Draw Media

قازانجی کۆمپانیای دانە غاز لە ساڵی 2025 (130 ملیۆن) دۆلار بووە

 قازانجی کۆمپانیای دانە غاز لە ساڵی 2025 (130 ملیۆن) دۆلار بووە

2026-02-17 19:51:08


 

🔻 داتاکانی کۆمپانیای دانە غاز؛
🔹 بەرهەمهێنان بە ڕێژەی زیاتر لە 30٪ زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی قەبارەی غاز لە هەرێمی کوردستان و مسر.
🔹 داهاتی گشتی ساڵی 2025 گەیشتووەتە (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار و پوختەی داهاتیش (476 ملیۆن) درهەم بووە بەرامبەر بە (130 ملیۆن) دۆلار.
🔹 بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر لە ئێستادا لە (700 ملیۆن) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تێپەڕی کردووە.
🔹 دانا غاز و هاوبەشەکانی پڕۆژەی فراوانکردنی غازی "کۆرمۆر 250" ناسراو بە (KM250) هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.
🔹 لە چارەکی سێیەمی 2026 دا بەرهەمهێنان زۆرتر زیاد دەکات، ئەوەش دوای تەواوبوونی بۆرییە نوێیەکەی گواستنەوەی غازی کۆرمۆر.
🔹 پێشبینی دەکرێت داهاتەکانی کۆمپانیا لە چارەکی یەکەمی 2026ەوە سوود لەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی بەرهەمهێنان وەربگرێت.

پوختە
کۆمپانیای دانا غاز، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی غازی سروشتییە لە ناوچەکەدا، ڕایگەیاندووە، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار و پوختەی داهاتیش (476 ملیۆن) درهەم بووە بەرامبەر بە (130 ملیۆن) دۆلار.
کۆی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا و بە درێژایی مانگی کانوونی دووەم لەسەر ئەو ئاستە بەردەوام بووە. ئەمە زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە تێکڕای بەرهەمهێنانی ساڵی 2025 دا، کە (53 هەزار و 500) بەرمیل بووە، ئەمەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیە لە ساڵی 2018ەوە. ئەم دەستکەوتە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵەوە کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر داهات و قازانجی کۆمپانیا دەبێت.

دۆخی دارایی دانا غاز لە ساڵی 2025
ڕۆژی 6ی شوباتی 2025: کۆمپانیای دانا غاز، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی ناوچەییە لە بواری غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامە داراییە بەراییە وردبینینەکراوەکانی خۆی بۆ ساڵی دارایی کۆتاییهاتوو لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 ڕاگەیاند.
کۆمپانیاکە پوختەی قازانجی ساڵی 2025ی بە (476 ملیۆن) درهەم (130 ملیۆن) دۆلار ڕاگەیاند، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا (553 ملیۆن) درهەم بەرامبەر بە (151 ملیۆن) دۆلار بووە.
داهاتی ساڵی 2025 بڕی (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار بووە؛ داهاتی ساڵی 2024 بڕی (46 ملیۆن) دۆلاری یەکجارەکی تێدابوو کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازەوە بوو لەژێر ڕێککەوتنامەی یەکخستنی ئیمتیازاتەکاندا. بەبێ هەژمارکردنی ئەو زیادبوونە یەکجارەکییە، دابەزینی داهات لە ساڵی 2025دا دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بەرهەمهێنان لە میسر بەهۆی دابەزینی سروشتیی کێڵگەکان و نزمبوونەوەی نرخی فرۆشتن، بەجۆرێک تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2025دا (69) دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا (81) دۆلار بووە.

زیادبوونی بەرهەمهێنان
لە هەرێمی کوردستان، دانا غاز و هاوبەشەکانی لە مانگی تشرینی یەکەمدا پڕۆژەی فراوانکردنی غازی "کۆرمۆر 250" ناسراو بە (KM250) یان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، کە هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بوو. پڕۆژەکە توانای (250 ملیۆن) پێ سێجا غازی زیاد کرد، لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی (460 تۆن) غازی شل LPG)) و (7 هەزار) بەرمیل کۆندێنسەیت، بەمەش توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتە (750 ملیۆن) پێ سێجا غاز و (22 هەزار) بەرمیل کۆندێنسەیت و (هەزار و 500) تۆن غازی شل. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر لە (500 ملیۆن)ەوە بۆ (700 ملیۆن) پێ سێجا بەرزکرایەوە.
بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر بە شێوەیەکی قۆناغبەندی زیاد دەکرێت تا ئەو کاتەی بۆرییە نوێیەکە لە سەرەتای چارەکی سێیەمی 2026 تەواو دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای کاراکردنی بۆرییەکە، (5 هەزار) بەرمیلی هاوتای نەوتی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆژانە زیاد بکات و کۆی بەرهەمهێنان لە هاوتای نەوتی (75 هەزار) بەرمیل تێپەڕێت.
لە میسر، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا چوار بیری نوێی لێداوە و کارکردنی لە سێ بیری دیکەدا تەواو کردووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی (27 ملیۆن) پێ سێجا غاز لە کۆتایی ساڵدا. دانا غاز پلانی هەیە لە ساڵی (2026)دا حەوت بیری دیکە لێ بدات، کە یەکەمیان بیری "دافۆدێل"ە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی کانوونی دووەمدا دەست بە لێدانی بکرێت.
ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانا غاز، ڕایگەیاندووە: "گەیشتن بە ئاستی (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت، وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکەمان. ئەمە ڕەنگدانەوەی جێبەجێکردنی وردی پلانەکانمانە، بەتایبەتی تەواوکردنی پێشوەختەی پڕۆژەی (کۆرمۆر 250) لە هەرێمی کوردستان. ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قازانجەکانمان دەبێت لە ئەنجامە داراییەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا."

دەربارەی دانا غاز
دانا غاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی غازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە بۆرسەی ئەبوزەبی تۆمار کراوە. کۆمپانیاکە خاوەنی دارایی و کێڵگەی بەرهەمهێنانە لە میسر، هەرێمی کوردستان و ئیمارات.

تێبینی
بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا (boepd) کورتکراوەیە بۆ (Barrels of Oil Equivalent Per Day) بەکاردێت. واتاکەی ئەوەیە: لەبەر ئەوەی دانا غاز تەنیا نەوت بەرهەم ناهێنێت بەڵکو (غازی سروشتی و غازی شل و کۆندێنسەیت)یش بەرهەم دەهێنێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە بە یەک پێوەر بپێورێن، وزەی ناو غازەکە دەگۆڕدرێت بۆ بڕی ئەو وزەیەی لە یەک بەرمیل نەوتدا هەیە.
بۆ نموونە: کاتێک دەڵێن (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوتی ڕۆژنە (boepd)، مەبەستیان ئەوەیە کۆی ئەو غاز و نەوتەی بەرهەمی دەهێنن، وزەکەی یەکسانە بە وزەی (70 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو.

سەرچاوە؛
ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دانا غاز؛
https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2026/01/20260118-DG-Production-70k-En.pdf
هەروەها؛
https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2026/02/20260204-Dana-Gas-FY-2025-Press-Release-En.pdf

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand