لێدانی دەوحە: چی، چۆن، بۆ؟

2025-09-10 09:03:51
سەردار عەزیز
ڕۆژی حەوتی مانگ دۆناڵد ترامپ لە پلاتفۆرمی تروث، نوسی، ئیسرائیل بە داواکارییەکانی من ڕازی بووە، ئێستا دەبێت حەماسیش ڕازی بێت. ئاگاداری حەماسم کردوەتەوە بە دەرئەنجامی قبوڵ نەکردن. ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەمە.
ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە پرۆسەیەک لە ژێرەوە لە ئارادایە. قەتەرییەکان نێوەندگیربوون. حەماسیان لێئاگادارکردبووەوە. سەرکردەکانی حەماس، کە هەندێکیان لە تورکیا سەفەریان بۆ دەوحە کردبوو، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە، ڕۆژی سێشەممە، لەو شوقەیەی لە وادی ڕەزوان، نزیک بە باڵیۆزخانەی عێراق و ڕوسیا، لە باڵەخانەیەکی نوێدا کە ساڵی ٢٠٢٢ دروستکراوە، سەرکردەکانی حەماس کرانە ئامانج.
ئیسرائیلییەکان دەڵێن هەمان جێگایە کە پاش هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئێسرائیل، نوێژو ئاهەنگی تیادا سازکرا.
لێدانەکە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ ڕویدا.
ئایا قەتەرییەکان ئاگاداربوون؟
بە هەموو لۆجیکێک قەتەرییەکان ئاگاداربوون، هەروەها ئاگاداری ئیسرائیلیەکانیش بوون، چونکە چەند کاتژمێر پێش ئەوەی دە بۆ دوانزە فڕۆکە ڕاستەوخۆ لە ئیسرائیلەوە بە درێژایی ١٨٠٠ کم بفڕن بۆ دەوحە، فڕۆکەی سیخوڕیی ئیسرائیلی بە ئاسمانی شارەکەوە بووەو قەتەرییەکان و ئەمریکییەکان لێی ئاگاداربوون.
ئەگەر ئەوانەی کە دەبوو بکرێنە ئامانج نەکرابنە ئامانج دیسانەوە بەڵگەیە کە بە چەند خولەکێکی کەم لەو شوێنە دەرکراون، کە دیسانەوە بەڵگەیە بۆ هەبوونی ئاگاداریی.
ئایا ئەمریکا ئاگادار بوو؟
لێرەدا سێ شت هەیە، سروشتی عەمەلییەکە، پەیوەندییەکان و ڕۆڵەکان. سروشتی عەمەلییەکە وەها دەخوازێت کە هەردوو ئەمریکاو قەتەر خۆیانی لێ بە دوور بگرن. هەتا پەیوەندییەکانیان کێشەی تێنەکەوێت. چونکە ڕۆڵەکانیان وەها دەخوازێت.
بەم پێیە وەک دەزانرێت، ڕۆژی دووشەممە، ڕاوێژکاری نزیکی نەتانیاهوو، ڕۆن درێمەر، لە شاری میامی لە گەڵ هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەردا کۆبووەتەوە. دیارە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هەر سێکەیان جولەکەن. نەتانیاهوو و کوشنەر هێندە نزیکن کە نەتانیاهۆ زۆر جار لە ئەمریکا لە ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە. بەڵام دەڵێن ڕاوێژکارەکەی نەتانیاهوو ئەوانی ئاگادار نەکردوە.
ڕێکكەوتنەکە چی بوو؟
ڕەشنوسی ڕێکكەوتنەکە وەهابوو کە لە ڕۆژی یەکەمدا هەموو بارتمەکان ڕزگار بکرێن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١٠٠٠ فەلەستینی ئازاد بکات. ڕۆژی دووەم پرۆسەی بونیادنانەوەی غەززە دەست پێبکات کە ترەمپ خۆی بەشدار دەبێت تیایدا.
لێدانەکە چۆن بوو؟
ئیسرائیلییەکان لەوە ئاگاداربوون کە دەبێت بە تەواوی تەنها ئەو جێگەیە بپێکن، هەتا دوایی بڵێن هێرشەکە یەک ئامانجی هەبوو، پێکایی و هیچ زیانی نەبوو. بۆیە زانیاری سیخوڕیی ورد زۆر پێویست بووە، لەکاتی بوونی کەسەکان لەوێ، سروشتی جێگاکە، ئەگەر بەرکەوتنی ئەوانیتر و زۆر بواری تر. ئەمەش وەها دەکات کە گومانی ئەوە بکەین کە هەردوو سیخوڕیی مرۆیی و تەکنەلۆجی بە چڕی تیایدا بەشداربوون.
دیار ڕەنگە قەتەرییەکان کەمێک بێخەم بوو بن، چونکە پەیمانی ئەوەیان پێدرابوو کە هێرش نەکرێتە سەر شاندی حەماس لە قەتەر. ڕەنگە ئەمەش لە گلەییەکەی کۆشکی سپیدا دەرکەوێت کە نیگەران نییە بەرامبەر لێدانی حەماس، بەڵام نیگەرانە لە شوێنەکە، کە مانای وەهایە ئەوە جۆرێک بووە لە ڕێکكەوتن بەڵام سەرپێچی کراوە.
گرێی ئیسرائیل!
ئیسرائیلییەکان خۆیان باوەڕێک پێکەوەی بەستوون، ئەگینا خەڵکی زۆر زۆر جیاوازن. ئەمەش وەها دەکات کە باوەڕ لای ئەوان پێگەیەکی جیاواز تری هەبێت. لەم ڕوەوە کاتێک دەبینن نەیارەکانیان شەڕەکانیان وەک بەشێک لە باوەڕیان دەکەن، وەهای دەبینن کە شەڕێکی ئەزەلییە. بۆیە هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر ئەستەمە لەلایان. ملهوڕبوونی حەماس، وەهای کردوە کە زیاترو زیاتر سوربن لە سەر هێرشەکانیان. ئەم دۆخە زیاتر چڕبوەتەوە لە کاتێکدا ئێرانیش وڵاتێکی لێدراوە، بەڵام نەڕوخاوە.
کاریگەرییەکان
قەتەر بوو بە حەوتەمین وڵاتی لێدراو پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام قەتەرییەکان جگە لە پرتەو بۆڵە هیچی تر ناکەن. جارێکیان نەوشیروان مستەفا پێی وتم، کە یەکێتیی و پارتی، پەکەکە دەبینن وەها خۆیان پێشان دەدەن کە دۆستیانن. کاتێکیش تورکەکان دەبینن خۆیان وەها پێشان دەدەن دۆستیانن. قەتەریش هەمان یاری دەکات. بەڵام بۆ ئامانجی خۆی.
ئیسرائیل خەمی نیە، چونکە قەتەرییەکان بۆیە دۆستی ئیسرائیلن چونکە بەهێزن. ئێستا کە لێیانداون، بەهێزترن، بۆیە زیاتر دۆستیان دەبن.
دەرئەنجام
ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ئەوە بچەسپێنن کە هیچ بەربەرست و ڕێگرییەک نیە لەبەردەمیاندا بۆ ئەنجامدانی هەر پلانێک لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەوەی بتوانێت بەرگریی بکات تورکیایە. بەڵام تورک ڕاستەوخۆ خۆیان ناخەنە ئەو دۆخەوە.
