(42%) پلەباڵاكانی عێراق (أ) لە هەرێمی كوردستانە

Draw Media

2024-04-30 18:27:59



درەو:

🔹 پلە باڵاکان، سەرەڕای دەسەڵاتی فراوان، خاوەنی ئیمتیازاتی تایبەتن بەراورد بە کارمەندانی دیکەی دەوڵەت لەڕووی؛ مووچە، نەسریە، شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستن و پاسەوان، ئۆتۆمبێل، گەشت، هاندان و پاداشت و گەلێک ئیمتیازاتی تر.
🔹 ژمارەی پلە باڵاکان لە فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (6 هەزار و 309) کەسن، بەجۆرێک (786) بە پلەی (ا) و (5 هەزار و 523) کەسیشیان پلەی (ب)یان هەیە. موچەی هەریەکەیان (4 – 12 ملیۆن) دیناری مانگانەیە.
🔹 (24%) پلە باڵاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن کە (329)یان پلەی (ا) و (هەزار و 161) یان پلەی (ب)یان هەیە.


دەروازە
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، بۆشایییەکی گەورە لە پێگەو پایەی "پلە باڵاکان"ی سیستمی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا دروست بوو، ئەمەش دەرگای بۆ حکومەت کردەوە بە تەزکیەی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەیلداری بۆ حیزبەکان، کادرێکی زۆری خۆیان بە پلەی باڵا بخزێننە نێو دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت، لە ساڵی 2003 وە دامەزراندنی کەسانی "پلە باڵا" لە دامەزراوە حکومی و گشتییەکانی عێراق پەیوەستە بە لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە، هەمیشە کەیس و فایلی پلە باڵاکان یەکێک بووە لە پرسە مشتومڕاوییەکانی سەردەمی پێکهێنانی هەریەک لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بە تایبەت لە عێراق، بەردەوام یەکێک بووە لە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنە سیاسییەکان و جێگەی گفتوگۆ بووە.
ئەوانەی پلەی باڵایان هەیە، دەسەڵاتی بەرفراوانیان هەیە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەسەڵاتی گەورەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوانەی کە بۆ بەڕێوەبردنیان دیاریکراون، هەروەها ئیمتیازاتی تایبەتیان هەیە بەراورد بە کارمەندانی دیکەی دەوڵەت لەڕووی؛ مووچە، نەسریە، شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستن و پاسەوان، ئۆتۆمبێل، گەشت، هاندان و پاداشت و هەندێک ئیمتیازاتی تر.
زۆربەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەڵێنیانداوە کە کۆتایی بە پرسی پلە باڵاکان بهێنن بە هەڵوەشاندنەوەی پشکی سیاسی و تائیفی بۆ ئەو پۆستانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردن و هەڵبژاردنی پلە باڵاکان لەسەر بنەمای تەکنۆکراتی و هەندێجار پسۆڕی و سیفەتەکانی دەستپاکی و لێهاتوویی، کە بوون بە بارێکی گەورەوە بەسەر بودجەی گشتی دەوڵەتەوە، چارەسەرکردنیشی هەنگاوێکی گرنگە لە نەهێشتنی گەندەڵی و بیرۆکراسی و پەرەپێدانی دام‌ودەزگا کارگێڕییەکانی دەوڵەت.
پلە باڵاکان لە عێراق بۆ دوو پۆل دابەشدەبن، پۆلی یەکەمیان بریتین لە پلە باڵاکانی (ا)، کە هەڵگری پلە باڵای تایبەتن ئەوانیش پێکدێن لە (بریکاری وەزیر و هاوشێوەکانیان، باڵیۆزەکان، ڕاوێژکار، پارێزگار، هەندێک لە سەرکردە باڵا ئەمنییەکان، سەرۆکی زانکۆکان، هەندێک سەرۆکی دەزگاو دەستەکانی نەبەستراو بە وەزارەت.
 پۆلی دووەم بریتین لە پلە باڵاکان (ب)، کە ئەوانیش (بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی لەو پایەیەدان، ڕاگری کۆلێژەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان...).

ژمارەی پلە باڵاکان و شێوازی دابەشبوونیان
موچەی پلە باڵاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرسێکی ئاڵۆزەو ناداپەروەرییەکی قوڵی لە نێو توێژی موچەخۆراندا خوڵقاندووە، بەجۆرێک کەمترین موچەی پلە باڵایەک لە (4 ملیۆن) دینارەوە دەستپێدەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ (8 ملیۆن) دینار و بۆ هەندێکیشیان دەگاتە (12 ملیۆن) دیناری مانگانە.
ژمارەی پلە باڵاکان لە فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان (6 هەزار و 309) کەسن، بەجۆرێک (786) بە پلەی (ا) و (5 هەزار و 523) کەسیشیان پلەی (ب)یان هەیە، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە؛
 خشتەی (1)

( 2 هەزار و 294) پلە باڵا بە ڕێژەی (36.4%)ی پلە باڵاکان لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا کاردەکەن لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) وەک لە خشتەی ژمارە (2)  رونکراوەتەوە.

 خشتەی ژمارە (2)
وەک لە خشتەی (2)دا رونکراوەتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری زۆرترین ژمارەی پلە باڵا (ا)ی لەخۆ گرتووە، کە ژمارەیان گەیشتووە بە (37) کەس. لە کاتێکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە بوونی (28) پلە باڵا (ا) بە پلەی دووەم دێت، دەسەڵاتی یاسادانانیش تەنها (19) کەسی تێدایە بە پلە باڵای (ا).
لەسەر ئاستی پلە باڵای (ب) دەسەڵاتی داوەری بێ ئەندازە پلە باڵای تێدایەو ژمارەیان گەیشتووە بە (2 هەزار و 137) کەس، ئەمەش جیاوازییەکەی گەورەی دەسەڵاتی دادوەری نیشان دەدات بەراورد بە دەسەڵاتەکانی دیکە لە ڕووی بوونی پلە پاڵاکان.  چارتی  ژمارە (1 و 2) شێواز و ڕێژەی دابەشبونی پلە باڵاکانی (ا و ب) ڕوندەکاتەوە.

 

لە کاتێکدا پلە باڵاکان لەسەر ئاستی ناوەند (حکومەتی ئیتحادی)، هەرێمی کوردستان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمێک، بەم شێوەیە دابەشبوون، (74%)ی لە نێو دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی ئیتحادی و (3%)یان لە پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێم و (24%) لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن. وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا هاتووە.

 

بە زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (18/12/2023) لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام درا کۆی ژمارەکەیان (275) ئەندام و سەرجەمیان بە پلە باڵای (ب) دێنە هەژمار و پلەی بەڕێوەبەری گشتیان دەبێت، بەم پێیەش ژمارە پلە باڵاکان لەسەر ئاستی گشتی عێراق دەگاتە (6 هەزار و 584) کەس. (چارتەکانی (3 و 4)) رێژەی ئەو ژمارە زۆرەی پلە باڵاکان روندەکاتەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دامەزراوە ئیتحادی و (15) پارێزگاکەی عێراق.
 

لەکاتی بەراوردکردنی ژمارەی پلە باڵاکان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان، ئەوە دەردەکەوێت کە ناهاوسەنگی گەورە هەیە لە نێوانیان لە رووی دابەشبوونی پلە باڵاکان (ا و ب)، بە جۆرێک ژمارەی پلە باڵاکان لە نێو وەزارەتەکان (7) جار زیاترە لەوەی لە نێو دامەزراوە نەبەستراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (4)  و چارتەکانی (5 و 6) رونکراوەتەوە.

 

وەک لە چارتەکانی ژمارە (5 و 6)دا دەردەکەوێت لەسەر ئاستی وەزارەتەکان هەریەک لە وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە) زۆرترین فەرمانبەری پلە باڵایان تێدایەوە، لەسەر ئاستی  دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان هەریەک لە (ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەمیندارێتی بەغداد، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەزگای دژە تیرۆر، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمان و دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی) پشکی شێریان لە فەرمانبەری پلە باڵا بەردەکەوێت.
بەکورتی پلە باڵاکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دابەشبوونەکەیان بەو جۆرەیە کە لە خشتەی ژمارە (5) رونکراوەتەوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand