هه‌واڵ / عێراق

(درەو)- AFP سبەینێ (١٠ی ئۆکتۆبەر) ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەدا لە عێراق، بەبێ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ و بودجە، ئەمە بەھۆی ئیفلیجییەکی سیاسییەوە کە ھەڕەشەی بێبەشکردنی وڵات دەکات لە پرۆژەکانی ژێرخان و دەرفەتی چاکسازی کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی. عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ماندووە بە دەست چەندین دەیە ناکۆکییەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا داھاتێکی زۆری نەوتی بەدەستھێناوە، ئەم پارانە لە بانکی ناوەندیدان کە یەدەگی دراوی بیانی تێیدا گەیشتوەتە (٨٧ ملیار) دۆلار. بەڵام سودوەرگرتن لەم پارانە بۆ ئەو پرۆژانەی کە عێراق پێویستی پێیانە، بەستراوەتەوە بە پێکھێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتی و بودجەیەک کە کۆنترۆڵی خێرایی خەرجییەکان بکات. حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ماوەی ساڵێکە بەشێوەی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە پرۆژەی بودجەی بۆ پەرلەمان پێشنیاز بکات. یەسار مالیکی پسپۆڕی ئابوری لە (میدڵ ئێست ئیکۆنۆمیک سیرڤی) دەڵێ" پرۆژەکانی ژێرخان پێویستیان بە بە چەندین ساڵ دابینکردنی خەرجی جێگیر ھەیە لەلایەن حکومەتەوە"، ئاماژە بەوە دەکات" دۆخی سیاسی گێژاوێکی گەورەی دروستکردووە ئەمەش دۆخی عێراقی لەبەردەم وەبەرھێنەراندا لاوازتر کردووە بەتایبەتیش کە خۆی لە بنەڕەتەوە دۆخێکی لەرزۆکە". باسلەوە دەکات" قەیرانە سیاسییەکە چوەتە سەر ئەو مەترسییانەی تر کە ماوەیەکی زۆرە ھەن، بەتایبەتیش دۆخی ئەمنی و گەندەڵی". ھێشتا ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان ھەردوو کەمپە دیارەکەی شیعەدا بەردەوامە، رەوتی سەرد لە لایەک و چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە لاکەی تر، کە چەند کوتلەیەک لە خۆدەگرێت و نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی دەکەن، چوراچێوە ھاوپەیمانێتی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە کە چونەتە ناو دەزگاکانی دەوڵەتەوە، سەرباری ئەمە دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکان کە دوودڵی دەنگدەرانی عێراقیی بەخۆوە بینی، لایەنەکانی قەیرانە سیاسییەکە شکستیان ھێناوە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و ھێشتا حکومەتی نوێ پێکنەھاتووە. " لە دەسچوونی دەرفەتە گەورەکان" ٢٩ی ئاب لە بەغداد کردەوەی توندوتیژی سەریھەڵدا لەنێوان جەنگاوەرانی رەوتی سەدر لە لایەک و  ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەکی تر، نزیکەی ٣٠ کەس لە لایەنگرانی سەدر بوون بە قوربانیی. خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەمدواییە لە بەردەم دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو رووداوانەی والێکدایەوە کە دەکرێت "زەنگی ئاگادارکردنەوە" بن و وتی" ھێشتا دۆخەکە زۆر ناجێگیرە". باسی لەوەکرد" زۆرێک لە عێراقییەکان متمانەیان بە توانای چینی سیاسیی وڵاتەکەیان نەماوە کار لەپێناو وڵات و گەلەکەیاندا بکەن". لەکاتێکدا بانکی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری عێراقی لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ بەرێژەی ٤،٥٪‏ خەمڵاندووە، بەڵام " پێشبینی تەواوەتی ئابوری دەورە دراوە بە بڕێکی زۆر مەترسی، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنێکی زۆر بە نەوت و بەردەوامی چەقبەستنی بودجەو دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ" بەپێی ئەوەی لە راپۆرتی مانگی حوزەیراندا ھاتووە. بەھۆی نەبوونی بودجە، عێراق ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یاسای فیدراڵی ئیدارەی دەوڵەت خەرجییەکانی دەکات، واتە ئەوەی لە بودجەی پێشوودا خەرج کراوە دابەشکراوە بەسەر ١٢ مانگدا، ئەمەش رەنگدانەوەی واقعی ئەو داھاتانە نییە کە وڵات لە ٢٠٢٢دا بەدەستی ھێناون. بەڵام " ئەمانە کەمترین بودجەن.. رەنگدانەوەی رابردوون نەک ئێستاو داھاتوو، دەرفەتی گەشەی ئابورییان تێدا نییەو عێراق بێبەش دەکەن لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەکان" ئەمە بەگوێرەی قسەی مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران. راوێژکارەکە بە (فرانس پرێس)ی وت" دەرفەتی زۆر لەدەستدەدەین، دەرفەتی وەبەرھێنان بە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی پلان بۆداڕێژراو". بۆ نمونە، ھاوینی رابردوو عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرژی"ی فەڕەنسیدا ئیمزا کردووە کە چەندین پرۆژە لەخۆدەگرێت بەتایبەتیش لە بواری سودوەرگرتن لە غازو وزەی خۆر، بەبەھای ١٠ ملیار دۆلار کە بەشێکی پارەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و ھێشتا لە سەرەتادایە. " حکومەتی عێراق بەجددی کاردەکات بۆ خێراکردنی کارکردن تێیدا و ھەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی" ئەمە بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە. لە کەرتی نەوتدا پرۆژەکانی تر بەشێوەیەکی "ھێواش" بەڕێوەدەچن، لەگەڵ نەبوونی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە، وەزارەتی نەوت ناتوانێت پارە دابین بکات، ئیمزا بکات، گرێبەست بۆ ئەو پرۆژە بنەڕەتییانە بکات" ئەمە بەپێی لێکدانەوەی یەسار مالیکی. "خەڵک ماندوون" بۆ دابینکردنی خەرجییە بەپەلەکان، پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیراندا یاسای پاڵپشتی خێرای دەرکرد بە بەھای (٢٥ ترلیۆن) دینار (١٧ ملیار دۆلار)، رێگا بە پڕکردنەوەی پێداویستییە خێراکانی دانیشتوان و کڕینی دانەوێڵە دەدات بۆ گرەنتیکردنی "ئاسایشی خۆراک"، بەڵام گرەنتیشە بۆ كڕینی وزەو کارەبا لە دەرەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەبێ بوونی بودجە، دەبێت دەسەڵاتداران یاسایەکی نوێ دەربکەن ھاوشێوەی ئاسایشی خۆراک یاخود بەردەوام بن لەسەر خەرجکردن لەسەر بنەمای ١٢ مانگ، واتە " سەرلەنوێ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە" وەکو ئەوەی یەسار مالیکی دەڵێت. لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەکو وەزیری دارایی لە مانگی ئابدا، عەلی عەلاوی خاوەنی پرۆژەی چاکسازی ئابوری کە پرۆژەکەی نەبوو بە واقعێکی بەرجەستە، درێغی نەکرد لە دیاریکردنی کێشەکە بە راشکاوییەکی تەواوەوە. لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسی" ھەموو پلان و بەرنامەکانی حکومەت بەردەوام کۆتوبەندکراون بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان چینی سیاسی لەبەریەکھەڵوەشاودا".  ئاماژەی بەوەکرد" ھەموو بانگەوازەکانی چاکسازیی بەھۆی چوارچێوەی سیاسی ئەم وڵاتەوە پەکیانخراوە". لەناو ھەموو ١٠ گەنجێکدا ٤ کەسیان بێکارن، بەگوێرەی قسه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە یەک لەسەر سێی دانیشتوان کە ٤٢ ملیۆن کەسە، لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن. سەرباری داھاتی زۆری نەوت، ژیانی ئەمین سەلمان ستینی کە خانەنشینێکی سوپای عێراقە، زۆر باش نەبووە، ئەو لەناو خۆپشاندەرانی یادی سێ ساڵەی راپەڕینی تشرینی ٢٠١٩دا بوو کە خۆپیشاندانێکی بێ پێشینە بوو دژی رژێم و گەندەڵی. ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد وتی" وڵات بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت و ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵک دەبێت. خەڵک ھەمووی ماندوون". ئەم پیاوە ھیچ پارەیەکی نییە جگە لەبڕی ٤٠٠ ھەزار دینار (٢٧٤ دۆلار)، ئەمەش بڕێکە کە بە زەحمەت بەشی قوتی رۆژانەی دەکات، کوارەکانیشی بێکارن. باسلەوە دەکات" عێراق ملیارانی تێدایە، پارەو زێڕی ھەیە، بەڵام سیاسەتمەداران جگە لە حزبەکانیان و گیرفانی خۆیان ھیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە".


(درەو)- AFP سبەینێ (١٠ی ئۆکتۆبەر) ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەدا لە عێراق، بەبێ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ و بودجە، ئەمە بەھۆی ئیفلیجییەکی سیاسییەوە کە ھەڕەشەی بێبەشکردنی وڵات دەکات لە پرۆژەکانی ژێرخان و دەرفەتی چاکسازی کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی. عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ماندووە بە دەست چەندین دەیە ناکۆکییەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا داھاتێکی زۆری نەوتی بەدەستھێناوە، ئەم پارانە لە بانکی ناوەندیدان کە یەدەگی دراوی بیانی تێیدا گەیشتوەتە (٨٧ ملیار) دۆلار. بەڵام سودوەرگرتن لەم پارانە بۆ ئەو پرۆژانەی کە عێراق پێویستی پێیانە، بەستراوەتەوە بە پێکھێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتی و بودجەیەک کە کۆنترۆڵی خێرایی خەرجییەکان بکات. حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ماوەی ساڵێکە بەشێوەی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە پرۆژەی بودجەی بۆ پەرلەمان پێشنیاز بکات. یەسار مالیکی پسپۆڕی ئابوری لە (میدڵ ئێست ئیکۆنۆمیک سیرڤی) دەڵێ" پرۆژەکانی ژێرخان پێویستیان بە بە چەندین ساڵ دابینکردنی خەرجی جێگیر ھەیە لەلایەن حکومەتەوە"، ئاماژە بەوە دەکات" دۆخی سیاسی گێژاوێکی گەورەی دروستکردووە ئەمەش دۆخی عێراقی لەبەردەم وەبەرھێنەراندا لاوازتر کردووە بەتایبەتیش کە خۆی لە بنەڕەتەوە دۆخێکی لەرزۆکە". باسلەوە دەکات" قەیرانە سیاسییەکە چوەتە سەر ئەو مەترسییانەی تر کە ماوەیەکی زۆرە ھەن، بەتایبەتیش دۆخی ئەمنی و گەندەڵی". ھێشتا ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان ھەردوو کەمپە دیارەکەی شیعەدا بەردەوامە، رەوتی سەرد لە لایەک و چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە لاکەی تر، کە چەند کوتلەیەک لە خۆدەگرێت و نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی دەکەن، چوراچێوە ھاوپەیمانێتی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە کە چونەتە ناو دەزگاکانی دەوڵەتەوە، سەرباری ئەمە دوای ساڵێک لە ھەڵبژاردنەکان کە دوودڵی دەنگدەرانی عێراقیی بەخۆوە بینی، لایەنەکانی قەیرانە سیاسییەکە شکستیان ھێناوە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و ھێشتا حکومەتی نوێ پێکنەھاتووە. " لە دەسچوونی دەرفەتە گەورەکان" ٢٩ی ئاب لە بەغداد کردەوەی توندوتیژی سەریھەڵدا لەنێوان جەنگاوەرانی رەوتی سەدر لە لایەک و  ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەکی تر، نزیکەی ٣٠ کەس لە لایەنگرانی سەدر بوون بە قوربانیی. خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەمدواییە لە بەردەم دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو رووداوانەی والێکدایەوە کە دەکرێت "زەنگی ئاگادارکردنەوە" بن و وتی" ھێشتا دۆخەکە زۆر ناجێگیرە". باسی لەوەکرد" زۆرێک لە عێراقییەکان متمانەیان بە توانای چینی سیاسیی وڵاتەکەیان نەماوە کار لەپێناو وڵات و گەلەکەیاندا بکەن". لەکاتێکدا بانکی نێودەوڵەتی گەشەی ئابوری عێراقی لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ بەرێژەی ٤،٥٪‏ خەمڵاندووە، بەڵام " پێشبینی تەواوەتی ئابوری دەورە دراوە بە بڕێکی زۆر مەترسی، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنێکی زۆر بە نەوت و بەردەوامی چەقبەستنی بودجەو دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ" بەپێی ئەوەی لە راپۆرتی مانگی حوزەیراندا ھاتووە. بەھۆی نەبوونی بودجە، عێراق ئەمڕۆ لەسەر بنەمای یاسای فیدراڵی ئیدارەی دەوڵەت خەرجییەکانی دەکات، واتە ئەوەی لە بودجەی پێشوودا خەرج کراوە دابەشکراوە بەسەر ١٢ مانگدا، ئەمەش رەنگدانەوەی واقعی ئەو داھاتانە نییە کە وڵات لە ٢٠٢٢دا بەدەستی ھێناون. بەڵام " ئەمانە کەمترین بودجەن.. رەنگدانەوەی رابردوون نەک ئێستاو داھاتوو، دەرفەتی گەشەی ئابورییان تێدا نییەو عێراق بێبەش دەکەن لە پرۆژە ستراتیژییە گەورەکان" ئەمە بەگوێرەی قسەی مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران. راوێژکارەکە بە (فرانس پرێس)ی وت" دەرفەتی زۆر لەدەستدەدەین، دەرفەتی وەبەرھێنان بە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی پلان بۆداڕێژراو". بۆ نمونە، ھاوینی رابردوو عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ ئینێرژی"ی فەڕەنسیدا ئیمزا کردووە کە چەندین پرۆژە لەخۆدەگرێت بەتایبەتیش لە بواری سودوەرگرتن لە غازو وزەی خۆر، بەبەھای ١٠ ملیار دۆلار کە بەشێکی پارەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و ھێشتا لە سەرەتادایە. " حکومەتی عێراق بەجددی کاردەکات بۆ خێراکردنی کارکردن تێیدا و ھەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی" ئەمە بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە. لە کەرتی نەوتدا پرۆژەکانی تر بەشێوەیەکی "ھێواش" بەڕێوەدەچن، لەگەڵ نەبوونی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە، وەزارەتی نەوت ناتوانێت پارە دابین بکات، ئیمزا بکات، گرێبەست بۆ ئەو پرۆژە بنەڕەتییانە بکات" ئەمە بەپێی لێکدانەوەی یەسار مالیکی. "خەڵک ماندوون" بۆ دابینکردنی خەرجییە بەپەلەکان، پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیراندا یاسای پاڵپشتی خێرای دەرکرد بە بەھای (٢٥ ترلیۆن) دینار (١٧ ملیار دۆلار)، رێگا بە پڕکردنەوەی پێداویستییە خێراکانی دانیشتوان و کڕینی دانەوێڵە دەدات بۆ گرەنتیکردنی "ئاسایشی خۆراک"، بەڵام گرەنتیشە بۆ كڕینی وزەو کارەبا لە دەرەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەبێ بوونی بودجە، دەبێت دەسەڵاتداران یاسایەکی نوێ دەربکەن ھاوشێوەی ئاسایشی خۆراک یاخود بەردەوام بن لەسەر خەرجکردن لەسەر بنەمای ١٢ مانگ، واتە " سەرلەنوێ خەرجییەکان کەمبکرێنەوە" وەکو ئەوەی یەسار مالیکی دەڵێت. لەکاتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەکو وەزیری دارایی لە مانگی ئابدا، عەلی عەلاوی خاوەنی پرۆژەی چاکسازی ئابوری کە پرۆژەکەی نەبوو بە واقعێکی بەرجەستە، درێغی نەکرد لە دیاریکردنی کێشەکە بە راشکاوییەکی تەواوەوە. لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسی" ھەموو پلان و بەرنامەکانی حکومەت بەردەوام کۆتوبەندکراون بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان چینی سیاسی لەبەریەکھەڵوەشاودا".  ئاماژەی بەوەکرد" ھەموو بانگەوازەکانی چاکسازیی بەھۆی چوارچێوەی سیاسی ئەم وڵاتەوە پەکیانخراوە". لەناو ھەموو ١٠ گەنجێکدا ٤ کەسیان بێکارن، بەگوێرەی قسه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە یەک لەسەر سێی دانیشتوان کە ٤٢ ملیۆن کەسە، لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن. سەرباری داھاتی زۆری نەوت، ژیانی ئەمین سەلمان ستینی کە خانەنشینێکی سوپای عێراقە، زۆر باش نەبووە، ئەو لەناو خۆپشاندەرانی یادی سێ ساڵەی راپەڕینی تشرینی ٢٠١٩دا بوو کە خۆپیشاندانێکی بێ پێشینە بوو دژی رژێم و گەندەڵی. ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد وتی" وڵات بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت و ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵک دەبێت. خەڵک ھەمووی ماندوون". ئەم پیاوە ھیچ پارەیەکی نییە جگە لەبڕی ٤٠٠ ھەزار دینار (٢٧٤ دۆلار)، ئەمەش بڕێکە کە بە زەحمەت بەشی قوتی رۆژانەی دەکات، کوارەکانیشی بێکارن. باسلەوە دەکات" عێراق ملیارانی تێدایە، پارەو زێڕی ھەیە، بەڵام سیاسەتمەداران جگە لە حزبەکانیان و گیرفانی خۆیان ھیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە".


  درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئەیلولی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئەیلولی رابردوودا گەیشتوەتە (8 ملیارو 773ملیۆن‌) دۆلار، واتا ( 12ترلیۆن و 720ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئەیلولی گەیشتوەتە (98 ملیۆن‌و 765 هەزارو 153 هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 292 هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئەیلولی  گەیشتوەتە (88.83) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئابی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوەتە (9 ملیارو 784ملیۆن‌) دۆلار، واتا (14ترلیۆن و 620ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (101ملیۆن‌و 859هەزارو 528هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 286هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئابی  گەیشتوەتە (96) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیارو 608ملیۆن‌) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆن‌و 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار. 


(درەو):  رۆژی 28ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تەماشای سكاڵایەك دەكات كە لەبارەی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی پەرلەمانتارانی سەدر تۆماركراوە.  پارێزەرێكی دادگای تێهەڵچونەوەی بابل بەناوی (زیائەدین بودەیری) سكاڵایەكی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەرزكردەوە لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرەوە. لەم سكاڵایەدا پارێزەرەكە دەڵێ" پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریی لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانەوە بەبێ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری، هەڵسوكەوتێكی تاكڕەوانە‌و دیكتاتۆرانە بووە‌و هیچ یاسایەك نییە رێگە بەم كارە بدات".  رۆژی 12ی حوزەیرانی رابردوو (73) پەرلەمانتاری رەوتی سەدر بەكۆمەڵ دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئاڕاستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كرد‌و حەلبوسی دەستلەكاركێشانەوەكان پەسەندكرد.  دادگای باڵای فیدراڵیی كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق‌و بڕیارەكانی تانەی لێنادرێت، رۆژی 28ی ئەم مانگەی دیاریكردووە بۆ تەماشاكردنی سكاڵاكەی پارێزەر (زیائەدین بودەیری).  قبوڵكردنی سكاڵا لەبارەی نایاسایبوونی پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدریی لەكاتێكدایە پێشتر بەم بابەتە لە پەرلەمان‌و لەبەردەم رایگشتیدا تێپەڕیوە‌و هیچ سكاڵایەكی یاسایی لەسەر نەبووە‌و هەموان كۆك بوون لەبارەی ئەوەی حەلبوسی بەرێوشوێنێكی یاسایی دەستلەكاركێشانەوەكانی پەسەندكردووە، رەنگە ئەمە هەوڵێك بێت بۆ گەڕاندنەوەی سەدرییەكان بۆ ململانێ سیاسییەكان لەچوارچێوەی پەرلەماندا نەك لەسەر شەقامەكان.  جگە لەمە، دادگای باڵای فیدراڵی سكایەكی تری لەبەردەمدایە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و هێشتا بڕیاری لێنەداوە، سەدرییەكان داوایان لە دادگاكە كردووە بە بڕیارێك پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمان سەركەوتوو نەبووە لەوەی لەوادەی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌و متمانە بە كابینەیەكی نوێی حكومەت بدات.  پێشتر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور دادگا دەسەڵاتی ئەوەی پێنەدراوە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.  دوای وازهێنانی ئایەتوڵا كازمی حائیری مەرجەعی سەدرییەكان، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدریش وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسی راگەیاند، بەڵام ئێستا سەدرییەكان وردە وردە جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ ناو ململانێ سیاسییەكان.  


درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی ئابی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی ئابی رابردوودا گەیشتوەتە (9 ملیارو 784ملیۆن‌) دۆلار، واتا (14ترلیۆن و 620ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئابی گەیشتوەتە (101ملیۆن‌و 859هەزارو 528هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 286هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی ئابی  گەیشتوەتە (96) دۆلار.    وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیارو 608ملیۆن‌) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆن‌و 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار. 


درەو:  ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق كانونی دووەم بۆ حوزەیرانی 2022   لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (75.6 ترلیۆن) دینار، کە (95.8%)ی داهاتی نەوت و(4.2%)ی داهاتی نانەوتی بووە. لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (45.3 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (92.3%)ی خەرجییەکان چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها (3.8 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (7.7%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (34.5%) و نزیکەی (26.5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. یەکەم: داهاتی گشتی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار، بەجۆرێک بڕی (72 ترلیۆن و 476 ملیار و 471 ملیۆن و 603 هەزار و 97) دیناری بەڕێژەی (95.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 162 ملیار و 857 ملیۆن و 400 هەزار و 641) دینار، بەڕێژەی (4.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1)          دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) ، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار، بەجۆرێک بڕی (45 ترلیۆن و 382 ملیار و 639 ملیۆن و 257 هەزار و 42) دیناری بەڕێژەی (92.3%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە نیوەی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (3 ترلیۆن و 811 ملیار و 468 ملیۆن و 56 هەزار و 530) دیناری بەڕێژەی (7.7%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (49 ملیار و 386 ملیۆن و 497 هەزار و 334) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (502 ملیار و 565 ملیۆن و 217 هەزار و 162) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (1 ترلیۆن و 164 ملیار و 89 ملیۆن و 808 هەزار و 696) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 284 ملیۆن و 631 هەزار و 538) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (229 ملیار و 141 ملیۆن و 901 هەزار و 800) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3)  چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (49 ترلیۆن و 194 ملیار و 107 ملیۆن و 313 هەزار و 572) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (75 ترلیۆن و 639 ملیار و 329 ملیۆن و 3 هەزار و 738) دینار. واتە بڕی (26 ترلیۆن و 445 ملیار و 221 ملیۆن و 690 هەزار و 166) دیناری بەڕێژەی (34.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری شەش مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4)  چوارەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2022 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 829 ملیار و 736 ملیۆن و 115 هەزار و 106) دینار بووە. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (261 ملیار و 103 ملیۆن و 524 هەزار و 345) دیناری خەرجکردووە، بە جۆرێک تەنها (6) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (23 ملیار و 367 ملیۆن و 520 هەزار و 135) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 545 ملیار و 265 ملیۆن و 70 هەزار و 626) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 29 ملیار و 184 ملیۆن و 180 هەزار و 39) دیناری لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (516 ملیار و 80 ملیۆن و 890 هەزار و 587) دیناری بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) چارتی ژمارە (5)   سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط 2022 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة اذار 2022 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان 2022 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة مایس 2022 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران 2022 للموازنە الاتحادیة  


 (درەو)- رۆیتەرز  8ی شوبات دوو پیاوی خاوەن هەژمون چاویان بەیەكتر كەوت- یەكێكیان پیاوێكی ئاینی‌و ئەوی تریان سەركردەیەكی سەربازیی، هەردووكیان شیعەن، ئەم دیدارە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی ئایندەی سیاسی عێراق‌و رۆڵی هەژمونگەرای ئێران لە عێراقدا.  كاروبارەكان بەباشی بەڕێوەنەچوون ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سەربازیی ئێران سەردانی سەید موقتەدا سەدری كرد لە ماڵەكەی. سەدر پیاوێكی دەسەڵاتدارە كە لە ساڵانی داگیركاریی ئەمریكادا لە عێراق، شەڕی هێزەكانی ئەمریكای كردووە‌و ملیۆنان لایەنگری دڵسۆزی لە سەرتاسەری وڵاتدا هەیە، كە زۆرینەی شیعەیەن‌و هەندێك لەوانە ئەندامی گروپە چەكدارەكانن.    هەرچی قائانی-یە فەرماندەی فەیلەقی قودسە، باڵی سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەرپرسە لە كردەوە سەربازی‌و هەواڵگرییەكانی دەرەوەی سنور‌و رژێمی دەسەڵاتداری شیعە لە تاران بەكاریدەهێنێت بۆ چەسپاندنی هەژمونی خۆی لە دەرەوە، فەیلەقی قودس لەلایەن تارانەوە راسپێردراوە بەوەی پارێزگاری لە هەژمونی ئێران بكات لە عێراقدا. بەپێی قسەی چوار بەرپرسی عێراقی‌و ئێرانی كە ئاگاداری وردەكاری دیدارەكەن كە ماوەی نیو كاتژمێری خایاندووە لە  نەجەف، سەدر بە ساردییەوە پێشوازی لە فەرماندە ئێرانییەكە كردووە، بەپێچەوانەی ئەو جلوبەرگە رەش‌و عەمامەی كە زۆرجار لە بۆنە گشتییەكاندا دەیپۆشێت، بۆ ئەم دیدارە سەدر جامانەیەكی رەش‌و سپی خەڵكی باشوری عێراقی دابوو بەسەرشانیدا‌و عەبایەكی قاوەیی پۆشی بوو. بەگوێرەی ئەوەی بەرپرسان دەڵێن، جلوبەرگەكەی سەدر پەیامێكی سیاسی‌و نەتەوەیی گەیاندووە كە پوختەكەی ئەوەیە: عێراق وەكو دەوڵەتێكی عەرەبی خاوەن سەروەریی، بەبێ دەستوەردانی دراوسێ فارسەكەی، خۆی رێگەی خۆی دەبڕێت، ئەمە سەرباری ئەو پەیوەندییە تائیفییەی كە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.  بەپێی قسەی یەكێك لە بەرپرسان، سەدر روبەڕووی فەرماندە ئێرانییەكە بوەتەوە‌و پێی وتووە:" سیاسەتی عێراق چ پەیوەندییەكی بە ئێوەوە هەیە؟ .. نامانەوێت دەستوەردان بكەن".  حكومەتی ئێران وەڵامی ئەو داواكارییانەی نەدایەوە كە نێردرابوو بۆ وەزارەتی دەرەوە‌و وەفدەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە قسەكردن لەبارەی ئەم بابەتەوە، هەروەك نوسینگەی سەدریش وەڵامی پرسیاری (رۆیتەرز)ی نەدایەوە.  وەكو بەرپرسان باسی دەكەن، سەدر هەستی متمانەبەخۆبوون بەسەریدا زاڵ بووە، ئەمە دوای زنجیرەیەك دەستكەوتی سیاسی كە هاوپەیمانێتییە نوێیەكەی (رزگاری نیشتمان) بەسەر ئێران‌و لایەنگرە عێراقییەكانیدا لە پێكهاتەی شیعە بەدەستیهێنا، كە تاران وەكو باشترین هاوپەیمان دەبینن بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵات‌و كۆنترۆڵكردنی هەژمونی وڵاتانی تر چ لە خۆرئاوا یان دەوڵەتێكی عەرەبی سوننە.  سەرباری هەوڵەكانی بۆ مانەوە لە پێگەیەكدا لە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسەتی حزبیی‌و خۆبەدورگرتن لەوەی پۆستێك بۆ خۆی دابین بكات، لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا دوای جەنگی ئەمریكا‌و لادانی سەددام هێشتا سەدر هێزێكی یەكلاكەرەوەیە لە عێراقدا.  لەپاڵ ئەوەی لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگدان‌و بەوهۆی جەماوەری دەنگدەری سەدرییەوە بەدەستیهێناوە، سەدر توانیویەتی یاریدەدەرەكانی بخاتە ناو وەزارەتە گرنگەكان‌و وەزیفە حكومییە باڵاكانی ترەوە، بەجۆرێك گەرەنتی كۆنترۆڵكردنی بەشێكی گەورەی جومگەكانی دەوڵەتی عێراق بكات.    ساڵی 2019 لایەنگرەكانی چونە ناو ناڕەزایەتییەكانی دژبە گەندەڵی، كە كۆتایی بەو حكومەتی حزبە هاوپەیمانەكانی ئێران هێنا. ئۆكتۆبەری رابردووش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لایەنگرەكانی سەركەوتن بەسەر ئەو حزبانەدا، ئەمەش دەرگای لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كردەوە كە عێراق بەتەواوەتی لە خولگەی ئێران دوربخاتەوە.  لێرەوە سەردانەكەی قائانی دەستیپێكرد، بەپێی قسەی ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری سەردانەكە بوون، فەرماندەكەی ئێران نیگەران بووە.  ئەو (قائانی) ماوەی چەند مانگێك هەوڵی كۆبونەوەی دەدا، سەردانی عێراقی كرد‌و جارێكیش بەشێوەیەكی ئاشكرا لەسەر گۆڕی باوكی سەدر نوێژی كرد. بەرپرسانی ئێران لەزاری قائانییەوە رایانگەیاند، ئەگەر سەدر هاوپەیمانەكانی ئێران بخاتە ناو هەر  ئیئتیلافێكەوە، ئێران سەدر وەكو كارەكتەری سەرەكی شیعە لە عێراق دەناسێنێت، ئەمەش ئاماژەیەكی كەم نییە لەناو سەركردایەتی ناكۆكی شیعەدا.  سەدر بەچەسپاوی مایەوە، لە تویتێكدا دوای كۆبونەوەكە جەختی كرد لەسەر پابەندبوونی بە حكومەتێكەوە كە دەستوەردانی بیانی تێدا نەبێت، لە پەیامێكی دەستنوسدا كە لە تۆڕی تویتەر بڵاوكرایەوە نوسی" نە خۆرهەڵات‌و نە خۆرئاوا.. حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی".  ئەم روبەڕووبونەوەیە زۆر گەورەتر بوو لەوەی تەنیا كۆبونەوەیەكی شكستخواردوو بێت.  لە مانگەكانی دوای ئەم دیدارەدا، نە سەدرو هاوپەیمانەكانی نە حزبە هاوپەیمانەكانی ئێران نەیانتوانی ئیئتیلافێك دروستبكەن بۆ شوێنگرتنەوەی ئیدارەی كاتیی بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی، كە كاندیدێكی تەوافوقییە‌و حكومەت بەڕێوەدەبات تا ئەوكاتەی پەرلەمان بڕیار لەسەر ئیدارەیەكی نوێ دەدات بۆ ئەوەی شوێنی حكومەتەكەی ئەو بگرێتەوە.  لەماوەی دوو هەفتەی مانگی شوباندا، گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران‌و گروپە چەكدارەكەی سەربە رەوتی سەدر بووەهۆی بەئامانجگرتن‌و كوشتنی لانی كەم پێنج كەس لە هەردوو كەمپەكە، هەوڵەكانی سەدر بۆ روبەڕووبونەوەی مانۆڕەكانی ئێران‌و سەركەوتن بەسەریدا، وای لە ئێران‌و وەكیلەكانی كرد دژە هێرشی سیاسی‌و سەربازیی ئەنجام بدەن، لەنێویدا ئاڕاستەكردنی هێرشی موشەكیی بۆسەر هاوپەیمانەكانی سەدر (كوردەكان لە باكوری عێراق‌و بەرپرسان لە دەوڵەتی ئیمارات).  نائومێدی سەدر لە چەقبەستنی بارودۆخەكە‌و فشاری ئێران گەیشتە ئاستێك، لە مانگی حوزەیراندا داوای لە پەرلەمانتارەكانی كرد كە ژمارەیان (73) پەرلەمانتار بوو (نزیكەی یەك لەسەر چواری پەرلەمان) لە پەرلەمان بكشێنەوە، لە مانگی تەموزو ئابدا سەركردایەتی لایەنگرەكانی كرد بۆ مانگرتنێكی دورو درێژ لە پەرلەمان.  لەبەیاننامەیەكدا وتی:" یەكەمین هەنگاوی تەوبەكردن لێپێچینەوەیە لە گەندەڵكاران بەشێوەیەكی ئاشكراو بەبێ دوودڵیی. بۆیە من لێرەوە وەكو چۆن سەیدی باوكم داوای لە هەندێك توێژی ئەوكاتی كۆمەڵگە كرد تەوبە بكەن وەكو پیاوماقوڵان‌و فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و قەرەچەكان‌و ئەوانی تر، منیش داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكەم بە دیاریكراوی كوتلە شیعەكان، تەوبە بكەن‌و لە دادگایەكی خاوێن‌و بە سیاسی نەكراودا لێپێچینەوە لە گەندەڵەكانیان بكەن".  تای سەدر زۆرێك لەوانە نیگەران دەكات كە ترسیان هەیە ئاڵۆزییەكانی ئێستا ببێتە هۆی دروستبوونی نائارامیی‌و توندوتیژی زیاتر لەناوخۆی عێراق‌و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  لە لێدوانەكانیدا بۆ (رۆیتەرز) جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی:" ئەگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیریمان دەوێت، ئەمە بەدی نایەت تاوەكو ململانێ لەسەر دەسەڵات لە عێراقدا هەبێت، كە دواتر دەبێت بە گۆڕەپانێك بۆ ململانێ ناوچەییەكان". لە عێراق ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خوێنڕشتن زۆر كەس دەترسێنێت، جەنگی ئەمریكا لەم سەدەیەداو جەنگی درێژخایەن لەگەڵ ئێران لە سەدەی رابردوودا هێشتا لە بیرەوەریاندا ماوەنەتەوە.  فەرماندەی یەكێك لە گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران لە باشوری عێراق، كە لەدوای كۆبونەوەكەی مانگی شوبات پێكدادان لەنێوانیاندا رویداو كوژراوی لێكەوتەوە وتی:" دەكرێت سەدر بەرەو جەنگی شیعە- شیعە بمانبات". بۆ تێگەیشتن لەو حاڵەتی ناسەقامگیرییەی كە عێراقی داپۆشیوە، (رۆیتەرز) قسەی لەگەڵ زیاتر لە (40) بەرپرسی عێراقی‌و ئێرانی‌و سیاسەتمەداران‌و دیپلۆماتكارانی بیانی‌و خەڵكی ناوخۆی وڵات كردووە، هەندێك لە بەرپرسان بەوانەوە كە باسیان لە كۆبونەوەكەی نێوان سەدر‌و قائانی كردووە، مەرجیان ئەوە بووە ناویان بڵاونەكرێتەوە.  هەروەك ئاژانسەكە پێداچوونەوەی بە دەیان بەڵگەنامەی حكومەتدا كردووە كە بە وردی بڕیارە دادوەرییەكان‌و خەرجییەكانی حكومەت‌و لێكۆڵینەوەكان لە گەندەڵیی لەخۆدەگرێت، بەناو سەرتاسەری باشوری هەژاردا گەڕاوە كە زۆرینەی خەڵكەكەی هاوڵاتیانی شیعەن‌و دەڵێن ئەم قەیرانەكە كێشە ریشەدارەكان‌و گەندەڵی‌و پشتگوێخستن زیاتر دەكات.  وەلید دەهامات كە مامۆستایەكە لە شارۆچكەی عەمارە لە باشوری هەژاردا‌و برای چالاكەوانێكی خۆجێییە كە چەكدارە نەناسراوەكان لە 2019دا كوشتویانە دەڵێ" لە بەغداد جەنگێكی سیاسی بەڕێوەدەچێت‌و ئێمە لەناویدا گیرمانخواردووە".  ململانێی نێوان شیعە‌و ئەو ئاڵۆزییەی كە بەهۆی ئەو رۆڵەوە دروستبووە كە دەبێت ئێران لە وڵاتێكی 40 ملیۆن كەسیدا بیگێڕێت، بوەتە هۆی ئەوەی لە عێراقی دوای روخانی سەددامدا، بۆ درێژترین ماوە حكومەتێكی سەقامگیر دروست نەبێت، ئەمە دامەزراوەكانی دەوڵەتی توشی ئیفلیجی كردووە‌و سەرلەنوێ ململانێكانی لەسەر نەوت دروستكردوەتەوە، كە رێژەی زیاتر لە 40%ی ئابوری وڵات‌و 85%ی بودجەی دەوڵەت پێكدەهێنێت. ناكۆكییەكان لەبارەی سامانەكانی وڵاتەوە، وەكو ئەوەی دانیشتوانی وڵات‌و چاودێرانی بیانی دەڵێن، زۆربەی كات ئەولەویەتی هەیە بەسەر حكومەتدا. پلاسخارت وتی:" سەركردەكان جەخت لەسەر كۆنترۆڵكردنی سامان‌و دەسەڵات‌و دەستكەوتەكانیان دەكەن  نەك خواستەكانی گەلی عێراق".  هەرچی ئێرانە، روبەڕووی ژمارەیەكی زۆر مەترسی بوەتەوە‌و پشت بە عێراق دەبەستێت وەكو ناوچەیەكی دابڕاو و دەرگای بازرگانیی بەڕووی جیهانی عەرەبیدا. بەدەست سزا نێودەوڵەتییەكان‌و فشارەكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییەوە لەگەڵ ئەمریكا دەناڵێنێت، لەكاتێكدا سەرلەنوێ هاوپەیمانێتییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێكدەخرێتەوە.  دەرچوونی عێراق لە بازنەی هەژمونی خۆی، رەنگە وابكات زیاتر لەدەستبدات، بەتایبەتیش لەناوچەیەكدا كە هەندێك لە وڵاتانی ئیسلامی دراوسێ لەنێویاندا ئیمارات، بەم ساڵانەی دوایی پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئەمریكا‌و ئیسرائیلی نەیاری نەریتی خۆیاندا دروستكردووە.  سەبارەت بە خۆرئاواش رەنگە سەدر گەورەترین ئومێدی دەرهێنانی عێراق بێت لە چنگی هەژمونی ئێرانیی. ئەندرۆ بیك، پسپۆڕی پێشوو لە كاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا‌و هاوكاری ئێستا لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی كە سەنتەرێكی توێژینەوەیە‌و بارەگاكەی لە واشنتۆنە وتی" بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانی سەدر چوون بەناو یەكتردا". ئاماژەی بەوەكرد" ناكۆكی نێوان سەدرو تاران گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر هەژمونی ئێران لە عێراقدا، ساتێك كە رەنگە ئاڵنگاریی فیعلی هەڵگرتبێت". پادشای عێراق ئەستێرەی سەدر (48 ساڵ) بۆ یەكەمجار وەكو كوڕی سەید محەمەد سادق سەدر درەوشایەوە، كە كەسایەتییەكی مێژووییە لە عێراق‌و یارمەتیدەر بووە لەسەركردایەتی بەرەنگاربوونەوەی شیعە دژی سەددام. باوكی سەدرو دوو كوڕی لە بۆسەیەكدا لە ساڵی 1999دا كوژراون كە لەسەر ئاستێكی بەرفراوان دەوترێت حكومەتی سەددام پلانی كوشتنەكەی داناوە.  موقتەدا سەدر كە خۆشی پیاوێكی ئاینی گەنج‌و دیاربووە لەو سەردەمەدا، لایەنگریی زۆرێك لە شوێنكەوتوانی باوكی بۆ ماوەتەوە. دوای جەنگی ئەمریكا لە ساڵی 2003، شیعەی عێراق كاریانكرد  بۆ دەربازبوون لە هەژموونی سوننە لەماوەی ساڵانی حوكمڕانی سەددام، سەدریش پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێراندا هەبوو.  راوێژكارو دیپلۆماتكارانی پێشتر دەڵێن، ئەو (سەدر) بە پاڵپشتی تاران خۆی وەكو رێبەرێكی پۆپۆلیست نمایشكردووە كە لەپێناو كردنەدەرەوەی دەستدرێژیكارانی خۆرئاوایی دەجەنگێت، هەزاران چەكدار كە هێشتا زۆرێكیان لەناو گروپێكی چەكداری سەربە سەدردان كە بە (سەرایا سەلام) ناسراوە، ئەو وەكو رێبەری خۆیان دەبینن.  شیعە لە ساڵی 2005وە دەسەڵاتیان لە بەغداد گرتەدەست، لە یەكەم هەڵبژاردنی ژێر دەسەڵاتی داگیركاریی ئەمریكادا زۆرینەیان بەدەستهێنا، كاتێك حزبە شیعەكان لە هەڵبژاردنەكانی دواتردا پێگەی خۆیان بەهێزكرد، زۆرێك لە عێراقییەكان بەشێوەیەكی زیاتر گەیشتنە ئەو باوەڕەی حكومەتەكانیان گەندەڵن‌و تەینا سەرەنجیان لەسەر دەستگرتنە بەسەر سامانی نەوتدا.  محەمەد یاسر چالاكوانی دێرینی شیعەیە لە باشوری عێراق دەڵێ" ئەم سیستەم سیاسییە شكستیخواردووە... هیچ شتێكی پێشكەش نەكردووە".  بەهۆی ئەوەی حكومەتەكانی پێشتر هاوپەیمان بوون لەگەڵ ئێراندا، سەدر وردە وردە خۆی لە تاران بێبەری كردووە. وەكو جەختكردنەوەیەكیش لەسەر ئەوەی بزوتنەوەكەی دوورە لە گەندەڵیی، لایەنگرەكانی هاندا بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی بەرفراوان رێكبخەن، ئەمە رێگەخۆشكەر بوو بۆ ئەو خۆپیشاندانانەی كە ساڵی 2019 كۆتایی بە دواین ئیئتیلافی شیعە هێنا، هەروەها دەستیكرد بە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئەو حكومەتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەڕووی مێژووییەوە جیاوازن لە ئێران، تەنانەت بەو وڵاتانەشەوە كە سوننە سەركردایەتیی دەكەن. لە ساڵی 2017 سەدر بە كۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیمارات‌و سعودیە زۆر كەسی لە ناوچەكە شۆك كرد، دوو دەوڵەتی سوننەی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریكا، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییە مێژووییەكان لەنێوان رژێمە سوننە‌و شیعەكاندا، سەدر لەسەر پەتی پەیوەندییە رەگەزییەكان گەمەی كرد.  پێی وتن" ئێمەش عەرەبین"، ئەمە بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی باڵا لە رەوتی سەدر كە ئاگاداری سەردانەكانە.  هەر لەو ساڵەدا سەدر یەكەمین رەخنەی ئاشكرای لە ئێران گرت‌و لە بەیاننامەیەكدا ئێرانی تۆمەتباركرد بە ئاڵۆزكردنی ناكۆكییە تائیفییەكان لە سوریا‌و عێراق‌و سەرتاسەری ناوچەكە. هەروەك رەخنەكانی لەسەر ركابەرە خۆجێییەكانی چڕتر كردەوە لەناویشیاندا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر كە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئێرانە.  یەكێك لە راوێژكارەكانی پێشتر بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند" سەید موقتەدا دەیەوێت ببێت بە رێبەری ژمارە (1)ی شیعە‌و پادشای عێراق".  ساڵی 2020 دوو رووداو بوون بەهۆی گۆڕانكاری لە روخساری بارودۆخەكە بەلای سەدرەوە. رووداوی یەكەم: كاتێك ئەمریكا لە هێرشێكدا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران‌و یەكێك لە گەمەكەرە سەرەكییەكانی لە عێراقدا كوشت، سلێمانی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەدردا هەبوو سەرباری رەخنەكانی سەدر لە ئێران. لەدوای ئەوەن ئیمارات پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل بەست، ئەمە ئاڵوگۆڕێكی لە وڵاتانی عەرەبیدا بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دروستكرد.  ئەم گۆڕانكاریانە لە سودی سەدر بوون. بۆ نمونە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێكان لە كەنداوی عەرەبی دوای هەڵبژاردن یارمەتیدا بۆ دۆستایەتی لەگەڵ سوننەی عێراق، بەرپرسانی عێراقی ئاگادار لە پرۆسەكە بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، دوو نێردەی ئیماراتیی حزبە  سونییەكانیان هانداوە بۆ ئەوەی كاربكەن بەئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان.  یەزن جبوری كە رێبەرێكی دەسەڵاتداری سوننەیە‌و لە كۆبونەوەكان لەگەڵ ئیماراتییەكان ئامادەبووە دەڵێ" بەلای وڵاتانی كەنداوەوە سەدر باشتترین دەرفەت بوو بۆ روبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێرانیی".  وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات وەڵامی (رۆیتەرز)ی نەدایەوە بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە.  هەروەك سەدر لە كوردەكان نزیكبووەوە كە كەمینەیەكی نەتەوەین‌و لە باكوری عێراق خۆبەڕێوەبەرێتییان هەیە. دوای ماوەیەكی كورت لە هەڵبژاردن سەدرییەكان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبی دەسەڵاتداری ناوچەكەیە بەمیدیاكانی ناوخۆیان رایانگەیاند، ئەوان لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێدا هاوكاری یەكتر دەكەن.  سەبارەت بە ئێران، هاوپەیمانێتییەكە وەكو شكستێكی دوو سەرە بوو، بەتایبەتیش كە حزبە دەسەڵاتدارەكەی كورد (پارتی) پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.  لە كانونی دووەمی رابردوودا، هاوپەیمانێتییەكەی سەدر كە سوننەو كورد‌و سەدرییەكانی لەخۆدەگرت بەناوی هاوپەیمانی (رزگاریی نیشتمان"، محەمەد حەلبوسی سیاسەتمەداری سوننە‌و هاوپەیمانی وڵاتانی كەنداوی وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژارد‌و بەسەر ئۆپۆزسیۆنی سەربە ئێراندا سەركەوتن، ئەمەش وەكو هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ. بەزوویی دەركەوت ئەوان دەنگی پێویست بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەستدەهێنن.  لەسەرەتادا تاران هەوڵیدا مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكات، بەتایبەتیش لە حاڵەتی نائامادەگیی سولەیمانیدا كە فەرماندەیەكی ئێرانی بوو و ئەمریكییەكان كوشتیان، هەژموونی ئەو لە عێراق بۆ رۆژانی یەكەمی بەرەنگاریی لەگەڵ داگیركەری ئەمریكا دەگەڕایەوە.  دوو  بەرپرسی ئێرانی ئاگادار لەو گفتوگۆیانەی كە لەمساڵدا كراون بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، تاران داوای لە قائانی جێنشینی قاسم سولەیمانی كردووە پارێزگاری لە یەكێتیی گروپەكانی سەربە ئێران بكات‌و هەوڵی سازدانی دانیشتنێكی یەكلاكەرەوە بدات لەگەڵ سەدردا.  "چاوەڕوانی سەختی‌و ئاستەنگی زۆر بن لە رۆژانی داهاتوودا" بەر لەوەی سەدرو قائانی كۆببنەوە، هەندێك لە هاوپەیمانەكانی ئێران بڕیاریاندا گوزارشتت لە توڕەیی خۆیان بكەن لە هەر جوڵەیەك كە دور لە ئێران ئەنجام بدرێت.  لە 2ی شوباتدا، گروپێكی نەناسراوی شیعە كە بارەگاكەی لە باشوری عێراقە، بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردەسەر ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، ئەو گروپە كە ناوی لەخۆی نابوو (لیوای وەعدی حەق) رایگەیاند، هێرشەكە وەكو وەڵامدانەوەیەك بووە بۆ دەستوەردانی ئیمارات لە كاروباری عێراق‌و یەمەندا، یەمەن جەنگێكی ناوخۆیی بەخۆوە دەبینێت لەنێوان وەكیلە هەرێمایەتییەكاندا لەپێش هەمووشیانەوە سعودیە‌و ئێران.   ئەوكات ئیمارات وتی هێرشەكانی راگرتووە. بەڵام هێرشەكە ئیماراتییەكانی ترساند، بەپێی قسەی بەرپرسێكی عێراقی‌و دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی‌و دوان لە سەركردەكانی سوننەی عێراق كە كاریان لەگەڵ دوو نێردراوەكەی ئیماراتدا كردووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئیئتیلافدا، ئیماراتییەكان دوو بەرپرسیان بۆ تاران‌و بەغداد ناردووە بەمەبەستی ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە.  جبوری كە رێبەرێكی سوننەیە‌و بەشداری لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتدا كردووە ئاماژەی بەوەكرد، پابەندیی ئیماراتییەكان بە سەدرەوە ناجێگیر بوو.  هەفتەی دواتر سەدرو قائانی كۆبونەوە.  چەند  كەسێك لە راوێژكارەكانی بە (رۆیتەرز)یان  راگەیاند، دوای سێ رۆژ لەو دیدارەی كە گرژی بەدوای خۆیدا هێنا، سەدر یاریدەدەرەكانی بانگهێشتی ماڵەكەی خۆی كرد، باسیان لەوەكرد، ئەو (سەدر) بەشێوەیەكی روون بێزاریی پێوەدیار بووە بەهۆی توندبوونەوەی ئاڵۆزییەكانەوە، تا ئەو رادەی دەستی بە جگەرەكێشان كردوەتەوە، كە خویەكی كۆنە‌و وازی لێهێناوە‌و هەرگیز لە شوێنی گشتیدا پراكتیزەی نەكردووە.  یەكێك لە راوێژكارەكان كە گێڕانەوەكەی لەبارەی كۆبونەوەكەوە هاوتایە لەگەڵ گێڕانەوەی دوو كەسی تر لە گەورەكانی رەوتی سەدر، وتی" سەماحەتی سەید بە ئامادەبوانی راگەیاند: ئێستا نەیارەكانمان تەنیا ئەوانە نین كە دژی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانین، بەڵكو ئێستا نەیارمان دەوڵەتێكی دراوسێیە، بۆیە چاوەڕی سەختی‌و ئاستەنگی زیاتر بن لە رۆژانی داهاتوودا، پێویستە لەسەر هەموومان پشت بە خوا ببەستین بۆ روبەڕووبونەوەی فشارە زۆرەكان كە ئێستا‌و لە رۆژانی داهاتوودا دەخرێتە سەرمان". بەهۆی دادگای عێراقەوە كە تاڕادەیەكی زۆر ئەو دادوەرانە كۆنترڵیان كردووە كە لەلایەن حزبەكانی سەربە تارانەوە دانراون، ئێران بەهێز بوو. چەند رۆژێك بەر لە وادەی دەنگدانی پەرلەمان لەسەر سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵات، دادگای باڵای عێراق مەرسومێكی دەركرد‌و جەختی كرد لەسەر ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی سازدەدرێت. ئەم حوكمە تەنگوچەڵەمەی بۆ ئەو پلانە دروستكرد كە هاوپەیمانی (رزگاریی  نیشتمان) داینابوو، زۆرینە سادەكەی ئەم هاوپەیمانیەتییە بەس نەبوو بۆ سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمان.  لەدوای ئەمەوە، دادگا زنجیرەیەك حوكمی تری دەركرد. یەكێك لە حوكمەكانی رێگای لەبەردەم هۆشیار زێباری كاندیدی هاوپەیمانێتییەكە بۆ سەرۆكایەتی داخست، ئەمەش بەهۆی بانگەشەیەكی كۆنی گەندەڵییەوە. كە زێباری وەكو سیاسەتمەدارێكی كوردو وەزیری پێشووی دارایی‌و دەرەوە رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت‌و  هیچ حوكمێك بۆ تاوانباركردنی دەرچوبێت.  حوكمێكی تری دادگا بووەهۆی خاوكردنەوەی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە سەدرییەكان لەبارەی دەستخستنی پارەی نایاسایی لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانی ئێران دەیانكرد. حوكمی سێیەمی دادگاش بووە هۆی رێگریكردن لە مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت، ئەمەش وەكو بەئامانجگرتنی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هاوبەشێكی هاوپەیمانێتییەكەی سەدر (پارتی).  شارەزایانی یاسایی‌و سەرچاوە ئاگادارەكان لە ناواخنی كاروبارە سیاسییەكان لە عێراق وتیان، حوكمەكانی دادگا سەرباری ئەوەی لەڕووی یاساییەوە سەلامەتن، بەڵام لەكاتێكدا دەرچوون كە بایەخێكی ستراتیژیی هەیە.  سەجاد جیاد بەڕێوەبەری جێنشین لە بەغداد بۆ گروپی كاری تایبەت بە سیاسەتی شیعە لە دامەزراوەی (القرن) كە دامەزراوەیەكی فیكری ئەمریكییە دەڵێ" ئەمە بە رێكەوت نییە.. لە یەك كاتدا هاوكات لەگەڵ قەیرانی پێكهێنانی حكومەت‌و سەركەوتنی سەدر، لەنێوان چوار بۆ شەش حوكم لە دادگا دەرچووە".  ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق كە سەرپەرەشتی دادگاكان دەكات لە بەیاننامەیەكدا بۆ (رۆیتەرز) رایگەیاند، حوكمەكان سروشتی سیاسییان نییە، ئاماژە بەوەدەكەن، سەدرییەكانیش سودمەندبوون لەو حوكمانەی تر كە دادگای باڵا دەریكردوون، لەنێویاندا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكەكەی كە هاوپەیمانێتییەكەی سەدر لە كانونی دووەمدا دەنگی لەسەردا.  لەوكاتەدا توڕەیی ئێران بەڕوونی دەركەوت لە 13ی ئازاردا، سوپای پاسداران 12 موشەكی ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كرد، بەرپرسانی كورد رایانگەیاند، زیانی ماددی سنوردا لە  یەكێك لە بیناكانی شارەكە كەوتوەتەوە، بەبێ بوونی بریندار.  سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو موشەكانەی بۆیە هاویشتووە چونكە كردەوەی سەربازی ئیسرائیل لە كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، تاران هیچ بەڵگەیەكی بۆ ئەمە نەخستەڕوو.  وەزارەتی دەرەوەو بەرگری ئیسرائیل لەمبارەیەوە وەڵامی داواكاریی (رۆیتەرز)یان نەدایەوە بۆ قسەكردن لەسەر بابەتەكە.  حكومەتی كوردی ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوەو هێرشەكانی وەكو تۆڵەی لایەنداریی بۆ لایەنێكی شیعە وێناكرد. بەرپرسێكی باڵای كورد كە بەشداری گفتوگۆكانی كردووە لەگەڵ دوو نێردراوی ئێرانیی لەدوای هێرشەكە، وتی:" داوای ئەوەیان لێكردین هاوپەیمانێتی لەگەڵ پێكهاتەی شیعە بە گشتی بكەین نەك لەگەڵ بەشێك لە شیعە دژی بەشەكەی تر".  ئێران‌و هاوپەیمانەكانی دەستیان بە فشاركردن كرد لەسەر هاوپەیمانە سوننەكانی سەدر. لە مانگی نیساندا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو كە یەكێك لە دیارترین ركابەرە شیعەكانی سەدرە، هاوكاری كرد بۆ گەڕاندنەوەی دوو كەسایەتی كاریگەریی سوننە كە بەهۆی تۆمەتی تیرۆرەوە لە عێراق هەڵاتبوون، بەپێی قسەی پێنج پارێزەرو سێ بەرپرسی حكومی كە ئاگاداری بابەتەكە بوون‌و قسەیان بۆ (رۆیتەرز) كردووە، مالیكی خۆی كاریكردووە بۆ قایلكردنی دادگای بەغداد بۆ لابردنی تۆمەت لەسەر ئەو كەسانە.  هەر دوای لاچوونی تۆمەتەكان لەسەریان، ئەو دوو پیاوە دەستیانكرد بە ئیدانەكردنی سەركردایەتیكردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی سوننەی پەرلەمانی عێراق كە سەدرییەكان‌و هاوپەیمانەكانی هەڵیانبژارد، وتیان لەناو سوننەكاندا كەسایەتی باشتر لە حەلبوسی هەیە. لە دەركەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، مالیكی رەتیكردەوە یارمەتی ئەو دوو پیاوەی دابێت، بەڵام وتی پرسیاری لە دادگا كردووە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان كراوە‌و یارمەتی یەكێكیانی داوە بۆ ئەوەی بچێتە فڕۆكەخانە بۆ بینینی دادوەر.      رەخنەگران وای دەبینن لە قسەكانی مالیكیدا دژبەیەكیی هەیە. نوسینگەی مالیكی وەڵامی (رۆیتەرز)ی نەدایەوە بۆ قسەكردن لەبارەی رۆڵی ئەو لە گەڕانەوەی ئەو دوو كەسەدا.  بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی نزیك لە خۆی، حەلبوسی هەستی بە بێزاریی كردووە. هاوكات لەگەڵ ئەو رەخنە زۆرانەی لەناو سوننەوە ئاڕاستەی دەكرا، سەردانی تارانی كرد‌و هەوڵیدا گەرەنتی بەردەوامبوونی پەیوەندی كاركردنی لەگەڵ ئێران بكات تەنانەت ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتیەشی كە ئەوی هەڵبژاردووە شكستی هێنا لە پێكهێنانی حكومەت. بەرپرسێك وتی"  حەلبوسی دڵنیایی دەویست لەبارەی ئەوەی ئەگەر سەدر شكستی هێنا ئێران هەر پاڵپشتی لە ئەو دەكات".  وتەبێژێك بەناوی حەلبوسییەوە رایگەیاند، حەلبوسی بە ئەركێكی فەرمی سەردانی ئێرانی كردووە لەسەر بنەمای داوای پەرلەمانی ئێران، ئامادە نەبوو لەبارەی وردەكاری سەردانەكە قسە بكات.  لە مانگی ئایاردا، هەوڵەكانی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت راوەستا، لەلایەن ئەوەوە هیچ هاوپەیمانێتییەكی تر بۆ پێكهێنانی حكومەت دەرنەكەوت.  لە مانگی حوزەیراندا، سەدر فەرمانی بە پەرلەمانتارەكانی كرد دەستلەكاربكێشنەوە، بەمە روبەڕێكی گەورەتری بۆ ركابەرەكانی لەناو پەرلەمان بەجێهێشت، نوسینگەكەی بەیاننامەیەكی دەركردو ئاماژەی بەوەكرد، خراپبوونی بارودۆخەكە‌و حوكمەكانی دادگای باڵاو ناكۆكی لەگەڵ "هەندێك دەوڵەت" هۆكاری كشانەوەكەن لە پەرلەمان، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكارییەكانەوە.  دوای چەند رۆژێك، لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا لەسەر ئینتەرنێت، سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی پێشووی خۆی كرد هەر جۆرە هاوپەیمانێتییەك رەتبكەنەوە ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە كرانەوەی دروست نەكرد‌و  نەبووە هۆی لەكارخستنی گەندەڵەكان.  سەدرییەكان توڕەیی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی نەیانتوانی حكومەت پێكبهێنن. هەندێكیان داوای دەستپێكردنەوەی ئاڵۆزییەكان دەكەن. بەمدواییە ئەبو مستەفا حمێداوی بەرپرسی باڵای سەرایا سەلامی سەربە سەدر بە سایتێكی هەواڵی عێراقیی راگەیاند، ئامرازەكانی چاكسازیی ئەمجارە جیاواز دەبێت. (رۆیتەرز) نەیتوانی پەیوەندی بە حمێداوییەوە بكات بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر.  ئێستا سەدر داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكات، هەندێك پێیانوایە ئەمە هیچ نییە جگە لە دواخستنی یەكلاكردنەوەی كێشەكان لەگەڵ نەیارە سیاسییەكاندا. بەمدواییانە، سەدرییەكان بەرەو پەرلەمان چوون، بۆ ئەوەی بچنە ریزی هاوڕێ مانگرتووەكانیان لەناو پەرلەمان، وەكو گوزارشتێك لە ناڕەزایەتیی دژی حاڵەتی چەقبەستن لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی تردا.  مالیكی نەیاری دێرینی سەدریش، بە چەكەوە لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەكانیدا لە شوێنێكی دەرەوەی ماڵەكەی دەركەوت‌و بەمە وەڵامی دایەوە. گروپە هاوپەیمانەكانی ئێرانیش خۆپیشاندانیان رێكخست، ئەمەش مەترسی رودانی پێكدادانی چەكداری دروستكرد.  لە باشوری عێراقیش، ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن، خەڵك توڕە تر دەبن  لەو گەندەڵییە بەردەوامەی كە دەیبین‌و لێكەوتنی لەسەر ژێرخانی ناوچەكە دروستكردووە. سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراق داهاتێكی پێوانەیی تۆماركردووە‌و گەیشتوەتە (60 ملیار) دۆلاری داهاتی نەوت لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا، زۆربەی كات خەڵكی ئەو ناوچانە بێ ئاو  كارەبان. وەلید دەهامان كە مامۆستایە لە شارۆچكەی عەمارە، بێزاریی خۆی دەردەبڕێت لە كەمتەرخەمی حكومەت لەدوای كوژرانی براكەیەوە، كە دوای رەخنەگرتنی لە گەندەڵی‌و دابین نەكردنی پێداویستییەكانی ناوچەی باشوری هەژار كوژراوە‌و بكوژەكانی دەستگیرنەكراون.  دەهامات دەڵێ، دەسەڵاتدارانی خوێندنگە سەرەتاییەكەی نۆژەن ناكەنەوە، ئەو  لەگەڵ هاوڕێكانیدا بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، ئەوان خۆیان پارەی مەزەخە‌و دەستشۆریان خەرجكردووە بۆ ئەوەی تەوالێتی خوێندنگەكەیان بەكەڵكی ئەوەبێت بەكاربهێنرێت.  ئیدارەی خوێندنگە خۆجێییەكە وەڵامی (رۆیتەرز)ی نەدایەوە بۆ قسەكردن لەسەر بابەتەكە.  وتی" هیچ بەرپرسێك لە دەسەڵات، هیچ شتێكی بۆ نەكردوین".


راپۆرت: درەو ناكۆكی شیعەكان جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر شەقام‌و ئەگەری پێكدادان بەدوور نازانرێت، سەدر هەفتەیەك مۆڵەتی خستوەتە بەردەم دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش سەرلەنوێ داوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت دەكەن، هەینی ئەم هەفتەیە ناكۆكییەكان ئاڕاستەیەكی نوێ وەردەگرن، رەنگە سەدرییەكان مانگرتن لە پەرلەمانەوە بگوازنەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەریی‌و روبەڕووی دژەخۆپیشاندانی چوارچێوە ببنەوە.  دادگا لەبەردەم فشاری سەدردا   دوێنێ دۆخی بنبەستی سیاسی عێراق پەرەسەندنێكی نوێی بەخۆوە بینی، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر (تویت)ێكی كرد‌و داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كرد تاوەكو (كۆتایی هەفتەی داهاتوو) پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.  هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەكێك لەو رێگانەیە كە هیچ بنەمایەكی دەستوریی نییە، واتە لە دەستوری عێراقدا دەسەڵاتی (هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان) بە دادگای فیدراڵی نەدراوە، بەڵام سەدر بەبەهانەی ئەوەی پەرلەمان نەیتوانیوە لەماوەی دەستوریدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت‌و متمانە بە حكومەت بدات، سوێندی یاسایی شكاندووە، ئەم شەڕەی خستوەتە بەردەم دەرگای دادگای فیدراڵییەوە.  عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ: دوو بۆچوونی یاسایی هەیە، بۆچونی یەكەم ئەوەیە دادگا هیچ دەقێكی یاسایی لەبەردەستدا نییە كە بتوانێت بەهۆیەوە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، بۆچونێكی دووەم ئەوەیە ناكرێت دادگا بەبەهانەی ئەوەی هیچ دەقێكی لەبەردەستدا نییە حكومی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكانەوە نەدات، بەتایبەتیش كە ماددەی یەكەمی یاسای مەدەنی لەماددەكانی 59‌و 74دا دەڵێ دادگای بەرایی دەتوانێت دامەزراوەیەك هەڵوەشێنێتەوە ئەگەر نەیتوانی رۆڵی خۆی ببینێت‌و ئەو مەبەستە بەدی بهێنێت كە لەپێناویدا دامەزراوە. سەدر كە خۆی لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بێئومێد بووە لەوەی پەرلەمان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەتیش كە دوای كشانەوەی ئەو، ئێستا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەمانن‌و نوری مالیكی وەكو سەری بەهێزی ناو چوارچێوەی رایگەیاند، بەبێ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكرێت. ئەوە هەر چوارچێوەی هەماهەنگیی نییە وەكو لایەنێكی نەیار دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە بەوشێوەی كە سەدر داوای دەكات، تەنانەت مەسعود بارزانی-ش وەكو هاوپەیمانێكی سەدر هێشتا قسەی خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ یەكلانەكردوەتەوە. دوای دوو هەفتە كۆنترۆڵكردنی تەلاری پەرلەمان لەلایەن لایەنگرەكانییەوە، سەدر دوێنێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی بەرەو ئەنجومەنی دادوەریی‌و دادگای فیدراڵی گواستەوە، هەندێك لە سەرچاوەكان لەناو رەوتی سەدرەوە باسلەوە دەكەن، پێدەچێت خۆپیشاندانەكان لە ناوچەی (سەوز)ەوە ئاڕاستەی ناوچەی (جادریە)‌و كۆشكی (سەرۆكایەتی كۆمار)یش بكرێت، سەدر لە تویتەكەیدا داوا دەكات دادگای دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار راسپێرێت بە دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی نوێ.    ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق تەنیا دوو رێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریكردووە: * رێگای یەكەم: یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێك پێشكەش بكەن‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن‌و پەرلەمان بەزۆرینەی رەها (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەكانی داواكارییەكە پەسەند بكات، بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشكەشكردنی داواكاری، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان هەیە لەكۆی (٣٢٩) ئەندام. سەدر بەر لە كشانەوەی لە پەرلەمان، بە سودوەرگرتن لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ بارزانی‌و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەكێكە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەكەیدا بۆ كشانەوە لە پەرلەمان كەوتوەتە هەڵەوە.  * رێگای دووەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات. ئەم رێگایە ئێستا بەركار نییە، چونكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار هەردووكیان كاربەڕێكەرن‌و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا هەڵنەبژێردراون‌و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن.  جگە لەو رێگا نادەستورییەی كە سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشنیازی كردووە كە دادگای فیدراڵییە، رێگایەكی تریش هەیە بۆ دەربازبوون لە بنبەستەكە ئەویش ئەوەیە بە رێككەوتنی لایەنەكان پەرلەمان سەرۆك كۆمارێكی نوێ هەڵبژێرێت‌و دواتر هەر بە رێككەوتن حكومەتێكی كاتیی لە عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە ئەركی ئامادەكاری سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ بگرێتە ئەستۆ لەماوەیەكی دیاریكراودا، بەتایبەتیش كە بەگوێرەی دەستور حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی دەسەڵاتی ئەوەی نییە بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن تەرخان بكات. بەڵام سەدر دەیەوێت دۆخی سیاسی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای پرۆسەی سیاسی نوێ لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003، تەنانەت بە دەستكاریكردنی دەستوریشەوە، داواكارییەكی لەمشێوەیەش پێویستی بەكاتێكی زیاتر هەیە.  چوارچێوە ئاماده‌كاری بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ ده‌كات گرەوكردن لەسەر لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی) جارێكی تر شكستی هێنا، دوێنێ شەو چوارچێوەی كۆبووەوە‌و بە بانگەوازكردن بۆ یەكلایكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەڵامی داواكەی سەدری دایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە.  سەدر كە لەماوەی (9) مانگی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە هادی عامری لە نوری مالیكی جیابكاتەوە، لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت دزەكردنی تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی كە لەبارەی حەشدی شەعبی‌و عامرییەوە بەشێوەیەكی نەرێنی قسە دەكات، هێشتا نەیتوانیوە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەڵوەشێنێتەوە كە بە هاوپەیمانێتی نزیك لە ئێران ناودەبرێت.  هەر دوای كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بانگەوازی خۆپیشاندانیان كرد بۆ لایەنگرەكانیان، خۆپیشاندانی ئەمجارە ناوی لێنراوە "گەل دەوڵەت دەپارێزێت"، وەكو خۆیان دەڵێن ئەمە بۆ بەرگریكردنە لە دامەزراوەی دامەزراوە دادوەریی‌و یاساییەكانی وڵات.  ئەم خۆپیشاندانە لەبەردەم ناوچەی سەوز دەكرێت كە لایەنگرانی سەدری تێدا كۆبوەتەوە، واتە لە ئەگەری رۆشتنی لایەنگرانی سەدر بەرەو بینای دادگا، ئەگەری روبەڕووبونەوە هەیە لەنێوان هەردوولادا.   چارەسەری دەرەكیی! ئێستا كە  دوای (10) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەردوو بەرەی ناكۆكی شیعە (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی) ناتوانن بگەنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت یاخود سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لە دەرەوەی عێراق نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەر بەسەر لایەنە عێراقییەكاندا بسەپێندرێت. هەندێك پێشبینی دەستپێشخەریی ئێران دەكەن، هەندێكی تر گومانیان هەیە لەئەگەری بەردەوامبوونی بنبەستە سیاسییەكە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەخشەرێگایەك بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا بسەپێنێت، كە رەنگە ئاكامەكەی باش نەكەوێتەوە.   


راپۆرت: درەو داواکارییەکەی سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە، لەپێش ھەموشیانەوە ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی نوێ چۆن دەکرێت ؟ کێ سەرپەرەشتی ھەڵبژاردن دەکات ؟ پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟ وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە گۆڕینی سیستەمەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ؟ سەدر کە دوای کشانەوەی لە پەرلەمان داوای ھەمواری دەستورو گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەکرد، ئێستا ھەندێک پاشەکشێی کردووەو داواکاری خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێدا کورتکردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە کشانەوەی لە پەرلەمان ھیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان. لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە ھەندێک تێبینییەوە پاڵپشتی سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر دەکەن، لەمەشدا زیاتر چاویان لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنە، ھاوپەیمانەکانی سەدریش (بارزانی+ حەلبوسی) ھێشتا بە گومانەوە لە بارودۆخی نوێ دەڕوانن و چاوەڕێی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێن، حەلبوسی کە لەدوای ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١وە لە بارزانی نزیکبوەتەوە، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی بنچینەیی پشتیوانی خۆی بۆ ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ راگەیاند، بەڵام بارزانی ھێشتا ھەڵوێستی خۆی یەکلانەکردوەتەوە، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە بۆنەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند ناچارکرا بەوەی رونکردنەوەیەک بدات و بڵێ ئەوەی وتم تەنیا بۆچوونی خۆم بوو نەک حزبەکەم. ھەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەکرێت ؟ ئێستا کە ئیتر پرسی سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ لەسەر داوای موقتەدا سەدر خەریکە دەبێت بە ئەمری واقع، قسەوباس لەبارەی چۆنیەتی سازدانی ھەڵبژاردنەکە گەرم بووە، ئایا ھەڵبژاردنی نوێ چۆن بەڕێوە دەچێت ؟ پەرلەمان چۆن و کەی ھەڵدەوەشێتەوە ؟ بە چ یاسایەک ھەلبژاردن بکرێت ؟ کێ پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات ؟ سازدانی ھەر ھەڵبژاردنێکی نوێ لە عێراق بەر لە ھەموو شێک پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانە، یاسایەک کە تەنیا یەکجارو لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەزموون کراوەو شێوازی ھەڵبژاردنی لە عێراق گۆڕیوە بۆ (فرە بازنەیی)، ئەو بنبەستە سیاسییە ماوەی (١٠ مانگە) لە عێراق دروستبووە، لەم یاسایەوە سەرچاوەی گرتووە. دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بەرزترین دادگای عێراقەو بڕیارەکانی تانەی لێنادرێت، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٥٩) کە لە رۆژی (٢٠٢١/١٢/٢٧) دەریکردووە، پەرلەمانی عێراق پابەند دەکات بەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی ھەڵبژاردنەکان ھەمواربکاتەوەو شێوازی جیاکردنەوەو ئەژمارکردنی دەنگەکان لە (ئەلیکترۆنی)یەوە بگۆڕێت بۆ شێوازی (دەستی) ھەروەھا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش بگۆڕێت. ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بەوەیە خولی ئێستای پەرلەمان بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی یاساکە ھەمواردەکرێتەوە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە لەبەردەم پەرلەمان و دەبێت ھەموو لایەنەکان لەسەر ھەموارەکە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، سەدر کە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات و میکانیزمەکەی دیاری نەکردووە، رەنگە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبەرچاونەگرتبێت، بەتایبەتی کە ئیتر کوتلەی سەدرییەکان لەناو پەرلەماندا نەماون و کاریگەریی راستەوخۆیان نابێت لەسەر گفتوگۆکانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، مەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان و بەتەوافوقی سیاسیی داواکارییەکانیان بچەسپێنن. پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟ ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق دوو رێگەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریکردووە: * رێگای یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێک پێشکەش بکەن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەکانی داواکارییەکە پەسەند بکات. بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشکەشکردنی داواکاری، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان ھەیە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام. سەدر کە ئێستاو دوای کشانەوەی لە پەرلەمان دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، بەر لە کشانەوەی بە سودوەرگرتن لە ھاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ بارزانی و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەکێکە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان سەدر پەلەی کردووەو کەوتوەتە ناو ھەڵەیەکی سیاسییەوە. * رێگای دووەم: سەرۆکی ئەمجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆک کۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات. ئەم رێگایە ئێستا بەرکار نییە، چونکە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆمار ھەردووکیان کاربەڕێکەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا ھەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن. لەنێوان ئەم دوو رێگا دەستورییەدا رێگایەکی تریش ھەیە کە زۆر دەستوریی نییە، بەڵام بۆ چارەسەری دۆخەکە دەکرێت پەنای بۆ ببرێت، ئەویش ئەوەیە دادگای باڵای فیدراڵی بەبەھانەی ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان شکستی ھێناوە لەوەی لەماوەی دەستوریدا سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات، داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات. بەم بارودۆخەوە داواکاری سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ بەبێ رەزامەندی نەیارەکانی (لایەنەکانی چوارچێوەی ھەمەھەنگیی) کە ئێستا کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن، ھیچ ھەنگاوێک ناچێتە پێشەوەو ئەگەر دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بەدیاریکراویش ئێران نەبێت، رەنگە بنبەستی سیاسی عێراق زیاتر درێژە بکێشێت یاخود لە ھەر ساتێکدا پێکدادانی ناو ماڵی شیعە لە ئەگەرەوە بکات بە واقع. سەدر ھەڵەکەی راستدەکاتەوە ؟ دوای نزیکەی (١٠ مانگ) لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی، پرۆسەی سیاسی عێراق ھێشتا لەناو بنەستدا دەسوڕێتەوەو ئەنجامی ھەڵبژاردن نەیتوانی کابینەیەکی نوێی حکومەت دروست بکات. نۆ مانگی رابردوو ماوەی ململانێ و کێشمەکێشی نێوان دوو جەمسەری ناکۆکی ناو ماڵی شیعەکان (سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی) بوو، کە دواجار کوردو سوننەشی بەسەر خۆیدا دابەشکردو قەیرانەکەی لە ناکۆکی ناو ماڵی شیعەوە کرد بە قەیرانێکی سەرتاسەریی لە عێراقدا. ململانێی جەمسەرە ناکۆکەکانی شیعە، دواجار موقتەدا سەدری براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی توشی ھەڵەیەکی سیاسی کردو بە (٧٣) کورسییەوە لە پەرلەمان کشایەوەو گۆڕەپانەکەی بۆ نەیارە سیاسییەکانی بەدیاریکراویش (نوری مالیکی) چۆڵکرد. چوارچێوەی ھەماھەنگیی (مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەکیم) کە لەسەرەتاوە ناڕازی بوون لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێیان دەکرد، سەرباری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دژی ئەنجامەکان، دواجار پابەندبوون بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ئەمجارەیان شەڕەکەیان لە شەقامەوە گواستەوە بۆ ناو پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی نوێ، لەوێ بەسودوەرگرتن لە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ دیاریکردنی (دوو لەسەر سێ) وەکو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ھاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەکان، یەک لەسەر سێی پەکخەر (الثلث المعطل)یان دروستکردو بەمە رێگرییان لە سەدرو ھاوپەیمانەکانی (بارزانی+ حەلبوسی) گرت پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنن و دەست بە دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت بکەن. سەدر کە بێئومێد بوو لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ستراتیژی خۆی گۆڕی بۆ شەڕکردن لەسەر ھێشتنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمیی، بۆیە لە یەکەم ھەنگاودا بەسودوەرگرتن لەو زۆرینەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا (بارزانی+ حەلبوسی) ھەیبوو، سەرباری ناڕەزایەتی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، لەناو پەرلەمانی نوێوە یاسای (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراک)ی پەسەندکرد، ئەمە لەبری یاسای بودجە بوو بۆ حکومەتی کازمیی. کازمیی یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکیی لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر، لایەنەکانی چوارچێوە کازمی تۆماتبار دەکەن بەوەی حکومەتەکەی رادەستی سەدر کردووە، بۆیە دژی بەردەوامبوونی کابینەی کازمین تەنانەت ئەگەر بەشێوەی کاربەڕێکەریش بێت و بە دەسەڵاتی تەواوەتی خۆیەوە کارنەکات. سەدر سەرباری ئەوەی نەیتوانی کابینەی نوێی حکومەت دروست بکات، بە مانەوەی لە پەرلەمان دەیتوانی بەرگریی لە بەردەوامبوونی حکومەتی کازمیی بکات، بەڵام وای نەکردو لە ھەنگاوێکی کتوپڕدا لە پەرلەمان کشایەوە. سەدر چاوەڕێ بوو بە کشانەوەی لە پەرلەمان، شەرعیەتی پەرلەمان بخات، بەڵام ئەمە روینەدا، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و سەربەخۆکان بە موبارەکەی (بارزانی+ حەلبوسی) ھەرزوو کورسییە بەتاڵەکانی سەدریان پڕکردەوە. زۆرینەی ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەکەن لەسەر ئەوە ھاوڕان، سەدر لە بریاری کشانەوەیدا لە پەرلەمان توشی ھەڵەیەکی سیاسی گەورە بووە. وا دەرکەوت سەدر خۆشی لە کۆتایدا درکی بەوە کرد لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان ھەڵەی کردووە، بۆیە کاتێک لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمانیان پڕکردەوەو بەشێوەیەکی کرداری کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران (محەمەد شیاع سودانی)یان یەکلاکردەوەو ئامادەکارییان کرد بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەدر ھیچ رێگاچارەیەکی لەبەردەمدا نەمایەوە بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی مستەفا کازمیی جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان، لەمەشدا سودی لە مستەفا کازمیی بینی کە وەکو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان چاوپۆشی کرد لە تێپەڕینی سەدرییەکان بۆ ناو ناوچەی سەوزو دواجاریش کۆنترۆڵکردنی تەلاری پەرلەمان. لەبەرامبەردا لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش کە لەدوای ھەڵبژاردنەوە گلەییان لە ئەنجامەکان ھەبوو، لە پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی سەدرو ھەوڵی پێکھێنانی حکومەت بەبێ سەدرییەکان پەلەیان کردو ئێستا ناچارن ھەندێک مل بۆ فشارەکان سەدر بدەن کە لە شەقامەوە لەسەری دروستکردوون.


(درەو): لە نوسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە 21 تشرینی دووەم بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ناردووە، راپۆرتێكی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای هاوپێچ كردووە، بە ناونیشانی Climate Change and international responses” increasing to US National Security through 2040” "گۆڕانكاری ژینگەیی و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەرئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا تا ساڵی 2040 زیاد دەكات" راپۆرتەكە بۆچوونی هەموو بەشەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای تێدایە سەبارەت بە گۆڕانی ژینگەیی، یەكەم جارە گۆڕانكاری لە ژینگەدا ببەسترێتەوە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، ناوەڕۆكی راپۆرتەكە ئەم بەشانەی خوارەوە لە خۆدەگرێت: 1-    گۆڕانی كەش و هەوا هۆكارە بۆ توندتربوونی گرژییە نێودەوڵەتییەكان،  كاریگەرییەكانی تا ساڵی (2040) ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتەوە.  2-  وڵاتە هەژارەكان، دەرەنجامێكی نەرێنی زیاتریان روبەڕوو دەبێتەوە، چونكە لەگەڵ گۆڕانكاری كەش و هەوا كەمتر ئامادەسازیی بۆ خۆگونجاندنیان كردووە. 3-    راپۆرتەكە هۆشداری دەدات سەبارەت بەو وڵاتانە كە بە تەنها كار بۆ بڵاوكردنەوەی تەكنەلۆژیای ئەندازیاری جیولۆجی ئایندە دەكەن. 4-    راپۆرتەكە (11) وڵات و (2) هەرێمی دیاریكردووە، لە ئایندەدا بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا، دابینكردنی وزەو خۆراك روبەڕووی مەترسی دەبێتەوە. 5-  راپۆرتەكە هۆكاری كاریگەری زیاتری گۆڕانی كەش و هەوا لەسەر ئەو وڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەژاری و كەمی توانای خۆگونجاندن، ئەمە وایان لێدەكات نێچیری نەمانی سەقامگیری و ناكۆكی ناوخۆیی بن، شەپۆلی گەرماو وشكەساڵی كاریگەر دەبێت لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەبا وەك نمونە. 6-   راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات، گۆڕانی كەش و هەوا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوون،هۆشداری لە شەپۆلی پەنابەران دەدات كە فشار دەبێت لەسەر سنوورەكانی باشوری ئەمریكا، دەرەنجامەكەی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە. 7-   ناوچەی جەمسەری باكور، یەكێك دەبێت لەو ناوچانەی زەرەرمەند دەبێت لە گۆڕانی كەش و هەوا، بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەكانەوە ئەو ناوچەیە زیاتر زەرەری بەردەكەوێت، رێخۆشكەر دەبێت بۆ پاپۆڕەكان بە مەبەستی دۆزینەوەی سامانی ماسی بچنە  ئەو ناوچانە. 8-   راپۆرتەكە هۆشداری دەدات كە هەندێك وڵات لەوانە (روسیا) و وڵاتانی نەوتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ داهاتیان پشت بە هەناردەكردنی خەڵوزی بەردین دەبەستن، هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە ئابوورییەكەیان بكەن لە رێگەی بەرگری كردن لە گۆڕانی جیهان بۆ جیهانێكی خاڵی لە كاربۆن،  چونكە لە دەرەنجامە ئابووری و سیاسی و جیۆسیاسییەكە دەترسن.، كەمبوونەوەی داهاتی خەڵوزی بەردین بۆ هەر یەكێك لەم وڵاتانە قورسایی بۆ شانی حكومەتەكانیان زیاد دەكات، چاوەڕوان دەكرێت زیانی ئەم وڵاتانە بە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا بە جۆرێك بێت داوای هاوكاری لە دەرەوەی خۆیان بكەن. 9-   راپۆرتەكە ئەو (11) وڵاتە ئاشكرا دەكات كە زۆرتر روبەڕووی مەترسییەكانی كەش و هەوا دەبێتەوە، ئەم گۆڕانكارییە ژینگەییە وادەكات ئەم وڵاتانە روبەڕووی گرفتی دابینكردنی خۆراك و وزە و گەیشتن بە ئاوی شیرین و چاودێری تەندروستی ببنەوە، ئەمەش دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت لە ناكۆكی ناوخۆیی و نەمانی سەقامگیری، وشكەساڵی و شەپۆلی گەرما هۆكار دەبێت بۆ فشاری سەر ژێرخانیان بە نمونە سەرچاوەكانی وزە ، ئەو (11) وڵاتەش بریتین لە (عێراق، ئەڤغانستان، میانمار، هندستان، پاكستان، كۆریای باكور، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، نیكاراگوا و كۆڵۆمبیا) هەروەها هەردوو ناوچەی (ناوەڕاستی ئەفریقا و دوورگەی بچووكی زەریای هێمن). 10-  راپۆرتەكە ئاماژە بە گەشەكردنی كێبڕكێی جیهانی دەكات لە گەیشتن بەو كانزاو تەكنیكانەی كە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێ پێویستە، چین لە پێگەیەكی بەهێزی كێبڕكێكەدایە. 11-   بەپێی توێژینەوە زانستییەكان دووبارە بوونەوەی زریانەكان، كاریگەرییان هەیە لە پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاو، هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییە گوێزەرەوەكانن لە زۆرێك لەو (11) وڵاتەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە، نمونەكان پیشانمان دەدەن ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) لە وڵاتەكانی ( عێراق، ئەڤغانستان، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، هندستان، پاكستان) لە زیادبووندایە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆمەڵێك تێبینی لەسەر راپۆرتەكەی هەواڵگری ئەمریكا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە: 1-  بابەتی ژینگە و گۆڕانی كەش و هەوا لە ئەجیندای سەرۆك بایدندا ئەولەویەتی هەیە، گرنگیدانی بە گۆڕانی كەش و هەوا وایكردووە كە سەرۆك بایدن لە حەفتەی یەكەمی بوون بە سەرۆكی ئەمریكادا بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە كە لە ساڵی (2015) ئیمزا كراوە. 2-     راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە جیهان لە پشتیوانیكردنی یەكتربۆ پاراستنی ژینگەو رێگرتن لە گۆڕانی كەش و هەوا شكستی هێناوە، گومانی تێدا نییە ململانێكان لەسەر ئاو یەكێكە لە كاریگەرییەكانی ئەو شكستە. 3-   راپۆرتەكە دەریدەخات كە گۆڕانی كەش و هەوا پاڵنەرە بۆ دەوڵەتەكان كە پەنا ببەنە بەر سوتەمەنی پاك وەك (ئەتۆم، هایدرۆجینی، تیشكی خۆر، غاز، كارەبا) لە بری سوتەمەنی خەڵوزی بەردین، هەر وڵاتێكیش لەم كێبڕكێیە دوابكەوێت زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت. 4-   راپۆرتەكە لەسەر ئاسایشی ئەمریكایەو لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئامادەكراوە، بەڵام تیشكی خستۆتە سەر ئەو مەترسییە گەورەیەی كە هەموو زەوی دەگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەشی جددی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە كە خەمی ئایندەی مرۆڤایەتییانە. 5-    لە راپۆرتەكەدا زیاتر لە جارێك ئاماژە بە عێراق دراوە، عێراق وەك یەكێك لەو وڵاتانەی لە داهاتوودا زۆرترین كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرە، كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی ئاو و سەقامگیری سیاسی دۆخی ئابووری دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەت بە جددی كار بكات لەسەر دیاردەی گۆڕانكاری لە كەش و هەوادا، وەبەرهێنان لە ژینگەدا بكات، هەنگاو بنێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و شانبەشانی وڵاتانی جیهان لە هەوڵدا بێت.  


 (درەو):  وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی تەموزی 2022  راگەیاند:  •    داهاتی نەوت لە مانگی تەمووز رابردوودا گەیشتوەتە (10ملیارو 608ملیۆن‌) دۆلار، واتا (15ترلیۆن و 381ملیار) دینار  •    تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (102ملیۆن‌و 385هەزارو 49هەزار) بەرمیل‌ رۆژانە (3 ملیۆن و 303هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. -    تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی تەمووز گەیشتوەتە (103) دۆلار. 


درەو: ئیبتسام عەبدول لەتیف محەمەد: توێژینەوەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی داتاکانی بانکی مەرکەزی عێراقی، داهات و خەرجی، بڕی کوتهێنان و سەرڕێژی داهات لە ماوەی ساڵانی (2004 – 2020) بەم شێوەیە بووە؛ 1.    کۆی گشتی داهات بریتی بووە لە  (1 بلیار و 296 ترلیۆن و 284 ملیار) دینار، کە داهاتی نەوت بڕی (1 بلیار و 202 ترلیۆن و 222 ملیار) دیناری بەڕێژەی (93%) پێکهێناوە. 2.    کۆی خەرجی لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (1 بلیار و 144 ترلیۆن و 731 ملیار) دینار. 3.    کورتهێنان تەنها لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2019 و 2020) تۆمار کراوە، کۆی ئەو کورتهێنانەش بریتی بووە لە (33 ترلیۆن و 625 ملیار دینار). -    بەرزترین ئاستی کورتهێنان لە ساڵی (2020) و بووە بە ڕێژەی (8.5%) بە پۆینتێک لە ڕێژەی کورتهێنانەکەی ساڵی (2016) زیاترە. -    سەرجەم سەڵەکانی دیکە سەرڕێژی داهاتی تێدا تۆمار کراوە، کۆی سەررێژەکەش بریتی بووە لە بڕی (196 ترلیۆن و 262 ملیار) دینار. -    بەرزترین ئاستی سەرڕێژەی داهات لە ساڵی (2011) تۆمار کراوە بە ڕێژەی (20%)، ئەمەش بەڕێژەیەکی کەم لە لە سەرڕێژی ساڵی (2012) زیاترە. -    ئەگەر کۆی کورتهێنانەکە لە کۆی سەرڕێژی داهات دەربهێنین لە ماوەی (2004 - 2020)، ئەوا سەرڕێژی سافی بریتی دەبێت لە نزیکەی (162 ترلیۆن و 637 ملیار) دینار. -     داهاتی گشتی بڕو ڕێژەی داهاتی نەوتی عێراق (2004 - 2020) 1.    کۆی گشتی داهات بریتی بووە لە  (1 بلیار و 296 ترلیۆن و 284 ملیار) دینار، کە داهاتی نەوت بڕی (1 بلیار و 202 ترلیۆن و 222 ملیار) دینار. 2.    بەرزترین تۆمارکردنی ئاستی داهاتی گشتی لە ساڵی (2012)ەو بەدایشیدا لە ساڵی (2013)ەو پاشان (2019) تۆمار کراوە، هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە لە بازاڕەکانی جیهان. 3.    کۆی داهاتی نەوت  لە ماوەی (2004 - 2020) بریتی بووە لە بڕی (1 بلیار و 202 ترلیۆن و 222 ملیار) دینار. 4.    داهاتی گشتی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، جگە لە ساڵانی (2015، 2016، 2017 و 2020) لە سەرجەم ساڵەکانی دیکە بەڕێژەی (90%) و زیاتر داهاتی نەوت داهاتی گشتی پێکهێناوە. (بڕوانە: خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1 و 2))         بڕو ڕێژەی (داهات و خەرجی) و (سەرڕێژ و کورتهێنانی داهات)ی عێراق لە ساڵی (2004 – 2020) 1.    کۆی گشتی داهاتی عێراق لەماوەی (2004 - 2020) بریتی بووە لە  (1 بلیار و 296 ترلیۆن و 284 ملیار) دینار، کە بەرزترین ڕێژەی داهات لە ساڵانی (2012)ەو (2013) تۆمارە کراوە. 2.    کۆی گشتی خەرجی لە ماوەی (2004 - 2020) بریتی بووە لە (1 بلیار و 144 ترلیۆن و 731 ملیار) دینار. 3.    کورتهێنان تەنها لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2019 و 2020) تۆمار کراوە، کۆی ئەو کورتهێنانەش بریتی بووە لە (33 ترلیۆن و 625 ملیار دینار). 4.    بەرزترین ئاستی کورتهێنان لە ساڵی (2020) و بووە بە ڕێژەی (8.5%) بە پۆینتێک لە ڕێژەی کورتهێنانەکەی ساڵی (2016) زیاترە. 5.    سەرجەم سەڵەکانی دیکە سەرڕێژی داهاتی تێدا تۆمار کراوە، کۆی سەررێژەکەش بریتی بووە لە بڕی (196 ترلیۆن و 262 ملیار) دینار. 6.    بەرزترین ئاستی سەرڕێژەی داهات لە ساڵی (2011) تۆمار کراوە بە ڕێژەی (20%)، ئەمەش بەڕێژەیەکی کەم لە لە سەرڕێژی ساڵی (2012) زیاترە. 7.    ئەگەر کۆی کورتهێنانەکە لە کۆی سەرڕێژی داهات دەربهێنین لە ماوەی (2004 - 2020)، ئەوا سەرڕێژی سافی بریتی دەبێت لە نزیکەی (162 ترلیۆن و 637 ملیار) دینار. بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر (بڕوانە: خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (3 و 4))


(درەو):  دوای نۆ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ سەرەتای ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەركەوت، ئەگەر بەربەستی تری سیاسی بۆ دروست نەبێت.  (محەمەد شیاع سودانی) لەلایەن لایەنەكانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگیی)ەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران عێراق كاندیدكرا، ئەمە بەگوێرەی قسەی فازل فەتلاوی ئەندامی پەرلەمانی عێراف لە هاوپەیمانی فەتح.  سودانی لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی) راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە كاندیدكرابوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەعرەجی سوپاسی كردن‌و هەرزوو لە كاندیدبوونەكە كشایەوە.  محەمەد شیاع سودانی كێیە ؟ محەمەد شیاع سودانی ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، ئەمینداری رەوتی (الفراتین)ە، ساڵی 1970 لە پارێزگای میسان لەدایكبووە، هاوسەرگیری كردووە‌و خاوەنی چوار كوڕە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كشتوكاڵ لە زانكۆی بەغداد‌و ماستەری لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەكان) بەدەستهێناوە. •    لە تەمەنی 10 ساڵیدا‌و بە دیاریكراوە لە ساڵی 1980، بە تاوانی ئەندامێتییان لە حزبی (دەعوە)دا، رژێمی پێشووی عێراق باوكی‌و پێنج كەس لە ئەندامانی خێزانەكەی لەسێدارەداوە.  •    سودانی ئەندامی رێكخراوی ناوخۆی حزبی دەعوە  بووە، ساڵی 1991 بەشداریكردووە لە راپەڕینی شەعبانی شیعەكاندا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ئەوكاتەوە رووی لە بەغداد كردووە‌و ماوەی سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە‌و خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە.  •    ساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای میسان دامەزرێندراوە.  •    ساڵی 2003‌و دوای روخانی رژێمی بەعس بووە بە رێكخەری پەیوەندییەكانی نێوان دەستەی سەرپەرەشتیاری بەڕێوەبردنی پارێزگای میسان‌و دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی (پۆل بریمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق.  •    ساڵی 2004 بووە بە قایمقامی شاری عەمارە.  •    ساڵی 2005 بووە بە پارێزگاری میسان.  •    ساڵی 2011 بووە بە (وەكالەت) بووە بە سەرۆكی دەستەی باڵای لێپرسینەوە‌و دادپەروەریی (تایبەت بە لێپرسینەوەی بەعسییەكان).  •    ساڵی 2013 بووە بە وەزیری كشتوكاڵ بە (وەكالەت).  •    ساڵی 2014 بووە بە سەرۆكی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی بە (وەكالەت). •    هەر  لە ساڵی 2014دا بووە بە (وەكالەت) بووە بە وەزیری كۆچ‌و كۆچبەران.  •    بەهەمان شێوە لە 2014 بەشێوەی (وەكالەت) پۆستی وەزیری دارایی وەرگرتووە.  •    كۆتا جار لە ساڵی 2014دا دیسان پۆستی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەرگرتووە.  •    ساڵی 2014 پۆستی وەزیری بازرگانیی بە (وەكالەت) وەرگرتووە.  •    ساڵی 2016 پۆستی وەزیری پیشەسازیی بە (وەكالەت) وەرگرتووە.  محەمەد شیاع سودانی لە دەستەی دووەمی سەركردە دیارەكانی پێكهاتەی شیعەیە لە عێراق، كە دەوترێت لەدوای وەرگرتنی چەندین پۆستی حكومیی لە گەندەڵی تێوە نەگلاوە‌و لەلایەن جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەوە رێزلێگیراوە‌و كەس "ڤیتۆ"ی لەسەر نییە.  سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، دوای خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، ئێرانییەكان (محەمەد شیاع سودانی)یان پێشنیاز كردووە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان پیاوێكی بێلایەنە، بەڵام ئەوكات لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە كاندیدكردنی رەتكرایەوە‌و بەوە تۆمەتبار كرا كە پێشتر ئەندامی حزبی (دەعوە) بووە‌و ئەم حزبە ماوەی (15) ساڵی حكومی عێراقی دوای روخانی سەددامی بەدەستەوە بووە‌و سەرچاوەی قەیرانەكانی ئێستای عێراق.   


د.خالید هاشم: ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە پلاندانان لە عەرەبییەوە: درەو میدیا سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا "جۆ بایدن" بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی (13 – 16 ی تەموزی 2022)، دەکرێت خاڵی وەرچەرخان سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بێت بەرامبەر ناوچەکە. جارێکی تر ناوچەکە ببێتەوە جێی بایەخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،  بەتایبەت دەربارەی کۆمەڵێک کەیسی گرنگی پشتگوێخراو کە بوماوەیەکی درێژە ئەمریکییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێی نەدەدا بەدیاریکراویش لە سەردەمی "باراک ئۆباما" و ساڵی (2008)ەوە بەدواوە. لەلایەکی ترەوە ئامادەگی عێراق بەنوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئاماژەیە بە وەرچەرخانی گرنگ لەپەیوەندی عێراق و ئەمریکا لەلایەک و وڵاتانی عەرەبیش لەلایەکی ترەوە، چونکە عێراق ماوەیەکی دورودرێژە بەشداری لە لووتکەیەکی وەهادا نەکردووە، ماوەیەکی زۆرە عێراق لەپەراوێزدایەو نەیتوانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت کە لەگەڵ توانا ئابووریی و سیاسیە مەزنەکەی هەیەتی بگونجێت. ئەمە جگە لەوەی "جۆ بایدن" لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنەوە خۆی لە قسەکردن لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور گرتووە، جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت، وەک دۆسیەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی پێشوو لە ساڵی (2018) لێی کشایەوە و ئەم هەڵوێستەی بایدن تا ئەم دواییانە بەردەوام بوو . هه‌روه‌ها لە هەمان ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا، عێراق چیتر له‌ ئه‌جێندای ئه‌مریكادا ئامادەییەکی ئەوتۆی نەمابوو، ئەگەر پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا بکەین، کە هەر چوار ساڵ جارێک بۆ دیاریکردنی ئەولەویەت و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی دەردەچێت، بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق لەو بەڵگەنامەیەدا ئامادە نییە. لە بەڵگەنامەکانی ئاسایشی نیشتمانی 2010 و 2014 و پاشان 2018 و 2022، خوێنەری ئەو بەڵگەنامەیە بوونی عێراق بە پەراوێز دەبینێت لە پرسە تایبەتەکانی پەیوەست بە تیرۆر، یان ئەوەی عێراق سەرچاوەی مەترسی نییە، هەر بۆیەش عێراق ماوەیەکی زۆرە لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکادا ئامادەنەبووە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو خواست و مەیلە ئەمریکییە بوو کە گرنگی بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نەدات، ئەم قەناعەتەش لە نێو ژمارەیەک بازنەی بڕیاردانی ئەمریکی ڕەنگیدابوویەوە، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا کەمتر گرنگ هەیە، و چیتر ئەو گرنگییە ڕێژەییەی نییە کە پێشتر بۆ سیاسەتی ئەمریکا هەیبوو، تێڕوانینەشیان کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوەبوو ئەوانیش؛ 1.    كەمبوونەوەی پێویستی ئەمریكا بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم بەهۆی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی هاوردەكردنی نەوتەوە، هەمیش بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە سەرچاوەكانی دەرەوەی ناوچەی كەنداوی عەرەبی. وەک کەنەدا و مەکسیک و نەیجیریا، هەروەها دۆزینەوە زەبەلاحەکانی ئەو وزەیەی کە پێی دەوترێت  نەوتی بەردین (زەیتی سەخەری) لە ئەمریکا، و دەستپێکردنی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی بە ستانداردی ئابووری، (ئەمریکا ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا بە تێکڕای 18 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بگاتە حاڵەتێکی خۆبژێوی وزە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئەمریکا دەبێتە هەناردەکاری نەوت لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٠، پاشان پێویست بە هاوردەکردنی نەوت لە دەرەوە ناکات، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. 2.    پاشەکشەکردن لە بایەخە زۆرەکانی ئەمریکا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بە ئاراستەکانی ڕای گشتی ئەمریکاوە کە چیتر وەک جاران پەرۆشیان نییە سەبارەت بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یان چالاکیەکی زۆر تێیدا، بەهۆی ئەو تێچووە ئابووری و مرۆییەی کە ئەمریکا لە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی بۆ سەر عێراق دای،  ئەمەش بە ڕوونی لە ڕۆڵ و کاریگەریی سنوورداری ئەمریکا لە سەردەمی دوای بەهاری عەرەبیدا دیار بوو سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرفراوانی ڕای گشتی لە وڵاتانی عەرەبی و هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەر ڕۆڵێکیان بۆ ئەمریکا ڕەتکردەوە و بە بێمتمانە و گوماناوی لە نیەتەکانی وەسفیان دەکرد. واتە: تێگەیشتنێکی ئەمریکی هەیە بۆ ئەو ڕۆڵە سنووردارەی کە دەتوانێت لە ناوچەکەدا بیگێڕێت، سەرباری و پێشوازی لێنەکردنی. پاشان هەندێک بازنەی حکومەتی ئەمریکا، لە نمونەی ئەوانەش وەزارەتی دەرەوە، گەیشتوونەتە قەناعەتێکی لەو جۆرەی کە پێویست ناکات ڕۆڵی زیاتر لەوە بگێڕن کە هەیە. 3.    کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان. بێگومان ئاستی بەرزی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا و ئەو فشارانەی کە ئیدارە جیاوازەکانی پێشوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە، وایکردووە کە بەشداریکردن لە شەڕە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان بەردەوامبوون لە دۆخی لەتبوونی ئەمریکادا قورس بێت. جگە لەوەش، زیادبوونی ڕێژەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئامانجە ستراتیژییەکانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە جیاتی ئەو ئامانجە تەقلیدیانەی پەیوەستن بە پاراستنی ڕۆیشتنی نەوت، ئاسایشی ئیسرائیل، پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی ڕووسیای میراتگری یەکێتی سۆڤیەت، زیاتر گرنگی بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بووە، بە پشتیوانیکردن وڵاتانی دۆست لە بەرامبەر سەرهەڵدانی بزووتنەوە تیرۆریستییە توندڕەوەکان بەبێ ئەوەی هێزی بەرن و تێوەبگلێن. سەرەتا بە بەردەوامی پابەندبوون بە بژاردەی بەشدارینەکردن لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەدا، دواتریش گرنگیدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو، نەگرتنەبەری ستراتیژییەکی گشتگیر، پاشان گرنگیدان بەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ، ئه‌مه‌ش بووە هۆی گۆڕانی ژینگه‌ی ستراتیجی ناوچه‌كه‌، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا، له‌ حاڵه‌تی دوژمنایه‌تییه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی هاوكاری، و دواتریش گواستنه‌وه‌ بۆ ئاستێكی جیاواز كه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ. 4.    کەمبوونەوەی توندی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرن، و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی تیرۆر کە لە ناوخۆی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، پەیوەستە بە مەیلی ڕەگەزپەرستیەوە، ئەمانە پاڵنەربوونە لە کشانەوەکە. جگە لەوەش ئیسرائیل چیتر پێویستی بە ئامادەبوونی راستەوخۆی ئەمریکا نییە لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، چونکە هەست بە دۆخێکی ئاسایشی بێ وێنە دەکات کە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرچاوەی گرتووە. 5.    ناتوانرێت ئەو تێڕوانینەی بۆ ئاسیا هەیە جیا بکرێتەوە بەتایبەت مەترسی ئەمریکا لە پەرەسەندنی کاریگەریی چین لەو کیشوەرە، کە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر کیشوەرەکە، یان دوورخستنەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکان و جێهێشتنی سەرکردایەتییەکەی بۆ چین، ئەمەش بۆ ئەمریکا جێی مەترسییەو پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی پلەی بەرژەوەندی و توانا ستراتیژییەکانی ئەمریکا هەیە، بەشیوەی دووربوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک بوون ئاسیا. لێرەوە، بایەخپێدانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشەکی ڕونی پێوەدیاربوو، لە بەرامبەریشدا، گرنگیپێدانی بۆ كیشوەری ئاسیا زیادی كرد، جا چ بەشداریكردن لە بەرهەمی گەشەكردنی ئابوری بەم كیشوەرە، یان وەستانەوە بەڕووی بەرزبوونەوەی ئاستی كاریگەریە ستراتیژیەکانی چین لەم ناوچەیە، کە هەڕەشە لە بوونی ئەمریکا دەکات لە کیشوەری ئاسیا، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا. بۆیە ئێمە ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبینەوە کە بە ستراتیژی "هاوسەنگکردنەوە بەرەو ئاسیا و بانسفیک" ناسراوە. هەر ئەو هۆکارانەو دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبن کە ئەمریکا بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار بکات. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئیدارەی بایدن بڕیاریدا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی ناوچەکە بکات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ دەتوانرێت بڵێین کۆمه‌ڵێک دۆسییه‌ی گەورە هەن کە پاڵ به‌ گەڕانەوەی ئەمریکاوه‌ ده‌نێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە دیارترینیان ئه‌و دۆسییانه‌ بریتی بن لە: 1.    سەرهەڵدانی وزە لە جیهان: هەروەک پێشتر ئاماژه‌ی بۆکرا کەمبوونەوەی پێویستی ئەمریکا بە نەوتی ناوچەکەو نزیکبوونه‌وه‌ی بە خۆبژێوی پاڵنه‌ربوو بۆ جۆرێک له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌ڵام له‌ ئێستادا ئەمەریکا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا درکی بەوە کردووە کە هێشتا پێویستی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی خستنه‌ڕوو و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جیهانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌کاندا، به‌هۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێندران، کاریگه‌ر‌ی گه‌وره‌یان لەسه‌ر بەرزبوونەوەی خواستی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا به‌جێهێشت و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌که‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لێکه‌وته‌وه‌ بۆ ئاستێکی پێوانه‌یی، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وانه‌ ڕەنگدانەوەی هەبوو له‌سه‌ر گۆڕانکاری دیدی ئەمریکا، چونکه‌ بووە هۆی شەپۆلێکی بێ وێنەی هەڵاوسان کە بەکارهێنەری ئەمریکی ڕۆژانە پارەی زیاتری بۆ به‌خه‌رج ده‌دات. بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ و  زیاتر له‌وه‌ش چانسی پارتی دیموكرات و "جۆ بایدن"ه‌ بۆ مانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی پارته‌که‌ له‌ كۆنگرێس كه‌ بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ تشرینی دووه‌می 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بێت. پێشتر لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەمریکا داوای لە دۆستەکانی لە ناوچەکە دەکرد نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە لە پێناو پڕکردنەوەی خواست، دواتریش نرخەکەی کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە لە پێشوو، ئیدارەی بایدن بۆی دەرکەوتووە  سەرکردەکانی ناوچەکە (دەرکەوتنی سەرکردەی نوێی وەک شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان) ئەمجارەیان پێویستیان بە جۆرێک لە هاوسەنگی هەیە ، و قەناعەتێک لەنێو ئەم سەرکردە نوێیانەدا هەیە، کە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، چونکە پێویستی ئەمریکا بە وڵاتانی ناوچەکە کەمتر نییە لە پێویستی وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکا، بۆیە پێویست بوو بۆ بایدن سەردانی ناوچەکە بکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا بکات، هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە کە شانشینی سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، ئەمجارەیان جیاوازە، و پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەکە. لێرەوە گەڕانەوەی بەرژەوەندی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامێک بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، کە خەریکە خۆیان بەسەر گۆڕەپانەکەدا دەسەپێنن. ئەوەشی سەبارەت بە عێراقە، کە وڵاتێکە خاوەنی توانایەکی گەورەی نەوتە، لە بازاڕەکانی وزەدا لە ئاستی جیهانیدا کێبڕکێ کارێکی گەورەیە، بۆیە دەکرێت عێراق بەشداری بکات لە بەدەستهێنانی سەقامگیری نەوت لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەری ئەوە هەیە کە عێراق هاوبەشێکی بەهێز بێت لەم پرسەدا؛ چونکە ئابوورییەکەی وابەستەی نەوتە. مەلەفی نەوتی عێراق لەو بیرۆكە بنەڕەتی و بەپەلەیە كەمتر نییە كە سەردانەكەی بایدن بۆ سعودیە بڕیاری لەسەر درا. بەڵام رەنگە تایبەتمەندی عێراق زۆر جیاواز بێت لە لایەنەكانی دیكەی كۆبوونەوەكە، بەو پێیەی هێشتا ئەمریكا وەك مەرجەكانی رێككەوتننامەی ئاسایشی ئەمریكا و عێراقی ساڵی (2008) لە عێراق دەڕوانێت، کە ڕێککەوتنەکان وێنەی عێراق بەرتەسک دەکەنەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیداو لە قاڵبی دەدەن، جا چ ڕێککەوتنی ئەمنی بێت، چ ئابووری بێت یان ستراتیژی، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی عێراق لەگەڵ چین لە بواری وەبەرهێنانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووریدا واژۆیان کردووە، خواستی ئەمریکای لەسەر نەبووە. هەر بۆیە بینیمان ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێنەپڕی بە "عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لێرەدا مەلەفی وزە و وەبەرهێنان و ئابووری ئامادەیە لە بازنەی گرنگیدانی ئەمریکا بە سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە. لێرەدا دۆسییەی وزە و وەبەرهێنان و ئابوری لە چوارچێوەی پرسە جێبایەخەکانی ئەمریکاو سەردانەکەی بایدن بوو بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی چاوپێککەوتنەکانی بووە. 2.    پرسی ئێران: پێدەچێت دانوستانەکانی ڤییەننا کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد، گەیشتبێتە بنبەست و لایەنە جۆربەجۆرەکانیش دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای شوێنێکی بەدیلدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دۆحەی پایتەختی قەتەر شوێنی بەدیل دەبێت بۆ کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان واشنتۆن و تاران، کە جارێکی دیکە هیوای بەبەر ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوانیان کردەوە. لەم کەش و هەوایەدا، سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی دۆستەکانی ئەمریکا دێت، کە لەوانەیە ئیحتیفازیان هەبێت سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەری، کە ئەنجامەکەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی ئێرانە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی و ئەوانیش بە مەترسی لەسەر سەقامگیری وڵاتانی خۆیان و ناوچەکەی دەزانن. لەنێو ئەو پەیامانەی کە بایدن لەگەڵ خۆیدا هێنابووی ئەوەیە ئەوە هەبوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، دۆستەکانی ئەمریکا دڵنیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک بەدیل تاوتوێ دەکرێت، وەک مانەوەی گەمارۆکانی سەپێنراوەکانی سەر ئێران، زیادکردنی هاریکاری سەربازی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی ئێران بۆ سەریان، وەک دامەزراندنی سیستەمێکی ئاسمانی. یەکگرتوو لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا؛ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەڕەشەکانی تر، و دامەزراندنی تۆڕێکی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە. سەبارەت بە عێراقیش، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارەیان بە بەهێزی ئامادە بێت لە کۆبوونەوەکانی لوتکەدا کە بە ئامادەبوونی بایدن بەڕێوەدەچێت، بە مومارەسەکردنی ڕۆڵی نێوەندگیری؛ بەمەبەستی هێنانەدی بۆچوونی نزیکتر لەسەر دۆسیە مشتومڕئامێزەکانی نێوان سعودیە، کە نوێنەرایەتی وڵاتانی کەنداو دەکات، لە لایەکەوە، وڵاتی ئێران لە لایەکی ترەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە هەردوو سەردانە یەک لە دوای یەکەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و ئێران دەرکەوت. لەناو هەواڵەکاندا ئەوە هەبوو کە کازمی لە سەردانەکەیدا تاوتوێی ئەجێندای لوتکەی داهاتووی ڕیازی کردووە، واتە عێراق لەگەڵ میحوەرێک یان میحوەرێکی تردا نابێت، هەروەها خاڵێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە بۆ عێراق کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە چەندین ساڵە نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی نێودەوڵەتییەی هەبێت، ئەمەش عێراق دەپارێزێت لە هەر کاردانەوەیەک، ئەگەر ململانێ یان ناکۆکییەکی ناوچەیی لە داهاتوودا ڕووبدات. 3.    گەڕانەوەی ئەمریکاو سەرلەنوێ بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بنەمایەک بۆ هاریکاریی ناوچەیی: لە ئەنجامی پاشەکشەی ڕۆڵی ناوچەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بۆشایییەک کە هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا بەدوای پڕکردنەوەیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات هاوپەیمانی وڵاتە دۆستەکانی بکات لە ناوچەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی سەرهەڵداوە و ئەمەش دوای زیادبوونی هەژموونی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا لە ساڵانی ڕابردوودا، و گۆڕینی پێکهاتەیی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی؛ بەهۆی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیبراهیمی. بۆیە بیرۆکەی سەرلەنوێ بەیەخدانەوەی ئەمریکا بە ناوچەکە _لە نێویشیاندا ئیسرائیل_ دەستی پێکردەوە، ئەم ئاراستەیەش وا سەرهەڵداوە جارێک ئیسرائیل بخرێتە نێو سیستمێکی پارێزگاری ئەمریکاوە لە دەرەوە، جارێکیش ببێتە هۆی زیادکردنی هاوکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆژە دوو قۆڵییەکاندا.  ئیدارەی بایدن کار بۆ تەسککردنەوەی بۆشای و  ناکۆکەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان؛ بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بەدوای غازدا لە ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەها ئەمریکا پشتگیری لە پلانەکانی هاریکاری نێوان میسر و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا دەکات؛ بۆ هەناردەکردنی غاز بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش شاهیدی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌دا ده‌بێت كه‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز بانگهێشتی كردووه‌، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق وەزیر. سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش لە‌ سەر بانگهێشتی شا سه‌لمان بن عەبدولعەزیز ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆك وەزیرانی حكومه‌تی عێراق گەواهی ئەو ڕاستییەن. سەبارەت بە پێگەی عێراق له نێو ئەو هاریكارییه ناوچەییەی كه لەلایەن ئەمریكاوه دادەمەزرێنرێت، ئەمریكا تا ئێستاش له كۆمەڵێك بنكەی سەربازی لە عێراق هەیە و پارێزگاری لێ دەكات، كه توانای كاریگەری راستەوخۆیان له سەر هاوسەنگی هاوكێشە ئەمنیەكان له ناوچەكەدا هەیه، کە شەرعیەت دروست دەکات بۆ بوونی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئەمریکا و عێراقی لە هەمان کاتدا خزانی عێراق بۆ نێو ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەسەر ئاستی ناوچەکە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا لەدەرەوەی ئەو پاڵنەردانە نەبوو کە بووە هۆی لێکنزیکبوونەوەو ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی عێراق و میسر و ئوردن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی چوار لوتکەی هاوبەشەوە کە لە قاهیرەی ٢٠١٩ دەستی پێکرد و بووە هۆی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە، دووەمیان لە ئەمریکا لە ئەیلوولی 2019، سێیەمیان لە عەمان 2020، چوارەمیان لە بەغدا 2021، وزە و بازرگانی و وەبەرهێنان بووە ناونیشانیانی لێکنزیکبوونەوەکان، کە ناوی "شامی نوێ"ی لێنرا. بۆیە دەتوانرێت بوترێت ڕەنگە ئەو نەزمە نوێیەی جیهانی کە ئەمریکا دەیەوێت سەرکردایەتی بکات. دانانی هێڵ بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە عێراقەوە بۆ ناوچەی کەنداوی عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور، و لەوێشەوە بۆ میسر، پاشان بۆ بازاڕە جیهانییەکان لەگەڵ هاوبەشی ئەمریکی بەدواداچوونی بۆرییەکانی نەوت و گاز بێت.  


درەو: راپۆرتی وەرگێڕدراو: گۆڤاری ئاییندەناسی   پوختە ئامانجی ئەم توێژینەوە، لێکۆڵینەوەی جیۆپۆلەتیکیی وزەی عێراق و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە جیھانی و ھەرێمییەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەیە لە داھاتوودا. ئامانجی نووسەران، شیکردنەوەی ڕەوتە گرنگەکانە لەسەر پیشەسازیی وزەی عێراق بۆ خستنەڕووی وێنەیەكی ڕوون لە داھاتووی جووڵە و كاریگەریی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزە لەو وڵاتەیە. سیاسەتی عێراق لەسەر فرەچەشنیی بنەماكانی ھاوردەکردنی وزە، پێشکەوتنی ژێرخانی وزە نوێبووەوەکان، فراوانکردنی وەبەرھێنانی دەرەکی و لە ھەمان کاتدا ئابڵووقە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە نموونەی پڕۆسە کاریگەرەکانی سەر بەرکەوتنی ئێرانە لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق. لەسەر ئەم بنەمایە، پرسیاری ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی ئەم پڕۆسە سیاسی و ئابوورییانە لە ماوەیەکی کورتمەودادا دەبیتە ھۆی ئەوەی سوودی تایبەتی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە تۆڕی وزەی عێراق تووشی ئاڵنگاری بێت.   كلیلەوشەكان: جیۆپۆلەتیكی وزە، عێراق، وزە نوێبووەوەکان ، هێزە گەورەكان، سزاكان (ئابڵووقه، تحریم) پێشەکی عێراق لەگەڵ ئەوەی کە یەکێکە لە دیارترین بەرھەمھێنەرەکانی نەوت و بە دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ڕێکخراوی ئۆپیک ئەژمار دەکرێت، بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کارەبا ناچار بووە بە ھاوردەکردنی کارەبا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا. دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەبەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی کەنداو پەرێزیان لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق گرت، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە پتەوتر کردەوە. باشتربوونی پەویوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە، ئیمتیازێکی تایبەت بووە لە ھاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە بۆ ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، سنووردارێتییەکانی ئەم پەیوەندییە کە لە ئەنجامی وابەستەبوون بە وزەی ھاوردەکراو و فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانە، عێراقی ناچار کردووە کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەشوێن چەندێتیی ھاوردەکردنی وزە یان پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازیی وزەوە بێت. دوای چەند دەیەیەک شەڕ و ئابڵوقە، عێراق شوێنپێی خۆی لەنێو گەورەترین بەرھەمھێنەرانی نەوتی جیھان قایم کردووە. وەبەرھێنانە دروستەکان لە بەشی وزە، بەرھەمی نەوتی عێراقی بۆ زیاتر لە ٤.٨ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٩ بەرز کردووەتەوە. بەغداد لەگەڵ ھەندێک کۆمپانیای دەرەکی لە بواری نەوت لە بارەی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە بەرھەمھێنان دانوستانی کردووە و عێراقی گەیاندووەتە لێواری بەرھەمھێنانی ٩ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا ساڵی ٢٠٢٠ کە نزیک دەبێـتەوە لە بەرھەمی ئێستای عەرەبستانی سعودی یان ڕووسیا. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینیی کردووە کە تا کۆتایی ئەم دەیەیە، بەرھەمی نەوتی عێراق دەگاتە نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە (Businessline, 2019). لەگەڵ ئەوەشدا، ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە ئاڕاستەی وزەی پاک و نوێبووەوە، عێراقی خستووەتە سەر ڕێڕەوێکی دروستی جیۆپۆلەتیکی وزە. ئەم وڵاتە خەریکی بەرنامەڕێژییە بۆ بەکۆتاگەیاندنی پڕۆژە نوێییەکانی وزەی خۆر (سۆلار) لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان بۆ پێشخستنی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی گشتیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠. ئەم بارودۆخە دەبێتە ھۆکار بۆ ئێران کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە سوودێکی تایبەتی لە جیۆپۆلەتیکی عێراق دەست کەوتووە، تووشی ئاڵنگاری لە سیستمی نوێی ھەرێمی ببێتەوە. پرسیارەکە ئەمەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران ھەوڵ دەدەن لەسەر بنەمای چوارچێوەی چەمكی جیۆپۆلەتیکی وزە، لێکۆڵینەوە لە پێگەی عێراق لە جیۆپۆلەتیکی جیھانی وزە دەکات، دواتر بە شیکردنەوەی ئاڕاستە فراوانەكان و گەڕان و بزووتنە زاڵەكان، دیدێکی ڕوون لە ھەڵکەوتەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ بخەنە ڕوو. جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق و گرنگیی بۆ ئێران عێراق لەدوای سعودیە، دووەمین بەرھەمھێنەری گەورەی نەوتی خاو لە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکەری نەوت (ئۆپیک)ە. ئەم وڵاتە خاوەنی پێنجەمین گەنجینەی گەورەی سەلمێنراوی نەوتی خاوە لە جیھان کە ١٤٥ ملیار بەرمیلە، کە دەکاتە ١٧%ی گەنجینەی سەلمێنراو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ٨% لە گەنجینەی گشتیی جیھان (Oil& Gas Jurnal, 2020) . زۆرترین کێڵگە سەرەکییە ناسراوەکانی عێراق (کە ھەموویان کەوتوونەتە وشکانییەوە)، لە حاڵەتی بەرھەم یان لە قۆناغی کارکردن بۆ بەرھەمھێنانن. بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ تاوەكو ٢٠١٩، نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە گەشەی کردووە و ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو لەم وڵاتەدا بە شێوەی بە تێکڕایی لە ساڵی ٢٠١٩، ٤.٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە. پێشبینی دەکرێت بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ١.٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە گەشە دەکات و ئەم وڵاتە دوای ئەمەریکا و بەڕازیل، سێیەمین گەورە سەرچاوەی نەوت لە ئاستی جیھاندا دەبێت (International Energy Agency, 2019) .   ئابووریی عێراق پەیوەندییەکی زۆری بە داھاتی ھەناردەی نەوتی خاوەوە ھەیە. بە پێی ڕاگەیەنراوی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو(IMF) ، لە ساڵی ٢٠١٨ داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی خاو ٩١% لە کۆی گشتیی داھاتەکانی وڵاتی عێراقی لەخۆ گرتووە (International Monetary Fund, 2019) . ھەر چەند عێراق وەبەرھێنەرێکی دیاری نەوت و دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ئۆپیکە، بەڵام نەبوونی توانای خۆبژێوی لە سووتەمەنیی بەکارھێن بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، توانای ئەم وڵاتەی لە ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کارەبا و وزە کەم کردووەتەوە. عێراق ناچارە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی کارەبا، غازی پێویست لە دەرەوە و بەتایبەت لە ئێران ھاوردە بکات. بە شێوەی گشتی عێراق لەبەر دوو ھۆکار بۆ ئێران گرنگە: یەکەم، ئەو ڕۆڵەیە کە ئەم وڵاتە لە پاراستنی ئاسایشی ئێران دەیگێڕێت. ھەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی ئاسایش لە عێراق لەسەر بنەمای زۆرێک لە واقیعە بنەڕەتییەکانی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە. گۆڕانکارییە نوێیەکانی دەرەنجامی ھێرشی ئەمەریکا بۆ عێراق و پێشھاتەکانی، ئێرانی ناچار کرد کە ئاسایشی خۆی پتەوتر بکات و ھاوکارییەکی سیاسیی بەھێز لەگەڵ حکومەتی نوێی دراوسێ دروست بکات. ھەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی-ستراتیژی لەگەڵ حکومەتێکی دۆستی شیعە، دەتوانێت یارمەتیی ئێران بدات تا لە ئەنجامەکانی مانەوەی درێژمەودای ئەمەریکا لە عێراق بیپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ھەڕەشانەی کە بە ھۆکاری بارودۆخی نێوخۆیی عێراق و شەڕی دەسەڵات لە ئێستادا (ئەگەری ھەڵوەشانەوە، شەڕی نێوخۆیی، کێبەرکێی باڵەکان و… ھتد) سەرچاوە دەگرن، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران ھەبێت. بە سەرنجدان لەوەی ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ جیھانی عەرەبی و ئەکتەرەکانی تری ناوچەکە وەکوو سعودیە و میسڕ بە بەراورد لەگەڵ عێراق نییە، دەبێت لە کاریگەرییەکانی ئەم بەریەککەوتنانە ھۆشیار بێت. ھۆکاری دووەم، دروستکردنی دەرفەتە ئابوورییەکانە کە عێراق دەتوانێت بۆ ئێران ھەیبێت. ئەم ھۆکارە لەسەر دوو بنەما وەستاوە؛ یەکەم، عێراق لەدوای سەددام دەتوانێت ھەندێک دەرفەت بۆ ئێران دروست بکات کە بە شێوەیەکی چالاک بتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت لە دروستکردنی سەقامگیری لە عێراقی نوێدا ڕۆڵی کاریگەری ھەیە. دووەم، بارودۆخێکی نوێ دەرفەتی تایبەتی خستووەتە بەردەم بڕیاردرانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران تا لە گەیشتن بە بەشێک لە ئامانجە ئابوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە ئابوورییەکان کە دەرەنجامی سزاکانی ئەمەریکایە، ھاوکاری بکات. لە بواری ئابووریدا عێراق بەردەوام بازاڕێکی باش بۆ بازرگانە ئێرانییەکان بووە، بەڵام ئەوەی گرنگیی ئابووریی عێراق بۆ ئێران بەرجەستە دەکات، پێویستی و وابەستەبوونی ئەو وڵاتە بە غازی ئێرانە. بە پێی بەرنامەی دیدگای ٢٠ ساڵە (چشم انداز 20 ساله)، ئێران دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٥ ھەموو ژێرخانە پێویستەکانی بۆ بوون بە جەمسەرێکی کارەبای ناوچەیی ئامادە بکات. عێراق گەورەترین ھاوردەکەری کارەبای ئێرانە. ھەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێککەوتننامەیەکیان لەسەر ھەناردەکردنی کارەبای ئێران بۆ عێراق واژۆ کرد. عێراق پێویستی بە ٢٦ مێگاوات کارەبا ھەیە، بەڵام توانای بەرھەمھێنانی تەنیا ١٩ بۆ ٢١ ھەزار مێگاوات ھەیە. نزیکەی یەک لەسەر سێی (٢٦%) کارەبا و غازی پێویستیی عێراق، لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت ((Tehran Times, 2019. ئێران بازاڕی عێراق بە گرنگترین دەرفەت بۆ ھەناسەدانی ئابووری لەم بارودۆخە قورسەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دادەنێت. عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ١٣٥ ترلیۆن مەتر سێجا لە گەنجینەی سەرچاوەی سروشتیی سەلمێنراوی غازی سروشتییە و دوانزەیەمین گەورە گەنجینەی جیھانە، بە ھۆی نەبوونی بۆری و ژێرخانی پێویست، بەشێکی گەورە لە غازەکەی سوودی لێ وەرناگیرێت و دەسووتێت. دوای ڕووسیا، عێراق زیاتر لە ھەر وڵاتێکی تری جیھان غازی سووتاوی ھەیە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٧، عێراق نزیکەی ٦٢٩ پێی سێجا غازی سروشتیی سووتاند (٢٠١٨ (National Centers  for Environmental Information, . لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم وڵاتە ٣٨١.٣٩ ملیار پێی سێجا (١٠.٨ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتیی بەرھەم ھێناوە، لە کاتێکدا ڕێژەی بەکاربردنی نزیکەی ٧٠٢.٧٦ ملیار پێی سێجا (١٩.٩ لیار مەتر سێجا) بووە. لەم بڕە، تەنیا بەشێکی بچووکی بۆ دروستکردنی کارەبا سوودی لێ وەرگیراوە(BP, BP Statistical Review) . لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ چەند ڕێککەوتننامەیەکی بۆ ھاوردەکردنی کارەبای ئێران واژۆ کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩، ھەردوو وڵات ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ وەرگرتنی ھەناردەی غازی ئێران واژۆ کرد. بە پێی خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران پابەند بوو کە ڕۆژانە ٧١ بۆ ٨٨ ملیۆن پێی سێجا (٢٠-٢٥ ملیۆن مەتر سێجا) غازی سروشتی ھەناردە بکات. عێراق دوای ڕێککەوتننامەکانی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ کە لە بەشەکانی تری توێژینەوەکە ئاماژەی پێ دەکرێت، بە شێوەیەکی فەرمی بووە ھاوردەکەری غازی سروشتیی ئێران بۆ دروستکردنی کارەبا و لە ئێستادا کڕیاری سەرەکیی کارەبای ئێرانە. ئەم وڵاتە نزیکەی ٤٠% لە غازی ھاوردەکراو لە ئێران بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەکانی دروستکردنی کارەبا بەکار دەھێنێت و بۆ قەرەبووی کورتھێنان نزیکەی ١٤٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەکات ((Shokri Kalehsar, 2020 . بابەتێک کە تەنانەت لەگەڵ بوونی فشارەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی ترامپدا نەیتوانی وابەستەبوونی عێراق بە غازی ئێران کەم بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پڕۆسە لە جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە لە حاڵەتی دروستبووندان، کە لەوانەیە داھاتووی کاریگەریی ئێران لە بازاڕی وزەی عێراق سنووردار بکات.   شرۆڤەی ڕەوتە زاڵەكانی سەر بازاڕی وزەی عێراق   لە بازاڕی وزەی عێراق، ھەندێک پڕۆسە لە حاڵەتی دروستبووندان کە دەتوانن داھاتووی کاریگەربوونی ئێران بخەنە مەترسییەوە. فراوانبوونی ھاوکاریی ناوچەییەکان، زیادبوونی ئامادەبوونی ھێزە گەورەکان لە پیشەسازیی وزەی عێراق و وەبەرھێنانەکانی ئەم وڵاتە لە بواری وزەی نوێبووەوە؛ لە نموونەی ئەم پڕۆسانەن کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە ھەیە.   داڕشتنی ستراتیژی بەرزەفڕانەی وزە وەک ئاماژەی پێکرا دیدی ئابووریی عێراق زۆر پەیوەستە بە پێشخستنی بەشی وزەی ئەم وڵاتە، چونکە ٩٨%ی کۆی گشتیی ھەناردە و ٩٦%ی داھاتی بودجە لەم بەشەوە دابین دەبێت (٨, p٢٠٢٠Saadi & Gordon, ). عێراق بە پاڵپشتیی سندووقی ئەمانەتی عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی بانکی جیھانییە، “ستراتیژی یەکپارچەیی نەتەوەیی وزە”ی (Integrated National Energy Strategy) خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ داڕشتووە. ئەم ستراتیژە پلانەکانی چاککردن و وەبەرھێنانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار لە بەشی نەوت، غاز و کارەبا و بابەتە پەیوەندیدارەکان ڕادەگەیەنێت. بە شێوەیەک کە تا ساڵی ٢٠٣٠، تا ٦ ترلیۆن دۆلار داھاتی گشتی و ١٠ ملیۆن ھەلی کار لە ئابووریی عێراقدا پێشبینی دەکرێت. ئەم ستراتیژە ٦٠٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە بەشی وزە و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە “بەھای زیادکراو” وەکوو پترۆکیمیایی، سەماد، ئاسن و بەرھەمھێنانی ئەلەمنیۆم پێشبینی دەکات. ھەروەھا چاکسازی و گەشەی ناوەندەکانی بەشی وزە و زیادبوونی بەشداریی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنان لە بەشی وزەی عێراق و پیشەسازییە پەیوەستەکان، لە ئامانجەکانی ئەم ستراتیژە ئەژمار دەکرێن (٢٠١٤Iraq’s Integrated National Energy Strategy, ). بێگومان گەیشتن بەم ئامانجانە، پێشھاتی جیۆپۆلەتیکی کاریگەری بۆ عێراق و ھەروەھا ئێران دەبێت کە بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە دابین دەکات.   فراوانبوونی ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا لەژێر فشارەکانی ئەمەریکا بە مەبەستی چەند جۆر کردن لە بنەماکانی دابینکردنی وزە و کارەبا و گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە، ھەوڵ دەدات پەیوەندییە ناوچەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا برەو پێ بدات تا پەیوەستبوونی خۆی بە ھاوردەکردنی کارەبای ئێران کەم بکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩، عێراق یەکەمین ڕێککەوتننامەی ھەناردەکردنی کارەبای لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو  بۆ ھێڵێکی کارەبای ٣٠٠ کیلۆمەتری واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامە ڕێگە بە عێراق دەدات کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە کوەیتەوە بۆ بەندەری فاوی باشوور ھاوردە بکات (٢٠١٩Middle East Monitor, ). بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ھەردوو لا پابەند بوون بەوەی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکان ئەنجام بدەن. عێراق ژێرخانی تایبەت بە خۆی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ تەواو کرد (٢٠٢٠NAS News, ). عێراق ھەروەھا بەجیا گفتوگۆی لەگەڵ سعودیە کرد تا کارەبا نەک تەنھا بۆ بەغداد، بەڵکوو بۆ بەشی باکووری عێراق وەکوو ڕێڕەوێک بۆ وڵاتانی تر ھاوردە بکات. کۆمپانیای ئەکواپاوەر (ACWA Power)ی سعودی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووی لە عێراق دەست پێ کردووە. ھاوکاریی عێراق لەگەڵ سعودیە لە قۆناغەکانی سەرەتادایە و لەم نێوەندەدا ھەندێک کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا بەڕێوە چووە کە تیایدا سعودیە پابەند بووە بە وەبەرھێنانی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە عێراق و نۆژەنکردنەوەی شارە سوننەنشینەکانی وەک فەلوجە، ڕومادی، تکریت و موسڵ. سعودیە لە ھەوڵدایە ھێڵی بۆری ھەناردەی نەوتی عێراق دووبارە چالاک بکاتەوە و لە وەبەرھێنان لە ژێرخانەکان و بەشەکانی وزەی چەندین وڵات بۆ زیاترکردنی دەستڕۆیشتوویی سیاسیی خۆی لە عێراق سوود وەربگرێت تا ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەم ھەنگاوەی سعودیە کە وەکوو ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق ناو دەبرێت، وا دێتە پێش چاو بەو ھێزە داراییە گەورەیەی کە ئەو وڵاتە لەبەر دەستیدایە، بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە عێراقی دوای داعش بگێڕێت (٢٠١٩Shokri Kalehsar, ). لەگەڵ ئەوەشدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئیسداری ئیماراتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سۆلار لە گفتوگۆدایە کە ئامانجی زیادکردنی کارەبای ئەو وڵاتە تا ٢ گێگاواتە. کۆمپانیای وزە پاکەکانی میسدار، کۆمپانیایەکی گەشەپێدەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووە، پڕۆژەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاوێژکاری خزمەتگوزاریی وزەیە. ھەروەھا کوەیت لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە خەریکی پلاندانانن بۆ کردنەوەی گەورەترین تێرمیناڵی وەرگرتنی ئێڵ ئێن جی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە مارچی ساڵی ٢٠٢١دا. پێشبینی دەکرێت تێرمیناڵی ئەلزور ساڵانە ٢٢ ملیۆن تەن ئێڵ ئێن جی وەربگرێت کە توانای ناوچەکە دوو ھێندە دەکات (٢٠٢٠Bloomberg, ). ھەروەھا کوەیت بۆ پشتیوانیی ئابووری لە عێراق ڕۆڵێی گرنگی لە دانیشتنەکانی ڕێککەوتنی سێپتەمبەری ٢٠١٩ی نێوان بەغداد و کارگێڕیی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی کەنداو بۆ ھێڵی گواستنەوەی سپۆنسەرکراو لەلایەن ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو گێڕا کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبای لە کاتژمێرێکدا لە ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو بۆ بەندری فاو دابین دەکرد کە لە کوەیت تێدەپەڕێت (٢٠٢٠Occhiuto, ). ھەر چەندە سەرچاوەی پێویستی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو وەکوو جێگرەوەی سەرچاوەکانی ئێران بۆ عێراق دڵنیا نییە، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاوکاری ئامرازەکانی ھاوردەی ئێڵ ئێن جی فراوان بکەن، درزی دابینکردنی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆر لە زەمەنێکی نێوەندمەودا و درێژمەودادا کەم بێتەوە. جگە لە وڵاتای عەرەبی، پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش گەشە دەکات. بە سەرنجدان لە دۆخی خراپی ئابووریی عێراق، تورکیا خۆی وەکوو دەروازەیەک بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ ئەورووپا ناساندووە. لەسەر ئەم بنەمایە، تورکیا ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی دروست کردووە کە لە کەرکووکەوە تا بەندەری جەیھانی تورکی درێژ دەبێتەوە و ئێستاکە نزیکەی ٢٥% لە ھەناردەکردنی نەوتی عێراقی لەئەستۆ گرتووە (٢٠٢١Khafaji, ). ئەمە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی عێراق پێش کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە مانگی مەیی ساڵی ٢٠١٨، تا ئاستێکی زۆر لە کۆنترۆڵی ئێراندا بوو و ئەمەش ڕێگای بۆ ئێران خۆش کردبوو کە سووڕانەوە بەدەوری ھەندێک لە سزاکانی بکات. بەم حاڵەوە، لەو کاتەوە بازاڕەکان لە ئێران دوور دەکەونەوە و لە بەرانبەردا بە شێوەیەکی گەشەسێنەر لەژێر کۆنترۆڵی دوو ڕکابەری تری ناوچەکە واتە تورکیادان. لەوانەیە گرنگترین ڕووەکانی ھاوکارییە ناوچەییەکانی لە پڕۆژەی شام جیددی ببینرێن. شوێنێک کە عێراق ھەوڵ دەدات ھاوکارییەکانی وزەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی میسڕ و ئەردەن پتەوتر بکات. بە پێی پڕۆژەی “شام جدید”، جۆرێک لە یەکگرتنی ئابووریی فراوان لەنێوان ھەرسێ وڵاتی عێراق، میسڕ و ئەردەن دروست دەبێت. بە پێی پڕۆژەکە، ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری “العوقبە” لە ئەردەن و دواتر میسڕ دروست دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە جەخت لەسەر توخمە تەواوکەرەکان واتە نەوت، وزە، گواستنەوە، بازرگانیی کەلوپەل و ھێزی کار دەکاتەوە. ھێڵێکی بۆریی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری عوقبە لە ئەردەن و دواتر تا میسڕ درێژ دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە ئەردەن نەوتی عێراق بە نرخێکی کەمتر لە نرخی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، جگە لە خەرجییەکانی ترانزێت، میسڕ لە پاڵاوتنی بەشێک لە نەوتی عێراق لە وڵاتەکەیدا سوودمەند دەبێت. لە لایەکی ترەوە عێراق کارەبا لە میسڕەوە ھاوردە دەکات و ھەروەھا دەتوانێت لە پسپۆڕیی میسڕ لە ڕێڕەوەکانی نۆژەنکردنەوە سوود وەربگرێت. بە سەرنجدان لە تواناییەکانی ئەردەن لەم بوارەدا، لە ھێزی ئەو وڵاتە لە بواری گواستنەوەدا سوود وەردەگیرێت. ھەروەھا کاڵاکان لە ئەردەن و میسڕەوە ھەناردەی عێراق دەکرێن. پڕۆژەی “شام جدید” بڕیارە لە دوو قۆناغدا پێش بکەوێت کە قۆناغی یەکەم پەیوەندیی میسڕ لەگەڵ ئەردەن زیاد دەکات و قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە فراوانکردنی ٣٠٠ کیلۆمەتر ھێڵی بۆریی گواستنەوە لە ئەردەنەوە بۆ عێراق. خەرجییەکانی ھەموو پڕۆژەکە بە ٢.٢ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئەمەش دەرفەت دەداتە عێراق ٧٠٠ مێگاوات کارەبای میسڕ لە ڕێی ئەردەنەوە ھاوردە بکات (٢٠٢١Energy & Utilities, ). پێویستە بوترێت میسڕ لە کاتی ئێستادا بەشێک لە کارەبا بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکات. ئەم وڵاتە بە سوودوەرگرتن لە وەبەرھێنان لە پڕۆژە گەورەکانی وزە نوێبووەکان، لە ئێستادا یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی بەرھەمێنەری وزە نوێبووەکان لە باکووری ئەفەریقا و ناوچەی ڕۆژھەڵات (مینا)یە. توانایی ئەم وڵاتە زیاتر لە بەشی وزەی ھەوا و سۆلارە. بە پێی پێشبینییەکانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی وزەی خۆر ((The International Solar Energy Society (ISES)، ئامانجی میسڕ ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٢٢ بەشی وزە نوێبووەکان لە بەرھەمھێنانی کارەبا تا ٢٠% بەرز بکاتەوە و ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٥ بگەیەنێتە ٤٢% (٢٠١٨, ٣ .(egypt Renewable   ئەم پڕۆژەیە ڕێگریی زۆری بۆ ئێران دروست کرد، چونکە ئەم یەکگرتنە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ عێراق لە سیستمی عەرەبییەوە نزیک دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی ئەوەی عێراق خۆی لە بلۆکێکی نوێی عەرەبی خۆی ببینێتەوە کە لەو ڕێیەوە بتوانێت لە سیستمی عەرەبیدا کاریگەرتر بێت. ئەنجامەکەشی کشانەوەی یەکێک لە پایەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و دروستبوونی درزێکی گەورە لە ستراتیژی ناوچەیی وڵاتەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم یەکگرتنە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئێران بازاڕی عێراق کە تاکە ڕێی ھەناردەی بەرھەمەکانی ئێرانە، لەدەست بدات. قەبارەی ھاوردەی عێراق لە ئێران نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە و سەنگی بازرگانی بە ١٠٠% بە سوودی ئێران دەشکێتەوە (٢٠٢٠The Emirates Policy Center, ). کەواتە دوورە کە ئێران لەدەستدانی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە عێراق قبووڵ بکات و پێشنیاری ئەوە دەداتە نوێنەرەکانی خۆی لەو وڵاتە کە ئەم یەکگرتنە بەشێکە لە پیلانەکانی کەنداو و ئەمەریکا. لە ھەموو ڕێگاکان بۆ دروستکردنی ڕێگری لە ڕێڕەوەکانی یەکگرتن وەک ناسەقامگیرکردنی عێراق، سوود وەردەگرێت.    ھاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بە ئامانجی گەشەی بەرھەمھێنان  توانای بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە ئێستادا ٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە و ئامانجی گەیشتنە بە توانای بەرھەمی ٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و وەستاندنی بەفیڕۆچوونی غازی گڕگرتوو و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە تا ساڵی (٢٠١٥)یە. ئەم وڵاتە ھەروەھا نزیکەی ٨٠%ی کۆی پڕۆژە غازییەکانی کە یارمەتیی کەمکردنەوەی سووتانی غازی ھاوردەکراو لە ئێرانەوە دەدات، خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, ). وەک ئەوەی لە چارتی ژمارە ٣ نیشان دراوە، لە ئەنجامی گەشەی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق لە دەیەی کۆتاییدا زیادی کردووە. ھەر چەندە بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە مەودای ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، بە ھۆی شەڕی داعشەوە لە حاڵەتی دابەزین بوو. لەدوای “بەرنامەی اقدام سریع”، وەزیری ئێستای کارەبا، لوئەی ئەلخەتیب، کە باس لە زیندووکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی کارەبا بە ئاسانکاریکردنی پێویستییەکانی ڕێککەوتننامەکان و گۆڕینی سەرنجی کۆمپانیا ناوچەییەکان بۆ بەرنامەکانی نۆژەنکردنەوە و سەرپەرشتی لە ساڵی ٢٠١٩ دەکرد، بازدانێکی گەورە لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق ڕووی دا. بە شێوەیەک کە بووە ھۆی گەشەی ساڵانەی ٢٠%، بە بەراورد بە ماوە ھاوشێوەکەی ساڵی ٢٠١٨ (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, )، واتە کاتێک کە ناڕەزاییە توندوتیژەکان لە ناوچەکانی باشوور دروست بوو. ھەروەھا کارەبای تۆڕی نیشتمانی بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش، بۆ یەکەم جار دوای پچڕانی ٥ ساڵەی، کەوتەوە کار. “پڕۆژەی غازی الرتاوی”(Ar Ratawi project) ، گەورەترین پڕۆژەی غازی ئەم وڵاتە کە بە ھۆی کەمیی بودجەوە دوا خرابوو، لە سەرەتادا ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە بەرھەم دەھێنێت و لە کۆتاییدا دەگاتە یەک ملیار پێی سێجا کە دەتوانێت ١.٢ گێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنێت. ئەم پڕۆژە غازییە کە وەکوو بەشێک لە مامەڵەی وزەی ٨ ملیار دۆلاری کە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی کۆمپانیای ئەمەریکیی ھۆنی وێل(Honeywell)  و وەزارەتی نەوتی عێراقە، توانایی ئەوە بە عێراق دەبەخشێت کە پڕۆسەی بەرھەمێنانی خۆی گەشە پێ بدات و ئامانجی بەکارھێنانی سەرچاوەکانی نێوخۆیی وەک جێگرەوەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوەیە. عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکادایە تا ھاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بپچڕێنێت کە بە ھۆی کەمیی کارەبا و بەردەستنەبوونی تەکنەلۆژیای ڕێگری لە سووتانی غازی فلۆرین(Fluorine)  لە عێراق و سووتانی غازی پەیوەست پێیەوە پێویستە، ئەم ڕێگرییەش بە ھۆی پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپیک پڵەس، سنووردارێتیی بەرھەمھێنانی ھەیە. بە پێی توێژینەوەی بانکی جیھانی لە مانگی جون بڵاو کرایەوە، لەدوای ڕووسیا، عێراق بە ١٨ ملیار مەتر سێجا لە ساڵی ٢٠١٩ زۆرترین ڕێژەی غازی لە جیھاندا دەسووتێنێت (٢٠٢٠Saadi & Jumaat,). عێراق بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمی نەوت و غاز، لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ ڕێککەوتننامەیەکی بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامەیە چوار پڕۆژەی وزەی گەورە لە باشووری عێراق لەخۆ دەگرێت. بە وتەی ئیحسان عەبدولجەبار؛ وەزیری نەوتی عێراق، قۆناغی یەکەم بریتییە لە وەبەرھێنانی ٣ ملیار دۆلاری لەلایەن گرووپی فەڕەنسیی تۆتاڵ لە پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆسەی دەرھێنانە. تۆتاڵ بۆ دروستکردنی کارگەیەکی پاڵاوتن بۆ ئەو غازەی کە لە (کێڵگەکانی باشوور، قەرنەی ڕۆژئاوا٢، مجنون، الرتاوی، توبی و لوھیس) بەرھەم دێت، دوو ملیار دۆلار دابین دەکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا غاز بەرھەم بھێنێت و لە قۆناغی دووەم گەشەی بەرھەمھێنانی بگاتە دوو ھێندە. غازی بەرھەمھێنراو لە پڕۆژەی توتاڵ لە باشووری عێراق یارمەتیی ئەو وڵاتە دەدات کە ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرێت، لەبەر ئەوەی غازێک لە ناوخۆ بەرھەم بھێنرێت، لە غازی ئێران ھەرزانتر دەبێت. لە کاتێکدا کە خەرجیی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە نزیکەی ٨ دۆلارە بۆ ھەر ملیۆنێک یەکەی “Btu[1]” و غازێك کە لە پڕۆژەی تۆتاڵ بەرھەم دەھێنرێت یەک دۆلار و نیو بۆ ھەر یەک ملیۆن “Btu” ھەرزانتر دەکەوێت (خبرگزاری ایسنا، ١٤٠٠). لە پەراوێزی دیداری مستەفا کازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ھاوکارییەکان و فراوانکردنی شەراکەتی ئابووری لەنێوان عێراق و ئەمەریکای ڕاگەیاند. پێنج کۆمپانیای ئەمەریکیی وەکوو چیڤرۆن (Chevron)، ھۆنی وێل، بەیکر ھاگز (Baker Hughes)، جەنەراڵ ئەلکتریک(General Electric)  و ستیلار ئینێرجی(Stellar Energy) لە ھاوینی ٢٠٢٠ بە ئامانجی بەھێزترکردنی سەربەخۆیی وزەی عێراق لە ئێران، چەند ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانیی بە بەھای ٨ ملیار دۆلاری لەگەڵ وەزیرەکانی نەوت و وزەی عێراق واژۆ کرد (٢٠٢٠Reuters, ). لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا و چین لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی چالاک لە بازاڕی وزەی عێراق ئامادە بوون. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ٢٠ ملیار دۆلار پڕۆژەی دەرھێنانی ھایدرۆکاربۆن لە داھاتوویەکی نزیکدا کە بریتین لە زارۆبژنەفت (Zarubezhneft)، تات نەفت(Tatneft)  و ناوەندە نەوتی و غازییەکانی پەیوەست بە ڕووس نەفت، وەبەرھێنان بکەن. گازپرۆم و ھاوبەشەکانیشی، وەبەرھێنانی ٢.٥ ملیار دۆلاری لە باکووری عێراق ئەنجام داوە. دێوەزمەی وزەی حکومیی ڕووسیا، ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی سەرقەڵا لە گەرمیان بەرھەم دەھێنێت و چەندین پڕۆژەی پشکنینی لە کێڵگەکانی ھەڵەبجە و شنگال دامەزراندووە. دەبێت سەرنج بدرێت بوونی ڕووسیا لە عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا خێرایی پێ بەخشرا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەغداد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە ھاوکاری بوو و واشنتۆن ھاوکارییە سەربازییە پێویستەکانی دوا خست. لە ساڵی ٢٠١٦، یەکێک لە گەورەترین وەفدەکانی ڕووسیا بۆ قسەکردن لەسەر زیادکردنی ھاوکارییە ئەمنییەکان بەرەو عێراق ھات، لەبەر ئەوەی وەبەرھێنانی زیاتری وزە لەگەڵ مامەڵەی چەک ئەنجام دەدرا. لە ساڵی ٢٠١٧، ڕووس نەفت ٣.٥ ملیار دۆلار قەرزی دا بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتاکانی مانگی مەیی ٢٠٢٠، باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆف، ڕایگەیاند کە کێڵگەی غازی “المنێوریە” لە دیالە دەبێتە ئامانجی وەبەرھێنانێکی دیار (Kurdistan Conflict and Crisis Research Cente, 2021). ھێڵی بۆری بەو پێشھاتە جیۆپۆلەتیکییانەی کە ھەیانە، بە ھێزی جووڵێنەری بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەی عێراق ئەژمار دەکرێن. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٨، ڕووس نەفت زۆربەی پشکەکانی ھێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کوردستانیی عێراقی بۆ تورکیای کڕییەوە و ڕێک کەوت کە بۆرییەکی گواستنەوەی غاز ھاوتەریبی ئەو ھێڵە دروست بکات (٢٠٢٠TRT World, ). ھەروەھا کۆمپانیا نەوتییەکانی چین بەشدارییەکی چالاکیان لە پڕۆژە نەوتییەکانی عێراقدا ھەیە، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ عادل عەبدولمەھدی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەرەو پەکین سەفەری کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری چین کۆ بوویەوە، لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ھەردوو لا لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی تا ٣٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا کۆک بوون. لەم دیدارەدا چین پلانی خۆی بۆ وەبەرھێنانی ٢٠ ملیار دۆلاری لە عێراق خستە ڕوو. بە وتەی عەبدولمەھدی، ھەناردەکردنی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ چین دەتوانێت چوارچێوەیەکی دارایی پێویست بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژە گەورە ژێرخانییەکان دروست بکات. چین دەیەوێت لە ژێرخانی عێراقی لە پڕۆژەی “یەك ڕێگا، یەك پشتێنە” سوود وەربگرێت. ھەروەھا لە ئێستادا کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا وەک لوک ئۆیڵ، گازپرۆم، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی درێژمەودا لە عێراقدا بوونیان ھەیە (شکری، ١٣٩). ھەروەھا پلانی نێوەندمەودای عێراق ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٣٠ ڕۆژانە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنێت (٢٠١٩Thehindubusinessline, )، زیادبوونی بەرھەمی نەوتی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی تری بەرھەمھێنەری نەوت نییە، ھەر چەند بە ھۆی سزاکانی ئەمەریکا، ئێران توانای زیادکردنی بەرھەمی نییە، بەڵام لە ئەگەری نەمانی سزاکانیش، ئەرکێکی ئاسانی بۆ وەرگرتنەوەی بەشی خۆی لە بازاڕی ناوچەکەدا نابێت.   وەبەرھێنان لە وزە نوێبووەوەکان عێراق بە ئامانجی چەندێتیکردنی سەرچاوەی وزە و کەمکردنەوەی وابەستەبوون بە سەرچاوەی دەرەکی، پلانێکی جیاواز و ئامانجداری دەست پێ کردووە، کە بە پێی ئەو پلانە ئەم وڵاتە دەتوانێت ١٠% لە پێداویستییەکانی وزەی خۆی تا ساڵی ٢٠٢٨ لە ڕێی وێستگەکانی سۆلار و با و بایۆماس دابین بکات. وەبەرھێنانی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە، زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە. عێراق بەو توانا زۆرەی کە لە بواری وزەی ھەتاو و با ھەیەتی، دەتوانێت بە دوور لە وابەستەبوونی بە سووتەمەنیی بەبەردبوو لە دەیەی داھاتوو بەرھەمی وزەی کارەبای خۆی فراوان بکات. چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨، توانای دامەزراو بۆ وێستگەکانی وزەی خۆر لەم وڵاتە ٥ گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ وزەی با نزیکەی یەک گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ بایۆماس نزیکەی ٢ گێگاوات دەبێت (٢٠١٩pv-magazine, ). عێراق بۆ پێش ساڵی ٢٠٢٣، چەندین پڕۆژەی بۆ پێشخستنی ٧.٥ گێگاوات وزەی نوێبووەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتووە. بە وتەی ئەحمەد مووسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ئەم وڵاتە، ئەم پڕۆژانە گبەشێکن لە پڕۆژەی چاکسازی لە سیستمی وزە کە ئامانج لێی بەرھەمھێنانی ٦٣% وزەیە لە ماوەی ٥ ساڵە. تاکوو ئێستا وڵاتی عێراق چەند ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی پسپۆڕ لە بواری وزەی پاک بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا بە توانای ٣.٥ گێگاوات وەکوو بەشێک لە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ١٢ گێگاوات واژۆ کردووە. لەم دواییانەدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای حکومیی “مصدار ابوظبی” ڕێککەوتننامەیەکی بۆ گەشەی پڕۆژەکانی فۆتۆڤۆڵتایەکی خۆر بە توانای گونجاوی ١ گێگاوات واژۆ کرد. قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژانە لە ئێستادا لە جێبەجێکردندان کە بریتین لە وێستگەیەکی ٤٥٠ مێگاواتی لە زیقار، وێستگەیەکی ٣٥٠ مێگاواتی لە ئەنبار، وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە نەینەوا و وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە میسان. حکومەتی عێراق ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای فەڕەنسیی تۆتاڵ ئینێرجی بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی سۆلاریی ١ گێگاواتی لە ناوچەی بەسڕە واژۆ کردووە. ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ “Scatec”ی نەرویج بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی سۆلاریی ٥٢٥ مێگاواتی کە پێک ھاتووە لە وێستگەیەکی ٣٠٠ مێگاواتی لە کەربەلا و وێستگەیەکی ٢٢٥ مێگاواتی لە بابل واژۆ کردووە (٢٠٢١Zidane, ). عێراق خەریکی پلاندانانە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە نوێیەکانی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکانە بۆ گەشەی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی ئەو وزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠. بە پێی وتەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، پڕۆژە واژۆکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ڕێککەوتننامە نوێیە پلان بۆ دانراوەکان لەلایەن عێراقەوە، کۆی وزەی خۆر بۆ نزیکەی ١٢٠٠٠ مێگاوات لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگەیەنێت (٢٠٢١Zawya.com, ). گەشەی عێراق بەرەو وزەی پاک، دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار بۆ بودجەی وڵات زیاد بکات کە بە سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بتوانێت وێستگەکانی کارەبا دابمەزرێنێت و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە کۆتایی پێ بھێنێت.    ئێران و داھاتووی بازاڕی وزەی عێراق ئێران یەکێک لە سەرەکیترین دابینکەرانی عێراق لە بەشی کارەبایە. ھەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق لە ساڵی (٢٠٠٤)ەوە دەستی پێ کردووە و بەردەوام زیادی کردووە، بەتایبەت کە وڵاتە عەرەبییەکان لەم ساڵانەی کۆتاییدا عێراقیان پەراوێز خستبوو و ئەمەش یەکێ لە گرنگترین ھۆکارەکانی نزیکبوونەوەی عێراق بوو لە ئێران. ئێران لە ئێستادا یەک لەسەر سێی پێویستییەکانی وزەی کارەبا و غازی عێراق دابین دەکات. ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی ھەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق لەگەڵ ھەبوونی سزاکانیش لە مارچی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٦% بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیادی کردووە و بۆ ١٧.٥ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە (٢٠٢٠Khatinoglu, ). ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق بە پێی دوو ڕێککەوتننامە لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ ئەنجام درا. بە پێی یەکەمین ڕێککەوتنامە، ئێران پابەند بووە بە لایەنی زۆرەوە ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غاز بۆ وێستگەی بسمایە کە گەورەترین وێستگەی سووتێنەری غازە، ھەناردە بکات. ئەم ڕێککەوتننامەیە کارەبای بەغدادی پایتەخت دابین دەکات. ڕێککەوتننامەی دووەم داوا لە ئێران دەکات کە ٢٠ بۆ ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غازی باشووری عێراق دابین بکات کە بڕەکەی پەیوەستە بە پێویستیی ناوچەکان. ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، بە قەبارەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای نزیک لە بەغداد وەکوو بسمایە، قدس، مەنسووڕیە و سەدر بەفەڕمی دەستی پێ کرد. عێراق بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەوتی خاو لە وێستگەکان دەسووتێنێت تا کەمیی مەوادی خاوی سووتەمەنییەکانی تر قەرەبوو بکاتەوە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٥ لە مەوسمی زۆرترین بەکارھێنانی کارەبا ڕۆژانە ٢٢٣ ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی دەسووتاند، بەڵام ھاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە و سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق لە ١٦٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٦، بۆ ١٢٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٧ کەم کردەوە (,p.7 ٢٠٢٠Kadhim& Vakhshouri, ). سەپاندنی سزا قورسەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٨، کێشە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق دروست بوو و عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکا ھەوڵی داوە چەندێتی ببەخشێتە سەرچاوەکانی غازی ھاوردە و لەم ڕێڕەوەدا چەندین ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتە ناوچەیی و سەرووناوچەییەکان واژۆ کرد. لوئی ئەلخەتیب لە یاداشتێکدا کە لە foreign affairs لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت لە ساڵانی کۆتاییدا عێراق كۆمەلێك پێشنیاری گرانبەھای لەلایەن کۆمپانیا دەرەکییە گەورەکانی وەکوو زیمینسی ئەڵمانیا و جەنەراڵ ئەلەکتریکی ئەمەریکا و ھەندێک لە کۆمپانیا چینی و ناوچەییەکان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای وزەی عێراق بۆ ھاتووە. لەگەڵ ئەوەی ئەم پێشنیارانە شایستە دێنە بەرچاو، بەڵام لەو ڕووەوە کە ئەم وڵاتە لە کۆتاییدا پێویستی بە نەخشەڕێگای نیشتمانیی عێراق بوو، بە ھاوکاریی ڕێکخراوە چەند لایەنەکان و ھاوبەشە ناوچەییەکانی ھەوڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای عێراقی داوە تا لە ھەمان کاتدا باشترین ھەڵبژاردنە بازرگانییەکان بۆ تەواوکردنی نەخشەی نیشتمانی ھەڵبژێرێت. پلانی گەشەی نیشتمانیی عێراق دوو ڕەھەندی نێوخۆیی و دەرەکیی ھەیە: یەکەمیان، نەخشەڕێگای عێراق پەیوەستە بە دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان پێویستییە بەپەلەکانی وزەی عێراق (واتە سەرچاوەی کارەبای باوەڕپێکراو بۆ ھەموو عێراقییەکان) و ئامانجە بەرزەفڕەکان بۆ سەربەخۆیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠. دووەمیان، پلاندانان بە مەبەستی گەیشتن بە سەقامگیریی وزە. لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق ھەوڵی داوە بە ڕۆیشتن بەرەو بەڕێوەبردنی تێکەڵەی سووتەمەنی بە جەختکردنەوە لەسەر غاز و کارەبا و ھەروەھا بەرھەمھێنانی ٣٠% لە سەرچاوەی وزەی وڵات لە سەرچاوە نوێبووەوەکان ئاسایشی وزەی خۆی دابین بکات (٢٠١٨Al-Khatteeb, ). پڕۆسەکانی ئێستا دەریدەخەن عێراق بە وەبەرھێنان لە پیشەسازیی وزە تا دەیەی داھاتوو دەتوانێت ھاوردەی وزە بۆ کەمترین ئاست نزم بکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وڵاتانی دراوسێ وەکوو کوەیت و ئەردەن ھەناردەی ھەبێت. ئەم وڵاتە بە سەرنجدان لە پلانەکانی کە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت، ڕێگری لە سووتاندنی غاز و گەشەی سەرچاوە سەربەخۆکان ھەیەتی، بەرەو چەندێتی بەخشین بە ھاوردەکانی وزە دەڕوات. بەم حاڵەوە ئەم بابەتە واتای پچڕانی یەکجاری لەگەڵ ئێران نایێت، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتوانێت لە چەند سەرچاوەیەکەوە ھاوردەی ھەبێـت، دەرفەتی گفتوگۆی زیاتر دەبێت. لە لایەکی ترەوە، ھەلومەرجی ئێران بە شێوەیەکە کە تا کاتێک کە توانای ھەناردەکردنی سنوورداری ھەبێت، دەرفەتی گفتوگۆی زۆری نابێت. لەم ھەلومەرجەدا لەوانەیە خواستی ئێران ئەوە بێت کە کۆمپانیا حکومی و تایبەتەکانی خۆی بە ئامانجی گەشەی تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای عێراق بخاتە گەڕ. ھەر جۆرە دروستکردنێکی وەھا داواکارییەک، لە ڕاستیدا بە واتای دروستکردنی داواکاری بۆ ھەناردەی غاز و پیشەگەرانی بواری کارەبا دەبێت. ستراتیژی ئێران بۆ دروستکردنی داواکاریی درێژمەودا بۆ ھەناردەی غاز، دەتوانێت دەرچەی چوونەژوورەوەی بێت بۆ بەشی گەشەی وێستگەیی و تۆڕی کارەبای عێراق. ھەر جۆرە درەنگکەوتنێک لەم بابەتە، دەبێـتە دەرفەت بۆ ڕکابەرەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی ئێران دەتوانێت بچێتە ناو پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان لە عێراق، بە ھەمان شێوەی ڕووسیا کە بۆ دروستکردنی داواکاری لەسەر غازی خۆی بۆ ئۆکرانیا ئەنجامی دا.   ئەنجام دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەببییەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە بەرھەمھێنەری نەوت بوون، لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق خۆیان لا دا. ئێران سیستمێک لە پەیوەندیی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی لەگەڵ عێراقدا دروست کرد و پێویستییەکانی وزەی ئەم وڵاتەی دابین کرد. بە شێوەیەک کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئێران لەنێو ئەکتەرە ناوچەییەکان لە تۆڕی ئابووریی عێراق، سوودێکی تایبەتی بەدەست ھێناوە. لە ڕاستیدا وەھا یەکگرتنێک بەتایبەت بە سەرنجدان لە دوژمنایەتیی بەرانبەر، لەنێوان ھەندێک وڵاتی عەرەبی و ئێران سەرنجڕاکێشە، بەڵام پڕۆسەکانی وەکوو ھاوکارییە ناوچەییەکان، زۆربوونی وەبەرھێنان، گەشەی بەرھەمھێنان و لە کۆتاییدا ئامادەبوونی زلھێزەکان، ڕێگا بۆ کەمبوونەوەی وابەستەبوونی عێراق بە ئێران لە بواری دابینکردنی کارەبا دروست دەکات. ئەو پڕۆسانەی ئێستا لە بازاڕی وزەی عێراقدا بەڕێوە دەچن، ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بازاڕی وزەی عێراق لە داھاتوودا گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیک بەخۆیەوە دەبینێت بە جۆرێک کە گۆڕانکاری لەسەر پەیوەندیی وزەی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران دروت دەکات. چەندێتی بەخشین بە سەرچاوە ھاوردەکان، بابەتێکی لۆجیکی بۆ ھەر وڵاتێک بەتایبەت عێراقە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێنیازبوونی عێراق لە وزەی ھاوردەکراوی ئێران، نیگەرانی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەتایبەت کە وزە گرنگترین ھۆکاری بوونی ھەژموونی ئێران لە عێراق لە دوو دەیەی کۆتاییدا بووە. عێراق دەیەوێت ھاوتەریبی ھاوردەی کارەبا، تۆڕی کارەبای خۆی لە شێوەی خولی تێکەڵاو بۆ بەرھەمی کارەبای ئەتۆمی گەشە پێ بدات و لە ئێستادا گەورەترین ڕێککەوتننامەی بەرھەمھێنانی کارەبای لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و ھەروەھا وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا لە بوارە جیاوازەکان لەبەر دەستدایە. بە سەرنجدان لەوەی کە عێراق لە ساڵانی داھاتوودا لە وابەستەبوونی تەواو بە وزەی ئێران دەردەچێت، دپلۆماسیی وزەی ئێران دەبێت بۆ مانەوەی خۆی لە بازاڕی وزەی عێراق چالاکتر بێت و بۆ ھەر کام لەم پڕۆسانە پلانی پێویست دابنێت. ئەوەی لەم بارودۆخەدا گرنگە، ئەوەیە کە ئێران نابێت بە ھیچ شێوەیەک بازاڕی عێراق لەدەست بدات، لەبەر ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی تر ھەم بە ژیان و ھەناسەی ئێران لە کاتی سەپاندنی سزاکاندا ئەژمار دەکرێت، ھەم بە قووڵایی جیۆپۆلەتیکی ئێران دێتە ئەژمار. بۆچوونی نووسەران ئەوەیە ئەگەر ئێران نەتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بەشی خۆی لە بازاڕی غازی عێراق (جگە لە ھەناردە و بەشی پێشکەوتن) بپارێزێت، ئیتر دەرفەتی تری بۆ ھەبوونی ھەژموونی خۆی لەم وڵاتەدا نابێت.   سەرچاوەکان (بۆ بینینی لیستی سەرچاوەكان، سەردانی ماڵپەڕی تایبەت بە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بكەن) [1] British thermal unit: یەکەیەکی پێوانەیی بەریتانی بۆ پێوانەی بەرھەمە نەوتییەکانە كە ھەر یەک ملیۆن “Btu”، یەکسانە بە ٢٨.٢٦ مەتر سێجا. نووسەران: عەلی ئادەمی/ مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران مورتەزا شوكری/ توێژەری پۆست­دكتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران وەرگێڕان: موجاهید وەهاب سەرچاوە: وەرزنامەی ئەكادیمیی پەیوەندییە دەرەكییەكان، ساڵی سیانزەیەم، ژمارەی چوار، زستانی 2022



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand