پشکی بازنەو پارێزگاکانی هەرێم لە (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان

Draw Media

2024-02-21 13:25:29





راپۆرتی: درەو
🔻 دادگای باڵای ئیتحادی عێراق بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی (11) کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە گۆڕی بۆ (چوار) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بڕیارەکە بەپێی سیناریۆکان؛
🔹 بازنەی پارێزگای هەولێر (34%)ی کورسییەیەکان و (34) کورسی بۆ تەرخان دەکرێت.
🔹 بازنەی پارێزگای سلێمانی (38%)ی کورسییەکان؛ (38) کورسی بۆ تەرخان دەکرێت.
🔹 بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (3%)ى کورسییەکان؛ (3) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
🔹 بازنەی پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییەکان و (25) کورسی بەردەکەوێت.


دابەشبوونی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا لە دۆخی (4) بازنەییدا

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیتحادی عێراق؛ کە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی (11) کورسی کۆتاکان و هێشتنەوەی تەنها (100) کورسی و گۆڕینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ (چوار) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای بڕیارەکە بەپێی سیناریۆکان؛
پێشتر ئەو وتوێژانەی لە نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵیدا هەبوو، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆن كردبوو هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەویش بەپێی مادەی (9) یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار، كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن كە لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.
لە ئێستادا کە بڕیارەکە بەو جۆرەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە (4) بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، لە سەر ئاستی بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک)، بە پشت بەست بە بنەمای هەمان ئەو داتاو دابەشکارییانەی لە نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، کە ژمارە (2551)ی رۆژی (30/11/2023)ی لەسەرەو تێیدا وەڵامی داوایەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەداتەوە، تایبەت بە میکانزمی دابەشکردنی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، تێیدا ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کراوە بە پێوەر، هەر لەسەر ئەو بنەمایەی لە نوسراوەکەی کۆمسیۆندا هاتووە پشک و بەرکەوتەی هەر پارێزگا (بازنە)یەک لە (100) کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوەیە دەبێت؛
بازنەی یەکەم؛ پارێزگا هەولێر (34%)ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە (34) کورسی بەردەکەوێت.
بازنەی دووەم؛ پارێزگا سلێمانی (34% یان 39%)ی کورسییەکانی پەرلەمان، واتە  (34 یان 39) کورسی، ژمارەی کورسییەکان لەسەر دیاریکردنی پشکی پارێزگای هەڵەبجە ڕادەوەستێت کە هۆکارەکەی روندەکەینەوە.
بازنەی سێیەم؛ پارێزگا هەڵەبجە، کە دوو سیناریۆ لە ئارادان؛
یەکەم؛ ئەگەر ئەو بنەمایە لەبەرچاو بگیرێت، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ کرا، سنوری ئیداری (ناوەندی قەزای هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور)ی دەگرتەوە، ئەوا (7%) و (7) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پشکی بازنەی سلێمانی دەبێتە (34) کورسی.
دووەم؛ ئەگەر سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە بنەما کە (ناوەندی قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و بیارە) دەگرێتەوە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانشتوانی پارێزگاکە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی ساڵی (2020) ئەو سنورە جوگرافییە (5%)ی دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت و لە کۆی (41) کورسی تەنها (2) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت و پارێزگای سلێمانیش (39) کورسی بەردەکەوێت بەڵام لەبەر ئەوەی (30%) بۆ ژنان دیاریكراوە بۆیە دەبێت پارێزگای هەڵەبجە (3) كورسی بۆ دابنرێت كورسیەكی بۆ ژنانە، و سلێمانی دەبێتە (38) كورسی .
بازنەی چوارەم؛ پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییەکانی پەرلەمان بەردەکەوێت، واتە (25) کورسی بەردەکەوێت.
(بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

 


سەرچاوەکان
-    محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری بەراوردکارییە، چاپی سێیەم (زیادکراو)، 2023، لاپەڕە 241-259.
-    کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021؛
https://bitly.ws/37ZyG
-    درەو میدیا، هەرێمی كوردستان دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن، 2/12/2023؛
https://bitly.ws/37ZyJ

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand