سبەینێ هەردوو جڤاتەكەی گۆڕان كۆدەبنەوە

Draw Media

2024-01-05 21:03:20




درەو:
بڕیارە سبەینێ هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆببنەوە، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بووە  لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بە دوو بەرەوە، بەرەی عومەر سەید عەلی و بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا، ئەم دوو بەرەیە یەكدی تۆمەتبار دەكەن بە دواخستنی هەڵبژاردنی خانەو رێكخەری گشتی، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند: عومەر سەید عەلی بە چیا نەوشیروان مستەفای وتووە، ئەتوانیت خۆت هەڵبژێریت بۆ خانەی راپەڕاندن بەڵام ئەگەر بتەوێت ببیتە رێكخەر رێگە نادەین چونكە رێگە بە تەوریسی سیاسی نادەین لەناو گۆڕاندا.

كۆبوونەوەی جڤاتەكان
بڕیارە سبەینێ لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان هەردوو (جڤاتی گشتی و نیشتمانی) بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و هەڵبژاردنى رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆببنەوە، سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: كۆبوونەوەكەی سبەینێ بۆ بڕیاردان نیە چونكە بڕیاردان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و گەڵاڵەكردنی پرس و بابەتەكان و دواتر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی وەك بەرزترین دەسەڵاتی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری لێدەدرێت.
بڕیاربوو 30ی مانگی رابردوو هەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەڕێوە بچێت، بەڵام نە دەرگای خۆ كاندیدكردن داخراو نە كۆبوونەوەكەش كرا.
سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: ئێستا لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئاراستەو بەرە درووست بووە، بەرەی عومەر سەید عەلی و بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، نزیكەكانی عومەر سەید عەلی ئەوە دەڵێن كە عومەر سەید عەلی زۆر بە جدی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستی رێكخەری ببێت و رادەستی كەسێكی بكات، بە هەریەك لە ( جەلال جەوهەر، دانا ئەحمەد مەجید، مستەفا سەید قادر، ئاوات شێخ جەناب، ) و لە دەرەوەی گۆڕانیش بە عوسمان حاجی مەحمود وتراوە بەڵام كەسیان ئامادە نەبوون ئەو پۆستە وەربگرن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە ماوەی پێشودا عومەر سەید عەلی لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفا قسەی كردووەو پێی راگەیاندووە، من خۆم كاندید ناكەمەوەو دەمەوێت كەسێك هەبێت بە ئەمانەتەوە ئەو پۆستەی رادەست بكەم، عومەر سەید عەلی ئەوەی بە چیا نەوشیروان مستەفا ووتوە، ئەگەر دەتەوێت لەناو بزووتنەوەی گۆڕان كار بكەی وەكو ئەندامی خانە یان بەرپرسی هەر ژورێك پشتیوانیت لێ ئەكەین و رێگر نابین، بەڵام ئەگەر بتەوێ ببی بە رێكخەرو بیكەی بە تەوریسی سیاسی بە هیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادەین.
 كەسانی نزیكی عومەر سەید عەلی پێیان وایە  چیا نەوشیروان مستەفا دەیەوێت هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت نەكرێت بۆ خانە و رێكخەر، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان شەرعیەت لە دەست بدات، بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا خۆی ئەنجومەنێك درووست بكات بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەكە بكات بە تەوریسی سیاسی، هاوشێوەی یەكێتی و پارتی.
لەبەرامبەردا كەسانی نزیكی چیا نەوشیروان مستەفا پێیان وایە، عومەر سەید عەلی فۆرمی خۆكاندیدكردن پڕناكاتەوەو خوازیارە جڤاتی نیشتمانی تەنیا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت و پۆستی رێكخەر بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، بۆئەوەی خۆی بەبێ ركابەر بمێنێتەوەو دیمەنەكە وا دەركەوێت بەناچاری لە پۆستی رێكخەری گشتیدا ماوەتەوەو كەس نەبووە پۆستەكە وەربگرێت، هەر بۆیە چیا نەوشیروان مستەفا داوایكردووە چەند كەسێك فۆرمی رێكخەری پڕبكەنەوە بۆیە  هەریەكە لە ‌(نزار مەحمود)و (وشیار عومەر عەلی)، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی فۆرمی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتی پڕكردووەتەوە، لەبەرامبەریشدا بڕیار بووە دلێر عەبدولخالق و چۆمان محەمەد فۆرمی رێكخەری پڕبكەنەوە.
بڕیاربوو رۆژی 30/12 هەڵبژاردن بكرێت بۆ رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لە كۆی ٤٨ ئەندامی جڤات پێشتر ٣٥ كەسیان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووەو وتویانە ئەگەر تا كۆتایی ساڵ خانەو رێكخەر هەڵنەبژێردرێ ئەوا هەردوو ژوری یاسایی و هەڵبژاردن هەڵئەوەشێننەوە، بۆیە بەرەی عومەر سەید عەلی رازی بوون كە 30ی مانگ هەڵبژاردن بكرێت. دواتر بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا ئیمزای  ٣٧ ئەندامی جڤاتیان كۆكردەوە و تێیدا داوایان كردبوو هەڵبژاردن دوابخرێت تا ئەوكاتەی لەسەر كاندیدی رێكخەر دەگەنە رێككەوتن..

بە پێی مادەی (12) لە دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە.
خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە ( رێكخەری گشتی، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی)، تەنیا سەرۆكی جڤات لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێرێت ئەوانی دیكە بە رێكخەرەوە لە جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت و رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن.
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو، بەڵام هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، بۆیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لە مانگی نیسانی 2022دا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام عومەر سەید عەلی ئامادەنەبوو هەڵبژێدرێتەوە، بۆیە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.
خانەی راپەڕاندن
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش:
•    رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    سكرتێری كاروباری خەڵك
•    سەرۆكی جڤاتی گشتی
جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتیەوە لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
بەشێك لە ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن بەهۆی نەخۆشیەوە خۆیان كاندید ناكەنەوە، بۆیە ناوی چەند كارەكتەر و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی دێت كە خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن لەوانە: (كاردۆ محەمەد، گوڵستان سەعید، بەختیار ئەولی، كاوە عەبدوڵا، ئەحمەد یوسف سندی، شاخەوان رەئوف بەگ، لیوا جەلال،  نزار محەمەد، هۆشیار عومەر، هێمن شیخانی، دڵخواز كاكە رەش، ........)

هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن

دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی یەكەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    عوسمانی حاجی مەحمود، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    جەمال محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    شۆڕش حاجی، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی

رۆژی 14/9/2017 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی دووەم:
•     عومەری سەید عەلی  رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
•    دەرباز محەمەد، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان
•    جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
•    شەماڵ عەبدولوەفا، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان
•    عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
•    برزۆ مەجید، سكرتێری كاروباری خەڵك
•    جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی (لەناو جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا)

بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەكیان، رۆژی 13/10/2021 رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە.
بەڵام رۆژی 17/4/2022 لە جڤاتی نیشتمانی بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران:
خانەی راپەڕاندنی سێیەم:
* عومەر سەید عەلی رازی نەبوو هەڵبژێردرێتەوە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە.
* جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان
* سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان
* شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان
* ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان
هەریەك لە برزۆ مەجید و دەرباز محەمەد رازینەبوون هەڵبژێدرێنەوە.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand