راپۆرت: درەو ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر رووداوەكانی 8ی تەموزدا تێپەڕ دەبێت، رووداوێك كە بەتەواوەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانی رادەستی كوڕە گەورەكەی جەلال تاڵەبانی كرد، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەیەتی، لەماوەی نزیكەی نیو سەدەدا جەلال تاڵەبانی باوكی لەناو یەكێتیدا بەخۆیەوە نەبینیوە، دوو ساڵ سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی چی لە یەكێتیی‌و زۆنی سەوز كردووە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. 8ی تەموز.. گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دواینجار كە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا دەركەوت رۆژی 24ی حوزەیرانی 2021 بوو، هەردووكیان وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی پێكەوە پێشوازییان لە (خەمیس خەنجەر) سیاسەتمەداری سوننەكانی عێراق كرد، بۆ ئێوارەكەشی بافڵ تاڵەبانی لە باخەكەی خۆی لە "مێرگەپان" میواندارییەكی رێكخست. میواندارییەكەی مێرگەپان وەكو بافڵ تاڵەبانی خۆی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لە كۆبونەوە داخراوەكاندا باسی دەكرد، بۆ ئەوە بوو ئاشتەوایی لەنێوان (پولو شاڵاو عەلی عەسكەری)‌و (پۆڵاد شێخ جەنگی) بكات، ئەم دوانە یەكەمیان ئەوكات یاریدەدەری بافڵ تاڵەبانی بوو (ئێستا بەرپرسی هەواڵگری هێزەكانی 70یە)‌و دووەمیشیان برای لاهور شێخ جەنگی‌و سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر بوو، كێشە كەوتبووە نێوانیان. لە ئێوارە خوانەكەی مێرگەپاندا، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و دوو كوڕەكەی كۆسرەت رەسوڵ (دەربازو شاڵاو) بەشداربوون، میواندارییەكە بۆ ئاشتەوایی (پۆلۆ و پۆڵاد) بوو، بەڵام بەجیابونەوەی ئامۆزاكان لەیەكتری كۆتایی هات. بەپێی گێڕانەوەی خۆی، لەم ئێوارە خوانەدا ژەهر كراوەتە ناو شەربەتەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە، تەندروستی تێكچووە‌و لە نەخۆشخانە خەوێندراوەو 12 بوتڵ ئاوی بۆ هەڵواسراوە. دوو هەفتە دوای میواندارییەكەی مێرگەپان، لە بەیانی رۆژی 8ی تەموزی 2021دا بافڵ تاڵەبانی چووە قەلاچوالان‌و دەزگای زانیاری كۆنترۆڵكرد، هەمان رۆژ دەزگای دژەتیرۆری گرت‌و پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی دورخستەوە، بافڵ تاڵەبانی لەرووداوی ژەهرخواردكردنەكەدا لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای تۆمەتبار كرد، لاهور لە دادگا سكاڵای تۆمار كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا راست‌و دروستی ئەم كەیسە بۆ رایگشتی روون نەبووەتەوە، لاهور وەكو بەهانە بۆ كودەتاكردن لەناو یەكێتیی ناوی دەبات. لێكدابڕانی دوو هاوسەرۆكەكە، یەكێك لە پێشبینییەكان بوو بۆ دەرەنجامی كۆنگرەی (4)ی یەكێتیی، كۆنگرەیەك كە لە دوا رۆژەكانی ساڵی 2019دا بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار لەدوای مردنی تاڵەبانی باوكەوە دەسەڵاتی یەكێتیی رادەستی كوڕو برازاكانی كرد.   یەكێتیی لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی رووداوی 8ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نمایشێكی سەربازیی رێكخست، لەدوای 8ی تەموزەوە یەكێتیی زیاتر لەوەی وەكو حزبێكی سیاسی مەدەنی دەربكەوێت، وەكو گروپێكی چەكدار خۆی نمایش دەكات، بافڵ تاڵەبانی زۆربەی دەركەوتنەكانی بە جلوبەرگی سەربازییەوەیە، زیاتر لە سیاسییەكان‌و خەڵكی مەدەنی، لەگەڵ پلەدارەكانی هێزی دژەتیرۆرو كۆماندۆ دەبینرێت، بافڵ تاڵەبانی خەرجی ئۆرگانە مەدەنییەكانی یەكێتیی كەمكردوەتەوە‌و خەرجی هێزە چەكدارەكانی زیاد كردووە. لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیی، كۆنگرەی 4ی یەكێتیی، كاستی سیاسی كۆنی حزبی لەناو ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەندییەكانی یەكێتیی) خانەنشین كرد، بافڵ تاڵەبانیش لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە سەركردایەتی یەكێتیی ناكاراو بێ رۆڵ كردووە، ئەوەی ئێستا لە پەیكەری یەكێتیی ماوەتەوە تانەنەت مەكتەبی سیاسیش نییە، بەڵكو كارگێڕانی مەكتەبی سیاسییە كە ناو بەناو كۆبونەوە دەكەن. ئەو گروپانەی كە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز لەناو یەكێتیدا هەبوون، ئێستا لەبەردەم هەژمونی بافڵ تاڵەبانیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو بەهێزترین تەكەتول دەركەوتن، ئێستا ئەو پێگە بەهێزەیان نەماوە، كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلاكردەوە‌و چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیی بوو، ئەم پۆستەیان وەرنەگرت‌و ئەوەی بەم دۆستایەتییە پێیان كرا هەر ئەوە بوو لیوا هاوبەشەكانی (3و 7)ی كۆسرەت رەسوڵ لە هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵكردن یان گۆڕانكاری رزگار بكەن، ئەم هێزانەش لەبەردەم هەژموونی هێزەكانی دژەتیرۆرو كۆماندۆدا كە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە فەرمانیان پێدەكرێت‌و داراییان بۆ دابین دەكرێت، زۆر لاوازن. بەرهەم ساڵح وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بەهێزی ناو یەكێتیی، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لەپێناو زامنكردنی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی قبوڵ كرد‌و لە دیداری یەكێتیدا كە كۆتا رۆژەكانی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، بەشداری كرد‌و بەفەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناساند، بەڵام ئەمە زەمانەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری نەكرد‌و بەرهەم ساڵح ئێستا لەماڵەوە دانیشتووە‌و هیچ قسەیەكی لەبارەی دۆخ‌و سیاسەتەكانی یەكێتییەوە نییە، گروپی "جافەكان" كە بریتین لە هەریەكە لە (مەحمود سەنگاوی- عەدنان حەمەی مینا- حامید حاجی غالی) بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە لەناو یەكێتیدا لە پێگەیان دراو ئەوانیش ئێستا ئەو رۆڵ‌و كاریگەرییەیان نەماوە. یەكێتیی لەدوای كۆنگرەی چوارو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، ئەوەندە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆی كردووە، ئێستا كادیرەكانی بە زەحمەت دواین كۆپی هەمواركراوی پەیڕەوی ناوخۆیان دەستدەكەوێت‌و لەناو ژمارەیەك رەشنوسدا گیریان خواردووە كە لە بنەڕەتەوە كاریان پێناكرێت‌و پەیڕەو بەرنامە لە خودی بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی برایدا كورت بوەتەوە. جڵەوەی بڕیاری سیاسی، دارایی، پەیوەندییەكان هەمووی لە دەستی بافڵ تاڵەبانیدایە. سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی دوو ساڵی رابردوو، خەڵك زیاتر لەوەی لە دوورەوە ناویان بیستبوو،  بە كەسایەتی بافڵ تاڵەبانی ئاشنا بوون، ئەو سیاسەتێكی چەسپاوی نییە، لە یەككاتدا وەكو فەرماندەیەكی سەربازی توڕەو هاوكات وەكو كەسێكی كراوەو دڵساف دەردەكەوێت، جارێك وەكو سیاسەتمەدارێكی پراگماتی‌و هەندێكجاری تر وەكو خواناسێك خۆی نمایش كردووە، دەیەوێت ئاڵای كوردایەتیی لە دەستی بارزانی‌و پارتی وەربگرێتەوە، باسی مافی 40 ملیۆن كورد دەكات، دۆستی عەبدوللەتیف ئەحمەد رێبەری سەلەفییەكانەو (یونس راوی)شی كردووە بە راوێژكاری خۆی، واتا دژبەیەكی زۆری لەخۆیدا كۆكردوەتەوە. لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانی سەرباری راوەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە زۆنی سەوز، لەرووی ئازادی رادەربڕینیشەوە زۆنەكە هەندێك پاشەكشەی كردووە، بەپێی ئامارەكان تەنیا لەرۆژی 6ی ئابی 2022 پێشێلكاری بەرامبەر بە (78) رۆژنامەنووس كراو (27) رۆژنامەنووس دەستگیركرا لەكاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانێكدا لە سلێمانی، هەرلەو ماوەیەدا یەكێتی رێگری لە بەڕێوەچوونی چەندین خۆپیشاندان كردووە، لە ئۆكتۆبەری 2022 لەلایەن هێزی دژە تیرۆرەوە دوو رۆژنامەنووس دەستگیركران و رفێندران یەك هەفتە ئەشكەنجەدران.   دوای رووداوەكانی 8ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی توركیای تۆمەتبار دەكرد بەوەی لە پشت "كودەتاكەی بافڵ تاڵەبانی"وە بووە، پێشبینی دەكرا لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا پەیوەندی یەكێتیی‌و توركیا بەرەوپێشچوون بەخۆوە ببینێ، بەڵام توركیا زیاتر لە سنوری زۆنی سەوزدا رۆچوو، ئۆپراسیۆنەكانی دژی پارتی كرێكاران لەم سنورەدا زیاتر كرد‌و لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵیشەوە ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخستووە. لەدوو ساڵی رابردوودا، لەڕووی سیاسییەوە، بافڵ تاڵەبانی بەتەواوەتی ئاڕاستەی یەكێتیی لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد گۆڕیوە، لەسەردەمی ئەودا یەكێتیی بۆ جاری یەكەم سەرباری ناڕەزایەتییەكانی پارتی، توانی بە پاڵپشتی لایەنە شیعەكانی دۆستی ئێران، بڕگەیەك لە یاسای بودجەی عێراقدا بچەسپێنێت كە رێگەی بە ئیدارەی سلێمانی دەدات لە حاڵی ناڕەزایەتیدا دژی دەسەڵات لە هەولێر، راستەوخۆ لە بەغدادەوە بەشە بودجەی خۆی وەربگرێت، پارتی ئەم هەنگاوە وەكو هەوڵێك بۆ دابەشكردنی كوردستان لێكدەداتەوە. سەرباری ئەمە، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراقەوە لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021دا، بافڵ تاڵەبانی لەناو دابەشبوونی ماڵی شیعەدا، بەرە سەركەتووەكەی هەڵبژارد كە لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) بوو، ئەوانەی كە بە وەلائییەكانی ئێران ناودەبرێن، ئەم بەرەیە دواجار پاشەكشێی بە موقتەدا سەدر كرد‌و سەرباری ئەوەی هەڵبژاردنی دۆڕاندبوو، كابینەی نوێی حكومەتی لە عێراق دروستكرد، پارتی وەكو نەیارێكی مێژووی یەكێتیی، سەرباری سەقامگیریی دۆخی ناوخۆیی، لە گەمەی سیاسی ئەمدواییەی عێراقدا خوێندنەوەی بۆ هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ موقتەدا سەدر دروست نەبوو، سەدر لەناو ململانێ ناوخۆییەكەی شیعەدا زۆر پشوو درێژ نەبوو، كشایەوە‌و پارتی بە تەنیا بەجێهێشت، پارتی بەلاوازییەوە پەیوەندی بە بەرەكەی تری شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگیی)یەوە كرد. لەم گەمەیەدا بۆ یەكەمجار، یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی توانی سەرباری بردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوتای پارتی پۆستی وزاری لە حكومەتی عێراقدا وەربگرێت، هەندێك دەڵێن ئێرانییەكان رۆڵیان هەبووە لەسەر بڕیارەكانی یەكێتیی، ئەمەش وەكو سزادانێكی بارزانی كە لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی كردو ماڵی شیعەی عێراقی خستە مەترسییەوە. بافڵ تاڵەبانی بەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لەگەڵ بەغداد دروستی كرد، سودی لەوەی بینی كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگی بهێنێت لەبارەی پرسی هاوسەرۆكایەتی‌و گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ.   لەسەر ئاستی ناوخۆش، بافڵ تاڵەبانی لەوەدا سەركەوتوو بوو سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، ئەم دواخستنە بۆ ئەو گرنگ بوو، چونكە لەدوای 8ی تەموزەوە هێشتا بەتەواوەتی حزبەكەی رێكنەخستوەتەوە‌و ناڕەزایەتییەكانی خەڵكیش لە سلێمانی زیاتر بوون كەم نەبوونەتەوە، سەرباری ئەمە ناڕەزایەتیی لایەنگرانی یەكێتیشی هاتوەتە سەرو هێشتا بایكۆتی هەڵبژاردن بژاردەی بەهێزی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیە. بافڵ تاڵەبانی‌و دۆخی دارایی لەڕووی دارییەوە، بافڵ تاڵەبانی لە دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی گشتی یەكێتیی بە تەواوەتی كۆنترۆڵكردووە، سیاسەتی دارایی ئەو لە ناوخۆی حزبدا بریتیی بووە لە كەمكردنەوەی خەرجی ئۆرگانەكان‌و زیادكردنی داهاتی ئیدارەی گشتی یەكێتیی لەرێگەی دروستكردنی كۆمپانیای نوێ‌و وەرگرتنی پشك لە كۆمپانیاكان بەبێ لێخۆشبوون. بەڵام سیاسەتی دارایی سەرۆكی یەكێتیی بۆ دۆخی سلێمانی لە جاران باشتر نیە، كێشەی نەمانی نەختینەی دارایی هەیە، گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە، پرسی نەختینەی دارایی لەلایەن حكومەتەوە بكرێت بە بابەتێكی سیادی، مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ئەم داواكارییە نیشانداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنێكی گشتگیر نییە، دیارنییە ئەم بابەتە چارەنوسی بە كوێ دەگات، واتا بەشێوەیەكی گشتی لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی دارایی یەكێتیی لەدەستی خۆیدا گرێداوە‌و دارایی سلێمانیشی بۆ قوباد تاڵەبانی برای بەجێهێشتووە كە جێگری سەرۆك وەزیرانە، دارایی سلێمانی‌و داهاتەكانی هێشتا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە گلەیی‌و گومانی لەسەرە، تۆمەتباریان دەكات بەوەی داهاتی سلێمانیان بۆ مەبەستی تایبەتی بەكارهێناوە‌و لە دەروازە سنورییەكان قاچاخچێتی دەكەن. لە دوو ساڵی رابردوو چەند حاڵەتێكی بردنە دەرەوەی پارە بە شێوەی كاش لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرابوون و  یەكێتی ئەم بابەتەی لە رای گشتی شاردووەتەوە، سەرباری ئەمە رووداوی هەڵكوتانە سەر سەرمایەدار و بازرگانەكان زیادی كردووە، بەشێك لە سەرمایەدارەكان، سەروەت و سامانەكانیان بردووەتە دەرەوەی سلێمانی.   بافڵ تاڵەبانی‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی وەكو هێزێكی سەرەكی دەسەڵاتدار، لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی بەردەوام لە نیوە شەڕو نیوە ئاشتیدا بووە، ئەم ناكۆكییە لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا دوای كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر، گەیشتە حاڵەتی دابەشبوونەوەی كوردستان بەسەر دوو زۆندا، چونكە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و دواتریش تیمی یەكێتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆت كرد، نێوەندگیری ئەمریكا‌و وڵاتانی ئەوروپا دۆخەكە راگرت‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو حكومەت. لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش كە هاوبەشێكی سەرەكی حكومەتە، لە دوو ساڵی رابردوودا یەكێتیی نەیتوانیوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ گرێ بدات. بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز، یەكێتیی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد‌و پێكەوە چوونە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان هەموو ئەو كورسیانەی لەدەستدا كە لە پەرلەمانی عێراق هەیبوو، ئەمە بزوتنەوەكەی دوچاری كێشەی ناوخۆیی كردەوە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕانی ناچاركرد دەست لە پۆستەكانیان بكێشنەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا گۆڕان بێ سەر ماوەتەوە، گۆڕانەكان نیگەرانن لەو رێككەوتنە، پێیانوایە یەكێتیی‌و بە دیاریكراویش بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی هۆكار بوون بە شكستی گۆڕان لە هاوپەیمانێتییەكەدا، بەم دۆخەشەوە هێشتا بافڵ تاڵەبانی چاوی لە بزوتنەوەی گۆڕانە‌و بەمدواییانە پێشنیازی ئەوەی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە گۆڕان‌و یەكێتیی یەكبگرن، ئێستاش خوازیارە گۆڕان‌و یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن، ئەو نایشارێتەوە كە گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتیی دەبینێت‌و ستراتیژیەتی خۆی لەسەر كۆتایهێنان بە گۆڕان داڕشتووە. لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكانیش، سەرباری هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بەرەیەك لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، بەڵام هێشتا بافڵ تاڵەبانی ئەو متمانەی پێ دروست نەكراوە. یەكێتی‌.. لە سكرتێرەوە بۆ سەرۆك یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 48 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو (پلینیۆم)‌و یەك (دیدار)ی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی چوارەم لەمەش مەترسیدارتر بوو، چونكە بووە هۆی لێكترازانی ئامۆزاكان (كوڕەكانی تاڵەبانی‌و شێخ جەنگی برای). ئێستا یەكێتیی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی پێنجەم دەكەن، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن كۆنگرەكە مانگی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت جارێكی ترو لە كۆنگرەیەكدا یەكێتیی بەوشێوەیە رێكبخاتەوە كە خۆی دەیەوێت.   یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەكانیدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانەو ناكۆكی فیكری  لەناو یەكێتیدا نەماوە، زیاتر پرسی دارایی‌و هێز رۆڵ دەبینێت. رۆژی 28ی ئابی 2022 سەركردایەتی یەكێتیی كۆبونەوەیەكی كرد‌و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ سیستمی "هاوسەرۆكایەتیی" هەڵوەشاندەوە‌و بۆ یەكەمجار لە مێژووی یەكێتیدا ناونیشانی كەسی یەكەمی حزبی لە "سكرتێر"ەوە بۆ "سەرۆك" گۆڕی، مام جەلال نیو سەدە سكرتێری یەكێتیی بوو، بافڵی كوڕی بوو بە سەرۆكی یەكێتیی. دوای نزیكەی (نیو سەدە) لە رەخنەگرتن لە پارتی وەكو حزبێكی بنەماڵەیی، ماوەی ساڵێكە یەكێتیش بەتەواوەتی كەوتوەتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی‌و ئەمە دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەكانی تریش خۆشكردووە هەمان شێوازی بە بنەماڵەیكردن‌و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ پەیڕەو بكەن.  


راپۆرت: درەو بەشی دووەمی نەوت لە كابینەی نۆیەمدا لە چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، هەرێمی كوردستان بەبەهای (33) ملیار دۆلار نەوتى فرۆشتووە، بەڵام (14 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی‌و كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتیی+ گۆڕان) بە بەڵێنی چاكسازی حكومەتیان پێكهێنا. كابینەی نۆیەم لە بواری نەوتدا كابینەی بڕیارە قورسەكان بوو دژی هەرێم لەوانە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق‌و ژوری بازرگانی پاریس، دواجار بەناچاری كابینەی سێقۆڵی نەوتی رادەستی بەغداد كرد، كابینەی نۆیەم چۆن مامەڵەی لەگەڵ نەوتدا كردووە؟ بەشی دووەمی زنجیرە راپۆرتی (درەو) سەبارەت بە كابینەی نۆیەم لە یادی چوار ساڵەی دەستبەكاربوونیدا. كۆرۆنا دۆخی حكومەتی ئاشكراكرد كانونی یەكەمی 2017 حكومەتی عێراق بەفەرمی كۆتایی بە جەنگی "داعش" هێنا، بەر لە دەستپێكردنی شەڕ لە 2014دا نرخی بەرمیلێك نەوت (105) دۆلار بوو، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕدا لە تەموزی 2015دا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ (48) دۆلار دابەزی، خەرجی شەڕو دابەزینی نرخی نەوت كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان بارزانی)  توشی قەیرانێكی گەورەی دارایی كرد. رۆژی 10ی تەموزی 2017 كابینەی نۆیەمی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سوێندی یاسایی خوارد، بەمە كۆتایی بە ماوەی (17) ساڵ حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی هات. كاتێك كابینەی نۆیەم سوێندی یاسایی خوارد، نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ (65) دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەم بوژانەوەیە زۆری نەخایاند، سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە جیهان جارێكی تر نرخی نەوتی توشی داڕمان كردەوە، كۆرۆنا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا دەركەوت، لە ئازاری 2020دا نرخی نەوت دابەزینێكی مێژوویی تۆمار كرد‌و بەهای هەر  بەرمیلێك بۆ (22) دۆلار دابەزی. بەپێی راپۆرتێكی حكومەتی هەرێم، لە مانگی نیسانی 2020 داهاتی نەوتی هەرێم بەمشێوەیە  بووە:   •    هەرێم رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە •    نەوتی هەرێم هەر بەرمیلێكی بە (20) دۆلار فرۆشراوە •    كۆی گشتی داهاتی نەوت (261 ملیۆن) دۆلار بووە •    (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت بووە •    (30 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیا بووە لەبری مافی گواستنەوەی نەوتدا •    (50 ملیۆن) دۆلاری تری بۆ قەرزی  توركیا رۆیشتووە •    (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجی وەبەرهێنانی نەوت رۆیشتووە بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە لوتكەی قەیرانی كۆرۆنادا واتا لە نیسانی 2020دا، تەنیا بڕی (30 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. ئیتر لێرەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم دەستیكرد بە هەڵدانی بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی كوردستان بۆسەر شانی كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق‌و ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێم هیچ یەدەگێكی نییە‌و بڕی (27 ملیار) دۆلاریش قەرزارە. سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی توشی شڵەژانی دارایی كرد، ئەمە هەمان شڵەژان بوو كە بەهۆی شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە دوچاری كابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانی هات. داهاتی نەوت لە چوار ساڵی كابینەی مەسرور بارزانیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تەمەنی دەبێت بە (4) ساڵ، لەم تەمەنەدا بەبەهای نزیكەی (33 ملیار) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، هەر بەرمیلێكی بە (55) دۆلار فرۆشتووە (تێكڕای نرخی نەوت لەو چوار ساڵەكەدا)، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەوە، لەو چوار ساڵەدا بڕی زیاتر لە (14 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار داهاتی نەوت بۆ گەڕاوەتەوە. لەڕووی داهاتی نەوتەوە، 4 ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەم دابەش دەبێت بەسەر ئەم قۆناغانەدا: •    كابینەی نۆیەم لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربووە، دوای داڕمانە گەورەكەی نرخی نەوت، ئەم قۆناغە سەردەمی بوژانەوەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو. ئەگەر شەش مانگی دووەمی 2019ی لەڕووی هەناردەی نەوتەوە بۆ كابینەی نۆیەم ئەژمار بكرێت، ئەوا لەم ماوەیەدا بڕی (80 ملیۆن‌و 164 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك لەم ماوەیەدا بڕی (60) دۆلار بووە، واتا بەتێكڕا لە شەش مانگی دووەمی 2019دا بڕی (4 ملیارو 890 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بووە‌و دوای لێدەكردنی خەرجییەكان پرۆسەی نەوت، بڕی نزیكەی (2 ملیار) دۆلار وەكو پوختەی داهات بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ماوەتەوە.    •    ساڵی 2020 نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای (كۆرۆنا)وە توشی داڕمان هات، ئەمە یەكەم گەردەلول بوو كە بەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كەوت، داهاتەكانی زۆر كەمیكرد، بەوهۆیەوە مەسرور بارزانی دەستی بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران  برد، مەسرور بارزانی ئەم لێبڕینەی موچەی ناو  لێنابوو "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی"‌و تەنانەت ئامادە نەبوو هاوشێوەی نێچیرڤان بارزانی ئەم لێبڕینەی موچەی فەرمانبەران وەكو "پاشەكەوت لەسەر حكومەتەكەی ئەژمار بكات"، لەم ساڵەدا حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بڕی (157 ملیۆن‌و 599 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كرد، تێكڕای نرخی نەوت لەم ساڵەدا بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بڕی (28) دۆلار بوو، واتا بە تێكڕا داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵەكەدا بڕی (4 ملیارو 412 ملیۆن) دۆلاری بووە‌و پاش لێدەركردنی خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە‌و پێدانەوەی قەرزەكان، بڕی كەمتر لە (2 ملیار) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. •    حكومەتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكان‌و فرۆشتنی نەوت بەپێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی‌و هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە.   •    2022 ساڵی كۆتایهاتنی پەتای كۆرۆنا بوو، بەهۆیەوە نرخی نەوت بەرزوبووەوە، ئەمە وایكرد داهاتی حكومەتی هەرێمیش زیاد بكات، بەجۆرێك بەپێی ڕاپۆرتەكانی دیلۆیت؛ حكومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022)دا؛ زیاتر لە (144 ملیۆن‌و 404 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووە‌و هەر بەرمیلێكی بە بڕی (85) دۆلار فرۆشتووە. لە هەناردەی نەوتدا، ساڵی 2022 دوای لێدەكردنی خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستەوە، كابینەی نۆیەم لە تێكڕای ساڵەكەدا بڕی (5 ملیارو 709 ملیۆن‌و 704 هەزارو 87) دۆلاری داهاتی بۆ گەڕاوەتەوە. •    ساڵی 2023 بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان ساڵێكی كارەساتبار بوو، دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵای حكومەتی عێراق دژی توركیا یەكلاكردەوە، بەوهۆیەوە توركیا لە بەرەبەیانی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 25ی ئازار كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، حكومەتی هەرێم بڕی (32 ملیۆن‌و 965 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لەم ماوەیەدا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی (77) دۆلار بووە، واتا هەرێم لەو ماوەیەدا هەر بەرمیلێك نەوتی بە بڕی (58) دۆلار فرۆشتووە (چونكە هەرێم بە بەراورد بە نرخی جیهانی، نەوت بە 19 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت).  داهاتی نەوتی هەرێم كوردستان لە سێ مانگی ئەمساڵدا (تاوەكو رۆژی 25ی ئازاری 2023) بریتی بووە لە نزیكەی (2 ملیار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەكردنی خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت بڕی كەمتر لە (1 ملیار) دۆلار لەم ماوەیەدا داهاتی نەوت بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە. مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ نەوتدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمە‌و رێژەی 77%ی كۆی داهاتەكانە. لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتا 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوت‌و غازو سامانە سروشتییەكانی تری هەیە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا ئەم وەزارەتە تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووەو لە كابینەی نۆیەمدا كرا بە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی نزیكەی ساڵ‌و نیوێك لە وەزارەت مایەوە‌و دەستی لەكاركێشایەوە. لەكابینەی نۆیەمدا جارێكی تر پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی  وەرگرتەوە، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوای ساڵ‌و نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی دەیەوێت لە وردەكاری پرۆسەی نەوتی كوردستان ئاگادار بێت، 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە زمانی ئینگلیزی نوسراوێكی نهێنی دەركرد، بەگوێرەی ئەم نوسراوە دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخۆی بەخشی، لە خۆشیەوە دەسەڵاتەكانی گواستنەوە بۆ ئاشتی هەورامی كۆنە وەزیرو یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە لە كابینەی نۆیەمدا. ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، ئەو كە هەڕەشەی "پارچە پارچەكردنی گەندەڵەكان"ی دەكرد، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوە‌و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشی‌و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە.   لەوكاتەوە ئەم وەزارەتە هەستیارەی حكومەتی هەرێم كە سەرچاوەی پەیداكردنی زۆرینەی داهاتی كوردستانە، بەشێوەی "وەكالەت" لەلایەن (كەمال محەمەد) وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت. سەرباری راپۆرتەكانی كۆمپانیای (دیلۆیت)، پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوتدا، هێشتا یەكێك لەو بابەتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان قسەوباسی لەبارەوە دەكرێت، لە چوار ساڵی رابردوودا سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە جارێك ئاماژەی بەوەكرد ئاگاداری دۆسیەی نەوت نییە، بەشێك لە پەرلەمانتارانیش هەمان رەخنەیان هەبوو، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران خۆی لە قسەكردن لەبارەی ئەم بابەتە بواردووە. دەستكەوتی مەسرور بارزانی لەبواری نەوتدا مەسرور بارزانی لە پرسی چاكسازی لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، باس لە هەندێك هەوڵ‌و هەنگاوی حكومەت دەكات، لەوانە: •    پێداچوونەوەمان بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتیانەدا كردووە كە پێشتر لە كەرتی تایبەتدا لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەبوو. •    كەمكردنەوەی 16%ی تێكڕای خەرجی پرۆسەی نەوت لە كوردستان. •    پابەندكردنی سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاریی نەوت‌و گاز لە هەرێمی كوردستان، كە ژمارەیان (822)، بە پێدانی باج. نەوتی كوردستان لە دادگاكانی بەغدادو پاریسدا لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا، نەوتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی دوو بڕیاری قورسی دادگا بووەوە، یەكەمیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق‌و دووەمیشیان بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەردوو بڕیارەكە بەزیانی هەرێمی كوردستان كۆتایی  هات.   ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوە، دادگا یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، حكومەتی مەسرور بارزانی بڕیاری دادگای رەتكردەوە، بە بڕیارێكی سیاسی ناویبرد، بڕیارەكە لەكاتێكدا دەرچوو، بۆ جاری یەكەم لە عێراقی دوای سەددامدا، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم‌و پێكهێنەری حكومەتی كوردستان دابەشبوون بەسەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی كرد، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، بەرەنجامی ئەم دەستوەردانەی پارتی‌و یەكێتیی لە كێشەی ناو ماڵی شیعە، دەركردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو. مەسرور بارزانی بێ گوێدانە بڕیاری دادگای فیدراڵی‌و هەڕەشەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوام بوو لە هەناردەكردنی نەوت، بەڵام ئەم دۆخە زۆر درێژەی نەكێشاو رۆژی (13ی شوباتی 2023)، دوای 8 ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێكی (277) لاپەڕەیی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە حكومەتی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لەسەر توركیای تۆماركردبوو. دادگا بڕی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی خستە ئەستۆی حكومەتی توركیا، بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵدا توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهان راگرت‌و لەوكاتەوە تائێستا هەناردە راوەستاوە. تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بدرێت بە پێی یاسای بودجەی عێراق پرۆسەی فرۆشتنی نەوت لەدەستی حكومەتی هەرێمدا نەماوەو كۆمپانیای سۆمۆ ئەوكارە دەكات. نەوت لە بودجەدا بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت شایستە داراییەكانی خۆی بەتەواوەتی لە بەغداد وەبگرێت، دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، ئەگەر هەناردەی نەوت لەرێگەی توركیاوە دەستی پێ نەكردەوە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت هەرێم هەمان بڕە نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا. سەرباری ئەمە، بۆ یەكەمجارە لە بودجەی فیدراڵدا وا دانراوە كە داهاتی نەوت بە دۆلار بە هیچ شێوەیەك بۆ حكومەتی هەرێم ناگەڕێتەوە‌و داهاتەكە دەچێتە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، واتا حكومەتی هەرێم دراوی قورسی دۆلاری لەدەستداوە‌و لەبری ئەوە دیناری عێراقی وەكو شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەدا وەردەگرێت.   یاسای بودجە، خەرجی بەرهەمهێنان‌و هەناردەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێمی لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت لە عێراق دیاریكردووە، ئەمەش وادەكات حكومەتی هەرێم نەتوانێت خەرجی كۆمپانیا بیانییەكان دابین بكات، چونكە خەرجی كەرتی نەوتی هەرێم بەبەراورد بە عێراق زۆرترە، ئەمە یەكێك لەو خاڵە سەرەكییانەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووەو ئەگەر ئەم بابەتە لە دادگای فیدراڵی تانەی لەسەر نەدرێت، كۆمپانیا كاركەرەكانی هەرێم بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان روو لە حكومەتی فیدراڵ دەكەن. یاسای نەوت و غازی فیدراڵی كە لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە چەند گەڕێك گفتوگۆی لەسەركرا لە نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، دوایین هەنگاوە بۆ یەكلاكردنەوەی تەواوی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بەسەر نەوتی هەرێم وەكو ناوچەیەكی فیدراڵ، ئەم یاسایە بڕیاربوو لە شەش مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەكەی سودانی بگاتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە، ئەگەر ئەم یاسایە دەرنەچێت، جگە لە یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێم هیچ یاسایەكی بەدەستەوە نامێنێت بۆ مامەڵەكردن بە نەوتەكەیەوە، چونكە یاسای نەوت و غازی هەرێم بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە.   بەشی یەكەم: كابینەی لێكترازان..  


د. سەلاح نوری عەبدولحەسەن- ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پالاندانان پوختە -    ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەقە دەستوورییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز کە لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوری عێراقن. چونکە ئەو پرسە بە شێوەیەکی پیشەیی دانەڕێژراوە، لەبەرئەوەی بە روون و ڕاشکاوی "خاوەندارێتی گەل" و "خاوەندارێتی دەوڵەت"ی عێراق یەکلانەکراوەتەوە. -    لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان لەسەر ڕێچکەی ئابورییەکی "کرێخۆر"ە، وەک ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی و دەستووری بە هەرێمەکان نادرێت بۆ فرۆشتنی سامانە سروشتییەکان بەشێوەی تاکلایەنە، چونکە ئەم بابەتە نایەکسانی چینایەتی لە نێوان دانیشتوانی هەمان وڵاتدا دروست دەکات، بەهۆی چڕبوونەوەی سەرچاوەو سامانە سروشتییەکان لە شوێن و ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا. -    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەڕێوەنابات، بەڵکو لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ەوە ئەنجام دەدرێت. -    ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی خێراکردنی بەرژەوەندی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵانە و بەردەوامی ڕۆیشتنی سەرچاوە داراییەکان بۆ هەرێم، هەروەها توانای هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی، دوور لە نرخ و فرۆشتنی نەوت لە خوار نرخی بازاڕەکانی جیهانەوە. -    ئەو پێشکەوتنانەی لەم ڕێکەوتنەدا بەدەست هاتوون، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ بڕیاردەرانی هەردوو حکومەت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خستنەڕووی ڕێکاری زیاتری ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان. -    حکومەتی ناوەندی و بە تایبەتی بانکی ناوەندی عێراق توانای بەدواداچوونی داهاتی فرۆشی نەوت و هەناردەی هەرێم بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، جگە لەوەش هەژماری دارایی هەرێم لە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق بانکێک کە بانکی ناوەندی لەسەر ڕەزامەند دەبێت تۆمار دەکرێت. -    ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەو ڕادەی خواست و توانای پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەوە بۆ درێژترین ماوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لە جێبەجێکردنی دروستی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت.   سەرەتا رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی، نێوان بەغدا و هەولێر، بایەخی زۆری بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بهێنێتە ئاراوە، بە بەرجەستەکردانی ستایلێکی جیاواز لە پەیوەندییە ئابووری و داراییەکانی پێشتر، کە بنەماکەی لێکتێگەیشتنە بەپێی پێداویستییەکانی گەشەپێدان لە بەغدا و هەولێر. گرنگی ئەو رێککەوتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یەکەم رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لەماوەی بیست ساڵدا، کە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان دادەڕێژێت، هەروەها سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکانی هەر لایەنێک بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی رێکدەخات، تەنانەت ئەو سنووردانانە بۆ پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان لەلایەک و لایەکی دیکە وەسفکردنی بە ڕێککەوتێکی کاتی لەلایەن هەردوو لاوە تا پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز. هیچیان لە گرنگی ڕێککەوتنەکە کەمناکەنەوە. چونکە لە ئاکامدا کەشێکی کۆدەنگی و تێڕوانینێکی هاوبەشی هەردوو لایەنە پەیوەندیدارەکە دێنێتە ئاراوە، سەبارەت بە گرنگی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەردی بناغە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، ئاکامەکەشی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای ڕێککەوتنەکە، هاندانی لایەنەکان بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و شۆڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ ئەو پرسانەی دیکەش کە ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان بەغدا و هەولێر. پایەکانی ڕێککەوتنەکە پرسی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، لەوانەش نەوت و غاز، یەکێکە لەو پرسە مشتومڕاویانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم و میکانیزمی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکەی، بەو پێیەی حکومەتی ناوەند پێیوایە ئەم گرێبەستانە و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن هەرێمەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت ناوەندی ڕێوشوێنێکی نادەستوورییە. لەسەر بنەمای هەردوو ماددەکانی (111 و 112)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکلایەنە دوور لە دەسەڵاتی بەغدا پرۆسەی نەوتی هەرێمی بەڕێوەدەبرد. لەڕاستیشدا ئەم ناکۆکیانە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەری ساڵی )2004(، کە جەختی لەسەر ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگا  ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمێک کردووەتەوە، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، پاشان ئەم ناکۆکییە درێژبووەتەوە بۆ نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق. هەروەها دەقەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوورن. چونکە بە شێوەیەکی پیشەیی فۆرمولە نەکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێت، وەک چۆن ئەم دەقانە نەوت و غازیان کردە موڵکی گەلی عێراق، و نەیانکردە موڵکی دەوڵەت، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دروستکرد. بەپێی ئەو دەقە دەستوورییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانی نەوت لەناو هەرێمدا وەک خاوەندارێتی هەرێم دەبینێت  بەو شێوەیەی لە دەقی دەستوریدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەم ڕێکارە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت دێتە هەژمار، یەکێک لە گرنگترین ئەو شتەکانەی کە ئاگری ناکۆکییەکەی خۆشکردووە، بۆشایی یاسایی و نەبوونی یاسای نەوت و غازی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە ناوبەناو لە نێوان بەغدا و هەولێر سەرهەڵدەدەن و سەریان هەڵداوە، لەسەرو ئەوەشەوە بۆ پاراستنی ئەو سامانە سروشتیانەی کە ئابووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت. جگە لەوەش ناکۆکی لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەسەر هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا، ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە پەیوەندیدارن بە سەروەری دەوڵەتەوە، بەو پێیەی ئەو سامانە خاوەندارێتێیەکەی گەلی عێراقە، هەر بۆیە پرسەکانی پەیوەست بە سەروەری دەبێ تەنیا بە حکومەتی ناوەندییەوە ببەسترێنەوە، پێچەوانەی ئەوەش پێشێلکردنی دەستوور وڵات دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم دەبوو ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە چونکە تایبەتمەندن بە سەروەری عێراقەوە. بەم شێوەیە تا ئەو شوێنەی مەسەلەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازەوە هەیە، کێشەی زۆر لەناو دەوڵەتی عێراقدا دروستدەکات، چونکە سەرچاوەی گەورەی داهاتن، خاوەندارێتییەکەشیان گەلی عێراقە بە سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگاو هەرێمەکانەوە، ئەمەش بە مادەی (111)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق پشتڕاست دەکرێتەوە. پرۆسەی دابەشکردنی ئەو داهاتانەی کە لە دەرئەنجامی فرۆشتنی نەوت و گازەوە بەدەست دێن ناتوانرێت بە یەکسانی یان دادپەروەرانە دابەشبکرێتەوە، ئەگەر حکومەتە خۆجێیەکان دەست بەسەر ئەم داهاتانەدا بگرن، چونکە جیاوازی گەورە هەیە لە دەستکەوتنی داهات لەنێوان هەرێم و پارێزگاکان. هەرچەند لە هەندێک سیستمی فیدراڵیدا بەشێک لە داهاتەکان بۆ ویلایەت یان هەرێمەکان تەرخان دەکرێت لە نمونەی وڵاتانی ئەمریکاو کەنەدا. بەڵام سەبارەت بە عێراق دۆخەکە تەواو جیاوازە، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت ڕێگە بە هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمەکان بدات سامانە سروشتییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، چ جای ئیدارەدانیان. ئەمەش بەهۆی چڕبوونەوەی ئەم سامانە سروشتیانە لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا، نەک لە سەرجەم ناوچەو پارێزگاکان. پڕۆسەی بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانە سروشتییەکان دەبێت لە چوارچێوەی تایبەتمەندی دەسەڵاتی ناوەنددا بێت، وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە، هەر بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە گرنگە دەبێت لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا بێت، وەک نوێنەری گشتی گەلی عێراق. ئەمەش لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (15ی شوباتی 2022)ەوە دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم پشتڕاستکرایەوە، کە حوکم لەسەر نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گاز دەدات، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاساکەشیدا بە بیانووی پێشێلکردنی دەستوورەوە، زیاتر لەوەش پابەندکردنی حکومەتی هەرێمە بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی، سەرباری توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستوری خۆی سەبارەت بە گەڕان و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، هەروەها پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی سەرجەم بەرهەمی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵی، ئەو بڕیارەش بڕیارێکی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ناسرا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە لە (25ی ئازاری  2023)ەوە لەسەر بنەمای سکاڵای حکومەتی عێراق. لەسەر ئەو بنەمایە، حکومەتی ناوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ی نیسانی 2023) ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنێک کە لە هەندێک لێکتێگەیشتنی سەرەتاییەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە،  لە پێناو چارەسەرێکی کاتی تا یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە، کە وەک ناکۆی سیاسی دەردەکەون و لە قوڵایشدا سروشتێکی ئابوریان هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەدوو سەرۆک وەزیران  محمد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، دەبێت فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەڕێوەنابات، لە ڕێککەوتنەکەدا ئەوەش هاتووە کە کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا پێدانی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ کورد دەستەبەر دەکرێت، بەمەرجێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کەسە دەستنیشان دەکات کە ئەم پۆستەی پێدەدرێت، هەروەها کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە چوار ئەندامی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، کە ئەرکی سەرەکی چاودێری بەدواداچونە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی میکانیزمی فرۆشتنی کۆمپانیای "سومۆ". لێکەوتە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنەکە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت نوێنەرایەتی لوتکەی چەند قۆناغێکی دانوستان دەکات، ئەم ڕێککەوتنە چەندین دەرئەنجامی کاتی دەبێت، چ لەسەر ئاستی ئابوری یان دارایی، بەتایبەتی کە ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغێکی هەستیاری پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمدا واژۆ کراوە. ڕێککەوتنەکە کلیلی گەیشتن بە چارەسەری کێشەو ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەی گشتیدا کە لە ساڵی (2023) بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە و دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی و حاکمە  کە نزیکەی (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینارە و هاوتایە بە زیاتر لە (11 ملیار) دینار دۆلار، هەروەها لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان تێچووی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەکراو لەڕێگەی هەرێمەوە بڕی (ترلیۆنێک و 428 ملیار) دینار تەرخان کراوە، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (2 ترلیۆن و 448 ملیار) دینارە، هاوکات ڕێککەوتنەکە توانای بەدواداچوون بۆ کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر تەنها پەیوەندی بە لایەنی فرۆشتنەوە هەبێت، لە بەرامبەردا هەولێر توانای زیادکردنی داهاتی دەبێت بە ڕاگرتنی پێدانی داشکاندنی گەورە لەسەر فرۆشتنی نەوتەکەی وەکو پێشتر دەیکرد، جگە لە دەستەبەرکردنی، دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، لە بەرامبەردا ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە بە پەسەندکردنی خێرای بودجەی گشتی وڵات دەدات، بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پشکی هەرێم لە خەرجییە فیدراڵیەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا. بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023) نرخی بەرمیلێک نەوت (70) خەمڵێندراوە، هەندێک پێیان وایە زیادەڕۆیی لە بودجەی "بەکارخستن"ی حکومەتی هەرێمدا هەبێت، بەمجۆرەش حکومەتی هەرێم زیادەیەکی دارایی گونجاو بەدەست دەهێنێت لە قازانجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنەوەینا، بەو پێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە بودجەیەک هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەتایبەت دوای تێپەڕاندنی ساڵانێک لە ململانێی ئابووری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، هەرچەندە ئەم هەلومەجە دۆخێکی نمونەیی "ئایدیاڵ" نابێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە مەرجدران بۆ چاودێریکردن و بەشداریکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە سەرچاوە داراییەکان و چالاکییە ئابوورییەکاندا، چونکە هەرێم پلانی ستراتیژی دادەڕێژێت بۆ پێشخستنی ئابوری خۆبژێوی، زیاتر لەوەش هەرێمی کوردستان پلانی گەشەپێدانی کەرتی غازی هەیە، کە لانیکەم هاوتای قەبارە و سەرچاوەی نەوتە کە ڕۆڵی خۆی دەبێت لە سەقامگیرکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا، کە ئەمەش بابەتێکی ئەستەمە بەبێ ئەوەی ڕێکبکەوێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بەبێ داڕشتنی بە یاسایەکی ڕوونی نەوت و گاز. سەرەڕای وەسفکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە کاتی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە تا دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، ئەم ڕێککەوتنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی رووی ئابوورییەوە، یاسای بودجەی گشتی میکانیزمی دابەشکردنی سەرچاوەکان بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراقدا لە خۆدەگرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، جگە لەوەش ئەم ڕێککەوتنە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت، بە شێوەیەکی بەرفراوان، بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، کە چارەسەری ناهاوسەنگیەکان دەکات. لە خشتەکانی خوارەوەدا تێبینی بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخی بەرمیلێک نەوت دەکەین، کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ هەناردەیان کردووە.     سەرەڕای گۆڕانکاریی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەک لە خشتەی سەرەوەدا دەیبینین، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک: بڕی بەرهەمهێنراو و هەڵگیراو و قەبارەی خواست لەسەر بەکارهێنانی ناوخۆیی و جیهانی، ئاستی بەکارهێنان و پەرەپێدانی پاشەکشە لە کێڵگە نەوتییەکان، بڕی بەفیڕۆدراو لە کاتی کارەکانی پاڵاوتن و دووبارە پرۆسێسکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ساڵانە دەگاتە (152 ملیۆن) بەرمیل. سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، بڕی (97.65 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو بووە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، بە ڕێژەی هەناردەکردنی ڕۆژانەی (3.255 ملیۆن) بەرمیل، بە نرخی فرۆشتنی (73.37) دۆلار. لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022 بڕی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق زیاتر لە (25 ملیار) دۆلار بووە، بە نزیکەی (308 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو، بەراورد بە (296.6 ملیۆن) بەرمیل لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا. هەربۆیە هەژمارنەکردنی داهاتی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی داهاتە گشتییەکاندا، زیانی بە بودجەی گشتی عێراق گەیاندووە، بە نزیکەی قەبارەی (30 بۆ 35 ملیۆن) دۆلار لە ڕۆژێکدا، بەمانایەکی دیکە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی حکومەتی ناوەندی، ئەمەش کاریگەی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنان دەبێت لە بودجەی گشتی وڵاتدا. وەک لە خشتەی (3)دا بڕی داهاتی نەوت و نرخی بەرمیلێک نەوت لە دواهەمین چارەکی ساڵانی 2021 و 2022ی عێراق نیشان دراوە، بەدەر لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.   وەک لە خشتەی (3) دا دیارە، گرنگی بەرهەمهێنانی نەوت وایکردووە هەیمەنەی هەبێت بەسەر کۆی داهاتەکانی دیکەدا، لە کاتێکدا هەموو جۆرەکانی تری داهات پێکەوە کەمتر لە (5%) پێکدەهێنن، ئەمەش سیاسەتی دارایی لاواز دەکات، وەک ئامرازێکی پاڵپشت بۆ سیاسەتی دراو، لە بەرامبەر فشارەکانی هەڵاوسان و پاراستنی یەدەگی دراوی بیانی، پشتبەستنی دەوڵەتی عێراق بە نەوت کاریگەری زۆری لەسەر هاوردەی ئابووری وڵات هەبووە، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەڵاوسانی نرخی نەوت، کەرتی نەوت و گاز لە عێراق زاڵ بوو بەسەر هەموو کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی تردا، دوا ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات لێکتێگەیشتنەکان بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت خاڵێکی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زۆرتری نەوت، هەربۆیە، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی نەوت و سەرچاوەکانی وزە لە عێراق، بە دانانی کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی حکومەتی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق، ئەم هەنگاوەش سەرەتایەکی نوێیە لەنێو ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، کە پێشتر جێبەجێکردنیان بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەوە ئاستەنگی لەبەردەمدابوو، پڕۆسەی بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتی نەوت، کە لە ئەنجامی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند، بەشداری دەکات لە بەدیهێنانی گەشەکردن لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، چونکە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) ئەنجام دەدرێت.  


راپۆرت: درەو بەشی یەكەم ناكۆكییە سیاسییەكان لە كابینەی نۆیەمدا چوار ساڵی رابردوو ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەناو خۆیاندا زۆر گەورەتر بوو لە ناكۆكی حكومەت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا. لەسەردەمی حوكمدارێتی مەسرور بارزانیدا، ناكۆكییەكان قوڵتربوونەوە، تا ئەو رادەی یەكێتیی هەنگاوی كرداری بۆ جیابونەوەی دارایی سلێمانی لە هەولێر لەناو بودجەی فیدراڵدا هەڵگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی ماجستێری لە بواری "ئاشتی‌و چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، سەرۆك وەزیرانێك كە كابینەكەی رۆژی 10ی ئەم مانگە چوار ساڵی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات‌و لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیشەوە بووە بە حكومەتی "كاربەڕێكەر". كابینەی نۆیەم بە ناكۆكی دەستیپێكرد‌و بە ناكۆكیش دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، (درەو) لە زنجیرە راپۆرتێكدا لە چەند رەهەندێكەوە باس لە دۆخی كابینەی نۆیەم دەكات. سەرۆك وەزیران‌و بڕوانامەكەی رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتی‌و دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەتدا تاقی بكاتەوە.   بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگری‌و ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتی‌و چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)‌، شارەزایم هەیە لە "شێوەكاریی‌و ئەسپسواری‌و مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێت‌و بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت. ناكۆكی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی بڕوانامەكەی لە بواری چارەسەری ناكۆكییەكان، سودێكی ئەوتۆی بە مەسرور بارزانی نەگەیاند، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتاوە بە ناكۆكی دەستیپێكرد، ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی كابینەكە، ماوەی (8) مانگ پێكهێنانی حكومەتی لەوادەی خۆی دواخست، بەتایبەتیش لەوەدا كە یەكێتیی دەیویست پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ببەستێتەوە بە پێكهێنانی حكومەتەكەوە، پارتی مەرجەكەی یەكێتیی قبوڵ كرد‌و رێككەوتنی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام كە حكومەت پێكهات ئەم بەشەی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. دوای پێكهێنانی حكومەتیش، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كرد‌و مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتین‌و هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد  تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات. لەم كابینەیەدا تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی گەیشتە ئاستێك كە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆوە، دۆخی وەهای بەخۆوە نەبینیوە، دوای تەقینەوەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2022ی هەولێر كە عەقید (هاوكار جاف) تێدا كوژرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایكۆت كرد، ئەو ناڕازی بوو لەوەی بەبێ دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە، دانپێدانانی تۆمەتبارانی كەیسی تەقینەوەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن نیشان دران، لەپاڵ ئەمەشدا باسی لە "تاكڕەوی" سەرۆك وەزیران دەكرد لە بڕیارداندا. قوباد تاڵەبانی (6) مانگ نەگەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، دواترو لە 11ی كانونی یەكەمی 2022ەوە تیمی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتی كردو (4) مانگ نەچونە ناو كۆبونەوەكانەوە. دۆخەكە گەیشتە ئاستی دوو ئیدارەیی‌و پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت، بەڵام سەردانی (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە ئایاری رابردوودا، ئاوێكی بە ئاگرەكەدا كرد‌و سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی كۆبونەوەو لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان هەموویان ئاگاداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی بوون لەناو حكومەت، دەستوەردانیان كرد بۆ رێگرتن لە دابەشبوونەوەی كوردستان، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر وێنای حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە دروستكرد. هێشتا چەند رۆژێك بەسەر رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی تێپەڕ نەبوو بوو، جارێكی تر پەیوەندییەكانی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی لە بەغدادەوە ئاڵۆزی تێكەوت، یەكێتیی لەرێگەی هاوپەیمانە شیعەكانییەوە توانی بڕگەیەك لە بودجەی 2023ی عێراقدا جێگیربكات، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، ئەگەر سلێمانی وەكو پارێزگایەكی هەرێم ئەگەر ناڕازی بوو لە چۆنیەتی مامەڵەی دارایی حكومەتی هەرێم، دەتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكات‌و پشكی خۆی لە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد وەربگرێت، مەسرور بارزانی چەسپاندنی ئەم بڕگەیە وەكو هەوڵدان یەكێتیی بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكات، وەكو "ناپاكی" ناوی دەبات. ئێستا پەیوەندی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی لەناو لێكەوتەكانی چەسپاندنی ئەو بڕگەی بودجەی عێراقدا گوزەر دەكات.   كابینەی نۆیەم یەكەم كێڵگەی تاقیكردنەوە بوو بۆ كاركردنی هاوبەشی نێوان مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی، بەڵام ئەم ئەزمونە شكستی هێنا، نەیانتوانی پێكەوە كار بكەن، قوباد تاڵەبانی ئەزمونی كاركردنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبوو، هەر لە سەرەتاوە بە نابەدڵی بڕیاری كاركردنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مەسرور بارزانیش كە جاری یەكەم بوو پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت پێشبینی ئەو هەموو گۆڕانكارییەی نەدەكرد كە لەناوخۆی یەكێتیی‌و دۆخی عێراقدا بەگشتی هاتنە پێشەوە، هەموو ئەمانە كاریگەرییان هەبوو لەسەر ئەوەی لە یەكەم ئەزمونی كاری هاوبەشدا، كوڕە گەورەكەی مەسعود بارزانی‌و كوڕە بچوكەكەی جەلال تاڵەبانی نەتوانن درێژە بە رێككەوتنە ستراتیژییەكەی باوكیان بدەن. كابینە وزارییەكەی مەسرور بارزانی جگە لە خراپی پەیوەندی نێوان سەرۆك وەزیران‌و جێگری سەرۆك وەزیران، یەكێك لە سیما دیارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كێشەی وەزارەتەكان بەتاڵەكان‌و وەزارەتی بەوەكالەتە بۆ نمونە: •    پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كە پشكی پارتی بوو لەناو كابینەكەدا، دوای ساڵ‌و نیوێك لە پێكهێنانی حكومەت پڕكرایەوە، كەمال ئەتروشی كە ئەم پۆستەی لە 6ی كانونی دووەمی 2021دا وەرگرت، دوای ساڵ‌و نیوێك بەشێوەیەكی ناڕوون دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و لەوكاتەوە ئەم وەزارەتە هەستیارە بەشێوەی "وەكالەت" لەلایەن (كەمال محەمەد) وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت. •    لەم كابینەیەدا (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی لەسەر پشكی (بزوتنەوەی گۆڕان) دوو جارو لە مانگەكانی تەموزی 2021‌و نیسانی 2022دا بەهۆی نیگەرانییەوە وەزارەتەكەی بەجێهێشتووە‌و چوەتە ماڵەوە، هۆكاری نیگەرانییەكانیشی بۆ دەستوەردان لە كارەكانی گەڕاندوەتەوە‌و بە دانوستانی نێوان تیمی گۆڕان‌و پارتی گەڕاوەتەوە بۆسەر كارەكەی.    •    پۆستی وەزیری پێشمەرگە نزیكەی ساڵێكە بەتاڵە‌و پڕنەكراوەتەوە، بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆیی یەكێتییەوە، (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیشەوە پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكارییە وەزارییەكان پەسەند بكات، بەوهۆیەوە ئەم پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە، یەكێتیی (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) كاندید كردبوو. •    پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد زیاتر لە (8) مانگە بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتیی ئەم وەزارەتەی وەرگرتبوو، خالید لە كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت، بەڵام لەوكاتەوە شوێنەكەی لەناو حكومەتی هەرێم بە بەتاڵی ماوەتەوە، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی رێگر بوو لەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەم گۆڕانكارییە وزارەییەش پەسەند بكات، یەكێتیی (ئەحمەد عەسكەری)ی بۆ شوێنی (خالید شوانی) كاندید كردبوو. •    پۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی یەكێك لەو پۆستە هەستیارانە بوو كە بزوتنەوەی گۆڕان بەگوێرەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دەیویست لە كابینەی نۆیەمدا وەریبگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستاش دروست نەكراوە. هاوبەشەكانی حكومەت كابینەی نۆیەم كابینەی سێقۆڵییە، پارتی‌و یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، لە فەرهەنگی سیاسیدا بەم جۆرە لە حكومەت دەوترێت "ترۆیكا"، مەبەست  لە "ترۆیكا" گالیسكەیەكە كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، سێ ئەسپەكەی كابینەی نۆیەم هەر لەسەرەتاوە ناكۆك بوون لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەی حكومەت، یەكێتیی وەكو پێكهێنەرێكی سەرەكی حكومەت دوای پێكهێنانی حكومەت لە تەموزی 2019دا، كۆتاییەكانی 2019 یەكەم كۆنگرەی خۆی دوای مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكە بەست، ئەم كۆنگرەیە ناوخۆی یەكێتیی توشی كێشمەكێش كرد، ئەمە كاریگەریی لەسەر دۆخی حكومەتیش هەبوو، دواترو لە 8ی تەموزی 2021دا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی تەقییەوە‌و ئەمەش شەپۆلێك لێكەوتی تری لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بە جێهێشت، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانكارییانەی كە یەكێتیی بەنیاز بوو لە پۆستەكانیدا لە حكومەت بیكات، هەروەها وەستانەوە دژی ئەو سیاسەتە دارایی‌و ئابورییەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پەیڕەوی دەكرد. یەكێتیی نەیتوانی گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی حكومەتدا بەوشێوەیە بكات كە دەیویست، بەڵام دواجار لەوەدا سەركەوت كە مەسرور بارزانی ناچار بكات چاوخشاندنەوەیەك بە پرسی داراییدا بكات، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت كراوە، مەسرور بارزانی قایل بووە بەوەی پرسی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجی بدرێتە دەست لیژنەی وزاریی، بەدیوەكەی تریشدا مەسرور بارزانی خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت كە یەكێتی ناچاركرد رازی بێت بە كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتەكان لە یەك خەزێنەدا كە ئەویش خەزێنەی حكومەتە.   بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو پێكهێنەری تری سەرەكی كابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتاوە بە دوودڵیی بەشداری حكومەتی كرد، بڕیاریدا بوو دوای شەش مانگ لەم بەشداریكردنە هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بكات‌و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەسەر مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت بدات، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەم بابەتەی وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی بەكارهێنا، چەندجارێك تیمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لە حكومەت چونە ناو دانوستانەوە، بەهۆی ئەم دانوستانانەوە ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكاری لە دامەزراوەكانی هەرێم وەرگرتووە، سەرباری ناڕەزایەتییەكان، تیمی گۆڕان لە حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا سەركەوتوو بوون لەوەی رێگری لە كشانەوەی بزوتنەوەكەیان بكەن، بەڵام بەشداری گۆڕان بەپێچەوانەی پێشبینییەكانی پارتییەوە هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەكان دژی كابینەی نۆیەم كەمتر ببنەوە. بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لەوەی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ناكۆكیدا بێت، لەناو خۆیدا ناكۆكی زیاتر بووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە دەبوو مەسرور بارزانی وەكو خاوەن بڕوانامەیەكی باڵا لەبواری چارەسەری ناكۆكییەكان، چارەسەری بكردایە.      


  شیكاری: درەو کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوەو لێبڕدراوە دەکاتە؛ # (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو" # (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" # (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" # (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" دواکەوتووە # کەواتە سەرجەم ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینارە. پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران. سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترە لە (9 ترلیۆن) دینار. قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە. کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار •    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار •    لە ئێستاشدا کە مانگی (6)ی (2023) تێپەڕیوە بەڵام موچەی موچەخۆران دابەشنەکراوە کە زیاتر لە (900 ملیار دینار)ە. کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (900 ملیار) دینار "موچەی مانگی (6)ی 2023" = (9 ترلیۆن 63 ملیار) دینار.  


درەو: بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغداد، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق و پاكتاوی شەش مانگی رابردووی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بكەن. •    شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ موچە مانگانە نزیكەی (906) ملیار دینار و ساڵانە (5 ترلیۆن و 436ملیار) دینارە، ئەمە سەرەڕای بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خەرجیەكانی دیكە. •    پاكتاوی دارایی سەر هەرێمی كوردستانیش بۆ شەش مانگی رابردوو تایبەتە بە ( نەوتی سێ مانگی 2023،  50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان، قەرزی بانكی بازرگانی ، قەرزی 400 ملیار دینارەكە) بگەڕێنێتەوە، كە بۆ ئەو شەش مانگە دەكاتە نزیكەی (5 ترلیۆن و 406 ملیار) دینار. یاسای بودجە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی (وەقائیع)دا بڵاوكرایەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە،  لەبەر ئەوەی یاسای بودجە (اثر رجعی) هەیە بۆیە لە 1/1/2023ەوە ئەژمار دەكرێت، بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە پاكتاو هەیە، وەفدەكەی وەزارەتی دارایی كە زیاتر تەكنیكی و ژمێریارییەو پێش پشووەكانی جەژنی قوربانیش سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ووردەكاری جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پشكی هەرێم و پاكتاوی شەش مانگی رابردووە.   كورد لە بودجە دواجار، یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كراو لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوكراوەیەوەو، راستەوەخۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە. ماددەكانی (11، 12، 13)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە: •    لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆن‌و 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار. •    لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شان‌و دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆن‌و 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار. واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت‌و لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد دەگەڕێنێتەوە، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە. بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم: یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار. موچە لەناو بوجەدا تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن: •    بڕی (9 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار. •    بڕی (ترلیۆنێك‌و 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار. •    بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار. بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە. بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت. كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە. سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە: •    بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە. •    داهاتی تری ناوخۆیی لە باج‌و رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی  خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە. پاكتاوی شەش مانگی رابردوو بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اثر رجعی) تێدایە، واتا شایستە‌و پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت. شایستە‌و پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟ پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە: •    تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆن‌و 436 ملیار) دینار.   •    تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە: -    بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە‌و بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە  بیگەڕێنێتەوە -    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. -    داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆن‌و 94 ملیار) دینار. -    كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار. بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە،  تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم‌و دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆن‌و 406 ملیار) دینارە. پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت: شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو 5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆن‌و 406 ملیار دینار = 30 ملیار دینار واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (30 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە. پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟ بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوە‌و كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق. لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد. بڕگەی یەكەم لە ماددەی (13)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ: •    تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوە‌و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاو‌و بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن. بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوە‌و لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت. هەرچی هەژماری بانكیی دووەمە كە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە كە ئەم هەژمارەیان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوی نێوخۆیی سەر بە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوەو دەسەڵاتی خەرجكردن لەم هەژمارە بانكییە بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەوەی كە ئەو تەخویلی دەكات كە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمویل بكات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەكەم كە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەیە كە ئەگەر هەژماری بانكیی یەكەم كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هیچ پارەیەك نایەتە هەژماری دووەم.  


درەو: # لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن کە نیوە زیاتریان دادوەرن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە. # ئەنجومەنی دادوەری رۆژی (20/1/2019)ەوە داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری هەرێمی کوردستان کردووە، دادگاکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی پێویستیان بە (45) دادوەر و (15) داواکاری گشتی هەیە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری بکات، دوای شیاندنی ئەو (60) کەسە لە (2/7/2023) نێچیرڤان بارزانی فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دامه‌زراندنی (45) دادوه‌رەکە ده‌ركرد. داتاکانی دادبینی و ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی دادوەری بە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، كاروباری ئەم ئەنجومەنە بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (23)ی ساڵی (2007) ڕێكخراوە. پاڵپشت بە زانیارییەکانی ئەنجومەنەکە لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن، کە نیوە زیاتریان دادوەرن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە. بە جۆرێک؛ لە پارێزگای هەولێر؛ (40 هەزار و 81) مامەڵە لە پارێزگای سلێمانی؛ (46 هەزار و 282) مامەڵە لە پارێزگای دهۆک؛ (25 هەزار و 70) مامەڵە لە دادگاکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و گەرمیان؛ (5 هەزار و 42) مامەڵە. بەڵام ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستی پێویستی ئەو خواستەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نیە، چونکە بەهۆی کەمی دادوەر و داواکاری گشتی دەیان و سەدان کەیسی دادبینی لە داداگاکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیاندا جێبەجێ ناکرێن، دادوەرو دادگاکان بە فریای ڕایی کردنیان ناکەون، یان ناچارن بەشێک لە دادبینییەکان بەخێرایی تێپەڕێنن. بۆ نمونە بەپێی (یاسای مورافەعاتی مەدەنی) پێویستە هەر دەعوایەک لە دانیشتنێکەوە بۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگا ماوەی (20) رۆژە زیاتر دوانەخرێت، بەڵام بەهۆی کەمی دادوەرەوە لە بەشێک لە دادگاکان ئەو ماوەیە زۆر زیاترەو کەمترین دواخستن لە نێوان (3 - 5) مانگ دەخایەنێت جاری واش هەیە دەگاتە (10) مانگ. ئەمە سەرباری ئەوەی فەرمانی کردنەوەی دەیان دادگای بوارە جیاوازەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بە هۆی نەبوونی داوەری پێویستەوە نەتوانراوە بکرێنەوە. پەیمانگای دادوەری بۆ پێگەیاندنی دادوەرو داواکاری گشتی     پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێ ی یاسای ژمارە (7) ساڵی 2009 دامەزراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (102) لە رێکەوتی  13/7/2009 بڵاوکراوەتەوە، بە شێوەیەکی فەرمی لە 26/6/2011 دەستی بە کارەکانی کردووە. لە ماددەی (دووەم)ی یاسای پەیمانگای دادوەری چەند ئامانجێکی گرنگی دامەزراندنی ئەم دەزگایەی ئاماژە پێکردووە کە بریتیە لە؛ یەکەم: ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی . دووەم: شیاندنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی، ئەوانەی کە لە پلەی سێهەم و چوارەمن و هێشتا لە وەزیفەدان. سێیه‌م: شایاندنی كادیره‌ یاساییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان له‌فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی دادو، وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی تری حكومه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی كاراییان. وەک لە مادەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە؛ پەیمانگەی دادوەری لەلایەن ئەنجومەنێکەوە سەرپەرشتی دەکرێ کە لە (9) کەس پێك دێت و بریتین لە (سەرۆك و جێگر و حەوت ئەندام). ئەم پەیمانگەیە لەسەر خواست داواکاری ئەنجومەنی دادوەری و پێویستی پێگەیاندنی کادر، خول دەکاتەوەو تا ئێستا پەیمانگاکە چوار خولی پێگەیاندنی دادوەران و داواکاری گشتی کۆتایی پێهێناوە . بەپێی توێژینەوەیەکی (د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس؛ مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین) لە ژێر ناونیشانی "ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان" لە بارەی پەیمانگای دادوەرییەوە نوسیویەتی؛ "ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەم پەیمانگایە، كە تاكە كەناڵی یاساییی پێگەیاندنی دادەوەرانە، كەچی سەر بە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەویش پاڵپشت بە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2007). لكاندنی ئەم پەیمانگایە لە ڕووی كارگێڕییەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بە شێوازێكی دەستوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری هەژمار دەكرێت، چونكە نابێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن هیچ ڕۆڵێكی لە دامەزراندنی دادوەرەكان هەبێت و، پێویستە ئەم ئەركە بە دەسەڵاتی دادوەری بسپێردرێت". دامەزراندنی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێی بە دواداچونێک، تایبەت بە دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بە پێی نوسراوێکی ئەنجومەنی دادوەری، کە ژمارە (122) رۆژی (20/1/2019)ی لەسەرە (هاوپێچە)، داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان کراوە، دادگاکانی هەرێمی و کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە (60) دادوەر و داواکاری گشتی هەیە (بەو شێوەیەی لە خوارەوە رونکراوەتەوە)، بۆ خولی چوارەمی ساڵی خوێندنی (2019 - 2020).   دواتر نوسراوێکی وەزارەتی دادی هەرێم بە ژمارە (6/1296) لە (19/4/2021) بە واژۆی وەزیری داد ئاراستەی (ئەنجومەنی دادوەری) کراوە سەبارەت بە ڕاو بۆچونیان دەربارەی ژمارەی ئەو دادوەرانەی لە پێشتر و لە نوسراوی (122)ی (20/1/2019) دوایان کردبوو هەمان ئەو ژمارەیەیە (هاوپێچە). بۆیە بە نوسراوێکی دیکە کە ژمارە (1/3/1769)ی رۆژی (21/6/2022)ی لە سەرە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دانیشتنی رۆژی (14/6/2022) بە کۆی دەنگ ڕایان سپارد کە هەمان رێژەی دیاریکراو لە ناوەرۆکی نوسراوی ژمارە (122 لە 20/1/2019) بە بێ گۆڕانکاری جێبەجێ بکرێت (هاوپێچە). بۆیە لە (27/6/2022) وەزیری دادی هەرێم بە هامشێک لەسەر نوسراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ (بەڕێوەبەری گشتی داد) دەنوسێت؛ "ئەگەر پەیوەندی لەگەڵیان بکەی هەر کاتەک معامەلە دامەزراندنی دادوەرەکان جوڵان ئاگادارمان بکەن داکو وەزارەت هەمان کار بۆ ئەندامانی داواکاری گشتی بکات". دوای ئەوەی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە (28/3/2022)ەوە، سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانی شیاوێتیان بۆ دامەزراندن وەک (دادوەر و داواکاری گشتی) تەواوکردووە. بەپێی مادده‌ی هه‌ژده‌م: یاسای ژماره‌ (7) ی ساڵی 2009 یاسای په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق "ده‌رچووی په‌یمانگه‌ به‌پێی فه‌رمانی (مرسوم) هه‌رێم داده‌مه‌زرێ، له‌مه‌نسه‌بی قازی سنفی چواره‌م ئه‌گه‌ر بۆ قازێتی شیاو كرابوو، یان به‌ وه‌زیفه‌ی جێگری داواكاره‌ گشتی له‌سنفی چواره‌م داده‌مه‌زرێ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ شایان كرابوو، ئه‌وه‌ش به‌ مووچه‌ و سنف و ئه‌و پله‌یه‌ی كه‌به‌پێی بڕوانامه‌كه‌ و خزمه‌ت و ئیش و ئه‌و (قدم)ه‌ی كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پێی ده‌درێ. ماوه‌ی خوێندن له‌ په‌یمانگه‌كه‌دا به‌ موماره‌سه‌ داده‌نرێت بۆ مه‌به‌ستی دامه‌زراندن و دیاریكردنی مووچه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ خاوه‌ن وه‌زیفه‌ نه‌بێت". دوای تێپەڕبوونی (ساڵێک و سێ مانگ) بەسەر تەواوبوونی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری و پێگەیاندنی (60) کادری شیاو بۆ (دادوەر و داواکاری گشتی). ‌دلشاد شهاب - وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان (2023/7/2) ڕایگەیاند؛ "ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دامه‌زراندنی (45) دادوه‌ر ده‌ركرد كه‌ ده‌رچووی خولی چواره‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌رین و له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا له‌ڕووی زاستی و پراكتیكییه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ی دادبینی، ئاماده ‌كراون". هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "دوای گه‌یشتنی داواكاریی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ دامه‌زراندنیان، دادوه‌ران له‌ ڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی هه‌رێمی و واژۆكردنییه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، داده‌مه‌زرێن و دوای سوێندخواردنی یاسایی، له‌ دامو‌ده‌زگاكانی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستبه‌كار ده‌بن". ئەوەشی ئاشکرا کردووە "هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (15) جێگری داواكاری گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌ پێشتر فه‌رمانی دامه‌زراندیان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ واژۆ كراوه‌".  


راپۆرت:درەو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ خۆی خانەنشینكرد، بەپێی یاسا ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مەرجی خانەنشینییان تێدا نییە مانگانە لانی كەم بە (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، لە خولی پێنجەمدا تەنیا (7) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە، ئەو (6) پەرلەمانتارەی كە لەدوای درێژكردنەوەكەوە سوێندیانخوارد موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە، بەڵام لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ئیتر ئەوانەی مەرجی یاساییان تێدا نەبێت، خانەنشین ناكرێن. دیوانی پەرلەمان بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە لە 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی رەوانەی خانەنشینی كردووە، ئەگەر سكاڵای یاسایی تۆمار بكرێت، لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن‌و موچەی 8 مانگی رابردووشیان لێوەردەگیرێتەوەو بە موچەی خانەنشینیەكەیان مەقاسەیان بۆ دەكرێت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.   پەرلەمان خۆی خانەنشین دەكات پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دەستیپكرد بە مامەڵەی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، دیوانی پەرلەمان لەكۆی (111) پەرلەمانتار، نوسراوی خانەنشینبوونی بۆ (104) پەرلەمانتار كرد، نوسراوەكەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد لە وەزارەتی دارایی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دیوانی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30 حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو دواین رۆژی كاری پەرلەمان دیاریكردووە، ئەم رۆژەی كردووە بە بنەما بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پەرلەمانتاران بۆ مانگی حوزەیرانیش كە هێشتا موچە دابەش نەكراوە، هەمان موچەی خۆیان وەكو پەرلەمانتار وەردەگرن نەك موچەی خانەنشینی. (درەو) زانیویەتی، دیوانی پەرلەمان بە دوو لیست ناوی پەرلەمانتارانی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی كردووە: •    لیستی یەكەم لەناوی (104) ئەندام پەرلەمان پێكهاتووە. •    لیستی دووەم ناوی (7) پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت كە، (5) پەرلەمانتاریان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامین‌و لە رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵەوە نوسراوی خانەنشینبوونیان بۆ كراوە، (2) پەرلەمانتارەكەی تریش كە بریتین لە هەریەكە لە (عەلی حەمەساڵح‌و شایان عەسكەری) لە بنەڕەتەوە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارییان رەتكردوەتەوە. كێن ئەوانەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە ؟ یاسای چاكسازی كە رۆژی 16ی كانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بۆ رێگریكردن لە موزایەدەكردن، بڕگەیەكی تێیدا جێگیر كراوە كە دەڵێ:" ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونی لە ماف‌و شایستە خانەنشینییەكانی وەك راسپێردراو هەیە، بەمەرجێك لە ماوەیەك كە لە (30)رۆژ تێپەڕن نەكات لە رێكەوتی بەركاربوونی ئەم یاسایە، داواكاری پێشكەش بە دیوانی پەرلەمان بكات بەمەبەستی وەرگرتنی رێكاری یاسایی پێویست. لەكۆی (111) ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (7) پەرلەمانتار فۆرمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان پڕكردوەتەوە‌و موچەی خانەنشینی وەرناگرن، كە ئەمانەن: •    عەلی حەمەساڵح •    شایان عەسكەری •    شیرین ئەمین •    كازم فاروق •    موژدە مەحمود •    كاوە عەبدولقادر •    سیپان ئامێدی خانەنشینیی بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی دیوانی پەرلەمان لە رۆژی 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی خانەنشین كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە ماوەی یاسایی تەواوبووەو درێژكردنەوەكەی هەڵوەشاوەتەوە. ئێستا لەسەر بنەمای نوسراوی دیوانی پەرلەمان، بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم لە رۆژی یەكی تەموزەوە موچەی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەبەستێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە رەوانەی خانەنشینی بكرێن بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویست بەوە دەكات لە دادگاكان سكاڵای یاسایی لەسەر ئەم بابەتە تۆمار بكرێت. رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حوكمی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا بڕیاریدا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە رۆژی درێژكردنەوەكەیەوە واتا لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە نادەستورییە. پابەندبوون بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، دوو لێكەوتی دارایی لەسەر ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵت، كە ئەمانەن: لێكەوتی یەكەم: دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە موچەی خانەنشینییان بۆ ببەسترێت، چونكە پەرلەمان لەوكاتەوە وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران ئەو پارانە بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا وەریانگرتووە، واتا بە تێكڕا دەبێت  پەرلەمانتاران موچەی (8) مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بە تێكڕا بڕی ئەم پارەیە دەكاتە (64 ملیۆن‌و 680 هەزار) دینار، چونكە موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینارە، ئەگەر پەرلەمان پابەند بێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە‌و موچەی ئەو مانگانە بگەڕێنێتەوە كە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پەرلەمانتاران وەریانگرتووە، ئەوا تێكڕای ئەو پارەیە بڕەگەی دەگاتە زیاتر لە (7 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی 8 مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو 8 مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ ئەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان (ئەم حساباتە بۆ ئەو 7 پەرلەمانتارەی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە جیاوازە، ئەمانە دەبێت لەسەر گیرفانی خۆیان پارەی ئەو 8 مانگە بگەڕێننەوە، چونكە موچەی خانەنشینییان نییە تاوەكو مەقاسەیان بۆ بكرێت). لێكەوتی دووەم:   هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە واتا لەدوای رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریی نایانگرێتەوە، چونكە: -    بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان لەو رۆژەوە كە درێژكراوەتەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئەوانەی لەدوای 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە سوێندیان خواردووە، سوێندەكەیان هەڵوەشاوەتەوە‌و نابن بە پەرلەمانتار، ئەمانە ژمارەیان (6) پەرلەمانتارە‌و موچەی خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، ئەم كەسانە نەك موچەی خانەنشینی وەرناگرن، دەبێت ئەو پارانەش بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی وەریانگرتووە، ئەم پەرلەمانتارانە بریتین لە هەریەكە لە: •    سۆز عەبدولقادر •    دلێر عەبدولخالق •    مەهدی خاكی •    عەبدوڵا وەرتێ •    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز •    بێریڤان فەقێ ئیسماعیل -    تەنانەت ئەگەر گریمانە بكرێت بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمان بوونی نییە‌و جێبەجێ ناكرێت، هێشتا ئەوانەی لە تەموزی 2020وە بوون بە پەرلەمانتار، خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، چونكە بەپێی خاڵی (3) لە بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (7)ی یاسای (چاكسازیی لە موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان)، ئەو كەسانەی لەدوای بەركاربوونی یاساكە وەك راسپێردراو بە خزمەتی گشتی رادەسپێردرێن، موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە)، یاسای چاكسازی لە رۆژی 1ی تەموزی 2020ەوە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، واتا ئەوانەی لەدوای 1ی تەموزی 2020 وەكو پەرلەمانتار دەستبەكاربوون، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار نایانگرێتەوە، ئەم بڕگەی یاساكە (6) پەرلەمانتار دەگرێتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە: •    سۆز عەبدولقادر •    دلێر عەبدولخالق •    مەهدی خاكی •    عەبدوڵا وەرتێ •    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز •    بێریڤان فەقێ ئیسماعیل 48 ملیۆن دینار لە پاداشتی خزمەتدا سەرباری موچەی خانەنشینی، بەگوێرەی یاسای بەركار، هەموو فەرمانبەرێك دوای خانەنشینبوونی بڕی (6) موچەی تەواوی بەسەریەكەوە وەكو رێزلێنان پێدەدرێت، پەرلەمانتاران لەم بڕگە یاساییە سودمەند دەبن. كۆی گشتی ئەو پارەی كە بە یەكجارو وەكو رێزلێنانی خزمەت بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت دوای خانەنشینبوونیان، بڕی (48 ملیۆن‌و 510 هەزار) دینارە بۆ هەر پەرلەمانتارێكی خانەنشین، ئەم بڕە پارەیە ئەو (7) پەرلەمانتارە ناگرێتەوە كە وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە. ئەم پارەیە كە پێی دەوترێت "تەكریمی" خانەنەنشینیی، بۆ خانەنشینی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە تێكڕا بڕەكەی نزیكەی (5 ملیار) دینارە. یاسای چاكسازی‌و خانەنشینی پەرلەمانتاران 16ی كانونی دووەمی 2020 پەرلەمانی كوردستان یاسای (چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی) پەسەند كرد، ئەم یاسایە بە گەورەترین دەستكەوتی خولی پێنجەمی پەرلەمان‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تەماشا دەكرێت. بەگوێرەی ئەم یاسایە هەندێك موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو رێكخرایەوە‌و بۆ داهاتووش رێگری كراوە لە خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران بەبێ بوونی مەرجی یاسایی. یاسای چاكسازی بۆ خولەكانی داهاتووی پەرلەمان دوو مەرجی دیاریكردووە بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتار كە ئەمانەن: •    تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت •    ماوەی 15 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت واتا بەگوێرەی یاساكە بەبێ بوونی ئەم دوو مەرجە یاساییە لە داهاتوودا پەرلەمانتاران خانەنشین نابن. یاساكە كە لە خولی پێنجەمدا دەرچووە، هەندێك بواردنی بۆ پەرلەمانتارانی ئەم خولەكە كردووە، ئەمە بۆ ئەوەی دژی یاساكە نەوەستنەوە‌و دەنگی پێبدەن، بواردنەكە بەوشێوەیە، ئەو ئەندامانەی خولی پێنجەم كە تەمەن‌و مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە رێژەیەك كە لە 25%ی تێكڕای خەرجی دوا موچەو دەرماڵەكەی زیاتر نەبێت، خانەنشین بكرێن. تێكڕای موچەو دەرماڵەی پەرلەمانتار بریتییە لە (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینار، واتا ئەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەم كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە بڕی 25%ی تێكڕای موچەكەیان خانەنشین دەكرێن‌و موچەی خانەنشینییان دەبێت نزیكەی (2 ملیۆن) دیناری مانگانە، ئەمە بە ئەژماركردنی دەرماڵەی بڕوانامەشەوە. نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێكی خولی پێنجەم كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووە‌و مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییە‌و تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت‌ لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆن‌و 21 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار. تەنیا لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە، (77) پەرلەمانتارە لەكۆی (111) پەرلەمانتار، واتای 69%ی ئەندامانی خولی پێنجەم مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، ئەمە هۆكارەكەیە كە لە یاساكەدا بواردنیان بۆ خۆیان كردووە‌و بەرێژەی 25%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن. ئەوانەی خانەنشین بوون پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو كە بەرێژەی 80%ی تێكڕای موچەكانیان خانەنشین بوون‌و مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەپێی یاسای چاكسازی موچەكەیان كەمكرایەوە. یاسای چاكسازی مەرجی خانەنشینبوونی بەسەردا سەپاندن، واتا تەمەنی 45 ساڵ‌و 15 ساڵ خزمەت، بەڵام یاساكە هەمان دەرفەتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پێداون‌و ئەوانەیان كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بەرێژەی 25%ی تێكڕای موچەكانیان لەكاتی پەرلەمانتاریدا خانەنشین كراون. ئەم توێژە لە پەرلەمانتاری خانەنشین، دوای چەند مانگێك لە بەركاربوونی یاسای چاكسازیش هەر بە پێوەرە كۆنەكە مانگانە زیاتر لە (6 ملیۆن 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا ئەو پارە زیادەیان لێوەردەگیرێتەوە‌و مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان دەبڕدرێت. خانەنشیی پەرلەمان لە كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە  هەرێمی كوردستان (394) پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە، ئەگەر لیستی خانەنشینی خولی پێنجەمیشی بۆ زیاد بكرێت كە (104) پەرلەمانتارە، ئەوا بە تێكڕا ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشین لە هەرێم بۆ (498) كەس بەرزدەبێتەوە.  


راپۆرت: درەو  گەنجێكی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمدا قورئانی سوتاند، سەرۆك وەزیرانی سوید دەڵێ" كارەكەی یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو"، بابەتەكە لەناو سویددا لەنێوان پرسی ئاسایش‌و ئازادی رادەربڕیندا گیری خواردووە. دەسەڵاتدارانی سوید ترسیان هەیە ئەم گەنجە عێراقییە هێندەی تر پرسی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەكبخات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  سوتاندنی قورئان لە جەژندا هاوكات لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، كۆپییەك لە قورئان، لە خۆپیشاندانێكی بچوكدا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سوتێنرا.  نزیكەی 200 كەس یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەیان بینی كە لاپەڕەكانی قورئان دەدڕێنێت‌و دواتر پێڵاوەكانی پێ دەسڕێتەوە‌و پاشان لە گۆشتی بەرازی دەپێچێت‌و ئینجا دەیسوتێنێت.   چەند كەسێك لە ئامادەبووان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە زمانی عەرەبی هاواریان كرد " الله أكبر"، پۆلیس پیاوێكی دەستگیركرد كە ویستی بەرد بهاوێژێت، یەكێكیش لە لایەنگرانی خۆپیشاندانەكە هاواری كرد" رێگەی پێبدەن با بیسوتێنێت". دوای ئەوەی دادگای سوید رایگەیاند، پۆلیس بۆی نییە رێگری لەو خۆپیشاندانە بكات كە بەمدواییە داوای ئەنجامدانی كراوە، پۆلیسی سوید رێگای كردەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو  خۆپیشاندانەی كە بڕیار بوو تێیدا كۆپییەك لە قورئانی بسوتێندرێت.  پۆلیسی سوید رایگەیاند، بەگوێرەی یاساكانی ئێستای وڵات، سروشتی ئەو مەترسییانەی كە بەهۆی سوتاندنی قورئانەوە دروست دەبن، نابن بە پاساو بۆ رەتكردنەوەی پێدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندانەكە.  دادگای سوید لە حوكمی خۆیدا سەبارەت بەو مەترسییە ئەمنییانەی كە بەهۆی ناڕەزایەتییەكەوە دروست دەبن رایگەیاند، ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی رێگری لە مافێكی دەستوریی بكرێت بۆ سازدانی گردبوونەوە‌و خۆپیشاندانی ئازادانە.  هاوكات لەگەڵ خۆپشاندانی ئەوانەی كە قورئانیان سوتاند، دژە خۆپیشاندانێكیش لە نزیك مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوەچوو.  ئەم كێشەیە پرسی داواكاری سویدی بۆ ئەندامبوونی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" توشی گرێ‌و گۆڵێكی نوێ كرد، داواكارییەك كە هێشتا توركیا وەكو ئەندامێكی رێكخراوی ناتۆ رەتیدەكاتەوە.  كانونی دووەمی رابردوو چالاكوانێكی راستڕەوی توندڕەو لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیادا لە ستۆكهۆڵم، كۆپییەك لە قورئانی سوتاند، ئەم كارە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای توڕە كرد.  بۆچی پۆلیس قایل بوو؟ بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ پێدانی مۆڵەت بە سازادانی ئەم خۆپیشاندانە كە تێیدا كۆپییەك لە قورئان سوتێنرا، دوای دوو هەفتە هات لە رەتكردنەوەی بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ رێگریكردن لە سازدانی خۆپیشاندانەكە، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی سویدەوە.  ئەوكات پۆلیسی سوید باسی لە بوونی مەترسی ئەمنیی دەكرد، بەتایبەتیش كە سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە مانگی كانونی دووەمدا، شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا‌و چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو، پاشان سەریكێشا بۆ ئەوەی بانگەواز بكرێت بۆ بایكۆتكردنی كاڵای سویدی‌و سەرباری ئەمەش هەوڵەكانی سویدی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەكخست.  ئەوكات پۆلیسی سوید رایگەیاند، خۆپیشاندانەكەی كانونی دووەم وایكردووە سوید ببێت بە "ئەولەویەتی هێرشەكان".  بەدیاریكراوی توركیا ناڕەزایەتی نیشاندا لەوەی پۆلیسی سوید رێگری لە خۆپیشاندانەكە نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ئەنكەرە بەربەستی سەرەكی بوو لەبەردەم ئەندامبوونی سویدا لە رێكخراوی "ناتۆ"، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی سوید هەڵمەتی ئەمنیی لەدژی ئەو گروپە كوردییانە ئەنجام نادات كە توركیا وەكو "تیرۆریست" ناویان دەبات.  لەدوای ئەم ناڕەزایەتییەی توركیاوە، پۆلیسی سوید دوو داواكاری بۆ سازدانی خۆپیشاندان رەتكردەوە كە بڕیاربوو تێیاندا قورئان بسوتێندردێت، یەكەمیان كەسێك داوای مۆڵەتی كردبوو، دووەمیشیان لەلایەن رێكخراوێكەوە داوای مۆڵەتی بۆ كرابوو، بۆ ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵدا لەبەردەم هەردوو باڵیۆزخانەی توركیا‌و عێراق لە ستۆكهۆڵم ئەنجام بدرێن.  لە ناوەڕاستی حوزەیراندا، دادگا تێهەڵچوونەوەی سوید رایگەیاند، پۆلیس لە رێگریكردن لە سازدانی ئەو دوو خۆپیشاندانەدا بە هەڵەداچووە، ئاماژەی بەوەكرد" كێشەی ئاسایش‌و سیستم" كە پۆلیس باسی لێوەكردووە "بەشێوەیەكی روون‌و ئاشكرا وابەستە نەبووە بەو رووداوە پلان بۆداڕێژكراوە یاخود شوێنەكەیەوە".  عێراقییەك داوای خۆپیشاندانەكەی كردووە ئەو كەسەی كە داوای مۆڵەتی بۆ سازدانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ كردووە كە قورئانی تێدا سوتێنرا، هەمان ئەو كەسە بووە كە پێشتر داوای كردووەو پۆلیس داواكەی رەتكردوەتەوە، ئەمەش كەسێكی عێراقییە.  سەلوان مۆمیكا كە تەمەنی 37 ساڵە، نوسراوێكی كردووە‌و تێیدا دەڵێ" دەمەوێت لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا خۆپیشاندان بكەم، دەمەوێت لەبارەی قورئانەوە گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆم بكەم.. كۆپییەكی قورئان دەدڕێنم‌و دەیسوتێنم"، ئاژانسی فرانس پرێس دەقی داواكارییەكەی سەلوانی بینیوە‌و بڵاویكردوەتەوە.  سەلوان مۆمیكا كە لەعێراقەوە هەڵاتووە بۆ سوید، مانگی نیسانی رابردوو، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەفتۆنبلادیت" دەڵێ:" ئامانجی من ئەوە نییە رێگری بكەم لەوەی سوید بچێتە ناو رێكخراوی ناتۆوە، بەر لە سازدانی خۆپیشاندانەكە بیرم لەوە كردوەتەوە كە سوید چاوەڕوانی ئەوەیە بچێتە ناو پەیمانی ناتۆوە". ئەم كوڕە عێراقییە بە رۆژنامەكەی وتووە:" نامەوێت ئازاری ئەم وڵاتە بدەم كە پێشوازی لێكردووم‌و شكۆی منی پاراستووە".  پۆلیسی سوید ئەمڕۆ رایگەیاند، داوای كردووە رێوشوێن بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی سیستم لە وڵاتدا، بۆیە چەندین ئۆتۆمبیلی پۆلیسی ئەمڕۆ بینران كە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا راوەستابوون.  پێشتر پۆلیسی سوید رێگەی بە (راسمۆس پالودان) دابوو لە مانگی كانونی دووەمدا خۆپیشاندان رێكبخات، ئەم پیاوە چالاكوانێكی سویدی بەڕەگەز دانیماركییە‌و تۆمەتبار كراوە بە رەگەزپەرەستیی.  ساڵی رابردوو پالودان بووە هۆی دروستبوونی چەندین ناڕەزایەتیی‌و كێشمەكێش لە سوید، ئەمەش دوای ئەوەی بە سەرتاسەری سویدا گەڕانی كردو بەشێوەیەكی ئاشكرا قورئانی دەسوتاند.  سیاسەتمەدارانی سویدی رەخنەیان گرت لە سوتاندی قورئان، بەڵام هاوكاتیش بە توندی پشتیوانیان كرد لە ئازادی رادەربڕین. "یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو" ئۆڵف كریسترسۆن سەرۆك وەزیران سوید ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" نازانم ئەم خۆپیشاندانە تا چەند كاریگەریی لەسەر پرۆسەی بەئەندامبوونی سوید دەبێت لە رێكخراوی ناتۆ.. ئەم خۆپیشاندانە یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو، ئەم بابەتە لای پۆلیسە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە كە تێیاندا قورئان دەسوتێندرێت". "پێموایە ئێمە لە ساتێكدا دەژین كە دەبێت تێیدا مرۆڤ لەسەرخۆبێت‌و بیر لەوە بكاتەوە چ باشترە بۆ بەرژەوەندی سوید لە ئاستی دورمەودادا" سەرۆك وەزیرانی سوید وای وت.  توركیا ئیدانەی كرد هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە تویتێكدا ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سوید‌و بە كارێكی "ناپەسەند" ناوی هێنا.  هاكان فیدران نوسی" ئیدانەی ئەو كارە ناپەسەندە دەكەین كە دژ بە قورئانی پیرۆز كراوە لە سوید لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا. رێگەدان بەم كارانە لەدژی ئیسلام بەبەهانەی ئازادی رادەربڕینەوە كارێكە كە جێگای قبوڵكردن نییە، چاوپۆشیكردن لەم كارە قێزەونانە، بەواتای بەشداربوونە تێیاندا". كۆتاییەكانی كانوونی دووەم دوای سوتاندنی كۆپییەك لە قورئان لەلایەن (راسمۆس پالودان)ەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا، توركیا دانوستانەكانی خۆی لەبارەی ئەندامبوون لە ناتۆ  لەگەڵ سوید راگرت. ئەوكات تەنیا توركیا نیگەرانی دەرنەبڕی، ژمارەیەك وڵاتی عەرەبیش ئیدانەی سوتاندنی قورئانیان كرد لە سوید، لەوانە سعودیە‌و ئوردن‌و كوەیت. ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سوید، بە كارێكی "زیانبەخش‌و بێڕێزیكردن" ناویهێنا.  پۆلیسی سوید ئەو پیاوە عێراقییەی كە قورئانەكەی سوتاند، تۆمەتبار كردووە بەوەی هاندانی كردووە دژی گروپێكی رەگەزیی یان نەتەوەیی، سەرباری ئەمەش بڕیاری قەدەغەكردنی ئاگركردنەوەی پێشێل كردووە كە لە ناوەڕاستی تەموزەوە لە ستۆكهۆڵم كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەكرا بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر ! مەحمود خەلەفی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم رایگەیاند، توشی بێئومێدی بوون كاتێك گوێبستی لێدوانی پۆلیس بوون سەبارەت بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكە لە رۆژی جەژنی قورباندا. خەلەفی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد" مزگەوتەكەی پێشنیازی ئەوەی بۆ پۆلیس كردووە كە لانی كەم خۆپیشاندانەكە بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر، ئەمەش كارێك بووە كە دەكرا بەپێی یاسا ئەنجام بدرایە، بەڵام بڕیاریاندا وا نەكەن".  بەگوێرەی قسەی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم، ساڵانە لە جەژنەكاندا نزیكەی 10 هەزار نوێژخوێن روو لە مزگەوتەكە دەكەن. 


راپۆرت: درەو یەكێتیی بە دوو باڵەوە لە هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتیدایە لەگەڵ (گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارتیش ئەمڕۆ (سۆسیال دیموكرات- شیوعی- زەحمەتكێشان‌و چەند لایەنێكی تر)ی كۆكردەوە بۆ هەمان مەبەست، پارتی دەڵێ" لە كەركوك لەگەڵ خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر هاوپەیمانێتی ناكەین"، هەردوو حزب هێشتا كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان بەلادا نەخستووە، چونەتە ناو كێشمەكشێی هەڵبژاردن لە كەركوك. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  پارتیش دەستیپێكرد ! كەمال كەركوكی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك- گەرمیان، نوێنەری ژمارەیەك لە حزبە كوردییەكانی كەركوكی بانگهێشتی هەولێر كرد، لە نوسینگەكەی خۆی لەگەڵیاندا كۆبووەوە.  كەركوكی لەم كۆبونەوەیەدا بۆچوونی لایەنەكانی وەرگرت سەبارەت بە دروستكردنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.  ئەو لایەنانەی كە نوێنەری خۆیان بۆ كۆبونەوەكەی كەمال كەركوكی ناردبوو بریتی بوون لە:  •    پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان •    حزبی شیوعی كوردستان •    حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان •    بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان‌و چەند لایەنێكی تر دوای كۆبونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كەمال كەركوكی رایگەیاند" ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێك هاوپەیمانێتی بكەین بۆ هەڵبژاردن جگە لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر". ئاڵۆزی دوای كۆبونەوە  لە فەرهەنگی پارتیدا مەبەست لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، قسەكانی كەمال كەركوكی لەبارەی یەكێتییەوە دوای رۆژێك دێت لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب لە هەولێر، كۆبونەوەیەك كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بێ ئەنجام بووە، چونكە هەردوولا لەسەر پرسی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ناكۆكبوون، سەرەڕای ناكۆكییەكانی دیكە. (درەو) زانیویەتی، یەكێتی لەگەڵ ئەوەبووە كۆی كێشەكانی نێوان هەردوو حزب بەیەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێت‌و هەوڵی چارەسەری بدرێت، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەبووە لەم دۆخەی ئێستادا كێشەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكرێن، واتا بەبێ دەستبردن بۆ چارەسەری كێشەی ئەمنیی نێوان هەردوولا. هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیدا، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كۆتایهاتنی كاركردنی خۆی لە پەرلەمان راگەیاند، ئەمە دانپێدانانی فەرمی پارتی بوو بە بڕیاری رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.  پارتی‌و یەكێتیی هێشتا لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتوەتە رێككەوتن، لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چونە ناو ناكۆكییەكی نوێوە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب جارێكی تر كۆببنەوە.  دەنگی كەركوك لەبەردەم دوو لیستی یەكێتیدا بڕیارە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاربوو لە ساڵی 2018دا هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەكراو دواخرا.  دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەر لە 10 ساڵ بەڕێوەچووە كە هەڵبژاردنەكەی نیسانی 2013 بوو، ساڵی 2019 یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی عێراق هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، خۆپیشاندەران ئەنجومەنەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد، ئەوكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستنی شەقام‌و كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندنەوەو كاری چاودێكردنی پارێزگارەكانی دایە دەست پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی پارێزگاكانیاندا. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمساڵدا، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بۆیە لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن لەناوچە جێناكۆكەكان، بەدیاریكراویش پارێزگای كەركوك.  لاهور شێخ جەنگی نامەی بۆ ژمارەیەك لە حزبەكان ناردووە، داوای دروستكردنی هاوپەیمانێتییان لێدەكات بۆ هەڵبژاردن‌و هاوپەیمانێتییەكەی ناو لێناوە "لیستی گەل". لاهور شێخ جەنگی دوای تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ كوڕەكانی مام جەلال لەناوخۆی یەكێتیدا، سەرباری ئەوەی هێشتا خۆی بە یەكێتیی دەزانێت، بەڵام دەیەوێت بۆ یەكەمجارو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا چانسی خۆی لەناو هەڵبژاردن‌و لەبەردەم خەڵكدا تاقی بكاتەوە، ئەگەر سەركەوتوو بوو، ئەزمونەكە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆپی بكاتەوە.  هێشتا لاهور شێخ جەنگی وەڵامی دەستپێخەرییەكەی لە حزبەكان وەرنەگرتەوە،  بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە سلێمانی سەردانی (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی دادگەریی- یەكگرتووی ئیسلامی) كرد. بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەڕێگەی هاوپەیمانێتییەكەوە زۆرینەی كەركوك لەبەرژەوەندی یەكێتیی یەكلابكاتەوەو پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، كە یەكێتیی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لەدەستیداوە.  لەدواین هەڵبژاردندا (واتا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021)، لە سنوری پارێزگای كەركوك، لەكۆی 12 كورسی پەرلەمان، كورد بەتێكڕا 6 كورسی پارێزگاكەی بردەوە، لەم رێژەیە یەكێتیی (3) كورسی بردو پارتی (2) كورسی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێش (1) كورسی. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەریخست یەكێتیی چیتر پێگە بەهێزەكەی لە كەركوك نەماوە، وەرنەگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە 2017وە تائێستا، كاریگەری لەسەر پێگەی یەكێتیی لە كەركوك داناوە، سەرباری ئەمەش ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لیستی هەبێت بۆ هەڵبژاردن لەو پارێزگایە، كاریگەری لەسەر دەنگدەرانی یەكێتیی دەبێت.  هەوڵە بێ ئاكامەكانی یەكێتیی ! رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لێكەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان‌و كەوتنی داعش بوون لە ناوچەكە، ئەم رووداوانە دەستی هێزە عێراقییەكان‌و حەشدی شەعبییان كردەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشترو بەر لە هاتنی داعش تێیدا جێگیربوو بوون، لەم رووداوانەدا پارتی، یەكێتیی بەوە تۆمەتبار دەكات خیانەتی كردووەو بەرەكانی شەڕی بۆ هێزی حەشدی شەعبی چۆڵكردووە، پارتی بەبەردەوامی كار لەسەر ئەم گوتارە دەكات، دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگەی مێژوویی یەكێتیی بدات لە كەركوك.  ئۆكتۆبەری 2017 لەگەڵ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكاندا، پارێزگای كەركوك (نەجمەدین كەریم) كە سەربە یەكێتیی بوو، كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی عێراق پارێزگارێكی بەوەكالەت (راكان جبوری)یان دانا.  لەوكاتەوە تائێستا یەكێتیی چەندین هەوڵی خستوەتەگەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بوون، لە دیارترینی ئەو هەوڵانە: •    لەرێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا لە تەموزی 2019دا، یەكێتیی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە بە یەكێتیی‌و ئەم كارە لەرێگەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە جێبەجێ بكرێت كە كورد تێیدا زۆرینە بوو، بەڵام دواتر ناكۆكی لەبارەی كاندیدەكانی پۆستەكە سەیرهەڵدا‌و پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد. ساڵی 2019 پەرلەمانی عێراق بەبڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، ئیتر یەكێتیی هیچ ئومێدێكی نەما بتوانێت بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێكی نوێ لە شوێنەكەی كۆچكردووە (د. نەجمەدین كەریم) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دابنێت. •    سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكێتیی هێشتا چاوی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵنەگرت، بۆیە سەرەتای ساڵی رابردوو كاتێك راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت، لەناو یەكێتیدا خێرا ئامادەكاری كرا بۆ دانانی كاندیدی شوێنگرەوە، ئەوكات باس لە دانانی (خالید شوانی یاخود رێبوار تەها) دەكرا، بەڵام جبوری ئەمجارەش مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵبژاردو نەچوو بۆ پەرلەمانی عێراق. •    ئۆكتۆبەری 2022 كاتێك پارتی‌و یەكێتیی چوونە ناو دانوستانەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، جارێكی تر یەكێتیی پۆستی پارێزگاری كەركوكی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، بەڵام پارتی لەمبارەیەوە هیچ گرەنتییەكی پێ نەدا.  لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئیتر پۆستی پارێزگاری كەركوك تەنیا وەكو پۆستێكی جێناكۆك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەماوەتەوە، جگە لە حكومەتی عێراق، توركیاش دەیەوێت قسەی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە پڕكردنەوەی ئەم پۆستەدا.  ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی ئێستای یەكێتیی لەگەڵ توركیا‌و راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە، ئەگەر تا كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چارەسەر نەكرێت، كاریگەری لەسەر پێگەی یەكێتیی لە كەركوك دەبێت، مەگەر ئێرانییەكان لەرێگەی لایەنە عێراقییەكانەوە پاڵپشتی بكەن.   


راپۆرت: درەو كەمتر لە پێنج مانگ ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هیچ ئاسۆیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا نابینرێت، پێشنیازێك هەیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان هاوشێوەی كۆمسیۆنەكەی 1992 بسپێردرێت بە دادوەران، بەڵام ئەم پێشنیازە توشی بەریەككەوتن دەبێت لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان. جگە لە چاوەڕێكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرێم هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نەماوە، كۆمسیۆنەكەی عێراقیش مانگی یەكی ساڵی داهاتوو وادەی یاسایی بەسەردەچێت، بەم دۆخەوە ئایا هەڵبژاردنی كوردستان كەی بەڕێوەدەچێت ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و پرسی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەستیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵگرتووە‌و سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، هەڵبژاردنێك كە پارێزگاكانی هەرێم ناگرێتەوە‌و لەناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوەدەچێت.  هێشتا ئەو وادەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریكردووە، لە شوێنی خۆیدایە‌و دوانەخراوە، واتا رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ.  رۆژی 30 ئایاری رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەسەر ئەو سكاڵایانە یەكلاكردەوە كە سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەكە، ئەمە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەشی هەڵوەشاندەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، بەدیاریكراویش كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئایاری پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم. لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، پەرلەمانی كوردستان هیچ  كۆبونەوەو جوڵەیەكی سیاسی نەكردووە، بۆیە پرسی سازدانی هەڵبژاردن گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم.  رۆژی 8ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتی هەرێم وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق قسە بكەن سەبارەت بە ئامادەكاریكردن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە كوردستان، ئەمە وەكو دانپێدانانی سەرۆكایەتی هەرێم بوو بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و كارانەبوونەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان.  سەرۆكایەتیی هەرێم دەیەوێت هەرچۆنێك بووە لەمساڵدا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەمە تەنیا وەكو هەوڵێك ماوەتەوە‌و لەڕووی واقعییەوە ئەگەرێكی لاوازە.  كۆمسیۆنی عێراق چاوەڕێی نوسراوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆشی تەمەنی یاسایی زۆری نەماوە، سەرباری ئەمە دەیەوێت رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەببات، بۆیە هیچ وەڵامێكی ئەوتۆی بە سەرۆكایەتی هەرێم نەداوە سەبارەت بەوەی ئایا لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات یاخود نا، بەڵام بەشێوەی زارەكی سەرۆكایەتی هەرێمی ئاگاداركردووە لەوەی ناتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات.  سەرباری وەڵامە زارەكییەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چاوەڕێیە سەرۆكایەتی هەرێم بە فەرمی نوسراوی ئاڕاستە بكات‌و تێیدا داوای لێبكات رۆژی 18ی تشرینی دووەم سەرپەرەشتی هەڵبژاردنی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی ئەویش بەنوسراوێكی فەرمی وەڵامی داواكارییەكە بداتەوە. هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ ئەوەیە، ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێم ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بكەن، بەوپێیەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پارێزگاكانی هەرێم ناگرێتەوە‌و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن لە ئێستادا دەستیان بەتاڵە، بەڵام سەرۆكایەتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەمبارەیەوە هیچ گرەنتییەكیان بە سەرۆكایەتیی هەرێم نەداوە.  ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا كەمتر لە (6) مانگ دەرفەت لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی كوردستاندا ماوە لەو وادەی دیاریكراوە، بۆیە ئەگەری دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ جاری سێیەم، ئەگەرێكی بەهێزو كراوەیە.  بەگشتی سەرۆكایەتیی هەرێم تاڕادەیەك لەوە تێگەیشتووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوادەی دیاریكراودا (18ی تشرینی دووەم) هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەڕێوەنابات، لەم حاڵەشدا ئەگەر هەیە هەڵبژاردن بۆ ئایاری یاخود تەموزی ساڵی داهاتوو دوابكەوێت.  كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بە دادوەران ئێستا كە ئیتر سەرۆكایەتیی هەرێم خەریكە دەست لە كۆمسیۆنەكەی عێراق دەشوات، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كوردستان نوێ بكرێتەوە‌و ئەو كۆمسیۆنە لەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات. كرۆكی ئەم پێشنیازە ئەوەیە، (7) دادوەر دیاری بكرێت بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، هاوشێوەی یەكەم كۆمسیۆن كە ساڵی 1992 دروستكرا‌و هاوشێوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێستای عێراق كە لەلایەن دادوەرانەوە بەڕێوەدەبرێت.  ئەوانەی پشتیوانی ئەم پێشنیازە دەكەن، پەنایان بۆ بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (دەیەم)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق بردووە، ئەم بڕگەیە دەڵێ: •    كاتێ هەرێمی كوردستان‌و سیستمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی هەرێم، یان دامودەزگا دەستورییەكانی بكەونە مەترسییەكی ئەوتۆوە، هەڕەشە لە بوونی بكا‌و، ئەنجومەنی نیشتمانیش نەتوانێ كۆببێتەوە، ئەوە، لەوبارەدا سەرۆكی هەرێم دوای راوێژو رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیارگەلێ دەردەچوێنێ هێزی یاساییان هەیە بەمەرجێ ئەو بڕیارانە، لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی هەرێمدا بخرێنە بەردەمی. خۆ ئەگەر هاتوو نەخرانە بەردەمی، یان خرانە بەردەمی‌و ئەنجومەن پەسەندی نەكردن، ئەوا، لەوبارەدا سیفەتی یاساییان نامێنێ.  ئێستا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی لەو شێوەدایە كە لەم بڕگەیەدا باسكراوە، بەتایبەتیش لەوەدا كە دامودەزگا دەستورییەكانی متمانەیان لەدەستداوە، چونكە پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارانەكراوەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ناتوانێت لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات، سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەتیش لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە بوون بە "كاربەڕێكەر"، هەموو ئەمانە شەرعیەتی دامودەزگاكانی هەرێمیان خستوەتە ژێر پرسیارەوە‌و هیچ چارەیەك نییە جگە لەوەی تاوەكو ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی كۆمسیۆنی عێراق بكرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە كوردستان.   بەڵام ئایا ئەگەر سەرۆكی هەرێم پەنا بۆ ئەم بڕگە یاساییە ببات، توشی بەریەككەوتن نابێت لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان ؟ بڕگەی پێنجەم لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باس لە بارودۆخێك دەكات كە هێشتا پەرلەمانی كوردستان (ئەنجومەنی نیشتمانی) بوونی هەیە، بەڵام لەبەر دۆخێكی دیاریكراو ناتوانێت كۆبونەوە بكات، بەڵام ئێستا بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان نەماوە‌و هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە دادوەران لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەبێ پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بەواتای پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دێت.  سەرباری ئەمە، هەر بەگوێرەی بڕگەی پێنجەمی ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، دەرچوونی بڕیارێكی لەمجۆرە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پێویستی بەوەیە پەرلەمانی داهاتووی كوردستان پەسەندی بكات، ئەگەرنا بڕیارەكەی بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، لەم دۆخەدا سەرۆكی هەرێم بەر لەوەی بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات، پێویستی بەوەیە گرەنتی نوسراو لە هەموو پارتە سیاسییەكان وەربگرێت لەبارەی ئەوەی لە پەرلەمانی داهاتوودا بڕیارەكەی پەسەند دەكەن، ئەمەش كات‌و دانوستانی زۆری دەوێت، بەتایبەتیش لە دۆخێكدا كە پەیوەندی پارتی‌و یەكێتیی باش نییە‌و تێڕوانینیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە جیاوازە.  واتا بەگشتی بژاردەیەكی لەمجۆرە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە دادوەران كارابكرێتەوە، لەڕووی واقعی‌و یاساییەوە بژاردەیەكی پڕ لە كێشەیە. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، بەپێچەوانەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە، كۆمسیۆنی عێراق بۆ نوێكردنەوە پێویستی بە پەرلەمان نییە، چونكە بەگوێرەی یاساكەی، كۆمسیۆن بەبڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق نوێ دەكرێتەوە‌و متمانەی پێدەدرێت.  ساڵی 2019 كاتێك خۆپیشاندانی تشرین لە عێراق سەریهەڵدا، یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بوو، كە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی‌و تائیفی دروستكرابوو، سەرەتاكانی كانونی یەكەمی 2019 پەرلەمانی عێراق وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خۆپیشاندانەكان، یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی دەركرد.  بەپێی مادەی (3)ی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەندامانی كۆمسیۆن بەمشێوە دیاریكران: 1-    پێنج دادوەری پلە یەك، كە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەناو كاندیدەكاندا هەڵیان دەبژێرێت، بە لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی لەنێوان ناوچەكاندا.  2-    دوو داوەر لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێن، بەهەمان شێوە لەسەر هەمان بنەمای دادپەروەیی جوگرافیی (واتا دادوەرێك لە هەولێرو دادوەرێكی تر لە سلێمانی. لەئێستادا دادوەرەكەی سلێمانی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات) دیاری دەكرێن. 3-    دوو راوێژكار لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە دیاری بكرێن‌و ئەنجومەنی دادوەریی عێراق كاندیدەكانیان هەڵبژێرێت.  4-    كاندیدەكان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە بە تیروپشك هەڵدەبژێردرێن. 5-    لەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی دادوەیی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دیاری دەكات، دەبێت رەچاوی نوێنەرایەتی ژنی تێدا بكرێت. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەمشێوەیە دروستكراوە، ئەگەر تاوەكو مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، هەرێمی كوردستان چاوەڕێ بكات كۆمسیۆنەكە ماوەی یاسایی بۆ چارەسەر بكرێت، ئەوا لانی كەم دەبێت ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی تر چاوەڕوان بێت، چونكە كۆمسیۆن بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان، پێشوەخت پێویستی بەلانی كەم شەش مانگ دەبێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە مانگی حەوتی ساڵی داهاتووەوە.  ئەمە هۆكارەكەیە كە سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن زیاتر دوانەكەوێت‌و لانی كەم لە كۆتاییەكانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هەرچەند ئەم كاتەش لەڕووی كەشوهەواوە بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەگونجاو نازانرێت.  ساتی هه‌ڵبژاردنی داادوه‌ره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌تیروپشك، به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یەكەم كۆمسیۆن لە كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا لە ساڵی  1992، بە بڕیاری (بەرەی كوردستانی)و لە مادەی (6)ی یاسای هەڵبژاردندا، بڕیاردرا بە دروستكردنی (دەستەی باڵا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان). ئەم دەستەیە بەپێی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردندا هاتبوو، لە (2) دادوەرو نوێنەری حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، كە بەتێكڕا (9) كەس بوون، بەمشێوەیە: * دادوەر (ئەمیر عەبدولكەریم حەوێزی) سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردن.  * دادوەر (فوئاد سابیر رەشید) داواكاری گشتی‌و ئەندامی دەستەی باڵای هەڵبژاردن. * (رەشید مستەفا كاكە عەبدولكەریم) نوێنەری كارگێری پارێزگای هەولێر. * (جەمال تایەر بەكر) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان. * (كەریم سوڵتان سنجاری) نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان. * (بەدران ئەحمەد حەبیب) نوێنەری حزبی زەحمەتكێشان. * (جەمیل عەبدوڵا خۆشناو) نوێنەری سۆسیالیست‌و پاسۆك. * (كلدۆن شمۆئیل نیامین) نوێنەری پارتی دیموكراتی ئاشوری.  * (ساڵح بەرواری) نوێنەری پارتی گەل (دواتر كشایەوە)  ئەركی ئەم دەستەیە بەپێی مادەی (6) لە یاسای هەڵبژاردن، بریتی بوو لە: -    دیاریكردنی ناوچەكانی هەڵبژاردن -    سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن -    دەركردنی زانیاری بۆ ئاسانكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن  ئەو پێشنیازەی ئێستا لەئارادایە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم، وەكو گەڕانەوەیە بۆ شێوازی دروستكردنی یەكەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كوردستاندا.  كارتی ده‌نگدانی كۆمسیۆنی 1992ی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی (رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان) كارتی ده‌نگدانی ده‌سته‌ی باڵای سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كورستان له‌ 1992دا    


راپۆرتی: هەڵۆ حەسەن شێفە متمانە پێكراوەكەی كرملن لە پووتین هەڵگەڕایەوەو جەنگی لە دژی رووسیا راگەیاند،  فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشتر داوای لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردبوو لەبەرامبەر پاراستنی كێلگە نەوتییەكان و كڕینی چەك و تەقەمەنی، پشكی لە 25%ی نەوتی رۆژئاوای كوردستانی پێبدرێت.   ڤاگنەر ڤاگنەر كۆمپانیایەكی سەربازی كەرتی تایبەتی رووسیایە، ئەجیندای مۆسكۆ لە دەرەوەی رووسیا جێبەجێدەكات، ڤاگنەر دەتوانێت ئەركی هەواڵگری و سەربازیی وا ئەنجامبدات كە لە توانای مۆسكۆدا نیە، كۆمپانیا سەربازییە تایبەتەكانی وەك ڤاگنەر سوپای یاسایی چەكدار نین تا بكەونە ژێر یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەو دەوڵەتانەی كە رێكیاندەخەن بەرپرس نین لە كارەكانیان، كە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای روسیا هەردووكیان بە كرێگیراوانی سەربازییان قەدەغەكردووە، بەڵام پەرلەمانی روسیا، دوما و وەزارەتی دەرەوە كاریانكردووە بۆ بە یاساییكردنی كۆمپانیا سەربازییە تایبەتەكان لە روسیا. ئەم پشتیوانیەی كەرتی تایبەت وادەكات رووسیا بتوانێت بەرژەوەندییەكانی بەرەوپێش بەرێت، ڤاگنەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەڕێوەدەبات لەو وڵاتانەی كە كرملن بەرژەوەندی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیكی تیایاندا هەیە. مۆسكۆ چەندین گروپی چەكدار لەو ناوچانە بەكاردەهێنێت كە پرۆژەی وزەیان لێ ئەنجامدەدات، بۆ نمونە: لە ئەفریقا.گەر وڵاتێك كە روسیا بەرژەوەندی لێی هەیە و بە هاوبەشی ناودەبات دەستبكات بە شتێك كە دژی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیكیەكانی رووسیا بێت، ئەوە 'میوانانی ناوەخت - ڤاگنەر' لەوێ دەردەكەون. سوپای سێبەر ڤاگنەر لەلایەن ئەفسەری هەواڵگری سەربازیی پێشووی رووسیاوە، دیمیتری ئوتكین، دامەزرێنرا، دیمیتری ئوتكین یەكێك بوو لە یەكەمین كاروانی روسیا كە پاییزی 2013 نێردران بۆ سوریا. دیمیتری ئوتكین لەدوای گەرانەوەی بۆ رووسیا بیرۆكەی دامەزراندنی ڤاگنەری دانا، یەكەمین دەركەوتنی ڤاگنەر سەرەتای ساڵی 2014 بوو لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، كە هاوشانی هێزە جوداییخوازەكانی سەر بە روسیا لە كرایمیا (دورگەی قرم)، و دواتر سەریكێشا بۆ پێكەوەلكاندنی كرایمیا (دورگەی قرم) بە رووسیایەوە. دوای كرایمیا (دورگەی قرم)، ڤاگنەر روویكردە سوریا و  لازقیە و خۆرهەڵاتی سوریا بەشداری چەندین شەری قورسی كرد، دیمیتری ئوتكین لەساڵی 2016سەرۆكایەتی ڤاگنەری رادەستی یەڤگینی پریگۆژین كرد ئەمەش دوای ئەوەی ڤاگنەر سەرچاوەیی دارایی كزبوو. شێفەكەی پوتین یەڤگینی پریگۆژین، كە سامانەكەی بە بزنسی چێشتخانە بنیاتناوە، بە بەستنی گرێبەستی گەورە لەگەڵ سوپا و حكومەتی روسیا، بەشێوەیەكی فەرمی دوای دیمیتری ئوتكین بووبە سەرۆكی ڤاگنەر ، پریگۆژین توانی سەرچاوەی دارایی جیاواز و بەهێز و چەكدارانی كۆمپانیاكەی (ڤاگنەر) لەروویی چەندێتی و چۆنیەتی بەرەو پێش ببات.ئەڤگینی پریگۆژین نازناوی "شێفەكەی پوتین"ە، چونكە كۆمپانیاكەی خزمەتگوزاری خواردن وچێشتلێانی پێشكەش بە كرێملین كردووە. یەڤگینی پریگۆژین، بزنسمانێكی سانت پترسبێرگە كە سامانێكی زۆری پێكەوە نا لە بزنسی بۆنە بەڕێوەبردندا پێش واژۆكردنی گرێبەستێكی پڕقازانج لەگەڵ سوپا و حكومەتی روسیا. پریگۆژین هەوڵی گرێبەستی دیكەی دا، وەك ئەوەی لەگەڵ دیمەشق ئیمزای كرد كە ڤاگنەر كێڵگەكانی نەوت و گاز و ژێرخان رزگاربكات لەبەرامبەر (25%)ی بەرهەمەكەی هاوكات (بەپێی گرێبەستی ڤاگنەر و حكومەتی ئەسەد لە كانونی یەكەمی 2016 ) ئێستا بەرپرسە لە موچەدان بە چەكدارانی ڤاگنەر، بەبڕێك كە دەخەمڵێنرێت بە 3,500 بۆ 5,000 دۆلار مانگانە. یەڤگینی پریگۆژین بە سوریا نەوەستا ڤاگنەر (گرێبەستی زەبەلاح)ی لەگەڵ خەلیفە حەفتەر واژۆ كرد، دوای لیبیا ڤاگنەر روویكردە كۆماری ئەفریقای ناوەند، سودان، ڤەنزویلا. كاتەلۆگی داعش دوای بوون بە سەرۆكی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین تاكتیك و ستراتیژی داعشی بۆ راكێشانی چەكدارانی بیانی غەیرە رووسی پیادەكرد، تاكتیكی هاوشێوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەكارهێنا بۆ راكێشانی خەڵك لە تەواوی جیهاندا، میتۆدەكانی راكێشانی ڤاگنەر هاوشێوەیی زۆریان لەگەڵ میتۆدەكانی داعش هەیە، وەك بەكارهێنانی پارە بۆ راكێشانی خەڵكی هەژار و دۆزینەوەی لاوانی هەستیار لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە. حەزكردن بە سەركێشی و سەرابی یۆتۆپیا دوو لە كۆڵەكەكانی راكێشانی خەڵك بوون لەلایەن داعشەوە، دوای كەوتنی 'خەلافەت'ی داعش لە ئازاری 2019، ڤاگنەر هەمان كاتەلۆگی كاركردنی گرتۆتەبەر لەم بوارەدا.لەلایەكی ترەوە، لەسەدا 40ی ئەندامانی ڤاگنەر بە تاوانی گەورە زیندانی كراون پێشئەوەی پەیوەندیبكەن بە ڤاگنەرەوە و بەیەكتر دەڵێن: "كەسە بەدبەختەكان".ڤاگنەر لە ریزەكانیدا كەسانی دەركراو لە سوپا و دز و تاوانباری پێشتر هەن كە بەدوای پارە و سەركێشییەوە بوون لەخۆ گرت. موچەی باش دەرفەتێكی نایابە بۆ پیاوانی بێكار، كە زۆرێكیان هەموو هیوایەكیان لەدەستداوە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانیان و راستكردنەوەی رێچكەی ژیانیان. لیبیا یەڤگینی پریگۆژین لەبەرامبەر گرێبەستێك لەگەڵ (مارشاڵ خەلیفە حەفتەر) هەڵمەتێكی دەستپێكرد ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی گەنجان بۆ شەڕكردن لەپاڵ ئەو میلیشیانەدا كە شەڕ بۆ رژێمی بەشار ئەسەدی سوریا دەكەن، بۆ لیبیاگواستەوە، ڤاگنەر لاوانی سوریا بەرامبەر بە پارەی نارد بۆ بەهێزكردنی ریزی هێزەكانی مارشاڵ خەلیفە حەفتەری لیبیا، كە پشتیوانی مۆسكۆی هەبوو دژی حكومەتی ددانپێدانراوی لیبیا لە تەرابلس. ڤاگنەر مانگانە موچەی "1,000 دۆلار دەدا بەوانەی وەك خۆبەخش پاسەوانیی دەزگاكانیان دەكەن و 1,500 دۆلار بەوانەی وەك خۆبەخش شەڕ بۆ گروپەكە دەكەن لە لیبیا. ئەمە تاڕادەیەك سامانێكی گەورەیە بەراورد بەوەی لە سوریا دەست خەڵك دەكەوێت، بۆنمونە موچەی مانگانەی سەربازێكی ئاسایی سوری نزیكەی 30 دۆلارە، لەكاتێكدا موچەی مانگانەی چەكدارانی ڤاگنەر 1,500دۆلارە. ملكەچكردنی ئەلێكساندەر لوكاشێنكا لە چەند ساڵی رابردوودا، سەرەڕای فشار لە روسیاوە، سەرۆكی بێلاروس ئەلێكساندەر لوكاشێنكا یەكگرتنەوەی دەستبەجێی لەگەڵ مۆسكۆ رەتكردۆتەوە و هەوڵیداوە پەیوەندییەكان لەگەڵ خۆرئاوا بەهێزبكات، بەڵام بێلاروس پێگەیەكی ناوەندی هەیە لە پلانی ستراتیژیی روسیادا، كە رەنگە گرنگتربێت لە هی هەر دەوڵەتێكی دیكەی دراوسێ، بێجگە لە ئۆكرانیا،روسیا چەند بەرژەوەندییەكی گەورەی هەیە لە بێلاروس، لەبەرئەوەی مۆسكۆ تاڕادەیەك تەواوی پێداویستییەكانی مینسك بۆ نەوت و گاز دابیندەكات. بەڵام ئەلێكساندەر لوكاشێنكا هەوڵیدا پشتبەستوویی خۆی بۆ هایدرۆكاربۆن بە روسیا كەمبكاتەوە، نەوتی لە نەرویج، سعودیە، ئازەربایجان و ئەمریكا بكڕێ، بەجۆرێك بووە هۆی بێزاركردنی سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پوتین.روسیا لەجیاتی ئەوەی لەوكاتەدا راستەوخۆ تەداخول لە بیلاروسسدا بكات، ڤاگنەری راسپارد بۆ ملكەچكردنی بیلارووس لەوەشدا سەركەوتووبوو ڤاگنەر ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجامدا لە مینسك و شوینی حەوانەوەی ئەلێكساندەر لوكاشێنكا ئەمەش وایكرد بیلارووس روو لە مۆسكۆ و پشت لە خۆرئاوا بكات. باخموت داگیركردنی باخموت لە ئۆكرانیا لەلایەن ڤاگنەرەوە بووبە سەركەوتنێكی گەورەی ڤاگنەر و یەڤگینی پریگۆژین لەهەمانكاتدا لاوازی سوپای روسیای دەرخست چونكە ئەوەی سوپای رووسیا بە 6مانگ هەوڵدان بۆ داگیركردنی باخموت شكستی هێنا ڤاگنەر بە مانگێك ئەنجامیدا، ئەمەش ئێڤگینی پریگۆژین بەجۆرێك غرور كرد سوكایەتی ئاشكرا بە سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا بكات و سەرەتای دەركەوتنی ناكۆكیەكانی پریگۆژین و شویگۆ لە میدیا دەركەوت. سێرگی شویگۆ بریاریدا لە 1-7-2023ەوە گرێبەستی وەزارەتی بەرگری رووسیا و ڤاگنەر هەڵوەشێنێتەوە وچەكدارانی ڤاگنەر لە كۆمپانیای تایبەتەوە بكات بە گروپێكی چەكداری سەر بەوەزارەتی بەرگری رووسیا ، یەڤگینی پریگۆژین بۆردوومانی ڤاگنەری لەلایەن سوپای رووسیا كردە بیانوو گەرانەوەی ڤاگنەری بۆ رووسیا راگەیاند و بەڵێنیدا سێرگی شویگۆ لە مەیدانی سوری مۆسكۆ لەسێدارەبدات. كورد و ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژین، چەندینجار هەوڵیداوە و ئۆفەری گرێبەستی خستۆتەبەردەم هێزەكانی سوریای دیموكراتیك – هەسەدە، بۆ پاراستنی كێڵگەنەوتیەكانی باكوری سوریای ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، لەبەرامبەر پشكی %25داهاتی نەوت ئەوا ڤاگنەر پاراستنی كێڵكە نەوتیەكان و لە كڕینی چەك و تەقەمەنی هاوكاری هەسەدە دەكات، بەڵام هەسەدە هەرزوو هەموو هاوكاری و نزیكبوونەوەیەكی لەگەڵ ڤاگنەر رەتكردۆتەوە –چونكە لەلایەن ئەمەریكیەكان ڤاگنەر بە گروپی تیرۆرستی و خودی هەسەدەش نزیكبوونەوەی لە ڤاگنەر بەمەترسی بۆ سەر ناوبانگ و دژی پرەنسیپەكانی خۆی زانیوە. هەرچەندە باڵادەستی ڤاگنەر لە بازاری كرین و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی (بازاری رەش)، لە ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیای ناڤین (قەوقاز)، نەك هەسەدە وڵاتەكانی ناچار بە مامەڵە لەگەڵ ڤاگنەر كردووە. چەقۆی شێف بۆ ملی قەیسەر یەڤگینی پریگۆژین، گەرانەوەی ڤاگنەری بۆ رووسیا لە 23-6-2023 ( 23-6-2016ئەو ریكەوتەیە كە رووسیا و چین ڕێكخراوی بریكستیان راگەیاند!. )و رایگەیاند رووسیا پێویستی بە سەرۆكێكی نوێ هەیە و مۆسكۆ هەوڵەكەی یەڤگینی پریگۆژین بە ( كودێتا) و خیانەتی نیشتیمانی ناوبرد و پۆتین بەڵێنیدا بەتوندی رووبەروویان بێتەوە, ئایا یاخیبوونەكەی ڤاگنەر ڕاستەقینەیە، یان هەوڵێكی پۆتینە لەریگەی شێفەكەیەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەكی دەربازبوون و ڕاگرتنی شەڕی ئۆكرانیا، فەرماندەی ڤاگنەر دۆستێكی نزیكی پوتینە و ڕەنگە پڕوپاگەندەی شكستی سوپا لە دابینكردنی تەقەمەنی و كەلوپەل بۆ ڤاگنەر لە ئۆكرانیا تەنها شانۆگەرییەك بێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ زیانەكانی سوپای ڕووسیا و داگیرنەكردنی كیێڤ و شارە گەورەكانی دیكە و دواتر كشانەوەی لە ناوچە داگیركراوەكانی پێشتر. هۆكارەكانی تری وەك: نزیكبوونەوەی چین و ئەمریكا كە ڕەنگە یەكێك بێت لە دەرئەنجامەكانی: دەرچوونی رووسیا لە شەڕی ئۆكرانیا بە سیناریۆی ڤاگنەر. سیناریۆی یاخیبوونەكە و ئامانجەكەی هەرچییەك بێت، گومانی تێدا نییە كە پێگە و دەسەڵاتی پوتینی لە ئێستاوە لاواز كرد.    


راپۆرت: درەو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كاتێك لە زیندان ئازادكرا، كۆشكێكی دانا‌و سۆسیسی دەفرۆشت، بەڵام زۆر حەزی لەوە بوو خۆی لە بەرپرسان نزیك بكاتەوە، كۆڵی نەدا‌و بەردەوام بوو تا گەیشتە نزیك ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا، نازناوی "چێشتلێنەری پۆتین"ی پێدراو بازرگانییەكەی فراوان كرد، چەندین بازاڕو كۆمپانیای دروستكرد، ئابورییەكی بەهێز پێویستی بەوە بوو گروپێكی میلیشیایی پارێزگاری لێبكات، بۆیە بە ئاگاداری پۆتین میلیشیای "ڤاگنەر"ی دروستكرد، میلیشیایەك كە ئەمڕۆ لە سوپای روسیا‌و سەرۆك پۆتین هەڵگەڕایەوە‌و دەیەوێت پۆتین لە سەرۆكایەتی روسیا لابدات. ئەمە چیرۆكی (یاڤگینی پریگۆژین)ە كە بەیانی ئەمڕۆ بنكەی سەرەكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی روسیای دژ بە ئۆكراینا كۆنترۆڵ كرد، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  چێشتلێنەر لە سەرۆك هەڵگەڕاوەتەوە ! جارێكی تر گروپی "ڤاگنەر"ی روسی كە گروپێكی میلیشیاییە بووەوە بە مانشێتی دەنگوباسەكان لەسەر ئاستی جیهان، دوێنێ فەرماندەی ئەم گروپە كە ناوی (یاڤگینی پریگۆژین)ە رایگەیاند، سوپای روسیا كەمپی هێزەكانی ڤاگنەری كردوەتە ئامانج‌و ئەمە بووەتە هۆی كوژرانی زۆرێك لە چەكدارەكانی، داوای لە خەڵكی "نیشتمانپەروەر"ی روسیا كرد بڕژێنە سەر شەقامەكان بۆ روبەڕووبونەوەی "سەركردە خیانەتكارەكان"ی سوپای وڵاتەكەیان.  بەپێی قسەی پریگۆژین، گروپی ڤاگنەر خاوەنی (25 هەزار) چەكدارە لە روسیا‌و پێشوازی لە هەر كەسێك دەكەن بیەوێت بێتە ناو هێزەكەیانەوە، وەكو خۆی دەڵێ، ئەم كارەی ئەوان كە دەستیان داوەتێ، كودەتای سەربازی نییە، بەڵكو رەوتێكە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی".   "ئەوەی روودەدات ناپاكییەكی ناوخۆییە‌و لێدانی خەنجەرە لە پشتەوە، ئەوانەی یاخیبوونەكە چەكدارییەكەیان رێكخستووە‌و چەكیان دژی هاوڕێیانی جەنگ بەرزكردوەتەوە خیانەتیان لە روسیا كردووە‌و بەرپرسیارێتی ئەو كارەیان دەكەوێتە ئەستۆ" ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا لە یەكەم كارداوەدا دژی یاخیبوونەكەی گروپی "ڤاگنەر"  وای وت. یاڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" بەرە بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند چوەتە ناو بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپای روسیا لە شاری (رۆستۆڤ)ی روسیا، كە بنكەی سەرەكی هێرشەكانی روسیایە بۆسەر ئۆكراینا، هێزی "ڤاگنەر" دەستیان بەسەر چەند شوێنێكی تریشدا گرتووە، لەوانە فڕۆكەخانە. پریگۆژین لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا كە لە تیلیگرام بڵاویكردەوە، رایگەیاند" پێگە سەربازییەكانی رۆستۆڤ لەژێر كۆنترۆڵدایە.. ڤالیری گیراسیمۆڤ سەرۆكی ئەركانی گشتی سوپای روسیا كاتێك زانی ئێمە لە بارەگاكە نزیك دەبینەوە، لێرە هەڵات". ئاماژەی بەوەكرد، سوپای روسیا لەبارەی دۆخی بەرەكانی شەڕەوە لە ئۆكراینا قسەی راست ناكات. وتی:" سوپا رۆژانە نزیكەی هەزار پیاو لەدەستدەدات بە كوژراو و بریندارو بێسەروشوێنەوە، ئەمە لەپاڵ ئەوانەدا كە نایانەوێت شەڕ بكەن.. روبەڕێكی بەرفراوانی ئەو خاكەی كە لە ئۆكراینا داگیركرا، لەدەستدرا‌و زۆرێك لە سەربازان كوژران".   یاخیبوونەكەی بەیانی ئەمڕۆی گروپی "ڤاگنەر" دژی فەرماندەیی سەربازی روسیا، هەموو ئەو ناكۆكییە قوڵانەی دەرخست كە لەناو هێزەكانی روسیادا لە جەنگی ئۆكراینادا هەبوون. رۆژی هەینی‌و بەر لە یاخیبوونەكە، فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" رایگەیاند، بەهۆی دژە هێرشی هێزەكانی ئۆكرایناوە، هێزەكانی روسیا لە خۆرهەڵات‌و باشوری ئۆكراینا پاشەكشێ دەكەن، بەڵام ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا بەپێچەوانەوە قسەی كرد‌و وتی:" بەهۆی دژە هێرشەكەیەوە، ئۆكراینا زیانێكی كارەساتباری بەركەوتووە".  فەرماندەی "ڤاگنەر" كە پیاوێكی خاوەن كاری  تەمەن 62 ساڵە‌و بوو بوو بە یەكێك لە دیارترین كارەكتەرەكانی ناو پرۆسە سەربازییەكانی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، سەرباری ئەوەی كەسایەتییەكی نزیك بوو لە كۆشكی كرملینەوە، بەڵام هاوكاتیش بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەكانی مۆسكۆ دەگرت، تا ئەو رادەی گومانی لەسەر هەڵمەتە سەربازییەكەی پۆتین بۆسەر ئۆكراینا دروستكرد كاتێك وتی:" ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت بۆ دەستیپێكرد ؟ جەنگ پێویست بوو بۆ ئەوەی گروپێك  حەرامزادە خۆیان هەڵكێشن". پۆتین لە یەكەم كاردانەوەدا هۆكاری یاخیبونەكەی "ڤاگنەر"ی بۆ "حەزو خولیای كەسیی" گەڕاندەوە‌و یاخیبونەكەی بە "هەڕەشەیەكی كوشندە" لەسەر دەوڵەتی روسیا ناوبرد‌و فەرماندەی ڤاگنەریشی بە خیانەتكار پێناسە كرد.  ڤاگنەر كە لە شەڕدا بوو دژی ئۆكراینا، ئێستا ئاڕاستەی شەڕی دژ بە سەرۆكی روسیا پێچەوانە كردوەتەوە‌و دەڵێ لە"پێناو رزگاركردنی گەلی روس دەجەنگین". لە یەكەم كاردانەوەدا دوای پەیامەكەی پۆتین، یاڤگینی پریگۆژین رێبەری ڤاگنەر وتارەكەی سەرۆكی وڵاتەكەی بە "بێئومێدكەر" ناوبرد، دواتریش بەیاننامەیەك بەناوی گروپەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام بڵاوكرایەوە كە تێیدا هاتووە" پۆتین رێگا هەڵەكەی هەڵبژاردووە.. بەمزوانە روسیا سەرۆكێكی نوێ دەبێت".  پەیوەندی ڤاگنەرو سوپای روسیا یاخیبوونی گروپی ڤاگنەر لە سوپای روسیا پێشبینی كراو بوو، لە چەند مانگی رابردوودا پریگۆژین-ی رێبەری ئەم گروپە چەندین لێدوانی داوە كە گوزارشت بوون لە بوونی ناكۆكی لەگەڵ سوپادا.  لە مانگەكانی نیسان‌و ئایاری رابردوودا پریگۆژین هەڕەشەی ئەوەی كرد بەشێك لە گروپە چەكدارەكەی لە بەرەی جەنگ لە باخموتی خۆرهەڵاتی ئۆكراینا بكێشێتەوە، ئەگەر سوپای روسیا چەك‌و تفاقی پێویستیان پێنەدات.  هەندێك گروپی "ڤاگنەر" بە كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەت ناو دەبەن، هەندێكی تر دەڵێن گروپێكی روسی نیمچە فەرمین، بەگوێرەی قسەی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، ئەم گروپە سەربە وەزارەتی بەرگری روسیایە، بەڵام سەربەخۆیی پێدراوە. دەوترێت دامەزرێنەری سەرەكی ئەم گروپە كەسێكە بەناوی (دیمتری ئۆتكین) بووە كە ئەفسەرێكی پێشووە لە هێزی تایبەتی روسیا‌و ناوە نهێنییەكەی "ڤاگنەر" بووە، بەڵام ئێستا گروپەكە بووە بە موڵكی یاڤگینی پریگۆژین. تاوەكو دوێنێ، كاتێك ژەنەراڵەكانی روسیا پریگۆژین-یان تۆمەتبار دەكرد بە هەوڵدان بۆ كودەتای سەربازیی، پۆتین ئامادە نەبوو لێكۆڵینەوە لەو قسە توندانە بكات كە رێبەری ڤاگنەر لەرێگەی ئینتەرنێتەوە لەبارەی جەنگی ئۆكرایناوە دەیكردن، بەبەراورد بە سجنكردن‌و غەرامەكردنی رەخنەگرانی تر لە جەنگی ئۆكراینا، پۆتین دەستی بۆ رێبەری ڤاگنەر شل كردبوو.  ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لە مۆسكۆی پایتەخت زۆرێك لە شیكەرەوەكان بەدگومان بوون لە جوڵەكانی دامەزرێنەری ڤاگنەر‌و هەوڵەكانی بۆ چەكداركردنی زیندانیان‌و پێشێلكارییەكانی گروپەكە لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.  ڤاگنەر چییە ؟ یاڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" یەكێك لە دۆستە هەرە نزیكەكانی پۆتین بوو، بەر لە یاخیبوونەكە، هێزی ڤاگنەر رێژەی 10%ی تێكڕای سوپای روسیای لەناو خاكی ئۆكراینا پێكدەهێنا.  بەرپرسانی بەریتانی دەڵێن، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئۆكراینادا، ژمارەی چەكدارەكانی ئەم گروپە لە هەزار كەسەوە بۆ زیاتر لە 20 هەزار زیادی كردووە.  پریگۆژین كە تەمەنی 62 ساڵەو، بەوە بەناوبانگە كە خاوەنی كۆمپانیای خۆراك‌و ریستۆران بووە‌و خواردن‌و خواردنەوەی بۆ بۆنە فەرمییەكانی پۆتین سەرۆكی روسیا لە كۆشكی كرملین دابین كردووە‌و كۆمپانیاكەی لەم بوارەدا ناوی (كۆنكۆرد)ە. دیارترین وێنەی پریگۆژین وێنەیەكە كە تێیدا ژەمە خواردنێك بۆ پۆتین دادەنێت، لەوكاتەوە ئیتر ئەم پیاوە بە "چێشتلێنەرەكەی پۆتین" ناوبانگی دەركردووە.  پریگۆژین‌و پۆتین هەردووكیان خەڵكی شاری (سان پترسبۆرگ"ن، كە دووەم گەورە شاری روسیایە، سەرەتای پەیوەندی نێوان ئەم دوو پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، ئەوكات پۆتین لە ئۆفێسی سەرۆكایەتی شارەوانی سان پترسبۆرگ كاری دەكرد، بەردەم سەردانی چێشتخانەكەی پریگۆژین-ی دەكرد، چێشتخانەكە لەناو چینی بەرپرسانی خۆجێیدا بەناوبانگ بوو.  ئەم دۆستایەتییە لەگەڵ پۆتین، سنوری كاركردنی پریگۆژینی لە بواری چێشتخانەوە بەرفراوان كرد بۆ گرێبەست لەگەڵ لایەنە حكومییەكان بەتایبەتی لە بواری دروستكردنی بینای خوێندنگەو باخچەی ساوایان‌و دواتریش كاركردن لەگەڵ سوپای روسیا، بەجۆرێك بەهای گرێبەستەكانی پریگۆژین لەگەڵ حكومەتی روسیا گەیشتە زیاتر لە (3 ملیار)  دۆلار، ئەمە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە دامەرزاوەی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی كردویەتی، دامەزراوەیەك كە (ئەلێكسی ناڤالنی) سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی روسیا دروستیكردووە.  ساڵی 2010 هەندێك لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانیی، ناوی پریگۆژین-یان بەستەوە بە یەكەی زانیاری چەواشەكارانە لە سان پترسبۆرگ كە بە "كارگەی ترۆل" ناسراوە، مەبەست لەمە كارگەی دروستكردنی هەندێك بەرهەم بوو كە لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت بڵاودەكرانەوە بەئامانجی ناشیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی روسیا‌و نیشاندانی بەهێزی دەسەڵات لە كرملن.  بەگوێرەی لێكۆڵینەویەك كە راوێژكاری تایبەت (رۆبەرت مۆلەر) لە ساڵی 2016دا كردویەتی، كارگەی ترول بەشێك بووە لە هەوڵەكانی روسیا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا. ئەوكات پریگۆژین رەتیكردەوە پەیوەندی بەو كارگەیەوە هەبێت.  بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا كاتێك هەڵبژاردنی نیوەیی لە ئەمریكا بەڕێوەدەچوو، دانی بەوەدا نا هەوڵ هەیە بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر سیاسەتەكانی ئەمریكا.  لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە، پریگۆژین رایگەیاند" دەستوەردانمان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا كردووە‌و بەردەوامیش دەبین لە دەستوەردان. ئەم كارەش زۆر بە لێهاتوویی‌و وردی‌و بە شێوازی تایبەتی خۆمان دەكەین‌و دەزانین چۆن بیكەین".  "لەرێگەی نەشتەرگەییە وردەكانمانەوە لەیەككاتدا گورچیلەكان‌و جگەر دەردەهێنین" پریگۆژین ئەمەی وت بۆ نیشاندانی توانای روسیا لەم بوارەدا.  بۆ ماوەی چەندین ساڵ پریگۆژین رەتیدەكردەوە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ گروپی "ڤاگنەر"دا بێت، سكاڵای یاسایی دژی هەر رۆژنامەنوسێك بەرزدەكردەوە كە بانگەشەی ئەوە بكات ئەو دامەزرێنەری گروپەكەیە.  گروپی "ڤاگنەر" بۆ یەكەمجار ساڵی 2014دا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا دەركەوت، یارمەتی جوداخوازەكانی ئۆكراینای دا كە بە پاڵپشتی روسیا دوو كۆماری نوێیان لە ناوچەكانی (دۆنیتسك)‌و (لۆهانسك) دروستكرد.  لە 2014وە گروپی "ڤاگنەر" بەشداری لە  چەندین ململانێدا لەسەرتاسەری جیهان كردووە، بەتایبەتیش لە سوریا‌و زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقا.  دەوترێت ئەم گروپە بەشداری لە زۆرێك لە كردەوە سەربازییەكاندا دەكەن لەو وڵاتانەی كە شەڕی ناوخۆییان تێدایە، ئەمەش بۆ دەستڕاگەیشتن بە سامانی سروشتی لەو وڵاتانەدا. بۆ نمونە دەوترێت ئەندامانی گروپی "ڤاگنەر" پاسەوانی ئەو كێڵگانەی نەوت دەكەن كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادا، ئەمەش لەبەرامبەر وەرگرتنی رێژەیەك لە داهاتی ئەو كێڵگانە.  لە لیبیا-ش گروپی "ڤاگنەر" شانبەشانی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر شەڕیان كردووە كاتێك حەفتەر هەوڵیداوە ئەو حكومەتە لەسەر كارلابدات كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت، لە پارەی داهاتی نەوتی لیبیا خەرجی بە كرێگیراوەكانی ڤاگنەر دابین كراوە.  لە كۆماری ئەفریقای ناوەڕاستیش، گروپی "ڤاگنەر" پاڵپشتی لە حكومەتی ئەو وڵاتە كرد دژ بە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان‌و كاری پاراستنی كانەكانی زێڕو ئەڵماسی ئەو وڵاتەیان پێدراوە.   لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا، دوای شەش مانگ لە جەنگی روسیا دژی ئۆكراینا، بەشێوەیەكی كتوپڕ پریگۆژین دانی بەوەدانا كە ئەو گروپی "ڤاگنەر"ی دروستكردووە، ئەمەش كاتێك بوو ئەوە سەلمێندرا كە گروپی ڤاگنەر لە جەنگەكەدا كاراترین یەكەی سەربازی روسیایە.  "خۆم چەكی كۆنم پاكدەكردەوە، جڵقەی دژە فیشەكم ریز دەكرد، كۆمەڵێك كەسی پسپۆڕم بەكرێ گرت بۆ ئەوەی لەم كارەدا یارمەتیم بدەن، ئەمە لە رۆژی 1ی ئایاری 2014دا بوو، لەوكاتەدا  گروپێكی نشتیمانی لەدایكبوو، كە دواتر ناوی لێنرا كەتیبەی ڤاگنەر" پریگۆژین بەمشێوەیە لە بەیاننامەیەكدا باس لە دروستكردنی گروپەكەی دەكات.  پریگۆژین كە لە لایەنگرە سەرسەختەكانی سەرۆك پۆتین بوو، یەكێك لە دیارترین ئەو دەنگە كەمانە بوو لە روسیا كە باسی لە ناڕەزایەتیی خۆی دەكرد سەبارەت بە ئاستی فەرماندەیی سوپای روسیا لە ئۆكراینا.  پریگۆژین هاوشانی رەمەزان قەدیرۆڤ-ی رێبەری چیچانییەكان راوەستا لە رەخنەگرتن لە (ئەلكسەندەر لابین) كە یەكێكە لە گەورە ژەنەراڵەكانی روسیا، گاڵتەیان پێكرد بەهۆی شكستەكانییەوە لە ئۆكراینا.  كار گەیشتبووە ئەوەی، قەدیرۆڤ ئەیوت دەبێت پلەی سەربازی لە لابین وەربگیرێتەوە‌و بكرێت بە سەربازێكی ئاسایی‌و رەوانەی بەرەی پێشەوەی شەڕ بكرێت، ئەوكات پریگۆزین ستایشی قەدیرۆڤی كرد‌و وتی:" رەمەزان تۆ لەو پەڕی حەماسەتدایت".  بەڵام ئێستا كە ئیتر ڤاگنەر لە پۆتین یاخی بووە، رەمەزان قەدیرۆڤ پاڵپشتی خۆی بۆ پۆتین راگەیاند‌و دەڵێ پریگۆژین خیانەتی كردووە.  سەرباری ئەو هەژمونە زۆرەی كە بەهۆی هاوڕێیەتییەكەی لەگەڵ پۆتیندا لە روسیا پەیدای كردبوو، بەڵام پریگۆزین هیچ پۆستێكی فەرمی لە دەوڵەتدا نەبوو.  پسپۆڕانی سەربازی باسیان لەوە دەكرد، ئەو چەكانەی كە جەنگاوەرەكانی گروپی ڤاگنەر لە لیبیا بەكاریانهێناوە، لەو جۆرە چەكانە بوون كە لە بازاڕی چەكدا بەردەست نەبوون‌و توانای بەدەستهێنانیشیان نەبووە تەنیا لەرێگەی پەیوەندی حكومییەوە نەبێت لەسەر ئاستێكی باڵا.  مانگی ئازاری رابردوو، بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاند، لانی كەم هەزار بەركێگیراو لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا بڵاوەیان پێكراوە، جۆن ئێف كێربی سكرتێری رۆژنامەوانی پەنتاگۆن وەكو ئاماژەیەك بۆ گروپی ڤاگنەر وتی:" ئێمە دەزانین ئەوان لەوێن، دەزانین دەیانەوێت پێگەی خۆیان لە ئۆكراینا بەهێز بكەن".  پێشتر، پریگۆزین سەردانی زیندانەكانی روسیای كرد بەمەبەستی كۆكردنەوەی چەكدار بۆ شەڕی ئۆكراینا لەناو ئەو زیندانیانەدا كە حوكمدراون، بەدوور دەزانرێت بەبێ رەزامەندی لایەنی باڵای دەوڵەت، ئەو بتوانێت كارێكی لەمشێوەیە بكات.  پریگۆزین زیندانییەكانی هاندا بۆ ئەوەی بەشداری شەڕ بكەن، پێی وتن كۆمەڵگە رێزتان لێدەگرێت، هۆشداری پێدان لەوەی تاوانی نوێ لە نمونەی دەستدرێژی سێكسی ئەنجام نەدەن، وتی:" كحول مەخۆنەوە، ماددە هۆشبەرەكان بەكارمەهێنن، دەستدرێژی مەكەن.. بە دسپلین بن".  بەڵێنی بە زیندانییەكان دا، بۆ ماوەی شەش مانگ لەبەرەی پێشەوەی شەڕ دادەنرێن‌و دواتر ئازاد دەكرێن‌و دەتوانن بە دۆسیەیەكی خاوێنەوە بگەڕێنەوە بۆناو ماڵی خۆیان.  بەمدواییە یەكێك لەو زیندانییانەی كە تاوانی كوشتنی لەسەر ساغ بووەوە، دوای بەسەربردنی شەش مانگ لە بەرەكانی شەڕ، گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی خۆی.  سوپای ئۆكراینا دەڵێ گروپی ڤاگنەر چەكدارەكانی وەكو سوتەمەنی جەنگ بەكاردەهێنێت‌و بەشێكی زۆری چەكدارەكانی كوژراون بەتایبەتیش لە شەڕەكانی دەوروبەی هەردوو شاری (سولیدار)‌و (باخموت) لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا.  سۆسیس فرۆشێك هەڕەشە لە پۆتین دەكات ئێستا كە ئیتر بەتەواوەتی یاخیبوونی خۆی لە سوپای روسیا راگەیاندووە، میدیا جیهانییەكان دەیانەوێت ژیانی یاڤگینی پریگۆژینی رێبەری ڤاگنەرو گەورەبوونی بزانن.  بەپێی بەدواداچونی ئاژانسەكان، پریگۆژین ساڵی 1961 لە شاری سان پترسبۆرگ لەدایكبووە، ئەوكاتە شارەكە ناوی "لینینگراد" بوو، ساڵی 1981 لە زیندان دەرچووە كە بەتۆمەتی دزیكردن‌و تاوانی تر دەستگیركراوە، ئەمە بەپێی كۆمەڵێك بەڵگەنامە كە سایتی "میدۆزا" بڵاویكردوەتەوە. دوای بەسەربردنی ماوەی حوكمەكەی لە زیندان كە (9) ساڵ  بووە، پریگۆژین كۆشكێكی تایبەت بە فرۆشتنی سۆسیس-ی داناوە، دواتر بووە بە خاوەنی چەندین رستۆرانت‌و فرۆشگا.  رۆژنامەی (گاردیان) بەریتانی راپۆرتێكی لەبارەی كەسایەتی رێبەری گروپی "ڤاگنەر" بڵاوكردوەتەوە لەژێر  ناوی "یاڤگینی پریگۆژین.. فرۆشیارێكی سۆسیس كە گەیشتە لوتكەی دەزگای جەنگیی پۆتین". لە راپۆرتەكەدا گاردیان باسلەوە دەكات، ساڵی 2014 گروپێك لە گەورە بەرپرسانی روس لە بارەگای وەزارەتی بەرگری لەگەڵ پریگۆژین كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا پریگۆژین داوای پارچە زەوییەكی لە وەزارەتی بەرگری كرد بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێت بۆ ئەنجامدانی راهێنان بەو خۆبەخشانەی كە پەیوەندی فەرمییان بە سوپای روسیاوە نییە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا پشتیان پێببەسترێت.  زۆر كەس لە وەزارەتی بەرگری مامەڵە‌و هەڵسوكەوتی پریگۆژینیان بەدڵ نەبوو، بەڵام بۆیان دەركەوت ئەمە داواكارییەكی ئاسایی نییە، چونكە پێی وتن" فەرمانەكان لە پاپاوە هاتووە"، پاپا نازناوی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیایە، ئەم قسەیەی بۆ ئەوە كرد، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بزانن كە ئەو چەندێك لە سەرۆك پۆتینەوە نزیكە.  وەكو خۆی دەڵێ، بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، رۆژنامەی گاردیان قسەی لەگەڵ زۆر كەس كردووە كە لەنزیكەوە پریگۆژینیان ناسیوە، زۆرێكیان داوایان كردووە ناویان بڵاونەكرێتەوە، چونكە رێگەپێدراو نین قسە بكەن.  پیاوێكی خاوەن كار كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە پریگۆژینی ناسیوە، قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووەو وتویەتی:" ئەو پیاوێكی چالاك‌و خاوەن بەهرەیە، هەر شتێك بیەوێت تا بەدەستی نەهێنێت ناكشێتەوە".  هەندێك لەوانەی كە دەیناسن باسیان لەوە كردووە كە نە پارەو نەهێز هۆكاری پاڵنەری پریگۆژین نەبوون، هەرچەندە ئەو لەم كاروانەدا هەردوو شتەكەشی بەدەستهێناوە، پێیانوایە ئەو حەزی لە بەرەنگاربوونەوە هەیە‌و باوەڕی وایە كە بە نوێنەرایەتی هەر كەسێكی ئاسایی، شەڕی دەستەبژێری گەندەڵی روسیا دەكات‌و ئارەزووی راماڵینی ركابەرەكانی دەكات.  رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پریگۆژین دوژمنی زۆری لەناو روسیا بۆ پەیدا بووە، هەر لە هاوبەشە كۆنەكانی لەبواری بازرگانی كە هەست بەوە دەكەن خەڵەتێندراون بۆ ژەنەراڵەكانی سوپا كە ئەو وەكو بیرۆكراتی لەناو ئۆفێسەكانیان ناویان دەهێنێت تا دەگاتە گەورە بەرپرسانی ئەمنیی كە ترسیان هەیە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت لە روسیا.  پریگۆژین منداڵ بووە كە باوكی مردووە، وەكو خۆی باسی دەكات دایكی لە نەخۆشخانە كاریكردووە، نێردراوە بۆ ئەكادیمیای وەرزشی، بەڵام حەزی لێی نەبووە‌و دوای تەوابوونی لە خوێندنگە چوەتە ناو گروپێك تاوانباری بچوكەوە، ئەمە بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دادگای ساڵی 1981 كە سایتی "میدۆزا" بڵاویكردونەتەوە.  دادگا بەو ئەنجامە  گەیشتووە كە پریگۆژین لەگەڵ ئەو گروپەدا لە سان پترسبۆرگ بەشداری لەچەندین كاری دزیكردندا كردووە، لەسەر ئەم بنەمایە 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە‌و لە ساڵی 1990دا ئازادكراوە.  لەدوای دەرچوونی لە زیندان، دەستیكردووە بە فرۆشتنی سۆسیس، بەڵام بەردەوام چاوی لە ئامانجی گەورەتر بووە‌و دەیزانی چۆن كەسانی ناسراو بەلای خۆیدا كێش بكات. یەكێك لەو پیاوە خاوەن كارانەی كە لە نەوەدەكاندا ناسیویەتی دەڵێ" بەردەوام بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕا كە لە ئاستێكی باڵادا بوون بۆ ئەوەی خۆی پێیان بناسێنێت، لەمەدا زۆر باشبوو". كاتێكی زۆری نەخایاند،  پریگۆژین بوو بە خاوەنی پشك لە زنجیرەیەك گەورە بازاڕەكانی روسیا، لە ساڵی 1995دا بڕیاریدا لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لە بواری بازرگانی، ریستۆرانتێك بكاتەوە، پاش ئەمە دەستیكرد بە بردنەوەی گرێبەستە گەورەكانی حكومەت لەرێگەی كۆمپانیای "كۆنكورد"ەوە كە خۆی لە نەوەدەكانەوە دروستی كردبوو.  هەنگاوی دواتریشی بەدەستهێنانی گرێبەستە گەورەكانی هاوردەكردن بوو بۆ حكومەت. لە ساڵی 2012دا بڕی زیاتر لە (10 ملیارو 500 ملیۆن) رۆبڵ واتە زیاتر لە (200 ملیۆن) دۆلاری پارەی گرێبەستی دابینكردنی خواردنی بۆ خوێندنگەكانی مۆسكۆ بردەوە.


شیكاری: درەو وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی نیسانی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (38 ترلیۆن و 188 ملیار) دینار بووە، کە (95.8%)ی داهاتی نەوت و(3.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە. نزیکەی (2 ترلیۆن و 34 ملیار) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووە، بە پوختی زیاتر لە (36 ترلیۆن و 153 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە، واتە بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 38 ملیار) دینار و رۆژانە زۆرتر لە (301 ملیار) دینار بووە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (14.4%) و زیاتر لە (5 ترلیۆن 268 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. هاوکات بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (393 ملیۆن و 48 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی نزیک لە (3 ملیۆن و 276 هەزار) بەرمیل. هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (76.2) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا (40 ترلیۆن و 503 ملیار و 10 ملیۆن و 294 هەزار) دینار بووەو، بڕی (36 ترلیۆن و 606 ملیار و 564 ملیۆن و 127 هەزار) دینار بە ڕێژەی (90.4%)ی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارتی دارایی. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2023)دا   وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، تا مانگی نیسانی ئەمساڵ بە بەهای (40 ترلیۆن و 503 ملیار و 10 ملیۆن و 294 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (17ی حوزەیرانی 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (36 ترلیۆن و 606 ملیار و 564 ملیۆن و 127 هەزار) دینار بە ڕێژەی (90.4%). بە جۆرێک؛ 1.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). 4.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە نیسانی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی نیسانی (2023)دا بە بەهای (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 354 ملیار و 118 ملیۆن و 317 هەزار) دینار بە ڕێژەی (82.8%).   تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2023)دا رۆژی (17ی حوزەیرانی 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی نیسانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ نیسانی ساڵی (2023) لە (17ی حوزەیرانی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (38 ترلیۆن و 188 ملیار و 53 ملیۆن و 541 هەزار و 719) دینار، بەجۆرێک بڕی (36 ترلیۆن و 606 ملیار و 564 ملیۆن و 127 هەزار و 565) دیناری بەڕێژەی (95.8%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (ترلیۆنێک و 581 ملیار و 489 ملیۆن و 414 هەزار و 154) دینار، بەڕێژەی (4.2%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 34 ملیار و 83 ملیۆن و 735 هەزار) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیة) کورتی هێناوە و بە پوختی (36 ترلیۆن و 153 ملیار و 969 ملیۆن و 806 هەزار و 678) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەشو بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 38 ملیار) دینار و رۆژانە زۆرتر لە (301 ملیار) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).   دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ و چواری ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (30 ترلیۆن و 885 ملیار و 581 ملیۆن و 871 هەزار و 236) دینار، بەجۆرێک بڕی (27 ترلیۆن و 264 ملیار و 402 ملیۆن و 938 هەزار و 331) دیناری بەڕێژەی (88.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (3 ترلیۆن و 621 ملیار و 178 ملیۆن و 932 هەزار و 905) دیناری بەڕێژەی (11.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).   سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (3 ترلیۆن و 621 ملیار و 178 ملیۆن و 932 هەزار و 905) دیناری بەڕێژەی (11.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (368 ملیار و 466 ملیۆن و 820 هەزار و 968) دیناری بە ڕێژەی (10.2%)ی بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (434 ملیار و 199 ملیۆن و 241 هەزار و 749) دیناری بە ڕێژەی (12%)ی بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (835 ملیار و 834 ملیۆن و 979 هەزار و 505) دیناری بە ڕێژەی (23.1%)ی بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 567 ملیار و 655 ملیۆن و 417 هەزار و 584) دیناری بە ڕێژەی (43.3%)ی بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (415 ملیار و 22 ملیۆن و 473 هەزار و 99) دیناری بۆ بە ڕێژەی (11.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)).   چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (30 ترلیۆن و 885 ملیار و 581 ملیۆن و 871 هەزار و 237) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (36 ترلیۆن و 153 ملیار و 969 ملیۆن و 806 هەزار و 678) دینار. واتە بڕی (5 ترلیۆن و 268 ملیار و 387 ملیۆن و 935 هەزار و 441) دیناری بەڕێژەی (14.4%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)).   پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 67 ملیار و 776 ملیۆن و 675 هەزار و 492) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (176 ملیار و 141 ملیۆن و 739 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (161 ملیۆن و 366 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (16 ملیار و 534 ملیۆن و 900 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (2 ترلیۆن و 875 ملیار و 100 ملیۆن و 36 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (2 ترلیۆن و 63 ملیار و 281 ملیۆن و 925 هەزار و 747) دیناری بە ڕێژەی (72%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (811 ملیار و 181 ملیۆن و 110 هەزار و 150) دیناری بە ڕێژەی (28%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)).   تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (393 ملیۆن و 48 هەزار و 679) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 275 هەزار و 976) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.17) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (29 ملیار و 932 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 353) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (40 ترلیۆن و 503 ملیار و 10 ملیۆن و 294 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (98 ملیۆن و 634 هەزار و 947) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 287 هەزار و 832) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.174) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (84.64) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (8.46) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 699 ملیۆن و 272) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار. سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1527 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 30/4/2023) -    البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all چوارەم؛ تایبەت بە تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، بڕوانە؛ https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?dr    


درەو: لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ بە 10 فیشەك خواناس وریا گلی كوژرا، بكوژ ناسراوەو بانگەشەكاری رەوتێكی ئیسلامیە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن: خواناس لەسەر فیكر و بیرورا كوژراوەو پەیوەندی بە كێشەی كۆمەڵایەتی و شەڕ و كێشەی هاوڕێیەتیەوە نیە، ئەو پێشتر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت"هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوەو بیكوژیت"، خواناس لەیەك كاتدا شانۆكارو وێنەكێشەو یاریزانی كۆنگفۆ بووە، خۆیشی دەڵێت من "پاشای شەقام"م. چۆن كوژرا؟ كاتژمێر 5:50 خولەكی دوێنێ، لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ ماتوڕسوارێك بە 10 فیشەك كۆتایی بە ژیانی خواناس وریا گلی هێنا، ئەو دوو رۆژبوو لە ئیمارات گەڕابووە، بە وتەی باوكی "لەوێ كرێكاری دەكردو لە یەكێك لە گەراجەكانی ئۆتۆمبێل كاریكردووە". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی گفتوگۆی كردووە، خواناس لە خانەوادەیەكی دیارو بێ كێشەی چەمچەماڵ و هۆزی گلین، باوكی خواناس (وریا گلی) یەكێكە لە رۆماننوسە دیارەكان و خاوەنی دەیان رۆمانە (ئەم برینە ساڕێژ نابێت، مادر بزرگ، پاسەكەی نەنكم، ئەو مامم بوو، جێسیكا.. كچی شیرینم...). خواناس گەنجێكی خوێندەوارو خاوەن فیكرو بیروڕای تایبەتی خۆی بوو، لە كوڕو سمینارو دانیشتنەكاندا قسەو رەخنەی تایبەتی خۆی هەبوو، تەنانەت لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (جێسیكا.. كچی شیرینم) لە 28/3/2023 بەڕێوەچووە، خواناس یەكێك لەوانەبووە قسەی كردووەو گفتوگۆی كردووە، خۆی دەڵێت: هەڵدەستێت و قسەی خۆی دەكات و لە ئاكاوتنی تایبەتی خۆی نوسیویەتی: ئێوارەی ئەمڕۆ بەشداریمان كرد لە ناساندنی كتێبی نوسەر مامۆستا Wrya Glee باوكی ئازیزم بەناوی: "جێسیكا-كچی شیرەكە" (ڕۆمان)، هاوكات هەندێك تێڕوانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزیان كرد. پاشای شەقام خواناس وریا گلی لەدایكبووی ساڵی 2001ی چەمچەماڵە، خێزاندارەو خاوەنی منداڵێكە بەناوی رامین تەمەن 3 ساڵە، ئەو گەنجێكی شیكپۆش و بەڕەونەق بوو، هونەرمەندو شێوەكاربوو، لە ئاكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی (ئەكتەر، شێوەكار، پاڵەوانی كۆنگفو شاوڵین و یاریزانی هونەری جەنگی تێكەڵ) نازناویشم (پــــــاشای شەقــام)ە. خواناس وەكو ئەكتەرو شانۆكارو دەرهێنەر كاریكردووە لە رۆژی 8ی مارسی 2023 نوسیویەتی "پیرۆزمان بێت خەڵاتی یەكەم باشترین ئەكتەرو خەڵاتی یەكەم باشترین دەق بۆ نمایشی شانۆی (پاڵیۆراو) كە وەكو دەرهێنەرو ئامادەكارو رێكخەری دەق تییایدا بەشداربووم"، خواناس وەك وێنەكێش چەند وێنەیەكی داناوەو وەك كاری وێنەی خۆی لە ئاكاوتنی خۆی، لە هەمانكاتدا سەرقاڵی هونەری كۆنگفۆ بووەو چەندین وێنەی خۆی لەكاتی وەرزشكردندا بڵاوكردووەتەوە. خواناس لە كاتی كوشتنی ماریا سام لە 10ی ئازاری 2022 لە هەولێر، نوسیویەتی: هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوە، بیكوژیت. ناكرێت هیچ كەسێك بكوژرێت لەسەر سەرپۆشلادان و جگەرەكێشان و ئایین گۆڕین، شانازی بەوەوە دەكەم بۆ یەك دەقەش چاوم نە نوقاندووە لە ناهەقی. خواناس بۆ كوژرا؟ لەسەرەتاداو لە چەند كاتژمێری دوای كوشتنی خواناس وریا گلی، رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە میدیاكانی وت" تاوانبارەكە ناسراوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستگیردەكرێت، بكوژ هاوڕێی خواناس بووەو پێشتر كێشەیان هەبووە". بەڵام وریا گلی باوكی رەتیدەكاتەوە خواناس كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ و دەڵێت" كوشتنی خواناس هیچ پەیوەندی بە شەڕو دەمەقاڵیەوە نیە چونكە ئەو مانگێكە لێرە نیەو دوو رۆژە لە ئیمارات گەڕاوەتەوە". لە ئێستادا باس لە دوو بۆچوون دەكرێت یەكەمیان دەڵێن: بكوژ كێشەی لەگەڵ خواناس هەبووەو بۆیە پەنای بردووە بۆ كوشتنی، بەڵام بۆچوونی دووەم كە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی خواناس دەڵێن: رووداوەكە زۆر روونە، هیچ پەیوەندی بە قسەو فیكر و بیروڕای تایبەتی خواناسەوە هەبووە، كە بانگەشەی تاكەكەسی و ئازادی بیرورای كردووە، ئەو لەسەر فیكری خۆی تیرۆركراوە. خواناس لە هۆزی گلیە، هۆزەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەسەر فیكر تیرۆر كراوە، پەیجی فەرمی هۆزی گلی نوسیویه‌تی "  خواناس وریا نازم گلی گەنجێكی شانۆكارو چالاكی عەشیرەتی گلی و چەمچەماڵەو ماتۆڕسوارێك بە دەستڕێژی گولـلە لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ تیرۆری كرد، هۆكاری تیرۆر كردنەكەی نە كێشەی كۆمەڵایەتییەو نە لەسەر قەرزو پارەیە، بەڵكو لەسەر فیكر ئەم گەنجە تیرۆر كرا". (درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی كرد، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە خواناس خاوەنی شێوازێك لە بیروبۆچون و رای شەخسی خۆی بووەو لەسەر فیكرو بیڕای جیاوازی خۆی تیرۆركراوە. بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی (خواناس)، بكوژ ناوی (هێرش كەریم)ەو پێشمەرگەیە لە هێزەكانی (70)ی یەكێتیی، بەڵام بكوژ لە ئێستادا لە ژێر كاریگەری رەوتێكی ئیسلامیدایەو لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك  (Hersh karim) لەدوای كوشتنی (خواناس)ه‌وه‌ نوسیویەتی:" نا رێگە نادەم جنێو بە رسول الله صلی الله علیه وسلم بدرێت نا رێگە نادەم... هەر كەسێك دومنی پێغەمبەر (ص) بێت دوژمنمانە هەتا قیامەت". لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیك تۆك)یش بەناوی هێرش شوانی (Hersh Shwani) ئاكاونتی هەیەو تەواوی ئەو بابەتانەی بڵاویكردووەته‌وە وتارو لێدوانەكانی (مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید) بانخوازی ئیسلامیە. تائێستا دەزگا حكومی و ئەمنییەكان بەرەسمی راگەیاندراویان لەسەر كوشتنی خواناس بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام خانەوادەكەی دەڵێن" بۆمان روون نەبووەتەوە هۆكاری سەرەكی كوشتنی خواناس چیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە لەسەر بابەتی ئایینی و جیاوازی بیروڕا كوژراوە".    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand