بێستون حەمە ساڵح ((مولزهمین لهبارتهقای ههڵهی سیاسیه نهخوێنهوارهكان و پهرلهمانتاره بێ ئهزمونهكان ههڵوهسته بكهین و مهترسی بێ متمانهیی و بێدهنگ بوون و هاوتهریب نهبونی فكرو واقیع بههاوڵاتیان ئاشنابكهین و لێكهوتهكان وهك ئهوهی ههیه شرۆڤه بكهین ))!... خولی چوارهمی پهرلهمانی كوردستان مهڵۆیهك له ئاریشه و شارایهك له بێ ئومێدی لهدوی خۆیان جێهێشت ، یهك لهوانه میراتی قهیرانی داودهزگای سهرۆكایهتی ههرێم و دهسهڵاته لهبن نههاتووهكانی بوو. قهیرانهكه بهوه گهیشت كه به دووقانونی جیاواز یهكێكیان بۆ دابهشكردن (قانونی ژماره 2 ساڵی 2017 قانونی دابهشكردنی دهسهڵاتهكانی سهرۆكایهتی ههرێم بهسهر دامهزراوه دهستوریهكانی ههریم)و ئهوی دی بۆ ههڵپهساردنی داودهزگای ئاماژهبۆكراو بهئاكام گهیشت(قانونی ژماره 10ساڵی 2018 قانونی ههڵپهساردنی دامهزراوهی سهرۆكایهتی ههریمی كوردستان-عێراق). سهرباری ئهوهش پڕۆسهی سیاسی له چوارساڵی خولی چوارهمی پهرلهمان بهو ئاقاره گهیشت كه ڕووداوهكانی پردێ سنوری پهكخستنی داودهزگای تهشریعی و دهركردن و ناردنهوهی پهرلهمانتار و وهزیری (گۆڕان)ی ئهوسای لێكهوتهوه. لهسهروبهندی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان دیسانهوه پێش وهخته بۆنی ڕێكهوتنی دوو قۆڵی (پارتی و گۆڕان ) دهرههق پڕۆژهی ئامادهكراوی چۆنیهتی ههمواركردنی داودهزگای سهرۆكایهتی ههرێم خاڵی وهرچهرخان و نزیكبونهوه سهرلهنوێ لهنێوانیان تهشكیل بوو. له 18شوباتی 2019 قهواڵهی لێكگهیشتن نهك ڕێكهوتن له نێوان (گۆڕان و پارتی) له پیرمام واژۆكرا. خاڵێكی گرنگ و پڕمهبهستی ئهم قهواڵهیه كاراكردنهوهی دهزگای سهرۆكایهتی ههرێم وهك خۆی بهتهواوی دهسهڵاتهكانهوه بخرێتهوه گهڕ تا ئامادهكاری بۆ نوسینهوهی دهستوری ههرێم تا بتوانن مژدهی حوكمهتی كابینهی نۆههم و ڕاسپاردنی بهربژێری پارتی بۆ تهشكیلبونی حهقیبهی وزاری نوێ ڕابسپێرن له پهرلهمانهوه و لهلایهن سهرۆكی ههرێمی ههڵبژێراو لهپهرلهمانهوه. كار بهوه گهیشتووه (گۆڕان و پارتی) لهبۆدهقهی چۆنیهتی داڕشتنی (پڕۆژهی تهوحید) خۆیان ببینهوه سهبارهت به ههمواركردنهوهی دهسهڵاتهكانی سهرۆكی ههرێمی ئاینده. له ڕاستیدا ئهم (پڕۆژه تهوحیده) ئاماژهیهكی مهترسیداره دهشێ (تهوحیدی) تر بهدوی خۆیدا بهێنێت. ئهوهی گۆڕان به سێ ڕێكهوتن لهگهڵ یهكێتی بۆی ئهنجام نهدرا ئێستا گۆڕان دهیانهوێت به (پڕۆژهی تهوحید )لهتهك پارتی چ بروسكهیهكی مەترسیدار به لایهنهكان و هاوهڵهكانی خۆیان بگهیهنن؟!...
رەفیق سابیر *تورکیا دەیەوێت قەندیل بکاتە بارەگای سەرەکیی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا *پێویستە تیرۆریستانی داعش لە دادگایەکی نێونەتەوەیی، لە رۆژئاڤا، دادگایی بکرێن رۆژی ٢٣ ئادار هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژئاڤای کوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی روباری فوراتی لە تیرۆریستانی داعش پاک کردەوە بەمەش گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و جیهان، لە هەڕەشە و پەلاماری گەوەرترین و ترسناکترین هێزی تیرۆریستی ئیسلامی، کە لە ٥٤ وڵاتەوە هاتبوون، دەرباز بوون. ئەمڕۆ جێگری وەزیری بەرگری ئەمێریکا، لە لێدوانێکدا ئەم سەرکەوتنەی بەرز نرخاند و وتی: ئەم سەرکەوتنەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە مەیدانی جەنگدا، بۆ ئیمە ئیلهامبەخشە.. کاتی ئەوەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە رێبەرایەتی شەڕی داعشیان کردووە لە سوریا و هێزی ئەمنی عێراقی، کە رابەرایەتی شەری داعشیان کردووە لە عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان، (ئیعتیرافیان) پێ بکرێت لەو دەورەی بینیویانە. لە سەرەتای راپەڕینی گەلانی سوریا، لە ساڵی ٢٠١١ بە دەیان هەزار تیرۆریستی ئیسلامی، سەرەتا بە ناوی (ئەلنوصرە) دواتر بە ناوی داعش و هەندێ ناوی ترەوە، لەلاین تورکیاوە ئامادە و پڕچەک کران و دواتر گەیەندرانە سوریا و بەگژ گەلی رۆژئاڤای کوردستاندا کران. ئەوان شەڕی خۆیان، لە سوریا، بە کوشتنی کورد و وێرانکردنی ناوچەکانی سەرێ کانی و کۆبانێ و چەند ناوچەی تر. دەست پێ کرد. هەر ئەو کاتە کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی، لە سوریا و باکوری کوردستان، ئەم هێرشانەیان بە کوشتاری بەکۆمەڵ و جینوسایدی کورد ناوبرد. ئەوان پێیان وابوو کە تورکیا و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، ئەم ئەرکەیان بە گروپی تیرۆریستیی ئەلنوسرە و داعش و عەرەبە رەگەزپەرستەکانی سوریا سپاردووە، چونکە خۆیان ناتوانن، لە ترسی کاردانەوەی نێودەوڵەتی، کوردی رۆژئاڤای کوردستان جینۆساید بکەن. دواتر بە بەلگەوە پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعش و تیرۆریستانی ئیسلامی ئاشکرا بوو. تورکیا تا ئێستا دەیەوێت گەلی کورد لەو ناوچە کوردییانە دەرپەڕێنێت، کە بە درێژایی نزیکەی هەشتسەد کیلۆمیتری سنووری نێوان سوریا و تورکیا دەبێت. لە جیاتیان تورکمان و تیرۆریستانی ئیسلامی و خیزانەکانیان لەو ناوچانە جێگیر بکات. ئەگەر ئەم پلانە سەری بگرتایە، کوردی رۆژئاڤا، وەک ئەرمەنەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئێزیدییەکان، تاڵان دەکران و بەشێکیان لەناو دەبردران، بەشەکەی تریشیان، پەرتەوازەی نێو سوریا وڵاتان دەبوون، یان بە پێی سورەی ئەنفال و عورفی ئەسحابەکانی ئیسلام، دەکرانە کۆیلە و سەبایا و کەنیزە و غولمان، کە ئەمە لە تەواوی مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، ئامانجی هەرە گەرەی غەزوکردن و داگیرکردنی وڵاتان بووە. مانەوەی کورد و ئاسوری و ئەرمەن، لە باکوری سوریا، ئەنجامی خەبات و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی هێزی سوریای دیموکرات و کۆمەکی هاوپەیمانانە. بەرهەمی قوربانیدانی گەلی رۆژئاڤایە ، کە یازدە هەزار شەهید و زیاتر لە بیست هەزار برینداری، لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاوپەیمانانی، کردە قوربانی. بەڵام هێشتا گەلی رۆژئاڤا، لە مەترسیی شەڕ و جینۆساید، دەرباز نەبووە. تورکیا و سوریا، لە دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕین تا پەلاماری ئەو ناوچانە بدەن. تورکیا، سەرەتا بە هۆی داعش و ئەلنوسرە و گروپی تری تیرۆریستییەوە، ئەم کارەی دەکرد، دوو ساڵێکە، راستەوخۆ پەلاماری رۆژئاڤا دەدات، ناوچەی داگیرکراوی ئافرین و جەرابلوس بە تورک دەکات. ئەمڕۆ تورکیا کراوەتە سەنتەری پێگەیاندن و داڵدەدانی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بە پێی هەندێک سەرچاوە، لەوانە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەشکرێکی هەشتا هەزار تا سەد هەزار چەکداری تیرۆریستیی ئیسلامی لە ئیدلیب و جەرابلوس و هەندێ ناوچەی تری سوریا هەن. هەموویان، بە سوپای ئەلنوسرەی تیرۆریستی و پاشماوەکانی داعشیشەوە، تورکیا چاودێری و سەرپەرشتی و کۆمەکیان دەکات. خەونی سوڵتانیانەی ئەردوگان و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریای بەدناوی عوسمانی، پێویستیان بە لەشکرێکی تیرۆریستیی فرەنەتەوەیی لەم جۆرە هەیە. بەڵام ئەم لەشکرە، بەلای زۆرەوە، دەبێتە بارگرانییەک بۆ تورکیا. روسیا، کە تا ئێستا دەوڵەتی سوریای پاراستووە، دەیەوێت، لە نزیکترین دەرفەتدا، ناوچەی ئیدلیب، لە سوپای ئەلنوسرە و تیرۆریستانی تر، پاک بکاتەوە. سەرەنجام زۆرینەی ئەم تیرۆریستانە، کە لەشەڕی کورد و گەلانی تری سوریادا بەهێز و پڕئەزموون بوون، بە ناچاری، پەنا بۆ تورکیا دەبەن. لەوێ دەتوانن رێکخستنەکانیان، کە لەنێو تورکیادا بڵاو بوونەتەوە، فراوانتر و چالاکتر بکەن و کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن. دوور نییە ئەزموونی پاکستان لەگەڵ گروپی ئەلقاعیدە، کە خۆیان پەروەردەیان کردن، لە تورکیادا، دووبارە ببێتەوە. بە رای من پلانی تورکیا بۆ داگیرکردنی قەندیل، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە، ئەو ناوچە سەخت و عاسێیە، وەک تورابورای جارانی ئەفغانستان، بببێتە بارەگای سەرەکیی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بەم کارە هەم ئاگرەکە لەنێو ماڵی خۆی دوور دەخاتەوە، هەم ئەم هێزە تیرۆریستییە، وەک هێزی پشتیوانی خۆی، سەرەتا لە دژی باشووری کوردستان و رۆژئاوا و عێراق، دواتریش، لە دژی هەر وڵاتێکی تر بەکار دەهێنێت. ٢ دوای تێکشاکنی داعش هەزارانیان، کە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە، بۆ شەڕی گەلی کوردستان و سوریا وعێراق هاتوون، کەتوونەتە دەست هەسەدە. ئەوانە، تاوانی جۆراوجۆریان بەرامبەری دەیان هەزار کەس کردووە. زۆربەی ئەو تاوانانە، لەوانە جینۆسایدی ئیزیدییەکان و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەدەنی، بەکۆیلەکردن ژن و منداڵ و بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و فرۆشتنیان، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی دادەندرین. ئەم تیرۆریستانە، بە پێی هەر قانوونێکی نێودەوڵەتی، دەبێ لەو وڵاتە دادگایی بکرین، کە تیادا تاوانیان کردووە. هەسەدە دوا دەکات دادگایەکی نێودەوڵەتی، لە رۆژئاوا، دابمەزرێندێ و لەوێ تاوانبارانی داعش دادگایی بکرێن. ئەمەش دروسترین و باشترین چارەسەرە. چونکە داعش رێخراوێکی ناوچەیی، یان تایبەت بە سوریا و عێراق نییە، بەڵکو رێکخراوێکی جیهانییە و بە هەڕەشەیەکی جیهانی دادەندرێت، کە تا ئێستا لە دەیان وڵاتی دونیا کاری تیرۆریستیی ئەنجام داوە. هەروا، لە شەڕی دژی داعش، لە سوریا، کە هەسەدە، رابەریەتی دەکات، نزیکەی حەفتا دەوڵەت، لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشداری شەڕەکەیان کردووە. هەندێکیان، لەو شەڕەدا، قوربانییان داوە، یان وڵاتەکانیان بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش کەوتوون. لە هەمان کاتدا نەتەوەیەکگرتووەکان کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزیدییەکانی، کە داعش لێی بەرپرسە، بە جینۆساید ناساندووە. لەبەر ئەوە پێویستە داعشییە دەستگیرکراوەکان، لە دادگایەکی نیودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن. ئەگەر ئەم دادگایە، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (یان ئەگەر بشێ نەتەوەیەکگرتووەکان) دابمەزرێندرێ، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر نەکرا، وڵاتانی هاوپەیمان، کە بەشداری شەڕی داعشیان کردووە، خۆیان دەتوانن دادگایەکی نێودەوڵەتی پێک بهینن و چاودێری و سەرپەشتی دادگاییکردنەکە بکەن. بەڵام ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک ئەم دادگایە پێک نەهێندرا، دەسەڵاتی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان دەتوانێ، بە کۆمەکی ئەمێریکا و هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش، دادگایەکی تایبەت دابمەزرێنێت. ئەو دادگایە، بە ئامادەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی مێدیای جیهانی، تاوانبارانی داعش و هاوکارانیان، بە پێی قانوونی سوریا، یان ئەو قانوونەی لە رۆژئاوا کاری پێ دەکرێت، دادگایی بکات و سزایان بدات. پێکهێنانی ئەم دادگایە، لە رۆژئاوای کوردستان، کۆمەک بە داد و ئازادی و مافی مرۆڤ دەکات. هەروا دەتوانێت، لە داهاتوودا، رێگا لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و کاری جانەوەرانەی وەک کارەکانی داعش بگرێت. لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەموو ئەو وڵات و لایەن و ریکخراوانە ئاشکرا بکات، کە لەپشت دیاردەی داعشەوە بوون. داعشیان پەروەردە و پڕچەک کرد و بەگژ گەلی کوردستان و گەلانی عێراق و سوریایاندا کردن. هەسەدە، بە کۆمەکی ئەمێریکا و هاوپەیمانان، رۆژئاڤا و ناوچەکەی، لە مەترسی داعش دەرباز کرد. ئێستا پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسی ئەرکی گەورەی گەلی رۆژئاڤایە.
ئاریان رەئوف هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مەراسمێکی تایبەت لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ کۆتایی دەسەڵاتی داعشی لە سوریا و سەرکەوتنی هێزەکانیانی راگەیاند. ئەم سەرکەوتنە، کەم وێنەیە لە میژووی خەباتی هاوچەرخی کورد و وەرچەرخانێکی گرنگیشە بۆ پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ، بوە مایەی سەرهەڵدانی پشێویی لە سوریا، ئەمە زەمینەی بۆ کورد لە سوریا خۆشکرد و یەپەگەش ئەو هەلەی قۆستەوە و توانی بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردیەکانی سوریا بخاتە ژێر رکێفی خۆی . دواتریش کە داعش بەشێکی خاکی سوریای داگیرکرد، یەپەگە توانی بەرگری بکات و ناوچەی زیاتریش رزگاربکات. لە جەنگی کوبانیش توانی لوتبەرزی داعش تیک بشکێنێت و لە ئاستی سیاسەتی نێودەڵەتی و رای گشتی جیهانی پاڵپشتی بە دەست بهێنێت. دوای سەرکەوتنی کوبانی لە چوارچیوەیەکی پلانێکی ستراتیژی بۆ جێکردنەوەی پێکهاتەکانی تر لە سوریا هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکهێنرا و سەرکەوتنەکان بەردەوامی هەبوو تە سەرئەنجام کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش هێنا . بەکورتی لە بەهاری عەرەبی و شەری داعش رۆژئاڤا لە نەبونەوە هاتە بون و ئەوەتە لە سەردەستی شەرڤانان پێگەی دەسەڵاتی داعش لە جوگرافیایەکی دیاریکراو لە ناوبرا. بەڵام لە باشوور ( هەرێمی کوردستان) بە پێچەوانەی رۆژئاڤا لە شەری داعشدا، بە دۆراوی لێی دەرچوو. ئەمە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لە ژیر دەسەلاتی بەعس رزگاری بووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق خاوەن پێگەی خۆیەتی، و هەروەها بە بەراورد بە حکومەتی فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان بە هێزتر بوو هەر لە ٢٠٠٥ تاکوو ٢٠١٧، بەڵام لە شەری داعش بە دۆراوی لێی دەرچوو، چونکە بەشێکی زۆر لە خاکەکەی لە دەستدا و لە ئاستی نێو خۆی عێراق و ئقلیمی و نێودەوڵەتیش بە تەواوەتی لاوازبوو، ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە هیزە سیاسیەکان بەرنامەو پلانیان نیشتمانیان هەبوو بۆ ئەوەی هەرێم بە سەرکەوتویی لە شەری داعش دەربچێت، بەڵام بە پێچەوانەوەی خواستی ئەوان هێزە دەسەڵاتدارەکان هەنگاویان نا . لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین بۆ چی کورد لە رۆژئاڤا سەرکەوت و لە باشوور دۆرا؟ دیارە وەڵام بۆ ئەم پرسیارە فرە رەهەندە و لە نوسینیکی وەهادا ناتوانێن تیشک بخەینە سەر هەموو رەهەندەکانی،هەربۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرەقەڵەمێک بخەمەروو : 1- رۆژ ئاڤا پرۆژەیەکە، باگراوەندێکی فیکری لە پشتە، وهێزە شەرکەرەکان پابەند بوون پێوەی، وەک ناوەند سەنتەری لەم پرۆژە فیکریەیان دەروانی. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی لەو دۆخەدا بانگەشە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت دەکرد. بەڵام ئەوە نە پرۆژە بوو نە فیکری لە پشت بوو، بەڵکو زیاتر پروپاگەندەیەک هەربۆیەش نەک دەوڵەت دروست نەبوو بەڵکو پرۆژەی هەرێمیشی لاوازکرد. 2- لە رۆژ ئاڤا هێزی نیشتمانی دروست کرا لە سەر بنەمانی دیسپلینی و عەقیدەی سەربازی و پابەند بوو بە ئامانجە نیشتمانیەکان. بەلام لە باشوور هێزە شەرکەرەکان زیاتر دابەشبون بە سەر پارتە سیاسیەکان و کەسایەتی نێو پارتە سیاسیەکان و میرەکانی جەنگ. ئەمەنەش لە سەربنەمای بەرژەوەنیە تایبەتەکانیان ئاراستەیی هیزیان دەکرد. 3- لە رۆژئاڤا داموودەزگای نیشتمانی بونیاتنران و دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی لێک جیاکرانەوە. بەڵام لە باشوور داوم دەزگا دەوڵەتیەکان پەکخران ( پەرلەمان و حکومەت) و رۆڵ بە کاریزمایی حیزبی درا کە رۆڵی دامودەزگا ببینێت، و لە روانگەی بەرژەوەنی تایبەتی ئاراستەی سیاسەتی هەرێم بکات. هیچ رۆڵێکیش بۆ دەزگا مەدەنیەکان نەمایەوە بەڵکوو تەنها دەزگا سەربازیەکان رۆڵیان هەبوو لە نێو ئەوانیشدا کەس رۆڵی دەزگای دەبینی. 4- هێزە ئیقلیمیەکان رۆڵیان لەسەر سیاسەتی رۆژئاڤا نەبوو، هەرچەند هەوڵیان دا رۆژئاڤا بخەنە ژێر رکێفی خۆیان چ بە هەرەشە یان بە هێزی نەرم. بەڵام بە پێچەوانە باشوور خۆی رێگەی بۆ هێزە ئقلیمیەکاندا خۆشکرد کە هەریەکێکیان چەند شارێکی هەرێم وەک ناوچەی دەسەلاتی خۆی تەماش بکات، و سیاسەتی هەرێم ئاراستە بکات. 5- لە رۆژ ئاڤا دیموکراسی زیاتر گەشەی کرد و ئەنجومەنە خۆجێەکان لە هەموو ناوچەکان دروستکران، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پاساوی شەری دژ بە تیرۆر سەرجەم ئەنجومەنە خۆجیەکان بە تەواوەتی بێ رۆڵکران و پەرلەمانیش داخراو هەڵبژاردنیش بە ویستی تایبەتی دواخست. 6- لە رۆژ ئاڤا دەسکەوتەکانی شەر و هاوکاریە سەربازیە نیودەوڵەتیەکان خرانە خزمەتی سەرخستنی ئامانجە نیشتمانیەکان، بەڵام لە باشوور دەستکەوتەکانی جەنگ بۆ میرەکانی جەنگ و هاوکاریە سەربازیەکانیش بۆ سەرکردەکانی میرەکانی جەنگ بوو، بۆ ئەوەی مانەوەیان لە دەسەلات لە رێگەی سەربازی زیاتر مسۆگەرتر بکەن. 7- داعش لە روانگەی رۆژئاڤا هیزێکی درندەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو، هەبۆیە هیچ مامەڵەیەکی بازرگارنی لەگەڵدا نەدەکرد، بەڵام لە باشوور ئەگەرچی داعش بە دوژمنی هەرێم ناسێنرا بوو بەڵام لە لایەن میرەکانی جەنگ چەندین جۆر بازرگانی لە گەڵ دەسەلاتی داعشدا دەکرا هەمووشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بوو. 8- ژنان لە رۆژ ئاڤا رۆڵێکی گرنگیان بینی لە بەرەنگاری بونەوەی داعش لە مەیدانی جەنگدا، هەرەها لە ئیدارەدانی کانتۆنەکان ئەمەش دەسکەوتێکی گەورە بوو لە ئاستی جیهان، بەڵام لە باشوور رێگریان لێ دەکرێت وەک خۆیان رۆڵ بگێران. 9- ئەمانە و چەندین کاری تر هۆ کار بوون بەوەی کە رۆژ ئاوا لە جەنگی دژ بە داعش بە سەرکەوی لێی دەربچێت، بە پێچەوانەکەشی باشوور بە دۆراوی لێی دەبچێت، چلە روی سیاسی بێت یان ئابووری و سەربازی .
كەمال چۆمانی بۆ پارتیی دیموکراتیی کوردستان، هەرگیز پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزیری داد لە بەغداد، تەنانەت سەرۆک کۆماری عێڕاقیش نە گرنگ بونە و نە گرنگیش دەبن. هیچ لەو پۆستانەش بۆ پارتیی گرنگ نین کە یەکێتیی و گۆڕان شەڕیان لەسەر دەکەن. پارتی لە هەرێمی کوردستاندا هەردو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت، راوێژکاریی ئەنجومەنی ئاساییش و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بە لاوە گرنگن چونکە ئەو پۆستانە نەخشەی سیاسەتی ناوخۆ و هەرێمیی و عێڕاقیی و دەرەکیی هەرێمی کوردستان دادەڕێژن. بۆ پارتیی، ئەو پۆستانەی کە یەکێتیی بە نمونە داوایان دەکات، یان گۆڕان پێداگریی لەسەر کردن، هەرگیز بەهایەکیان نییە. ئەو پۆستانەی یەکێتیی و گۆڕان داوای دەکەن و وەریدەگرن، وەک فەرمانبەری پارتیی وەریدەگرن نەک بتوانن نەخشەی سیاسەتی هەرێم دابڕێژن، بێگومان دونیابینییان کەمێک رەنگدانەوەی بەسەر دەبێت. گرنگترین شت ئەوەیە خۆی بە نوێنەری "ناسیۆنالیزم"ی کوردیی و نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بزانێت. پارتی لە ئێستادا هەمو توانایەکی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی چۆن مەلا مستەفای بارزانیی نوێنەرایەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، ئاواش مەسعود بارزانیی بتوانێت ئەو نوێنەرایەتییە بکات. کە بەرهەم ساڵح بو بە سەرۆک کۆماری عێڕاق، هۆکاری هەرە سەرەکیی پارتیی بۆ دژایەتییکردنی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح لەوەوە سەرچاوەی نەدەگرت کە پارتیی بیەوێت ئەو پۆستە بباتم بەتایبەت کە پارتی هیچ کاندیدێکی ناو بنەماڵەی بارزانیی نەبو بۆ ئەو پۆستە، بەڵکو لەوە سەرچاوەی گرتبو کە پارتیی نایەوێت لە عێڕاق، ناوچەکە و جیهاندا وا دەربکەوێت کە هێزی تر هەن دەتوانن پارتیی بوەستێنن و هاوپەیمانێتیی عێڕاقیی، ناوچەیی و جیهانیی بەهێزتریان هەبێت. گۆڕان و یەکێتیی زۆر خەشیمانە کەوتونە ناو ململانێی وەرگرتنی پۆست. گۆڕان دڵی بەوە خۆشە رێککەوتنێکی باشی لەگەڵ پارتیی کردوە چونکە پۆستی باشی وەرگرتوە، بەڵام هەرگیز گۆڕان ناتوانێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت لەسەر سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستان. کاتێک گۆڕان تەنها ئۆپۆزسیۆن بو، کاریگەرتر دەیتوانی پارتیی و حکومەتی هەرێم ناچاربکات گوێ بە دونیابینییان بدات. بۆ نمونە، ئەوە کاریگەریی بزوتنەوەی گۆڕان بو لە کابینەی ٢٠٠٩ زۆر لە پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو حکومەتدا بەناچاریی جێیان کرایەوە، پڕۆژەی زیاتر بۆ ناوچە و شار و شارۆچکەکان تەرخانکران، قانونی بودجە لە پارلەمان گفتوگۆی لەسەر کرا و هتد... بەڵام ئێستا پارتیی لەگەڵ تورکیا، ئێران، هێزە عێڕاقییەکان، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا -ماوەی داهاتو دەبینن پارتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریاش پێشدەخات- و دونیا سیاسەتەکانی بە ویستی خۆی دادەڕێژێت، کەچی یەکێتیی و گۆڕان خەریکی ئەوەن کام پۆستیان پێ دەدرێت. ماوەی رابردو لە پارلەمانی کوردستان پۆستی لیژنەکانی پارلەمان دیاریکران، جوڵانەوەی نەوەی نوێ زۆر هەرزەکارانە خۆیان بە قوربانیی تەماشاکرد و هەندێک هەڵایان دروستکرد تا وای نیشانبدەن کە ئەوان بەرگریی لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کەچی نەوەی نوێ قسەیەکی لەسەر ئەوە نییە کە پارتیی زۆربەی پۆستە باڵاکانی کوردستان دەبات. ئەوان کە لەسەر دو پۆستی سادەی لیژنەکانی پارلەمان بە مێزی پارلەمان دەکێشن، با بزانین لەسەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییش بارزانیین چ قسەیەکیان هەیە؟ پارتی زۆر لێزانانە هەمو هێزەکانی ناچارکرد کە خەریکە مەسعود بارزانیی وەک رێبەری گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەناسێنن، هەر بۆیەشە یەکێتییەکان و گۆڕانەکان داوا لە مەسعود بارزانیی دەکەن کە براگەورایەتیی بنوێنێت و کێشەکان چارەسەربکات، بێئاگا لەوەی خودی کێشەکان مەسعود بارزانییە کە لە ٢٠١٣ەوە تەواوی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی پەکخست، لە ٢٠١٥ کوردستانی گەڕاندەوە قۆناغی شەڕی ناوخۆ و ریفراندۆمێکی شکستخواردوی ئەنجامدا کە کوردستانی تا سەر لێواری روخانی تەواوەتیی برد. ئێستا پارتی ئامانجەکانی بەدەستهێناوە؛ یەکێتیی و گۆڕان وەک فەرمانبەری پارتیی خۆیان دەبینن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ خەریکی شتی بچوکە، کۆمەڵی ئیسلامیی هێشتاش چاوەڕێیە پارتیی خێری پێبکات و وەزارەتێکی لە حکومەتی تازە بداتێ و یەکگرتوش بە هۆی ناڕونیی سیاسەت و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن تورکیا، ئیخوان و پارتییەوە ناتوانێت خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بێت. لەو چوارچێوەیەدا، هەموان خەریکی شتی سادە و بچوک و ململانێی بێتامی یەکترن و پارتییش کوردستانی دەباتەوە.
سەلام عەبدوڵڵا كارەساتی ئەو ژمارە زۆرەی لە ئاوی دیجلەدا گیانیان لەدەستدا، نموونەی كەمتەرخەمی و گوێنەدانە ژیانی هاووڵاتیانە كە بە بەلەمێكی كۆن و ڕزیو ژیانی ئەو هەموو هاووڵاتی و گەشتیارەی كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون بەو مەرگەساتە گەیاند، كە ئەویش بەشێكە لە گەندەڵی ئیدارەدانی وڵات، دەنا لەهیچ وڵاتێك چەندە دواكەوتووش بێت، ژیانی خەڵكانی ناخاتە ئەو جۆرە مەترسییەوە و بەشێوە هەمەجێیە ناڕوانێتە ژیانی خەڵكی. ئەمە گوناهی خاوەن بەلەمە بێ كەڵكە بێت یان بەڕێوەبەرانی ئەو شوێنە گەشتیارییە یان خودی كاربەدەستانی ئەو پارێزگایە، هەر كامیان بێت، ئەوا بەو ترادیژییەو بە لەدەستدانی 120 كەس، كە دوور نییە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت، چونكە تائێستا زۆربەی سەرنشینانی نەدۆزراونەتەوە ئەوا ژمارەكە زۆر لەوەزیاتر دەبێت كە تائێستا ڕاگەیاندراوە كۆتایی هات. بەهاناچوونی حكومەتی هەرێم و لەسەر بڕیاری سەرەكوەزیرانی حكومەتی هەرێم و ناردنی چەندین ئەمبۆڵانس بۆ شاری موسڵ بۆ جێگەی كارەساتەكەو ئامادەكردنی نەخۆشخانەكانی هەرێم بۆ پێشوازی لە برینداران، كارێكی بەجێ و لەجێی خۆیدابوو كە زۆر خێراتر لە حكوومەتی عێراق هاتە دەست و تیمی فریاگوزاری ناردە شوێنی ڕووداوەكە. هەروەك بروسكەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پەیامی هاوخەمی بۆ خەڵكی كارەستباری ڕووداوەكە جارێكی تر هەستی مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی بۆ جیهان ڕاگەیاند كە هەرێمەكەمان هەمیشە بەهانای لێقەوماوان دا دەچێت، هەروەك چۆن لەكاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ موسڵ دەرگای هەرێمی بەڕووی سەدان هەزار خەڵكی لێقەوماوی موسڵ و شارەكانی تری عێراقیش كردەوە و سەرەڕای بارودۆخی ئابووری ناهەمواری هەرێم كە لەلایەن خودی حكومەتی عێراقەوە دووچاری بوو بوو، بەهانایانەوە هات و دەستی یارمەتی بۆ درێژكردن و حەواندیەوانن. لەڕاستیدا پێویستە ئەم ڕووداوە جەرگبڕە ببێتە وانەیەكیش بۆ حكوومەتی هەرێم كە خاوەنی كۆمەڵێك شوێنی گەشتیارییە وەكو دوكان و دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیەو گەلی عەلی بەگ و زۆر شوێنی دیكە كە خاوەن دەریاچەو گۆل و ئاوە كە ساڵانە بەهەزاران گەشتیار ڕوویان تێدەكەن، بۆیە دەبێ هەموو ڕێوشوێنێكی فریاگوزاری و چارەسەری خێرا بۆ گەشتیاران دابین بكرێ و بەوردی ئازمایشی ئەو كەلوپەل و ئامێرانە بكرێ كە لەو شوێنە گەشتیارییانەدا بەكاردەهێنرێن بۆ ئەوەی كارەساتی لەو جۆرەش -خوانەخواستە-لەهەرێم ڕوونەدا.
ئەحمەدی مەلا ١. ئەوەی رووی دا تەنها ئەوە بوو کە داعش جوگرافیای دەسەڵاتداریی لە دەست دا، نەک دەسەڵاتی مەعنەوی، فیکری. ٢. لە ناودانی داعش بە بەرنامەیەکی تۆکمە ئەنجام دەدرێ کە هیچ لەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، خاوەن بەرنامەی لەو جۆرە نین. ٣. هاندەرە کۆمەڵایەتی، فیکریی، عەقائیدییەکانی داعش وەکو خۆی ماونەتەوە و هیشتا لە هیچ لایەنێکەوە پێداچوونە و رەخنەی تەواویی لێ نەگیراوە. ٤. تاکو شۆڕشێکی فیکریی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتیی نەبێتە مێتۆدی ئەو دەوڵەتانەی کە پەیڕەوی ئیسلام دەکەن، هەمیشە سەرهەڵدانەوەی داعش و بگرە لە داعشیش ترسناکتر بۆی هەیە چەکەرە بکات و سەرهەڵبداتەوە. ٥. ئەندامەکانی داعش زۆربەی هەر زۆریان ماون، سەلەنوێ دەگەڕێنەوە شارەکان و بە مێتۆدی دیکە دەست دەکەنەوە بە چالاکی. ٦. داعش لە سەرەوە، واتە لە ئاسمانەوە، بە تۆپ و ساروخ لە ناوناچێ، بەڵکو دەبێ بڕوایەکی پتەوە هەبێ بە پێداچوونەوەی ئەو مێژووەی کە داعش بەرهەمدەهێنێ. ٧. بە بێ جیاکردنەوەی ئاین لە کایەکانی دەسەڵات و دوڵەتداریی و سیاسەت، هەمیشە داعش لە سەر پێیە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە دەرگاکانمان بدا. ٨. لە کوردستانی خۆمانەوە هێشتا دەنگی زوڵاڵی ئەمیرەکانی داعش بە رۆژی رووناک دێنە گۆ، دەنووسن، قسە دەکەن، تەنانەت لە بڵندگۆکانەوە هاوار دەکەن. ٩. داعشییەت ئەو بەشە نووستوویەی کە لە ناو هەموو تاکەکانماندا هەیە، هەر هەندەت زانی خۆی قوت کردەوە... ١٠. ئەوەی تەواو بوو گێمێک بوو...گێمەکان زۆرن لەم دنیا روورەشەی ئێمە.
شوان ئەحمەد باپیر بنەچەی ڕەگەزی تورك دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵە خێڵێكی شەڕانی و دەست وەشێن، كە بەلێشاو لە بیابانەكانی ئاسیایی ناوەڕاستەوە ڕوویان لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردووە. هێرشی مەغۆلەكان كۆمەكی زۆری بە توركەكان كردووە، كە ئەنجامەكەی بڵاو بوونەوەی خێڵە تورك زمانەكان لە كۆتایی سەدەی دەیەم و سەرەتایی سەدەی یازدەیەمەوە لە هەر یەكە لەوڵاتانی ئاسیایی ناوەڕاست و قەفقاسیاو چین و ڕووسیا و ئێرانی لێكەوتەوە. توركە سەلجوقییەكان لە 1000ساڵ پێش، بەرەو ئێران داكشان، لەدوای ڕووبەڕووبونەوەیەكی خوێناوی لەگەڵ كوردەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە باشتر وایە لەگەڵیاندا ڕێكبكەوین، لەبەر ئەوە لە كوردستان تێپەڕین و بەرەو خۆرئاوا كە ڕۆمێی پێدەگووترا هەنگاویان نا، لەو كاتەدا مەروانییە كوردەكان، كە پایتەختەكەیان دیاربەكر بوو لەو پەڕی دەسەڵاتدابوون و لەگەڵ توركەكان بوونە هاوپەیمان، دوای پێنج سەدە، سوڵتان سەلیمی عوسمانی 1512 -1520 بە یارمەتی ئیدریسی بەتلیسی میرنشینە كوردییەكان، كە لەترسی شا ئیسماعیلی سەفەوی 1501- 1524 لە مەترسیدابوو بەرەو لای خۆیان ڕاكێشاو بە ڕووكەش لەگەڵیاندا بوونە هاوپەیمان. پێنج سەدە دواتریش مستەفا كەمال ئەتاتورك 1881 - 1936 ئەم تشتەی دووبارە كردەوەو كوردەكان بەفێڵ خواردوویی لە ئەسارەتی توركەكان مانەوە، هەروەها لەسەردەمی دەسەڵاتداریتەكەی ئەودا، كە بزاڤی ناسیۆنالیزمی كەمالیست هەوڵەكانیان خستە گەر بۆ بەتورك كردنی هەموو كایەكانی ژیاری ناوچەكە، لەوانەش تێزی مێژوویی تورك: كە دەڵێت بنچینەی توركی ئەم ناوچەیە سەرەتا بۆ چەندین هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و لەگەڵ تورك بوونی شارستانێتییەكانی چین، ئەنادۆڵ، ومیزۆپۆتامیا(هیت، سۆمەر...). كۆمەڵناسی تورك ئیسماعیل بێشكچی بەر پەرچی تێزە نازانستییەكەی مێژووی تورك دەداتەوەو من بە كورتی دوو خاڵ دەخەمە ڕوو، كە دبێژێت(( یەكەم: ڕێی تێناچێت، كە تورك پێشكەوتنیان بۆ چین و هیندستان بردبێت، جیا لەوەش لەچین و هیندستان 3000ساڵی بەرلە زاین ژیاری پێشكەوتوو و كەلتورو پیتی نووسین هەبووە. دووەم: توركیش لە تەك مۆنگۆڵ و تونگوس هەمان ڕەگەزیان هەیە. بەهیچ جۆرێك ڕەگەزی تورك پەیوەندی بە هیندۆ ئەوروپی و گەلانی ئارییەوە نییە. زمانی توركیش سەربە زمانەكانی ئۆڕاڵ ئەڵتایە، كە ئەمانەیش هیندۆ ئەوروپی نین). هەروەها لە نێوان ساڵانی 1931 بۆ 1932 ئەنیستووتی تورك بۆ مێژوو و ئە نیستووتی تورك بۆ زمان هاتنە دامەزراندن. بە ئامانجی بەتورك كردنی هەموو مێژووی ئەنادۆڵ . قوربانی سەرەكی ئەم سیاسەتە ناسۆنالیستییە كوردەكان بوون، كە هەموو مافێكییان لێ زەوتكرا ئەگەر ئاوڕێك لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی بدەینەوە دەبینین لە چەندین ماوەو سەردەمی جیاوازدا چەند فەرمانڕەواو میرنشینێكی كوردی دەهاتنە بەرچاو، كە خۆیان فەرمانڕِەوایی ناوچەكەی خۆیان دەكرد، گەرچی سنورو ماوەی فەرمانڕەواییەكەیان سنور دار بوو بەڵام هێشتاش بە بەراورد بەسەر دەمی دوای خەلافەت، كەمالییەكان دەكرێت بڵێن لە چەند ڕوێكەوە باشتر بوو، سەیر بكە هەر لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن مستەفا كەمال، كە لە كۆنگرەی ویلایەتەكانی ڕۆژهەڵات، لە تەموزو ئابی 1919دا سودی لە سادەیی و نەفامی سەرۆك خێڵ و عەشیرەتەكانی كورد وەرگرت، كە دەیگوت كورد و تورك یەكسان و بەرابەر دەبن لە دوای سەركەوتن، كەچی سەیری خیانەتەكەی بكە لە نۆڤێمبەری 1922 ڕایگەیاند(( ئەو وڵاتەی كە ئێستا دامان مەزراندووە وڵاتی توركە). بەدیوێكیتریشەوە هەر شۆڕشێك سەری هەڵدابێت لە ماوەیەكی كەم و بە شێوەیەكی دڕندانە سەركوت كراوە: لەوانەش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 و شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات)، ساڵی 1927 دوو نموونەی حشا هەڵنەگرن. كوردناسی هۆڵەندی(( مارتین ڤان بڕوننەێسن)) دەڵێ " كودەتا نیزامییەكانی ساڵانی 1960، 1971 و 1980" هەوڵی زیندوكردنەوەی بۆچوونی خالیسی كەمالیستی بوون و بەرووبوومیان هەوڵ و كۆششی تازەبوو بۆ بە زۆرەملێ تواندنەوەی كورد". هەروەها دەگوترێت، كە توركەكان 3جارەو 500ساڵ ئەم نەریتە مێژووییەی خۆیان دووبارەكردەوەو سودیان لە مێژوو وەرگرت، من دەڵێم جاری سێیەمین لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئۆردۆگانیش لە سەرەتادا پێی خۆی لەسەر جۆرێك لە ئاشتەوایی داگرت بەڵام دواتر قینی ڕەگەزی توركایەتی خۆی بەسەر كوردەكان هەڵڕشت دیارترین نموونەش هێرشەكانی بۆسەر شاری عەفرین و بەردەوامی هێرشەكانی بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی كوردستانی باشور، كە لە یەكەم ڕۆژی نەورۆزی 2719ی كوردیدا، گوندێكی قەزای زاخۆی بۆردومانكرد، جەندرمەكانیشی لە 4گوندی دەڤەری برادۆست ڕێگەینەدا ئاگری نەورۆز بكرێتەوە. لەناوەخۆشدا دەستگیركردنی دەیان سەركردەو ئەندام پەرلەمان و ئازادیخواز لە نێویشیاندا ڕێبەری پارتی گەلانی (Hdp) ە سەڵاحەددین دەمیرتاش. هەروەها ئێستا دەڵێت شوێنێك نییە بە ناوی كوردستان، ئەگەر دەتانەوێت بڕۆن لە باكوری عێراقدا كوردستان هەیە. بەڵام پرسیارە جەوهەریەكە لێرەدا دووبارە خۆی نمایشدەكاتەوە بۆچی كوردەكان هیچ سودێك و وانەیەك لە مێژوو وەرناگرن. باشترین وەڵام ئەوەیە، كە نایانەوێت و گوێ بە شكست و ناسۆرییەكانی خۆیان نادەن چ لە كاتی ئێستاو چ لە داهاتووشدا تاوەكو ئەم جۆرە لە فۆرمی بیركردنەوە لە ژیانی تاكی كورد ئامادەگی هەبێت، پێم وایە ئەمە حاڵمانە. ژێدەرەكان: 1- ئیسماعیل بێشكچی، تێزی مێژوویی تورك و دۆزی كورد، وەرگێڕان و ئامادەكردنی: ئەنوەر محەمەد ئەحمەد. چ1، چاپخانەی یاد، سلێمانی ، 2013. 2- حەمید بۆز ئەرسلان، مێژووی توركیای هاوچەرخ، وەرگێرانی لە فەڕەنسییەوە، نەجاتی عەبدوڵڵا، چ1، هەولێر، 2009. 3- د. ڕەفیق سابیر، ئیمپراتۆریای لم، چاپ،3، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی، 2014. 4- عەبدوڵڵا ئۆج ئالان و مەسەلەی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوین، د. عەبدولڵای ئاوریشمی، وەرگێڕانی، سیدۆ داود عەلی، خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، سلێمانی، 2015. 5- د. ئیبراهیم خلیل ئەحمەد و د. خەلیل عەلی مراد، مێژووی ئێران و توركیا، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، بەهادین جەلال مستەفا، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2011.
عومەری چنگیانی كێشەی گرانبوونی بازاڕ و زەحمەتبوونی بژێوی و هەردەم خۆزگە بە ڕابردووی پڕ لە خێر و خۆشی و بەرەكەتوفەڕ خواستن، تایبەت نییە بە ناوچە و سەردەمێك و بەس، بگرە زۆر بەداخەوە ئەوە بووەتە دیاردەیەك و هەموو دنیای گرتووەتەوە، ئیترهەر شوێنە و بە پێی خۆی و زۆر و كەمی هۆكارەكان لە جێگایەكەوە بۆ جێگایەك دەگۆڕێت. سروشتی تاكەكانیش وای لێهاتووە هەركە گۆڕانكارییەك - با زۆر كەمیش بێت – بەسەرداهاتیاندا هات، یەکسەر کار دەکاتە سەر بازاڕیش؛ لێرەدا من باسم لە كوردستانی خۆمان و دانیشتوانی هەرێمە، كە دیارە ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراو و كەمێ جێبەجێكراوەی لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە بەسەر مووچەی مووچەخۆرانی كوردستاندا هاتووە، كە كەمێك مووچەیان ئاسایی بووەتەوە و ئەوەی لێیان گل دەدرایەوە، ئیتر حکوومەت لێیانی گل ناداتەوە و نابڕرێ و، ڕەنگبێ دوایی پاشەكەوتخراوە كۆنەكەیشیان بە پێی نەخشە و پلان بدرێتەوە، جا ئەم جووڵەیە لە بازاڕدا چونكە بووە هۆی گرانیەکی بەرچاو لە كاڵا و شتومەك و بگرە لە خۆراك و زەویوزار و هەموو شتێكدا، ئەوقافی كوردستان بەرچاوڕوونیەکی دەركرد بۆ وتاردەری مزگەوتەكان تا بیرهێنانەوەیەك لەسەر باسی گرانكردنی بازاڕ بكەن و چارەسەرەكەی لە ئیسلامدا چۆنە ڕوونی بكەنەوە؛ منیش وێڕای ئەوەی كە لای خۆمەوە بە ئەركم زانی لە سیوچوارەمین وتارمدا لە سەر دوانگەی "مزگەوتی خەدیجەكوبرا"وە لە 15/3/٢٠١٩ لە ژێر ڕۆشنایی چەندین ئایەت و فەرموودەدا تیشكم خستە سەری ولەڕێگای ناونیشانی"OmerChngyiani"یوتوب و فەیسبوكی خۆم www.facebook.com/Chngiyani ـەوە بڵاوم كردەوە، وا پوختەیەكیشی دەخەمە دووتوێی گوڵخەرمانەكەمیشەوە و دەیخەمە بەر دیدەی ئێوەی بەڕێز. دەسپێك: كێشەی گرانی بازاڕ كێشەیەكە و زۆرجار ڕووبەڕووی خەڵك و بگرە حكوومەتەكانیش دەبێتەوە و دەكرێ هۆكاری سروشتی و هۆكاری ناسروشتیشی بۆ هەبێت. تیشك خستنە سەر هۆكارەكان و پاشان دەستنیشانكردنی چارەسەر لە ڕوانگەی ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامەوە بە گەڕانەوە بۆ دەقە پیرۆز و پڕ بەهاو بەخششەكانی قورئان و فەرموودەی دروستی پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - و گفتار و كرداری یارانی – خوایان لێ ڕازی بێت – ئەركی بانگەوازخواز و قەڵەمە خەمخۆرەكانە. هۆكارەكانی گرانی بازاڕ: یەكەم؛ هۆكارە سروشتی و ئاساییەكانی گرانی بازاڕ: 1. دەكرێ گرانبوونی ئەو شتانەی كە لەبنەڕەتدا هاوردە كراون بگەرێتەوە بۆ خودی گرانبوونی ئەو ماکە خاوە یاخود(مواد خام)ـەی كە لە جێگای خۆیاندا لێیان دروست دەكرێت وەك گرانبوونی ئاسن و كانزا و هتد. 2. زیادکەوتنی کرێبار و نرخی گواستنەوەی كاڵا لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر و بەپێویستدانانی و هەندێك خەرجی و باج و سنوورانە. دووەم؛ هۆكارە ناسروشتی و نائاساییەكانی گرانیی بازاڕ: 1. رەنگە حەزی بژێوی و خۆشبژێوی و زێدەڕۆیی لە خەرجی و خۆدەرخستن و فیشاڵكردن، هۆكارێکی هەرە گرنگی ئەو بارە نائاساییە بێ. لێرەوە ئیسلام هانی شوێنكەوتووەكانی دەدات كە لەو خووە بەدە بەدووربن، چونكە ئەو زێدەڕۆیی و بەربادییە، سەردەكێشێ بۆ گەندەڵکردنیگەل و كۆمەڵگا و لەكۆتاییشدا ڕووخانیان. 2. لەوەیش خراپتر باوەشكردنەوەی تاكەكان بەژیانی دنیادا تا ئەندازەیەك كە بەكەمی نەبێت باسی مردن و دوای مردن و ژیانی ڕۆژی سەڵایان هەر نەیەتەوە بیر. هەربۆیە دەبینین قورئان لە چەندین جێگادا هۆشداری لەبارەی زێدەڕۆیی (تەرەف)ـەوە دەدات و بگرە وەبیرمان دێنێتەوە كە كێشەیەكی سەرەكی سەرجەم پێغەمبەران – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت - لەگەڵ نەتەوەكانیان ئەوە بووە: 1. لە سیوچوار و سیوپێنج و سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی"سبأ"دا ئەو تەرەف و زێدەخەرجكردنە هاوتا دەكات بە سەرپێچی و هەقوەشێری (كفر) و دەفەرمێت: "لە هیچ گوند و ئاوەدانییەكدا ترسێنەر پەیامبەرێكمان نەناردووە كە لە بەرانبەریدا زێدەڕۆچی و فیشاڵچی و خۆدەرخەرو تەرەفخوازەكان نەهاتبنە دەنگ لەبەرانبەریان و وتبێتیان: بەڕاستی ئێمە باوەڕمان نیە بەو شتانەی ئێوە بۆتان هاتووە و ئێوە هێناوتان و پێتان وتراوە بیگەیێنن! هەروەها گوتوویانە ئێمە لە ئێوەی بڕوادار سامان و منداڵی زیاترمان هەیە. ئێمە لەوانە نین كە سزا دەدرێن – دەكرێ ئاماژە بێت بۆ بێبڕوایی بە كۆتەدای خەڵك و بێمنەتی و هاوكات بێبڕوایی بە لێپێچانەوەی ڕۆژی دوایی، یان وایان داناوە كە بە سامان، ڕۆژی دوایییان پێ دەستەبەر دەبێ – دەی لەوەڵامدا پێیان بێژە بەڕاستی پەروەرێنی من ڕۆزی و خۆشگوزەرانی دەبەخشێتە هەر كەسێ كە خۆی ویستی لێبێت و لە هەركەسیش بیەوێ بۆی بگرێتەوە یان ئەندازەڕێژی لەگەڵ بكات وا دەكات، وەلێ مرۆڤ زۆربەیان تێناگەن و نازانن." 2. لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە كە عومەر – خوای لێ ڕازی بێت – لەمیانەی ئەوكارانەی كە هەمیشە پێیەوە ناسرابوو ناردنی نامە و هۆشداریدان بوو بە پەرسەكانی، جا لە نامەیەكدا كە بۆ عوتبەی كوڕی فەرقەدی دەنێرێ لەعێراق و ئازەرباینگان (ئازەربێجان)، پێی دەڵێ: "ئەم داهاتەی لەبەردەستتدایە بەرهەمی ماندووبوونی تۆ نییە؛ بەرهەمی رەنجەشانی باوكت نییە؛ بەرهەمی ماندووبوونی دایكت نییە؛ مسوڵمانان لەوشتانە تێربكە كە خۆت و خانەوادەكەتی لێتێردەكەیت. لە كارەكەتدا خۆت لەوە بپارێزە كە زۆر خۆشگوزەران و خۆی و تێروتەسەل بی؛ خۆت لە پۆشینی پۆشاكی هاوەڵبۆخواپەیداكەران بپارێزە، خۆت لە پۆشینی ئاوریشم بپارێزە." چارەسەری گرانیی بازاڕ: گەورەترین چارەسەرەكانی گرانی بازاڕ لای مسوڵمان بریتییە لە: 1. گۆشكردنی ویژدانی تاك لەسەر لەخواترسان: ببینن خوای گەورە لە نەوەدوشەش و نەوەدوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی"ئەعراف"دا دەفەرمێت: "گەرگوندنشین و مەردمگەلەكە بڕوایان بێنایە بەخوا و تەقوای خوایان بكردایە، فەڕوبەرەكەتمان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ واڵا دەكردن، بەڵام ئەوان پێغەمبەرانیان بەدرۆ زانی و ئێمەیش تۆڵەی كردەوەكەیانمان لێ سەندن * باشە ئەو گوندنشین و مەردمگەلانە پشتڕاست بوونەتەوە لەوەی كە لە كاتی خەویاندا ئێمە بەڵایان بەسەردا نابارێنین؟" 2. تەوبەی زۆر و "استغفرالله"کردن: وەرن سەیرێكی سوودەكانی استغفرالله بكەن وەك ئایەتەكانی سوورەتی "نوح" ڕوونی دەكەنەوە و لە ئایەتی دە تا دوانزەدا دەفەرمێت: "نوح دوای بێهیوایی لە بڕواهێنانی خەڵكەكە فەرمووی: من بە خەڵكەم گوت: وەرن داوای لێبوردن بكەن لەخوا چونكە بەڕاستی ئەو زۆر لێبوردە و میهرەبانە * ئاسمانتان بۆ دەنێرێ تا بارانتان بۆببارێنێ بەمانا هەوری پڕئاو و تەڕو پاراوتان بۆ ڕەوانە دەكات * دەسگیرۆییتان دەكات بەوەی سامان و منداڵتان پێ دەبەخشێت و باغ و جۆگاو باری زۆرتان بۆ دروست دەكات و پێتانی دەبەخشێت." 3. زەكات دان و چاككردنی باری گوزەرانی خەڵك. 4. گۆشكردن لەسەر بەبەشی خۆ ڕازی بوون. 5. گۆشكردن لەسەر زێدەخەرجینەكردن. 6. ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخكردنی بازاڕ كە ئیحتیكار لە گوناهەگەورەكانە. 7. بوونی ڕۆشنبیری كاتی گرانی وەك یاران كە شتێك گرانبووایە نەیاندەكڕی.
خانم رەحیم گەر ئەو تێروانینە راست بێت كە هەموو شتێك دیوی جوان و ناشرینی هەیە، راستر ئەوەیە كە هەر شتێك چەندین دیوی جوان و ناشرینی هەیە. روداوی ژێر ئاوكەوتنی قوربانیەكانی موسڵ، زۆر بەئێش بوو، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ئەوانە كێن و سەر بەچ ئاین و نەتەوەیەكن، هاوخەمییەكی گەروە و فراوانی لەناو خەڵكدا دروست كرد، رەنگە ئەوە بەشێك لە دیوە جوانەكەی ئێستای خەڵكی عێراق بێت كە لەرووداوێكی واناخۆشدا بەدەردەكەوێت و سەرباری ئەو هەموو دابەشكارییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییە، هێشتا گیانێكی پێكەوە ژیانی قوڵ لەناو خەڵكی مەدەنی عێراق بوونی هەیە. بەدەنگەوە چونی خێرای هەر سێ سەرۆكایەتیەكە بۆ روداوەكە، دیوێكی تری جوانی ناو رووداوەكە بوو، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق رووی لە هەستانەوەیە بەئاراستەی بەرپرسیارێتی حكومرانی و دەوڵەتمەداری، دیارە ئەوە ناكرێت ئەوەشمان لەبیربەرێتەوە كە هێشتا عێراق لە ناو تەنگژەیەكی قوڵی سیاسی و ئیداریدا ژیان بەسەر دەبات، هەر بۆخۆشی رووداوەكە كە قوربانیەكی زۆری بەدواوە بوو، دەرخەری ئەوەیە هەموو جومگەكانی ئەم وڵاتە پیاچونەوەی ورد و گۆرانكاری ریشەیی پێویستە. لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ئیدارەی شارەكە و بەرپرسی شوێنە گەشتیارەكە، بەشێكی تری جوانی دەركەوتەی حكومەتی ئێستاو سێ سەرۆكایەتیەكەیە، كە دەكرێت، ئەم پیاچونەوەیە بۆ هەموو پاریزگاكانی تری عێراق بكرێت، پێش ئەوەی رووداوی ناخۆش بەناچاری پەلكێشی بەرپرسە باڵاكانی وڵات بكات بۆ چاكسازی و گۆرانكاری، سێ سەرۆكایەتیەكە دەتوانن تواناو هێزیان یەكخەن، تا محاسەسەی حزبی و سیاسی نەكرێنە رێگر بۆ ئەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەعێراق دوای شەری داعش پێبنێتە ئاستێكی باشتر لەئێستاو قۆناغی پێشووتر تێپەرێنرێت، ئەوان دەتوانن پێكەوە خاڵی جیاكەرەوە دابنێن لەدۆخی پێشوو تر، چونكە ناكرێت شارێكی وەك بەسرە ئاوی خواردنەوەی پاكی نەبێت و خەڵكەكەی بەو هۆیەوە ببنە قوربانی، ناكرێت بەهۆی خراپی رێگاو بانەوە رۆژانە قوربانی بدرێت، ناكرێت ئاستی خزمەتگوزاری بەو رادەیە خراپ بێت و لێپرسینەوەش نەبێت. دیوێكی تری جوانی رووداوەكە، نارەزایەتیەكی مەدەنیانەی كەسوكاری قوربانیەكان بوو، بەرپرسەكانیش بەتایبەت سەرۆكی كۆمار خۆی بەشداری نارەزایەتیەكەی كردو دروشمی ئەوانی بەرز كردەوە، ئەوە بۆ عێراق رەنگە یەكەمجار بێت سەرۆك كۆمار بەبێ ئامادەسازی و بەبێ گوێدانە مەترسی لەسەر ژیانی شەخسی خۆی راستەوخۆ بچێتە ناو خەڵكی تورەی نارازیەوە، بۆیە سەرباری ئەوەی لەم بەشداریكردنە چی روویداوەو لایەنە نەیارە سیاسییەكان چۆن تەفسیری بۆ دەكەن، بۆ خەڵكی عێراق تازە چاویان لەوەیە لەكاتی ناخۆشیەكانیان بەرپرسە باڵاكانی وڵات بچنەلایان و گوێیان لێبگرن، دكتۆر بەرهەم بەم هەنگاوە بوێرانەیی نەریتێكی تازەی حوكمرانی بۆ خەڵكی عێراق هێنایە كایەوە، برواناكرێت دوای ئەوە، خەڵك لە هیچ سەرۆكێكی قبوڵ بكات كە تەنها لەتیڤیەكانەوە پەیامەكانی بەخەڵك بگەیەنێت، ئەمەش دیوە هەر گەش و جوانەكەی ئەو رووداوەیە، كە بەبێ بەرنامەو بەبێ پێشبینی ئاستی خواستی خەڵكی عێراقی لەسەر سەرۆك گەیاندە ئاستێكی باڵا.
كاوە شێخ عەبدوڵڵا چ وڵاتێك هەیە بە قەدەر عێراق خوێنی هاووڵاتییەكانی هەرزانبێ! چ وڵاتێك هەبووە لە پانزە ساڵی رابردوودا هێندەی عێراق خەڵكەكەی بە كۆمەڵ كوژرابن؟ ئەی كامە سیاسی دنیا هەیە بە قەدەر سیاسی و حوكمڕانی عێراق بێباك و دەسەپاچەبن لە ئاستی خوێنی رژاوی خەڵكدا؟ لە عێراقی داڕزێنراوی سەدامدا، نەوت دەدرا بەمبەر بە خۆراك تا خەڵكەكەی لە برساندا نەمرن، لە عێراقی داوەشاوی دوای سەدامدا خوێن دەدرێ بەرامبەر بە هیچ! كارەساتەكەی نەورۆز لە موسڵ، بە نسبەت عێراقییەكانەوە هەواڵێكی داچڵكێنەر و شۆكهاوەر نییە، رووداوێكیش نەبوو بمانتاسێنێ كە بەو جۆرە بە ختوخۆڕایی لە رووداوێكی زۆر سادەوساكاردا دەیان ژن و منداڵ گیان لە دەست بدەن. مان و مردن شتێك نییە لە دەستی ئینسان خۆیدابێ، بەڵام هۆكارەكانی زوو مردن یان بە كۆمەڵ مردنی خەڵك شتێك نییە لە دەرەوەی قودرەتی ئینساندابێ. بەرپرسان بۆیە دەبرێنە لای سەرووی هاووڵاتیانەوە، بۆیە ژیانیان لە ژیانی زۆربەی هاووڵاتی دابینترە، بۆ ئەوەیە سیستمی ئیداریی بسەپێنن و چاودێریی بكەن. كە بەرپرسان ئەركەكانی خۆیان بە نیواو نیویش جێبەجێ ناكەن، وڵات دەبێتە مەزادخانەی ویژدان. ئاخر ئەگەر خوێنی عێراقیی هەرزان نەبێ، چۆنچۆنی زیاتر لە دوو سەد كەس بێ هیچ مەرجێكی سەلامەتیی دەپەستێنرێنە ناو كەڵەكێكی پێنج تا دە مەتر پانەوە؟ ئەگەر دامەزراوەكانی دەوڵەت خاوەنی كەڵەك و بازاڕچییەكان بسپێرن بە ویژدانی خۆیان، هەر ئەو كارەساتە دەقەومێ كە لە موسڵ روویدا. بەڵام روویەكی جوانی... كە بەداخەوە دوای كارەساتەكە جوانە نەك بۆ خودی كارەساتەكە.. ئەوەیە كە بەرپرسانی باڵای عێراق سەركۆمار... سەرۆكی پەرلەمان.. سەرۆكوەزیران دەمودەس چوونە شاری موسڵ و لەویش خێراتر رێوشوێنی لێپرسینەوە وسزادانیان گرتەبەر. ئەمە شتێك جوانبێ بۆ هەرسێ سەرۆكەكە چونكە ئەوان سەرۆكی وڵاتێكن دامەزراوەكانی بوون بە بەڵا بۆ گیانی خەڵك. بەڵكو بۆ ئەوە جوانە كە ئیتر خوێنی هاووڵاتی هێندە بێ قیمەت و هەرزان تەماشا نەكرێ كە لە پایتەختەوە لەسەر مێزی رەق بڕیاری پێكهێنانی لیژنە بدرێ بۆ لێكۆڵینەوە! لە هەرێمی كوردستانی خۆمان كەم نین رووداوەكانی بە كۆمەڵ مردنی خەڵك لە رووداوی زۆر سادەوساكاردا كە دەتوانرا رێگە لە كارەساتی وا بگیرێ، بەڵام بەهۆی نابەرپرسیاری بەرپرسی بێمننەت و راسپێردراوی حزب كارەساتەكان قەوماون. لێرەدا تەنیا نموونەی كارەساتی هۆتێل سۆما لە شاری سلێمانی بەسە بۆ نیشاندانی لەكە و عەیبەی نەبڕاوەی حكومەتی هەرێم. شەوێكی ناوەڕاستی مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١١ كە هێشتا كات نەگەشتبووە نیوەی شەو، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لەسەر شەقاامی هەمیشە قەرەباڵخی سالم، قاتی خوارەوەی بینای هۆتێل سۆما ئاگری گرت، بە ماوەیەكی زۆر كەم. بیست و حەوت كەس كە لەو هۆتێلەدا میوان بوون لەو رووداوەدا گیانیان لە دەستدا! دواتر دەركەوت بیناكە شایانی ئەوە نەبووە بكرێتە هۆتێل چونكە مەرجی سەلامەتی و دەربازبوونی تێدا نەبووە. دەركەوت تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كەرەستەی پێویستیان پێ نەبووە و بە باشی پرۆسەی رزگاركردنی هاووڵاتییەكانی ناو هۆتێلەكەیان بەڕێوە نەبردووە. دواتر دەركەوت بیناكە مەرجەكانی شارەوانی جێبەجێ نەكردووە بۆ بینایەكی شایستە. دواتر چی؟ هیچ.. نە كەس ناچار كرا دەست لەكاربكێشێتەوە لە پای ئەو كەمتەرخەمییە، نە دەركەوت كێ بووەت باعیسی خوێنی بیست و حەوت كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون. حكومەت و كاربەدەستەكان نەیانویست و بە پێویستیان نەزانی متمانە بگێڕنەوە بۆ خەڵك كە ئیتر شتی وا دووبارە نابێتەوە. كەچی هەر لە سلێمانی لە دوو رووداوی هاوشێوەدا نزیكەی ١٠ كەسی تر مردن! كارەساتەكەی موسڵ و بەدەمەوەچوونی بەرپرسانی باڵای عێراق، دەكرێ سەرەتایەكبێ بۆ گێڕانەوەی نرخ و بەها بۆ هاووڵاتی عێراقیی لەلایەن بەرپرسە بێباك و كەمتەرخەم و بێمننەتەكانەوە. ئێستا خەڵكی لێقەوماوی كارەساتەكەی موسڵ بەرچاویان روونە كە دەسەڵاتدار و بەرپرسی نابەرپرس هۆكاری مردنی ئازیزەكانیانن. خۆ هەزاران عێراقیی بە كوردستانیشەوە بوونەتە قوربانی بەرپرسە نابەرپرسەكان، كەچی كەس پێی نەوتن هۆكارەكەی كێیە و ئەوان ئێخەی كێ بگرن!
پەیڕەو ئەنوەر دیارە بەشێکی گەورەی کارەساتەکەی موسڵ وەک رووداو پەیوەندی بە مەسەلەی "حکومڕانی باش" ەوە هەیە. دیارە هەموو رووداوێکی سیاسی دوو رەگەز، دوو بنەمای هەیە (ئاکچواڵ و ڤێرجواڵ) هەروەک دۆڵۆز وێنای دەکات. ئاکچواڵ هەستی پیش رووداونی رووداوەکەیە! سوننەکان موسڵ بە پایتەختی خۆیان دادەنێن لە عیراق! بەرلەوەی کارەسات، رووداو یان هیچ مەرگێکی بەکۆمەڵ رووبدات؛ سوننەکان و موسڵاوییەکان خۆیان وەک ئەکتەری ژمارە دوو، ئەکتەری تێکشکێنراو، ئەکتەری پەراوێزخراو و دوورخراوە دەبینن! ئەم دۆخە بریتییە لە تۆتالیتاریزمی هێزێکی دینی-مەزهەبی بەسەر گڕووپێکی مەزهەبی ترەوە! هەروەک چۆن بەر لە دونیای وێستفاڵیا ئەم دۆخ و چرکەساتە لە ئەوڕوپا ئامادەیی هەبووە. وەرگەڕانی بەلەمێک لەناو جۆرێک لە پانتایی گشتی! دوورگەیەکی گەشتیاری و چێژوەرگرتن وەک بەشێک لە سیستمی پانتایی گشتی لە موسڵ، لە ناوچەیەکی دوای ململانێ و دوای جەنگ و بارووت لەپاڵ هەموو رەهەندەکانی، دیوە نەزانراوەکانی پەیوەندییەکی قوڵی بە چەمک و پڕۆسەی حکومڕانی باش و هاوڵاتییەوە هەیە. دیارە خەڵک لە عیراق بەگشتی بەتایبەت لە موسڵ بەدوای سەرچاوەکانی بەختەوەربوون و جێژوەرگرتن و حەسانەوە و ئارامبوونەوە دەگەڕێن بەڵام عیراق هێشتا زۆر لەوە لاوازترە بتوانێت بچێتە نێو پڕۆسەی حکومڕانی باش و بەشکردنەوەی سەرچاوەکانی بەختەوەربوون بەسەر ئەندامان و هاوڵاتیانیدا. ئەم دۆخە بەشێکی تری پەیوەندی بە دوانەی کەرتی تایبەت-گشتییەوە هەیە ئەوەی پێی دەوترێت 3Ps Public-Private Partnership ئەم چەمکەی کە دەیەوێت ئەوەمان بۆ روونبکاتەوە کە چۆن کەرتی تایبەت و گشتی لەگەڵ یەکتردا لەپەیوەندیدادەبن. دیارە ئەم دیدە دیدێکی لیبڕاڵانەیە بۆ رێکخستنی ژێرخانی گشتی لەلایەن ئەکتەر/دەزگای تایبەتەوە! پڕۆسەکە زیاتر بەزمانی لییڕاڵیزم قسەدەکات و دەیەوێت ژیان و خزمەتگوزارییەکان رێکبخاتەوە بەڵام ئەمە بۆ عیراق کارەسات و تڕاژیدیایە! لە عیراق کەرتی تایبەت بەدوای قازانجی بێ ئەندازە و یەک بە سەدە! گوێ بە بەها و رێساکان نادات! تەنها بەدوای قازانج و کوشتنی بەکاربەرە! پڕۆسەی بەتایبەتکردن لەعیراق پڕۆسەکەیە مەرگێکی درێژخایەن و گەورە بەرهەمدەهێنێت.
سامانی وەستا بەکر واباوە کە بۆنە ئایینیەکان زۆرترین خەڵک لێی کۆئەبێتەوەو یاد ئەکرێتەوە بەڵام ئەم بۆنە ئاینیانە هەرچەنە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەیەکی جوگرافی لێی کۆئەبێتەوە بەڵام لە دووبەرەکی و ڕای جیاواز بێ بەش نین، بۆ نمونە زۆر کەم موسوڵمانانی هەردوو مەزهەبی سونەو شیعە پێکەوەو لە یەک کاتا یادی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان ئەکەنەوە، بەڵام هەرچی نەورۆزە کۆی نەتەوەی کورد لەسەری کۆکەو لەیەک ڕۆژا هەمووان پێکەوە یادی ئەو بۆنەیە ئەکەنەوەو جەژن ئەگێڕن کە ئەمەش یەکێکە لە بەهێزترین ئەو خاڵانەی کە کوردی بەیەک و یەکگرتووی هێشتۆتەوە، لەکاتێکا نەتەوەی کورد باوەڕدارو ئاینزای زۆر جیاوزی هەیە و هەر کۆمەڵە باوڕدارێک لەکاتێكی جیاوزا یادی بۆنە ئاینیەکانی ئەو ئاینە ئەکەنەوە کە هەڵگری پێناسەکەین. بۆیە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە نەورۆز گەورەترین خاڵی بەهێزی مانەوەی کوردە و ئەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێ ومێژووەکەی و سەرەتای دروست بوونی ئەو بۆنەیە لە خوێندنگاکانا بخوێنرێ وهەروەک چۆن ئەوەشمان بۆ ئاشکرایە کە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد لە کۆی بۆنە ئاینەیکانن گرنگترەو گەورەترە. جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین بۆنەو جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکانا ژیاون رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. نەورۆز ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار)ە کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەرەوە و بەرەو خوارووی ئەو شوێنەی ئێستا وڵاتی عێراقی پێ ئەوترێ بڕۆن ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە. گرنگی نەورۆز لەوەدایە کە توانیویەتی کۆی لەمپەڕەکان تێپەڕێنێ و بێ لێکدانەوەی جیاوازی ئاین و مەزھەب لە درگای دڵی ھەمووان بات و بەناو دڵا شۆڕبێتەوە ئیتر ئەگەر لە پشتی ئەم کۆ یەکی و ھاوبەشی و ھاوڕابوونەوە ئەفسانەش ھەبێ ھیچ گرنگیەکی نیە چونکە لە بوونی خودی نەورۆز خۆی نەبێ ھەرچی چیرۆکێک ھەبێ ھەمووی ئەفسانەن، بۆیە لێرەوە ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەکرێ ئەفسانە یەکێکبێت لە باشترین میتوود بۆ یەکگرتنی میلەتی پەرش و بڵاو یان میلەتێکی وەک کورد کە خاونی چەندین دیالێکت و ئاین و مەزھەبی جیاجیایە. ئەو بۆنانەی کە زۆرترین خەڵک لەخۆی کۆئەکاتەوە بۆنە ئاینیەکانە کە زۆرترین خەڵک لە یەک کاتدا بەشدار ئەبن بەڵام بۆ نەتەوەی کورد نەورۆز بۆنەیەکی گەورەترە چونکە سەرجەم ئاینە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد لەسەر ئەم بۆنەیە ھاوبەشن و لەیەک کاتدا بەشدار ئەبن و یادی ئەکەنەوە کەواتە گرنگترین بۆنە بۆ نەتەوەی کورد نەورۆزە. ھەنێ جار ئەو ئهفسانهیه که گیانی ناو کۆی هاودڵی له نێوان دانیشتوانی ناو سنورێکی جوگرافی ئهوهنده ئهباته پێشهوه که میللهتێکی لێ دروست ئهکات ئهمه به تایبهت بۆ ئهو گهل و نهتهوانه دروسترە که زمان و زاراوهی زۆر و جۆراوجۆریان تیایه. نەورۆز چرکە ساتێکە کە نەتەوەی کورد ھەستی گەڕانەوەی بۆ مێژوو لادروست ئەبێ و ئاوێتە بوونی بە خاک و ئینتما بوونی بۆ خاک بۆ ئەگەڕێتەوەو ھەستی ژیانەوەو ژیانێکی نوێ و ھیوای بۆ دروست ئەبێت. ئەو ئەفسانانەی بە بەرۆکی نەورۆزا ھەڵواسراون سوودێکی زۆری لێ وەرگیراوە، بێجگە لە یەک بوون و ھاوبەشی و ھاوڕابوونی کۆی کۆمەڵگە بەڵکو سوود لە چیرۆکی ئازایەتی کاوەو خۆێن ڕێژی زوحاک (ئاستیاگ)یش وەرگیراوە ھەر بۆ نمونە ناوی کاوە وەک پاڵەوانێكی میللی لە چەندین یاد و بۆنەدا کە کورد تیایا زەرەرمەند یان دۆڕاوە یان زوڵمی لێکراوە ئەھێنرێتەوە پێشەوە تا سەرلەنوێ ئازایەتی ببەخشێتەوە بە کۆمەڵگە، یان تا ئێستاش ئەگەر کەسێک زۆردار بێت پێی ئەوترێ زوحاک وەک وەبیرھێناوە و ئاگادارکردنەوە. نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و تورک نەتەوەی دیکەوە بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو ئەکرێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو وە ھەندێ پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بە سەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە شارەزایانی نەورۆز بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە نەورۆزی داھێناوە هەرچەنە ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین وسەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە کەوابێت بنەمای نەورۆز ئەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان. ئەکرێ سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە بۆتە ھۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا (دانەری پەرتووکی شانامە) بە تایبەتی ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بکرێت و ڕوخساری دوژمن(کورد)ی پێناشرین بکرێت. ئەفسانەی کاوە و زوحاک و ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی ئەکات، ئاخر فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی ئەکات کە ئەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بەن ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی ئەبێت و شۆڕشێک لە دژی بەرپا ئەکات و تەخت و تاراجی لێ تێکئەیات لە کاتێکا ھەر لەو وتارە پڕ بەڵگەکەی د. مەولود ئیبراھیم حەسەنا ھاتووە کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان بووە نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە. پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی مادەکان ئەوانەی ھاتوون و سەرگوزشتەو و مێژوو ئەنووسنەوە ئەبێ بەو شێوەیە بینوسنەوە کە دەسەڵات بەدڵێتی، کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای مادەکان واتە ئاستیاگ پیشان بەن شتێکی سەیر نییە ئەگەر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و ووردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین کە ئەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ ئەیەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە ھەر بەوجۆرەش سەردەمی کۆتای دواین دەسەڵاتی کوردی ماددەکانیان لێ کردووین بە ئەفسانەیەک کە لەوێدا دواین دەسەڵاتداری کورد بە دیکتاتۆر و خۆێن ڕێژ و بێ بەزەی وێنە کراوە. به گوێرهی ساڵنامهی زهردهشتی ساڵ بهسهر دوانزه مانگ دابهش کرابوو ههر مانگێکیش ٣٠ ڕۆژ بووه، بهمجۆره ساڵێک ئهیکرده ٣٦٠ ڕۆژ واتا هێشتا ٥ پێنج ڕۆژ یان وردتر ٥ ڕۆژ و ٥ سهعات و ٤٨ خولهک و ٥٠ چرکه ئهما بۆ پڕ کردنهوهی ساڵێکی تهواو. ههر تهنیا پشتگوێ خستنی ئهو ٥ سهعات و ٤٨ خولهک و ٥٠ چرکهیهی که خوڵی ساڵی پێ کۆتایی یەت ئهبێته هۆی ئهوهی ههر ١٢٠ ساڵێک هاتنی ڕۆژی نهورۆز یهک مانگ دوا بکهوێت. له سهردهمی دهستهڵاتی ساسانیەکانا چهند جارێک ساڵ کراوهته ١٣ مانگ تا له سهردهمی دهستهڵاتی مهلهکشای سهلجوقی (١٠٧٢-١٠٩٢ز)، له لایهن وهزیری وی واتا نیزامول مولک له ساڵی ١٠٧٤ز، ساڵنامهی جهلالی داهێنرا لهو ساڵنامهیهیا شوێنی نهورۆز له ٢١ ئادار چهسپ کرا. جەژنی نەورۆز لە كاتی سەراتای بەهارا دەست پێئەكات لە زانستی ئەستێرەناسیا سەراتای بەهار لە نیوەگۆی باكووری زەوی بەو كاتە دەگوترێت كە خۆر لە هێڵی ئیستیوای زەوی تێئەپەڕێت و ڕوو لە باكوور ئەکات، بەم چركەساتەش چركەساتی یەكەمی بورجی كاوڕ ئەوترێت و لە ڕۆژژمێری کۆچی هەتاویا بە یەكەم رۆژی (هورمز رۆژ یا ئورمزد رۆژ) لە مانگی یەكەمی بەهار هاتووە هەروەها نەورۆز لە رۆژژمێری زایینیا یەكسانە بە ٢١ و ٢٢ی مارس. ههرچهنده نەورۆز سهرهتا تهنیا خۆشی نواندن بوو به درێژ بوونهوهی ڕۆژ و هاتنی بههار بەڵام له سهردهمی ساسانیەکانا بۆ یەکەمجار بهرگێکی ئایینی لهبهرکرا و بوو به یهکێک له جهژنه ئایینیهکانی زهردهشتی. دیاره پێشوتریش به هۆی نهریتی ئاگر کردنەوەوە له نهورۆزا ئهوانهی که دژی یادکردنهوهکهی ئهوهستانەوە هەر ههمان ئهو ئاگر کردنهوهیان ئهکرده بیانو که گوایا ئهمه جۆرێکه له ئاگری پیرۆزی ئاتهشگاکانی زهردهشتی و خهڵک بهو شێوهیه ڕێزی لێئەگرن. ئەگەر لە مێژووی نەورۆز بڕوانی ئەبینی ئەم بۆنەیە بۆ چەندین ھۆکار گەڕێنراوەتەوە لەوانە ئهگهر سهیری ساڵنامهی سروشتی گهردوونیی بکهین بۆمان دهرئهکهوێت که کهژهکانی ساڵ پهیوهندیان به سوڕانهوهی گۆی زهوی ههیه له چواردهوری تهوهڕهیی خولگهیهکی دیاریکراوی خهپڵهی خۆر. یان گوایە پێنچ ڕۆژ پێش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوی "نەورۆز" گیانی مردووەکان گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانی خۆیان و دوای کۆتایی هاتنی پێنج ڕۆژهکه، ئینجا دهبوو به نهورۆز و یهکهم ڕۆژی ساڵی نوێ ئنجا له ڕۆژی نهورۆزا ئهوان ئهچوونه سهر بانی خانوهکانیان و شوێنی بڵندی تر نزیک ماڵهکانیان بۆ ئاگر کردنهوه وهک ماڵئاوایی کردن له گیانی مردوەکانیان که لهو پێنج ڕۆژهیا لهناویانا بوون. لای زەردەشتیەکانیش خەڵک سەرەتای ساڵی نوێیان نەئەزانی بۆیە پیاوانی ئاینی واتا موغ و هیربهد و موبهدان لە شوێنە بەرزو سەربانی ماڵەکان ئاگریان کردۆتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ. ھەندێکیش لە سۆمەرییەکان لە مێزۆپۆتامیا لایان وابووه که (دموزی) خوداوهندی بهپیتی له پایزدا دهکوژرێت لە بەھارا زینوو ئەبێتەوە. ئەوانەی مێژووی نووسی ئیسلامن نوسیویانە کە خەڵکی جوتیار ٢٥ رۆژ پێش ھاتنی نەورۆز دانەوێڵەی جواروجۆریان لە قاپێک یان دەفرێکا چاندووە ھەر جۆرێکان لە کۆتای ئەو ٢٥ رۆژەیا کام جۆریان باشتر ڕسکاو ڕوابوون ئیتر ئەو جۆرەیان ئەچاند ھەتا بەروبوومی باشتر بچێنەوە. ئێستاش وێڕای ئەوەی کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرمانا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست لە ڕوومان نایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەنی کوردییە.
ئالان بەرزنجی هەمیشە کورد ویستی بووە لە ناوچەکانی خۆیدا حاکمی وڵات لوتفی لەگەڵ بکات و بەشدار بێ لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆی زۆر جار قائم قامێک و بەڕێوەبەری ناحیەیەکی بە دەستکەوتی زۆر گەورە زانیوە و لە هەندێک پارچەی کوردستان بۆ ئەم پۆستە خۆجێییانە قوربانیشیان داوەو خوێنی لە پێناودا ڕژاوە، لە دوای ڕاپەرین ئێمە نیمچە سەربەخۆین و بەوەشەوە نەوەستاوەو پۆستێکی باڵای وەک سەرۆک کۆمار چەندین ساڵە لە دەستی کوردایەو کاریزمایەکی وەک مام و پاشان بەرهەم ساڵح شانازی بۆ کورد و سەرجەم عێراقیەکانیش لەو پۆستەدا تۆمار کردووە کە دەبێت بۆ هەر کەس تا ئەو کاتەی کوردستان سەربەخۆ دەبێت دڵی خۆشبێت کە ئێمە وەک کورد لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتداین. بەرهەم ساڵح و سەرۆکایەتی کۆمار بەرهەمی بەرهەم ساڵح عێراقیەکان و دەوڵەتانی دراوسێش بە گەورەیی و شانازیەوە باسی دەکەن، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کە ساڵی تەواو نەکردووە موعجیزەی بە جوڵە دیبلۆماسی و سیاسیەکانی خولقاندووە بە جۆرێک کە حازری هەمو ڕوداو و گۆڕانکاریەکانە و ڕۆڵێکی گەورەو بەرچاوی هەیە لە گواستنەوەی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ و خەریکە هێواش هێواش سەنگینی دەگێڕێتەوە بۆ ژیان لەم وڵاتەی کە ناوخۆ و چواردەوریشی پڕە لە ئاگر. حەقی خۆیەتی لە بری ڕق و کینەو شەڕی یەکتری سەرجەم کوردزمانەکان بە بونی ئەو سەرۆکە کە بۆتە ڕەمزی لێهاتوویی و قودرەت شانازی بکەین، تۆ چی ڕەنگ و بیرێکی و سەر بە چی لایەنێکی سیاسیت گرنگ نیە واز لە جیاوازیەکان بهێنەو ئەو وەکو کورد ئێستە حاکمی وڵاتە، سەرۆکی کۆمارەو دەرگای کۆشکەکەی بۆ هەموان واڵایە، ئەوی کورد سەرۆکەو نەورۆز لە مامە یارە پیرۆز دەکات و پیاسەی ئێوارانی لە هەواری شاردا لە ناو خەڵکدا بە سەربەرزی دەکات، بەڵێ ئەوی سەرۆک لە میحنەتیشدا دەگاتە موسڵ کە زۆر هاوڵاتی سادە لەبەر دۆخی ئەمنی ئەو شارە زاتی چونی ناکات، ئەو دەچێت و لە ناو ئازاری خەڵکی ناڕازیشدا قبوڵی دەکات کاردانەوەی توندیان هەبێت و بچوکترین توندو تیژی بەرامبەر خەڵکە توڕەکە ئەنجام نادرێت. سەرۆک من وەک کوردێک شانازیت پێوە دەکەم و ئومێد دەکەم هەمو لە تۆوە فێری حوکمڕانی ڕەشید بن
هونەر تۆفیق ماوەی پێنج ساڵی دڕندەترین دەستەڵاتی خەلافەت لە عێراق و سوریادا کە خەلیفەی ژمارە ١٠٢ ، ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٠١٤ دا ڕایگەیاند ، کورت و بچوککرایەوە لە ڕووبەری دوو کیلۆمەترچوارگۆشەی ناو شارە دێ ی باغوزدا . باڵاترین ئاستی تەکنیکی و پەیوەندی نێودەوڵەتی لەم چەند هەفتەیەی ئابڵۆقەی سەر باغوزدا بەڕێوەچوو . بەپێ ی لێدوانەکانی ناو نەتەوە یەکگرتووەکان ١٨ هەزار جەنگاوەری داعش کە ٣ هەزاریان بیانین ، لەگەڵ ژن و منداڵەکانیاندا لە باغوزدا ئابڵۆقە دراون و ئامادەی دواجەنگی مان و نەمانیانن . ئەو چوارگۆشە جیوگرافیەی باغوز کە هێزەکانی خەلیفەی تیادا کۆکرایەوە ، نهێنی سەرەتای دروست بوونی داعش و کۆتاییەکەی دیاری دەکات . باغوز لەهەردوو گوندەکەیدا بەشی خواروو و بەشی سەروو چەند مەترێکی ڕووباری فورات لەنێوان عێراق و سوریادا لێکیان جیادەکاتەوە .زیاتر لە دوو مانگە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهاوکاری ئێران و سوپای عێراق لەبەری ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە کۆتاییان بە داعش هێنا . ئەمریکاییەکان هێزەکانیان لە سنوورەکەدا جێگیرکرد و هێزەکەی عێراق ( شیعەکان ) یان لە پێشڕەوی زیاتر ڕاگرت کە لە توانایاندا بوو بە چەند سەعاتێک کۆتایی بە دواهێزی خەلیفە بهێنن لە باغوزی سەروودا . بەڵام ئەمریکا ڕازی نەبوو شەرەفی ئەو سەرکەوتنە بدات بە هێزە عێراقیەکانی نزیک لە ئێران . ماوەی چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئابڵۆقەی باغوزی داوە ، لەتوانایدایە کۆتایی بە شەڕی باغوز بهێنێت ، بەڵام ئەمریکاییەکان بەمەش ڕازی نەبوون . داعش لە دانوستاندابوو لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمریکایەکاندا بۆ چۆنیەتی دیاریکردنی کۆتاییەکە . لەسەرەتادا داعش داوای ئەوەی کرد کە خۆراک و دەرمانیان پێبدەن لەبەرانبەر تەسلیمکردنی ژن و منداڵەکانیاندا . بەڵام پێشنیارەکەیان پەسەندنەکرا . چەند رۆژێک لەمەوبەر داوایانکرد لەبەرانبەر تەسلیمکردنی ژن و منداڵەکانیاندا ، یەکەم جەنگاوەرە بیانیەکان و ژن و منداڵەکانیان تەسلیم بە وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە ، دووەم : دەرچەیەکی ئەمنیان بۆ دیاری بکەن کە جگە لە دیوی عێراق بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئێران ، بریندار و ئەوانەی توانای جەنگیان نەماوە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن . ئەم داوایە پەسەندکرا ، بەهەزارانیان لەپاش پشکنین و پەنجەمۆرکردن دابەشکران بەسەر کەمپ و زیندانەکاندا . سەرۆکی ئەمریکا داوای لەو وڵاتانە کرد کە داعشە بیانیەکانی لێوەهاتوون وەریانبگرنەوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک ئامادەی وەرگرتنەوەیان نیە . لە تۆڕێکی ئەمنی جیهانی بەرفراواندا، قۆناغی یەکەمی تەسلیمبوونەکەی داعش دەستی پێکرد . قۆناغی دووەمی بەهێرشکردنە سەر جەنگاوەرە تەسلیم نەبووەکان دەستیپێکرد و داعش دوا جەنگی خۆی لە باغوزدا بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دۆڕاند . پێدانی شەرەفی ئەو سەرکەوتنە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات نهێنیەکە تا ئێستا هێماکانی نەبێت ، ئامانج لێ ی دیارنیە . لە ئێستادا کەمپ و زیندانەکانی رۆژاڤا مەڵبەندێکی فرە جەمسەری دەزگاکانی هەواڵگری و ڕاگەیاندنی جیهانیە . بۆ سوود وەرگرتن لەو دەرفەتە و بەفیڕۆنەدانی سەرکەوتنەکە ، تا نەکرێتە قوربانی یاریەکی سیاسی هەرێمی ، باشترین هەنگاو دامەزراندنو کردنەوەی دادگایەکی نێو دەوڵەتیە بۆ دیلەکانی داعش ، بەتاوانی هەستان بەکۆمەڵکوژی لەو دادگایەدا هەم فیکری داعش و هەم وڵاتانی هاوکاری داعش و هەم تاوانبارەکانی داعش دادگایی بکرێن . ئەگینا ئەو سەرکەوتنەی رۆژئاوا دەبێتە ئافاتێک بەسەر ئەو کیانە تازەیەدا قوڵپ دەبێتەوە .
هیوا سەید سەلیم لە دوا خولی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان كە لە ساڵی 2014 كە لە توركیا و باكووری كوردستان ئەنجام درا، لیستی DBP واتا پارتی دیموكراتی هەرێمەكان، توانی 102 شارەوانی بەدەست بێنێت، كە لەنێویاندا شارەوانی مەزنی وەك ئامەد و مێردین و وان و سێرت و شەرناخ ...هتدا هەبوون، كە ئەوسا لیستی DBP لە ڕكابەریەكی توندی لیستەكانی تر بە تایبەت لیستی پارتی دادوگەشەپێدانی دابوو، ئەو هەلبژاردنە بۆ كورد لە باكووری كوردستان دەستكەوتێكی مەزن بوو. ئەو دەستكەوتەی BDP لە ژێر كاریگەری بارودۆخە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەكان دابوو، كە بە شێوەیەكی ئەرێنی كورد توانی سوودیان لێوەرگرێت، هەر لە پرۆسەی ئاشتی بگرە، تا بەرخۆدان و خۆڕاگری شەرڤانان لە كۆبانێ، كە هەموو ئەمانە بوونە فاكتەری حەماسەت خوڵقێن بۆ بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان و دەنگدان بە كاندیدەكانی DBP. بەڵام بە هۆی راگرتنی یەكلایەنانەی پرۆسەی ئاشتی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و دواتریش ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە بەشی هەرە زۆری شارەكانی باكووری كوردستان بە بیانووی كودەتای 15 تەمووز، لە چوارچێوەی ئەو باری نائاساییەدا كە بە پێی بڕیاری ژمارە ٦٧٤ لە جێی یاسا، لە بەرواری ١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ دەسەڵاتی ناردنی قەییوم بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی بەخشرایە وەزیری ناوخۆ. بە پشتبەستن بەم بڕیارە لە دەستپێکی ئەو بەروارەوە، ٩٤ سەرۆکی شارەوانی لە ئەسڵی ١٠٢ سەر بە پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP) کە لە هەڵبژاردندا دەرچووبوون ، لەسەر کار لابران و بە کەسانی سەر بە ئاکەپە جێیان پڕکرایەوە. ٩٣ سەرۆکی شارەوانی و ٨١ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیش دەستگیرکران. زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیش بە هۆی قەییومەکانەوە لە کارەکانیان دورخرانەوە. ئەمەو جگە لەو هەلمەتە رەشبگیریەی كە AKPبۆ دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانیەكان ئەنجامی دا ، هەڵمەتەكە هاوسەرۆكەكانی HDP (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگان یوكسلادغ) و 10 پەرلەمانتاری دیكەی HDP گرتەوە ، ئێستا هەموو ئەمانە و بە دەیان هەزار كادیر و هەڵسوراوی HDP لە زیندانەكانی توركیا دان و بەشێكیان سزای چەندین ساڵەی زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. رۆژی 31 ئادار كە وادەی هەلبژاردنی شارەوانیەكانە لە توركیا و باكووری كوردستان HDP بەو دۆخەی باسمان كرد دەچێتەوە ناو ڕكابەری AKP و هاوپەیمانەكەی لە MHP نەژادپەرست، وە تا ئەمڕۆش لە شوێنی سەرۆك شارەوانیە هەلبژێردراوەكان قەییوم حوكمی ئەو شارە كوردیانە دەكەن، لە پرۆسەی بانگەشەشدا قەییوم بۆتە بابەتی پروپاگەندەی هەلبژاردن، بە شێوەیەك كە بەرەی HDP كە بۆ هەڵبژاردن ی31 ئادار لە چەندین هێزی كوردی پێك دێت دەڵێت: ( لە 31 ئاداردا قەییومەكان بە سەرشۆڕی دەنێرینەوە لای ئەردۆغان) لە بەرامبەریشدا ئەردۆغان و ئەكەپە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە قەییومیان بۆ ئەو كەسانە ئامادە كردووە كە وەك بەربژێری HDP دەردەچن. هەر ئەو دوو هەڵوێستە جیایە بەسە كە بكرێنە پێوەر بۆ دیموكراسیەتی HDP و دیكتاتۆریەتی لایەنەكەی بەرامبەر، یەكەم دەیەوێت بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك نوێنەرانی لە هەڵبژاردن سەركەون، دووەمیان دەیەوێت هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن نەهێليتەوە و دیسان قەیووم بكاتە جێگرەوەی بەربژێری شەرعی خەڵك.
