ئەڵمانیا دەیەوێت هاوكاری توركیا بكات و ئەردۆغان پەنا بۆ وڵاتانی كەنداو دەبات

Draw Media

2018-08-19 09:25:21



( درەو میدیا):
پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا پشتیوانی لەوەدەكات بەرلین هاوكاری دارایی پێشكەشی توركیا بكات و بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابوریش توركیا پەنا بۆ وڵاتانی كەنداو دەبات.
ئەندریال ناڵس سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكانی گروپی " ڤۆنكە" رایگەیاند حزبەكەی پشتگیری لەوە دەكات هاوكاریی ئەڵمانیا بۆ توركیا بەمەبەستی رزگاربوون لە قەیرانی ئابوریی گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
ناڵس وتی:" پێویستە لەسەر ئەڵمانیا ئەو هەڵوێستە بگرێتەبەر و هاوكاری توركیا بكات بەبێ‌ رەچاوكردنی ناكۆكییە سیاسییەكان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەدرۆغان".
وتیشی:" توركیا هاوبەشمانە لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی  و لە بەرژەوەندیی هەموومانە كە ئابوری توركیا سەقامگیربێت و كاربكرێت بۆ سنوردانان بۆ دابەزینی بەهای دراوەكەی".
هاوكات گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانیی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەداوە كە حكومەتی ئەڵمانیا هانی توركیای داوە، پرۆگرامی هاوكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قبوڵبكات، بۆ دەرچوون لە قەیرانی داڕمانی بەهای لیرە كە بووەتە هەڕەشە بۆ داتەپینی ئابوری توركیا.
گۆڤارەكە ئاشكراشیكرد رۆژی پێنجشەممە ئۆلاڤ شۆڵتس وەزیری دارایی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا توركییەكەی بەرات ئاڵبایراق گفتوگۆی كردووە و هانیداوە توركیا بە هەڵوێستیدا بچێتەوە بۆ رەتكردنەوەی پرۆگرانی هاوكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی."
بە گوێرەی راپۆرتەكەی گۆڤاری شپیگڵ، وەزیری دارایی توركیا بە هاوتا ئەڵمانییەكەی راگەیاندووە كە هەفتەی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری دارایی لە حكومەتە دۆستەكانی توركیا گەشتێك بۆ وڵاتانی كەنداو دەستپێدەكات و هیواشیخواستووە كە روسیاش ئامادەبێت كە هاوكاریی دارایی توركیا بكات.
ماوەیەكە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا گژی و ئاڵۆزی زۆری تێكەوتووە و ئەنكەرە ئامادە نییە قەشەیەكی ئەمریكی بەناوی " ئەندرۆ برۆنسۆن" ئازادبكات و لە كاردانەوەی ئەوەشدا سەرۆكی ئەمریكا ژمارەیەك سزای ئابوریی بەسەر توركیادا سەپاند و بەو هۆیەشەوە بەهای لیرەی توركیی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و توركیای دووچاری قەیرانێكی دارایی و ئابوریی كرد.


سەرچاوە: " DW "
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand