هەرێمی كوردستان لە چوار بازنەی هەڵبژاردندا

Draw Media

2023-12-30 19:28:18





راپۆرتی: درەو

🔻 دادگای فیدراڵی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەرێمی كوردستان بكرێت بە (چوار) بازنەی هەڵبژاردن.
🔹 بازنەی پارێزگای هەولێر (34%)ی کورسییە گشتییەکان؛ (34) کورسی و (4) کورسی کۆتاکانی بۆ تەرخان دەکرێت، كۆی گشتی دەبێتە (38) كورسی.
🔹 بازنەی پارێزگای سلێمانی (39%)ی کورسییە گشتییەکان؛ (39) کورسی و (4) کورسی کۆتاکانی بۆ تەرخان دەکرێت، كۆی گشتی دەبێتە (43) كورسی.
🔹 بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (2%)ی کورسییە گشتییەکان؛ (2) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، كۆی گشتی دەبێتە (2) كورسی.
🔹 بازنەی پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییە گشتییەکان؛ (25) کورسی و (3) کورسی کۆتاکانی بەردەکەوێت، كۆی گشتی دەبێتە (28) كورسی.


دابەشبوونی کوردسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا لە دۆخی (4) بازنەییدا

بە گوێرەی ئەو وتوێژانەی لە نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵیدا هەیە، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆن كردووە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەویش بەپێی مادەی (9) یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار، كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن كە لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.
پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسی گشتی و كۆتاكانی هەرێمی كوردستانی دابەشی سێ بازنەی هەڵبژاردن كردو مانگی رابردوو ئاراستەی دادگای فیدراڵی كردووە، بە لە ئێستادا دادگای فیدراڵی جارێكی تر داوای لە كۆمسیۆن كردووە دابەشكارییەكە لەسەر بنەمای (4) بازنە بكات، لە سەر ئاستی بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک)، بە پشت بەست بە بنەمای هەمان ئەو داتاو دابەشکارییانەی لە نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، کە ژمارە (2551)ی رۆژی (30/11/2023)ی لەسەرەو تێیدا وەڵامی داوایەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەداتەوە، تایبەت بە میکانزمی دابەشکردنی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، تێیدا ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کراوە بە پێوەر، هەر لەسەر ئەو بنەمایەی لە نوسراوەکەی کۆمسیۆندا هاتووە پشک و بەرکەوتەی هەر پارێزگا (بازنە)یەک لە (100) کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوەیە دەبێت؛
بازنەی یەکەم؛ پارێزگا هەولێر (34%)ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە (34) کورسی گشتی لە لایەل و (2) کورسی کۆتای تورکمان و (2) کورسی کۆتای مەسیحی. بەردەکەوێت.
بازنەی دووەم؛ پارێزگا سلێمانی (34% یان 39%)ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان، واتە  (34 یان 39) کورسی گشتی و (2) کورسی کۆتای تورکمان و (2) کورسی کۆتای مەسیحی، ژمارەی کورسییە گشتییەکان لەسەر دیاریکردنی پشکی پارێزگای هەڵەبجە ڕادەوەستێت کە هۆکارەکەی روندەکەینەوە.
بازنەی سێیەم؛ پارێزگا هەڵەبجە، کە دوو سیناریۆ لە ئارادان؛
یەکەم؛ ئەگەر ئەو بنەمایە لەبەرچاو بگیرێت، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ کرا، سنوری ئیداری (ناوەندی قەزای هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور)ی دەگرتەوە، ئەوا (7%) و (7) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پشکی بازنەی سلێمانی بێتە (34) کورسی گشتی.
دووەم؛ ئەگەر سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە بنەما کە (ناوەندی قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و بیارە) دەگرێتەوە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانشتوانی پارێزگاکە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی ساڵی (2020) ئەو سنورە جوگرافییە (5%)ی دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت و لە کۆی (41) کورسی گشتی تەنها (2) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت و پارێزگای سلێمانیش (39) کورسی گشتی بەردەکەوێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
بازنەی چوارەم؛ پارێزگای دهۆک (25%)ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان، واتە (25) کورسی گشتی و (1) کورسی کۆتای تورکمان و (1) کورسی کۆتای مەسیحی و (1) کورسی کۆتای ئەرمەنی بەردەکەوێت.
(بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

خشتەی ژمارە (1)

خشتەی ژمارە (2)


پاشکۆکان

سەرچاوەکان
-    محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری بەراوردکارییە، چاپی سێیەم (زیادکراو)، 2023، لاپەڕە 241-259.
-    کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021؛
https://bitly.ws/37ZyG
-    درەو میدیا، هەرێمی كوردستان دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن، 2/12/2023؛
https://bitly.ws/37ZyJ
-    هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی پێنجی 2024 دوادەخرێت
https://bitly.ws/38dqf

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand