هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی پێنجی 2024 دوادەخرێت

Draw Media

2023-12-27 17:01:39





درەو:
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی ئایاری 2024 دوادەخرێت، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆن كردووە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەویش بەپێی مادەی (9) یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن كە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.
 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ جارێكیتر دانیشتنەكەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانەوە دواخست بۆ رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2024 ئەو كاتیش بڕیار نادات چونكە تا ئێستا كۆتایی نەهێناوە بە دادبینی، واتا ئەگەر لە دانیشتنی رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2024 دادبینی كۆتایی پێبهێنێت لە كۆبوونەوەی دواتریدا بڕیار دەدات.  
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە جارێكی تر دابەشكاری لەسەر بنەمای چوار بازنە بۆ هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، بۆیە دانیشتنی دادگا دواخراوە، لەبەر ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت كۆمسیۆن لەو وادە كەمەی كە لەبەردەستیدایە نەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات لە 25/2/2024 كە نزیكەی (60) رۆژی ماوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردن بۆ مانگی ئایاری 2024 دوابخرێت.
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییە لە سلێمانی) سكاڵای لەسەر (5) ماددەی یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركرد.
دادگای فیدراڵ عێراق ماوەی (7) مانگە تاوتوێی ئەو سكاڵایە دەكات كە یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن تۆماریكردووە، (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماددەیەكی سكاڵاكەدا لەگەڵ یەكێتیی هاوبەشەو بەشداریكردووە.  
دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن:
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا (ئەمە ئەو ماددەیە كە سبەینێ دادگا لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دادبینی لەسەر بەڕێوەدەبات).
ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات.
ماددەی بیست‌و دوو:
1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن.
2-    لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون.
ماددەی سی‌و شەش:
1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
3-    یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكات‌و هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان‌و (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە.
ئەگەر دادگا هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر ئەسڵەكەی بەر لە هەمواركردن، واتا (یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان) كە ساڵی 1992 بەرەی كوردستانی دەریكردووە، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت:
ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی، واتا (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی توركمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمە بەشێك لە حزبە توركمانەكانی نیگەران كردووە.  
ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت، یەكێتیی دەیەوێت لە رێگەی ئەم ماددەیەوە شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ فرەبازنەیی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، یەكێتیی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر پێیانوایە ئەوەی وایكردووە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت، شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردنە، یەكێتیی پێشتر لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر شێوازی فرەبازنەیی دەكردەوە، پارتی بەم مەرجە قایل بووە، هەردوولا رێككەوتن كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام لەسەر دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن‌و هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە كۆتایی  بە گفتوگۆكان هێناو نەتوانرا یاسای هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە.
ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)‌و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردن‌و بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشان‌و مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێ‌و بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو  بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە.
ماددەی بیست و دوو:
1-    هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات.
2-    لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیست‌و یەكەمدا هاتوون.
ماددەی سی‌و شەش:
1-    سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی).
2-    ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە.
3-    هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكات‌و دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی.
4-    ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە.

دادگای چی دەكات ؟
لە دانیشتنی رۆژی 3ی ئەم مانگەدا، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردبوو بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەچوو، چۆن كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەشدەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.
بەر لەدەستپێكردنی دانیشتنی دادگا، وەڵامی دادگا گەیشتە میدیاكان، بەپێی وەڵامەكە، كۆمسیۆن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارەی (12)ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، دەیەوێت هەرێمی كوردستان بكات بە سێ ناوچەی هەڵبژاردن‌و (111) كورسییەكەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشبكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا:  
•     پارێزگای هەولێر: (38) كورسی بەردەكەوێت
•      پارێزگای سلێمانی (45) كورسی
•      پارێزگای دهۆك (28) كورسی
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیشی بەمشێوەیە دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا:
•    پارێزگای سلێمانی: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•     پارێزگای هەولێر: (4) كورسی "كۆتا"ی بەردەكەوێت، (2) كورسی توركمان‌و (2) كورسی مەسیحی
•    پارێزگای دهۆك: (3) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی بەردەكەوێت، (1) كورسی توركمان‌و (1) كورسی ئەرمەن‌و (1) كورسی مەسیحی
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەبوە كە دادگا داوای لە كۆمسیۆن كردووە، دابەشكارییە بكاتەوە ئەمجارەیان لەسەر بنەمای چوار بازنە نەك سێ بازنە، لەو حاڵەتەدا پارێزگای هەڵەبجەش دەبێتە بازنەیەكی تر و كورسیەكی لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە دەبێت كە لە ئێستادا لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانیەو چاوەڕێ دەكرێت (2-3) لە كورسیەكانی پارێزگای سلێمانی بدرێتە پارێزگای هەڵەبجە.
ئەم پرسیاركردنەی دادگا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، دادگای فیدراڵی بەشە سەرەكییەكەی سكاڵای یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن پەسەندكردووەو دەیەوێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات بە شێوازی فرەبازنەیی و كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر بازنەكاندا دابەش  بكات، بڕیارێكی لەم جۆرە بە قازانجی یەكێتیی دەشكێتەوەو وادەكات پارتی نەتوانێت ئەو زۆرینەیە لە پەرلەمان دروستبكات كە لە خولی پێنجەمدا هەیبوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand