شیكاری: درەو # لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی حاکیمە، زیاتر دەبێت لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار. # ئەگەر ئەو پشکەی دیاری کراوە مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە (ترلیۆنێک و 384 ملیار) دینار. # لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت، ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (138 ملیار و 413 ملیۆن) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات.  # شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. # ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین، ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە زیاتر لە (135 مانگ) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە. یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)  لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە (18)ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت. لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە ، بە جۆرێک؛ -    لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، هەرێم پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1). دووەم؛ پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەت یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەک بریتین لە؛ 1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار •    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).   سێیەم؛ گێڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشت بە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق پاڵپشت بە پێشنیاری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە "هەمواری ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان" لە پرۆژە یاسای بودجەدا، کە لە (ماددەی 14 بڕگەی یانزەیەم)دا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە (10%)ی ئەو بڕە پارەیەی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوت کراوە زیاد بکات بۆ مووچەی خەرجکراو تا خەرجکردنی تەواوی ئەو لێبڕینانە". بەگوێرەی ئەم دەقە یاساییە لەم بەشەدا پاڵپشت بە داتاکانی پێشوو (پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم)، شیکاری ئەوە دەکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەو بڕگە یاساییە، کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر بودجەی هەرێم و بڕی پێویست لە بودجەی تەرخانکراو لە ماوەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆران چەند و چۆن دەبێت. وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی دیاری کراوە، بڕەکەشی بریتی دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن  و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دینار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. بەم پێیەش ئەگەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دیاری کراوەو مانگانە وەک خۆی بگاتە هەرێمی کوردستان ئەوا بڕەکەی دەگاتە (ترلیۆنێک و 384 ملیار و 136 ملیۆن و 596 هەزار و 833) دینار. ئەگەر لەو پشکەش بە ڕێژەی (10%) وەک شایستەی دارایی موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران خەرج بکرێت ئەوا مانگانە حکومەتی هەرێم بڕی (138 ملیار و 413 ملیۆن و 659 هەزار و683) دینار خەرجییەکانی لە بواری موچەدا زیاد دەکات.  وەک لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان پێدا، ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بریتیە لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەگەر ئەو بڕە لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچە دابەشی (ڕێژەی (10%)ی پشکی هەرێم) لە بودجەی مانگانە بکەین  ئەوا لە حکومەتی هەرێم پێوستی بە (135 مانگ و چەند رۆژێک) هەیە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی موچە خۆران بگێڕێتەوە، واتە زیاتر لە (11) ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی موچە خۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).  


  درەو: ئامادەکردنی: رێکخراوی ستۆپ/ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکی (NED) لەكۆی (32) دەروازەی سنوری هەرێمی كوردستان تەنیا (6) دەروازەیان بەفەرمی لەلایەن بەغداوە ناسێندراون، (13) كۆمپانیا لە دەروازە سنورییەكان كار دەكەن، (8) هێزی جیاواز خاڵە سنوریەكان دەپارێزن، 20% ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، 80%ی ئەو كاڵایانەی هاوردەی هەرێم دەكرێن، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت. •    لە هەرێمی كوردستان (32) دەروازەی سنوری هەیە (6) دەروازەیان بەفەرمی لەلایەن هەرێمی و بەغداوە ناسێندراوە، (20) دەروازەیان لەلایەن حكومەتی و هەرێم و بەغداوە نەناسێندراوەو (6) دەروازەی تریان تەنیا لەلایەن هەرێمەوە ناسێندراوەو لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.  •    قەبارەی ئالوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێم و توركیا و ئێران (16 ملیار دۆلار) بووە، لەو رێژەیە 48% لە رێگای توركیا بووە، 18%یش لە رێگای  ئێران بووە، ئەوی تریش لەگەڵ وڵاتانی دیكە بووە. •    داهاتی گومرگی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022؛ مانگانە (140 ملیار) دیناری ساڵەكە دەكاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار،  لە كۆی (4,800,000,000,000) دینار كە داهاتی نانەوتی ساڵێكی حكومەتی هەرێم. •    لە یاسای بودجەی عێراق داهاتی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان. بە (١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە، واتا داهاتی خاڵە سنوریەكان بەنزیكەیی 35%ی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. •    (13) كۆمپانیا لە بوارە جیاجیاكان بەشدارن لە بەرێوەبردنی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەمی ئەو گرێبەستانەش بەبێ كێبركێ بوە، بە رێژەی 25%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجی كۆمپانیاكان دەچێتر. •    بەرێژەی 20%ی ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، •    بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی كوردستان، 8 هێزی جیاوازی ئەمنی و سەربازی لە ئەركدان. •     80%ی ئەو بەرهەم و كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت،   دەقی راپۆرتەكە  کێشەی دەروازە سنورییەکان   لێکەوتی لەسەر ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان ئامادەکردنى: رێکخراوى ستۆپ/ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED)      ناوی راپۆرت: کێشەی دەروازە سنورییەکان لێکەوتی لەسەر ئابوری و داهاتی هەرێمی کوردستان نوسین و ئامادەکردنی: رێکخراوى ستۆپ  ساڵی چاپ: ئایارى  ٢٠٢٣ شوێنی چاپ: چاپخانەی کامبریدج – هەولێر بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ زنجیرەی (٣٦) ساڵی ٢٠٢٣ ستافی جێبەجێ کردنی پرۆژە بەڕێوەبەری پڕۆژە    رێکخەرى راپۆرت    لیژنەی هەماهەنگی ئاری عەبدوڵڵا    فەرمان رەشاد    خەتاب عەزیز         هەژار سەلیم         عبدالبارى ساڵح پڕۆژەى: بەهێزکردنى لێپرسینەوە و دەسەڵاتى یاسا له ههرێمی کوردستان Project: to Promote Accountability and Rule of Law in Kurdistan Region پرۆژە‌یه‌کی رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدانە، کە به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکى (NED) جێبه‌جێی ده‌کات، له‌ ته‌موزی ساڵی 2015 ده‌ستی پێکردوه‌، لەم وەرزەدا لە ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١ تا سێپتێمبەرى ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت. پرۆژەکە لەسەر دوو ئاست کارى کردووە، چاودێری کارنامەى کابینەى نۆیەمى بۆ هێلە گشتیەکانى چاکسازى، ئاستى دووەم تایبەتە بە کارکردن دەربارەى بودجەى لە هەرێمى کوردستان. رێکخراوی ستۆپ  بۆ چاودێری و پەرەپێدان SOMD-: رێکخراوێکی کوردستانیە بەگوێرەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان تۆمارکراوە، رێکخراوی ستۆپ لەبواری بەدامەزراوەیی کردن و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌ و بەهێزکردنی بواری لێپرسینەوە‌ و شەفافیەت لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، لەرێگای پاڵپشتی بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی تایبەت بە چاودێری ‌و لێپرسینەوە و نەهێشتنی گەندەڵی ‌و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵیان، هاوکات چاودێریکردن ‌و بەشداری کردن لە فشارە مەدەنیەکان ‌و جێبەجێ کردنی پرۆژەی درێژخایەن لەو بوارە. ئۆفیسی سەرەکی رێکخراو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە.   سندوقی نیشتمانی ئەمریکی بۆ دیموکراسی - NED: دامەزراوەیەکى تایبەتی قازانج نەویستە (نابازرگانی)یە کە لەساڵی١٩٨٣ دامەزراوە بە ئامانجی گەشەکردن و زیاتر بەهێزکردنی دیموکراسی لەسەرانسەری جیهان. بەشێوەیەکی سەرەکی لە لایەن کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شایستە دارایەکان لە بودجەی وەڵات بۆ دابین دەکرێت. ئەم دامەزراوەیە ساڵانە زیاتر بە (١٢٠٠) بەخشین لە (٩٠) وڵاتی جیاواز   پاڵپشتی لەو پرۆژانە دەکات کە لایەن ئەو رێکخراو و گروپ ناحوکومییە - سەربەخۆکان پێشەکەش دەکرێن کە  ئامانج و کارکردنی بڵاوکردنەوەی و چەسپاندنی دیموکراسییە. دەزگاکە لەلایەن ئەنجوومەنێک بەرێوەدەبرێت کە کەسایەتی ناودار و پسپۆر و شارەزای چەندین بواری جیاوازی تێدایە کە سەربەخۆن لە بریاردان. ١. پێشەكی هەرێمى کودرستان لەگەڵ دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەت، دەروازە گومرگییەكان، شادەماری ئابوری كوردستان بوونە، رۆڵێكی كاریگەریان لە دابینكردنی سەرچاوەی داهات هەبووە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە كێشە لە شێوازی بەرێوەردنیان هەبوە، بەتایبەت دوای دابەش بونی كوردستان بەسەر دوو زۆن. سەرەڕای یەكخستنەوەی ئیدارەكانی كوردستان، بەڵام تا ئێستاش دەروازەكان، بە دوو شێوازی جیاواز بەڕێوەدەرێن، كاریگەری دابەشبونە سیاسیەكان بەسەریاندا رەنگی داوەتەوە، بەرپرسانی باڵای حكومەتیش ئەو راستیەیان نەشاردۆتەوە. ئەم راپۆرتە كە لەلایەن تیمێكی 5 كەسی لە رێكخراوەكەمان ئامادەكراوە، دەرەنجامی 6 مانگ لە بەدواداچون و ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆی كراوەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان، تیایدا لەسەر كێشەكانی دەروازە گومرگییەكان لە چەند ئاستێك وەستاوین، لەوانە:     چوارچێوەی یاسایی كاری دەروازە گومرگییەكان.     كێشەكانی داهات و بەهەدەردان.     كاریگەری رێکارى دەروازەکان لەسەر بەرهەمی نیشتیمانی.     سەلامەتی خۆراك و بەرهەمە هاوردەكان. هاوكات لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ رێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی ئەم دەروازانە و بەربەستەكانی بەردەم ئەو هەوڵانە. هەریەكێك لەو كێشانەی كە هەن پەیوەندیدارن بە یەكەوە، چارەسەركردنی پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و جێبەجێكردنی بنەماكانی حكومڕانی باش هەیە،  هیوادارین ئەو دەرەنجام و راسپاردانەی لەم راپۆرتە هەن، بكرێنە بەشێك لە هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو دەروازانە. ٢.١ بەربەستەكانی بەردەم ڕاپۆرت: گرفتەکانى دەستگەیشتن بە زانیارى و جێبەجێ کردنى یاساى مافى دەستکەوتنى زانیارى: كاركردن لەسەر راپۆرتێكی لەو شێوەیە پێویستی بە داتا و زانیاری ورد هەیە، تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیانداوە لە زۆرترین سەرچاوەی جیاواز زانیاریەكان كۆبكەنەوە، بە گشتی زیاتر لە 25 سەرچاوە بەكارهێنراوە، بەڵام نەگەیشتن بە زانیاری پشتڕاستكراوە، یەكێك بوە لە گەورەترین كێشەكان،  بەهۆی ئەم هۆكارانەی خوارەوەیە: یەكەم: لاوازی كۆكردنەوە و رێكخستنی زانیاری لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، لە پاڵ ئەوەشدا شاردنەوەی لە هاوڵاتیان و میدیا و رێكخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دیكە. دووەم: جێبەجێ نەكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری ژمارە 11ی ساڵی 2013، ئەو یاسایە پشتیوانیەكی راستەوخۆی شەفافییەت و پێدانی زانیارییە بە گوێرەی یاسا و ناچاركردن دامەزراوەكان بەم ئەركە، بەڵام دەرنەكردنی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، كراوەتە پاساوی جێبەجێ نەكردنی، بۆیە لێرە جارێكیتر داوا لە حكومەت دەكەین، وەك چۆن پرسی شەفافییەتی كردۆتە یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەكەی، پێویستە یاساكە بخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە. سێیەم: نەبونی یاسای بودجە، حکومەتى هەرێمی كوردستان ماوەی 10 ساڵە بودجەی گشتی نیە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ناڕوونی لە داهات و خەرجییەكانی، هەبونی یاسای بودجە، هاوكار دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیان ئاگاداری داتا و زانیاریەكانی بواری داهات و خەرجیەكان بێت. سەرەڕای ئەم بەربەستانەش، تیمی ئامادەكردنی راپۆرت هەوڵیداوە زۆرترین دیقەت لە راپۆرتەكە هەبێت، هیچ زانیارییەك بەبێ بەدواداچون نەخرێتە ناو راپۆرتەكە. هیوادارین لە داهاتوو ئەم بەربەستانەی سەرەوە نەمێنێت، بۆ ئەوەی رێكخراوەكان و میدیا و دامەزراوەكانی دیكە، بگەنە زانیاری پشتراستكراوە، بۆ ئەوەی بتوانن شیكاری تەواوەتی و پێشنیاری گونجاو بۆ باشتركردنی سیاسەتە گشتیەكانی حكومەت بكەن. ٣.١   دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان لەکارنامەی کابینەی نۆیەم کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبەرواری (١٥/٧/٢٠١٩) یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامداوە، پرسی ریفۆرمی دارایی وەک یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی خۆی پەسەند کرد، لەچوارچێوەی (٥٢) خاڵی هێلە گشتیەکانى کارنامەکەیدا لە (١٣) خاڵدا باسی هێلە گشتیەکانی چاکسازی کردووە، کە لە ٢ خاڵدا باسى لە داهاتى ناوخۆ کردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، چەسپاندنی شەفافیەت لە داهاتى ناوخۆ و داپەرەوەرى لە وەرگرتنى باج کە بەوشێوەى خوارەوەیە: خاڵى شەشەمى هێلى گشتى چاکسازى بەوشێوە هاتوو، "کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار." خاڵى هەشتەمى هێلى گشتى چاکسازى هاتوو، "چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج". بەلەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵە، لەم راپۆرتەدا هەوڵدراوە لێکۆلینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی چاکسازیی کردن لە داهاتە گشتیەکان بەتایبەت پرسی دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان بکرێت. ٢. چوارچێوەی یاسایی دەروازە سنورییەكان لەسەردەمی رژێمی پێشوو، بەگوێرەی هەردوو یاسای پێناسی گومرگی ژمارە (77)ی ساڵی (1955) و یاسای گومرگەكان ژمارە (23)ی ساڵی (1984) كاروباری دەروازە سنورییەكان رێكخرابوون، دوای ڕوخانی رژێمی بەعسیش، بەتایبەت لە ساڵی (2010) یاسای بەژمارە (22)ى تعریفەی گومرگی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، لە ساڵی (2016) یاساى ژمارە (30)ى یاسای دەستەی دەروازە سنورییەكان دەرچوێندرا، ئەو دوو یاسایە لە ژێر رۆشنایی دەستوری عێراق كە لە مادەی (114) تایبەتمەندی هاوبەشی لە بەرێوەبردن بۆ دەروازە سنوریەكان لە نێوان هەرێمەكان و ناوەند چەسپاندوە. ١.٢ رێکارەکانى حكومەتی هەرێمی كوردستان:  بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (2)ی ساڵی (2008)، هەروەها مادەی 10 لە یاسای وەزارەتی دارایی ژمارە (2)ی ساڵی 2010 دەروازە سنوریەكانی بەڕێوەدەبات. هەروەها بەپێی بریاری ژمارە(11)ی پەرلەمانی كوردستان لە سالی 1992 هەموو ئەو یاسانەی تا (31/10/1991) لەسەردەمی رژێمی ئەوسای عێراق دەرچون جێبەجیدەكرێن، ئەگەر لەپەرلەمانیشەوە جێبەجێكاریان بۆ نەكرێت. هەروەها بەپێی رای پەرلەمان و ئەنجومەنی شوراش ئەو یاسایانەی لە دوای (2005) دەرچون كە خەسڵەتی یەكگرتویان هەیە بەهەمان شێوە جێبەجێكراو دەبن. بەڵام ئەو پرس و بابەتانەی رێگەپیدانی هاوبەشیان هەیە یاخود زیاتر تایبەتن بە هەرێم ئەوە پێویستە لە پەرمان جێبەجێكردنی بۆ بكرێت. ٣. دەروازە سنورییەکان دواوبەدواى راپەڕینى بەهارى ١٩٩١ و پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان یەکێک بووە لە پرسە گەرمەکان، کێشەیەک کە لە نێوان هێزەکان یەکلایی نەکرایەوە و بوو بەهۆکارێکى شەڕى ناوەخۆش. تاوەکو ئێستا گرفتى دەروازە سنورییەکان بەهەڵپەسردراوى ماوەتەوە و چارسەرى ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە. مانەوەى ئەو کێشەیەش کاریگەریى و لێکەوتەى خراپی بەسەر ئابوورى هەرێمى کوردستان هەبووە و دەبێت. لەو بەشەدا گرفتى دەروازە سنورییەکان دەخەینە بەرباس. ١.٣ زانیارى دەربارەى دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان ئێستا حكومەتی ناوەندیی عێراق، خاوەنی (14) دەروازەی سنوریی نێودەوڵەتییە، لە بەرامبەردا هەرێم خاوەنی (11) دەروازەی سنورییە لەگەڵ كێلێ كە لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە دەبنە (12) وەک لە راپۆرتی دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق دا هاتوە لە هەرێم (6) دەروازە دانیانپێدانراوە و بەرەسمی ناسێنراون، ئەوانى تر بەرەسمى نەناسێنراون. دەستەى بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان: بەپێی یاسای دەروازە سنورییەكانی عێراق، دەستەى بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان پێكهاتووە، نوێنەری ئەو پارێزگایانەی تێدایە كە دەروازەی سنوریان هەیە، بەڵام تائێستا نوێنەری شارەکانى هەولێر، دهۆك و سلێمانی لەو دەستانە نییە، ئەوە جگە لەوەی بەگوێرەی یاساكە نوێنەری چەندین دامەزراوە و وەزارەتی دیكە هەیە، بەڵام هیچ نوێنەرێكی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكە نیە.  خشتەى ناوى دەروازە فەرمییەکان لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان     هاوکات لە هەرێمى کوردستان چەندین دەروازەى دیکە نە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى نە لایەن حکومەتى هەرێم بەفەرمى نەناسێنراون، لە خشتەى خوارەوە خراوەتەڕوو: خشتەى ناوى ئەو دەروازانەى کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و هەرێم بەفەرمى نەناسێنراون     لەلایەکى دیکەدا، (٦) دەروازەى سنوری کە لەلایەن حکومەتى هەرێم بەفەرمى ناسێنراون، هێشتا لەلایەن حکومەتى فیدراڵى نەناسێنراون، بەڵکو لە ژێر لێکۆلینەوەن، لە خشتەى خوارەوە روونکراونەتەوە:  خشتەى دەروازەى سنوورى نافەرمى لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و بەفەرمى ناسێنراو لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان   واتە بە کۆى گشتى ژمارەى دەروازە سنورییەکان لە هەرێمى کوردستان بەوشێوەى خوارەوەیە: ژمارەی دەروازە سنورییەكان لە هەرێمی كوردستان   ٢.٣ گرفتەکانى کارى دەروازە سنورییەکان لە خوارەوە بەشێک لە کێشە بنەڕەتیەکانى دەروازە سنورییەکان دیارى کراوە، کە لە هەرێمى کوردستان زۆرترین قسە هەڵدەگرێت و پێویستى بەپێداچوونەوەى جدى هەیە.      گرفتى قاچاغچیێتی و یەکلایی نەکردنەوەى دەروازە لاوەکیەکان.     خراپی سیستەم و نەبونی رێنمایی و سیستەمی ئەلكترۆنی یەكگرتووى سەرتاسەرى.     یەکلایی نەکردنەوەى پرسی لیخۆشبوون.      بە تایبەتکردنى کارى دەروازەکان بۆ كۆمپانیاکان لەبەرامبەر کەرتى گشتی.     مامەڵەى دوو زۆنی لەگەڵ دەروازە سنورییەکان.     نەبونی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەكان و دەروازە سنورییەکان.     نەبونی پسولە و فۆرمی یەكگرتوو بۆ مامەڵەى دەروازەکان.     کێشەى كوالیتی كۆنترۆل و گرێبەستەكان.     نەبونی ئامێری پشكینەری سۆنەر پێویست و باش .     نەبونی بانك و سیستەمی  کارى بانكی.     پێناسەى گومرگى.     كەمی ژمارەی كارمەندانی دەروازە سنورییەکان.     پۆلێننەكردن و تبویب نەكردنی كاڵاکان. ٣.٣ دیاردەى قاچاخچیەتى  لەئەنجامی بەدواداچون بۆ دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەیەکی قاچاخ و گەندەڵیە و داهاتەکەی ناشەفافە، دەستەی دەروازە سنوریەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات دەروازە سنوریەکانی هەرێم لەژێر هیچ چاودێری و کۆنترۆڵێکی عێراقدا نین و پابەندی بڕیاری ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠١٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نابن. ١.٣.٣ قاچاخچیەتى رێکخراو: لە هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پرسى قاچاخچیەتى یەکلایی بکرێتەوە، بەرپرسانى باڵا لە حکومەت و پەرلەمان و حزبەکان دانى پێدادەنێن، کە جورێک لە قاچاخچیەتى رێکخراو یا خەتى تایبەت بۆ ئەو بابەتە بەکاردێت. هەر لەو بارەیەوە شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنوری باشماخ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ،" کێشەی ئێمە مەسەلەى قاچاخچیەتیە کە لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت قاچاخچیەتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە، نەک ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتى مەرزى باشماخ بەڵکو سەرووى ئێمە وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن، ئەمانە کەسانى باڵادەستى ئەم وڵاتەن ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێ، قاچاخچیەتى رێکخراو مەبەستەکەم ئەمە، کاتێک ئەوان بارەکان دەهێنن بە هیچ شێوەیەک داغڵى سیستەمى نابن. دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییان هەیە هى هاتوچۆ، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەموو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین". ٢.٣.٣ قاچاخچیەتى و بەرهەمى ناوخۆىی: پرسى قاچاخچیەتى لێکەوتە و کاریگەرى زۆر دواى خۆى جێدەهێڵێت، بەتایبەتى لەسەر ئابوورى هەرێمى کوردستان بەگشتى و ئاسایشى خۆراک و پێشبڕکێى بازاڕ، لەلایەکى دیکەدا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بەرهەمى نیشتمانى دروست دەکات، دەبێتە هۆى پوکانەوەى ئەو سێکتەرە.  ساڵانە حکومەت و وەزارەتى کشتوکاڵی حكومەتی هەرێم، بەمەبەستى پاڵپشتى سێکتەرى بەرهەمى ناوخۆیی و نیشتیمانی، رێککارى هاوردەکردنى هەندێک کاڵا و خۆراک توند دەکەنەوە یا قەدەغەى دەکەن، بەڵام بەپێى بەدواداچونەکان قاچاخچیەتى نەیهێشتووە کاریگەرى ئەو بڕیار و رێکارانە لە ئەرزى واقع دەربکەوێت.  هەر لەوبارەیەوە، نموونەى کێلگە پەلەوەرییەکان دەهێنینەوە، نوێنەرى کێڵگە پەلەوەرییەکان بەراشکاوى رایدەگەیەنێـت، کە هێنانى مریشکى بەستوو بەوشێوازە کە نرخەکەى گومانى زۆرى لەسەرە، چونکە لەو وڵاتەى کە لێى هاوردە دەکرێت بەنرخى زۆر زیاتر بە هاوڵاتیانیان دەفرۆشرێتەوە، ئەگەر وابڕوات کاریگەرى ئەو مامەڵەیە لەگەڵ پرۆژەکانى پەلەوەرى لە هەرێمى کوردستان لە ئایندەیەکى نزیک شتێک نامێنێنت بەناوى پرۆژانە و هەمووى لە ناودەچێت. زیادبونی دیاردەی هاوردەكردنی بەرهەمەكان لە دەرەوەی هەرێم بە شێوەی قاچاغ كاریگەری خراپی لەسەر ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ناوخۆیی لە بەشەكانی دیكەی عێراق دروستكردووە، بە جۆرێك ئێستا عێراق بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم وەك بەرهەمی نیشتیمانی سەیر ناكات، گومانیان دەخاتە سەر، سەرەڕای كێشە سیاسیەكان، بەشێكی تر پەیوەندی بە بابەتی كێشەی گومرگی و كۆنترۆڵی سنورەكان هەیە،   تەنها لە ساڵی 2022 عێراق رێگری كردووە (52) جۆر بەرهەم لە هەرێمی كوردستان هاوردەی بەشەكانی دیكەی عێراق بكرێت، كە بەرهەمە ئاژەڵیی و پەلەوەریەكان لەسەری سەرەوەی خشتەكەن.   ٤. دادگای گومرگی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە 23ی ساڵی 1984  یاسای گومرگی، دادگای گومرگی هێنراوەتە كایەوە، ئامانجی دادگاكە بینینی هەموو كەیسەكانی تایبەت بە تاوانە گومرگیەكانە، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم دادگایانە بونیان هەیە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكان تا ئێستا وەك پێویست كارا نین. یەكێك لە كێشەكانی دادگای گومرگی، نەبینینی كەیسی تایبەت بە تاوانەكانی گومرگییە، پاساوی دادگا تایبەتمەندەكانیش ئەوەیە دەڵێن هیچ جۆرە كەیس و پەڕاوێكمان ئاراستە ناكرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی  ئەو دادگایە بە سروشتی خۆی دادگایەكی (مەوزوعیە) واتا حوكم دەردەكات، نەك لێكۆڵینەوە بكات، یاساكەش باسی دادگای لێكۆلینەوەی گومرگی ناكات، بەوپێیەش بێت، دەبێت دادگاكانی لێكۆلینەوە بەگوێرەی تایبەتمەندی شوێن، بۆ نمونە بۆ شوێنێكی وەك ئیبراهیم خلیل گونجاوترین دادگا و نزیكترین دادگای زاخۆیە بۆ حاجی ئۆمەران دادگای چۆمانە، ئەوانە پێویستە لێكۆڵینەوە لە تاوانە گومرگیەكان بكەن، بۆ ئەوەی پەڕاوەكان بۆ دەركردنی بڕیار ئاراستەی دادگای گومرگی بكەن، كە تا ئێستا وەك پێویست ئەو ئەركە جێبەجێ ناكەن، ئەمەش وای كردوە تاوانەكانی تایبەت بە گومرگی لە هەرێمی كوردستان، لە ئاستی پێویست ڕووبەروویان نەبوبێتنەوە. ١.٤ گرفتى دادگاکان •     دادگاكانی گومرگی تائێستا لە ناو كۆمەلگەی دادی نیە، بەڵكو لە شوێنێكن سەر بەوەزارەتی داراییە، ئەو تایبەتمەندییەی شوێن و سەربەخۆیی و پسپۆری نیە، لەهەمان كاتدا نوێنەری وەزارەتی دارایی تێدایە كە بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن. •     بە بریاری دادگای فیدرالی عێراق لە رێكەوتی (20/10/2021) چەند برگە و مادەیەك لە یاسای ژمارە (34)ى  ساڵی 1983 لەكارخران، ئەوانیش برگەكانی (245 و 246 و 247) كە باس لە پێكهاتەی دادگاكە دەكەن لە رووی پەیكەرەوە، كە لە دادوەرێك وەك سەرۆك و دادوەرێك وەك ئەندام و نوێنەری وەزارەتی دارایی پێكدێت، بەڵام دادگای فیدرالی ئەو پێكهاتەی راگرت، چونكە ناكرێت نوێنەری وەزارەتی دارایی كە لایەنی جێبەجێكارە، لە دادگایەك هەبێت كە بریاری سزای وەك  پێبژاردن و گرتن و دورخستنەوە دەربكات، بەڵام تاكو ئێستا ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە دادگاكانی گومرگی لە هەرێم جێبەجێ نەكراون، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، جارێكی تر ئەو دادگایەی گێرایەوە ناو كۆمەڵگەی دادی و بەپێی پسپۆری بەسەر دادگاكانی كەتن و تاوان دابەشیكردنەوە، خەریكن جارێكی تر لە چوارچیوەی دادگاكان رێكیان بخەنەوە بەشیوەیەك سێ دادوەر لە هەیكەلی دادگاكە بن یەك سەرۆك و دوو ئەندام. •    ئێستا کارکردنى ئەوە دادگایانە دەکرێت وەک رێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەى کێشەکانى دەروازە سنورییەکان بێت. بە پێویستى دەزانین لە نزیکترین کات چارچێوەى چاکسازى لە دەروازەکان کار بۆ کاراکردنەى ئەو داگایانە بکرێت. ٥. داهاتی گومرگی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ساڵی رابردوو، قەبارەی ئالوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران (16 ملیار دۆلار) بووە، لەو رێژەیە 48% لە رێگای توركیا بووە، 18%یش لە رێگای  ئێران بووە، ئەوی تریش لەگەڵ وڵاتانی دیكە بووە، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە داهاتی گومرگی لە هەرێمی كوردستان، لە ئاستێكی بەرز بێت. كێشەی بەرێوەبردن و كۆكردنەوەی داهاتی گومرگەكان یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری چاكسازی و ڕووبەرووبونەوەی گەندەڵی، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، هەر لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لەلایەن حیزبەكان بەرێوەبراوە، تا ئێستاش ئەو كێشەیە بەردەوامە. تا ئێستا داتایەكی فەرمی پشت راستكراوە، لەبەردەست نیە بۆ داهاتی راستەقینەی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام خەمڵاندنەكان بەو شێوەیەی خوارەوەیە: بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە رێی بەدواداچون دەست تیمی ئامادەكردنی راپۆرت كەوتووە، داهاتی گومرگ لە ساڵی 2022؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری دەستكەوتووە و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار،  لە كۆی (4,800,000,000,000) دینار كە داهاتی نانەوتی ساڵێكی حكومەتی هەرێم لە رێی داهاتی گومرگ دابین دەكرێت . لە یاسای بودجەی عێراق داهاتی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان. بە (١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) بۆ ساڵێک خەمڵێندراوە، بەوپێیەش بێت نزیكە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی كە ساڵی پار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە. داهاتی خاڵە سنوریەكان بەنزیكەیی 35%ی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.   ١.٥ كێشەی كۆمپانیا بەشدارەكان لە خاڵە سنوریەكان بەگوێرەی بەدواداچوون )13( كۆمپانیا لە بوارە جیاجیاكان بەشدارن لە بەرێوەبردنی خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەمی ئەو گرێبەستانەش بەبێ كێبركێ بوە، هاوتا نین لەگەڵ رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی گرێبەستە حكومییەكان لە وەزارەتی پلاندانان، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی وردبینیان تێدا نەكراوە، كە بەگوێرەی یاساكەیان دەبێت وردبینی بەسەر هەموو گرێبەستە حكومیەكان بكەن. بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەكاری راپۆرت، بە رێژەی 25%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجی كۆمپانیاكان دەچێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەو داهاتەی كە دەستیان دەكەوێت، بەرێژەی 80% تا 90% بۆ خۆیان دەگێرنەوە. وەزارەتی دارایی لە وەڵامی تیمی ئامادەكاری راپۆرت، رایگەیاندووە پێداچونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان كراوە، پشكی حكومەت تیایاندا زیاد كراوە. تیمی ئامادەكردنی راپۆرت بۆچونی زۆرێك لەلایەنەكانی ئاگاداری لە پرۆسەكە وەرگرت، بەشێكی بەرچاو لەو كارانەی كە بەو كۆمپانیایانە بەخشراوە، حكومەت پێشتر بەبێ كێشە خۆی ئەنجامی داون، پێدانیان بە كۆمپانیاكان بە پێویست نەزاندراوە. بەشێك لە كاری ئەو كۆمپانیایانەی لە خاڵە گومرگیەكانن بەو شێوەیەن:     دڵنیایی (بەشێوەی ئارەزوومەندانە نیە، ناچاركردنە، لەكاتێكدا بابەتی دڵنیایی لە وڵاتانی تر ئارەزوو مەندانەیە، كەسیش قەرەبوو ناكرێتەوە).     مەنەفێست     ترانزێت     خەبەر وصول (راگەیاندنی گومرگی)     گەراجانە     تەعقیم (لە كابینەی 9 دوای كۆرۆنا زیاد كراوە، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی لە گەرمیان بە نوسراو داوایان لە وەزارەتی دارایی كردووە بەهۆی ناپێویستی و كاریگەری پێچەوانە، لاببرێت بەڵام هەر ماوە.     دروستكردنی تابلۆ     كوالیتی     چێككردنەوەی كاڵا     گەشتیاری     پشكنین     سكانەر     رێكخستنی ئۆتۆمبێل  ٢.٥ گرفتەکانى ترانزێت: بەشێك لەو كاڵایانەی لەرێی خاڵە سنوریەكان هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بە شێوەی ترانزێت دەبرێنە وڵاتی سێیەم، كە زیاتر سوریایە، ئەو بڕە پارەی كە لە بارەكانی ترانزێت وەردەگرێت 20%ی ئەوەیە كە لەو بارانە وەردەگیرێت كە بۆ هەرێمی كوردستان دەهێندرێن. ئەم بابەتەش لە هەندێك حاڵەت بۆ خۆدزینەوە لە گومرگ، هێنانی كاڵای قەدەغە كراو، بە پاساوی ئەوەی كاڵاكە بۆ وڵاتێكی دیكەیە و تەنها لە رێی هەرێمی كوردستان تێپەر دەبێت، سوودی لێوەرگیراوە. تا ئێستاش ئەم بابەتە بەتەواوی كۆنتۆڵ نەكراوە، بۆتە رێگایەك بۆ هاتنە ناوەوەی بەرهەمی قەدەغەكراو بە هەر هۆكارێك بێت، لەگەڵ كەمبونەوەی داهات. ٣.٥ لێخۆشبوونی گومرگی: بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دوای بەدواچوونی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، بەرێژەی 20%ی ئەو بارانەی دێنە هەرێمی كوردستان لێخۆشبونیان بۆ دەكریت، بەپێی  یاسای ژمارە (4)ی (2008)ی پەرلەمانی كوردستان یاسای وەبەرهێنان، ئەم بابەتەش بەگوێرەی بەدواداچون خراپ بەكارهێنراوە، بەجۆرێك بەناوی لێخۆشبوون، بەشیك لە خاوەن پرۆژەكان كە (پشتیوانی)یان هەیە، رێژەیەكی زیاتر لە پێویستی پرۆژەكانی خۆیان كەلوپەل هاوردە دەكەن دواتر  بە نرخێكی زیاتر دەیفرۆشنەوە. ٤.٥ ژمارەی هێزەكان بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكان: بۆ پاراستنی دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی كوردستان، 8 هێزی جیاوازی ئەمنی و سەربازی لە ئەركدان، كەچی بەگوێرەی دانپێدانانی سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ و پەرلەمانتارانیش، تاكو ئێستا بەتەواوی ئەو دەروازە سنوریانە كۆنترۆڵ نەكراون، لەناو ئەو هێزانەی كە لە دەروازە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان هەن. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە (18/11/2022) لەبارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی بڕیارەكان رایگەیاند لە سلێمانی پێیان وتین ئەگەر هێز بۆ خاڵە سنورییەکان بجوڵێنن شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت.  ٥.٥ کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە گومرگیەكان تیبینیەکان لەسەر پرسی کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە گومرگیەكانی هەرێمی کوردستان     تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ وەزارەت سەرپەرشتی کاری کوالیتی کۆنترۆلی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلەکانی تر دەکەن، کە ئەوانیش (وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی کشتوکال، وەزارەتی پلاندانان – دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆلی جۆری) کارەکان جگە لە دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، ئەوانی تر لەرێی کۆمپانیاوە لە خالە سنوریەکان ئەنجامدەدرێن، پێشتر حکومەت خۆی ئەنجامی دەدا، بەجۆرێک تەنها داهاتی دەستەی پێوانەسازی و کۆنتۆلی جۆری 11 ملیۆن دۆلار بووە، ئێستا هەر دەروازەیەكی گومرگی بۆ پرسی كوالیتی كۆنترۆڵ، دراوەتە كۆمپانیایەك، كە سەرپەرشتی كاری كۆنترۆڵی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دەكەن.     بەگوێرەی بەدواداچونەكانی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت 80%ی ئەو بەرهەم و كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەموو پشكنینە پێویستەكانیان بۆ ناكرێت، ئەوە بەو مانایە نایەت كە ئەو بەرهەمانە خراپن، بەڵام پشكنینی دڵنیایی بۆ ناكرێت كە كێشەیان نیە.     ئەگەرچی بەگوێرەی هێلە گشتیەكانی چاكسازی كارنامەی كابینەی نۆیەم، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی خۆراك و دەرمان دابمەزرێندرێت، بۆ كۆنترۆڵكردنی كوالیتی كۆنترۆڵی خۆراك و دەرمان، كە بونی ئەو دامەزراوەیە دەیتوانی رۆڵی زۆری لە كۆنرۆڵكردن و رێگری لە هاوردەكردنی خۆراك و دەرمانی كوالیتی نزم بگرێت، بەڵام تاكو ئێستا دامەزراوەكە دروست نەكراوە. ٦.٥ تیبینیەکان گشتیەکان     ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاری کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە سنورییەکان جێبەجێ دەکەن، (جۆرێک لە دابەشکاری حیزبی هەیە)، بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم، پێویستە حکومەتی هەرێم چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونمان دامەزراوە حکومیەکانی هەرێم لەرووی ئامێر و تاقیگەوە توانای ئەوەیان نیە کارەکانی کۆمپانیاکان هەلبسەنگێن، واتە ئەو ئامێرانەی کۆمپانیاکان هەیانە لای حکومەت نیە، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت ئامێری پێشکەوتوو تری هەبێت بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیاکان هەڵبسەنگێنێت.     لەهەرێمی کوردستان هیچ ئامێرێک نیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ کانزا قورسەکان، کە سەرچاوەی نەخۆشی شێرپەنجەن.     مادەی پارێزەر لەناو بەرهەمە هاوردەكراوەكان، وەک پێویست  پشکنینیان بۆ ناکرێت، خەرجی زۆرە بۆیە کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی کەم دەیکەن.     پشكنینی دژە مێرووەكان بۆ بەرهەمە هاوردەكان ناكرێت كە دەكرێت سەرچاوەی نەخۆشی بن.     پشكنینی پێكهاتەیش بۆ بەرهەمەكان ناكرێت، بۆنمونە كە زەیتێك بەناوی گوڵەبەرۆژە هاوردە دەكرێت پشكنینی بۆ ناكرێت بۆ دڵنیا بونەوە لە پێكهاتەكەی.     بەهۆی هەبوونی دیاردەی قاچاخچیەتی لە دەروازە سنورییەكان، بەشێك لەو كاڵا و خواردەمەنیانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەهیچ جۆرە پشكنینێك تێناپەڕن، ئەوەش سەرچاوەی مەترسین.     بەشێک لە کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆل ئۆفەری داشکاندن دەدەنە ئەو کۆمپانیایانە کەبەرهەمی زۆر هاوردە دەکەن، بۆ ئەوەی لەرێی ئەوان بەرهەم هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. ٦. سەرئەنجامى هەوڵەکان ١.٦ چارەنوسی بڕیارەكانی چاكسازی لە خاڵە سنوریەكان: ١.١.٦ لیژنەکانی چاکسازیی: ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە واژوی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەن، لە (22/3/2020) چوار فەرمانی دەركرد بۆ چاكسازی كردن لە خاڵە سنوریەكان، بەمەستی زیادكردنی داهات و نەهێشتنی قاچاخ، پێداچونەوە بەگرێبەستی كۆمپانیاكان، لێخۆشبونی گومرگی، كاری نایاسایی و قاچاخچیەتی، بۆ ئەم مەبەستەش چوار لیژنەی جیاواز پێكهێنرا. لیژنەکانی حکومەت بۆ پێداچونەوە بە خاڵە سنوریەکان: ١. لیژنەی پێداچونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانی خاڵە سنوریەکان: ٢. لیژنەی بەدواداچون و دیراسەکردنی دۆخی خاڵە سنوریەکان ٣. لیژنەی پێداچونەوە بە باج ٤. لیژنەی پێداچونەوە بە لێخۆشبونی گومرگی ٢.١.٦ بەرێوەبەرایەتى چاودێرى گومرگى: هاوکات بەپێى بەیانى ژمارە (٤)ى ٢١/٧/٢٠٢٠ وەزارەتى دارایی (بەرێوەبەرایەتى چاودێرى گومرگى) دروستکردوە، لە بەیانەکەدا هاتوە، ئەو بەرێوەبەرایەتیە بۆ جێبەجێکردنى برگەى (یەکەم) لە ماددەى (١٨٣) لە یاساى گورمرگى ژمارە (٢٣)ى ساڵى (١٩٨٤) هەموار کراو، "لە پێناو چاکسازی زیاتر لە دەروازە سنوورییەکان و بەرزکردنەوەی شەفافیەت لە کاری گومرگیدا، وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی کرد لەسەر کردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی)".  ٣.١.٦ ماڵپەڕى شەفافیەت: بە ناونیشانى چاودێری و ڕێکخستنی داهاتەکان، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە (١٥/١٢/٢٠٢٢) لە  پەیامێکدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕى شەفافیەتى راگەیاند، کە بڕیارە "لە رێگەی ماڵپەری (shafafiat.com)ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان." داهاتەکانی سلێمانی لە رێگەی شەش گەنجینەدا (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە. ٣.١.٦ پرۆژەى ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە هەرێمی کوردستان: ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەى ١٤/٥/٢٠٢٣ پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، لە بڕگەی دووەمدا کۆبونەوەکەى ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا و بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی. ٢.٦ قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردان لە دەروازە گومرگییەكان: هەوڵەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم کاریگەریی ئەتۆیان لەسەر ئەرزى واقع بەدى ناکرێت، بەڵکو بەشێوەیەکى گشتى لە چوارچێوەى دروست کردنى لیژنە و دانانى بەرێوەبەرایەتى دانانى بەرنامە و دەرکردنى بڕیار سوڕاوەتەوە. پرسى چاکسازیی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەوڵ و کارى جدى هەیە. هیچ راپۆرتێكی فەرمی بڵاوكراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە نیە، كە تیایدا ئاستی گەندەڵی و بەهەدەردان لە دەروازە گومرگییەكان دیاریبكات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەكردنی راپۆرت، ئەگەر ئەو پێشێلكاری و ناڕوونی و لێخۆشبونی ناپێویست و قاچاخچیەتی و پێداچونەوە بە گرێبەستی كۆمپانیاكان بكرێت، پێشبینی دەكرێت، داهاتی دەروازە گومرگیەكان بۆ دوو بەرامبەری ئێستا زیاتر بكرێت، واتە قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردان مانگانە لە هەرێمی كوردستا بە سەرووی 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە پێویستی بە بەدواداچونی فەرمی هەیە، چونكە پێشێلكاری و سەرپێچیەكان، بەگوێرەی دەروازە بۆ دەروازەیەكی دیكە جیاوازی هەیە، بۆ چارەسەریەكەش، بەهەمان شێوە پێویستی بە دەستنیشانكردنی زیاتر هەیە، بەڵام بە دڵنیایی چاكسازی كردنی تەواوەتی لە دەروازە سنورییەكان بە قازانجی داهاتی گشتی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت. ٧. دەرەنجام و راسپاردەکان ١.٧ دەرەنجامەكان     تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم ستراتیژیەتێكی یەكگرتووی نیە بۆ رێكخستنەوەی دەروازە گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان، حیزبە حكومڕانەكان بەگوێرەی زۆنەكانیان، رۆڵیان هەیە لە بەڕێوەردن و سوودمەندبوون لێیان.     كەموكوڕی لە ئاستی نوێنەرایەتی كردنی هەرێمی كوردستان لە دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق هەیە.     دادگا گومرگییەكانی هەرێمی كوردستان وەك پێویست بۆ ڕوبەروبونەوەی ئەو تاوانانەی لە دەروازە سنوریەكان دەكرێن كارا نین.     حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لەم كابینەیە، هەوڵی داوە بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان بە ئەلیكترۆنی بكات، كۆنترۆڵی زیاتریان بكات، بەڵام تاكو ئێستا دەرەنجامەكان ڕوون نین.     حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان ناكۆكییان لە نێواندا هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك بەشێكیان رێگریی لێدەكرێت ببرێنە بەشەكانی دیكەی عێراق، بە پاساوی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نین و هاوردە كراون.     بەدان پێدانانی بەرپرسانی باڵای هەردوو زۆنی حكومرانی لە هەرێمی كوردستان، هێشتا كاری قاچاخچیەتی لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان كۆنرۆڵ نەكراوە.     هەبونی قاچاخچیەتی، زیانی زۆری بە بەرهەمی ناوخۆیی گەیاندووە، دەرفەت نادات بتوانن وەك پێویست بەرهەمەكانیان لە بازارە ناوخۆییەكان ساغ بكەنەوە.     گرێبەستی كۆمپانیاكانی بەشدار لە بەرێوەبردنی دەروازە گومرگییەكان، نا شەفافە و هەمووی لە قازانجی كۆمپانیاكانە و بەشێكیشیان پێویست نین، سەرجەمیشیان بە بێ كێبركێ بوونە.     داهاتی دەروازە گومرگیەكان زیاترە لەوەی  بە فەرمی رادەگەیەندرێت،.بە چاكسازیكردن لێیان، دەكرێت داهاتی ئێستا بۆ تا دوو ئەوەندە زیاتر بكرێت.     لە ڕووی كوالیتی كۆنترۆڵ، بەهۆی نەبونی پشكنینی پێویست لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەم بوارە، لاوازی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆری لە چاودێری كۆمپانیاكان، وای كردووە رێژەی 80% بەرهەمەكان بەسەرجەم پشكنینە پێویستەكان تێپەر نەبن.     بەشێك لەو نوسراوانەی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ رێگری لە هاوردەكردنی بەرهەمەكان دەریدەكات، جێبەجێ ناكرێن. ٢.٧ راسپاردەكان     دانانی ستراتیژیەتێكی یەكگرتووی بەرێوەبردن بە جۆرێك بەرێوەبردنی دەروازە سنورییەكان لەژێر كاریگەری حیزب و هێزە ئەمنییەكان بە تەواوەتی دەربهێندرێت، پرسی دەروازە گومرگییە نایاساییەكان كۆتایی پێبهێندرێت.     داهاتەكان لە نێویاندا بچێتەوە ناو یەك خەزێنەی یەكگرتوو سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.     بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەستەی بەرێوەبردنی دەروازە سنوریەكانی عێراق.     گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كاراكردنی زیاتری دادگا گومرگیەكان لە هەرێمی كوردستان.     پێداچونەوە بە (رێگاكانی قاچاخچیەتی، كۆمپانیاكان، لێخۆشبونی گومرگی، ترانزێت) بە جۆرێك بتوانێت داهاتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر بكات.     پێویستە گرێبەستی كۆمپانیاكان بەگوێرەی پێویستی و بە كێبركێی یەكسان ئەنجامبدرێت، بە فلتەری دیوانی چاودێری دارایی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان تێپەڕن.     رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ رێكخستنی كاری دەروازە گومرگییەكان، یەكخستنی پێناسی گومرگی.     پێداچونەوە بە دیاردەی لێخۆشبوونی گومرگی، بە جۆرێك خراپ بەكار نەهێندرێت، بۆ كۆمەڵێك پرۆژە كە رەهەندی ستراتیژییان نیە، هاوكات سنورداركردنیشی لە بڕ و كات.     دامەزراندنی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان، پێداچونەوە بە كاری دەستەی پێوانەسازی و كوالیتی كۆنترۆڵ بۆ بەهێزكردنی كوالیتی كەلوپەل و خواردەمەنی هاوردەكراو.     رێگری تەواوەتی لە كاری قاچاخی، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان بتوانن ساغ بكرێنەوە، كێشەشیان بۆ دروست نەبێت، كە هەوڵی هاوردەكردنی بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق دەدەن.     رێكخستنەوەی ئەو هێزە ئەمنی و سەربازییانەی لە دەروازەكان هەن، بە جۆرێكیش تۆكمە بكرێن كە بۆشایی ئەمنی نەبێت بۆ خراپ سوود لێوەرگرتنیان.     كۆنترۆڵكردنی حاڵەتەكانی (ترانێت) بە میكانیزمی گونجاو، بۆ ئەوەی خراپ سوودی لێوەرنەگیرێت. سەرچاوەکان ١. دەرئەنجام و راسپاردەى (٢) دوو فۆکس گروپ: یەکەم: لە هەولێر لە ٢٠/١٢/٢٠٢٢ بە بەشدارى ١٣ کەس لە شارەزایانى ئەو بوارە بوو. دووەم: لە سلێمانى لە ١٠/٤/٢٠٢٣ بە بەشدارى ٢٠ کەس لە شارەزایانى ئەو بوارە بوو. ٢. (٢٠) کۆبونەوە و دیمانەى تیمى ئامادەکارى راپۆرت لەگەڵ لایەنى پەیوەندار لە وەزارەت و دامودەزگان و پەرلەمان و شارەزانیانى ئەو بوارە. ٣. راپۆرتى لیژنەى دارایی کاروبارى ئابوورى پەرلەمان کوردستان دەەربارەى دەروازە گومرگییەکانى هەرێمى کوردستان، ٢٠٢٠. ٤. راپۆرتى (٥)ى هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا (گرفتەکانى بەرێوەبردنى داهاتى ناوخۆ)، رێکخراوى ستۆپ، هەولێر - ٢٠٢٢. ٥. پۆرتاڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان. <WWW. gov.krd> ٦. ماڵپەڕى شەفافیەت، <https://shafafiat.com/> ٧. تقرير: دواجن إقليم كردستان ضحية الخلاف مع بغداد.. والاستيراد من تركيا، موقع ناس ،٦/١/٢٠٢٣. <https://www.nasnews.com/view.php?cat=99944>   بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ  1. زنجیرەی یەکەم: راپۆرتی وه‌رزی یه‌که‌می پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان. 2. زنجیرەی دووەم: راپۆرتی وه‌رزی دووەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 3. زنجیرەی سێیەم: راپۆرتی وه‌رزی سێیەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 4. زنجیرەی چوارەم: راپۆرتی وه‌رزی چوارەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 5. زنجیرەی پێنجەم: راپۆرتی ساڵانە (2015 - 2016) داتاکانی گەندەڵی 6. زنجیرەی شەشەم: راپۆرتی وه‌رزی پێنجەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 7. زنجیرەی حەفتەم: راپۆرتی وه‌رزی شەشەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 8. زنجیرەی هەشتەم: راپۆرتی وه‌رزی حەفتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 9. زنجیرەی نۆیەم: راپۆرتی وه‌رزی هەشتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و ده‌سه‌ڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 10. زنجیرەی دەیەم: راپۆرتی (چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیار و راسپارده‌کان) بڕیار و راسپاردەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 1/1/2016 تاوەکو 9/12/2016 11. زنجیرەی یازدەیەم: راپۆرتی ساڵانە (2016 - 2017) داتاکانی گەندەڵی. 12. زنجیرەی دوازدەیەم: بەشداری کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی. 13. زنجیرەی سێزدەیەم: ئەنجامی راپرسیەک لەبارەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان. 14. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (1). 15. راپۆرتی بەرەو بەھێزترکردنی رۆڵی دەزگای داواکاری گشتی. 16. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (2). 17. گلۆسەری چەمک و زاراوەکانی گەندەڵی و حوکمڕانی چاک. 18. شەفافیەتی نەوتی کوردستان لە چاوی دیلۆیتەوە. 19. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (3). 20. تقييم خدمة المياه في مدينة اربيل. 21. نەخشەڕێـی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. 22. شاری هەولێر دۆخی ئاوی پاشەڕۆ، ئاستەنگ چارەسەرییەکان. ٢٣. چالاکردنى یاساى رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمى کوردستان. ٢٤. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (1). ٢٥. زێدەڕۆیی سەر زەوى و زارى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان (کێشە و چارەسەرییەکان). ٢٦. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (2). ٢٧. وردبوونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠، لە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ و رێکخراوى روونبین. ٢٨. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (3). ٢٩. راپۆرتى چاودێرى و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم (4). ٣٠. هەڵسەنگاندنی ئاستى جێبەجێکردنى یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان. ٣١. 9 ساڵ حوکمڕانى بەبێ بودجە (گرنگى بودجە لە پێشخستنى شەفافیەت و چاودێرى و چاکسازى لە داهات و خەرجى). ٣٢. هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا (گرفتەکانى بەرێوەبردنى داهاتى ناوخۆ) (5). ٣٣. مەترسیەکانى ئاستى دابەزینى ئاوى ژێر زەوى هەولێر کاریگەرى پرۆژەکانى نیشتەجێبوون بە نموونە. ٣٤. سەرەتایەک بۆ روبەڕوبونەوەى سپیکردنەوەى پارە لە هەرێمى کوردستان. ٣٥. چاودێرى و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتی هەرێمی کوردستان (6).


  شیكاری: درەو پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا تێپەڕدەبێت،  چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پەیوەند بە هەڵبژاردن (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان، پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە.  دەستپێک لە رۆژی  (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند؛ "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە.  لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/5/2023، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی پێنجه‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ به‌خستنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رده‌وامیی به‌ دانیشتنه‌كه‌دا و هه‌ر به‌ده‌نگدانیش ئاڵوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، د. هێمن هه‌ورامی، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا و پاشان ناوی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سەندكران و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر) وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاساییان خوارد.   ئەگەرچی ئەم پرسە بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕدەێت. چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پیوەند بە هەڵبژاردن، وەک؛ (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان و نەدانی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیارتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە.  یەکەم؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) حەوت جار هەموارکراوەتەوە، پێنج خولی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن دەربارەی یاساکە، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئارادایەو هەندێ جار لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەڕۆن و باس لە یاسایەکی نوێ دەکەن، هەرچۆن بێت (هەموار یان گۆڕینی یاساکە) چەند پرسێکی سەرەکی نزیکە یاخود هەوڵ هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوانیش؛  1.    هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (7) جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەموارکردنەکاندا ئەوە وەک خۆی ماوەتەوە کە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت..." ئەم دەقەش لە ماددەی نۆیەمی یاساکە جێگیر کراوە. بەڵام لە ئێستا فشارێکی زۆر هەیە خولێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەو دەقەی سەرەوە یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێو لایەنەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، "هەرچەندە وا نیشان دەدرێت کە لە ئێستادا ئەو ناکۆکیانە لەم بارەوە رەویوەتەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەزامەندبووە بە هەموارکردنی دەقی ناوبراو". بەپێی ئەو دەقە، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ناحیەو قەزاو پارێزگاکانییەوە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، گرفتی سەرەکی "یەک بازنەی هەڵبژاردن" بەڕای زۆربەی چاودێرانی بوارەکە، لە قوڵایدا نادادپەوەری جوگرافی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی بوونی نوێنەر لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا. بەپێی پەیڕەو کردنی سیستمی یەک بازنەیی، سەرجەم ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان نوێنەریان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ناگات. ئەمە چۆن؟ بۆ نمونە "بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی (135) قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، (114) قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە. بە پێچەوانەوە لە کۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (74) ئەندامیان بەڕێژەی (67%) نوێنەری (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ن. لە کاتێکدا (132) قەزاو ناحیەکەی دەرەوەی ئەو سێ شارە تەنها (37) نوێنەریان بە ڕێژەی (33%) لە پەرلەمانی کوردستانە. بۆ چارەسەرکردنی یاخود لانی کەمی کاڵ کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە لە یەک بازنەیی دەکەوێتەوە، چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر هەموارکردن دەقی ماددە یاساییەکەو گۆڕینی کە (یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن) وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، بەمانای کۆتایی هاتن نییە بە نادادپەوەری جوگرافی، چونکە بەهۆی ڕێژەی بەرزی دانیشتوان لە شارە گەورەکان، نادادپەرەوەییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوەو ڕوودەداتەوە.  بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزگانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، کە هەر یەکەو بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی (14) قەزای سنوری پارێزگاکە (6) قەزایان بەڕێژەی (43%)ی قەزاکانی سنورەکە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوتووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بریتین لە قەزاکانی (پێنجوێن، دەربەندیخان، کفری، قەرەداغ، شارباژێڕ و ماوەت)، بەڵام تەنها لە ناوەندی قەزای سلێمانی (16) کاندید سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.  ئەمەش ئەو ڕاستییە رووندەکاتەوە، کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، مەرامی سیاسییان هەیە بە گۆڕینی یاساکە لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیاتر لەوەی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە بێت کە لە سیستمی یەک بازنەیی دەکەوێتەوە. بۆ نمونە پاڵپشت بە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لێکەوتەکانی لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت کە لە(چارتی ژمارە (1))دا نیشان دراوە. چارتی ژمارە (1) دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین، کە ئایا لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی کورسی بۆ هەر بازنەیەک تەرخان دەکرێت، ئەگەر ژمارەی دانیشوانی سنوری هەر بازنەیەک بە پێوە بگیرێت _کە دەبێت هەر واش بێت_ کام پێوەری سەرژمێری تەبەنی دەکرێت، چونکە بە گوێرەی هەردوو ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی (هەرێم و و عێراق) جیاوازی گەورە هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانەوە، لەم بارەیەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).     2.    تۆماری دەنگدەران هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1) ساڵی (1992)ی هەموارکراو، پاڵپشت بە ماددەی شەشەمی یاساکە "بەیاسایەک، دەستەیەکی باڵای سەربەخۆ پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق، خشتەی دەنگدەران ئامادە دەکات..." ئەم دەقە یاساییە ئامادەکردن و ڕێکخستنی تۆماری دەنگدەران دەخاتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. سەربارەی ئەوەش وەک لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ماددەی چوارەم بڕگەی پێنجەمدا هاتووە؛ (به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران و رێكخستن و نوێ كردنه‌وه‌ی تۆماره‌كانیان بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافی هه‌ڵبژاردنیان) دەخاتە ئەستۆی کۆمسۆن. هاوکات لە مادده‌ی شه‌شه‌م، بڕگەی یەکەم، خاڵی (1)دا هاتووە "دامه‌زراندن و نوێ كردنه‌وه‌ و بژارد كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ رێی هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی تازه‌ی به‌رده‌ست، له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش پێویسته‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌ندا بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته"‌. ئەم دەقە یاساییانەش دەسەڵاتی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلا دەکاتەوە. بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ناخاوێن دەزانن، داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن. دەکرێت بوترێت ئەم خواستەش ڕەوایەتی تێدایە، بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئێنستتیوتی پەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاوی کردووەتەوە، تێدا ئاماژە بەوە دراوە زیاتر لە (932 هەزار) ناوی گوماناوی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە بەجۆرێک:  -    لیستی‌ ده‌نگده‌رانی‌ تایبه‌ت كه‌ دووباره‌ ناویان هه‌یه‌ (184 هەزار) کەسە. -    دووباره‌ بووه‌وه‌ی‌ نێو خودی‌ هه‌رێم (100 هەزار) کەسە. -    دووباره‌ بووه‌وه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و ناوچه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140 (94 هەزار و 567) کەسە. -    ژماره‌ی‌ مردووان (218 هەزار و 965) کەسە.  -    له‌دایك بووانی‌ ساڵی‌ 2000 كه‌ ته‌مه‌نیان به‌ر له‌واده‌ی‌ ده‌نگدانه‌و نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ 18 ساڵ (60 هەزار) کەسە. (بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاو کراوەتەوە، چونکە لە ئێستادا لەدایکبووانی ساڵی (2005) مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن). -    جیاوازی‌ له‌نێوان تۆماری‌ بایۆمه‌تری‌ عێراق و تۆماری‌ هه‌رێم (275 هەزار و 423) کەسە و كۆی‌ گشتی‌ (932 هەزار و 964) هەزار ناوی گوماناوی دەکات. ئەگەر ئەو ژمارانە بە ڕێژەی (50%)یش ڕاستبن و ئەوا دەتوانن کاریگەری گەورە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن جێبهێڵن، بە تایبەت ئەگەر لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی بە مەبەست ئەو ناوانەیان خزاندبێتە نێو لیستی تۆماری دەنگدەرانەوەو بتوانن بە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن. ڕاپۆرتەکەی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانەی کە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەکە نەسڕاوەتەوە، کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت. سەرباری ئەو کەموکورتیانەی نێو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم، ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی داوای جێبەجێکردنی تۆماری دەنگدانی کومسیۆنی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا پێویستە هەردوو یاسای (هەڵبژاردن و کۆمسیۆن)ی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لە پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت (ئەگەر لایەنەکان لە بابەتی دیکەدا سازش بۆ یەکتر نەکەن) و ڕەنگە لە رووی واقعیشەوە گونجاو نەبێت کۆمسیۆنی هەرێم بەتەنها پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی عێراق ببەستێت. بۆیە ڕێگاچارەی گونجاو داڕشتنی تۆمارێکی پاک و بێگەردی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی ڕێ و شوێن قورس و کاتی زۆرە. بەڵام پێویستە لێرە ئاماژە بەوەش بدەین بە پێچەوانەی ئەو دەرەنجامەی لە ئامارەکانی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە، جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان هەردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەیە، چونکە بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021)، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەم سێ پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەبوو بریتی بوو لە (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) هاوڵاتی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و پاڵپشت بە داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە لە سایتی فەرمی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە (3 ملیۆن و 277 هەزار و 551) کەس مافی دەنگدانی هەیە لە سێ پارێزگاکەو بەم پێیەش جیاوازییەکە بە ڕێژەی (6%) و (192 هەزار و 90) کەس کەمترە بەراورد بە داتاکانی کۆمسیۆنی عێراق. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).   3.    پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان  پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکش بە "گرێکوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو ماددەی (سی و شەشەم)؛ یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. لە یەکەم خولی هەڵبژاردن  لە یاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ ماددەی یەکەم (١٠٠) کورسی  گشتی تەرخان کرا لە سەر بنەمای هەر نوێنەرێک (٣٠) هەزار کەس بێ ، کە ئەو کات ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بوو، ڕێژەی  (٥) کورسی  بۆ (مەسیحیەکان) پێکهاتەی  کلدان، سریان، ئاشووری دابین کرا."لەسەر پێشنیازی  مام جلال "، دواتر ڕیژەی پێکهاتەکان  لە (٥) کورسی زیاد کرا بۆ (١١) کورسی. پرسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان خاڵێکی دیکەی جەوهەری ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانە بە تایبەت پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئۆپۆزسیون و سەربەخۆکان، کە ئەویش بریتیە لە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان. هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەی "نوێنەری ئێستای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن ژمارەی کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێ، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کە (١) ملیۆن دەنگدەر هەبوو ژمارەی کورسی گشتی (١٠٠) کورسی بوو، لە ئێستادا ڕێژەی دەنگدەری گشتی زیاد لە (٣) ملیۆن دەنگدەرە، هیچ داواکاریەک نیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسی گشتی، کە جیاوازی لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٢٢ سێ سەد هێندەیە".  لە پاڵ ئەم گۆڕانکاریە گەورەی ڕێژەی دەنگدەر هیچ لایەنێک لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان نیە داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لەوەی کە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت، تەنها بەئامانج ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له‌ ژێر گوشاردا نه‌بن به پاشكۆی سیاسه‌تی ته‌سكی هیچ لایه‌نێك، ده‌یانەوێت هه‌ڵبژاردن و پشتیوانیكردنیان به جۆرێك بێت كه سه‌ربه‌خۆیی و به‌های نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یان، له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش، كورسیی پێكهاته‌كان پێویسته ئه‌وه‌نده ئازاد بێت كه بتوانێت له سێبه‌ری پاشكۆیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبت رزگار بكرێن. هەر لە بارەی کورسی پێکهاتەکانەوە (ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن) پێی وایە؛ "ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییە کە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە ڕەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە". ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟، بۆ چارەسەری گرفتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش (3) ڕێگە پێشنیار دەکات؛ 1.    جیاکردنەوەی چەند کوردسییەک بۆ پێکهاتەکان، لەنێو خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن و کاریگەری دەنگدانەی پێکهاتەی زۆرینەیان بەسەرەوە نەبێت. 2.    شێوازی جێکردنەوەی کاندیدانی پێکهاتەکان لەنێو حزبە زۆرینەکاندا (باشترین نەبراوەی کاندیدی پێکهاتەکان) 3.    لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پێکهاتەکان لە داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردندا. دووەم؛ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (8 ساڵ و نیوی) تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا زیاتر لە (3 ساڵ و نیو) بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و (2) لە ئەندامەکانی ساڵانێکە لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەی شێوازی کاراکردنەوەو پڕکردنەوەی هەبوو. لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێن، بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.   لەم چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا. وەک ئاشکرایە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو ببوو، هاوکات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئەنجومەنەکەدا نەمابوون، لەم بارەیەوە لە رۆژی  (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات. لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشینەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم". دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە". پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە.  لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/5/2023، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی پێنجه‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی تر دواخست. پاشان د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ به‌خستنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رده‌وامیی به‌ دانیشتنه‌كه‌دا و هه‌ر به‌ده‌نگدانیش ئاڵوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، د. هێمن هه‌ورامی، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا و پاشان ناوی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سەندكران و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا". پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە. بڕیار وایە هه‌ریه‌ك له‌ (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران رۆژی (28/5/2023) لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. رۆژی (29/5/2023) بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکەن. تایبەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ڕابردوو و ئێستادا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))؛   سەرچاوەکان 1.     درەو میدیا، هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد، 16/6/2022. 2.    درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، 7/6/2022. 3.    درەو میدیا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە پشک پشکێنەی حیزبی ڕزگاری نابێت!، 25/1/2021. 4.    عەونی بەزاز؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) بە سەرجەم هەموارەکانییەوە. 5.    یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی. 6.    ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، تۆماری دەنگدەران لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا، تشرینی دووەمی (2017). 7.    هاوڕێ تۆفیق، لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت کێشەکان چی بوون و کامیان چارەسەر بوون؟ (دەرەو میدیا) 8.    ڕاپۆرتی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن (ئیفۆ گرافیک)، واڵی ئارام جەمال. 9.    سەركۆ گەڵاڵی (ئەندامی پەرلەمانی کوردستان – فراکسیۆنی یەکێتی)، گرێ کوێرەی هەڵبژاردن بە ئاسانی ناکرێتەوە، پەڕەی تایبەتی نوسەر، 24/1/2023. 10.    ئارام جەمال، رێگەچارەی قەیرانی نوێنەرایەتی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەیلولی 2022. 11.    ڕاگەیەندراوی هابەشی کۆبونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە 28/2/2023 12.    سایتی پەرلەمانی کوردستان؛ بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کرایه‌وە. 13.    سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. 14.    سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق.


راپۆرت: درەو لەدوای پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەریش كەوتە ناو كێژاوی ململانێی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دادوەرەكانی هەولێرو دهۆك بەبێ دادوەرەكانی سلێمانی كۆبونەوە‌و سوێندخواردنی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان پەسەندكرد، یەكێتیی دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، ئەنجومەنی دادوەریی چییە؟ دادوەرەكانی چۆن دابەشبوون ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی یەكێتیی نیشتمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كۆبونەوەیەكی دروستە، بۆیە ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی جێبەجێكرد.   دوای كۆبونەوە كێشەلەسەرەكەی 22ی مانگ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی نوسراوی ژمارە (10)ی ئاڕاستەی وەزارەتی داد كرد، تێیدا رایگەیاند، پەرلەمان كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوە‌و متمانەی بە دوو كەس داوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە كۆبونەوەی 22ی مانگی پەرلەمان هەڵگیراوە‌و كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە.  لەنێوان ئەم دوو نوسراوەدا، فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی هەرێم كە سەربە پارتییە، نوسراوەكەی هێمن هەورامی پەسەندكرد‌و لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاویكردەوە.  لەسەر بنەمای نوسراوی ژمارە (10)ی وەقایعی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبونەوەكەدا دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.  (عەلی ساڵح مەحمود)‌و (كامەران نەشئەت بەكر) وەكو كۆمسیاری نوێی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاساییان خوارد.  نیسابی ئەنجومەنی دادوەریی.. كێشەیەكی تر لەكاتێكدا هێشتا پارتی‌و یەكێتیی ناكۆكییەكانیان لەبارەی كۆبونەوەكەی 22ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەلادا نەخستووە، ئەمڕۆ كێشەیەكی تر هاتە  پێشەوە كە كێشەی نیسابی یاسایی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمە.  بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان‌و بەگوێرەی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە.  ئێستا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لە (8) ئەندام پێكدێت، واتا بۆ تەواوكردنی نیسابی كۆبونەوە، دەبێت لە كۆی (8) ئەندام (6) ئەندام ئامادەبن.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، 8 ئەندامەكەی ئەنجومەنی دادوەریی بەمشێوەیە دابەشبوون:  •    3 ئەندام لە سنوری سلێمانیی •    5 ئەندام لە سنوری هەولێرو دهۆك سێ ئەندامەكەی سنوری سلێمانی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەرییان نەكرد تایبەت بە سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی بەشدار نەبوون بریتین لە هەریەكە لە:  •    دادوەر (لەتیف عوسمان شەریف) جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، بەپێی زانیارییەكان دوێنێ بۆی درێژكراوەتەوە بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە بكات، بەڵام بەشداری نەكرد) •    دادوەر (جاسم جەزا جافر هەورامی)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی  •    دادوەر (ئاوات حاجی)- سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك/ گه‌رمیان لەبەرامبەردا ئەو (5) دادوەرەی هەولێرو دهۆك كە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان كرد بریتی بوون لە هەریەكە لە:   •    دادوەر (عەبدولجەبار عەزیز حەسەن)- سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) •    دادوەر (محەمەد مستەفا مەحمود)- جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم •    دادوەر (كاوە فەتحی مەعسوم)- سەرۆكی داواكاری گشتیی •    دادوەر (فاخر سابر بایز)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر •    دادوەر (بەهزاد فەتحی عەلی)- جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك (لەبری سەرۆكی دادگاكە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە) یەكێتیی نیشتمانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی بە كۆبونەوەیەكی نایاسایی دەزانێت، چونكە دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، لەبری (6) ئەندام تەنیا (5) ئەندام بەشدارییان كردووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەنجومەنی دادوەریی بەبێ نیساب بڕیاریداوە لەسەر دەستبەكاربوون‌و سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. ئەمڕۆ كاری یەكێتیی قورستر بوو، ئەگەر سكاڵا لەسەر كۆبونەوەكەی 22ی پەرلەمان تۆمار بكات، دەبێت سكاڵاش لەسەر كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی تۆمار بكات.  هەموو ئەم كێشانە وا دەكەن پێشبینی ئەوە بكرێت پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەنە رێككەوتن‌و بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.   لەبارەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئەنجومەنی دادوەریی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). تاوەكو ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاری سەرجەم دادگاكان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخرا‌و دادگاكان سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون. لەدوای راپەرینی ساڵی 1991و كشانەوەی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە كوردستان دۆخەكە وەكو خۆی ماوەیەوە، واتا دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دروست نەكرا، چونكە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ژمارە (14)ی ساڵی 1992 كە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، دادگاكانی بەستوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دادگاكان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)‌و سەربەخۆ نەبوون. دۆخی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخا، ساڵی 2005 عێراق دەستورێكی نوێی نوسییەوە، لە دەستورەكەدا مافی ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان درا مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بكەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی دەركرد، ئیتر لێرەوە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان دادگاكان لە وەزارەتی دادو دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكرانەوە‌و خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)‌و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت). بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆكی دادگای پێداچونەوە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریشە، ئەم كەسە پۆستەكەی هاوتای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی ماددەی (38)ی یاساكە:" سەرۆكی دادگای پێداچونەوە پلەكەی وەزیرەو موچە‌و دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێ"، واتا بەپێی پلەی وەزیفی نەخراوەتە ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم. ئەو دادگایانەی كە سەربە ئەنجومەنی دادوەرین‌و بە دادگا مەدەنییەكان ناودەبرێن، بریتین لەم دادگایانە:  •    دادگای پێداچونەوە (التمییز) •    دادگای تێهەڵچونەوە (استئناف) •    دادگاكانی تاوان •    دادگاكانی نەوجەوانان •    دادگاكانی باری كەسایەتی •    دادگاكانی كەتن •    دادگاكانی كار •    دادگاكانی لێكۆڵینەوە •  دادگاكانی تایبەت بە ماددەكانی كەسایەتی بۆ مەسحییەكان‌و ئێزدییەكان‌و ئاینەكانی تر دەسەڵاتی سێیەم كێیە ؟ ئەنجومەنی دادوەریی كە دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە كاری پێدەكات، ئەندامەكانی بریتین لەو كەسانەی كە ئەم پۆستانەیان هەیە:   • سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەو جێگرەكانی • سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/گەرمیان) • سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی (تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە) • سەرۆكی داواكاری گشتی ئەم ئەنجومەنی سەرباری ئەوەی سەربەخۆیەو بەپێی یاساكەی دەبێت دادوەرەكانی حزبی نەبن، بەڵام وەكو هەموو دامەزراوەكانی تر ئەندامەكانی ئەم ئەنجومەنە دابەشبووە بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، دادوەرەكانی سنوری سلێمانی لەلایەن یەكێتیی‌و ئەوانەی سنوری هەولێرو دهۆكیش لەلایەن پارتییەوە دانراون، بۆیە كاتێك كێشە لەسەر پرسە یاساییەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دروست دەبێت، دادوەرەكانیش دابەش دەبن، باشترین نمونە بۆ ئەم دابەشبوونەی دادوەرەكان كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەرییە. پارتی لە ئەنجومەنی دادوەریی (5) ئەندام‌و یەكێتیش (3) ئەندامی هەیە، واتا جگە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و زۆرینەی پەرلەمانیی، پارتی دیموكرات جڵەوی دەسەڵاتی سێیەمیشی لەدەستدایە كە دەسەڵاتی دادوەرییە‌و دەتوانێت لەڕێگەیەوە سیاسەتەكانی خۆی سەربخات.   ئەنجومەنی دادوەری بەپێی یاسا دەبێت مانگانە لانی كەم جارێك كۆبونەوە بكات، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا داوای كۆبونەوە بكات، ئەگەر سەرۆك یان ئەو كەسەی كە نوێنەرایەتی سەرۆك دەكات لەگەڵ سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی كۆبونەوەیەك نەبن، كۆبونەوەكە بەڕێوەناچێت، بڕیار لەناو ئەم ئەنجومەنەدا بەزۆرینە دەدرێت واتە (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن. بەپێی یاسا ئەنجومەنی دادوەریی ئەم تایبەتمەندیانەی پێدراوە:  •    ئامادەكردنی پلان‌و نەخشە بۆ دەزگای دادوەریی‌و وتووێژ لەسەركردنی‌و دەربڕینی تێبینییەكانی لەبارەیەوە.  •    سەیركردنی كاروباری دامەزراندن‌و بەرزكردنەوە‌و پایەپێدان‌و گواستنەوە‌و گەڕاندنەوەی دادوەرەكان‌و لێكۆڵینەوە لە رەوشت‌و توانایان‌و سەرپەرەشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەریی. •    ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەن‌و بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی. •    رێكخستنی كارگێڕی‌و دادگاكان بەكاروباری خزمەتی كارمەندان‌و بەرزەفتكردنیان. •    دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكان‌و دامەزراندنی فەرمانبەران كە ئەو میلاكانە پڕدەكەنەوە‌و ئەوانی دیكە لەچوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن.  •    دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن. بودجەی دەسەڵاتی سێیەم ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی ئەو یاسایەی كاری پێدەكات، بودجەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەكرێت‌و دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی وەكو پاشكۆی بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان پەسەندی بكات. بەگشتی بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی لەم دوو سەرچاوەیەوە دابین دەكرێت:  •    رەسم‌و غەرامەی دادوەریی كە لەلایەن دادگاكانەوە وەردەگیرێن. •    ئەو پارەیەی كە ساڵانە حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجومەنی دادوەریی تەرخان دەكات. بەگوێرەی دواین پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 دەرچووە، بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ ساڵەكە (46 ملیارو 787 ملیۆن) دیناربووە، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی دادوەریی رێژەی (0,4%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێمی بردووە. بەپێی یاسای بودجەی 2013ی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی (3 هەزارو 468) كارمەندی هەبووە، ئێستا خەرجی موچەی ئەنجومەنی دادوەریی مانگانە بڕەكەی (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە.    هەیكەلی كارگێری ئەنجومەنی دادوەریی


راپۆرت: درەو  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەردوو  كێڵگەی (خورمەڵە)‌و (كۆرمۆر)ی لەدەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەندەوە، بەرهەمی ئەم دوو كێڵگەیە رێژەی 40%ی تێكڕای نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان پێكدەهێنن، واتا لە كۆی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، نزیكەی (160 هەزار) بەرمیل لەم دوو كێڵگەیە بەرهەمدەهێنرێن. حوزەیرانی ساڵی رابردوو كێڵگەی (كۆرمۆر) كە دەكەوێتە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیی چەندجارێك موشەكباران كرا، لەولاشەوە حەشدی شەعبی هێزی جوڵاند بۆ گرتنی (خورمەڵە) لەژێر ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا، ئەوەی حەشدی بەشێوەی سەربازی نەیكرد، لە پەرلەمانی عێراق بە بڕگەیەكی یاسایی ئەنجامدرا، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەم بابەتە بۆچونیان جیاوازە، حكومەت دەڵێ" قبوڵی ناكەین"، كەرتی نەوتی هەرێم بەبێ (خورمەڵە)‌و (كۆرمۆر) چییە ؟ بەر لە دادگا، بودجە حوكم دەدات راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجەی 2023 پەسەندكرا، بڕگەی (10) لە ماددەی (14)ی پرۆژە یاسای بودجە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندكراوە دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم پابەندن بە رێگریكردن لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوك‌و نەینەوا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ئێستادا". ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، حكومەتی هەرێم چیتر بۆی نییە نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)‌و (كۆرمۆر) دەربهێنێت، چونكە هەردوو كێڵگەكە سەربە كۆمپانیای نەوتی باكۆرن لە كەركوك و نەینەوا، ئەمە جگە لە راگرتنی كاركردنی حكومەتی هەرێم لە هەندێك كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوادا كە بە تانكەر نەوتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە. كۆمپانیای نەوتی باكور لەدادگای فیدراڵی سكاڵای كردووە‌و داوای ئەم دوو كێڵگەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەرلەوەی دادگا بڕیار بدات، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە (4) ئەندامی فراكسیۆنە كوردیەكانی تێدایە (پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو)، ئەم دوو كێڵگەیەی لەدەستی حكومەتی هەرێم سەندەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بڕگەیە زۆر توڕەیە‌و هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەتی عێراق دەكات ئەگەر لە پەرلەمان ئەم بڕگەیە پەسەند بكرێت.    راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)‌و (كۆرمۆر) چ واتایەكی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری نەوتدا ؟ بەرهەمی ئەم كێگانە چەندە‌و چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەبێت ؟  خورمەڵە.. شادەماری نەوتی هەرێم بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ساڵی 2007 كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم.  ناوەڕاستی ئایاری 2022، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە). حكومەتی فیدراڵ بە وەرگرتنەوەی ئەم كێڵگەیە، لە شادەماری ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی داتاكانی 2022ی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: •    داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم (ملیارێك‌و 260 ملیۆن) دۆلارە. •    لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت.  بەڵام بەپێی راپۆرتێكی چەند رۆژی رابردووی ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" كێڵگەی خورمەڵە ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كەمبونەوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە مانگێك لەمەوبەر كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بووە‌و بەر لە راوەستانی بۆرییەكە كە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە".   كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی خورمەڵە دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریسدا، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەرێگەی بۆرییەوە راگرت.  لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە زیانی گەورەتری دەبێت، چونكە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵە‌و لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتەی كەركوك بۆ حكومەتی عێراق بوو، بەڵام كۆمپانیای (كار) كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرت‌و بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی (27 ملیۆن) دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر كێڵگەی خورمەڵە بكەوێتە دەست كۆمپانیای نەوتی باكور، چیتر كۆمپانیای (كاریش) ئەم قازانجەی دەستناكەوێت. كۆمپانیای كار لە كێڵگەی خورمەڵە كار دەكات، كە گەورەترین كۆمپانیای خۆماڵییە لە بواری وزەدا، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە بۆ پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا. بەڵام جۆری گرێبەستی ئەم كۆمپانیایە هێشتا نەزانراوە، كۆمپانیای كار كاتێك كێڵگەی (خورمەڵە)ی وەرگرتووە، كێڵگەیەكی ئامادە بووە‌و بەرهەمی هەبووە، زۆربەی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەچێت بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی (كار)، بڕێكیشی بە تانكەر هەناردەی توركیا دەكرێت.  بەمدواییە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا راوەستا، پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمپانیای (كار) ئاستی هەناردەی نەوت بۆ توركیا بە تانكەر بەرزبكاتەوە. كۆمپانیای كار، جگە لە كێڵگەی خورمەڵە، لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیش دەكات‌و پشكی 40%ی لە بۆرییەكەدا هەیە، لەپاڵ ئەمەشدا (كار) خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەپاڵێوێت‌و بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیای كار بە دوو هێندەی نرخ نەوت بۆ حكومەتی هەرێم دەپاڵێوێت بە بەراورد بە عێراق.  كۆمپانیای (كار) واناسراوە، لە لوتكەی دەسەڵاتی زۆنی زەردەوە نزیكە، بۆیە بە لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە، كۆمپانیاكە زیانی گەورەی دارایی بەردەكەوێت‌و ئەمەش بەواتای لێدان دێت لەیەكێك لە سەرچاوە بەهێزەكانی ئابوری پارتی دیموكراتی كوردستان.  كۆرمۆر.. نەوتە پاكژەكەی یەكێتیی  كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتا لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەم لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراوەو خراوەتەسەر قەزای چەمچەماڵ.  كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر.  بەرهەمی ئێستای كێڵگەكە بەمشێوەیە:  •    گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا •    كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی •    گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە.   بەپێی ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەی بودجەی 2023دا پەسەندی كردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت، بەڵام بڕگەكە ئاماژەی بە غاز نەكردووە. نەوتی ئەم كێڵگەیە (كۆندێنسەیت) لەماوەی رابردوودا یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی یەكێتیی بوو دژ بە پارتی، چونكە بەم نەوتە كوالیتی نەوتی كێڵگەكانی تری هەرێم بەرزدەكرایەوە، كە زۆرینەیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون، واتا بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كۆرمۆر) چیتر یەكێتیش ئەم كارتەی بەدەستەوە نامێنێت، بەڵام ئەمە لەكاتێكدا روودەدات كە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گشتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نامێنێت‌و دەكەوێتە دەست حكومەتی فیدراڵ.  كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان‌و پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو  وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەوكات ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد.  ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراق‌و ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراق‌و توركیاش دابین بكەین.   هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان بارزانی گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوە‌و یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوت‌و غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئیتر لەدوای ئەم بڕیارەوە، حكومەتی فیدراڵ زیاتر دەستی كرایەوە تا ئەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی توركیا لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە‌و بەمەش بەتەواوەتی جڵەوی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی كرد، واتە ئەوەی ئێستا لە پرۆژەیاسای بودجەدا روودەدات، بەرەنجامی ئەم گۆڕانكارییانە بووە كە تێیدا پێگەی هەولێر لاواز‌و پێگەی بەغداد بەهێزتر بوو.   ئازاری 2022 دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، چونكە كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێ سپێردرا بوو، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراق‌و ئەمریكی‌و توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیا‌و ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراق‌و توركیا‌و نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان لەناوخۆدا.  ناوەڕاستی 2022 بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتیی ئەوكات باسیان لەوە دەكرد، راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەبوو، دەیانوت" راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆرە بۆ توركیا".  ئەوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتیی رێگری كرد.  رۆژی 28ی نیسانی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان‌و رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" روون‌و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت".  ئەوەی حەشد نەیكرد، بودجە دەیكات ! حكومەتی فیدراڵی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی‌و گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی، بە هی خۆی دەزانێت. حوزەیرانی 2022 چەندجارێك بە كاتیۆشا هێرش كرایەسەر كێڵگەی (كۆرمۆر)، پەنجەی تۆمەت لەم هێرشانەدا بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی راكێشرا.  لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)‌و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا. دوابەدوای هێرشەكانی (كۆرمۆر)، هێزەكانی حەشدی شەعبی خۆیان كۆكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خۆرمەڵە)، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامری‌و قەیس خەزعەلی) بوون، ئەوكات جەختیان دەكرد لە كۆنترۆڵكردنی (خورمەڵە)، ئەمەشیان بە راشكاوی بە چەند بەرپرسێكی كورد وتبوو.  رۆژی 23ی حوزەیرانی 2022 چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكرد، شەوەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردو رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی‌و دامەزراوەكانی نەوت‌و گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر". دۆخەكە گەیشتە ئاستی ئەوەی شەوی 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقاوە كرد‌و بڕیاریشیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخەكە ئاگادار بكاتەوە، لەسەر زەویش مەسرور هێزێكی لەشكری (گوڵان)‌و زێرەڤانی بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵە پێكرد.  ئەگەر حەشد دەستی بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرتایە، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێمی دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبوو بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. ئەوەی حەشدی شەعبی نەیكرد، ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ناردنی هێزو لەرێگەی زیادكردنی بڕگەیەك بۆ رێككەوتنی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ كردویەتی‌و هەرێم پابەند دەكات كێڵگەكە رادەستی بەغداد بكاتەوە.  ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و دەڵێ:" ئەو گۆڕانكاریانەی لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێككەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی كوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین‌و دژی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵیەو هەروەها دژی پرەنسیپەكانی ڕێككەوتنی حكومەتی ئیدارەی دەوڵەت‌و بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە.  ئێمە وەك حكومەتی هەرێم، بەهیچ شێوەیەك، ئەم ستەمكاری‌و پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبوڵ ناكەین‌و پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین جگە لەو  ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی بەڕێز سودانی كراوە".   راپۆرتی پەیوەندیدا    - كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە - دوكەڵ لە (كۆرمۆر)و ئاگر لە (خورمەڵە)یە - یەكێتی غاز رادەستی بەغداد دەكات


درەو: راپۆرتی: رۆیتەرز  رۆژی یەك شەممەی داهاتوو(28)ئایار, هاوڵاتیانی توركیا لەگەڕی دووەمی  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگدەدەن, بۆ یەكلایەكردنەوەی كێبڕكێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ, ئەم راپۆرتە, زانیاری لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرسە سەرەكیەكان لەخۆدەگرێت, وێڕای چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە (14)ی ئایاری رابردوو.  درەو: هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هاوڵاتیانی توركیا سەرۆكێك هەڵدەبژێرن, كە ماوەی ویلایەتەكەی بۆ پێنج ساڵە, لەگەڕی یەكەمی دەنگدان كە لە (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, ئەردۆغان(49.5٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, ئەوەش كەمێك كەمتربوو لەو زۆرینەیەی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەچێتە خولی دووەم, لە پرۆسەیەكدا كە وا تەماشا دەكرێت راپرسیبێت لەسەر دەسەڵاتە پاوانخوازیەكەی ناوبراو. كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن كە شەش پارت لەخۆدەگرێت, (44.9٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) بە بەدەستهێنانی(5.2٪) دەنگەكان, پلەی سێیەمی بەدەستهێناو لەكێبڕكێكە دورخرایەوە.  ئەنجامی هەڵبژاردنەكە, پێشبینی رێكخەرانی راپرسیەكانی توشی شڵەژان كرد, كە كڵیچدار ئۆغلۆیان كردبووە براوەی یەكەم.  كاندیدەكان سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای زیاتر لە (20)ساڵ لەگەیشتنی ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان بۆ دەسەڵات, دەیەوێت ماوەی ویلایەتەكەی درێژبكاتەوە, كە دەبێتە یەكەم دەسەڵاتدار لەسەردەمی توركیا هاوچەرخدا, ماوەی دەسەڵاتەكەی هێندە درێژەی كێشابێت. توانایەكی بەهێزی نواند لە(14)ی ئایاردا, كاتێك توانی دەنگدەرە موحافیزكارەكان كۆبكاتەوەو روبەڕوی پێشبینیەكانی ئاوابونی خۆری سیاسی ببێتەوە. سەركەوتن دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەم رابەرە, كە توركیای گۆڕی, سەرلەنوێ‌ ئەو دەوڵەتە سیكۆلارە پێكدەهێنێتەوە كە (100) ساڵ لەمەوبەر دامەزرا, بۆ ئەوە هاوتەریبی تێڕوانینە ئاینیەكانی بێت و دەسەڵاتەكان لەدەستی خۆیدا كۆبكاتەوە, كە رەخنەگرەكانی بەڕۆیشتن بەرەو سەركوتكاریی دادەنێن.  ئەردۆغان ئەم هەفتەیە پشتیوانی نەتەوەپەرستی توندڕەو سینان ئۆغانی بەدەستهێنا, ئەوەش ئاستەنگەكانی بەردەم كڵیچدار ئۆغلۆی سەختتركرد, كە لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا روبەڕی دەبێتەوە.  لە دەنگدانی پەرلەماندا كە رۆژی (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, پارتی دادو گەشەپێدان بە حەوت خاڵ پاشەكشێیكرد, كە ساڵی (2018) رێژەی (42.6٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا, ئەردۆغان داوا لەدەنگدەران دەكات پشتیوانی بكەن لەپێناو زامنكردنی سەقامگیری سیاسی. كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ  كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی ئۆپۆزسیۆنەو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریە, كە مستەفا كەمال ئەتاتورك_دامەزرێنەری توركیای هاوچەرخ دروستیكردووە. پرۆگرامێكی گشتگیری خستە بەردەم دەنگدەران و بەڵێنی سەرلەنوێ‌ بەدیموكراسیكردنی توركیایدا, بە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی و سەربەخۆكردنی دەسەڵاتی دادوەری, كە رەخنەگرانی دەڵێن ئەردۆغان بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی بەكاریهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا, گوتارەكەی لە (14)ئایارەوە ئاراستەیەكی توندی وەرگرتووە, بەجۆرێك دەستی بۆ دەنگدەرە نەتەوەپەرستەكان درێژكردووە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغانداو, بەڵێنیداوە بەگێڕانەوەی ملیۆنەها پەنابەر.  پارتەكانی لایەنگری كورد لەتوركیا, پشتیوانیان بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا دووپاتكردەوە, بەبێ‌ ناوهێنانی, ئەوەش دوای رۆژێك لەدەربڕینی توڕەییان لەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی سەركەوتنی راستڕەوی توندڕەو ئەنجامیدا, كە دژی كۆچبەرانن. رۆژی چوارشەممە, ئومیت ئۆزداغ سەرۆكی پارتی (ZP) پشتیوانی پارتەكەی بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ دەربڕی, كە رەنگە پاڵپشتیەك بێت بۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەری پشتیوانی سینان ئۆغان بۆ ئەردۆغان, پارتی(ZP) لە(2.2٪) دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە. مەترسییەكان چین؟ پرۆسەی دەنگدان تەنها بڕیار لەسەر ئەوەنادات كێ‌ سەركردایەتی توركیا دەكات, كە دەوڵەتێكی ئەندامە لە ناتۆو ژمارەی دانیشتوانەكەی (85)ملیۆن كەسە, بەڵكو دەنگدانیشە لەسەر ئەوەی چۆن حوكم دەكرێت, ئابوریەكەی بەچ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات, لەنێوەندی قەیرانی قوڵی گرانی بژێوی و شێوازی سیاسەتی دەرەكی. ئەوانەی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن, دەڵێن: حكومەتەكەی دەمی ئۆپۆزسیۆنی گرتووەو مافەكانی زەوتكردون و دەسەڵاتی دادوەری خستووەتە ژێر هەژمونی خۆیەوە, بەرپرسانی توركیاش ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە. ئابوری توركیا بوارێكی ترە كە سەرنجەكانی لەسەرە, ئابوریناسان دەڵێن:  سیاسەتە نا نەریتیەكانی ئەردۆغان, كە خۆی لە دابەزاندنی نرخی سوددا دەبینێتەوە, سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخەكان, هۆكار بووە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵئاوسان لەساڵی پاردا بۆ (85%) بەرزبێتەوەو لیرە بگاتە یەك لەسەر دەی بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار, لەماوەی دەیەی رابردوودا. كڵیچدار بەڵێیندا بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتێكی ئابوری كە زیاتر نەریتی بێت, لەگەڵ گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ بانكی ناوەندی توركیا.  لەكاروباری دەرەوەشدا, لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغان, توركیا نمایشی هێزی سەربازی كردووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا, پەیوەندیەكی توندوتۆڵتری لەگەڵ روسیا دامەزراندووە, پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاش بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزبووە. هەروەك توركیاو نەتەوەیەكگرتوەكان نێوەندگیریان كردووە لەنێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا, ئەردۆغان هەفتەی رابردوو درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی بۆ دوومانگی تر راگەیاند.  راپرسی زیاتر لە (64) ملیۆن هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیەو نزیكەی (192000) ناوەندی دەنگدان هەیە, بە زیاتر لە (6)ملیۆن دەنگدەریش كە بۆ یەكەمجار لەهەڵبژاردنی (14)ی ئایار مافی دەنگدانیان هەبووە, لەگەڵ (3)ملیۆن و (400)هەزار دەنگدەری دەرەوە, كە لەنێوان (20 بۆ 24)ی ئایار دەنگیاندا.  ناوەندەكانی دەنگدان لەتوركیا, رۆژی (28)مانگ لە كاتژمێر (8)ی بەیانی دەكرێنەوە, كاتژمێر (5)ئێوارە دادەخرێن, رۆژی هەڵبژاردن فرۆشتنی مادە كهولیەكان قەدەغە دەكرێت. رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی بەرزە, لە (14)ئایاردا, رێژەی بەشداری گەیشتە(87.04٪)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە, بەرێژەی (88.9٪) لەناوخۆی توركیاو (49.4٪) لەدەرەوە. ئەنجامەكان بەگوێرەی رێساكانی هەڵبژاردن, بڵاوكردنەوەی هەواڵ و پێشبینیكردن و كۆمێنتدان لەبارەی هەڵبژاردن, قەدەغەكراوە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە, دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتژمێر (9)ی شەوەوە بۆیان هەیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوبكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا, دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا دەتوانێت رێگە بە میدیاكان بدات راپۆرت لەبارەی ئەنجامەكان بڵاوبكەنەوە لەكاتێكی زووتردا, زۆربەی كاتیش ئەمە دەكات. پێدەچێت ئێوارەی یەك شەممە, ئەنجامەكان لەكاتێكی زووتردا دەربكەون بە بەراورد بە هەڵبژاردنی (14)ئایار, بە لەچاوگرتنی ئاسانی جیاكردنەوەی كارتەكانی دەنگدان. سەرچاوە: رۆیتەرز


راپۆرت: درەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە، ئەگەر ئەندامانی (یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) بەشدار نەبن، نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نابێت، چونكە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی دروستبووە‌و نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی كۆمسیاران پێویستی بە (5) ئەندامە لە كۆی (9) ئەندام، ئەگەر دوو ئەندامەكەی گۆڕان بەشدار بن لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی، نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەبێت.  نوسراوەكانی سەرۆك‌و جێگر  لەدوای كۆبوونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمان، كێشمەكێش دروستبووە لەبارەی یاسایبوون یان نەبوونی بڕیاری ژمارەی (10)ی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەو بڕیارەكە بە نایاسایی‌و ناپەیڕەوی دەزانێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بە یاسایی و پەیڕەوی ناوی دەبات. لەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كردووەو داوا دەكات بەردەوام بن لە كاركردن‌و كارا كراونەتەوە، دواتر رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانیش كوردستان نوسراوی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو دەڵێت "دانیشتنی پەرلەمان نەكراوەو هەر نوسراوێك واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەر نەبێت نایاسایی‌و نا پەیڕەوییە". هەر دوێنێ نوسراوەكەی هێمن هەورامی كە بە بڕیاری ژمارە (10) پەرلەمان ناسراوە، لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە، بە بڵاوكردنەوەشی راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەم نوسراو و بڕیارانە كێشمەكێشمەكەی تەواو نەكردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رابگەیەنێت‌و كۆتایی بە ناكۆكیی پارتی‌و یەكێتیی لە پەرلەمان بهێنێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ رۆژی 30 مانگ دواخست.  ئەگەر رۆژی 30 مانگ، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەو رۆژەوە نادەستورییە كە درێژكراوەتەوە، ئەوا هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لەدوای درێژكردنەی تەمەنی پەرلەمانەوە (واتا لە 6ی تشرینی دووەمی 2022)وە دەرچوون، هەمویان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێن، بە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا تەنیا درێژكردنەوەی پەرلەمان دەستورییە بەبێ دیاریكردنی كات، ئەوا لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، لەم حاڵەتەدا دانیشتنەكەی 22ی مانگ بە یاسایی ئەژماردەكرێت مەگەر یەكێتیی تانەی یاسایی لەسەر دانیشتنەكە تۆمار بكات.  كۆمسیۆن دابەشبووە ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی حزبەكانیان دابەشبوون، ئەوانەی لە پشكی یەكێتین دەڵێن پەیوەستین بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا پێیانوایە كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە، ئەوانەشی لە پشكی پارتی پەیوەستن بە بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە)، لەم نێوەندەدا (كۆمەڵی دادگەریی‌و  یەكگرتووی ئیسلامی‌و  بزوتنەوەی گۆڕان) كە نوێنەریان  لە كۆمسیۆن هەیە، هێشتا بەفەرمی خۆیان یەكلانەكردووەتەوە. •    هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی دەڵێت، ئێمە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانین‌و كارا كراوینەتەوە.  •    سلێمانی مستەفا حێگری سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی یەكێتیی دەڵێت "پەیوەستین بە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان‌و كۆمسیۆن كارا نیەو ئێمە ماوەمان بەسەرچووە". چۆن نیساب تەواو دەبێت؟ بڕیارە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەفتەی داهاتوو كۆببێتەوە، كۆمسیاران چاوەڕێی بانگهێشتی سەرۆكی كۆمسیۆنن بۆ كۆبوونەوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تائێستا كۆمسیاران بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكراون‌و هێشتا نازانرێت نیساب تەواو دەبێت یان نا؟ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2015، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی رەهایە (50+1)، واتا لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت (5) ئەندامی ئامادەبێت ئەوكات نیساب تەواو دەبێت، بەڵام لەكاتی بڕیاردان لەسەر بابەتێك ئەگەر  ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆكی كۆمسیۆن لە كام لا  بوو، ئەو لایە براوە دەبێت‌و بۆچونەكەی دەبێت بە بڕیار.  پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بەمشێوەیە:  •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- كۆمسیارو  وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)  بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە: •    پارتی: 3 ئەندام •    یەكێتی: 2 ئەندام •    گۆڕان: 2 ئەندام •    كۆمەڵ: 1 كورسی •    یەكگرتوو: 1 كورسی سیناریۆكانی بەردەم كۆبونەوەی كۆمسیۆن  ئەندامانی كۆمسیاران بەسەر (5) حزبدا دابەشبوون: •    پارتی: سەرۆكی كۆمسیۆن‌و دوو ئەندام بەمەرجێك یەكێك لە ئەندامەكانی لە پێكهاتەی توركمان بێت. •    یەكێتیی: جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن‌و ئەندامێكی دیكە بەمەرجێك لە پێكهاتەی مەسیحی بێت. •    گۆڕان: سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن‌و ئەندامێكی دیكە، بەمەرجێك یەكێكیان ژن بێت. •    كۆمەڵ: ئەندامێكی كۆمسیۆن كە وتەبێژی كۆمسیۆنە •    یەكگرتوو: ئەندامێكی كۆمسیۆن.  سیناریۆكان بەم شێوەیە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران: •    تەواوی ئەندامانی كۆمسیۆن بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم سیناریۆیە دوورە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەكەیە.  •    پارتی‌و گۆڕان پێكەوە بەشدار بن، لەم حاڵەتەدا ژمارەی بەشداربووانی كۆبونەوەكە دەكاتە (3 + 2)،  لەم حاڵەتەدا لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن (5) ئەندام ئامادە دەبن‌و بەمەش نیسابی كۆبونەوەكە تەواو دەبێت‌و رێژەی 50+1 پێكدێت،  بەڵام تا ئێستا گۆڕان بە فەرمی راینەگەیاندووە بەشدار دەبێت. •    ئەندامانی (كۆمەڵ+ یەكگرتوو+ پارتی) بەشدار بن ، لەم حاڵەتەدا نیساب تەواو دەبێت، چونكە (1+1+3) دەكاتە (5) ئەندام، واتا (50+1) پێكدێت‌و كۆبوونەوە دەكرێت. •    سناریۆیەكی تریش لەئارادایە، دەوترێت گۆڕان (1 بە 1) دەكات، واتا لەكۆی دوو ئەندامەكەی لە كۆمسیۆن یەكێكیان دەنێرێت بۆ كۆبونەوەی ئەوەی تریان نانێرێت، لەم حاڵەتەشدا نیسانی یاسایی تەواو نابێت، چونكە هاوكێشەكە دەبێت بە (3+1) واتە (4) ئەندام ئامادە دەبن‌و رێژەی 50+1 پێكنایەت.  ئەگەر گۆڕان ئەم بژاردەیە پەیڕەو بكات، واتە (1 بە  1) بكات، هەم دڵی یەكێتیی رادەگرێت كە لە ئەنجومەنی خۆجێی سلێمانیدا پێكەوەن، هەم دڵی پارتی رادەگرێت كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا پێكەوەن، بەڵام دەرەنجام ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەشكێتەوە، چونكە نیسابی كۆبونەوەی كۆمسیۆن تەواو ناكات.  •    ئەندامێكی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمەڵ یان یەكگرتوو، لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی (3+1+1) نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەكات.  دەرەنجامی ئەم سیناریۆیانە دەریدەخات، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە (یەكێتی+ پارتی) یان (گۆڕان+ پارتی) یان (پارتی + یەكگرتوو+ كۆمەڵ) پێكدێت.   


 راپۆرت: درەو  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی گیری خواردووە، نازانێ كاراكراوەتەوە یان نا،  هێمن هەورامی نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كاراكراونەتەوە، رێواز فایەقیش نوسراو دەكات‌و دەڵێ كارا نەكراونەتەوە، (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی) كە نوێنەریان لە كۆمسیۆن هەیە، نازانن بگەڕێنەوە بۆ كۆمسیۆن یاخود نا، جارێكی تر كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، پارتی‌و یەكێتیی لە  حكومەت ئاشتبونەوە‌و لە پەرلەمان كەوتنە كێشەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  ناكۆكی لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان پارتی‌و یەكێتیی كە ماوەی زیاتر لە (6) مانگ لەناو حكومەت ناكۆك بوون، تەنیا هەفتەیەك بوو گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ پەیوەندییەكانیان لەناو حكومەت، یەكسەر پەیوەندییەكانیان لەناو پەرلەمان تێكچوو.  ئێستا قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆ ناو حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتیی لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمی پارتیدا ناكۆكن، مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب چۆن سەرقاڵی چاككردنەوەی پەیوەندی تیمەكان بوون لەناو حكومەت، ئەمجارە دەبێت چارەسەری كێشەی تیمەكان بكەن لەناو پەرلەماندا.  كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكییەكی نوێی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی تەقاندەوە، كۆبونەوەیەك كە سەرۆكی پەرلەمان بە  "مردوو"ی ناودەبات‌و جێگرەكەی دەڵێ"یاسایی"ە.  دوێنێ پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، زیادكردنی بڕگەیەك (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان) بۆ كارنامەی ئەم كۆبونەوەیە لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، ناڕەزایەتی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی لێكەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمان زیادكردنی ئەم بڕگەی بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بە "ناپەیڕەوی"ی ناوبرد‌و بەوهۆیەوە كۆبونەوەكەی دواخست، بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان قسەكەی پێ بڕی‌و درێژەی بە كۆبونەوەكەدا.  بە چونەدەرەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیش چونە سەر سەكۆی سەرۆكایەتی بۆ رێگریكردن لە درێژەدان بە كۆبوونەوە دوای بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان، ئیتر لێرەوە گرژی لەنێوان فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتیی روویدا.  هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی پارتی دەكات، سورە لەسەر ئەوەی لەو كۆبونەوەیەدا دەنگدان كراوە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی‌و 10 پەرلەمانتاری پێكهاتەكان‌و پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگیان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن داوە، رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمانیش كە نوێنەرایەتی یەكێتیی دەكات دەڵێ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەسەڵاتی رەهای سەرۆكایەتیكردن‌و كۆتایپێهێنانی كۆبونەوەكانی پەرلەمان لەدەستی سەرۆكی پەرلەماندایە، ئەو كۆبونەوەكەی دواخستووە، بۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارانەكراوەتەوە.  سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی سەربارەی ئەوەی لەبارەی یاسایبوونی كۆبونەوەكەی دوێنێ ناكۆكن، ئێستا ناكۆكییەكی تریشیان بۆ دروستبووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامی كۆبونەوەی 22ی مانگی كردووە بە بڕیاری ژمارە (10)و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاراكراوەتەوە‌و كاندیدی پۆستە بەتاڵەكانی كۆمسیۆن پەسەندكراون، ئەمەشی لە نوسراوێكدا كردووە‌و ئیمزای لەسەر كردووەو ناردویەتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.  لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراو بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات‌و تێیدا دەڵێ شتێك بەناوی بڕیاری ژمارە (10)وە بوونی نییە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا نەكراوەتەوەو ئەوە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نیە. كۆمسیۆن لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم ناوی (هەندرێن محەمەد)ەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوێنێ (درەو) قسەی لەگەڵ هەندرێن محەمەد كرد، ئەو وتی:" چاوەڕوانی ئەوە دەكەین نوسراوی فەرمییان لەلایەن پەرلەمانەوە پێبگات بۆ ئەوەی كۆمسیۆن كارا بكەینەوە". ئێستا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، لەبەرامبەردا رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كارانەكراوەتەوە.  لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا كۆمسیۆن چی دەكات؟ ئایا خۆی كارا دەكاتەوە‌و كۆبونەوە دەكات یاخود نا، وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران راوەستاوە كە جگە لە پارتی‌و یەكێتیی، نوێنەری (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)ش لەخۆدەگرێت. ئەگەر نوێنەرەكانی (گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو) بەشداری لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا بكەن، واتا شەرعیەت بە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان دەدەن‌و بەمەش دەكەونە بەرەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، خۆ ئەگەر بەشداری كۆبونەوە نەكەن ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پشتیوانی لە یەكێتیی دەكەن‌و كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بە نایاسایی ناودەبەن. واتا جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كەوتونەتەوە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هێشتا بڕیاریان نەداوە لەوەی نوێنەرەكانیان دەنێرن بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی كۆمسیۆن یاخود نا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) چاوەڕێی ئەوە دەكەن پارتی‌و یەكێتیی بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەنێوان خۆیان یەكلابكەنەوە.  ریشەی كێشەكە  ریشەی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە كە بەمدواییە كردویانە، بەپێی رێككەوتنەكە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە هاوتەریب‌و لە یەك رۆژدا بكرێن، بۆیە زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ دانیشتنی دوێنێ بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كێشەی دروستكرد، ئەمە زیاتر لۆژیكی یەكێتییە بۆ لێكدانەوەی دۆخەكە. بەڵام لەبەرامبەردا پارتیش لۆژیكی خۆی هەیە‌و مەترسی هەبووە لەبارەی ئەوەی یەكێتیی لەرێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆماریكردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بدرێتە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرواش دەرچوو، دوێنێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوە پڕلە كێشەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانییە‌و بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆندا دانراوە، نوسراوێكی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق كرد‌و تێیدا دەڵێ" بەپێی یاسا ئێمە دەتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەین‌و سەرپەرەشتی بكەین".  پارتی‌و یەكێتیی پێشتر لە دانوستانەكانیاندا لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام كێشەكانیان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلانەكردەوە، بەدیاریكراویش لەبارەی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانەوە.  یەكێتی داوا دەكات لەكۆی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی (2) كورسی توركمان بۆ (كفری)‌و (2) كورسی مەسیحی یەكێكیان بۆ (كۆیە)‌و ئەوی تر بۆ (سلێمانی)، پارتی بەمە رازی نییە، ئەم ناكۆكییە وایكرد هەردوو حزب بە بەشداری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆچونی حزبی پێكهاتەكان وەربگرن، حزبەكان زۆر بوون، بۆچونیان جیاواز بوو، بۆیە هیچ ئەنجامێك بەدەست نەهات، لەم نێوەندەدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پێشنیازی كرد (2) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، ئەمەش نە یەكێتی قبوڵی كرد‌و نە پارتیش، بەوهۆیەوە كێشەی هەڵبژاردن درێژەی كێشا.  ئێستا بەپێی ئەو وادەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە دەبێت رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئێستا كەمتر لە شەش مانگ دەرفەت ماوە بۆ سازدانی هەڵبژاردن، ئەگەر ناكۆكییەكان بەردەوام بن كە پێشبینی دەكرێت بەردەوام بێت، ئەوا دەرفەتی سازدانی هەڵبژاردن لاواز تر دەبێت، چونكە بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن كۆمسیۆن لانی كەم پێویستی بە (6) مانگ هەیە.  قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی بۆ جاری دووەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتوو، بەتایبەتیش ئەگەر كێشەی كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بەردەوام بێت‌و هەردوو لایەن پەنا بۆ دادگا ببەن.  لەبارەی كۆمسیۆنەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (9) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا. ئەم كۆمسیۆنە لە رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019دا ئەم كۆمسیۆنە ماوەی 4 ساڵی تەمەنی یاسایی خۆی تەواو كرد، بەڵام پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردەوە، بۆیە كۆمسیۆنەكە لەوكاتەوە كەوتوەتە بۆشایی یاساییەوە.  تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)  بەگوێرەی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كە وێنەیەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە.  


درەو: ئەمڕۆ لە پەرلەمان شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن پڕكرایەوە، بەمەش (9) ئەندامەكەی كۆمسیۆن تەواوبووە كە بەسەر پێنج حزبدا دابەشبووە (سەرۆك و دوو ئەندامی پارتی، جێگری سەرۆك و ئەندامێكی یەكێتی، دوو ئەندامی گۆڕان، ئەندامێكی كۆمەڵ، ئەندامێكی یەكگرتوو) لەخۆدەگرێت، پارتی بەروونی پشتیوانی پرۆسەی كاراكردنەوەكە دەكات، بەڵام هێشتا روون نیە كە  (یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) دان بە بڕیارەكەدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان دەكێشنەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی پێهێناو دەڵێت "دانیشتنەكە نایاسایی و نا پەیڕەویە"و جێگری سەۆكی پەرلەمانیش دەڵێت "پەیڕەویە"، سەرەڕای كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، شوێنی دوو ئەندامی كۆمسیۆن پڕكرایەوە. ئەوانیش (كامەران نەشئەت بەكر، عەلی ساڵح مەحمود) لە شوێنی (جوتیار عادل و سیاح عەبدوڵا)، ئێستا كۆمسیۆن (9) ئەندامەكەی بەم شێوەیەیە: هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن – پارتی كامەران نەشئەت بەكر، ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی (پێكهاتەی توركمان)  عەلی ساڵح مەحمود – ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی سلێمانی مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن – یەكێتی نەهرۆ سەلیم حەنا، ئەندامی كۆمسیۆن – یەكێتی (پێكهاتەی مەسیحی) رێزان حەمەرەشید- سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن – گۆڕان عەبدولسەمەد خدر، ئەندامی كۆمسیۆن – گۆڕان شیروان زرار، ئەندامی كۆمسیۆن- كۆمەڵ ئیسماعیل حەمەعەلی، ئەندامی كۆمسیۆن - یەكگرتوو ئەمڕۆ هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو)ی راگەیاند: لەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە چاوەڕێی ئەوە دەكەن بە رەسمی نوسراویان پێبدات تاوەكو بە فەرمی كۆمسیۆن كارا بكەنەوە، ئایا دوای ئەو بڕیارە (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ ، یەكگرتوو) دان بەو بڕیارەو دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان لە كۆمسیۆن دەكێشنەوە.    کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (9) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (4) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد. لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق". بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.   لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا، بەم شێوەیە؛ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە.  لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک)          


راپۆرت: درەو سكاڵاكەی یەكێتیی بۆ بە ناشەرعی ناساندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم و ده‌ركردنی فه‌رمانی (ولائی- سالاری) بۆی، لە دادگای فیدراڵی رەتكرایەوە، ئێستا پارتی پەلەیەتی بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەربكات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارا بكاتەوە، دوای هەفتەیەك گەڕانەوەی گەرموگوڕی بۆ پەیوەندییەكانیان، جارێكی تر پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن توشی ململانێ‌و شەڕی میدیایی دەبنەوە‌و چارەنوسی هەڵبژاردنیش دەكەوێتە تونێلێكی نادیاری ترەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  بنبەستی گفتوگۆكان   لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی لە كۆبونەوەدا بوون، فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایكرد بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بڕگە بۆ بەرنامەی كار زیاد بكرێت، بەمشێوەیە:  •    كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان •    هەمواری یاسای هەڵبژاردن دوای كۆنگرەكەی فراكسیۆنی پارتی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان لەسەر پشكی پێكهاتەكان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ زیادكردنی بڕگەیەك بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، بڕگە زیادكراوەكە بریتییە لە (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن). رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی یەكێتیی ئیمزای لەسەر زیادكردنی ئەو بڕگەیە بۆ دانیشتنی سبەینێ نەكرد، دواتریش فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا دەڵێ:" پارتی بە بەكارهێنانی نوێنەری بەناو پێكهاتەكان، لە هەنگاوێكی تاك لایەنەی نایاسایی، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ زیادكردووە".  فراكسیۆنی یەكێتیی زیادكردنی ئەم بڕگەیە بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ بە ناپەیڕەوی ناودەبات، بۆ ئەمەش بەڵگە بە ماددەی (48)ی بڕگەی (4) لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستان دەهێنێتەوە كە باسلەوە دەكات بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان دەبێت (24) كاتژمێری تەواو بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان رابگەیەندرێت.  جگە لە لایەنی یاسایی بڕیاری زیادكردنی بڕگەیەكە، یەكێتیی ئاماژە بە رێككەوتنێكی خۆی لەگەڵ پارتی دەكات، كە تێیدا هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریب‌و پێكەوە بكرێن.  پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشتر رێككەوتنیان كردووە، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆن وەكو خۆی كارابكرێتەوە‌و شوێنی ئەو كەسانە پڕبكرێتەوە كە بەهۆی وازهێنان یاخود مردنەوە لەناو ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا نەماون، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، كرۆكی ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە (11) كورسییەكەی (كۆتا)ی پێكهاتەكانەوە هەیە، یەكێتیی داوا دەكات 4 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفری‌و 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی بەمە رازی نییە، بەمدواییە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نێوەندگیری هاتە ناو دانوستانەكانەوە، پێشنیازی 2 كورسی پێكهاتەكانی كرد بۆ سلێمانی (1 كورسی توركمان‌و 1 كورسی مەسیحی)، بەڵام نە یەكێتیی‌و نە پارتیش بە پێشنیازەكەی یۆنامی رازی نەبوو. ئێستا یەكێتیی دەیەوێت لانی كەم (3) كورسی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی تەرخان بكرێت، پارتیش بەمە قایل نییە‌و گفتوگۆكان بە بنبەست گەیشتوون.  بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ئێستا سێیەم گەورە فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستانە، هاوڕای یەكێتییە‌و دەڵێ دەبێت كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریبی یەكتر بڕۆن بەڕێوە.  هەفتەی هەنگوینی كۆتایی هات !  دوای تەنیا هەفتەیەك لە ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پرسی هەڵبژاردن خەریكە دۆخەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.  فراكسیۆنی یەكێتیی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێ:" جارێكی تر پارتی نوێنەری بەناو پێكهاتەكانی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەكارهێناوە بۆ واژۆكردن لەسەر  بابەتێكی ناپەیرەوی.. بۆیە ئۆباڵی لێكەوتەكانی ئەم هەنگاوە دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی".  رۆژی هەینی رابردوو، دوای ماوەیەك راوەستانی دانوستانەكانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت، جارێكی تر هەردوو حزب لەناو تەلاری پەرلەمان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن كۆبونەوە.  سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی‌و یەكێتیی ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، لەم دانیشتنەدا یەكێتیی پێشنیازێكی نوێی سەبارەت بە كورسی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو، كرۆكی پێشنیازەكە ئەوە بوو، هەر (111) كورسییەكەی پەرلەمان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە ئەو 4 بازنەی هەڵبژاردن كە پێشتر هەردوو حزبەكە رێككەوتنیان لەسەر كردووە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە).  ئەم پێشنیازەی یەكێتیی، جارێكی تر پارتی توشی دوودڵی كرد سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن.  ئەمڕۆش كە مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكە لە هەولێر كۆبونەوە، پارتی گەیشتە حاڵەتی بێئومێدیی، بەتایبەتیش كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی جارێكی تر جەختیان لەسەر دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان كردوەتەوە، وەفدی پارتی ئەم جەختكردنەوەی یەكێتییان وەكو هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێكداوەتەوە، بۆیە پارتی بەشێوەی تاكلایەنە‌و بێ یەكێتیی بڕیاریداوە هەنگاوەكانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستپێبكات، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت چیتر چاوەڕوانی دانوستان نەبێت لەگەڵ یەكێتیی‌و بە پشتبەستن بەو زۆرینەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە.  پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟ بڕیار بوو رۆژی 3ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بەڵام رۆژێك بەر لە وادەی راگەیاندنی بڕیارەكە، یەكێتیی تیمێكی خۆی ناردە بەغدادو سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم تۆماركرد.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە سكاڵاكەیدا سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، یەكێتیی داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن هەڵوەشێنێتەوەو فه‌رمانێكی (ولائی- سالاری)شی بۆ ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت هیچ ده‌سكارییه‌كی بكرێت تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، دادگای فیدراڵی ده‌ركردنی فه‌رمانی ولائی بۆ سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی له‌باره‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ستی پارتی كرده‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.   بەهۆی سكاڵاكانی یەكێتییەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رانەگەیاند‌و سەرلەنوێ دەرگای دادبینی كردەوە. پارتی ئاگاداری كرۆكی سكاڵاكانی یەكێتییە لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، هەروەك ئاگادارە لەوەی چەند رۆژی رابردوو دادوەرەكەی یەكێتیی پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی وەرگرتووە، بۆیە دەیەوێت بەر لە دەرچوونی هەر بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان یاخود چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بەو زۆرینەی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كارا بكاتەوە، بەمەش رێگە لە یەكێتیی دەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پەنا بۆ كۆمسیۆنەكەی عێراق ببات.  رەنگە ئەمانە هۆكاری ئەو نەرمییە بن كە دوای شەش مانگ دابڕن‌و شەڕی میدیایی، مەسرور بارزانی قایل بوو بە وەرەقەی دارایی یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو حكومەت.  پارتی پێیوایە پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەر كردووە‌و دەیەوێت لەم دۆخەی ئێستادا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆیە هەموو نەرمییەكی نیشانداوە تەنیا لەپێناو ئەوەی یەكێتیی رابكێشێتە ناو هەڵبژاردنێكی نوێ‌و لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكە جارێكی تر هاوكێشەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان نوێ بكاتەوە.  لەبەرامبەردا یەكێتیی كە هێشتا لە كێشەكانی دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 رزگاری نەبووە، خوازیارە كۆنگرەیەكی نوێ بكات‌و كێشەی خاوەندارێتی حزبەكە كۆتایی پێبهێنێت بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە (لاهور شێخ جەنگیی)ەوە، دوای ئەمە بچێنە ناو هەڵبژاردنەوە.  سەردانی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا توانی تیمی یەكێتیی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام پێناچێت بتوانێت هەردوو حزبەكە لەسەر هەڵبژاردن بەو خێراییە بگەیەنێتە رێككەوتن.  هەڵبژاردن دەكرێت ؟  بەم دۆخەوە تادێت ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەی كە دیاری كراوە، گەورە تر دەبێت.  یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە، ئەگەر سبەینێ پارتی بە زۆرینەو بەبێ یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارابكاتەوە، یەكێتیی لە پەرلەمان بكشێتەوە‌و رێگری لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكات لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، سەرلەنوێ جەنگی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبەكە دەستپێبكات‌و یەكتری تۆمەتبار بكەن بە دروستكردنی بەربەست بۆ هەڵبژاردن.  سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەردوو حزب بە نێوەندگیری دەرەكیی بگەنە رێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان.  رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن نەكرا، بەوهۆیەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022 وادەی یاسایی كۆتایی هات، تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتیی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان) بەهانەكەی ئەوە بوو رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن بكرێت، بۆ ئەمەش سەرۆكی هەرێمی بۆ جاری دووەم وادەیەكی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكردەوە، وادەی دووەمی هەڵبژاردن رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن نەكراوە.  سازدانی هەڵبژاردن پێویستە بەماوەی (6) مانگ ئامادەكاریی هەیە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، ئێستا بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە كۆمسیۆن كەمتر لە (6) مانگ كاتی لەبەردەستدا ماوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لە كۆمسیارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن باسلەوە دەكەن تەنانەت ماوەی شەش مانگیشە كەمە بۆ ئامادەكاریی، چونكە بەوتەی ئەوان ئەمجارە وەكو ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنیان لەسەر كردووە هەڵبژاردن بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئەمە شێوازێكە كە ئەوان ئەزمونیان تێیدا نییە‌و پێویستیان بەكاتی زیاتر هەیە.  لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، هەندێك لەوانەی ئاگاداری دانوستانەكانن پێشبینی دەكەن بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بۆ ماوەی یەك وەرزی تر تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژبكرێتەوە‌و هەڵبژاردنەكە بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتووەوە.    


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق دەسپێك ڕێككەوتنی هێزەكانی چوارچێوەی شیعی لەگەڵ دوو هێزە حوكمڕانەكەی هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانیی سیادەی سوننە (خەنجەرو حەلبوسی)، بەشێك بوو لە پێداویستییەكانی تێپەڕاندن‌و خستنەسەرپێی حكومەتی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی" بە سەرۆكایەتیی "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆتایییەكانی ئۆكتۆبەری 2022، پاش ئەوەی توانییان سەدر بخەنە دۆخێكەوە كە لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوەو گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ بكات‌و دەستبەرداری حكومەتی زۆرینە بێت لە دەرەنجامی شەڕی خوێناویی لایەنگرانی‌و چەكدارە شیعەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا (كۆتاییی ئابی 2022). ئەم ڕێككەوتنانە كە بە پاكێجی جیاجیا كراون، دواتر بوونە هەوێنی دروستكردنی هاوپەیمانیی هەمەچەشنی "ئیدارەی دەوڵەت" بۆ زۆرینەی هێزە سیاسی‌و پەرلەمانییەكانی هەرسێ پێكهاتەكە (شیعە، سوننە، كورد). هەندێك لە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنانەیش بەدەق خراونەتە بەرنامەی كاری حكومەت‌و هەندێكی تریان خشتەی كاتییان بۆ دانراوە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ لە تەمەنی حكومەت، ئێستا هەندێك لە لایەنە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوەی شیعە، پەشیمانن لەو گفت‌و بەڵێنانەی داویانە بە هێزە سوننەكان‌و بەنیازن جێبەجێی نەكەن. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی هۆكاری ئەو پەشیمانییەو لێكەوتەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و لەوانەیش پەیوەندی‌و مامەڵەی شیعە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵوێستە دەكات. مەرج‌و داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە هاوپەیمانیی سیادەی سوننە كە لە یەكگرتنی پەرلەمانتارەكانی خەمیس خەنجەر (14 كورسی)و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان (39 كورسی) پێكدێت‌و لەگەڵ نوێنەرە سوننەكانی تر دەگەنە 71 كورسی([1])، بەر لەوەی توشی جیابوونەوەو ناكۆكیی ناوخۆییی توند ببنەوە، كۆمەڵێك داواكاری‌و پێشمەرجی هاوبەشیان هەبوو لە دەسپێكی پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی (ئۆكتۆبەری 2022). ئەم داواكارییانەیش كە كرانە مەرجی بەشداری لە حكومەت، زەقترینیان بریتی بوون لە: ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكانی ناوچە سوننەكان، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پرۆسە سەربازییەكان، كۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوەو دادگەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس)، كە وەك شمشێرێك خراوەتە سەر گەردنی كەسایەتی‌و فیگەرەكانی سوننە، هەروەها دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانەی بێتاوانن لە زیندانەكانی عێراق ([2]) كە بەشی زۆریان سوننەن‌و بەپێی ماددەی 4ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حوكم دراون. ئەم مەرج‌و داواكارییانەیش بەشێك بوون لە هەڵمەت‌و گفتی هێزە سیاسییە سوننەكان لە پارێزگاكانی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021؛ سەرجەمیشیان گرنگیی زۆریان هەیە بە لای بنكە جەماوەرییەكانی سوننەوە. جگە لەم مەرجانەیشی كە سەرەكین، هێزە سوننەكان خوازیارو پێداگری ئەوەیش بوون بڵاوبوونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارو بنكە سوننەكان كۆتاییی پێ بهێنرێت كە هەندێك بە "داگیركردن" ناوی دەبەن‌و لە پاش كۆنترۆڵكردنەوەیان لە دەستی داعش (2014_2017)، بووەتە ئەمری واقع‌و بەم هۆیەیشەوە هەندێك شار بوونەتە محەڕەمە لە سوننەكان وەك "جرف الصخر"و عۆجەو "العویصات"و هەندێك ناوچەی تری شارەكانی تری سەڵاحەددین‌و ئەنبارو نەینەواو دیالە ([3]). هەر پەیوەست بە داواكارییەكانی سەرەوە، هێزە سوننەكان هەندێك داواكاریی تریان لە دانوستانەكاندا زەق كردووەتەوە لەگەڵ شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە هەموو كابینەكانی پێشوودا هەیانبووە، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە بووەتە پاساوی دەستگیركردنی هەزاران كەس لەناوچە سوننەنشینەكان لەسەر بنەمای سكاڵای قینلەدڵانە، هەروەها لەژێر ناونیشانی قەرەبوو و ئاوەدانكردنەوەیشدا چاویان لەسەر بوودجەی تایبەت بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانەكانی جەنگی داعش ([4]) كە سودی دارایی‌و سیاسییشی تێدایە بۆ هێزە سیاسییە سوننەكان.  هەر بەپێی ئەو دزەكردنانەیشی هەن، جگە لە هەموو ئەو خواست‌و مەرجانەی سەرەوە، ڕێككەوتنی هێزە سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی شیعی لەناو بازنەی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"، چەند شتێكی تری بۆ زیاد كراوە، لەوانەیش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی لە چنگی داعش ڕزگار كراون؛ لەمەیش هەستیارتر شمولكردنی بێسەروشوێنكراوەكانی سوننەیە بە یاسای قوربانیانی تیرۆر. ئەو كاتەیشی كە هێزە سوننەكان ئەم مەرجانەیان دەخستە بەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، شیعەكان پێویستیی زۆریان بە ڕێككەوتن هەبوو لەگەڵ كوردو سوننە بۆ ئەوەی كۆتایی بە "بنبەستی سیاسی" بهێنن‌و بەخێرایی بۆشایی سەدر پڕ بكەنەوەو ڕكابەرەكەیان بخەنە گۆشەیەكی تەنیاو ئیحراجەوە. هەر لەبەر  ئەمەیش بەخێرایی‌و بەزارەكی ڕازی بوون لەسەر داواكارییەكانی سوننەو، كردیانە گفت لەسەر خۆیان، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، دورخستنەوەی هێزەكانی حەشد لە شارەكان‌و جێگرتنەوەیان بە سوپاو، تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەو ناوچە سوننانەی كە لە جەنگی داعشدا وێران بووبوون ([5]). لەبارەی هەندێكی تر لەو داواكارییانەوە، محەمەد سودانی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، كە هەندێك لەوانە "داواكارییەك نین جێبەجێكردنیان مەحاڵ بێت." ([6]) سڕكردنی داواكانی سوننەو هەڵوێستی هێزە شیعەكان پاش پێكهێنانی حكومەتی سودانی (27ی ئۆكتۆبەری 2022)و تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا، وردە وردە سڕكردن‌و فەرامۆشكردنی داواكاری‌و پێشمەرجەكانی نوێنەرانی هێزە سوننەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت" دەستیپێكردو دەركەوت؛ كێشەكەیش ئەو كاتە، بوو بە جێگەی باس‌و خواس كە كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی‌و پەرلەمانتاری سوننە ئاماژەیان بەوەدا پابەندی بە جێبەجێكردنی هەندێك دۆسیەوە نییەو هیچ گەرەنتییەكیش لە ڕێككەوتنەكەدا نییە لایەنی بەرامبەر (چوارچێوەی شیعی) پابەند بكات بە جێبەجێكردنیان ([7]). هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك لایەنی شیعەی ناو هاوپەیمانییەكەیش بەئاشكرا كەوتنە دروستكردنی بەربەست‌و، هەڕەشەی ڕاگرتن‌و پەكخستنی ڕێككەوتنەكەیان كرد لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی سوننە، لە كاتێكدا كەمتر بە لای ڕێككەوتنی شیعەو لایەنە كوردییەكاندا دەچن‌و ئەوە بە كێشەی زۆر گەورە نابینن، بەپێچەوانەی سەردەمی كازمی (2020_2022)و پێشتریش هی عەبادییەوە (2014_2018) ([8]). لەم نێوەیشدا ئەمینداری بزوتنەوەی عەسایب قەیس خەزعەلی كە حزبەكەی یەكێك لە كۆڵەكە ڕاگرەكانی كابینەی سودانییە لەناو چوارچێوەی شیعی، نزیكەی شەش مانگ پاش پێكهێنانی حكومەت نەیشاردەوە كە، ڕاستە هەندێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننە "نیشتمانین" بەڵام هەندێكی تریان "ناواقعین"! لە خستنەڕووی وردەكارییەكانیشدا جەختی لەوە كردەوە هیچ بەنیاز نین یاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی دەربكەن بۆ گیراوەكان‌و، تەنیا بڕگەیەك لە یاسای پێشوو بە هاوكاریی ئەنجومەنی دادوەری هەموار دەكەنەوە. سەبارەت بەوانەیشی بێسەروشوێنن وتی: "هەندێكیان لەگەڵ داعش ڕۆیشتوون"و جەختی كردەوە كە شیعەكان بێسەروشوێنیان زیاترە لە سوننەكان. بۆ ئاوارەكانیش پێداگریی كرد "پێویستە تێوەگلاوەكان لە بێتاوانەكان جیا بكرێنەوە." هەروەها مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكانی سوننەنشین بە "پێویست‌و ئەركێكی ئەمنی-سەربازی" دایە قەڵەم. بۆ پرسی "لێپرسینەوەو دادگەری"یش كە "ڕیشەكێشكردنی بەعس"ی جارانە، سوننەكانی بێهیوا كردو وتی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە، نادەستوورییە." ([9]) ئەگەرچی تەنیا خەزعەلی بەزەقی‌و ئاشكرا ئەم داواكارییانەی سوننە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام هیچ لە هاوتا شیعەكانی قسەكانی ڕەتناكەنەوەو لەسەر هەندێكیشیان نیمچە كۆدەنگییان هەیە لە چەشنی هێشتنەوەی "لێپرسینەوەو دادگەری"و، سەركردەو ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیەی تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنی بەعسییەكان‌و، هۆشدارییان دا كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی "گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ عێراق" ([10])؛ هەر ئەمەیش وایكرد ئەو هەنگاوانەی محەمەد شیاع سودانی پەكیان بكەوێت كە كۆتاییی 2022 بڕیاری لێدا بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگەكەو گواستنەوەی دۆسیەكانی بۆ دادگەكان لەڕێگەی گواستنەوەی ئەرشیف‌و دۆسییەكانی بۆ دەزگەی دادوەری تا ئەم پرسە ببێتە یاسایی‌و لە ڕێكای ئیداری‌و سیاسی دوربخرێتەوەو هەر كەس سكاڵای لە بەعسییەكانی پێشوو هەیە، پەنا بۆ دادگە ببات ([11]). هەندێك لایەنی تری شیعە لەبری دژایەتیی ڕاستەوخۆی مەرج‌و داواكارییە پەسەندكراوەكانی سوننە، پاساوی تر دەهێننەوەو باس لەوە دەكەن، مەبەستیانە "تیرۆریستان" سودمەند نەبن لە یاسای لێبوردنی گشتی‌و پێویستیان بە وردبینی‌و  لێكۆڵینەوەی زیاترە ([12]). سەبارەت بە ئاوارەكانیش هیچ هەنگاوێكی كردەیی‌و جددی نابینرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ جێگەی خۆیان، بەتایبەت لەو شارۆچكانەی دەوروبەری بەغدا كە ئاوەدانكردنەوەیان ڤیتۆی لایەنە شیعەكانی لەسەرە. بەم پێیەیش سەرەكیترین بەش كە تائێستا لە ڕێككەوتنی چوارچێوەی شیعی‌و هێزە سوننەكان جێبەجێ كرابێت، زیاتر پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و دابەشكردنی وەزارەتەكانە؛ لە دەرەوەی ئەوانەیش داواكارییەكانی تر بەهەڵپەسێردراوی‌و لەناو گێژاودا ماونەتەوەو ئەمەیش شەرمەزاریی زۆری بۆ فراكسیۆنە سوننەكان لە بەرامبەر جەماوەرەكەیان دروست كردووە ([13]). هۆكاری پەشیمانبوونەوەی هێزە شیعەكان بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێیوایە لایەنە سوننەكان دڵنیابوون لەوەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێ ناكەن، بەڵام بۆ فریودانی ڕایگشتیی خۆیان وایان پیشان داوە كە ڕێككەوتنیان كردووەو چاوەڕوانی ئەنجامن ([14]). لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێشووی پاش 2005 بەنموونە دەهێننەوە كە سەرجەمیان ئەو گفتانەیان بە ناوچە سوننەكان داوە بەبێ ئەوەی بتوانن یان بیانەوێت جێبەجێی بكەن؛ لە ئێستایشدا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، تا كۆتایی 2023 لایەنە شیعە حوكمڕانەكان ناچن كۆمەڵێك دەستكەوت ببەخشنە ڕكابەرە سوننەكانیان‌و بەهێزیان ناكەن لەڕێگەی جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكارییەكانیانەوە ([15])، بەتایبەت كە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیشیان ناكۆكی‌و دووبەرەكییان تێ كەوتووەو هیچ لایەكیان ناچنە ژێرباری ڕیسكی نەرمكێشی بۆ هێزە سوننەكان.  بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە خۆدزینەوەی هێزە شیعەكان لە جێبەجێكردنی داواكاریی ناوچە سوننەكان پەیوەست دەكاتەوە بەوەی ئەوان خاوەن هەرێمێكی دەستووری نین لە شێوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن كێبركێی هاوتایی لەگەڵ شیعەكان بكەن، هەروەها پاڵپشتی‌و كۆمەكی دەرەكییشیان كەمە. ئەمەیش وا دەكات هەڵوێستیان بەرامبەر شیعەكان لاواز بێت، بەتایبەت كە ئەوان خزێنراونەتە ناو شوناسێكی مەزهەبیی دابڕێنراو لە شوناسە نەتەوەیییەكەیان كە خاڵی هاوبەشیانە لەگەڵ شیعە؛ بەهۆی عەرەببوونیشەوە ناتوانن ببنە تەواوكەرو بەشێك لە هەرێمی كوردستان. بەم هۆیەیشەوە بە كەمایەتییەك‌و ئەڵقەیەكی لاواز لەناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزدا ماونەتەوە كە بریتییە لە زۆرینەیەكی مەزهەبی (شیعە) بەرامبەر دوو كەمینە (سوننەو كورد). یەكێك لەو كەمینانەیش مافی فیدراڵی‌و گەرەنتیی دەستوری‌و جوگرافیای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوی دیكەیان (سوننە) نییەتی‌و، بەم هۆیەوە بەگەمارۆدراوی‌و لەناو قەیراندا ماوەتەوە ([16])و؛ هەر ئەمەیش وایكردووە پەراوێزی جموجۆڵ‌و یاریكردنی بەرتەسك بێت. بۆ نموونە ئەو كاتەی حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، مۆڵەتی دوو هەفتەی بە خۆی بەخشی لە 30ی ئازاری 2023و بایكۆتی دانیشتنەكانی بودجەی كرد، ئەوجا حكومەتی سودانی هەندێك جموجۆڵی سنورداری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە ([17])، بەتایبەت لەبواری یاسای لێبوردنی گشتی‌و، لە گفتی دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە هاتە سەر خستنەڕووی ڕەشنووسێكی كۆنی نیوەچڵی پرۆژەیاسایەك ([18]) كە هێشتا ڕوون نییە تێدەپەڕێت یان نا. لەناوخۆی شیعەكاندا جێبەجێكردنی خواستەكانی هێزەكانی سوننە كێشەی زۆری بەدوادا دێت، بۆ نموونە كشاندنەوەی هێزەكانی حەشد، بە نەرمكێشی‌و بەفیڕۆدانی خوێنی قوربانییەكانی ئەم هێزانە لێكدەدرێتەوە، بەتایبەت سەردەمێك هەندێك لەو شارە سوننانە لە چەشنی "جرف الصخر" لە بابل‌و ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا سەرچاوەی كێشەو ناسەقامگیریی ناوچە شیعەكان‌و هەناردەكردنی بۆمب‌و ئۆتۆمبێلی خۆكوژ بوون. هەندێك لەو شارانەیش تاوانی گەورەیان خراوەتە ئەستۆ لە چەشنی عۆجەی نزیك لە بنكەی سەربازیی سپایكەر كە دەوروبەری هەزار گەنجی شیعەی تێدا كۆمەڵكوژ كرا (حوزەیرانی 2014). داواكارییەكانی تری وەك ئاشكراكردنی بێسەروشوێنەكان لێكەوتەی جینائی‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەیە كە هیچ كەس‌و لایەنێك ناچێتە ژێری بارێكی وەها قورسەوە. بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانیش قەیرانەكە لە داگیركردنی گوندو ناوچەكانیان گەورەترەو، ئەوانە بوونەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی. بەهۆی ئەوەیشی ئیرادەیەكی سیاسیی گەورە نابینرێت كە پاكتاوی ئەم دۆسیە كەڵەكەبووە هەستیارانەی نێوان شیعەو سوننە بكات‌و دۆخی هەرێمایەتیی ناوچەكەیش شڵۆقەو ئەمریكییەكان وەك جاران سەرپەرشتیی وردەكاریی دۆسیەی عێراق ناكەن، سەرجەم دۆسییەكانی نێوان هێزە شیعەكان‌و سوننەكان لە گێژاودا ماوەتەوە، جیاواز لە پرسە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەرێم كە هەندێك بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت لە دۆسیەكانی نەوت‌و بودجەو پڕكردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەكانی نێوان هەرێم‌و سنورەكانی دیالەو كەركوك‌و نەینەوا. لێكەوتەی ناكۆكییەكانی هێزە شیعەو سوننەكان لەسەر هەرێم لەناو هێزە سوننەكان ناوبەناو گلەیی‌و گازندە هەیە كە سڕكردنی داواكارییەكانیان لە كاتێكدایە كە حكومەتی سودانی بەڕووی داواكارییە كوردییەكان كراوەیە. لە لێكدانەوەی هۆكاری ئەمەیشدا تەنانەت هەندێك لایەنی پەڕگیری شیعە نایشارنەوە، ئەوان تائێستا بەدیل‌و جێگرەوەیەكیان نییە بۆ هاوپەیمانێتیی شیعەو كورد لەناو پرۆسەی سیاسی ([19])؛ بەو واتایەی هاوكێشە نوێیەكەی سەردەمی سودانی هاوشێوەی هاوكێشەكەی پاش 2003 دەبێت، كە شیعەكان بە ڕازیكردنی هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی خۆیان لەبەرچاوی دنیای دەرەوە بە فرەچەشن‌و بنكەفراوان وێنا دەكەن. هەر لەم نێوەیشدا هەندێك زانیاریی تر باس لەوە دەكەن محەمەد شیاع سودانی‌و سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریان كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دۆسیەكانی هەرێم، بەتایبەت نەوت‌و بودجە، نەرمی بنوێنێت؛ لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان هاوكاریی حكومەتی سودانی بكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئەوروپییەكانی، بەتایبەت لە ڕێگەی فەڕەنساوە ([20]). ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وێنە باوەی هەیە كە حكومەتی سودانی تەنیا هی شیعەو پاشكۆی سیاسەتەكانی ئێرانە، كاڵ ببێتەوەو بەدەردی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی نەڕوات (2018_2020). ئەو بەدەنگەوەهاتنەی شیعەكان بۆ هەندێك پرسی كوردی‌و فەرامۆشكردنی سوننەكان لە هەمان كاتدا، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان ئەمەیان پێ باشترە لەوەی بچنە ژێر باری خواستەكانی سوننە كە جگە لەوەی لە ئێستادا زۆر پەرتەوازەو پەرشوبڵاو و دژبەیەكن، كارتی گوشاری بەهێزیشیان نییەو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی كە دەركەوتووترین فیگەریانە لە ئێستادا خراوەتە ژێر گوشاری زۆرەوە. هەروەها خۆیشی نایشارێتەوە كە لە ئێستادا ئەمریكا بارودۆخی عێراق‌و ناوچەكەی وەك جاران لا مەبەست نییەو لە جێگەی تر سەرقاڵە (ئاسیاو ئۆكراینا) ([21]). ئەمەیش بە مانای لاوازبوون‌و نەمانی گوشارە ئەمریكییەكانە بۆ دروستكردنی باڵانس لە عێراق. فەرامۆشكردنی هێزە سوننەكان لە عێراق ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی كەیسەكانی هەرێمە لە مەودای نزیكداو شیعەكان ناچار دەكات لەبری لەدەستدانی پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی دوو پێكهاتە دەست بەوی تریانەوە بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا زیانی ئەوەیشی هەیە عێراق نابێتە فرەچەشن لە ڕووی جەمسەرەكانی حوكمڕانی‌و، دەرفەتی بەفیدراڵیبوونی ڕاستەقینە زیاتر لەدەست دەدات لەڕێگەی دروستكردنی لامەركەزی‌و ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی ترەوە؛ ئیتر چ لە نەینەواو سەڵاحەددین بێت یان ئەنبارو ڕۆژاوای عێراق. بۆیە لێكەوتەی ئەم پەیوەندییەی هێزە شیعەكان‌و هێزە سوننەكان لەسەر كوردستان دوو سەرەیەو، لەلایەك باشەو لەلاكەی تر خراپ. لە دەرەوەی ئەوەیش سەركەوتنی زیاتر لەم پەراوێزخستن‌و بەڵێننەبردنەسەرە هانی لایەنە شیعە باڵادەستەكان دەدات كە پابەند نەبن بە ڕێككەوتن‌و گفتە سیاسییەكان‌و خۆیشیان بدزنەوە لە گەرەنتیدان‌و خۆپەیوەستكردن پێیانەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت كە ئەمە خەریكە بەتەواوەتی دەبێتە شتێكی باو.   پوختەو ڕاسپاردە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە دەسەڵات‌و سێبەریان بەسەر 180 كورسیی ناوچە شیعەكانەوە هەیە، لە پاش ناچاركردنی سەدر بە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی (حوزەیرانی 2022)، هەروەها پێكدادانە خوێناوییەكانی ناوچەی سەوز لە (29ی ئابی 2022) زۆر مەبەستیان بوو كۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن‌و حكومەتی خۆیان بخەنە سەرپێ‌و سەردەمی تایبەت بە خۆیان دەستپێبكەن، لەم پێناوەیشدا دوو پاكێج مەرج‌و داواكاریی سوننەو دوو هێزە كوردییەكەیان پەسەندكرد (48 كورسی)؛ بەڵام پاش ڕەوینەوەی مەترسییەكان‌و متمانەوەرگرتنی حكومەت، خۆیان لە جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكاریی سوننەكان دەدزنەوە، لە كاتێكدا لە ئاست داواكارییە كوردییەكان هەوڵ دەدەن جۆرێك لە نەرمی بنوێنن ئەگەرچی بەڕووكەشیش بێت. ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەیە بۆ پڕەنسیپی هاوپەیمانیی شیعە _ كورد لە پاش 2003 كە دەستوری 2005و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانی لێكەوتەوە. ئەزموونی هێزە سوننەكان لە پەرتەوازەیی‌و نەبوونی گەرەنتیی دەستوری‌و هەرێمیی تایبەت‌و لاوازبوونیان لە بەردەم پێكهاتەی شیعی، لە كاتێكدا دەشێت لە دەرەوەی عێراق (وڵاتانی عەرەبی) قوڵایی ستراتیژییان هەبێت، وانەو پەندێكی گرنگی تێدایە بۆ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كە هەر كات بچنە هەمان بارودۆخی سوننەوە، ئەگەری هەیە هەرێمیش بكەوێتە بەر هەمان دەرەنجام. بۆ ڕێگەگرتن لەمەیش جگە لە باشكردنی حوكمڕانی‌و ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەماوەرو بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، دەستگرتن بە دەستوری 2005و ڕێگەگرتن لە هەمواركردنی لەوكاتەی هەرێم لاوازە، دەشێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم خواستی سەپاندنی ناوەندگەراییی شیعی لە عێراق، بەتایبەت كە مەترسیی ئەوەیش هەیە ئێران‌و توركیاو سوریا ببنە فاكتەری یارمەتیدەر بۆ هاتنەدیی ئەم خەونە لەمێژینەی شیعەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی عێراق.   ([1])  https://bit.ly/41HdBPv ([2])  https://bit.ly/42Ii1Hd ([3])  https://bit.ly/41MMkLE ([4])  https://bit.ly/3MzsMpV ([5])  https://bit.ly/3WcxWvd ([6])  https://bit.ly/42IPeCj ([7])  https://bit.ly/458IzDe ([8])  https://bit.ly/454hqBo ([9])  https://bit.ly/42JAjrK ([10])  https://bit.ly/3pM6yI7 ([11])  https://bit.ly/430ndpI ([12])  https://bit.ly/41MMkLE ([13]) https://bit.ly/454DbRv    ([14])  https://bit.ly/3OnqIlY ([15]) https://bit.ly/458IzDe    ([16]) https://bit.ly/41DoC4l    ([17])  https://bit.ly/3WcEDwY ([18])  https://bit.ly/3IjuwRw ([19])  https://bit.ly/42JAjrK ([20])  https://bit.ly/3pOJEzR ([21])  https://bit.ly/3MbnhfE


راپۆرت: درەو دوای نزیكەی 15 مانگ ناكۆكی‌و كێشمەكێش لەبارەی هەڵبژاردن، سبەینێ وەفدی پارتی‌و یەكێتیی لەناو پەرلەمان كۆدەبنەوە، ئەمە یەكەم كۆبونەوەی هەردوو حزبە لەبارەی هەڵبژاردن دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانیان، هێشتا كورسی كۆتای پێكهاتەكان خاڵی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، ئەمڕۆ ئیتر وادەی ئەو 6 مانگەش بەسەرچوو كە دەبوو وەكو مۆڵەت بدرێت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، بەبێ رێككەوتن لەسەر كۆتای پێكهاتەكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش كارا ناكرێتەوە. زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  كۆبونەوە بۆ هەڵبژاردن سبەینێ پارتی‌و یەكێتیی لەناو تەلاری پەرلەمان كۆدەبنەوە لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، ئەمە یەكەم هەنگاوی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردن لەدوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكی نێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەرانی یەكێتی لە كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستاندا بریتین لە هەریەكە لە:  -    رێواز فایەق- سەرۆكی پەرلەمان -    رزگار حاجی حەمە- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی -    زیاد جەبار- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبەرامبەردا نوێنەرانی پارتی لە كۆبونەوە بریتین لە هەریەكە:  -    هێمن هەورامی- جێگری سەرۆكی پەرلەمان -    رێبوار یەڵدا- سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی -    زانا مەلا خالید- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان  له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێدا، رێواز فایه‌ق و هێمن هه‌ورامی وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو حزب چاودێر ده‌بن له‌سه‌ر گفتوگۆی پارتی و یه‌كێتیی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.  پارتی‌و یەكێتیی  لەماوەی نزیكەی (15) مانگە لەناكۆكییەكی بەردەوامدان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی. لەماوەی رابردوودا هەردوو حزب لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان رێككەوتن، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆنەكە بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە كارابكرێتەوە‌و تەنیا شوێنی ئەوانە پڕبكرێتەوە كە لەژیاندا نەماون یاخود وازیان لە پۆستەكانیان هێناوە، ئەمەش تەنیا دوو پۆستە، پەرلەمان لیژنەی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی كۆمسیۆن دروستكرد، لیژنە كارەكانی تەواوكرد‌و ئێستا ناوی كاندیدەكان رەوانەی دەستەی دەستپاكی كراوە بۆ زانینی ئەستۆپاكییان. چەند رۆژی رابردوو، پەرەسەندێك لەبەرژەوەندی یەكێتییدا لەپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن روویدا، ئەو دادوەرەی كە لەسەر پشكی یەكێتیی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دانرابوو، پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی وەرگرت، واتە ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارانەكرێتەوە‌و كۆمسیۆنەكەی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، یەكێتی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنی بەدەستەوە دەبێت، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی دوورە، چونكە بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، یاسای هەڵبژاردنیش كاراناكرێتەوە.    لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوازی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، كوردستان بكرێت بە چوار بازنە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام هێشتا لەبارەی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان ناكۆكن، یەكێتی داوا دەكات (4) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفری‌و 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی ئەمە رەتدەكاتەوە، پارتی داوا دەكات ئەم بابەتە پێكهاتەكان خۆیان بڕیاری لێبدەن، پێكهاتەكان دەڵێن دەبێت دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەش نەكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  بۆ بەلاداخستنی ئەم ناكۆكییە كە وەكو دواین بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن تەماشا دەكرێت، بەمدواییە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی" هاتە ناو دانوستانەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، یۆنامی پێشنیازی كرد 2 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، نە پارتی‌و نە یەكێتیی پێشنیازەكەی یۆنامییان قبوڵ نییە، یەكێتیی داوای 4 كورسی دەكات، یۆنامی 2 كورسی پێداوە، یەكێتی خوازیارە لانی كەم 3  كورسی كۆتای پێكهاتەكان بۆ سنوری سلێمانی بێت، ئایا پارتی به‌مه‌ قایل ده‌بێت؟.  رێككەوتنێكی رانەگەیەندراو  بەبێ رێككەوتن لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەربەستی بۆ دروست دەبێت، چونكە بەپێی زانیارییەكی (درەو)، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە كە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێت پێكەوە بن. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەرێوڕەسمی كردنەوەی "یادگەی نیشتمانی بارزانی"دا داوای لە پارتی‌و یەكێتیی كرد بەر لە 18ی ئەم مانگە كۆببنەوە‌و بگەنە رێككەوتن، مەبەستی بارزانی لەمەدا ئەوە بوو، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، بۆئەوەی كۆمسیۆن ماوەی 6 مانگ دەرفەتی لەبەردەمدا بێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر وادەی شەش مانگەكە تەواو بوو، ئایا كۆمسیۆن لەوادەیەكی كەمتر لە 6 مانگدا دەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەببات.  سەرباری ئەوەی لەماوەكانی رابردوودا بەردەوام سەرۆكی هەرێم وادەی 6 مانگی بۆ ئامادەكاری كۆمسیۆن لەبەرچاوگرتووە، بەڵام هەندێك  دەڵێن ئەو شەش مانگە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە‌و دەكرێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەماوەیەكی كەمتریشدا بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات.  لەبەرامبەردا لەناو كۆمسیۆندا بۆچونێك هەیە، بۆ ئەمجارە لەبری 6 مانگ رەنگە وادەیەكی زیاتریشیان بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن پێویست بێت، چونكە بۆ یەكەمجارە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت‌و كۆمسیۆن شارەزایی تەواوەتی لەم شێوازەی هەڵبژاردندا نییە.  نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەرئەوە دەكەن دەبێت ئەمجارە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت، بەمدواییە (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی كوردستانی كرد، لەدوای سەردانەكەی خاتوو بارباراوە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی ئاسایی بوونەوە، بەڵام رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردن لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێشتا بەربەستی لەبەردەمدایە. ئەگەر وادەی هەڵبژاردن وەكو خۆی لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بمێنێتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كەمتر لە 6 مانگی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن، ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەكە رەنگە كاتێكی زیاتری پێویست بێت، ئەمەش رەنگە گرفت بۆ هەڵبژاردنەكە دروست بكات.  وادەی یەكەمی هەڵبژاردن رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد.  دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی مانگەكانی ئایاری 2022ەوە بۆ مانگی ئابی هەمان ساڵ، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كرد:  • كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاری 2022 لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.  • كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیرانی 2022  لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی ساڵی 2023 بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردن‌و لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن.  • كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئابی 2022 جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووە‌و هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كرد‌و كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كرد‌و وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی 2022دا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە.  لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكرد‌و لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكرد‌و تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد. كۆبونەوەكان بۆ سزادانی هەڵبژاردن هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو، ئەوكات بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە كۆك نەبوون‌و هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكرد، كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)‌و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەبوو، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەر بوو كە بریتین بوون لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)‌و (تۆماری دەنگدەران)‌و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەوە (ئەم خاڵە تائێستاش وەكو خاڵێكی ناكۆكی لەسەر ماوەتەوە). ئەوكات بەرەیەك داوا دەكرد شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوە‌و كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكرد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)‌و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.  ساڵی رابردوو بەرلەوەی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن پەكی بكەوێت، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستان‌و رێككەوتن بەجێهێشت، بەڵام دەوترا پارتیش هاوشێوەی یەكێتیی زۆر تامەزرۆی هەڵبژاردن نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لەدەستدایە. گەڕی یەكەمی ناكۆكییەكان  بەر لە پەككەوتنی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن، لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە دابەش بووبوون بەسەر دوو بەرەدا بەمشێوەیە:   • بەرەی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (یەكێتیی+ كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتووی ئیسلامی+ نەوەی نوێ+ سێ پەرلەمانتاری گۆڕان‌+ چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ)، ئەم بەرەیە مانگی ئازاری 2022 پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردو داوایانكرد هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت‌و هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، هەروەها كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، ئەم بەرەیە پێی وابوو پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكات‌و لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە ئەوكات لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمان بوو، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارو یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نەبوو بەبێ پارتی‌و بەرەكەی تر بۆچونەكانی خۆی بەیاسایی تێپەرێنێت (ئەم بەرەیە ئێستا قەبارەی بچوكتر بوەتەوە، چونكە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریی‌و جیابووەوەكان لە گۆڕان‌و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشاوەتەوە، ده‌سكه‌وتنی گه‌وره‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌ تائێستا چه‌سپاندنی شیوازی فره‌بازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌).   • بەرەی دووەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (پارتی+ 11 كورسی كۆتاكان+ پارتی سۆشیال دیموكرات+ حزبی شیوعی+ حزبی زەحمەتكێشان)، ئەم بەرەیە داوای دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتری كوردستان شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە) بێت، ئەم بەرەیە بە تێكڕا لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان خاوەنی (58) كورسی بوو‌، پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە. پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تری ئەم بەرەیە كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێت‌و نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن (ئێستاش ئەم لایەنانە هەمان مەترسییان هەیە، بۆیە حزبی شیوعی ئازاری ئەمساڵ داوای كرد ئەگەر پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە بێت، با لانی كەم 10 كورسی پەرلەمان تەرخان بكەن بۆ شێوازی یەك بازنەیی بۆ ئەوەی دەنگی لایەنە بچوكەكان نەفەوێت، ئه‌م به‌ره‌یه‌ كه‌ پارتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات هێشتا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام قایلبوونی پارتی به‌ فره‌بازنه‌یی، حزبی شیوعی و سۆسیال دیموكراتی نیگه‌ران كردووه‌). درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەكو ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا بەڕێوەنەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەهۆیەوە رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.  درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن. ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو ساڵە بەسەر چووە كە پەرلەمان تەمەنی خۆی تێدا درێژكردوەتەوە، بەڵام هێشتا لایەنەكان، بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.  سەرباری ئەمە، كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین هەنگاوەكانی خۆی بڕیوە‌و ئەگەر سكاڵای ئەمدواییەی یەكێتیی نەبوایە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانەوە، دادگا بڕیاری كۆتایی خۆی دەردەكرد‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵدەوەشاندەوە، ئەمەش بەربەستی گەورەی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە كوردستان دروست دەكرد.  وادەی دووەمی هەڵبژاردن 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان دراوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئێستا نزیكەی دوو مانگی وادە (8) مانگییەكەی سەرۆكی هەرێم تێپەڕیوە‌و هێشتا پەرلەمان نە كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوە‌و نە یاسای هەڵبژاردنیشی هەمواركردوەتەوە.  لایەنە سیاسییەكان به‌دیاریكراویش پارتی و یه‌كێتیی لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە.  بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی‌و پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.    


شیكاری: درەو ڕاپۆرتێکی مەیدانی ناوەندی بەیان تایبەت بە ژنانی نێو کەمینەکان، کە لەسەر ئاستی سێ پارێزگای (بەغداد، کەرکوک و موسڵ) بە بەشداریپێکردنی (350) کەس لە ژنانی نێو پێکهاتەکانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی) ئەنجامدراوە، داتای گرنگ دەردەخات لەبارەی تێڕوانیانیان بۆ یاسا، حکومەت، دامەزراوە ئەمنییەکان، بەشداری لە سیاسەت و هەڵبژاردن، حیزب، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.   هیام عەلی: لێکۆڵینەوەی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان سەرەتا هەرچەندە ژنانی "کەمینە"کان ملکەچی ئەو هاوکێشە کۆمەڵایەتییانەن کە هەموو ژنان لە عێراقدا ملکەچی دەبن، بەڵام هێشتا کەڵک لە هەندێک تایبەتمەندی وەردەگرن کە کاریگەری لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە، هەربۆیە پێویستە باسی ئەو تایبەتمەندییانە بکرێت و بەهەندێک هەڵاوێر _استپنا‌‌و_ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم لێکۆڵینەوەیەدا سەرنج خراوەتە سەر مافە سیاسییەکان، و بەهێزکردنی سیاسی ژنانی کەمینەکان، توێژینەوەکە سامپڵێکی (350) کەسی لە ژنانی کەمینە لەخۆگرتووە، سامپڵەکە دابەشکراوە بەسەر (50) ژن لە هەر پێکهاتەیەک، کە بریتین لە ژنانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئی، تورکمان، کاکەیی، شەبەک، و کوردانی فەیلی). ڕاپرسییەکە بەخۆرێک داڕێژراوە؛ بۆ زانینی بایەخپێدان بو بەهێزکردنی سیاسی خۆیان و ڕادەی هۆشیاری سیاسییان و خواستی بەشداری سیاسیان.  ئەم راپرسییە لە سێ پارێزگا ئەنجامدراوە، بەپێی ناوچەکانی چڕبوونەوەی سامپڵی توێژینەوەکە، ئەوانیش؛ (بەغدا، موسڵ و کەرکوک)ن. راپرسییەکە پشتی بە هەڵبژاردنی سامپڵێکی بە ئەنقەست (عینە العمدیە) بەستووە، واتە: بە مەبەستدار؛ بەهۆی سەختی پێناسەکردنی کۆمەڵگای توێژینەوەکە، و نەبوونی ئامار لەلایەن لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر ژمارەی (ژنانی کەمینەکان)، و تەنانەت پێشبینیش لەلایەن خودی پێکهاتە کەمینەکانەوە لەسەر ژمارەی ژنەکانیان نەبووە؛ ئەمەش وایکردووە کار لەسەر نمونەیەکی مەبەستدار بکرێت، بیرۆکەی سەرەکی سامپڵی بە ئەنقەست لە پێویستی هەڵبژاردنی سامپڵەکەدایە کە تایبەتمەندی سنورداریان هەیە. بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەیەک کە تایبەتمەندییە سنووردار و ناسراوەکانی هەیە. کاتێک باس لە سامپڵی ئەم ڕاپرسییە دەکرێت، بەشداربووەکانی لە ژنانی کەمینەکان پێکهاتووە، و تاکراوە هەمەچەشن بوونە لە ڕووی تەمەن، باری هاوسەرگیری، ئاستی ئەکادیمی، شوێنی نیشتەجێبوون، گوزەران و هتد، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە تێڕوانینێکی ڕوون و ئەنجام ورد بەدەستبێت. دابەشکردنی سامپڵەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بووە؛ چونکە گوزارشت لە هەڵبژاردن و دەستنیشان کردنی کۆمەڵگەی ژنانی کەمینەکان دەکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەم شێوازە دەرفەتێکی یەکسان بە ئەندامانی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە دەبەخشێت بۆ تاقیکردنەوە، و ئەم شێوازە بە یەکێک لە باشترین و چاکترین شێوازەکان دادەنرێت. چونکە لایەنگری توێژەر و حەز و مەیلەکانی ناچنە ناو پرۆسەی تاقیکردنەوەکە و هەر بۆیە دەتوانرێت بەڕادەیەکی باش پشت بەم شێوازە ببەسترێت لە زانینی ئەو تایبەتمەندییە بابەتیی و بابەتییانەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەن. یەکەم؛ دۆخی ئافرەتانی "کەمینە"کان لە چوارچێوەی سیستەمی دەستووری و یاسایی لە عێراقدا وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم کە ئەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتییانەی دەستووری عێراق بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون دەکاتەوە، دەرکەوتووە، کە دوودڵی هەیە سەبارەت بەم بابەتە، چونکە دڵنیا نین لەو گەرەنتییە کۆمەڵایەتیانەی کە دەستوور وەک ژنانی کۆمەڵگەی کەمینەکان پێشکەشیان دەکات، بەڵگەکانیش هەروایە کە (133) وەڵامدەرەوە وەڵامی بژاردەی (هاوڕا نیم)یان داوەتەوە بە ڕێژەی (37.4%). سەبارەت بە بڕگەی دووەمیش ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق گەرەنتی پاراستن بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە، دەرکەوتووە (142) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) کە زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕا نیم)، واتا ئاماژەیەک هەیە کە متمانە نەکردن بە دەقە دەستوورییەکان، دەستووری عێراق پارێزگاری لە ژنانی کەمینەکان ناکات لە توندوتیژی و لەوانەیە ئەوە بێت کە بابەتەکە پەیوەندی بە خودی دەقە دەستوورییەکانەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوورییەوە هەبێت و لە ئەنجامدا دەقەکان لە ناوەڕۆکەکان بەتاڵ دەبنەوە، توانای پاراستنی ئەم گروپەیان نیە کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە. لە بڕگەی سێیەمدا- کە ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق دابەشبوونی نیشتمانی و ئایینی لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێش نابات دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (160) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، دەرەنجامەکانیش ئەوە دەگەیەنن کە: لێکدانەوەکانی پێشتر پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو کێشەیەی ژنانی کەمینەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن پەیوەندیدارە بەو توندوتیژیانەی کە بەرکەوتەی دەبن، و جیاکاریش لە دەستووردایە نیە ئەوەندەی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووردایە. سەبارەت بە بڕگەی چوارەم کە پرسیارێک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە (ئایا دەستوور گەرەنتی ئەوە دەکات کە ژنانی کەمینەکان خۆیان کاندید بکەن و پۆستی سیاسی بەدەستبهێنن؟)، وەڵامی وەڵامدەرەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (134) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (38%) بەرزترین ڕێژەی سەدی بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش بەو مانایەیە کە ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەو دەقە دەستوریانەی کە جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا ناکەن لە هەڵگرتنی پۆست و خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن وەک ئەوەی ژنانی کەمینەکان پێیان وایە. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی پێنجەم دەریدەخات دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسی دەکات، بەو پێیەی (130) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (37%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەستووری عێراق ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسیی دەستەبەر و گەرەنتی کردووە. لە کاتێکدا ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات دەستووری عێراق مافی کارکردن مسۆگەر دەکات، وەک (139) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام) بەڵام بە پشکنینی داتاکان بۆمان دەردەکەوێت کە دوودڵییەکی ڕوون لە وەڵامی وەڵامدەرەوەکاندا هەیە سەبارەت بەم بڕگەیە، بە تایبەت کە (118) ژنە کەمینە وەڵامدەرەوەکان بەڕێژەی (33.7%)یان وەڵامی داوەتەوە بە بژاردەی (هاوڕانیم). لە بڕگەی حەوتەمدا هاتووە، دەستووری عێراق گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ ژنانی کەمینەکان دەکات، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (146) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (42%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام). ئەویش ئاماژەیە کە دەستوور گەرەنتی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆ کەمینە جۆراوجۆرەکان دەکات. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی هەشتەم دەریدەخات کە ماددە دەستووری و یاساییەکان بەسە بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی ژنانی کەمینەکان لە پۆستە سیاسییەکاندا؟ بۆمان دەردەکەوێت کە (109) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (31%) بژاردەی (هاوڕانیم)، لەکاتێکدا کەمترین وەڵام هەبووە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە (85) بە ڕێژەی (24%).  پاشان دەرئەنجامی بڕگەی نۆیەم دێتە ئاراوە، کە ڕوونی دەکاتەوە کە سیستمی پشکی کۆتا بەسە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ژنانی کەمینە لە پۆستە سیاسییەکاندا؟، (162) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (46%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕایەک هاوڕام). واقیعی بەشداری سیاسی کەمینەی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ ژنێکی کەمینە لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئێستا نەگەیشتووەتە پۆستێکی سیادی بەبێ پشکی کۆتا، بەڵام دەردەکەوێت کە وەڵامی وەڵامدەرەوەکان پێیان وایە کە سیستەمی پشکی کۆتا بەسە بۆ نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان و دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستە سیاسییەکان ژنانی کەمینە. خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ چالاکییەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە پێکهاتە "کەمینە"کان وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا رونکراوەتەوە، ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەم بڕگەیە هەستی ژنانی کەمینەکان دەردەخات سەبارەت بە کاری هێزە ئەمنییەکان و چالاکییەکانیان لە ناوچەکانیان، بەو پێیەی (81) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (23%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (من نیگەران نیم و ناترسم لەوەی چی دەکەن). ئاماژەیە بۆ ئەو متمانە و دڵنیاکردنەوەی ئەم چینەی کۆمەڵگا، لە ئەنجامی ئەو مامەڵە مرۆڤانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئەنجامدراوە، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەیان لەسەر هەستکردنیان بە نیگەرانی و ترسیان لەو کردەوانە و ئەرکانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گەشەسەندنەیە کە لە سیستمی هێزە ئەمنییەکاندا ڕوودەدات سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پیشەیی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی هاوڵاتیان. خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021 وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا هاتووە؛ ئەم بڕگەیە پەیوەستە بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2021. ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە (194) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (55.4%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (بەڵێ)، ئەمەش ئاماژەیە کە ئەم بەشداریکردنە لە ئەنجامی زیادبوونی هۆشیاری کەمینەی ژنانە لە قۆناغی دوای داعشدا، بەڵام ڕێژەیەی بەشداریان کردووە بەشی هەرەزۆریان و (117) کەسیان بە ڕێژەی (60%) ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوە لایەنەی دەنگیان پێداوە بەسەریاندا سەپێندراوە، ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر مەترسیدارە کە بوونی هەندێک لایەن نیشان دەدات کە سەپاندنی بەسەر کەمینەکان بۆ دەنگدان.  خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ ڕۆڵی حکومەت لە بەهێزکردن  و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (4)دا نیشاندراوە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بوو بەوەی کە ئایا حکومەت بەرنامەی سیاسی پێشکەش دەکات بۆ پەروەردەکردنی ژنانی کەمینەکان سەبارەت بە مافە سیاسییەکانیان، بەو پێیەی (144) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئاماژەیە بۆ نەبوونی بایەخدانی حکومەت لە بەرنامە سیاسییەکانی لەپێناو بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی لەم توێژەی کۆمەڵگادا. سەبارەت بە بڕگەی دووەم کە پەیوەندی بە پشتیوانی حکومەتەوە هەیە بۆ بەشداریکردنی پێکهاتەکانی ژنان لە بڕیاردان، ئەنجامەکانی باس لەوە دەکەن کە (136) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (39%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (هاوڕانیم) و (تاڕادەیەک هاوڕام). کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، لەوانە لاوازی ئەزموونی سیاسی نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بڕیاردەرەکان، ئەمە جگە لەوەی دەنگی ژنانی کەمینەکان نابیسترێت. هەروەها دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ئەوە نیشان دەدات کە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئایا حکومەت بایەخ بە بەشداریکردنی سیاسی ئافرەتانی پێکهاتەکان دەدات و پاڵپشتییان دەکات بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید بکەن ، وەک (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام). بڕگەی چوارەم پەیوەندی بە ڕۆڵی حکومەتەوە هەبووە لە دابینکردنی ئازادی و ئاسایشی پێویست بۆ بەشداری سیاسی ژنان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دابین دەکات. (133) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (38%)، کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی "تا ڕادەیەک هاوڕام". ئەمەش ئەرێنییە ئاماژەدان بە ڕۆڵی حکومەت لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کەمینە سیاسییەکان. بڕگەی پێنجەم پرسیارێکی لەخۆگرتبوو کە ئایا ژنانی کەمینە لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا باس لە پرسە سیاسییەکان دەکەن یان نا، ئەنجامەکانی ئەم بڕگەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە (152) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (43%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، کە ئەمەش نیشاندەرێکی زۆر ئەرێنییە، چونکە کۆمەڵگەی کەمینەکان ڕێگە بە ژنان دەدات بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکەن. ئەنجامی وەڵامی بڕگەی شەشەم دەریدەخات کە ئایا حکومەت سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە بەشداری سیاسی ژنان پراکتیزە دەکات، بەو پێیەی (118) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام) و (156) بەشداربوو بە ڕێژەی (45%) کە بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام). ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو تەحەددایانەی کە ژنانی کەمینەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە پرۆسەی بەشداری سیاسیدا، بەهۆی ئەو جیاکارییەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. خشتەی ژمارە (4) پێنجەم؛ ڕۆڵی حیزب لە بەهێزکردن و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (5) دا رونکراوەتەوە؛ بڕگەی یەکەمی ئەم تەوەرە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا لایەنە سیاسییەکان بەرنامە و خول پێشکەش دەکەن کە هۆشیاری ژنان لە گرنگی بەشداریکردن لە کردەوەی سیاسیدا زیاد بکات، (135) بەشداربوو بە ڕێژەی (39%) کە بەرزترین رێژەیە (هاوڕانیم)یان دەستنیشان کەدووە، ئەم داتایە ئاماژەیە بەوەی کە ژنانی کەمینەکان بەرنامەیەکی ئەوتۆ لە لایەنە سیاسییەکانەوە وەرناگرن بۆ بەهێزکردنیان لە ڕووی سیاسییەوە و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا، و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتگوێخستنی ئەم پۆلە لە لایەنە سیاسییەکانەوە. سەبارەت بە بڕگەی دووەم، کە تایبەتە بەوەی، پارتە سیاسییەکان بایەخ بە بەشداری ژنان لە ئەنجوومەنە ئیدارییەکان بەرەوپێش دەبەن لە ڕێگەی خۆکاندیدکردنیانەوە بۆ هەڵبژاردن، وەڵامەکە زۆرترینی لەسەر بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)ە بە (160) بەشداربوو بە ڕێژەی (46%)، ئەمەش واتە: لاوازی ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان لە خستنەڕووی ژنانی کەمینەکان لەناو ئەنجومەنی کارگێڕیەکانیاندا. دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان دەردەخات لە ڕێکخستنی وۆرک شۆپ و سیمسینار بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ژنان، بەو پێیەی (150) وەڵامدەرەوە، بە ڕێژەی (43%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نەبوونی بەرنامەی حزبییەکان، و گرنگی نەدانیان بە پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەی کە هۆشیاری سیاسی لە نێو ئەم گروپانەی کۆمەڵگادا بەرز دەکەنەوە، هەرچەندە یەکێک لە ئەرکەکانی حزبە سیاسییەکان بریتییە لە پێشخستن و هۆشیاری سیاسی و دیموکراسیانەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، بەبێ گوێدانە ئایین، مەزهەب، یان ڕەگەز. لە بڕگەی چوارەمدا ئاماژە بە گەرەنتی حزبی کراوە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییەکان لە چوارچێوەی پشکی کۆتای پێکهاتەکان، لە ئەنجامی وەڵامەکەدا دەرکەوتووە کە (159) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام ئەو بژاردەیەیان هەڵبژاردوە کە (هاوڕام)، چونکە ژمارەیان گەیشتە (74)، بە ڕێژەی (21%). دەرئەنجامی بڕگەی پێنجەم کە پەیوەندیدارە بەوەی پارتە سیاسییەکان چالاکیی ژنانی سەر بە خۆیان پەرەپێدەدەبەن، ئەوەی هاتووەتە ئاراوە: (165) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (47%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام). واتە ژنانی کەمینەکان پێیان وایە لاوازییەک لە نوێنەرایەتیکردنیان لەناو پێکهاتە ناوخۆییەکانی حزبەکاندا هەیە، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێبینیکردن کە بیرۆکەی حزبایەتی خۆی بۆ ژنانی کەمینەکان ڕوون نییە، جگە لە زاڵبوونی ژیانی سیاسی عێراق لەلایەن هەندێک لایەنی خاوەن ئاراستەی ئایینی، کە گرنگی بە بەشداریکردنی ژنان بە گشتی لە پێکهاتەی ناوخۆیی خۆیاندا نادەن، چ جای ژنانی کەمینەکان بە ئاماژەی ئایینی و کۆمەڵایەتی جیاوازەوە! دەرەنجامەکان بۆ بڕگەی شەشەم و کۆتایی ئەم میحوەرە پەیوەندیدارە بەوەی کە ئایا لایەنە سیاسییەکان سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر بە ژنانی کەمینەکان پراکتیزە دەکەن یان نا، (156) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (45%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ ئەو بژاردەیە (تاڕادەیەک هاوڕام) کەمترین وەڵام، سەبارەت بە بژاردەی (هاوڕام) هەبووە. خشتەی ژمارە (5) شەشەم؛ پێوانەکردنی ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان خشتەی ژمارە (6) ئاماژە بە ڕادەی متمانەی ژنانی کەمینەکان دەکەن بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارە (١) نزمترین ئاستی متمانەیە، و ژمارە (١٠) بەرزترین ئاستی متمانەیە، داتاکان ئاماژەن بۆ ئەنجامی سەرنجڕاکێش، وەک متمانەی ژنانی کەمینەکان بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان زیاترە لە متمانەی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەو پاڵپشتییە گەورەیەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ناوچە کەمینەکان لە کاتی شەڕی داعش و دواتریشدا پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەمە دەتوانرێت بەو ڕاستییە ڕوون بکرێتەوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان نزیکتر و زیاتر پەیوەندییان بە ژنانی کەمینەکانەوە هەبووە لە چاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامرازە ناوخۆییەکانیان بەکارهێناوە لە چالاکییەکانیاندا ئەو بڕوایەی بە ژنانی کەمینەکان بەخشیوە کە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان ئەوانەن کە ئەو یارمەتییە دابین دەکەن، بۆیە متمانە بەم ڕێکخراوانە دروستکرا، جگە لە کاریگەریی هەندێک لە ژنانی کەمینەکان لە میدیاکاندا، کە زۆرجار سەرنجیان لەسەر ڕێکخراوە ناوخۆییەکانە، و پێکهاتەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خشتەی ژمارە (6) حەوتەم؛ ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە بەهێزکردن  و بایەخپێدانی سیاسی ژنانی کەمینەدا وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە؛ دەرئەنجامی وەڵامی بڕگەی یەکەم پەیوەست بە بەشداری ژنانی کەمینەکان لە وۆرک شۆپەکانی ڕاهێنان کە پەیوەندییان بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە، (140) وەڵام بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕانیم)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕام) دەستنیشانکراوە، داتا ئامارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامەی ئەوتۆی ڕاهێنان و وۆرک شۆپەکانی پەیوەست بە کاروباری سیاسی کە ژنانی کەمینەکان دەکەنە ئامانج ئەنجام نادرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە کەمینەکاندا لە دوای قۆناغی شەڕ لەگەڵ داعش چالاک بوون، بۆیە زۆربەی سەرنجەکانی لەسەر دابینکردنی چالاکیی فریاگوزاری بووە پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، بنیاتنانی ئاشتی و پرسەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بەڵام کەمتەرخەمی کراوە لە پێشکەشکردنی بەرنامە سیاسییەکان کە هۆشیاری سیاسی بۆ ژنانی کەمینەکان. سەبارەت بە بڕگەی دووەم تایبەت بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، لە ئەنجامی وەڵامەکاندا دەرکەوتووە کە (155) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (44%) زۆرترین ڕێژەیە بۆ بژاردە (تاڕادەیەک هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردەی (هاوڕانیم) هاتووەو ژمارەیان گەیشتووە بە (53)کەس بە ڕێژەی (15%). ئەنجامی وەڵامی بڕگەی سێیەم ڕۆڵی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داکۆکیکردن لە مافە سیاسییەکانی ژنان نیشان دەدات، بەو پێیەی (139) بەشداربوو، بە ڕێژەی (40%)، بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەی (هاوڕام)، لە کاتێکدا کەمترین وەڵام بۆ بژاردە (هاوڕانیم) بووە. بڕگەی چوارەم پەیوەندییان بە ڕۆڵی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبوو لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری سیاسی ژنان، دەرەنجامەکان بەو ئاقارەن کە (143) وەڵامدەرەوە بە ڕێژەی (41%) بەرزترین ڕێژەیە بۆ بژاردەکە (تاڕادەیەک هاوڕام)، وەڵامەکان ئاماژەن بۆ هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتیوانیکردنی ژنان و پشتیوانیکردن لە مافەکانیان.  بڕگەی پێنجەم و کۆتایی، کە پەیوەندی بە بەشداری ژنانی کەمینەکانەوە هەیە لە کاری خۆبەخشانەدا، لەسەر گرنگی کردەوەی سیاسی، بژاردەی (هاوڕانیم)، زۆرترین بەشداربوو بەڕێژەی (36%) و (125)یان ئاماژەیان پێداوەو (118) کەس و بە ڕێژەی (34%) بژاردەی (هاوڕام)یان هەڵبژاردووە. کە ئەمە نیشاندەرێکی ئەرێنی گرنگە کە سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ڕادەی هۆشیاری ژنانی کەمینەکان لە کاروباری سیاسی، و ڕادەی ئامادەیی ئەوان بۆ بەشداریکردنی خۆبەخشانە لە چالاکییەکانی پەیوەست بە سیاسەت. خشتەی ژمارە (7)


راپۆرت: درەو "مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندویەتی، بەڵام دووبەرەكی ناوخۆیی خراپتری كردووە" ئەمە قسەی بەتەمەنترین سیاسەتمەداری ئەمریكایە، كە ئێستا تەمەنی لە 100 ساڵ نزیكدەبێتەوە‌و هێشتا قسەكانی لەبارەی داهاتووی جیهانەوە گوێی لێدەگیرێت، ئەم پیاوە پێشبینی دەكات دوای شەڕی ئۆكراینا، نەخشەی سیاسی جیهان گۆڕانكاری گەورە بە خۆوە ببینێت.  جەنگی ساردی دووەم بەڕێوەیە ! لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادەی 100 لەدایكبونیدا، جارێكی تر ناوی هێنری كیسنجەر وەكو یەكێك لە دیارترین سیاسەتمەدارە بەئەزمونەكانی ئەمریكا‌و جیهان كەوتوەتەوە سەر لاپەڕەی رۆژنامەكان. كیسنجەر كە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە، لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی (CBS)ی ئەمریكیدا باس لە زۆرێك لە ئاڵۆزییەكانی ئێستا جیهان‌و مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد لە دۆخە قەیراناوییەكاندا دەكات، ئەمە لەپاڵ نیشاندانی پێشینەی خۆی لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسیدا كە جەنگ‌و ئاشتی بەخۆیەوە بینیوە.  لەسەرەتای ئەم دیدارەدا پرسیار لە كیسنجەر كرا ئایا ئەگەر داوای لێبكرێت سەردانی روسیا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمیر پۆتین، كاردانەوەی چی دەبێت؟ ئەو وتی: دەمەوێت ئەم كارە بكەم، بەڵام بە سیفەتی راوێژكار. باسی لەوەكرد، جەنگی ئۆكراینا لە خاڵی وەرچەرخانێكی گرنگ نزیكدەبێتەوە.  لەبارەی چین، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات، ناتوانرێت چین لە سیستەمی جیهانی دوربخرێتەوە، دەكرێت پرسی تایوان سەربكێشێت بۆ جەنگ لەنێوان دوو دەوڵەتە زلهێزەكە (چین‌و ئەمریكا)، ئەمەش پێویستی بەوەیە گرنگی زیاتری پێبدرێت "ئەمە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارە". كیسنجەر پێشتر هۆشداریدا لەبارەی سەرهەڵدانی جەنگی ساردی دووەم، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمە رووبدات لە جەنگی ساردی یەكەم مەترسیدارتر دەبێت. لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی  "ئیل مۆندۆ"ی ئیسپانی، كیسنجەر وتی:" دەكرێت جەنگێكی ساردی نوێ لەنێوان چین‌و ئەمریكا دەستپێبكات، هەردوو وڵاتەكە خاوەنی سەرچاوەی ئابوری هاوشێوەن، ئەمە هەمان دۆخی سەردەمی جەنگی ساردی یەكەم نییە، پەكین‌و واشنتۆن ئێستا بوون بە نەیاری یەكتر، چاوەڕوانی ئەوەش لە چین ناكرێت وای لێبكرێت مەیلی رۆژئاوایبوون بكات". لە دیدارێكی رۆژنامەوانی تردا، ئەم سیاسەتمەدارە بەتەمەنەی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە ئارەزووی هەندێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی روسیا، كە بەبۆچوونی ئەو، ئەمە رەنگە سەربكێشێت بۆ ئاژاوەی ئەتۆمیی، داوای دەكات لە پرسی ئۆكرانیادا بە دانوستان رێگری لە مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێكی جیهانی وێرانكەر بكرێت. ئەو دەڵێ:" ئێستا ئێمە بەتەواوەتی لە چاخێكی نوێدا دەژین"، باسلەوە دەكات، دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئۆكراینا دۆخی جیۆپۆلەتیكی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانكاری گەورە بەخۆوە دەبینێت.  كیسنجەر چی لەبارەی كوردەوە دەڵێ ؟ كیسنجەر لە كتێبی یادەوەرییەكانی خۆیدا بەناوی (ساڵەكانی نوێبونەوە) بەشێكی تەرخانكردوە بۆ كوردو ناوی لێناوە "تراژیدیای كوردەكان". لەم كتێبەدا كیسنجەر باسلەوە دەكات، لە ساڵی 1972وە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بە یارمەتی كوردەكان، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ "ئاستی دەستوەردانمان لەوێ شتێك نییە بەراورد بكرێت بە بارودۆخەكە لە هیندی چینی". كیسنجەر باسلەوە دەكات" لیژنەكانی كۆنگرێس هێرشیانكردەسەر ئیدارەی نیكسۆن بەهۆی رۆڵی لە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی كوردەكان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی". "مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندوویەتی، بەڵام دووبەرەكی لەسەر ئاستی ناوخۆیی خراپتری كردووە، گەلی كورد كە ئێستا ژمارەی زیاترە لە (25 ملیۆن) بوەتە قوربانی ئەو روداوانەی كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە، لەوكاتەوە كە لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەمەوە دەوڵەت- نەتەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستبوون، كوردەكان خۆیان بەدابەشكراوی لەنێوان عێراق‌و ئێران‌و سوریاو توركیا بینییەوە لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان پێدرا، بەڵام كاتێك هێزە ئەوروپییەكان دوای جەنگی جیهانی یەكەم سنوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان كێشا داواكارییەكەیان بۆ مافی چارەی خۆنوسین پشتگوێخرا. لەوكاتەوە، خواستە نیشتیمانییەكانی كورد بوونە هەڕەشە لەسەر یەكگرتوویی وڵاتانی میواندار" كسینجەر وای لەبارەی دۆخی كوردەوە نوسیوە. لەبارەی پەیوەندی ئەو سەردەمەی ئەمریكا لەگەڵ كورد، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات"  لە یەككاتدا هۆكاری ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی هەبوون بۆ دەستوەردانی ئەمریكا، كەلتوری "وڵسۆنی"(مەبەست لێی وودرو وڵسۆن بیست و هەشت هەمین سەرۆكی ئەمریكایە 1913-1921) بە ئاڕاستەی پشتگیركردن‌و پاڵپشتی لە مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كورد پاڵی پێوەدەناین، بەڵام ئەوەشی دەرهاویشت كە بە تەنگژەی بەردەوامی سیاسی ئەمریكا دەناسرێت: كۆتوبەندە دیاریكراوەكانی پابەندبونی ئەخلافی ئەمریكا لە ناوچە دوورە دەستە وشكەكان كە گەیشتن پێیان سەختە، وەكو ناوچە شاخاوییە كوردییەكان، لەناو ژمارەیەك وڵاتدا كە تا رادەیەكی زۆر كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمریكا هەیە، چۆن دەتوانرێت خاڵی راوەستان بدۆزرێتەوە لەنێوان پاڵپشتیكردنی تەواوەتی خواست‌و ئارەزووی كوردەكان‌و دەستبەردان لێیان لە ناوچەیەكدا كە خاڵی ستراتیژی هیلالی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە نەوت‌و كەنداوی عەرەبییە؟". كیسنجەر دەڵێ" وڵاتانی دراوسێ، وەكو توركیاو ئێران، پشتیوانی كورد دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەی فشارەكانی عێراق لەسەر خاكەكانیان، بەڵام هەرگیز ئامادەنین رەزامەندی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی بدەن، بەهەمان هۆكار، ئیدارەكانی نیكسۆن‌و فۆردو بوش و كلینتۆن خۆیان بەدەوورگرت لە پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی كوردەكانی عێراق". كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" ئەو وڵاتانەی وایان دادەنا كە زیاتر رووبەڕووی هەڕەشەی دیدو بۆچوونی عێراق دەبنەوە ئوردن‌و ئێران بوون، كە هەردووكیان سنورێكی دوورودرێژی هاوبەشیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، هەروەها ئیسرائیلیش هەمیشە بەئاگابوو لەو سیستمە عەرەبیە رادیكاڵ نوێیانەی كە چەكی سۆڤیەت پاڵپشتی دەكردن، ئەو سێ‌ دەوڵەتە دۆست‌و هاوڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون، هەمووشیان بەنهێنی هاوكارییان پێشكەشی كورد دەكرد.. هەوڵەكانیان بۆ حوكمی ئۆتۆنۆمی لەو ناوچە شاخاوییە سەختەدا لە باكوری عێراق وەك كارتێكی فشار بەكارهێنا بۆ ئەوەی وزەو سەرچاوەكانی رژێمی بەعس لە سنورەكانیان دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە راستەوخۆ لەم هاوكارییە نهێنییەیدا بەشداریمان نەكرد، بەڵام ئاژانسە هەواڵگرییەكانمان زانیارییان لەسەری وەردەگرت لەلایەن دەزگا هاوتاكانیان لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە پەیوەست بوون بەو پرسەو هەموو ئەو وڵاتانەش هاوكاری سەربازی‌و ئابورییان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەردەگرت". كیسنجەر لە وەسفی كورددا نوسیویەتی" كوردەكان هاوبەشێكن كە دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا بۆچون‌و هاوپەیمانێتییەكانیان بگۆڕن‌و، سەختە ببن بە بەشێك لە ستراتیژییەكی كاركردنێكی گشتگیر، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بانگەشەی سەركردەكانیان، بەدڵنیایی ئامانجی سەرەكی ئەوان بەدەستهێنانی سەربەخۆیی یاخود ئۆتۆنۆمی تەواوە لە كەمترین حاڵدا، بە بەردەوامی بەرەنگاری دەكەن بۆ دیاریكردنی ئەولەویەتی خۆیان لەچوارچێوەی پەیوەندی بە چەمكی هێزی دەرەكی لەبارەی هاوسەنگی جیۆسیاسییەوە، وەكو ئەوەی تێگەیشتوین، وا باشترە گوێ لە پاڵەوانەكان بگرین نەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، هەمان ئەو تایبەتمەندییەی كە ئازایەتییان پێدەبەخشێت وایان لێدەكات پتەوبن و نەرمونیانی لەدەستبدەن". ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، مانگانە بڕی (20 ملیۆن) دۆلار هاوكاری دارایی پێشكەشی هێزی پێشمەرگە دەكات، ئەم یارمەتییە ریشەیەكی مێژویی هەیە، كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" لە یەكی ئابی 1972 نیكسۆن واژۆی لەسەر فەرمانێكی ئاڕاستەكراو كرد بۆ دەستپێكردنی پرۆگرامی نهێنی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕی 250 هەزار دۆلاری لەمانگێكدا وەكو یارمەتی راستەوخۆ لە ساڵی دارایی 1973 دیاریكرد. لەگەڵ دوو ملیۆن دۆلار بۆ كەلوپەل، واتە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام شا یارمەتییەكی زۆرتری پێشكەش كرد، كۆی گشتی هەموو یارمەتییەكان كە ئیسرائیل‌و بەریتانیاو ئێرانییەكان پێشكەشی كوردەكانیان كرد گەیشتە ملیۆنێك دۆلار لە مانگێكدا، ئەمەش بە پێوەری جەنگی سارد بڕێكی كەم بوو". ئەم هاوكارییە لە قۆناغێكی تردا زیادیكردووە، كیسنجەر دەڵێ" بەدرێژایی ساڵی 1973 شەڕ سەختتر بوو، هاوكات داواكاری كوردەكانیش بۆ پێدانی یارمەتی دارایی زیادیان كرد، لە 29ی ئازار/ مارسی 1973، پشتیوانی داواكارییەكم كرد كە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (CIA) پێشكەشیكرد، جیم شلسنجەر لەماوەیەكی كەمدا كە پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی وەرگرت، ئیمزای لەسەر كرد بۆ پێدانی هاوكاری زیاتر، دواتر نیسكۆن رەزامەندی لەسەر نیشاندا.. پێشنیازم كرد پاڵپشتی داراییمان زیادبكەین بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، شا برێكی زۆر لەوە زیاتر پارەی تەرخانكرد، گەیشتە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار. ئەمە سەرەڕا پاڵپشتی لۆجیستی‌و تۆپهاوێژەكانی (كە پێكهاتبوو لە تۆپی دوورهاوێژی ئێرانی‌و بوو بە چەتری كوردەكان لەناو سنوری ئێراندا) لەگەڵ ئەوەشدا، نیكسۆن هۆشداریدا لە مەترسی توندكردنەوەی بارودۆخەكە لەلایەن كوردەوە لەڕێگەی گۆڕینی شەڕی بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن". ئەمریكاو ئێران بۆچی پاڵپشتی دارایی شۆڕشی كوردیان دەكرد، كیسنجەر وەڵام دەداتەوە:" وادەركەوت كە پاڵپشتی نهێنی بۆ كوردەكان لە ساڵی یەكەمیدا ئامانجەكەی دەپێكێت، لە 5ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 1972 لەلایەن ریچارد هیڵمز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندییەوە (كە دواتر دەبێت بە باڵیۆز لە ئێران) راپۆرتێك رەوانەی نیكسۆن كرا، تێیدا ئاگادارمان دەكات لەوەی كوردەكان دوو لەسەر سێی سوپای بەعسیان سەرقاڵكردووە لەوەی ئەركەكانی تریات ئەنجام بدەن.. كاروبارەكان بەوشێوەیە ناڕۆن كە سوپای رژێمی بەعس ئارەزوویان دەكات.. پارێزگاریكردنی بارزانی لە قەڵایەكی قایم‌و ئارام بەردەوامی دەدات بە سەرقاڵكردنی دوو لەسەر سێی سوپای عێراق، بەعسییەكان بێبەش دەكات لە بنكەیەكی گەرەنتیكراو كە لەوێوە تیمەكانی تێكدان‌و تیرۆركردن كار لە دژی ئێران بكەن". "كاتێك جەنگی عەرەب- ئیسرائیل بەرپابوو، تەمەنی پرۆگرامی نهێنی زیاتر لە ساڵێك نەبوو، كوردەكان جگە لە هەندێك چەكی قورس هیچیان نەبوو، تۆپهاوێژەكانی ئێران كە پاڵپشتیان دەكات بەجۆرێك سەركێشی ناكەن بۆ دووركەوتنەوە لە سنور، كوردەكان لە توانایاندا بوو بەرگری لە ناوچە شاخاوییەكەیان بكەن، تانك‌و فڕۆكەكانی عێراق روبەڕوی ئاستەنگ دەبوونەوە، بەڵام هێزەكەیان كە بەچەكی سوك پۆشتەكرابوو لە ناوچە دەشتاییەكانداو لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان كەمترین دەرفەتیان نەبوو لەبەردەم سوپای گەورەی عێراقدا كە بەچەكی قورس‌و پێشكەوتووی سۆڤیەتی‌و سەدان تانك پۆشتە كرابوو، گومانی تێدا نییە هێرشی كورد لە پشت پەناگە شاخاوییە پارێزراوەكانەوە بەدڵنیایی دەبێتەهۆی تێكشكانی تەواوەتی هێزە سەربازییەكانی كورد". بەگوێرەی قسەی كیسنجەر، مستەفا بارزانی" شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغداد وەك هەلێك لێكدەدایەوە بۆ سوككردنی ئەو كۆتوبەندانەی كە هاوپەیمانەكانی سەپاندبوویان، هەروەها بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی دەسەڵاتی بە رێگایەك كە هێشتا بە هاوتای دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی دادەنا، بەڵام لە كرۆكدا جیاكردنەوەی لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەستەم‌و مەحاڵ بوو، لە شانزەی ئازار/ مارسی 1974دا بارزانی بۆ گرەنتیكردنی ستراتیژە پێشنیازكراوەكەی دوو بژاردەی خستەبەردەستمان: 180 ملیۆن دۆلار بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی، یان 360 ملیۆن دۆلار بۆ بونیادنانی ئەوەی پێدەوترێت ژێرخانێكی "گونجاو" بۆ سەربەخۆیی.. كۆپییەكەی بارزانی بۆ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی هەرگیز لەلایەن شا لە ئێران یان توركیا پشتیوانی لێ نەكرا، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە دۆخێكی وادا نەبوو بتوانێت ئەو پارەیەی پێشكەش بكات كە داوایكردبوو هەتا نزمترین ئاستی ئەوەی داینابوو، تەواوی ئەو بودجەیەی تێدەپەڕاند كە بۆ پرۆسە نهێنییەكان تەرخانكرابوو كە ویلایەتە یەكگرتووكان ئەنجامیدەدان".  هەر لەبارەی كوردەوە، ئەم سیاسەتمەدارە بە ئەزمونەی ئەمریكا لە یادەوەریییەكانی خۆیدا نوسیویەتی:" رەفتاری كوردەكان، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەكانیانی لە هەموو قۆناغێكدا كردووە بە كارێكی قورس، هەندێكجار بێ‌ هیوادەبوون‌و زۆر پێویستیان بە هاوكاری هەبوو، هەندێكجاریش دڵخۆشی بە سەركەوتن بە روخساریانەوە دیاربوو، بۆ نمونە  لە 27ی تەمموز/ یۆلیۆی 1974 شای ئێران پەیامێكی بەپەلەی بارزانی گەیاندە دەستمان كە تێیدا داوای هاوكاری دەكات، هۆشدارییەكی لەگەڵدا هاوپێچ كردبوو دەربارەی كۆتاییەكی مەترسیدار بۆ- ئێران‌و هەموو كەنداو- ئەگەر بەرخۆدانی كورد هەرەس بهێنێت. بەڵام دوای چەند هەفتەیەك لە (سەرەتای ئەیلول/ سێپتەمبەر)دا بارزانی پێشنیازی كرد هێزەكانی كورد هێرش بكەنە سەر كێڵگەكانی نەوت لە كەركوك، پێشنیازەكەمان لە 18ی ئەیلول/ سێپتەمبەر رەتكردەوە، چونكە نەماندەویست قەیرانی وزە گەورەببێت- كە خۆی لە بنچینەدا مەترسیدارە- لە رێگەی گەڕێكی توندوتیژی كە دامەزراوە نەوتییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتە ئامانج، بەڵام گوشاری جارجارەی بارزانی بۆ هێرشكردن، پاساوی نەیارانی پێشكەشكردنی هاوكاری زیاتری بۆ كوردەكان بەهێزتر كرد، لەسەر بنەمای ئەوەی كە  ئەوان  بەشی ئەوەندە سەرچاوەی دەرامەتیان هەیە بۆ بەرگریكردن لە پێگەكانیان كەواتە بۆ گوشار دەكەن لە پێناوی ئەوەی چەكی تریان بۆ بەرپاكردنی هێرشێكی گەورە دەستبكەوێت". بەپێی ئەوەی كیسنجەر خەمڵاندویەتی" كۆی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ مستەفا بارزانی لە میانی ساڵی دارایی 1973، 1974، 1975 گەیشتوەتە بڕی 20 ملیۆن دۆلار‌و بڕی 1250 تۆن لە تەقەمەنی و كەرەستەی جەنگیشی لەخۆگرتووە. لەبارەی رێككەوتنی جەزائیری نێوان سەددام‌و شای ئێران‌و نسكۆی ساڵی 1975ی كوردو بەرپرسیارێتی ئەمریكا لەو كارەساتەی بەسەر كورددا هات، كیسنجەر نوسیویەتی:" كاتێك هەموو شتێك كۆتایی هات، قارەمانەكانی روبەڕوبونەوە (ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆسەر رابردوو) زۆر بەتوندی هێرشیانكردەسەر ئیدارەی سەرۆك فۆرد، بەدیاریكراویش تیرەكانیان ئاڕاستەی من كرد- بەهۆی دەستهەڵگرتن لە كوردەكان، بەڵام شا بڕیاری خۆیدا بوو، ئێمە نە هیچ بەڵگەیەكی لۆژیكی نە ستراتیژیەتێكی گونجاومان نەبوو بۆ قایلكردنی بە پاشگەزبونەوە لەو بڕیارە، بەڵام ئەو چارەسەرەی كە هەندێك لە رەخنەگران لە سیاسەتەكانمان پێشنیازیانكرد ئەوە بوو (هەڕەشە لە شای ئێران بكرێت بە راگرتنی یارمەتییەكانمان)، ئەوەش هیچ واتایەكی لۆژیكی نەبوو، چۆن دەكرێت هاوپەیمانێكی سەرەكی هانبدەین بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ هیچ پاڵپشتییەك لەلایەن ئێمەوە، ئەوە تاكە بژاردە بوو كاتێك كۆنگرێس دەستی لەو هاوپەیمانانە هەڵدەگرت كە چەقۆ لەسەر گەردنیان بوو ؟ ئەو روداوانەی كە لەدوای روخانی شاوە رویانداوە راست و دروستی بڕیارەكەی ئێمەیان سەلماند بەوەی ئێرانێكی دۆست دەوڵەتێكە كە بۆ هاوسەنگی هەرێمایەتی و جیهانی ناكرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت، شتێكی نەزانانە و سەرشێتانە و نابەرپرسانە بوو سەقامگیری دەوڵەتێكی دۆستی تر تێكبدرێت لەڕێگەی دەستپێكردنی هێرشێكی سیاسییەوە بۆسەر شا یاخود بڕینی یارمەتییەكان لە ئێران. پابەندبونمان بە بەرگریكردن لە ئێران شتێك نەبوو كە هەر كاتێك توڕەبوین پاشەكشێی لێ بكەین، ئەوە گوزارشت بوو لە بەرژەوەندی جیۆسیاسییمان. بۆیە پێویست بوو لەسەرم شایەتحاڵی بەكۆیلەكردنی گەلێكی دۆستی تر بم". كیسنجەر كێیە ؟  هاینز ئەلفرێد كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكاو یەكێك لە سیاسەتمەدارە بەناوبانگەكانی ئەمریكاو جیهان لە 27ی ئایاری 1923 لە فۆرت ، باڤاریا لە ئەڵمانیا لە دایكبووە باوكی مامۆستا بووە بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا جولەكە بوون، خۆی‌و كەسوكارەكەی ساڵی 1938 لەترسی نازییەكان ئەڵمانیایان بەجێهێشتووەو چوونەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو پەیوەندیی كردووە بە پەیمانگای جۆرج واشنتن لە نیویۆرك و ساڵی 1948 رەگەزنامەی ئەمریكای بەدەستهێناوەو هەمان ساڵ پەیوەندیكردووە بە سوپاوە. لە سەردەمی جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1973 بۆ 1977 وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە پێش ئەوەش لەسەردەمی سەرۆك ریچار نیكسۆندا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بووە، رۆڵێكی دیاری هەبوو لە سیاسەتەی دەرەوەی ئەمریكا وەك سیاسەتی كرانەوە بەڕووی چین‌و سەردانە بەردەوامەكانی بۆ وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسرائیل كە لە رێككەوتنی كامپ دەیڤد كۆتایی هات لە ساڵی 1978. ساڵی 1983 رۆناڵد ریگان سەرۆكی ئەمریكا پۆستی سەرۆكی دەستەی فیدراڵی پێ سپارد كە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئەمریكای ناوەڕاست‌و ساڵی 2001یش جۆرج بوشی كوڕ كردیە بەرپرسی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر. ساڵی 1973 كیسنجەر خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدراوە. ئەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بە پلەی نایاب لە زانستە سیاسییەكاندا لە زانكۆی (هارڤارد) بەدەستهێناوە، پێشەنگ  بووە لە هەوڵدان بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكا لەلایەك‌و روسیاو چین لە لاكەی ترەوە.  كیسنجەر تاكە ئەندام حكومەتەكەی نیكسۆنە كە تائێستا لە ژیاندا ماوە، ئەو كەسایەتییەكی جێگە مشتومڕە، لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان‌و چالاكانی سیاسی‌و پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤەوە وەكو تاوانبارێكی جەنگی ناوی دەهێنرێت‌و بەرپرسیارێتی هێرشەكانی ئەمریكا لە لاوس‌و كەمبۆدیا دەخرێتە ئەستۆی ئەم پیاوە، لەبەرامبەردا لەلایەن زۆرێك لە پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، كیسنجەر وەكو وەزیرێكی دەرەوەی خاوەن كاریگەریی تەماشا دەكرێت‌و رێزی لێدەگیرێت.  بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی نوسینه‌كه‌ی كیسنجه‌ر له‌باره‌ی كورده‌وه‌ كلیك (لێره‌) بكه‌  


شكاری: درەو پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگان؛ # (375) نەخۆشخانەی گشتی و (130) نەخۆشخانەی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، پێکەوە هەر (505) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (64 هەزار و 170) نەخۆشیان هەیە. # ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێم بە زیاتر لە (42 ملیۆن و 535 هەزار) کەس خەمڵیندراوە، لە هەر (663) کەسێک تەنها (1) تەخت (بێد)یان بەردەکەوێت. # لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (77) نەخۆشخانەی گشتی و (37) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (114) نەخۆشخانەکە توانای وەڵامدانەوەو بەڕێکردنی (10 هەزار و 528) نەخۆشیان هەیە. # بەپێی ئامارەکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە نزیکەی (5 ملیۆن و 710 هەزار) کەس خەمڵێندراوە، کە هەر (542) کەسێک تەنها (1) تەخت (بێد)یان بەردەکەوێت. سەرەتا پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگانی عێراق بە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، (375) نەخۆشخانەی گشتی و (130) نەخۆشخانەی تایبەت لە عێراق هەیە، پێکەوە هەر (505) نەخۆشخانەن، بەشی هەرە زۆریان نەخۆشخانەی بوارە گشتییەکان و بەشێکیشیان نەخۆشخانەکانی منداڵان، لەدایک بوون، ئافرەتان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانن. نەخۆشخانە گشتییەکان (کەرتی گشتی) توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (58 هەزار و 450) نەخۆشیان هەیە. هەرچی نەخۆشخانە تایبەتەکانە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (5 هەزار و 720) نەخۆشیان هەیەو پێکەوە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (64 هەزار و 170) نەخۆشیان هەیە. پارێزگانی بەغداد و بەسرەو هەولێر و زۆرترین نەخوشخانەی (گشتی و تایبەت)یان تێدایە. بە پێچەوانەوە پارێزگاکانی موسەنا، قادسییە و واست کەمترین نەخوشخانەی (گشتی و تایبەت)یان تێدایە. بەڵام پارێزگانی  هەولێر، موسڵ و بەغداد توانای وەڵامدانەوەی زۆرترین نەخۆشیان هەیە پێوەر بە ژمارەی دانیشوانیان، بە جۆرێک لە پارێزگای هەولێر (386) بێدێک، لە پارێزگای موسڵ (451) بێدێک و لە بەغداد (460) کەس بێدێک ... یان بەردەکەوێت. بە پێچەوانەوە، پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و بابل توانای کەمترین لەخۆگرتنی نەخۆشیان هەیە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و بە پێوەرگرتنی ژمارەی دانیشتوان، بە جۆرێک لە پارێزگایەکی وەک ئەنبار (هەزار و 476) کەس یەک بێد، لە دیالە (هەزار و 335) کەس بێدێک و بابل (هەزار و 238) کەس بێدێک ... یان بەردەکەوێت. یەکەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (77) نەخۆشخانەی گشتی و (37) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (114) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (10 هەزار و 528) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (542) کەسێک لە هەرێمی کوردستان تەخت (بێد)ێکیان بەر دەکەوێت. بەجۆرێک؛  1.    پارێزگای هەولێر؛ (38) نەخۆشخانەی گشتی و (18) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (56) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (4 هەزار و 792) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (386) کەسێک لەو پارێزگایە تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 2.    پارێزگای سلێمانی؛ (27) نەخۆشخانەی گشتی و (13) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (40) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (4 هەزار و 372) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (598) کەسێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 3.    پارێزگای دهۆک؛ (12) نەخۆشخانەی گشتی و (6) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (18) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 364) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (913) کەسێک لە سنوری پارێزگای دهۆک تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. دووەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق (298) نەخۆشخانەی گشتی و (93) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (391) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (53 هەزار و 642) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (687) کەسێک لە پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا تەخت (بێد)ێکیان بەر دەکەوێت. بەجۆرێک؛  1.    پارێزگای بەغداد؛ (71) نەخۆشخانەی گشتی و (34) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (105) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (21 هەزار و 496) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (460) کەسێک لە سنوری پارێزگای بەغداد تەخت (بێد) ێکیان بەر دەکەوێت. 2.    پارێزگای بەسرە؛ (40) نەخۆشخانەی گشتی و (15) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (55) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (6 هەزار و 660) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (724) کەسێک لە سنوری پارێزگای بەسرە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 3.    پارێزگای دیالە؛ (12) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەت هەیە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 288) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 335) کەسێک لە سنوری پارێزگای دیالە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 4.    پارێزگای کەربەلا؛ (7) نەخۆشخانەی گشتی و (7) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 208) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 102) کەسێک لە سنوری پارێزگای کەربەلا تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 5.    پارێزگای کەرکوک؛ (14) نەخۆشخانەی گشتی و (5) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (19) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 520) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (968) کەسێک لە سنوری پارێزگای کەرکوک تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 6.    پارێزگای میسان؛ (10) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (13) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 118) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (781) کەسێک لە سنوری پارێزگای میسان تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 7.    پارێزگای موسەننا؛ (6) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (8) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (638) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 215) کەسێک لە سنوری پارێزگای موسەننا تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 8.    پارێزگای نەجەف؛ (10) نەخۆشخانەی گشتی و (4) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (14) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 576) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 22) کەسێک لە سنوری پارێزگای نەجەف تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 9.    پارێزگای موسڵ؛ (35) نەخۆشخانەی گشتی و (9) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (44) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (6 هەزار و 896) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (451) کەسێک لە سنوری پارێزگای موسڵ تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 10.    پارێزگای قادسییە؛ (8) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (10) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 88) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 185) کەسێک لە سنوری پارێزگای قادسییە تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 11.    پارێزگای سەڵاحەدین؛ (17) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (20) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (2 هەزار و 632) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (558) کەسێک لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 12.    پارێزگای واست؛ (11) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (13) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 288) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 154) کەسێک لە سنوری پارێزگای واست تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 13.    پارێزگای ئەنبار؛ (22) نەخۆشخانەی گشتی و هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی تێدایە نیەو، هەر (22) نەخۆشخانە گشتییەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 600) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 476) کەسێک لە سنوری پارێزگای ئەنبار تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 14.    پارێزگای زیقار؛ (18) نەخۆشخانەی گشتی و (3) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (21) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (2 هەزار و 432) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (846) کەسێک لە سنوری پارێزگای زیقار تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. 15.    پارێزگای بابل؛ (17) نەخۆشخانەی گشتی و (2) نەخۆشخانەی تایبەتی تێدایە، پێکەوە هەر (19) نەخۆشخانەکە توانای لەخۆگرتن و بەڕێکردنی (هەزار و 888) نەخۆشیان هەیە. بەم پێیەش هەر (هەزار و 238) کەسێک لە سنوری پارێزگای بابل تەخت ێکیان بەر دەکەوێت. سێیەم؛ ژمارەی نەخۆشخانە (گشتی و تایبەت)کان و توانای لە خۆگرتنی نەخۆش لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (بە خشتەو گرافیک)    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand