Draw Media

لە شەڕی شێخ مەقسوددا (39) سەربازی سوریا كوژران

  لە شەڕی شێخ مەقسوددا (39) سەربازی سوریا كوژران

2026-01-13 13:32:33


راپۆرتی: گریگۆری وۆتەرز

 لەشەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا (39) سەربازو چەكداری گروپەكانی سوریا كوژراون، لەو شەڕەدا (4) فیرقە بەشداربون، فیرقەی (60) هێرشبەربووە، فیرقەی (72) كۆنترۆڵ دەكات، فیرقەی (98)ی زرێپۆش، چەكی قورس و موشەكباران دەكات و فیرقەی (50) هێڵەكانی پشتەوە دەپارێزێت، بەڵام خاڵی لاوازی ئەو چوار فیرقەیە ئەوەیە كە ئەوان لەیەك دامەزراوەدا راهێنانیان نەكردووەو هەریەكەو لە تایبەتمەندی خۆی هەبووە. 
 
ژمارەی کوژراوەکان. بەلایەنی کەمەوە(39) سەرباز لە شەڕە پێنج ڕۆژیەکەی شێخ مەقسوددا کوژراون، زۆرینەیان لە 9 و 10ـی کانوونی دووەم بووە كە رەنگە بەهۆی پێشڕەوی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا بێت بۆ ناو گەڕەکی ئەشرەفیە لە درەنگانی 8 ی کانوونی دووەم تا بەرەبەیانی 9 ی کانوونی دووەم و پاشان پێشڕەوییان بۆ گەڕەکی شێخ مەقسود لە درەنگانی شەوی 9 ی کانوونی دووەم تا بەیانی 10 ی کانوونی دووەم.
لە نێو ئەو کوژراوانەدا 18 سەرباز لە پارێزگای حەلەب (46٪)، 9 سەرباز لە ئیدلب (23٪)، 4 سەرباز لە حومس (10٪)، 4 سەرباز لە حەما (10٪) و دوو سەرباز (5٪) لە گوندەواری دیمەشق بوون. 
زۆریی ژمارەی كوژراوان لە حەلەب بەهۆی ئەو سیاسەتەوە بووە كە حکومەتی کاتیی سوریا پەیڕەوی کردووە لە بنیاتنانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی. بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە چەکدارەکان لە یەکەکانی پارێزگاکانی خۆیاندا خزمەت سەربازی دەکەن. ئەم پرۆسەیە لەلایەن دوو یەکەی سەرەکی جێگیر لە شاری (حەلەبە)وە بەڕێوە دەبرێت واتە زۆرینەی چەکدارەکانیان خەڵکی ئەو شارەن، لە بەرامبەردا، چەند لیوایەکی پێشووی ( دەستەی تەحریر ئەلشام) کە ئەندامەکانیان لە باکگراوندێکی جیاوازترەوە هاتوون، ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو وەک هێزی هێرشبەر، ئەمەش هۆکاری قوربانیانی (ئیدلب و حەما وحومس) ڕوون دەکاتەوە.
وادیارە زۆربەی ئەو سەربازانەی کوژراون سەربازی  بەئەزموون بوون، چ لە ڕیزەکانی (دەستەی تەحریر ئەلشام) وچ لە (سوپای نیشتمانی سووریا). دوای ئازادکردنەکە تەنها یەکێکیان بە ئاشکرا وەک سەرباز ناسێنراوە، ئەویش (عامر زەبدیە) لە حەلەبەو باس لەوە کراوە کە چەند مانگێک لەمەوبەر لە تورکیا گەڕاوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە کوژراوەکان سەر بە نەوەی دووەمی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنن وەک (بیلال نەقیحی) کە خەلکی گوندەواری باشووری حەلەبه کە لە ساڵی 2022 لە تەمەنی 18 ساڵیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کردوە.

" فیرقە" بەشداربووەکان  
یەکەم دوو کوژراوی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا لە 6 ی کانوونی دووەم ڕوویدا، لە کاتی هێرشە سەرەتاییەکاندا کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، لە کاتژمێرەکانی پاش نیوەڕۆدا. یەکەمیان سەربازێک بوو لە فیرقەی 72 وئەوەی تریشیان ڕاهێنەری سەربازی بوو لە فیرقەی 60. ئەم دوو بەشە زۆرینەی زیانەکانی جەنگیان لەو پێنج ڕۆژدا پێکهێنا، بەجۆرێک 18 سەربازیان لە کۆی 26 سەرباز سەر بەم یەکە سەربازیانە بوون. 
لە 7 ـی کانوونی دووەم کوژرانی 3 سەربازی دیکە لە بەرەی شێخ مەقسود ڕاگەیەنرا پاش شکستی دانوستانەکان ودەستپێکردنی هێزەکانی دیمەشق بۆ شەڕێکی فراوانتر. دووانیان لە فیرقەی 72 بوون و سێیەمیشیان لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا کوژرا و سەر بە لیوای دووەمی فیرقەی 60 بوو. ئەم لیوایە بە "هێزە دەستە بەژێرەکان" (قوات النخبة) ناسراوە و بڕوا وایە لە سەرەتادا لە لیوایەکی پێشووی سەر بە (دەستەی تەحریر ئەلشام) پێکهێنرابێت.
هەمان ڕۆژ یەکەم وێنەی سەرکردە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری دەرکەوت کە بە وێنەیەکی فەرماندەی فیرقەی 60 دەستی پێکرد کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چاودێری پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات. 
هاوكات یەکەکانی فیرقەی 72 چەکی قورسیان لە بەرەکانی پێشەوە بڵاوکردەوە و تۆپی SPG-9یان بەکارهێنا لە پاڵ تۆپ وهاوەن. لەو ڕۆژەدا، دەسەڵاتی دیمەشق دەستی کرد بە ڕاگواستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە). 
لەگەڵ چڕبوونەوەی پێکدادانەکان لە 8 ـی کانوونی دووەم، ژمارەی كوژراوان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. لەو ڕۆژەدا 10 سەرباز کوژراون، چواریان لە فیرقەی 60 و شەش سەرباز لە یەکەیەکی نەناسراو. زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکان هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری ( لیوا عەلی نەعسان) و دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن کە فەرماندەکانی فیرقەکانی 60 و 72 و 98 ی زرێپۆش لەخۆ گرتبوو (کە هەموویان ئەفسەری شارەزای دەستەی تەحریر ئەلشام )بوون. لەو شەوەدا هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا چوونە ناو گەڕەکی ئەشرەفیە و کۆنترۆڵیان کرد.
لە 9 ی کانوونی دووەم، 9 سەربازی دیکە کوژراون پاش دەستبەسەرداگرتنی تەواوی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و بەنی زەید و پێشڕەوی بەرەو شێخ مەقسود. وەک ڕۆژی پێشوو، زۆربەی كوژراوەکان لە فیرقەی 60 بوون، لەوانە فەرماندەیەکی یەکەیەک بەناوی (محەمەد ئەلعومەر). بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتی حەلەب، ئەم فرقەیە تاکە یەکە بووە كەئەرکی هەڵکوتانە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی پێی ڕاسپێدراوە، لە کاتێکدا یەکەکانی تر پاڵپشتیان بۆ ئەو یەکەیە دابینکردووە و یارمەتی ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن و پاککردنەوەیان داوە. 
لە نێو کوژراوەکانی 9 ی کانوونی دووەمدا سەربازێک هەبوو کە پێشتر لە غوتەی ڕۆژئاوا ئاوارە کرابوو و وەک ئەندامی دەستەی تانک لە فیرقەی 76 خزمەتی کردووە. ئەمە یەکەم بەڵگە بوو لەسەر تێوەگلانی فیرقەی 76 کە پێدەچێت هەندێک لە یەکەکانی زرێپۆش و پیادەی خۆی بۆ پشتگیری ئۆپەراسیۆنەکان لەو ڕۆژەدا بڵاو کردبێتەوە.
لە 10 ی کانوونی دووەم کوژرانی 14 سەربازی دیکە ڕاگەیەندرا، کاتێک هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا چوونە ناو گەڕەکی شێخ مەقسود. پێدەچێت زۆربەیان لە شەڕەکانی ئێوارەی 9 ی کانوونی دووەم و بەرەبەیانی 10 ی کانوونی دووەم لەو گەڕەکە کوژرابن. لەنێویاندا دوو سەرباز لە فیرقەی 60 و دوو سەربازی فیرقەی 72 و سەربازێک لە گوندەواری دیمەشق کە لە فیرقەی 76 خزمەت دەکات و هەروەها سەربازێکی لیوای 87 ی فیرقەی 98 زرێپۆش کە بڕوا دەکرێت لەسەر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش بووبێت. 
هەرچەندە یەکەکانی فیرقەی 52 ی هێزە تایبەتەکان لە 9 ی کانوونی دووەم لە حومسەوە گەیشتوون، پێدەچێت بۆ ئامادەکاری بۆ هێرشی چاوەڕوانکراو بۆ سەر شێخ مەقسود بووبێت. وا دیارە لیوای (دەستە بژێر) سەر بەم بەشە کە لە بنەڕەتدا لەسەر لیوای پێشووی ( دەستەی تەحریر ئەلشام) بنیات نرابوو ڕۆڵی سەرکردایەتی هێرشەکەی ئەو شەوە گرتە ئەستۆ، بەلایەنی کەمەوە چوار ئەندامەکەی لە شەڕە کۆتاییەکاندا کوژران.

 

دواجار پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی گشتی کوژرا لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بارەگای ئاسایشی گشتی لە حەلەب کردە ئامانج.
 لە ماوەی شەڕە پێنج ڕۆژیەکەدا لانی کەم یەکەیەکی زرێپۆش لە فیرقەی 76 کە نزیکەی هەمووی لە ئەندامانی (حەمزات) پێکهاتووە، لە 9 ی کانوونی دووەم لە بەرەی پێشەوە بڵاو کراوەتەوە. سەبارەت بە یەکە سەرەکییەکانی بەشداربوو، وا دەردەکەوێت کە لیوای پێشووی ( دەستەی تەحریر ئەلشام) بوون کە لە فیرقەکانی 52 و 60 و 98 دا چالاکیان دەکرد، لەگەڵ چەند یەکەیەکی بچووکتر کە لە سوپای نیشتمانی سوریا لە فیرقەی 72 دا هاتوون، وەک لیوای (سوڵتان محەمەد ئەلفاتیح).

زانیاری دەربارەی( فیرقە) بەشداربووەکان  
فیرقەی 60  
ڕۆڵ: پێشەنگی لە هێرش و شەڕی شار.  
ژمارەی خەمڵێنراو: 6000 – 9000 چەکدار
چەک:  
- تفەنگی هێرشبەر (AK / M4)  
- چەکی مامناوەند و قورس  
- تفەنگی قەناس  
- RPG-7 و چەکی سووک دژە قەڵغان  
- هاوەنی سووک بۆ مامناوەند  
- فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سیخوڕی و ئامانج  
لاوازی پێکهاتەیی: داخورانی خێرای هێزی مرۆیی و نەبوونی توانای بەردەوامی لە شەڕە درێژخایەنەکان.  
پوختە: بە خێرایی شەڕەکە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت  دووچاری داخوران دەبێت وماندوو دەبێت.


فیرقەی 72
ڕۆڵ: پشتیوانی، پاراستنی بەرەکانی پێشەوە، و کێوماڵکردن دوای هێرش.
هێزی خەمڵێنراو: 8000 – 12000 چەکدار
چەک:
ته واوی چەکی پیاده
چەکی قورس
SPG-9
هاوەن
تۆپخانەی مەیدانی سووک
لاوازی پێکهاتەیی: باکگراوندی جۆراوجۆر و دیسپلین، بڕیاردانی لەسەرخۆ
پوختە: گرنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پانتاییەکی فراوان، نەرم نواندنی کەمترە لە یە یەکەکانی هەڵکوتان. 

فیرقەی 98ـی زریپۆش
ڕۆڵ: پاڵپشتی و وەڵامدانەوەی خێرا 
هێزی خەمڵێنراو: 4000 – 6000 چەکدار
چەک:
تانکەکان( T-55 / T-62 )ـی پەرەپێدراو
زرێپۆشی هەڵگری چەکدار
تۆپخانەی قورس
یەکەکانی ئەندازیاری 
لاوازی پێکهاتەیی:  شکستی لۆجیستیکی ولاوازی لەگەڵ شەڕی ناو شار
پوختە: توانایەکی بەرزی  موشەكباران، توانای سنوردارە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناو شار 

فیرقەی 50
ڕۆڵ: یەدەگی ئۆپەراسیۆن وپاراستنی ئاسایش لەهێڵەکانی پشتەوە.
هێزی خەمڵێنراو: 5000 – 7000  چەکدار
چەک:
چەکی پیادەی ستاندارد
چەکی مامناوەند
هاوەنی سووک
ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سووک
لاوازی پێکهاتەیی: ئەزموونی جەنگی سنووردار و ئامادەیی کەم بۆ ئەرکە ئاڵۆزەکان.
پوختە: ئەرکی تەنها پاڵپشتیە وتوانای هێرش بردنی نییە 

پوختەی گشتی
فیرقەی 60 هێرش دەکات، فیرقەی 72 کۆنتڕۆڵی ناوچەکە دەکات، فیرقەی 98 هێزی چەكەقورسەكان و موشەكباران دەكات، فیرقەی 50 هێڵەکانی پشتەوە دەپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا،خاڵی لاوازی هاوبەش لە نێوان ئەم 4 فیرقەیەدا ئەوەیە کە ئەوان لە چوارچێوەی یەک دامەزراوە ڕاهێنان ناکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand