بەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نوێنەرایەتییەكانی هەرێم زیاد دەكات

Draw Media

2024-02-29 19:01:51




درەو:
ئەگەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێبكرێت سەبارەت بە نوێنەرایەتییەكانی (نوسینگەی) حكومەتی هەرێم، ئەوا ژمارەی نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە (14) نوێنەرایەتیەوە دەبێتە (88) نوێنەرایەتی لەناو باڵێۆزخانەكانی عێراقداو نوێنەرایەتییەكانی هەرێم كە بەناوی كۆمپانیاوە كاردەكەن، سیفەتی دیپلۆماسی وەردەگرن.
رۆژی 21ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی هەڵوەشاندنەوە، لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا دەڵێ: نابێت دەسەڵاتی هەرێمەكان لە ئاستی دەسەڵاتە فیدراڵییەكاندا بن لەڕووی پێكهاتەو پسپۆڕییەوە، لەسەر ئەم بنەمایە دەستور واجبی كردووە كە (دیاریكردنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی و دانوستان لەبارەی پەیماننامەو ریككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی قەرزكردن و ئیمزاكردنی و سیاسەتی ئابوری و بازرگانی و دەرەكی) لە تایبەتمەندی تاقانەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكانن، بەمە دادگای فیدراڵی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەموو نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە وڵاتان بە نادەستوری ناودەبات.

بە پێی بڕگەی چوارەم لە مادەی 121ی دەستوری عێراق: هەرێم و پارێزگاكان دەتوانن نوسینگەیان هەبێت لەناو باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسیەكان بۆ چاودێری كاروباری (رۆشنبیری و كلتوری و گەشەپێدان)
(درەو) قسەی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی عێراق كرد ئەوان رایان گەیاند ئەگەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم جێبەجێبكرێت، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناو باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عێراقدا نوێنەرایەتی دەبێت كە لە ئێستادا عێراق (88) باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەو نوێنەرایەتی لە وڵاتانی جیهاندا هەیە، واتا هەرێمی كوردستان لە بری ئەوەی لە ئێستادا كە (14) نوێنەرایەتیان هەیە ئەوكات (88) نوێنەرایەتی دەبێت لەناو باڵیۆزخانەكانی عێراقدا و دەچێتە ناو چوارچێوەیەكی دیپلۆماسیەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی كۆمپانیا و رێكخراوەوە نوێنەرایەتییەكانی لە وڵاتان تۆماركردووەو ساڵانە باج دەدات و هیچ سیفەتێكی دیپلۆماسی و مەرجە دیپلۆماسیەكانی تێدا نیە.
 بەپێی دەستوری عێراق سیاسەتی دەرەوە لەدەستی حكومەتی فیدراڵدایەو هەرێم دەتوانێتلەناو باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكاندا (نوسینگەی) هەبێت و بەشی (كلتوری و ئابوریو گەشەپێدان) بێت.
•    نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان لەدەرەوە هیچ سیفەتێكی دیبلۆماسیان نیەو لە چوارچێوەی كۆمپانیا و رێكخراودا كاردەكەن
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پارەیەكی زۆر خەرج دەكات لە باجی نوێنەرایەتییەكان و باجی تەئمین سەحی و كارمەندەكانیدا لەبەر ئەوەی بەناوی كۆمپانیاوە تۆماركراون.
•    لە بۆنەو مەراسیمە دیپلۆماسیەكاندا وەك دیپلۆمات بانگهێشتناكرێن.
•    ئەگەر بچێتە ناو باڵیۆزخانەكانی عێراقەوە ئەوكات وەك دیپلۆمات مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و خەرجییان سیادی دەبێت لە عێراقەوە.
•    هەر گۆشەیەك یان نوێنەرایەتیەك لەناو باڵیۆزخانەكاندا دەتوانن (5) كارمەند دابمەزرێنن و بودجەو خەرجییان لەسەر عێراق دەبێت.
•    ئێستا نوێنەرایەتییەكانی هەرێم كە (14) نوێنەرایەتیە، ئەوكات دەتوانن لە هەر (88) باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكانی عێراق نوێنەرایەتیان هەبێت.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە وەكو وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، ئەم فەرمانگەیە تائێستا یاسای كاركردنی نییە‌و ئەیلولی 2006 بە فەرمانی ژمارە (143)ی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دروستكراوە.
لە ئابی 2021دا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەكە رایگەیاند" سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراقدایە، بۆیە دەبێت كەمێك هەستیارانە رەفتار بكەین، بەڵام دەمانەوێت لە داهاتوودا پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بكرێت بە وەزارەت".
ئەم فەرمانگەیە پێكهاتووە لە (14) نوێنەرایەتی دەرەوە‌و (8) بەڕێوەبەرایەتی
نوێنەرایەتییەكانی هەرێم لە دەرەوە دەكەونە ئەم وڵاتانەوە (ئەمریكا- بەریتانیا- ئەڵمانیا- فەڕەنسا- روسیا- سویسرا- ئیسپانیا- ئیتالیا- نەمسا- پۆڵەندا- یەكێتی ئەوروپا-  ئوسترالیا- ئێران- بەغداد).
پۆستەكانی دەرەوە
•    نوێنەری هەرێم لە ئەمریكا: تریفە عەزیز- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئەڵمانیا: دڵشاد بارزانی- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئوسترالیا: هەڤاڵ دەسكۆ سیان- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئیتالیا: رێزان حەمەساڵح ئاغا- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئیسپانیا: دارەوان حاجی حەمید- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم لە ئێران: نازم عومەر دەباغ- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم  لە بەریتانیا: كاروان جەمال تاهیر- یەكێتی
•    نوێنەری هەرێم لە فەڕەنسا: عەلی دۆلەمەڕی- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە سویسرا: فەوزی قەدوور- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە روسیا: دانەر ئەبوبەكر مستەفا لە پارتی بەشێوەی كاربەڕێكەر لە شوێنی ئاسۆ شێخ جەنگیی لە یەكێتی دانراوە
•    نوێنەری هەرێم لە نەمسا: مستەفا ئیسماعیل رەمەزان- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە پۆڵەندا: زیاد رەئوف- پارتی
•    نوێنەری هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا: دلاوەر ئاژگەیی-پارتی
زۆرینەی نوێنەرەكانی هەرێم لە دەرەوە ماوەی (12) ساڵە هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە‌و وەكو خۆیان ماونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت (5) ساڵ جارێك گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.

نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان
لەبەرامبەر ئەو (14) نوێنەرایەتییەی كە هەرێمی كوردستان لە دەرەوە كردویەتییەوە، (30) وڵات كوسنوڵگەریی‌و نوێنەرایەتی‌و ئاژانسی هاریكاریی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردوەتەوە كە ئەمانەن:
(میسر- سودان- ئەمریكا-  كەنەدا- توركیا- كۆریا- هیندستان- ژاپۆن- چین- سریلانكا- قوبرس- روسیا-  ئەڵمانیا- فەڕەنسا- بەریتانیا- چیك- هەنگاریا- هۆڵەندا- ئیتالیا- ئەرمینیا- یۆنان- سوید- رۆمانیا- پۆڵەندا- نەمسا- بولگاریا- یەكێتی ئەوروپا- ئیسپانیا- دانیمارك- بیلاروسیا- یۆنامی- سلۆڤاكیا).

ئەرك‌و ئامانجی فەرمانگە
بەپێی ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە خۆی باسی دەكات، ئەركی فەرمانگەكە ئەمانەن:
•    پتەوكردنی پەیوەندیی دوو لایەنە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
•    پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانی، وەبەرهێنان، گەشتیاری‌و دامەزراوەیی لەگەڵ دونیای دەرەوە.
•    چاودێریكردنی نوسینگەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان.
•    ڕێكخستنی سەردانی فەرمی شاندە بارزگانی‌و سیاسییەكانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان.
•    رێكخستن‌و پشتگیریكردنی ئەو چالاكییانەی دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی پێگەی هەرێم لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی‌و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق‌و باڵێوزخانەكانی ئەم وڵاتە لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی‌و پشتگیریكردنی ئەو چالاكییانەی كە‌ یارمەتیدەرن بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە.
•    هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كومەڵگەی نێودەوڵەتی.
•    پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری یاسایی‌و راستكردنەوەی بەڵگەنامەكان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامانجەكانی خۆی لەم خاڵانەدا دیاریكردووە:
•    پاراستن‌و پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و هاوڵاتیانی لە دەرەوە.
•    هاندان‌و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسی‌و ئابورییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ڕوانگەی پێشخستنی ئاشتی، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانی بازرگانی‌و بەرژوەندی هاوبەش.
•    پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كونسوڵگەری‌و راوێژی یاسایی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
•    ئاسانكاری بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم‌و فەرمانبەرانی بۆ بەشداریكردنیان لە كارو چالاكییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان‌و كۆبونەوەو چالاكی ئاژانسەكانی یۆ ئێن‌و... هتد.
•    كار دەكات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دامەزراوە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكان لە دەرەوەو ناوەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand