" درەو میدیا" كۆپییەكی رێككەوتنێكی بزوتنەوەی گۆرٍِان و كۆمەڵی ئیسلامیی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری بڵاودەكاتەوە كە رۆژی 14ی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن هەریەك لە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەیی ئیمزایان كردووە. لە رێككەوتنەكەدا ئەو سێ لایەنە لەسەر چەند خاڵێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان و هەماهەنگی لە هەڵمەتی بانگەشە و پێكهێنانی فراكسیۆنێكی یەكگرتوو یان ئیئتلافی فراكسیۆنەكان دوای هەڵبژاردنەكان رێككەوتوون. ئەمەش كۆپییەكی رێككەوتنەكەیە:
چەندین شێوازو رێگا هەیە بۆ دابەشكردنی كورسی قەوارەكانی هەڵبژاردن، عێراق لە ساڵی 2014 ەوەكار بە شێوازو رێگای سانتلیگۆی هەمواركراو دەكات كە لە 2014 دا شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوی (1.6) بۆ بەڵام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی 2018ی بڕیاریدا (1.7) پیادە بكرێت، ئەم شێوازە پێشتر رەخنەی زۆری لێگیرا بەو پێیەی بە زیانی ئەو لیستانە كۆتایی دێت كە كورسی كەم بەدەست دەهێنن و دەنگی كەمیان هەیە، بەو پێیەی بە دابەشكردنی دەنگەكانیان بەسەر 1.7 دا دەنگەكانیان كەمدەبێتەوە.ئەم شێوازەی سانتلیگۆ تەەها لە عێراقدا پیادە دەكرێت و لە هەرێمی كوردستان شێوازی بەركەوتەی هەڵبژاردن پیادەدەكرێت. لە مێژوودا شێوازی سانتلیگۆ لە وڵاتی سوید لەساڵی 1910 داهێنرا، یەكەمجاریش لەساڵی 1951 لە وڵاتی سوید و نەرویج پیادەكرا. كە ژمارەی دەنگی لیستەكان دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرا (1، 3، 5 ، 7، 9، ....)، كە ئەمیش لە قازانجی لیستەگەورەكان و زیانی لیستە بچوكەكان بوو، بەڵام دواتر شێوازی سانتلیگۆ گۆڕا بۆ ( 1.4 ) بە سانتلیگۆی هەموار كراو ناسرا. شێوازی دابەشكردنی كورسی لیستەكان بەسەر سانتلیگۆی هەمواركراودا كە لە ئێستادا بۆ عێراق ( 1.7 ) خشتەیەكی نموزەجی درووست دەكرێت و كۆی دەنگی لیستەكانی تیادادەنرێت، دواتر كۆی دەنگی لیستەكانی دابەشی ( 1.7 ، 3 ، 5 ، 7 ، 9 ، 11 ، ..... ) ژمارە تاكەكان دەكرێت، لە كۆتاییدا بەرزترین ژمارە كورسی یەكەم دەبات و دواتر كورسی دووەم و سێیەم... لێرەدا نمونەی دەنگی لیستەكان لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 لە پارێزگای سلێمانی كە (1168459) كەس مافی دەنگدانی هەبووەو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 كە (893226 ) كەس دەنگیان داوەبەرێژەی ( 76% ) و 18 كورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە بەهای كورسیەك لە پارێزگای سلێمانی ( 49623 ) دەنگە ، لیستی گۆڕان (347799) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (39%)و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (294265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە ( 6 ) كورسی بەدەستێنا، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (93410) دەنگ بەدەست بهێنێتبەرێژەی (10% ) و (2) كورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (81392) دەنگ وبەڕێژەی (9%) و ( 2 ) كورسی مسۆگەركردووە، لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (57102) دەنگ بەڕێژەی (6%)و توانی (1) كورسی بەدەست بهێنێت.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 12ی ئایار خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەدەچێت، كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای نەینەوا دابەشبووە بەسەر (6) لیستی جیاوازدا، بەهۆی پەرتبون و ئەو شكستانەی بەمدواییانە رویدا، دەنگەكانی كورد لەو پارێزگایە لەبەردەم هەڕەشەدایە. (درەو) میدیا لەم راپۆرتەدا شیكاری نەخشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا دەخاتەڕوو: پارێزگای نەینەوا نەینەوا دووەم گەورە پارێزگای عێراقە، رووبەری ئەم پارێزگایە دەگاتە (25 هەزارو 300 كیلۆمەتر چوارگۆشە)، شاری موسڵ مەڵبەندی پارێزگاكەیە، ژمارەی دانیشتوانی نەینەوا دەگاتە نزیكەی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەس، بەهۆی شەڕی داعشەوە، نزیكەی (500 هەزار) كەس لە دانیشتوانی ئەم پارێزگایە ئاوارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق بوون. نەینەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا پارێزگای نەینەوا (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (3 كورسی) وەكو كۆتا بۆ كەمینەكان دیاریكراوە: • ئێزدیی: یەك كورسی كۆتا • شەبەك: یەك كورسی كۆتا • مەسیحی: یەك كورسی كۆتا ژمارەی دەنگدەران لە نەینەوا لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (ملیۆنێك و 921 هەزارو 447) كەس بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەكە بووە بە (2 ملیۆن و 267 هەزارو 356) دەنگدەر، واتە زیاتر لە (345 هەزار) دەنگ زیادیكردووە كە ئەمەش چوار تەمەن دەگرێتەوە (1997- 1998- 1999-2000). كۆتای ژنان لە نەینەوا بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنانە، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە. نەینەوا كە (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (8) ژنی بەردەكەوێت. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوو كە ساڵی 2014دا لە هەموو لیستەكان (138) ژن خۆیان كاندیدكردبوو بۆ بردنەوەی (8 كورسییەكەی كۆتای ژنان)، لە ئەنجامدا ئەم ژنانە سەركەوتن بۆ پەرلەمانی عێراق: • ئینتیسار عەلی خزر/ متحدون للاصلاح • محاسن حمدون حامد/ متحدون للاصلاح • نورە سالم محەمەد/ متحدون للاصلاح • ڤیان دەخیل/ هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا • بەهار سلێمان عیسا/ هاوپەیمانی كوردستتانی لە نەینەوا • جەمیلە محەمەد سوڵتان/ ئیئتیلافی نیشتیمانی • نەهلە حسێن سەعدوڵا/ هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی • ساجیدە محەمەد یونس/ ئیئتیلافی عەرەبی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی لیستەكان ژنیان كاندید كردووە بە ئومێدی بردنەوەی كورسییەكانی كۆتای ژنان. لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (35) لیست و هاوپەیمانی بە (919) كاندید ركابەرێتی دەكەن لەسەر بردنەوەی (34) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. كورد لە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوادا بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە كۆی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەسی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا، (ملیۆنێك و 200 هەزار) كەسیان كوردن، ئەم پارێزگایە ژمارەیەك ناوچەی جێناكۆكی تێدایە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كە بریتین لە قەزاكانی (شەنگال- تلكێف- شێخان- حەمدانیە- تەلەعفەر- مەخمور) لەگەڵ ناحیەی (باشیك). لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد لەم پارێزگایە بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بەڵام ئەوانەیان كە كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە دوو لایەنی سەرەكی بوون كە بە هەردووكیانەوە لە كۆی (34) كورسی نەینەوا (8) كورسییان بردەوە: • هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان: (6) كورسی بردەوە • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (2) كورسی بردەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد بە (6) لیست بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، هەموو لیستە كوردییەكان لە نەینەوا (151) كاندیدیان هەیە: • پارتی دیموكراتی كوردستان: (61) كاندید هەیە • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (61) كاندیدی هەیە • لیستی نیشتمان: (5) كاندیدی هەیە • جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (11) كاندید هەیە • پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان: (4) كاندیدی هەیە • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (9) كاندیدی هەیە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی جەماوەری لایەنە كوردییەكان لە ناوچە جێناكۆكەكانی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەو ناوچانەدا دەستڕۆشتوو بووە. رووداوەكانی كەوتنی شەنگال و كوشتن و دەستگیركردنی سەدان خەڵكی ئێزدیی لەسەر دەستی چەكدارانی داعش و دواتر كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دەنگدەران دەبێت. لیستە عەرەبییەكان لە نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (17) لیستی عەرەبی هەن كە بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، ژمارەیەك لەو لیستانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن، هەندێكی تریان نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە، هەندێكیشان لیستی تێكەڵ و جیاوازن: • هاوپەیمانی فەتح: (60) كاندید هەیە، (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە پێكهاتووە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، رێكخراوی بەدر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی، كوتلەی منتصرون، حزب المهنیین للاعمار، بزوتنەوەی صادقون، حزب الطلیعە الاسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی لە عێراق، تجمع كفی صرخە للتغیر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی) • البناء و الاصلاح: (28) كاندیدی هەیە • رەوتی حیكمەی نیشتمانی: (60) كاندیدی هەیە و (عەممار حەكیم) سەرۆكایەتی دەكات • تجمع عراقیون للتغیر: (10) كاندیدی هەیە • التیار الوطنی العشائری فی العراق: (5) كاندیدی هەیە • ائتلاف كفاءات للتغیر: (40) كاندیدی هەیە • نینوی هویتنا: (62) كاندید هەیە و هاوپەیمانێتی لایەنە سوننەكانەو پێكدێت لەم لایەنانە (یەكێتی رۆڵەكانی عێراق، حزبی وەفا، بەرەی رزگاری توركمانی عێراق، حزبی حەل، اتحاد القوی) • تمدن: (61) كاندید هەیە و (فائق شێخ عەلی) سەرۆكایەتی دەكات • عراق الارض: 4 كاندیدی هەیە • سائرون: (23) كاندید هەیە، (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لەم لایەنانە (گردبونەوەی كۆماریی عێراق، حزبی شیوعی، حزبی ئیستیقامە، بزوتنەوەی لاوان بۆ گۆڕانكاری، دەوڵەتی دادپەروەر) • ئیئتیلافی النصر: (62) كاندید هەیە و (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات • النهج الدیمقراطي: 60 كاندیدی هەیە • هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی: (62) كاندیدی هەیە و (ئوسامە نوجیفی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی سوننەیە لە عێراق، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب للعراق متحدون، پرۆژەی عەرەبی لە عێراق، حزبی حەقی نیشتیمانی، حزبی مەجدی عێراقی، حزبی بانگەوازی نیشتیمانی) • تضامن: (48) كاندید هەیە و (وەزاح مالیك) سەرۆكایەتی دەكات، پێكهاتووە لەم لایەنانە (تجمع العزة الوطنی، امل العراقیة ) • حزبی جەماوەری نیشتمانی: (62) كاندید هەیە، (ئەحمەد عەبدوڵا جبوری) پارێزگاری سەلاحەدین سەرۆكایەتی دەكات • ئیئتیلافی نیشتمانی: (60) كاندید هەیە، (ئەیاد عەلاوی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب التقدم المدنی الحر، حزبی ویفاقی نیشتمانی، گردبونەوەی مەدەنی بۆ چاكسای، گردبونەوەی یەكێتی عێراقی، بەرەی رابون و چاكسازی عێراقی، حزب تصحیح الوطنی، المشروع الوطنی، عمل، وفاق، تجمع نهضة جیل، الخیار العربی، معاهدون) • هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی: (21) كاندیدی هەیە ئێزدییەكان دابەشبوون بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق دەگاتە (550 هەزار) كەس، زیاتر لە (100) هەزار كەسیان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات. ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە كۆنەكانی كورد، زۆرینەی ئێزدییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك ننیشتەجێن. سەرەتاكانی ساڵی 2014 هاتنی رێكخراوی داعش بۆ عێراق جارێكی تر ئێزدییەكانی دووچاری كارەساتێكی مێژویی كردەوە، چیرۆكی كوشتن و بردنی كچانی ئێزدی لە قەزای شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، هەموو جیهانی پڕكرد. بەپێی كۆتای كەمینەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی بۆ پێكهاتەی ئێزدیی لە پارێزگای نەینەوا تەرخانكردووە، بۆ بردنەوەی ئەو كورسییە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان دروستكردووە، سەرباری ئەوەش هەندێك لە لایەنە عێراقی و كوردییەكان خەڵكانی ئێزدییان لە لیستەكانیان كاندیدكردووە تاوەكو دەنگی ئێزدییەكان بۆخۆیان كێش بكەن. بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ لیست بە (6) كاندید ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی ئێزدییەكان دەكەن، لیستێكی تری ئێزدیش بە (16) كاندید چوەتە ناو كێبركێی بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەواوە. لیستی پارتە ئێزیدییەكان لە نەینەوا • تەڤگەری ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن: حاجی كەندور سمۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم بزوتنەوەیە بە 2 كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی پێكهاتەی ئێزدیی لە نەینەوا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەم حزبە كورسی كۆتای ئێزدیی لە نەینەوا بردەوە و بەوهۆیەوە حاجی كەندور سمۆ گەیشتە سەر كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاجی كەندور ئەمجارەش خۆی كاندیكردوەتەوە و سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی. • پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدیی: ئەمەش یەكێكی ترە لە پارتەكانی پێكهاتەی ئێزدیی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (2) كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكان لەسەر كورسییە كۆتاكەی ئێزدیی لە نەینەوا. • پارتی ئێزدیی دیموكراتی: ئەمە یەكێكە لە پارتە سیاسییە نوێیەكان لەناو پێكهاتەی ئێزدیدا، حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، كە بەمدواییانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوەوە و هێزێكی سەربازی دروستكرد بەناوی "هێزی پاراستنی ئێزدخان"، حەیدەر شەشۆ خۆی كاندید نەكردووە، حزبەكەشی كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نییە و بە (16) كاندید ركابەرێتی دەكات لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەوا، ژنێك بە ناوی (سۆنیا سالم حەسەن) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیی: ئەمەش حزبێكی نوێی پێكهاتەی ئێزدییەكانە، سەرەتاكانی ساڵی 2017 پێكهێنراوە و مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، (قەحتان عەلی) سەرۆكایەتی حزبەكە دەكات، دەوترێت باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YBS) یە، ئەم حزبە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە (2) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەكات لە نەینەوا. جگە لەو لیستانەی كە لەسەر پێكهاتەی ئێزدی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەمەبەستی راكێشانی دەنگی دەنگدەرانی پێكهاتەی ئێزدیی، ژمارەیەك كەسایەتی ئێزدییان لە لیستەكانیاندا كاندید كردووە. لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەسی ئێزدیی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێكیان (ڤیان دەخیل) بوو كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا كاندید بوو، ئەوی تر (حاجی كندور سمۆ) بوو كە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان خۆی كاندید كردبوو. هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەی ئێزدیی دەڵێن ئەگەر ئەو دابەشبونە سیاسییە لەنێوان ئێزدییەكان نەبوایە، ئەو پێكهاتەیە دەتوانێت (8) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە، بەمدواییانە و بەر لە نزیكبونەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەندێك هەوڵ هەبوون بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی ئێزدییەكان، بەڵام دواجار ناكۆكی و پەرتبون زاڵ بوو بەسەر یەكێتی و یەكبون. شەبەك لە هەڵبژاردنی نەینەوادا بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی كوردە شەبەكەکان لە عێراق نزیكەی (400 هەزار) كەس دەبێت، زۆرینەیان لە (57) گونددا لە دەشتی نەینەوا و ناحیەكانی (باشیك و بەرتەلە) و قەزاكانی حەمدانیە و تلكێف نیشتەجێن. کوردی شەبەك لەڕوی مەزهەبییەوە دابەشبوون، هەندێك سەرچاوە دەڵێن رێژەی 40%ی شەبەكەكان سەربە مەزهەبی شیعەن و ئەوەی كە دەمێنێتەوە سوننەمەزهەبن، سەرچاوەكانی تر باسلەوە دەكەن رێژەی 55%یان شیعە مەزهەب و 45%یان سوننە مەزهەبن. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكامی عێراق لە پارێزگای نەینەوا كورسییەكی كۆتای بۆ پێكهاتەی شەبەك دیاریكردووە، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (سالم جومعە خزر) كە لەسەر لیستی (ئەنجومەنی ئازادیخوازانی شەبەك) خۆی كاندید كردبوو، كورسییە كۆتاكەی پێكهاتەی شەبەكی بردەوە. بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ، ژمارەیەك لیست و كەسایەتی سەربەخۆ كێبركێ دەنگ لەسەر بردنەوەی دەنگی دەنگدەرانی شەبەك و كورسی كۆتای شەبەك: • گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی: یەكێكە لە حزبە سیاسییەكانی پێكهاتەی شەبەك، ئەم حزبە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات بەشداری هەڵبژاردن دەكات و لەو هاوپەیمانێتییەدا (2) كاندیدی هەیە، كاندیدەكان كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكان دەكەن نەك كورسی كۆتای تایبەت بە پێكهاتەی شەبەك. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنی 2014 بەهەمان شێوەی ئێستا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بۆ بردنەوەی كورسییە گشتییەكان بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (حەنین مەحمود ئەحمەد قەدۆ) ئەمینداری حزبەكە لەسەر لیستی هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. • رەوتی ئازادیخوازانی شەبەك: ئەم رەوتە بە (2) كاندید چوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سنوری پارێزگای نەینەوا، یەكەمین پارتی سیاسی پێكهاتەی شەبەكە لە عێراق، رۆژی 6ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە قەزای شێخان پێكهێنرا. سەرەرای لیستەكان، ژمارەیەك كەسایەتی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای شەبەك: • قوسەی عەباس • سالم محەمەد • یاساناس سەعد سالم سوڵتان مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی نەینەوادا بەپێی هەندێك ئاماری نارەسمی، بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003دا، لە دەشتی نەینەوا (ملیۆنێك و 500 هەزار) مەسیحی هەبوون، بەڵام بەهۆی شەڕی تائیفی لە عێراق و شەڕی داعش بەمدواییانە، ژمارەیەكی زۆریان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود لەناوخۆی عێراقدا ئاوارەبون. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی كۆتای بۆ مەسیحییەكان لە نەینەوا داناوە، سەرباری ئەو كورسییە كۆتاییە، حزب و لیستەكان چەندین كەسایەتی مەسیحییان كاندید كردووە. بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (7) لیستی مەسیحی كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن لە پارێزگای نەینەوا و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە. • ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: (2) كاندید هەیە • یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی: (2) كاندید هەیە • بزاڤی گردبونەوەی سریان: (1) كاندیدی هەیە • ئیئتیلافی كلدان: (2) كاندیدی هەیە • ئیئتیلافی رافیدەین: (2) كاندیدی هەیە • ابناء نەهرەین: (2) كاندید هەیە • بزوتنەوەی بابلیۆن: (2) كاندید هەیە
فارس محەمەد سادق، بەرێوەبەری گشتی كارگێریی لە ئۆفیسی سەرەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم كادری پێشكەوتووی یەكێتی لە هەولێر تیرۆركرا. بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە شەقامی سەد مەتری هەولێر و لەبەردەم سوپەرماركێتی فامیلی مۆڵ، بەدەستڕێژی گولــلە كوژراوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، فارس محەمەد سادق یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەرە و ئەندامی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی بووە و كادرێكی پێشكەوتوی یەكێتی بووە داواشی لە سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر كرد هەرچی زووە بكوژانی فارس محەمەد سادق بدۆزنەوە. ئەکاونتی فارس محەمەد سادق https://www.facebook.com/fars.mohammad
لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد ناوچە جێناكۆكەكانی لێ سنورداركراوە بۆ چالاكی سیاسی و حیزبی و تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنیش، ئێستا لایەنە كوردییەكان ناتوانن بە ئازادی لەو ناوچانە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن، لە ماوەی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی كاندیداكانی هەڵبژاردنی نەینەوای لە قەزای شێخان كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی كەركوكی لە قەرەهەنجیر كرد كە ناوچەی جێناكۆكە بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمدایە، هەروەها یەكێتی بانگەشەی كاندیداكانی پارێزگای دیالەی لە كەلار كرد لە كاتێكدا كورد لە خانەقین زۆرینەیە. ئەم نەمانی هەیمەنەیە و بەرتەسككردنەوەی چالاكی سیاسی لیستە كوردییەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بە زیانی گەورەی دەنگی كورد كۆتایی دێت لەو ناوچانە، چونكە كورد لە رابردوودا بەهۆی هەژموونی سیاسی و سەربازییەوە لەوناوچانە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە. لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری دەدات لەو رێگریانە لە لیستە كوردییەكان دەكرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان و راگەیەنراوەكەی ئاڕاستەی (سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، دەوڵەتمەداری عێراق، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق) كردووە و ڕایگەیاندووە، لە كەركوك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیكەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی ڕێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی ڕەسمی و یاسایین، بكرێتەوە، تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە " سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریی و ئەمنیی، پێچەوانەی دەستور و ڕێسای پەیوەندییەكانمانە، بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدوریشی نازانین، ڕوداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە". ................................ دەقی راگەیەنراوەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەنابی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ! دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق! سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز! لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان، زیاتر دەبێ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (6 مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شەنگار، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی تریش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی، رێگە نادەن، بارەگای حزبە كوردستانیەكان، كە حزبی رەسمیو یاسایین، بكرێتەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستوری لەسەر هێزە كوردستانیەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شارو شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرسو كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون. بەرێزینە! ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەریو ئەمنی، پێچەوانەی دەستورو رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووەو بەدوریشی نازانین، روداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە. بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە، بەزوترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاسایییو مافە سیاسیە بدەن. لەگەڵ رێزی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23/4/2018
ئاسایشی پارتی سێ كاندیدی لیستەكەی عەبادی لە دهۆك دەڕفێنێت ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك سێ كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لەو پارێزگایە دەڕفێنێت و داوایان لێدەكات لەو لیستە بكشێنەوە. ناسر بەگ بەرواری سەرۆكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای دهۆك بە " درەو میدیا"ی رایگەیاند دوێنێ یەكشەممە هێزێكی ئاسایشی پارتی سێ كاندیدی لیستەكەیان بەناوی " ئەنوەر مەعسوم مائی، فادیە حسێن ، عومەر عەلی " رفاندووە و بەیانی ئەمڕۆ ئازادیانكردوون. وتیشی ئەو سێ كاندیدە داوایان لێكراوە لەسەر تەلەفزیۆن كشانەوە بێ بەریبونی خۆیان لە لیستەكەی عەبادی رابگەیەنن و جوێن بە عەبادی بڵێن و ئەو كاتە هەر داواكارییەكیان هەبێت بۆیان جێبەجێ دەكرێت. سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی " النصر" راشیگەیاند سكاڵایان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارنەكردووە، بەڵكو لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیان لە بەغدا لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و 26 كاندیدی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە.
راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف موهەیمەن عەلی حەمدانی كاندیدی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك رایگەیاند: ئەوەی كوردەكان دەڵێن ئێمە بە هێز كەركوكمان داگیركردووە راست نیە، بەڵكو ئەمجارە ئێمە بەدەنگ كەركوك داگیردەكەین، رەنگە وتەی ئەم كاندیدەی پێكهاتەی عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەوان هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كەركوك وەك هەلێك لێی دەڕوانن بۆئەوەی پێگەی خۆیان تێدا بەهێزتربكەن لەكاتێكدا كە پێگەی كورد بەهۆی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەو پارێزگایە لاواز بووە. پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەمجارە لەناوچە جێناكۆكەكان، جیاوازتر بێت بۆ كورد لە هەموو ئەو هەڵبژاردانانەی كە لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدراون، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، كورد لەلایەك هەژموونی سیاسیی و سەربازی لەو ناوچانەدا هەبووە و بەو هۆیەوە بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە دەنگیان بە لیستە كوردییەكانداوە، لەلایەكی تریش بەردەوام لیستە كوردییەكان بەهۆی هەژمونیان بەسەر تەواوی دامەزراوەكانی ئەو ناوچانەدا ساختەكاری زۆریان كردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتودا ئەو دوو كارتەیان لەدەستدا نەماوە و ئەگەری پێچەوانەبوونی پرسەكە بوەتەوە بۆ پێكهاتەكانی دیكە، بۆیە ئەگەری دابەزینی دەنگی كورد لەوناوچانە زۆرە. لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد دەسەڵاتی لەو ناوچانە لەدەستداوە و پێگەكەشی لەو ناوچانە بەجۆرێك لاواز بووە، كە رەنگە بەشێكی زۆری كورسییەكانی لەو ناوچانە لەدەست بدات، ئەم هەڵبژاردنە رەنگە ببێتە ریفراندۆمێك بۆ دیاریكردنی سەنگ و پێگەی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە. دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان لەدوای كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن سوپای عێراقەوە، ئەوەی بۆ كورد جێگای مەترسییە لەو ناوچانە دابەزینی ئاستی دەنگەكانی كوردە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كە لەو پارێزگایانە كورد لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 دا ( 21 كورسی ) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێناوە، بەشێوەیەك كە لە پارێزگای كەركوك 8 كورسی بەدەستهێناوە ( 6 كورسی یەكێتی و 2 كورسی پارتی) و لە نەینەوا 10 كورسی بەدەستهێناوە ( پارتی 6 كورسی و 1 كورسی كۆتای ئێزدی، 1 كورسی كۆتای شەبەك، یەكێتی 2 كورسی) و لە دیالە 2 كورسی بەدەستهێناوە ( هەردووكیان هی یەكێتیە ) و لە سەڵاحەدین 1 كورسی هێناوە كە كورسی یەكێتیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگە كورد بەشێكی زۆری ئەو كورسیانەی لەدەست بدات، كە ئەویش پەیوەستە بە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلول، بەو پێیەی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوەو كورد 51%ی خاك و خەڵكی كوردستانی لەو ناوچانە لەدەستدا، بەجۆرێك لە كۆی ( 44330 ) كم2 تەواوی خاكی كوردستانی ناوچەی جێناكۆك كە 51.4%ی تەواوی خاكی باشووری كوردستانە، ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری هاوڵاتی كورد لە خورماتوو، كەركوك، شەنگال و ناوچەكانی نەینەوا ئاوارەن و رەنگە بەشێكیان بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن. - لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی. - بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پارێزگای نەینەوا لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 كە كورد لەو پارێزگایە 8 كورسی هەیە پارتی 6 كورسی بەركەوتووە لەگەڵ 2 كورسی كۆتاكان یەكێتیش 2 كورسی هەیە، واتا لە پارێزگای نەینەوای 8 كورسی هەیە كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران 2014 پارتی لەو پارێزگایە (185804 ) دەنگی هەبووە. - لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی رابردوودا ( 61807) دەنگی هەبووە كە دوو كورسی دەكات و هەردوكیان بەر یەكێتی كەوتوون. - لە پارێزگای سەڵاحەدینیش لە دووزخورماتو كورد (26901) دەنگی بەدەستهێناوە بەڵام كورسی بەدەست نەهێنا بە شێوەیەكی گشتی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( ناوچەی جێناكۆك) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 بەگشتی ( 18كورسی ) گشتی و ( 3 كورسی كۆتاكانی ) بەدەست هێناوە، ( 8 كورسی لە كەركوك ، 8 كورسی لەگەڵ 3 كۆتا لە نەینەوا، لە دیالە 2 كورسی ، لە سەڵاحەدین 1 كورسی ). ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی كورد لەو ناوچانە و پەرتەوازەیی كورد لەو ناوچانە و لەدەستدانی دۆسیەی ئەمنی و پۆستە كاریگەرەكان لەو ناوچانە چاوەڕوان دەكرێت كورد لە كەركوك كورسیەكانی لە 8 كورسیەوە بۆ 5 بۆ 6 كورسی كەمبكات، لە نەینەوا لە 11 كورسیەوە بۆ 6 بۆ 7 كورسی كەم بكات، لە سەڵاحەدین ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكە قورسە، لە دیالە كە 2 كورسی هەبووە پێشبینیدەكرێن یەك كورسی بەدەستبهێنێت، لە 21 كورسیەوە بۆ 13 بۆ 14 كورسی دابەزێت واتا 7 بۆ 8 كورسی كەمبكات. بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان گێمی دووەمی یاریەكە بدۆڕێنێت كە لە گێمی یەكەمدا تەواوی خاكی ناوچە جێناكۆكەكانی دۆڕاند، چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كورد دەنگی خەڵكەكەشی بدۆڕێنێت، بەو پێیەش كورد خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە بەتەواوی دەدۆڕێنێت.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، لە پارێزگای كەركوك 279 كاندید شەڕ لەسەر بردنەوەی 12 كورسی دەكەن لەگەڵ 1 كورسی كۆتا ، كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان هەموویان دابەشبوون بەسەر چەندین لیستی جیاوازدا، بەڵام تاڕادەیەك توركمانەكان لە پێكهاتەكانی تر یەكگرتووترن. كورسی كەمینەكان لە كەركوك ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (329) كورسییە، (320) كورسی دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا، (9) كورسی تەرخانكراوە بۆ كەمینەكان كە پێكهاتوون لە (مەسیحی- شەبەك- سابیئی- ئێزدیی- كوردە فەیلییەكان). پارێزگای كەركوك 13 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (1 كورسی) وەكو كۆتا بۆ مەسیحییەكانە. كۆتای ژنان لە كەركوك بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنان، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە. كەركوك كە (13) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (3) ژنی بەردەكەوێت. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوودا، بەهەمان شێوە كەركوك سێ كۆتای ژنانی هەبوو، ئاڵا تاڵەبانی وەكو كاندیدێكی ژن كە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی كاندیدكرد بوو توانی بەبێ (كۆتا) وەكو ژنێك سەركەوێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. (لەیلا عەلی خزر) كە بەهەمان شێوە لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندید بوو، بە (كۆتای ژنان) سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، (ئەمیرە كەریم مەردان) لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهەمان شێوە بە (كۆتای ژنان) سەركەوت. ژمارەی دەنگدەران لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە، هەڵبژاردنی پێشوو ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (870) هەزار كەس بوو، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە. لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بەشێوەیەكی گشتی (279) كاندید كە دابەشبوون بەسەر (23) لیست و هاوپەیمانێتیدا كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییەكانی كەركوك دەكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەمشێوەیەی خوارەوە: • بەرەی فەیلی: 3 كاندید • هاوپەیمانی فەتح: 23 كاندید • ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: 2 كاندید • یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی: 2 كاندید • رەوتی حیكمە: 18 كاندید • جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 11 كاندید • بەرەی توركمانی كەركوك: 18 كاندید • هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك: 24 كاندید • بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان: 2 كاندید • ئیئتیلافی كفاءات للتغییر: 14 كاندید • ئیئتیلافی كلدان: 2 كاندید • باب العرب: 23 كاندید • ئیئتیلافی رافیدەین: 2 كاندید • بیارق الخیر: 18 كاندید • حیزبی شیوعی كوردستان- عێراق: 9 كاندید • ئیئتیلافی النصر- سەركەوتن: 24 كاندید • یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 24 كاندید • بزوتنەوەی بابلییون: 2 كاندید • حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان: 4 كاندید • التضامن: 22 كاندید • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 11 كاندید • لیستی نیشتمان: 8 كاندید • ئیئتیلافی نیشتمانی: 23 كاندید كورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی بە یەك هاوپەیمانێتی گەورەوە لە كەركوك بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و بە (6) لیستی جیاواز بەشداربوون كە پێكهاتبوو لە لیستەكانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕِان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ هاوپەیمانێتییەك كە لەنێوان حزبەكانی شیوعی و سۆسیالست و زەحمەتكێشان) دروستكرابوو. لە هەڵبژاردنی 2014 دا، لایەنە كوردییەكان (8) كورسی كەركوكیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بردەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (6) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (2) كورسی. ئەوكات رەخنە لەوە دەگیرا كە كورد بەم پەرت پەرتبونە و دروستنەكردنی لیستێكی هاوبەش لە كەركوك زیانی بەردەكەوێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دۆخەكە لە هەڵبژاردنی پێشوو خراپتریشە، ئێستا كورد لە كەركوك بەهەمان شێوە (6) لیستی هەیە: بەمشێوەیە: • یەكێتی نیشتمانی كوردستان • جوڵانەوەی نەوەی نوێ • پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان • یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان • حزبی شیوعی كوردستان- عێراق • لیستی نیشتمان (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) • پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵبژاردنی پێشوو (2) كورسی كەركوكی بردەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پرۆسەكەی بایكۆتكردووە و دەڵێ لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوك داگیركراوە و ئامادە نییە لە شارێكی داگیركراودا بەشداری هەڵبژاردن بكات. یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەورەترین هێزی جەماوەری كەركوكە و خاوەنی (6) كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختی دەنگدەرانی كورددایە لە كەركوك، بەوپێیەی بەرپرسیارێتی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك دەخرێتە ئەستۆی. لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەكێتی توانی بەدەنگی كەركوكییەكان هەندێك پارسەنگی ئەو كورتهێننانە بكات كە لە دەنگەكانی لە هەرێمی كوردستان رویدا، بەڵام دیار نییە ئایا ئەمجارەش كەركوك دەبێتەوە بە فریادڕەسی یەكێتی یاخود نا ؟ لیستی نیشتمان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە و تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، خوازیارە گرێی كەركوك بكاتەوە و لەم هەڵبژاردنەدا لانی كەم كورسییەكی كەركوك بباتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنیان كرد لە كەركوك و هیچ كامیان نەیاتوانی كورسییەك ببنەوە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، یەكەمجارە لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەهۆی ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك چوەتە ناو هەڵبژاردنەوە، زیانی ئەوەی بەردەكەوێت كە ناتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورسایی خۆی لەو پارێزگایە بزانێت. حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموكرات كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە چوارچێوەی لیستێكی هاوبەشدا بەشدارییان كرد، لەم هەڵبژاردنەدا بە جیا جیا لیستیان هەیە، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە دەنگی لایەنگرەكانی ئاڕاستەی كاندیدەكانی ئەو بكات، بەڵام پارتی تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی لەوبارەیەوە هیچ بانگەوازێكی ئاڕاستەی لایەنگرەكانی نەكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو ئەمجارەش بە لیستی سەربەخۆ لە كەركوك بەشداری كردووە، ئەویش هاوشێوەی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان چاوی لە دەنگی پارتییەكانە. عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا عەرەبەكانی كەركوك هاوشێوەی كورد نەیانتوانی لیستێكی هاوبەش دروستبكەن و بە حەوت لیست بەشدارییان كرد، عەرەبەكان (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە: لیست و هاوپەیمانێتییەكانی عەرەب لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی رابردوو بەمشێوەیە بوو: • هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی (پارتی گەل، حزبی شیوعی عێراق، رەوتی دیموكراتی، چەند كەساییەتییەك) • ئیئتیلافی عێراق (عەبدولسەلام جبوری سەرۆكایەتی دەكرد) • جەبهەی عێراقی عەرەبی (ئەحمەد مەولود جبوری سەرۆكایەتی دەكرد) • ئیئتیلافی عەرەبی (محەمەد عەلی تەمیم جبوری وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد) • ئیئتیلافی عەرەبی كەركوك (عەبدولڕەحمان مونشید عاسی سەرۆكایەتی دەكرد) • الجبهة العربیة للانقاذ (عومەر خەلەف جەواد سەرۆكایەتی دەكرد) بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمان شێوە عەرەبەكانی كەركوك دابەشبوون بەسەر چەند لیستێكدا كە ئەمانەن: • لیستی التضامن (شێخ وەزاح سەدید سەرۆكایەتی دەكات) • رەوتی حیكمە (عەممار حەكیم) • ئیئتیلافی نەسر (حەیدەر عەبادی) • بیارق الخیر (خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق) • ئیئتیلافی نیشتمانی (ئەیاد عەلاوی) • باب العرب (شێخ وەسفی عاسی سەرۆكایەتی دەكات) • هاوپەیمانی فەتح (هادی عامری) • هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك ( ئەمە گەورەترین هاوپەیمانێتی لایەنە عەرەبییەكانی كەركوكە و پێكدێت لە: یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان، پرۆژەی عەرەبی، للعراق متحدون، حزبی حەل، حزبی حەق). توركمانەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا توركمانەكان لە كەركوك بە دوو لیست بەشدارییان كرد و (2) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە: • بەرەی توركمانی لە كەركوك ( گەورەترین هاوپەیمانی لایەنە توركمانەكان بوو، لە 11 حزبی توركمان پێكدەهات، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتی دەكرد). • هاوپەیمانی توركمانی كەركوك (پێكهاتبوو لە بەرەی توركمانی ئازاد، یەكێتی ئیسلامی توركمانەكانی عێراق، رێكخراوی بەدر، حزبی دەعوەی ئیسلامی، حزبی فەزیلەی ئیسلامی، قەوارەی سادقون، رەوتی چاكسازی نیشتمانی) بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران توركمانەكان لیستیكیان هەیە بەناوی (بەرەی توركمانی كەركوك) و لەم لایەنانە پێكدێت: • بەرەی توركمانی عێراقی • حزبی عەدالەی توركمانی • حزبی توركمان ئیلی • بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمانی • حزبی قەراری توركمانی سەرەڕای ئەم هاوپەیمانێتییە، لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانی عێراقیش خەڵكی توركمانیان لە لیستەكانیان كاندید كردووە كە دەكرێت دەنگی توركمانەكانی كەركوك بۆ خۆیان ببەن. مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كەركوكدا لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ بردنەوەی تەنیا (1 كورسی كۆتا)، مەسیحییەكان بە (9) لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، بەڵام كە گەورەترینیان لیستی رافیدەین بوو لەو هەڵبژاردنەدا تاكە كورسییە كۆتاكەی كەركوكی بردەوە و (سەركۆن لازار سڵێوە) لەسەر پێكهاتەی مەسیحی كەركوك بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەسیحییەكان بە (7) لیست بە شداری هەڵبژاردنیان كردووە بۆ بردنەوە كورسییە تاقانەكەی كەركوك و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە. لیستە مەسیحییەكانی كەركوك: • ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری • یەكێتی بیت نەهرەینی نیشتمانی • بزوتنەوەی گردبونەوەی نیشتمانی • ئیئتیلافی كلدان • ئیئتیلافی رافیدەین (بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری- زوعا) • ابناء النهرین • بزوتنەوەی بابلییون
لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 ، (1383) پێشێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات، ئەم ئامارە لە بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستاندا هاتووە كە بەبۆنەی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا بڵاویانكردۆتەوە، هاوكات تەنها لە 4 رۆژی خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئەم دواییەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دژ بە پاشەكەوتی موچە 78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 48 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە( بەپێی راپۆرتی سەنتەری میترۆ) . هەموو ئەو پێشێلكاریانە كە تیرۆركردن و دەستگیركردن و لێدان و رفاندن و جۆرەكانی دیكەی پێشێلكاری لە خۆ دەگرێت لە كاتێكدایە، كە بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی یاسای رۆژنامەگەری ، رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان ئازادەو رۆژنامەنووس مافی روماڵ و كاری رۆژنامەنووسی هەیە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكان و و چالاكیە گشتیەكان، بەڵام بەردەوام رۆژنامەنووسا نلە روماڵكردنی چالاكیەكاندا روبەروی لێدان و رێگری و پێشێلكاری دەبنەوەو كەسیش لەسەر ئەو پێشێلكاریانە سزا نادرێت. ................................... دەقی بەیاننامەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی دا ڕۆژنامەنووسانی ئازیز ئەمڕۆ لێرە كۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، بۆ یادكردنەوەی مێژوو، سیمبوڵ و ڕێنسانسێك و شۆڕشێكی ڕاگەیاندن، فكری، نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەكەی، بە دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردستان لە 22 نیسانی 1898. ئەم ڕێنسانسە فەرهەنگییە لە هەلوومەرجێكدا خۆی ڕاگەیاند، كە وڵاتانی زلهێز و نەیارانی گەلی كورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، یان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەكانەوە پشتیوانی سیاسی و سەربازی، تەنانەت فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانیش دەكران. بەڵام لەو هەلوومەرجە دژوارەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، سەردەمی ترس و فۆبیا و خەفەقانی ئەواندا، نەك ڕێگەیان نەدەدا كورد تەعبیر لە خواستەكانی خۆی بكات، تەنانەت بە دەیان نوسەر، رۆشنبیر و سیاسی كوردیان تیرۆر كرد و تەنانەت هەوڵی تیرۆركردنی میقداد بەردخانیان دا بۆیە بە ناچاری پەنای بردە بەر دەرەوە و لە تاراوگە ڕۆژنامەكەی دەركرد. ڕۆژنامەنووسانی ئازیز و خۆشەویست بەڵام ئەم هەوڵانەی وڵاتانی داگیركار بەرامبەر گەلی كورد، هەرگیزاو هەرگیز بە ئێستاشەوە نەیتوانی و ناتوانێ ئەم خەون، خولیا و مافە سادە بۆ ژیان و تێكۆشان و ڕۆژنامەوانی و ئازادی لێ زەوت بكات و لێ بسێننەوە، باشترین بەڵگە و فاكت، هەر ئەو ئامادەگییەی ئێوەیە لەم مەیدانەدا، ئەو ئەفراندنەیە، كە ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە دوای ڕاپەرین بونیادیان ناوە بە دەركەوتنی، ئەو سەدان كەناڵە، كە لە هەرێمی كوردستان پەخش دەكەن و ئەو هەزاران ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانەیە، كە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە فەراهەمكردنی ئازادیدا ڕۆژنامەگەری كوردی ڕۆڵی گەورەی بینیوە و هەنگاوی گەورەی ناوە لە پراكتیزەكردنی دیموكراسی و فەراهەمكردنی ئازادیدا و یەكێك بوە لە پایەكانی دیموكراسی و فەراهەمكردنی خواستەكانی خەڵك. بەڵام ئەوەش ڕاستە، كە هێشتا یاساكانی كاری ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35) ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە (11) ساڵی 2013، یاسای مافی خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێنەكراوە و كاری ڕۆژنامەنووسی وەكو پیشە سەیر ناكرێت و بە حرفیەیی نەكراوە. هێشتا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بكوژەكانیان دیاری نەكراون و بە سزای تاوانەكانیان نەگەیشتوون، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) ونە و بكەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێك بە خانەوادە و كەسووكاری چاوەڕوانی ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە. هێشتا ئاماری پێشێلكارییەكان مایەی نیگەرانییە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەكانیان زۆرتر و زیاتر كەڵەكە دەبن و ڕێگری و ئاستەنگ لەم ناوچە یان ئەو ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە پێش و ڕێز لە پیشەی ڕۆژنامەنووس ناگیرێت. ئامارەكان دەڵێن لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 (1383) پێشلێلكاری بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی كەمترین كەس و لایەنی پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانی ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەكان زۆرتر دەكات. ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و خاوەن قەڵەم ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانە لەو پێشێلكاریانە و بەتایبەتی بەمدواییە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستان ڕوویدا، بەتایبەت لە شاری هەولێر زۆرترین پێشێلكاری ڕوویدا و سوكایەتی بە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان كرا. بۆیە بەڵێن دەدەین بەردەوام لە پشت خواست و داواكانتانەوە بین بۆ پاراستنی مافەكانتان و بەدیهێنانی ئازادی و زۆرتر و فەراهەمكردنی خواست و داواكارییەكانتان. كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكارانی بەڕێز ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری دەكەینەوە، كە خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆیە جیالەوەی پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران بەپێی پرەنسیپەكانی كاری ڕۆژنامەوانی مامەڵە بكەن و ڕێز لە فكر و ئایدۆلۆژیای جیاواز یەك بگرن، پێویستە هانی خەڵكی كوردستان بدرێت وەكو پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیر بكرێت و لە هەمانكاتدا لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێم و لایەنەكان پێویستە ڕێز لە میدیاكاران بگرن و هاوكاریان بكەن و پێشێلكاریان دەرهەق ئەنجام نەدەن، بەتایبەت لە ڕۆژی دەنگداندا، كە ئەزمونێكی خراپمان هەیە لە مامەڵەی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا. ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز بۆ چارەسەری گرفتەكانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە كوردستان داوا دەكەین، بە پەلە كۆنگرەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان شەفاف و ڕوون ببەسترێت بۆ چاكسازی لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان. هیوادارین یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، ببێتە سەرەتایەكی باشتر بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ چاككردنی بارودۆخی سەندیكاكەتان. بەرز و بەڕێز بێت یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان 22 نیسانی 2018
راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز دەبێت، هەڵبژاردنێك كە ئەگەر یەكێتی مامەڵەیەكی دروستی لەگەڵدا نەكات دوور نیە هاوشێوەی ئەزمونی 25/7/2009 بەسەردا نەهێنێت، كە ئەو كات بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی دەنگی یەكێتی بۆخۆی برد، بەڵام ئەوكات لەبەر ئەوەی یەكێتی بەیەك لیست لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەشدار بوو، كەمكردنەوەی كورسییەكانی زۆر دەرنەكەوت، بەڵام ئێستا یەكێتی كە بە لیستی سەربەخۆی خۆی بەشدارە لە هەڵبژاردنەكان، ئەگەر دەستوەردانی هێزی هەرێمایەتی نەبێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێشبینیدەكرێت لیستەكەی بەرهەم ساڵح زیاتر لە 50%ی دەنگەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت، هەرچەندە بەرهەم ساڵحیش خاڵی لاوازی هەیە بەتایبەت لەوەی كە گوتارەكانی لاستیكین و رادیكاڵ نین بەرامبەر بە دەسەڵات كە تا ئەمڕۆش رادیكاڵبون لەبەرامبەر پارتی و یەكێتی خاڵی بەهێزە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و شەقامی ناڕازی، وەك ئەوەی نەوشیروان مستەفا كردی لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئاستی ململانێی لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەكان گەیاندە مریشكەرەشە، بەڵام بەپێی هەموو ئاماژەكان ئێستا لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێك لە دەنگی ناو یەكێتی بۆخۆی دەبات بەهۆی ئەوەی: 1- جەماوەری یەكێتی لەسەركردایەتیەكەی بێزارە و لەدوای مردنی مام جەلالیش یەكێتی نەیتوانی سەركردایەتیەكی نوێ هەڵبژێرێت و سكرتێر یەكلابكاتەوە و بەیەك جەستەوە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەبكات، بەمانایەكی تر یەكێتی بەجەستەیەكی شەكەتەوە دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە. 2- لەناو خودی یەكێتیدا بەشێكی زۆری سەركردایەتیيەكەی وەلائیان بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح هەیە و بە ئاشكرا بانگەشە بۆ لیستەكەی دەكەن. 3- پێشتر بەرهەم ساڵح لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی ناوەندی بڕیاریان دروستكرد و ئێستاش زۆرینەی ئەو ناوەندە وەلائیان بۆ لیستەكەی ئەو هەیە. 4- یەكێتی بە دوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەكات و بەتەواوی ناكۆكن لەو بارەیەوە، باڵی كۆسرەت رەسوڵ وەك هاوڕێیەكی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەو لیستەدا دەكەن و دەشوترێت لە هەندێك ناوچە كاری بۆدەكەن، بە پێچەوانەوە ماڵی مام جەلال و مەلا بەختیار بە سەختی دژایەتی دەكەن. 5- بەشێك لە سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵحن و چاوەڕوان دەكرێت لە ناو هێزە چەكدارەكاندا بەرهەم ساڵح دەنگێكی زۆر بەرێت. 6- یەكێتی دەستیكردووە بە دوورخستنەوە و پاككردنەوەی خۆی لە بەرهەمییە كان، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی دەست بۆ سەركردە سەربازی و دیارەكانی بەرێت كە بە ئاشكرا كار بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەكەن، چونكە ترسی هەیە بەدەستبردن بۆ ئەوانە هێندەی تر شیرازەی یەكێتی تێكبچێت ودواجار زۆرینەی دەنگەكانی یەكێتی بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح بچن. 7- پێشتر هەموو ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی ناو یەكێتی كە لە داخی سەركردایەتیيەكەیان دەنگەكانیان دەدا بە لیستەكانی دەرەوەی یەكێتی، ئەمجارە دەنگەكانیان بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەچێت. ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ئاڵۆزدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح، هەنگاوی دوورخستنەوە و بەوتەی خۆیان (پاككردنەوەی یەكێتی ) لە بەرهەمیيەكان و نانبڕینیان، بە زیان بۆخۆیان دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی پێشتر ئەزمونی لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، كە یەكێتی بەشێكی زۆری لێ نانبڕاوكردن، كە ئەو پرۆسەیە تا ئێستاش زیانی بە ناوبانگ و پرەنسیپەكانی یەكێتی و دەنگەكانی گەیاندووە، بۆیە دووبارەكردنەوەی هەمان ئەزموون، دواجار بە قازانجی گەورەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح تەواو دەبێت، هەر هەنگاوێكی لەوشێوەیە زیادكردنی دەنگێكە بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح، لەماوەی رابردوودا یەكێتی چەندین بڕیاری دەركردووە بۆ دەركردنی كادرەكانی، لەوانە دەركردنی ژمارەیەك كادری لە دهۆك لە سۆران لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، ئەمانە ئەگەر لەژێر فشاری بەشێك لەلایەنگرانیدا بێت بەوەی پێویستە ئەوانە دەربكرێن، بەڵام دواجار زیانەكەی یەكێتی خۆی دەیدات، دوا بریاریش لێپێچینەوە و سەندنەوەی موڵك و ماڵی یەكێتی بووە لە بەرهەم ساڵح، بەڵام بە ئەنجامەكەی لە قازانجی بەرهەم ساڵح بووە، بەو پێیەی بەپێی نوسراوێكی دلێری سەید مەجید بەرپرسی مەكتەبی ئیدارەی گشتی یەكێتی، شایەدی بۆ بەرهەم ساڵح دەدات كە هەرچی موڵكی ماڵی لا بووە گەڕاندویەتیەوە بۆ ئیدارەی گشتی و ئەستۆپاكییەكی زۆری بۆ دەكات، واتا ئەو هەنگاوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە قازانجی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات. یەكێتی چۆن مامەڵە بكات هەموو ئاگایانی سیاسی كۆكن لەسەر ئەوەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات، بەڵام یەكێتی چۆن دەتوانێت كەمترین زیان بكات لەم هەڵبژاردنەدا. 1- دورخستنەوەی دەموچاوە كۆنەكانی یەكێتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەتایبەتیش ئەوانەی كە جەماوەری یەكێتی لێیان بێزارە. 2- هەرجۆرە دژایەتیيەكی توندی یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح، یەكێتی دووجار زیانی لێ دەكات، بەو پێیەی دژایەتی بەرهەم ساڵح واتا دژایەتی یەكێتی، چونكە ئەو لە دوو وێستگەدا نوێنەری باڵای یەكێتی بووە، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەلایەكی تریش دژایەتیكردنی دەبێتە هۆی راكێشانی سۆزو عەتفی لایەنگرانی تری یەكێتی بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح. 3- كێبەركێی توند و هەڵدانەوەی فایل و فایلكاری بەرهەم ساڵح خۆسەرقاڵكردنی پێیەوە، بچوكبونەوەی ململانێ و كێبەركێی یەكێتی لەتەواوی پرسەكانی كوردستانەوە بۆ تەنها گۆشەیەك كە ئەویش شەڕكردن لەگەڵ جەستەی خۆت كە تا دوێنێ لەگەڵت بووە، بە مانایەكی تر بچوكردنەوەی خەمی گەورەی یەكێتیيە و راكێشانی سەرنجی لایەنگرانە بۆ پرسێك كە تا قسەی زیاتر لەسەر بكرێت كاریگەری خراپتری لەسەر یەكێتی دەبێت. 4- توندبوونەوەی ململانێكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح دوور نیە سەر بكێشێت بۆ لێكترازانی گەورەتر لەناو یەكێتی بەو پێیەی كۆمەڵێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە ئاشكرا لەگەڵ بەرهەم ساڵحن و بەشێكی دیكەش هاوسۆزن لەگەڵى. 5- یەكێتی ئەتوانێت دەست بۆ كارتی گەورەتر بەرێت لەم هەڵبژاردنە، كارتێك كە پەیوەستبێت بە ژیانی هاوڵاتیان و پرسی نەوت و ئابوری و چۆنیەتی مامەڵەكردن و كاریگەری دروستكردن لەسەر بەغداد، بەم شێوەیە لەلایەك دەبێتە خاوەن روئیایەكی رون كە ئێستا چی لایەنگرانی و چی هاوڵاتیانیش نازانن بەرنامەی روونی یەكێتی چیە بۆ دۆخی ئەمرۆ، لەلایەكیش سەرنجی لایەنگران و شەقامیش لەسەر بەرهەم ساڵح كەمدەكاتەوە. 6- یەكێتی ئەتوانێت بە كۆمەڵێك سەركردەی گەنج و دەموچاوی نوێوە هەڵمەتەێكی باشی هەڵبژاردن بكات و خۆی پاكبكاتەوە لەگەڵ لانی كەم لایەنگرانی خۆی، كە هەست بە ساردیيەك دەكرێت بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن. 7- یەكێتی خاوەن سەركردایەتیيەكی پەرتەوازەیە، ئەم پەرتەوازەیيە كاریگەری دروستكردووە لەسەر پەرتەوازەیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا، بەشێك لەسەركردایەتیيەكەی ئەوەی تا ئێستاش لای جەماوەرەكەی خۆشەویستە، گەرموگوڕیان پێوە دیار نیە، لەبەرئەوەی دەیانەوێت شكستی هەڵبژاردن بخەنە ئەستۆی ئەو مەكتەب سیاسییانەی كە ئەوان پێیان وایە شكستیانهێناوە و هۆكاری سەرەكی شكستەكانی یەكێتین. ئێستا یەكێتی بەتەواوی دركی بەوە كردووە كە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی دەبات، دەشزانێت هێشتا بەشێكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی هاوسۆزن لەگەڵی، بۆیە لەبەردەم چوار بژاردەدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح: یەكەم/ دروستكردنی فشاری توند و هێرشی ئیعلامی و هەڵدانەوەی فایل بۆ بەرهەم ساڵح، كە ئەمەیان مەترسی هەیە لێكترازانی تر دروست بێت لەناو حزبەكە و بە زیانی یەكێتی بشكێتەوە. دووەم/ بێدەنگیش لە ئاست هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح مەترسی ئەوەی هەیە، كە لایەنگرانی تری یەكێتیش دەنگ بەو لیستە بدەن و لیستەكەی فراوانتر بێت. سێیەم/ خستنەرووی پرۆژەی بەدیل و بەرنامەی روون و گوتاری رۆشن لە ئاست پرس و قەیرانەكانی هەرێم، كە ئەمەیان لەلایەك شەپۆلی فراونبوونی بنكەی جەماوەری لیستەكەی بەرهەم ساڵح رادەگرێت، لەلایەكیش كادرو لایەنگرانی خۆشی گەرمتر و بەرچاورونتر دەكات. چوارەم/ دەبێت یەكێتی بەشی ئەوە تیا بهێڵێتەوە، كە لەدوای هەڵبژاردن ئەگەری هاوپەیمانێتی و پێكەوەكاركردن ماوە لەگەڵ یەكێتی، بەو پێیەش یەكێتی لە هەردوو بژاردەی یەكەم زیان دەكات و لە بژاردەی سێیەمدا سودمەند دەبێت.
بەهای كورسیەك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان درەومیدیا بەهای كورسی بە پێی ئاستی دەنگدان دیاری دەكرێت و لە ژمارەی دەنگدەری راستەقینە دەردەكرێت، لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. - بەهای كورسیەك لە پارێزگای هەولێر ( 49.632 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 744489) كەس دەنگی داوە بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 893226) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی لەو پارێزگایە. - لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 490452 ) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی لەو پارێزگایە. بەڵام مەرج نیە كاندید بەدەنگی بەهای كورسیەك بەدەستبهێنێت، بەڵكو بەرزترین دەنگی كاندید لەناو لیستەكەدا دەردەچێت و دەنگەكەی پڕدەكرێتەوە بە بەدەنگی ئەو كاندیدانەی دەرناچن.
زۆرینەی كاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەنگی لیستەكانیان دەچنە پەرلەمان نەك بەدەنگی خۆیان، لەكۆی 328 پەرلەمانتاری ئێستای عێراق كە لە هەڵبژاردنی 30 ی نیسانی 2014 هەڵبژێردران، تەنها 19 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان، واتا 6%ی پەرلەمانتاران، بەو پێیەش 309 پەرلەمانتاری بەدەنگی حزبەكانیان چونەتە پەرلەمان. لە هەرێمی كوردستانش لەكۆی 44 پەرلەمانتار تەنها 7 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە، بۆیە لەكۆی 18 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش:. ئارام شیخ محەمەد لە لیستی گۆڕان ( 150613 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. شێركۆ میرزا محەمەد مەنگۆری لە لیستی یەكێتی ( 83.663 ) دەنگی بەدەستهێنابوو موسەنا ئەمین لە لیستی یەكگرتوو ( 51.587 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای هەولێر كە بەهای كورسیەك ( 49.632 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 15 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش : ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیستی یەكێتی ( 76.380 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. سەلیم هەمزە شوشكەیی سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی ( 59.492 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. ئەردەڵان نورەدین سەرۆكی لیستی پارتی ( 57.496 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 11 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 1 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەویش : جەمال ئەحمەد كۆچەر ( 51.358 ) دەنگی بەدەستهێنابوو.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا لە پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، كە 12 لیست لە پارێزگای سلێمانی كێبەركێ دەكەن كە 211 كاندیدیان هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق. بەڵام بەپێی زۆرێك لە پێشبینیەكان، سەرۆكی 7 لیست دەردەچن بۆ پەرلەمان ئەوانیش لیستەكانی ( گۆڕان ، یەكێتی، یەكگرتوو، پارتی، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ) لەگەڵ 4 كاندیدی ژن، كە دەكاتە 11 كاندید دەردەچن، ئەوەی دەمێنتەوە تەنها 7 كورسیە واتا 200 كاندید كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 7 كورسی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف یەكێتی پەرێشانترین هێزی هەڵبژاردن ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەرفراونە، بەوەی لە ساڵی 1976 ەوە شەهید دەدات و بەهەزاران خانەوادەی شەهیدی هەیە، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرە رۆژنامەنووس و نوسەر و رۆشنبیر و خوێنی نوێ و گەرمە سیاسییەی كە هەیەتی، بەڵام ئێستا ئەم هێزە بەهۆی باڵباڵێن و نەبوونی گوتارێكی روون بۆ پرس و پێشهاتەكان، ئەم هێزەی سەرگەردان كردووە، قۆرغكردنی سەركردایەتی و بڕیاربەدەستی ئەم هێزە، لەلایەن كۆمەڵێك دەموچاوەوە ئەم هێزەی بەجۆرێك پەرێشان كردووە، كە نازانێت لەكوێوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەكانی بەردەمی ببێتەوە، چی ئاڵنگارییە دەرەكییەكان چی ناوخۆییەکان، كە یەكێتی لەناوە و دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت، كێشە ناوخۆییەكانی كەمتر نین لە كێشە دەرەكییەكانی. لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی خاوەنی گوتار و بەرنامەیەكی روونی نیە، دروشمی سەرەكیان ( بەدەستهێنانەوەی ئایندەیە) واتا خۆیان بڕیاریانداوە ئایندەیان لە دەستداوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەن، ئێستا یەكێتی هێزێكی پەراوێزخراوی سەرگەردانە، بەتەنها ماوەتەوە، ژمارەیەك لیستیش چاویان بڕیوەتە دەنگەكانی، هەرچەندە ئێستا یەكێتی رووی تیرەكانی لەو هێزە نوێیانەن كە چاویان لە دەنگەكانیەتی، بەڵام ئەوەی جەستەی یەكێتی شەكەت كردووە سەرەڕای ململانێ و یەكترشكاندنی باڵەكانی، دۆستە هاوپشتەكەیەتی كە ئێستا ئەویش پشتی تێكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەماوەی رابردوودا پارتی بۆ میكیاژكردنی دەسەڵاتی خۆی، هەمیشە یەكێتی بەكارهێناوە و یەكێتیش هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو حوكمرانییە بووە كە هەمیشە هێلکەكەی بۆ پارتی بووە و ریقنەكەشی بۆ یەكێتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبری گەشەكردن، بە بەردەوامی ئاستی دەنگەكانی كەمیكردووە، بۆنمونە لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی ( 349.164 ) دەنگ زیاتر لە ( 207.168 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (60%)ی دەنگەكانی سلێمانی ، لە هەڵبژاردنی 2005 ی لە كۆی (736.734) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ( 485.718) بە رێژەی (66%)، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 لە كۆی ( 1.168.459 ) زیاتر لە ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) واتا لە ماوەی 26 ساڵدا لەبری گەشەكردن بەرێژەی ( 27%) دەنگەكانی كەمیكردووە. دابەزینی كێرڤی دەنگەكانی یەكێتی هێندەی پەیوەستە بە ناوخۆی ئەو حیزبە و سەركردایەتییەكەی، هێندە پەیوەست نیە بە كارتێكەرە دەرەكییەكان، ئەم هێزە لە رابردوودا هەمیشە خۆی نوێ دەكردەوە و لە ئاستی كێشە و گۆڕانكارییەكاندا هەڵوێستی جدی هەبوو، بەڵام نەخۆشی ناوخۆیی یەكێتی و ململانێ و ناكۆكی سەركردایەتییەكەی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی و خێزانی بەتەواوی ئەو هێزەی دوورخستەوە لە بەرنامە و پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی، ئێستا ناوەندی بڕیاری ئەو هێزە دیار نیە، هەركەسەو خۆی بە جەمسەر و باڵی سەرەكی دادەنێت، بەڵام جەوهەری بڕیاری یەكێتی لە ماڵی تاڵەبانییەوە دەدرێت و ئاسۆكانی داهاتووش بەرەو ئەوە دەڕۆن كە دواجار یەكێتی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی دەڕوات و دواجار ماڵی مام جەلال دەبنە چەقی بڕیاری سیاسی ئەو حزبە. یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 21 كورسی هەبووە ( سلێمانی 6 كورسی، كەركوك 6 ، هەولێر 4 ، دهۆك 1 ، دیالە 2 ، نەینەوا 2 كورسی ) بەو پێیەش یەكێتی لە سلێمانی ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) و 6 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر ( 168.688 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 23%) و 4 كورسی بەدەستهێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش ( 37.457 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 1 كورسی واتا لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكێتی ( 11) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا سەرەڕای بزوتنەوەی گۆڕان كە بەردەوام دەنگی یەكێتی بردووە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكە ئەمجارە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات هەروەك و لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی برد، سەرەرای لیستەكەی د. بەرهەم، جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، واتا یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا نەشتەرگەییەكی گەورەی بۆ دەكرێت و رەنگە ئەم هێزە بەشێك لە جەستەی لێبكرێتەوە و بچوكتر بێتەوە، وەك ئەوەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دانی بەوەدانا كە دەنگەكانیان دادەبەزێت. ئێستا قسەكە لەسەر ئەوە نەماوە دەنگەكانی یەكێتی بە دروستبونی لیستەكەی بەرهەم ساڵح كەم دەكات، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە كامیان زۆرتر دەنگی یەكێتی دەبەن، لیستی یەكێتی یان لیستی هاوپەیمانی و دادپەروەری. ئێستا یەكێتی پەرێشانترین هێزی ناو هەڵبژاردنەكانە، نەك وەك ساڵانی رابردوو ڕکابەری پارتی و گۆڕان نیە، بەڵكو بوەتە رکابەری هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، چونكە بە روونی دەزانێت، ئەوەی دەنگی یەكێتی دەبات ئەو دوو هێزەن، نەك گۆڕان و پارتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە( 1/6/1976 دامەزراوەو سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە، لەو كاتە تا كۆچی دوایی تاڵەبانی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكەن. لەماوەی چوارساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتییانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەڕای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام هێشتا حكومەتداری لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوەدەبات. خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1-هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكستان و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا رویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە، چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان، حكومەت هەڵدەوەشایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حێزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامەو پرەنسیپی حیزبی نەرۆیشتووە هێندەی بەرژەوەندی ئاڕاستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێ. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكەو بەشێك لەسەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لێیان دراوەو كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتداو لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لێستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی بە بەرهەم ساڵح كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردانی ناو یەكێتی كە بڕیاری ناویەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكانەوە، ئەمە زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە لاوازانەدا كۆمەلێك خاڵی بەهێزی هەرماوە، بەو پێیەی یەكێتی خاوەنی بنكەی جەماوەری خۆیەتی و خاوەندی هەیكەلی حیزبی و هێزوو دەسەڵاتی حكومداری خۆیەتی لەناوچەی سەوز، واتا كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی كەمترین كاریگەری هەبووە لەسەر دەسەڵاتی ئەو حزبە لەناوچی جێنفوزی خۆی. خاڵی بەهێزی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال، ئەگەر كۆچی ئەو بۆشایی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی. 2- هێشتا هێزی دەسەڵاتداری لە سنوری زۆنی سەوزو سەرەڕای كەمكردنی دەنگەكانی. 3- بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتەكانی، بەبەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێنفوزی. 4- سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5- ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن. ئەگەرەكانی هەستانەوەی ئەم هێزە ئەگەرێكی قورس نیە ئەم هێزە دەتوانێت هەستێتەوە و گەشە بەخۆی بدات، تەنها رێگەی هەستانەوە و چارەسەركردنی خۆرەی ناوخۆییە، كە لە مێژە جەستەی ئەو هێزەی داڕزاندووە، بەڵام بەبونی مام جەلال ئەو خۆرەیە كاریگەری نەبووە و نەیانتوانیوە سەر دەركات، بەڵام ئێستا ئەو خۆرانە لە جەستەی یەكێتی سەریان دەركردووە، بەبێ بڕینی سەری ئەو خۆرانە و هێنانە پێشەوەی كادری ناوەندی كە رەنگە كەم هێز هەبێت وەك یەكێتی كادری خوێن گەرم و لێهاتووی هەبێت، ئەو هێزە ناتوانێت ببێتەوە بە هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی كوردستان.
دادگای باڵای توركیا بە گوێرەی مادەی 83ی دەستور مافی پەرلەمانتاری لە هەردوو پەرلەمانتاری شاری روحای هەدەپە عوسمان بایدەمیر و پەرلەمانتاری شاری هەكاری سەلما ئیرماك سەندەوە. لە دانیشتنی پەرلەمانی توركیادا، ئەو دۆسیانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران خوێنرانەوە كە تایبەتن بەو سزایانەی دادگاكان سەبارەت بە هەریەك لە عوسمان بایدەمیر و سەلما ئیرماك دەریان كردووە و بەگوێرەی یاسا، دوای خوێندنەوەی دۆسیەكان، مافی پەرلەمانتاریی لە هەریەك لە بایدەمیر و ئیرماك سەندرایەوە. هەروەها سزای ئیرماك بە تاوانەكانی ئەندامییەتی پەكەكە و بانگەشەكردن بۆی بە ١٠ ساڵ زیندانییكردن و سزای بایدەمیر بە تاوانی سوكایەتیكردن بە پۆلیس بە زیندانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ، پەسەندكراون. پێشتر بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەك لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كرابوەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
