■ د.كامهران مهنتك له كۆتاییهكانی دهیهكی یهكهمی ههزارهی سێیهمدا، رووداوهكان له تونس له رێگای خوسوتاندنی فرۆشیارێكهوه(محمد بوعزیز) هوه دهستی پێكرد، وهكو یاری دۆمینۆ زۆربهی سیستهمه سیاسیهكانی باكوری ئهفریقای گرتهوه، له تونس سهرۆكهكهی رایكردو لیبیا سهرۆكهكهی كهوته بهر تووڕهیی خهڵك و سهرۆكی میسریش راپێچی بهردهم دادگا كرا! پاشان گۆڕانكاریهكان، ئهوهی ناونرا بههاری عهرهبی، له دهریای سوور پهڕیهوهو بهرهو كهنداو هات، له سوریا چهقی بهست و سوریا بووه گۆڕهپانی ململانێیهكی نێودهوڵهتی، كه تاوهكو ئێستاش یهكلایی نهبوهتهوه، چونكه له بنهڕهتدا ئهوهی پێی دهگوترا بههاری عهرهبی، ههوڵێكی رۆژئاواییهكان، به تایبهتی ئهمریكاییهكان له پێناو رووخااندنی ئهو رژێمانهی له رووسیاوه نزیك بوون، یاخود دهكهوتنه قوڵایی ستراتیژی رووسهكان! گۆڕانكاریهكان بهردهوام بوو تا له ساڵی (2014) لهرێگای ئۆكرانیاوه ههوڵیاندا دهروازهی ئهوروپاو دهریای رهش و، له رێگای سوریاشهوه كاریان لهسهر ئهوه دهكرد دهروازهی دهریای سپی ناوهڕاست به رووی رووسهكان دابخهن، واته ههوڵی دروستكردنی ئیمپراتۆریایهكی ئۆراسی لای رووسهكان له گۆڕنێن!، له بهختی خراپی ئهمریكاییهكان، رووسهكان له دوای ساڵی (2000) كهوتبوونهوه خۆیان و كاریان لهسهر چاك بوونهوهو ههڵسانهوه دهكرد، بۆیه له ساڵی (2014) له رێگای سهربازیهوه نیمچه دورگهی قرمیان به خۆیانهوه لكاند، بهمهش دهروازهی دهریای رهشیان پاراست و له رێگای پشتگیری رژێمی سوریاش پێگهكانی خۆیان له رۆژههڵاتی ناوهڕاست به شێوهیهك بههێز كردهوه، كه زۆرجاران ههوڵدهدهن تاك لایهنهو به بێ رهزامهندی ئهمریكاییهكان، به پشتگیری توركیاو ئێران، مهسهلهی سوریا چارهسهر بكهن، وهك ئهوههوڵانهی بهم دواییه له سوچی دایان!. چهقبهستنی گۆڕانكاریهكان نهگهیشتن بههیچ رێكهوتنێك له نێوان ئهمریكاو رۆژههڵات ، روس و چین و ئێران و تهنانهت ههندێك حار هیندستانیش، بۆته سۆنگهی ئهوهی ململانێكان بهرهو ئهوروپا شۆڕبێتهوه، به تایبهتی دوو زلهێزی ئهوروپی(ئهڵمانیاو فهرهنسا)، كه قووڵایی ستراتیژی خۆیان لهگهڵ روسیا دهبیننهوه! (ستالین) سهرۆكی یهكێتی سۆڤیهت لهماوهی جهنگی دووهمی جیهان پێی لهسهر ئهوه دادهگرت، كه یهكێك لهو ههڵانهی له جهنگی دوهمی جیهاندا كردیان، ئهوهبوو رێگهیاندا ئینگلیزهكان (هیتلهر) بكهن به دوژمنی ئهوان، له كاتێكدا زۆر خاڵی هاوبهش له نێوان روسیاو ئهڵمانیادا ههبوو، بۆیه پێی وابوو دهبوایه ئهوان هاوپهیمانیهتیان لهگهڵ ئهڵمانیادا ببهستایه!. له راستیدا جگه له لایهنی جیۆپۆلهتیكی، دیاره ئهمریكاییهكان له ماوهی ههردوو جهنگی جیهانیدا هۆكاری سهرهكی بوون بۆ دۆڕاندنی ئهلمانهكان، چونكه به هاتنی ئهمریكاییهكان هاوسهنگی هیز لهبهرژهوهندی هاوپهیمانان گۆڕدار، كه لهكۆتایدا بوه هۆی دابهشكردن به كۆلۆنیاكردنی ئهڵمانیا، ئهم دۆخه بۆ ئهڵمانیا بهردهوام بوو تا رووخانی یهكیتی سۆڤیهت، كه ئهمه دهرفهتی یهكگرتنهوهی بۆ ههردوو ئهڵمانیا هینایه پێشهوه، بهم چهشنه دیواری بهرلین روخاو شتێك نهكا بهناوی ئهلمانیای رۆژههڵات و رۆژئاوا، ئهم دۆحه زۆر له یهكێتی ئهڵمانیا نزیك بوو، كه له ساڵی (1871) له كۆشكی ئاوێنهكان، له كۆشكی ئهلیزێ راگهیهنرا، بهمهش ئهڵمانیا بوه زلهیزێكی ئهوروپی كهوته داوای شوێنێك لهبهر ههتاو، ئهو پڕۆژانهی ئهڵمانیا له رۆژههڵات پێی ههڵسا، لهوانه پڕۆژهی هێڵی ئاسنی بهغدا-بهرلین، وهك ههندێك توێژهر ناوی دهنێن، تارماییهك بوو بۆ جهنگی یهكهمی جیهانی. یهكگرتنهوهی ههردوو بهشی ئهڵمانیا ههمدیس ئهلمانیای كردهوه به گهورهترین زلهێزی ئهوروپی و لهسهر سهركردایهتیكردنی ئهروپا بوو به ركابهری فهرهنسا، بهم چهشنه له پاڵ گۆڕانهكانی ئاسیا و باشوری رۆژههڵاتی ئاسیا، گۆڕهانكاریهكانی ئهوروپاش بوو به فشارێك بۆ سیستهمی تاك جهمسهری ئهمریكی، كه (جۆرج بوشی باوك) له ساڵی (1991) رایگهیاند، ئهمهش یهكێك لهو هۆكارانهیه ، كه دوای رۆژههڵاتی ناوهڕاست، گۆڕانكاریهكان راستهوخۆ بهرهو ئهوروپا بپهڕێتهوه، كه خۆی له بنهڕهتدا بهدهم كۆمهڵێك قهیران دهیناڵاند، لهوانه مهسهلهی كۆچ بهری نایاسایی و كهم بوونهوهی ژمارهی دانیشتوان و گۆڕانی هاوسهنگی تهمهنهكان له بهرژهوهندی تهمهنی پیر، كه ئهروپای كرد به دهوڵهتێكی پیر!، ئهمه سهرباری ئهوهی ئهو یاسانهی دهریانكرد به هۆی باش بوونی باری گوزرهران، بههۆی زیاد بوونی كۆچ بهران و سوود وهرگتن له ههمان ئهو مافانه، ئابوری ئهو وڵاتانه دووچاری ماندوو بوون هاتوه. خۆپیشاندانهكانی فهرهنسا وادێته بهرچاو و وا وێنا دهكرێت، كه وا هۆكارهكهی زیادكردنی نرخی سووتهمهنیه، بهڵام ئهگهر بهوردی لێی وردبیهوه، زیادكردنی نرخی سووتهمهنیهكه له رووداوی خۆسووتاندنهكهی(بوعزیز) له تونس دهچێت، بۆیه دهبینین ههرچهنده حكومهتی فهرهنسا بڕیاری بهرزركردنهوهی نرخی سووتهمهنی ههڵپهسارد، بهڵام خۆپیشاندانهكان بهردهوامن، ئێستا فهرنسا به شێوهیهك له شێوهكان ئهمریكا بهوه تاوانبار دهستی لهو رووداوانه ههیه، بهڵام ئهوهی جێگای سهرنجه بهشی زۆری خۆپیشاندهره هێلهگ زهردهكان چهپهكانن، كه ئهوانه زیاتر له رووسیاوه نزیكن!!! ئهگهری ئهوه ئهو گۆڕانكاریانه بپهڕێتهوه ئهڵمانیاش، به تایبهتیش ئهگهر ئهوهمان زانی ، كه تاوهكو ئێستا كۆمهڵگای ئهڵمانیا له رووی ئابوری و مرۆییهوه هاوسهنگ نهبوهوه تا ئێستا جیاوازی لهنێوان رۆژههڵات و رۆژئاوا ههیه، بهشی رۆژئاوا تا ئێستا له ژێر كاریگهریهكانی سۆڤیهتی پێشو و رووسیای ئێستا دهرنهچووه، ههر بۆ نمونه زۆربهی ئهو بهرپرسانهی، كه خهڵكی ئهڵمانیای رۆژههڵات بوونه، زیاتر كاریان له نزیك بوونهوهو بههێزكردنی پهیوهندیهكانیان لهگهڵ رووسیا دروست كردووه. بۆیه وایدهبینم، كه رووداوهكانی فهرهنسا سهرهتای پایزێكی ئهوروپیه، ههرچهنده پهڕیوهتهوه بهلجیكا، بهڵام گریمانی پهڕینهوهی ئهڵمانیا، گۆرانكاریهكان بههێزترو ترسناكتر دهكات، ئهگهر بێتوو ئهوهمان هینایه بهرچاو كهوا ههردوو جهنگی جیهانی یهكهم و دووهم سهرهتاكانی له ئهوروپا بوو.
رهحمان غهریب لە بەردەم نسكۆی میدیای ئازاد، دەیان میدیای دیجیتاڵی علوج رۆژانە لینكێك یان هەوالێكی نوێ، وەك راستییەكی سەلمێنراو دەخەنە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمانە بێ ئەوەی لانی كەمی ئەخلاقی پیشەیی پەیڕەو بكەن، هەر جارەو كەسێك و لایەنێك دەكەنە ئامانج. ئەمجارەیان نوسراوێك بە ئیمزای رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاك عومەری سەید عەلی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركرد. هەندێك لە نەزانین و بێئاگایی و زۆرێك بە ئامانجی شكاندنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیج و ئەكاوتنەكانیان بەبێ ئەوەی لایەنێكی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان پشتراستیكردبێتەوە، وەك زانیاری بڵاویانكردەوە. قسەم لەسەر ئەوە نییە هەندێك جار سیاسەت پێویستی بە دەستنەرمكردنە لەگەڵ رووداوەكانو هەڵوێستو گوتاری حزبەكانو میدیاكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بەڵام بەڵگەكە كە ئیمزای رێكخەری لەسەرە، لە ساتەوەختێكدایە هەموان دژ بە هەموانن، دەبوو بەر لە بڵاوكردنەوەی پانتایی گومان زیاتر بێت. هەواڵی ساختەو هۆنینەوەی درۆ لە میدیای دیجیتاڵ، چەند جۆرێكن بەڵام دیارترینیان دوو جۆرنو یەك ئامانجیان هەیە، هەردوكیان بە ناوی میدیای ئازاد خەڵكی پێ چەواشەدەكرێت. یەكەمیان سەفەقەی نێوان خاوەنەكەی و كەسایەتییەك یا كادرێكی حزبە. جۆری دووهەم نەناسراون وەك بێخاوەن دەردەكەوێت، بەڵام خاوەنی راستەقینەیان هەر مەسئول و كوڕە مەسئولە، یان نزیك لە هەردوكیان، خاوەندارێتی دەكات. ئامانجیان شكاندنی نەیارەكانیانە، لەناو حزبەكانی خۆیانو دەرەوە. خەڵكێكی ساختەچیو هەواڵدز بەڕێوەیدەبات، كاری دزە كردنە بە درۆو شكاندنی كەسایەتی نەیارەكان. ئەمانە بە مەنتیقو ئەخلاقی رۆژنامەنوس كار ناكەن، بەڵكو بە مەنتیقی قازانج. نوێنەرایەتی خەڵك ناكەن لە چاودێریكردن، بەڵكو نوێنەرایەتی حزبو لەناو حزبەكانیش سێبەری كەسێكی مەدەنی یان سەربازی و ئەمنین. ئاراستەی كاركردنیان دروستكردنی هەواڵی ساختەیە، دەڵێن: ئێمە درۆكە دروستدەكەین و بڵاویدەكەینەوە، تۆش رونكردنەوەی خۆت بنێرە. من دەتكەم بە پەندی زەمانە تۆش وەڵامم بدەروە. زۆر جاریش رونكدنەوەكەیش بڵاوناكەنەوە. لەناو جەنگەڵی هەواڵی ئەم زەمەنە ناشرینەی سیاسەت، هەواڵو دیكۆمێنتی درۆ بەرهەم دێتو بە پارەی سیاسی بازاڕی بۆ گەرم دەكرێت، میدیاییەكی دیجیتاڵی خاڵی لە ئەخلاقی پیشەیی حەقیقەتی پێ لەكەدار دەكرێت. وا لە خوێنەران دەكرێت هەواڵی راستو درۆ جیانەكاتەوە. بەرپرسیارێتی لەناو ئەم جەستە پاتاڵەی میدیای علوج، وونە. پێویستمان بە جۆرێك لە بەرگری هەیە لەو ڤایرۆسانەی پەیجی ساختەو میدیای ئەلیكترۆنی علوج كە بە پارەی سیاسی بەڕێوەدەبرێت. بەرگرییەك كە نەبێتە مایەی بەرتەسكردنەوەی ئازادیو ئازادیش نەكرێتنە بەردەبازی هێرشو ناوزڕاندنو دروستكردنی كارگەی درۆو "میدیاكار"ی ساختەچی و هەواڵدز.
■ بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز . پێکهێنانی ئەم حکومەتە دەکەوێتە بەردەم گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانەوە لەسەر عێراق ، بە پێ ی بۆچونەکان زەمەنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەکەوێتە زەمەنێکەوە کە ڕای وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بەرەوە بەهێزکردنی ناوەند دەچێت ، واتا چی ئێران و چی تورکیاش ناچارن بچنە سەر ئەو سەکۆیەی کە وڵاتانی زل هێز بەلایانەوە گرنگە ئەمەش لە بەهێز کردنی ناوەندا خۆی دەبینێتەوە ، چی تر هەولێر و سلێمانی وەک دو زۆنی درێژکراوەی ئێران و تورکیا گرنگی ئەوتۆیان نامێنێ بەهۆی بەهێزکردنی ناوەند و عێراقێکی بەهێز ، هەر بۆیە پارتی کە هەڵگری ڕیفراندۆم بوە بە پەلە دەیەوێت پێگەی لە بەغداد بەهێز بێت ، ئەم مەتبەخە سیاسیە کە بۆ دروستکردنی حکومەت پێکهێنراوە ، بەندە بە دەستوری عێراقی و ئەو هەشت وەزارەتەی کە لە بەغداد ماوە ، تا چەندێ بە پێ ی پێگەی بەهێزی پارتی و یەکێتی لە هەرێم دەتوانرێت باڵانسی هێز لە بەغدادیش ڕابگیرێ کاریگەری لەسەر مەتبەخی دروستکردنی حکومەتی هەرێمیش دەبێت ، ململانێکان بۆ دروستکردنی حکومەتی هەرێم قورس تر دەبێت بەو حکومەی کە هەرێم لە ٢٠١٩ دەدا کۆمەڵێک قەیران تێدەپەڕێنێت و کارتی ئۆپۆزسیۆن بون لاواز دەبێت ، بە تایبەت پاشەکەوتی موچە ، بەم پێ یە مەتبەخی سیاسی دروستکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەت و خولی پێنجەمی پەرلەمان دەکەونە بەردەم ململانێیەکی قورسەوە ، کە دەکرێت سەرەتای دابەشکردنی پۆستەکان دەستی پێ کردبێت و هەر یەکەیان ( پارتی + یەکێتی+گۆڕان+کۆمەڵ ) یاریەکانیان دەست پێ بکات . چوار دەستەڵات ( سەرۆکایەتی هەرێم + ئەنجومەنی دادوەری+پەرلەمان+حکومەت) دەکەونە بەردەم ئەگەری دابەشکاری لەم مەتبەخەدا : 1. سەرۆکایەتی هەرێم : ئەگەر چی ئەم دەستەڵاتە هەڵپسێراوە ، بەڵام پارتی دەیەوێت لەم خولەی پەرلەماندا کارای بکاتەوە بۆیە بۆ ناوخۆی حیزبەکەی دەبێتە پۆستێک ئاستی بەریەککەوتنە ناوخۆییەکانی پارتی پێ تێدەپەڕێنێ ، بەڵام لە ئێستادا ئەم دەستەڵاتە دابەشکراوە بەسەر ( حکومەت و پەرلەمان و دادوەری) دا و ناکەوێتە بەردەم دابەشکاری و ناچێتە ناو مەتبەخەوە ، بەڵکو لە کۆگای مەتبەخەکەدا دەبێت تا ئەو کاتەی جارێک تر دەهێنرێتەوە مەتبەخەکە و ئەو کات بە پێ ی خاڵ حیزبەکان پۆستیان بەردەکەوێ . 2. دادوەری : لەبەر ئەوەی دەستەلاتێکی بێلایەنە ناکەوێتە بەردەم دابەشکاری خاڵبەندی یەوە ، بە تەوافقی سیایسی دادەنرێت ، هەرچەندە ئەگەر لە پشتی کەوالیسەوە تەوافق هەبێت بۆ ١١ ئەندامەکەی دادوەری ، دەکرێ لە خاڵبەندی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەماندا گۆڕانکاری دروست بکات . 3. پەرلەمان : ئەڵبەت قورسای زۆر دەکەوێتە سەر دو کێڵگە کە پەرلەمان و حکومەتە ( یاسادانان و چاودێری و دەستەڵاتی جێبەجێ کردن ) لەم نێوەندەدا لایەنەکان کارتەکانیان بەرامبەر یەکتر بەکار دەهێنن ئەگەر چی لە گشتدا ڕێککەوتنێک هەیە کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ حکومەت دروست بکەن ، بەڵام لە وردەکاریدا لایەنەکان دەکەونە دروستکردنی گوشار لەسەر یەکتر بۆ بەدەست هێنانی پۆستی زیاتر ، لە وردەکاریدا ناتوانرێ ئەم دو فایلە لەیەکتر جیا بکرێتەوە ، بۆ نمونە پارتی دەیوست هەردو سەرۆکایەتی بۆ خۆی بێت ( پەرلەمان و حکومەت ) بەڵام یەکێتی لەڕێ ی گوشاری دانەنای جێگری دووەم بۆ سەرۆکی حکومەت و گوشاری تێک چونی باڵانسی هێز و ڕێککەوتنی ستراتیژی توانی پارتی ڕازی بکات وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان و دانانی جێگری دوەم بۆ سەرۆکی حکومەت ، واتا دوو جێگر ( مالی و ئیداری ) ، لەم نێوەندادا پارتی دەیەوێت بە یاری کردن لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا زیاتر پۆستە گەورەکان ببات بۆ خۆێ ، یەکێتیش بە حوکمی باڵانسی هێز و ڕێکەوتنی ستراتیژی و یاری لە نێوان گۆڕان و پارتییدا دەکات ، گۆرانیش یاری لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دەکات و دەیەوێت ببێتە بەشێکی گرنگی دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان لەم مەتبەخەدا ، بەکورتی لە پەرلەماندا ئەگەر سەرۆکەیاتی هەرێم (١٢) خاڵ بێت و جێگری یەکەم (سکرتێر) (٦) خاڵ بێت و جێگری دوەم (٥) خاڵ بێت ، ئەوا دەبێت بە پێ ی سازانی سیاسی هەمو حیزبەکان لە پۆستە باڵاکان و پۆستە سیادیەکاندا پشکیان هەبێت ، ئەگەر چی خاڵی کەمیشیان پێ بێت ، خۆ ئەگەر کۆمەڵ بەشدار بێت ئەوا (پارتی ٤٥+یەکێتی٢١+گۆڕان١٢+کۆمەڵ٧+پێکهاتەکان١١) کۆی کورسیەکانی پێکهێنانی پەرلەمان و (٩٦) کورسی ، وە (نەوەی نوێ و یەکگرتو و حیزبە بچوکەکان دەبنە ئۆپۆزسیونێکی پەرلەمانی بەشدار نابن ، بۆیە (١٥) کورسیەکەی تر دابەش دەبێت بەسەر حیزبەکاندا بەم شیوەیە (کۆمەڵ ١ ، گۆران ٣ ، یەکێتی ٥ ، پارتی ٦) واتا (پارتی ٥١+یەكێتی ٢٦+گۆڕان١٥ ، کۆمەڵ ٨، پێکهاتەکان ١١) ، بۆ هەر خاڵێک کورسیەکی پەرلەمانە ، بەم پێ یە بێت سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت (١٢) خاڵ ، جێگری یەکەم بۆ پارتی بێت کە (٦) خاڵە ، جێگری دوەم بۆ گۆڕان کە (٥) خاڵە . پۆستە باڵاكان بەپێی خاڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (لەگەڵ بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: 20 خاڵ • جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6 خاڵ • سەرۆكی پەرلەمان: 12 خاڵ • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ • وەزیری دارایی: 4 خاڵ • وەزیری ناوخۆ: 4 خاڵ • وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ • وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ • وەزیری پلاندانان: 2 خاڵ • وەزیری گواستنەوەو گەیاندن: 2 خاڵ • وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 خاڵ • وەزیری پەروەردە: 2 خاڵ • وەزیری داد: 2 خاڵ • وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ • وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار: 2 خاڵ • وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوەكان: 2 خاڵ • وەزیری ئەشغالو ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ • وەزیری كارەبا: 2 خاڵ • وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ • وەزیری پیشەسازیو بازرگانی: 2 خاڵ • وەزیری ئەوقافو كاروباری ئایینی: 2 خاڵ • وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو: 2 خاڵ • وەزیری رۆشنبیریو لاوان: 2 خاڵ • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2 خاڵ • دەستەی وەبەرهێنان: 2 خاڵ • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ • فەرمانگەی پەیوەندیۆەكانی دەرەوە: 1 خاڵ • وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1 خاڵ • فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1 خاڵ • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون: 1 خاڵ • فەرمانگەی كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: 1 خاڵ • دەزگای كاروباری مین: 1 خاڵ • ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ • دەستەی گەشتوگوزار: 1 خاڵ • ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنی هەرێم: 3 خاڵ ئەم زانیاریانەی سەرەوە لە سایتی (درەو میدیا وەرگیراوە ) بەم پێ یە ئەگەر جێگری دووەم بۆ حکومەت زیاد بکرێت دەبێت دەستکاری ئەم خاڵبەندیە بکرێت بە هەردوو جێگرکە یەکی (٣) خاڵی بەر بکەوێت ئەوا ئەنجامەکە بەدەر لە سازانی سیاسی ئاوا دەبێت : 1 یەکێتی:ئەگەر ئەم پۆستانەی بەربکەوێت ( سەرۆکی پەرلەمان ١٢ خاڵ + وەزارەتی پێشمەرگە ٤+جێگری سەرۆکی حکومەت ٣=١٩ خاڵ ) کەواتە لە کۆی (٢٦) خاڵ تەنها (٧) خاڵی پێ دەمێنێت بۆ کێڵگەکانی تر. 2 گۆڕان : ئەگەر ئەم پۆستانەی بەر بکەوێت( جێگری دووەمی پەرلەمان ٥ خاڵ + جێگری دووەمی سەرۆکی حکومەت ٣ خاڵ +وەزارەتی دارایی ٤ خاڵ =١٢ خاڵ) تەنها ٣ خاڵی پێ دەبێت بۆ کێڵگەکانی تر. 3 کۆمەڵ : دەکەوێتە کێڵگەی بەشەکانی تر و توانای بەشداری نابێت لە پۆستە باڵاکاندا بە (٨) خاڵەوە . 4 پێکهاتەکان : دەکەوێتە کێڵگەی بەشەکانی تر و توانای بەشداری نابێت لە پۆستە باڵاکاندا بە (١١) خاڵەوە. 5 پارتی : ئەگەر ئەم پۆستانەی بەر بکەوێت ( سەرۆک حکومەت ٢٠خاڵ+جێگری یەکەمی پەرلەمان ٦خاڵ+وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و پێشمەرگە ٨ خاڵ=٣٤ خاڵ ) ١٧ خاڵی پێ دەمێنێ بۆ بەشەکانی تر و پێکهاتەکان ١١ کورسین کە پاشکۆی پارتین ، بەم پێودانگە پارتی دەتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێم بکات ، بەڵام دوا جار زۆنی سەوز و زەرد هیچ لایەکیان بێ ئەوی تریان ناتوانێت حکومەت لەم مەتبەخەدا دروست بکات کە دەستەڵاتی بەسەر کۆی هەرێمدا ببێت ، هەر بەم پێوەرە پارتی دەبێ ناچار بێت باڵانسی هێز بپارێزێ و بە شێوەیەکی کاڵ دوو ئیدارەیەکیە جاران پەیڕەو بکات. هەمو ئەم دابەشکاریە لە مەتبەخی سیاسیدا ئەگەری گۆڕان دەبێت بە پێ ی ململانێی حیزبەکان و تەوافقی سیاسی بە تایبەت لە نێوان یەکێی و پارتیدا و بە تایبەتیتر لە ناوەند و دوای یەکلابونەوەی (٨) وەزارەتەکەی عێراق .
■ ئەبوبەکرهەڵەدنی ماوەیەکە لێرەولەوێ باس وخواس وپێویستی مەرجەع هاتۆتە ئاراوەو بەگوێمان دادەرێ ،هەموو هێزو لایەنێک مافی خۆیەتی کەسێک یان سەرکردەیەکی بۆ بپاڵێوێ،،هەڵبەت گەلێک لەگەل ووڵاتان لەڕێی ڕابەرو مەرجەعەوە گەیشتونەتە پێگەو ڕۆڵی شایستەی خۆیان لەنمونەی سەنگافورەو مالیزیاوڕوسیا. بەدڵنییاییەوە لەکوردستانیش پێویستی لەڕادەبەدەرمان بەکەسێک هەیە کۆکەرەوەی هەموان وگوێ لێگیراوبێت ولەکاتی ناکۆکیەکاندا بۆی بگەڕێینەوە ،بەڵام ئەوەی دەبێتە مەرجەعمان دەبێت ئەم خەسلەتانەی تیابێت: _دەست لەحزبەکەی بکێشێتەوە تاجێگای متمانەی هەموان بێت. _داوای لێبوردن لەهاوڵاتیانی کوردستان بکات گەرلەڕابردوودا بەهۆی پێگەکەیەوە بەشێک بووبێ لەسەرچاوەو هۆکاری قەیران ونوشوست وتێكشکان . _دەبێت گەورەتر لەحزب وگروپ ودەستە وتاقم وخانەوادەکەی بیربکاتەوەوبژی _مەرجەع لەجوغزو قاوغی ناوچەو قەڵەمڕەوی خێڵ دەڤەروشارچێتی بێتە دەرەوەو بەتەعبیری مام هێمن بستۆکەی سنورە کان راماڵێ وخاکمان یەکبخاتەوە. _دەبێت ئەوەی دەبێتە مەرجەع دامێنی کراسی ڕەشی دایکی شەهیدان ماچ بکات کەچی دی نائومێدیان ناکات. _دەبێت مەرجەع سۆراخی خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدانی ١٧ شوبات وسۆرانی مامەحەمەو کاوەگەرمیانی وسەردەشت عوسمان ودکتۆر هۆشیار بکات وبەرجەستەی عەدالەت لەسەربکوژانیان بکات. _مەرجەع لەسەریەتی جەماوەری نیگەران وتوڕەونائومێدی کوردستان ئاشت بکاتەوەوچی دی بەسیاسەتی بێ باکی وەڵامی خواست وداوای ڕەوای خەڵک نەدرێتەوە. _مەرجەع دەبێت دوورکەوێتەوە لەکۆشکی قولەی قافەکان وڕاپۆرت نوسە درۆزنەکان ودەربارە ماستاو چی وخۆبەرەپێشەوە هەلپەرستەکان . _مەرجەع دەبێت پێ یەکی لەناو هاونیشتیمانیە هەڵقرچاوەکانی ئەنفالەکانی شۆڕش وسمود وقوشتەپەوپێ یەکی لەناو کەسوکار وپارێزگاکەی عومەری خاوەر بێت ولەنزیکەوە لەناڵەی جوتیارانی شارەزووروپێنجوین بگات وسەر بەحوجرەی فەقێ ومزگەوت وکۆڕی مەلاکانی کوردستاندا بکات،،لەبیرتیژی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەوزانکۆکانی کوردستان بەهرەمەند بێت،توانای گەنجە پێ بوەکانی ئەمڕۆ نادیدە نەگرێت. _مەرجەع سامانی دزراوی کوردستان بگێڕێتەوە بۆدەستە ئەمینەکان،کۆشك وتەلارو مەزرەعە بەناهەق بنیات نراوەکان تێک وپێک دات وبیانکاتەوە بەموڵکی گشتی. _مەرجەع دەبێت هەڵگری خەم وپارێزەری ناسنامەی ئاینی گەلی ستەمدیدەی کوردستان بێت وپاسەوانێکی بەئەمەکی ئەخلاق وبەهاو کەلەپورو کەلتوری کوردەواری بێت. _مەرجەع دەبێت واز لەحەزی بچوک وخەونی بچوك وپێگەی بچوك وڕۆلی بچوک وجوڵەی بچوک بێنێت. _مەرجەع دەبێت وەک ماندێلا کەسوکارو خانەوادەی دوورخاتەوە لەدەسەڵات وبازرگانی. _مەرجەع دەبێت سەری بەرزی مامۆستاشەق تێهەڵدارەوەکە ی هەولێرو دەستی کەسوکاری گەنجە کوژراوەکەی سەرفول لایت وخانەنشینە سەرەگرتوەکان بۆموچە ماچ بکات وکۆتایی بەتراژیدیایان بێنێت. _لەهەمووی گرنگ تر مەرجەع دەبێت بمانخاتە سەرڕەوڕەوەی حکومەتی دامەزراوەوبمانکاتە خاوەنی دام ودەزگای نیشتیمانی ودەستورێکی مۆدێرن کەهەموان ماف وکەرامەت وئازادی دەربڕین وئاین وکاری سیاسیان پارێزراو بێت و بەمانای ووشە هاوڵاتی بوون پێوەر بێت. هەرکەسێک ئەم خەسڵەتانەی تیابوو نەک دەبێتە مەرجەعمان بەڵکودەیکەینە پادشای پایتەختی دڵمان وهەموان دەبینە پاسەوان وسەربازی بەردەستی وپەروانە ئاسا بۆی دەسوتێین.
■ ئارام سەعید لە سادەترین پێناسەدا، ئەرکی حکومەت بریتیيە لە: "پاراستنی هاوڵاتیان لە توندوتیژی، پیادەکردنی سەروەری یاسا، پاراستنی ئاسایشو هێمنی هاونیشتمانیان، دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی کە هاوڵاتیان خۆیان ناتوانن دابینی بکەن، پەرەپێدانو بونیادنانی پرۆژە گەورەو ستراتیژیيەکان، پاراستنی مافی کەمئەندامان، بەساڵاچوان، توشبوانی نەخۆشیيە درێژخایەنەکان، کەمکردنەوەو نەهێشتنی بێکاری.. هتد ". پێم ناڵێن حکومەتی هەرێم لە کام لەو بوارانەدا کە لەسەرەوە نوسراوە سەرکەوتوو بوە؟!! کەواتە ئەگەر حکومەت پێكبێت یان پێكنەیەت چ جیاوازیەک دروستدەکات؟ لە چ بوارێکدا؟ ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە کوردستاندا شتێک نیە پێی بڵێن حکومەتی کاربەڕێکەر، حکومەت وەک نە بای دی بێت نە باران، هەڵبژاردن دوابخریو پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، هەر فەرمانڕەواو کاربەدەستنو ئیشوکارەکان دەکەن وەک ئەوەی دەیانەوێت. لەکاتێکدا هەندێک لەو هێزانەی دەرەوەی یەکێتیو پارتی دەیانەوێت بە هەندێک دەسکەوتی بچوک بچنە دەسەڵاتەوەو دەستەمۆ بوون بە وەرگرتنی بەڕێوەبەرێك، وەکیل وەزیرێک یان وەزیرێک، تەنانەت رێخۆشکەربوون بۆ ئەوەی پارتی بتوانیت ئیرادەی خۆی فەرزبکات.. ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت کە خوازیاری بوو ( یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم)، بەڵام بە هاوکاری هێزەکانی تری بەناو ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن بە ئاسانی بۆی چووە سەر. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە ئەم روداوانەی ئێستا رودەدەن پاش شکستی ریفراندۆمو ١٦ی ئۆکتۆبەر دێت! دوای دەرکردنی سەرۆکی پارلەمان، دوای دەرکردنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاش ئەو هەموو کارەساتە هێشتا پشتی ئەو لایەنانە دەگرن کە کوردستانیان گەیاندە لێواری کەوتنەخوارەوەو داڕمان. سەرئەنجام بە پیادەکردنی ئەم سیاسەتە بارزانی ئێستا کە سەرۆکی هەرێم نیە دەسەڵاتەکانی لەوکاتە زیاترە کە سەرۆکی هەرێم بوو کە ئەوکات شەرعیەتی یاسایی هەبوو. ئەو هۆکارانەی باسمان کردن بەشێکن لەو ئەنجامانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ئەی بینین. بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیە هێزی سیاسی بوێرو راستگۆ بێتو راشکاوانە بەرگری لەو سیاسەتە بکات کە بڕوای پێیەتیو کاری بۆ دەکات، نەک لە گوتارە میدیایيەکانیدا بەریگاربێت لە هەڵویستێکو لەژێرەوە کاربۆ پێچەوانەکەی بکات. سیاسی سەرکەوتوو لەمێژودا ئەوانە بوون کە راشکاو و راستگۆ بوون بەرامبەر هاوڵاتیانو بەرگریکار بوون لە بیرورای ئازایانەی خۆیان.
■ ئاری محەمەد ھەرسین لە سەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لە کابینەی ٧، لە کۆبونەوەیەکی داخراوی سەرکردایەتی حیزبدا، کاک نێچیرڤان بارزانی لەسەر کابینەی حەوتەم گوتی: مۆدێلی کابینەی پێنج بەسەرچوو. بە مانایەکی تر مەبەستی ئەوەبوو بە عەقڵی دوێنێ حوکمی ئەمڕۆ ناکرێت. لەوانەیە ڕەوانترین نیشانەی تەوازوعو مۆدێرن بوون لە ھونەری حوکمڕانیدا، ئەو ڕستە سادەیەی نێچیرڤان بێت. چونکە ئەگەر کەسێک ئامادەگی بەخۆداچوونەوەو جورئەتی دەستپێکردنی ڕیفۆرمی نەبێت، ناتوانێت خۆی بکاتە خاوەنی ئەو قسەیە. بە نزیکی دوو دەیە دەبێت کە نێچیرڤان بارزانی مومارەسەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات. لەو ماوەیەدا نێچیرڤان مۆدێلی حوکمێکی مەدەنیو مۆدێرنی پێشکەش کرد. کە دەڵێین مۆدێرنو مەدەنی، مەبەستمان بەشێوەیەکی نیسبیو بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە، نەک سویدو نەروێژ. ئاشکرایە کە لە ھەموو کۆمەڵگەکانی دونیادا بەرپرسان لە سلکی موخابەرات خۆشەویست نین "لەوانیە بتوانین بڵێین ئیسرائیلی لێ دەرچێت". ھۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سروشتی ئیشەکە نھێنیيەو لەو دەزگایانەدا جێگای شەفافیەت نابێتەوە، چونکە موخابەراتی شەفاف دەزگایەکی فاشیلە. بەرپرسی موخابەرات نابێت لە مێزگردێکی تەلەفیزیۆنیدا دابنیشێتو ڕازی دڵی خۆی ھەڵبڕێژێت. لەپاش بڵاوبونەوەی ناوی کاک مەسرور وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەندێک کەس دەیانەوێت لە خەڵکی کوردستان بگەیەنن کە ئیتر حوکم لەم ھەرێمەدا دەبێتە حوکمی موخابەراتو ڕەشبگیر دەستپێدەکات، زمانی ئازادو ڕاستگۆ دەبڕدرێتو بەکورتی ھەمومان ئەبین بە جاسوس بەسەر یەکترەوەو ڕاپۆرت لەسەر یەکتر بۆ ئاژانسی پاراستن دەنوسین. لەوانەیە ئەگەر کاک مەسرور کوڕی کاک مەسعود نەبوایە، تواناکانی زیاتر دەربکەوتایەو نەکەوتایەتە بەر ئەم ھێرشە ناڕەوایانەی کە ھەندێک کەسی پۆپۆلیستو بێ ویژدان. مەسرور بارزانی شارەزاییەکی باشی لە فەرھە گی دەوڵەمەندی ئێراندا ھەیەو، بە حوکمی ئەوەی خوێندنی لە ئەمەریکا تەواو کردوە شارەزاییەکی باشیشی لە فەرھەنگی خۆرئاواو سیستەمی بیرکردنەوەی خۆرئاواییەکاندا ھەیە. لەسەرێکی ترەوە لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بەپێچەوانەی ئەو درۆو دەلەسەیەی کە ھەندێک بەناو خوێندەوار بۆی ھەڵدەبەستن، گوێگرێکی چاکەو بۆچونی خۆی بەسەر بەرامبەرەکەیدا فەرز ناکات " ئەمانەی باسی لێ دەکەم تەجروبەی شەخسی خۆمە لەگەڵ ئەو برایەو، کەس بۆی نەگێڕاومەتەوە. لەکاتێکدا بەندە بۆ چرکە ساتێکیش لە دام و دەزگاکانی ئاژانسی پاراستندا کارم نەکردوە". لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە کەسێکی نەتەوەییو نیشتیمان پارێزەو، بە درێژایی شەڕی دژ بە داعش شان بە شانی سەرۆک بارزانی چاودێری میحوەرەکانی پێشمەرگەی کردوە، ھەر بۆیەش تفەنگ بە مەسرور بارزانی نانەوە، تەقە کردنە لە تاریکیدا، کە مەبەست لێی نانەوەی ئاژاوەو قوڵترکردنەوەی پەرتەوازەییمانە. گومان لەوەدا نیە کە ئاژانسی پاراستنیش وەک «سی. ئای. ئەی»و «مۆساد»و دەزگا ھەواڵگریيەکانی تر کەسانێکی تێدایە کە بۆ خۆدەرخستن چاوترسێنی خەڵکی بەستەزمانو بێ دەسەڵات، دەسەڵاتەکانیان بە خراپ بەکاردەھێنن. ئەم دیاردە ناشرینە لە ھەموو دونیا ھەیەو بە کەسیش چارەسەرو بنەبڕ ناکرێت، بەڵام دیاردەیەکە کە ھیچ پەیوەندیيەکی بە ڕێنماییەکانی ئاژانسی پاراستنەوە نیەو تەنیا تەعبیر لە شەخسیەتی لاوازی ئەو کەسانە دەکات کە ئەمە ھەڵسوکەوتیانە. دواجار ئەو کەسانەشی کە فرمێسکی تیمساح بۆ کاک نێچیرڤان دەڕێژن، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن کە لە کۆتایی ڕێگاکەدا، نێچیرڤان پشتی سەرۆکی حکومەت بەرناداتو بەپێچەوانەوە ھەموو ئەو باڵەخانانەی ژێرخانی ھەرێم کە کاک مەسرور دروستیان دەکاتو بەرزیان دەکاتەوە، بەردەوامی ئەو نھۆمانەیە کە کاک نێچیرڤان لەماوەی حوکمڕانیەکەیدا بەرزی کردۆتەوە. بۆیە باشتر وایە چاوەڕوان بینو چاودێری حوکمڕانی کاک مەسرور بکەینو، لە کوێدا ھەر کەسێکی ئەم ھەرێمە سەرنجو ڕەخنەی لە شێوازی حوکمڕانیيەکەی ھەبوو، بەدەنگی بەرز پێی بڵێين.
■ ئیبراهیم زەیدی پێشەكی پێویستە ئەوە بوترێت كە هەر عێراقییەكی ژیر و پاك و خاوەن ویژدانێكی زیندوو، پێویستە رێز لە گەلی كوردی برا بگرێت و هیوای چاكە و ئاسایش و ئاشتی بۆ بخوازێت، و هەر قسەیەكیش دەربارەی ئەو خراپەكارییانەی لە هەرێم دەگوزەرێت دەكرێت، پێویستە جیاكاری تەواوەتی بكات لە نێوان گەلی كورد و ئەوانەی بە چەك و هاوپەیمانێتی شكستخواردوو، دروشمی ساختە و سیاسەتە هەڵەكانیان دەستیان بەسەر دەسەڵات و سامانیدا گرتووە. دواهەمین هەواڵی حزبەكەی بارزانی دەڵێت كە بڕیارێك دراوە و پاشگەزبوونەوەی نییە، كە نێچیرڤان بارزانی دەكرێتە سەرۆكی كۆماری بارزانی و مەسرور " جێنشینی سەرۆك مەسعود بارزانی" دەكرێتە سەرۆك وەزیران، هەروەها سەرجەم پۆستە سیادییە گرنگەكانی تری وەك فەرماندەیی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرێتی هەواڵگری و دارایی و دەرەوە و نەوت و وەبەرهێنانیش دوورنابن لە یەكێك لە ئامۆزاكانی سەرۆك و كەسایەتییە دوور و نزیكەكانی عەشیرەتەكەی. ئەو پاساوەشی كە ئەو خێزانە داگیركەرەی هەرێمی كوردستان هەیانە بۆی ئەوەیە, حزبەكەیان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردوەتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنێكدا كە هیچ جیاوازییەكی نەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنی شەقاوەكانی بەغدا, كە لە سایەی هەڕەشەی چەكی میلیشیاكان و پارەی دزراوی حەرام جێبەجێیان كرد. بەوەش سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا ئامانجەكەی پێكا و تێیدا رەزامەندی متمانەپێكراوی ئێرانی لە عێراق وەرگرت بۆئەوەی كوردستانی عێراقی وەك هەرێمێكی دەرەبەگایەتی تەواوەتی پێببەخشێت، ئەوەش نەك بدرێت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، یان عەشیرەتی بارزانی، بەڵكو بە دیاریكراوی بۆ خێزانی مەسعود و بەبێ هیچ هاوبەشێك. هەروەها وەزارەتی دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابوری " فوئاد حسێن" یان پێدا و رێگەیان پێدا بەشداربێت لە تاڵانكردن گەنجینەكانی عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییە زۆرزانەكانی، هەموو ئەم بەخششە حاتەمییە فراوان و گەورەش بەرامبەر بە دوو كارە، یەكەمیان زیادكردنی رێگای بازرگانی قاچاخ لە نێوان عێراق و ئێراندا لە رێگەی كوردستانەوە بۆ هاتن و چون و بۆ شكاندنی سزاكانی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ كە ئاستی لێهاتوویی ئەوانە نازانێت لە هونەری دزیكردن و قاچاخچێتی كە زۆر قورسە ئاشكراكردنی هەتا لەلایەن هەواڵگری ویلایەتە یەكگرتووەكانیشە كە بەزەیی نییە. كاری دووەمیش سازشكردن و پاشگەزبوونەوەی خۆبەخشانە و كۆتاییهێنانە بە هەموو ئەو قسە بریقەدارانەی پێشوو دەربارەی مافی شەرعیی كورد لە دیاریكردنی چارەنوس و سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەكران و وازهێنان لە ئاژاوە نانەوە بۆ حزبە دەسەڵاتدارە عێراقییە ئێرانییەكان و میلیشیاكانیان و گەیشتنەوە بە كۆمەڵگەی شیعەی ئێران و ئەو سوننانەی لە ژێر خێوەتی پرۆژەی ئیمام خومەینیدان. ئائەوەتا ئێستا كارەكان زۆر بە خێرایی و بێ چاوەڕوانی خۆیان ئاشكرادەكەن، لە ئێستا بەدواوە داواكارییەكانی ئێران دەبن بە فەرمان، نمونەش لەسەر ئەوە پەرلەمانتارانی حزبەكەی بارزانییە لە بەغدا كە ئێستا لە بەرەی پەرلەمانتارانی تایبەت بە " موجاهیدەكانن"، هادی عامری و قەیس خەزعەلی و نوری مالیكی و رۆژی سێشەممەش رایانگەیاند كە سەرۆك مەسعود بارزانی رێنمایی داوە بۆئەوە ی فالح فەیاز بكرێتە وەزیری ناوخۆ، چونكە " دەربارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان گرەنتی بە كورد داوە". بە گوێرەی راپۆرتی سێشممەی بارزانییەكانی، سەرۆك كۆماری داهاتوو كوردستان برازای مەسعود دەبێت و سەرۆك وەزیرانەكەشی كوڕەكەیەتی، بەوەش داگیركردنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوای و لە باشوورەوە بۆ باكوری تەواودەبێت و ئەوەش شكستهێنانە بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و توركیا و منداڵە عێراقییەكانی و سعودیە و بریكارە متمانەپێكراوەكانی و شكستهێنانی بە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و كوەیت و ئوردن و میسر و حەماس و قەتەر و هەر حكومەتێكی تر گە لەسەر گۆڕەپانی عێراقی گەمارۆدراو زیندانیی یاری بە ئاگردەكات. ئایا جەماوەری كورد كوێرایی داهاتووە و ئەوە نابینێت كە بارزانییەكان چی بە هەرێم دەكەن لە دوای رزگاربوونیەوە لە راپەڕینی 1991ەوە پاشان دوای ئەپرێلی 2003ەوە تائێستا؟ هەتا ئەگەر زۆرینەی جەماوەری راستەقینەی هەرێم جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی گەمارۆدراویان دەوێت لەلایەن عێراق و توركیا و ئێران و سوریاوە با ببێت، بەڵام نەك بەم سەركردە گەندەڵ و شكستخواردوانەی كە هەر رۆژەی سیاسەتێك و هەر رۆژەی بڕیارێكیان هەیە. سەرۆك وەزیرانی نوێی كوردستان كاكە مەسرور بارزانی ئەو كەسەیە كە دەڵێت:" كوردەكان لە رۆژی هەینی شەشی مایۆی 2016ەوە چیتر هاوڵاتی عێراقی نین و هیچ متمانەیەك لە نێوان ئێمە و بەغدا نیە" و " تاكە چارەسەر بۆئەوەی دەگوزەرێت بەلای ئێمەوە جیابوونەوەیە و پێكەوەژیانی زۆرە ملێ لە عێراق هیچ سودێكی نیە، چونكە وڵاتێكی شكستخواردووە لە هەموو شتێكدا". هەروەها رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری رابردووی 2018 بەیاننامەیەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتەی كوردستان دەركرا و تێیدا هاتووە كە :" لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و ساڵێك لەمەوبەر كەركوك داگیركرا، و هەزاران كورد بۆ پاراستنی بە خوێنیان قوربانیان دا و رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر رۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلی كوردماندا و ئەو رۆژیە كە خیانەت لە هیوا و ئامانج و خواستەكانی گەلی كوردی ستەملێكراو كرا". ئەوەی مەسعود بارزانی ناسیبێت لە نزیكەوە پێش داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990 واتە رۆژانی لیژنەی كاری هاوبەش، پاشان كۆنگرەی بەیروتی 1991 و دواتر و ئەوەشی ئامادەی كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی عێراق بوبێت بە تایبەتی دواهەمینیان كە ساڵی 2002 لە سەڵاحەدین ئەنجامدرا، و گوێی بۆ وتارەكانی گرتبێت و هەستی بە بەهێزی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەواڵگری رژێمی ئێران و حزبە ئیسلامییە عێراقییە لە دایكبووەكانی ئێران كردبێت, درك بەوە دەكات كە قسەكانی دەربارەی " خواست و هیواكانی گەلی كوردی ستەملێكراو" قسەی خورافی و تارادەیەكی زۆر ساختەن و ئایا خاوەن عەقڵە رۆشنەكان و ویژدان پاكەكان لە برا كوردەكانمان بەرووی سەركێشی سەركێشیكاران و قوماری قومارچییەكان دەوەستنەوە پێش ئەوەی كاتەكە لەدەست دەربچێت.
د. هەردی مەهدی میکە پاش نوێکردنەوەی سزا و فشارەکان بۆ سەر ئێران. تورکیا سەرەڕای ئەوەی موڵەتی لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتبوو کە نەوت لە ئێران بکڕێت و ئەمریکاش ئەمەی پەسەندکردبوو، بەڵام پێچەوانەی تکاکەی، لە مانگی تشرینی دووەمدا (۱۱) هەر ئەم تورکیایە هیچ نەوتێکی لە ئێران نەکڕی و رێژەکەی سفرکردەوە. پێدەچێت ئەمە هەلی نوێ بداتەوە بە هەولێر و بەغدا و بەهێزکردنەوەی پێگەی ئابوریی حکومەتی هەرێم گەر سیاسەتڕێژانی هەرێم ئەو هەلە بقۆزنەوە و لە جیۆئیکۆنۆمی هەرێمی کوردستان تێبگەن! ئەم هەنگاوەی تورکیا، هاوشێوەی هەنگاوێکی سێ مانگی رابردووی هیندستانە لە کاتێکدا لە مۆڵەتپێدراوانی ئەمریکایە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، کەچی هەندێک لە کۆمپانیاکانی (سەرەڕای گرێبەستەکانیان) ئێرانیان جێهێشت. تورکیا لە چەند ساڵی رابردووی پڕ لە ئاڵۆزییدا ئابورییەکەی نانێکی باشی بەسەر قەیرانەکانی ناوچەکە و دەرکەوتنی داعشەوە خوارد. سیاسەتکردن لەسەر تاڵەمووی مەعاویە یەکێکە لە زیرەکی و فێڵەسیاسییەکانی سیاسەتڕێژی تورکیا و ئەردۆگان. ئەمە نمونەیەکە و دەیکەمە دەسکەلا بۆ خستنەڕووی رۆحی مێژوویی پەیوەندییەکانی سەدەی رابردووی تورکیا و ئێران. ئەم دوو وڵاتە جەنگ و رکابەریی و نەیارییە مێژووییەکانیان نکوڵی لێنەکراوە، بەڵام لە بیستەکانی سەدەی بیستەم و پێکهاتنەوەی هەردوو وڵات پاش "مۆدێرنسازییەکان"ی رەزاشای پەهلەوی و مستەفا ئەتاتورک، لەبری هەڵبژاردنی ئەزموونی شائیسماعیل _ سوڵتان_سەلیم ـی پڕ لەجەنگی مێژووییان، ئەزموونی نەشەڕو نیوەئاشتیانەی شاتەهماسپ و سوڵتان_سلێمان -یان زیندووکردەوە و کۆتاییان بە جەنگ و خوێنڕێژی دژی یەک هێنا. بەدرێژایی سەدەی رابردوو تا ئەمڕۆ هەردوو دوو وڵاتە ئەم ئەزموونە پیادەدەکەن کە ئەندازیارەکانی فروغی و ئینینۆ بوون و ئیرادەکەشی رەزاشا و ئەتاتورک نواندییان و لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردووەوە تا هەنوکە ناچاریی یەکتریان قبوڵکرد و هەڕەشەی لەتبوون و مەترسی بزوتنەوە جیاخواز و نارازییەکانی کوردستانیان کەمتر و کەمتر کردۆتەوە، لەبری رێگای دۆڕاو_دۆڕاو، براوە_براوە یان هەڵبژارد و هەردوولا مانەوە. ئەم ئەزمونانە یانی پێکەوەژیان و هاوسێیەتی ناچاریی، دەکرێت پارچەیەکی بۆ ئەزموونی شکستخواردووی پێکەوەهەڵنەکردنی کورد-کوردی لێداڕنرێت و ئەگەرچی نەیاریش بن رێگەی براوە-براوە هەڵبژێرن بەرامبەر نەیاران و مەترسییە هاوبەشەکان. #ئێرانناسی #کوردستان #ئێران #تورکیا #کەرکوک #بەغدا # ئەردۆگان #روحانی #رچاشاه #ئەتاتورک #hardimahdi
ئاراس فەتاح دوو لە دروشمە سەرەکییەکانی ناو دەوڵەتەکەی براگەورەی رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ بریتیی بوون لە ”جەنگ ئاشتییە“ و ”ئازادیی کۆیلایەتییە“. دروشمگەلێک کە دەبوو ھەموو کەسێک دەرخیان بکات و رۆژانە بێڵێنەوە، بۆئەوەی نەک تەنھا ببێت بە واقعی ژیانی ڕۆژانەیان، بەڵکو لە نەست و خەیاڵدانی ھەموو تاکێکیشدا ببێت بە ھەقیقەت. حیزب لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا تەنھا ماشینێک نییە بۆ ڕامکردنی تاکەکان لەڕێگای کۆنترۆڵکردنی جەستەیانەوە، بەڵکو ھەنگاوێک زیاتر دەڕوات و دەیەوێت دیوی ناوەوەشیان کۆنترۆڵبکات. لە جیھانی براگەورەدا دەوڵەت تەنھا زیندانێک نییە و حیزبیش پاسەوان، بەڵکو دەوڵەت قوتابخانەیەکی گەورەی دروستکردنی مرۆڤی گۆێڕایەڵ و ڕامکراوە و براگەورەش سەرۆکی ڕوحیی پەروەردە ئایدیۆلۆژییەکەیەتی. لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا دروستکردنی زیندانێکی گەورە بەس نییە بۆئەوەی دیوی دەرەوەی ئازادیی لە مرۆڤەکان بسەنرێتەوە، بەڵکو ھاوکات دەبێت دیوی ناوەوەشیان کۆنترۆڵ بکرێت کە عەقڵ و سایکۆلۆژیای مرۆڤەکانە. حیزب و براگەورە حەقیقەتی نوێ بۆ کۆمەڵگا بەرھەمدەھێنن کە تیایدا تاکەکان نەک تەنھا کۆیلایەتیی بە ئازادیی تێدەگەن، بەڵکو ماتماتیکی حیزبیش بە ھەقیقەت دەزانن، چونکە قەناعەتی پێھێناون کە ”دوو زائید دوو دەکات بە پێنج“. لە کوردستانیشدا ستراتیژێکی سیاسیی مەترسییداری دامەزراندنی کولتووری براگەورە لەگەڕدایە، بۆئەوەی ببێت بە واقیعی باو لەناو ھەموو پێکھاتە سیاسیی و دەزگایی و کۆمەڵایتییەکاندا. ئەم ستراتیژەش بەرھەمھێنانی دونیابینییەکە کە نەک تەنھا دەبێت ھەموو تاکێک وەک وینستۆن سمیث کە پاڵەوانی سەرەکیی ناو رۆمانەکەیە، پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر بھێنرێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ”دوو زائید دوو دەکات بە پێنج“، چونکە حیزب وادەڵێت، بەڵکو دەبێت ھەموو تاکێک لەڕووی سایکۆلۆژییەوە لەسەر ئەو دۆخە ڕابێت و قەناعەت بەخۆی بھێنێت کە ئەمە جەوھەری کۆمەڵگای ئێمەیە و قەدەرێکی سیاسییە و دەبێت قبوڵی ئەم واقیعە بکات. دەوڵەتی براگەورە لە ڕێگای شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکانەوە ووشیارییەکی شکستگەرایی لەناو عەقڵ و روحی ھەموواندا بەرھەمدەھێنێت و پێیان دەڵێت، کردەی بەرگریی نەک ھەر ھیچ سودێکی نییە، بەڵکو پووچگەراییەکی گەورەیە. ئەو وەھمە لای تاکەکان دەکات بە ھەقیقەتێکی گومانھەڵنەگر کە دەسەڵاتی براگەورە دۆخێکی ئەبەدییە و ھیچ ھێزێک نییە بتوانێت پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەستکاریی بکات و گۆڕانکاریی بەسەردا بھێنێت. براگەورە سەرەڕای ئەوەی کەس نایبینێت، بەڵام ڕۆڵی مەرجەعێک دەگێڕێت کە ئامادەییەکی ھەمیشەیی لەناو ھەموو کایەکانی بڕیاردانی دەسەڵاتدا ھەیە. بۆ بنجبەستکردنی ئەم مۆدێلەش براگەورە ھەموو وەزارەتەکان و دەزگاکان و زانکۆ و قوتابخانە و تەلەفیزیۆن و رادیۆ و کەناڵەکانی تری میدیا لەسەر وێنەی دەزگای موخابەرات و ئاساییش دادەمەزرێنێت. وەزارەتی خۆشەویستیی جێگای دەزگای موخابەرات دەگرێتەوە و لەوێ مرۆڤە یاخییەکان ئەزموونی مۆدێلێکی نوێ لە ئەشکەنجەدان دەکەن، چونکە براگەورەیان خۆشناوێت. جۆرج ئۆروێل لەڕێگای زاراوەی „بیرکردنەوەی دووفاقەیی“ Doublethink یەوە باس لەو میکانیزمە دەکات کە چۆن براگەورە ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە لەناو ھەموو تاکێکدا دەچێنێت، بۆئەوەی لە دونیاکەی ئەودا ھیچ شتێک پارادۆکس و ناکۆک نەیەتە بەچاو. بۆنموونە لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا جەنگ وەک ئاشتیی، ئەشکەنجەدان وەک چێژ و درۆ وەک ڕاستیی و دڵڕەقیی وەک میھرەبانیی و تراژیدیا وەکو کۆمیدیا نیماییشدەکرێت. لەوەی ئێمەشدا تەزویر وەک نەزاھەت، شکست وەک سەرکەوتن، خیانەت وەک نیشتیمانپەروەریی، داخستنی پەرلەمان وەک رێگرییەک لە دروستبوونی پشێویی و لە دواویستگەشدا دیکتاتۆرییەت دەبێت بە دواقۆناغی باڵای دامەزراندنی سیستەمێک بۆ دادپەروەریی و پاراستنی ئاساییش و بەرگرییکردن لە ماف. لە دەوڵەتەکەی براگەورەدا پرۆسەیەکی مەترسیداری دژە فیکر و رۆشنبیریی Anti-intellectualism دەخرێتەگەڕ کە ئامانجی سەرەکیی کوشتنی بەھای رۆشنبیر و فیکر و کردەی بەرگرییە. ھەموو ھەوڵی ئەو بریتییە لە تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیر و نیشاندانێتی وەک بوونەوەرێک کە چیدی ئەو زاتە نییە خاوەن پرنسیپ و داکۆکیکەر و بەرگرییکەر لە ماف و بەھا ئینسانیی و گەردوونییەکان، بەڵکو وەزیفەی فیکریی ئەو شەرعییەتدانە بە بێھاوتایی و دانسقەیی مێژوویی سەرۆک و بەیعەتدانە پێی. براگەورەکان ھەموویان ڕقیان لە کتێب و خوێندنەوەیە، بۆیە لە مەملەکەتەکەیاندا کاتێک باس لە کتێب و رۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس دەکرێت، ڕاستەوخۆ دەست بۆ دەمانچەکەیان دەبەن. کتێب بۆ براگەورە ئەو فارماسییەیە کە دەتوانێت ھەم ژەھر بێت و ھەم دەرمان. لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا بۆمان دەرکەوێت کە براگەورە خۆی نووسەری نھێنیی ئەو کتێبەیە کە کەسە ناڕازیی و یاخییەکان بێئاگا ریسک بەژیانی خۆیانەوە دەکەن بۆئەوەی بەدەستیبھێنن و بیخوێننەوە، چونکە وەکو مەرجەعی فیکری شۆڕشگێڕیی خۆیان تەماشایدەکەن. کتێبەکەی براگەورە کە خۆی دژ بە خۆی نووسیویەتی و بەنھێنیی خستوویەتییە ناو خەڵکەوە، تەڵەیەکە بۆئەوەی ھەموو ئەو کەسە یاخی و شۆڕشگێڕانە لۆکالیزە و دەستنیشانبکات کە بەدوایدا دەگەڕێن و بە نھێنیی دەیخوێننەوە و وەھمی ئەوەیان لا دروستبووە کە ئەلتەرناتیڤی سەرۆکێکی نھێنیی گەورەیان ھەیە دژ بە براگەورە و حیزب و دەوڵەتەکەی. لە ھەرێمی کوردستانیشدا نموونەی کاراکتەری سیاسیی و ئەدەبیی و ھونەریی و فیکریی و میدیاییمان کەم نییە کە لە دەرەوە رۆڵی شۆڕشگێڕێک لەناو ڕووبەری گشتییدا دەگێڕێن، بەڵام لەناوەوە چ بۆ پارە یان بۆ پایە کار بۆ تەوریسیی سیاسیی و خێزانیی براگەورە و برابچووکەکان دەکەن و زەمینە بۆ شەرعییەتدان بە سیستەمی سیاسیی و حیزبیی سوڵتانیزم سازدەکەن. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە کە مرۆڤی ئێمە گومانێکی قووڵی لە ڕاستگۆیی ھەموو ئەو کاراکتەرە دەبڵمۆڕاڵ و دووڕوانە ھەبێت.
■ بەرهەم مستەفا پێویسته فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بێنە دەنگ.... پارتی لەچەندین لێدوانی جیاجیاو فەرمی و نافەرمی ئەڵێت بارزانی لێرە بەدواوە وەک مەرجەعێک دەبێت بۆ کورد.. ئەم قسانەش بەتایبەت لەدوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی وەک کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم دیارکراوە، زیاتر دەکەوێتە بەرگوێمان... پەرلەمانتاران ئەبێت بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، بەدوور نازانرێت کە لەڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانیيەوە بابەتێکی لەوشێوە بهێنرێتە پێشەوە، یاخود لەدەستوردا وەلی عەهدێک دروستبکرێ ... ترسەکە کاتێک زیاتر ئەبێت کە لەبەرامبەر موراعاتی پارتی بۆ یەکێتی، دواجار فراکسیۆنی یەکێتیش بێدەنگ بێت. ئەرکی پەرلەمانتارانە لەسەر ئاستی لۆکاڵی و جیهانی کار بۆ لەچاڵنانی خەونی مەرجەعی خەڵکی کوردستان بکەن وەک کەس، تەنها مەرجەع ئەبێت پەرلەمان بێت.. ئەم بیرۆکەیەش کاتێک ڕووئەدات بەوەی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، خودی پارتیش نایەوێ لەنێو خەڵکەوە هەڵببژێرێت نەک لەبەرئەوەی بڕوایان بە سیستمی پەرلەمانی هەیە، بەڵکو نایەنەوێ لەڕووی پێگەو دەسەڵاتەوە بارزانی برازا دەسەڵاتەکانی لە بارزانی مام زیاتر بێ..، بێگومان دەسەڵاتەکانی وەک پێشوو نابێت، یاخود ئەگەر دەسەڵاتیشی هەبێ، ئەوا پەرلەمان ئەتوانێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات بەو حوکمەی لە پەرلەمانەوە سیقەی وەرگرتووە..، هەربۆیە لێرەو لەوێ بارزانی وەک مەرجەع ئەدرێت بەگوێی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیيەکاندا تابکرێتە ئەمری واقیع .. چونکە مێژوو پێمان ئەڵێت لە نێو بنەماڵەی بارزانیدا دەستبەرداربوون لەپۆست کارێکی ئاسان نەبووە،.. دەکرێ کۆدەنگی نیشتیمانی لەنێو پەرلەمان بۆ دروستبکرێ بۆ ڕێگری کردن لەخەونی مەرجەع وەک کەسایەتی، تاڕادەی جوڵانی شەقام و ڕونکردنەوەی ئەم مەترسییە بۆ خەڵکی کوردستان ... چونکە بەدروستکردنی مەرجەع ،سەرۆکایەتیيەکی هەرێمی بێ ئەرزش و پەرلەمانێکی لاواز و حکومەتێکی پوچەڵ لەدایک ئەبێت، هەر بڕیاڕێک کە ڕەهەندی نیشتمانی هەبێ ئەوا بێ دوودڵی مەرجەع ئەیدات... دەکرێ بارزانی مەرجەع بێت بۆ پارتی، بەڵام ناساندنی وەک مەرجەعی کورد و بێدەنگ بوونی لایەنەکان، هیچ ناگەیەنێت جگە لەتەسلیم بوون.
■ دانا حەمەعەزیز کەوتنی کۆماری مهاباد لە ناوەڕاستی چلەکاندا، بە چاوپۆشین لە ساویلکەیی کورد، ناپاکیی و نامەردی ڕوسەکان بوو. لەبەرامبەردا، ئاشبەتاڵی ٧٥ جگە لە ترسنۆکیی و بێ مەرج خۆ بەدەستەوەدانی سەرانی ئەوسای کورد، دەستی هیچ کەس و لایەنێکی تێدا نەبوو بە ئەمریکاشەوە. ئەمریکا هۆکاری هەڵگیرسانی یاخیبونی ئەیلول نەبوە، هاوکاری ڕاستەوخۆی بزوتنەوە چەکداریەکە و دراوسێی کوردوستانیش نەبوە، نە لەدەسڵاتیدا بوو، نە ئیش و بەرژەوەندیشی بەئەوە هەبوو ڕێ لە زەلیللی و خۆ بەدەستەوەدانی سەرانی کورد بگرێ. هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ، دەست و پشتیوانی ئەمریکای لەپشتەوە نەبوو، بە پێچەوانەوە ئەم شۆڕشە هەڵگری ئایدۆلۆجیای چەپ بوو کە سوڤیەت سەرکردایەتی ئەکرد، پشت ئەستور بوو بەکۆمەکی راستەوخۆی وڵاتە عەرەبیە ئیشتراکیەکانی وەك سوریا و لیبیا و دواتریش ئێران کە هەموویان لەسەنگەری دژایەتی کردنی ئەمریکادا بوون، ئەمە لەکاتێکدا سەدام بە ڕیژەی لە ٩٠% پشتی بە کڕینی فڕۆکە و تانك و چەكی سۆڤیەتی بەستبوو لەشەڕ دژی ئێران و کورد بە ئەنفالیشەوە. دوای کۆرەوەکە، ئەمریکا و فرەنسا و بریتانیا بڕیاری ٦٨٨ یان لە ئەنجونەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرکرد، راستەوخۆ ناوچەی ئارام و دژەفڕینیان لە سەروو هیڵی پانی ٣٦ وە ڕاگەیاند، بنکەی تەنسیقی سەربازیان هینایە زاخۆ. بەڵام کاتێ پارتی دەبابە و حەرەس جمهوری ئەهێنیتە سەر هەولێر و کوردوستان، ئەمریکا و خۆراوا شەرمەزار و بێ ئامانج ئەمێننەوە، ئەمریکا ناچارە MCC بۆ ناو تورکیا و هەزاران کوردی خاوەن سکیڵ بەپەلە بۆ دورگەکانی پاسفیک و لەوێشەوە بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە. هەموو هەوڵیکی خۆراوا بۆ کۆتایی هێنان بوو بەرژیمی بەعس. ئەمریکا ئاسمان و زەمینی لێ داخستبوو، بەئاشکرا گەڕی بەسەدام ئەکرد، کەچی پارتی شانازی بە هاوپەیمانیتی ئەم کابرایەوە ئەکرد، برایم خەلیلی کردبوە دەروازەی بەعس و، سەرە تاوانبارەکانی ئەم ڕژێمە بەڕێزەوە لێرەوە هاتوچۆیان ئەکرد. ساڵی ١٩٩٥، بەدەسپیشکەری فرەنسای شەریکی ئەمریکا، ڕێکكەوتننامەی پاریس وەك هەوێنی دەوڵەتی دامەزراوەی کوردوستانی عێراق ئیمزا ئەکرا، بەڵام کە پارتی بە تورکیای ئەفرۆشێ، کلینتن و میتران و مەیجەر لە شەرمەزاری بەولاوە چیان بۆ ئەمێنێتەوە؟! دوای روخانی سەدام، ئەمریکا دەوڵەتێکی تازەی لە عیراق دروستکردو، لەپێناویدا هەزاران سەربازی بەکوشتدا و سەدان ملیار دۆلاری خەرجکرد، کەچی بارزانی کەوتە موقاتەعە و دژایەتیکردنی ئەم دەڵەتە. هەموو دنیا دژی داعش وەستا، کەچی بارزانی بە درواسێی نوێ ناوی برد! ئەمریکا و زلهیزەکانی خۆراوا، بەئاشکرا پشتیان کردۆتە گەورەترین دۆستی ستراتیجیان لە ناوچەکە و، ڕاستەوخۆ پشتیوانی کوردوستانی سوریا ئەکەن، کەچی پارتی دژایەتیان ئەکا و سنوریان لێ دائەخا! ئەمریکا لەبەرزترین ئاستدا ڕجای لەبارزانی کرد ڕیفراندۆم نەکا، وەزیری دەرەوە بەدۆکۆمینت بەڵێنی گەورەترین پشتیوانی بە کورد دا و ڕاستگۆیانەش عاقیبەتەکانی ڕیفراندۆمی پێ ڕاگەیاند، بەڵام بارزانی پەنجەی هەڕەشەی لە ئەمریکا بەرزکردەوە! عێراق ١٥ ساڵە بەدەست تیرۆرەوە ئەناڵێنێ، خەڵتانی خوێن بووە، سەدان هەزاری لێکوژراوە و داعش نیوەی خاکەکەی داگیر و کاولکرد، کەچی بە یەکگرتوویی ماوەتەوە، هەڵبژاردن ئەکا، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ئەکا، پرۆسەی دیمۆکراسیی و ئاوادەنیی و گەشەی ئابوری رۆژبەڕۆژ بۆ پێشەوە هەنگاو ئەنێ. بەڵام لە هەولێر بارزانی ئیمارەتێکی ڕەجعی رائەگەیەنێ، زمان و خاکی هەرێم لەت ئەکا، هەموو کایەکانی ژیان مۆنۆپۆڵ ئەکا و پەتای دووبەرەکیی و جیاکاریی لەنێوان ناوچەکانی هەرێمدا ڕۆژ بەرۆژ زیاتر بڵاو ئەکاتەوە. بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراقە و هەموو دنیا ڕێزی ئەگرێ، کەچی بارزانی دژایەتی ئەکا. ئەمریکا خاوەن بەرژەوەندی و ستراتیجی خۆیەتی و، لەو چوارچیوەیەدا لەگەڵ دۆست و نەیارەکانی مامەڵە ئەکا، بێ مەعنایە تۆ بێ منەت بیت لە میللەتەکەی خۆت، لەدەرەوەی بەرژەوەندی ئەمریکا و بە فیتی ئەم و ئەو بجوڵێیت و گلەیی بێ وەفایی لە ئەمریکا بکەیت. بۆچونێکی هەڵەشە، ئەگەر پێمان وابێ لادانی بارزانی پەیوەستە بە هەڵوێستی دووڕوویی ئەمریکاوە، چونکە مانەوەی بارزانی لەناوچەیەکی ستراتیجیی هاوسنور لەگەڵ هەرچوار داگیرکەرەکەی کوردوستان، ویست و ئیرادەی هەر چواریانی لەسەرە و، گرەنتی جڵەوکردنی بزوتنەوەی سیاسیە لە هەموو کوردستان.
■ شیروان شێروانی ساڵانە لە یادی كاوە گەرمیانی لە دهوك (پارتی و یەكگرتوو) بەشداری دەكەن، بەڵام بو یادی سەردەشت عوسمان بەشداری ناكەن. میدیای پارتی ڕوماڵی یادی شەهید كاوە گەرمیانی دەكات بو لێدانیی یەكێتی و هی یەكێتیش كەیسی سەردەشت عوسمان بو لێدانی پارتی دەوروژێنێت. ڕوڵی ئێمە دەبێ لەوە گەورەتربێ بهێلین، ئەو دوو حزبە تیرورستە، و دوو دەزگا خوێناوییە، و دوو زهنیەتە نادیموكراتە، دەست بخەنە ناو ئەو یادە. هەردوو بناماڵە حوكمڕانیەكە( ئال بارزانی و ئال تاڵەبانی)، وهەردوو دەزگا سەپێنراوەكە (پاراستن و زانیاری) بەرپرسی یەكەم و كۆتایی تیرورن لەم هەرێمە. ئەوە كێشەی خۆیان تیروریشیان كردووتە فیفتی فیفتی، كێشەی ئێمە لە گەڵ یەك زهنیەتە كە هەردوكیان لە ژێر چەترەكەن. ئەویش زهنیەتی تیرور و تەصفیە و سڕینە و قبوڵ نەكردنی بەرامبەر و هەزمنەكردنی رەخنەیە. لە چاوی ئێمە تیروری كاوە و تیروری سەردەشت، زادەی یەك زهنیەتی تیروریستین، تەزویر زادەی یەك بەرنامەی نادیموكراسییە، نەوت دزین وپترو میدیای ئەملا و ئەولا هەر زەیی و جەردەیی یەك تاقمی مشەخورە. دوو ئیدارەیی وشەڕە پەڕو وجاشایەتی نێودەولەتی وسازانی ژێر پەردە ، هەمووی لە ژێڕ یەك چەتر كۆدەبێتەوە، ئەویش سیستەمی فیفتی بەفیفتی بنەماڵەیییە لە سەر كەیسی ئەم میللەتە. بەشداریكردنی پەرلەمانتارانی (پارتی ویەكگرتوو) لە یادی كاوە گەرمیانی وبەشداری نەكردنیان لە یادی سەردەشت وەك چۆن ئەوانەی یەكێتیش بو یادی كاوە، ئەوپەڕی پارادوكسی ئەو سیستەمە جمكبنەماڵەیییە، كە ئێمە دژین. ناكرێ ئەوەمان لە بیربچێ لە یادی سەردەشت عوسمان لە هوڵی میدیای هەولێر، پارتی پەخشی راستەوخوی كەی ئێن ئێنی راگرت بە فشاری سیاسی بو سەر گۆڕان، لە كاتێكدا رێكخستنەكانی خۆی تەوجیه بكات بۆ ئەوەی یادی كاوە گەرمیانی ئیستیسمار بكەن. چ شەرمەزاریەكی گەورەیە، كومەلێك قرمسازی پارتی بێنە بەردەم پەرلەمان وداوای چارەنووسی روژنامەنوس (محمد سیاسی) بكەن، دژی سۆران عومەر بەكاری بێن، لە كاتێكدا لە سایەی سەروك حكومەتە تازەكەیان، مەسرور بارزانی، چەندین روژنامەنووس تیروربكرێن و بە سەدانی تر بریندار وپەلاماربرێن، ئەوان بێن ئەوە ئیستیسمار بكەن ودیماگویانە ئەوەی تر پێ بشارنەوە.
■ نەجات نوری ناسیۆنالیزم، ئەم ئایدۆلۆژیایە لای هەندێك كەس بە درێژای دەیان ساڵە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتێكی ستەمكارانەو تۆقێنەرانەو دەیان میللەت باجی قورسیان تێداداوە، ئەم چەمكە زۆر لە مێژە هەڵگری دەیان خوێندنەوەو تێڕامانە تا بە ئێستا دەگات، لە زۆركاتدا ئەو كەسانەی لە یەك لاوە لەم چەمكەیان روانیبێتو كردبێتیان بە دەستكەوتی خۆیان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی نەتەوەی لە دواجاردا ئەو دەوڵەتە بۆتە خراپترین دەوڵەتی ستەمكاریو دیكتاتۆریانە. بەڵام لەلای هەندێك خۆرهەڵاتی تا بە لای ئێمەش دەگات نەتەوەخوازی ئەو خوێندنەوە وردەی بۆ نەكراوە تا بە گرنگیەوە لێی تێبگەنو بزانین كەیو چۆنو بۆچی كاری بۆدەكەین، ئەم گروپانە لەم تێڕوانینانەیانەوە هەمیشە ئەم ئایدۆلۆژیایەیان كردووە هۆكارێكی تۆقێنەرانەو زاڵمانە دژ بە نەیارو شارەكانی تر. بە هەرحال ئەوە یەك دوو جارە لە زۆر كەناڵو گفتوگۆدا گوێم لێدەبێت بەتایبەت زۆكەسی كۆمۆنیستو ئیسلامی فاشل دێن لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەدوێنو دەیانەوێت وا خۆیان پیشانبدەن كە جگە لە خۆیان ئیتر كەسی تر نیە بیری لای دەوڵەتی نەتەوەیو سەربەخۆی كوردستان بێت... ئەمانە هەر بەم دەنگە بچوكەی خۆیانەوە نەوەستاون هاتوون بە دەهۆڵێكی دڕاوی كۆن دەیانەوێت خەڵكی (سلێمانی) وا پیشانی خەڵكی دهۆكو هەولێر بدەن كە ئەمانە بەرەو عێراقی دەچنو دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر عێراقو دووركەوتوونەتەوە لەبیری نەتەوەو سەربەخۆی... ئەم دەنگە بچوكە نەشارەزایانە لەم كاتانەدا بۆچی دێن خەڵكی دەڤەری سلێمانی بەم ناوە تاوانباردەكەن؟ دەیانەوێت چی لە خەڵكی سلێمانی بكەن؟ هیچ گومانی تێدانیە ئەم دەنگە بچوكانە نایانەوێت دان بەشكستو گەندەڵیو ناسیاسی خۆیاندا بنێن، دێن خەڵكی ئەم دەڤەرە زیندووە بەتاوانباردەكەن كە خەڵكی سلێمانی بیریان لەلای عێراقەو دەیانەوێت بچنەوە سەر عێراق... دەهۆڵكوتان بۆ ناشیرینكردنی خەڵكی سلێمانی زۆر لە مێژە لەلاین زۆر كەسانی شكست خواردوی ناسیاسیو نا رۆشنبیری كوردو عەرەبەوە لێدەدرێت... هەر جارە لەژێر بیانویەكدا بۆ پاساوی شكستی دەسەڵاتو بەرنامەكانیان دێن ئەم شارە دەخەنە بەرەی خراپەكارانو دوژمن بە كوردستانو سەر بەخۆییەوە... ئەم دەنگە نەزانو بچوكانە چەند بدوێن هیچ لە ئیرادەو دیدی پێشكەوتخوازانەی خەڵكی سلێمانی كەم ناكاتەوە. دیارە خەڵكی ئەم دەڤەرە باش لە رەفتارە شكست خواردۆكانی نەتەوەخوازەكانی كورستان تێدەگەنو دەزانن لە چ روانگەو مەرامێكەوە ئەمانە دەیانەوێت داوای سەربەخۆی بكەن... زۆر باش ئەم دەنگە نا سیاسیانە لە ئەمڕۆدا تێدەگەن خۆ ئەگەر خەڵكی ئەم دەڤەرە زنیدووەی سلێمانی نەبووایە ئێستا كوردستان هەر نەدەبوو بەم شێوەیی ئێستا، كە ئەم خاڵە گرنگە دەزانن ناتوانن دان بە حەقیقەتو راستی لەمێژینەی خەڵكی سلێمانیدا بنێن بۆ خەباتو شۆڕشو بیری نەتەوەی گەورەیان، بۆیە دێن دەیانەوێت شكستی سەربەخۆی بخەنە ئەستۆی خەڵكی ئەم شارەو دەوروبەری بیكەن بە لەكەیەكی خراپ لە مێژوی ئەم شارەدا. ئەم هەوڵانەیان ئەوەندە بچوكە كە دەبێت شەرم لە هەموو تەمەنی خۆیان بكەنو نەوێرن لەدووریشەوە باسی ئیرادەو بیری خەڵكی سلێمانی بكەن... بەداخەوەم بۆ بێدەنگ بوونی زۆر لە نووسەرانو ئەدیبانو پیاوە مەردەكانی ئەم شارە كە لەئاست ئەم هەموو تۆمەتە بێبەنەمایانەدا بێدەنگ بوون... دەبێت بڵێم خەڵكی سلێمانی باش ئەوەدەزانێت كە دەوڵەتی سەربەخۆی مانای چییەو لەكوێداو كەی دێتەدی، ئەوە خەڵكی سلێمانی نین كە بوون بە عێراقچیو دەچنەوە بە بەغداد، بەڵكو ئەوە سەربەخۆی خوازەكانبوون چوونەوە بە بەغدادو پشتیان كردە گەلو ئومێدەكانیان... ئەوە خەڵكی سلێمانی یە كە دژی هەموو ئەو گەندەڵو كەسە ناسیاسیو شكستخواردوانەن كە بیستو هەشت ساڵە لە پێناو گیرفانی خۆیاندا میللەت بە دەیان بیرو وێنەی وهمی فریودەدەن. بۆیە باشترە ئەم دەنگە بچوكانە كە لە هەموو بوارەكاندا شكستیان خواردووە باسی ئیرادەو بیری خەڵكی سلێمانی نەكەن.
■ ئاسۆ حاجی گواستنەوەی دەسەڵات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لە ناو ماڵباتی بارزانی گواستنەوەی ئەرک و پەیامە نەک ئیمتیازات و پۆست و خۆدەولەمەند کردن و پاوانکردنی وڵات،ئەو پەیامە کە کرۆکەکەی عەقیدەی بارزانە تەمەنی لە دوو سەت ساڵ زیاترە،ئەوانەی کە بە دەست لە پشتدان یانە روانگەی حیزبیەوە لێکدانەوە بۆ بەربژێر کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و مەسڕوڕ بارزانی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن هەقە ئاوڕێک لە دیرۆکی ئەو بنەماڵەیە بدەنەوە و هەوڵبدەن لە جەوهەری باوەڕی بارزان تێبگەن. زێدەتر لە دوو سەت ساڵ پێشی هەنوکە شێخ عەبدولسەلامی یەکەم،خواپەرستی و خاکویستی بوونە بنەمای دامەزراندنی تەکیەی بارزان و هەوێنی باوەڕی ئەو تەکیەیە کە دواتر لە سەردەستی نەوەکەی خۆی شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە سەرتای سەتەی بیستەم دەبێتە چوارچێوەی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان و تەواو وەدیارکەوتنی بیری کوردایەتی. شێخ عەبدولسەلامی یەکەم لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و لە ڕێگای هەندێک شێخ و ئاغای کورد کە گرێدرای ئەو دەسەڵاتانە بوون فشاری لێ دەکرا کە بەلایەکدا بکەوێ،بەڵام ئەو هەر لەگەڵ خەڵکی خۆی بوو و دەستبەرداری بیروباوەڕ و عەقیدەی خۆی نەبوو،لە کۆتاییەکانی سەتەی نۆزدەم شێخ محەمەدی کوڕی توشی شەڕ و هێرشکردنە سەر بۆوە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی باوەری بارزان بەڵام کارەکە پێچەوانە کەوتەوە و لە سەردەمی ئەو بیروباوەڕی بارزان زیاتر تەشەنەی کرد و فیدراسیۆنی نێوان حەفت عەشیرەتی لێ کەوتەوە کە ئێستا بەهەموویان دەگووترێ بارزانی. شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە ساڵی 1908 داوا لە سوڵتانی عوسمانی دەکا مافە نەتەوەیەکانی کورد بسەلمێنێ و لەو پێناوەدا بزاڤ لە نێوان بارزان و شارە گەورەکانی باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەستەنبۆل دەکا،لە دەرئەنجامدا بەهۆی خیانەتی سەرۆک عەشیرەتێکی کورد دەکوێتە دەست عوسمانیان و لە ساڵی 1904 لە موسڵ لە سێدارە دەدرێ و تا ئێستاش گوڕی لەوێیە. شێخ ئەحمەد بارزانی لە ساڵانی سیەکان و چلەکانی سەتەی بیستەم دووجار شۆڕش لە دژی ئینگلیزی و حکومەتی عیڕاقی بەرپا دەکا،جاری دووەم پاشەکشێ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و تێکەڵ بە هەولەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەبن لە مهاباد کە هێزی بارزانیان گەورەترین و ئازاترین هێزی شەڕکەری کۆمار دەبن و تا دوا سات بەرگری لێ دەکەن. مستەفا بارزانی کە لە کۆماری کوردستان سەرۆک ئەڕکانی سوپاکەی دەبێت، دوای ڕوخانی کۆمار لەگەڵ زیاتر لە پێنج سەت پێشمەرگە ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت دەکا،بەڵام شێخ ئەحمەد کە خودانی بارزان بوو لەگەڵ خیزانەکانی بارزانیان گەڕایەوە عێڕاق لە کاتێکدا فەرمانی لە سێدارەدانی هەبوو خۆی و کورەکانی و برازا و ئامۆزاکانی،کاتێک دگەنە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشوری کوردستان لە دەڤەری گادەر بە مستەفا بارزانی دەڵێ هەر پێشمەرگەیەک لەگەڵت دەمێنیتەوە خۆتان بە دەستەوە مەدەن و خۆتان بگەیێنە سۆڤیەت و نەتەوە و وڵاتی خۆتان لەبیر مەکەن، هەروەها دەڵێ من نازانم چیم بەسەر دێ بەڵام نابی رێگە بدەین هیچ هێزێک لە زێدی خۆمان دامان برێ بۆیە من بەبێ مەرج و هەرچی بەسەرم بێ لە پێناو میللەتەکەم خۆم ڕادەستی عێڕاق دەکەمەوە،ئەوە لە کاتێکدایە دوای روخانی کۆمار لە مهاباد کاتێک هێزی بارزانیان بۆ دەڤەری شنۆ پاشەکشێ دەکەن،شای ئێران داوا لە شێخ ئەحمەد دەکا کە لە ناو سنوری ئێران بمێنێتەوە و بەڵێنی پێدەدا کە ڕادەستی عێڕاقیان ناکاتەوە بەمەرجێک چەکەکانیان دابنێن. مستەفا بارزانی بۆ ماوەی چواردە ساڵ سەرکێشی هاوچەرخترین و بەهێزترین شۆڕشی نەتەوەیی و نیشتیمانی کرد کە بۆیەکەمین جار حکومەتی عیڕاقی ناچار کرد مل بۆ داواکانی خەڵکی کوردستان بدا و رێکەوتن لەگەڵ بارزانی بکا و دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بنێ. مەسعود بارزانی لە پەنجا و شەش ساڵی پێشمەرگایەتیدا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە کوردستان سەربەخۆبێ و گەلی کوردستان ئازاد بێ،ئەنجامدانی ریفراندۆم لوتکەی ئەو هەوڵدانانە بوو کە ئەگەر خیانەت نەبا ئێستا باشوری کوردستان لە قۆناغ و رەوشێکی دیکەی سیاسی دا دەبوو، خەڵکی کوردستان لە دواین هەلبژاردن پاداشتی بارزانی و هەڵوێستەکانیان دایەوە بەوەی زۆرترین دەنگ بە لیستەکەی بدەن و چل و پێنج کورسی پەڕلەمانی کوردستان بباتەوە،بەوەش هەرێمی کوردستان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی کە ئەو مێژووە بە قوڕسی ئامادەیی دەبێت، بە تایبەتیش کە دوو کارەکتەری بەهێز و تاقیکراوەی ماڵباتی بارزابی لە لوتکەی دەسەڵات دەبن و یەکیان ئەوەی دیکە تەواو دەکات لە پێناو زیاتر بەهێزکردنەوەی پێگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان و مەسڕوڕ تەنها درێژکراوەی ئەو دیرۆکەن و پێشمەرگەی هەمان ڕێبازن کە ئەرکیان تەواوکردنی ئەو ڕێگایەیە کە لە سەت ساڵی ڕابردوو گەلی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن شەهیدی لە پێناو داوە. هەبوونی ئەو دوو جوامێرە لەو قۆناغەدا وەک پێویستی دەبیندرێ لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی و بەهیزکردنەوەی لە ڕووی سیاسی و ئابوریدا.
■ محەمەد هەورامی پارتی بەدرێژایی میژویی دوو ئیدارەیی هەرگیز پێی خۆشنیەو نەبووە هێزەكان لەیەكتری نزیكبن، چونكە هەمیشە مێنتاڵیتی وابوو یەكبوونی هێزەكان و سەرهەڵدانی هێزی نوێ واتای بێهێزی پارتی، لەدوا تۆماری دەنگیش ئەم مینتاڵیتیە بەڕوونی بەقسەكانی بارزانیەوە دیاربوو كاتێك باسی یەكبوونی هێزە كوردییەكان دەكات. من ناچمەوە سەر مێژوو كە دەیان نمونەی تیایە، ئەمەوێت قسە لەسەر داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر بكەم كە بە لقی دووەم و مەدەنی پەكەكە دەناسرێن لەباشوری كوردستان، ئەم بارەگایانەو چالاكییەكانی پەكەكەش بەدرێژایی چارەكە سەدەی ڕابردوو لەسلێمانی واڵابوون، بەڵام هەرگیز بەئێستاشەوە پەكەكە لەزۆنی زەرد نەك مەرغوب نەبووە، بەڵكو زۆرجاریش كوشتبڕ كراوە لەوێنەی مەزبەحەكەی جەمال مورتكە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەمیدیاو فیگەرە ناسراوەكانی پارتی دەیبینین كروزانەوەو ماركێتین بۆ ئەوەدەكرێت یەكێتی بارەگاكانی پەكەكەی داخستبێت ئەمەش پاشگرو پێشگری هەیە. بۆچی پارتی ئەم كارە دەكات؟ بڕیاری داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر بەفەرمی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوو، بەڵام بۆچی پارتی دەیەوێت یەكێتی تۆمەتبار بكات؟ لەڕووی لۆژیكی سیاسییەوە ئەگەر سەیری بابەتەكە بكەین، پەكەكەو یەكێتی لەڕووی بنكەی جەماوەری و كاری سیاسیشەوە زۆر نزیكن، نزیكیەكە بەجۆرێك هەرگیز دڵخوازی پارتی نییە، چونكە هەر لەئاستی سلێمانی نیە، بەڵكو لەئاستی پارچەكانی دیكەش كاریگەریی هەبووە، هەر بۆنمونە كردنەوەی نوێنەرایەتی كانتۆنەكان لەسلێمانی. پارتی دوو ئامانجی سەرەكی هەیە، ئەویش تێكدانی ئەو پەیوەندییە میژووییەی هەیە لەنێوان بنكەی جەماوەری پەكەكەو یەكێتی شڵەژاندنی دۆخی سلێمانی و زۆنی سەوز بەگشتی، پاشان مانەوەی دۆخەكە وەكو خۆی بۆ ئەوەی سزاكانی توركیا بۆ سەر بازاڕی سلێمانی و فرۆكەخانەكەی بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ پارتی دۆخە خوازراوەكەیە كە دەوێت. بەرای من قورسە تێكدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، چونكە هەم سەركردایەتی پەكەكە باشتر لەهەمووان لەپیلانەكانی پارتی تێگەشتوە، هەمیش یەكێتی لەدۆخێكی سنورداردا ئەم دۆخەی پێقبوڵەو درزێك ناكاتەوە پارتی بێتە ناوی، هەمیشە ئەوە ڕاستەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە پەكەكە بەبێ هاوكاری سلێمانی خەباتی بۆ ئەستەم دەبێت لەقەندیل، بۆیە لەهەموو روویەكەوە ئەو كارتەی پارتی هەڵیدایە حەوزەو پێی ناتەقێت.
