Draw Media
هه‌واڵ / جیهان

شەڕڤان دەروێش لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری بوو شەڕڤان دەروێش سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج و یەكێك لە فەرماندەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری بوو. بە گوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان ئێوارەی شەممە لە شەقامی سوندوس لە شارۆچكەی مەنبج بە چەكی قەناس ئۆتۆمبیلی شەڕڤان دەروێش كراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە برینداربووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و باری تەندروستی جێگیرە. 15ی ئەم مانگەش لەناوچەی گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان، عومەر عەلوش ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەناو ماڵەكەی خۆیدا تیرۆركرا.  


كارلێس پۆگدیمۆنت سەرۆكی پێشووی هەرێمی كەتەلۆنیا لەلایەنی پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیركرا. وتەبێژی پۆلیسی ئەڵمانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند كە سەرۆكی پێشووی كەتەلۆنیا بەیانی یەكشەممە لە ناوچەی شلفزیك هۆڵشتاین لەلایەن پۆلیسی شەقامی خێرای ئەڵمانیا دەستگیركراوە. هەروەها ئەلۆنسۆ جۆیفییلیاس پارێزەری پۆگدیمۆنت لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند سەرۆكی پێشووی كەتەلۆنیا بەیانی  ئەمڕۆ لە دانیماركەوە چوتە ئەڵمانیا و دەستگیركراوە. راایگەیاند پۆگدیمۆنت لەلایەن ئیسپانیاوە یاداشتێكی نێودەوڵەتی دەسگیركردنی بۆ دەركراوە و ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیركراوە، بەبێ‌ ئەوەی شوێنی دەستگیركردنەكەی ئاشكرا بكات.. سەرۆكی پێشووی هەرێمی كەتەلۆنیا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی بەهۆی هەوڵی دەستگیركردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە بەرەو بەلجیكا هەڵات و ئەگەر ئەڵمانیا رادەستی ئیسپانیای بكاتەوە روبەڕووی سزای 25 ساڵ زیندانیكردن دەبێتەوە.


ئامادەكردن و ەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت "پشتیوانی دروستبونی دەوڵەتی كوردی دەكات و دژی ئێران و كوریای باكورە و خوازیاری وەشاندنی گورزی سەربازییە لەدژی ئەو دوو وڵاتە" ئەمە چیرۆكی پیاوێكە كە سەرۆكی ئەمریكا پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێداوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین گۆڕانكاری لە ئیدارەكەیدا جۆن بۆڵتۆنی لە شوێنی ژەنەراڵ هێربەرت ماكماستەر لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دامەزراند. بۆڵتۆن كە خاوەنی پێگەیەكی دیار بوو لە ئیدارەكەی جۆرج بۆشی كوڕدا، بەوە ناسراوە كە پاڵپشتیكارێكی بەهێزی هەژمونی ئەمریكا و سەپاندنی ئەو هەژمونەیە لە دەرەوە و هەرگیز لەو باوەڕەی پاشەكشێی نەكردووە. بۆڵتۆن 20ی تشرینی دووەمی 1948 لەدایكبووە، لە بواری پارێزەری و دیپلۆماسیدا كاریكردووە، باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی ساڵانی 2005 بۆ 2006. جۆن بۆڵتۆن ئەو پیاوەی كە ترەمپ كردویەتی بە راوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بیروبۆچونی تایبەتی خۆی هەیە سەبارەت بە پرسە هەستیارەكان بەتایبەتی پرسی كۆریای باكور و ئێران. شەش خاڵی سەرەكی كە جۆن بۆڵتۆن باوەڕی پێیانە: یەكەم: بۆڵتۆن لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریكا بوو كە پاڵپشتی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد بۆ جیابونەوە لە عێراق، رۆژێك بەر لە بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكەی هەرێم، بۆڵتۆن لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی: ئیستا كاتی ئەوەیە كوردەكانی عێراق دەنگ بە خواستەكانیان بدەن، هەر لەو رۆژانەدا بوو كە ئەم پیاوە وتارێكی لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوكردەوە رایگەیاند" ئەمریكا پێویستی بە دانانی ستراتیژیەتێكی نوێ هەیە بۆ قۆناغی دوای داعش، چونكە عێراق بە دۆخی ئێستایەوە ناكرێت وەكو وڵاتێكی دۆست تەماشا بكرێت". بۆڵتۆن لەوانەیە كە خوازیارە ئەمریكا پاڵپشتییە سەربازییەكانی بۆ حكومەتی عێراق رابگرێت، چونكە بەوتەی ئەو ئەو شیعانەی كە لایەنداری ئێرانن دەستیان بەسەر بەغداددا گرتووە. دووەم: وەشاندنی گورزی سەربازی لە كۆریای باكور جۆن بۆڵتۆن لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریكایە كە باوەڕی وایە كۆریای باكور و پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی "هەڕەشەیەكی خێرا"ن بۆسەر ئەمریكا، بۆڵتۆن ئەو بۆچونانە رەتدەكاتەوە كە دەڵێن هێشتا دەرفەتێك ماوە بۆ كاری دیپلۆماسی لەگەڵ كۆریای باكور. لە وتارێكدا كە مانگی شوبات لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویكردوەتەوە، جۆن بۆڵتۆن دەڵێ: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو كەڵێنانەی كە لە زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكادا هەن سەبارەت بە كۆریای باكور، ناكرێت تا خولەكی كۆتایی چاوەڕوانی بكرێت". ئاماژەی بەوەدەكات" ئەوە كارێكی رەوایە بۆ ئەمریكا كە دەستپێشخەری هێرشبكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ هەڕەشەی چەكی ئەتۆمی كۆریای باكور". رۆیشتنی جۆن بۆڵتۆن بۆ ناو كۆشكی سپی بەم بیروبۆچونانەوە سەبارەت بە كۆریای باكور لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێت دۆناڵد ترەمپ مانگی ئایاری داهاتوو كۆبونەوەیەكی لوتكە لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور سازبدات. سێیەم: لێدانی ئێران بەپێی راپۆرتەكان دۆناڵد ترەمپ بەهۆی ناكۆكی بیروبۆچون سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیدارەكەی دوورخستوەتەوە، بەڵام بۆ جۆن بۆڵتۆن بابەتەكە جیاوازە، چونكە بۆڵتۆن لەبارەی ئێرانەوە هاوڕایە لەگەڵ ترەمپدا. بۆڵتۆن لەو كەسانەیە كە رەخنەی لە ئیدارەكەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵات دەگرت لەبارەی پەسەندكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2015دا، ساڵی رابردوو لە نوسینێكدا رایگەیاند، دەقی رێككەوتنەكە "كەڵێنی گەورەی تێدایە و ئێستا لەڕێگای ئەو كەلێنانەوە ئێران موشەك و بەرنامە ئەتۆمییەكانی پەرەپێداوە". ئاداری 2015 بەر لە پەسەندكردنی رێككەوتنەكە، بۆڵتۆن لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" نوسی: چارەی سەربازی تاكە چارەسەرە بۆ ئەم كێشەیە، كات سنوردارە، بەڵام هێشتا دەرفەت هەیە بۆ سەركەوتنی ئەو هێرشە، هەنگاوی لەو جۆرە دەبێت پاڵپشتی بەهێزی ئەمریكای لەگەڵدا بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە ئامانجی گۆڕینی رژێم لە تاران. چوارەم: سەرسام نییە بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارێكدا لە ساڵی 1994 جۆن بۆڵتۆن وتی: شتێك بونی نییە بەناوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەڵكو كۆمەڵگایەكی نێودەوڵەتی هەیە كە هەندێكجار ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات وەكو تاكە هێزێكی راستەقینە كە لە جیهاندا مابێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدا لەگەڵ بەرژەوەندییەكاانماندا بگونجێت". بۆڵتۆن ئەم قسەیەی بەر لە زیاتر 10 ساڵ كرد پێش كاندیدكردنی لەلایەن جۆرج بوشی كوڕەوە وەكو باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام هێشتا گومانەكانی لەبارەی رۆڵی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە و ملكەچنەبوونی بۆ دەوڵەتێكی دیاریكراو، بەردەوامە. گۆڤاری ئیكۆنۆمیست بەو جۆرە وەسفی بۆڵتۆن دەكات كە " جێ مشتومڕترین باڵیۆزە ئەمریكا رەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردبێت"، بەڵام ئەو شایەتیەشی بۆ دەدرێت كە بە توندی لە پێناو چاكسازیكردن لەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە شەڕی كردووە. پێنجەم: جەنگی عێراق بەر لە چەند هەفتەیەكی كەم، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری جەنگی عێراقی لە ساڵی 2003دا بە "خراپترین بڕیار" ناوبرد، بەڵام هاوكات بۆڵتۆن كە یەكێك لە پاڵپشتیكارە بەهێزەكانی جەنگی عێراق بوو، رەتیكردەوە ئیدانەی بڕیارەكە بكات. لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی "ڤۆكس نیوز" بۆڵتۆن وتی: كاتێك دەوترێت روخاندنی سەددام حسێن هەڵە بوو، ئەوە سادەكردنەوەی بابەتەكەیە". ساڵی 2016 بۆڵتۆن بەشێوەیەكی رونتر هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی عێراقەوە بە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" راگەیاند و وتی: هێشتا پاڵپشتی لە روخانی سەددام حسێن دەكەم كە بوو بوو بە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاشتی". شەشەم: دەبێت بە بەهێزیی مامەڵە لەگەڵ روسیادا بكرێت بۆڵتۆن دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016ی ئەمریكا بە " كردەوەیەك لە كردەوەكانی شەڕ بەرامبەر بە واشنتۆن كە ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت" ناودەبات. كاتێك ترەمپ لە تەموزی 2017دا چاوی بە ڤیلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا كەوت و پۆتن ئەو دەنگۆیانەی رەتیكردەوە كە باس لە دەستوەردانی روسیا دەكەن، ئەوكات لە وتارێكدا بۆڵتۆن نوسی: ئەو بە یارمەتی راهێنانەكانی دەزگای هەواڵگری روسیا- KGB درۆ دەكات. بەمدواییەش كە سیخوڕی پێشوو سێرگی سكریپاڵ لە بەریتانیا ژەهراوی كرا و بەرپرسیارێتی هێرشەكە خرایە ئەستۆی روسیا، بۆڵتۆن وتی: دەبێت خۆرئاوا بە بەهێزیی وەڵامی روسیا بداتەوە.   


ئامادەكردنی و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ  پەرلەمانی ئەڵمانیا " بۆندستاگ" رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنگێلا مێركڵ سەرۆكی پارتی دیموكرات مەسیحی بۆ خولی چوارەم بە راوێژكاری ئەڵمانیا هەڵبژاردەوە، مێركڵ لە كۆی (688) دەنگی پەرلەمانتاران (364) دەنگی بەدەستهێنا. پارتەكەی مێركڵ لە هەڵبژاردندا زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام زۆرینەیەك نەبوو كە بتوانێت بە تەنها كابینەی نوێی حكومەت  پێكبهێنێت، ئەوەش وایكرد دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت زیاتر لە (شەش) مانگ بخایەنێت و دواجار مێركڵ توانی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموكرات هاوپەیمانێتی بكات.  بەڕای چەند كەسێكی نزیك لە مێركڵ، هاوپەیمانێتی پارتی دیموكرات مەسیحی و پارتی سۆسیالی دیموكرات پێش تەواوبوونی ئەم خولە كۆتایی پێدێت. مێركڵ لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێینی دا پەلە بكات لە گەڕاندنەوەی دەنگی بەهێزی ئەڵمانیا دەربارەی چاكسازییەكانی یەكێتی ئەوروپاو بەهۆی كردنەوەی دەروازەكانی وڵاتەكەشی بەڕووی كۆچبەراندا بە تایبەت كۆچبەرانی سوریا لە ساڵی 2017دا، لەلایەن كۆچبەرانەوە نازناوی " دایكە مێركڵ" لێنرا. ئەنگێلا مێركڵ كێیە ؟ •    ساڵی 1989 و دوای روخانی دیواری بەرلین هاتە ناو جیهانەی سیاسەتەوە •     ساڵی 1954 لە ئەوروپای خۆرهەڵات لەدایكبووە و هەرلەوێ‌ گەورە بووە و ژیاوە هەتا هەردوو ئەڵمانیاكە یەكیانگرتەوە •     لە بواری سیاسیدا چەندین پۆستی باڵای وەرگرت تا گەیشتە پۆستی سەرۆكی پارتی دیموكرات مەسیحی •     ساڵی 2005 وەك یەكەمین ژن لە مێژووی ئەڵمانیادا بە راوێژكار هەڵبژێردرا كە ئەم پۆستە هاوتای پۆستی سەرۆك وەزیرانە لە وڵاتەكانی تردا و سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ئەڵمانیای فیدراڵدا •    لە زانكۆی لایپزیگ زانستی فیزیای خوێندووە •     ساڵی 1978 بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە و وەك شارەزایەك لە كیمیادا لە پەیمانگای ناوەندی كیمیایی فیزیای كۆلێژی زانست كاری كردووە لەماوەی ساڵانی 1978 تا 1990 •    زمانی روسی زۆر بە باشی دەزانێت ئەنگێلا مێركڵ نازناوی (مێركڵ)ی لە هاوسەری یەكەمی (ئۆلریخ مێركڵ)ەوە وەرگرتووە كە ساڵی 1981 لە یەك جیابوونەتەوە و دواتر لەگەڵ (یواكیم ساور) هاوسەرگیری كردووە و هەردووكیان زۆر خولیای شیعری گۆرانین، لە بواری چێشت لێنانیشدا زۆر شارەزایە و زۆریش حەزی لە بینینی یاری تۆپی پێیە و هاندەرێكی سەرسەختی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە، بە بڕوای ئەو تۆپی پێ شایانی ئەوەیە وێنەی ئەڵمانیا لە جیهاندا جوانتر نیشانبدات. مێركڵ كە زۆر كەم باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات دەڵێت ژیانی منداڵی لەگەڵ ماركۆس-ی برای و ئیرین-ی خوشكی زۆر بەخۆشی بەسەربردووەو بەشی فیزیاشی هەڵبژاردووە بۆ خوێندن، چونكە حكومەتی كۆمۆنیستی ئەڵمانیای خۆرهەڵات ئەو كاتە جگە لە " یاساكانی سروشت" دەستیی لە هەموو شتێك وەردەدا. رۆشتنی مێركڵ بۆ ناو جیهانی سیاسەت لەگەڵ روخاندنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 ئەنگێلا مێركڵ پەیوەندی بە پارتی دیموكرات مەسیحییەوە دەكات و لە حكومەتی (هیڵمۆت كۆڵ)دا پۆستی وەزیری لاوان و ژنانی پێ سپێردراوەو پاشان بوەتە وەزیری ژینگە و سەلامەتی ئەتۆمیی و دوای شكستهێنانی هیڵمۆت كۆڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، مێركڵ وەك ئەمینداری گشتی حزبی دیموكرات مەسحیی دیاریكرا، ساڵی 2000 بە سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا، بەڵام ساڵی 2002 لە ركابەریدا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی راوێژكار بەرامبەر بە (ئیدمۆند ستۆیبەر) شكستیهێنا. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا مێركڵ بە جیاوازییەكی كەم بەسەر (گێرهارت شرۆیدەر)دا سەركەوت و دوای هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموكرات مەسیحی و پارتی سۆسیال دیموكرات، مێركڵ وەك یەكەمین ژن لە مێژووی ئەڵمانیادا بوو بە راوێژكار و هەروەها بووە یەكەمین هاوڵاتی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیش كە سەرۆكایەتی ئەڵمانیای یەكگرتوو بكات، ساڵی 2009 بۆ خولی دووەم و ساڵی 2013 بۆ خولی سێیەم هەڵبژێردرایەوە. لە دوای هەڵبژاردنیشی وەك راوێژكاری ئەڵمانیا، مێركڵ بەهۆی كەسایەتی ناوازەی و رۆڵی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا بووە مایەی سەرنجی دەزگاكانی راگەیاندنی جیهان. "ژنە پۆڵایینەكە" رۆژنامە و گۆڤارەكانی جیهان چەندین نازناویان بە مێركڵ بەخشیووە، لەوانە "خانمی پۆڵاین" ئەوەش بەهۆی هەڵوێستە توند و رێبازە زانستییە وشكەكەی بەراورد بە كاری سیاسی كلاسیكی ، هەروەها ئەڵمانییەكان نازناوی " دایك" یان پێشەخشیوە بەهۆی ئەو هەست و سۆزەی هەیەتی لەگەڵ پێدوایستییە كۆمەڵایەتییەكانیان، گۆڤاری فۆربسی لە پۆلێنی خۆیدا بە بەهێزترین ژن لە جیهاندا دایناوە بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی لە دەسەڵاتدایە و هەروەها بەهۆی سەرۆكەوتنی لە بواری ئابوری و خۆڕاگری ئەڵمانیا بەرامبەر قەیرانی دارایی جیهانی كە ئابوری ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپای دووچاری داكشان كرد و هەندێكیانی لە مایەپوچبوون نزیككردەوە.  مێركڵ جیهانی تووشی شۆك كرد كاتێك دەروازەكانی سنورەكانی وڵاتەكای بەڕووی كۆچبەراندا واڵاكرد و قەیرانی كۆچبەران سەریهەڵدا و شەپۆلی كۆچبەران بەهۆی جەنگ و برسێتییەوە روویان لە ئەوروپا كرد و هەزارانیان لە دەریای ناوەڕاستدا مردن. وەرگرتنی زیاتر لە (یەك ملیۆن) پەنابەر، مێركڵی لە ناوخۆی ئەڵمانیادا روبەڕووی دژایەتییەكی زۆر كردەوە، بەو هۆیەوە ئاستی جەماوەرێتی لە هەڵبژاردنەكاندا دابەزی، بەڵام سوربوو لەسەر هەڵوێستی خۆی دەربارەی پەنابەران و پێشبیینی دەكرا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بباتەوە. جیاواز لە وڵاتانی وەكو یۆنان و ئیسپانیا و ئیتالیا، مێركڵ وێنەیەكی جیاوازتری هەیە و دەزگاكانی راگەیاندنی ئەو وڵاتانە بە توند و بێ‌ بەزەیی وەسفیدەكەن، چونكە لە ڕێگەی یەكێتی ئەوروپاوە رێوشوێنی توندی دارایی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند، ئەوەش بووە مایەتی نەهامەتی بۆ چەند چینێكی كۆمەڵایەتی بەرفراوانی ئەو وڵاتانە. سیخوڕیی ئەمریكا لە ساڵی 2013دا مێركڵ بووە مانشێتی رۆژنامە جیهانییەكان، كاتێك دەزگای هەواڵگری ئەمریكا تۆمەتباركرا بە چاودێریكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی و لە كۆنگرەی سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا مێركڵ وتی " سیخوڕیكردن لە نێوان دۆستەكاندا كارێكی قبوڵكراو نییە". چەند راپۆرتێكیش دواتر ئاماژەیانبەوەدا پێدەچێت دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لە ساڵی 2002ەوە چاودێری مێركڵی كردبێت. مێركڵ لەناو چواردەورەكەیدا بەوەناسراوە "كەمدووە" و بەكەمی قسە دەكات، بەڵام هاوكار و لێپرسراوانی حكومەتەكەی مەسج باران دەكات و زۆرجار دەبینرێت لە كاتی كۆنگرە و دیدارەی نێودەوڵتییەكاندا سەرقاڵی مۆبایلەكەیەتی، چونكە ئەو ژنێكە زۆر حەزی لە تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا زۆر چالاكە.  


وەرگێڕان و ئامادەکردنی: نامیق رەسول هەموو كەسێك چەند خولیا و ئارەزوویەكی تایبەت بەخۆی هەیە و لەكاتی دەستبەتاڵیدا خۆی پێوە سەرقاڵدەكات، ئەوەش و ئەوەش بەسەر هەمووماندا بەبێ‌ جیاوازی جێبەجێدەبێت هەتا دیكتاتۆرەكانیش. دوور لە سیاسەت و جەنگ سیاسەتمەداران و سەركردەكان هاوشێوەی هەموو مرۆڤێك خاوەنی چەند خولیا و ئارەزوویەك بوون و لە لایەن رۆژنامەنوسان و نوسەران و مێژوونوسانەوە تۆماركراون. لێرەدا خولیا و ئارەزووی پێنج دیكتاتۆری جیهان دەخەینەڕوو: ئەدۆڵف هیتلەر لە چلەكانی سەدەی رابردوودا كۆمپانیای دیزنی تەمەنی نزیكەی 20 ساڵانێك دەبوو، بەڵام هیتلەر هەر لەسەرەتاوە عاشقی بوو، هیتلەر زۆر حەزی لە فیلمەكانی بوو بە تایبەتی فیلمی " سپی بەفر" كە ساڵی 1938 بەرهەمهێنرا، هەروەها هیتلەر خولیای خوێندنەوەی كتێب و بە تایبەتی كتێبی سەركێشی بوو.. سەدام حسێن لە كتێبێكدا كە دەربارەی ژیانی سەدام حسێن ئاشكراكرا كە سەدامی دیكتاتۆر زۆر حەزی لە پەتاتەی " چیتۆس" و " دۆریتۆس" بووە و بەردەوام خواردوویەتی جگە لەوەش سەدام زۆر ئارەزووی لە خوێندنەوە بووە خۆشی چوار رۆمان و چەند هۆنراوەیەكی نوسیوە و زۆرینەشیان دەربارەی پاڵەوانێتی گەلی عێراق بووە بەرامبەر هێزەكانی خۆرئاوا. عیدی ئەمین دادا سێیەم سەرۆکی ئۆگەندا لە ساڵی 1971 بۆ 1979 ، بە ستەمكردن و سەركوتكردن تۆمەتباردەكرا و لەلایەن گەلی ئۆگەنداوە نازناوی سەربڕی ئەفریقای پێبەخشرا، عیدی ئەمین زۆر سكۆتلەندای زۆر خۆشەویست و بەردەوام سەرسوڕمانی خۆی بەو وڵاتە دەربڕیوە و خولیای ئەوەشی هەبووە كە بەردەوام نازناوی بۆ خۆی هەڵبژاردووە لەوانەش " سەرۆكی هەمیشەیی ئۆگەندا"، " مارشاڵ" ، "حاجی" ، " توێنەری ئیمپراتۆریەتی بەریتانی" ، دواهەمین پادشای سكۆتلەندا". موعەمەر قەزافی  لە ساڵی 1987دا تیمی ئەڵمانی هەڵخلیسكانی سەر سەهۆڵ " " iserlohn roosters مایەپووچ بوو داوای هاوكاریان لە قەزافی كرد هەرچەندە ئەڵمانیا رەتیكردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قەزافی زۆر خولیای یاری هۆكی و هەڵخلیسكانی سەر سەهۆڵ بوو. جۆزێف ستالین لە ساڵی 2009 دا نزیكەی تابلۆ خرانەڕوو كە ئیمزای ستالینیان لەسەر بوو، زۆرینەی ئەو كەسایەتییەكانی ناو ئەو كارە هونەرییانە كەسانێك بوون كە پۆشاكیان لەبەردا نەبوو رووت بوون، هەروەها ستالین هەندێك تێبینی دژی چەند كەسێك دەنوسی وەك " قژ سوری شەڕانگێز " خولیایەكی نامۆی هەبوو .    


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جینا هاسپێڵی كردە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA)، جینا یەكەمین ژنە لە مێژووی ئەمریكادا ئەم پۆستە وەردەگرێت. ترەمپ بەرلەوەی جینا هاسپێل بكاتە سەرۆكی (CIA)، سەرەتا لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگاكە داینا، هەر ئەوكاتەی كە وەك جێگر دەستبەكاربوو، لەناوەندی سیاسی ئەمریكادا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، زۆربەی خەڵك وەكو هەنگاوێكی گرنگ تەماشای دانانی ژنێكیان كرد لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریدا، یەكێك لەوانەی كە پێشوازی لە هەنگاوەكەی ترەمپ كرد بۆ دانانی جینا هاسپێل، جیمس كلابەر بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوو لەسەردەمی باراك ئۆبامادا. ئەو ژنە كێییە كە سەرۆكایەتی مەترسیدارترین دەزگای ئەمریكا دەكات ؟ لەگەڵ دانانی لە پۆستی سەرۆكایەتی (CIA)، میدیاكانی جیهان هەر زوو كەوتنە بڵاوكردنەوەی چیرۆكی ژیانی جینا هاسپێل. بەپێی زانیارییەكان ئەم ژنە پێشتر سەرۆكایەتی دۆسیەی زیندانە نهێنییەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەو زیندانانەی كە تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆریان تێدا بەندكراوە و دەوترێت ئەشكەنجەی جۆراوجۆر دراون، میدیاكانی جیهان ئەو زیندانە نهێنیانەی ئەمریكایان لەسەر ئاستی جیهان ناوناوە "چاڵە رەشەكان". جینا هاسپێل ئەفسەرێكی پیشەگەری هەواڵگری ناوەندی ئەمریكایە، وەك باسدەكرێت لەناو هاوڕێكانی كاریدا رێزێكی تایبەتی هەیە، ئەو لەو بەرپرسە ئەمنییانەی ئەمریكایە كە پشتیوانی لە هەماهەنگی و تەواوكاری لە كاری نێوان دەزگا هەواڵگرییەكان دەكات. "جینا لەوپەڕی زیرەكی و نیشتیمانپەروەریدایە و دڵسۆزە و شارەزاییەكی هەیە لە هەواڵگری ناوەندیدا كە ماوەكەی 30 ساڵە، سەلماندویەتی سەركردە و بە توانایە و سەرچاوەی سروشتە بۆ كەسانی دەوروبەری" ئەمە قسەی مایك پۆمپیۆ بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایە سەبارەت بە جینا. هاسپێل ساڵی 1985 چوەتە ناو دەزگای هەواڵگرییەوە، هەموو ژیانی پیشەیی خۆی بە دوور لە دەركەوتن و روناكی بەسەربردووە، ئەمە وایكرد ساڵی رابردوو كاتێك ترەمپ كردی بە جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، میدیاكان نەیانتوانی بە ئاسانی وێنەی ئەم ژنە دەستبخەن. هاسپێل سەرپەرشتی زیندانێكی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لە تایلەند كە پرۆسەیەكی توندی لێپرسینەوەی تێدا بەڕێوەچووە لەگەڵ هەریەكە لە عەبدولڕەحمان نشێری و ئەبو زوبەیدەدا. پێنج زانیاری لەبارەی هاسپێل: •    هەندێك كەس تۆمەتباری دەكەن بە بەڕێوەبردنی پرۆگرامی لێپرسینەوەی "چڕ"ی تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆر كە ئەو پرۆسانە زۆرجار تا ئاستی ئەشكەنجەدان رۆشتوون، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتەكانی لیژنەی هەواڵگری ئەمریكا لە ئەنجومەنی پیران. •    ساڵی 2002 بەرپرس بووە لە زیندانی هەواڵكری ناوەندی ئەمریكا لە تایلەند، ئەو كەسانەی كە لەو زیندانەدا دەستبەسەربوون ئەشكەنجەی "وەهمی نوقومبون لە ئاودا"و چەندین جۆری تری ئەشكەنجەدا دراون. •    سەرپەرشتی پرۆسەی لێپرسینەوەی توندی كردووە لەگەڵ ئەبو زوبەیدە و عەبدولڕەحمان نشێری لە زیندانەكانی دەزگای هەواڵگری لە تایلەند. •    ناوی جینا هاسپێل لە بروسكەیەكدا هاتووە، تێیدا دەزگای هەواڵگری داوای لێدەكات هەموو ئەو تۆمارە وێنەییانە لەناوببات كە تایبەتن بە پرۆسەكانی لێپرسینەوە لە تایلەند. •    جێگری بەرپرس بووە لە پرۆسەی روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ئاژانسی خوسیە رۆدریگیزدا. هاسپێل كە تەمەنی (61 ساڵ)ە، جێگای مایك پۆمپیۆی گرتەوە كە دوای دوورخستنەوەی ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگرییەوە گواسترایەوە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە. هاسپێل لە ژمارەیەكی زۆر دۆسییەی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا لە دەرەوەی وڵات كاریكردووە، لە كۆتایی ساڵی 2000دا لە لەندەن كاریكردووە. ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت  


رۆژی 19ی ئازار شەهیدبوونی (ئانا كامبڵ) كچە شەڕڤانی بەریتانیی تەمەن (26 ساڵ) لە عەفرین راگەیەنرا، بەوەش ژمارەی ئەو شەڕڤانە بەریتانیانەی لە شەڕی دژ بە داعش و سوپای توركیا شەهیدبوون، گەیشتە (8) شەڕڤان. تەنها بەریتانییەكان نین پەیوەندییان بە ریزەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" كردبێت ، بەڵكو دەیان شەڕڤان لە سەرتاسەری جیهانەوە گەیشتونەتە رۆژئاوای كوردستان و لە ریزی شەڕڤانە كوردەكاندا دەجەنگن، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە چ هۆكارێك ئەو شەڕڤانانە هاندەدات بێنە رۆژئاوای كوردستان؟ میسەر گیفۆرد شەڕڤانێكی بەریتانییە، ئەو یەكێكە لەو شەڕڤانانەی زۆر زوو پەیوەندی بە ریزەكانی یەپەگەوە كردووە، گیفۆرد لە چاوپێكەوتنێكدا كە ساڵی 2017 لەگەڵیدا كراوە باس لەوەدەكات كە چۆن كارەكەی لە لەندەن بەجێهێشتووە و خۆی گەیاندوەتە بەرەكانی جەنگ و دەڵێت" بەهۆی كارەكەمەوە كە لە بواری بانكدا بوو، رۆژانە رۆژنامەكانم دەخوێندەوە، چونكە كارەكەم پەیوەندی هەبوو بە دۆخی سیاسییەوە لە جیهاندا، من دەمزانی چی دەگوزرێت لە جیهاندا، بەڵام ساتی راستەقینەوە ئەوەبوو كاتێك ئاوارەبوونی نزیكەی 20 هەزار ئێزدیم بینی بەرەو چیای شەنگال لە عێراق". كاتێك جیهان بۆ وەستاندنی تاوانەكان بەرامبەر ئێزدییەكان جوڵەی نەكرد، گیفۆرد كارەكەی بەجێهێشت و پرۆسەی كڕینی خانویەكیشی هەڵوەشاندەوە كە لە كۆتاییدا بوو، هاوسەرەكەی بەجێهێشت بۆئەوەی بچێتە ریزی " یەپەگە" لە سوریا. گیفۆرد كە لە تەمەتی (17 ساڵی)یەوە ئەندامی پارتی پارێزگاران بووە لە بەریتانیا دەڵێت ئەزمونەكەی لە سوریا، رێبازی ژیانی لە رووی فیكرییەوە دەگۆڕێت" هەڵوێستی كوردەكان لە پرسەكانی وەك دیموكراتی و یەكسانی و ژیان بە شێوەیەكی گشتی مایەی خۆشحاڵییە، لەوێ‌ یەكسانی هەیە هەتا لە بەرەكانی جەنگیش، ئەو فەرماندەیەی كە شەڕڤانەكان بڕوایان وابێت كە شایانی فەرماندەیی نییە، لە رێگەی دەنگدانەوە لادەبرێت". ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان گیفۆرد لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا باس لە ئەزمونی كورد دەكات لە سوریا لە حكومڕانیكردنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە لەگەڵ هەلی سەركەوتن و گشتاندنی، لەوبارەیەوە دەڵێت" ئیمپریالیزم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستای بونیادناوە بەبێ‌ رەچاوكردنی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییەكان لە ناوچەكەدا، ئێمە لە خۆرئاوا نەزانانە و  بەزۆر بیروبۆچونی خۆمان بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە و ئەزمونی داگیركردنی عێراقمان لە ساڵی 2003 لەبەردەستدایە كە شكستهێنانی ئەو سیاسەتە دەسەلمێنێت. ئەركێكی نێونەتەوەیی زۆرینەی ئەو شەڕڤانە بیانیانەی لە رۆژئاوی كوردستانن بڕوایان وایە كە ئەركێكی نێونەتەوەیی جێبەجێدەكەن و بەرگری لە كوردەكانی سوریا و كەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەكانی دەكەن كە چەندین دەیەیە بوونەتە قوربانی پەراوێزخستن، بێ‌ ئەوەی رایگشتی جیهان هیچ بایەخێكیان پێبدات، یەكێك لە ئەنجامەكانی شەڕ و ناكۆكی سوریاش ئەوەبوو كە تیشكی خستە سەر دۆخ و واقعیی ئەو كەمایەتییانە، ئەمەش سەرنجی چەندین چالاكی سیاسیی  لە سەرتاسەری جیهاندا لە چەپ و ترۆتسكی و نێونەتەوەیی و بەرگریكارانی مافەكانی ژنان راكێشا، هەروەها ژمارەیەك لەو خۆرئاواییانەی كە دژی توندڕەوی ئیسلامی و رێكخراوەكانی وەك داعش و قاعیدە و گروپە جیهادییەكانن. ژنە شەڕڤانێكی بەریتانیی لە عەفرین شەهید دەبێت چالاكانی كورد و یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژنان سەركەوتوو بوون لەوەی وێنەیەكی سەرنجڕاكێشیان پێشكەشی جیهان كرد لە شەڕیان دژ بە گروپە توندڕەوەكان و " ئازادكردنی ژنان و منداڵان" لە دەست چەكدارانی " دەوڵەتی ئیسلامی" و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیەتی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە، كە پشت بە سیستمی كۆمۆنەی بچوك و كۆتاییهێنان بە ئەنجومەنە خۆجێییەكان دەبەستێت و نیوەی پۆست و كورسییەكانی ئەو كۆمۆنانەش بۆ ژنان تەرخانكراوەو هەموو پۆستێكیش بە هاوسەرۆكایەتی ژن و پێاوێك بەڕێوەدەبرێت. هەروەها تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە هەموو زمانە جیاوازەكانی جیهان باشترین چەك بوون بۆ ئەزمونی كورد لە سوریا و بۆ راكێشانی چەندین خۆبەخش و هەوادار لە دەرەوە، بروسك حەسەكە وتەبێژ بەناوی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" دەڵێت: دەیان شەڕڤانی بیانی بۆ شەڕكردن دژی گروپە توندڕەوەكان پەیوەندییان بە بەرەكانی شەڕەوە كردووە و ژمارەیەكیشیان بۆ بەرگریكردن لە كانتۆنی عەفرین لەدژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سوریای سەر بە توركیا چونەتە عەفرین، سەرەڕای مەترسییەكانی گەشتكردنیان بۆ سوریا كە لەوانەیە روبەڕوویان ببێتەوە و هەتا مەترسی ئەوەش هەیە كە كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان روبەڕوی دەستگیركردن ببنەوە. بروسك حەسەكە وتی: ئێستا نزیكەی 150 شەڕڤانی بیانی لە ریزەكانی یەپەگە و یەپەژەدان. دەربارەی مەشق و راهێنانی شەڕڤانە بیانییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا، نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراتی گەل " یەپەگە" دەڵێت: خۆبەخشە بیانییەكان مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت و خولی رۆشنبیریشیان بۆدەكرێتەوە بۆئەوەی نەریت و رۆشنبیری ناوچەكە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا فێرببن و و خۆیان بگونجێنن. هەرچەندە یەكینەكانی پاراستی گەل لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان، بەڵام هەڵگری بیروڕای چەپن، لەو بارەیەوە رۆن كوبی پارێزەر هاوڕێكی رۆبەرت گروت كە ساڵی 2017 لە شەڕی رزگاركردننی رەققەدا كوژرا دەڵێت: گروت بەهۆی كاریگەربوونی بە بیری چەپی كورد پەیوەندی بە یەپەگەوە كرد. كوبی ئاماژە بەوەدەكات" رۆبەرت هەستی بەوەكرد كە ئەركێكی ئەخلاقی لەسەرشانە بەرگری لە دادپەروەری بكات و ژایەتی ستەم بكات بۆ خولقاندینی جیهانێكی دادپەروەرتر". ئامادەکردنی: نامیق رەسول



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand