لوكا مۆدریچ.. چیرۆكی یاریزانێك لە  "هەسارەیەكی تر"

Draw Media

2018-09-01 12:17:57



(درەو میدیا):
" ئەو یاریزانێكە لە ئەستێرەیەكی ترەوە هاتووە و باشترین یاریزانە لە مێژووی كرواتیادا" ئەوەش بە وتەی ئیڤان راكیتیچی هاوڕێی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی بەرشەلۆنە، ئەو یاریزانە، لوكا مۆدریچە كە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بەدەستهێنا دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بردەوە و لە مۆندیالی روسیاشدا هەڵبژاردەی وڵاتەكەی گەیاندە یاری كۆتایی.
مۆدریچ لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپادا بەسەر محەمەد سەڵاحی میسری و كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالیدا سەركەوت، هەروەها مۆدریچ خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لە ئەوروپا بۆ وەرزی 2017- 2018 بەدەستهێنا.


لوكا مۆدریچ كێیە؟
لوكا مۆدریچ 9ی ئەیلولی 1985 لە زادار لە كرواتیا لە خێزانێكی پەنابەر لە دایكبووە كە لەمیانی شەڕی بۆسنەدا لە هێرشی سربەكان هەڵاتوون، دایكی كرێكاری رستن و چنین بووە و باوكیشی میكانیكی جەنگیی بووە.
ژیانی منداڵی لوكا پڕە لەبیرەوەری تاڵ بەهۆی جەنگی سەربەخۆیی كرواتیاوە كە تێیدا باپیری كوژراوە و ئەو بیرەوەرییانەش پاڵنەرێك بوون بۆئەوەی بەردەوام سوربێت لەسەر سەركەوتن و چۆكدانەدان بۆ هیچ دۆخێكی نەرێنی لە ژیانیدا.
جۆسیپ پاسلۆ، سەرۆكی یانەی " ئێن كەی زادار" كە مۆدریچی بە منداڵی بینیوە دەڵێت:" منداڵێكی بچوكی لاواز هەبوو بەردەوام لە بەردەم یەكێك لە هۆتێلەكاندا یاری تۆپی پێی دەكرد، بەڵام زۆر بە خێرایی توانا و بەهرەی خۆی نیشاندەدایت".
لاوازی جەستەی گومانی زۆر لەسەر داهاتووی مۆدریچ كردبوو لە تۆپی پێدا، بەڵام بەهرەو تواناكانی قسەیەكی تریان هەبوو، هەر زوو بەهرە و توانی خۆی نیشاندا و بەناوبانگترین یانەی كرواتیا " دینامۆ زاگرب" ساڵی 2001 گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزاكرد، پاشان ساڵی 2008 چووە یانەی " تۆتنهام هۆتسبێر" و تا ساڵی 2012 لەگەڵ ئەو یانە ئینگلیزییەدا مایەوە ئنجا رویكردە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی و لەگەڵیدا چەندین پاڵەوانێتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی  بەدەستهێنا و نازناوی " كرۆیڤیی بچوكی" لێنرا.
لە 2018دا مۆدریچ رۆڵی بەهێزی هەبوو لە گەیشتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بە یاری كۆتایی مۆندیالی روسیا بۆ یەكەمجار لە مێژووی كرواتیانداو خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستهێناو پاشان خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئەوروپاو باشترین یاریزانی ئەوروپای بردەوە.
ئیڤان راكیتیچ دەڵێت شانازییەكی گەورەیە بۆی كە ماوەی 11 ساڵە لەگەڵ مۆدریچدا لە هەڵبژاردەی نیشتمانی كرواتیادا یاریی دەكات.


سەرچاوە: بی بی سی 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand