستنی نرخەکان: پێشتر ڕەنگە لە گومرگی "ئیبراهیم خەلیل" نرخێک بێت و لە "شەلامچە" نرخێکی تر، بەڵام ئەسیکۆدا هەمووی دەکاتە یەک، ئەمەش بازاڕی هەندێک ناوچەی تێکداوە.
کاریگەری جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر هەرێمی کوردستان
بەشێوەیەکی گشتی مشتومڕەکە لێرەدا لە چەند ڕەهەندێکەوە سەرچاوە دەگرێت:
1. یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان:
بەغداد دەیەوێت هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان)یشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت. ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، چیتر جیاوازی لە نرخ و ڕەسمی گومرگی نامێنێت. پێشتر بازرگانان زۆرجار ئەو دەروازەیەیان هەڵدەبژارد کە "ئاسانکاری" یان "پێناسەی کەمتری" هەبوو، بەڵام ئەسیکۆدا ئەم کێبڕکێیە ناهێڵێت.
2. کێشەی دەسەڵات و داهات:
بەپێی دەستوور، گومرگ دەسەڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام هەرێم دەروازەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو مانایەیە کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر چرکەیەک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر هەرێم کە دەبێت داهاتەکان بە ڕوونی ڕادەستی بەغداد بکات یان لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە.
3. ترس لە پەککەوتنی بازرگانی:
ئەگەر هەرێم سیستمەکە جێبەجێ نەکات و بەغداد لە بازگەکاندا (وەک بازگەی نێوان کەرکوک و هەولێر) گومرگی دووبارە دابنێت بە پاساوی ئەوەی "ئەسیکۆدا" نییە، ئەوا بازرگانی لە هەرێم پەککەوێت و نرخەکان لە ناوخۆی کوردستان زۆر گران دەبن.
بەڵام، ئەگەر بەغداد دان بە گومرگی هەرێمدا نەنێت و سیستمەکە یەک نەخرێت، بازرگانەکە لە ئیبراهیم خەلیل گومرگ دەدات و کاتێک دەگاتە کەرکوک یان موسڵ، جارێکی تر داوای گومرگی لێ دەکرێتەوە. ئەم "دوو گومرگییە" گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەی بازرگانان پەنا ببەنە بەر ڕێگەی قاچاخ بۆ دەربازبوون لە یەکێکیان.
کاریگەری دەروازەی ناڕەسمی و ڕێگای قاچاخ لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا
هەرچەندە سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە شەرعییەکاندا توندوتۆڵ بێت، ئەگەر "دەرچەی پشتی" (قاچاخ و خاڵە ناڕەسمییەکان) هەبێت، سیستمەکە کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت. ئەم کێشەیە بە چەند ڕێگەیەک کاریگەری لەسەر ئابووری و بازاڕ دادەنێت:
1. نادادی لە کێبڕکێدا: ئەمە گەورەترین مەترسییە. کاتێک بازرگانێکی پابەند و یاسایی لە ڕێگەی ئەسیکۆداوە باری خۆی دەهێنێت و 170 ملیۆن دینار گومرگ دەدات، لە بەرامبەردا بازرگانێکی تر بە ڕێگەی قاچاخ یان خاڵی ناڕەسمی بە تێچوویەکی زۆر کەمتر هەمان کاڵا دەهێنێتە ناو بازاڕ. لێرەدا بازرگانە یاساییەکە مایەپووچ دەبێت، چونکە ناتوانێت لە نرخدا کێبڕکێ بکات.
2. گۆڕانی ڕێڕەوی بازرگانی: ئەگەر خاڵە قاچاخەکان و دەروازە ناڕەسمییەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، بازرگانان ناچار دەبن پشتیان پێ ببەستن بۆ ئەوەی لەو باجە قورسەی ئەسیکۆدا ڕزگاریان بێت. ئەمەش وادەکات داهاتی دەوڵەت نەک هەر زیاد نەکات، بەڵکو کەمیش بکات، چونکە پارەکە لە جیاتی خەزێنەی دەوڵەت دەچێتە گیرفانی قاچاخچییەکان و گرووپە دەستڕۆیشتووەکان.
پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟ (لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە)؟ بۆ ئەوەی ئەسیکۆدا سەرکەوتوو بێت، دەبێت حکومەت ئەم هەنگاوانە بنێت:
• هێزی هاوبەشی فیدراڵی و هەرێم: دانانی هێزێکی ئەمنی و گومرگی هاوبەش لەو شوێنانەی وەک "خاڵی ناڕەسمی" دەناسرێن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر بارێک بکەن کە کۆدی ئەسیکۆدای پێ نییە.
• بەستنەوەی بازگەکان بە سیستمەکەوە: بازگەکانی نێوان شارەکان دەبێت ئامێری سکانیان هەبێت بۆ پشکنینی "بڕوانامەی گومرگی ئەلیکترۆنی". هەر بارێک مۆری ئەسیکۆدای نەبێت، دەبێت وەک قاچاخ دەستی بەسەردا بگیرێت.
• کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی: زۆرێک لە پسپۆڕان دەڵێن "باجی زۆر، هانی قاچاخ دەدات". ئەگەر حکومەت پێناسی گومرگی کەم بکاتەوە (بۆ نموونە 5٪ وەک ژووری بازرگانی داوای دەکات)، بازرگان ئامادە نابێت سەرکێشی بکات و باری خۆی بداتە دەست قاچاخچی، چونکە تێچووی قاچاخەکە لە گومرگە ڕەسمییەکە زیاتر دەبێت.
ئەو ئایتمانەی زۆرترین کاریگەریی «ئەسیکۆدا» و پێناسە نوێیەکەیان لەسەرە
بڕیاری (957)ی ساڵی 2025، پێناسەی گومرگی بۆ زۆر کاڵا گۆڕیوە. مەبەست لە بەرزکردنەوەکە زۆرجار "پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی" یان "کۆکردنەوەی داهات"ە. یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ئەم سیستمە، پۆلێنکردنی وردی کاڵاکانە کە وا دەکات چیتر بازرگان نەتوانێت کاڵایەک بە ناوی کاڵایەکی ترەوە دەرباز بکات. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، کاریگەرییەکان بەسەر ئەم سێکتەرانەدا دابەش دەبن:
أ. کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان
حکومەت ڕایگەیاندووە کە موادە خۆراکییە بنەڕەتییەکان (وەک ئاراد، شەکر، برنج و زەیتی خواردن) گومرگیان زۆر کەمە یان هەر نییە. بەڵام کێشەکە لێرەدا دەردەکەوێت:
• خۆراکە لەقوتووکراوەکان: باجی سەر ئەم جۆرە کاڵایانە زیادی کردووە بۆ پاڵپشتی کارگەکانی ناوخۆ.
• یاسای یەک کۆنتێنەر: ئەگەر بازرگانێک لەناو یەک کۆنتێنەردا برنج (باجی کەم) و کاڵایەکی تری تێدابێت کە باجی زۆرە، سیستمەکە بەپێی "بەرزترین ڕێژە" گومرگی هەموو کۆنتێنەرەکە دەکات. ئەمە وای کردووە نرخی خواردنیش لە بازاڕدا بەرز ببێتەوە.
ب. کەرتی ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی
ئەم کەرتە بە یەکێک لە "قوربانییە گەورەکان" دادەنرێت، چونکە حکومەت دەیەوێت کارگەکانی ناوخۆ ببوژێنێتەوە:
• سیرامیک، کاشی و شیش: باجی سەر ئەم ئایتمانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
• کەلوپەلی کارەبایی: ئامێرەکانی وەک سپلیت، سەلاجە و تەباغ کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئێستا باجێکی زۆریان دەچێتە سەر، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی خانووبەرە دەبێت.
ج. ئۆتۆمبێل و کاڵا تەکنەلۆژییەکان
سیستمی ئەسیکۆدا زۆر وردە لە دیاریکردنی جۆری ئۆتۆمبێل و ساڵی دروستکردن و قەبارەی بزوێنەر:
• ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز: باجی گومرگی و "ئەماناتی باج" لەسەر ئۆتۆمبێل زیادی کردووە.
• مۆبایل و لاپتۆپ: ئەگەرچی پێشتر باجێکی کەمیان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی تۆمارکردنی ورد لە ئەسیکۆدا، بازرگانان ناچارن باجێکی ڕاستەقینە بدەن کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان لێی دەرباز دەبوون.
د. کاڵا لوکسەکان
ئەم پۆلێنە زۆرترین ڕێژەی باجی بەرکەوتووە، کە هەندێک جار دەگاتە 30% بۆ 50%:
• بۆن، کەلوپەلی جوانکاری، و خواردنە گرانبەهاکان. حکومەت ئەمە وەک سەرچاوەیەکی داهات دەبینێت کە کاریگەری لەسەر چینی هەژار نییە، بەڵام بازرگانان دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی وەستانی بازاڕی ئەم کاڵایانە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان ئەوەیە، کە ئەگەر لەناو یەک کۆنتێنەردا چەند جۆرە کاڵایەکی جیاواز هەبن، گومرگەکە بەپێی "بەرزترین ڕێژە" بۆ هەموو کۆنتێنەرەکە ئەژمار دەکرێت. ئەمە وای کردووە تێچووی کۆنتێنەرێک لە 3 ملیۆنەوە بەرزببێتەوە بۆ 175 ملیۆن دینار!
بەڵام حکومەت دەڵێت موادە سەرەتاییەکانی وەک خواردن (برنج، شەکر، ڕۆن، ئارد..هتد) و دەرمان گومرگیان زۆر کەمە یان نییە، بەڵام بازرگانان دەڵێن بەهۆی وردی سیستمەکە و کرێی زەوی و دواکەوتن، تەنانەت نرخی ئەوانەش لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە.
خشتەی نوێی پێناسی گومرگی
ئەسیکۆدا و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان
بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دەوڵەت و هێزە سیاسییەکەان، کە لە زانستی سیاسی و ئابووریدا پێی دەوترێت "ململانێی دامەزراوەیی" واتە کاتێک دەوڵەت دەیەوێت دامەزراوەیەکی مۆدێرن و سیستەماتیک (وەک ئەسیکۆدا) دابمەزرێنێت، بەڵام هێزە نافەرمییەکان (حزب و گرووپە دەستڕۆیشتووەکان) وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان سەیری دەکەن. ئەم واقیعە چەند ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات، ئەوانیش:
1. تەکنەلۆژیا بەبێ "سەروەری یاسا" تەنها ئامرازێکی بێهێزە: تەکنەلۆژیا وەک ئەسیکۆدا دەتوانێت "کونەکان" بگرێت، بەڵام ناتوانێت "دەرگاکان" دابخات ئەگەر کلیلی دەرگاکان لە دەستی حزبەکاندا بێت. کاتێک حزبێک خاوەنی دەروازەیەکی نافەرمی بێت یان هێزێکی چەکداری هەبێت کە بتوانێت بارهەڵگر بەبێ پشکنین دەرباز بکات، ئەوا زیرەکترین سیستمی جیهانیش بێمانا دەبێت.
2. گۆڕینی گەندەڵی لە "کارگێڕییەوە" بۆ "سیاسی": ئەگەر گەندەڵی لە ئاستی فەرمانبەرێکی بچووکدا بێت کە بە بڕێک پارە چاو پۆشی بکات (ئەمە بە ئەسیکۆدا چارەسەر دەبێت)، بەڵام ئێستا کێشەکە گەورەتر بووە؛ گەندەڵییەکە بووەتە سیاسی. واتە ڕێککەوتنی گەورە لە پشت پەردەوە دەکرێت بۆ ئەوەی هەندێک بازرگانی سەر بە حزبەکان باج نەدەن، یان ڕێگەی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە.
3. یاسای "باج بۆ لاوازەکان" لە دۆخێکی وادا، سیستمی ئەسیکۆدا دەبێتە ئامرازێک کە تەنها فشار دەخاتە سەر بازرگانی بچووک و بێپشتوپەنا، چونکە ئەوان ناچارن بە سیستەمەکەدا بڕۆن، لە کاتێکدا بازرگانە گەورەکانی سەر بە حزبەکان بە ڕێگەی تردا دەڕۆن. ئەمەش وادەکات بازاڕ بەرەو "قۆرخکاری" بڕوات و تەنها چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکەن.
بۆیە بۆ ئەوەی سیستمەکە سەرکەوتوو بێت، نابێت تەنها لە "کۆمپیوتەرێک لە گومرگدا" کورت بکرێتەوە. دەبێت:
1. چاودێرییەکی نێودەوڵەتی یان سەربەخۆ هەبێت کە ڕاستەوخۆ داتاکانی ئەسیکۆدا بەراورد بکات لەگەڵ ئەو کاڵایانەی لە بازاڕدا دەبینرێن.
2. یەکخستنی سیاسی: پێش یەکخستنی تەکنیکی، دەبێت لایەنە کوردی و عێراقییەکان لەسەر "بەرژەوەندی گشتی" ڕێکبکەون، نەک تەنها دابەشکردنی داهات.
بە کورتی، کێشەی عێراق "کەمیی تەکنەلۆژیا" نییە، بەڵکو "زۆریی دەستوەردانی سیاسییە" ئەسیکۆدا وەک ئاوێنەیەک وایە؛ تەنها عەیبەکانی سیستمەکەمان نیشان دەدات، بەڵام ناتوانێت دەموچاوەکان بشوات!
سەرچاوەکان
- قرار مجلس الوزراء العراقي رقم (957) لسنة 2025 المعتمد رفع نسبة الرسم الجمركي على كافة مستوردات العراق.
- حقيقة الضرائب في العراق: قرار 957 لسنة 2025 وليس لسنة 2023 خلال الأيام الماضية؛
https://shorturl.at/KyEID
- الإطار التنظيمي لربط التعرفة الكمركية والأمانات الضريبية بنظام الأسيكودا؛
https://shorturl.at/hzMHD
- تقریرالعالم الجديد، زلزال «الأسيكودا» يضرب الأسواق: هل تنجح «ثورة التجار» في تجميد التعرفة الكمركية الجديدة؟ 2026-02-07
https://shorturl.at/KgFvc
