Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

( درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات دەنگی سندوقەكانی هەموو پارێزگاكانی هەرێم جارێكی تر بەدەست جیابكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانیش رەتدەكاتەوە. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی:"  به ‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌راوردكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ركه‌نمان، له‌ پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌، گومانی زۆرمان له‌ لا دروست بووه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت، مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی گوتیشی: بردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان گومانمان له‌سه‌ر ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان به‌ سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر ده‌كات، شایه‌نی باسه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌مان شێوه‌ گومانیان له‌ پاكی و بێگه‌ردیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌" وتەبێژی پارتی وتیشی :"  وه‌كو پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی راگه‌یه‌ندراو قبووڵكراو نین و، داواده‌كه‌ین پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێ و، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌نجام بدرێ به‌ كارێكی باشی ده‌زانین، تا گومانی هه‌موو لایه‌ك بڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزراو بێت." دەقی ڕاگەیەندراوەكە: به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌راوردكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ركه‌نمان، له‌ پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌، گومانی زۆرمان له‌ لا دروست بووه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت، هه‌روه‌ها بردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان گومانمان له‌سه‌ر ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان به‌ سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر ده‌كات، شایه‌نی باسه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ هه‌مان شێوه‌ گومانیان له‌ پاكی و بێگه‌ردیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی هه‌یه‌. بۆیه‌ وه‌كوو پارتی ڕایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی راگه‌یه‌ندراو قبووڵكراو نین و، داوا ده‌كه‌ین پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێ و، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌نجام بدرێ به‌ كارێكی باشی ده‌زانین، تا گومانی هه‌موو لایه‌ك بڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزراو بێ. مه‌حموود محه‌ممه‌د گوته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان  


بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی پەیامنێری سەر بە پارتی ئەدھەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەلەبجە ڕایگەیاند: شك و گومانی تێدا نیە سیستەمی ئەلیكترونی بۆ بەرژەوەندی یەكێتی ھاككراوە یان دەستكاری ئەنجامەكان كراوە.  


(درەو میدیا): هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە. دەقی رونكردنەوەكە: روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار ئەكەین كە یارییەكی ترسناك بەدەنگەكانی ئێوەوە كراوە و ژمارەی سەیرو سەمەری گوماناوی خراونتەڕوو، ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەكانمان كردوەو بەهەموو پێوەرەكان ئەو ژمارانەی دەخرێنەڕوو دروست نین و یاری بەژمارەكان كراوە. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بەرگری لە دەنگەكانی خۆیان بكەن رێگەنەدەن دەستی ساختەكاری بگات بە موقەدەراتی ئەوان و یاری دەنگەكانتانەوە بكرێت. ئێمە وەك هاوپەیمانی ئەو دەرئەنجامانە رەتدەكەینەوە كە خراونەتەڕوو، هەروەها هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەیەنە كارو هەموو رێگایەكی یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكیكردن لە دەنگەكانی هاوڵاتیان، هەروەها كۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگادار دەكەینەوە و رێگە نادەین دەرئەنجامی ساختەكاری فەرزبكرێت بەسەر هەڵبژاردنەكەدا، بەڵگەی ساختەكاریەكانیش ئەوەیە لە رێگەی فەرزكردنی دەنگەكانی چەند سندوقێكەوە ئەو راستیە دەركەوتوە كە بەشێوەیەكی رێكخراوەیی یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە.  هاوڵاتیانی خۆشەویست.. پێشتر دەسەڵات لەڕێگەی قۆرغكاری بازاڕو دزینی داهاتی وڵاتەوە ویستویەتی بەردەوامی بەدەسەڵاتی خۆی بدات، ئێستاش ئەیەوێت لەڕێگەی دزینی دەنگەكانی ئێوەوە جارێكی تر درێژە بەدەسەڵات و ستەمی خۆی بدات. هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری 12/5/2018  


جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رایدەگەیەنێت ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسوڵەكان دوورن لە راستییەوە داواش لە لایەنەكانی تری دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەكات بێنە پێش و پێكەوە كاربكەن لەسەر دەستكارینەكردنی دەنگە راستەقینەكانی ناو سندوقەكان و هەروەها ناو سێرڤەرەكە. دەقی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: هەرجەندە نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەمو کوردستان دوەمە و لە هەندێک لە شوێنەکان یەکەمە و لە کەرکوک دوەمە و لە هەولیر دوەمە، بەڵام ئێمە هێشتا بەم دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رازی نین، کە دو حیزبی دەسەلات دەستکاری ئەنجام و پسولەکانیان کردوە ،بە تایبەت  یەکێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و هەندێ ناوچەی تر دەسکارییەکی زۆری دەنگەکانی کردوە. بۆیە، هەمو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو پسوڵانەی دەدرێن بە چاودێرەکان و بڵاودەکرێنەوە، دورن لە راستیەوە و دو پارتی دەسەڵاتدار دەنگەکانیان زۆر زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی بڵاویانکردووەتەوە و تەنها ئەمانە پسوڵەکەیان لە دەرەوەی سیستەمەکە و سێرڤەرەکە پرینت کردوە، بێ پشتبەستن بە داتا و زانیاری ناو سیستەمەکە و ناو سندوقەکان. چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکانی تری دەرەوەی (یەکێتی و پارتین)، کە بێنە پێش و پێکەوە کار بکەین لەسەر دەستکاری نەکردنی دەنگە راستەقینەکانی ناو سندوقەکان و هەروەها ناو سێرڤەرەکە. وەک وتمان ، هەرچەندە ئەنجامەکەی  نەوەی نوێ رەنگە بە لای زۆرێکەوە سەپرایز بێت ، بەڵام هێشتا دڵنیاین سەد لە سەد کە ئەو ئەنجامانەی دو پارتی سەرەکی دورن لە راستیەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی راستەقینەین لە کۆمسیۆنەوە بە فەرمی لە بەغدادەوە بڵاوبکرێتەوە بە پست بەستن بە ژمارەی راستەقینەی دەنگەکانی ناو سندوقەکە و هەروەها داتا و زانیاری ناو سێرڤەرەکە، ئەوکاتە هەڵوێستی کۆتایی خۆمان رادەگەیەنین. جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٢/٥/٢٠١٨  


ژووری هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە رایدەگەیەنێت  ئەو دەرئەنجامە سەرەتاییانەی بڵاوكراونەتەوە گومانێكی زۆریان لەسەرە و داوادەكەن پشت بە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی نەبەسترێت و جارێكی تر جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەژماربكرێن.  


(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان هەژماری ئەلەكترۆنی دەنگدان ڕەتدەكاتەوەو داوادەكات پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوازی دەستی بەڕێوەبچێت. ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتوە، ڕایدەگەیەنێت، گومانی زۆر هەیە سیستمی ئەلەكترۆنی دەنگدان هاككرابێت و هەژماری ئەلەكترۆنی دەنگدان ڕەتدەكەنەوە و داواشدەكات هەژماری دەنگدان بەدەست ئەنجامبدرێت.


(درەو میدیا): دیارترین زانیارییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: •    یەكەم هەڵبژاردنە دوای لەناوبردنی رێكخراوی داعش لە عێراق •    لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003، چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانییە •    لە كۆی 38 ملیۆن كەسی ژمارەی دانیشتوانی عێراق، 24.5 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە •    لە قۆناغی یەكەمدا ملیۆنێك عێراقی لە 21 وڵاتی جیهان دەنگیاندا •    700 هەزار كەس كە بریتی بوون لە (پۆلس، سوپا، نەخۆش لە نەخۆشخانەكان) رۆژی پێنج شەممە بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا كرد •    8 هەزارو 959 بنكەی دەنگدان هەن و نزیكەی 11 ملیۆن كارتی دەنگدانیان بەسەردا دابەشكراوە •    كاتژمێر حەوتی بەیانی وادەی كردنەوەی دەرگای بنكەكانی دەنگدانە و كاتژمێر شەشی ئێوارە وادەی داخستنی بنكەكانە •    7 هەزارو 367 كەس لە ژن و پیاو خۆیان كاندیدكردووە •    320 حزب و ئیئتیلافی سیاسی بەشدارن لە هەڵبژاردنەكەدا •    87 لیست لە 18 پارێزگا هەن و دەنگی كاندیدەكانی بەپێی پلەبەندییان بەسەردا دابەشدەكرێت •    ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان 329 كورسییە، 83 كورسی وەكو كۆتا بۆ ژنان دانراوە، 9 كورسی وەكو كۆتا بۆ كەمینەكانی (ئێزدی، شەبەك، مەسیحی، سابیئە) دانراوە •    پەرلەمان بۆ ماوەی 4 ساڵ هەڵدەبژێردرێت •    دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەبێت لەماوەی 90 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت  


(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازدا. ئەو سێ لایەنە كە لیستێكی هاوبەشیان بە ناوی (لیستی نیشتیمان) لە كەركوك هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، داویان لە خەڵكی كەركوك كرد بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن بكەن. كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردن بووەتە جێگای سەرەنجی هەموو قەوارە سیاسییەكان و چاودێران، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن تاوەكو كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئاستی بەشداری دەنگدەران لە كەركوك 24% بووە.   


( درەو میدیا ) كاتژمێر شەشی ئێوارە وادەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت و كۆمسیۆن وادەكە درێژناكاتەوە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان بە شێوەیەك پرۆگرام كراون كە كاتژمێر شەشی ئێوارە لە كار رادەوەستن، بەوەش وادەی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەك درێژناكرێتەوە. لە كاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایارەوە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە و تا ئێستا رێژەی بەشداریكردن لەسەرتاسەری عێراقدا نەگەیشتوەتە 50%.  


چاوەڕوان دەكرێت ئاستی بەشداری هاوڵاتیانی لە هەرێمی كوردستان 60% تێنەپەڕێنێت،بەو پێیەش بەهای كورسیەك لە 49 هەزار دەنگدانەوە بۆ 43 هەزار دەنگ دادەبەزێنێت، بەجۆرێك ئەگەر لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 لە هەولێر 79% و لە سلێمانی 76% و لە دهۆك لە 81% بووە، ئەو كات بەهای كورسیەك سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە  -    بەهای  كورسیەك لە پارێزگای هەولێر ( 49.632 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە (  744489) كەس دەنگی داوە بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی لەو پارێزگایە.  -    لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە (  893226) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 18 كورسی لەو پارێزگایە.  -    لە پارێزگای دهۆك  كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگە لەبەر ئەوەی لە و پارێزگایە ( 490452 ) كەس دەنگیداوە بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی لەو پارێزگایە.  


(درەو میدیا) رێژەی بەشداریكردنی كورد لە دەنگدان لە پارێزگای كەركوك زۆر نزمە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی عێراق لە پەیامێكدا داوا لە دەنگدەرانی كورد لەو پارێزگایە دەكات بچن دەنگ بدەن و دەڵێت ئەگەر  وانەكەین كورسیییەكانی كەركوكمان لەدەست دەچێت. دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی به‌م ساردوسڕییه‌ی ئێستای ده‌نگده‌ران كه‌ركوكی كوردان زیاترو زیاتر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان. تكایه‌ به‌ده‌نگدانی پڕ جۆش و خرۆشتان له‌م دوو كاتژمێره‌ی كه‌ ماوه‌ شوناسی كوردستانی بوونی کەرکووک بسەلمێنن، ڕۆحی مامی خۆتان و هه‌موو شه‌هیده‌کان ئاسوده‌بكه‌ن..هه‌رچی حساب و كتاب و گله‌ییه‌ بیخه‌نه‌ پاش ره‌واندنه‌وه‌ی به‌ره‌نجامه‌ كاره‌ساتاوییه‌كانی ئه‌م سستی به‌شدارییه‌ی ئێستا له‌ ده‌نگدا.. گه‌ر وانه‌که‌ین کورسییه‌ کوردییه‌کانی قودسه‌که‌مان له‌ده‌ست ده‌چێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی تورکمان و عه‌ره‌به‌کان و ئەوانەی کە دەیانەوێت شکست بە کوردستان بهێنن  


(درەو میدیا): بەیانی ئەمڕۆ سەرۆك و سەركردەی لیست و قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان.  


تایبەت بە درەومیدیا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، لەكۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دەكاتە رێژەی ( 5.5 )ی كورسیەكان، كە 12 لیست لە پارێزگای سلێمانی كێبەكێ دەكەن لەگەڵ 211 كاندید، كە ( 503 ) بنكەی دەنگدان هەیە لەگەڵ ( 2947 ) وێستگەی دەنگدان.  كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی( ژمارەی دەنگدەری گشتی   1305323     


هەموو سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەنجەی مۆركراویان بەرزكردەوە و داوای بەشداری هاوڵاتیانیان كرد لە هەڵبژاردنەكان، جگە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ونبونی مەسعود بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئێستاش لە پرۆسەی دەنگداندا نیگەرانیەتی لە رووداوەكانی رابردوو.  بەپێی زانیارییەكان لە كۆبونەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوە بووە كە  كورد بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نەكات، بەڵام لەو هەنگاوەیدا سەركەوتوو نەبوو، بۆیە بڕیاریشیداوە بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن نەكات و چاوەڕوانیش ناكرێت بەشداری دەنگدانیش بكات. ئەو ونبونەی مەسعود بارزانی لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بە شكستی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان ناوبرا.هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەشێكی ونبونەكەی  بارزانی پەیوەندی بە فشاری توندی نێودەوڵەتیەوە، بەوەی بە قسەی هیچ هێزوو وڵاتێكی نەكرد و ریفراندۆمەكەی كرد. 


چەكدارانی داعش لە باشووری كەركوك هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی عەشایەری . سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگاری كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریەنیوز" رایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایار چەكدارانی داعش لە نزیك گوندی سەعدونیەی ناحیەی رەشاد " 35 كیلۆمەتری باشووری خۆرئاوای كەركوك" هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی عەشایەری و لە ئاكامدا چوار پۆلیسی فیدراڵی و دوو چەكداری حەشدی عەشایەری كوژران و دوو چەكداری تری حەشدی عەشایەری برینداربوون.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand