ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ شەوی رابردوو لە تۆڵەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما لەلایەن حكومەتی سوریاوە ، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بە موشەك و فڕۆكەی جەنگی هێرشیان كردە سەر چەند بنكەو ئامانجێكی سەربازی سوریا. هێرشە سێ قۆڵییەكە لە جیهاندا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، ناتۆ پشتیوانی لێكرد و ئێران و روسیاش ئیدانەیان كرد. نەتەوە یەكگرتووەكان داوای دان بەخۆداگرتن دەكات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە كرد دان بەخۆیاندا بگرن و لە هەموو كردەوەیەك دووربكەونەوە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریا. گۆتێرێس لە بەیاننامەیەكدا وتی" داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەكەم دان بەخۆیاندا بگرن لەم دۆخە مەترسیدارەدا، لە هەموو كارێك دووربكەنەوەكە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و نەهامەتی گەلی سوریا زیاتردەكات". گۆتێرێس بەهۆی ئەو هێرشەوە سەردانێكی خۆی بۆ سعودیە دواخست. ناتۆ پشتگیری دەكات پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" لە بەیاننامەیەكدا كە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە برۆكسل بڵاویكردەوە، پشتگیری خۆی بۆ هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا راگەیاند. یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری ناتۆ لە بەیاننامەكدا وتی " پشتگیری لە هەموو ئەو جموجوڵانە دەكەین كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەرەنسا لەدژی دامەزراوە و توانا سەربازیی و كیمیاییەكانی رژێمی سوریا كردویانە". ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئەو گورزە سەربازییانە تواناكانی رژێمی سوریا بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەكی كیمیایی لەدژی گەلی سوریا كەمدەكاتەوە و ناتۆ بەردەوام پەنابردنی سوریا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئیدانەدەكات و ئەو هەنگاوە پێشێلكردنی پێوەر و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە و پێویستە ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. یەكێتی ئەوروپا داواكاری لە روسیا و ئێران هەیە یەكێتی ئەوروپاش ئەمڕۆ شەممە داوای لە روسیا و ئێران كرد كاربكەن بۆئەوەی هاوكاری سوریا بكەن و رێگە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بگرن. یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ" داوا لە هەموو وڵاتان و روسیا و ئێران دەكەین هەژموونی خۆیان بەكاربهێنن بۆئەوەی جارێكی تر رێگە بگرن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوریاوە". یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەكردووە، لە تەموزی 2017 و ئازاری ئەمساڵدا سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە و هەمیشە ئامادەن بۆئەوەی رێوشوێنی تر لەدژی بگرنەبەر ئەگەر پێویست بكات. ئیسرائیل: ئاماژەیەكە گرنگە بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا لای خۆشیەوە ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەكەی سەر سوریا پاساوی خۆی هەیە و رژێمی سوریا بەردەوامە لە كارە تاوانكارییەكانی ، وەزیرێكی حكومەتی ئیسرائیلیش راگەیاند گورزە سەربازییەكانی سەر سوریا " ئاماژەیەكی گرنگە" بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا. روسیا: پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند سوریا كە بۆ چەند ساڵێكە رووبەڕووی دوژمنكارییەكی تیرۆریستی دەبێتەوە ، بە كردەوەیەكی سەربازی خۆرئاوا بە ئامانج گیرا لە كاتێكدا هەلێك هەبوو بۆ داهاتوویەكی ئاشتیانە. ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی " گورزێكی سەربازی ئاڕاستەی پایتەختی دەوڵەتێك كراوە كە چەند ساڵێكە بەڕووی دوژمنكاریی تیرۆر وەستاوەتەوە". هاوكات بەرپرسیێكی باڵای پەرلەمانی روسیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكسی روسی رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا پێشێلكردنی یاسای نێودەڵەتییە بە ئامانجی ئەوەی رێگە لەكاری پشكنەرانی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی بگرن. كۆستەنتین كۆساچیێڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا دەڵێ: هێرشەكە كراوەتە سەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و هیچ بنەمایەكی نییە. تاران ئیدانەی دەكات و هۆشداری دەدات كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كە هاوپەیمانێكی سەرەكی حكومەتی سوریایە هۆشداریدا لە لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر سوریا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " گومانی تێدا نییە كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو هێرشە سەربازییەیان لەدژی سوریا ئەنجامدا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك.. بەرپرسیارێتی ئەو سیاسەتە سەركێشیانەیە لەسەر ئاستی ناوچەكە لە ئەستۆدەگرن". هاوكات حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران وتی: هێرشەكەی سەر سوریا جگە لە وێرانكاری زیاتر لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هیچتی تری لێ ناكەوێتەوە و ئەمریكییەكان دەیانەوێت بەو جۆرە هێرشانە پاساو بۆ بوونیان لە ناوچەكە بهێننەوە. هێرشەكان چەند ئامانجێكی تایبەت بە چەكی كیمیاییان كردە ئامانج دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، فەرمانیداوە بە وەشاندنی چەند گورزێكی سەربازی ورد و دیاریكراو لە سوریا كە پەیوەستن بە بەرنامەی چەكی كیمیاییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا. ترەمپ وتی: هۆكاری هێرشەكە ئەوەیە كە روسیا نەیتوانی دیكتاتۆری سوریا كۆنترۆڵبكات. هاوكات تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا باسیلەوەكرد" هیچ رێگایەك نییە ببێتە جێگرەوەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە سوریا بۆئەوەی رێگەنەدرێت رژێمی سوریا چەكی كیمیایی بەكاربهێنێت". مەی بەرپرسیارێتی هێرشە كیمیاییەكەی دومای خستە ئەستۆی دیمەشق و رایگەیاند، هێرشە سێ قۆڵییەكە سنوداربووە و چەند ئامانجێكی دیاریكراوی پێكاوە و نابێتە هۆی ئاڵۆزبووونی دۆخی ناوچەكە. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش رایگەیاند، بەشداری وڵاتەكەی خۆی لە هێرشكردنە سەر تواناكانی رژێمی سوریا لە بواری بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی چەكی كیمیاییدا دەبینێتەوە. ئەڵمانیا داوای زیندووكردنەوەی دانوستانەكانی جنێڤ دەكات ئۆرسولا ڤۆندەر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند پشتگیری لە هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا دەكات و داوای كرد دانوستانەكانی جنێڤی تایبەت بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی سوریا دەستپێبكەنەوە. وتی: پێویستە هەموو كارێك بكرێت بۆئەوەی پرۆسەی سیاسی دانوستانەكانی جنێڤ دەستپێبكاتەوە و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سوریا بهێنرێت. سەرچاوە: ئاژانسەکان
پێوانەكردنی ئاستی بژێوی خەڵك و دیاریكردنی هێڵی هەژاری یەكێكە لەو بابەتانەی كە ساڵانە لە وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت و لەو رێگەیەوە دۆخی ئابوری هەر وڵاتێك پێوانە دەكرێت. بەشێوەیەكی گشتی ئاستی بژێوی لەسەر بنەمای داهاتی خێزانێك بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزانەكە دەستنیشان دەكرێت لە ماوەی ساڵێكدا. بەپێی ئامارێك كە سایتی (باشگاە خبرنگاران جوان) ی ئێران بڵاویكردوەتەوە، كە سایتێكی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ساڵی رابردوو ئاستی بژێوی خەڵكی ئێران بەمشێوەیە بووە: • 33%ی خەڵك لەسەر هێڵی هەژاری بوون • 6%ی خەڵك برسی بوون بەپێی ئەو روپێوییەی كە سایتی (باشگاە خبرنگاران جوان) بۆ ئاستی ژیان لە ساڵی رابردودا كردویەتی: • هەر خێزانێكی ئێرانی كە داهاتەی لە ماوەی مانگێكدا (4 ملیۆن تمەن) كەمتربوبێت، وا ئەژماركراوە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە. • هەر خێزانێكی ئێرانی كە داهاتەكەی لە مانگێكدا (1 ملیۆن و 200 هەزار تمەن) بوبێت، وا ئەژمار كراوە شەوانە بە برسێتی سەردەنێتەوە. بەپێی ئەم پێوەرە، ساڵی رابردوو لە ئێران: • 27 ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون • 5 ملیۆن كەس شەوانە بە برسێتی سەریاناوەتەوە بڵاوكردنەوەی ئەم ئامارە لەكاتێكدایە ئاستی بێكاری لە ئێران ساڵانە لە هەڵكشاندایە و لەم رۆژانەشدا بەهای تمەن لەبەرامبەر دولار بەتەواوەتی پاشەكشێی كردووە.
بەپێی سەرچاوەیەكی سەربازی سوری هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی 10 شوێنیان لە دیمەشق و ریفی دیمەشق و حمس و ناوەندی سوریا كردوەتە ئامانج كە بریتین لە:. 1- لیوای 105ی گاردی كۆماری لە دیمەشق 2- بنكەی بەرگری ئاسمانی لە جەبەل فاسیون 3- فڕۆكەخانەی مزەی سەربازی لە دیمەشق 4- فڕۆكەخانەی زەمیری سەربازی 5- ناوەندی لێكۆڵینەوەی زانستی مەززە لە دیمەشق 6- ناوەندی لێكۆڵینەوەی زانستی جمرایا لە ریفی دیمەشق 7- لیوای 41ی هێزە تایبەتیەكان لە ریفی دیمەشق 8- بنكەی سەربازی لە نزیك رحێبە لە رۆژهەڵاتی ریفی دیمەشق 9- ناوچەی كسوە لە ریفی دیمەشق 10- ناوەندی توێژینەوەی زانستی لە ریفی حەما سەرچاوە : https://arabic.rt.com/middle_east/938258-تعرف-على-المناطق-التي-استهدفتها-الضربات-الأمريكية/
ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا، كاتژمێر 5ی بەیانی ئەمرۆ گورزی سەربازیان لە سوریا وەشاندوو، چەند ئامانجێكیان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا كردە ئامانج. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەستەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا لە كاتژمێر 10ی شەو بەكاتی واشنتۆن و 5ی بەیانی بەكاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسیان لە وەشاندنی گورزی سەربازی كرد لە سوریا و رایانگەیاند، كە ئامانجەكانیان سەد لەسەد پێكاوە. بە پێی وتەی وەزیری بەرگری ئەمریكا ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا بۆ ئەمشەو بووە و پلانیان بۆ ھێرشی دیكە نییە، بەڵام ئەگەر بەشار ئەسەد واز لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی نەهێنێ ئەوا دووبارەی دەكەینەوە. وەزیری بەرگری ئەمریكائەو ئامانجانەی پێكاویانە رایگەیاند : ئامانجی یەكەم ناوەندی لێكۆڵینەوەی سووریا لە دیمەشق كراوەتە ئامانج ناوەندێكی توێژینەوەی زانستی، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی. ئامانجی دووەم كۆگایەكی چەكی كێمیایی لە رۆژئاوای حمس، كە شوێنی سەرەكی بەرهەمهێنانی گازی كێمیایی سارینە. ئامانجی سێیەم پێگەیەكی چەكی كیمیاییە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا. وەزیری بەرگری بەریتانیاش رایگەیاند، كە 4 فڕۆكەی تۆڕنادۆ لە هێرشە ئاسمانییەكە بەشداربوونە،نزیكەی ١٠٠ بۆ ١٢٠ موشەك ئاڕاستەی بنكە سەربازییەكانی سوریا كراون. سەبارەت بە كاردانەوەی روسیا وەزیری بەرگری ئەمریكا گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵ رووسیا نییە بەڵام هەوڵمانداوە بەریەككەوتن روونەدات. هەروەك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: هێرشەكە بە ھەماھەنگی فەرەنسا و بەریتانیان بووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردوەتەوە كە ئەفرایم هالەڤی سەرۆكی پێشووتری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، رایگەیاندوە كە ئەگەری ئەوە زۆرە پێكدادانی سەربازی لەنێوان ئیسرائیل و روسیا رووبدات. هالەڤی ئاماژەی بەوە دا كە كە ئەگەری ئەوە زۆرە پێكدادانی سەربازیی لەنێوان ئیسرائیل و روسیا رووبدات. گوتی: "ئەم جەنگە لەگەڵ وڵاتێكی گەورە دەبێت كە لە باكووری وڵاتەكەمان (سوریا) جێگیر بووە و بوونی خۆی پتەوتر كردووە. ئەم وڵاتە لایەنێكی دیاریكراوە لە سنوورەكانی باكور. لەوانەیە بچینە ناو جەنگەوە لەگەڵ روسیا. لەوانەیە هێزەكانی ئیسرائیل و روسیا بەرامبەر یەكتر بوەستنەوە و بجەنگن. بەر لە جەنگیش لەگەڵ ئەو هێزە گەورەیە دەبێت رێگای دەربازبون لەگەڵ ئەو رەوشە بدۆزینەوە و بەڵام لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا دەبێت ئەوە جیا بكەینەوە لە سەركەوتن". لە وەڵامی پرسیاری ئەوەیش كە بۆچی روسیا دەیەوێت چۆك بە ئیسرائیلدا دابدات، هالەڤی وتی: "روسیا بۆ ئەوەی ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە هاتە نێو خاكی سوریا. بنكە سەربازییەكان و هێزەكەی بەجۆرێك بونیات نا كە چەندین ساڵ بمێننەوە. وای بۆ دەچم نەیەوێت دۆستی ستراتیژی خۆی لە ناوچەكە ئێران شكست بهێنێت و ئەمە لە بەرژەوەندی ئەو نەبێت"
لەدوای كۆبونەوەیەكی سەخت و پڕ لە مشتومڕی گەرمی نوێنەری ئەمریكا و روسیا بەرامبەر بە یەكتری لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی سوریا، دوای تەواوی بوونی كۆبونەوەكە هەریەك لە نیكی هایلی نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ڤاسیلی نیبینزیا نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵدەستن و بەگەرمی یەكتری ماچ دەكەن. ئەو تەوقەكردن و یەكتر ماچكردنە لەدوای خستنە رووی پرۆژەیەكی ئەمریكا سەبارەت بە سوریادا هات كە لە ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندكرا، بەڵام روسیا ڤیتۆی كرد، لە هەمان كۆبونەوەدا روسیا پرۆژەیەكی خۆی خستە روو بەڵام دەنگی پێویستی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەست نەهێنا كە 9 دەنگە لەكۆی 15 دەنگ بەڵام پرۆژەكەی روسیا تەنها 6 دەنگی بەدەست هێنا. گرژی نێوان روسیا و ئەمریكا سەبارەت بە سوریا گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە، بەڵام لەو ساتانەشدا ئەوان باوەش بەیەكدا دەكەن و یەكتری ماچ دەكەن. https://arabic.rt.com/rtonline/937868-رومانسية-أمريكية-روسية-في-الأمم-المتحدة-رغم-الاحتكاكات/
عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری باڵای عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشقەوە هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات و رایدەگەیەنێت هیوادارە سوپای سوریا هێزەكان ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی سوریا دەربكات و پارێزگای ئیدلبیش لە باكور كۆنترۆڵبكاتەوە و لە چنگی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی دەربهێنێت. ویلایەتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا وتی" ئیدلب شارێكی گرنگی سوریایە و ئێمە هیوادارین بەزوویی بە هەوڵی سوریا و خەباتگێڕەكانی ئازادبكرێت، هەروەها خۆرهەڵاتی فوراتیش كە ناوچەیەكی زۆر گرنگە هیوادارین هەنگاوی فراوان و گرنگ بنرێت بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچەیە و دەركردنی ئەمریكییە داگیركەرەكان لەو ناوچەیە."
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكەی ئەمریكا لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما لەلایەن حكومەی سوریاوە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە وەڵامی توند دەداتەوە و وتی "روسیا ئامادەبە مووشەكەكانمان بەڕێوەن بۆ سوریا"، ئەمەش لە وەڵامی ئەو بەرپرسانەی روسیادا بوو كە رایانگەیاند ئەگەر هەر هێرشێك بكرێتە سەر سوریا مووشەكەكانی ئەمریكا دەخەنە خوارەوە. دوای شكستهێنانی هەوڵە دیپلۆماتییەكان لە ئەنجومەنی ئاسایشی دەربارەی رێوشوێنی لێكۆڵینەوە لە چەكی كیمیایی لە سوریا ئێستا واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە هێزەكانی بەشار ئەسەد دەكۆڵنەوە و باسیش لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت بۆ وەڵامدانەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا كە ئەمانەن: فشاری دیپلۆماتی : وەك لە سەردەمی ئۆباما روویدا یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم هەڵمەتەی دژی سوریا فشاری دیپلۆماتیە بۆسەر رژێمەكەی ئەسەد بۆ ئەوەی چ چەكێكی كیمیایی هەیە دەستبەداری بێت، هەروەك چۆن لە ئابی 201دا گەورەترین هێرشی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ئەسەدەوە لە غۆتەی رۆژهەڵات روویدا و سەدان هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەوكات دوای قسەكردن لە دەستوەردانی ئەمریكا لەسەردەمی باراك ئۆبامادا، روسیا پێشنیاری كرد چەكی كیمیایی رژێمی سوریا لەناوببرێت بۆئەوەی دەستوەردانی سەربازی روونەدات، رژێمی سوریاش بەڵێنیدا لە 19ی ئابی 2014ەوە واز لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بهێنێت و رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایش بەشداریكرد لە لەناوبردنی چەكی كیمیایی سوریا، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز كە شوباتی رابردوو بڵاوكرایەوە لەسەر زاری پسپۆرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئاشكرایكرد بەڵگە هەیە كە رژێمی سوریا چەكی كیمایی زیاتری هەیە و مادەی زیاتریش لە كۆریای باكور وەردەگرێت كە دەتوانرێت لە دروستكردنی چەكی كیمیاییدا بەكاربهێنرێت. بەڵام ئەم سیناریۆیە كە تەنها خۆی لە فشاری دیپلۆماتیدا دەبینێتەوە وادەكات كە ترەمپ لەسەر رێبازی ئۆباما دەڕوات، و كاتێك ئۆباما بیری لە وەشاندنی گورزی سەربازی دەكردەوە لە سوریا بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە، ترەمپ گومانی لە سوودی ئەو هێرشە بوو لە تویتەردا نوسی" چی دەچنینەوە لە لێدانی سوریا جگە لە قەرز و ململانێیەكی دوور و درێژ؟." بەڵام وادەردەكەوێت كە ترەمپ دوای وەرگرتنی دەسەڵات هەڵوێستی بەرامبەر سوریا گۆڕابێت، چونكە دركی بەوە كردووە كە شتەكان لە راستیدا وەك ئەوە نین كە بڕوات پێیەتی، ئەمەش بەرای پسپۆری ئەڵمانی هینینگ ریكە لە ناوەندی ئەڵمانی بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوە. هێرشی سەربازی سنوردار: ئەمە ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە ئەو پسپۆرە ئەڵمانییە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW وتی ترەمپ ئەوە دووبارەدەكاتەوە كە نیسانی ساڵی رابردوو ئەنجامیدا، كاتێك لە وەڵامی هێرش بۆسەر خان شەیخون بە غازی سارین، ترەمپ فەرمانیدا گورزێكی سەربازی لە ئەسەد بوەشێنرێت و هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە 50 موشەی تۆماهۆكیان ئاراستەی بنكەیەكی هێزی ئاسمانی سوریا كرد، بەبێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێك بگیرێتە بەر بۆ گۆڕانكاری لەسەر خاكی سوریا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كە لەماوەی 24 كاتژمێردا دووجار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپدا كردووە جەختیكردەوە هەر جوڵەیەكی سەربازی هاوپەیمانەكانی حكومەتی سویا یان هیچ لایەنێكی دیاریكراو ناگرێتەوە، بەڵام دامەزراوە كیمیاییەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بە ئامانجدەگرێت و توێژەی روسی " ڤیكتۆر لیتۆڤكینیش ئەم سیناریۆیەی بە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو دانا و رایگەیاند گورزەكەی ئەمریكا خۆی لە ئاراستەكردنی چەند موشەكێكی تۆماهۆكدا دەبینێتەوە كە لە هەردوو كەشتی جەنگی " دۆناڵد كوك" و" پۆرتەر" وە ئاراستەدەكرێت كە ئێستا لە سوریا نزیكدەبنەوە. گورزێكی كەمەرشكێن لە بەشار ئەسەد بەرای دانیال سیروێر پسپۆری ئەمریكی وەڵامدانەوەی ئەمریكا ئەگەر چەند گورزێكی دیاریكراو بێت كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، بەڵام بە دووریشی نەزانی گورزێكی بەهێزی سەربازی لە ئەسەد بوەشنێنرێت و وتی" لەوانەیە هێزی سەربازی ئەسەد بە تەواوەتی وێرانبكرێت، جگە لە بەئامانجگرتنی كۆشكەكانی سەرۆكایەتی ." هێرشێكی كۆنترۆڵنەكراو دانیار سیروێر بڕوای وایە كە ئەگەری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و ئەمریكا و رووبەڕبوونەوەی ئەو دوو هێزە لە سوریا لە ئارادایە و دەڵێت گومانی تێدانیە كە روسەكان تۆڵەدەكەنەوە ئەگەر سەربازەكانیان بكوژرێن. لە ساڵی 2015ەوە دوای دەستوەدرانی روسیا لە سوریا، هەردوو سوپای ئەمریكا و روسیا هەوڵیانداوە خۆیان لە بەریەككەوتن بەدووربگرن، بەڵام لە شەڕی پارێزگای دێرزوردا لە شوباتی رابردوودا هێزەكانی ئەمریكا دەیان كارمەندی گرێبەستی روسیان كوشت یان برینداركرد، بەڵام دۆخەكە دوای پەیوەندیكردنی ئەفسەرانی سوپای ئەمریكا بە سوپای رووسیاوە نەگەیشتە رووبەڕبوونەوەی زیاتر و ڤیتكۆر لیتۆڤكینی پسپۆری روسی بڕوای وایە ئەگەری ئەوە هەیە كە هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر سوریا رووبەڕبووەوەی مەترسیداری نێوان ئەو دوو زلهێزەی لێبكەوێتەوە و دەڵێت " ئەگەر بنكەی حمێمیمی روسیا لە سوریا بەئامانج بگیرێت، ئەوا ئەوە وەك راگەیاندنی جەنگی دژ بە روسیا و ئەوەش بە مانای هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دێت." وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدووری نازانێت لەدژی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی هەنگاوی سەربازی لە بەرامبەر سوریا بنێت، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW "یۆزیف برامل پسپۆری ئەڵمانی باوەڕی وایە ئەو هەنگاوە مەبەست و ئامانجی تری لە پشتەوەیە ، ئەمەش دەقی چاوێكەوتنەكەیە: DW: سەرۆكی ئەمریكا دەرباری وەڵامی هێرشە كیمیاییەكە شاری دوما لە غوتەی خۆرهەڵات وتی ویلایە یەكگرتووەكان هیچ شتێك بەدوورنازانێت، ئەو بژاردانە چین ؟ یۆزیف برامل: بڕوام وایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی سەربازی ئاسمانی لە سوریا دەوەشێنێت ، بەڵام جیاواز لەوەی ساڵی رابردوو هێرشێكی رەمزی نابێت، پێشووتر ترەمپ دەیوسیت دەریبخات كە بوكەڵەیەك نییە لە دەستی روسەكاندا و لە هەمان كاتیشدا نەیتوانی لەوە دوورتر بڕوات و پێش رووداوەكە روسیای ئاگاداركردەوە و ئەویش سوریای ئاگاداركردەوە، بەڵام ئەمجارە بوار نابێت بۆ ئەو زانیارییە سەرەتاییانە. DW: ترەمپ هەروەها هەڕەشەشی لە هاوپەیمانەكانی حكومەتی روسیا كرد و وتی باجێكی گەورە دەدەن، دەكرێت روسیا و ئێران لەچی بترسن؟ یوزیف برامل: ئێران بە شێوەیەكی تایبەتی دەبێت ئامادەبێت، چونكە لەبەر چەندین هۆكاری تر لەبەر چاوی ئەمریكادایە، ئەو هێزانەشی هاوكاری دەكرێن لەلایەن ئێرانەوە لەوانەیە رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، هەتا پردی ئاسمانی نێوان ئەو یەكانە – كە بەشێكی بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕێت- لەوانەیە ئەمریكا ئەو رێگایەی لێ بگرێت. DW: ئەی ئۆپەراسیۆن بەرامبەر روسیا چۆن دەبێت؟ یوزیف برامل: زۆر لاواز دەبێت، ترەمپ بژارەی كەمتری بەرامبەر سوریا لەبەردەستدایە، زیاتر كار لەسەر سزا ئابووریەكان دەكات بەجۆرێك لە رووی سیاسەتی ناوخۆوە رووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە، چونكە لێكۆڵەری تایبەت رۆبەرت مۆلەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوام لە لێكۆڵینەوە لەدژی. DW: بۆچی پێویستە پێچەوانەی ئەوە بە توندی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە؟ یوزیف برامل: باوەڕوام وایە كە سوریا لەلای ئەمریكاوە لە راستیدا هیچ نیە جگە لە شوێنێكی لاوەكی بۆ ململانێ لەگەڵ ئێراندا، ئەوەی چاوەڕوانی دەكەین لە داهاتوودا وازهێنانە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لە مانگی ئایاردا و ئەوەش ململانێكە گەورەتر دەكات و دەستوەردانی ئێران لە سوریا بەلای ئەمریكاوە دەبێتە پاساوێكی ئەخلاقی و جیۆستراتیژی بۆ رەفتارەكانی، نابێت ئەوەشمان لە بیربچێتەوە كە ترەمپ كەسێكی وەك جۆن بۆڵتۆنی بە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دامەزراندووە كە دژی ئێرانە و ئەوەش بە هەند وەردەگرم. DW: سەرۆكی ئەمریكا ماوەیەكی كەم لەمەوبەر ئاماژەیبەوەدا كە دەیەوێت بەخێرایی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بكشێنێتەوە، دوای ئەوەی بە تەواوەتی داعش لەناودەبات، هەڕەشەكانی ترەمپ دوای هێرشە كیمیاییەكە چۆن لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا یەكدەگرێتەوە؟ یوزیف برامل: دژیەكییەك لەمەدا نابینم، هێزە پیادەكات كە دەكرێت وەك بارمتە بگیرێن، ترەمپ وەك پێشوو لە سوریا بیانكێشێتەوە، سەبارەت بە تۆڵەكردنەوە لە هێرشكردن بە چەكی كیمیایی ئەو كارە تەنها پەیوەستە بە گورزی ئاسمانییەوە. DW: ئێوە ستراتیژێكی دووری ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە پرسی سوریا دەبینن؟ یوزیف برامل: بەڵێ لە هەموو حاڵەتێكدا و بە شێوەی گریمانییە هەروەك وتم ئەمریكا لە راستیدا ئێران بە ئامانج دەگرێت، هەركاتێك بەرەی سیاسی ناوخۆ لەسەر ترەمپ ئاڵۆزتر بێت، ئەوا من مەترسی جەنگ لەدژی ئێران لە ئاستێكی باڵادا دادەنێم، هەروەها پێویستیشە ئەوەمان لەیاد نەچێت لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵبژاردنی كۆنگرێس دەكرێت، خراپترین سیناریۆ بەلای ترەمپەوە ئەوەیە كە هەردوو ژوورەكەی كۆنگرێس لەدەستبدات، لەم حاڵەتەدا جەنگ لەدژی دوژمنێكی دەرەكی یارمەیتی دەدات كۆدەنگییەكی حزبی گەورەتر بەدەستبهێنێت، بە رەچاوكردنی هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی دەنگدەرانی ئەمریكا دەتوانن لە چوارچێوەی بزوتنەوەیەكی بەكۆمەڵی نیشتمانی لە چواردەوری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان دەستبەرداری چاودێكردنی دەسەڵات بن لە رێگەی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسەوە، هەر ئەوەش لەسەرەمی جۆرج بوشدا روویدا دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی 11 سێپتەمبەری 2001. وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ • یوزیف برامل- پسپۆری كاروباری ئەمریكا لە كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ سیاسەتی دەرەكی و نوسەری كتێبی " ئەمریكای ترەمپ لەسەر حسابی ئازادی".
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ دانیال سیروێر پسپۆر و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " رایدەگەیەنێت لەوانەیە وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشە كیمیاییەكەی حكومەتی سوریا بۆسەر شاری دوما بە رادەیەك بەهێزبێت كە هاوسەنگی هێز بگۆڕێت و لەوانەشە گورزێكی دیاریكراو بێت هاوشێوەی ئەوەی ساڵی رابردوو، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە: DW: ئەو بژاردانە چین لەبەردەستی سەرۆكی ئەمریكادان؟ و ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان كامانەن؟ دانیار سیروێر: گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا یان زۆر گەورە دەبێت، یان دیاریكراو دەبێت، لەوانەیە ئامانجی وێرانكردنی هێزی سەربازی رژێمی ئەسەد بێت بە تەواوەتی وەك فڕۆكەكانی و فڕۆكەخانەكانی و بنكەكانی كۆنترۆڵ و پەیوەندییەكان و كارگەكانی دروستكردنی چەكی كیمیایی، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت كە ئەو چەكە یان هەر چەكێكی تر لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل بەكارنەهێنرێت، هەروەها لەوانەشە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی كە سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد تێیاندا نیشتەجێ دەبێت بە ئامانج بگیرێت، بەڵام ئامانجە بچكوكەكانی بریتین لە بە ئامانجگرتنی بنكەیەكی سەربازی یان دووان وەك ئەوەی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا و ئەو جۆرەش كاریگەرییەكی گەورەی نابێت لەسەر زەوی، هەروەها یەكێك لەو ئامانجانەی كە لەوانەیە ببنە ئامانجی گورزە سەربازییەكە بنكەكانی حزبوڵا و ئێرانە لەناو سوریا لەگەڵ بنكە و بارەگای میلیشیا شیعەكان و هەروەها بەرگری دژە ئاسمانی روسیاش بە ئامانج دەگیرێت. DW: ئەوە گورزە سەربازییە دەتوانێت چی بەدی بهێنێت؟ و ئایا كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێز لە سوریا؟ دانیاڵ سیروێر: كارەكە بە گوێرەی هێزی گورزەكە و سروشتی ئامانجەكان دەگۆڕێت، بۆ نمونە هێرش بۆسەر كۆشكەكانی سەرۆكایەتی رەنگە كوژرانی سەرۆكی سوریای لێبكەوێتەوە، ئەوەش ئامانجێكی سەربازی رەوایە بە رەچاوكردنی ئەوەی كە فەرماندەی باڵای سوپای سوریایە، بەڵام باوەڕم نیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان توانای رووبەڕووبوونەوەی دەرەنجامی ئەو جۆرە كارەی هەبێت، بە تایبەتی كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، دەكرێت لەوە خۆی بەدووربگرێت و پێشتر بەشار ئەسەد ئاگادار بكرێتەوە و پێش بۆردومانەكە بارەگایەك دیاریبكرێت كە هێرشی دەكرێتە سەر، بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەش بەڵێ هاوسەنگی هێز لەسەر خاكی سوریا دەگۆڕێت هەروەها رووبەڕی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی لایەنەكاندایە لەسەر خاكی سوریا، بەڵام هەموو ئەمە دەكەوێتە سەر هێزی گورزە سەربازییەكە و قەبارەكەی و ئاستی كاریگەری. DW: كاردانەوەی روسیا لەسەر ئەوە چۆن دەبێت؟ ئایا ئەو گورزە سەربازییە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟ دانیاڵ سیروێر: هیچ گومانی تێدا نییە كە روسەكان تۆڵەدەكەنەوە ، لە حاڵەتێكدا كە ئەگەر سەربازەكانیان بكوژرێن و بەوەش ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە هەیە، ناتوانین پێشبینی سروشتی وەڵامی روسیا بكەین بە دیاریكراوی، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوە روودەدات، لێرەدا پێویستە كە سەركردایەتی سیاسی و سەربازی ئەمریكا هەموو ئەگەرەكان بخاتە سەر مێز پێش جێبەجێكردنی گورزە سەربازییەكە، لە راستیدا ئێمە لە ساتێكی زۆر مەترسیدارداین و سەرۆكی ئەمریكا سەرقاڵە بەكاری ترەوە و راوێژكارێكی ئاسایشی نەتەوەیی وەك جۆن بۆڵتۆنیش هەیە كە هۆگر و خولیای شەڕە، لەگەڵ بوونی گوشاری كۆنگرێس بە ئاراستەی ئەوەی ئەمریكا لە وەڵامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی جوڵە بكات. ناكرێت پێشبینی تەواوەتی سروشتی ئەو رووبەڕووبونەوەیە بكرێت كە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و روسیا روودەدات، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بوونی پلان و ستراتیژی سەربازی بەبێ بوونی ستراتیژی سیاسی بۆ كۆتاییپێهێنانی جەنگەكە كارێكی بێ كەڵكە، ئەمریكا سەركەوتوو بوو لە كۆتاییهێنان بە شەڕ لە كۆسۆڤۆ لەبەر بوونی ستراتیژێكی سیاسی لە پاڵ ستراتیژی سەربازیدا، هێزی سەربازی بە تەنها ناتوانێت كۆتایی بە جەنگ بهێنێت. • دكتۆر دانیال سیروێر – مامۆستایی كۆلێژی جۆنز هۆبكنز بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییە پێشكەوتووەكان و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن.
لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریكا بە موشەكی نوێ و زیرەك گورزی سەربازی لە سوریا دەوەشێنێت. لە تویتەكەیدا ترەمپ دەڵێ: پێویستە روسیا ئامادە بێت بۆ ئەو موشەكانەی كە بۆ سوریا بەڕێوەن، پێویستە مۆسكۆ نەبێت بە هاوبەشی ئاژەڵێك (بەشار ئەسەد) كە گەلەكەی بە غاز دەكوژێت و تاموژچێژیشی لێوەردەگرێت. لە بەشێكی تری تویتەكەدا، ترەمپ نوسیویەتی" روسیا بەڵێنی خستنەخوارەوەی هەر یاخود هەموو ئەو موشەكانە دەدات كە ئاڕاستەی سوریا دەكرێت، دەی كەواتە روسیا ئامادەبە، چونكە (موشەكەكان) جوان و نوێ و زیرەك دەبن". لە یەكەم كاردانەوەی ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە موشەكەكانی ئەمریكا تیرۆرستان بكاتە ئامانج نەك حكومەتی شەرعی سوریا، موشەكە زیرەكەكانی ئەمریكا هەوڵدەدەن بەڵگەكانی ئەو هێرشە كیمیاییە لەناوببەن كە باسدەكرێت. باڵیۆزی روسیا لە لوبنان، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (منار)ی سەربە حزبوڵای لوبنان وتی: ئەگەر ئەمریكا هێرش بكاتەسەر سوریا، موشەكەكانی دەخەنەخوارەوە و هێرشیش دەكەنە سەر سەرچاوەی ئاڕاستەكردنی موشەكەكان. هاوكات ماڵپەڕی " ستراتفۆر"ی سەربازی ئەمریكی رایگەیاند ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوەی ئەمریكا بۆسەر سوریا فراوان دەبێت و واشنتۆن هاوپەیمانێتییەكی سەربازی لە دژی دیمەشق پێكدەهێنێت. ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەشداوە كە هێرشی نوێی ئەمریكا تەنها بۆ راگرتنی سوریا نییە، بەڵكو بە سنوداركردنی تواناكانییەتی لە بەكارهێنانی چەك كیمیایی و ئاشكراشیكرد هێرشی جاری پێشووی ئەمریكا بنكەی ئاسمانی شعێراتی گرتەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە پرۆسەكە چەند رۆژێك بخایەنێت و فەرەنسا و بەریتانیا و قەتەر و ئیمارات و سعودیە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریكا دەكەن. ماڵپەڕی ستراسفۆر راشیگەیاندووە چاوەڕواندەكرێت ئەمجارە بنكە سەربازی " الضمرە " و مرج رحیل" و " المزە" بكرێنە ئامانج لەگەڵ چەند بنكەیەكی تری سەربازی و بەدووریشی دەزانێت راستەوخۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بكرێتە ئامانج و ئاشكراشیدەكات كە ئەمریكا لەم هێرشەیدا بۆسەر سوریا بنكەی ئاسمانییەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە بەكاردەهینێت لەوانەش بنكەی ئاسمانی " العدید" لە قەتەر و بنكەی سەربازی بەریتانیا لە قوبرس و ئێستاش جموجوڵێكی نائاسایی لەو بنكە سەربازییانەدا بەدی دەكرێت. ئەم جموجوڵە سەربازییانە دوای ئەوەدێت، دوێنێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی سوریاوە لە شاری دوما، ئەمریكا و روسیا نەگەیشتنە ئەنجا. سێ پرۆژە بڕیار بۆ لێكۆڵینەوەی لە دەنگۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما خرانە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، یەكێك لە پرۆژەكان ئەمریكا ئامادەی كردبوو، دوو پرۆژەكەی تر روسیا پێشكەشی كردبوون. لە كۆبونەوەكەدا پرۆژە بڕیارەكەی ئەمریكا دەنگی زۆرینەی هێنا، بەڵام روسیا مافی (ڤیتۆ)ی لەدژ بەكارهێنا، دوو پرۆژە بریارەكەی روسیاش دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا، بەمشێوەیە هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە شكستی هێنا و ئەگەری پەنابردن بۆ رێگەی سەربازی هاتەئاراوە. تائێستا روون نییە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆسەر حكومەتی سوریا هێرشێكی بەرفراوان دەبێت بۆ روخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد یاخود هاوشێوەی هێرشەكەی پێشووی فڕۆكەخانەی (شعیرات) تەنیا چەند گورزێكی موشەكی دەبێت لە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوریا.
داواكاری گشتی ئەنكەرەی پایتەخت بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە گەلی تورك و دەوڵەتی توركیا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ هەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" كردەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەكە لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كراوەتەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. ئاژانسەكە ئاشكراشیكردوە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ئەنكەرە بە گوێرەی مادەی 83ی دەستوری توركیا داواشیكردووە پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەش داوایەكی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە بۆ ئەوەی بەرزیبكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
جەنگی گەورە لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە لێكەوتەكانی داعش و بارودۆخی ململانێی نێودەوڵەتی لە سوریا گەیشتوەتە لوتكە، ئەگەری بەریەككەوتنی زلهێزەكانی جیهان لە ئارادایە، چاوەڕوان دەكرێت سوریا ببێتە شوێنی خاڵیكردنەوەی ململانێی زلهێزەكان، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیاو ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و روسیا و ئێران و توركیا لەلایەكی ترەوە، ئێستا جموجوڵی هێز وهەڕەشەی ئەمریكا لە سوریا و هۆشداری روسیا لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا بارودۆخەكەی بەتەواوی ئاڵۆزکردووە، بەجۆرێك بەرپابوونی شەڕی گەورە لە ناوچەكەدا بوەتە شتێكی حەتمی و بەو پێیەی ئەمریكا دەیەوێت بەر بە هەژموونی ئێران و روسیا بگرێت لە ناوچەكەدا كە پێی وایە ئێران بە پڵپشتی روسیا دەستی گرتووە بەسەر عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرەیندا و بەردەوام هەژمونی لە فراوانبوندایە. پێشتر لە 7ی سێپتێمبەری 2016 رۆژنامەی واشنت پۆست باسی لە ئەگەری بەرپابوونی 10 جەنگ كردووە كە لە ئەنجامی شەری داعشەوە و لەدوای داعش هەڵدەگیرسێن كە بەشێكیان تا ئێستا رویانداوە و بەشێكیشیان لەئەگەری رودانیدان، ئەو 10 جەنگەی رۆژنامەی واشنتن بۆست ئاماژەی بۆ كردوون بریتین لە:. 1- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2- شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا 3- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا و حكومەتی سوریا . 4- شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا. 5- شەڕی توركیا دژی سوریا 6- شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 7- كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 8- شەڕی كورد دژی كورد خۆی 9- شەڕی سوننە دژی شیعە یان كورد لە عێراق 10- شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك لەو 10 شەرە پێشبینیكراون كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە سێپتێمبەری 2016 بڵاویكردەوە و پێشبینی هەڵگیرسانی دەكردن، تا ئێستا زۆرینەی پێشبینیەكان رویانداوە و هاتونەتە دی لەوانە: 1- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2- شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا 3- شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 4- كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 5- شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك 6- شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا بۆیە ئەگەری لێدانی سوریا لە لایەن ئەمریكاوە نزیكبوەتەوە و لە ئان و ساتدایە، ئەمریكا ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل لە هەوڵی لێدانی سوریادایە بەڵام بەدوای هاوپەیمانی زیاتردا دەگەڕێت بەتایبەتیش فەرەنسا و بەریتانیا، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە كە ئەمریكا دەست لە سوریا بوەشێنێت. رۆژنامەی واشنت لە 7ی سێپتێمبەری 2016 https://www.washingtonpost.com/news/worldviews/wp/2016/09/07/10-new-wars-that-could-be-unleashed-as-a-result-of-the-one-against-isis/?noredirect=on&utm_term=.d089c21472fe
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW ڤیكتۆر لیتۆڤكین شارەزایی روسی و چاودێری سەربازی ئاژانسی تاسی روسی هۆشداریدەدات لە مەترسییەكانی وەشاندنی گورزێكی سەربازی و رایدەگەیەنێت لێدانی سوریا دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو زلهێزەكەی جیهان ( روسیا و ئەمریكا ) و بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی و تێیدا چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنرێت و باسیش لەو ئامانجانە دەكات كە ئەگەری هەیە ئەمریكا هێرشیان بكاتەسەر. DW: ئاستی ئەو هێرشە چاوەڕەوانكراوەی ئەمریكا چۆن دەبێت و بنكەی حمێمیم یەكێك دەبێتە لە ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: بڕوام وایە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر سوریا تەنها خۆی لە موشەكی كروز " تۆماهۆك" دا دەبینێتەوە لە رێگەی كەشتی " دۆناڵد كۆك " و " پۆرتەر" كە ئێستا لە كەنارەكانی سوریا نزیكدەبنەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانم لە دەریای ناوەڕاست هیچ كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكای لێ نییە، لەبەرئەوە وایدەبینم كە هێرشەكە تەنها بە موشەكی " تۆماهۆك" ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەربارەی ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان ، ژمارەیەك ئامانجی هەمەجۆر هەن لە نێویاندا بارەگای دەستەی ئەركانی گشتی سوریا، بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سوریا، بە دووریشی نازانم كە كۆشكەكانی سەرۆكی سوریاش بگرێتەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم كە سەرباز و شارەزایانی روسیا لە هەموو بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكاندان، كە ئەركیان هاوكاریكردنی سەربازانی سوپای سوریایە لە شەڕیاندا دژی گروچە تیرۆریستییە چەكدارەكان، لەبەرئەوە ئەگەرێكی گەورە هەیە كە روسەكانیش رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، كە ئەوەش دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای روسیا ڤالێری گراسیمۆڤ هۆشداری دایە ئەمریكا لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی روسیا لە بۆردومانی ئەمریكادا، لەو حاڵەتی بۆردومانكردنیاندا وپای روسیا هەوڵی پوچەڵكردنەوە و رێگریكردن لە موشەكەكان دەدات و سەرچاوەكانیان بۆردومان دەكات، لەسەر بنەمای ئەو هۆشدارییە وایدەبینم كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێش بە ئامانجگرتنی روسیا پێویستە زۆر بەباشی بیربكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی جیهانی. DW: ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا دەبێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: لەوانەیە گورزە سەربازییەكە ببێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی مەترسیداری دوو زلهێزەكە، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش لەو رووبەڕووبونەوەیدا بە دوور نازانم، بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەسەر شانی روسیا و ئەمریكایە، هەردووكیان خاوەنی چەكی ئەتۆمین و هەردوو وڵاتە خاوەنی نزیكەی 1500 كڵاوەی ئەتۆمین، جگە لەوەش ئەمریكا خاوەنی نزیكەی 200 بۆمبی ئەتۆمییە لە كیشوەری ئەوروپا، لەبەرئەوە شەڕەكە دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت لە حاڵەتی بەرپابووونیدا. DW: ئەی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لەسەر خاك لە سوریا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: پێشبینی ناكەم كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا ئەگەر روویدا كاربكاتە سەر هاوسەنگی هێز لە سوریا، ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكگرتوونین و لێكدابڕاون، و هیچ هێزێكیان نییە لەسەر زەوی، و لە حاڵەتی بەرپابوونی شەڕ لە نێوان روسیا و ئەمریكا، رۆڵی یاریزانە ئیقلیمییەكان تەنها خۆی لە تەماشاكردندا دەبینێتەوە ئومێد دەكرێت خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن. • ڤیكتۆر لیتۆڤکین: چاودێری سیاسی روسیی لە ئاژانسی تاسی روسی و عەقیدی خانەنشین وەرگێڕانی : نامیق رەسول
ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی سوریا و دەنگۆی بەكارهێنانەوەی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە دەستیپێكرد. سێ پرۆژە بڕیار لەبارەی سوریاوە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدایە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات: • پرۆژە بڕیاری یەكەم: پرۆژە بڕیارێكی ئەمریكایە، داوای دانانی میكانیزمێكی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ دەكات سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، ئەگەرچی ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستهێنا، بەڵام لەلایەن روسیاوە ڤیتۆ كرا. • پرۆژە بڕیاری دووەم: ئەمەش پرۆژە بڕیارێكە كە روسیا ئامادەی كردووە و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی نوێ دەكات لە هەموو ئەو هێرشە كیمیاییانەی كە لە سوریا رویانداوە، ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستنەهێنا، دەنگی 6 وڵاتی بەدەستهێناو 7 وڵات رەتی كردەوە دەنگی پێویست لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆی (15) وڵاتی ئەندام پێویستی بە بەڵێی (9) وڵاتی ئەندام هەیە. • پرۆژە بڕیاری سێیەم: ئەم پرۆژە بڕیارەش بە هەمان شێوە لەلایەن روسیاوە ئامادەكراوە، داوا دەكات تیمی لێكۆڵەرانی سەربە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەردانی شاری دومای سوریا بكەن، پێناچێت ئەمریكا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەم پرۆژە بڕیارە بدات. تیمی لێكۆڵینەوە دەگاتە سوریا رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رایگەیاند، تیمێكی لێكۆڵینەوە رێكخراوەكە سەردانی شاری دومای سوریا دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی كە باس لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكەن لەو شارە. رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی سوریا كرد ئاسانكاری بكات بۆ تیمەكانی تاوەكو سەردانی شوێنی روداوەكە بكەن. روسیا و ئێران كە دوو وڵاتن هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە بەرگرییان لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد كردووە، رەتیدەكەنەوە سوپای سوریا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت و داوا لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەكەن تیمی لێكۆڵینەوە رەوانەی سوریا بكات. كەشتیەگەلی ئەمریكا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەكەوێت سبەینێ كەشتی فڕۆكەهەڵگری "هاری ترومان" لەگەڵ ژمارەیەك كەشتیگەلی جەنگی تری ئەمریكا لە بنكەی دەریایی (نۆرفۆلك) لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەرەو ئەوروپا و دواتریش ناوچەی خۆرهەڵاتی بەڕێدەكەوێت، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتیێكی رۆژنامەی (Stars and Stripes)ی ئەمریكی. بەپێی قسەی ئەو رۆژنامە ئەمریكییەكە، ئەو كەشتیگەلە (6 هەزارو 500) سەربازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. رۆژنامەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی جوڵەی گەشتیگەلی ئەمریكا بە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا نەكردووە، بەڵام جموجوڵەكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە لە شاری دۆما كە ناوچەیەكە لەژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندایە. پێشتریش رۆژنامەی (Wall Street Journal) ئاشكرایكرد، كەشتی جەنگیی دووەمی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، كەشتی (دۆناڵد كوك) یش رۆژی دوو شەممە بەندەری قوبرسی بەجێهێشت و بە ئاڕاستەی سوریا كەوتەڕێ، ئەم كەشتییە 60 موشەكی باڵداری جۆری (تۆماهۆكی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە). بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان هاوكات لەگەڵ جموجوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا، چەند رۆژێكە سوپای سوریا كەوتوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بەریتانیاش هەڕەشە دەكات لەلایەكی ترەوە خاتوو بینی موردۆنت وەزیری گەشەپێدانی بەریتانیا رایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا تاوتوێی دەستوەردانی سەربازی دەكات لە سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا بەریتانیا بەشداری دەستوەردانی سەربازی دەكات لەدژی ئەو هێرشە كیمیاییەی كە لە شاری دۆمای سوریا رویدا، وەزیرەكەی بەریتانیا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) وتی: ئەوە پرسێكە كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت و حكومەتی بەریتانیا بەڕونی گفتوگۆی لەبارەوە دەكات. بەیانی ئەمڕۆ تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پەرەسەندنەكانی سوریاوە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەكە لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد.
