رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا زیاتر لە 200 ملیار دۆلار پارەی تایبەت بە هەوڵەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا بلۆككرد و ئیدارەكەشی رۆڵی ئەمریكا لەو وڵاتە هەڵدەسەنگێنێت. رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە كۆشكی سپی فەرمانیداوە بە وەزارەتی دارایی بۆ بلۆككردنی ئەو پارەیە. ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا ئاماژەیان بۆئەوەشدا كە ترەمپ ئەو بڕیاری دوای ئەوەداوە كە راپۆرتێكی هەواڵی بینیوە و تێیدا ئاماژەبەوەكراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەمدواییە بەڵێنیداوە 200 ملیۆن دۆلاری تر بۆ هەوڵەكانی زوو ئاوەدانكردنەوەی سوریا پێشكەشبكات. شوباتی رابردوو رێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش ئەوەی پۆستەكەی بەجێبهێڵێت لە كۆنگرەی كوەیتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڵێنی پێشكەشكردنی ئەو بڕە پارەیەی دابوو. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت ئەو بڕیارەی ترەمپ هاوتەریتە لەگەڵ لێدوانەكانی رۆژی پێنجشەممەی دەربارەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا كاتێك لە وتەیەكیدا لە شاری ریچفێڵدی ویلایەتی ئۆهایۆ وتی هێزەكانی ئەمریكا لەسویا " زۆر بە زوویی" لەو ناچانەی لێی جێگیركراون دەكشێنەوە. ترەمپ وتیشی " گورزی كەمەرشكێنمان لە داعش داوە و زۆر بە زوویی سوریا بەجێدەهێڵین و بەجێیدەهێڵین ئەوانی تر بایەخی پێبدەن." هەروەها ترەمپ وتیشی " لە سەداسەدا كۆنترۆڵی ئەوە دەكەین كە پێی دەڵێت خاكی خەلافەت، زۆر بە خێرایی كۆنترۆڵی دەكەین، بەڵام بەمزوانەش لەوەێ دەردەچین." وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ
رۆژنامەی میدڵ ئیس ئایە بڵاویكردوەتەوە كە دوای شەش مانگ لە دژایەتیكردن، ئەنكەرە لاپەڕەكی نوێ لەگەڵ هەولێر هەڵئەداتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتیەكدا دژبە پارتی كرێكارانی كوردستان لە كوردستانی عێراق، حكومەتی توركیا هەنگاوەی یەكەمی هەڵگرت بۆ كۆتاییهێنان بەو گەمارۆ ئابوریەی كە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دای نابوو لەدوای ریفراندۆمەكەی ئەیلولی 2017، ئەویش بە هیوایەی هەولێر هەنگاوی جدی هەڵبگرێت دژ بە دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شەنگال. لە 26ئازارەوەو دوای شەش مانگ لە راگرتنی، هیڵی ئاسمانی توركیا گەشتی راستەوخۆی فرۆكەی لە توركیاوە بۆ هەولێر دەستپێكردەوە، ئەوەش رونترین ئاماژەیە كە ئیستا ئەنكەرە رازیبوە لاپەرەیەكی نوی هەڵبداتەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردوستان، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورەی سەربازی بۆ ئەنقەرە لە باكوری عێراق. عەلی فایەق دەمیر، مامۆستای زانكۆی گالاتەسەرای ئەستنبوڵ دەڵیت: ئەو هەنگاوەی ئەنكەرە نیشاندانی نیازپاكیەكی گەورەیە لەلایەن توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتنێكی گەورەشە بۆ توركیا و هەلێر و عیراقیش.ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شەنگال لە ئەستۆی بەغدایە، بەڵام بەغداد دڵخۆش دەبێت كە ئەگەر ئەنكەرە هەولێر رازی بكات كە رۆڵی خۆی بگێرێت لە دەركردنی پەكەكە لە شەنگال. وەرگێڕان: سەفین ئازاد
یەكەمجار نیە كوردەكان لە عێراق و سوریا رووبەروی ئایندەیەكی نادیار دەبنەوە، ئێستا لە سوریا 150هەزار كەس ئاوارەبوون بەهۆی هێرشكردنە سەر عەفرین كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە ، سوپای توركیا بەهاوكاری سوپای سوریای ئازاد چونە ناو شاری عەفرین، كوردەكان ماڵ و سەروەت و سامانیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون، هەندێك كەس وەك كۆڕەوەكەی كوردی عێراقی دەدەنە قەڵەم كە لەساڵی 1991 لەدەست چەوساندنەوە و دڕندەیی سەدام ئاوارەبوون، لە دەستدانی عەفرین ئاماژەیە بۆ كپكردنی هیوا و ئاواتی كوردەكات كە لەم دواییە بەتەواوی گەشەی سەندبوو ، بەتایبەتیش لەدوای جەنگی داعش و هاوكاری وڵاتان بۆ كوردەكانی عێراق. لە سوریا بارودۆخەكە جیاوازە بەڵام لەوێش بێهیوایە بۆ كورد، ئیستا سێ ساڵە لەدوای كۆبانی كورد بەرپەرچی هێرشی داعش دەداتەوە توركیا كوردەكانی سوریا یان یەپەگە وەك بەشێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە سەیردەكات، لە كاتێكدا كوردەكانی سوریا لەگەڵ ئەمریكا دژ بە داعش جەنگاون و كاریان كردووە، دوای ئەوەی توركیا بڕیاریدا پەلەماری عەفرین بدات لە باكوری سوریا، بەڵام حكومەتی روسیا كە پشتگیری رژێمی سوریا دەكات، دەركەوت كەررازییە بە هاتنی فڕۆكەی توركیا بەسەر ئاسمانی سوریا، دەركەوت مۆسكۆ و دیمەشق رازین عەفرین بۆ توركیا و سوپای سوریای ئازاد بێت، لەبەرامبەردا رژێمی سوریا لە سەركەوتن لە غوتەی رۆژهەڵات نزیك دەبێتەوە، ئەو مامەڵەیەی نێوان دیمەشق و روسیا و توركیا بۆ ئەوەی بوو كە رێگری لە خەونی سەربەخۆیی كورد بكرێت لە باكوری سوریا، بۆیە كوردەكان لە خەونی سەربەخۆییەوە گەیشتنە ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس و كوژرانی سەدانی تر.؟ ئێستا كوردەكان لە سوریا و عێراق متمانە و هیوایەكیان بە خۆرئاوا نەماوە تا بیانپارێزێت لە هێرش و هەڕەشە و دەستدرێژییەكان و پشتیوانیان لە مافەكانیان. وەرگێران و ئامادەكردنی: سەفین ئازاد 18/03/the-west-has-shamefully-abandoned-its-kurdish-allies/
نوسینگەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند فەرەنسا پێشنیازیكردووە نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە رۆژئاوای كوردستان بكات و جەختیشیكردوەتەوە كە پاریس پشتیوانی لە سەقامگیری باكوری سوریا دەكات. خالید عیسا، نوێنەری خۆبهڕێوهبهریی دیموكراتیی باكوری سوریا له فهرهنسا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی پاراستی گەل لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا كۆبونەوە و لە كۆبونەوەكەدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەڵێنیداوە بۆ هێزی سەربازی رەوانەی مەنبج بكات بۆ پاڵپشتی شەڕی داعش لەكاتی هاتنەپێشەوەی سوپای توركیا بەرەو شارەكە. هەروەها رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی بڵاویكردوەتەوە كە فەرەنسا بڕیاریداوە بۆ پشتیوانی لە كوردەكان هێز رەوانەی كوردستانی سوریا بكات، رۆژنامەكە دەڵێت لە میانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان لە كۆشكی ئیلیزێ، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بڕیاریداوە پشتیوانی لە هاوپەیمانە كوردەكانی بكات لە سوریا ئەوەش لەدوای هێرشەكانی توركیا دژ بە رۆژئاوای كوردستان رۆژنامەكە ئاماژەیبەوەشداوە كە، لە كۆتاییدا فەرەنسا و ئەمریكا بڕیاریاندا كە بۆ رێگری لە هێرشەكانی توركیا هێز رەوانەی مەنبج بكەن. لۆفیگارۆ نوسیویەتی ئامانجی ناردنی هێزی فەرنسا بۆ مەنبج رێگریكردنە لە هێرش و پەلامارەكانی توركیا كە بەهۆی هێرشەكانیەوە توركیا هەوڵ ئەدا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی یەپەگەدایە بەتایبەتیش لە دۆڵی فوراتی باكوری سوریا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند لە ماوەیەكی " زۆر نزیكدا" هێزەكانیان لە سوریا دەكشێننەوە. ترەمپ لە گردبونەوەیەكی جەماوەریدا لە وتەیەكیدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ داواشی لە لایەنكانی تر كرد بایەخ بە سوریا بدەن بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایانانە و وادەی دیاریكراوی پرۆسەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ئاشكرابكات. كەمێك دوای لێدوانەكەی ترەمپ، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نییە.
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ناوی پۆڵ بریمەر ئەو كاتە دەركەوت كە لە دوای 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ، وەك یەكەم حاكمی مەدەنی عێراق دەستبەكاربوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەركی دامەزراندنی عێراقی نوێی دوای سەدامی پێسپێدرا. ئێستا بریمەری تەمەن 76 ساڵ دوور لە كاری سیاسی و ئیداری لە سەیرانگای ئۆكیمۆ ماونتن لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكا راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە، بە گوێرەی سایتی " Task & Purpose " ئەمریكی. بریمەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو سایتە دەڵێت سەرەراِی ئەوەی كە زۆرێك وا لە رۆڵەكەی لە عێراق دەڕوانن كە ئەو وڵاتەی بەرەو پشێوی بردووە، بەڵام هەست بە پەشیمانی ناكات لەو رۆڵەی كە گێڕاوێتی دوای سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی ئیئیتلافی كاتی لەو وڵاتەدا". بریمەر دەشڵێت" گەلی عێراق بە بەراورد بە ماوەی حكومڕانی سەدام حسێن ئەمڕۆ زۆر باشترە، هەتا دوای هەموو كێشەكانی كە دەكرێت دانیان پێدا بنێین كە روویانداوە". بریمەر لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترین بڕیاریشی هەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەكی سیادی دەوڵەتی عێراق بووە لەوانەش سوپای عێراق و هێزی پۆلیس و ئاسایش و وەزارەتی راگەیاندن. زۆر كەس بڕوایان وایە كە ئەو بڕیارانەی بریمەر دەرگایەكی فراوانی بۆ شەڕ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای و هێزە ئەمنییەكانەوە سەدان هەزار عێراقی سەرچاوی بژێوییان بڕدرا. بریمەر بەرگری لەو بڕیارانەی ئەو كاتەی دەكات و دەڵێت " زانیم كە چۆن ئەو گەمەیە بكەم، دەمزانی كە روبەڕووی مەترسی دەبمەوە، بەڵام چاوم لەوە نەبوو پارێزگاری لە خۆم بكەم". دەشڵێت" كاتێك دەگەیتە پۆستێكی لەو شێوەیە، یان ئەو كارە دەكەی كە بڕوات وایە راستە، یان دەستلەكاردەكێشیتەوە و دەرئەنجامەكانی لە ئەستۆدەگریت." پۆڵ بریمەر ساڵی 1941 لە دایكبووە، شەشی ئایاری 2003 جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی عێراق دەستنیشانیكرد بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ماوەی یەكساڵ لەو ئەركەیدا بەردەوام بوو. بریمەر بە گەڕانەوەی لە عێراق كۆتایی بە 23 ساڵ كاری دیپلۆماتی هێنا و چووە كۆمپانیای كیسنجەر ئەسۆشیتس كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكا ساڵی 1989 دایمەزراندووە ەو ئێستاش راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت. بریمەر بەكالۆریۆسی لە زانۆی ییل و بڕوانامەی پەیمانگای لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی لە زانكۆی پاریس و ماستەری لە كۆلێژی كارگێڕی كار لە زانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمریكا كتێبێكی بەناوی " My year in IRAQ" چاپ و بڵاوكردەوە. سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیڤد شۆڵكن وەزیری جەنگاوەرە دێرینەكانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و رۆنی جاكسۆن پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی لە شوێنەكەی دانا. ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" خۆشحاڵم كە رایدەگەیەنم ئەدمیراڵ رۆنی ئیل جاكسۆن كە رێزێكی زۆری هەیە بە وەزیری نوێی كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانی دادەمەزرێنم." ترەمپ دەشڵێت" زۆر مەمنونی ئەو خزمەتەم كە شۆڵكن پێشكەشی وڵاتەكەمان و جەنگاوەرە گەورەكانمانی كردووە." ترەمپ رونیشیكردەوە تا یەكلاكردنەوەی دانانی جاكسۆن ، رۆبەرت ویلكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات. وەزارەتی كاروباری جەنگاوەر دێرینەكان گەورەترین وەزارەتە دوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و 310 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن و رۆبی جاكسۆن كە ترەمپ وەك وەزیری نوێی ئەو وەزارەتە دەستنیشانیكردووە تەمەنی 58 ساڵە و لە ویلایەتی تەكساس لە دایكبووە و ساڵی 2005 لە عێراق كاری كردووە لەسەردەمی جۆرج بوشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی بووە. لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەند وەزیر و بەرپرسێكی ئیدارەكەی دوورخستوەتەوە كە دواهەمینیان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و ژەنەراڵی هێربەرت ماكمستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوون.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پارتێكی نوێ لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانی شاری رەققەی سوریاوە دامەزرێنرا كە ماوەیەكە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە دەست رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" رزگاركراوە. پارتە نوێكە ناوی " پارتی سوریای دوارۆژ" ە و هەموو پێكهاتەكانی شاری رەققە لەخۆدەگرێت و كۆنگرەی دامەزراندنیشی لە شاری رەققە بەڕێوەچوو رۆژی سێشەممە " ئیبراهیم قەفتان" بە سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا. ئیبراهیم قەفتان 51 ساڵ لە نەتەوەی عەرەب و خەڵكی شاری مەنبجە و كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی بەیروت تەواوكردووە و بەهۆی بیروبۆچونە سیاسییەكانیەوە لەلایەن حكومەتی سوریاوە دەستگیركراوە و ساڵی 2014 ماوەی مانگ و نیوێكیش لە شاری باب لەلایەن داعشەوە دەستگیركراوە و شوباتی ساڵی رابردووش بە هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی دەسەڵاتی خۆسەری دیموكراتی مەنبج هەڵبژێدرا. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی " هاوارنیوز" لینا بەرەكات ئەندامی پارتی سوریای دواڕۆژ دەڵێت " دۆخی سوریا و ململانێكانی ئێستای سوریا و دەستوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی و ئامادەنەبوونی هێزێكی سیاسی بۆ ئاراستەكردنی گەلی سوریا و بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا بووە هۆی خستنەڕووی بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێك كە نەتەوەكان تێپەڕێنێت." بەوتەی لینا بەرەكات پارتی سوریای دواڕۆژ جیاوازە لە هەموو پارتەكانی تری سوریا و بڕوای بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەیە و هەوڵدەدات بۆ یەكگرتوویی خاكی سوریا و هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی رەتدەكاتەوە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ دواجار سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی 2018ی عێراقی رەوانەكرد بۆ وەزارەتی داد بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەناڵی عێراقیە لە هەواڵێكی بەپەلەدا رایگەیاند دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە، بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە. سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای مشتومڕێكی زۆر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەندكرد و یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرد بۆئەوەی پەسەندی بكات. رۆژی 13ی ئازار ئەمیر كینانی راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم یاسای بودجەی رەتكردەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بەهۆی ئەوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستوری تێدایە. بە گوێرەی مادەی 73 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق " سەرۆك كۆمار یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، دوای 15 ڕۆژ لە بەدەستگەیشتنی یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە"، واتە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی نییە و خودی حەیدەر عەبادیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بودجەی وڵات ڕابگرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا، هیوادارین كۆپی یاساكە كە لە سەرۆكایەتی كۆمارە بگاتەدەستمان، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاسای بودجە گەڕێنرایەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەنجومەنەكە بەبێ دەستكاریكردنی گەڕاندییەوە سەرۆكایەتی كۆمار. بۆئەوەی یاسای بودجە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، ئێستاش وەزارەتی داد كە ئەو ئەركەی پێ سپێدراوە كەوتوەتە نێوان بەرداشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. رۆژی 25ی ئەم مانگە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی فەرمی و دەقی یاسای بودجەی 2018ی ئاراستەی نوسینگەی وەزیری داد كردووە و داوادەكات بە گوێرەی مادەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق و بەرچاوكردنەوەی ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك كۆمار بۆ پەسەندكردنی یاساكان، یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە و ژمارەی رۆیشتوو" صادرە"ی دواهەمین یاسای پێ بدرێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی وەزارەتی داد كراوە. لەكاردانەوەی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەی كۆماری عێراق رۆژی 27ی مانگ نوسراوێكی ئاراستی وەزارەتی داد كردووە و دەڵێت " پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و دەركردنیان بە گوێرەی دەستور لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە دەكرێت، لەبەرئەوە فەرمانگەی وەقایعی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نیە رێگە بە بڵاوكردنەوەی هیچ یاسایەك بدات." سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت" داواكاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی 2018 پێشێلكارییەكی رون و ئاشكرای مادەكانی دەستور و یاسای بڵاوكردنەوەیە لە رۆژنامەی رەسمیدا." سەرۆكایەتی كۆمار هۆشداریشیداوە لەوەی كە هەر لایەنكێك بەبێ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.
دەڵێن مێژووی ئەمشارە بۆ سەدان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوانەی بەرگری لەم بۆچونە دەكەن ئەو پارچە ئێسك و پاشماوە بە بەردبووانە دەكەنە بەڵگە كە تەمەنیان زیاتر لە 60 هەزار ساڵە و لە گوندێكی نزیك شاری شەنگالی ئێستا دۆزراوەنەتەوە، ئەوەش سەلمێنراوە كە ئەم شارە بچوكە كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە لەم شوێنەی ئێستادا بوونی هەبوو لە سەردەمی ئاشورییەكان و هەتا بابلیەكانیشدا. باوەڕدارانی ئاینی ئێزدیی كە زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن، بڕوایان وایە كە ئاینەكەیان دێرینترین ئاینە لە جیهاندا، مێژووش دەڵێت ئەم كەمایەتییە ئاینییە بەدرێژایی مێژوو روبەڕووی چەوساندنەوە و سەركوتكردن بوەتەوە.. ئێزدییەكان هیچ كات مەملەكەتێك یان ئیمپراتۆریەتێكیان دانەمەزراندووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە شارەكەیان لەلایەن داگیركەرانەوە داگیركراوە و ئاینەكەیان كە ئاینێكی موژەدەبەر" تەبشیری " نییە وایكردووە نەتوانن زۆر گەشەبكەن و پێگەی جوگرافی شارەكە و دەوڵەمەندیی بووتە جێی تەماحی فەرمانڕەوا پاوەنخوازەكانی وەك ئاشورییەكان و رۆمانییەكان و دواتریش موسوڵمانەكان. هەندێك لە مێژوونوسان باس لەوەدەكەن كە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی هێرشی كردوەتە سەر شەنگال كاتێك لە ژێر كۆنترۆڵی ئارامییەكاندا بووە، شەنگالییەكان بەرگری داگیركاری رۆمانییەكانیان كردووە بەڵام نەیانتوانیوە لەبەردەم سوپای بەهێزی رۆمانییەكاندا خۆیان رابگرن، چەوڕێژكردنی یەكەمین شەقامی شارەكەش بەبەرد ئێستا وەك كارێكی باشی ئەو كاتەی رۆمانییەكان باس دەكرێت. موسڵمانەكان دوای دەركەوتنی ئاینی ئیسلام بە بیست ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەبو موسای ئەشعەری چونە ناو شەنگالەوە، ئەوەی جێی سەرنجە دانیشتوانی شەنگال بەرپەرچی موسڵمانەكانیان نەدایەوە لەو كاتەدا و رێگەیاندا بەئاشتی بچنە ناو شارەكەوە. نزیكەی پێش هەزار ساڵ سوپای سەلجوقییەكان بە فەرماندەیی توغرول بەگ هێرشیانكردە سەر عێراق، پێش ئەوەی سوپای سەلجوقییەكان بگاتە بەغدا، رێگاكەیان بە شەنگالدا تێدەپەڕی و لە بەرگریكردن لە شارەكە نزیكەی چوار هەزار لە دانیشتوانەكەی كوژران كە بۆماوەی نزیكەی مانگێك گەمارۆدران و باسلەوەشدەكرێت كە بەهۆی ئەو بەرگرییە سەختەی روبەڕویان بوەوە لە شەنگال سەلجوقییەكان داوای هێزی پشتیوانیان كردووە، پێش ئەوەی بچنە بەغدا و لە چنگی بوەیهییەكانی دەربهێنن، بەڵام بەلای ئێزدییەكانەوە ماوەی " تاریكی " یان كاتی داگیركاری عوسمانییەكانە، كە جارێكی تر سوپای ئەو ئیمپراتۆریەتە كۆمەڵكوژی لە ناوچەكەدا كرد، دوژمنەكانی ئەمجارەی ئێزدییەكان تێكەڵەیەك بوون كە بەلای ئەوانەوە ئێزدییەكان " كافرن" و شەیتان دەپەرستن و هەروەها بنچینەشیان دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی كورد. دواهەمین كارەسات كە روبەڕووی شەنگال بوەوە لە تەمموزی 2014دا روویدا كاتێك چەكدارەكانی داعش هێرشیانكردە سەر شارەكە كە لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرا، خەڵكی شارەكە بە دەنگی پاشەكشێی زنجیری زرێپۆشەكانی هێزی پێشمەرگە لە خەو بەئاگاهاتن و روبەڕووی قێزەونترین كۆمەڵكوژی بوونەوە لە مێژووی عێراقدا. هەتا ئێستا لە كۆی 4000 ژن و كچی ئێزدی رفێنراو، چارەنووسی زیاتر لە 2000 هەزاریان نادیارە كە كرانە كۆیلە و كەنیزەكی چەكدارەكانی داعش. زیاتر لە 2000 هەزار ئێزدی لەسەر دەستی داعش كوژران، سەدانیان لە برسێتی و تینوێتیدا مردن لە كاتی ئاوارەبونیاندا، زۆرینەیان لەسەر چیای شەنگالی نزیك لە شارەكە مردن كە بەدرێژایی مێژوویان پەنایان بۆ بردووە. دوای رزگاركردنی شەنگال بەشێكی زۆری شارەكە وێران بوو، هێزەكانی حەشدی شەعبیی و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكانی و هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكان كۆنترۆڵی شارەكەیان كەوتەدەست، جارێكی تر ئێستا شەنگال رووبەڕووی هێرشی توركیا دەبێتەوە، ئەمجارە لەبەر بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا باسی لێوەدەكات. ئەگەر سەرۆكی توركیا ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ بكات، كە وادەردەكەوێت لێی پاشگەزبوبێتەوە، هێزەكانی دەیان كیلۆمەتر دێنە ناو خاكی عێراقەوە و لەوانەشە جارێكی تر ئێزدییەكان بیرلەوەبكەنەوە پەنا بۆ چیای شەنگال بەرنەوە. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: رادیۆ سەوا .
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد رۆژنامەی ئیسرائیل ناشناڵ نیوز لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژە بە خەونی ئەردۆغان دەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، رۆژنامەكە دەنوسێت لە كۆتایی هەفتەی رابردوو سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازادی هاوپەیمانی عەفرینیان داگیركرد، دوای ئەوەی هێزەكانی یەپەگە بڕیاریاندا بكشێنەوە لە عەفرین ئەمیش دوای ئەوەی توركیا و هاوپەیمانەكانی شارەكەیان لە سێ لاوە گەمارۆدابوو، داگیركردنی عەفرین راستەوخۆ لێدان بوو لە خواستی سەربەخۆیی كوردەكانی سوریا . لە دوای داگیركردنی عەفرین ئەردۆغان هەڕەشەكانی بەرفراوانتركرد و هەڕەشەی لەشكركێشی كرد بۆ مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و تەنانەت شەنگالی باكوری عێراقیش، بەڵام بەرپرسێكی ئیدارەكەی ترامپ رایگەیاندووە هەرگیز مەنبج جێناهێڵین كە ئێستا 2 هەزار هێزی تایبەتی ئەمریكا لەو ناوچەیە جێگیرن بۆ هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتی دژ بە چەكدارانی داعش، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت وەزیری نوێی داهاتووی ئەمریكا مایك پۆمپیو بگاتە چارەسەر لەگەڵ ئەردۆغان بۆ بەرێوەبەردنی هاوبەش لە مەنبج وەك تیلەرسۆن، چونكە پۆمپیو ئەردۆغانی خۆش ناوێت و پێی وایە توركیا ( دیكتاتۆریەتییەكی ئیسلامییە) بەتایبەتیش دوای شكستی كودەتاكەی تەمموزی 2016. رۆژنامەكە ئەردۆغان بە دیكتاتۆر ناودەبات و پێی وایە ئەردۆغان سەركەوتنەكەی لە عەفرین بەكاردێنێت بۆ هەڕەشەكردن و پەلاماردانی كوردەكان لە عێراق و سوریا، بەو پێیەی ئەردۆغان لەدوای داگیركردنی عەفرین هەڕەشەی هێرشی بۆسەر شەنگالی باكوری عێراق كرد كە 2 هەزار هێزی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە و ئەوانیش بڕیاری كشانەوەیان داوە لەو شارە و لە هەمانكاتدا ناڕەزایی توندی بەدوای خوێیدا هێنا. هەرچەندە راپۆرتی رۆژنامەكە بە پشتبەستن بە سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكات كە توركیا بە فیعلی باكوری عێراقی داگیركردووە بەهۆی ئەو هێرش و پەلامار و بنكانەی لە باكوری عێراق هەیەتی. هەربۆیە شارەزایانی كاروباری توركیا دەڵێن لەدوای ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆسەر عەفرین و هەوڵدان بۆ فراوانكردنی هێرش و پەلامارەكانی ئەردۆغان كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەتایبەتیش دوای ئەوەی ناوچەكانی عەفرین و شەنگالی خستە بەرنامەی داگیركردنیەوە لە عێراق و سوریا .
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد لە راپۆرتێكدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی ئاماژە بە ناكۆكی نێوان توركیا و ئیدارەی ئەمریكا دەكات لەسەر سوریا، كە رەنگە توركیا هاوشێوەی روسیا و ئێران بیەوێت ئەمریكا لە سوریا بچێتە دەرەوە، بەڵام دەبێت ئەمریكا ئەمە رەتبکاتەوە و بەردەوام بێت لە پشتیوانی كوردەكان چونكە رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە روبەرووبونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش). رۆژنامەكە ئەوەشی نوسیوە سەركەوتنی سەربازیی توركیا لە عەفرین لە باكوری سوریا كە هەشت هەفتەی پێچوو وە خەرجیەكی زۆری تێچووەو ئاوارەبوونێكی زۆری لێكەوتوەتەوە، كە بە زیاتر لە سەد هەزار ئاوارەی مەدەنی ئەژماردەكرێن كە تەنها لە شارۆچكەی عەفرین دەژیان كە زۆرینەیان كوردبوون، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە دزی و تاڵانی زۆری سوپای توركیا لە عەفرین و چونی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچەیە ناكۆكیەكانی نێوان ئەردۆغان و ئیدارەی ئەمریكای قوڵتركردەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، كە هێزەكانیان تەنها بە عەفرینەوە ناوەستن و بەرەو باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەڕۆن كە لەوێ هێزەكانی سوپای ئەمریكای لێیە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روبەروی كێشەكی گەورە دەبێتەوە لە سوریا، چۆن ئەو ناوچانەی لەژێر هەژمونی هێزەكانی ئەمریكادا لە سوریا بپارێزێت و بەرگریان لێبیكات بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی فورات بەبێ شەڕ و جەنگ لەگەڵ هاوپەیمانەكەی لە ناتۆ. ئێستا بوونی ئەمریكا زۆر گرنگە لەو ناوچانە ئەوەش لە پێناو روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش تا كۆتایی پێهێنانیان ، لەگەڵ ئەوەشدا رێگریكردن لە دەسەڵاتەكانی ئێران لەناو خاكی سوریا كە خەرێكە ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەگەڵ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا. لە بەرژەوەندی ئەمریكایە كە توركیا لە كێشەكە بێنێتە دەرەوە و ناكۆكییەكانی كۆتایی پێبێنێت لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵام گرنگیدان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ ئەردۆغان روبەرووی كێشەیەكی تر دەبێتەوە، ئەویش هاوپەیمانێتی و گرنگی پێدانی ئەمریكایە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەو كوردانەوە رێبەرایەتی دەكرێن، كە توركیا بە تیرۆرست و دوژمنی خۆی لەقەڵەمیان دەدات. رۆژنامەكە ئەوەش دەنوسێت كە هیزەكانی سوریای دیموكرات زۆر گرنگن بۆ لە ناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە رۆژ هەڵاتی سوریا ئەوان توانیان سەقامگیری لەناوچەكەدا بچەسپێنن و داعش تێكبشكێنن. بەڵام ئەردۆغان كە تاكو ساڵی 2015 هەوڵی ئاشتی دەدا لەگەڵ كوردەكانی سوریادا كەچی ئێستا پێداگری دەكات كە كوردەكانی سوریا تیرۆرستن و دەیەوێت ئەو هێزانە دەربكات لەخاكی سوریای هاوسنوری توركیا. رۆژنامەكە ئاماژە بە گریمانەیەك دەكات و دەڵێت دەشێت رێكەوتنێكی دوولایەنە بكرێت و هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای فوراتەوە بگوازرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات و سوپای ئەمریكا لە مەنبج بمێنەوە بۆ یارمەتیدان و پاراستنی خەڵكی مەدەن لەوناوچانە، بەڵام وادەردەكەوێت ئەردۆغان داواكاری زیاتری بوێت هەروەك روسیا و ئێران ئارەزوو بكات ئەمریكا بەتەواوی لە سوریا بچێتە دەرەوە بەڵام پێویستە ئیدارەی ترەمپ ئەم بژاردەیە رەتبكاتەوە، چونكە ئێستا ئەو هێزانەی ئەمریكا گرنگن لەوێ بمێننەوە تاوەكو بەتەواوی چەكدارانی داعش لەناوبەرن و رێگربن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان. ئاسان نیە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێتەوە و دەبێت ئیدارەی ترەمپ زیاتر لەوەی ئەردۆغان داوای دەكات پێداگری بكات بەتایبەتیش لەسەر ئازادكردنی هاوڵاتیانی ئەمریكاو هەروەها فشارخستنە سەر ئەردۆغان تاوەكو گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ كوردەكان دەستپێبكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە دەركردنی 60 دیپلۆماتكاری روسیا بەهۆی هێرشكردنە سەر سێرگی سكریپاڵ سیخوڕی پێشووی روسیا لە بەریتانیا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریشیداوە كونسوڵگەری روسیا لە سیاتڵ دابخات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەرەتای ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند روسیای مادەی كیمیایی بەكارهێناوە لە هەوڵیدا بۆ كوشتنی هاوڵاتییەكی بەریتانی و كچەكەی لە شاری سالزبۆری. هاوكات 14 وڵاتی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریاندا هەمان هەنگاوی واشنتۆن بنێن و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری روسیا لە وڵاتەكانیان دەربكەن. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم بڕیارەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا ڤلادیمێر دیگاپارۆڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا رایگەیاند مۆسكۆش 60 دیپلۆماتكاری ئەمریكا لە وڵاتەكەی دەردەكات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند ئەمڕۆ یەكشەممە ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای توركیا دژی گەریلاكانی پەكەكە لە شەنگال دەستیپێكرد. ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی " جەختدەكەمەوە كە دەچینە شەنگال و ئێستا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەوێ دەستیپێكردووە". ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی پارتەكەی لە شاری ترابزۆن وتیشی " ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون بەدی دەهێنین لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی شاری تەلرەفعەت بە زووترین كات." لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئەردۆغان وتی" پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنترۆڵی مەنبەج لە پەیەدە وەربگرێتەوە و رادەستی خاوەنە راستەقینەكانی بكات و ئەگەر ئەوكارە نەكات، ناچاردەبین خۆمان بەدی بهێنین".
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت میسر وەك یەكێكێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە پێدەنێتە ناو خولێكی نوێی هەڵبژاردنەوە كە بە روانینی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ئەنجامەكەی پێشتر یەكلابوەتەوە. پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی میسر بێ تێبینی نیە وهەندێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنە لە پرۆسەكە دەگرن بەوەی سیسی هەموو ركابەرەكانی بە بیانوی جۆراوجۆر دوورخستوەتەوە و تەنها یەك ركابەری هەیە كە بە سێبەری خۆی ناوی دەبەن. هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە میسر دەستیپێكرد، پرۆسەكە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی شەقام و لایەنە سیاسییەكانی میسر لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا دابەشبوون. بۆچونی یەكەم: جەخت لەسەر بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە و گرنگی و بایەخی پرۆسەكە دەكات. بۆچونی دووەم: جەخت لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردنەكە دەكات و هەڵبژاردنەكە بە پرۆسەیەكی "روكەش" ناودەبات. بزوتنەوەی مەدەنی دیموكراتی كە لە (8) حزب و دەیان كەسایەتی سیاسی پێكدێت دیارترین لایەنی سیاسی میسر كە بانگەواز بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە دەكات، سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە چەند تێبینییەكیان هەیە لەبارەی پرۆسەكەوە و دەڵێن: • هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە كار بە یاسای باری نائاسایی دەكرێت • پرۆسەكە هیچ گەرەنتی و ئازادییەكی تێدا نییە لەبەرامبەردا ژمارەیەك لایەنی سیاسی بانگەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە دەكەن، نەك هەر ئەمە تەنانەت بانگەوازكردن بۆ بایكۆت بە "ناپاكی" ناودەبەن،بەپێی قسەی سەرچاوە ئەمنییەكان لە میسرەوە، (350) هەزار ئەفسەر و پۆلیس تەرخانكراون بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەكدارەكاندا پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بپارێزن بەمشێوەیە: یەكەم: پاراستنی لیژنە و بنكەكانی دەنگدان و دادوەرانی سەرپەرەشتیاری پرۆسەكە دووەم: پاراستنی پرۆسەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە تاوەكو قۆناغی كۆتایی ئەژماركردنی دەنگەكان سێیەم: پاراستنی شەقامەكان دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی میسردا نزیكەی (59 ملیۆن و 78 هەزارو 138) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەستەی نیشتیمانی هەڵبژاردنەكان (60 ملیۆن) كارتی دەنگدانی چاپكردووە كە دەوترێت كوالیتی كارتەكان بەجۆرێكن ناتوانرێت ساختە بكرێن یاخود گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. پرۆسەی دەنگدان لە (367) لیژنەی گشتیدا بەڕێوەدەچێت، لەخوارو ئەم لیژنانەشەوە (13 هەزارو 706) لیژنەی فەرعی هەن كە دابەشبوون بەسەر هەموو پارێزگاكانی میسردا، (18 هەزار) دادوەر سەرپەرەشتی پرۆسەكە دەكەن، (110 هەزار) كارمەندیش ئیدارەدانی پرۆسەكەیان لە ئەستۆدایە. میسر لە سەردەمی موبارەكەوە بۆ سەردەمی سیسی مانگی كانونی دووەمی 2011 لە راپەڕینێكی جەماوەریدا خەڵكی میسر كۆتاییانهێنا بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەكی سەرۆكی وڵاتەكەیان كە ماوەی (30) ساڵ بەردەوام بوو. دوای روخانی موبارەك دەسەڵات لە میسر كەوتە دەست ئەنجومەنێكی سەربازی، ئەو ئەنجومەنە بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك میسری بەڕێوەبرد تاوەكو سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2012 . یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی دوای شۆڕش لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی كە لە كۆتایی ساڵی 2011 لە میسر بەڕێوەچوو، رەوتە ئاینییەكانی میسر بە قەبارەیەكی گەورە دەركەوتن، كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و حزبە سەلەفییەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بردەوە. یەكەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەشێوەیەكی دیموكراتی لە میسر لە مانگی ئایاری 2012 بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەدا لە قۆناغی یەكەمدا (10) كاندید ركابەرێتی یەكتریان دەكرد، دوان لە كاندیدەكان سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم، محەمەد مورسی نوێنەری كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن لە قۆناغی دووەمدا لەگەڵ فەریق ئەحمەد شەفیق ركابەرێتی دەكرد كە نوێنەری رژێمە كەوتووەكەی میسر بوو، مورسی بە جیاوازییەكی كەم بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوت، ئەمە ئاستی دابەشبونی شەقامی میسری لەبارەی رژێمی نوێی حوكمڕانی وڵاتەكەیان كە تاڕادەیەك مەیلەو ئیسلامی بوو. سیاسەتەكانی محەمەد مورسی تاڕادەیەك كەرتە جیاوازەكانی گەلی میسر توڕەكرد، بەتایبەتی عەلمانی و چەپ و ئەوانەی ئایندار نین تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی كە هیچ لایەندارییەكی سیاسییان نەبوو، دۆخی ئابوری و سیاسی و بژێوی خراپتر دەبوو، ئەمە هەلی خستەبەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی حوكمی ئیخوان موسلیمین لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013دا خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری رێكبخەن، لەدوای ئەو خۆپیشاندانە سوپا بە سەرۆكایەتی فەریق عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەوكاتی میسر لە بارەگاكانی هاتەدەرەوە، سوپا هۆشداری بە محەمەد مورسیدا پەلە بكات لە چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان لەگەڵ رەوتە سیاسییەكانی تری وڵات، ئەگەرنا لەسەر كارلادەبرێت. لەكارخستنی مورسی و سەرەتای قۆناغێكی ئینتیقالی نوێ محەمەد مورسی گوێی بە هۆشداریدانەكەی سوپا نەدا، سوپا لە رۆژی 3ی تەموزی 2013 لەناو پشتیوانییەكی گەورەی میللی و سیاسیدا محەمەد مورسی لەكارخست، زۆرێك لە میدیاكان ئەو هەنگاوەی سوپایان لەدژی مورسی وەكو كودەتا بەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەستوردا ناوبرد. بەپێی دەستوری میسر دوای لەكارخستنی محەمەد مورسی سەرۆكی وڵات دەسەڵات گواسترایەوە بۆ سەرۆكی دادگای دەستوری كە ئەوكات عەدلی مەنسور بوو، قۆناغی دەسەڵاتی عەدلی مەنسور ماوەی ساڵێكی خایاند، لەدوای ئەم قۆناغە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەستیپێكرد، لەم چوارچێوەیەدا ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئیخوان دژ بە لەكارخستنی سەرۆكەكەیان سەركوتكرا كە گۆڕەپانی (رابیعەی عەدەوی) لە قاهیرەی پایتەخت مەڵبەندی سەرەكی ئەو ناڕەزایەتیانە بوو، رۆژی 14ی ئابی 2013 هێزە ئەمنییەكان بەزۆر ئەو گۆڕەپانەیان لە خۆپیشاندەران چۆڵكرد، لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە (هەزار) كەس كوژران، پاشان دەسەڵاتدارانی میسر كاركردنی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینیان یاساغكرد و خستیانە لیستی تیرۆرەوە. چالاكوانانی چەپ و عەلمانیش لەو هەڵمەتە سەركوتكارییەدا بێبەش نەبوون، دەسەڵاتداران بزوتنەوەكانی لاوات و چەپە شۆڕشگێڕەكانیان راوەدونا و سەركردەكانیان خستە زیندانەوە و دواتریش دادگا سزای سەختی بەسەردا سەپاندن. هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی نوێ لە كۆتایی قۆناغی ئینتیقالیدا لە مانگی ئایاری 2014 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەبەشداری تەنیا دوو كاندید بەڕێوەچوو كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە موشیر عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری كە دەستی لە پۆستەكەی كێشابوەوە لەگەڵ حەمدین سەباحی نوێنەری رەوتی مەدەنی، لەم هەڵبژاردنەدا كە پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكرا بوو عەبدولفەتاح سیسی بوو بە سەرۆكی نوێی میسرو بە جیاوازییەكی زۆرو بە رێژەی 95%ی دەنگەكان هەڵبژاردنەكەی بردەوە. سوپای دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتەوە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە سیسی سەرۆكایەتی میسری گرتەدەست، بەتەواوەتی دیمەنی سیاسی ئەو وڵاتە گۆڕانكاری بەسەردا هات، سوپای بەتەواوەتی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، سەرۆكی دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكی میسردا درێژكرد، میدیا بە هەردوو بەشی حكومی و ئەهلییەوە بوون بە لایەنگری دەسەڵات و هەلهەلە بۆ بڕیارەكانی لێدەدەن، پەراوێزی ئازادییەكان و لێبوردەیی ون بوون كە تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتی موبارەكیشدا ئامادەگیان هەبوو، دەسەڵاتی نوێی میسر بەجۆرێكی لێهات كە گوێ بۆ دەنگی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و تەنانەت رەخنەگرەكانیش نەگرێت، هەر لەم سەردەمەدا ژمارەیەكی زۆر لە پێگە ئەلیكترۆنییە سەربەخۆكان داخران، هێزە ئەمنییەكان كەوتنە تەنگ هەڵچین بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، رژێمی نوێی میسر ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی بواری ئازادی و مافەكانی مرۆڤی راوەدونا چ لە رێگەی دەستگیركردنەوە بێت یاخود لێپێچینەوەی یاسایی و داخستنی رێكخراوەكانیان، پۆلیس گەڕایەوە سەر شێوازی كاركردنی خۆی لەسەردەمی حوكمی موبارەكدا، لەو چوارچێوەیەشدا سكاڵاكان لە دژی ئەشكەنجەدان لە بنكەكانی پۆلیس و بێسەروشوێنكردنی دەستگیركراوان زیادیان كرد. سەرباری ئەوەی رژێم ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، بەڵام میسر لە ریزبەندی جیهانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە كەسییەكان و ئازادی رۆژنامەگەریدا زۆر پاشكەوتووە، چەندین رێكخراوی وەكو (لێبوردنی نێودەوڵەتی) و (هیومان رایتس وۆچ) و (تۆڕی عەرەبی بۆ زانیارییەكانی مافی مرۆڤ) و رێكخراوە خۆجێییەكانی میسر پێشێلكارییەكانی سەردەمی حوكمڕانی چەند ساڵی رابردووی عەبدولفەتاح سیسییان تۆماركردووە. ئابوری میسر لەسەردەمی سیسیدا تاكە بوارێك كە لەسەردەمی سیسیدا تاڕادەیەك گەشاوەتەوە بارودۆخی ئابورییە، لە كۆنگرەیەكدا كە رۆژی 17ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی "چیرۆكی نیشتمان" بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی وتی" لەو ماوەیەدا كە بەرپرسیار بووم قەڵەمبازێكی وەهامان لە بواری گەشەی ئابوریدا بەدی هێناوە كە بێ پێشینەیە.. لەماوەی كەمتر لە چوار ساڵدا نزیكەی 11 هەزار پرۆژەمان تەواوكردووە كە بەكۆی گشتی بۆ هەر رۆژێك سێ پرۆژە دەكات، ئەمەش ژمارەیەكی بێ پێشینەیە بۆ هەر دەوڵەتێك كە تازە هەستابێتەوە، خەرجی ئەو پرۆژانەش نزیكەی 2 ترلیۆن جونەی بووە". بەڵام وا دەردەكەوێت وێنەكە بەوشێوەیەش پرشنگدار نییە كە سەرۆكی میسر وەسفی دەكات، هێشتا رێگایەكی درێژ لەبەردەم ئابوری میسردایە بۆ هەستانەوە لەو شكستەی كە دوای شۆڕشی یەنایەر دووچاری هات، بەتایبەتی لە حاڵی نائامادەگی وەبەرهێنانی بیانی و هەڵانی سەرمایەی نیشتمانی و ئازارەكانی كەرتی گەشتیاری وەكو یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئابوری میسر. سیسی و ركابەرێتی لەگەڵ سێبەرەكەیدا سبەینێ (26ی ئادار) قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نوێ لە میسر بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنە سیسی ئەركی قورس نییە، چونكە تاكە پیاوێك ركابەرێتی دەكات كە لایەنگری خۆیەتی و هەندێك بە سێبەرەكەی سیسی ناوی دەبەن. موسا مستەفا موسا سەرۆكی حزبی غەد كە لەم هەڵبژاردنەدا ركابەرایەتی سیسی دەكات یەكێكە لە لایەنگرە سەرسەختەكانی سیسی و پەیجەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پڕ لە وێنەی و پۆستی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی سیسی، پێدەچێت ئەو تەنیا بۆ پاراستنی ئاوی ڕووی سیسی چوبێتە ناو ركابەرێتییەكەوە تاوەكو سیسی تاكەكاندید نەبێ كە بوەتە رەخنەیەكی گەورە لە هەڵبژاردنەكەی میسر لەسەر ئاستی جیهان.
