درەو: لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ بە 10 فیشەك خواناس وریا گلی كوژرا، بكوژ ناسراوەو بانگەشەكاری رەوتێكی ئیسلامیە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن: خواناس لەسەر فیكر و بیرورا كوژراوەو پەیوەندی بە كێشەی كۆمەڵایەتی و شەڕ و كێشەی هاوڕێیەتیەوە نیە، ئەو پێشتر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت"هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوەو بیكوژیت"، خواناس لەیەك كاتدا شانۆكارو وێنەكێشەو یاریزانی كۆنگفۆ بووە، خۆیشی دەڵێت من "پاشای شەقام"م. چۆن كوژرا؟ كاتژمێر 5:50 خولەكی دوێنێ، لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ ماتوڕسوارێك بە 10 فیشەك كۆتایی بە ژیانی خواناس وریا گلی هێنا، ئەو دوو رۆژبوو لە ئیمارات گەڕابووە، بە وتەی باوكی "لەوێ كرێكاری دەكردو لە یەكێك لە گەراجەكانی ئۆتۆمبێل كاریكردووە". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی گفتوگۆی كردووە، خواناس لە خانەوادەیەكی دیارو بێ كێشەی چەمچەماڵ و هۆزی گلین، باوكی خواناس (وریا گلی) یەكێكە لە رۆماننوسە دیارەكان و خاوەنی دەیان رۆمانە (ئەم برینە ساڕێژ نابێت، مادر بزرگ، پاسەكەی نەنكم، ئەو مامم بوو، جێسیكا.. كچی شیرینم...). خواناس گەنجێكی خوێندەوارو خاوەن فیكرو بیروڕای تایبەتی خۆی بوو، لە كوڕو سمینارو دانیشتنەكاندا قسەو رەخنەی تایبەتی خۆی هەبوو، تەنانەت لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (جێسیكا.. كچی شیرینم) لە 28/3/2023 بەڕێوەچووە، خواناس یەكێك لەوانەبووە قسەی كردووەو گفتوگۆی كردووە، خۆی دەڵێت: هەڵدەستێت و قسەی خۆی دەكات و لە ئاكاوتنی تایبەتی خۆی نوسیویەتی: ئێوارەی ئەمڕۆ بەشداریمان كرد لە ناساندنی كتێبی نوسەر مامۆستا Wrya Glee باوكی ئازیزم بەناوی: "جێسیكا-كچی شیرەكە" (ڕۆمان)، هاوكات هەندێك تێڕوانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزیان كرد. پاشای شەقام خواناس وریا گلی لەدایكبووی ساڵی 2001ی چەمچەماڵە، خێزاندارەو خاوەنی منداڵێكە بەناوی رامین تەمەن 3 ساڵە، ئەو گەنجێكی شیكپۆش و بەڕەونەق بوو، هونەرمەندو شێوەكاربوو، لە ئاكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی (ئەكتەر، شێوەكار، پاڵەوانی كۆنگفو شاوڵین و یاریزانی هونەری جەنگی تێكەڵ) نازناویشم (پــــــاشای شەقــام)ە. خواناس وەكو ئەكتەرو شانۆكارو دەرهێنەر كاریكردووە لە رۆژی 8ی مارسی 2023 نوسیویەتی "پیرۆزمان بێت خەڵاتی یەكەم باشترین ئەكتەرو خەڵاتی یەكەم باشترین دەق بۆ نمایشی شانۆی (پاڵیۆراو) كە وەكو دەرهێنەرو ئامادەكارو رێكخەری دەق تییایدا بەشداربووم"، خواناس وەك وێنەكێش چەند وێنەیەكی داناوەو وەك كاری وێنەی خۆی لە ئاكاوتنی خۆی، لە هەمانكاتدا سەرقاڵی هونەری كۆنگفۆ بووەو چەندین وێنەی خۆی لەكاتی وەرزشكردندا بڵاوكردووەتەوە. خواناس لە كاتی كوشتنی ماریا سام لە 10ی ئازاری 2022 لە هەولێر، نوسیویەتی: هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوە، بیكوژیت. ناكرێت هیچ كەسێك بكوژرێت لەسەر سەرپۆشلادان و جگەرەكێشان و ئایین گۆڕین، شانازی بەوەوە دەكەم بۆ یەك دەقەش چاوم نە نوقاندووە لە ناهەقی. خواناس بۆ كوژرا؟ لەسەرەتاداو لە چەند كاتژمێری دوای كوشتنی خواناس وریا گلی، رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە میدیاكانی وت" تاوانبارەكە ناسراوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستگیردەكرێت، بكوژ هاوڕێی خواناس بووەو پێشتر كێشەیان هەبووە". بەڵام وریا گلی باوكی رەتیدەكاتەوە خواناس كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ و دەڵێت" كوشتنی خواناس هیچ پەیوەندی بە شەڕو دەمەقاڵیەوە نیە چونكە ئەو مانگێكە لێرە نیەو دوو رۆژە لە ئیمارات گەڕاوەتەوە". لە ئێستادا باس لە دوو بۆچوون دەكرێت یەكەمیان دەڵێن: بكوژ كێشەی لەگەڵ خواناس هەبووەو بۆیە پەنای بردووە بۆ كوشتنی، بەڵام بۆچوونی دووەم كە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی خواناس دەڵێن: رووداوەكە زۆر روونە، هیچ پەیوەندی بە قسەو فیكر و بیروڕای تایبەتی خواناسەوە هەبووە، كە بانگەشەی تاكەكەسی و ئازادی بیرورای كردووە، ئەو لەسەر فیكری خۆی تیرۆركراوە. خواناس لە هۆزی گلیە، هۆزەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەسەر فیكر تیرۆر كراوە، پەیجی فەرمی هۆزی گلی نوسیویه‌تی "  خواناس وریا نازم گلی گەنجێكی شانۆكارو چالاكی عەشیرەتی گلی و چەمچەماڵەو ماتۆڕسوارێك بە دەستڕێژی گولـلە لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ تیرۆری كرد، هۆكاری تیرۆر كردنەكەی نە كێشەی كۆمەڵایەتییەو نە لەسەر قەرزو پارەیە، بەڵكو لەسەر فیكر ئەم گەنجە تیرۆر كرا". (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی كرد، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە خواناس خاوەنی شێوازێك لە بیروبۆچون و رای شەخسی خۆی بووەو لەسەر فیكرو بیڕای جیاوازی خۆی تیرۆركراوە. بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی (خواناس)، بكوژ ناوی (هێرش كەریم)ەو پێشمەرگەیە لە هێزەكانی (70)ی یەكێتیی، بەڵام بكوژ لە ئێستادا لە ژێر كاریگەری رەوتێكی ئیسلامیدایەو لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك  (Hersh karim) لەدوای كوشتنی (خواناس)ه‌وه‌ نوسیویەتی:" نا رێگە نادەم جنێو بە رسول الله صلی الله علیه وسلم بدرێت نا رێگە نادەم... هەر كەسێك دومنی پێغەمبەر (ص) بێت دوژمنمانە هەتا قیامەت". لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیك تۆك)یش بەناوی هێرش شوانی (Hersh Shwani) ئاكاونتی هەیەو تەواوی ئەو بابەتانەی بڵاویكردووەته‌وە وتارو لێدوانەكانی (مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید) بانخوازی ئیسلامیە. تائێستا دەزگا حكومی و ئەمنییەكان بەرەسمی راگەیاندراویان لەسەر كوشتنی خواناس بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام خانەوادەكەی دەڵێن" بۆمان روون نەبووەتەوە هۆكاری سەرەكی كوشتنی خواناس چیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە لەسەر بابەتی ئایینی و جیاوازی بیروڕا كوژراوە".    


شیکاری: درەو لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە (24ی 6ی 2018)ەوە كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاتووە، ئێستاش نزیک دەبینەوە لە (5) ساڵ بەسەر وادەی بەسەرچوونی یاسایی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانە، بەڵام هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم ناکەن! سەرەتا بەپێی دەقە دەستوورییەكان، سیستەمی دەوڵەتی عێراق لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە سیستەمێكی لامەركەزیە، هەر لەو پێناوەشدا دەرچواندنی یاسا و ڕێنماییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت خزمەت بەو بنەما دەستوورییە بکەن کە لامەركەزییەتە، یەکێک لەو یاسا گرنگانەش یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاشان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە دەستەبەری لامەرکەزی بۆ ئەو پارێزگایانە دەکات کە لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکنەخراون. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو پسپۆری و دەسەڵاتە فراوانانەی كە دەستوری كۆماری عێراق بە پارێزگاكانی داوە، هەروەها بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە گۆڕینی باری دەوڵەت لە دەوڵەتێكی سادەوە بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی، لە نێویاندا یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانە. ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌، ئه‌نجومه‌نێكی‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكەوە‌، له‌ڕووی‌ كارگێڕی‌‌ و دارایی ‌‌و یاساییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ‌و له‌ڕووی‌ چاودێرییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌ن چاودێریكردنه‌ له‌سنوری‌ كارگێڕی‌ پارێزگاكه‌دا‌و مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بڕیار‌و پێڕه‌و و رێنماییه‌كان بۆ رێكخستنی‌ كاروباری‌ كارگێڕی‌ ‌و دارایی‌ له‌سنوری‌ پارێزگاكه‌دا ده‌ربچوێنێ‌، تا بتوانرێت سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ پارێزگا به‌پێی‌ پره‌نسیپی‌ لامەرکەزی‌ كارگێڕی‌ بكات. رێخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق "محەمەد شیاع سودانی" لەگەڵ وەرگرتنی متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە رۆژی 27/10/2022 لە چوارچێوەی تەوەری یاسایی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی ئاماژەی بە چەند خاڵێک دابوو، لەوانەش؛ "هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە ماوەی شەش مانگدا..." هاوکات لە کۆتا خاڵی ئەم تەوەرەدا هاتووە؛ "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهەمان کات و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەپێی یاسای بەرکار کە ساڵێک تێپەڕ نەکات بەسەر بەرواری پێکهێنانی حکومەت". بەدوایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی لە (26/3/2023) پەسەند کرد. لە (مادەی (5) بڕگەی یەکەم خاڵی/ ا )دا هاتووە "بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆن لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە کاتێک دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (20/12/2023) تێنەپەڕێت". کاتێکیش حکومەتی عێراق لە (17/3/2023) ڕایگەیاند کە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023 – 2024 - 2025)ی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کردووە، لە پرۆژە یاساکەدا حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی خەرجی حاکیمەدا جێگەی خەرجی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کردبوویەوە. لە (5/5/2023) وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق ڕیگەیاند؛ "ڕێوشوێنی هونەری پێویستیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێکردووە". کاتێکیش لە (12/6/2023) پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکراو ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمارکرا، سەرۆک کۆماریش لە (20/6/2023) موسادەقەی لەسەر پرۆژەکە کرد. وەک چۆن لە پرۆژەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتبوو بڕی (43 ملیار و 769 ملیۆن و 149 هەزار) دینار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراوە. هاوکات هەر لە هەمان رۆژی (20/6/2023)دا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاریکردوە". ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە وەک پابەندبونە بەو بەرنامە وەزارییەی کە حکومەت پەسەندی کردوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە.  ئەمە لەکاتێکدا عێراق لەدوای ساڵی (2003)ەوە هەنگاو بەرەو چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنێت، کە؛ یەکەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 30ی کانونی دووەمی 2005 بەڕێوەچووە. دووەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 31ی کانونی دووەمی 2009 بەڕێوەچووە. سێیەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 20ی نیسانی 2013 بەڕێوەچووە. چوارەم: بڕیارە لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەبچێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنها دوو خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچووەو دیارنیە خولی سێیەم چۆن و کەی بەڕێوەدەچێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا لە (24ی 6ی 2018)ەوە كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاتووە، بەپێی یاسا دوای كۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی، ئەنجومەنەكان دەتوانن (90) ڕۆژی تر لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن، ئەو ماوەیەش لە (24ی 9ی 2018) کۆتاییهات. واتە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە (5) ساڵ بەسەر وادەی بەسەرچوونی یاسایی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانە وهیچ لایەنێکی پەیوەندیدار باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکەن و هیچ هەوڵێکیش نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. ژمارەی کورسی و پارێزگاکان و سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هیچ پارێزگایەک نابێت کورسییەکانی لە (12) کورسی کەمتربێت و هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر کوردسییەک زیاتر بوو لە (200 هەزار) کەس ئەوا کورسییەکانی بۆ زیاد دەکرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019)، کۆی ژمارەی ئەندامانیش (275) ئەندامە، وەک پابەندبوون بە دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕێژەی (25%)ی کورسییەکان بۆ کۆتای ئافرەتان دەستەبەرکراوە، سەرەڕای دیاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەر ئەنجومەنی پارێزگایەک، بەم شێوەیەکی لای خوارەوە؛ خشتەی (1) هەر وەک لە مادەی (12)ی یاساکەدا هاتووە هەموو پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. بۆ داباشکردنی کورسیش بەسەر براوەکانی هەڵبژاردن پشت بە سیستمی (سانتلیگۆی هەموارکراو) دەبەسترێت، وەک لە مادەی (7)ی بڕگەی یەکەمدا هاتووە؛ دەنگی ڕاستەقینەی هەر لیستێک لە بازنەیەکی هەڵبژاردن ڕێکدەخرێن دابەشی ژمارەکانی (1.7، 3، 5، 7، 9... هتد) دەکرێن تا دەگات بە دواین ژمارەی کورسی تەرخان کراوی هەر پارێزگایەکەک. لێرەدا بە خشتەیەکی گریمانەیی ئەوە ڕوندەکەینەوە کە ئەگەر (7) لیستی سیاسی لە پارێزگای کەرکوک لە سەر (16) کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە رکاربەری بکەن و دەنگەکانیان بەشێوەیەکی گریمانەیی بەو شێوەیە بێت کە لە خشتەکەدا هاتووە، ئەوا؛ لیستی یەکەم؛ (6) کورسی دەباتەوە. لیستی دووەم؛ (3) کورسی دەباتەوە. لیستی سێیەم؛ (4) کورسی دەباتەوە. لیستی چوارەم؛ (1) کورسی دەباتەوە. لیستی پێنجەم؛ (2) کورسی دەباتەوە. لیستی شەشەم و حەوتەم؛ هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنن. خشتەی (2)


راپۆرت: درەو ئەمڕۆ ساڵڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمەڵەیە، لەم یادەدا ناكۆكییەكی نوێ لەناو (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)دا تەقییەوە، یەكگرتنەوەی دوو كۆمەڵەكە تەنیا (7) مانگ بڕی كرد، دوو رێبەرەكە (موهتەدی)‌و (ئێلخانیزادە) كێشەیان نەماوە، بەڵام رەوتێكی نوێ لەناو كۆمەڵە سەریهەڵداوە‌و رێبەرایەتی هەردووكیان رەتدەكاتەوە. دوێنێ شەو ئەم ناكۆكییە نوێیە تەقییەوە، ناكۆكییەك كە هاوكات لەگەڵ هاتنی وەفدی كۆماری ئیسلامی بۆ هەرێم كوردستان دروستبووە‌و باسی "جووت ئامۆزا"و "خەتی كوردایەتی"‌و "پرسی چەك دانان"ی تێدا دەكرێت. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. جووت ئامۆزاو رەوتی سێیەم لە كۆمەڵەدا یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان)‌و (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)  تەنیا (7) مانگی خایاند، سەرلەنوێ كێشەی سەریهەڵدایەوە، بەڵام سروشتی كێشەكانی ئەمجارە جیاوازە لەوانەی پێشتر. (عەبدوڵای موهتەدی)‌و (عومەر ئێلخانیزادە) دوای 15 ساڵ ناكۆكی، پایزی ساڵی رابردوو یەكیانگرتەوە، بەڵام یەكگرتنەوەكە شۆڕ نەكرایەوە، ئێستا لە هەردوولاوە رەوتێكی نوێ سەریهەڵداوە كە دەیەوێت بەمزوانە بە فەرمی بوونی خۆی رابگەیەنێت، رەوتێك كە وەكو ئەوەی باسدەكرێت، زۆرینەی پێشمەرگەكانی هەردوو رێبەرەكەی كۆمەڵە لەخۆی دەگرێت‌و دژی چەك دانانە‌و لەبارەی ئایندەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە فیدراڵیەت زیاتر دەڕوات‌و خواستی سەربەخۆیی كوردی هەیە لە حاڵی دروستبوونی هەر گۆڕانكارییەك لە ئێراندا.  ئەم رەوتە وەكو ئەوەی هەندێك لە پێشمەرگەكانی باسی لێ دەكەن، دژی كەمپنشین كردنن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ چیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و لەوێ خەباتی چەكداری دەستپێبكەنەوە.  ئەم رەوتە نوێیە لە كەمپە كۆنەكەی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) لە ئۆردوگای (بانە گەورە)ی ناوچەی (زڕگوێز)ی سلێمانی سەریهەڵداوە، ئەمە ئەو كەمپەیە كە عومەر ئێلخانیزادە دوای جیابونەوەی لە عەبدوڵای موهتەدی تێیدا جێگیربوو، ئێلخانیزادە ئێستاش ئەو كەمپە بە ماڵی خۆی دەزانێت، بۆیە بەرلەوەی پێشمەرگەكانی رەوتی سێیەم لەوێدا خۆیان رابگەیەنن، ئەو گەڕایەوە ناو كەمپەكە، ئەم جموجوڵە كێشەیەكی نوێی لەناو هەناوی كۆمەڵەدا تەقاندەوە.  ئێستا هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لە ناوچەكە جێگیربوون، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پێكدادان بكەن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیش لە ناكۆكییەكە ئاگاداركراون. پێشمەرگەكانی رەوتی سێیەم پێیانوایە ئێلخانیزادە لەگەڵ موهتەدیدا كە "بە جووت ئامۆزا" ناویان دەبەن، دەستیان بە یەكدا كردووە بۆ لێدانی ئەوان، موهتەدی لە دەرەوەی وڵات‌و ئێلخانیزادە بە نوێنەرایەتی ئەویش جوڵە دەكات.  هەندێك لەو پێشمەرگانەی كە رەوتی سێیەمییان لە ناو كۆمەڵەدا دروستكردووە‌و (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون دەڵێن" عومەر ئێلخانیزادە دوێنێ شەو ویستویەتی كودەتا بكات‌و هێزێكی زۆری كۆمەڵەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام كودەتاكەی سەركەوتوو نەبووە". ئەم رەوتە نوێیە وەكو خۆیان باسی دەكەن، دژی هەردوو رێبەرەكەی كۆمەڵەن واتا عەبدوڵای موهتەدی سكرتێری كۆمەڵە‌و عومەر ئێلخانیزادەی جێگری سكرتێر، پێیانوایە ئەم دوو رێبەری كۆمەڵە "سیاسەتی دژە كوردستانی"یان گرتوەتە بەر، موهتەدی‌و ئێلخانیزادە تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەگەڵ راستڕەوترین باڵی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا هاوپەیمانێتییان پێكهێناوە، بۆ ئەمەش كوڕەكەی محەمەد رەزا شای پەهلەوی بە نمونە دەهێننەوە، لەپاڵ ئەمەدا رەخنەیان هەیە لەوەی كۆمەڵە لەلایەن موهتەدی‌و ئێلخانیزادەوە بە بنەماڵەیی كراوە‌و سكرتێرو جێگری سكرتێر كەسوكاری خۆیان لە جومگە سەرەكییەكانی كۆمەڵەدا داناوە.  پێشمەرگە ناڕازییەكان پێیان خۆش نییە وەكو رەوتی سێیەم ناوببرێن، ئەوان دەڵێن حزبی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) هەڵنەوەشاوەتەوە‌و لەژێر ئەو ناوەدا بەردەوام دەبن‌و كۆنگرە دەبەستن، ئەگەر ئێلخانیزادە بیەوێت دەتوانێت بەشداری كۆنگرەكە بكات، ئەگەر بەمەش قایل نییە، با لەگەڵ موهتەدی بمێنێتەوە‌و واز لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بهێنێت. چی روودەدات ؟ كۆتاییەكانی ساڵی 2007، عومەر ئێلخانیزادە لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران جیابووەوە كە (عەبدوڵای موهتەدی) رێبەرایەتی دەكات، موهتەدی‌و ئێلخانیزادە ئامۆزای یەكترن، پەیوەندی خزمەیەتییان رێگر نەبوو لەوەی جیابونەوە لەناو كۆمەڵەدا روونەدات، بەڵام ئێستا كە یەكیانگرتوەتەوە، تۆمەتبار دەكرێن بەوەی بە خزمایەتی هەردووكیان هەموو جومگەكانی كۆمەڵەیان كۆنترۆڵكردووە.  بەر لە جیابونەوە، عومەر ئێلخانیزادەو هاوڕێكانی لەناو كۆمەڵەدا رەوتێكیان دروستكرد بەناوی "رەوتی چاكسازی‌و ریفۆرم"، رەخنەیان هەبوو لەوەی عەبدوڵای موهتەدی دەستبەرداری پۆستی سكرتێری حزب نابێت‌و دەیەوێت هەتا هەتایە لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەم رەوتە دوای هەندێك دانوستان لەگەڵ عەبدوڵای موهتەدی، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك، دواجار بڕیاریدا جیاببێتەوە.  لەدوای جیابونەوە، عومەر ئێلخانیزادە‌و هاوڕێكانی نەیانتوانی ناوی كۆمەڵە (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بۆ خۆیان ببەن، ناچاربوون حزبێكی نوێی بەناوی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) رابگەیەنن، ناوی حزبەكەیان بە بەراورد بە ناوە رەسەنەكەی كۆمەڵە دوو گۆڕانكاری تێدا بوو، وشەی "شۆڕشگێڕ"‌و وشەی "ئێران"ی تێدا لابرا، ئەمە ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی ئەم حزبە نوێیەو رێبەرەكانی باوەڕیان بە مانەوەی لەچوارچێوەی ئێراندا نییە‌و بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە، ئێستا ئێلخانیزادە لەلایەن هاوڕێ كۆنەكانییەوە بەوەی تۆمەتبار دەكرێت لە خەتی كوردایەتی لایداوە.  ئەم حزبە لە كۆتاییەكانی 2007ەوە بەم ناوەوە بەردەوام بوو لە كاركردن تاوەكو رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2022، بەڵام بەر لە یەكگرتنەوە لەگەڵ موهتەدی، بەمدواییانە لە هەناوی ئەویشدا هەندێك كێشەو گرفتی نوێ سەریهەڵدا، دیسان كێشمەكێش لەسەر رێبەرایەتی حزب‌و پرسی دیموكراتی هاتە ئاراوە، دوان لەوانەی رێبەرایەتی رەوتی رەخنەیان لەناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستاندا دەكرد‌و ئێستاش بەردەوامن، بریتین لە هەریەكە لە خاتوو (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی)، ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی رەوتێكی نوێ بوو لەناو كۆمەڵەكەی ئێلخانیزادەدا.  رەوتەكەی خاتوو (فەریبا)‌و (رەزا كەعبی) هێشتا پەیجی فەرمی (كۆمەڵە)یان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە دەستەوەیە، ئەم رەوتە ئەمڕۆ لە پەیجی كۆمەڵەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا بەبێ ناوهێنان، هەریەكە لە (موهتەدی)‌و (ئێلخانیزادە) تۆمەتبار دەكەن بەوەی "لەپێناو مەبەستە سیاسییە تەسكەكانی خۆیاندا یەكگرتنەوەیان كردووە"‌و دەڵێن:" لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێكی فەرمیی پرۆسەی یەكگرتنەوە بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی هەردوولاو ئامادەكاری بۆ گرتنی كۆنگرەی هاوبەشی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەبێ ڕابگەیەنین كە بە هۆی بەڕێوەنەچوونی رێككەوتنەكان‌و لادان لە ئامانجەكانی یەكگرتنەوەو ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت". ئەم رەوتە لەم بەیاننامەكەیدا، هاتنەدەرەوەی خۆی لە رێككەوتنەكەی موهتەدی‌و ئێلخانیزادە راگەیاندووە‌و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) دەكات.  سەرباری ئەوەی هەندێك لەوانەی لە كۆمەڵەوە نزیكن باسلەوە دەكەن، رەوتی پێشمەرگە ناڕازییەكان جیاوازن لەگەڵ رەوتەكەی خاتوو (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی)، بەڵام وادەردەكەوێت ناكۆكییەكانی دوێنێ شەو لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت ئێلخانیزادە مەترسی هەیە رەوتە نوێیەكان لەژێر ناوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەستبەكار ببنەوە، كۆمەڵەیەك كە ئێلخانیزادە هەڵیوەشاندوەتەوە‌و لەگەڵ كۆمەڵەكەی موهتەدیدا یەكیخستووە.  ناڕەزایەتی لەناو حزبی ناڕازیدا ! ئێلخانیزادە كە لە عەبدوڵای موهتەدی جیابووەوە، لە حزبە تازەكەیدا پەیڕەوەكەی بەو جۆرە دانا بوو سكرتێری حزب تەنیا بۆ دوو خول لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، كۆنگرەش دوو ساڵ جارێك بەڕێوەبچێت، واتا بە تێكڕا هەر كەسێك تەنیا (4) ساڵ بتوانێت رێبەرایەتی كۆمەڵە نوێیەكە بكات، ئەمە بۆ نیشاندانی ئەوەی كە كۆمەڵە نوێیەكە جیاوازە لە كۆمەڵەكەی عەبدوڵای موهتەدی‌و تێیدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكرێت.  بەڵام وا دەرنەچوو، عومەر ئێلخانیزادە كە لە كۆتاییەكانی 2007وە پۆستی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی وەرگرت، تاوەكو بەر لە یەكگرتنەوە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەر لە پۆستەكەیدا مایەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەپێی پەیڕەو دەبوو ئەوپەڕی تاوەكو ساڵی 2011 سكرتێر بێت‌و ئیتر بۆ هەتا هەتایە دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت.  بەر لەوەی ناڕەزایەتییەكانی ناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بتەقێتەوە، بەتایبەتیش ئەو رەوتەی كە (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی) رێبەرایەتیی دەكەن، عومەر ئێلخانیزادە بڕیاریدا بچێتە گفتوگۆوە بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ كۆمەڵەكەی عەبدوڵای موهتەدی، ئەمە باشترین ستراتیژی بەردەست بوو بۆ ئەو، لەبری ئەوەی بە یەكجاری لە پۆستی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لاببرێت، لەچوارچێوەی رێككەوتنی یەكگرتنەوەدا پێگەیەكی نوێ بۆ خۆی زامن بكات.  دوای ساڵ‌و نیوێك گفتوگۆ، هەردوو كۆمەڵەكە یەكگرتنەوەی خۆیان راگەیاند، ئەم یەكگرتنەوەیە تاكە شتێك كە تێیدا یەكلاكرایەوە ئەوە بوو كە عومەر ئێلخانیزادە دەبێت بە جێگری سكرتێری كۆمەڵە‌و عەبدوڵای موهتەدیش هەر لە پۆستی سكرتێری حزبدا دەمێنێتەوە.  بۆ ئەم یەكگرتنەوەیە، ئێلخانیزادە دەستبەرداری ناوی حزبەكەی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) بوو، چووەوە ژێر چەتری (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بە رێبەرایەتی موهتەدی، كە بەر لە 15 ساڵی بەهۆی رەخنەكانییەوە لە موهتەدی، لێی جیابووەوە.  یەكگرتنەوەی دوو كۆمەڵەكە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەی كە ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتەوە، ناڕەزایەتییەكە كە لە فەرهەنگی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ناوی لێنراوە "شۆڕشی ژینا" وەكو ئاماژەیەك بۆ خاتوو (ژینا ئەمینی) ئەو كچە كوردەی كە لەكاتی دەستگیركردنیدا لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە لە تاران گیانی لەدەستداو ناڕەزایەتییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا‌و دواجار ناڕەزایەتییەكە لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە سەركوتكرا.  واتا یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەكە لە دۆخێكی ئاسایدا نەبوو، لەكاتێكدا روویدا كە لەسەر ئاستی جیهان پێشبینی ئەوە دەكرا شۆڕشی "ژینا" كۆتایی بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بهێنێت، بەر لە دوو كۆمەڵەكە، هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانیش یەكگرتنەوەیان راگەیاندبوو، ئەوكات كۆمەڵەكان لەژێر فشاری لایەنگرانیاندا بوون بۆ یەكگرتنەوە.  عەبدوڵای موهتەدی‌و عومەری ئێلخانیزادە خۆیان یەكیانگرتەوە، بەڵام لەماوەی 7 مانگی رابردوودا نەیانتوانی ئەم یەكگرتنەوەیە شۆڕبكەنەوە بۆ بنكەی خوارەوەی حزبەكانیان، دەبوو دوای یەكگرتنەوەكە ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنگرەیەكی نوێ بكەن، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئێران پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، تائێستا كۆنگرەكەیان نەكردووە، ئەمە یەكێك لەو رەخنانەیە كە ئێستا رەوتی سێیەم لە هەریەكە لە موهتەدی‌و ئێلخانیزادەی دەگرن.  وەفدی ئێران لە كوردستانە تەقینەوەی ناكۆكییە نوێیەكەی ناو (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە وەفدێكی كۆماری ئیسلامی هاتوەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم پابەندی بە رێككەوتنی "كۆنوسی ئەمنی" نێوان عێراق‌و ئێران سەبارەت بە ئاسایشی سنورەكان.  لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنە ئەمنییەدا، كۆماری ئیسلامی دوو بژاردەی خستوەتە بەردەم پارتی‌و یەكێتیی، كە ئەمانەن:  •    حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمدا چەك بكرێن‌و لە دوو كەمپی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سنوری سلێمان‌و هەولێر جێگیربكرێن.  •    یاخود چەك بكرێن‌و بەیەكجاری لە هەرێمی كوردستان بكرێنە دەرەوە.  كورتەیەك لەبارەی كۆمەڵەوە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ساڵی 1968‌و لەسەردەمی رژێمی شاهەنشاهی ئێراندا لەلایەن ژمارەیەك خوێندكاری كوردەوە بەتایبەتی لە زانكۆكانی تاران‌و تەورێز، وەكو رێكخراوێكی سیاسی چەپی شۆڕشگێڕ دامەزرێندراوە، بەهۆی دۆخی پڕ كۆتوبەندی سیاسی سەردەمی دواین شای ئێرانەوە، ئەم حزبە تاوەكو ساڵی 1979‌و كەوتنی شا، چالاكی نهێنی هەبووە، بەڵام لەدوای كەوتنی محەمەد رەزا شاوە، ئیتر چالاكی ئاشكرای دەستپێكردووە.  دامەزرێنەری سەرەكی ئەم حزبە (فوئاد مستەفا سوڵتانی)یە لەگەڵ هەریەكە لە (حەمەحسێن كەریمی، سدیق كەمانگەر، ئیرەج فەرزاد، یەدوڵڵا بیگلەریی، شوعەیب زەكەریایی، ساعید وەتەندۆست، فاتح شێخولئیسلامی، عەبدوڵا موهتەدی). ئەمڕۆ كە ناكۆكییەكی نوێ لەناو كۆمەڵەدا تەقیوەتەوە، ساڵڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە، بەبۆنەی یەكەم شەهیدی كۆمەڵەوە كە ناوی (خانەی موعینی)یە‌و لەناوچەی ماوەتی كوردستانی عێراق شەهید كراوە، ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەكەن دەڵێن پێشمەرگە ناڕازییەكان بە مەبەست ئەمڕۆیان بۆ راگەیاندنی رەوتە نوێیەكەیان هەڵبژاردووە.   


شیكاری: درەو   پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2009 - 2022)، واتە لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا؛ 🔹  لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 795) پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە کە (618 هەزار و 795) حاڵەتیان ڕاستەوخۆ لە دادگاکان تۆمار کراون (40 هەزار و 180) حاڵەتیان مارەبڕینی دەرەکی بوونەو لە دادگا پەسەندکراون. واتە بە تێکڕا؛ ساڵانە (47 هەزار و 70) حاڵەت، مانگانە (3 هەزار و 922) حاڵەت و رۆژانە (129) مارەبڕین تۆمارکراون. 🔹  لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا (104 هەزار و 913) خێزان هەڵوەشاونەتەوە، واتە؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (7 هەزار و 494) حاڵەت، مانگانە (624) حاڵەت و هەموو رۆژێک زیاتر لە (20) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. ساڵی (2022) بەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە. 🔹  لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 625) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (116) حاڵەت، مانگانە (10) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت. داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 2009 – 2022 1.    هاوسەرگیری (مارەبڕین)؛ پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو گرێبەستانەی بەمەبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کراون ژمارەیان (618 هەزار و 795) گرێبەست بوونەوە بەزترین ئاستی ژمارە مارەبڕین لە ساڵی (2012) تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە (56 هەزارو 2) حاڵەت، کەمترین حاڵەتیش لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە ژمارەکەی بریتی بووە لە (31 هەزار و 183) حاڵەت. (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)). هاوکات هەر بەپێی داتاکان (پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) کە بریتین لەو مارەبڕینانەی لە دەرەوەی دادگا ئەنجامدراون و دواتر لە دادگاکان تۆمار کراون لە ماوەی ساڵانی (2009 - 2022) ژمارەیان بریتی بووە لە (40 هەزار و 180) حاڵەت بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)). کەواتە سەرجەم ئەو مارەبڕینانەی لە ناو و دەرەوەی دادگا ئەنجام دراون پێکەوە ژمارەیان (658 هەزار و 975)، بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (47 هەزار و 70) حاڵەت و مانگانەش دەبێتە (3 هەزار و 922) حاڵەتی مارە بڕین و بە تێکڕای رۆژانەش (129) حاڵەت دەبێت. وەک لە خشتەی ژمارە (1) رونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1)     2.    جیابوونەوە (تەڵاق)، بەپێی داتاکان لە ماوەی (2009 - 2022) ژمارەی هەڵوەشانەوەی خێزان بریتی بووە لە (104 هەزار و 912) حاڵەتی جیابوونەوەو کە  بە تێکڕا؛ ساڵانە (7 هەزار و 494) حاڵەت، مانگانە (624) حاڵەت و هەموو رۆژێک زیاتر لە (20) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. (وەک لە خشتەی ژمارە (1))دا هاتووە. هەر بەپێ ئامارەکان ساڵی (2022) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (13 هەزار و 967) حاڵەت. (بڕوانە چارتی ژمارە(3)). کەواتە هەر بەپێی داتاکان ساڵی (2022) ژمارەی تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێم بەراورد بە ساڵی (2012) رێژەی جیابوونەوە لە (11%)ەوە بەرزبووتەوە بۆ (25%) لەم بارەیەوە (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)).   3.    ڕێگەپێدان بە هێنانی ژنی دووەم؛ پاڵپشت بە داتاکان لە (14) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 625) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (116) حاڵەت، مانگانە (10) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت. بەرزترین حاڵەتی ڕێگەدان بە هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی (2010) تۆمارکراوە کە (297) حاڵەت و کەمترینیشی لە ساڵی (2017) بووە کە (41) حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4))   داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر پارێزگاکانی هەرێم 2009 – 2022 1.    هاوسەرگیری (مارەبڕین)؛ بەپێی داتاکان لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر (229 هەزار و 198) حاڵەتی مارەبڕین و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و (201 هەزار و 494) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (154 هەزار و 990) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (33 هەزار و 113) حاڵەتی مارەبڕین تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8)) 2.    جیابوونەوە؛ بەپێی داتاکان لە ماوەی ساڵانی (2009 - 2022) پارێزگای هەولێربەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە کە بریتی بووە لە (42 هەزار و 650) حاڵەتی تەڵاق و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت بە (40 هەزار و 424) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (16 هەزار و 532) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (5 هەزار و 306) حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8)). 3.    پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی؛ بەهەمان شێوەی حاڵەتەکانی پێشوو لە (14) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمارکراوە کە (17 هەزار و 353) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و بە (11 هەزار و 39) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (10 هەزار و 490) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (هەزار و 297) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8))          


(2) جیسۆن لیل - گۆڤاری ئایدیای دیپلۆماتیك لە بەرزی (27000) پێ  بە نزیكەی (8000) مەتر، بە كێشی (150) كیلۆگرام، لە توانایدایە بۆ ماوەی (25) كاتژمێری بەردەوام بفڕێت جیهان پێی ناوەتە ناو قۆناغی شەڕی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان (درۆنەكان). لە چوار شەڕی گەورەداـ كە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە نێوان دەوڵەتاندا ڕوویداوە لە هەریكە لە لیبیا، ناگۆڕنی قەرەباغ، سووریا و ئۆكرانیا، ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە چەكهەڵگرانە ڕۆڵی كاریگەر و گرنگ و یەكلاكەرەوەیان بینیوە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا لە میانەی مشتوومڕ و گفتوگۆ لە بارەی درۆنەكانەوە فۆكس دەخرێتە سەر بەكارهێنانیان لە دژی لایەنە كارا و كاریگەرە ناحكوومییەكان، وەكو بزووتنەوەی تاڵیبان، یان گریمانە و پێشهاتەكان سەبارەت بە ڕۆڵی پێشبینیكراوی درۆنەكان لە شەڕەكانی نێوان ئەمریكا و ڕكابەر و دژبەرەكانی، وەكو چین. ئەم مشتوومڕ و گفتوگۆیانە پاڵی بە هەندێك لە توێژەرانەوە ناوە تا بگەنە ئەو دەرەنجامەی، كە فڕۆكە درۆنەكان ئاڵۆز و لاوازن تاكو ئاستێك كە بەكارهێنانی سنووردار و بێكەڵكە لە شەڕی نێوان دەوڵەتەكان.   هەندێك لە چاودێران و لێكۆڵەرەوەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەم فڕۆكانە پێدەچێت هۆكارێك بن بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە ڕاستیدا، ئەگەری هەڵكشانی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان دەوڵەتان لەوانەیە سنووردار بێتەوە ئەگەر درۆنەكان بخرێنە خوارەوە، لە بری ئەوەی مرۆڤ بەرەو ئامانجەكانیان ئاراستەیان بكات. بەڵام بەڵگە بەردەستەكان ئاماژە بۆ ئاراستەیەكی تر دەكەن، كە زیاتر جێگای نیگەرانییە. بۆیە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە هەرزان و كەم زیانەكان، تایبەتمەندی ڕاستەقینە بۆ ئەو سوپایانە بەرجەستە دەكەن، كە شانبەشانی زرێپۆش و بۆمبهاوێژەكان بەكارییان دەهێنن. لە دوای بەرپابوونی ئەو چوار شەڕ و ململانێیەی ئەمدواییەی جیهان، كە درۆنەكانی تیادا بەكارهێنرا، دەركەوت كە درۆنەكان توانای پێكانی ئامێرە سەربازییە ئاساییەكانیان بەو شێوەیەش دەتوانێت سەركەوتنی سەربازی بەدەست بێنێت و ڕۆڵیش دەگێڕن لە درووستكردنەوەی هاوسەنگی جوگرافیای سیاسی. لە كاتێكدا كە درۆنەكان بوونەتە بەشێك لە كەشتیگەلی ئاسمانی بەشێكی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان، چونكە لە ساڵی (2015)وە تاكو ئەمڕۆ، چەندین لایەن و كاراكتەری جیهانی نوێ خۆیان ئامادە دەكەن بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلەی كە ئەم فڕۆكانە بۆیان دەستەبەر دەكەن بە مەبەستی دەستگرتن بە سەر خاكی ئەوانیتر، یان هەڵگیرساندنی بڵێسەی چەند ناكۆكییەك، كە لە ڕابردوودا مابوونەوە و سڕ كرابوون "واتا ململانێیەك كە ئاگری شەڕەكەی وەستێنراوە، بەڵام بەبێ گەیشتن بە ئاشتی ماوەتەوە"، كەواتا حكوومەتەكان و لێكۆڵەرەوەكان پێویستیان بە دووبارە بیركردنەوەیە لەو ڕۆڵەی، كە ئەم چەكە نوێیە دەیگێڕێت لە ڕووی زیادكردنی مەترسییەكانی هەڵكشانی تووندوتیژی لە نێوان دەوڵەتاندا. كەشتیگەلێك دەكرێت خۆیانی لێ دەرباز بكەن: زاناكان ماوەیەكی زۆر پێیان وابوو، كە چەكە هێرشبەرەكان ئاشتی و سەقامگیری تێكدەدات، لەبەر ئەوەی كە تێچوونی هێرش و پەلاماردانەكان كەمدەكاتەوە، لە كاتێكدا كە مەترسی ئەمنی لە نێوان ئامانجە پێشبینیكراوەكانی درووست دەكات. لە ڕاستیدا، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئەم بیرۆكەیە دەخەنە مەودایەكی دوورترەوە. ئەو ئامێر و فڕۆكانەی ئاراستە دەكرێن و كارپێكردنیان خۆییە تێچوونیان زۆر كەمترە لەو فڕۆكانەی لە لایەن فڕۆكەوانێكەوە ئاراستە دەكرێت، بەڵكو دەشكرێت سوپاكان بۆ كاری پڕ مەترسی ئاراستەیان بكەن بەبێ هیچ ترسێك لە لەدەستدانی مرۆڤ. سەرەڕای ئەمەش، لەبەر ئەوەی كە نرخی درۆنەكان هەرزانە و وڵاتان دەتوانن بە ئاسانی ژمارەیەكی زۆرییان لێ بكڕن، بە جۆرێك كە بەسە بۆ گەمارۆدان و تەنگەتاوكردنی بەرگرییەكانی دوژمن بە خێرایی. لەم چەند شەڕەی دواییدا سوپاكانی دەوڵەتان دەیان و سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بەكار هێناوە، پێشبینیش دەكرێت لە ململانێكان و شەڕەكانی ئایندەدا بە هەزارانی تریان لێ بڵاوبێتەوە، ئەگەر نەڵێین دەیان هەزار، ئەوەش لە پێناە لەناوبردنی و تێكشكاندنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان یان لاوازكردنیان پێش ئەوەی بكەونە خۆیان و توانای وەڵامدانەوەیان هەبێت. بەمجۆرە درۆنە چەكدار و هەرزانەكان لە نرخدا وایكردووە دەوڵەتەكان نەتوانن دەستبەرداریان ببن، بەڵكو زیاتر گەشە و بەردەوامیان پێدەدەن. لە ڕاستیدا، بە هۆی هەرزانی نرخ و كەمی تێچوونیانەوە سوپا شەڕكەرەكان توانای لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری ئەم فڕۆكانەیان هەیە، مادام هێندەی ترییان لێ دەمێنێتەوە تاكو بەشی لەناوبردن و وێرانكردنی ئامانجە دەستنیشانكراوەكان بكات. تەنانەت ئەگەر هەموو فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە سەر ئاستی "تاك" ڕووبەڕووی مەترسییەكانیش بێتەوە، بەڵام درووستكردن و بڵاوكرانەوەیان بە شێوەیەكی بەرفراوان ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابین دەكات. دەشكرێت هێرشی بە كۆمەڵی درۆنەكان بەهێزترین یەكەكانی بەرگری لەناو ببات. چاودێران بە خێرایی تەماشای ئەم تاكتیكە تازەیان كرد لە شەڕی ناگۆرنی قەرەباغ، كە تیایدا ئازەربایجان فڕۆكە دووانە باڵی هاوسەنگی بەكارهێنا، كە لە دەیەی چلەكانی سەدەی ڕبردووەوە ئامادە كراوە بۆ ئەوەی لە دوورەوە كار بكات و كۆنترۆڵ بكرێت. ئەو فڕۆكانە بەكارهێنەرانی ئامێری ڕاداری ئەرمەنییەكانیان ناچار كرد تاكو سیستمەكانیان كار پێبكەن، بەم شێوەیەش شوێن و پێگەكانیان ئاشكرا كرا و فڕۆكەوانە ئازەرییەكان توانیان لە مەودایەكی دوورەوە بە فڕۆكەی (هاروپ)ی ئیسرائیلی لەناویان ببەن. ڕاستە كە ئازەربایجان لە كۆتاییدا (11) فڕۆكەی لە جۆری (AN2)ی لەدەستدا، بەڵام ستراتیژەكەیان یارمەتیدان لە درووستكردنی كەلێن و لاوازی لە هێڵەكانی بەرگری ئاسمانی ئەرمینیا. حكوومەتەكان پێویستی زۆرییان بە دووبارە بیركردنەوەیە لەو ڕۆڵەی، كە درۆنەكان دەیگێڕن لە ڕوو زیادكردنی كێرڤی تووندوتیژی لە نێوان دەوڵەتان. بەڵگەكانی تایبەت بە شەڕو پێكدادانەكانی ئەمدواییەی جیهان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە سەرەتاییە چەكهەڵگرەكان پێدەچێت لە ڕاستیدا زیاتر بەردەوام بێت لەوەی لە سەرەتادا لێی پێشبینی دەكرا. سیستمەكانی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتووی ڕووسیا وەك سیستمی (S-300) و (پانتسیر)ی كورتمەودا، سەلماندی كە تاكو ئاستێكی پێشبینی نەكراو لە لیبیا و ناگۆرنی قەرەباغ و سووریا لاواز بووە. لە هەر یەكێك لەم دۆخانەدا، فڕۆكە درۆنەكان توانیویان لە ڕادار و بەكارهێنانی كەلێن و بۆشایی ڕووماڵكردن بەپێی سیستمی كۆن خۆیان دەرباز بكەن، كە دامەزراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ فڕۆكەی ئەزموونیی قەبارە گەورەتردا. ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكەكانی (پانتسیر)ی ڕووسیایان لە لیبیا و سووریا تێكشكاند و لە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیاش توانیان بە سەر سیستمی بەرگری ئاسمانی مۆدیل كۆندا زاڵبن. سەبارەت بەو دەوڵەتانەی، كە هەوڵی شكاندنی ئەو چەقبەستووییە جیۆسیاسیە دەدەن، كە درێژەی خایاند، دەبینین كە دەركەوتنی درۆنەكان لە جیهاندا بە شێوەیەكی ڕێژەیی نرخیان هەرزانە و دەتوانرێت بە ئاسانی خۆیان لێ ڕزگار بكرێت، هەروەها دەرفەتی باش بۆ بەكارهێنەرانی دەستەبەر دەكەن، لە لایەكی تریشەوە ئەم فڕۆكانە یارمەتی دەوڵەتان دەدەن بۆ دەستبەسەردانگرتنی خاكی بەرامبەرەكان بەوپەڕی خێرایی، سەرەڕای زاڵبوون بە سەر نەیارەكانیان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا و توانایان هەیە لە داهاتوودا زیانی گەورەتر بە دژبەرەكانیان بگەیەنن. درۆنەكان.. بگۆڕی یاساكانی یاریەكە: لە هەلومەرجی ئێستای جیهاندا، درۆنەكان زیاتر سەنجڕكێش بوون لەبەر ئەوەی كە لە گۆڕینی هاوكێشەكانی گۆڕەپانی شەڕدا سەركەوتوو بوون. بۆ نموونە توركیا بە مەبەستی درووستكردنی كاریگەری تایبەتی درۆنەكان بەكاردەهێنێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكەكانی سووریا لە شوباتی (2022)دا كوژرانی (36) سەربازی توركی لێكەوتەوە، كە لە نزیك پارێزگای ئیدلب لە باكووری سووریا كارییان دەكرد.     حكوومەتی ئەنقەرە بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە جۆری (TB2) وەڵامی دایەوە بۆ لەناوبردن و تێكشكاندنی دەیان تانك و سیستمی بەرگری ئاسمانی و زرێپۆشی سووریا، كە لە ئەنجامدا كوژرانی سەدان سەربازی سووری لێكەوتەوە. بە لەجیاتی سووریای بێچارە، ڕووسیا داوای ئاگربەستی لەگەڵ توركیا كرد. ڕۆڵی فڕۆكەكانی (TB2)ی توركیا یەكلاكەرەو بوو لە شكاندنی ئەو چەقبەستووییە سەربازیەی لە كاتی پرۆسەی گەردەلوولی ئاشتیدا لیبیای گرتەوە. ڕۆڵی هاوبەشی درۆنەكان لە جۆری (TB2) و هێزە زەمینییەكان بریتی بوو لە "كۆكردنەوەی كێشی دوو هێز"، كە لە ئەنجامدا سوپای نیشتیمانی لیبیای كردە دەرەوەی تەرابلوسی پایتەخت و مۆڵگەكەیان لە ناوچەی تەرهوونە.   توركیا لە ئێستادا بە شەشەم دەوڵەتی بەرهەمهێن و گەشەپێدەر و هەناردەكاری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) دادەنرێت، ئەوەش لە دوای ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئیسرائیل و چین و پاكستان و ئێران. قۆناغی یەكەمین شێوازی سەرەتایی پەرەپێدان و درووستكردنی مۆدێلی فڕۆكەی  (بەیرەقدار TB2)ی توركی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2007)، دواتر لە حوزەیرانی ساڵی (2009)دا ئەم فڕۆكە نوێیە یەكەمین گەشتی ئاسمانی خۆی بە سەركەوتوویی ئەنجامدا، دوای ئەوەی كۆمپانیای توركیا بۆ پیشەسازی بەرگری بە ناوی (بیكار) ڕێككەوتنێكی واژۆ كرد بۆ پەرەپێدانی قۆناغی دووەمی بەرهەنهێنانی (بەیرەقدار TB2) لە كانوونی یەكەمی ساڵی (2011). ڕاستەوخۆ لە دوای دەستپێكردنی قۆناغی دووەم لە كانوونی دووەمی (2012) و ئەنجامدانی یەكەمین تاقیكردنەوە لە تشرینی دووەمی ساڵی (2014)، یەكەم گرووپی (6) فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەیرەقدار درایە فەرماندەیی هێزی زەمینی توركیا، بە دوای ئەم هەنگاوەدا (6) فڕۆكەی تر لە حوزەیرانی ساڵی (2015)دا درا بە هێزی زەمینی توركیا و بە شێوەیەكی فەڕمی ئەم فڕۆكانە لەو كاتەوە پێشكەشی هێزەكانی سوپای توركیا كران. سیستمی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (بەیرەقدار TB2)ی توركی لە (6) گالیسكەی ئاسمانی  و دوو وێستگەی زەمینی بۆ كۆنترۆڵكردن و (3) وێستگەی وەرگرتنی داتا و زانیارییەكانی سەر زەوی و دوو وێستگەی چاودێری ڤیدیۆیی پێكهاتووە، سەرەڕای چەند ئامێر و كەلوپەلی پشتیوانی سەرزەمین. توركیا بەردەوامە لە سەر پەرەپێدانی ئەم جۆرە لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ڕێگای بەرزكردنەوەی ئاستی كاركردنی سیستمی كامێرا، كە لە سەری دانراوە. لە ئێستادا توركیا پلان بۆ ئەوە دادەڕێژێت كە ژمارەی درۆنی (بەیرەقدار TB2) لە ناو سوپا و هێزەكانی ئاسایش لە قۆناغی داهاتوودا بگەیەنێتی (120) فڕۆكە.   سەردەمی زێڕینی درۆنەكان (1)


شیكاری: درەو لە دوای وڵاتی سعودییەوە عێراق گەورەترین خەرجی هەیە بەراورد بە وڵاتانی نەوتی ناوچەکە، تایبەت بە داهاتی خەمڵێندراویش عێراق لە دوای هەریەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت. لە کورتهێنانیشدا لە پێش هەموانەوەیە. ئەو داهاتەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)ی عێراقدا خەمڵێندراوە بە زیاتر لە (103 ملیار و 502 ملیۆن) دۆلار، زیاترە لەو داهاتەی کە لە یاساو پرۆژە یاساکانی وڵاتانی (مسر، ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە خەمڵێندراوە. هاوکات خەرجییەکانیشی زیاتر لە (153 ملیار و) دۆلارە، ئەم بڕەش زیاترە لە خەرجی هەریەک لە وڵاتانی (کوەیت، قەتەر و بەحرەین) پێکەوە. ئەو کورتهێنانەشی لە یاساکەدا هاتووەو بە زۆرتر لە (49 ملیار و 505 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێنرێت، زیاترە لە خەرجییەکانی وڵاتانی (ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە. قەبارەی بودجەی بەشێک لە وڵاتانی نەوتی بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە یاساو پرۆژە یاساکانی بودجەی هەر یەک لە وڵاتانی (سعودییە، عێراق، ئێران، مسر، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و بەحرەین) بۆ ساڵی (2023)، لە دوای وڵاتی سعودییەوە عێراق گەورەترین خەرجی هەیە بەراورد بەو وڵاتانەی دیکە، تایبەت بە داهاتی خەمڵێندراویش عێراق لە دوای هەریەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت. بە مانایەکی دیکە ئەو داهاتەی لە یاسای بودجەی (2023)ی عێراقدا خەمڵێندراوە زیاترە لەو داهاتەی کە لە یاساو پرۆژە یاساکانی وڵاتانی (مسر، ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە خەمڵێندراوە. هاوکات خەرجییەکانیشی زیاتر لە خەرجی هەریەک لە وڵاتانی (کوەیت، قەتەر و بەحرەین)ە پێکەوە. ئەو کورتهێنانەشی لە یاساکەدا هاتووە زیاترە لە خەرجییەکانی وڵاتانی (ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە. لێرەدا داهات و خەرجی هەریەک لەو وڵاتانە بۆ ساڵی (2023) کە لە یاساو پرۆژە یاساکانیاندا هاتووە، روندەکەینەوە.   یەکەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی سعودییە بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە داتاکان، بودجەی گشتی سعودییە بۆ ساڵی (2023) لەرووی (خەرجی و داهات)یشەوە یەکێکە لە بودجە زەبەلاحەکانی وڵاتانی ناوچەکە، بە جۆرێک داهاتی ئەو وڵاتە بە (ترلیۆنێک و 123 ملیار) ریالی سعودی خەمڵێندراوە، کە بەرامبەرە بە (298 ملیارو 718 ملیۆن) دۆلار. خەرجییەکانیشی بە (ترلیۆنێک و 114 ملیار) ریالی سعودی خەمڵێندراوە، کە بەرامبەرە بە زیاتر لە (296 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار. بەم پێیەش بڕی (9 ملیار) ریاڵ سەررێژی دەبێت، کە هاوتایە بە (2 ملیار و 394 ملیۆن) دۆلار. دووەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە دواین دەقی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023)، داهاتی گشتی عێراق بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دیناری عێراق خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (103 ملیار و 502 ملیۆن و 245 هەزار و 433) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییەو ئێرانەوە بە گەورەترین داهاتی خەمڵێندراو لە قەڵەم دەدرێت. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی عێراقیشە لە دوای سعودییەوە بە گەورەترین خەرجی دێت کە بە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (153 ملیار و 7 ملیۆن و 956 هەزار و 608) دۆلاری ئەمریکی. بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی عێراق دەگاتە (64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار) دینار، کە هاوتایە بە (49 ملیار و 505 ملیۆن و 711 هەزار و 175) دۆلاری ئەمریکی و ئەم کورتهێنانەش گەورەترین کورتهێنانە بەراورد بە کورتهێنانی بودجەی گشتی وڵاتانی نەوتی ناوچەکە. سێیەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی ئێران بۆ ساڵی 2023  پاڵپشت بە "پڕۆژە یاسای بودجەی 1402ی هەموو وڵات"ی ئێران کە بە مانگی ئازاری 2023 دەستپێدەکات و بە ئازاری 2024 کۆتایی دێت و لە خشتەی ژمارە (1)ی پرۆژەکەدا هاتووە؛ داهاتی گشتی ئێران بە (51 کوادریلیۆن و 90 ترلیۆن و 83 ملیار و 711 ملیۆن) ریاڵی ئێرانی خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (122 ملیار و 616 ملیۆن و 200 هەزار و 906) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییەوە بە گەورەترین داهاتی خەمڵێندراو لە قەڵەم دەدرێت. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی ئەو وڵاتەیە لە دوای سعودییەو عێراقەوە دێت کە بە هەمان بڕی داهات خەرجییەکانیش خەمڵێندراوە، بۆیە پرۆژە یاساکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە هیچ کورتهێنانێک رووینەداوە یان روونادات. چوارەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی مسر بۆ ساڵی 2023 ئەگەر چی هیچ یاساو پرۆژە یاسایەکی بودجەی وڵاتی مسر بۆ ساڵی (2023) بەردەست نیە، بەڵام بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی مسر، پێشبینی کردووە کە پرۆژە یاسای (2023 - 2024) کە لە مانگی تەموزی ئەمساڵ دەچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، داهاتی گشتی وڵات بریتی دەبێت لە (2 ترلیۆن و 100 ملیار) جونیەی مسری کە هاوتایە بە (68 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش داهاتی گشتی ئەو وڵاتە دوای داهاتی گشتی هەریەک لە وڵاتانی (سعودییە، ئێران و عێراق)ەوە دێت. هەر تایبەت بە خەرجییەکانی ئەو وڵاتە بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی مسر بریتی دەبێت لە (3 ترلیۆن) جونیەی مسری کە بەرامبەرە بە زیاتر لە (97 ملیار و 400 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی. بەم پێیەش کورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتی ئەو وڵاتە روودەدات، کە بریتی دەبێت لە (900 ملیار) جونیە و هاوتایە بە (29 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، ئەم بڕەش هێشتا کەمترە لە دوو لەسەر سێی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتی عێراقدا روودەدات. پێنجەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی کوەیت بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی کوەیت، تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023 - 2024)، داهاتی گشتی کوەیت بە (19 ملیار و 452 ملیۆن و 500 هەزار) دیناری کوەیتی خەمڵێندراوە، کە هاوتایە بە (63 ملیار و 415 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییە، ئێران، عێراق و مسرەوە دێت لە رووی گەورەیی داهاتی خەمڵێندراوەوە. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (کوەیت)ە بە (26 ملیار و 287 ملیۆن و 500 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (85 ملیار و 667 ملیۆن و 910 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی کوەیت دەگاتە (6 ملیار و 826 ملیۆن) دینار، کە هاوتایە بە (22 ملیار و 252 ملیۆن و 760 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.   شەشەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی قەتەر بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە یاسای ژمارە (10)ی یاسای بودجەی گشتی دەوڵەت بۆ ساڵی دارایی (2023)، داهاتی گشتی قەتەر بە (228 ملیار) ریاڵی قەتەری خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (62 ملیار و 631 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (قەتەر)ە بە (199 ملیار) ریاڵ خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (54 ملیار و 665 ملیۆن و 300 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. بەو پێیەش قەبارەی سەرڕێژی بودجەی گشتی قەتەر دەگاتە (29 ملیار) ریاڵ، کە هاوتایە بە (7 ملیار و 966 ملیۆن و 300 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. کە نزیکە لە داهاتی خەمڵێندراوی وڵاتێکی وەک بەحرەین و گەورەترین سەرڕێژەی داهاتە لەنێوە وڵاتە نەوتییەکانی ناوچەکە. حەوتەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی ئیماراتی عەرەبی بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی ئیماراتی عەرەبی تایبەت بە بودجەی ساڵانی (2023 - 2026)، تەنها بۆ ساڵی (2023) داهاتی گشتی ئیمارات بە (63 ملیار و 613 ملیۆن) درهەمی ئیماراتی خەمڵێندراوە کە بەرامبەرە بە (17 ملیار و 321 ملیۆن و 819 هەزار و 900) دۆلاری ئەمریکی. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی ئیماراتی عەرەبییە بە (63 ملیار و 66 ملیۆن) درهەم خەمڵیندراوە، کە دەکاتە (17 ملیار و 172 ملیۆن و 871 هەزار و 800) دۆلاری ئەمریکی. بەو پێیەش قەبارەی سەرڕێژی بودجەی گشتی ئیمارات دەگاتە (547 ملیۆن) درهەم، کە هاوتایە بە (148 ملیۆن و 948 هەزار و 100) دۆلاری ئەمریکی. هەشتەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی بەحرەین بۆ ساڵی 2023 پاڵپشت بە دەقی پرۆژە بودجەی بەحرەین بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بەپێی مادەکانی (1، 2 و 3) داهاتی گشتی بەحرەین بە (3 ملیار و 103 ملیۆن و 386 هەزار) دیناری بەحرەینی خەمڵێندراوە کە بەرامبەرە بە (8 ملیار و 241 ملیۆن و 351 هەزار و 862) دۆلاری ئەمریکی. هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (بەحرەین)ە بە (3 ملیار و 596 ملیۆن و 965 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە دەکاتە (9 ملیار و 552 ملیۆن و 100 هەزار و 254) دۆلاری ئەمریکی. بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی بەحرەین دەگاتە (493 ملیۆن و 579 هەزار) دینار، کە هاوتایە بە (ملیارێک و 310 ملیۆن و 748 هەزار و 392) دۆلاری ئەمریکی. بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە خشتەو چارتی هاوپێچ سەرچاوەکان 1.    اليوم.. السعودية تعلن الميزانية العامة للعام 2023، الإيرادات والمصروفات الفعلية للميزانية السعودية (2000 – 2023)، 2022/12/07؛ https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1607480 2.    دەقی رەشنوسی بودجەی گشتی عێراق، 2023-06-09؛ https://www.awene.com/detail?article=88564 3.    لایحه بودجه ۱۴۰۲ کل کشور+ پیوست ها؛ https://shenasname.ir/wp-content/uploads/2023/01/%D9%85%D8%A7%D8%AF%D9%87%D9%88%D8%A7%D8%AD%D8%AF%D9%87%D9%88%D8%AC%D8%AF%D8%A7%D9%88%D9%84%D9%83%D9%84%D8%A7%D9%86%D9%84%D8%A7%D9%8A%D8%AD%D9%871402.pdf 4.    مصر تتوقع 97 مليار دولار نفقات لموازنة العام المالي المقبل، 09/05/2023؛ https://www.aljazeera.net/ebusiness/2023/5/9/%D9%85%D8%B5%D8%B1-%D8%AA%D8%AA%D9%88%D9%82%D8%B9-97-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%86%D9%81%D9%82%D8%A7%D8%AA-%D9%84%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A9 5.    63.5  مليار دولار إيرادات موازنة الكويت في 2023-2024، 31/01/2023؛ https://www.skynewsarabia.com/business/1592932-635-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%95%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%8A%D8%AA-2023-2024 6.    الجريدة الرسمية لدولة قطر، العدد ١، ١٩يناير ٢٠٢٣، قانون رقم (10) لسنة 2022 باعتماد الموازنة العامة للدولة للسنة المالية 2023؛ https://www.almeezan.qa/PDF/2023/1.pdf 7.    الإمارات العربية المتحدة، وزارة المالية، دولة الإمارات تعتمد الميزانية العامة للاتحاد 2023-2026 بإجمالي مصروفات تقديرية 252.3 مليار درهم، 10 أكتوبر 2022؛ https://mof.gov.ae/%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%85%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B9%D8%AA%D9%85%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A%D8%B2%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-2/ 8.    نص مشروع ميزانية الدولة البحرین للسنتين الماليتين 2023-2024، 02/04/2023؛ https://www.akhbar-alkhaleej.com/news/article/1327522  


ئامادەكردنی: جیهانگیر سدیق گوڵپی پێش ئه‌وه‌ی ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجه‌مان به‌رچاو بكه‌وێت بۆچونه‌كان وابوون كه‌ سه‌ره‌ڕای ته‌ڵه‌و كه‌موكوڕیه‌ زۆره‌كان سه‌باره‌ت به‌ پشكی هه‌رێم به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زیاتر بێت كه‌ بتوانرێت سودێكی ڕێژه‌یی له‌بودجه‌كه‌ وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تیش كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وت زۆربه‌ی ده‌سكارییه‌كانی لیژنه‌ی دارایی چاككرابن. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجه‌كه‌م خوێنده‌وه‌، ناتوانم چاوم له‌دیوه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی دابخه‌م و پێشموایه‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ چه‌قۆیه‌كه‌ بۆ له‌تكردنی هه‌رێم و كۆتایهێنان به‌قه‌واره‌ی هه‌رێم، هه‌موو رێكاره‌كانیش بۆ ئاسانكاری و جێبه‌جێكردنی ئه‌وه‌ له‌ یاساكه‌دا چه‌سپێنراون. له‌ یاساكه‌دا هه‌موو پاساو و ڕێكاره‌كانی گازنده‌كردنی پارێزگای سلێمانی و ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان له‌ ناواخن و بڕگه‌كانی بودجه‌كه‌دا ئاماده‌كراون، به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ند خاڵ و بڕگه‌یه‌كیش دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێم ناچار بكه‌ن تاكو كۆی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ هه‌مو قۆناغه‌كانیه‌وه‌ بكه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی به‌غدا. ئه‌گه‌ر ناكۆكیه‌ ناوخۆییه‌كان وه‌لا نه‌نرێن و هه‌وڵه‌كان یه‌كنه‌خرێن، ئه‌و پلانه‌ی بۆ هه‌رێم دانراوه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌گشتی و له‌سه‌ر هه‌موو پارزگاكانی و هه‌موو هاوڵاتیه‌كانیشی، ئه‌وه‌یش  له‌ دواڕۆژیكی نزیكدا ده‌رده‌كه‌وێت. بڕگه‌و ته‌ڵه‌ی زۆر له‌یاساكه‌دا هه‌ن كه‌ عێراق بتوانێت به‌كاریان بهێنێت بۆ گوشار دروستكردن و نه‌ناردنی شایسته‌ی هه‌رێم به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست، به‌ڵام مه‌ترسیدارترینیان دوو خاڵن، ‌یه‌كه‌میان خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی 13یه‌ تایبه‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ته‌مویلی پارێزگاكان‌، دووه‌میش بڕگه‌كانی (ب و ج)ی خاڵی دووه‌می ماده‌ی 12یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم و خه‌رجكردنی تێچووه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌‌تی حسابكردنی ته‌رخانكراو بۆ تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم. یه‌كه‌م/ سه‌باره‌ت به‌دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دوو خاڵی جێی سه‌رنج له‌یاساكه‌دا هه‌ن: 1- به‌پێی بڕگه‌ی (ب) له‌ خاڵی یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی 12/ ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كركردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ست پێنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا بكات بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی، لێره‌دا كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نرخی نه‌وت بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی كه‌متره‌و له‌ عێراقدا به‌نرخی پاڵپشتیكراو ده‌درێته‌ پاڵاوگه‌كان، له‌م كاته‌یشدا كۆمپانیاكانی نه‌وت له‌ هه‌رێم گرفتیان بۆ دروست ده‌بێت، چونكه‌ خه‌سڵه‌تی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ دابه‌شكاریی تێچوو و قازاجی هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مای داهاته‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌سته‌ به‌نرخه‌وه‌. ئه‌م گوشاره‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاكان نه‌توانن به‌رده‌وام بن له‌به‌رهه‌مهێنان تاكو ناچاربن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێمیش ناچاربێت به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌یشدا ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، لێره‌وه‌ یه‌كێك له‌ بۆچونه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هۆكاری دووباره‌ی ده‌سپێنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ ویستی به‌غدای له‌سه‌ر بێت. 2- به‌پێی بڕگه‌ی (ج) له‌هه‌مان خاڵ و هه‌مان ماده‌، تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای تێكڕای تێچووی به‌رمیلێك نه‌وتی ناوچه‌كانی تری عێراق ده‌درێت، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مووان ده‌زانن تێچووی نه‌وتی هه‌رێم زیاتره‌. به‌مجۆره‌ ئه‌و ته‌رخانكراوانه‌ی كه‌ دانراون بۆ تێچووی نه‌وتی هه‌رێم به‌شی نیوه‌ی تێچووه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، له‌م كاته‌دا هه‌رێم یان ده‌بێت له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی تر ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕبكاته‌وه‌ یان تێچووی نه‌وت و شایسته‌ی كۆمپانیاكان وه‌ك پێویست نه‌دات، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا مه‌رامی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له ‌ته‌رخانكراوه‌كانی تر كورتهێنانی تێچووی نه‌وت پڕبكاته‌وه‌ ئه‌وكات ته‌رخانكراوه‌كانی تری هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم به‌تایبه‌تیش هی پرۆژه‌كان كه‌مده‌بنه‌وه‌، ئه‌وكات به‌رپرسانی سلێمانی گازنده‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ به‌غدا، به‌غدایش ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلان و ئه‌جێنداكه‌ی ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم شایسته‌ی كۆمپانیاكان به‌كه‌می خه‌رج بكات و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان بۆ خه‌رج بكات كه‌ له‌ بودجه‌كه‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌، ئه‌وكات هه‌م قه‌رزار ده‌بێت و هه‌م گرفتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان بۆ دروست ده‌بێت. به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی تێچووی كۆمپانیاكان هه‌رێم توشی گرفتی گه‌وره‌ ئه‌بێت، كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی نه‌وتی كۆمپانیاكان له‌ هه‌رێم پێویستی به‌هه‌وڵی به‌غدا هه‌یه‌ به‌ڵام به‌غدا ئه‌و كاره‌ بۆ هه‌رێم ناكات. به‌غدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان ناچار بكات تاكو دۆسه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی ئه‌و بكرێت. دووه‌م/ سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌غدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌پێی ناوه‌ڕۆكی خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی (13) ئه‌گه‌ر گرفت و گازنده‌ دروستبوو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی موچه‌و پاره‌ی پرۆژه‌كان له‌لای پارێزگاكان، ئه‌وا له‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌ ڕێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر به‌ ته‌مویلكردنیشه‌وه‌، واته‌ پشكی پارێزگاكان‌ ڕاسته‌وخۆ بدات، واته‌ مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان‌ بكات. هه‌موان ده‌زانن ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ بێت هه‌موو شتێكی دیاره‌، پێشتریش یه‌كێك له‌و پاساوانه‌ی بۆ گوشاركردن له‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌كارده‌هێنرا بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌غداوه‌ دێت دیاره‌و ناتوانرێت جیاكاری و زوڵمی تێدا بكرێت. به‌درێژایی ئه‌م بیست ساڵه‌ هه‌ر پاره‌یه‌ك له‌به‌غداوه‌ هاتبێت هیچ جیاكاری و كێشه‌یه‌ك له‌دابه‌شكردن و خه‌رجكردنی نه‌بووه‌و هیچ گازنده‌یه‌ك نه‌بووه‌‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئێستا بۆچی ئه‌م هه‌مو پێداگریه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ ده‌كرێت. به‌بۆچونی من ئه‌و خاڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ ده‌ستی حكومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و بگه‌ڕیته‌وه‌ سه‌رده‌می مه‌ركه‌زیه‌تی جاران و هه‌رێم وه‌ك قه‌واره‌ كۆتایی پێ بێت، ڕاسته‌ ئه‌مه‌ ویستی به‌غدایه‌، به‌ڵام هۆكاری چه‌سپاندنه‌كه‌ی له‌م یاسایه‌دا بۆ ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌ بودجه‌كه‌دا پێشوه‌خته‌ پاساوی گازنده‌كردنی پارێزگای سلێمانی ئاماده‌كراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی ویستی جێبه‌جیكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌یان هه‌بێت ئه‌وا ئه‌توانن به‌شی موچه‌و پرۆژه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌ گه‌ورانه حساب بكه‌ن كه‌ وه‌ك پشكی هه‌رێم دانراون به‌وپێیه‌ داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ر له‌ یاساكه‌دا كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه‌ دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت كۆی ئه‌و به‌شه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ خه‌رج بكات یان دابه‌شی بكات، كه‌ ئه‌وه‌یش ده‌بێته‌ پاساوی گازنده‌كردنه‌كه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌: 1- جگه‌ له‌كورتهێنانی ته‌رخانكراوه‌كانی تێچووی نه‌وت كه‌ زیاتر له‌ (2) ترلیۆن دینار ده‌بێت، چه‌ند بڕێكی تریش له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابن كه‌ كێشه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروستده‌كه‌ن، له‌وانه‌ بڕی (1) ترلیۆن و (428) ملیار دینار تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حساب كراوه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وه‌ له‌ناو خه‌رجیه‌ سیادیه‌كانیش هاتووه‌، به‌ڵام پاشتریش وه‌ك به‌شێك له‌ ته‌رخانكراوی خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم حساب كراوه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هیچ بابه‌تێك خه‌رج بكات جگه‌ له‌كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت وه‌ ئه‌و بڕه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هێشتا كه‌مه‌. 2- وه‌ك له‌ خاڵی 1 له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ كرد، كورتهێنانی كۆی تێچووی نه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ی كه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ته‌رخانكراوه‌و دووباره‌ له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابكراوه‌ ده‌گه‌نه‌ زیاتر له‌ (3) ترلیۆن (428) ملیار دینار، پاش ئه‌وه‌ نزیكه‌ی (1) ترلیۆن دیناریش له‌ساڵه‌كه‌دا له‌ پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی بانكه‌كان، به‌مجۆره‌ نزیكه‌ی (4) ترلیۆن و (428) ملیار دینار له‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ به‌ژماره‌ وه‌ك پشكی هه‌رێم حسابكراوه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت خه‌رجی بكات یان دابه‌شی بكات، لێره‌وه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات. ئه‌گه‌ر لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانی هه‌رێم نه‌گه‌نه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و دروست، ئه‌وا یه‌كسه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی له‌لای به‌غدا گازنده‌ ده‌كه‌ن و به‌غدا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی ده‌كات. بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌خواره‌وه‌ ژماره‌كان به‌مجۆره‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:         16.609  ترلیۆن دینار كۆی پشكی هه‌رێم له‌ناو یاسای بودجه‌      + 0.228  ته‌رخانكراو بۆ پێشمه‌رگه‌      -  1.428 تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌و‌ت كه‌ به‌هه‌ڵه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر پشكی هه‌رێم      -   2.000  بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی تێچووه‌كانی نه‌وت      -   1.000 بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراقی =   12.409  پوخته‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌توانێت خه‌رجی بكات و دابه‌شی بكات له‌كۆی ئه‌و پشكه‌ی كه‌ له‌بودجه‌ی عێراق بۆی دانراوه‌. (هه‌رچه‌نده‌ پاره‌ی پترۆدۆلار له‌ بودجه‌كه‌ بۆ هه‌رێم به‌جیا دیاری نه‌كراوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا ویستی هه‌بێت ئه‌وا بڕێكی تریش بۆ پشكی هه‌ریم زیاد ئه‌بێت). به‌مجۆره‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌بڕی زیاتر له‌ 16 ترلیۆن دینار ته‌نها ده‌توانێت ده‌وروبه‌ری 12 ترلیۆن دینار خه‌رج بكات یان دابه‌ش بكات، به‌مه‌ش به‌شی پارێزگاكان به‌تایبه‌تیش له‌ پاره‌ی پرۆژه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش ده‌كرێته‌ پاساوی گازنده‌كرن لای به‌غدا. واته‌ به‌ هه‌موو جۆرێك ئه‌م یاسایه‌ وا داڕێژراوه‌ كه‌ به‌غدا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمدا بسه‌پێنێت و به‌ فیعلی هه‌رێم وه‌ك قه‌واره‌ بوونی نه‌مینێت.


  راپۆرت: درەو بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023، بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار پابەندی دارایی خستوەتە سەرشانی حكومەتی هەرێم، مەبەستی لە پابەندی دارایی ئەو بڕە پارەیە كە دەبێت حكومەتی هەرێم لەپێناو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی خۆی، بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی بگەڕێنێتەوە، لەم بڕە پارەیە مانگانە زۆنی سەوز بڕی (68 ملیار) دینار دەگەڕێنێتەوە، زۆنی زەرد بڕی (ترلیۆنێك‌و 40 ملیار) دینار، واتا بە بەراورد بە زۆنی زەرد، زۆنی سەوز بڕێكی زۆر كەمتر دەدات، بەتایبەت (4%)ی داهاتی نەوت لە سنوری زۆنی سەوزەو (96%) لەزۆنی زەردە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.   چەند وەردەگرێت‌و چەند دەدات ؟ بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانەی شایستە داراییەكانی خۆی لە بەغداد وەرگرێت، دەبێت ئەو پابەندییە داراییانە جێبەجێ بكات كە دەكەوێتە سەر شانی. لە بودجەی عێراقدا مانگانە بە تێكڕا بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار وەكو شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان ئەژماركراوە، لەبەرامبەر ئەمەدا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار وەكو پابەندی دارایی لەسەر شانی هەرێم دانراوە‌و دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ. پابەندییە داراییەكانی هەرێم چییە ؟ ئەو بابەتانەی وەكو پابەندی دارایی لەسەر شانی هەرێم دانراوە لە بودجەی فیدراڵی عێراقدا، بریتییە لە: •    بڕی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار پارەی فرۆشی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە مانگێكدا بە نرخی سۆمۆ. •    بڕی (65 ملیار) دینار پارەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە مانگێكدا (لە بودجەدا داهاتی مانگانەی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە 130 ملیار دینار ئەژماركراوە) •    بڕی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دیناری مانگانە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI). جگە لە قەرزەكانی (بانكی بازرگانی عێراق)، دوو پابەندییە داراییەكەی تری سەر شانی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە گەڕاندنەوە داهاتی نەوت‌و 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، بە هاوبەشی دەكەونە سەر شانی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری دوو زۆنی هەرێمی كوردستان. دابەشبوونی نەوت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە بەشی خۆی لە بودجەی عێراق وەربگرێت، دەبێت داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە، كە بەهاكەی مانگانە بە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار ئەژماركراوە. دابینكردنی ئەم پابەندییە داراییەی هەرێم كوردستان، زۆرینەی هەرە زۆری دەكەوێتە زۆنی زەردەوە كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چۆن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەردوو زۆنی زەردو سەوز دەستنیشان بكرێت لەسەر بنەمای ئەو (400 هەزار) بەرمیل نەوتەی كە لە بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە. پشكی زۆنی سەوز لە نەوتی كوردستاندا كۆی گشتی ئەو نەوتەی كە داهاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمەو لە زۆنی سەوزەوە (واتا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی) دەخرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمەوە، رۆژانە بڕەكەی (17هەزارو 610) بەرمیلە. واتا نەوتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی بە تێكڕا رێژەی (4%)ی كۆی گشتی نەوتی هەرێم پێكدەهێنێت (بەگوێرەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی كە لە بودجەدا بەشێوەی رۆژانە بۆ هەرێم دیاریكراوە).   بەپێی داتاكانی چارەكی یەكەمی 2023، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكانی نەوت لە سنوری زۆنی سەوز، بەمشێوەیە بووە:   •    كێڵگەی نەوتی (تەقتەق)، رۆژانە بڕی (3 هەزارو 610) بەرمیلی بەرهەمهێناوە. •    كێڵگەی نەوتی (گەرمیان)، رۆژانە (12) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. •    كێڵگەی نەوتی (چیاسورخ)، رۆژانە (2) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنێت. •    نەوتی (كۆندێسەیت)ی كێڵگەی (كۆرمۆر)، رۆژانە (15 هەزار) بەرمیل دەخاتە بۆری نەوتی كوردستانەوە، بەڵام داهاتی ئەم نەوتە كە مانگانە (34 ملیار) دینارە بۆ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی دەڕوات نەك حكومەتی هەرێم (ئەمە بەپێی ئەو گرێبەستەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز كردویەتی)، كۆمپانیای نەوتی باكور ئەم كێڵگەیە بە موڵكی خۆی دەزانێت‌و سكاڵای یاسای تۆماركردووە، داوا دەكات حكومەتی هەرێم رادەستی بكاتەوە، ئەم كێڵگەیە تێكڕای پێداویستی هەرێمی كوردستان بۆ غازی ماڵان‌و بەشێكی زۆری غازی وێستگەكانی كارەباش دابین دەكات. پشكی زۆنی زەرد لە نەوتی كوردستاندا لەبەرامبەردا زۆنی زەرد (واتا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی كە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك دەگرێتەوە) رێژەی (96%)ی ئەو نەوتە دابین دەكات كە بڕەكەی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەیە‌و لە بودجەدا هەرێمی پێوە پابەندكراوە. تێكڕای ئەو نەوتەی رۆژانە لە سنوری زۆنی زەرددا بەرهەم دەهێنرێت، بڕەكەی (382 هەزارو 390) بەرمیلە لە كۆی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانە. بەگوێرەی داتاكانی چارەكی یەكەمی 2023، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی زۆنی زەرد، بەمشێوەیە بووە: •    بەرهەمی كێڵگەی (خورمەڵە)، ئەم كێڵگەیە كە كۆمپانیای نەوتی باكور بە موڵكی خۆی دەزانێت‌و داوا دەكات حكومەتی هەرێم رادەستی بكاتەوە،  بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری ئەمساڵدا، رۆژانە بڕی (145 هەزار) بەرمیلی تێدا بەرهەمهێنراوە.   •    كێڵگەی (تاوكی)، بەرهەمی رۆژانەی (93 هەزارو 879) بەرمیلە •    كێڵگەی (شێخان)، بەرهەمی رۆژانەی (53 هەزارو 700) بەرمیلە، ئەم كێڵگەیەش لەوانەیە كە كۆمپانیای نەوتی باكور داوای دەكاتەوە‌و بە موڵكی خۆی دەزانێت. •    كێڵگەی (سەرسەنگ)، بەرهەمی رۆژانەی (35 هەزارو 31) بەرمیلە. •    كێڵگەی (ئەتروش)، بەرهەمی رۆژانەی (39 هەزار) بەرمیلە. •    كێڵگەی (هەولێر)، بەرهەمی رۆژانەی (12 هەزارو 800) بەرمیلە. •    كێڵگەی (سەرتە)، بەرهەمی رۆژانەی (3 هەزارو 160) بەرمیلە. •    كێڵگەی (باشیك)، بەرهەمی رۆژانەی (841) بەرمیلە. •    كێڵگەی (بجیل)، بەرهەمی رۆژانەی (6 هەزارو 500) بەرمیلە. •    كێڵگەی (ئیسفنێ)، بەرهەمی رۆژانەی (6 هەزار) بەرمیلە. پابەندی دارایی نەوت بە پارە ئێستا ئەگەر لەسەر بنەمای یاسای بودجە، بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە پارە ئەژمار بكرێت، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان مانگانە بە فرۆشی نەوت، بڕی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار داهات بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە. تێكڕای داهاتی نەوت لە سنوری سلێمانی كە بۆ حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە لەچوارچێوەی نرخی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەدا، بریتییە لە نرخی (17 هەزارو 610) بەرمیلی رۆژانە، كە بەهاكەی لە مانگێكدا بریتییە لە (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار. واتا لەكۆی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار پابەندی دارایی سەرشانی هەرێم، سلێمانی مانگانە بڕی (43 ملیارو 680 ملیۆن) دیناری دابین دەكات. لەبەرامبەردا سنوری هەولێرو دهۆك وەكو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دیناری داهاتی ئەو نەوتە دابین دەكات كە دەبێت حكومەتی هەرێم بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ، ئەم بڕە پارەیەش بەهای فرۆشی (382 هەزارو 390) بەرمیل نەوتی رۆژانەی سنوری پارتییە. بەشێوەیەكی گشتی، كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بنەمای نرخی فرۆشی كۆمپانیا "سۆمۆ" دیاریكراوە‌و بۆ مانگێك بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە، بەمشێوەیە دابین دەكرێت: •    داهاتی نەوتی سنوری هەولێرو  دهۆك: بڕی (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار. •    داهاتی نەوتی سنوری سلێمانی: (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار. ئەم ژمارانە دەریدەخەن، بارگرانی گەورەی پابەندی دارایی سەرشانی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا، بەشە زۆرەكەی دەكەوێتە سەر شانی زۆنی زەرد‌و ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی پارتی.  داهاتی دەروازە سنورییەكان بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، لەپاڵ گێڕانەوەی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، دەبێت مانگانەش رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانی بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە. تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لە بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا مانگانە بڕی (130 ملیار) دینار. رێژەی 50%ی ئەم داهاتە مانگانە بەشێوەی لێبڕین "مەقاصە" دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ. لەسەر بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵ، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك بڕی (65 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، ئەم بڕە پارەیە بەگوێرەی داهاتی دەروازە سنورییەكان چۆن دابەش دەبێت بەسەر زۆنی سەوزو زەرددا ؟ •     بە نزیكەیی بڕی (25 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكان لە ئیدارەی سلێمانییەوە دابین دەكرێت كە رێژەی (38%)ی تێكڕای ئەم پابەندییە داراییەی سەرشانی حكومەتی پێكدەهێنێت. •    لەبەرامبەردا بڕی (40 ملیار) دیناری لە داهاتی دەروازە سنورییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە دابین دەكرێت كە رێژەی (62%)ی تێكڕای پابەندی دارایی سەر شانی حكومەتی هەرێم لەم بوارەدا پێكدەهێنێت. لە كۆی گشتیدا بۆ داهاتی نەوت كە مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە، سنوری سلێمانی (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار پڕ دەكاتەوە بەرێژەی (4%)‌و سنوری هەولێرو دهۆك (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار پڕدەكەنەوە بەرێژەی (96%). •    واتا لە سنوری سلێمانی مانگانە (43 ملیار) دینار داهاتی نەوت‌و (25 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێنێتەوە‌و بە هەردوو داهاتەكەوە مانگانە (68 ملیار) دینار پابەندی دارایی بودجە دەكەوێتە سەرشانی ئیدارەی سلێمانی. •    لەبەرامبەردا، سنوری هەولێرو دهۆك (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار داهاتی نەوت‌و (40 ملیار) دینار داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێنێتەوە، واتا بەكۆی گشتی لە بودجەی عێراقدا بڕی (ترلیۆنێك‌و 88 ملیار) دینار پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شانی ئیدارەی پارتییەوە. سەرچاوەكان: -    یاسای بودجەی پەسەنكرداوی 2023ی عێراق -    راپۆرتی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی شایستەو پابەندییەكانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵدا. -    راپۆرتی رێكخراوی روونبیین لە بارەی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لە چارەكی یەكەمی 2023   راپۆرتی پەیوەندیدار ئەگەر دووئیدارەیی دروست ببێتەوە ؟ ئەگەرەكانی دروستبوونی دوو هەرێميی لە كوردستان


راپۆرت: درەو ئەگەر یەكێتیی ناڕەزایەتی دەرببڕێت‌و پەنا بۆ بڕگەی (هەشتەم)ی ماددەی 14ی یاسای بودجەی عێراق ببات، دەتوانێت لە بەشە بودجەی سلێمانی خەرجی موچە‌و خەرجی دامودەزگاكانی پڕ بكاتەوە ؟ خەرجی موچە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا مانگانە بڕەكەی (370 ملیار) دینارە، خەرجی دامودەزگاكانیش (38 ملیار) دینارە، واتا مانگانە لانی كەم ئیدارەی سلێمانی پێویستی بە (408 ملیار) دینار هەیە. ئەگەر بەغداد مامەڵەی راستەوخۆ بكات لەگەڵ سلێمانی خەرجی موچەی سلێمانی لەناو خەرجی گشتی هەرێمی كوردستان چۆن جیادەكرێتەوە‌و پێوەرەكانی چین؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. چیرۆكی مامەڵەی بەغداد لەگەڵ سلێمانی دوای مشتومڕێكی زۆر‌و نێوەندگیری هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، دواجار یەكێتیی لەوەدا بەسەر پارتیدا سەركەوت كە بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم لەناو بودجەی فیدراڵدا، بچەسپێنێت. بڕگەی هەشتەم لە ماددەی 14ی یاسای بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ: •    حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە دابینكردنی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان‌و پابەندبوون بە شایستە داراییەكانی پارێزگاكان، بەپێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا هاتووە. بەپێچەوانەی ئەمە، پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیە تەنانەت بە پێدانی پارەش بە پارێزگا ناڕازییەكە. پارتی هەر لە سەرەتاوە دژی جێگیركردنی ئەم بڕگەیە بوو لە بودجەدا، وەكو هەوڵ بۆ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵ لەلایەك‌و پەرتكردنی هەرێمی كوردستان لەلایەكی تر ناوی برد. هەوڵی یەكێتیی بۆ چەسپاندنی بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم لەكاتێكدا بوو بەمدواییە‌و دوای (6) مانگ دابڕان، قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەدانی داهات‌و خەرجی لە هەرێمی كوردستان، رێككەوتنێك كە بواری داهات‌و خەرجییەكانی حكومەتی لە مەسرور بارزانی‌و وەزیری دارایی سەندوەتەوە‌و داویەتییە دەست لیژنەی وزاری كە وەزیری هەرسێ پێكهێنەرە سەرەكییەكەی حكومەت (پارتی+ یەكێتیی+ بزوتنەوەی گۆڕان) تێیدا بەشدارن.    چەسپاندنی بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بە هەوڵی یەكێتیی، نیشاندەری ئەوەیە هێشتا یەكێتیی متمانەی بەو رێككەوتنە نییە كە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت لەگەڵ مەسرور بارزانی كردویەتی، ویستویەتی دەرەچەیەكی دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی بدۆزێتەوە لەحاڵی ئەوەی جارێكی تر پەیوەندییەكانی هەردوولا تێكچوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئیتر هەناردەی نەوت وەكو سەرچاوەی 77%ی داهاتەكانی حكومەت لەدەستی هەرێمی كوردستاندا نەماوەو حكومەتی فیدراڵ بڕیاری لەسەر دەدات‌و لەمەودوا هەرێم وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خۆی چاوی لەو پارەیە دەبێت كە بەگوێرەی یاسای بودجە لە بەغدادەوە بۆی دەنێردرێت. هەوڵ بۆ مامەڵەی راستەوخۆ سلێمانی لەگەڵ بەغداد لەبواری موچەدا نوێ نەبوو، لە ساڵی 2016وە بزوتنەوەی گۆڕان دەستی بۆ جوڵاندنی ئەم بابەتە برد، هۆشیار عەبدوڵا كە دوو خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە دەڵێ:" یەكەم كەس من ئەو بیرۆكەیەم تەرح كرد‌و رەزامەندیم كاك نەوشیروانم بۆ  وەرگرت، ئەوكات تەنانەت لەناو فراكسیۆنی گۆڕان‌و ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی گۆڕانیشدا هەبوون دەیانوت ئەم بیرۆكەیە جێبەجێ ناكرێت، هەندێكی تریش دەیانوت ئەمە خیانەتەو كوردستان لاواز دەكات". ئەوكات كە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد ئەم بیرۆكەیان پێشنیازكرد، هیچ یەكێك لە فراكسیۆنە كوردییەكان پاڵپشتیان لێ نەكرد‌و بیرۆكەكە تەنیا وەكو بابەتێكی گفتوگۆ مایەوە‌و نەتوانرا لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا تەرح بكرێت. ساڵی 2021 هەمان هەوڵ دووبارە بووەوە، ئەمجارەیان لەلایەن گروپی (هیوا) كە لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو- سەربەخۆ) پێكهاتبوون، ئەوكات یەكێتیی لەم بڕگەیەدا هەندێك هاتە پێشەوە‌و بڕگەكە لەناو لیژنەی دارایی تەرح كرا، بەڵام دواجار قوباد تاڵەبانی نوێنەرەكانی یەكێتیی لەناو ئەم هەوڵە كێشایەوە‌و چەسپاندنی بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدادی لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم شكست پێ هێنا. ئەمجارەو بۆ بودجەی 2023، یەكێتیی خۆی سەرۆكایەتی هەوڵی چەسپاندنی بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدادی لەگەڵ پارێزگاكان كرد‌و بڕگەكە چەسپێندرا. یەكێتیی ناڕازی دەبێت ؟ بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، ئەوكاتە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن كە یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی، ناڕەزایەتی دەرببڕێت لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بەسەر پارێزگاكاندا. یەكێتیی دەمێكە لە پشكی سلێمانی لە بودجە‌و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ناڕازییە، ناڕەزایەتییەك كە تەمەنی زیاتر 30 ساڵە. لە یەكەم كابینەی حكومەتی كوردستانەوە كە ساڵی 1992 دروستكرا، یەكێتیی گلەیی لە پشكی خۆی هەبوو، ئەوكات تاكە سەرچاوەی داهاتی كوردستان داهاتی گومرگەكان بوو (هێشتا داهاتی نەوت‌و پشكی بودجەی عێراق بوونی نەبوو)، یەكێتیی چاوی لەسەر داهاتی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) بوو، دەیوت پارتی پشكی سلێمانی لەداهاتەكانی ئەو گومرگە نادات. ئەوكاتیش پارتی باسی لە داهاتی گومرگی (باشماخ)‌و دەروازە سنورییەكانی تری یەكێتیی دەكرد، مەسعود بارزانی لە كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ" داهاتی سنورەكانی یەكێتیی لەگەڵ ئێران لە داهاتی ئیبراهیم خەلیل كەمتر نەبوو". لەوكاتەوە تائێستا سلێمانی بەردەوام كورتهێنانی هەبووە لە دابینكردنی خەرجی موچەدا، سەرباری ئەوەی بارزانی نكولی لەوە دەكات ئیدارەی یەكێتی لە سلێمانی داهاتیان لە ئیدارەی سلێمانی كەمتر بووبێت، بەڵام لە ساڵی 1998دا كە شەڕی ناوخۆیی راوەستاوە‌و یەكێتی‌و پارتی دەستیان بە گفتوگۆی ئاشتیی كردووە، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكدا كە لەو ساڵەدا (عەزیز محەمەد) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی بۆ ئاشتیی كردویەتی، پارتی بەفەرمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك پارەكە بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكرێت". بەمە دەردەكەوێت لە شوباتی ساڵی 1998وە پارتی بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە داهاتەكانی سلێمانی بەشی خەرجییەكانی ناكات‌و پێویستی بە یارمەتیی هەولێرو دهۆك هەیە. ناڕەزایەتی یەكێتیی لەبارەی دۆخی دارایی خۆی لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوودا بەمشێوەیە بەردەوام بووەو ناوبەناو سەریهەڵداوەتەوە، بەر لە جەژنی رەمەزانی پێشوو، هەمان دۆخ سەریهەڵدایەوە، خەرجی موچە لە سلێمانی توشی كورتهێنان  بوو بەهۆی نەمانی نەختینەی داراییەوە، هەندێك لە موچەخۆران موچەكانیان وەرنەگرت، هەردوو حزب لە میدیاكانیانەوە دەستیانكرد بە هێرشكردن بۆسەر یەكتر. لە رێككەوتنی گەڕانەوەی تیمی یەكێتیدا بۆ ناو حكومەت ئەوە چەسپێندراوە كە نەختییەی دارایی بكرێت بابەتێكی سیادی، بەڵام بۆ موچەی مانگی نیسان سلێمانی هەندێك كێشەی لەمبارەیەوە هەبوو. ئێستا كە ئیتر توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە‌و پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە نیشانداوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت دەبێت حكومەتی هەرێم‌و پارتی‌و یەكێتیش وەكو دوو حزبی دەسەڵاتدار، سەرنجیان لەسەر داهاتی نەوت هەڵگرن‌و جەخت لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو پارەیە بكەن كە وەكو شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە دێت، لەپاڵ ئەمەدا جموجوڵی بازرگانی لە دەوازە سنورییەكان پەرەپێبدەن‌و كاراتر لە بواری كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆیدا كاربكەن. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئەمجارەیان بە بەراورد بۆ جارەكانی پێشتر یەكێتیی نەك كۆسپی لەبەردەم بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆ بەغداد پارێزگاكان دروست نەكرد، خۆی سەركردایەتی هەوڵەكەی كرد‌و چەسپاندی.   ئێستا كە ئیتر دەرفەت دروستبووە لەبەردەم ئەوەی راستەوخۆ موچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە وەربگرێت، یەكێتیی لەمەودوا ناتوانێت پاساوی دواكەوتنی موچە بخاتە ئەستۆی پارتییەوە. پشكی سلێمانی لە بودجەی عێراقدا ؟ ئەگەر وا گریمانە بكرێت لە داهاتوودا یەكێتیی دەنگ هەڵدەبڕێت‌و ناڕەزایەتی نیشان دەدات لەبارەی ئەو بڕە پارەی كە لە هەولێرەوە وەكو موچەی فەرمانبەران بۆی دەنێردرێت، بۆ ئەمەش پەنا بۆ بڕگەی (هەشتەم)ی ماددەی 14ی بودجەی عێراق دەبات‌و لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆك وەزیرانی عێراق خەرجی موچەی سلێمانی لە پشكی هەرێم جیادەكاتەوە‌و خۆی راستەوخۆ بۆ سلێمانی دەنێرێت، ئایا بڕی ئەو پارەیە چەند دەبێت؟ ئایا بەشی خەرجی موچەی سلێمانی دەكات؟ بەپێی ئەوەی لەیاسای بودجەی فیدراڵدا هاتووە، تێكڕای ئەو بڕە پارەی كە بەغداد وەكو شایستەی دارایی موچەخۆران بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، مانگانە بڕەكەی (906 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە پشكی سلێمانی جیادەكرێتەوە‌و راستەوخۆ دەنێردرێت، بەڵام ئایا بە چ پێوەرێك پشكی سلێمانی دیاری دەكرێت؟ بەپێی ئەوەی یاسای بودجەدا دەستنیشان كراوە، پێوەرەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی پشكی پارێزگاكان پەیڕەو دەكرێت بۆ دیاریكردنی پشكی پارێزگای ناڕازی لە هەرێم، پێوەرە عێراقییەكانیش لەم بوارەدا بریتین لە (رێژەی هەژاریی‌و ژمارەی دانیشتوان). ئەگەر ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەربگرین بۆ دیاریكردنی پشكی سلێمانی لە بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان، ئەوا سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی رێژەی نزیكەی (43%)ی تێكڕای دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت، بەم پێوەرەش دەبێت 43%ی كۆی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ سلێمانی بنێردرێت. ئەمە هەمان ئەو پێوەرەیە كە لەدوای كەوتنی رژێمی سەددام (2003)‌و یەكگرتنەوەی هەردوو حكومەتەكەی پارتی‌و یەكێتییەوە (2005) كاری پێدەكرا. لەدوای روخانی سەددامەوە ئیتر داهاتی گومرگەكان ئەو سەرەنجە زۆری لەسەر نەماو ناردنی 17%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە شادەماری ململانێ ئابورییەكانی هەردوو حزب.   ساڵی 2005 پشكی هەرێم لە بەغداوە بڕەكەی (3 ملیارو 134 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر هەردوو ناوچەی دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتیدا: - رێژەی 54% بۆ سنوری پارتی - رێژەی 46% بۆ سنوری یەكێتیی  ئەگەر هەمان پێوەر بۆ دیاركردنی پشكی سلێمانی لە بودجە 2023 ئەژمار بكەین، دەبێت رێژەی 46%ی كۆی خەرجی موچەی هەرێم بۆ سلێمانی دەڕوات. چۆن ؟ ئەو پارەیەی بڕیارە بەگوێرەی یاسای بودجە تەنیا بۆ موچە لەبەغدادەوە مانگانە بۆ هەرێم بنێردرێت، بەمشێوەیە:   - ساڵی (9 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەران، بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار. - ساڵی  (ترلیۆنێك‌و 346 ملیار) دینار بۆ  موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار. - ساڵی  (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار. تێكڕای خەرجی موچەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا مانگانە بڕەكەی (906 ملیار) دینارە، ئەگەر رێژەی 46%ی كۆی ئەم پارەیە بۆ سلێمانی جیابكرێتەوە، واتا مانگانە بەغداد بڕی (417 ملیار) دینار بۆ سلێمانی دەنێرێت. خۆی ئەگەر ئەو پێوەرە كاری پێبكرێت كە ئەم ساڵانەی دوایی لەناو هەرێمی كوردستان كاری پێكراوە كە رێژەی 43% بۆ سلێمانی‌و 57% بۆ هەولێرو دهۆكە، ئەوا بڕەكە كەمتر دەبێتەوە‌و تێكڕای پشكی سلێمانی لە بودجەی عێراق مانگانە بڕەكەی دەبێت بە (390 ملیار) دینار. پارەكەی بەغداد بەشی موچەی سلێمانی دەكات ؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە دەبێت سەرەتای ژمارەی موچەخۆران لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی دەستنیشان بكرێت. ساڵی 1994و لەسەردەمی كابینەی یەكەمی حكومەتدا، تێكڕای خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕەكەی (86 ملیۆن) دیناری سویسری بووە، لەمە بڕی (26 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناری بەتەنیا بۆ موچەی سنوری پارێزگای سلێمانی بووە، ئەمە لە پاڵ بڕی (7 ملیۆن) دیناری تردا كە بۆ  موچەی فەرمانبەرانی كەركوك تەرخانكراوە، واتا لە یەكەم كابینەی حكومەتدا موچەی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی رێژەی 40%ی تێكڕای خەرجی موچەی كوردستانی پێكهێناوە. ئەم ژمارانە گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئێستا خەرجی موچە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی مانگانە بڕەكەی (370 ملیار) دینارە. ئەم خەرجییە دەریدەخات ئەگەر یەكێتیی بیەوێت بەشێوەی راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی سنوری خۆی لە بەغدادەوە وەربگرێت، دەتوانێت بە ئاسانی خەرجییەكە پڕبكاتەوە، چونكە ئەگەر بەغداد لەسەر بنەمای رێژەی 46%ی خەرجی موچە بۆ سلێمانی دابین بكات دەبێت مانگانە بڕی (417 ملیار) دینار بنێرێت، خۆ ئەگەر لەسەر پێوەرەكەی حكومەتی هەرێمیش كاربكات ئەوا دەبێت مانگانە بڕی (390 ملیار) دینار بنێرێت، لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەم بڕە پارانە خەرجی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی پڕدەكەنەوە‌و زیادەشیان دەبێت. خەرجییەكانی تر چۆن پڕدەكرێنەوە ؟ جگە لە خەرجی موچە، ئێستا سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی مانگانە پێویستی بە بڕی (38 ملیار) دینارە بۆ رایكردنی كاروباری دامودەزگا حكومییەكانی، ئەم بڕە پارەیە بەمشێوەیە دابەشبووە: •    20 ملیار دینار بۆ خەرجی نەسریەی دامودەزگاكان •    18 ملیار دینار بۆ شارەوانییەكان‌و خۆڵ‌و خاشاك‌و دەرمان‌و خزمەتگوزارییە گشتییەكان ئیدارەی سلێمانی هەر پشتبەست بە یاسای بودجەی عێراق‌و بە هەمان پێوەری پێشوو دەتوانێت  لە خەرجییە فیدراڵییەكانی بواری (پەرەپێدانی پارێزگاكان، پترۆدۆلار، وەبەرهێنان‌و نەوت.. هتد) سودمەد ببێت‌و خەرجی دامودەزگاكانی پڕبكاتەوە، سەرباری ئەمەش رێژەی 50%ی داهاتی هەردوو دەوازەی پەروێزخان‌و باشماخ‌و دەروازە سنورییەكانی تری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لە داهاتی ناوخۆ كە ئێستا مانگانە بڕەكەی لەنێوان (50 بۆ 60 ملیار) دینارە. بەگوێرەی داتاكانی سایتی "شەفافیەت"، بۆ مانگی ئایاری رابردوو بە تێكڕا داهاتی سنوری سلێمانی بڕەكەی (103 ملیار) دینار بووە، لەمە نزیكەی (45 بۆ 50 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكان بووە، واتا ئەگەر رێژەی 50%ی داهاتی سنورەكانیش بۆ ئیدارەی سلێمانی بگەڕێتەوە، ئەوا مانگانە داهاتی سنوری سلێمانی نزیكەی (70 بۆ 75 ملیار) دینار دەبێت، بەم داهاتەش دەتوانرێت خەرجی فەرمانگەكان بە ئاسانی پڕبكرێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (38 ملیار) دینارە. پوختەی داهاتی سنوری سلێمانی -    لەكەمترین حاڵەتدا (390) ملیار پشكی سلێمانی لە بەغدادەوە. -    داهاتی ناوخۆی سلێمانی (75) ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە. -    كۆی گشتی: (465) ملیار دینار پوختەی خەرجی سنوری سلێمانی -    بۆ خەرجی موچە (370) ملیار دینار. -    بۆ خەرجی فەرمانگەكان (38) ملیار دینار. -    كۆی گشتی: (408) ملیار دینار •    داهات 465 - خەرجی 408 = 57 ملیار دینار سەڕرێژ دەبێت و دەتوانرێت بۆ وەبەرهێنان خەرجبكرێت.   راپۆرتی پەیوەندیدار ئەگەر دووئیدارەیی دروست ببێتەوە ؟ ئەگەرەكانی دروستبوونی دوو هەرێميی لە كوردستان  


  درەو: سەكۆی رۆژنامەوانیی هۆڵەندی (Reporters Online)ی سەربەخۆ: 🔹کوردەکانی عێراق ناچار بوون دەستبەرداری ئەو خەونە بن کە لە رێگەی نەوتەوە بگەن بە سەربەخۆیی. 🔹هاوڵاتیان سەرزەنشتی سەركردەكانیان دەكەن, كە واز لەململانێ و خۆ دەوڵەكەندكردن ناهێنن. 🔹ئەگەر ئێستا پارتێكی سیاسی لەناوچە كوردیەكان دروستبێت, كورسی زیاتری پەرلەمان لەهەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەدەست دەهێنێت, لەكاتێكدا بەشێكی بەرچاوی هاوڵاتیان بەشدار دەنگدان ناكەن. 🔹ئەنجامی راپرسیەكانی ئەم دواییە شتێكی كتوپڕنین, بە لەچاوگرتنی نەمانی متمانەی خەڵك بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان. 🔹دەركەوتنی پارتی نوێ‌ دەریخست, ئەوەیان پێناكرێت كە لێیان چاوەڕێدەكرێت كە خزمەتكردنی هاوڵاتیانە, تەنانەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش هیچ بەدیلێكیان نیە پێشكەشی بكەن, ئۆپۆزسیۆنن لەپێناو ئۆپۆزسیۆن بوون. 🔹لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكێتی و پارتی بەزەحمەت دەتوانن پێكەوە حوكم بكەن, لەسەر ئاستی بەغدادیش هەر بەو شێوەیەیە. 🔹ئەوەی هەژموونی بەسەر سیاسەتی كوردیدا كردووە, ترساندنی خەڵكە بە دوژمن, دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە دەكەن  بەغداد دەیەوێت قەبارەی كورد لاواز بكات, ئەمە میكانیزمێكی بەربڵاوە بۆ كۆكردنەوەی كورد لەدەوری سەركردەكانی. 🔹لەگەڵ ئەوەشدا, راپرسیەكان ئاستی بێزاری خەڵك دەردەخەن لەسیاسیەكانی كورد, ئەوەش بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ شكستی سیاستەكانیان دەگەڕێتەوە. 🔹رێژەی باج بەرزتر دەكرێتەوە, لەبەرامبەر خزمەتگوزاریەكی كەم, پێویستی هاوڵاتیان بەكارەبای موەلیدەی گەڕەكان لەزیادبوندایە, هاوڵاتیان پەنا بۆ كڕینی تانكەری ئاو دەبەن, بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێك ئاو بە بەلوعەكانیاندا نایەت, ئەوەش وایكردووە, نارەزایی هاوڵاتیان زیاتربێت . 🔹لەگەڵ ئەوەی رێگاوبانی نوێ‌ دروستكراوە(رێگای بازنەیی هەولێرو رێگای خێرای دهۆك بۆ هەولێر) زۆرێك لە رێگاكانی تر چاكسازیان تیادا ناكرێت, ئەوەش وایكردووە چاڵ و چۆڵی زۆریان تیادا دروستبێت و ببنە مەترسی بۆ سەر جوڵەی هاتوچۆ. 🔹كوردەكان بەڵێنیاندا لەگەڵ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غازدا, تەواوی كێشەكانیان چارەسەر ببێت و پشت بە بەغداد نەبەستن, بەڵام ئێستا بە روونی دەركەوت ئەوە راست نەبوو. 🔹هۆكارەكانن دیارن, گەندەڵی و خۆ دەوڵەمەندكردن و ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتیە, لەگەڵ ئەوەی سیاسیەكان هەوڵدەدەن ئۆباڵەكەی بخەنە ئەستۆی خەڵكی تر. 🔹كاروبارەكان بەشێوەیەكی هەڵە رۆیشتن, كاتێك راپرسی (2017) سەربەخۆیی, بەغدادو هاوپەیمانەكانی بێزاركرد. 🔹هەولێر تەنیا دەسەڵاتی لە ناوچە كوردستانیەكان و شاری كەركوك لەدەست نەدا, ئەوە تەنها سەرەتا بوو, بەغداد توانی هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا فراوان بكات. 🔹راپرسیەكی سەرنج راكێش ئاماژە بەوەدەكات (80%) كوردەكان, بە بەرژوەندی خۆیانی دەزانن, كە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنانی نەوتی بەشێوەیەكی سەربەخۆ لەدەستداوە, لەكاتێكدا (17%) دژی ئەوەبوون بەغداد سەرپەرشتی بكات. 🔹كوردەكانی عێراق لەهەموو كات زیاتر لاوازترن, خەونی سەربەخۆیی ونبوو, بەغدادو ئێران و توركیا لەهەموو كات زیاتر بەهێزترن, هاوڵاتیانی كورد سەرزەنشتی سەركردەكانیان دەكەن. 🔹دواجار نەبونی خواستی هاوكاری لەنێوان پارتی و یەكێتی, خەونی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە باربرد, وەك ئەوەی تەنها كەفی سابون بوبێت.   How a Kurdish dream went up in smoke  


نوسینی: فه‌رزه‌ند شێركۆ ده‌روازه‌: جه‌میس مادیسن وئه‌لكیسانده‌ر هامڵتن، دووان له‌ به‌هێزترین باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ ساڵی ١٧٧٨ و بۆ به‌رگری كردن له‌ ده‌ستووری پێشنیاركراوی (كۆنفرانسی فیدراڵی)، له‌گه‌ڵ جۆن جه‌ی، ٨٥ وتاریان له‌ رۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكادا بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌م دوو بیرمه‌نده‌ ده‌یانویست به‌ وتاره‌كانیان، سیستمێكی سیاسی ئه‌وتۆ دابڕێژن كه‌ بتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا زاڵ بێت به‌سه‌ر: مه‌ترسی دروست بوونی رژێمێكی دیكتاتۆری له‌ هه‌ناوی فیدراڵییه‌وه‌ و، هه‌ڕه‌شه‌ی یاخیبوونی ویلایه‌ته‌كانیش له‌ ده‌وڵه‌ته‌ فیدراڵییه‌كه‌دا. لێره‌وه‌ (په‌ڕه‌كانی فیدراڵی)، به‌ وردی چه‌مكه‌كانی: هه‌ڕه‌شه‌ی نفوزی بێگانه‌، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و یاخیبوون، به‌رگریی هاوبه‌ش، كێشه‌ی نێوان ویلایه‌ته‌كان، دۆسێی میلیشیا، یه‌كخستنی باج و خه‌راج و ئابوریی حكومه‌ت و،  پێكهاته‌ی سیستمی سیاسی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی دا شیكردۆته‌وه‌.    هامڵتن له‌ وتارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی دیاریكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، له‌ ٢٨ی دیسه‌مبه‌ری ١٧٧٨ روونیكردۆته‌وه‌: "پاره‌، بنه‌مای په‌یكه‌ری سیاسییه‌، بنه‌مایه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ژیان و جووڵه‌ی ئه‌م په‌یكه‌ره‌ و، توانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات. بۆیه‌ پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی پێویست بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌ هاوسه‌نگی و دروستی، تا ئه‌و جێیه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌كانی كۆده‌نگیی لۆكاڵی رێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن، پێویسته‌ ببێته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هه‌ر ده‌ستوورێك. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ گرنگه‌ - واته‌ پاره‌داركردن - له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته‌ پڕ زیانه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌؛ یا خه‌ڵك ناچار ده‌بن ده‌ست بده‌نه‌ تاڵانی و راووڕووت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شێوه‌ی گونجاوی دابین كردنی تێچووه‌ گشتییه‌كان دابین بكه‌ن، یان حكومه‌ت ده‌بێت له‌ گێژاوێك له‌ نه‌بوونی و ده‌ستكورتی دا نوقم ببێت كه‌ زۆر ناخایه‌نێت ئه‌م ده‌ستكورتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی له‌ناوچوونی." له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، هامڵتن نووسیویه‌تی: "له‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دا، سوڵتان، گه‌رچی له‌ هه‌ندێك رووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌بوو به‌سه‌ر ژیان و دارایی دانشتیوانی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیدا، به‌ڵام راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ده‌كرد له‌ كۆكردنه‌وه‌ی باج و داهاتدا. له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، والییه‌كانی عوسمانی، ده‌ستیان ده‌دایه‌ تاڵانییه‌كی بێ به‌زه‌ییانه‌ی دانیشتوان و، به‌شێك له‌و داهاتی تاڵانییه‌یشیان ده‌نارد بۆ سوڵتان. له‌ ئه‌مه‌ریكاش، به‌ هۆكارێكی هاوشێوه‌، حكومه‌تی ئیتحادی، به‌ شێنه‌یی، كه‌وتۆته‌ دۆخێك له‌ خراپی و لێكترازان كه‌ وا نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ له‌ناوچوون. كێ ده‌توانێت گومان له‌وه‌ بكات، كه‌ له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك، پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بدرێته‌ ده‌سته‌ متمانه‌پێكراوه‌ دڵنیاكان تا بتوانن ئه‌و داهاته‌ی كه‌ داواكارییه‌ گشتییه‌كان پێویستییانه‌، بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ كه‌سانی ته‌ڵه‌كه‌باز، به‌ روخسارێكی روكه‌شی خۆبه‌حه‌قزانه‌وه‌، بیانه‌وێت پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و چه‌وتییه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام هیچ ئامرازێكی تر نییه‌ كه‌ بتوانێت ئێمه‌ له‌و ناڕه‌حه‌تی و سه‌رئێشانه‌ رزگار بكا كه‌ به‌هۆی كه‌می بودجه‌وه‌ له‌ناو خه‌زێنه‌ی گشتی دا، دێته‌رێمان، جگه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسا و ده‌ستوور." به‌ كورتی، له‌ وتاره‌كانی فیدراڵی دا، ئارگیومێنتی هامڵتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهات، به‌رگری، و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیتحادی بن. ئه‌گه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی داهات، ناوه‌ندی نه‌بێت، حكومه‌تی ناوه‌ند ناتوانێت ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی، كه‌ دابین كردنی ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانییه‌، جێبه‌جێ بكات؛ ویلایه‌ته‌كان، به‌تایبه‌ت هه‌رێمه‌ هه‌ژارتره‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی ناوخۆییان كه‌مه‌، یان سه‌ره‌ڕێی كاروانی بازرگانی نین، له‌ هه‌ژاری دا، په‌كیان ده‌كه‌وێت. به‌مه‌ش له‌ نێوان هه‌رێمه‌كاندا ناهاوسه‌نگی دروست ده‌بێ و یه‌كپارچه‌یی كیانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی، و كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، جێی سه‌قامگیری و ئاشتی و گه‌شه‌كردن، ده‌گرێته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌یه‌ك: ئه‌گه‌رچی وه‌كو كیانێكی سیاسی، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، (بنه‌مای بوون)ی خۆی له‌ ده‌ستووری عێراقی نوێ وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام وا بیست ساڵ دوای ئه‌م له‌دایكبوونه‌، هێشتا هه‌رێمه‌كه‌ كارینه‌كردوه‌ تا ئۆرگانه‌كانی خۆی بكات به‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوتار، بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كردن له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك "مه‌سه‌له‌ی كورد" ده‌كا له‌ عێراقدا، به‌ڵام له‌م سی ساڵه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" دا، به‌ كرده‌وه‌ كاری نه‌كردوه‌ بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ندی ئه‌وتۆ، كه‌ بتوانێت سنوری جوگرافی، ستره‌كچه‌ری سیاسی، و بوژانه‌وه‌ی نیشتمانی له‌ كوردستانی عێراقدا به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ساڵ دوای ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستانی عێراق، له‌سه‌ر ئاستی فیكر و ستراتیژ و چالاكیی، پاشه‌كشێی كردوه‌. هه‌رێمێكی به‌هێز، كه‌ ده‌توانێت خاوه‌نی گوتار و كرداری ده‌وڵه‌تسازی بێت؛ مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی پڕ له‌ ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ بیناكردنی كه‌سێتی تاك به‌كاربهێنێت، به‌ شه‌هید و تێكۆشانی هه‌زاران رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌ی، زمان و كولتور و خاك و سه‌روه‌ریی بپارێزێت، ژینگه‌ی له‌بار، زه‌وی به‌ پیت، ئاو و ژێرخانی ستراتیژیی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌هێزی به‌رده‌ستی، بۆ سه‌رپێكه‌وتن به‌گه‌ڕ بخا و، له‌ پێگه‌ی مه‌زڵومییه‌تی مرۆیی و قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆره‌وه‌، دژی تاكڕه‌وی و سته‌مكاری بێت و، له‌ بری خاڵیكردنه‌وه‌ی "مه‌سه‌له‌ی كورد" له‌ مانا و به‌هاكانی، بنه‌ماكانی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دابڕێژێت، رێگه‌ی تری هه‌ڵبژاردوه‌. ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردوو، ئاراسته‌ی باڵاده‌ستی ناو نوێنه‌رایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ تاكڕه‌وی، رۆچۆته‌ ناو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی و، ئه‌گه‌ر هۆشیار نه‌كرێته‌وه‌، به‌ پێداگریی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌، ته‌ڕ و وشكی ئه‌زموونه‌كه‌، پێكه‌وه‌ ده‌سووتێنێت. هه‌ڵدێرانی ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ ده‌ستی پێ كرد. دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م زاته‌ له‌ كایه‌ی سیاسی، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ستایڵی خۆی، هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌یدا. له‌م قۆناغه‌دا و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی نێوان دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٢ تا مارسی ٢٠١٣، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون. له‌ په‌یامی نه‌ورۆزی ٢٠١٣، سه‌رۆكی هه‌رێم باسی له‌ نه‌مانی متمانه‌ كرد له‌ نێوان هه‌ردوولا و پاڵپشت  به‌ "زانیاریی هه‌واڵگری"، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ حكومه‌تی عێراق فرۆكه‌ی (F16) ده‌كرێت بۆ بۆمبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی دروستیی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ بۆ رای گشتی، بسه‌لمێنێت. ئه‌م تۆمه‌ته‌ بۆ حكومه‌تی نوری مالیكی، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ فروانبوونی په‌لاماره‌كانی (ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی) بۆ سه‌ر عێراق و سوریا، و به‌مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌سه‌ت، تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چووه‌ خزمه‌ت پرۆژه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی" و، زۆری نه‌برد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی پشتیوانیی له‌ شاڵاوه‌كانی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام) - داعش ده‌كا بۆ سه‌ر عێراق. به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ داگیركردنی موصڵ له‌لایه‌ن داعش و راگه‌یاندنی خیلافه‌ی ئیسلامی، له‌ مانگی ٦ی ٢٠١٤، میدیایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ وته‌بێژێكی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ ئه‌نجامدا و، چه‌ند رۆژ دواتریش، سه‌رۆكی هه‌رێم چووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و راگه‌یاند كه‌ "داعش دراوسێیه‌كی نوێی هه‌رێمه‌" و داوای كرد "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌نها له‌ حاڵه‌تی به‌رگری دابن" و هێرشیان نه‌كه‌نه‌سه‌ر. له‌م قۆناغه‌دا، پێده‌چوو نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌ره‌ی هێزه‌ سوننه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ رووخاندنی به‌غدا و دیمه‌شق، (كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی قه‌ته‌ر ده‌ڵێت دوو هه‌زار ملیار دۆلارمان بۆ ته‌رخان كرد)،  كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ترساندبێت. ئه‌م ترسه‌ی ئێران وای كرد، به‌شێك له‌و داعشه‌ی پێشبینی ده‌كرا له‌ ماوه‌ی ٧٢ سه‌عاتدا، (به‌ وته‌ی برێت مه‌كگۆرك)، به‌ناوی "هێزی مقاوه‌مه‌"وه‌ به‌غدا بگرن،  رووی شاڵاوه‌كه‌یان به‌ره‌و داگیركردنی كوردستانی عێراق وه‌ربگێڕن. هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی به‌عس له‌ هه‌ولێره‌وه‌، عێزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدووری، و ته‌ها ئه‌لدلێمی، له‌م هه‌ڵوێسته‌ی داعش نیگه‌ران بوون و سه‌ركۆنه‌یان كرد. ئه‌گه‌رچی دلێمی به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له‌ عه‌شایه‌ره‌ سوننه‌كان و عێزه‌ت دووری به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبی به‌عس به‌شێك بوون له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی بۆ رووخاندنی رژێمی عێراق بنیادنرابوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لچیچانی، جێگری خه‌لیفه‌ی داعش و كورده‌كانی كه‌تیبه‌كه‌ی صه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیی، له‌ ده‌رفه‌ت و بیرۆكه‌ی داگیركردنی شنگال، په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستی ٢٠١٤ و له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی كوردستان بۆ رووداوه‌كان، شنگال داگیر و ٢٠٠ هه‌زار كوردی ئێزدی ماڵوێران كران. هه‌ڵه‌ی دواتری ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌، بریتی بوو له‌ دابڕینی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، و له‌ ژێر رێنمایی وه‌زیری ئه‌وكاتی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، پرۆژه‌ی "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" راگه‌یه‌ندرا. له‌م پرۆژه‌یه‌دا، كه‌  تۆڕێك له‌ ده‌ڵاڵی نێوده‌وڵه‌تی تێوه‌ی گلان و، خه‌توخاڵه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌رزانتر له‌ نرخی بازاڕ، و له‌كاتێكدا ته‌نها (٪٤٠)ی كۆی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ده‌گه‌یشته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، نه‌وته‌كه‌ی گه‌یانده‌ به‌نده‌ری جه‌یهان له‌ توركیا. سودمه‌ندانی سه‌ره‌كیی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، بریتی بوون له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی، و كۆمپانیای پاشكۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش كه‌ جگه‌ له‌ هه‌رزانفرۆشكردنی سامانی ژێرزه‌ویی كوردستان، له‌ بواره‌كانی پاسه‌وانی و گواستنه‌وه‌، به‌ بازاڕگه‌یاندن، و گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار، قازانجی گه‌وره‌ی تاكه‌كه‌سییان له‌ "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" كرد، و خه‌ڵكیش: پێشمه‌رگه‌ و موچه‌خۆر و كاسبكار، زیانباری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه‌ بوون. ره‌نگه‌ ئارگیومێنتی ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر گوشاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا و شه‌ڕی داعش نه‌بوایه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" نه‌ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه‌ كۆنتره‌ و "دیواره‌كه‌ له بناغه‌وه‌ خواره‌"؛ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌و هێزه‌ سوننانه‌ی كه‌ پرۆژه‌ی رووخاندنی شیعه‌یان هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌ بوو، كه‌ گه‌لی كوردستان تێكڕا باجه‌كه‌ی دا. هه‌ڵه‌ی دواتر، به‌ كۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستی پێكرد. له‌ ١٩ی ٥ی ٢٠١٧ كه‌ رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دوا ئه‌ندامی نه‌وه‌ی كۆنی "مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی" كۆچی دوایی كرد، تا رۆژی ٧ی ٦ی ٢٠١٧، كه‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م پێكهات و راگه‌یه‌ندرا، ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بوو. پێده‌چوو به‌ڕێز به‌رزانی بیه‌وێت به‌ جووڵه‌یه‌كی سێمبولیك، بۆشایی سه‌رۆك مام جه‌لال (كه‌ نه‌خۆش بوو) و نه‌وشیروان مسته‌فا (كه‌ كۆچی دوایی كردبوو) پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌و جووڵه‌ سێمبولیكه‌، بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی ریفرانده‌مێك ته‌نها له‌ناو سنوری هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ش نه‌ك بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو به‌ وته‌ی خۆی : "بۆ زانینی رای خه‌ڵكی كوردستان". ریفرانده‌مێكی له‌مجۆره‌، نه‌ك ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی دیفاكتۆی كوردستانی ده‌خسته‌ به‌ر مه‌ترسی، به‌ڵكو كه‌ركوك و نیوه‌ی خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردیی - كه‌ گومان وابوو له‌ ئاینده‌ دروست ببێت. له‌م دۆخه‌دا، یه‌كێتیی نیشتمانیی داوای كرد كه‌ركوك بخرێته‌ ناو جوگرافیای ریفرانده‌م و، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئاینده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ كوردستان، ئه‌و ئاینده‌یه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش له‌خۆ بگرێت. ئه‌گه‌رچی رینمایی و گوشارێكی زۆری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو كه‌ ریفرانده‌م له‌م كاته‌دا نه‌كرێت و دوابخرێت، به‌ڵام به‌ پێداگریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و به‌ پشتیوانیی نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، و  هێزه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو. زۆر به‌خێرایی، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی - كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دروستی خۆیدا بكرایه‌ ده‌توانرا ببێت به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ پێشخستنی "مه‌سه‌له‌ی كورد"، بوو به‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كوردستانی عێراقدا. به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ هه‌ڵه‌كه‌یان زانی، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك پۆل پۆل ده‌چوون بۆ ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی، یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ رۆژی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ رایانگه‌یاند كه‌ "ریفرانده‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌." به‌مجۆره‌، گه‌لی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌یه‌كیان كرد، كه‌ له‌رووی كرده‌ییه‌وه‌، به‌ زیان بۆ ئه‌زموون و قه‌واره‌كه‌ شكایه‌وه‌ و، پاش له‌رزه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، و داگیركارییه‌ ئیقلیمییه‌كانی دواتردا، قووڵتر ده‌ركه‌وتن. "١٦ی ئۆكتۆبه‌ر"، وه‌كو چه‌مك، وشه‌یه‌كی داتاشراو و به‌رهه‌می ململانێی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانی بوو كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی دێرین و نیگه‌رانی حزبه‌كه‌وه‌، بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز له‌ناو یه‌كێتی دا، دژ به‌ نه‌وه‌ی گه‌نجتری حزبه‌كه‌ به‌كارهات، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م خه‌نجه‌ر له‌ خۆدانه‌، نه‌ك وا نه‌شكایه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی باڵاده‌ستبوونه‌وه‌ی "حه‌ره‌سی قه‌دیم"، به‌ڵكو بوو به‌ كارتێك به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كات ویستی رووداوێكی پێ داپۆشێت، دژ به‌ یه‌كێتی به‌كاری بهێنێت. له‌و روه‌وه‌ی كه‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، رووداوێكی سیاسی و سه‌ربازی بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌ن بۆی، ده‌ریده‌خات كه‌ ئۆباڵی راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌م. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، و دووه‌م. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. به‌پێی (یاسای ژماره‌ ٤ ساڵی ٢٠١١ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌ركی  راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان، به‌رچاوڕوونی بدات به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده‌ راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داینه‌مۆی ئه‌نجامدانی ریفرانده‌م بوو، (له‌ هه‌رێمی كوردستان و بێ كه‌ركوك)، به‌ڵام  به‌ درێژایی ماوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق، سوریا، توركیا، ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، هیچ به‌رچاوڕونییه‌كی دروستی ئه‌منی/ سه‌ربازی/ سیاسی نه‌دا به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م؛ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌یتوانی كاریگه‌رییه‌كانی  بڕیارێكی له‌وجۆره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی كوردستانی عێراق شیبكاته‌وه‌ و، هیچ بژارده‌یه‌كیشی بۆ مامه‌ڵه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی ئاینده‌ - كه‌ پێشبینی ده‌كرا رووبده‌ن، نه‌خسته‌ڕوو. هه‌ره‌سی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر) كه‌ به‌یه‌ك پاكێج به‌سه‌ر كیانی كوردستاندا هات، ئه‌م هه‌ره‌سه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر  هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار و خاوه‌ن "دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش"دا بهاتبایه‌، ئه‌وا پێویست بوو راوێژكاری ئه‌نجومه‌ن، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كیی ئه‌و كاره‌ساته‌ی هه‌ڵبگرێت. له‌ كه‌یسی شكسته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانی له‌گه‌ڵ  سه‌رو خۆی، له‌ لێپرسینه‌وه‌ پارێزرا، و شكسته‌كه‌، خرایه‌ ئه‌ستۆی كه‌س و لایه‌نی تر. ره‌نگه‌ تائێستا، به‌ حوكمی ده‌سه‌ڵات  و هۆكاری تر ، (كه‌یسی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)، بێ ده‌نگیی لێ كرابێت، به‌ڵام له‌ درێژخایه‌ندا، په‌نجه‌ی ئاماژه‌ بۆ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی كه‌یسه‌كه‌ درێژ ده‌كرێت. ده‌رئه‌نجامی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر،  شكستێكی هه‌واڵگرییه‌ به‌ ئیمتیاز. ئه‌گه‌ر شكستی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا، بریتی بێت له‌ (١١ی سێپته‌مبه‌ر) و، ئه‌گه‌ر (جه‌نگی یه‌ومی كیپبور)ی ١٩٧٣ی ئیسرائیل به‌ شكستی هه‌واڵگری بناسرێت، ئه‌وا كورد، كه‌یسی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)ی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م بوو، به‌ كرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رخستنی ریفرانده‌می ده‌كه‌وته‌ ئه‌ستۆ، به‌رپرسی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، شه‌وی ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی ١٠ی ٢٠١٧، كه‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ مه‌به‌ستی گه‌لاڵه‌ كردنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شی هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق كه‌ ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، په‌یامی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، جگه‌ له‌ "سڵاوكردن له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌"، هیچ رێنماییه‌كی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێدا نه‌بوو. ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، وه‌كو سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌كو سێمبولی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، بۆ "به‌رگری" یان "رێككه‌وتن" و یاخود "پاشه‌كشێ" به‌رامبه‌ر سوپای عێراق و میلیشیاكان راسپێرێت؛ كه‌ راینه‌سپارد. گوزه‌رێكی خێراش به‌ روداوه‌كانی ساڵی ٢٠١٨، كاندیدكردنی سه‌رۆكێكی پارتی بۆ كۆماری عێراق و شكستهێنانی و، دواتر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگیی كوردستانیی؛ ساڵی ٢٠١٩، پشتكردنه‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی تایبه‌ت به:‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك؛  ساڵی ٢٠٢٠، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و داننه‌نانی پارتی به‌ لێكه‌وته‌كانی و، پاشان جیاڕایی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی "زینی وه‌رتێ"، "به‌شداری هێزه‌كانی زێره‌ڤانی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و لیبیا"، "ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی یه‌كتری"، "تاكڕه‌وی كردن له‌ حوكمڕانی"، "هه‌وڵدان بۆ به‌حزبی كردنی دامه‌زراوه‌ باڵاكان له‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و په‌رله‌مانی كوردستان"؛ ساڵی ٢٠٢١، زیادكردنی گوشاری هه‌واڵگری و سیاسی و ئابوری - به‌ پشتیوانیی ئیقلیمی له‌سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی و؛ ساڵی ٢٠٢٢، هه‌وڵدان بۆ بردنی پشكی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراق، و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، و له‌به‌رامبه‌ردا ملنه‌دانی یه‌كێتی به‌ باڵاده‌ستیی پارتی، كۆمه‌ڵێك رووداوی خێرا و كاریگه‌رن كه‌ سه‌رجه‌می ئه‌نجامه‌كانیان یه‌كسانه‌ به‌ "كاره‌سات" بۆ ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان. یه‌كێك له‌ باڵاترین نمونه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌، بریتییه‌ له‌ سه‌رئه‌نجامی په‌رله‌مانی كوردستان: دوای سی ساڵ  له‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمی دیفاكتۆی كوردستان و دروستبوونی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێم، له‌ ساڵی ٢٠٢٣ دۆخێك خوڵقا، كه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌، یان "تاكڕه‌ویكردنی زۆرینه‌" ده‌یكوشت یاخود به‌ حوكمی "تاڵی" دادگای ئیتحادی ده‌كوژرا. له‌ جیاتی ئه‌نجام: ته‌خوین كردنی هاوخوێن، یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌. گه‌لی كوردستان و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ی، هه‌تا بازنه‌ی ته‌خوین نه‌شكێنن، سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان نادۆزنه‌وه‌، دان به‌ هه‌ڵه‌كاندا نانێن، و ئاماده‌ییشیان نابێت بۆ چاره‌سه‌ركردن. ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردووی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خات كه‌ مۆدێلی حوكمڕانییه‌كه‌، ستره‌كچه‌ر، كاره‌كته‌ر و، ئامانجه‌كان، پێویستیان به‌ پیاچوونه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك نه‌بێت بۆ یه‌كخستنی ئامانجه‌كانی ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وا هه‌ماهه‌نگی و پێشكه‌وتن له‌ "مه‌سه‌له‌ی كورد" دا روونادات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردوو، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ كردنی ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته‌ گشتییه‌كان زیاترن. له‌ سیستمی فیدراڵی دا، به‌ ده‌ستوور، حكومه‌تی ئیتحادی مافی به‌ڕێوه‌بردنی ره‌های فایلی داهات و به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ورده‌-بوارانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ چه‌مكی "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌. ئه‌گه‌ر عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌، و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمه‌ له‌ناو سیستمێكی فیدراڵی دا، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ده‌توانێت ده‌ستووری بێت، به‌ڵكو دروستتره‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم چاوه‌ڕوان بێت كه‌ به‌غدا رۆژ له‌ دوای رۆژ و یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌موو ئه‌و فایلانه‌ له‌ هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌: له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی سیستمی هه‌واڵگری و به‌رگری، په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، و گوتاری ستراتیژی هه‌رێمه‌كه‌. رێگه‌ی نادروستیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپی باڵاده‌ست، له‌ جیاتی پرسیار له‌ خۆكردن ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پرسی ته‌خوین كردن له‌ناو رای گشتی دا، به‌رامبه‌ر یه‌كێتی و هه‌ر كه‌س و هێز و لایه‌نێك بجووڵێنن كه‌ ئاماده‌ نه‌بن پشتیوانی له‌ مۆدێلی حوكمڕانیی ئه‌مڕۆژانه‌ی هه‌ولێر بكه‌ن. یه‌كێك له‌ ته‌كتیكه‌كانی "شه‌ڕی مه‌علومات"، بریتییه‌ له‌ "به‌لاڕێدا بردن"ی رای گشتی، و "چه‌واشه‌كردنی"، به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ ده‌یخوازێت. به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م ته‌كتیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆر به‌كارهێنانی، ده‌بێته‌ هۆی چه‌واشه‌كردنی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ش! به‌ جۆرێك كه‌ پیاده‌كاری گوتاری "به‌لاڕێدا بردن" تووشی وه‌هم ده‌بێت و راست و ناڕاستی بۆ له‌یه‌كتری جیاناكرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێ بڕیار به‌ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێكه‌وتوو‌ن. شه‌وی ١٠ له‌سه‌ر ١١ی ٦ی ٢٠٢٣، كاتێك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (بڕگه‌یه‌ك له‌) ماده‌ی ١٤ی یاسای بودجه‌ی عێراقی په‌سه‌ند كرد، سۆشیاڵمیدیای گروپی باڵاده‌ستی پارتی، به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو دۆخێكیان له‌ "به‌لاڕێدا بردن" له‌ناو رای گشتی دروست كرد، كه‌ واده‌كات وه‌رگر چه‌واشه‌ ببێت ونه‌زانێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراق، هێشتا فیدراڵییه‌.  له‌م دۆخه‌دا، رای خه‌ڵك هه‌رچییه‌ك بێت سه‌باره‌ت به‌ فیدراڵی، گرنگتر رای پارتییه‌ كه‌ هێشتا هۆشیاریی ئه‌وه‌ی مابێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی عێراق، فیدراڵییه‌ نه‌ك به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می صه‌دام حسێن. به‌ وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابوری ویاسای ده‌ستووری، خوێندنه‌وه‌ی خاڵی هه‌شته‌می‌ ماده‌ی ١٤ی یاسای په‌سه‌ندكراوی بودجه‌ی عێراق ده‌ریده‌خات كه‌ نه‌ك كێشه‌ی تیا نییه‌، به‌ڵكو له‌مپه‌رێكیشه‌ له‌به‌رده‌م نادادی، وهیوایه‌كه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كایه‌ی حوكمڕانی وپرۆژه‌كان له‌ ئیداره‌ی سلێمانی وسه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لۆجێك حوكم بكا، كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی یاساكه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی‌ تری ماده‌ی ١٣ و ١٤یه‌ ، كه‌ باسیان ناكات. ئه‌وه‌ بڕگه‌كانی ترن، كه‌ هه‌رێمی كوردستانیان له‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دیفاكتۆ‌وه‌، كردۆته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵیی كۆنترۆڵكراو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ حزبی باڵاده‌ست ده‌زانێت سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌ڕوباڵكردنه‌ی هه‌رێم، خۆیه‌تی، وله‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ نایه‌وێت دان به‌ هه‌ڵه‌كانی ده‌هه‌ی رابردوویدا بنێت، ناچاره‌ په‌نا بۆ ته‌كتیكی ته‌خوین ببات. هه‌ر كه‌س ئازاده‌ له‌وه‌ی ده‌یكات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سلێمانی وخه‌ڵكه‌كه‌ی، نه‌كه‌ونه‌ داوی شه‌ڕی ده‌رونییه‌وه‌، كه‌‌ به‌ ئامانجی لادانی ته‌ركیز له‌سه‌ر راستییه‌كان و هه‌میشه‌ش به‌ زیانی خه‌ڵك وئامانجه‌ باڵا نیشتمانییه‌كان، ته‌واو ده‌بێت.  


شیكاری:درەو بە تێكڕا لە پێنج مانگی یەكەمی (2021) نرخی بەرمیلێك نەوت بە (61.2) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە (2022)  تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.7) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت بڕی (39.5) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.2) دۆلار فرۆشراوەو هەر بەرمیلێک (25.5) دۆلار و بە ڕێژەی (25.3%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022). # کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) دا (27 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهات هەڵکشاوە بۆ زیاتر لە (50 ملیار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار) دۆلار داهاتی نەوتی عێراق زیادی کردووە. بەڵام لە هەمان ماوەی ئەمساڵ داهاتی گشتی زۆرتر لە (37 ملیار) دۆلار بووە، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12.84 ملیار) دۆلار کەمی کردووە. # لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی نەوتی هەناردە کراو، زیاتر بووە لە (441 ملیۆن) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو زیاتر لە (496 ملیۆن) بەرمیل نەوت بووە، واتە هەناردە بە ڕێژەی (12%) زیادی کردووە. کۆی هەناردە لە ساڵی (2023) زیاتر لە (495) بەرمیل بووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. یەکەم: پرۆسەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021– 2023) پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق وەک لە (خشتەی یەکەم)دا رونکراوەتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021)، کۆی ئەو نەوتەی هەناردەی بازارەکانی جیهانی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (2022) کۆی نەوتی هەناردەکراو (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت بووه‌، واتە بڕی هەناردە کردنی نەوت لە پێنچ مانگی یەکەمی (2022) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) بڕی (54 ملیۆن و 957 هەزار و 575) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (12.45%) زیادی کردووە. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت، واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر هەناردەکردن تەنها بە بڕی (837 هەزار و 479) بەرمیل نەوت بە ڕێژەی (0.17%) کەمی کردووە. بە مانایەکی دیکە تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیل و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. هەر بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا بۆ ساڵێک پاشتر بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار و بەڕێژەی (64.51%) زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلار بە ڕێژەی (25.33%) نرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق هەبووە، چونکە؛ کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، واتە بڕی (23 ملیار و 47 ملیۆن و 109 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (85.26%) داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی (2021). بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار، بەم پێیەش کۆی بەهای نەوتی عێراق لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵێک پێشتر بڕی (12 ملیار و 840 ملیۆن و 942 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (25.64%) کەمی کردووە.   دووەم: کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) پاڵپشت بە داتا فەرمییەکان، کۆی ئەو نەوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ پێنج مانگی یه‌که‌می (2021)دا هەناردەی کردووە، بریتی بووە لە (441 ملیۆن و 391 هەزار و 970) بەرمیل، لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (496 ملیۆن و 349 هەزار و 545) بەرمیل نەوت. بەڵام کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بریتی بووە لە (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوت. تایبەت بە وردەکاری زیاتر بۆ هەر مانگێک بڕوانە (خشتەی دووەم). سێیەم: تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 - 2023) وەک لە (خشتەی سێیەم)دا بە وردی بەدیارخراوە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی (2021) بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 923 هەزار و 989) بەرمیل و لە ساڵی (2022) زیادی کردووە بۆ تێکڕای (3 ملیۆن و 288 هەزار و 200) بەرمیلی رۆژانەو و لە ساڵی (2023) بە تێکڕای هەناردەی رۆژانە بە نزیکەیی وەکو خۆی ماوەتەوەو بریتی بووە لە (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو. چوارەم: تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (61.213) دۆلار فرۆشراوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (100.703) دۆلار فرۆشراوە، واتە لە هەر بەرمیلێک نەوت لە ساڵی (2022) بەراورد بە ساڵی (2021) بڕی (39.49) دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (2023) دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە (75.199) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت (25.5) دۆلارنرخەکەی لە دەست داوە بەراورد بە ساڵی (2022)، بۆ وردەکاری زیاتر پێنج مانگی سەرەتای ساڵانی (2021 - 2023) بڕوانە (خشتەی چوارەم). پێنجەم: کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (5) مانگی یەکەمی ساڵانی (2021 – 2023) وەک لە (خشتەی پێنجەم)دا هاتووە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بریتی بووە لە (27 ملیار و 31 ملیۆن و 998 هەزار) دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو هەڵکشاوە بۆ (50 ملیار و 79 ملیۆن و 107 هەزار) دۆلار، بەڵام کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە (37 ملیار و 238 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار.    


درەو: ئێستا جوتیارانی هەرێم تەنیا رێژەی (30%)ی بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت، بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەرتۆنێك و دەبێت لە بازاڕی رەشدا (56%)ی بەرهەمەكانیان بە نرخی (350) هەزار دینار كەمتر بۆ هەر تۆنێك ساغ بكەنەوە، حكومەتی عێراق تەنیا(500) هەزار تۆن لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت لەكاتێكدا بەرهەمی جوتیارانی هەرێم  (ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆنە، بۆیە جوتیاران پەنا دەبەنە بەر كڕینی كارتی (رەسید)ی جوتیارانی تر بۆ ئەوەی  گەنمەكەیان بەنرخی حكومی لێوەربگیرێت، یاخود بەنرخی كەمتر بیفرۆشن و بە قاچاغ بینێرن بۆ سایلۆكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، لەسەردانی بۆلای جوتیارانی دەشتی زرارەتی هەولێر مەسرور بارزانی بە جوتیارانی وت" نابێت جوتیاران خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"   جوتیاران نیگەرانن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئایاری ئەمساڵدا سایلۆكانی هەرێمی بەرووی جوتیاراندا كردەوە تا بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان رادەست بكەن، پاش وەرگرتنی نمونە لە گەنمەكە و دەرچوونی لە پشكنین بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم بە جوتیاران دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (40) ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارەكانی بانكی وەزارەتی بازرگانی تا دوای رادەستكردنی گەنم چەكی پارەكەیان پێبدرێت.  لەسەرەتادا بڕیاردرا بۆ هەرێمی كوردستان بڕی (375) هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم وەربگیرن، واتە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (150) كیلۆ بۆ (200) كیلۆ گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت بەم شێوەیە: •    لە پارێزگای هەولێر (120) هەزار تۆن •    لە پارێزگای دهۆك (113) هەزار تۆن. •    لە پارێزگای سلێمانی (142) هەزار تۆن. دیاریكردنی ئەو بڕە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن جوتیارانەوە ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو ئەو بڕە گەنمەیان بە كەمدەزانی و نیگەرانبوون، نوێنەرایەتی جوتیارانی سنوری راپەرین و گەرمیان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدادیان كردو دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە نوێنەرانی كورد. كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە 30 ئایاردا رایگەیاند، "پێشتر ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریكرابو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران (375) هەزار تۆن گەنم بووە، دوای ئەوە بەدواداچونمان كرد و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد پێداچونەوە بەو بابەتەدا بكەن". د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی رایگەیاند"دوای هەوڵێكی زۆر حكومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی لە (375) هەزار تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن زیاد كرد، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو رێژەیە لابەرین و تەواوی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت". زیادبوونی وەرگرتنی بڕی گەنم لە (375) هەزر تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن كێشەی جوتیارانی چارەسەر نەكردووە و جوتیاران گەنمێكی زۆرتریان بەرهەمهێناوە كە بە (ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن) مەزەندە دەكرێت و ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخێكی هەرزان بیفرۆشنەوە.   رەنجی بە باچوو؟ لەكاتی وەرزی چاندنی گەنمدا بۆ هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (40 بۆ 50) كیلۆ گەنم دەچێندرێت، ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەرهەمی گەنم باشبووەو هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (600) كیلۆ بۆ (800) كیلۆ بەرهەمی هەبووە، واتە (40) كیلۆ گەنم لە دۆنمێكدا نزیكەی (600 - 800 ) كیلۆ گەنمی لێبەرهەم هاتووە واتا (یەكو بیستی بڕیوە).  جوتیارێكی ناوچەی بەرزنجە كە دەشتێكی بەپیتیان هەیە بۆ چاندنی گەنم بە (درەو)ی راگەیاند" بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هەموو ئەو گەنمەی بەرهەمی دەهێنین لێمان وەردەگیرێت، بۆیە زۆرینەی زەوییەكانمان كردووە بە گەنم، بۆ هەر دۆنمێك كە (40) كیلۆ گەنممان چاندبێت (40) كیلۆ كوتی سپی و (40) كیلۆ كوتی بۆرمان پێوەكردووە، ئێستا بڕیارە بۆ هەر دۆنمێك (178) كیلۆ گەنممان لێوەربگیرێت لەكاتێكدا دۆنمێك زیاتر لە (600) كیلۆ گەنمی لێبەرهەمهاتووە، بۆیە ئەو بەشەی تری دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاڕی رەش ساغی بكەینەوەو زیانێكی زۆر دەكەین، چونكە لە سایلۆكان تەنی بە (850) هەزار دینار لێمان وەردەگرن و لە بازاڕی رەشدا بە (500) هەزار دینار، واتا (350) هەزار دیناری فەرقە. جوتیاران "رەسید" دەكڕنەوە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) جوتیارێك تەنها بڕی (178) كیلۆ گەنمی لە دۆنمێكدا لێوەردەگیرێت لە كۆی (600) كیلۆ،  واتە زیاتر لە (422) كیلۆ گەنم لە هەر دۆنمێكدا بۆ جوتیارەكە دەمێنێتەوە و دەبێت خۆی ساغی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگا هەیە كە جوتیاران پەنای بۆ دەبەن و گەنمەكەیان ساغ دەكەنەوە: رێگەی یەكەم: ئێستا نرخی ئەو گەنمەی كە لە یاسلۆكان حكومەت تۆنی بە (850) هەزار دینار وەری دەگیرێت، لە بازاڕی رەشدا نرخی ئەو تۆنە تەنیا بە (500) هەزار دینارە واتا بە (350) هەزار دینار كەمتر لە نرخی فەرمی دەفرۆشرێتەوە واتا تۆنی (56%)ی  بەهای گەنمی سایلۆكە دەكات و (44%)ی بەهاكەی كەمترەو زیان دەكات. ئەمەش بە پێی ئەو بەدواداچونانەی (درەو) كە لەگەڵ چەند جوتیارێك كردوویەتی،  لە بری قازانج جوتیاران زیان دەكەن، بەو پێیەی بۆ هەر تۆنێك گەنم دەبێت دوو جۆر (كوت) بۆ بەرهەمەكانیان بەكاربهێنن، كە لەناو جوتیاراندا بە كوتی (سپی) و كوتی (بۆر) ناسراوە: •     كوتە (سپی) یەكە تۆنی بە (ملیۆنێك) دینارەو ئەمەیان یارمەتی باڵای قەدی گەنمەكە دەدات بۆ ئەوەی بەرزتر بێتەوە. •     كوتی (بۆر) هەر تۆنێكی بە (ملیۆنێك و 400 هەزار) دینارە و هاوكاری دانی گەنمەكە دەدات تا باشتر بێت. بۆیە جوتیاران ئەگەر گەنمەكانیان لە سایلۆكان و بە نرخی حكومەت لێیان وەرنەگیرێت و ئەو كێشەیە چارەسەر نەبێت ناچارن، بە (44%)ی كەمتری بەهاكەی لە بازاڕی رەشدا ساغی بكەنەوە، یان دەبێت پەنا بۆ رێگەیەكی دیكە ببەن. رێگەی دووەم: هەموو جوتیارێك كارتێكی بۆ كراوە تا گەنمەكەیان رادەستی سایلۆكان بكەن، لەم كارتەدا كە لەناو جوتیاراندا بە كارتی (رەسید) ناسراوە رووبەری زەوییەكەیان بۆ دیاری كراوە، بە پێی ئەو رووبەرە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (178) كیلۆ لە جوتیاران بە نرخی (850) هەزار دینار وەردەگیرێت، هەندێك جوتیار هەیە لە ئەمساڵدا زەوییەكەی نەكردووە بە گەنم، ئەوان كارتەكانیان (رەسید) بەو جوتیارانە دەفرۆشنەوە كە گەنمییان چاندووە زیاتر و نرخی هەر كارتێكی (رەسید) بە بڕی (100) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دەكڕنەوە، ئەمە سەرەڕای كرێی گواستنەوە و جیاوازی نرخ لە سایلۆكاندا بە پێی پشكنینی گەنم و جۆری نمرەی گەنمەكە. واتا جوتیارێك لە بری ئەوەی گەنمە زیادەكەی لە بازاڕی رەشدا بفرۆشێت تەنی بە (500) هەزار دینار، ئەوكات (رەسید)ێك بە (100) هەزار دینار دەكڕێت و تەنی بە (850) هەزار دینار بە سایلۆكان دەفرۆشێت، لەو حاڵەتەدا لە هەر تەنێك (100) هەزار دینار زیان دەكات. سەبارەت بە كێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران، مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باشە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم بگاتە (  ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆن گەنم، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنها بڕی (500) هەزار تۆن وەربگرێت،  واتە بڕی (700) هەزار تۆن گەنم دەمێنێتەوە واتا (لە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتووی جوتیارانی هەرێم، حكومەتی عێراق تەنیا 42%ی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت و 58%ی بەرهەمەكەیان وەرناگرێت) و جوتیاران نازانن چۆن گەنمەكەیان ساغبكەنەوە، ناچار دەبن لە بازاڕی رەشدا بیدەنە بازرگانە عەرەبەكان و بە قاچاخ دەنێردرێت بۆ سایلۆكانی ناوەڕاست و باشوور. مام فارس ئەوەش ئاشكرا دەكات: بڕیار بوو دوو كۆمپانیا یەكیان لە سلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر گەنمی زیادەی جوتیاران بە نرخێكی گونجاو بكڕنەوە لە بەرامبەردا لە باج و رسوماتی گومرگی ببەخشرێن بەڵام تا ئێستا ئەو دوو كۆمپانیایە هەنگاویان بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران نەناوە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 27ی ئایاری ئەمساڵدا سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارانی دەڤەرەكە كۆبووەوە و پێی راگەیاندن "هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بە شێوەیەك كە نابێت خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"، سەرڕای ئەو بەڵێنەی سەرۆكی حكومەت ئێستا جوتیاران گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان هەیەو لە بری قازانج توشی زەرەر دەبن. بەرهەمی جوتیاران لە ساڵانی رابردوودا جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020) بە تێكڕا، بڕی (3 ملیۆن و 12 هەزار و 76) دۆنم زەویان ساڵانە بە گەنم چاندووەو هەر لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێكڕای جوتیارانی كوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم. بەم پێیەش بڕشتی هەر دۆنمێكی بەگەنم چێندراوە بەرهەمەكەی بریتی بووە لە (415) كیلۆ گرام، بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە هەر دۆنمێكی بە گەنم چێندراودا نزیكەی (600) كیلۆ گەنم دەبێت. راپۆرتی پەیوەندیدار لەسەر گەنمی جوتیاران


شیكاری: درەو فراكسیۆنە كوردستانیەكان سەركەوتوو نەبوون لە جێگیركردنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (18) ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانە، تا (2026)چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە نادیاری دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێم بە بڕیار وەكو قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژماریكردووەو پابەندیەكەشی خستووەتە ئەستۆی بەغداد. دیزە بە دەرخۆنەکردنی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەگەر وەزیری دارایی لە حوزەیرانی 2022 وەزیری دارایی رایگەیاند  بە بڕیار پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خراوەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام چەند جارێک مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بۆنەو کارتی جیاوازدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە " پاشەكەوتی موچە، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق"، دواین جارێش مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی وتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر رۆژی (30/5/2023) ڕایەگەیاند؛ "بابەتی پاشەكەوتی موچە زۆر جار من دیتم ڕۆژانە دێتە باسكردن، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی موچە بەغدا بووە، حكومەتی هەرێم نەبووە، بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیوە، ناچار بوون هەندێك پارەیان قەرز كردووە، یان چەندین جاریش نەیانتوانیوە موچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە هەموو موچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە ڕەنگە مانگێك دوا كەوتبین، بەڵام هەموو موچەی خۆمان داوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو پاشەكەوتی موچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی موچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، ڕاستە هەموو خەڵك و ئێمە هەموو وا دەڵێین و حكومەتیش وا دەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لە حكومەتی عێراق بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكو ئەو پاشەكەوتی موچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر ئەو پارەیە لە هەرێمی كوردستانیش بێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن ئێمە حەز ناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاوڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هەر شتێكمان كردبێت كە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی دەستەبەر بكەین. بەڵام لێرەش دیسان جارێكی دیكە دەڵێمەوە كە دروستكردنی كارگە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە خەڵكی دیكە نەبێت." ماوەیەکی زۆریشە لایەنە سیاسییە کوردییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەوە بە گوێی موچەخۆرانی هەرێمدا دەدەن کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جێگیرکردنی دەقێک لە چوارچێوەی یاسای بودجە. ئەگەرچی کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە بۆ جێگێرکردنی دەقێکی یاسایی لە لیژنەی دارایی عێراق بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تەرخان نەکردنی بوجەی پێویست بۆ گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، وایکرد هەر زوو بەشێکی زۆر لە شارەزایان و چاودێران ڕەشبین بن بەرامبەر بەو دەقەی کە لە پرۆژە یاساکەدا ئاماژەی پێدرابوو لە ماددەی (14) بڕگەی (دوانزەیەم)دا هاتبوو؛ "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە". بەڵام لە (9/6/2023) لە گەرمەی دانیشتنەکاندا، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ "لەکۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و کوتلە سیاسییەکان بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت لە پرۆژە یاسای بوجەی 2023 و 2024 و 2025 لابرا". دواتریش هەر وابوو، داوای دەنگدان لە سەر ماددەکە دەرکەوت کە ئەو بڕگەیە لادراوە. وەک نوسراوەکەدا دیارە.   دەقی بڕگە لادراوەکە لە پرۆژە یاساکەدا بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان وایان دەرخست کە ئەو پرسە لە بڕگەیەکی نوێدا جێگا دەکەنەوە، هەر واشیان کرد، بڕگەکەش بەم شێوەیە بووە؛ * بڕگەیەكی نوێ: (ماددە 2/ یەکەم/5/ د) د. "زیادكردن بۆ ئەوەی لە بڕگەی (ب)لەسەرەوە هاتووە، لەوەی پەیوەستە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، تەواوی یاخود بەشێك لەرێژەی (30%) بەدەستهاتوو لە جیاوازی زیادەی نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی پشكی هەرێم كە هەناردە دەكرێت یاخود دەنێرێت بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ، بدرێت بە شایستەی فەرمانبەران كە لەئەنجامی (پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە) لێیان بڕدراوە، بگێڕێتەوە بۆ مووچەكانیان بە رێژەی (12%) تا كاتی گێڕانەوەی تەواوەتی هەموو پارەكانیان، لە ساڵی (2015)بەدواوە". بەڵام هەمان ئەم بڕگەیەش دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناو رەتکرایەوە.   ئێستا ئەو ڕاستییەش بەدیارکەوت حکومەتی عێراق بە پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) هیچ بەرپرسیارێتییەکی گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی موچە خۆرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت و حکومەتی هەرێمیش هیچ ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ ئەوە مەبەستە، بۆیە چارەنوسی زیاتر (18 ترلیۆن) دیناری موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە قەبارەی پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) سەبارەت بە قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەکی حکومەتی هەرێم بریتین لە؛ 1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار •    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) بە بەسەندكردنی پرۆژە یسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی (2023،2024،2025) واتا بۆ سێ ساڵی دیكەی داهاتوو چارەنووسی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بە پێی ئەو شایستە داراییانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیركراوە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ پاشەكەوتی موچە دیاری نەكراوەو حكومەتی هرەێمیش نەك نیەتی دانەوەی پاشەكەوتی نیە، بەڵكو پاشەكەوتەكەی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، واتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت چاوەڕێ بكەن ئایا پەرلەمانتارانی كورد دەتوانن لە پرۆژە یاسای 2026دا بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆران جێگیر بكەن، یاخود وەك ئێستا رەتدەكرێتەوە.     سەرچاوە: بڵاوكراوەی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ) یەكێك لە كتێبە چاپكراوەكانی دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023، لاپەڕە (49-57)    


درەو: بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر بڕگەكانی دیكەی پرۆژە یاسای بودجە بدات كە شەوی رابردوو (8) مادەی تێپەڕێندرا. ئەمڕۆ دەنگ لەسەر مادەكانی (13 - 14) دەدرێت كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا. ئەو دوو مادەیە بە دوو شێوە هاتووە لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا یەكەم: دەقەكەی حكومەتی عێراق (كە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند) سەرچاوەی گرتووە. دووەم: پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. لێرەدا بەووردی بڕگە بە بڕگەی هەردوو دەقەكە دەخەینە روو: ماددەی 13: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەرێژەیەك كە كەمتر نەبێت لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەندە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت. 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ كە قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە ماددەی 14: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عیراق دادەنرێت   🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: سەرۆك وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم‌و بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی‌و وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم وردبینی دەكات لەو حسابەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، چاودێری دەكرێت‌و راپۆرتی خولی  لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە لایەن كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم‌و چاودێری سەربەخۆی حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە) پێشكەش دەكرێت‌و كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت. 🔸     راپۆرتی لیژنەی دارایی: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت‌و غاز لە هەرێم‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستور‌و لەلایەن هەردوولاوە قبوڵكراو بێت‌و قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوت‌و غاز، جێبەجێ دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.   🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لە نێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، لەماوەی (15) رۆژدا، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت. لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا (5) بڕگەی تر زیادكراوە بۆ پرۆژە یاسای بودجە كە بریتین لە: 🔸    كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە  حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە. 🔸    حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگری كردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی  كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا. 🔸   حكومەتی عێراق پابەند دەبێ  بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم  دەروازە سنووریەكان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بكات. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە. لە ئێستادا ئەم دوو دەقە لەبەردەستی پەرلەمانتارانی عێراقدایە بۆ دەنگدان لەسەری، ئەگەر پێشنیازەكانی لیژنەی دارایی رەتبكرێتەوە ئەوا پاشەكەوتی موچەو ناردنی پارە بۆ پارێزگای ناڕازی و چەندین بڕگەی تر رەتدەكرێتەوە.   دەقی راپۆرتی حكومەتی عێراق         - راپۆرتی پێشنیازكراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق                      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand