ئێرانییەكان جامی توڕەییان بەسەر منداڵی بەرپرسە دەوڵەمەندەكاندا دەڕێژن

Draw Media

2018-08-20 18:02:36



(درەو میدیا):
وێنەكانی ئاهەنگی هاوسەرگیری كوڕێكی "موحسین مورادیان" باڵیۆزی ئێران لە دانمارك لەگەڵ كچە دیزاینەر و نمایشكار " ئەناشید حسێنی"  رق و توڕەیی هاوڵاتیانی ئێرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە و لە هەڵمەتێكدا داوا لە بەرپرسان دەكەن موڵك و سامانی كەسە نزیكەكانیان ئاشكرابكەن.
لەبەر زۆری خەرجیی ئاهەنگەكە بە گاڵتەجاڕییەوە ناونراوە " ئاهەنگی هاوسەرگیری شاهانە"، ئەوەش لە كاتێكدایە ئێرانییەكان بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە دۆخێكی ئابوریی و دارایی سەختدا دەژین.

پەیامنێری رۆژنامەی " دەیلی تەلەگرافی " بەریتانیی رایگەیاند بوك و زاواكە ئاشكرایانكردووە كە خەرجی ئاهەنگەكەیان لە پارەی تایبەتی خۆیان دابینكردوە.
محەمەد بەهمەتی، بەڕێوەبەری پێشووی بانكی ناوەندی ئێران لە سەردەمی سەرۆكایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژادداا لە لێدونێكیدا بۆ " دەیلی تەلەگراف" ئاشكرایكرد ئێستا نزیكەی پێنج هەزار " ئاغازادە" لە دەرەوەی ئێران دەژین و وتیشی:" لەكۆی گشتیدا ئەوانە خاوەنی 148 ملیار دۆلاری ئەمریكین لە حساباتە بانكییەكانیاندا و ئەوەش لە یەدەگی دراوی بیانیی ئێران زیاترە و دەمانەوێت بزانین ئەوانە لەو وڵاتانە چی دەكەن كە ئاشكرایە ژمارەی ئەوانەی خوێندكاری زانكۆن و ناویان تۆماركراوە تەنها 300 خوێندكارن".
لە ئێراندا و لە زمانی فارسیدا وشەی " ئاغازادە" بۆ ئاماژەدان بە " منداڵی دەوڵەمەند" بەكاردەهێنرێت.
چەند هاوڵاتییەكی ئێران لە هەڵمەتی ناڕەزایەتییدا دژی ژیانی بەرپرسانی ئێران و منداڵەكانیان وێنە ئەو منداڵانەیان بڵاوكردوەتەوە كە لە شەقامەكانی تارانی پایتەختدا سواڵ دەكەن.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریی لە سەرتاسەری ئێراندا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران خراپی دۆخی ئابوری بۆ بڵابوونەوەی گەندەڵی و سیستمی بانكی و زۆربوونی بێكاریی دەگەڕێننەوە و مەنوچەهر فەرەحبەخشن كە شارەزای بواری ئابورییەو لە لەندەن نیشتەجێیە لە لێدوانێكیدا بۆ " دەیلی تەلەگراف" دەڵێت:" هەموو ئەوەی كە لەسەر ئایەتوڵا عەلی خامنەیی پێویستە بیكات ئەوەیە فۆرمێكی سادە ئامادەبكات  كە یەكێك پرسیاری تێدابێت دەربارەی ناوی بەرپرسە و بڕی سامانەكەی پێش شۆڕش و ئێستا دوای شۆڕش بووە بە چەندە".

سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand