Draw Media
هه‌واڵ / جیهان

ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت ئەمڕۆ رۆژێكی گەرم بوو بۆ كۆبونەوەو بڕیاردان لەسەر بارودۆخی سوریا، بەبێ خودی سوریا، لە واشنتن ترەمپ بڕیاری مانەوەی هێزەكانی لە سوریا درێژكردەوەو لە ئەنقەرەش پۆتن و روحانی و ئەردۆغان بڕیار لەسەر داهاتووی سوریا دەدەن.  بۆ تاووتوێكردنی پرسی سوریا و ناوچەكە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا و حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لە ئەنقەرە كۆبونەوە. دوای كۆبونەوەكەش هەرسێ سەرۆك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد. حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند" رووداوەكانی عەفرین سودبەخش نابن ئەگەر تێیدا رێز لە سەروەری خاكی سوریا نەگیرێت، دەبێت كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە رادەستی سوپای سوریا بكرێت". بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند" هەتا ئاساییش نەگەڕێنینەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە لەژێر دەستی یەپەگەو پەیەدەدان ناوەستین لەسەرو هەموشیانەوە مەنبج" ئەو سێ سەرۆكەی كە ئەمڕۆ لە ئەنكەرە كۆبونەوە هەرسێكیان رۆڵی سەرەكییان هەیە لە قەیران و شەڕی ناوخۆیی سوریادا، روسیا و ئێران پاڵپشتی لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەكەن، توركیاش پشتیوانی ژمارەیەك لە گروپە چەكدارە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكات، مۆسكۆ و تاران و ئەنكەرە لەماوەی رابردودا پاڵپشتی بەڕێوەچونی دانوستانی نێوان حكومەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان كرد لە ئەستانەی پایتەختی كازاخستان، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانەش بڕیاریاندا لەسەر دروستكردنی چوار ناوچەی "ئارام" لە سوریا، بەڵام هەرسێ وڵات لەبارەی چارەنوسی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاوە ناكۆكن. لە ساڵی 2011 وە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە لە سوریا زیاتر لە 350 هەزار كەس كوژراون، بەبۆچونی چاودێران كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆك لەم كاتەدا ئامانج لێی دیاریكردنی ناوچەی هەژمونە بەتایبەتی لە باكوری سوریا پاش ئەگەری كشانەوەی سوپای ئەمریكا. چەند خولەكێك دوای تەواوبونی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان و پۆتن و رۆحانی، كۆشكی سپی ئەمریكا ناوەڕۆكی بِریارێكی نوێی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای ئاشكراكرد كە تێیدا ترەمپ فەرمانیداوە بە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەمریكا، كە پێشتر تەرمپ رایگەیاندبوو هێزەكانیان لە زوترین كاتدا لە سوریا دەكشێننەوە. لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆردا ئەمریكا نزیكەی (2 هەزار) سەربازی خۆی لە سوریا بڵاوكردەوە، زۆرینەی ئەم سەربازانە بەهەماهەنگی لەگەڵ شەڕڤانانی كورد كاردەكەن.


ئامادەكردنی فازل حەمە رەفعەت   ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لە دەروازەی سێمالكای هەرێمی كوردستانەوە، وەفدێكی بەریتانی چونە ناو سنوری رۆژئاوای كوردستان. سەردانی وەفدەكە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاریدا هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، بەوەش هەلێكی زێڕینی تری خستە بەردەم توركیا درێژە بە لەشكركێشییەكانی بدات بۆ داگیركردنی ناوچەیەكی فراوانتری خاكی رۆژئاوای كوردستان. ئەو وەفدە بەریتانییەی كە دوێنێ چوە ناو رۆژئاوای كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسایەتیانە:   •    لوید رسل مۆیل – پەرلەمانتار لە پارتی كرێكارانی بەریتانیا •    مۆریس گلاسمان- سیناتۆر لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا  •    سیمۆن دبینگ – بەڕێوەبەری نوسینگەی سەندیكا نێودەوڵەتییەكان •    ریان فلیچەر- بەرپرسی سەندیكاكانی بەریتانیا •    ئیبراهیم دۆگۆس- بەڕێوەبەری سەنتەری پێشكەوتنی كورد "ئێمە لێرەین لەپێناو بنیادنانی پەیوەندییەكی درێژمەودا لەگەڵ ئێوەدا، دەكرێت پاڵپشتیتان بكەین لەدژی هەموو ئەوانەی كە دەیانەوێت ئازادیتان وێران بكەن" ئەمە قسەی مۆریس گلاسمان سیناتۆری ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا بوو بۆ بەرپرسانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتی گەیشتی وەفدەكە بۆ شاری قامیشلۆ.  سەردانی وەفدە بەریتانییەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەو پرسیارەی دروستكردووە ئایا لە حاڵی كشانەوەی ئەمریكادا، بەریتانیا دەتوانێت هاوشان لەگەڵ فەرەنسا پشتیوانی لە راوەستانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا. مانگی رابردوو سوپای توركیا شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەكە كشانەوە. ئەمریكا كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لە شەڕڤانانی كورد دەكرد لە رۆژئاوای كوردستان، ئێستا و دوای كۆتاییهاتنی داعش ترەمپ بەبێ گوێدانە هیچ بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دوای شەڕ، دەیەوێت هێز و بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە. ترەمپ وەكو هەمیشە تێڕوانینێكی ئابوری بۆ بارودۆخەكە هەیە و دەڵێ مانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا خەرجی لەسەر ئیدارەی واشنتۆن زیاد دەكات، ئەوانەی خوازیارن سوپای ئەمریكا لە سوریا بمێنێتەوە دەبێت خەرجییەكەشی بدەن، لەمەشدا بەڕون و راشكاوی مەبەستی سعودیەیە. دەستهەڵگرتنی ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدایە لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان هیچ خواستێكی راگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە سوریا نیشان نەداوە لەبری ئەوە بەردەوام جەخت لەسەر "خۆبەڕێوەبەرێتی"ی ناوچەكانیان دەكەن لە چوارچێوەی سوریایەكی نامەركەزیدا. عەبدولكەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی سەردانی وەفدە بەریتانییەكەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئەوە یەكەمجارە وەفدێكی باڵای بەریتانیا لەو ئاستەدا سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات، پێشتر كۆبونەوە كراوە بەڵام ئاشكرانەكراوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە بەریتانییەكان بەو شێوە فەرمییە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكەن. بەپێی قسەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە، لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژئاوای كوردستان وەفدە بەریتانییەكە لەگەڵ لێپرسراوانی كورد لەبارەی بارودۆخی عەفرین و كێشەی دەیان هەزاران ئاوارەی ئەو شارە گفتوگۆ دەكەن. وەفدە بەریتانییەكە تەنیا لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان قسە ناكات، بەڵكو سەردانی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنە مەدەنییەكان كۆدەبێتەوە. بە كشانەوەی روسیا لە عەفرین، توركیا بە ئاسانی لەشكركێشی دەستپێكرد و سەرباری خۆراگری و بەرخودانی شەڕڤانانی كورد شارەكەی داگیركرد، كشانەوەی ئەمریكاش لە مەنبەج، رەنگە هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكاتەوە، ئەگەر ئەوروپا بەتایبەتیش بەریتانیا و فەرەنسی رۆڵ نەگیڕن لە پاراستنی ئیدارەی رۆژئاوا و خەڵكەكەی لە رودانی كۆمەڵكوژییەكی نوێ.  


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە هەنگاوێكدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان، سێی ئازاری 2018 بەردی بناغەی بونیادنانی یەكەمین وێستگەیی ئەتۆمییان لە توركیا دانا، كە گروپی كۆمپانیاكانی "روساتۆم" ی روسیی سەرپەرشتی دەكات و بەهای پرۆژەكە كە ساڵی 2023 دەست بە كاركردن دەكرێت تێیدا، (20 ملیار دۆلار)ە و دەكەوێتە سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیاوە، بەوتەی ئاژانسی ئەنادۆڵی رەسمی توركیا دەیان هەزار كەس كاردەكەن لەو پرۆژەیەدا. جەنگێكی ساردی نوێ‌ هەندێك خەڵك باس لە دەستپێكردنەوەی شەڕێكی ساردی نوێ دەكەن، ئەوەش بەرەو ئەوەمان دەبات كە بەراوردكارییەك بكەین لە نێوان ئەو ململانێ و كێبركێ ئایدیۆلۆژی و سەربازییەی تاڵەی ئێستا روودەدات لەگەڵ ئەوەی لە نێوان یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و خۆرئاوادا روویدا لە پەنجا هەتا هەشتاكانی سەردەی رابردوو. مایكڵ هۆڤمان توێژەرێكی بەناوبانگی دامەزراوەی CNA و دامەزراوەی كینانی سەر بە ناوەندی ویڵسۆنە، ئەو دەڵێت" جەنگی سارد بریتیی بوو لە كێبڕكێی نێوان دوو جەمسەری سیاسی كە پێشبڕكێیان دەكرد لەسەر دامەزراندنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەردوو رژێمەكەش چەند سودێكی ئابوری و سەربازییان هەبوو". بەوتەی كۆڤمان" ئایدیۆلۆژیا شمولییەكەیان ئەو كێبركێیەی كردە شتێكی حەتمی و هەر دەبێت دەسەڵات دابەشبكرێت". بەڵام ئێستا كێبركێیكە بەرەنجامی هاوتەریبی هێزەكان یان خودی ئایدیۆلۆژیەتی شمولی نییە، بەڵكو چەند بڕیارێكی بەئاگایانەیە كە سەركردەكان داویانە لەگەڵ ئەو ستراتیژییانەی پەیڕەویانكردووە، لەگەڵ زنجیرەیەك لە ناكۆكی دیاریكراو لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، كە ئەوەش " نە ئاڕاستەكراوە نە حەتمیشە". كوڤمان بڕوای وایە مەترسییەكان بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە زۆر گەورەن، بەڵام قەبارەی ململانێكە و سروشتیبوونی لە جەنگی سارد ناچن، هەروەك چۆن روسیاش لە توانایدا نییە هاوسەنگی هێزەكان بگۆڕێت یان گۆڕانكارییەك بكات كە تایبەت بێت بە پەیكەری سیستمی نێودەوڵەتی ئێستا، بە كورتی هۆكارەكانی ململانێكە و سروشتەكانی جیاوازن و بەگەڕانەوە بۆ دواوە، دەبینین كە ئەوكات ئاشتییەكی چەكدارانە لە ئەوروپا لەمیانی جەنگی سارد هەبوو، لە كاتێكدا سەرتاسەری جیهانی جەنگی راستەقینەی بەخۆیەوە بینی، دەستپێك لە ئەنگۆلاوە پاشان كوبا و بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تێپەڕی، بەگشتی هێڵەكانی جەنگەكە ئەمڕۆ زۆر نزیكە لە سنوری روسیا- جۆرجیا و ئۆكرانیا. هەروەها هاوسەنگییەكی جیاوازی هێز هەیە لە نێوان روسیا و خۆرئاوادا " هێزێكی نەرم"ی زۆر دیاریكراوی هەیە و پێویستیشی بە ئایدۆلۆژیەتێكی نێودەوڵەتی سەرنجڕاكێشە كە بشێت بۆئەوەی لە هەموو جیهاندا بانگەشەی بۆ بكرێت و ئەگەر شەڕی سارد لە رابردوودا ململانێیەك بووبێت لە پێناوی هەژمونی جیهانی نێوان دوو ئایدۆلۆژیای جیهانی، سەرمایەداری و شیوعییەتی، ئەوا ئێستا كێبركێكە لەسەر چییە ؟ بەرای هۆڤمان روسیا ئارەزوو دەكات وەك هێزێك لە سیستمی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە و دەستبگرێت بەسەر پاشماوەكانی ئیمپراتۆریەتی روسیاوە، هەروەها سەركردە روسەكان زۆر كاردەكەن بۆ ئەوەی دووربكەنەوە لە پەراوێزخستنی ئەو هەژموونەی ماویانە لەسەر خاكی روسیا و هیچ رێگەیەكیشیان نییە بۆئەوە جگە لە مانەوە وەك دەوڵەتێكی دابڕاو سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر دراوسێكانیاندا بۆئەوەی سنورەكانیان بپارێزن. بەڵام سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا،  ئەوە " ململانێیەكی سەرسوڕهێنەر" ەو یەكێك لە لایەنەكانی خۆبەگەورەزانین و فراوانكردنی هەژمون، واتە پێشكەشكردنی ئایدۆلۆژیەتی لیبراڵی بۆ بیركردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بەهۆی نەبوونی هێزێكی ركابەرەوە، واشنتۆن زیاتر لە بیست ساڵ سودی بینی لە بەدیهێنانی ئەوەی دەیەوێت، بەڵام خەرجیی فراوانكردنی هەژمون و هێزەكەی زۆر بەرزبوو، واشدەردەكەوێت كە لەمدواییەدا بەرزتربووبێتەوە. پەتای بێبەشبوون لە دوژمن  زۆر روون و ئاشكرایە روسیا و چین، نەچوونە ناو قوڵایی لیبراڵییەتی ئازادیخوازییەوە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد، هەروەها رێگەیەكیش نییە كە خۆرائاوا ویست و ئارەزووی خۆی بەسەر ئەم هێزانەدا بسەپێنێت، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت كە جەمسەرەكان بەشێوەی پێشووتر یاخود شێوازێكی تر گەڕاونەتەوە. بەڵام  ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران دەڵێن خۆرئاواش هەندێك بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای لەئەستۆدایە و یاریكردن لەسەر پەتی جەنگێكی ساردی نوێ، دەكرێت دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزبكات. لیل گۆڵدستین مامۆستاتی توێژینەوەكان لە كۆڵیژی جەنگیی دەریایی ئەمریكا دەڵێت" وا دەردەكەوێت لەدوای جەنگی ساردەوە، زۆرێك لە خۆرئاواییەكان خۆیان رادەستی نەخۆشی بێبەشبوون لە دوژمن كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی ئاسایشی نەتەوەیش حەزیان لە هەڕەشەیەكی زۆر سادەیە". دۆخی جۆرجیا و ئۆكرانیا وەك پێشەكییەك بۆ جەنگێكی ساردی نوێ‌ دەردەكەوێت، سەرەڕای ئەوەش دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و هەركەسێك زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچەیە هەبێت، بە تەواوەتی درك بەوە دەكات كە هەردوو حاڵەتەكە  ئەنجامی داڕمانی خێرای یەكێتی سوڤیەت و پرسەكانی تایبەت بە ناسنامە و سنورن. روسیا چ هێزێكی هەیە ئێستا ؟ كۆڤمان روسیا بە " هێزێكی گەورەی لاواز" وەسفدەكات و باسلەوەدەكات، بەردەوام لە بەهای روسیا كەمدەكرێتەوە چونكە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەست بە پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیی و سیاسیی و ئابوریی زۆر جیاوازە لە خۆرئاوا، بەڵام مۆسكۆ بەهۆی قورسایی ئابورییەكەوە ئامادەگییەكی بەهێزی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا هەیە، روسیا هێزێكی هەرێمی سەركێشی داڕوخاو نییە، بەڵكو بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەوەیە. لە وڵاتانی ناتۆ باس لەوە بەرزبوونەوەی خەرجیی بەرگری دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دژایەتیكردنی نەیاری ركابەر. جۆری ئەو هەڕەشە سەربازییەی كە روسیا بەسەر ناتۆیدا دەسەپێنێت پرۆفیسۆر گۆڵدستین دەڵێت هێزەكانی روسیا لە بنەڕەتدا زۆر لە هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی پەیمانی ناتۆ لاوازترن، لەگەڵ ئەوەشدا  روسیا " بەداناییەوە" لەم 15 ساڵەی دواییدا وەبەرهێنانی كردووە و پارێزگاری لە چەند توانایەتی تایبەتمەند كرد كە چەند سودێكی پێشكەش دەكەن، بۆ نمونە، پەیمانی ناتۆ سیستمی تەكتیكی ئەتۆمی روسیا لەناونابات، كە لەوانەیە كێشە بۆ سەركردەكانی ناتۆ دروستبكات، جگە لەوەی كە روسیا توانای گەورەی هەیە لە بواری تۆپخانە و جەنگی ئەلیكترۆنیدا. جەنگێك روسیا هەڵیدەبژێرێت بەڵام تواناكانی روسیا لە بواری جەنگی ئەلیكترۆنیی و زانیارییدا زۆر ئاشكران و دەزگاكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی بواری فیكر پڕن لە گفتوگۆ دەربارەی دیاردەیەكی نوێ‌ كە بە " جەنگی تێكەڵاو" ناوی دەبەن كە تێكەڵەیەكە لە شەڕ و ئاشتی و ئەوەش تەكنیكێكە كە بەرای زۆر كەس روسیا زۆر باش دەیزانێت. كۆڤمان دەڵێت روسیا هێزێكی گەورەی خاوەن هەڕەشەی یەك رەنگ نیە، بەڵكو لە راستیدا هێزێكی سەربازی بەهێزە لە چواردەوری خۆی و توانای ئەوەی هەیە جەنگی سیاسی و ئەلیكترۆنی بەرپابكات و بە ئاسانی لە بواری زانیارییدا ركابەری بكات. گۆڵدستینیش دەڵێت ئارەزووكردن لە جەنگی تێكەڵاو " ئیشكالیەتە" و مەترسی راستەقینە كە دەكرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێكی گەرمی كۆنترۆڵنەكراو لە سوریا یان ئۆكراتیا كە زۆر مەترسیدارترە، هیچ نییە جگە لە خراپ مەزندەكردن. فێڵی ناتۆ پرۆفیسۆ گۆڵدستین ئاماژە بەوەدەكات، سەلمێنرا كە شەڕی ئۆكرانیا " جەنگێكی راستەقینە بوو لەگەڵ هێزە نەریتییەكان" و رێگەنەگرتن لە روسیا بۆ ئەوەی نیمچە دوورگەی كریمیا داگیربكات لەلایەن ئەمریكا و ناتۆوە پەیوەندی نییە بە " جەنگی تێكەڵاو"ەوە، بەڵكو پەیوەندی هەبوو بە هەموو ئەوەی پەیوەستە بە هاوسەنگی سەربازی فیعلی، لە راستیشدا نیمچە دوورگەی كریمیا و خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بەشكێك بوون لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی روسیا / جگە لە چەندین كێشەی تر، هەروەها خۆرئاوا لە هەوڵەكانی بۆ كاریگەری خستە سەر رەفتاری روسیا رێگاچارەی دروست بەكارناهێنێت. كۆڤمانیش دەڵێت: زۆرینەی ئەو ئامرازە بەكارهێنراوانە تائێستا پەیوەستن بە گەرەنتی هاوپەیمانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە سیاسەتەكانی هاوپەیمانان، بەڵام تیۆرییەكی روون نییە دەربارەی چۆنێتی كاریگەری خستنە سەر رەفتاری روسیا و رێوشوێنە دیپلۆماتییەكان بۆ پاراستی یەكێتی سیاسیی، بەڵام بیروبۆچونەكان لە مۆسكۆ ناگۆڕن. لە لایەكی ترەوە هەوڵدان بۆ قایلكردنی روسیا لە كشانەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یان خۆ رادەستكردن لە ئۆكرانیا بیركردنەوەیەی دروست نییە و ئەنجامێكی نابێت و لە كۆتاییدا پێویستە جارێكی تر بیربكرێتەوە لە سیاسەتی پەیڕەوكراو بەرامبەر بە مۆسكۆ،  لێكەوتەكانی داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت بە هەند وەربگیرێت كە ماوەی 30 ساڵە تاوەكو ئێستا بەردەوامە.  


درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف "توركیا والی بۆ عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دادەنێت و دەیبەستێتەوە بە شاری ئەنتاكیای توركیاوە" ئەمە ئەو هەواڵەیە كە لەسەر زاری وتەبێژی " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین" بڵاوكراوەتەوە كە ئەنجومەنێكە و لەلایەن تورکیاوە لەدوای داگیركردنی عەفرینەوە بۆ بەڕێوەبردنی كانتۆنی عەفرین دەستنیشانكراوە. ئەم هەنگاوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروا هەنگاوێكی ئاسایی نیە و بەشێكیشە لەو هەنگاوە پلان بۆ داڕێژراوەی كە ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش كاری لەسەر دەكات، هەروەها لەدوای گرتنی عەفرین ئەردۆغان رایگەیاند: عەفرین رادەستی سوریا ناكەینەوە و خۆمان بەرێوەی دەبەین، دانانی والی بۆ عەفرینیش داگیركردنی یەكجارەكی ئەو ناوچەیەیە، ئەردۆغان راشیگەیاند،  ئۆپەراسیۆنەكەمان تەنها لە عەفریندا ناوەستێت و بەرەو مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و شەنگال هەنگاودەنێت، ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان هەولێكە بۆ بە واقیعیكردنی خەونە سوڵتانیەكانی، كە بە شێوەیەكی پراكتیكی كاری لەسەر دەكات، ئێستا لەناو میدیای توركیا و تەنانەت ناوچەكەشدا ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێ یاخود هەڵگری خەونی سوڵتانی ناودەبرێت، كە خەونی دروستكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نوێیە و هەوڵ بۆ گرتنەوەو گەڕانەوە بۆ سنوری دەوڵەتی عوسمانی دەدات ( دەوڵەتی عوسمانیی كە لە ساڵی 1299ی زاینی تا ساڵی 1922ی زاینی بەردەوام بوو).  بێرنارد هێنری لیڤی فەیلەسوفی فەرەنسی و ناسراو بە دۆستی كورد لە رۆژانی رابردوودا نوسی: ئەردۆغان تەنیا سەرۆكی توركیا نییە، بەڵكو ئەو سوڵتانە و دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە ناوچەكەدا دابمەزرێنێت، ئەردۆغان لە چەندین وتاریدا شانازی خۆی بە دەوڵەتی عوسمانیەوە كردووە و خەونی بەدیهێنانی داوە هەروەك لە وتارێكیدا لە ساڵی 2012 دا وتی: ئێمە دەگەینە هەموو خاڵێك‌ و ناوچەیەك كە پێشتر باپیرە عوسمانییەكانمان بەسواری ئەسپ گەیشتن پێی و حوكمیان كرد. بۆیە ئەردۆغان و دارودەستەی حوكمرانێتییەكەی لە تەواوی رەهەندەكانەوە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سوڵتانی ئەردۆغان، بەڵام لە چاوەڕوانی هەلێكدابوون تا دەرچەیەك بدۆزنەوە و لێیەوە بچنە سەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان، بۆیە شەڕی سوریا و هەڵپەی وڵاتە زلهێزەكان بۆ پچڕینی پشكی خۆیان توركیای كێشكرد بۆئەوەی بەشی خۆی بپچڕێت لەو كێكی سوریا و خاڵی سەرەتا دەستپێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان بێت، چونكە توركیا تا ئێستا سوریا و عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بووە بە موڵكی خۆی دەزانێت، هەروەك ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە تەمموزی 2014 رایگەیاند: سوریا لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزراوە، بۆیە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئەم ڕیشە مێژووییەمان، ئەوەش شەرعیەتدانە بە دەستوەردان لە كاروباری سوریا و چاوەڕوانیش ناكرێت تەنها بە گرتنی عەفرینەوە بوەستێت و بگرە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆغان ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە تا باشووری كوردستانیش، دانانی والیش بۆ عەفرین  واتا بە دیهێنانی بەشێك لە خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان. كانتۆنی عەفرین ( یەكێكە لە سێ كانتۆنەكەی رۆژئاوای كوردستان و  روبەرەكەی 3850 كم2 واتا 2% خاكی سوریایە  و ژمارەی دانیشتوان 523258 كەسەو پانیەكەی لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا 55 كم2 درێژیەكەی لە باكور بۆ باشوور 75 كم 2، و تەنها 50كم2 لە دەریای ناوەڕاستەوە دوورە و سەربە پارێزگای حەلەبە كانتۆنی عەفرین لە ناحییەکانی ( عەفرین، جەندەریس، بلبلە، شیخ حدید، راجو، شەران، مەعبەتلی پێكهاتووە)      والیەك بۆ هەولێر توركیا دەیەوێت لەدوای عەفرین هەولێریش بكاتە ویلایەتێكی سەربە توركیا ئەگەرچی ئێستا هەژمونی ئەنکەرە لەسەر هەولێر زیادترە وەك لە بەغداد، بەو پێیەی هەولێر رازی نەبوو هێزی عێراق بێتە هەرێم بەڵام چەندین بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێمدان، ئەردۆغان چاوی لەسەر باشووری كوردستانە و پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). گرتنی عەفرین و دانانی والی بۆی دوای 58 رۆژ لە بەرەنگاری و خەبات و شەڕی هێزەكانی یەپەگە هات و واتا 58 رۆژ لە شەڕی دووەم هێزی ناتۆ، لەدوای عەفرین، توركیا چاوی لە هەولێر، هەرچەندە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان عەفرین و هەولێر بۆ ئەردۆغان، بەو پێیەی ساڵانێكی زۆرە ئەردۆغان كارلەسەر هەولێر دەكات و زۆرجار وەكو ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵكراوە، بەو پێیەی  توركیا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی هیلكەكانی خستبووە ناو سەبەتەی توركیاوە تا راپرسیەكەی 25ی ئەیلول. بە ویلایەتكردنی هەولێر بۆ توركیا تا ئاستێك ئاسانترە بۆ بەدیهێنانی خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان، بەو پێیەی ئەردۆغان ساڵانێكی درێژە كاری لەسەر باشووری كوردستان كردووە و هەژمونی سیاسی و سەربازی و ئابووریی و كلتوریی بەسەر كوردستاندا سەپاندووە بەتایبەتیش:  یەكەم/ دانانی چەندین بنكەی سەربازی لە باشووری كوردستان كە ئێستا زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت فڕۆكەخانەی سەربازیشی داناوە، دواترینیشیان هاوكات لەگەڵ هەوڵی داگیركردنی عەفرین و بەرەنگاری توند لەوێ، بەڵام لە سیدەكانەوە 15 كم2 هاتە خاكی باشووری كوردستانەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەبری بەرەنگاری چاوساغیانكردن و 12 بنكەی سەربازیان لەوێ دانا، بۆیە ئەردۆغان لە روی سەربازییەوە هەرێمی داگیركردووە و پێویستی بە هێزی سەربازیی نیە بۆ داگیركردنی ئەو هێزەشی دەیەوێت دژ بە پەكەكەیە نەك هەرێم. دووەم/ سەرچاوەی داهات و ئابوری باشووری كوردستان لە دەستی توركیادایە، بودجەی هەرێم كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنەوت دەبەستێت( مانگی ئازاری 2018 هەرێم 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە)  لە رێگای توركیاوە رەوانە دەكرێت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و هەركات بیەوێت رایدەگرێت، خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلیش كە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتە هەر لە رێگەی توركیاوەیە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە 60%ی كەلوپەل و پێداویستییەكانی ناو بازارەكانی هەرێم توركین. سێیەم/ لەروی كلتوریی و پەرورەدەییشەوە توركیا هەژمونی خۆی لەسەر هەرێم داناوە، ئێستا توركیا لە رێگەی زنجیرە دۆبلاژكراوەكانەوە كلتوری خۆی بەسەر خێزانی كورددا بلاودەكاتەوە و زنجیرە توركییەكان پڕبینەرترینن، لە رووی پەروەردەیشەوە چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و تا ئاستی زانكۆش چەندین قوتابخانە و زانكۆی توركی لە هەرێم کراونەتەوە. گرتنی عەفرین و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،  ئەردۆغان  زیاتر هاندەدات كە پەلە بكات لەسەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكانی و فراوانكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە عێراق و سوریا و بەتایبەتیش بارودۆخی خراپی سوریای قۆستەوە بۆ گرتنی عەفرین و بارودۆخی عێراق و  ململانێی ناوخۆیی دەقۆزێتەوە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و بە ویلایەتكردنی هەولێر، كە رەنگە لە داگیركردنی باشووری كوردستاندا بوونی پەكەكە و رێكەوتنی كۆنی نێوان بەغداو ئەنکەرە بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی بكاتە بیانوو، هێزەكانی خۆی بە فراونتر لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەو پێیەش هەژموونی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێت و هەولێر بكاتە ویلایەتێكی دەوڵەتی نوێی عوسمانی كە كێكە لە خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان.  


بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەمریكا لە بەری رۆژئاوای رووباری فورات لە شارۆچكەی مەنبج دوو بنكەی سەربازیی نوێ دروست دەكات. ئاژانسەكە زانیاری زیاتری خشتۆتە روو كە ئەمریكا لە باشووری رۆژهەڵاتی گوندی دادات باكووری شارۆچكەی مەنبج، بنكەیەكی سەربازیی دادەمەزرێنێت و خاڵی چاودێری لە ناوچەكە فراوانتر دەكات، سوپای ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەكی زۆر لە پێداویستی و ئامێری بیناسازی رەوانەی ناوچەكە كردووە،بنكە سەربازییەكە تەنها هەشت كلیۆمەتر لە هێڵی نێوان شارۆچكەی جەرابلوس و ناوچەی قەڵغانی فورات و شارۆچكەی مەنبج دوورە. سەبارەت بە بنكەی دووەم ئاژانسەكە رایگەیاندووە كە بنكە سەربازییەكەی دیكەی ئەمریكا تەنها چوار كلیۆمەتر لە بەرەی شەڕ دوورو  دەكەوێتە باشووری گوندی دادات. سەربازانی ئەمریكا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی بە ناوی نوایمیە جێگیربوون و كاری دروستكردنی بنكەكە لە ئەستۆدەگر، لەگەڵ تەواوبوونیدا دەبێتە نزیكترین بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەی سنوری قەڵغانی فورات.  دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆن بۆسەر مەنبج دەست پێدەكات،سوپای ئەمریكا دوو رۆژ لەمەوبەر هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەكە رەوانەكردووە،بەو پێیەش ٣٠٠ سەربازیی ئەمریكی بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە بۆ ناوچەكە هاتوون، لە ئێستادا ئەمریكا لە هێڵی سنووری ناوچەی قەڵغانی فوراتی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەی توهار، هیلڤاجی و دادات سێ خاڵی چاودێری هەیە. ئەم هەنگاوەی توركیا لە كاتێكدایە دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە لە زوترین كاتدا هێزەكانیان لە باكوری سوریا دەكشێننەوەو چارەسەری قەیرانەكانی سوریای بە هێزەكانی دیكە سپاردبوو.   


بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" داوا لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات لەبری بیركردنەوەی لە كشانەوە ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا زیادتربكات، ئەمەش بەوتەی پەیامنێری كەناڵی " ئەلحوڕە" لە واشنتۆن. بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە لێدوانێكیدا بۆ ئەو كەناڵە رایگەیاند شكستپێهێنانی داعش لە سوریا كاری لەپێشینەی ئیدارەی ئەمریكا دەبێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە وتیشی هێزەكانی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش لە سوریان و شەڕ هێشتا بەردەوامە هەرچەندە داعش لە چەندین بەرەی شەڕ تێكشكێنراوە و ئەو رووبەڕەی لەژێر دەسەڵاتیدا بووە زۆر بچوكبوەتەوە. هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە شاری ریچفێڵد لە ویلایەتی ئۆهۆیۆ وتی " گورزی یەكلاكەرەوەمان لە داعش وەشاندووە و بەمزوانە سوریا بەجێدەهێڵین بۆئەوەی ئەوانی تر بایەخی پێبدەن."  


نەتانیاهۆ بۆ ئەردۆغان: ئەوەی عەفرینی داگیردەكات و مەدەنی دەكوژێت مافی نییە ئامۆژگاریمان بكات، جارێكی تر بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توندی كردەوە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و بە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین تۆمەتباریكرد. نەتەنیاهۆ لە تویتێكی تردا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هێرشدەكاتە سەر ئەردۆغان و نوسیویەتی" ئەردۆغان را نەهاتوووە لەسەرئەوەی كە وەڵام بدرێتەوە.. پێویستە لەسەر ئەوە رابێت.. ئەو كەسەی باكوری قوبرس داگیردەكات و ناوچە كوردییەكان داگیردەكات و هاوڵاتیانی مەدەنی لە عەفرین سەردەبڕێت، مافی ئەوەی نییە  بەوانەی بەها و ئەخلاق  ئامۆژگاریمان بكات" لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە دوای ئیدانەكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزە لەلایەن سەرۆكی توركیاوە، هێرشی قسەی نێوان ئەردۆغان نەتەنیاهۆ دەستیپێكردووەو ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ نەتانیاهۆ وتی " كەس نییە لەم جیهاندا خۆشی بوێیت، وەڵامی دەوڵەتان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەنگاوەكانت بەرامبەر قودس ئاشكران، خاوەندارێتی چەكی ئەتۆمیی لەخۆبایت نەكات، لەكاتی پێویستدا كارناكەن."  


ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی میسر راگەیەنراو عەبدولفەتاح سیسی بە بەدەستهێنانی 97.08%ی دەنگەكان، خولی دووەمی سەرۆكایەتی بەدەستهێنایەوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لاشین ئیبراهیم سەرۆكی دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی میسر رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا 41.05 بووە و لەكۆی 59 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە 24 ملیۆن و 250 هەزار كەس دەنگیانداوە. سەرۆكی دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی میسر وتیشی موسا مستەفا موسا كە تاكە ركابەری سیسی بوو لەو هەڵبژاردنەدا 2.92%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.


لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا هۆشداریدەداتە دۆناڵد ترەمپ لە كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و دەڵێت ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی زیندووبونەوەی داعش و زیادتربوونی هەژموونی ئێران لە سوریا. گراهام كە ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجومەنی پیرانە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " فۆكس نیوز" وتی" ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت خراپترین بڕیار دەبێت كە سەرۆك تاكلایەنە دەیدات". گراهام وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیمان لە لێواری شكستهێنان نزیك كردووەتەوە، ئەگەر دەتانەوێت لەو لێوارە دووری بخەنەوە سەربازانی ئەمریكا بكشێننەوە". ئەمریكا نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هەیە، پێشبینیدەكرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێكردنی هەڵمەتی دژ بە داعش لە سوریا كۆببێتەوە و بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند راوێژكارەكاتی ترەمپ بڕوایان وایە سوپای ئەمریكا پێویستە بە ژمارەیەكی كەمتر لەوەی ئێستا لانیكەم بۆ دوو ساڵی تر لە سوریا بمێننەوە. لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا لیندسی گراهام مەترسی راوێژكارانی كۆشكی سپی لە كشانەوەی خێرای سوپا ئەمریكا لە سوریا دووپاتكردەوە وتی " ئەوە كارەساتێكە ئامادەكاری بۆ دەكرێت." وتیشی " هێشتا زیاتر لە 3000 چەكداری داعش لە سوریا دێن و دەچن، ئەگەر هێزەكانمان لەماوەیەكی نزیكمدا بكشێنینەوە، ئەو رێكخراوە دەگەڕێتەوە و شەڕی نێوان توركیا و كوردیش لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و دیمەشق رادەستی ئێرانییەكان دەكرێت بە بێ‌ بوونی ئەمریكا".  


سبەی سێشەممە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا كۆدەبنەوە. كۆشكی سەرۆكایەی روسیا " كرملن" رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە ڤلادیمێر بوتن سەردانی توركیا دەكات و سبەی سێشەممە لەگەڵ هاوتا ئێرانی و توركییەكەیدا كۆدەبێتەوە. ئاماژەیبەوەشدا  پۆتن و ئەردۆغان بە رەسمی یەكەمین یەكەی وێستگەی ئەكۆیۆی ئەتۆمیی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا دەكەنەوە. هاوكات پەروێز ئیسماعیلی راوێژكاری راگەیاندنی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند  سبەی سێشەممە رۆحانی دەگاتە ئەنكەرە لە كۆبوونەوەی لوتكەی تایبەت بە سوریا لەگەڵ سەرۆكی توركیا و روسیا كۆدەبێتەوە. ئیسماعیلی وتیشی جگە لەوە حەسەن رۆحانی كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمێر پۆتن ئەنجامدەدات و پەیوەندییەكان و هاریكاری هەرێمی و نێودەوڵەتی نێوان هەر سێ‌ وڵات تاوتوێدەكرێن.


رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا هەڵمەتی پشتیوانی بۆ شەرعیەتدا بە داگیركردنی عەفرین دەست پێكردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئیبراهیم تاتڵیساس و سپیل جان و ژمارەیەك گۆرانیبێژ و وەرزشوانی توركیا دەباتە سنورەكانی توركیا لە نزیك كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان و تاتڵیساس گۆرانی بۆ سەربازانی توركیا دەڵێت. لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ئەو سەربازانەی سوپای توركیا كە بەشداری داگیركردنی كانتۆنی عەفرینیان كردووە،، ئیبراهیم تاتڵیساس گۆرانی پێشكەشكرد و پشتگیری خۆیان بۆ سوپای توركیا دووپاتكردەوە و لە داگیركردنی عەفریندا. هەمیشە ئەردۆغان بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لە هەڵبژاردن و ئۆپەراسیۆنەكانی پەنا بۆ هونەرمەندەكان و سیاسییەكانی كورد دەبات، مانگی 11ی ساڵی 2013ش ئیبراهیم تاتڵیساس بەیاوەری رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان و شڤان پەروەر لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان بەشداری هەڵمەتی بانگەشەی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیایان كرد.  


درۆی نیسان یەكێكە لەو نەریتە كۆنانەی كە ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر،  درۆی نیسان چەندین شێوازی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت لە نێویاندا درۆكردن و ئابڕوبردن و گاڵتە و گەپ و بڵاوكردنەوەی نوكتە و خەڵەتاندنی  كەسی بەرامبەر. ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و نوكتەكردنەوە و قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن، ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەكانیش لەڕێی بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و چیرۆك و ڕاپۆرتی بێبەنەماوە بەشداریدەكەن لەم بۆنەیەدا.      " ئەوروپییەكان لە یەكەم ڕۆژی مانگی چوار (نیسان)ی هەموو ساڵێك ئاهەنگی درۆی  نیسان یاخود ڕۆژی درۆ دەگێڕن، لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و      نوكتەكردنەوە قوربانییەكانی ئەو ڕۆژەش بە گێلەكانی درۆی نیسان ناودەبەن " لەگەڵ ئەوەی درۆی نیسان وەك یەكێك لە بۆنە میللیەكان لە سەدەی 19وە جەماوەری خۆی هەیە و پەرەی پێدەدرێت، بەڵام تائێستا نەبوەتە ئاهەنگێكی فەرمی لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا و تائێستا لەچوارچێوەی گاڵتە و گەپدا ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی هەندێكجار بەئازاریش بووە. شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم  كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان. " شاعیری بەریتانی جیفری چوسەر كە لە سەدەی 14دا ژیاوە، نوسەری كۆمەڵێك چیرۆك و هۆنراوەیە بەناوی ( چیرۆكەكانی كانتەربری) بەیەكەم  كەس دادەنرێت كە ڕۆژی یەكی مانگی نیسان و درۆی پێكەوە گرێداوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دێرێنی درۆی نیسان" بە شێوەیەكی گشتی دیاردەی تەرخانكردنی ڕۆژێك بۆ گاڵتە و گەپ و درۆ و نوكتەكردن، بە یەكێك لە دیاردە بەربڵاوەكان دادەنرێت لە ناو زۆرێك لە گەلاندا، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بەڕۆژی یەكی نیسان بەڵام درۆی یەكی نیسان بەدیاریكراوی لەو كاتەدا بڵاودەكرێتەوە. هەندێكی تر دەڵێن، نەریتی درۆی نیسان سەرچاوەكەی ڕۆژژمێری  كۆنی ڕۆمانەكانە كە بە بۆنەی سەری ساڵ و سەرەتای وەرزەوە كاتێك گۆڕانكارییەكان سەرەو ژوور دەبون و بەتایبەت لە بەهاردا كە كەشوهەوا گۆڕانكاری بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و هەندێك پێیانوایە درۆی نیسان لەم  گۆڕانكارییەوە سەریهەڵداوە. بەریتانییەكان بەدیارترین ئەو گەلانە دادەنرێن كە پەیوەستن بە درۆی نیسانەوە، لە دیارترین ئەو درۆیانەشی كە تائێستا لەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە، ناردنی  سەدان نامەی بانگهێشتكردن بووە بۆ هاوڵاتیانی شاری لەندەن بۆ ئامادەبون لە ئاهەنگی ساڵانەی شتنی شێری سپی، بەڵام دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی زۆر لە شوێنی دیاریكراوی بۆنەكە ئامادەبون دواتر زانیوانە  كە بانگهێشتەكە درۆی نیسان بووە. لە ئێرلەنداش ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ  گەمژیەكی تر".     " لە ئێرلەندا ناردنی "پەیامێكی گرنگ" بوەتە نەریت و دەدرێت بە كەسێكی دیاریكراو و داوای لێدەكرێت كە بیگەیەنێت بە كەسێكی تر، كاتێك     كەسی سێیەم نامەكە دەكاتەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە"بینێرە بۆ  گەمژیەكی تر" هەر لەچوارچێوەی ئەو درۆیانەی خراونەتە پاڵ درۆی نیسان، یەكێك لە بەشدارانی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا نوسیویەتی ، دیارترین درۆكانی نیسان لە ساڵی 1746 كراوە لە ڕێی ڕۆژنامەیەكی بەریتانیەوە كە بانگەشەی ڕێكخستنی گەورەترین نمایشی كردوە بۆ گوێدرێژ، كاتێك خەڵكێكی زۆر كۆبوەتەوە جگە لەخۆیان شتێكی تریان نەبینیوە. ئاژانسی "ئەسۆشیەیتید پرێس" لە ساڵی 1983دا، ڕاپۆرتێكی  لەبارەی درۆی نیسان  بڵاوكردەوە، كە جۆزێف بوسكن مامۆستای مێژوو لە زانكۆی بۆستن ئامادەیكردبوو،  زۆرینەی ڕاگەیاندنەكانی جیهان بڵاویانكردەوە. بیرۆكەكە دەڵێت، ئەم نەریتە لە سەرەتای سەدەی چواری زاینی و لەسەردەمی قوستەنتین ئیمپراتۆری ڕۆمانییەوە سەرچاوەی گرتوە، چیرۆكەشەش بەمشێوەیەیە،  كەسێك بەناوی (كوغل) لە كۆشكی ئیمپراتۆر ڕۆڵی بوكەڵەی بینیوە و لەبەردەمی ئیمپراتۆردا وتویەتی بوكەڵەكان (موهەریج) دەتوانن لە ئیمپراتۆر باشتر حوكمڕانی بكەن و ئیمپراتۆری ڕۆمانیش بۆ گاڵتەجاری ئەو بوكەڵەیەی  لە ڕۆژی یەكی نیساندا بۆ ڕۆژێك كردووە بە ئیمپراتۆر و (كوغل)یش، بڕیاریداوە ئەو ڕۆژە سەرانسەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پڕبكات لە گاڵتە و گەپ و ئیمپراتۆر بەم بیرۆكەیە سەرسام بووە و لەوە وە بڕیاریداوە بیكاتە نەریتێكی ساڵانە.  دوای ماوەیەك لە بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكە، ئاژانسی" ئەسۆشیەیتید پرێس" بۆی دەركەوت كە خۆشی بوەتە قوربانی درۆی نیسان و مامۆستاكەی زانكۆی بۆستن چیرۆكەكەی هەڵبەستوە.  ئامادەکردنی: درەو


توركیا والی و قایمقام بۆ كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دادەنێت و دەیبەستێتەوە بە شاری ئەنتاكیای توركیاوە. دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن سوپای توركیاوە كۆنگرەی بەنا " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین" بەسترا وتەبێژی ئەو كۆنگرەیەش دەڵێت ئەنجومەنێك لە هەموو پێكهاتەكان بۆ بەڕێوەبردنی عەفرین دەستنیشانكراوەو توركیاش والییەك بۆ عەفرین دادەنێت و قایمقامێكیش رەوانەی شارەكە دەكات. ماڵپەڕی " DW " ئەڵمانی بڵاویكردەوە حەسەن شندی وتەبێژ بەناوی " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین"  رۆژی شەممە لە بەیاننامەیەكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، وتی " ئیتر لەمەولا عەفرین سەر بە شاری هاتای " ئەنتاكیا"ی توركیا دەبێت". شندی وتیشی " لیستی ناوی ئەندامە هەڵبژێدراوەكانی ئەنجومەنەكەیان رەوانەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كردووە و لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژدا كارەكان زیاتر رووندەبنەوە و پاشان ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە دەچنە عەفرین و توركیشا والییەك بۆ شارەكە دادەنێت، بەڵام نازانین كێیە ، بەڵام لە لایەن توركیاوە دادەنرێت و پاشان قایمقامێكیش رەوانەی عەفرین دەكرێت." وتەبێژی بەناو " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین ئاماژیبەوەشداوە كە هێزێكی پۆلیس بۆ شاری عەفرین پێكهێنراوە كە لە 450 پۆلیس پێكدێت.  


بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشدەكاتە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و رایگەیاند " سوپای ئیسرائیل بە ئەخلاقترین سوپایە لە جیهاندا و ئامۆژگاری لە كەسانێكەوە وەرناگرن كە چەندین ساڵە بێ‌ جیاكاری هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردوماندەكەن." ئەمە هێرشەی نەتانیاهۆ دوای ئەوەهات كە سەرۆكی توركیا هێرشی ئەمدواییەی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە ئیدانەكرد. نەتەنیاهۆ لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەتوانجەوە نوسیوێتی" ئەوە ئەو رێگایەیە كە ئەنكەرە هەڵیبژاردووە بۆ یادكردنەوەی رۆژی یەكی نیسان". كە بە رۆژی جیهانی درۆ ناسراوە لە جیهاندا. لە رابردووشدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەردۆغانی بەوە وەسفكردبوو كە " پیاوێكە گوندنیشنە كوردەكان تۆپباران دەكات". رۆژی شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئیسرائیلی بەوە تۆمەتباركرد كە هێرشی نامرۆیی دەكات و وتیشی رۆژێك دێت ئیسرائیل سزای ئەو ستەمە وەردەگرێت كە لە فەلەستینییەكانی دەكات.


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا  زیاتر لە 200 ملیار دۆلار پارەی تایبەت بە هەوڵەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا بلۆككرد و ئیدارەكەشی رۆڵی ئەمریكا لەو وڵاتە هەڵدەسەنگێنێت. رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسانی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە كۆشكی سپی فەرمانیداوە بە وەزارەتی دارایی بۆ بلۆككردنی ئەو پارەیە. ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا ئاماژەیان بۆئەوەشدا كە ترەمپ ئەو بڕیاری دوای ئەوەداوە كە راپۆرتێكی هەواڵی بینیوە و تێیدا ئاماژەبەوەكراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەمدواییە بەڵێنیداوە 200 ملیۆن دۆلاری تر بۆ هەوڵەكانی زوو ئاوەدانكردنەوەی سوریا پێشكەشبكات. شوباتی رابردوو رێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش ئەوەی پۆستەكەی بەجێبهێڵێت لە كۆنگرەی كوەیتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڵێنی پێشكەشكردنی ئەو بڕە پارەیەی دابوو. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت ئەو بڕیارەی ترەمپ هاوتەریتە لەگەڵ لێدوانەكانی رۆژی پێنجشەممەی دەربارەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا كاتێك لە وتەیەكیدا لە شاری ریچفێڵدی  ویلایەتی ئۆهایۆ وتی هێزەكانی ئەمریكا لەسویا " زۆر بە زوویی" لەو ناچانەی لێی جێگیركراون دەكشێنەوە. ترەمپ وتیشی " گورزی كەمەرشكێنمان لە داعش داوە و زۆر بە زوویی سوریا بەجێدەهێڵین و بەجێیدەهێڵین ئەوانی  تر بایەخی پێبدەن." هەروەها ترەمپ وتیشی " لە سەداسەدا كۆنترۆڵی ئەوە دەكەین كە پێی دەڵێت خاكی خەلافەت، زۆر بە خێرایی كۆنترۆڵی دەكەین، بەڵام بەمزوانەش لەوەێ‌ دەردەچین." وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand