ئامادەکردن: بەشی توێژینەوە و ڕاپرسی له پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشهكی: بڕیاروایه له رۆژی یهكشهممه ( 14/5/2023)، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوهبچن، ئەم هەڵبژادنە، هەڵبژاردنی مێژوویی و گرنگن بۆ تورکیا، بۆ داهاتوو و ئێستای ئەو وڵاتە، بەتایبەت کە بۆ یەکهم جارە دوای تاقیکردنەوەی یەکەم ئەزموونی سەرۆکایەتی لە تورکیا و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و، گۆڕینی بهشیكی زۆری ماددهكانی یاسای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامبدرێت. لەم توێژینەوەیەدا، کورتەیەک لەسەر مێژوو، جوگرافیا، ووردەکاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، پارتە بەشداربووەکان، هاوپەیمانیەتەکان، ڕاپرسییەکان، ژمارەی دەنگدەر، کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، پێشبینی و زانیاری زیاتر لەسەر کۆی پرۆسەکە دەخەینه بەردیتی خوێنەر، بەهیوای ئەوەی سوودی هەبێت. یەکەم: مێژوو، جوگرافیای تورکیا تورکیا میراتی ئیمبراتۆریەتی عوسمانییە، وڵاتێکی فرە ڕەهەند و حزب و ئایدلۆژیا و بەرژەوەندی جیاوازە، دوای ڕووخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیی، بەپێی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی(1923) تورکیا وەک دەوڵەتێکی تاک نەتەوە دروستکرا، ناوەکەش ڕەگەزییە و تایبەتە بەدەوڵەتی تورکەکان. لەکاتی دروست بوونی کۆماری تورکیای علمانی لەسەر دەستی "کەمال مستەفا ئەتاتورک"، سیستەمی پەرلەمانی تاک حیزب هەبوو، کە بەردەوام بوو تا دوای جەنگی جیهانی دووەم، لەسەرەتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، حوکمی تاک حزبی کۆتایی هات و دیموکراتەکان تا (1960) حوکمی وڵاتیان کرد بەسەرۆکایەتی "عەدنان موندهریس"، لەساڵی (1960) یەکەم کودەتایی سەربازی روویدا، دەرئەنجامەکەی بریتی بوو لە کۆتایهێنان بە حوکمی دیموکراتەکانی تورکیا و "عەدنان موندەریس"ی سەرۆکی دیموكراتهكانیش لەسێدارەدرا. کەواتە، تورکیا وەک وڵاتێکی هاوچەرخ و مۆدێرن چەندین فۆڕم و مۆدێلی سیاسی پەیڕەوکردوە، سەرەتا لەسەردەمی "مستەفا کەماڵ ئەتاتورک"، سیستەمی حوکمڕانی بەکۆمەڵ و تاک پارتی پەیڕەو دەکرا، دوای جەنگی جیهانی دووەم، سیستەمی فرە بازنەیی و پەرلەمانی پەیڕەو دەکرا، ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بەردەوام بوو تاکو لە ساڵی (2017) ئاکپارتی و "رهجهب تهیب ئەردۆگان" لەڕێگەی ریفراندۆمهوه، سیستمەکەیان گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و لە (2018)ـەش یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو و "رهجهب تهیب ئەردۆگان"یش بووە سەرۆک كۆمار. چۆنیەتی هەموارکردنەوەی ماددەکانی دەستووری تورکیا: بەپێی ماددەی (157)ی دەستووری تورکیا، گۆڕینی دهستوور پێویستی بە (330) دەنگی پەرلەمانتارانە، دواتر پێویستە لەدوای (60) ڕۆژ راپرسی لەسەر بکرێت و لە 51%ی خەلک بە بەڵێ دەنگی پێبدات ئینجا هەماورکردنەکە جێبەجێ دەکرێت. تاکو ئێستا لە تورکیا حەوت جار دەستوور هەموارکرایتەوە، کەواتە حەوت ڕاپرسی لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیا بەڕێوە چووە، كه سێ لهو ڕاپرسیانه لهسهردهمی ئهردۆگان بووه، ئەنجامی راپرسیەکانیش بەم شێوەیە بوونە: ئهگهر سهرنج بدهین، لەو حەوت راپرسیەی له توركیا بهڕێوهچوونه بۆ هەموارکردنەوە و گۆڕینی ماددەکانی دەستوور، تەنها یەک جار به نهخێر دهنگی لهسهر درایه، ئەویش راپرسیەکەی ساڵی (1988) بووە، کۆتا جاریش كه ڕاپرسی بهڕێوهچووه لە ساڵی (2017)دا بوو، کە تیادا بەڵێ زۆرینەی هێنا و سیستەمی وڵات لە پەرلەمانی گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی. جوگرافیای تورکیا: لهڕووی جوگرافییهوه، توركیا وڵاتێكی گرنگ و گهورهی جیهانه، دهكهوێته رۆژئاوای ئاسیا و باشووری رۆژههڵاتی ئهوروپا، له 3%ی خاكهكهی دهكهوێته كیشوهری ئهوروپا و له 97%ی دهكهوێته كیشوهری ئاسیا، له 10%ی دانیشتوانهكهی له بهشه ئهوروپیهكهی دهژین. ڕوبهرهكهی بریتییه له (783.525)كم دووجا، هاوسنووره لهگهڵ وڵاتانی دەریایی ڕەش (جۆرجیا، ڕوسیا، ڕۆمانیا، بولگاریا)، لەڕۆژهەڵات (ئێران، وڵاتانی قەوقاز، جۆرجیا(لهدوو لاوه)، ئەرمەنستان، ئازربایجان)، لە باشوور: (عێراق، سوریا، دەریایی سپی ناوەڕاست(، له خۆرئاوا (قوبرس، دەریایی ئیجە، یۆنان، بوڵگاریا(، لە باکوور (دەریایی ڕەش(. دووهم: ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا و چۆنیهتی رێكارهكانی بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنهكان بەپێی دەستووری تورکیا، هەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی (18) ساڵیه، دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن، بەمشێوەیە زیاتر لە (60 ملیۆن 904 ههزار و 499) كهس لهناوخۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لهدهرهوهی وڵاتیش (3 ملیۆن 286 ههزار و 786) كهس مافی دهنگدانیان ههیه، بهمشێوهیهش ژمارهی بهشداربووان له ههڵبژاردنهكانی توركیا دهگاته( 64 ملیۆن و 191 ههزار و 285) كهس، كه نزیكهی (6) ملیۆن کەس بۆ یەکەمین جارە دەنگ دهدهن، ههروهها (42 ملیۆن و 704 ههزار و 112) كهس كه دهكاته 50.1% له ڕهگهزی نێره و، (42 ملیۆن و 575 ههزار و 441) كهس كه دهكاته 49.9% لهڕهگهزی مێیه. بهپێی راپرسیهكان رێژهی بهشدار له نێوان 85 بۆ 90% دهبێت، بهمشێوهیهش بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار، كاندید پێویستی به (27) ملیۆن دهنگ زیاتره. ژمارهی بازنهكانی ههڵبژاردن: 87 بازنه ژمارهی كاندیدانی سهرۆك كۆمار: 4 كاندید ژمارهی كورسییهكانی پهرلهمان: 600 كورسی ژمارهی پارته بهشداربووهكان بهشێوهی سهربهخۆ: 25 پارتی سیاسیی ژمارهی هاوپهیمانییهتهكان: 5 هاوپهیمانیهتی فهرمی ژمارهی كاندیدانی سهربهخۆ بۆ پهرلهمان: 57 كاندید ژمارەی بنکە (سندوقە)کانی دەنگدان له ههموو توركیا و دهرهوه: 191 ههزار و 910 سندوق. ژمارەی چاودێرانی سەر سندوق: 7 کەس، یهك بەڕێوەبەری بنکە، 3 کارمەند، 3 چاودێری ئەو حزبانەی لەهەڵبژاردنی پێشوو زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. له ههر بنكهیهكی دهنگدان دوو سندوق دادهنرێت، یهك بۆ ههلبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار و ئهوهی دیكهش بۆ پهرلهمان. کاتی دەستپێکردن: له 32 شار بەتایبەت لەشارە کوردییەکان، کاتژمێر 7ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. لە 49 شاری دیکەی تورکیا، کاتژمێر 8ی بەیانی تاوەکو 5ی ئێوارە. ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان: هەمان شەو ئەنجامی بەرایی ڕادەگەینرێت، بەڵام پێویستە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەینرێت. هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن بۆی نیە ئەنجامی بەرایی ڕابگەینێت. هەمان شەو ئەنجامەکان دەگەینرێتە دەست نوێنەری پارتە بەشدارەکان و کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و کاندیدە سەربەخۆکانی پەرلەمان. پێویستە واژووی ئەو حەوت کەسەی لەسەر بێت ئینجا ئەنجامەکان پەسند دەکرێن، دوای 10 ڕۆژ کۆپی فۆرمی دەنگدان کە واژۆی 7 کەسەی نێو بنکەی لەسەرە لەماڵپەری فەرمی کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە. چۆنیەتی جیاکردنەوەی دەنگی سەرۆکایەتی و پەرلەمان: سەرەتا دەنگی سەرۆکایەتی و، دواتر دەنگی پەرلەمان یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا 1. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 بۆ 600 زیاد کراوە. 2. تەمەنی خۆکاندیدکردن لە 25 بۆ 18 کەمکرایتەوە. 3. بۆ چوونه پهرلهمان دهنگی بنهڕهتی پارتهكان بهبنهما دهگیرێت، پارته بچوكهكان به هاوپهیمانیش بچنه پهرلهمان، پهرلهمانتاریان نابێت. 4. دهنگی ئهو پارتانهی ناتوانن بهربهستی 7% تێپهڕێنن بۆ لیستی براوهی یهكهم دهڕوات. 5. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەیەکەوە و پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت 6. پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە. 7. پەرلەمان دەتوانێت بەدەنگی 3 لەسەر 5ی پەرلەمانتاران هەڵبژرادن دووبارە بکاتەوە. دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار 1. سەرۆک کۆمار دەتوانێ سەرۆکی پارتەکەشی بێت. 2. دەتوانێت بڕیار لە باری نائاسی بدات 3. تەنها بۆ دوو خول دەتوانێت خۆی کاندید بکات 4. کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت نوێنەری ئەو پارتە سیاسیە بێت کە لەدوا هەڵبژرادن زیاتر لە 05%ی دەنگی بەدەستهێنابێت، یان 100 هەزار واژۆ کۆبکاتەوە بۆ پشتگیری خۆکاندید کردنی 5. بە 50% + 1ی دهنگی دهنگدهران دەبیتە سەرۆک كۆمار 6. سەرۆک کۆمار فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە 7. سەرۆک کۆمار جێگر و وەزیرەکانی دیاری دەکات 8. سەرۆک کۆمار پڕۆژەی بوودجە پێشکەش بە پەرلەمان دەکات 9. سەرۆک کۆمار دەتوانێت ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێنێتەوە. 10. بۆ گۆڕینی دەستوور دەتوانێت پڕۆژە پێشنیار پێشکەش بە پەرلەمان بکات 11. یاساکانی دەرچوو لەپەرلەمان واژۆ دەکات 12. باڵیۆزەکان دیاری دەکات 13. مەرجە جێگر و وەزیرەکان ئەندامی پەرلەمان بن. سێیهم: ئهنجامی ڕاپرسییهكان بۆ ههڵبژاردنهكانی 2023ی توركیا له توركیا چهندین كۆمپانیا و ناوهندی تایبهتمهند به ڕاپرسیهكان ههیه" گرنگترینیان (ئاکسۆی، ئۆپتیمار، مێترۆپۆل، ئارێیا، یۆنئەیلەم، ماك، ALF، ئاڤراسیا و ئۆ ئاڕ سی)، تێكڕای ڕاستی ئهنجامی ئهو كۆمپانیایانه له 93%یه ئهوهش ڕێژهیهكی زۆر بهرزه، سەرجەم راپرسییەکانی ئهو نۆ کۆمپانیا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەناوبانگی تورکیا لە ساڵی 2022دا، دەریدەخەن، دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە پێش دەنگی هاوپهیمانی جمهوری دەسەڵات دێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی راپۆرتی تورکیا، بەپشت بەستن بە ئەنجامی راپرسیی ئهو ناوەندانه کە بەناوبانگترین و شارەزاترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپرسین لە بوارەکانی خۆیاندا، دەردەکەوێت کە دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و بەپێچەوانەشەوە هاوپەیمانیی جمهوور کە بەرەی دەسەڵاتە دەنگەکانیان روو لە دابەزینە. چوارهم: پارتەكان و هاوپهیمانیهتهكان لهدوای ساڵی (2020) لهسهرتاسهری توركیا، (27) پارتی سیاسی نوێ لهسهرانسهری توركیا دامهزراون، بهمشێوهیهش ژمارهی پارته سیاسییهكانی توركیا گهیشتۆته (122) پارتی سیاسی، كه تهنها (36) پارتی سیاسی مافی ئهوهیان ههبوو بهشداری ههڵبژاردن بكهن، (بهپێی یاسای ههڵبژاردنهكانی توركیا، ئهو پارتهی بتوانیت له 41 پارێزگای توركیا كۆنفڕانس ببهستێت و رێكخستن دروست بكات، مافی ئهوهی ههیه بهشداری ههڵبژاردن بكات) لهو (36) پارتهش تهنها (24) پارتی سیاسی به سهربهخۆ بهشداری ههڵبژاردنهكان دهكهن، (12) پارتهكهی تر له چوارچێوهی چوار هاوپهیمانیهتی و لهسهر پارتی دیكه كاندیدیان پێشكهش به كۆمسیۆنی ههلبژاردنهكاتی توركیا كردووه، لهماوهی ئهم پوێنج سالهی رابردوو، دوو پارت له ئاكپارتی و سێ پارتیش له جهههپه و پارتێكیش له پارتی چاكهی مهرال ئاكشهنهر و پارتێكیش له سهعادهت جیابوونهتهوه، پارته جیابووهكانیش بریتین له: پارتی دیموكراتی و پێشكهوتن به سهرۆكایهتی عهلی باباجان و پارتی دواڕۆژ بهسهرۆكایهتی ئهحمهد داود ئۆغلۆ له ئاكپارتی جیابونهتهوه، ههروهها پارتهكانی نویبوونهوه، به سهرۆكایهتی ئۆزتوك یهلمازی جێگری سهرۆكی پێشووی جهههپه و پارتی گۆڕان بهسهرۆكایهتی مستهفا ساری سهركردهی جهههپه و پارتی نیشتمان به سهرۆكایهتی موحهرهم ئینجه سهركردهی باڵا و كاندیدی سهرۆك كۆمار له خولی پێشوودا له جهههپه جیابوونهتهوه، پارتی رهفای سهر لهنوێش له پارتی سهعادهتی ئیسلامی جیابۆتهوه.
(درەو): پەڕاوی دارایی- سەنتەری الاتحاد بۆ توێژینەوەو گەشەپێدان نوسەر: دكتۆر بیلال خەلیفە پوختە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003، دەسەڵاتی داگیركەر هەوڵیدا سیستەمێك لە عێراق دروست بكات كە تێیدا لەسەر ئاستی بونیادیی، پارێزگاری لە هەژمونی خۆی بكات. لەناو ئەوانەشدا سیستەمی ئابوری كە لەسەر بنەمای چەسپاندنی رۆڵی بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە كۆنترۆڵكردنی داهاتەكانی فرۆشی نەوتی عێراقو، بەهای ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقو چەندین بابەتی تر، دامەزرا. بۆیە بەكارهێنانی بانكی فیدراڵی ئەمریكا بۆ داهاتەكانی فرۆشی نەوت، بەمشێوەیە دەردەكەوێت: - توانای فشارخستنە سەر حكومەت لەرێگەی سەرچاوە داراییە سەرەكییەكانییەوە لە دانانی بودجەكەیدا، كە بەهای دیناری عێراقی دیاری دەكات. - كۆنترۆڵكردنی قەبارەو كاتی ئەو پارانەی كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە دەچێتە دەرەوە بۆ عێراق. - ئەو قازانجەی كە بانكە ئەمریكییەكان لەرێگەی قەرزكردن لە پارەكانی عێراق بە سودێكی زۆر كەم كەڵەكەیان كردووە، لەگەڵ سودوەرگرتنی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارەكە لە ئەمریكاوە بۆ عێراقو كرێی بیمەو پاراستن. - پارێزگاریكردن لە پێگەی دۆلار لە پرۆسەی كڕینی نەوتی عێراقدا، بەتایبەتیش دوای ئەو رێككەوتنانەی كە چینو وڵاتانی تر كردویانە بۆ ئاڵوگۆڕ بە دراوە لۆكاڵییەكان. بۆیە ئەم توێژینەوەیە ئەو پرۆسە تەكنیكییە نیشان دەدات كە تێیدا ئەمریكا هەژمونی بەسەر بەشێك لە كەرتی دارایی عێراقدا كردووەو سەروەری عێراقی پێشێلكردووەو، لەسەر حسابی هەموو عێراقییەكان پارەكانی عێراقی خستوەتە بەرژەوەندی خۆیەوە. پێشەكی عێراق لەدوای ساڵی 2003وە داگیركردن، گۆڕانكاری لە سیستەمە دیكتاتۆرییەكەوە بۆ سیستەمێكی فیدراڵی پەرلەمانی بەخۆیوە بینیو خرایە ژێر چاودێری (وصایە)ی ئەمریكاو بەندی حەوتەمەوە. بەبیانووی ئەوەی ژمارەیەك لە وڵاتانی زیانلێكەوتووی سیاسەتەكانی سەددام حسێن داوای قەرەبوو دەكەن، ئەو داهاتانەی عێراق كە لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدەهاتن، خرانە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی لە داوای قەرەبووكردنەوە بپارێزرێت. هەروەك چۆن بانكی ناوەندیی عێراق بەپێی یاسای 56ی ساڵی 2004و بەگوێرەی دەسەڵاتی ئیدارەی كاتیی ئەو ئیئتیلافە دامەزرا كە عێراقی بەڕێوەدەبرد. لەو كاتەوە تائێستا داهاتی نەوت لە ئەنجامی فرۆشی نەوتی عێراق دەچێتە بانكی فیدراڵی ئەمریكا، ئەمە پاش لێبڕینی 5%ی ئەو پارانە بۆ قەرەبووی دەوڵەتی كوەیت كە ساڵی رابردوو هەموو پارەكان گەڕێندرایەوەو تەواو بوو. لەداوای ئەمە، پارەكان دەگوازرێنەوە بۆسەر حسابی بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمەش پاش ناردنی داواكارییەك لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە كە تێیدا ئەوە روندەكرێتەوە ئەو پارانە لە كوێدا خەرج دەكرێن، ئەم داواكارییانەش لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە وردبینییان تێدا دەكرێتو ئەم پرۆسەیە نزیكەی 20 رۆژ دەخایەنێت. ئەم پارانە لەرێگەی فڕۆكەوە دەگوازرێنەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق لە بەغداد، هەر فڕۆكەیەك نیو ملیار دۆلار هەڵدەگرێت، ئەم پرۆسەیە كرێی گواستنەوەو پاراستنو بیمە لەخۆدەگرێتو لە گەنجینەی عێراق ئەم پارانە دەدرێت. بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1483 لە ساڵی 2003، كە دوای كەوتنی رژێمی پێشوو دەرچوونو گەمارۆی ئابوریی لەسەر عێراق هەڵگرتو گەڕاندییەوە بۆ دۆخی بەر لە ساڵی 1990، حسابێك لە بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك كرایەوە، لە یەكێك لە بڕگەكانیدا بڕیار لەسەر دروستكردنی سندوقی پەرەپێدانی عێراق درا، پارێزبەندی نێودەوڵەتی بەم حسابە درا بۆ ئەوەی لەبەرەنجامی بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەكان لەو سكاڵایانەی دژی رژێمی پێشوو تۆماردەكرێن، حسابەكە روبەڕووی دەستبەسەرداگرتن نەبێتەوە. لەسەرەتاوە دوو سندوق هەبوو، یەكەمیان سندوقی پەرەپێدانی عێراق بوو، رێژەی 95%ی داهاتە نەوتییەكانی لەخۆدەگرت، سندوقەكەی تریش سندوقی قەرەبووەكان بوو، رێژەكەی 5% بوو، كە زۆرینەی بۆ كوەیت دەچوو، چونكە زۆرینەی وڵاتانی لە قەرزەكانیان خۆشبوون جگە لە كوەیت. لە 15/6/2003 فەرمانی ژمارە 2 لەلایەن پۆل بریمەر بەڕێوەبەری دەسەڵاتی هاوپەیمانان دەرچوو، كە پارەی سندوقی پەرەپێدانی عێراقی لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك دانا، بەجۆرێك پارەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بێت لەگەڵ بەڕێوەبەرێك كە ئیدارەی بانكی ناوەندیی عێراق بە هاوكاری لەگەڵ بانكی فیدراڵی دیاری دەكات. لەدوای ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی كە بە رێككەوتننامەی چوارچێوە لەنێوان عێراقو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناودەبرێتو تێیدا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق چونەدەرەوەو، بەمە بەشێوەیەكی فەرمی كۆتایی هات بە داگیركردنی عێراق، لە ئەنجامدا لە دانیشتنی 6450ی ئەنجومەنی ئاسایشدا بڕیاری 1956 دەرچوو، كە كۆتایی هێنا بە بوونی سندوقی پەرەپێدانی عێراق، ئەمەش لەسەر داوای حكومەتی عێراق لەرێگەی نامەیەكی بەڕێز نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتەوە، هەروەها كۆتایهێنان بە چاودێریو پارێزبەندیو سەرپەرەشتیكردنی بانكی ناوەندیی عێراق، كە رێككەوتنی خۆی لەگەڵ بانكی فیدراڵی نوێكردوەتەوە بۆ ئەوەی پارەكانی عێراق لای ئەو بانكە بێت، بەمەرجێك دەسەڵاتی داراییو بەڕێوەبردنی لای بانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام بە مەرجو شەفافیەتی بانكی فیدراڵی ئەمریكا. بەڵام سندوقی قەرەبووەكان بەكۆتایهاتنی قەرزەكانی كوەیت، كۆتایی هات، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 687 لەژێر بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 1991، ئەمەش لە 23/12/2021دا بوو كە دواین بڕە پارەی قەرەبووەكان درایەوە بە كوەیتو بەهاكەی 44 ملیۆن دۆلار بوو لە كۆی 52 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار، بەمە عێراق دوای زیاتر لە 31 ساڵ لە داگیركردنی كوەیت، تەواوی ئەو قەرەبووانەی گەڕاندەوە كە كۆمسیۆنی قەرەبووەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەگوێرەی بڕیاری 687ی ساڵی 1991 پەسەندی كردبوو. بەدیاریكراویش، ئەنجومەنی ئاسایش لە دانیشتنی 8972ی رۆژی 22ی شوباتی 2002دا بڕیاری ژمارە 2621ی دەركرد بۆ پاكتاوی حسابی قەرەبووەكانو داخستنی، هەروەها گەڕاندنەوەی پاشماوەكانی بۆ عێراقو هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی قەرەبووەكان لە كۆتایی 2022دا، كە دواین كۆبونەوەی لە رۆژی 9ی كانونی یەكەمدا بوو، بڕیارەكەش جێبەجێ كرا، وەكو باسكرا، لە كۆتایی 2022دا دۆسیەی قەرەبووەكان داخراو سەرچاوە نەوتییەكان لەو كۆتوبەندە رزگاركرا. بەمەش چیتر پێویست نییە داهاتەكانی نەوت لە تاكە حسابێكدا بێت، نە لە یەدەگی فیدراڵیو نە لە هیچ شوێنێكی تر. سوڕی دراوی كاش لە عێراق - پارەكانی داهاتی نەوت دەچێت بۆ بانكی فیدراڵی ئەمریكا - دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق - دۆلار لە مەزاردی دراودا دەفرۆشرێت - كڕینی دۆلار لەلایەن بازرگانانی عێراقیو دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە - كڕینی كاڵا لە دەرەوە بە دۆلار ئەم شێوەیە سوڕی دراوی عێراق رووندەكاتەوە جوڵەی یەكەمی پارەكان بانكی فیدراڵی ئەمریكا لە ئەنجامی فرۆشی نەوتی عێراقو گواستنەوەی بڕە پارەی نەوت لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی نەوتەكەیان كڕیوە، دۆلار بەدەستدەهێنێت، سەبارەت بە گواستنەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق لەڕێگەی فرۆشتنیەوە دەبێت لە وەزارەتی داراییەوە بە بانكی ناوەندیی عێراق، بەوەش لە بانكی فیدراڵییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندیی، بەڵام سەبارەت بە بانكی ناوەندییو بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی نەختینەی دارایی بە دیناری عێراقیو دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگاكانی عێراقی، دۆلار دەخرێتە مەزادی دراوەوە بۆ فرۆشتنیو بەدەستهێنانی دیناری عێراقی، پاش ئەمە بازرگان ئەو دۆلارە بەدەستدەهێنێت كە پێویستی پێیەتی بۆ كڕینی كاڵا لە دەرەوە. سیستەمی سویفت "سویفت" كورتكراوەی كۆمەڵەی پەیوەندییە داراییە جیهانییەكانە لەنێوان بانكەكاندا (The Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications)، ئەوە رێكخراوێكی هاوبەشی قازانج نەویستە، هەڵدەسێت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نوسراوە تایبەتەكان بە پارەدانی دارایی لەسەر ئاستێكی بەرزی لێوەشاوەییو بە تێچووی گونجاو. بیرۆكەی "سویفت" لە كۆتایی شەستەكاندا لەگەڵ گەشەی بازرگانی جیهانیدا سەریهەڵدا، رێكخراوەكە ساڵی 1973 پێكهاتو بارەگا سەرەكییەكەی لە بەلجیكایە، چالاكییەكانی لە ساڵی 1977وە دەستیپێكرد. بەگوێرەی دواین ئامار كە لەلایەن رێكخراوی "سویفت" دەرچووە، تاوەكو كۆتایی ئازاری 2020 ژمارەی ئەو دامەزراوە داراییو بانكانەی كە بەشدارن تێیدا (11507) هاوبەشی تێپەڕاندووەو دابەشبوون بەسەر زیاتر لە 200 دەوڵەتدا لەسەرتاسەری جیهان. سیستەمی سویفت رەوتی دۆلاری ئەمریكی دەخاتە ژێر زانیاریو چاوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوەش تاڕادەیەك كۆنترۆڵو هەژمونكردنە بەسەر ئابورییەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كە ئەمریكا زۆرجار بەشێوەی سیاسی بەكاریهێناوە، لەوانە كردنە دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بەمدواییەش كردنەدەرەوەی روسیا لە سیستەمەكە لە شوباتی 2022دا، كە ئەوەش بەشێكە لە سزاكانی خۆرئاوا دژی روسیا بەهۆی قەیرانی ئۆكرایناوە، بەپێی كۆمەڵەی "سویفت"ی نیشتمانی روسیا، لەدوای ئەمریكاوە، روسیا بە دووەم گەورە وڵات دادەنرێت لەڕووی ژمارەی بەكارهێنەرانی سیستەمی "سویفت"ەوە، بەجۆرێك نزیكەی 300 دامەزراوەی دارایی روسیا سەر بەم سیستەمەن، واتە زیاتر لە نیوەی دامەزراوە داراییەكانی روسیا ئەندامی "سویفت"ن. بەڵام روسیا خاوەنی ژێرخانی دارایی لۆكاڵی تایبەت بەخۆیەتی، لەوانە سیستەمی SPFS بۆ حەواڵەی بانكییو سیستەمی Mir بۆ پارەدان بە كارت، هاوشێوەی سیستەمەكانی Visaو Mastercard. سیستەمی گواستنەوەی پارەی چینی چین لە ساڵی 2015وە سیستەمی دارایی تایبەت بەخۆی دەستپێكرد كە ئەوەش خزمەتگوزاری CIPS بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی دراوەكەی كە (یوان)ی چینییە، ئەمەش بە پاڵپشتی بانكی میللی چین PBOC كە تاڕادەیەكی زۆر لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەچێتو ژێرخانەكەی بۆ 6 كیشوەرو 47 دەوڵەتو ناوچەی جیاوازی جیهان درێژدەبێتەوەو بانكە روسییەكان لەپاڵ سیستەمە ناوخۆییەكەیاندا، ئەم سیستەمەیان بەكارهێنا، ئەوەش دوای سەپاندنی سزاكانی خۆرئاوا بەسەر روسیادا لە بواری حەواڵەی داراییدا. جوڵەی دووەمی پارە ئەمە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوەیە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق بەفڕۆكە، ئەم پرۆسەیە لەسەرەوە قسەی لەبارەوە كراوە. لێرەش ئێستا كێشە هەیە، كێشەكەش ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناردنی پارەی بۆ عێراق كەمكردوەتەوە، ئەمەش بە هۆكاری سیاسی زانراو هۆكاری ئابوری ناوخۆیی. جوڵەی سێیەمی پارە ئەمە لە بانكی ناوەندییەوەیە بۆ مەزادی فرۆشتنی دراو، مەزادی دراو لە ساڵی 2003 دروستكراوە، عێراق بەر لە ساڵی 2003 سیستەمێكی ئابوری جیاواز لە سیستەمی سۆسیالیستی گرتەبەر، بەمەش بوو بە ئابوری بازاڕی كراوە كە دەستور جەختی لەسەر كردو "پۆل بریمەر"ی حاكمی مەدەنی لە 2004دا شەرعیەتی پێداو بوو بە تاكە مەزاد لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، پرۆسەی فرۆشتن هەندێكجار دەگەیشتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕە پارەیەش بەزۆری لە داهاتەكانی نەوتی عێراقەوەیە. بۆ زانیاریی، پێویستی عێراق بۆ دابینكردنی نەختینەی دارایی لەرێگای فرۆشتنی دراوەوە دەگاتە نزیكەی 170 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بەڵام مەزادەكە لە ساڵانی پێشوودا زیاتر لەو بڕەی فرۆشتووەو لە ساڵانی 2021و 2022دا ئاستی فرۆشتن گەیشتوەتە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە، چونكە بەواتای لەناوچوونی دراوی قورس دێتو هاوكات بەواتای ئەوە دێت فرۆشتن ئاستی پێداویستی تێپەڕاندووەو ئەمە بەواتای شتنەوەی پارە دێت. پێویستی مانگانەی حكومەت بە پارەی كاش تەنیا بۆ موچەو پێداویستییە گرنگەكان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە نزیكەی 6 ترلیۆن دیناری عێراقییە واتە لە دەوروبەری 4 ملیار دۆلاری مانگانە، بۆیە بانكی ناوەندی پێویستی بەوەیە رۆژانە نزیكەی 130 ملیۆن دۆلار بفرۆشێتو ئەوەی دەمێنێتەوە 40 ملیۆن دۆلاری رۆژانەیە كە پێویستی بازاڕە بۆ بازرگانیی، لەمە زیاتر سپیكردنەوەی پارەیە، بۆ زانیاریی جێبەجێكردنی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی لێرەدا دیسان بەربەستی دروستكرد و فاكتەر بوو بۆ ئەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرزببێتەوە. جوڵەی چوارەم لە رابردوودا بازرگانەكان لەرێگەی حەواڵەی دەرەكیو كۆمپانیاكانی حەواڵەكردنەوە كاڵایان دەكڕی، كە تەنیا زانیاری سادەی لێدەویستن، لەكاتێكدا كە خاوەنی كۆمپانیای حەواڵە لەگەڵ بانكێكی تر مامەڵەیان دەكرد، ئەویش لە نۆرەی خۆیدا دەچێت بۆ بانكی ناوەندییو پسوڵەكانی پێشكەش دەكاتو ئەویش لایخۆیەوە دراوی بە دۆلار پێدەفرۆشێت بەگوێرەی ئەو پسوڵانە، بەڵام ئەوەی لە سەرەتای 2023 روویدا ئەوە بوو بانكی ناوەندیی عێراق سیستەمی بانكی خۆی گۆڕی بۆ سیستەمی هاوچەرخی سویفت كە پێویستی بە زانیاری ورد هەیە لەبارەی بازرگانەوە بۆ ئەوەی حەواڵە دارایی بكات، لەناو ئەو زانیارییانەشدا ناوی بازرگانو ناوی كۆمپانیاكەیو جۆری كاڵاكەی، لەبەرئەوەی بازرگانەكان نایانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەم رێوشوێنە بیرۆكراتییە پڕ گرێوگۆڵانەدا بكەنو دەیانەوێت خۆیان لە باجدان بدزنەوە، پشت بە كڕینی پارە لە بازاڕی رەش دەبەستن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، لێرەدا هۆكاری سەرەكی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار دروست بوو، بەهۆی بەرزبونەوەی خواست، بۆ زانیاریی، ئەو پارانە بە ئۆتۆمبیلو فڕۆكە بەقاچاخ دەبرێن بۆ هەرێمی كوردستانی عێراقو لەوێ بەشێوەی فەرمی سنوردار دەكرێنو دەچێنە ناو سیستەمی بانكیی كوردییەوەو حەواڵە دەكرێتو دەگوازرێتەوە بۆ توركیاو عەممانو دوبەی. قەیرانی دارایی لە سەرەتای 2023دا رۆژی هەینی 10/2/2023 وەفدی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ چەندین كاتژمێری دورودرێژ لەگەڵ هەریەكە لە وەفدی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەخت كۆبووەوە. عێراق دەوڵەتێكی سەربەخۆیەو بەتەواوی خاوەن سەروەرییەو ئازادە لە مامەڵەكردن بە سەرچاوەكانییەوە- بەشێكە لە بەیاننامەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش لە 15ی كانونی یەكەمی ساڵی 2010 لەو دانیشتنەی كە تێیدا بڕیارەكانی 1956، 1957، 1958 پەسەندكرا، كە كۆتایی هێنا بە سندوقی عێراقی بۆ پەرەپێدان، فەرمانیدا بە تەسفیەكردنی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراك، عێراق پابەندییەكانی خۆی لەبارەی داماڵینی چەكو شتەكانی تر جێبەجێ كرد. بنەڕەتی كێشەكە 1- هۆكارە تەكنیكییەكان پێشتر باسمان لەوە كرد هۆكاری تەكنیكی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی كاركردن بە حەواڵەی پارە لەرێگەی كۆمپانیاكانی حەواڵەكردنەوە، كە باجێك (عمولە) دەسەپێنن، پاشان بانك كە ئەویش لەلای خۆیەوە عمولەیەكی تر دەسەپێنێتو دواجاریش بانكی ناوەندیی، لەو شوێنەی كە ویستویەتی پرۆسەكە راستەخۆ بێت لەرێگەی بانكی ناوەندییەوە بۆ زانینی رەوتی پارەو كۆنترۆڵكردنی پرۆسەكانی شتنەوەی پارەو زانینی ئەو كەرەستانەی بەدیاریكراوی داخڵی عێراق دەكرێن لەگەڵ بڕی باجی سەپێندراو بەسەر بازرگاندا. دەبوو بەر لەوەی دەست بەم رێوشوێنانە بكات، بانكی ناوەندیی عێراق چارەسەری واقعی بدۆزێتەوە، كە ئەمەش خواست لەسەر دراوی بیانی بەرزدەكاتەوە. 2- هۆكارە دەرەكییەكان مەزادی دراو 19 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوەو ئەمریكییەكان ئاگاداری ئەو رێكارانەن كە لە عێراق دەگیرێتەبەر لە حەواڵەی دارایدا، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەمریكا ئەم كاتەی ئێستا هەڵبژارد، ئایا ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێرانیدا سەپاندووە لەناو بابەتەكەدان؟ بەڵێ ئەمە ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە سەرباری ئەوەی بانكی فیدراڵی ئەمریكا هیچ قسەیەكی لەمبارەیەوە نەكردووە، زانینی ئاڕاستەی دۆلارو شوێنەكەی هۆكاری سەرەكییە لە رێگریكردن لە گەیشتتنی بە كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكە عێراق بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە لە كاڵای جۆراوجۆرداو قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە نزیكەی 8 ملیار دۆلار، پاشان پرۆسە نوێیەكەی حەواڵەی دارایی رێگری لە بازرگانە عێراقییەكان دەكات لەبەرامبەر ئەو كاڵایانەی كە دەیكڕن، پارە بگوازنەوە. بۆ زانیاریی وەكو وتمان، هۆكاری دانانی پارە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا وەكو ئەوەی بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن بۆ پارێزگاریكردنە لە دەستبەسەرداگرتنی پارەكان لەلایەن ئەوانەی داوای قەرەبوو لە رژێمی پێشووی عێراق دەكەن، بەڵام ئەم بابەتە هەندێك تێبینی لەسەرە: ا- عێراق هەموو ئەو قەرزانەی داوەتەوە كە بەهۆی چونەناوەوە رژێمی سەددامەوە بۆ كوەیت كەوتوەتە سەری، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەوانەی بەهۆی رژێمەكەوە زەرەرمەند بوون. ب- ناكرێت لەلایەن هیچ سكاڵاكار یان رژێم یان كۆمپانیایەكەوە بەبێ بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی كە لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتیی یان ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچووبێت دەست بەسەر پارەكانی عێراقدا بگیرێت، ئەم ئەگەرەش بەدوور دەزانرێت ئەمە لەپاڵ ئەوەی لە ئێستادا هیچ جۆرە سكاڵایەك بوونی نییە. ج- پارەی بانكە ناوەندییەكان لەنێویاندا بانكی ناوەندیی عێراق پارەی سیادییە، زۆرجار دەستبەسەرداگرتن بۆ پارەكانی حكومەتە واتە ئەوانەی كە سەربە وەزارەتی داراین نەك ئەوانەی سەربە بانكی ناوەندیی، ئەمەش دیسان پێچەوانەی چاودێری "وصایە"ی ئەمریكایە. 3- هۆكاری هەرێم زۆرێك لە سیاسەتمەدارو گەورە بەرپرسان ئاماژەیان بەم بڕگەیە كردووەو هەموو چاودێرو ئاگادارێكی كاروباری دارایی دەزانێت كە دەڵاڵ هەن دراوی قورس (دۆلار) دەكڕنو دەیبەن بۆ هەرێمو لەوێ بە فەرمی دەكەن، واتە حكومەتی هەرێم بەشدارە لە بەقاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت حكومەتی هەرێم بەشدارە لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار سەرباری ئەوەی بانكی ناوەندیی بە نرخی فەرمی دەیفرۆشێت. بۆ زانیاریی، ئەم پرۆسەیە بەهۆی خۆدزینەوەی بازرگانەكانەوەیە لە بەكارهێنانی بانكی ناوەندیی بۆ حەواڵەی داراییو رێگریكردن لە كۆمپانیامانی حەواڵەكردن، بەمەش پەنا بۆ ئەم رێگایە دەبەن بەكڕینی دۆلارو ئاودیوكردنی بۆ هەرێمو پاشان ئیستانبوڵو دوبەیو شوێنەكانی تر، بەڵام ئەگەر رێگری لەمە بكرێت، دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بێت، چونكە رێگریكردن دەبێتە هۆی راوەستانی پرۆسەی بازرگانیو هاتنەناوەوەی كاڵا بۆ عێراقو ئەمەش كارەساتبار دەبێت بۆ هاوڵاتی، چونكە پێداویستییە سەرەكییەكانی لە بازاڕدا كەمدەبێتەوەو دواتریش نرخی بەرز دەبێتەوە. ئەنجامو هەڵێنجان ئەو هەنگاوەی كە ئەمریكا لە دەركردنی بڕیاری دانانی فرۆشی نەوتی عێراق لە حسابێكی خۆیدا گرتویەتیە بەر، چەند ئامانجێكی تێدایە كە ئەمریكا دەیەوێت لەوەوە بەدی بهێنێت، كە ئەوانەش: 1- زامنكردنی مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكا لە فرۆشی نەوتی عێراقدا. 2- دانانی پارە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا چەند سودێكی بۆ ئەوان هەیە كە ئەوانیش: ا- ئەو پارە زۆرە لە بانكێكدا بەواتای پاڵپشتییە بۆ ئەو بانكە ب- سودی دەبێت لەئەگەری قەرزكردنی ئەو پارانە لەو بانكە بە سودێك، لەبەرامبەرد ئەو بانكە هیچ قازانجێك بە عێراق نادات. ج- لە گواستنەوەی بۆ عێراق، چەندین كرێی گواستنەوەو پارەی تری لێدەبڕدرێتو لەمەشدا كۆمپانیاكانی ئەوان سودمەند دەبن. د- لەكاتی گواستنەوەی پارەكەدا، چەند بیمەیەكی پارەكە وەردەگیرێت لەوانە دزینو ئاگرو شتی تر، هەموو ئەمانەش پارەی عێراقن. 3- كۆنترۆڵكردنی فرۆشی نەوتو دامەزراندنی بانكی ناوەندییو پەنجەرەی فرۆشی راستەوخۆ لەلایەن باڵیۆزی پێشووی ئەمریكاو حاكمی عێراقەوە لەسەردەمی داگیركردندا كە ئەویش بریمەرە، مەبەست لێی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی عێراق بوو لەڕووی ئابورییەوە. 4- لەسەر داوای حكومەت- وەزارەتی دارایی- نەبێت پارە لە بانكی فیدراڵی خەرجناكرێت، ئەمە بە وردەكارییەوە سەبارەت بە سەرچاوەی خەرجكردنی ئەو پارانە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئەمریكا كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی خەرجكردن دەكات لەناو عێراقدا، پاشان جوڵەی ئاوەدانیی ملكەچە بۆ ئیدارەی ئەمریكا، ئەمەش ئەوەیە كە بینیمان لە كۆتوبەندكردنی حكومەت لە بواری كەرتی كارەبادا. 5- سیستەمی دارایی لە عێراق ئامرازی فشارە بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوتی دەوڵەتو شێوەی، ئەمەشمان بینی لە فشاركردن بۆسەر ئەو حكومەتەی كە سەرەتای ساڵی 2023 پێكهات، تا ئەو ڕادەی گوێڕایەڵی باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە بەغدادو تەنانەت باڵیۆزەكە زیاتر لە سەرۆك وەزیران چاوی بە بەرپرسانی دەوڵەت دەكەوت. پێشنیازەكان (چارەسەرەكان) چارەسەرەكانی بانكی ناوەندیی عێراق ئەو چارەسەرانەی كە بانكی ناوەندیی عێراق پێشنیازی كردوون تەنیا یەك چارەسەر بوون، چارەسەری كێشەكە ناكەنو چارەسەر ئەوەیە دۆلار لەرێگەی ژمارەیەكی زۆر پەنجەرەوە بێت بۆ ئەوەی خستەڕوو زیاد بكاتو بەمەش نرخی دۆلار دابەزێنێت، بەڵام دوودڵی بازرگانەكانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندییو رۆیشتن بەرەو كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوو حەواڵەی دارایی نەڕواندەوە. چارەسەرە پێشنیازكراوەكان 1- مامەڵەی ئەلیكترۆنی لەگەڵ پرۆسەكانی پارەدان لە كڕینو فرۆشتنو موچەو بابەتەكانی تر، ئەمە لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێتو حكومەت لە رەشنوسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵدا ماددەیەكی بۆ ئەم بابەتە زیاد كردووە. مامەڵەی ئەلیكترۆنی بەرێژەی نیوە بۆ دوو لەسەر سێ فرۆشتنەكانی بانكی ناوەندیی كەمدەكاتەوەو دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی نەختینەی دارایی كە دەگاتە 110 ترلیۆن دینارلا عێراقی بۆ نیوەو زیاتر. بەوپێەی مەبەستی سەرەكی لە فرۆشتنی دراو بەدەستهێنانی نەختینەی داراییە بە دینار، ئەگەر فرۆشیاری كاڵاو سەرجەم مامەڵەو بازاڕەكان ئامێرو حسابی باڵانسیان هەبێت، ئەوا: ا- دەوڵەت پێویستی بە نەختینە نابێت ب- زانینی چالاكی راستەقینەی بازرگانی تاكو بازرگانەكان ج- ئاسانیی بڕینی باج لێیان د- كەمكردنەوەی قەبارەی فرۆشتنی دراوی قورس لە مەزادی دراودا ه- ئاسانیی شوێنكەوتنی ئەوانەی لەلایەن دادگاوە داواكراونو ئەوانەی ئەو كاڵایانە دەكڕن كە بۆ مەبەستی تیرۆر بەكاردەهێنرێت 2- بەهێزكردنی متمانەی هاوڵاتی بە بانكەكان: قەبارەی نەختینە لای تاكەكانو حسابە جارییەكان كە پێی دەوترێت خستنەڕووی بەرتەسكی دراوی كاش بۆ ساڵی 2020 زیاتر لە 110 ترلیۆن دینارە، دەوروبەری دوو لەسەر سێی ئەم بڕە پارە لای هاوڵاتییە لەناو ماڵەكاندا، هۆكارەكەش نەبوونی متمانەی هاوڵاتییە بە دانانی پارەكانی لە بانكە حكومیو ئەهلییەكاندا. 3- ناردنی ماددە پێویستییەكانی وەكو شەكرو ئاردو رۆن بۆ بازاڕەكان لەرێگەی زیادكردنی بەشە خۆراكو دواتریش بە زۆربوونی خستنەڕوو، نرخ دادەبەزێت، ئەمەش دەبێت لە ماوەو قەبارەیەكی دیاریكراودا بێت بۆ ئەوەی ئەم رێوشوێنە زیان بە بازرگانەكانی كەرتی تایبەت نەگەیەنێت. 4- كەمكردنەوە بیرۆكراسی ئیداریی لە رێكارەكانی بانكی ناوەندیو بانكەكانی تردا، ئەمە وادەكات هاوڵاتی ئامادە نەبێت پارەكانی دابنێتو بابەتەكە بكات بە (دانانو دەرهێنان) لەڕێگەی ماستەر كارتو ATM لە هەموو كاتەكاندا. پرۆسەی دانانی پارە لە بانكەكانو كێشانەوەی، رۆتینێكی كوشندەو پڕ گرێوگۆڵو بێزارەكەر بۆ هاوڵاتیو رەنگە روبەڕووی سوكایەتی ببێتەوە لەلایەن فەرمانبەرانەوە، ئەمە جگە لە بێزاركردن لەپێناو وەرگرتنی بەرتیل، چارەسەر بەكارهێنانی ئۆتۆماتیكیو تەكنەلۆژیای هاوچەرخە بەجۆرێك هاوڵاتی مامەڵە لەگەڵ كاغەز یان فەرمانبەر ناكات لە راكێشان یاخود دانانی پارەدا. 5- كەمكردنەوەو رێگریكردن لە هێنانی هەندێك كەلوپەل: لە گرنگترین ئەو كاڵایانە كەلوپەلی لوكسو ناپێویست وەكو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانو جلوبەرگو ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەكی كەم تا ئەوكاتەی نرخی بازاڕ دەگەرێتەوە بۆ نرخە كۆنەكە. 6- چارەسەری بابەتەكە لەسەر ئاستی دەرەوە، ئەمەش بە دوو رێگا دەكرێت كە ئەمانەن: ا-دانوستان لەگەڵ ئەمریكییەكان بۆ زیادكردنی ئەو پارانەی كە بۆ عێراقی دەگوازێتەوە، ئەم هەنگاوە بەوە دەبێت هەندێك لە وەزیرەكان بەمزوانە سەردان بكەن. ب- دانانی پارە بە دراوێكی جیاواز لە دۆلار كە ئەوەش دراوی (یوان)ە لەرێگای كردنەوەی حساب لە بانكی ئاسیای وەبەرهێنانی چینو قۆستنەوەی زیادەی ئەو دراوە بۆ دانانی لەم بانكەو خۆبەدورگرتن لەم جۆرە كێشانە، بەڵام ئەم كارە لێكەوتی سیاسی دەبێتو پێویستە سەركردە سیاسییەكان رێگایەك بدۆزنەوە بۆ ئەم كارە، بەتایبەتیش كە وڵاتانی دراوسێ لەوانە سعودیە لەم كارەدا هەنگاوی هەڵگرتووە. ج- كردنەوەی حسابێك لە بانكی ئاسیا بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخاندا، چونكە سپۆنسەری فەرمی رێگای ئاوریشمەو دەكرێت ببێت بە بەدیلێك بۆ بانكی نێودەوڵەتیی.
شیكاری: درەو وەزارەتی دارایی عێراق دواین ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی داهات و خەرجی مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2023)ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 لە مانگی کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (10 ترلیۆن 660 ملیار) دینار، کە (96.5%)ی داهاتی نەوت و(3.5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان مانگی (1)ی ساڵی پار داهاتی گشتی وەزارەتەکە (11 ترلیۆن و 595 ملیار) دینار بووەو (94%)ی لە داهاتی نەوتەوە بەدەستهاتبوو. 🔹 لەو داهاتەی لە مانگی (1)ی ئەمساڵ بەدەستهاتووە زیاتر لە (5 ترلیۆن و 561 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (86.5%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. بڕی (865 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (13.5%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا خەرجی بەگەڕخستن نزیکەی (7 ترلیۆن) دینار بووە بە نزیکەی ڕێژەی (96%) و کەمتر لە (300 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (4%) لە وەبەرهێناندا بە خەرج درابوو. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بەڕێژەی (34.7%) و زیاتر لە (3 ترلیۆن 700 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا سەرڕێژی داهاتەکە زیاتر بووە و گەیشتووە بە زیاتر لە (4 ترلیۆن و 339 ملیار) دینار بە ڕێژەی (37.4%). 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر بووە لە (911 ملیار) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران زۆرتر لە (866 ملیار) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر (3 ملیار 588 ملیۆن) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار (3 ملیار و 588) دینار، خەرجیان هەبووە. بەم پێیەش بێت خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە نزیکەی (40%) و بە بڕی زیاتر لە (362 ملیار و 928 ملیۆن) دینار زیادی کردووە بەراورد بە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022). یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) کە چووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار، بەجۆرێک بڕی (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار و 622) دیناری بەڕێژەی (96.5%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنها بڕی (374 ملیار و 744 ملیۆن و 725 هەزار و 290) دیناری بەڕێژەی (3.5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بەم پێیە بێت داهاتی گشتی وەزارەتەکە بەراورد بە کانونی دووەمی ساڵی (2022) داهاتی گشتی بە ڕێژەی (8%) و بڕی (934 ملیار و 997 ملیۆن و 549 هەزار و 642) دینار کەمی کردووە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) جێگەی ئاماژەی داهاتی نانەوتی عێراق بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ وەک لە لەڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێدراوە سەرچاوەی گرتووە لە؛ - باجی کاڵای هاوردە بریتی بووە لە (51 ملیار و 982 ملیۆن و 771 هەزار و 128) دینار. - باجی شمەک و رەسمی بەرهەمهێنان بریتی بووە لە (66 ملیار و 292 ملیۆن و 397 هەزار و 867) دینار. - داهاتی رەسم بریتی بووە لە (127 ملیار و 882 ملیۆن و 457 هەزار و 557) دینار. - داهاتی قازانج لە کەرتی گشتی بریتی بووە لە (21 ملیار و 571 ملیۆن و 501 هەزار و 706) دینار. - داهاتی سەمایەگوزاری بریتی بووە لە (2 ملیار و 358 ملیۆن و 153 هەزار و 654) دینار. - داهاتەکانی دیکە بریتی بووە لە (104 ملیار و 657 ملیۆن و 443 هەزار و 378) دینار. هەر لە ڕاپۆرتی ناوبراودا لە چوارچێوەی داهاتە نانەوتییەکان ئاماژە بەوە دراوە بڕی (2 ترلیۆن و 955 ملیار و 608 ملیۆن و 708 هەزار و 100) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتهێنان ڕویداوە، بەڵام هۆکاری ئەو کورتهێنانەی ڕوون نەکردووەتەوە. دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 426 ملیار و 560 ملیۆن و 976 هەزار و 291) دینار، بەجۆرێک بڕی (5 ترلیۆن و 561 ملیار و 525 ملیۆن و 808 هەزار و 856) دیناری بەڕێژەی (86.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەگەر بەراوردی داتاکان بکەین بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بڕی (829 ملیار و 389 ملیۆن و 281 هەزار و 762) دینار بەڕێژەی (11%) خەرجی گشتی کەمی کردووە، بەڵام خەرجی بواری وەبەرهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لە (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار لە کانونی یەکەمی ساڵی (2023). بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دیناری بەڕێژەی (13.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا خەرجی ئەم بوارە تەنها بریتی بووە لە (1 ملیار و 527 ملیۆن و 410 هەزار و 496) دینار. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (96 ملیار و 77 ملیۆن و 989 هەزار و 209) دیناری بۆ خەرج کراوە، دیسان خەرجی ئەم بوارەش زیادی کردووە، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا خەرجی تەرخانکراوی بواری پیشەسازی بریتی بووە لە (81 ملیار و 457 ملیۆن و 810 هەزار و 885) دینار. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (102 ملیار و 729 ملیۆن و 623 هەزار و 927) دیناری بۆ خەرج کراوە. بەڵام لە ساڵی ڕابردوو بڕەکە بریتی بووە لە (76 ملیار و 696 ملیۆن و 901 هەزار و 428) دینار. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (564 ملیار و 191 ملیۆن و 689 هەزار و 362) دیناری بۆ خەرج کراوە، بەڵام داهاتی تەرخانکراوی هەمان بوار لە هەمان ماوەی ساڵی (2023) تەنها بریتی بووە لە (129 ملیار و 278 ملیۆن و 690 هەزار و 776) دینار. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (94 ملیار و 623 ملیۆن و 24 هەزار و 883) دیناری بۆ خەرج کراوە. ئەمەش زیادکردنێکی بەرچاوە لە خەرجی بوارەکە چونکە لە ساڵی ڕابردوودا ئەو خەرجییە تەنها بریتی بووە لە (7 ملیار و 157 ملیۆن و 692 هەزار و 33) دینار. 6. خەرجییەکانی دیکەی بواری وەبەرهێنان کانونی دووەمی (2023) بریتی بووە لە (7 ملیار و 412 ملیۆن و 840 هەزار و 54) دینار. بەپێی ئەو ئامارەکان بێت خەرجی بواری وەبەرهێنان بە ڕێژەی (192%) زیادی کردووەو لە کانونی دووەمی ساڵی پار تەنها بڕی (296 ملیار و 118 ملیۆن و 505 هەزار و 618) دینار بووە و ئەمساڵ گەیشتووە بە (865 ملیار و 35 ملیۆن و 167 هەزار و 435) دینار. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 959 ملیار و 831 ملیۆن و 752 هەزار و 435) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 660 ملیار و 291 ملیۆن و 179 هەزار و 912) دینار. بڕی (3 ترلیۆن و 700 ملیار و 459 ملیۆن و 427 هەزار و 477) دیناری بەڕێژەی (34.7%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. بەڵام داتاکان لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) بەجۆرێک بووە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 255 ملیار و 950 ملیۆن و 258 هەزار و 53) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 595 ملیار و 288 ملیۆن و 639 هەزار و 554) دینار. بڕی (4 ترلیۆن و 339 ملیار و 338 ملیۆن و 381 هەزار و 501) دیناری بەڕێژەی (37.4%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە سەررێژ هەبووە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کانونی دووەمی ساڵانی (2022 و 2023) لە کانونی دووەمی ساڵی (2023)دا، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (911 ملیار و 30 ملیۆن و 893 هەزار و 840) دینار. بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی پار ئە خەرجییە بریتی بووە لە (548 ملیار و 102 ملیۆن و 814 هەزار و 177) دینار، بەم پێیەش بە خەرجییەکان بەڕێژەی (66%) زیادی کردووە و زیادکردنەکەش پشکی شێری بە ئەنجومەنی وەزیران دەکەوێت بەهۆی زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنانەوە بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران لە کانونی دووەمی (2023) بڕی (41 ملیار و 231 ملیۆن و 928 هەزار و 465) دیناری خەرجکردووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (36 ملیار و 295 ملیۆن و 189 هەزار و 60) دیناری خەرجکردووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (3 ملیار و 588 ملیۆن و 387 هەزار و 679) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن بووە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (3 ملیار و 258 ملیۆن و 106 هەزار و 828) دیناری خەرجکردووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران لە کانونی دووەمی (2023)دا بڕی (886 ملیار و 210 ملیۆن و 577 هەزار و 696) دیناری خەرجکردووە، بڕی (507 ملیار و 645 ملیۆن و 309 هەزار و 436) دیناری بە ڕێژەی (59%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (358 ملیار و 565 ملیۆن و 268 هەزار و 260) دیناری بە ڕێژەی (41%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بەڵام لە کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (508 ملیار و 549 ملیۆن و 518 هەزار و 289) دیناری خەرجکردووە، بڕی (484 ملیار و 614 ملیۆن و 971 هەزار و 565) دیناری بە ڕێژەی (95%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (23 ملیار و 934 ملیۆن و 546 هەزار و 724) دیناری بە ڕێژەی (5%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2023 للموازنە الاتحادیة
راپۆرت: درەو 10 ساڵ لەمەوبەر، عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی سودان میلیشیایەكی دروستكرد بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژی یاخیبوانی دارفور، ئیمتیازی زۆری بە سەرۆكی ئەم میلیشیایە بەخشی، تەنانەت كانە ئاڵتونەكانی دارفوریشی پێدا بۆ ئەوەی لایەنداری میلیشیاكەی بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەشیر فەرمانی پێكرد خۆپیشاندەران سەركەوت بكات، ئەو بە قسەی نەكرد، رژێمی بەشیر كەوت، میلیشیاكە هەر مایەوە، ئێستا نزیكەی (100 هەزار) چەكداری هەیەو بوەتە هەڕەشە لەسەر سوپای سودانو چارەنوسی حوكمڕانی لەو وڵاتە، رەگوڕیشەی ناكۆكی ژەنەراڵەكانو شەڕو پێكدادانەكانی سودان لەم راپۆرتەدا. شەڕی بورهانو حەمیدتی لەماوەی 24 كاتژمێر شەڕی نێوان (سوپا)و هێزی (پاڵپشتی خێرا) لە سودان، 56 هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لە شاری خرتومی پایتەخت پێكدادان بەردەوام بوو، ئەمە ململانێی دوو ژەنەراڵە لەسەر دەسەڵات كە هەردووكیان لەدوای كودەتاكەی 2021ەوە سەرۆكایەتی سودان دەكەن. بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ زیادی كردووە، بەڵام تائێستا بانگەوازەكانی كەڵكیان نەبووە لە راگرتنی تەواوەتی شەڕەكەدا، دواین بانگەوازیان لەلایەن (چین)ەوە بوو. بەڵام پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو تەرەفی شەڕەكە رەزامەندییان لەسەر پێشنیازێكی نێودەوڵەتی نیشاندا بۆ كردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بەمەبەستی گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی، سوپای سودان دەڵێ ئەم رێڕەوانە ماوەی سێ كاتژمێر بەردەوام دەبێت، هێزەكانی پاڵپشتی خێراش رایگەیاند، لە كاتژمێر 4ی ئێوارەوە بەكاتی سودان، كردنەوەی رێڕەوەكان دەستپێدەكات. كۆمكاری عەرەبیش ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی نائاساییی تایبەت بە دۆخی سودان ئەنجامدا، ئەم كۆبونەوەیە لەسەر داوای میسرو سعودیە كرا كە دوو هاوپەیمانی سەرەكی سوپای سودانن دژ بەو هێزە نیمچە سەربازییەی كە دەیەوێت سوپا لە دەسەڵات بخات. لە دوێنێوە ئاڵۆزی پەیوەندییەكان لەنێوان (عەبدولفەتاح بورهان) فەرماندەی سوپای سودانو (محەمەد حەمدان دقلو- حەمیدتی) فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرا سەریكێشاوە بۆ توندوتیژیی، بەتایبەتیش دوای توندبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیان لەم چەند هەفتەی دوایدا. لەم شەڕەدا كە لە پایتەختو چەند شارێكی تری سودان روودەدات، هەموو جۆرەكانی چەك تا دەگاتە فڕۆكەی جەنگیی بەكاردەهێنرێت، ئەمە لە وڵاتێكدا روودەدات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (45 ملیۆن) كەسەو بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت كە بەهۆی چەندین دەیە جەنگەوە لەبەریەك هەڵوەشاوە. ئەحمەد سەیف كە لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا لە ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی خرتوم دەژی، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە:" شەوێكی زۆر سەخت بوو. بەهۆی دەنگی تەقینەوەو شەڕە تەقەوە نەخەوتم". لەمەش خراپتر ئەوەیە، پێیوایە بەهۆی بۆردومانەوە زیان بەر ماڵەكەی كەوتووە، بەڵام دەڵێ:" ناوێرم بچمە دەرەوە تەماشای خانوەكەم بكەم" لەكاتێكدا گوللەی وێڵ هەیەو خەڵك بە جلی سەربازییەوە لە شەقامەكاندا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆش دەنگی بۆردومان لە شەقامە چۆڵكراوەكانی خرتوم دەبیسترا، كە بۆنی باروت تێیاندا بڵاوبوەتەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش پزیشكەكان بەردەوامن لەسەر داوای یارمەتیو بانگەوازكردن بۆ رێڕەوی ئارام بۆ تێپەڕبوونی ئەمبوڵانسەكانو راگرتنی شەڕ بۆ چارەسەری بریندارەكان. ئێوارەی دوێنێ سوپا لەرێگەی فەیسبوكەوە رایگەیاند" هێزی ئاسمانی سودان پرۆسەیەكی روماڵكردنی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات كە میلیشیا پاخیبووەكانی هێزی پاڵپشتی خێرای تێدایە"، داوای لە هاوڵاتیان كرد پابەند بن بە مانەوە لە ماڵەكانیانو نەچنە دەرەوە. شایەتحاڵەكان باس لە روودانی شەڕ دەكەن بە چەكی قورس لەنێوان سوپاو هێزە نیمچە سەربازییەكاندا لە دەوروبەری باكورو باشوری پایتەخت. لە خەرتومی پایتەخت خەڵكی مەدەنی بەكەمی دەبینرێت، ئەوەی هەیە پیاوانن بە چەكو جلوبەرگی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە، لە دوێنێوە لە چەند ناوچەیەكی پایتەخت ستونی دوكەڵ دەبینرێت بەتایبەتیش لەناوەڕاستی شار كە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی تێدایە. بەپێی قسەی لیژنەی ناوەندیی پزیشكانی سودان كە رێكخراوێكی سەربەخۆو پاڵپشتیكاری دیموكراتییە، كۆی ژمارەی كوژراوان گەیشتوەتە 56 كەس، زیاتر لە نیوەی كوژراوەكان لە خرتومو دەوروبەریدان، ئەمە لەكاتێكدایە دەیان كەسی تر لە سەربازانی سوپاو هێزە نیمچە سەربازییەكە كوژراونو نزیكەی (600) كەسیش برینداربوون. لە وڵاتێكدا كە لەساڵی 2019وە هەوڵی رێكخستنی هەڵبژاردنێكی ئازاد دەدات دوای 30 ساڵ دیكتاتۆریەت، چەند هەفتەیەكە ململانێكان دەكوڵێن بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر هەبێت، بۆیە دیار نییە لە كۆتایدا كێ بەسەر كێدا سەردەكەوێت. هێزی پاڵپشتی خێرا كە هەزاران جەنگاوەری پێشووی جەنگی دارفور لەخۆدەگرێتو دەیەوێت ببێت بە هێزێكی هاوتای سوپا، رایگەیاند، بارەگای سەرۆكایەتیو فڕۆكەخانەی خرتومو دامەزراوە سەرەكییەكانی تری كۆنترۆڵكردووە. بەڵام سوپا رەتیدەكاتەوە فڕۆكەخانەی كۆنترۆڵكرد بێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت هێزی پاڵپشتی خێرا فڕۆكەیەكی مەدەنی سەربە هێڵی ئاسمانی سعودیەی سوتاندووە. تەلەفزیۆنی حكومەتیش تەنیا گۆرانی نیشتمانی پەخش دەكات بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەسەر رووداوەكان بكات، هاوشێوەی ئەوەی لەكاتی كودەتاكەی پێشوودا روویدا، هەردوو لایەنی شەڕەكە باس لەوە دەكەن تەلەفزیۆنیان كۆنترۆڵكردووە. لەبەر ئەوەی شەڕەكە لەنێوان هەردوو ژەنەراڵەكەدا هاوكات جەنگێكی میدیایشە، دوێنێ حەمیدتی لەرێگەی كەناڵی هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیەوە قسەی كرد كە خۆی هاوپەیمانی هەندێك لەو وڵاتانەیە، هەڕەشەكانی دژی فەریقی یەكەم عەبدولفەتاح بورهان توندكردەوە، بورهان لەدوای شەڕەكەوە تائێستا دەرنەكەوتووە. حەمیدتی جارێكی تر داوای رۆشتنی "بورهانی تاوانبار"ی كرد، لەبەرامبەردا سوپا لە فەیسبوكی خۆیەوە یاداشتی گەڕانی بەدوای حەمیدتی بڵاوكردەوە. لەم كاتەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەند پەیوەندییەكدا لەگەڵ بورهانو حەمیدتیو عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسردا، داوایكرد" بەشێوەیەكی خێرا توندوتیژییەكان رابگیرێت". لەسەر چی ناكۆكن؟ لەدوای كودەتاكەی ئۆكتۆبەری 2021وە، ئەنجومەنی سەروەریی "سیادە" حوكمی سودان دەكات، دوو فەرماندەی سەربازیی لەناو دڵی ناكۆكییەكاندان كە ئەوانیش هەریەكە لە (عەبدولفەتاح بورهان)ی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانو سەرۆكی فیعلی وڵاتو (محەمەد حەمدان دقلو)ی ناسراو بە "حەمیدتی"یە كە فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرایە. ئەم دوو پیاوە ناكۆكن لەبارەی ئەو ئاڕاستەی كە وڵات پێیدا دەڕوات، هەروەها ناكۆكن لەبارەی پێشنیازی چۆنیەتی راگواستن بەرەو حوكمڕانییەكی مەدەنیی لە سوداندا. یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵە بنەڕەتیانەی كە لەنێوان حەمیدتیو بورهاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ناكۆكییە لەبارەی پلانی تێكەڵكردنی هێزی پاڵپشتی خێرا كە (100 هەزار) چەكدارە لەگەڵ سوپادا، بەتایبەتیش لەبارەی ئەوە ناكۆكن دوای یەكگرتنی ئەم دوو هێزە كێ سەرۆكایەتی سوپا نوێیەكە دەكات. روودانی بەریەككەوتن لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا دوای چەند رۆژێك لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا لە دەوروبەری پایتەخت روویدا، سوپا ئەم جموجوڵەی هێزی پاڵپشتی خێرای وەكو هەڕەشە ناوبرد. ئەوكات ئومێدێك هەبوو بۆ ئەوەی لەرێگەی گفتوگۆوە هەردوولا بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەمە رووینەدا. هیشتا دیار نییە ئاخۆ لە بەیانی دوێنێدا كامیان سەرەتا دەستیان بە تەقەكردن كردووە، بەڵام مەترسی هەیە لەوەی ئەمە هێندەی تر دۆخی سودان بشێوێنێت كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە دۆخێكی ناسەقامگیرە. ژهنهراڵ عهبدولفهتاح بورهان هێزی پاڵپشتی خێرا چییەو حەمیدتی كێیە ؟ ئەم هێزە ساڵی 2013 دروستكرا، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ میلیشیای "جەنجەوید" كە شەڕی یاخیبوانی دارفۆری دەكرد. لەوكاتەدا، ژەنەراڵ حەمیدتی هێزێكی بەهێزی دروستكردو چووە ناو ململانێ چەكدارییەكان لە یەمەنو لیبیا. ئەم پیاوە سەربە هۆزی (رزیقات)ە كە هۆزێكی بە رەگوڕیشە عەرەبەو لە هەرێمی دارقور لە خۆرئاوای سودان نیشتەجێبوون، لە بیستەكانی تەمەنیدا لە بازرگانی وشتردا لەنێوان لیبیاو مالیو چاد كاریكردووە، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانی لە خەڵكانی رێگر لەو ناوچەیە گرتوەتە دەست كە لەژێر كۆنترۆڵی هۆزەكەیدا بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی پەیدا كردووەو سامانێكی زۆری كۆكردوەتەوە، ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی لە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات نزیك بكەوێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەو سەردەمە حەمیدتی سەرۆكایەتی میلیشیایەكی گەورەی كردووە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان. حەمیدتی دەستی بەسەر ژمارەیەك لە كانەكانی ئاڵتوندا گرتووە لەناوچەی دارفور، عومەر بەشیر ئیمتیازاتی زۆری پێبەخشیوە، ئەمە وایكرد ژمارەی میلیشیاكەی بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس بەرزببێتەوە. حەمیدتی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ، لەنێویشیاندا ئەو رەشەكوژییەی كە لە حوزەیرانی 2019 روویداو زیاتر لە (120) خۆپیشاندەری تێدا كوژرا، ئەو دەسەڵاتانەی كە عومەر بەشیر بەم پیاوەی بەخشی بوو وەك دەوترێت بە سوپا نەبێت نادرێت، بەشیر چەكی سوكو ئۆتۆمبیلی سەربازی بە هێزەكەی حەمیدتی دابوو، ئەمەش ئەفسەرانی سوپای سودانی نیگەرانو توڕە كردبوو، بەڵام حەمیدتی تا سەر وەفادار نەمایەوە، كاتێك بەشیر داوای لێكرد خۆپیشاندەران سەركوت بكات، خۆی بوارد. سەرچاوە خۆجێییەكان لە سودان دەڵێن هێزی پاڵپشتی خێرا كە حەمیدتی سەرۆكایەتی كردووە، بەشداری لە روخاندنی رژێمی عومەر بەشیردا كردووەو داوای لە حكومەتی سودان كردووە لەپێناو ژیانێكی شكۆمەندانەدا پێداویستییەكانی خەڵك دابین بكات، هەندێك لە سودانییەكان ئەم هەڵوێستەیان لەبیرەو ستایشی دەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە خەڵكی تری وڵاتەكە ئەم هەڵوێستەی حەمیدتی وەكو "هەوڵێكی زیرەكانە"ی ئەو پیاوە ناودەبەن بۆ جوانكردنی وێنەی خۆی بەمەبەستی چاوپۆشیكردن لەو پێشێلكارییانەی مافەكانی مرۆڤ كە هێزەكەی لە دارفور ئەنجامیداوە. حەمیدتی بەهۆی ئەوەی هەڵگری پلەی "فەریقی یەكەم"ی پێدراوە، هەژمونی بەسەر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای سوداندا هەیەو لەم رێگەیەشەوە كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فراوانی خرتومی پایتەختی كردووە. حەمیدتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەردا، دۆسیەی هێزە سودانییەكانی بەشداری لەو هاوپەیمانێتییە گرتەدەست كە سعودیە سەرۆكایەتی دەكات دژ بە حوسییەكان لە یەمەن. ویلۆ بیردج نوسەری كتێبی "راپەڕینە مەدەنییەكان لە سودانی هاوچەرخ"دا دەڵێ" هێزەكانی پاڵپشتی خێرا تاوانیان لە دارفور ئەنجامداوە، جموجوڵەكانیشیان دوای كەوتنی بەشیر بەدبینی لای زۆر كەس دروستكرد، بەتایبەتیش یاخبوانی دارفور". ساڵی 2003 یاخیبوانی دارفور حكومەتی خرتومیان تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕووی ئابوریو سیاسییەوە ناوچەكانی ئەوانی پشتگوێخستووە، ئەمە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ململانێیەكی چەكداریی لەنێوان هەردوولادا، بەپێی قسەی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی (300 هەزار) كەس لەم ململانێیەدا كوژراون، ئەمە سەرباری ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە ناوچەكانی خۆیاندا. ساڵی 2014 حكومەتی سودان (سادق مەهدی) رێبەری حزبی (ئومە)ی دەستگیركرد بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە هەڵسوكەوتی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا گرتبوو كە هاوشانی هێزەكانی حكومەت لە دژی یاخیبوانی دارفور دەجەنگا. تاوەك ساڵی 2017 هێزەكانی پاڵپشتی خێرا سەربە دەزگای ئاسایشو هەواڵگری سودان بوون، دواتر خرانە سەر دامەزراوەی سوپا، سەرباری ئەوەی هیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەم هێزە سەربازی نەبوون. بەوپێیەی ئەم هێزە لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپا بووە، بۆیە هەمیشە وەكو سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە سودان تەماشا كراوە. ژهنهراڵ حهمیدتی بۆچی سوپا حوكمی بەدەستەوەیە ؟ شەڕی ئێستای سودان دوای زنجیرەیەك كێشە دێت كە لەدوای لادانی (عومەر حەسەن بەشیر)ی سەرۆكی سودان لە 2019دا روویدا. لەدوای لادانی عومەر بەشیر، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر (ئینتیقالی) لە سودان پێكهات، هەموو ئەندامەكانی لە دامەزراوەی سەربازی سودان بوون جگە لە حەمیدتی كە هیچ رۆژێك لە رۆژان ئەندامی دامەزراوەی سوپا نەبووە، بەڵام سەرباری ئەمەش بە فەرمانی عومەر بەشیر پلەی (فەریقی یەكەم)ی پێدرابوو. ئەوكات لە شەقامەكانی وڵاتدا خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكی گەورە سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران داوای كۆتایهێنانیان كرد بە نزیكەی 30 ساڵ لە حوكمڕانی عومەر بەشیر، ئیتر سوپا ئیشەكەی كردو سەركردایەتی كودەتایەكی كرد بۆ لادانی بەشیر. دوای كودەتاكە، خۆپیشاندەرانو رەوتی مەدەنی سودان دەستیان كرد بە ناڕەزایەتییەكی نوێ، داوایانكرد رۆڵیان هەبێت لە پرۆژەیەكدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سوپاوە بۆ حكومەتێكی مەدەنی دیموكراتی. حكومەتێكی هاوبەش لە خەڵكی مەدەنیو سەربازی دروستكرا، بەڵام لە ئۆكتۆبەری 2021دا كودەتایەكی نوێ كراو حكومەتەكە كەوت. بەر لە چەند هەفتەیەك حەمیدتی رەخنەی لە كودەتاكەی 2021 گرتو وتی:" كودەتاكە دەرگای لەبەردەم گەڕانەوەی لایەنگرانی عومەر بەشیردا كردەوەو بەداخەوە كودەتاكە بوو بە دەرگایەك بۆ گەڕانەوەی رژێمی پێشوو"، لەمەشدا مەبەستی لە لایەنگرانی حزبی كۆنگرەی نەتەوەیی دەسەڵاتداری پێشوو بوو كە لە حكومەتی دوای كودەتادا پۆستیان پێدرا، حەمیدتی ئاماژەی بەوەكرد ئەو پشتیوانی لە خواستی خۆپیشاندەرانی پاڵپشتیكار لە دیموكراتیەت دەكات. لەدوای كودەتاكەی 2021وە ئیتر ململانێكان لەنێوان بورهانو حەمیدتی توندبووەوە، لە كانونی یەكەمی رابردوودا چوارچێوەی رێككەوتنێك دیاریكرا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حكومەتێكی مەدەنیی، بەڵام گفتوگۆكان لەبارەی جێبەجێكردنی وردەكاری ئەم رێككەوتنە شكستی هێنا. عەبدولفەتاح بورهان لە شوێنی فەریق (عەوەز بن عەوف) وەزیری بەرگری پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری وەرگرت، فەریق عەوەز تەنیا رۆژێك دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو لەكارخستنی عومەر بەشیر، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. عەوەز بن عەوف لە نیسانی 2019دا رایگەیاند، فەریق عەبدولفەتاح بورهانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی سەربازی، بەوپێیەی لەلایەن هەموانەوە قبوڵكراوە، عەبدولفەتاح پۆستەكەی وەرگرتو سوێندی یاسایی خوارد. بورهان ناوێكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی سودان نەبوو، وا ناسرابوو سەربازێكی بە دیسپلینە، هەموو پلەكانی بڕیوەو لە هێزی زەمینی وەكو ئەفسەر خزمەتی كردووە تا ئەوكاتەی بووە بە فەرماندەی هێزی وشكانی. لە شوباتی 2019دا، سەرۆك عومەر بەشیر گۆڕانكاری لە فەرماندەكانی سوپادا كرد، پلەی بورهانی لە (فەریقی روكن)ەوە بەرزكردەوە بۆ (فەریقی یەكەم)و پۆستی پشكنەری گشتی هێزە چەكدارەكانی پێدا، دوو مانگ دواترو لە نیساندا، بورهان پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی لە شوێنی وەزیری بەرگری وەرگرت. ئۆكتۆبەری 2021، فەریق عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی، ئەنجومەنی سەروەری "سیادە"و ئەنجومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندەوە، باری نائاسایی لە سودان راگەیاند، كاركردنی بە ماددەكانی بەڵگەنامەی دەستوریی راگرت. ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە دەستگیركردنی چەند وەزیرو بەرپرسێك لەنێویاندا (عەبدوڵا حەمەدۆك)ی سەرۆك وەزیران، هەندێك لە هاوڕێكانی وا وەسفی عەبدولفەتاح بورهان دەكەن كە پیاوێكی میانڕەو سەربازێكی پابەندە دوور لە لایەنداری بۆ هیچ رێكخراوێكی سیاسی. ریشەی بورهان دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی (نەهری نیل) لە باكوری خرتومی پایتەخت، لەساڵی 1960 لە گوندی (قندقتو) لە خێزانێكی ئاینیی شوێنكەوتەی تەریقەتی (خەتمیە) لەدایكبووە، خەتمیە یەكێكە لە تەریقەتە سۆفیگەرییە گەورەكانی سودان. سەرچاوەكان: - یۆرۆنیوز - بی بی سی
راپۆرت: درەو هێشتا حكومەتی فیدراڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك دەسەڵاتی ئەوەی بە حكومەت بەخشی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمە بناغەی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆبوو، ئەوكات ئاشتی هەورامی دەیوت" ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێمو بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد"، پارتیو یەكێتیی پێكەوە یاساكەیان ئامادە كرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بوو، بەڵام دژی یاساكە نەوەستایەوەو ئاشكراكردنی گرێبەستو شیرینییەكانی نەوتی كردبوو بە مەرج بۆ رێگەدان بە جێبەجێكردنی "سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ"، ئێستا 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێدەپەڕێت، حكومەتی هەرێم ناچار بووە نەوت رادەستی بەغداد بكاتو چاوەڕێیە بەغداد بودجەكەی جارانی پێ بداتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بناغەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ لەم راپۆرتەدا. ئامادەكاری بۆ سیاسەتێكی نوێ كۆتاییەكانی مانگی نیسانی 2013، پەرلەمانی كوردستان دەستیكرد بە خوێندنەوەی پرۆژەیاسای (دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە داهاتەكانی فیدراڵ). ئامانجی سەرەكی ئەم پرۆژەیاسایە، پەسەندكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەرەوە لەرێگای توركیاوە، حكومەت لەوكاتەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكردو جێگرەكەشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو (عیماد ئەحمەد). ئەوكاتەی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرۆژەیاسایەی پەسەندكرد، هێشتا حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، بەڵام قسەوباسی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆژانە بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل بەرزدەكەنەوە، هەروەها دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدادی نیگەران كردبوو، ئەمە وایكرد، حكومەتی فیدراڵ لە پرۆژەیاسای بودجەی 2014دا لەبەرامبەر پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمدا، داوای رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بكات، بەهۆی ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئەم بڕگەی پرۆژەكەوەو دواتر سەرهەڵدانی شەڕی "داعش"، یاسای بودجەی 2014ی پەكیكەوتو عێراق لەو ساڵەدا یاسای بودجەی نەبوو. نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەكۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا واتە لە سەرەتاكانی ساڵی 2014دا ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان بەر لەمەو لە كۆتاییەكانی نیسانی 2013وە دەستی حكومەتی هەرێمی كردەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ پەیڕەو بكاتو نەوت بەشێوەی سەربەخۆو بەبێ رەزامەندی بەغداد، هەناردەی دەرەوە بكات. ئابوری سەربەخۆ بەگوێرەی یاسا خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 2009 بۆ 2013 بەردەوام بوو، سەرۆكایەتیەكانی پەرلەمان و حكومەت دووساڵ بەدووساڵاَ دابەشكرابوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، دووساڵی كۆتایی ئەرسەلان بایز لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، لەم خولەدا پارتیو یەكێتیی پێكەوە فراكسیۆنێكی هاوبەشیان هەبوو، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (59) كورسیان هەبوو، سەرۆكی فراكسیۆنە هاوبەشەكەی پارتیو یەكێتیی (سۆزان شەهاب) بوو لە یەكێتیی، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان وەكو فراكسیۆنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن (25) كورسی هەبوو، گۆڕان كە یەكەم ئەزمونی كاركردنی بوو لە پەرلەمان، هێندە سەرەنجی لەسەر ئاشكراكردنی گرێبەستو داهاتی نەوت بوو، هێندە بایەخی بۆ لێكەوتەكانی پرۆسەی هەناردەی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغداد نەبوو. رۆژی 16ی نیسانی 2013 ئەم پەرلەمانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای (دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) كرد، دوای تەنیا (7) رۆژ لە خوێندنەوەی یەكەم، لە رۆژی 23ی نیسانی 2013دا پەرلەمان پرۆژەكەی بەشێوەیەكی بەپەلە، پەسەندكرد، ئەم یاسایە بوو بە بنەما بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. ئەم پرۆژەیاسایە كە بە هاوبەشی لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە ئامادە كرابوو، دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، لە رۆژی 5ی ئایاری 2013دا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستانەوە ئیمزای لەسەر كراو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاساكە بەگشتیی لە (11) ماددە پێكهاتووە، ئەم یاسایە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكاتی پابەندكردووە بەوەی: • پاش دیاریكردنو خەمڵاندنی مافە داراییەكانی هەرێم، داوا لە حكومەتی فیدراڵی بكات، بەپێی یاسا شایستە داراییە خەمڵێندراوەكانی هەرێم بداتەوە، ئەمەش لە ماوەی (90) رۆژدا لە رێككەوتنی پێڕاگەیاندنی داواكارییەكەوە. • لە حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە بە ئامادەبوونی بۆ دانوستان دەربارەی شایستەكانی هەرێم، لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی وەرگرتنی داواكارییەكەی هەرێم یان بەسەرچوونی (90) رۆژ بەسەر رێكەوتی دەستپێكردنی دانوستان بەبێ گەیشتن بە پێكهاتنێك لەنێوان هەردوولا یان رەتكردنەوەی داواكارییەكانی هەرێم بەشێوەیەكی نائاشكرا یان ئاشكرا یان بێدەنگبوون لە ئاستیەوە، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم ئەو رێكارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنانو هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتی خاو و گاز بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم ئەو بەركەوتانە كەوا حكومەتی ئیتیحادی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان. دیارترین ئەو مافە داراییانەی كە ئەم یاسایە لەسەر حكومەتی فیدراڵی چەسپاندووە بیداتەوە بە هەرێمی كوردستان ئەمانەن: • هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا لەو كێڵگانەی ئێستا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، بەشداری كرداریی هەبێت لە پرۆسەی (بەبازاڕكردنی نەوتو گازی بەرهەمهێنراو)، لەو كێڵگانەشی كە لەداهاتوودا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، دەسەڵاتی تاقانە (حصری) بۆ هەرێم بێت لەنێویشیاندا دەسەڵاتی (بەبازاڕكردنی نەوتو گاز). • پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق رێژەی 17% بێت، تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی لەعێراق بەڕێوەدەچێت. • پێدانی پشكی پارێزگاكانی هەرێم لە پترۆدۆلارو قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەكان ی رژێمی پێشووی عێراقەوە بەر كوردستان كەوتوون. ئابوری سەربەخۆ بەپێی پرۆتۆكۆڵ كاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 23/4/2013، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارەی (10)ی خۆی بەڕێوەبرد، تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە (خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پرۆژەیاسای دیاریكردنو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) بوو. بۆ ئەم دانیشتنە هەریەكە لە (بایز تاڵەبانی) وەزیری دارایی لە پشكی یەكێتیی، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەكان لە پشكی پارتیو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بانگهێشت كرابوون. بەگوێرەی ئەوەی لە پرۆتۆكۆڵی ئەم دانیشتنەی پەرلەماندا تۆماركراوە، كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەكو بەهێزترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی ناو پەرلەمان، لەبارەی پرۆژەیاساكەوە قسەی كردووە، پرۆژەكەی بەتەواوەتی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام دوو تێبینی تۆماركردووە كە ئەمانەن: • بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پەیوەندی بە نەوتو كۆمپانیاكانو داهاتی نەوتەوە هەیە نایهێننە موناقەشە؟ پرۆژە یاسایەك كە 16ی مانگ خوێندراوەتەوە هێشتا لیژنەكە دوێنێ بەدەستی گەیشتیە بەو پەلەپەلە دەیهێنن دەیخوێننەوە، ئەمە بەو مانایە نیە ئەمە پێچەوانەی ئەوە بین كە یاسایەك هەبێ بەپێی دەستور دیفاع لە مافە داراییەكانو دەستورییەكانی هەرێم بكات.. • لە هەرێمی كوردستان تا چەند ئەو داهاتانە شەفاف دەبێ بەتایبەتی داهاتی نەوت، ئەوە بەڕێزان لێرە دانیشتوون، وەزارەتی داراییو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێ ئەم مەسەلەی پرۆژەی نەوتە یەكلایی بكەنەوە، ئینجا دوایی قسە لەسەر ئەو یاسایە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوریو داراییەكانی خۆمان بكەین. سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتیو یەكێتیی دەست بەرزدەكاتەوەو وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە، بەرگری لەوە دەكات بەشێوەی بەپەلە، پرۆژەیاساكە تێپەڕێندرێتو بە یاسایەكی گرنگ ناوی دەبات. هەردوو پەرلەمانتار (ناسك تۆفیق) لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هەروەها (كوێستان محەمەد) لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوەی زیاتر دیراسە بكرێت. ئەرسەلان بایز داواكاری دواخستنی پەسەندكردنی یاساكە دەخاتە دەنگدانەوە، تەنیا (19) كەس پشتیوانی دواخستنی یاساكە دەكەن لەكاتێكدا تەنیا فراكسیۆنی گۆڕان خۆی (25) كورسی هەیە، ئەمە جگە لە كورسییەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامییو لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتیو یەكێتیی. لەسەر بنەمای دەنگدانەكە، سەرۆكی پەرلەمان درێژە دەدات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساكە، دوای خوێندنەوەی بڕگەی یەكەم، وتەی پەرلەمانتاران وەردەگرێت: • سەرهەنگ فەرەج لە فراكسیۆنی گۆڕان: بە بڕوای من ئەم یاسایە بۆ فرۆشتنی نەوتە لەرێگای توركیاو هیچ مەبەستێكی تر نییە. • عەبدولسەلام مستەفا كە پارتییەو لە (لیستی كوردستان)ی پارتیو یەكێتییە وەڵامی دەداتەوە: هاوڕێم هانی دام جارێكی تر یاساكە بخوێنمەوە، وشەی توركیام لەناو یاساكەدا نەدۆزییەوە، ئەگەر دۆزیتەوە پیشانم بدە. لێرەدا مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، لەم كاتەدا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان چوەتە دەرەوەو (حەسەن محەمەد سورە) جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنەكە دەدات كە سەربە پارتییە. سورە داوا لە پەرلەمانتاران دەكات وەختێ قسە دەكەن روو لە سەرۆكایەتی بكەنو بۆیان نییە لەكاتی قسەكردندا روو لە یەكتری بكەن. • حەمە سەعید حەمە عەلی لە لیستی یەكگرتوو (لیستی هاوبەشی یەكگرتوو كۆمەڵ ناوی لیستی خزمەتگوزاریو چاكسازییە): ئایا ئەم یاسایە بەهێزە یان دەستوری عێراق، لە دەستوری عێراقدا تەئكید لەوە كراوە دەبێت حكومەتی فیدراڵ شایستەكانی هەرێمی كوردستان بدات، كەواتە ئەم یاسایە نەشبێت ئێمە دەتوانین بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتی خۆمان بكەین، دەبێت لێپرسینەوە لە حكومەت بكەین بۆچی لە ساڵانی رابردوودا بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتەكانی نەكردووە.. ئایا شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا هەیە ؟ كوا؟ • ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە بۆ شەفافیەت نییە، بۆ ئیستیحسالی مافی خۆمانە كە لە دەستوردا هاتووە، ئێمە ئامادەین هەرچی داواكاری پەرلەمان هەیەتی لە داهاتی نەوتو شیرینییەكان بێین لێرە هەمووی خاڵ بە خاڵ بڵێین، هیچمان نەشاردوەتەوە، شەفافیەت لە كوردستان لە هەموو شوێنەكانی تری عالەم بەرزترە بەتایبەتی عێراق.. • كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی بەرزكردەوە، حەسەن سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رێگای پێدا قسە بكات، ئەو وتی: ئێمە پێشنیاز دەكەین 20 خولەك كاتمان بدەنێ وەكو فراكسیۆن بۆ كۆبونەوە، بۆ ئەوەی نەچینە ناو دەنگدانو توشی ئیشكاڵاتی ئێوە بین، حەقی خۆمانە. • حەسەن سورە: بەس خراپە دەنگدان، تەصویت لەسەر ئەو ماددەیە دەكەین، ماددەیەكی تەعریفییە، نیو سەعات كۆبونەوەكە تەئجیل دەكەین. دوای پشووەكە، ئەرسەلان بایز گەڕایەوە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە، ماددەی یەكەمی خستە دەنگدانو بە زۆرینەی دەنگی (60) پەرلەمانتار پەسەند كرا. پاشان داوای كرد ماددەی دووەمی یاساكە بخوێندرێتەوە، خوێندرایەوە، پاشان سەرۆكی پەرلەمان وتەی پەرلەمانتارانی وەرگرت. ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بەشدارن لە گفتوگۆكاندا، جەخت لەسەر شەفافیەتی داهاتی نەوت دەكەن، بەڵام تێبینی خۆیان لەسەر یاساكە دەدەنو یەكێكیان (نەریمان عەبدوڵا) دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵی هەمیشە فێڵی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بۆیە من پشتیوانی ئەم ماددەیە دەكەم". • ناسك تۆفیق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو: من بەپەلە ئێستا نیو سەعاتێك سەیرێكم كرد، تەنیا لە یەك ماددە شتێكی تێدایە دەڵێ ئەگەر حكومەت (مەبەستی حكومەتی فیدراڵە) ئیلتیزامی نەكرد بە دەفعی مالییەكانی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتیانە بكەین بە هەر رێگەو شوێنێك كە حكومەتی هەرێم پێی باشە. ئایا ئەمە دەگونجێ لەگەڵ دەستوردا؟ ئایا ئەمە كێشەمان بۆ دروست ناكات؟ • سالار مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتیی: دەبوو حكومەت بۆ ئەم شەڕەی خۆی زوتر پەرلەمانی هاوبەش بكردایە..حكومەتی ئیتیحادی كۆمەڵێك رێوشوێنی نێودەوڵەتی گرتوەتەبەر بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە ئابوریو سیاسییە.. • عەونی كەمال بەزاز لە فراكسیۆنی یەكێتیی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بودجەی حكومەتی عێراقی لە ساڵانی 2007 تا ئەمڕۆ ئەو مافانەی لەوێ تەسبیت كراوە، بەپێی ئەم قانونە دەتوانین وەریبگرینەوە. • كوێستان محەمەدو نەریمان عەبدوڵا لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا دەكەن شایستەی پێشمەرگە لەناو یاساكەدا بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ بیدات. ماددەی دووەمیش خرایە دەنگدانو بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوە بۆ ماددەی سێیەم دەستی پێكرد. • ناسك تۆفیق لە یەكگرتووی ئیسلامی: كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تائێستا ئەوەیە ئەوان تائێستا یاسای نەوتو غازیان نییە. • ئاشتی هەورامی: سەبەبی جەوهەری ئێمە كە ئەم یاسایە دەردەكەین، بەغداد رەفزی كردووە یاسا دەربكات، خۆی لە دەستوردا دەڵێ مافمان چییە، بەڵام دەڵێ بە یاسا رێكدەخرێت، قانونەكەش ناكاتو مافەكەش وەرناگری، ئێمە هینەكەمان هێناوەتە لای خۆمان بەیاسا داوای حقوقی خۆمان دەكەین. • ئاشتی عەزیز ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان تێبینی هەیە، دەڵێ زۆرێك لە خاڵەكانی ناو ئەم ماددەیە دووبارەكردنەوەیەو دژ بەیەكی تێدایە. • ئاشتی هەورامی وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە تەبعەن ئێمە دەتوانین زۆر كورتی بكەینەوە بیكەین بە دوو لاپەڕە، حكومەتی هەرێم نامەیەك بنوسێ بۆ بەغداد لەماوەی (60) رۆژدا ئەمەمان بۆنەكەن، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین، ئەمە هەدەفەكەیە، بەڵام دەبێت ئالیەت دابنێی. ماددەی سێیەمیش خوێندرایەوەو بە تێكڕای دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوەی ماددەی چوارەم دەستیپێكرد، تێبیییەكان لەسەر ئەم ماددەیە وەرگیرا، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە تا سەرلەنوێ ماددەكە دادەڕێژرێتەوە، تا داڕشتنەوەی ماددەی چوارەم، سەرۆكی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ ماددەی پێنجەم دەستپێكردو پاشان بە زۆرینەی دەنگ ماددەی چوارەم پەسەندكرا. • دڵشاد حسێن ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان: بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆمان روون بكاتەوە، ئەمساڵ تەقریبەت 16 بۆ 17 ترلیۆن دینار لە بەغداد وەرگیراوە، ئێوە لە دەرهێنانو ناردنە دەرەوەی نەوتدا هەرێمی كوردستان ناخەنە ژێر ئەزمەیەكی مالییەوە؟ ئەی ئەگەر بەغداد بوجەكەی بڕی؟ • سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتیو یەكێتیی: ئێمە دەبێت سەربەخۆیی دارایی خۆمان بەدەستبهێنین. • ئاشتی هەورامی: كوردستان لەسەر خەریتەی عالەمی تاقەیە، من دەڵێم ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێمو بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد.. ئەگەر ئەم یاسایەمان بەدەست بایە، دوو ساڵ لەمەوپێش من دەمتوانی پارەی پێشمەرگە بدەم، بەپێی یاسایە كە ناتوانین ئینتاج بكەینو نەوت بفرۆشین.. ماددەی تر بە هەمان میكانیزم خرانە دەنگدانو پەسەندكران، كۆتا ماددەی یاساكە كە دەنگدانی لەسەر كرا، تەنیا (12) كەس دژ بوون، ئەرسەلان بایزی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی پێهێناو لە دوا قسەدا وتی:" ئومێد دەكەین ئەمە ببێتە خێرو بەرەكەت بۆ میللەتەكەمان". بۆ خوێندنەوەی دەقی پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكە كلیك لەسەر ئەم فایلە بكە: https://www.parliament.krd/media/4710/%D9%BE%D8%B1%DB%86%D8%AA%DB%86%D9%83%DB%86%D9%84%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-91%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%86%D9%87-%D9%83%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2013.pdf?fbclid=IwAR1mYsuMkbb7aviYmv0XEKzrkYZaRrAwBGbrEMvGI_ABIipmjuW3EKlcncA
دکتۆر بیلال رەئوف ، دکتۆرا لەئابوری سیاسی دوای ئەوەی لەساڵی 2014ەوە عێراق لەدادگای نێوبژیوانی پاریس داوای لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەردەوام دوای چەند ساڵێک هەرکات دادگاکە نزیکبوایەتەوە لەبڕیاردان وەفدێکی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە پاریس و لەرێگەی حکومەتی پاریسەوە رێگری دەکرد لەوەرگرتنی پلەی کۆتای داواکەی عێراق لەسەر تورکیا، بەلام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازبوو لایەنە شیعیەکان کەکارەکتەری سەرەکی نێو حکومەتی عێراقن هەوڵێکی جیاوازتریاندا، دوای پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سودانیەوە فشارییان لەسەر تۆتاڵی فەرەنسی دروستکرد کاتێک دەیویست بەردەوامبێت لەچوار پرۆژەی ستراتیژی تایبەت بە نەوت و وزە کەسەرمایەی پرۆژەکان 27 ملیار دۆلارە، یاریەکە لەوکاتەوە دەستی پێکرد کاتێک حکومەتی عێراق داوای 40% پشکی ئەو پرۆژانەی دەکرد کە تۆتاڵ لەباشوری عێراق ئەنجامی ئەدات ئەوەش نارەزایەتی لای کۆمپانیا فەرەنسیەکە دروستکرد هەنگاوەکانی سودانی و پەیوەندی بەهەناردەی نەوتی هەرێمەوە لە ناوەراستی مانگی یەکی 2023 کۆبونەوەیەک لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ بەڕێوەچو کە وەزیری نەوتی عێراق بەشداربوە تێیدا، بەپێی ئاژەنسە جیهانیەکان کۆبونەوەکە تەنها دە خولەکی خایاندوە بەهۆی ناکۆکیانەوە پاتریک بویانە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ رۆشتۆتە دەرەوەو دواتر تەواوی کارمەندە بیانیەکانی تۆتال کەلەو پرۆژانە کارییان دەکرد کشانەوە، ناکۆکیەکان درێژەی کێشا تا کارگەیشتە هاتنەناوەوەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا کاتێک بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ بۆ ئەو وڵاتە، سودانی لە 2023/1/26سەردانی فەرەنسای کرد وەک راگەیەندراوی کۆشک ئەلیزێ باسیکردوە سەردانکەی تایبەتبوە بەگفتوگۆکردن لەسەر کەرتی وزەو ئەمنی کە مەبەست کێشەی گرێبەستەکانی تۆتاڵ بوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و راستەوخۆ وەفدی عێراق رێکەوتنیان لەگەڵ تۆتاڵ بەستۆتەوە بە بڕیاردانی دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆیە پێناچێت رێکەوتبێت کاتێک دوای دوهەفتە لەسەردانی سودانی بریارەکە لەلایەن دادگای نێوبژیوانی لە 2023/2/13 ئاراستەی تورکیاو عێراق کراو پلەی کۆتای وەرگرت. کارەکە لێرە کۆتای نەهات بەلکو لەهەمان رۆژی رێکەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەی نەوت، هاوکات کۆمپانیای تۆتاڵ و حکومەتی عێراقیش رێکەوتن بەوەی بەغداد خاوەندارێتی 30% پشکی کۆمپانیاکە بکات لەوچوار پرۆژەیەی لەعێراق ئەنجامی ئەدات، ئەوەی جێگەی سەرنجە پێشتریش کۆمپانیای تۆتاڵ ئامادەی نیشاندابو ئەم رێژەیە بداتە حکومەتی عێراق ئێستا رونە لە ئەنجامی ناکۆکی حکومەتی عێراق و تۆتاڵی فەرەنسی بەغداد دەستکەوتێکی نەبوە جگە لەوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم.! فەرەنسا بۆچی پشتی لەهەرێمی کوردستان کرد؟ توانی گرێبەستە 27 ملیاریەکەی تۆتاڵ لەهەڵوەشاندنەوە رزگاربکات بەوەش لەلایەک وەبەرهێنانێکی لەبارە بۆ کۆمپانیا فەرەنسیەکەو لەلایەکی ترەوە جێپێی فەرەنسا لە سێکتەری نەوت و غاز و وزە لەعێراق پتەوتر دەکات فەرەنسا توانی گورزێکی باش لەکۆمپانیا روسیەکان بەتایبەت رۆسنەفت بدات کەپشکی شێری بەردەکەوێ لەداهاتی نەوتی هەرێم گورزێکی بەهێزتری لە تورکیا وەشاند و بێبەشیکرد لەو پێگە گرنگەی لە سێکتەری نەوتی هەرێم بنیاتی نابوو وە سودمەندێکی سەرەکیبو لەداهاتی نەوتی هەرێم لەلایەکیترەوە دوای سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق لە ساڵی 2021 پاریس چاوی لەوەبو کۆمپانیا فەرەنسیەکان دەستیان هەبێت لەئەنجامدانی پرۆژەو ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبون بەتایبەت پارێزگای موصڵ و فرۆکەخانەی ئەو شارە، بەلام دوای چەند هەفتەیەک لەسەردانی ماکرۆن و دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی فرۆکەخانەی موصڵ، ستاندی بەردی بناغەی پرۆژەکە تێکشکێندراو کۆمپانیا فەرەنسیەکان ناچار بەکشانەوە کران و کۆمپانیا تورکیەکان جێگەیان گرتنەوە فەرەنسا توانی بەم دەرفەتە تۆڵەی خۆی لە کۆمپانیاو تورکەکان بکاتەوە و توانی بەم هەنگاوە حەق لەتورکیا بکاتەوە کاتێک ناکۆکی ئەو دو وڵاتە لەسەر وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پرۆژە لەناوچەکانی وێرانبوی شەڕی داعش گەیشتە لوتکە، کەقەبارەی ئەو پرۆژانە بەملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت بەتایبەت پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فرۆکەخانەی موصڵ ئێستا فەرەنسا پشتیوانی رۆژئاوایەو پشتی لەباشورە کە پێدەچێت زیادبونی هەژمونی تورکیاو روسیا لە هەولێر هۆکاری نیگەرانیەکانی پاریس بێت. * تۆتاڵی فەرەنسی لەئەیلولی 2021 گرێبەستێکی لەگەل وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامدا بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی راکێشانی بۆری ئاو بەتوانای 7.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەکەنداوی عەرەبیەوە بۆ کێڵگەنەوتیەکانی باشور و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی و زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی لە 80 هەزار بەرمیلەوە بۆ 200 هەزار بەرمیل و بنیاتنانی کێڵگەی غازی ئەرتاوی بەتوانای 600 ملیۆن پێ سێجا و دروستکردنی وێستگەیەکی 1000 مێگاواتی لە تیشکی خۆر کە قەبارەی سەرمایەی پرۆژەکان بەگشتی 27 ملیار دۆلارە * حکومەتەکەی سۆدانی لەگەڵ دەستبەکاربونی کەوتەکێشە لەگەڵ کۆمپانیایی تۆتاڵ و داوای پشکی لە 40% ئەو پرۆژانەی دەکرد بەلام کۆمپانیاکە نارازیبو تا دواتر لە 2023/4/4 بەپێی راگەیەندراوێک حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی و حکومەتی عێراق رەزامەندبوو لەسەر وەرگرتنی تەنها 30% پشکی پرۆژەکان
ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵآڵی قسەیەکی باو هەیە دەڵێت" ئەودانوستکارەی بە چەند بژاردەیەکەوە دەچێت دانوستانەوە براوەیە". دانوستان جۆرێکە لە گفتوگۆ کە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا پەنای بۆ دەبرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش. زۆربەیجار دانوستان بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکلاکردنەوەی بابەتەکەی لێدەکەوێتەوە ، کە هەر لایەنێک هەندێک سازش دەکات بۆ لایەنی بەرانبەر... لە کاتی دانوستاندندا ئەوتیمەی کەزیاد لە بژاردەیەکی پێیە یان پلان و سیناریۆی جیای هەیە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ گفتوگۆ و بواری مانۆڕی زیاترە. بە پێچەوانەشەوە کاتێک لە بژاردەیەک زیاترت پێ نییە، یان هیچ بژاردەت نییە ئەوکات دانوستان ناکەیت بەڵکو یان ئەوەیە رای خۆت دەسەپێنیت، ئەوەش لەکاتێکدا دەلوێت کە لە پێگەیەکی بەهێزدایت و پیویستت بە دانوستان نەبێت بەوشێوە نەبێت کە خۆت دەتەوێت، یاخود ببەپێچەوانەوە باناچاری دەڕۆیت بۆ ئەوەی رازیبیت بەوەی کە داوادەکرێت. وتوێژەکان و دانووستانی هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، سەرەتا پێگەی بەهێزی هەولێر لە پاش دروست بونی عێراقی نوێوە بۆ پێگەی لاوازی گرتنەوەی قوفڵی هەناردە. هەرێم سەرەتا هەناردە و پاشان بەشی هەرەزۆری بەرهەمی نەوتی وەستا بۆیە چووە بەغدا بۆ ئەوەی رازی بێت بەمەرجەکانی بەغدا، زۆرێک لەئێمە پێش چەندساڵێک ئەمەمان لەبەرچاوبوو بۆیە دەمانویست لە قۆناغەکانی پێشوتردا و بە بەهێزی بچوایەتە بەغدا ئەوکات بژاردەی زیاتری لە بەردەست دەبوو و ئەنجامەکەشی باشتر دەبوو . حکومەت دەڵی ئێە گفتوگۆمان پێش وەستانی هەناردە و گرتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە لەلایەن تورکیاوە دەست پێکردووە. ڕاست دەکات بەڵام ئێمە دەزانین و حکومەتیش باشتر دەزانێت هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵەوە لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە گرفتی بۆ درووست بوو نەوتەکەی ئەوەندەی تر هەرزانفرۆش کرد بەهۆی ئەوفشارانەی بەغدا دەیکرد، وە دەشزانین لەبری هێورکردنەوەی بارودۆخەکە حکومەتی هەرێم ئەوکات زیاتر بارودۆخەکەی ئاڵۆز کرد و زمانێکی ئیفتیزازیانەی بەکاردەهێنا و وێنایەکی زیاد لەخۆی گەورەتری بۆخۆی دەکرد، و دەبووە سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا ... زۆرێک لەئێمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چاوەڕێمان دەکرد بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودوڵتی ICC لە بەرژەوەندی عێراق بدرێت. هەرێم لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام سیاسەتی دواخستنی کێشەکانی پەیرەو کردووە تا کار گەشتە ئەوەی ریگاکەی گەشتە بنبەست و تورکیاش پشتی تێکرد و ڕوویکردە بەغدا. حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکدا چووەتە بەغدا، تەنانەت گەر هەناردەش نەوەستایە لە کێشەیەکی دارایی گەورەدا بوو ،ماوەی ٦ مانگ شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی نەداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە نرخی نەوتیش زۆر بەرزبووە بەڵام سوودی لەبەرزی نرخ نەبینیوە وەکو پێویست، نەیتوانییەوە لەکاتی خۆیدا مووچە بەتەواوی دابین بکات ،ئەمە جگە لە وەستانی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری، ئێستا وەستانی هەناردەشی هاتەسەر. تا یاسای بوجەش دەرنەچێت چاوەڕێ ناکرێت لەبەغداوە هیچ بڕە پارەیەک بنێردرێت. وا ٢٠ رۆژ تێدەپەڕێت و هەناردە وەستاوە، نزیکەی ١٠ رۆژیشە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە بەڵام هێشتا قوفڵەکە نەکراوەتەوە. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە لە بەرواری ٤/٤/٢٠٢٣دا هەریم بە ناچاری و بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەست بێت حکومەتی هەرێم رازی بووە لەسەر چوار خاڵی سەرەکی : ا- رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی جەیهان بکرێت و رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت.( ئەم خاڵە لە پرۆژەیاسای بوجەشدا جێگیر کراوە) ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەتەوە کە سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات. ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت. د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد. لەماوەی ڕابووردوودا قسەو باسی زۆر کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، لێرەدا دەمەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەم لەسەر بنەمای شێوازی بەڕیوەبردن و خەرجییە نەوتییەکانی هەرێم تاوەکو بزانین تاچ ئاستێک و بەچ شێوازێک کاریگەری دەبێت . ا-رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە جەیهان رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت. هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا نەوتی بەنرخێک فرۆشتووە کە زۆر لە ژێر نرخی برێنتەوە بووە( ١١-بۆ ١٢ -$) کە بنەمایەکی جیهانییە بۆ دیاری کردنی نرخی ٣/٢ی نەوتی جیهان و عێراقیش لە سەر ئەو بنەمایە نرخی نەوتەکەی دیاری دەکات ، هەروەها زۆر لەژێر ئەو نرخەوەبووە کە سۆمۆ نەوتی کەرکوک کە بەهەمان بۆری هەرێم دا دەگوازرایەوە لە جەیهان فرۆشتووە. داشکاندن بۆ نەوتی هەرێم لە چارەکی کۆتایی ساڵی ڕابووردوودا گەشتە لوتکە بەهۆی ئەو فشارانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەرێم و کۆمپانیا بەرهەم هێن و کڕاارانی نەوتی هەرێمی کردبوو لەلایاک وە لەلایەکی تر نەوتی روسیا کە بەهۆی گەمارۆکانی سەرییەوە لە لایەن رۆژئاواوە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەداشکاندنێکی زۆر لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بۆیە هەرێم ناچار بوو داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیارەکانی رابکێشێت. ئاستی داشکاندنەکە لە مانگەکانی ئەیلول تا کانوونی یەکەم لە نێوان ١٨ بۆ ١٩ دۆلاردابووە و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ١٥ دۆلار کەم بووەتەوە و لە مانگی شوباتدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی ١١.٥ دۆلار بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم. جیاوازی نرخی هەرێم لەگەڵ نەوتی کەرکوک لە باشترین بارودۆخدا لەمانگی شوباتدا نزیکی ٥.٧- دۆلار بووە. بنواڕە خشتەی ١) ئاشکرایە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە دوو رووە وە سوودی هەیە، یەکەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەکرێت و مەترسی کێشەی یاسایی نامێنێت. دووەم کاتێک کێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی کەرکوک دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێکی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست دەکەوێت، چ عێراق وە چ کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت. کەواتە لەڕێی سۆمۆوە نرخی فرۆش بۆ هەربەرمیلێک لەنێوان ٥ بۆ ١١ دۆلار زیاددەکات، بەڵام ئەم بڕە زیادەیە هەمووی هی هەرێم نیە بەڵکو پشکی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی تێدایە. ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەت سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات. ئەم حسابە بۆ داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەڕێمە لەڕیی سۆمۆ وە، کەدەبێت بە بەشیک لەبوجەی هەرێم و ئەوەی دەمێنێتەوە لەپشکی بوجە بە مەقاسە دەدرێت بەهەرێم بەپێی پرۆژە یاسی بوجە گەر وەکو خۆی لە پەرلەمان تێپەڕێت. سیناریۆی یەکەم ( باشترین نرخی نەوتی هەرێم) لە خشتەی (٢-٣) دا بەراوردی فرۆش بەنرخی سۆمۆ و هەرێم کراوە دەردەکەوێت زیادەی داهات لە فرۆشی نەوت دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان( بەغداش دەبێت بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی نەوتی هەرێم بدات) لە نێوان ٣٢ ملیۆن بۆ ٣٣ ملیۆن دۆلار داهات مانگانە زیاد دەکات. ( رێژەی داهاتی گەڕاوە بۆ هەرێم دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان لەسەر دوایەمین راپۆرتی وردبینی دیلۆیت بۆ چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری کراو، وەنرخی نەوتیش لەسەر بنەمای نرخی مانگی شوباتی هەریەک لەهەرێم و کەرکوک دیاری کراوە کە باشترین نرخە هەرێم نەوتەکەی پێ فرۆشتبێت - سیناریۆی یەکەم ) . سیناریۆی دووەم( تێکڕای جیاوازی نرخی هەرێم و کەرکوک لە ساڵی ٢٠٢٢دا) : لەساڵی ٢٠٢٢ دا هەرێم بە تێکڕا زیاد لە ١١ دۆلار نەوتەکەی لە خوار نرخی نەوتی کەرکوکەوە فرۆشتووە( تێکڕای ساڵ) لەسەر ئەو بنەمایە ئەوکات داهاتی فرۆشی نەوت کە سۆمۆ دەیفرۆشێت بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. کۆی داهاتی زیادە لە جیاوازی نرخی سۆمۆدا لە مانگێکدا نزیکەی ١٣٢.٥ ملیۆن دۆلارەو پشکی هەریمیش دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان ٦٣ ملیۆن دۆلار دەبێت. بنواڕە خشتەی ٤. * سەیری خشتەی پاشکۆ بکە سەبارەت بە بەراوردی نرخەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین لە پرۆژە یاسای بوجەدا کە تائێستا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە لە پەرلەمان، شایستەی بەرهەم هێنەرانی نەوت و گواستنەوەی نەوت لە خەرجییە سەروەرییەکان دەدرێت کە دیاری کراوە بە ٢ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار کە دەکاتە ١.٨٨ ملیار دۆلار و دەکاتە رێژەی ٤٠٪ ی ئەوپارەیەی لەساڵی ٢٠٢٢ دا تەنها دراوە بە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت کە ٤.٦٣٥ ملیار دۆلار بووە، جگەل لە خەرجی گواستنەوە وەک لە خشتەکەدا دیارە. بۆیە لەگەڵ ئەوەی داهاتی فرۆشی نەوت زیاد دەکات بەڵام گەر لە پرۆژە بوجەدا پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجی و گواستنەوەی نەوت زیاد نەکریت کە ئەگەرێکی لاوازە زیادبکرێت ئەوا هەرێم لە و داهاتی نەوتەی بۆی دێت دەبێت پڕی بکاتەوە. هەروەها چۆنییەی مامەڵە پێوەکردن و ئیدارەدان و خەرج کردنی داهاتی هەرێم هەر حکومەتی هەریم دەیکات ، وە بەو شیوازی بەڕێوە بردنە خراپەی لە ساڵانی پێشودا کراوە چاوەڕی ناکرێت ئەنجامێکی جیاواز بدات بەدەستەوە. لە قۆناغی دواتردا چاوەڕی دەکرێت وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بە خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوتدا بکات گەر ئەمە بکرێت کاتی پێویستە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کە حکومەتی هەرێم هەیەتی لە گەڵیان، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کەمکردنەوەی خەرجی ئەنجامی خێرای هەبێت لە لەسەر زیادکردنی داهات، چوونکە بەشێکی ئەوخەرجیانە لەماوەی رابووردوودا کراوە. ئەگەری هەموارکردنەوەی گریبەستەکان ئەگەرێکی بەهێزترە نەوەک هەڵوەشاندنەوەی و ئەوەش دیسان کاتی پێویستە. سەبارەت بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوت لە ناو هەرێم، گەر بەغدا رازی بێت بەوەی کە گواستنەوەی هەرێم لەرێێ کەرتی تایبەتەوە بەردەوام بێت ( کۆمپانیای کار) ئەوا کرێی گواستنەوە بەوشێوە نابێت کەلەرابوردوودا بووە ئەویش پێداچوونەوەی پێدادەکرێت بەڵام ئەمەیان ئەنجامی خێراتر دەدات بەدەستەوە. ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی لە نێوان هەرێم و بەغدا (٢/٢)بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت. دروستکردنی ئەم لیژنەیە تا دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە لە پەرلەمان ، بوونی نوێنەری سامانە سروشتییەکان بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتن وەکو پرەنسیپ کارێکی ئەرێنییە، لێرەدا مەبەست لێی ئەوەیە کە هەڕیم ئاگاداربێت چۆن و بەچەند نەوتەکە دەفرۆشرێت لەلایەک و لەلایەکی تر دەکرێت ئامانج لێی کڕیارانی نەوتی هەرێم بێت کە هەرێم بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەریان و بەردەوام بوونی گرێبەست لە گەڵیاندا بە ومەرجانەی کە سۆمۆ دایدەنێت. د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد، بۆ یەکەم جارە کورد لەدەستپێکردنی پرۆسەکانی نەوتی هەرێمەوە بەشداربێت و ئەندامی هەبێت لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). سۆمۆ دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقە و تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردنی نەوتی وڵات و دامەزراوەیەکی گرنگە بەڵام لەهەمانکاتدا لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتییە لەناو وەزارەت و سەرۆکەکەی بەڕێوەبەری گشتییە ،ئەو پۆستەشی کە کورد وەری گرتووە جێگری بەڕێوەبەری گشتییە کە حەقی کورد بووە دەبوایە چەند ساڵە پڕی بکردایەتەوە ، بەڵام ئەو پۆستەش وەکو زۆرێک لە پۆستەکان لە بەر کێبرکێی لایەنەکوردییەکان( یەکیتی و پارتی) لەلایەک لە بەغدا بە بۆشی مابووەوە وە لەلایەکی تر هەرێم بەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ سۆمۆ نەدەکرد لە ڕابوردودا نەیویستووە ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، تاوەکو خۆی لە سین و جیم بپارێزێت. کەواتە لەو شیکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەتایبەت لە روونکردنەوەی خاڵی (ا-ب) چاوەڕێ ناکرێت تەنها بە فرۆشتنی نرخی نەوتی هەرێم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن لەهەموو سەکتەوەکان ئەنجامێکی جیاوەز وەربگرین لەوەی پێشوو، بینیمان لەساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لەسەرو ١٠٠ دۆلارەوە فرۆشراوە و کێشەکانی داراییش هەروەکوو خۆی ماون. ئەگەر قوفڵەکە نەکرێتەوە کێ زەرەر دەکات؟ بوجەی عێراق لە سەر بنەمای ئاستی هەناردەی نەوتی رۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بە( ٤٠٠ هەزار بەرمیلی هەرێمەوە) و نرخی بەرمیلێکیش بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە. عێراق دووەم گەورە وەبەرهێنی نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپێکە و لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرهەمی ٤ ملیۆن و ٤٢٤ هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا توانای بەرهەمیشی لە ٤،٥ ملیۆن بەرمیل زیاترە . کارێکتەرێکی کاریگەریشە لە ناو رێکخراوی ئۆپیک و بازاڕی وزەی جیهانیدا و بەرهەمی نەوتی عێراق نزیکەی ٤.٥٪ ی بەرهەمی جیهان پێک دەهێنێت. لە ناوەراستی مانگی ئازاردا نرخی نەوتی خاوی برێنت کە عێراق بە تێکرآ ٣ دۆلارێک کەمتر لەو نرخە نەوتی دەفرۆشێت لە دەوروبەری ٧٣ دۆلار بوو بەڵام لە ٢٥ ی ئازارەوە و لەدوای وەستانی هەناردەی هەرێم و کەرکوک نرخی نەوت دەستیکرد بەبەرز بوونەوە، وەستانی نەوتی هەرێم بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی بەشێکی نرخی نەوت بەوپێیەی نزیکەی نیو لەسەدی دابینکردنی جیهانی پێک دەهێنا . پاشان بڕیاری ئۆپیک بەکەم کردنەوەی بەرهەم لە مانگی ئایاردا کە عێراقیش بە ٢١١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشدارە، جارێکی تر نرخی نەوتی لەبازاڕدا بەرز کردەوە. لە ١ی نیسانەوە نرخی نەت لە سەروو ٨٥ دۆلارەو ئێستا ١٣ی نیسان ٨٧ دۆلارە ، گەر تێکڕا ٨٥ دۆلار ئەژمار بکەین بۆ نرخی نەوتی برێنت ئەوا لە کاتی گرتنەوەی قوفڵی بۆری عێراق- تورکیاوە ITP بۆ ئێستا زیاد لە ١٢ دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبووەتەوە واتە ئێستا عێراق لەمانگی نیساندا نەوت بە دەوروبەری ٨٢ دۆلار دەفرۆشێت. لەهەمان کاتدا ١٢ دۆلار بەرزترە لەو نرخەی کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا دانراوە. نەوتی هەرێم لە شوباتدا بە ١١.٥ لە ژێر برێنتەوە فرۆشراوە ( ئەوە باشترین نرخە هەرێم فرۆشتبێتی لە ٨ مانگی رابوردوودا) و گەر نرخی برینت ٨٥ دۆلاریش بێت لە مانگی نیساندا ئەوا نەوتی هەرێم بە ٧٣.٥ دەفرۆشرا و داهاتی مانگی نیسان ٨٨٢ ملیۆن دۆلار دەکات، لەم بڕە نیوە زیاتریشی بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات. ئەو بڕە کەمەشی کە لە ڕێی کەرکوکەوە عێراق هەناردەی دەکرد ئێستا لەنێوخۆدا دەتوانرێت بنێرێت بۆ پاڵاوگەکان ویاخود لەرێی بەسرەوە هەناردەی بکات. بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستە عێراق لە بەسرەوە رۆژانە تێکڕا نزیکەی ٣.٢٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، ئێمە لەسەر بنەمای مانگی ئازار کە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە رۆژانە بەتێکرا ٣ ملیۆن و ١٩٠ هەزار بەرمیلی لە بەسرەوە هەناردەکردووە ئەژماردەکەین بۆ ئەوەی بزانین بە زیاد بوونی ١٢ دۆلار بۆ نرخی نەوت چەند داهاتی زیاد دەکات ئایا زیاترە لەوەی لە رێی بۆری ITP ەوە دەروات؟ لەسەر بنەمای مانگی پێشوو هەناردەی بەسرە لە مانگی نیساندا دەکاتە ٩٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل و نرخیش ١٢ دۆلار زیادی کردووە ئەوا لەمانگێکدا یەک ملیار و ١٤٨ ملیۆن دۆلار داهات زیادی کردووە واتە ٢٦٦ ملیۆن دۆلار زیاتر لەهەموو داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی هەرێم دەیفرۆشێت بەبێ لێدەرکردنی خەرجی . کەواتە گەر عێراق پەلەی نەبێت هیج زەرەر ناکات بەڵکو دەتوانێت نەناردنی نەوتی هەرێم بخاتە بری ئەوکەمکردنەوەی لەسەرشانیەتی بەرانبەر ئۆپیک، چونکە ئیلتیزامەکە لەسەر ئاستی بەرهەمە نەک هەناردە،لە ئێستاشدا هەریم بەرهەمی تەواو کەمی کردووە و هەناردەش سفرە. لەلایەکی ترەوە وەستانی بەرهەم لەبەرژەوەندی عێراقە و دەتوانرێت وەکو فشار بەکاربهێنرێت بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیش تاوەکو ناچاربن لە بەردەوامی وەستانی بەرهەم بچنە ژێر مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، چونکە ئەوانیش لەزەرەردان وە تا ئەم بارودۆخە بەردەوامبێت پشکەکانیان زیاتر دادەبەزێت. عێراق لە روکەشدا وادیارە کە داوای لە تورکیا کردووە قوفڵەکە بکاتەوە، بەڵام دوو هەفتەیە بریار بوو وەفدی عێراق بچێت بۆ ئەنقەرە بۆ وتوێژ و رێکەوتن لەسەر بارودۆخە نوێیەکە بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، بۆیە دەکرێت وەکو لەسەرەتای ئەم بارودۆخەوە وتمان عێراق لەوانەیە سیاسەتی کات کوشتن بەکاربهێنێت. هەرچەندە ئاماژەش هەیە کە تورکیاش دەیەوێت رێک بکەون لەسەر قەرەبووەکەی دادگا یان دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردناکانی ئەو وڵاتە کە ئەردۆگان نایەوێتلەوە زیاتر وەکو چەکێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژی بەکار بهێنرێت. بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی هەرێم ڕیککەوتووە لەگەڵ بەغدا بەڵام هێشتا هیچی نەچنیوەتەوە لەو ڕیکەوتنە. ئەم مانگە و مانگی ئایندەش پێ دەچێت کێشەی مووچەی نەبێت چونکە داهاتی ٦ مانگی فرۆشی نەوتی رابردووی لایە و هێشتا پشکی کۆمپانیاکانیشی لێنەداوە، لەو پارەیە دەتوانێت لانی کەم ٣ مانگی پێ بەڕێ بکات، دواتریش بەو هیوایەی یاسای بوجە دەربچێت و بەغدا بوجە بنێرێت. فۆکۆسی ئێمە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی داموودەزگاکانی هەرێمە نەک بەغدا .ناکرێت هەروا بەو شێوە خراپوو ماندووە بەردەوام بێت، تەنها گرفت لە نەوت نییە بەڵکو هەموو سەکتەرەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم خراپە، کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بەنموونە. لەلایەکی تر چەندین ساڵە هاوار دەکرێت نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەسترێت و چارەسەری میللەتێک لەژێر رەحمەتی نرخی نەوتدا بێت بەو شێوەیەش کە نەوت قەیرانی زۆری بۆ خەڵکی هەرێم هێناوە، پێویستە ئەمڕۆ پێش سبەی هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنرێت بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهات. ناکرێت هەرچاومان لە بەغدابێت، سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی زۆر و زەوەند هەیە، تەنها ئیرادە، پلان ولێبڕان و دڵسۆزی پێویستە. پاشکۆ : خشتەی بەراوردی نرخەکان سود وەرگیراوەلە: • ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە تایبەت گۆڵف کیستۆن و HKN • پێگەی ئەلەکترۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق • پێگەی ئەلەکترۆنی سۆمۆ • راپۆرتەکانی دیلۆیت, وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵەکانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ • U.S. Energy Information Administration www.eia.gov
راپۆرت: درەو بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بكات، ئەگەری هەیە لەو كۆبونەوەیەدا شوێنگرەوە بۆ وەزیرەكانی یەكێتیی دیاری بكرێت، پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە، شوێنگرەوەی بریكارەكان یان دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی 2015ی پارتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان. وردەكارییەكان لەم راپۆرتەدا. سێ سیناریۆ ! بەپێی بەداواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بكاتو لە كۆبونەوەكەدا پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی یەكلابكرێتەوە، چونكە تیمی یەكێتیی لە حكومەت جارێكی تر سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووە لەوەی ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، لەحاڵەتی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتدا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، چەند سیناریۆیەك لەبەردەستدا دەبێت: سیناریۆی یەكەم: بریكاری وەزارەتەكانی یەكێتیی كە سەرجەمیان پارتین، لەبری وەزیرەكانی یەكێتی بانگهێشتی ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ناو كۆبونەوەكانی حكومەت لە ناو وەزارەتەكانی یەكێتییدا، بە بریكارەكان بسپێردرێت. سیناریۆی دووەم: بریكاری وەزارەتەكان وەك وەزیری بەوەكالەت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریان پێبكرێت، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دەسەڵاتیان پێبدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان. سیناریۆی سێیەم: دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2015دا، ئەمەیان پێدەچێت كاتێك بڕیاری لێبدرێت كە هەنگاوی پراكتیكی بۆ دوو ئیدارەیی دەستپێبكات، چونكە یەكێتیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆی هەیەو جیاوازە لە بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی كراوە، بیرۆكەی هێنانی بریكاری وەزارەتەكان بۆ ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە لە كۆبونەوەی سبەینێ یان لە هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی بۆشایی تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بدرێت. شوێنگرەوەكان كێن ؟ ئەگەر مەسرور بارزانی بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوەو كاروباری وەزارەتەكانی یەكێتیی بسپێرێت بە بریكاری وەزارەتەكان، شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی بەمشێوەیە دەبێت: • دارا رەشید وەزیری پلاندانان: بریكارەكەی (زاگرۆس فەتاح)ە • شۆڕش ئیسماعیل وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشمەرگە: بریكارەكەی (عەبدولخالق باپیری)ە • ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا: بریكارەكەی (عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق) • محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری: بریكارەكەی (ئاریان سەلاحەدین) • بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ: بریكارەكەی (كەریم سلێمان)ە بایكۆتی یەكێتیی سەرەتای تەقینەوەی كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی بۆ كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) دەگەڕێتەوە لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022دا، بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی ئەم كەیسەو تۆمەتباركردنی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیی بە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، یەكێتیی نیگەران كردو ئەمەی بە تاكڕەوی مەسرور بارزانی لە بڕیاردان لەناو حكومەت لێكدایەوە. لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەڵێ، یەكێتیی داخستنی كەیسی كوشتنی هاوكاری جافی كردووە بە مەرجو ئەو كەیسەكە داناخات. لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە ماوەی (4) مانگی رەبەقە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە. لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەنو بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووەو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە. رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان". دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد تاڵەبانیدا دەستنەكەوتو دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە. ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیو بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە. بەمدواییە مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانیو ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغدادو لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە دوێنێوە قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوەتە بەغدادو سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا. مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان). وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە. كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات. یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟ پارتی بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەكێتییەوە بە كارێكی نایاسایی دەبینێت، بەڵام تیمی یەكێتیی دەڵێ بەگوێرەی ماددەی (13) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ نەك لەبەردەم سەرۆك وەزیراندا. ئێستا كە ئیتر مەسرور بارزانی لە گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت بێئومێد بووە، ئایا شوێنی وەزیرەكان بە بریكارەكانیان پڕدەكاتەوە ؟ ئەگەر ئەمە رووبدات ئایا تیمی یەكێتیی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ لە كۆتایشدا ئەگەر تیمی یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوە ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی هەڵدەوەشێتەوە ؟ ئەو یاسایەی كە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، یاسای ژمارەی (3) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1992دا دەرچووەو (10) جار هەموار كراوە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ناو ماددە یاساییەكە كە تایبەتە بە كشانەوەی وەزیرەكان، وەكو خۆی ماوەتەوەو هیچ هەموارێكی تێدا نەكراوە. بڕگەی (1) لە ماددەی (یانزەیەم)ی ئەم یاسایە دەڵێ" لە حاڵەتی لادانی سەرۆكدا یا وازهێنانی، یاخود وازهێنانی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن، وا دادەنرێ كە وەزارەت وازی لە كار هێناوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەكە (مەبەستی لە كابینەكەیە) هاوپەیمانی بوو لەنێوان دوو دەستە سەرەكییەكەی ناو پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر وەزیرانی هەر لایەكیان بە كۆمەڵ لە وەزارەت كشانەوە، وا دادەنرێت كە وەزارەتەكە وازی لە كارهێناوە". بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی یەكێتیدا لە حكومەت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەی ئێستا یەكێتی یەكێكە لە دەستە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمانو لە دوای پارتییەوە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا زۆرترین كورسی هەیە. بەڵام بەگوێرەی بڕگەی (2) لە هەمان یاسا، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە حكومەت بكشێتەوەو حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار بكرێت، كابینەی نۆیەم هەر بەردەوام دەبێت، چونكە بڕگەی (2)ی ماددەكە دەڵێ" ئەندامانی ئەنجومەن تا كاتی پێكهێنانی وەزارەتێكی نوێ (مەبەستی كابینەیەكی نوێیە)، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانیان بەردەوام دەبن". بەڵام لە ساڵی 1999دا، پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی لەم ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیراندا كردووەو بڕگەی (3)ی بۆ ماددەكە زیادكردووە. بڕگەی (3)ی ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" سەرۆك بۆی هەیە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر قبوڵ بكات". بەپێی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی بەكۆمەڵی وەزیرەكانی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆی هەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان قبوڵ نەكات، ئەمە وادەكات كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش وەكو خۆی بەردەوام بێتو بە كابینەی كاربەڕێكەر ئەژمار نەكرێت، سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەم بڕگەیە بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی یەكێتیی بە ملدان بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ. خۆ ئەگەر مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەكانەوەی بەكۆمەڵی تیمی یەكێتیی لە حكومەت قبوڵ بكات، بەپێی دواین هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بكات، سەرۆكی هەرێم دوای دەركردنی نوسراوی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، بەپێی یاساكە دەبێت داوا لە وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە ئەركو فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا ئەوكاتەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت، واتە لە كۆتایدا تیمی یەكێتیی هەر دەبێت لەناو حكومەت بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت. لەبەرامبەریشدا لە هەموو حاڵەكاتدا كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش دەتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاربەڕێكەریش بێت، بەڵام هەموو ئەمانە سیناریۆی یاسایین بۆ دۆخەكە، سیناریۆی واقعیش هەیە كە دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتییە هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، هەروەها سیناریۆی راگەیاندنی دوو ئیدارەییو جیابونەوەی یەكجاری پارتیو یەكێتیی لەیەكتر.
راپۆرت: درەو لەسەرەتای ئەم مانگەوە، نرخی دۆلاری ئەمریكی بەشێوەیەكی بەرچاو لەبازاڕەكانی عێراق رووی لەدابەزین كردووە، جیاوازی نرخی بازاڕی رەشو نرخی فەرمی بەردەوام لە كەمبونەوەدایە، بەجۆرێك ئێستا نرخی دۆلار گەیشتووەتەوە خوار ئەو نرخەی كە لەمانگی كانونی دووەمی (2020)دا حكومەتەكەی كازمی چەسپاندی، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی كوردستان دابەزی بۆ نزیكەی (144 هەزار) دینار، بۆچی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی خێرا روو لە دابەزین دەكات؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دۆلار بۆچی دابەزی ؟ پێگەی (میدل ئیست ئای) بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێ" لەدوای رێوشوێنە نوێیەكانی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاوە، ئێران ناچار بووە بەتەواوی پشت بە بازاڕی رەشی عێراق ببەستێت بۆ دابینكردنی دراوی قورس". بەوتەی بەرپرسە عێراقییەكان، ئێران پارەیەكی زۆری لە كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕی رەشی عێراق بەهەدەردەچێت، بەوپێیەی دەبێت بۆ كڕینی بڕی (یەك ملیۆن) دۆلار بڕی (400 هەزار) دۆلار بدات بە دەڵاڵی كڕینی دۆلارو قاچاغچییەكانی ئاودیوكردنی دۆلار تا پارەكەی بەدەست بگات. "لەماوەی ئەم چوار مانگەی رابردوودا، بەهۆی كڕینی دۆلار لەبازاڕی رەشی عێراق، بەتایبەت دوای ئەو كۆتوبەندانەی كە بانكی فیدراڵی ئەمریكا بەسەر مەزادی فرۆشتنی دراودا سەپاندی، ئێرانییەكان زیانی گەورەیان كردووە" بەرپرسێكی باڵای عێراق وا دەڵێ. ساڵی رابردوو، عێراق زۆرینەی قەرزەكانی غازو كارەبای بۆ ساڵەكانی (2019-2021) بە دیناری عێراقی دایەوە بە ئێران، تاران رۆژانە لەڕێی مەزادی دراوی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئەو دینارانەی دەگۆڕیەوە بۆ دۆلار، ئەمە سودی زیاتری بۆ ئێران تێدا بوو، بەڵام لەدوای ئەوەی واشنتۆن كۆتوبەندی بەسەر مەزادی دراوی عێراقدا سەپاند، ئیتر كەسە نادیارەكانو ئەو وڵاتانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە لەنمونەی ئێران، توانای سودوەرگرتنیان لە مەزادی دۆلاری عێراق نەما. ئێران ئێستا نزیكەی (8 ملیار) دۆلار قەرزی شایستەی فرۆشتنی غازو كارەبای لای عێراقە، بەغداد سەرجەم قەرزەكانی ئێرانی داوەتەوە، بەڵام پارەكان خراونەتە ئەژمارێكی تایبەت لە بانكی بازرگانی عێراقی. ئێران دەتوانێت ئەم پارەیە تەنها بۆ كڕینی ئەو شمەكانە بەكاریبهێنێت كە سزای ئەمریكایان لەسەر نیە، لەنمونەی دەرمان، بەڵام ئێرانییەكان دەیانەوێت ئەو پارانەی وەك قەرز لای عێراقە، بەو شێوەیە بەكاربهێنن كە خۆیان دەیانەوێت. ئێرانییەكان هەفتەی رابردوو بڕیاریاندا كڕینی دۆلار لە بازاڕی رەشی عێراق رابگرن، بەوهۆیەوە بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەخێرایی لەبازاڕەكانی عێراق دابەزی. لەئێستادا نوسینگەكانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان كە رێڕەوی سەرەكی ئاودیوكردنی دۆلارن، دۆلار بۆ هەر كڕیارێك دابین دەكەن كە دوای بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە لەمانگی شوباتو ئازاری رابردوودا، تەنها بۆ كڕیارە تایبەتییەكانیان دابین دەكرد. "دۆلار لەچەند رۆژی داهاتوودا زیاتر دادەبەزێت، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەئاودیوكردنی دۆلار، پێش هەمووان دەستپێشخەریان كردووە بە گۆڕینەوەی بڕێكی گەورەی ئەو دۆلارەی گلیانداوەتەوە، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانیان" ئەمە بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی عێراقی. رەنگە ئەمە یەكێك لەهۆكارەكانی دیارەكانی جیاوازی نێوان نرخی دۆلار بێت لەنێوان هەرێمی كوردستانو شارەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق، بەوپێیەی بەبەراورد بە ناوەڕاستو باشوری عێراق ئەمڕۆ بەهای دۆلار لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی. كابینەی نوێی حكومەتو قەیرانی دۆلار ! لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دوای چەند هەفتەیەك لەدەستبەكاربوونی حكومەتی سودانی، بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا كۆمەڵێك رێوشوێنی توندی بەسەر جوڵەی دۆلار لەمامەڵە بانكییە بازرگانیەكانی عێراق بە دۆلار، سەپاند. ئەمە لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی بانكی ئەمریكادا بوو بۆ سنورداركردنی پرۆسەی شتنەوەی پارەو ئاودیوكردنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێرانو ئەو وڵاتانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون. ئەم پێشهاتە نرخی دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕەكانی عێراق بەشێوەیەكی چاوەڕاننەكراو بەرزكردەوە، یەكەم ئاڵنگاری بوو كە روبەڕووی حكومەتی نوێی عێراق بووەوە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەتایبەت كە رێوشوێنە نوێیەكان رێگەی لە حەواڵە نادیارو نایاساییەكان گرت، بەوەش بازاڕی ڕەش بووە تاكە سەرچاوەی دابینكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی سنورەكان، بەو هۆیەوە نرخی هەر دۆلارێك گەیشتە نزیكەی (هەزارو 800) دیناری عێراقی، لەكاتێكدا نرخی فەرمی لەبانكی ناوەندی بۆ هەر یەك دۆلار بەرامبەر بە (هەزارو 460) دینار بوو، ئەمە بەرلەوەی لەسەرەتای مانگی شوباتی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراق بەفەرمی نرخی هەر دۆلارێك بۆ (هەزارو 300) دینار دابەزێنێت. هەنگاوەكانی بانكی ناوەندی بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو، كە خۆی لە ڕاگەیاندنی (3) پاكێجدا بینیەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی جوڵەی دۆلارو جێگیركردنی نرخەكەی لەبازاڕی رەش، تائاستێك توانی بەهای دۆلار جێگیربكات، بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی لەگەڵ نرخی فەرمی هاوتای بكات. مەزادی دراو یاخود پەنجەری فرۆشتنی دراوی بیانی لە عێراق، بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو كەنالێكی گرنگ بوو بۆ بردنەدەرەوەی ملیاران دۆلاری گەندەڵیو سپیكردنەوەی پارەو حەواڵەكردنی دەیان ملیۆن دۆلاری رۆژانە لەڕێی پسوڵەی ساختە بەناوی هاوردەكردنی شمەكو كاڵا، ئەم دەرگایە رێڕەوێكی گرنگ بوو بۆ خۆدزینەوەی ئێران لەسزا ئابورییەكانی ئەمریكا. دۆلاری ئەمریكاو دیناری بریمەر ! لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو. ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتەدەست، بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو. سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیتو كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەنو دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشتو لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو. لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرتو دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا. دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامیو دیناری سویسری لە كوردستان، دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێتو پێی دەڵێن "دیناری بریمەر". ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (هەزارو 146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (هەزارو 166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (هەزارو 820) دینار. دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناو دابەزینی بەهای نەوتو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد. حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان، نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (هەزارو 460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران. عێراق وڵاتێكی بەرخۆر "رەیعی"ە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارەو ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوەو زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت.
شیكاری: درەو پاڵپشت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجامی کۆتایی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم لە دوا هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموار کراو"؛ # پارتی (2) کورسی و یەکێتی (3) کورسی لەدەست دەدات. # نەوەی نوێ هەمان کورسییەکانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە. # یەکگرتووی ئیسلامی لە (4) کورسییەوە دەبێت بە (5) کورسی، کۆمەڵی دادگەریش لە (1)ەوە بۆ (4) کورسی هەڵدەکشێت. # بزوتنەوەی گۆڕانیش کورسییەک دەباتەوە. سەرەتا ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛ یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛ 1. پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتا (پێكهاتهكان). 2. پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدابوو، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس. دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە: ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن. سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە بوون. بەپێی ئەم ماددەیە: 1. عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش بوو. 2. پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی بوو لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆرا بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش پرۆسەکەی بردە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛ 3. کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرا، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی مایەوە ناگوێزرایەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییهكه 4. هەر پاڵیوراوێک زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست هێنا بەشێوەی ڕیزبەندی سەرکەوت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەوتن بهشێوهی ڕیزبهندی، بە مەرجێک؛ ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بوو. ب. هەر بازنەک کاندیدە یەکەکەمەکانی لە ڕەگەزی نێربوون، کەسی چوارەمیان جێی هێشت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابوو ج. هەر دوو پاڵێوراوێکی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام درا. د. ئەو بازنانەشی سێ کورسی بۆ تەرخان کرابوو هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (ا، ب، ج، د) ڕاست بوون، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە. یەکەم؛ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10/10/2021) بەپێی پیڕەوکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی (2020) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان؛ (15) کوردسی بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان (10) کوردسی، - نەوەی نوێ (3) کورسی، - یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (2) کورسی بەدەستهێنا. (18) کوردسی بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (8)کورسی، - نەوەی نوێ (5) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی. - پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی بەدەستهێنا. (11) کوردسی بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک دابەشکراو، ئەنجامەکانی بەم شێوەیە بوون؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کوردسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) (1) کورسی بەدەستهێنا. تایبەت بە کۆی کورسی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بڕوانە خشتەی ژمارە (1) کە بەم شێوەیەیە؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان (20) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (11) کوردسی، - نەوەی نوێ (8) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (4) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (1) کوردسیان بەدەستهێنا خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ کاریگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە سەر پارتە کوردییەکان (ئەنجامی دوا هەڵبژاردن) لە 27/3/2023 ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ، هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018)ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی پەسەندکرد و لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکی خست، بەپێی هەموارەکە لە ڕوی سیستمی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری لە دوو تەوەری گرنگدا کرد، کە ئەوانیش؛ 1. دابەشکردنی عێراق لە (83) بازنەی هەڵبژاردن هەڵوەشاندەوەو گۆڕی ئەوەی هەر پارێزگایەک بازنەکی هەڵبژاردن بێت، وەک لە هەڵبژادنەکانی پێش (10/10/2021) پەیڕەو دەکرا. 2. تەبەنی کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار کراو بە پەیڕەو کردنی دابەشکردنی کۆی دەنگی قەوارەی سیاسی بە سەر ژمارەکانی (1.7، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) لە شێوازی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی، گەڕانەوەی شێوازی دەنگدان لە کاندیدەوە بۆ لیست و قەوارە. لێرەدا ئەوە روون دەکەینەوە کە مەبەست لە سیستمی "سانت لیگۆی هەموار کراو" چییەو چۆن کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسی لایەنە سیاسییەکان دەبێت و دەنگی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە نمونە وەردەگرین پاڵپشت بە ئەنجامەکانیان لە دواین هەڵبژاردنی هەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021). شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتوە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات. بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە کاتێک لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...)یان بكەین. بۆ بەرچاو رونی زیاتر، ئەنجامی کۆی دەنگە دروستەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر ئاستی پارێزگاکان وەربگرین و پەیڕەوی لە سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" بکەین ئەوا دەبینین. 1. پارێزگای هەولێر؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (2) - پارتی دیموکراتی کوردستان (10) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (2) کوردسی، - نەوەی نوێ (3) کوردسی بەدەست دەهێنن. 2. پارێزگای سلێمانی؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (3) - پارتی دیموکراتی کوردستان (3) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (6) کوردسی، - نەوەی نوێ (5) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (1) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (2) کوردسی، - بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن. 3. پارێزگای دهۆک؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (4) - پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کوردسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (3) کوردسی بەدەست دەهێنن. پاڵپشت بە دەنگی دروستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" کۆی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی ژمارە (5)دا رونکراوەتەوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان (21) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (8) کوردسی، - نەوەی نوێ (8) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (4) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (2) کوردسی، - بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن. خشتەی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (4) سێیەم؛ کاریگەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە سەر پارتە کوردییەکان (ئەنجامی دوا هەڵبژاردن - گریمانەیی) ئەگەر چی لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا گرفتی ئەوە دروست دەبێت کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ئەو ژمارە دەنگەی بەدەستیان هێناوە بە دەنگی دروستی خۆیان نەزانن، چونک بەپێی سیستمی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکان دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن کرابوون، بەشیک لەو لایەنە سیاسییانە لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن نوێنەرایان نەبووەو دەنگیان پێ نەدراوە لەم بەشەدا گریمانەی ئەوەمان کردووە کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەرجەم بازنەکان پاڵێوراویان هەبوایە. "بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر تەنها لە (2) بازنەی هەڵبژاردن پاڵێوراوی هەبوو لە (2) بازنەکەی دیکە هیچ پاڵێوراوێکی نەبووە بۆیە لە پارێزگای هەولێر دەنگەکانی لێدانی (2) کراوە" بە هەمان شێوە بۆ سەرجەم لایەنەکانی دیکە ئەوەمان کردووە، جگە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای دهۆک هیچ پاڵێوراوێکیان نەبووە بۆیە هیچ دەنگێکیان لەو بازنەیە بۆ هەژمار نەکراوە، بەم پێیەش. 1. پارێزگای هەولێر؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (6) - پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (2) کوردسی، - نەوەی نوێ (3) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (1) کوردسی بەدەست دەهێنن. 2. پارێزگای سلێمانی؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (7) - پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (5) کوردسی، - نەوەی نوێ (5) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (2) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (3) کوردسی، - بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن. 3. پارێزگای دهۆک؛ بڕوانە خشتەی ژمارە (8) - پارتی دیموکراتی کوردستان (7) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (1) کوردسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (3) کوردسی بەدەست دەهێنن. پاڵپشت بە دەنگی "گریمانەیی" لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیڕەوکردنی سیستمی "سانت لیگۆی هەموارکراو" کۆی کورسییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی ژمارە (9)دا رونکراوەتەوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان (18) کوردسی، - یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (8) کوردسی، - نەوەی نوێ (8) کورسی، - یەکگرتووی ئیسلامی (5) کوردسی، - کۆمەڵی دادگەری (4) کوردسی، - بزوتنەوەی گۆڕان (1) کوردسی بەدەست دەهێنن.
راپۆرتی: هێمن خۆشناو له ههڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، بۆ ئهوهی یهكێك له كاندیدهكان له گهڕی یهكهمیندا ههڵبژاردنهكه له بهرژهوهندی خۆیدا یهكلایی بكاتهوه، پێویستی به 27 ملیۆن دهنگ ههیه بۆ ئهوهی رێژهی (50+1) بهدهست بێنێت. رهجهب تهیب ئهردۆغان كاندیدی هاوپهیمانی كۆمار تێگهیشتووه كه ناتوانێ له گهڕی یهكهم ئهم ژماره و رێژهیه بهدهست بێنێت، ههموو ههوڵهكانی دهخاتهگهڕ بۆ ئهوهی ههڵبژاردن له گهڕی یهكهمدا یهكلایی نهبێتهوه. له 14 ئایاری مانگی داهاتوو له توركیادا ههڵبژاردنی 28 مین خولی پهرلهمانی توركیا ئهنجام دهدرێت كه تیایدا پارت و بلۆكه سیاسیهكان پێشبڕكێ دهكهن بۆ بهدهستهێنانی 600 كوورسی له پهرلهمانی ئهم وڵاتهدا. ههروهها له ههمان رۆژدا گهڕی یهكهمینی ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار ئهنجام دهدرێت. ژمارهی دهنگدهر و ئاماری ههڵبژاردنهكانی پێشووتر چیمان پێ دهڵێن؟ به گوێرهی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی توركیا لهناوخۆی توركیادا 60 ملیۆن و 904 ههزار و 499 كهس مافی بهشداریكردنیان ههیه، له ههڵبژاردنی 14 ئایاری 2023 داهاتوودا. ههروهها به گوێرهی ههمان دامهزراوه ژمارهی دهنگدهری تورك له دهرهوهی سنووری ئهم وڵاته 3 ملیۆن و 286 ههزار و 786 كهسه. لهم سۆنگهیهوه ژمارهی تهواوی بهشداربووان له ههڵبژاردنی داهاتووی توركیادا دهگاته 64 ملیۆن و 690 ههزار و 785 كهس، كه نزیكهی 6 ملیۆن دهنگدهر بۆ یهكهمین جاره دهنگ دهدهن. بهپشت بهستن بهم ئاماره، ئهگهر وهكو زۆربهی ناوهندهكانی راپرسی پێشبینی دهكهن، رێژهی بهشداربووان له ههڵبژاردنی داهاتوودا له نێوان 85 – 90٪ بێت، ژمارهی ئهو دهنگدهرانهی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن له نێوان 53 – 54 ملیۆن دهنگدهر دهبێت. به رهچاوكردنی یاسای ههڵبژاردنهكانیش كه دهبێت كاندیدی سهركهوتوو له گهڕی یهكهمیندا (50+1) دهنگهكان بهدهست بێنێت، دهبێت كاندیدی براوه 27 ملیۆن دهنگ بێنێت. كاتێك به ژمارهی دهنگهكانی رهجهب تهیب ئهردۆغان سهركۆماری ئێستا و كاندیدی هاوپهیمانی كۆمار دادهچینهوه، له ههڵبژاردنهكانی پێشتردا هیچ كاتێك نهگهیشتۆته ئهم ژمارهیهی ئهمڕۆ پێویسته بۆ سهرلهنوێ ههڵبژاردنهوهی. له ههڵبژاردنی سهركۆماری له ساڵی 2014 دا، ئهردۆغان 21 ملیۆن دهنگی هێنا، كه تیایدا مهههپه له دژی ئهردۆغان دهنگی به كاندیدی ئهو كاتهی سهركۆماری (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) دا كه رێژهی بهشداربوون تیایدا 75٪ بوو. له ریفراندۆمی ساڵی 2017 بۆ گۆڕینی سیستهمی پهرلهمانی بۆ سهرۆكایهتی، كه مهههپه و ئاكهپه به یهكهوه بوون بهرهی "بهڵێ" بۆ گۆڕینی دهستوور" كه ئهردۆغان سهرۆكایهتی دهكرد 25 ملیۆن دهنگی بهدهستهێنا. ههروهها له ههڵبژاردنی سهركۆماری دوای گۆڕینی دهستوور و سیستهمی پهرلهمانی بۆ سهرۆكایهتی له ساڵی 2018 دا، ئهردۆغان كه كاندیدی هاوبهشی ئاكهپه و مهههپه بوو، توانی 26 ملیۆن دهنگی بهدهست بێنێت. له بهرامبهریشدا دهنگهكانی بهرهی ئۆپۆزسیۆن له ساڵی 2014 تا 2018 بهم شێوهیه بووه. له ههڵبژاردنی 2014 (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) كه كاندیدی هاوبهشی (جهههپه و مهههپه) بوو 15 ملیۆن و 500 ههزار دهنگی بهدهستهێنا. ههروهها (سهڵاحهدین دهمیرتاش) هاوسهرۆكی پێشتری هاداپ كه ركابهری ئهردۆغان و ئیحسانئۆغڵو بوو 4 ملیۆن دهنگی بهدهستهێنا. له ریفراندۆمی دهستوور له ساڵی 2017 بهرهی ئۆپۆزسیۆن یان بهرهی "نهخێر" 23 ملیۆن و 700 ههزار دهنگی بهدهستهێنا. دهكرا ئهنجامی دهنگدان لهسهر دهستووری نوێ، بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا ببێته وێستگهیهكی گرنگ له ههڵبژاردنی گشتی 2018 دا، بهڵام ئۆپۆزسیۆن لهو ئهنجامه ئهزموونی وهرنهگرت و به چوار كاندید بهشداریان له ههڵبژاردن كرد، كه دووباره سهركهوتنی ئهردۆغانی لێكهوتهوه. بهپشتبهستن به حزب و كاندیدی "فهیك" ئهردۆغان ههوڵدهدات ههڵبژاردن له گهڕی یهكهمدا یهكلایی نهبێتهوه! بهگوێرهی زۆربهی ناوهندهكانی راپرسی و توێژینهوه، له ئێستادا دهنگهكانی ئهردۆغان دابهزیووه بۆ 21 – 22 ملیۆن دهنگ كه دهكاته رێژهی 42 – 43٪ تهواوی دهنگدهران. له بهرامبهردا، دهنگی كهمال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپهیمانی (میللهت) به دهنگی پێشبینكراوی هاداپ كه 13٪ به 30 – 31 ملیۆن دهنگ له قهڵهم دهدرێت، كه ئهم ژمارهیهش بهسه بۆ یهكلایی كردنهوهی سهركۆماری داهاتوو له گهڕی یهكهمینی ههڵبژاردندا. پێدهچێت ئهردۆغان دركی بهم راستیهی سهرهوه كردووه، بۆیه له ئێستادا ستراتیژی ههڵبژاردنی ئهردۆغان بۆ ئهوهیه ههڵبژاردن له گهڕی یهكهمدا یهكلایی نهبێتهوه. دووریشنیه ئهردۆغان زۆر پێشتر بهگوێرهی ههڵومهرجی توركیا رێوشوێنی تایبهتی گرتبێتهبهر بۆ ئهم مهبهسته. بهشێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه رهجهب تهیب ئهردۆغان له ساڵی 2020 بهدواوه كاری لهسهر دروستكردنی پارت و كاندیدی فهیك كردووه كه بتوانن دهنگهكانی ئۆپۆزسیۆن پارچه بكهن. ئهمڕۆ بهشێكی دیار له پسپۆران و چاودێرانی سیاسی، خۆ كاندید كردنی (محهڕهم ئینجه و سینان ئۆغان) بۆ پێشبڕكێی سهرۆكایهتی كۆمار، به خزمهتكردنی ئهجنداكانی ئهردۆغان و ههوڵی پهكخستنی یهكلاییكردنهوهی ههڵبژاردنی سهركۆمار له گهڕی یهكهمیندا له قهڵهم دهدهن. پێشبینی دهكرێت له ههڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتوودا، محهڕهم ئینجه كه پێشتر یهكێك بووه له فیگوڕه دیارهكانی ناو جهههپه و له ههڵبژاردنی ساڵی 2018 كاندیدی ئهم پارته بووه بۆ ههڵبژاردنی سهركۆماری، دهنگی بهشێك له دهنگدهرانی كهمال كلیچدارئۆغڵو بۆ خۆی ببات. لهههمان كاتدا پێدهچێت سینان ئۆغانیش كه پێشتر پهرلهمانتار و جێگری سهرۆكی مهههپه بووه، ژمارهیهك له دهنگی دهنگدهرانی ئی پارتی ببات كه هاوپهیمانی جهههپهیه لهناو هاوپهیمانی میللهتدا. ئهگهر ئهم دوو كاندیده بهیهكهوه بتوانن شهش ملیۆن دهنگ بێنن، ئهوه سهركهوتنی كلیچدارئۆغڵو له گهڕی یهكهمیندا پهكدهخهن. بۆچی ئهردۆغان دهخوازێت ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار بچێته گهڕی دووهمین؟ پێناچێت له ئێستادا ئهردۆغان هیچ هیوایهكی مابێت دهنگی نوێ بهدهست بێنێت، بهڵكو پاراستنی رێژهی دهنگهكانی ئهولهویهته، به تایبهتی كه زۆربهی ناوهندهكانی راپرسی جهخت لهوه دهكهنهوه كه ئهم فیگوڕه ناتوانێت له گهڕی یهكهمدا دهنگی 2018 بهدهست بێنێتهوه. ئهگهر ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار له گهڕی یهكهمیندا یهكلایی نهبێتهوه (ئهگهر هیچ كاندیدێك 50+1 بهدهست نههێنێت) ئهوه له 28 ئایاردا گهڕی دووهمینی ههڵبژاردن ئهنجام دهدرێت، تیایدا دوو كاندید كێبڕكێ دهكهن و ئهوهی دهنگی زیاتر بهدهست بێنێت دهبێته سهركۆماری داهاتووی توركیا. ئهردۆغان پێیوایه ئهگهر ههڵبژاردن بكهوێته گهڕی دووهمین و ژمارهی كوورسی پارته سیاسیهكان له پهرلهماندا دیاربێت، مهسهلهی (سهقامگیری) و (ئاسایش) دهبێته ئهولهویهتی دهنگدهر كه ئهمهش به قازانجی خۆی دهبینێت، لاوازیش بێت هیوای لهسهر ههڵدهچنێت. به گوێرهی ئهو زانیاریانهی كۆمسیۆنی باڵای ههلبژاردن بڵاوی كردۆتهوه، له ههڵبژاردنی داهاتوودا 6 ملیۆن دهنگدهر ههیه كه بۆ یهكهمین جار دهچنه سهر سندوقهكانی دهنگدان، ههروهها 20 ملیۆن دهنگدهر تهمهنیان له خوار 30 ساڵیه. به رهچاوكردنی دۆخی ئابووری و كۆمهڵایهتی توركیا كه گیرۆدهی چهندین قهیران هاتووه، ئهگهر له رووی سۆسیۆلۆژیهوه ههڵسهنگاندنی بۆ بكهین، دهگهینه ئهو ئهنجامهی كه لهم 26 ملیۆن دهنگدهره كهمترین دهنگ بۆ ئهردۆغان و هاوپهیمانیهتیهكهی دهچێت. لهم سۆنگهیهوه جارێكی دیكه دهگهینهوه ئهو ئهنجامهی كه زهحمهته ئهردۆغان بگاتهوه رێژهی دهنگهكانی ساڵی 2018. له چهند ئهگهرێكدا، ئهردۆغان دهتوانێ هاوسهنگی ههڵبژاردن له بهرژهوهندی خۆیدا بگۆڕێت، یهكێك لهو ئهگهرانه، وهكو پێشبینی دهكرێت رێژهی بهشداریكردنی ههڵبژاردن (85-90٪) نهبێت بهڵكو له خوار ئهم رێژهیه بێت. به واتایهكی دیكه ههرچهند رێژهی بهشداریكردن له ههڵبژاردن كهمتر بێت ئهوه له قازانجی ئهردۆغان دایه. چونكه له ههموو دۆخێكدا ئهردۆغان و هاوپهیمانانی دهتوانن دهنگدهرانیان ببهنه سهر سندوقهكانی دهنگدان. بهر له بۆمهلهرزهی 6 شوباتی رابردوو كه 11 شاری توركیای گرتهوه و زیاتر له 50 ههزار كهسی كرده قوربانی و به ملیۆنان كهسیشی بێ ماڵ و حاڵ كرد، ناوهندهكانی راپرسی رێژهی بهشداریكردنیان له ههڵبژاردن به (75 – 80٪) مهزهنده دهكرد. ناوهندهكانی راپرسی ههڵكشانی رێژهی بهشداربوون له ههڵبژاردنی داهاتوودا بۆ رۆحی هاوكاری و بههاناوهچوونی لێقهومان دهگێڕنهوه كه له رۆژانی دوایی روودانی بۆمهلهرزهكه هاته ئاراوه. جگه له خراپی ئیدارهدانی حكوومهت، گهندهڵی، پووكانهوهی ئابووری، هۆكارێكی دیكهش له ئارادایه بۆ دابهزینی رێژهی دهنگی ئهردۆغان كه له ههڵبژاردنی سالی 2018 ئهم هۆكاره له ئارادا نهبوو. لهدوای ساڵی 2018 دوو پارتی سیاسی له جهستهی ئاكپارتی بوونهوه كه ئهوانیش (پارتی گهلهجهك كه ئهحمهد داودئۆغڵو سهرۆكایهتی دهكات لهگهڵ پارتی دیموكراتی و پێشكهوتن كه عهلی باباجان سهرۆكایهتی دهكات) و رێژهی دهنگی ههردووكیان به یهكهوه به 5٪ پێشبینی دهكرێت. دوو ئهگهری دیكه له ئارادایه بۆ ئهوهی ئهردۆغان بتوانی باری لاسهنگی راست بكاتهوه، ئهویش ترساندنی دهنگدهری كورده له شارهكانی باكووری كوردستان تا له رۆژی ههڵبژاردن نهچنه سهر سندوقهكانی دهنگدان و دهنگ بۆ كلیچدارئۆغڵو نهدهن. رهنگه پهلكێشكردنی (هودا – پار) بۆ ناو هاوپهیمانی كۆمار به دهستپێشخهری ئهردۆغان بۆ ئهم مهبهسته بێت. چونكه ئهم پارته به باڵی سیاسی (حزبولڵا) له قهڵهم دهدرێت كه لهناو بهشێكی زۆری كوردانی باكووردا به (حزبی شهیتان) ناسراوه و له ههردوو دهیهی ههشتهمین و نۆیهمینی سهدهی رابردوو ههزاران هاوڵاتی كوردیان له كردهوهی بكهر نادیاردا كرده قوربانی. ئهگهرێكی دیكه كه هاتنهدی زهحمهته، لێكترازان و پارچهبوونی هاوپهیمانی میللهته، كه لهم ساته بهدواوه زۆر زهحمهته ئهگهر مهحاڵیش نهبێت. چونكه خاڵی هاوبهشی ههر شهش پارتهكهی ناو هاوپهیمانی میللهت، دوورخستنهوهی رهجهب تهیب ئهردۆغانه له دهسهڵات و كۆشكی سهرۆكایهتی كۆمار. ههر پارتێك لهم ساته بهدواوه لهم هاوپهیمانیهتیه ههڵگهڕێتهوه وهكو ئهوهیه بڕیاری خۆ كوشتنی خۆی بدات. به بهراورد لهگهڵ ههڵبژاردنهكانی رابردوودا ئهردۆغان بهدهست چیهوه دهناڵێنێت! دوای ئهوهی ئهردۆغان له ساڵی 2003 هاته سهر دهسهڵات، له ههموو ههڵبژاردنه سهرۆكایهتی، پهرلهمانی و خۆجێیهكان سهركهوتنی بهدهستهێنا. له ههموو ئهم ههڵبژاردنانهش چهكی دهستی ئهردۆغان بریتی بووه له بهكارهێنانی ئایین و پشتگیریكردنی لهلایهن جهماعهته ئایینیهكان كه كاریگهریهكی هێجگار گهورهیان ههیه، جگه لهوهش بهكارهێنانی هێزی دهسهڵات و تواناكانی میللهت له پاره بگره تا راگهیاندن چهكێكی دیكهی كاریگهری دهستی ئهردۆغان بووه، جگه لهم دوو چهكهش ئهردۆغان بهردهوام گفتی چارهسهری كێشه ئاڵۆزهكانی توركیا به گوێی دهنگدهر چرپاندووه و بۆ ئهم مهبهستهش دهزگا راگهیاندنهكانی بهباشی بهكارهێناوه. له ههمان كاتدا ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئهردۆغان جگه له پهرشوبڵاوی، بهدهست كێشهیهكی دیكهی دهناڵاند. ئۆپۆزسیۆن بههیچ شێوهیهك نهیتوانی توێژی موحافهزهكاری توركیا كه نزیكهی 40٪ ههموو دهنگدهرانی توركیا پێكدێنێت رازی بكات یان متمانهیان پێبدات كه ئهوهی له سهردهمی بهر له ئهردۆغان له دژیان كراوه دووباره نابێتهوه. له ئهمرۆدا ئهردۆغان بهدهستی چهندین كێشهی دیكهش دهناڵێنێت كه گهیشتنی به دهنگهكانی ساڵی 2018 ئاستهنگ دهكات، ئهو كێشانهش بریتین له: كێشهی ئابووری، گهندهڵی، بهرتهسك كردنهوهی دیموكراسی و ئازادی تا رادهی نهمان، ئهو كێشانهی لهدوای بۆمهلهرزهكهی ئهم دوایه تووشی هاتووه لهگهڵ پاشگهزبوونهوهی له چارهسهری كێشهی كورد و پهنابردن بۆ زیندان و سزادان بۆ كپكردنهوهی لێكهوتهكانی ئهم كێشهیه. جگه لهم كێشانهی سهرهوه، له ئهمڕۆدا سروشتی رێكخراوهیی و كارهكتهرهكانی ناو ئاكهپه گۆڕاوه. كادیرهكانی ئاكپارتی له ساڵانی 2002، 2007 و تا ساڵی 2011 بۆ رازیكردن و بهدهستهێنانی دهنگدهر ماڵ به ماڵ دهگهڕان. بهڵام ئهمڕۆ ئهم ئارهزووه له كادیرانی ئاكهپه نابیندرێت. دوێنی كادیر و ئۆرگانهكانی ئاكهپه بۆ سهركهوتنی ئهردۆغان ههموو رێگایهكیان دهگرتهبهر. بهڵام كادیرانی ئهمڕۆ كادیری مشهخۆر و بهرژهوهندیخوازن. بۆ نموونه له پێناو دهستخستنی تهندهری ئهو باڵاخانانهی بۆمهلهزره وێرانی كردوون، بهرپرسانی ئاكهپه چهندین شێوازی گهندهڵكاریان ئهنجامداوه، نرخی یهكهكانی نیشتهجێبوونیان بهرز كردۆتهوه، ههموو ئهمانهش سۆسیال میدیا و تیڤیهكانی ئۆپۆزسیۆنیان تهنیووهتهوه. له ئێستادا له پشت ئهردۆغان پارتێكی به دسپلین و به نهزاكهت نهماوه. له رووی كهسانی ئهنتهلـلهكتوێل و پسپۆریشدا لاوازیهكی دیار دهبیندرێت، كهسانی بیرمهند و به توانا كه لهناوهندی بڕیاری ئاكهپهدا جێ پهنجهیان دیاربوو، ریزهكانی ئهم پارتهیات جێهێشتووه. تا دهچێت له رووی چۆنایهتی كادیرانی پارتی دهسهڵاتداری توركیا لاوازتر دهبن، تهنیا جۆره كادیرێك لهناو ئهم پارته دهبیندرێت ئهویش ئهو كادیرهیه كه ئهردۆغان به پیرۆز له قهڵهم دهدات. ئهم دۆخهش تا بڵێی ئهردۆغانی له رووی دهروونی، هزری و لهوانهیه جهستهیش شهكهت كردووه. له بهرامبهر ئهم لاوازی و شهكهتیهی كه ئهردۆغان بهدهستیهوه دهناڵێنێت، ركابهرهكانی ئهردۆغان فێری زۆرشت بوونه له ئهزموونهكانی رابردوویاندا. كهمال كلیچدارئۆغڵو كه له ئهمڕۆدا گهورهترین ههڕهشهیه لهسهر دواڕۆژی سیاسی رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرهڕای ههموو ئاستهنگهكانی بهردهمی سووره لهسهر یهكلایی كردنهوهی ههڵبژاردن له گهڕی یهكهمیندا، ئهم سووربوونهشی به ترس له ركابهرهكهی دهبهسترێتهوه، چونكه له چهندین وێستگهی دیكهدا كه ئهردۆغان له پهلهقاژهی مهرگی سیاسیدا بوو هاوسهنگیهكانی گۆڕی و ئهنجامهكانی بهلای خۆیدا شكاندهوه.
شیكاری: درەو لە ساڵی (2022)دا کۆمپانیا تورکییەکان بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ # زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). # (125 ملیۆن) دۆلار لە چارەکی یەکەمی (2022) لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. # (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). یەکەم: دەستکەوتە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکان لەساڵی (2022) تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە دەستی لەنێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدایەو لە ساڵی (2022)دا ئەو کۆمپانیایانە بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). (125 ملیۆن) دۆلار، هاوکات لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). (بڕوانە خشتەکە). جگە لەو کۆمپانیایانەی سەرەوە کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی لە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمدا پشکدارەو تەنها یەکێکیان گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و شایستە داراییەکانی نەزانراوە، لەگەڵ ئەوانەش پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە (هاڵک بانک)ی تورکی و دیار نیە بڕی ئەو قازانجە چەندە کە بانکەکە دەیکات. لە بەشەکانی داهاتوو بە وردی تیشک دەخەیەنە سەر چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدا. دووەم: بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکات سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبێت. بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی تانکەر و بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرا. بەڵام لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، گۆڕانکاری گەورە بەسەر بڕو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هات. ئهم هێڵه له سهرەتادا پلان وههابووە که بۆ غازبێت، چونکه هێڵی نەوتی عێراق بوونی ههبووە. بهڵام لەبەر قهیران لەگهڵ حکومهتی ناوهندیداو دواکهوتنی دهرهێنانی غاز، بڕیاردرا بۆرییهكان بگۆڕدرێن بۆ نهوت. تهواوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ تورکیاش گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە نەوت و غازی سروشتی ئێران و رووسیا کەم کردەوە. بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، پرۆژەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە لە سنوری هەرێمی کوردستاندا. (60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهای (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار. درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆمەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆمەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە. ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) دەگەڕێتەوە کۆمپانیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت. راکێشانی بۆری نهوت لە کوردستانهوه بۆ تورکیا، به سهربهخۆ له تورکیا، کاریگهری گهورهی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، پهیوهندی نێوان ههرێم و تورکیا، پهیوهندی نێوان ههرێم و بهغدا، ههروهها پهیوهندی نێوان تورکیاو عێراق. سێیەم: کۆمپانیا تورکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پەڵکانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە. لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێڵگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛ ١. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، دهكهویته قهزای زاخۆوهو بهگشتی ڕۆژههڵاتی قهزاكه دهگرێتهوه و ڕووبهرهكهی (594) كیلۆمهتر دووجایه، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (107 هەزار 90) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی تهق تهق: دهكهوێته قهزای كۆیهو ناحیهی تهق تهق و ناحیهی ئاغجهلهری قهزای چهمچهماڵهوه، ڕووبهرهكهی (951) كیلۆمهتر دووجایه. پشكی (44%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 490) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی سارتا: لە پارێزگای هەولێر، كۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئهمریكی (50%)ی پشكهكانی له كۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) (30%)ی ههیه و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 710) بەرمیل نەوت بووە. - جگە لەو کێڵگە بەهەمهێنەرانەی سەرەوە کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبوو لە هەردوو کێڵگەی گازی (بنەباوێ و میران) و خاوەنی (100%) ی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەبوون، بەڵام بە بیانووی ئەوەی زیانیان بەو کێڵگانە گەیاندووە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە (10/12/2021) بڕیاریدا گرێبەستەکەیان هەڵوەشێنێتەوە. هاوکات لە (کێڵگەی نەوتی قەرەداغ)یش لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) تورکی (40%)ی پشکەکانی پێدرابوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی (2023)ەوە ماوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکەو حکومەتی هەرێم بەسەر چووەو و ئێستا کێڵگەکە لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم خۆیەتی. 2. کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی پهڵكانه: لە ناوچەی گەرمیان، قهزای دووزخورماتو ناحیهی جهباره و ڕۆژههڵاتی ئهو قهزایه دهگرێتهوه ڕووبهرهكهی (529) كیلۆ مهتر دووجایه، پشكی (20%)ی دراوهته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. هێشتا - بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، دهكهوێته ڕۆژههڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیهكانی قۆرهتوو مهیدان له قهزای خانهقین دهگرێتهوه تا سنوری ئێران و ڕووبهری (938) كیلۆمهتر دووجایه و پشكی (20%)ی دراوهته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. بە پێی زانیارییەکان، لەتازە گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و لە مانگی ئازاری ساڵی (2023) دا رۆژانە نزیکەی (2 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی ناوبراو بەرهەمهاتووە. چوارەم: پارەی نەوت و هالک بانک پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا، هەر بۆیە بینیمان لە ساڵی (2015) ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز بەنوسراوی ژمارە (٥٥٣) لەبەرواری (٣١ ی ئایاری ٢٠١٥)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی خۆی کە (١٥ی ئەیلولی 2015) ئەنجامیدا بەنوسراوی ژمارە (٩٨٣) بڕیاریدا: 1. پێویستە گشت داهاتەکانی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ لەحسابی بانکی کڕیاری نەوتی هەرێمەوە بخرێتە سەرتەنها حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبانکی (هاڵک بانک) لەوڵاتی تورکیا بەبێ نێوەندگیری بانکی سێهەم، جگە لەوحسابەش نابێت هیچ حسابێکی بانکی تری هەبێت بۆ داهاتی هەنادەکردن وفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی دارایی وئابوری زانیاری تەواو لەسەر ئەو حسابە بەنوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بەزووترین کات 2. لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئاماژە پێدراولەسەرەوە، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێم بەڕێز (ڕێباز محمد حملان) کەسی ڕێگاپێدراو دەبێت بۆ ڕەفتارکردن وجوڵاندنی نەقدی لەسەر ئەوحسابە بەناوی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاساو ڕێنماییە داراییە کارپێکراوەکان لەهەرێم . 3. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی وئابوری ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن لە ماوەیەکدا بەشێوەیەک کەلەبەرواری ١-١٠-٢٠١٥ تێپەڕ نەکات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2015) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەمی پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا کۆدەکرێتەوە، چەند جارێکیش ئەم پرسە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشاری لەسەر دروست کراوە بەڵام پرۆسەکە بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە. سەرچاوەکان - راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە (4) چارەکی ساڵی (2022)دا. - درەو میدیا، بەرهەمهێنانی گهنێڵ ئەنێرجی تورکی لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11971 - یادگار سدیق - روونبین، داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11956 - درەو میدیا، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734 - درەو میدیا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 - عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، دیسانەوە هاڵک بانک، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک؛ https://ar-ar.facebook.com/1497770880440978/posts/1658359767715421/
درەو: دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان, ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ و موحەرەم ئینجەو سەنان ئۆغان) ناویان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە, بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. ئەمڕۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد, دوای ئەوەی بەفەرمی ناوی ئەو كاندیدانە ڕاگەیەندرا كە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن و بڕیارەی ڕۆژی (14)ی ئایاری ئەمساڵ لەتوركیا بەڕێوەبچێت. كاندیدەكانی سەرۆكایەتی •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار), كە پارتەكانی دادو گەشەپێدان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەكێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ لەخۆ دەگرێت, پارتی (هودا بار)ی كوردیش كە پارتێكی ئیسلامیە پشتیوانی دەكات. •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ: كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت), كە لەلایەن پارتەكانی گەلی كۆماری و باش و سەعادەت و ئایندەو دیڤا و پارتی دیموكراتەوە پشتیوانی دەكرێت, هاوپەیمانی (كارو ئازادی)یش پشتیوانی دەكات, كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گەورەترین پارتەكانێتی. •سەنان ئۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) كە پارتی سەركەوتن بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكاتو چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. •موحەرەم ئینجە: سەرۆكی پارتی (نیشتمان) كە ماوەی چوار خول ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووەو لەپارتی گەلی كۆماری جیابووەتەوە. لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, كە ناوی ئەو چوار كاندیدە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە. یەكلابونەوەی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا, بە هەڵبژاردنێكی سەخت و یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە, پێشبینی دەكرێت كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار)و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت)دابێت. ڕاپرسیەكانی مانگی ئازار بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% هەڵمەتێكی چڕو ئارام دەبێت چاوەڕواندەكرێت بەپێچەوانەی ڕابردوو, بەهۆی كارەساتی بومەلەزەكەی ئەم دوایەو هاتنی مانگی ڕەمەزان, هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕو ئارامتربن, كاندیدەكان كە بەكارهێنانی میوزیكیان لەهەڵمەتەكانیاندا قەدەغەكردووە, بەشێوەیەكی گشتی چاو دەخنە سەر دیدارە ناوخۆییەكان و پرۆگرامەكانی بەربانگ زیاتر لەگردبونەوەی جەماوەری. پێدەچێت لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا كاندیدەكان هەڵمەتەكانیان چڕتر بكەنەوەو لەقۆناغی دەركەوتنی میدیایی و بەشداریكردن لەبۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانەوە, بڕۆن بەرەو ڕێكخستنی گردبونەوەی جەماوەری لەسەرانسەری ویلایەتەكانی توركیا.
راپۆرت: درەو لەكاتێكدا هەموو جیهان چاوی لەوەیە حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكاتو هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەی نەوت دیاریكراون ناكاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە "وەكالەت" بەڕێوەدەبرێت، ئەنجومەنی هەرێمیی نەوتو غاز لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا یەكجار كۆبوەتەوەو ئاشتی هەورامیش كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بەڕێوەبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەدا. وەفدەكانی هەرێم كێن ؟ ماوەی هەفتەیەكە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە، ئەمە بووەتە مانشێتی سەرەكی میدیاكانی جیهان. هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، راوەستانی هەندێك كاریگەری لەسەر بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دروستكردووە. لەكاتێكدا جیهان چاوی لەسەر گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لە هەرێمی كوردستان پۆستە هەستیارەكانی تایبەت بە كەرتی نەوت بەتاڵن و ناكاران. لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسو راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، حكومەتی هەرێم دووجار وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. وەفدی یەكەم 26ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی كردو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم • فارس عیسا- سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد • شێخ باز- سەرۆكی كۆمپانیای كار (كۆمپانیای كار خاوەنی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیایە) سێ رۆژ لەمەوبەر هەر بۆ مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم وەفدێكی تری ناردەوە بۆ بەغداد، وەفدی ئەمجارە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • كەمال محەمەد- وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەتو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هیچ كامیان پسۆڕییان لەبواری نەوتدا نییە. سەرباری ئەمە، لە هەردوو وەفدەكەی حكومەتدا، نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی غائب بوون، تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران كشاوەتەوە. وەزیر بەوەكالەت ! كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە، لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (كەمال ئەتروشی)یەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەوەكالەت وەرگرتووە، واتا لە یەك كاتدا دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات كە هەردووكیان لە قەیراندان، ئەو بڕوانامەی بەكالۆریوسی لە (ئەندازیاری كارەبا)دا هەیە. لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتە 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوتو غازو سامانە سروشتییەكانی تری هەیە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی ساڵێكو چوار مانگ لە وەزارەت مایەوەو دەستی لەكاركێشایەوە. كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوەو هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشیو وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو، ئەم كابینەیە هەر لەسەرەتاوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەبەتاڵی بەجێهێشتو دوای ساڵو نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە. رۆژی (5)ی ئۆكتۆبەری 2020 كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان پرسیار لە مەسرور بارزانی كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، ئەو وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە.. بەدوای كەسێكدا دەگەڕێم كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات". وەزارەتی ناو جانتا ! ئاشتی هەورامی كە زیاتر لە 14 ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، ناوێكی ناسراو بوو لای بەرپرسانی عێراقی، بەڵام ئێستا ئیتر ناوی كوژاوەتەوە. بێدەنگی ئاشتی هەورامی لەم كاتەدا كە نەوتی هەرێم توشی قەیرانێكی گەورە بووە لەكاتێكدایە، هێشتا ئەو بە تەواوەتی دەستی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم نەبڕاوەو بە فەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی "یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت" لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە "یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان". ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئەوكاتەی هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكرابووەوە، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو راوێژكاری بیانی لەگەڵدابوو، لەوێوە دۆسیەی نەوتی بەڕێوەدەبرد. لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەردەگرت، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنیو بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردبوو. لەم فەرمانەدا مەسرور بارزانی هەموو دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بەخۆیو دواتر لە خۆیەوە گواستیەوە بۆ ئاشتی هەورامی. ئاشتی هەورامی لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیك بوو، كاتێك نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی هەوڵیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆنترۆڵ بكات كە سەرچاوەی 77%ی داهاتی حكومەتی دابین دەكرد، دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی بەپلەی یەكەم دورخستنەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی بوو لەناو داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستاندا، نێچیرڤان كە ئەندازیاری رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوتو غاز بوو لەگەڵ توركیا، ئێستا ئیتر وەكو جاران كۆنترۆڵی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشییەكاندا نەماوە. لە كۆتایی سەرۆكایەتییە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، بۆ یەكەمجار وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەجێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. ئەنجومەنی نەوتو غاز چی بەسەرهات ؟ ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان رۆژی 29ی حوزەیرانی 2022 یاسای نەوتو غازی هەمواركردەوە. پارتی پرۆژەی هەموارەكەی پێشكەش كردبوو، ئامانجی ئەوە بوو ئەنجومەنی هەرێمیی نەوتو غاز سەرلەنوێو بەپێكهاتەیەكی تازەوە كارا بكاتەوە. لەم هەموارەدا، پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی پارتی ئەندامێكی نوێی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو غازی كوردستان زیاد كردو (ئومێد سەباح)ی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كرد بە ئەندام لە ئەنجومەنەكەدا. ئێستا پێكهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوتو غازی هەرێم بەمشێوەیە: • مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت: سەرۆكی ئەنجومەن • قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت: جێگری سەرۆكی ئەنجومەن • كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت: ئەندامی ئەنجومەن • ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی- ئەندامی ئەنجومەن • دارا رەشید وەزیری پلاندانان- ئەندامی ئەنجومەن • ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- ئەندامی ئەنجومەن ئەم ئەنجومەنە كە خۆی پێشتر ماوەی سێ ساڵ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردبوو، لەدوای هەمواری یاساكەو كاراكردنەوەی تەنیا یەك كۆبونەوەی كردووە كە ئەویش رۆژی 30ی حوزەیران بووە، واتە رۆژێك دوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای نەوتو غاز لە پەرلەمانی كوردستان. ئەم ئەنجومەنە كە دەبوو لەم دۆخە هەستیارەدا كۆببێتەوەو بڕیاری پێویست بدات بۆ رزگاركردنی نەوتی هەرێم، هیچ رۆڵێكی نییە. گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی تایبەت بە نەوتو غازی خۆی هەبێتو دەیەوێت ئەمەش لەناو یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا بچەسێنێت.
(درەو): هاوشێوەی سعودیە، لە ئیماراتی عەرەبیش دەسەڵات لە باوكەوە شۆڕكرایەوە بۆ كوڕەكەیو لەمەدا براكان وەلانران، سەرۆكی ئیمارات (خالید)ی كوڕی كرد بە جێنشین، تەحنون سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات ركابەری خالید بوو، سەرباری پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ هەواڵگرییەكانی خۆرئاوا، پێناچێت رۆڵی گشتی لە داهاتووی ئیماراتدا وەرگرێت، ئەمە پەیوەندی بە ناكۆییەكانی خێزانی (زاید)ەوە هەیە. جێنشینیی لەنێوان كوڕو براكاندا شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی رۆژی چوارشەممە شێخ (خالید بن محەمەد بن زاید)ی كوڕی كرد بە جێنشینی میرنشینی (ئەبوزەبی)، براكانیشی بۆ پۆستە باڵاكانی تر دەستنیشان كرد. ئاژانسی دەنگوباسەكانی ئیمارات ئەم گۆڕانكارییانەی راگەیاند، كە بە دیارترین گۆڕانكاری لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكی ئیمارات ئەژماردەكرێت، لەوكاتەوە كە لە ئایاری 2022وە پاش كۆچی دوایی شێخ (خەلیفە بن زاید ئال نهەیان)ی برای پۆستەكەی وەرگرتووە. گۆڕانكارییەكان دانانی (مەنسور بن زاید) وەكو جێگری سەرۆكی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، هاوشانی (محەمەد بن راشد ئال مەكتوم)ی جێگری ئێستا سەرۆكی دەوڵەت كە حاكمی (دوبەی)ە، هەریەكە لە شێخ (تەحنون)و شێخ (هەززاع)یش بە جێگرانی سەرۆكی میرنشینەكە دانران. جێنشینی نوێی ئەبوزەبی كێیە ؟ شێخ خالید بن محەمەد بن زاید ئال نهەیان لە 8ی كانونی دووەمی 1982 لەدایكبووە، كوڕی گەورەی شێخ محەمەد بن زایدە، شێخە (سەلامەی كچی حەمدان ئال نهەیان) دایكیەتی. دەرچووی ئەكادیمیای (ساندهێرست)ی سەربازییە لە بەریتانیا، لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت كاریكردووە. بەگوێرەی مەرسومێكی فیدراڵی كە لە رۆژی 15ی شوبای 2016 دەرچووە، كراوە بە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی دەوڵەت بە پلەی وەزیر، تاوەكو رۆژی 17ی كانونی دووەمی 2017 لەم پۆستەدا ماوەتەوە، پاشان وەكو راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بە پلەی وەزیر دەستبەكاربووە. بەگوێرەی مەرسومێكی میرایەتی كە لە رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2019 دەرچووە، شێخ خالید بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی میرنشینی (ئەبوزەبی). دوای 9 مانگ، شێخ خالید وەكو سەرۆكی نوسینگەی جێبەجێكردنی ئەبوزەبی دانراوە، بووە بە بەرپرس لە هەموو ئەو كاروبارانەی كە پەیوەندییان بە ئەنجومەنی جێبەجێكردنەوە هەبووە، لەوانە بابەتە بەرزكراوەكان یان پلانو داواكاریو نەخشەرێگاكان. هەروەك شێخ خالید ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەزگای ئەبوزەبیە بۆ كاروباری وەبەرهێنانو كۆمپانیای نەوتی ئیمارات (ئەدنوك). "جێنشینییەكی چاوەڕوانكراو" لەوكاتەوە دەوڵەتەكە دامەزراوە، جگە لە حاكمەكانی میرنشینی (ئەبوزەبی) هیچ كەسێكی تر سەرۆكایەتی ئیماراتی عەرەبی نەگرتوەتە دەست، ئەمە لەكاتێكدا بووە جێگرانی سەرۆك بەردەوام لە میرنشینی (دوبەی) بوون. بۆیە لە چەند مانگی رابردوودا، قسەوباسی زۆر هەبوو لەبارەی ئەگەری دانانی شێخ خالید وەكو جێنشینی ئەبوزەبی، بەتایبەتیش بەهۆی دەركەوتنی لە زۆرێك لە دیدارە سیاسییەكاندا. شێخ خالید بەشداری لە ژمارەیەك بۆنەی گرنگدا كرد، رۆژی 26ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ فۆمیۆ كیشیدا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دەركەوت، كە لەگەڵیدا رێككەوتنی شەراكەتی ستراتیژی گشتگیری نێوان هەردوو وڵاتی ئیمزا كرد، ئەمە لە پەراوێزی سەردانێكیدا بوو بۆ تۆكیۆ. هەروەك سەرۆكایەتی وەفدی بەشداربووی ئیماراتیشی كرد لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن، لە شاری تۆكیۆی پایتەخت، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەو رێبەرانی وڵاتانی جیهان، ئامادەبوونی لە مەراسیمەكەدا سەرەنجڕاكێش بوو، بەتایبەتیش كە ولاتانی كەنداو سەركردە یان وەزیرە دیارەكانیان ناردبوو بۆ بەشداریكردن. لە شوباتی ئەمساڵدا شێخ خالید سەرپەرەشتی پرۆسەی " الفارس الشهم"ی كرد، كە دەوڵەتی ئیمارات بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی توركیاو سوریا رایگەیاندبوو، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی پردێكی ئاسمانیی بۆ گواستنەوەی تیمەكانی گەڕانو رزگاركردنو كەلوپەلی پزیشكیو یارمەتی پێویست. چالاكییەكانی شێخ خالید ئاماژەن بۆ ئەوەی بایەخێكی تایبەت بە گەنجان دەدات، هەروەها بە بوارەكانی ئابوری، بەڵام زانیاریی لەبارەی ژیانی تایبەتی شێخ سەبارەت بە هاوسەرو منداڵەكانی، دور لە چاوی میدیاكان ماوەتەوە. دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی ئیمارات چین ؟ مەنسور بن زاید جێگری سەرۆك وەزیران وەكو جێگری سەرۆكی وڵات دانرا، هاوشان لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئێستا. جیگری سەرۆكی دەوڵەت لە ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دووەم پۆستی گەورەیە لە دەوڵەتدا، راستەوخۆ لەدوای سەرۆكی دەوڵەتەوە دێت. بەگوێرەی ماددەی 51ی دەستوری ئیمارات، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ لەنێو ئەندامەكانیدا جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەڵدەبژێرێت. جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرێت لەكاتی نائامادەگیی سەرۆكدا، ئەمە بەپێی ماددەی 52ی دەستوری ئیمارات. ماوەی ولایەتی جێگری سەرۆكی دەوڵەت 5 ساڵەو دەكرێت نوێ بكرێتەوە، لەحاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی دەوڵەت بە هەر هۆكارێك، جێگری سەرۆك بەشێوەیەكی كاتیی دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەردەگرێت تا ئەوكاتەی سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت. لەدوای دامەزراندنیەوە، لە ئیمارات بووە بە نەریت كە حاكمی (دوبەی) جێگری سەرۆكی دەوڵەتو حاكمی (ئەبوزەبی) سەرۆكایەتی دەوڵەتەكە دەكات، هەروەك بووە بە نەریت جێگری سەرۆكی دەوڵەت دەبێت بە سەرۆك وەزیران. ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ چییە؟ بەگوێرەی ماددەی (46)ی دەستوری دەوڵەت، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ دەسەڵاتی باڵای دەوڵەتە، پێكدێت لە حاكمی حەوت میرنشینەكە، لە گفتوگۆكانی ناو ئەنجومەنەكەدا هەر میرنشینێك (1) دەنگی هەیە. بەگوێری ماددەی (49)، بڕیارەكانی لەناو ئەنجومەنی باڵادا بۆ پرسە بابەتییەكان بەدەنگی زۆرینەی (5) ئەندام دەبێت، بەمەرجێك ئەم زۆرینەیە دەنگی هەردوو میرنشینی ئەبوزەبیو دوبەی لەخۆبگرێت، كەمینە پابەند دەبێت بە بۆچوونی زۆینەوە، بەڵام بڕیارەكانی ئەنجومەن لە بابەتە رێكارییەكاندا بەزۆرینەی دەنگ دەردەچن. ماددەی (53) دەڵێ" لەحاڵی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك یان جێگرەكەی بەهۆی مردن یان دەستلەكاركێشانەوە یان كۆتایهاتنی حوكمی هەریەكێكیان لە میرنشینەكەیدا بە یەكێك لەو هۆكارانە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا لەماوەی مانگێكدا لە رۆژەوە، بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی پۆستە بەتاڵەكە، لەو ماوەی كە دیاریكراوە". ئەو ئاڵنگاریانە چین رووبەڕووی جێنشینی نوێ دەبنەوە ؟ دانانی شێخ خالید وەكو جێنشین رەنگدانەوەی ئەو ئاڕاستەیە كە لە زۆرینەی وڵاتانی كەنداودا هەیە بۆ پێشختنی كوڕەكان بەسەر براكاندا لە پرسی جێنشینیدا، بە سعودیەشەوە. لەوكاتەوە كە لە ساڵی 1971وە ئیماراتی عەرەبی لەسەر دەستی باوكی شێخ محەمەد دامەزراوە، ئەبوزەبی پارێزگاری لە پۆستی سەرۆكی وڵات كردووە. تەنانەت پێش ئەوەش دوای مردنی براكەی لە مانگی ئایاری رابردوو دەسەڵات بگرێتە دەست، شێخ محەمەد چەند ساڵێك لەوەوبەر هەر خۆی حاكمی ئیمارات بووە، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان ئیماراتو ئەمریكا ئاڵۆزی تێكەوتبوو، بەهۆی ئاڕاستەی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوچەكەدا. شێخ محەمەد سەركردایەتی پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوەی كارتەكانی كرد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش كاتێك بوو كە ساڵی 2020 ئیماراتو بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل گرێدا بۆ پێكهێنانی میحوەرێكی نوێی دژە ئێران لە ناوچەكەدا. هاوكات، ئیمارات بەردەوام بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاران بۆ كۆنترۆڵكردنی گرژییەكانو جەختكردن لەسەر ئەولەویەتە ئابورییەكان. هەروەك ئیمارات كاریكرد لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیاو چیندا. ئەم دەوڵەتە كە ژمارەی دانیشتتوانەكەی (10 ملیۆن) كەسە، شانازی بە سەقامگیرییە سیاسیو ئابورییەكەیەوە دەكات. یەكێك لەو وڵاتانەی جیهانە كە خاوەنی بەرزترین داهاتی تاكە، میوانداری ملیۆنان كرێكاری بیانی دەكات، كە بەشێكی گەورەی دەستی كار پێكدەهێنن. "رۆڵی رانەگەیەندراوی تەحنون گرنگو بەهێزترە" راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان تیشكیان خستوەتەسەر ئەو ركابەرێتییەی كە لەنێوان جەمسەرەكانی خێزانی (زاید)دا هەیە لەوكاتەوە كە محەمەد بن زاید وەكو سەرۆكی دەوڵەت هەڵبژێردراوە، خالید ركابەرێتی چەندین كەسایەتی كردووە كە دیارترینیان: تەحنونو مەنسورو براكانی زاید بووە. تەحنون كە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەدەستەوەیە، یەكێك لە دیارترین ركابەرەكانی شێخ خالید بوو، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییەكان هەیەو مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی تایبەت بە توركیاو ئێران دەكات. شرۆڤەكاران پێشبینی ئەوە ناكەن تەحنون رۆڵی گشتی هەبێت، بەتایبەتیش كە زۆربەی كات كارو جموجوڵی سەرۆكی دەزگا هەواڵگرییەكانی هاوشێوەی تەحنون ئاشكرا نیەو ئەمەش هەندێكجار ئاسانكاری دەكات بۆ بڕیاردان یان هەڵوێستی سیاسی. تەحنونی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كە لەسەر ئاستی كەسایەتیی بەوە ناسراوە خولیای هونەرە جەنگییەكانی وەكو كاراتیو تایكواندۆیە، كانونی یەكەمی رابردوو سەردانی ئێرانی كردو ئەمە لەكاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی هەواڵەكان، بەوپێیە یەكەم سەردان بوو لەماوەی چەندین ساڵدا. دیارترین جێنشینەكانی ئیمارات • شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان: جێنشینی ئەبوزەبیو فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان • شێخ سوڵتان بن محەمەد قاسمی: جێنشینی جێگری حاكمی شاریقە • شێخ محەمەد بن سعود بن سەقر قاسمی: جێنشینی رەئس خەیمە • شێخ محەمەد بن حەمەد شەرقی: جێنشینی فوجێرە • شێخ راشد بن سعود موعەلا: جێنشینی ئەم قەیوین • شێخ عەمار بن حەمید نعێمی: جێنشینی عەجمان سەرچاوە: BBC