راپۆرتی: نیاز عه‌بدوڵڵا بڕی ئه‌و پاره‌یه چه‌نده كه له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر حیزبێكی سیاسی خه‌رجی ده‌كات؟ ئه‌و پرسیاره‌یه كه به‌ئاسانی وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نازاندرێت تێچووی گشتی خه‌رجییه داراییه‌كانی پڕوپاگه‌نده‌كانی "به‌ڵێ" له رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌ند بوو. له‌كۆی 6994 كاندیدی عێراق 677 كاندید له 3 پارێزگای هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك) له‌نێوان 25 لیست و هاوپه‌یمانێتی كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 46 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌لیسته‌كان بڕی تێچوونی دارایی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 و هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوویان ئاشكرانه‌كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌یه له سێبه‌ردا ماوه‌ته‌وه و دواتر مه‌ترسییه‌كانی له‌ململانێی نێوان حیزبه‌كان باس كراوه‌ته‌وه. به‌پێی بڕگه‌كانی 5 و 6 له مادده‌ی 13ی یاسای ژماره 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، حیزب بۆی هه‌یه "پیتاك و به‌خشیش و یارمه‌تی ناوخۆیی" و "قبوڵكردنی ماڵ‌وموڵكی عه‌ینی و كاش له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به ئاگاداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران" وه‌ربگرێت. تائێستاش رێنمایی یاسایی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان كه مادده‌ی 14ی هه‌مان یاسا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه ده‌رنه‌چووه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئاگاداری خۆی له‌وه‌رگرتنی هاوكارییه ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان رانه‌گه‌یاندووه. ئومێد قه‌ره‌داخی نووسه‌رو مامۆستای ئابووری له‌زانكۆی سلێمانی پێیوایه له‌گه‌ڵ ناشه‌فافی سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان "بوونی یاسایه‌ك كه رێگا به‌وه‌رگرتنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌ره‌كی بدات یه‌كێكه له‌هه‌ڵه سیاسییه كوشنده‌كان له‌ناو ژیانی سیاسی كوردی". ئه‌و له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و جۆره له‌سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به (دره‌و میدیا)ی وت "ده‌بێته هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی پڕ له‌مه‌ترسی به‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتر له‌ژیانی سیاسی هه‌رێم، چونكه واده‌كات پێگه‌ی ئه‌و حیزبه بكه‌وێته ژێركاریگه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ی پاره‌كه ده‌به‌خشێت، به‌مه‌ش ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی دروست بكه‌ن، بۆیه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وام مه‌ترسییه‌كانی ده‌ستی ده‌ره‌كی باس ده‌كرێت و به‌ڵگه‌كانیش به شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه". سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به (دره‌و میدیا)ی وت "296ملیار دیناری عێراقی ته‌رخانكراوه بۆ تێچووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران و تائه‌م قۆناغه به‌رده‌وامین له‌خه‌رجییه‌كان و كورتهێنانمان نییه". به‌پێی قسه‌كانی سه‌عید كاكه‌یی، هه‌رێمی كوردستان له‌نێو ئه‌و بودجه‌یه‌دا وه‌ك كۆی پارێزگاكانی عێراق ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌سته‌به‌ركراوه. پاش تێپه‌ڕبوونی 21ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یاسای حیزبه‌كانی هه‌رێم ئینجا یاسای ژماره 5ی ساڵی 2014ی پێدانی بودجه‌ی حیزبه‌كان له‌هه‌رێم ده‌رچوو، دوای تێپه‌ڕبوونی 4ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونیشی یاساكه نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌كۆی 25ساڵی یاسای حیزبه‌كانیش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و رێژه‌یه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه كه حیزبه‌كان له‌بودجه‌ی گشتی وه‌ریانگرتووه. نیشتیمان كه‌مال ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و كاندید له‌هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی دادپه‌روه‌ری به (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق خه‌رجییه فه‌رمییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاندووه به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی دارایی، له‌ڕێگای چه‌ند حیزبێكه‌وه ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌خاته‌وه خزمه‌ت بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان و "ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به‌ئاشكراو ناشه‌فافیش له‌ده‌ست هه‌ندێك حیزب هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كان ده‌بێت، بۆنموونه ئێمه نه‌مانتوانی وه‌ك پێویست پۆسته‌ر بڵاوبكه‌ینه‌وه‌و رێكلام بكه‌ین له‌كه‌ناڵه‌كان، به‌ڵام قۆرخكاری دارایی له‌لایه‌ن چه‌ند حیزبێكه‌وه كه تیایاندایه 7كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه به‌فراوانی بانگه‌شه ده‌كات، ئێمه‌ش له‌وكاتانه وه‌ك پێویست ده‌نگمان نه‌گاته ده‌نگده‌ر له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه‌واته ده‌رفه‌تی ململانێی سیاسی دادپه‌روه‌ریش نابێت". به‌پێی قسه‌كانی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ته‌نیا پاره‌ی راسته‌و‌خۆ بۆبانگه‌شه به‌كارنه‌هاتووه به‌ڵكو له‌ئه‌گه‌ری ده‌نگنه‌دانیاندا هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه "نان بڕین" له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كراوه، بۆیه له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كانی بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له بازیان وتی "ئه‌ڵێن هه‌ر كه‌س ده‌نگمان نه‌داتێ نان بڕوای ده‌كه‌ین، ده‌بێ به‌مۆبایل ره‌سمی ده‌نگه‌كانتان بگرن، ئه‌گه‌ر واش نه‌كه‌ن قه‌مه‌ر سناعی پێمان ده‌ڵێ كێ ده‌نگی داوه به‌كێ، به‌ڕاستی عه‌یبه ده‌چنه گژ پیشمه‌رگه‌یه‌كی ئاسایی له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتیوانی هاوپه‌یمانییه". قسه‌كانی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئارام سه‌عید بۆ (دره‌و میدیا) ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كاندیده‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌یان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه‌كانیان بوونه‌ته‌وه، ئه‌و نموونه‌ی به‌دكتۆر كازم فاروق هێنایه‌وه له‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا پزیشكه‌و وتی "كه زانییان بووه‌ته كاندیدمان بریارێكیان ده‌ركرد وتیان مووچه‌كه‌ی ده‌بڕین، دوایی بریارێكی تریان له‌هه‌مان رێككه‌وتی بریاری یه‌كه‌م ده‌ركردو وتیان مووچه‌ی یه‌ك رۆژی ده‌بڕین". ئارام سه‌عید وتیشی "به‌هه‌ندێك له‌ده‌نگده‌ره تایبه‌ته‌كانیان وتووه ئه‌گه‌ر ده‌نگ بده‌ن به‌نه‌وی نوێ سزا ده‌درێن و مووچه‌كانتان ده‌بڕدرێت و ده‌رده‌كرێن". ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له رێبه‌ری "رۆڵی پاره له گه‌مه‌ی سیاسی‌دا" له 4 خاڵدا مه‌ترسییه‌كانی سه‌رچاوه‌كانی دارایی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان خستۆته‌ڕوو: "یه‌كه‌م: ده‌رفه‌تی نایه‌كسان، ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی زۆر له‌سیاسه‌ت ده‌بێته‌هۆی پێشینه‌ی نه‌گونجاو له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌ندێكی تر‌و لایه‌نی ململانێ به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه. دووه‌م: گه‌یشتنی نایه‌كسان و هاوسه‌نگ به‌پۆست و پێگه‌كان، مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دا خۆی ده‌بنێته‌وه ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌ژارن و خاوه‌ن پاره‌نین ناتوانن خۆیان بپاڵێون بۆ پۆستێك و بتوانن به‌ده‌ستی بهێنن. سێیه‌م: دیاركردنی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سیاسه‌تمه‌داره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی به‌خشینی داراییه‌وه. چواره‌م: سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵ، مه‌ترسی بڵاوه‌كردنی پاره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ناو دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و به‌كارهێنانی به‌ناوی حوكمی یاسا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان". هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن جێگری پێشووی مه‌ڵبه‌ندی 6ی سۆرانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كاندیدی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه له‌سه‌ری ده‌وتران گوایه "له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی ئۆتۆمبێل و پاسه‌وانه‌كانی یه‌كێتی راده‌ست كردۆته‌وه‌و مووچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ی بڕاوه" به (دره‌و میدیا)ی وت "مووچه‌كه‌ی منیان رانه‌گرتووه‌و له‌م رۆژانه وه‌رمگرتووه، به‌ڵام ده‌یانوت به‌پاره‌و سه‌یاره‌و مه‌سئولییه‌تی یه‌كێتی ده‌تانه‌وێ یه‌كێتی بڕوخێنن، بۆیه سه‌یاره‌كه‌م ته‌سلیمی ماڵی كاك كۆسره‌ت كرده‌وه‌و وتم سه‌یاره‌كه‌م ناوێت و مه‌سئولییه‌ته‌كه‌و حیمایه‌كانیشم ته‌سلیمكردنه‌وه". سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی موڵكوماڵی یه‌كێتی به‌ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی، هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن وتی "له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ختی خۆی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت هه‌بووهو ئه‌و مه‌سئولی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌یه، به‌ڵام هێشتا براده‌ران له‌سه‌ركردایه‌تی موحاوه‌له ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێت بێیته‌وه‌و ده‌ست له‌كاربكیشه‌وه‌و چیتر له‌ڕیزی هاوپه‌یمانی مه‌مێنه". رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017 رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌هه‌رێمی كوردستان كرا‌و له‌سه‌ر خه‌رجی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان بانگهێشت و داوه‌ت به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌كردن بۆ "به‌ڵێ" ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌و خه‌رجیانه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌ته‌وه چوونه‌ته ده‌ستی حیزب به نادیاری ماونه‌ته‌وه. شێروان زرار وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی فه‌رمی به‌كارخراو بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی رێوشوێنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له كۆمسیۆن به (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و پاره‌یه له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكی هه‌رێم دابینكرا و بریتی بوو له 20 ملیۆن دۆلار و وترا له رێگای كۆمپانیاكانه‌وه كۆكراوه‌ته‌وه، ئه‌و پاره‌یه گۆڕدرایه‌وه بۆ دیناری عێراقی و كۆمسیۆن خۆی سه‌رپه‌رشتی خه‌رجییه‌كه‌ی كرد، له‌ژێرچاودێری دارایی ئه‌و پارانه خه‌رجكراوهو به‌شێكی پاره‌كه‌ش كه نزیكه‌ی ملیارێك دیناربوو گه‌ڕێندرایه‌وه شوێنی خۆی". به‌پێی زانیارییه‌كانی شێروان زرار "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان بوون له‌كه‌ركوك تائیستا پاره‌ی گرێبه‌سته‌كانیان بۆ خه‌رجنه‌كراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وله‌ویانی هه‌ندێك له‌وان له رووداوه‌كانی ئه‌وێ سوو‌تێندراوه، پێویسته ئه‌وان به‌پێی گرێبه‌سته‌كانیان بڕه پاره‌كه‌یان وه‌ربگرن". سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پێشتر به رایۆ نه‌وای راگه‌یاندبوو "ده‌بێ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌ڕێژه‌ی ئه‌و پاره زۆره‌و سه‌رچاوه‌كانی بكرێت كه له‌ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم خه‌رج كراوه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ناڵاندوویانه‌و حكومه‌تیش نیومووچه‌ی پێنه‌داون، بۆیه پێویسته كۆی خه‌رجییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی درایی بخرێنه ژێر چاودێری و لێكۆڵینه‌وه".
لە دەنگدانی تایبەتدا كە رۆژی پێنج شەمە بەرێوەچوو، بەشێك لە هێزە ئەمنیەكان وەرقەی دەنگدانیان بە مۆركردنی چوارگۆشەی چەند لیستێك دەنگەكانیان پۆچ كردووە، چاودێری یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی سلێمان بە درەو میدیای رایگەیاند كە لە وێستگەیەكی دەنگدانی تایبەت لە شاری سلێمانی لە كۆی 464 دەنگ 110 دەنگی پوچ بووە، كە ئەویش گومانی درووست كردووە كە ئامێرەكە هەڵەی كردبێت، بۆیە داوای وردبینیان كردووەو بەس تەنها سەیری دەنگی درووست و پۆچ كرا‌و كراوەو كە دەركەوتووە ئامێرەكە هەڵەی نەكردووەو بەشێك لە دەنگدەران دەنگیان بە چەن لیستێك داوەو ئەمەش وای كردووەو دەنگەكەیان پۆچەڵ بێتەوە. زۆربونی دەنگی پۆچ لە زۆرینەی ویستەگەكاندا بوونی هەبووە. یەكێك لە ئەفسەرەكان كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە درەو میدیای راگەیاند: پێ دەچێت هۆكاری ئەو شێوازە لە دەنگدانەوە ئەوە بێت كە بەشێك لە هێزەكان سوێند و تەڵاق دراون كە دەنگ بە یەكێتی بدەن و ئەوانیش دەنگیان بە یەكێتی داوە بۆ ئەوەی تەڵاقەكەیان نەكەوێت و دواتر لە داخا مۆریان لەسەر چەند لیستێكی تریش داوە بۆ ئەوەی دەنگەكەیان پۆچەڵبێتەوە.
درەو میدیا دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار كۆتایی هات ئەنجامی دەنگدانەكەش لەگەڵ دەنگدانی گشتی رادەگەیەنرێت، ژمارە دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان 247 هەزار و 431 هەزار دەنگدەربوو بە جۆرێك ، لە پارێزگای هەولێری 114 هەزار و 172 دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی دەنگدان لە 81% بووە لەپارێزگای دهۆك 50 هەزار و 476 كەس مافی دەنگدانی هەبووە بەڵام رێژەی دەنگدان لە 78% بووە، لە پارێزگای سلیمانی ( 82 هەزار و 783 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و رێژەی دەنگدان لە 67% بووە. دەنگی لیستەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی 2014 دا یەكەم/ پارێزگای هەولێر لە 30/4/2014 1- پارتی: 35 هەزار و 520 دەنگ 2- یەكێتی: 9 هەزار و 250 دەنگ 3- گۆڕان: 5 هەزار و 180 دەنگ 4- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 750 دەنگ 5- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 646 دەنگ دووەم/ پارێزگای سلێمانی لە 30/4/2014 1- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 18 هەزار و 199 دەنگ 2- بزوتنەوەی گۆڕان 9 هەزار و 518 دەنگ 3- یەكگرتووی ئیسلامی هەزارو 43 دەنگ 4- كۆمەڵی ئیسلامی 889 دەنگ 5- پارتی دیموكراتی كوردستان 911 دەنگ. سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 30/4/2014 1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (20 هەزار و 995) دەنگ، 2- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 498) دەنگی هێناوە . 4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (2 هەزار و 846) دەنگ. 5- بزوتنەوەی گۆڕان (1 هەزارو 239 ) دەنگ 6- كۆمەڵی ئیسلام(89) دەنگی هێناوە . دەنگی لیستەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی 2013دا ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 148 هەزارو 553 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە كە ئەویش دابەشبوو بووبەسەر وەزارەتەكاندا ، لە هێزی ئاساییش ( 16 هەزارو 869 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو كە لە هەولێر و دهۆك ( 8هەزارو 314 ) كەس و لە پارێزگای سلێمانیش 8 هەزارو 555 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە وەزارەتی ناوخۆ ( 44 هەزارو 666 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش ( 18هەزارو 560 ) كەسیان لە هەولێر و دهۆك و ( 26 هەزارو 106 ) كەس لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانی هەبوو. سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگەش ( 85 هەزارو 16 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو وەزارەتی بەرگری عێراق ( 934 ) كەس و پاسەوانی سنوور ( 6 هەزارو 328 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، وەزارەتی كاریش ( 237 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو. لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی(154 هەزارو 50 ) كەس ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: یەكەم: پارێزگای سلێمانی لە 21/9/2013 لە دوای جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی( 56هەزار و 656 )كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی بەشداری دەنگدان (95.6% ) زیاتر لە ( 54 هەزارو 164 ) دەنگی داوە بە جۆرێك : 6- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 27هەزار و 335 دەنگ 7- بزوتنەوەی گۆڕان 18هەزار و 614دەنگ 8- یەكگرتووی ئیسلامی 2011 9- كۆمەڵی ئیسلامی 1980 دەنگ 10- پارتی دیموكراتی كوردستان 1665 دەنگ. 11- لایەنەكانی تر 2 هەزار و 726 دووەم/ پارێزگای هەولێر لە 21/9/2013 ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر كە (62 هەزار و 900 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە زیاتر ئاستی دەنگدان (93.7% ) لە ( 58 هەزارو 938 ) كەس دەنگیاندا، بەجۆرێك : 6- پارتی: 38 هەزار و 487 دەنگ 7- یەكێتی: حەوت هەزار و 148 دەنگ 8- گۆڕان: پێنج هەزار و 390 دەنگ 9- پارتی پیشكەوتنخوازی توركمانی: سێ هەزار و 978 دەنگ 10- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 460 دەنگ 11- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 211 دەنگ سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 21/9/2013 لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە سنوری پارێزگای دهۆك، لە كۆی (28 هەزار و 997 ) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەرێژەی (91.5% ) دەنگیانداوە (26 هەزار و 532) كەس دەنگیانداوە، ژمارەی دەنگی لایەنەكانیش بەم شێوەیەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (19 هەزار و 642) دەنگ، 2- لیستی كلدان و ئاشوری بە (2 هەزار و 377) دەنگ. 3- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 866) دەنگی هێناوە . 4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (1 هەزار و 452) دەنگ. 5- بزوتنەوەی گۆڕانیش بە (799) دەنگی هێناوە . 6- كۆمەڵی ئیسلامیش تەنها (126) دەنگی هێناوە .
درەو میدیا لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە بەشێك لە ناوەندەكانی دەنگدان سەرپێچی و پێشێلكاریكراوە، بەجۆرێك لە هەندێك ناوەندی دەنگداندا پشێوی زۆر دروست بووە، بەشێ لە سەرپێچی و پێشێلكارییەكان بەپێی وتەی چاودێرانی پرۆسەكە دەگەرێتەوە بۆئەوەی كە رێوشوێنەكانی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ئەویش بەهۆی ئامێر و تەكنەلۆجیای نوێوە و هاوكات رانەهاتنی چاودێرانی كۆمسیۆن لەگەڵ رێوشوێن و ئامێرەكانی دەنگداندا، بۆیە سەرپێچی و پێشێلكارییەكان خۆی لەچەندین شێوازدا بینیوەتەوە: - لە بەشێك لە بنكەكاندا دەنگدانی بە كۆمەڵ هەبووە - بەشێك لە بنكەكانی دەنگدان ئامێرەكان لە كاركەوتوون و بۆ ماوەیەك دەنگدان وەستاوە. - بەهۆی فشار و قەرەباڵغی زۆرەوە دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان داخراوە و دەنگدەران لە پەنجەرە و سەربانەوە چونەتە ناو بنكەكانی دەنگدانەوە - چونە ژوورەوەی مۆبایلی كامێرا و بە چەك و تفەنگەوە چونەتە ناو بنكەكانی دەنگدانەوە. - بانگەشەی بەشێك لە كاندیداكان لەناو بنكەكانی دەنگدان. - نەبوونی ناوی بەشێك لە دەنگدەرانی تایبەت https://www.facebook.com/drawmedia/videos/181608252668166/ https://www.facebook.com/MuhamadRauf76/videos/1783565905068434/
حەمدی بەرواری، بەرپرسی لقی دهۆكی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بە درەو میدیای راگەیاند: ئامێری پەنجەمۆری دەنگدان رەنگە كێشە دروست بكات و ئەگەر هەیە پەنجەمۆرەكە دەرنەچێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێوشوێنی زۆری گرتەبەر، بەڵام بە راستی هێشتا كێشەی زۆر هەیە، بۆ نمونە ئێستتا هەندێك هاوڵاتی هەن تا ئەمدواییەش لە دهۆك دەنگیان داوە، بەڵام ئێستا پێی دەڵێن بڕۆ بۆ هەولێر یان بۆ عەممارە یاخود بۆ موسڵ، لە زۆر شوێن ناوەكان گۆڕدراون، ئەوە كێشەیەكی تەكنیكی كۆمسیۆنە، كێشەیەكی تر ئەوەیە كارتی دەنگدان زۆر گەورەیە و درێژییەكەی نیو مەتر زیاتر و ئەمە كات دەخایەنێت و ئەگەری ئەوەی هەیە خەڵك لە ریزەكانی دەنگدان بێزار ببن. حەمدی بەرواری، راشیگەیاند: كێشەیەكی تر هەیە كە لە هەر وێستگەیەكدا (4) كارمەند هەن، چاودێری سندوق ئەركەكەی ئەوەیە چاودێری سندوقەكە بكات، بەڵام ئێستا ئەركێكی تریشی گرتوەتەئەستۆ و كارتی دەنگدان لە دەنگدەران وەردەگرن و پسوڵەی دەدەنێ، لە هەر وێستگەیەكدا (450) دەنگدەر هەیە، لەڕوی كاتەوە هەر دەنگدەرێك لانی كەم (دەقیقەیەك و 43 خولەك)ی دەوێت، بەڵام ئێستا هەندێكجار پرۆسەی دەنگدان یەك كەس (5) دەقیقە دەخایەنێت، ئەمە وادەكات زۆر دەنگ بفەوتێن. بەپێی چاودێرییەكانی ئێمە تاوەكو كاتژمێر 12:30 خولەكی نیوەڕۆ ئاستی بەشداری دەنگدەرانی تایبەت لە دهۆگ گەیشتوەتە 30%.
درەو میدیا ئەفسەرێكی پۆلیس لە كەركوك كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بە "درەو میدیا" ی راگەیاند: كە دەنگدانی تایبەت بۆ پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ بە ئاسایی بەرێوە دەچێت، بەڵام جوڵەیەكی زۆر دەبینرێت بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری گەورە عەرەب دێن بۆ دەنگدان و دەنگدەدەن، هەرچەندە ئێمە نازانین كێن و چۆن هاتوون؟ ، ئەوان زۆر زۆرن لە دەنگدەرانی پۆلیس زۆرترن ، ئێمە بەهۆی ئەوەی لە ئینزارداین بە دوو شەفت دەچین بۆ دەنگدان ، بەڵام کارتی دەنگدان دەهێڵنەوە لای خۆیان و ئەینرێنەوە بۆ فەرمانگەكەی خۆت و لەوێ وەریدەگریتەوە. ئەو ئەفسەرە راشیگەیاند: ئەو هێزانەی لەوێ دەنگ دەدەن هێزی نوێین و هێزەكان دەگۆڕین بەڵام هێزی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی، پۆل پۆل دێن بۆ دەنگدان و بە ئۆتۆمبێل و ترێلە گەورە ئاڵوگۆریان پێدەكەن و بەشێكیان دەنگ دەدەن و دەیانبەنەوە و بەشی دیكە دێنن بۆ دەنگدان بۆیە زۆر زۆرن و ئێمە نازانین كێن و ناسنامەیان چیە؟
(درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار‌و یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الغد)ی ئوردنی، عەلاوی ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بكات، سەردانی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی كردووە بەوپێیەی سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بووە، داوای لێكردووە كارێك بكات بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق. وەكو خۆی باسی دەكات، شا عەبدوڵا بە عەلاوی وتووە، دەتوانین چ كارێك بكەین بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق، لەبەرامبەردا عەلاوی داوای لێكردووە دوور لە چاوی میدیاكان هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی عەممان یان عەقەبە بكات و پاڵپشتیان بكات بۆ ئەوەی دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن. عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، شا عەبدوڵا پێشنیازەكەی قبوڵكردووە، دوای چەند كاتژمێرێك شا عەبدوڵا تەلەفۆنی بۆ كردووە و ئاگاداری كردووە لەوەی مەسعود بارزانی ئامادەی نیشانداوە لە ئامادە بێت لە ماڵی شا لە عەقەبە، دواتر پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە كردووە، بەڵام عەبادی مەرجی هەبووە و وتویەتی بەر لە دەربڕینی رەزامەندیم بۆ ئەو كۆبونەوەیە، دەبێت بارزانی بچێتەسەر تەلەفزیۆن و داوای لێبوردن بكات. هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەیاد عەلاوی باسلەوەدەكات، سێ رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بارزانی بە زمانێكی توند قسەی كردووە و پێی وتووە "كەركوك هێڵی سورە، ریفراندۆم هەنگاوێكی شكستخواردووە، پێویستە لەسەرت بۆ عێراقییەكانی ئاشكرا بكەیت چۆن گەیشتویت بەم بڕیارە، بارزانی وەڵامی دایەوە و وتی: حكومەت وەكو سەگ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات بۆچی لە عێراق بمێنینەوە ؟". لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا سەبارەت بەوەی بۆچی بارزانی سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكات، عەلاوی دەڵێ: هەڵەی كرد، ئەو پلانگێڕی بوو، نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە.
درەو میدیا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە درەو میدیای راگەیاند: تا ئێستا پرۆسەی دەنگدان باش بەرێوە دەچێت و ئامێرەكان بەسەر بنكەو وێستگەكاندا دابەشكراون و كارمەندەكان تازەن بەڵام مەشق و راهێنانیان پێكراوە، لەبەر ئەوەی كاتی كەم بۆ راهێنانەكان دانرابوو بۆیە كێشەی بچوك لە ئامێرەكاندا هەبووە لە چەند بنكەیە بەڵام چارەسەر كراوە. سەبارەت بەو ناوانەی كە لە بازنەی تر هاتوونەتەوە بۆ نمونە كەسێك لە بازنەی سلێمانیەو لە بازنەی هەولێر ناوی هاتۆتەوە، سەعید كاكەیی رایگەیاند: ئەوە پەیوەندیە بەوە هەیە لەو كاتەدا كە بایۆمەتریان كردووە ئەركو فەرمانیان لەو ناوچەیە بووە بۆیە كارتی بایۆمەتریەكانیان بۆ ئەو شوێنانە گەڕاوەتەوە كە لە بایۆمەتریان لێكردووە، ئەوە كەمو كوڕی بووە،بەڵام كێشەكەیان بۆ چارەسەر دەكرێت. سەبارەت بە لابردنی عەلی قادر بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، سەعید كاكەیی رایگەیاند: ئەوە لابردن نیە بەڵكو دورخستنەوەیە لەبەر ئەوەی پابەندی رێنماییەكانی كۆمسیۆن نەبووە دوورخستنەوەكەشی بۆ ماوەیەكی كاتیە.
ئەمرۆ دەنگدانی تایبەت دەستی پێكردوو لە چەند بنكەو وێستگەیەكی دەنگدان پێشێلكاری كراون، پێشێلكاریەكان خۆی لە بانگەشەی كاندیداكان لەبەردەم بنكەكانی دەنگدان و چونەتە ژوورە بە چەكەوە و دروستكردنی پشێوی لە بنكەكانی دەنگداندا خۆی دەبێنیتەوە، كە لە نزیك یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لە سلێمانی كاندیدەكان بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن، لە زاخۆ هێزێكی ئەمنی بە چەكەوە چوونەتە ناو بنكەی چەمكورك كە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەكانی تێدا بەڕێوەدەچێت.لە بنكەی پێنجی ئازار لە رانیە ژمارەیەك سەرباز بە چەكەوە چووونەتە ناو بنكەی دەنگدانەوەو كاری دەنگدانی تایبەتیان راگرتووە. لەلایەن خۆشیەوە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ئاگاداریەكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە" تكایە هەر خروقاتێك دەبینن، بە بەڵگەوە تۆماری بكەن و بیكەنە سكاڵایەكی فەرمی و لە ڕێگای نووسینگەكانی كۆمسیۆنەوە (هۆبەی سكاڵا) بەرزیان بكەنەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن. لەسەر ئاستی عێراقیش پێشێلكاری روویداوە، یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی تایبەت لە بەغدادی پایتەخت بۆ ماوەیەك داخرا بەهۆی ئەوەی زۆربەی دەنگدەرەكان كارتی دەنگدانیان نوێ نەكردبووەوە. لەلایەكی ترەوە بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەبادی فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ كرد، لێكۆڵینەوە بكات لە بارەی ئەو قسانەی كە باسلەوەدەكەن محەمەد حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار ئۆتۆمبیلی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ئەنباری بەكارهێناوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. بەپێی هەواڵی میدیاكانی عێراق، بنكەكانی دەنگدانی تایبەت بە رەوەندی دەرەوە لە توركیا رێگەیان لە بریكاری قەوارە سیاسییەكان و چاودێران گرتووە بچنە ناو بنكەكانەوە. بەپێی قسەی یەكێك لە بریكاری قەوارە سیاسییەكان، لە بنكەی دەنگدانی نوسینگەی كادیكۆ لە شاری ئیستەنبوڵ، دەنگدەران بە پێنوسی ئاسایی دەنگیانداوە نەك بەو پێنوسەی كە كۆمسیۆنی تەرخانكردووە.
ژمارە دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان 247 هەزار و 422 هەزار دەنگدەرە و لە 99 بنكەی دەنگدان دەنگ دەدەن. لە پارێزگای هەولێری 114 هەزار و 172 دەنگدەری تایبەت هەن كە لە 45 بنكە دەدەن. لەپارێزگای دهۆك 50 هەزار و 476 كەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە لە 21 بنكەی دەنگدان لە 113 وێستگە. لە پارێزگای سلیمانی ( 82 هەزار و 783 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە لە 190 وێستگە لە 33 بنكە دەنگدەدەن
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت بەپێی زانیارییەك كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە ناو پەرلەمانی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، رێژەی پاشەكەوتی موچەی پەرلەمانتارانی كوردستان كەمدەكرێتەوە. سەرچاوەیەكی لە پەرلەمانی كوردستانەوە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستێكی نوێی موچەیە بۆ پەرلەمانتاران. سەرچاوەكە وتی: بڕیار بووە سبەینێ پێنج شەممە سەرۆكایەتی پەرلەمان موچەی مانگی (2)ی ساڵی 2018 وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەكردنی لیستی نوێی موچەی پەرلەمانتارانەوە دابەشكردنی موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری دەستكەوتووە كە پەرلەمانتارانی كوردستان لە هەموو فراكسیۆنەكان داوایانكردووە موچەكانیان زیادبكرێت و بڕی پاشەكەوتی موچەكانیان كە بەرێژەی 75% ە، كەمبكرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەو داواكارییانە بڕیاردراوە بە كەمكردنەوەی پاشەكەوت و زیادكردنی موچەكانیان. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكەوە كرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، هیچ لێدوانێكیان نەدا. لە پێش پاشەكەوتی موچە پەرلەمانتارێكی كوردستان بە تەواوی دەرماڵەكانیەوە ( 8 ملیۆن و 300 هەزار) دیناری وەردەگرت، بەڵام دوای سیستمی پاشەكەوت رێژەی لە 75%ی موچەكەیان بڕدراو بڕی موچەكەیان بە پێی رێژەكە دەكاتە ( 2 ملیۆن و 75 هەزار دینار) .
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت بۆ جاری یەكەم روسیا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بانگهێشتی مۆسكۆ كرد، ئەمە لە دیمەنە گەورەكەیدا نیشاندەری ئەوەیە هەولێر ئەمجارەیان ئاڕاستەی رێگەكەی بەرەو مۆسكۆ دەگۆڕێت. نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەمڕۆ لە مۆسكۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا كۆبووەوە. هەرچەندە بەپێی هەواڵی ئاژانسی (تاس)ی روسیا، كۆبونەوەكەی پۆتن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كورتخایەن بووە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دیدارەكە لە میدیاكانی جیهان بایەخی پێدرا. سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا زیاتر رەهەندێكی ئابوری هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی كە ئەو لەسەر داوای بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت) لەلایەن نوسینگەی سەرۆكی روسیاوە بانگهێشتنامەی ئاڕاستە كرا بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی یادی 73ساڵەی سەركەوتنی روسیا بەسەر ئەڵمانیای نازیدا. سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێنەی دیدارە "كورتخایەن"ەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پۆتنی بڵاوكردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان ئاشكرانەكرد. كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی لێدوانێكی سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی لەبارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا بڵاوكردەوە، لە لێدوانەكەدا دزەیی دەڵێ: لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی باشكردنی پەیوەندییەكانی روسیا و هەرێمی كوردستان لەڕووی وزە و ئابوری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. بەهۆی فشارەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە ژمارەیەك لە كۆمپانیا خۆرئاواییەكان بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكی و بەریتانییەكان ئاستی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان كەمكردەوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیای روسنەفتی روسی هاتەناوەوە. روسنەفت كۆمپانیایەكی نیشتیمانی بواری نەوتە لە روسیا، ئیگۆر سیچن سەرۆكایەتی كۆمپانیاكە دەكات كە كەسایەتییەكی نزیكە لە ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی روسیاوە. ئەم كۆمپانیایە ساڵی رابردوو سەرباری ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراق ژمارەیەك گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە بواری كڕین و فرۆشتنی نەوت ئیمزا كرد و لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پارەی پێشوەختی بە حكومەتی هەرێمدا. ئێستا بەپێی گرێبەستێك كۆمپانیای روسنەفت خاوەندارێتی هێڵی گواستنەوەی سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەكات. حكومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت ئەو گرێبەستە رەزامەندی بەغدادی بۆ وەرنەگیراوە و بەشێوەیەكی نادەستوری كراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە بەمدواییە بڵاویكردەوە، روسەكان گوێیان بە نیگەرانی حكومەتی ناوەندی عێراق نەداوە و گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، لەمەشدا بەتەنیا ئامانجی ئابورییان نییە، بەڵكو دەیانەوێت دەستڕۆیشتویی روسیا لە ناوچەكە فراوان بكەن. سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد" لەماوەیەكی نزیكدا كارەكانی كۆمپانیای روسنەفت لە كوردستان بەرفراوانتر دەبن". رۆژی 24ی ئەم مانگە لە سان پترسبۆرگ لە روسیا كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێم بەشداری لەو كۆڕبەندەدا دەكات. پێدەچێت لەدوای ریفراندۆمەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمونی هەیە بەسەریدا بەتەواوەتی بێ‌ئومێد بوبێت لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بەرەو روسیا و ئێران دەڕوات. بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی كردنەوەی ناوچەیەكی بازرگانی ئازادی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران راگەیاند، بە چاودێری حكومەتی ناوەندی عێراق. لە پرسی ریفراندۆمدا روسیا تاڕادەیەك خۆی پاراست لە دەربڕینی هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بە راشكاوی دژایەتی خۆیان بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق دەربڕی. "بەپێی سەرچاوەكان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەكە، كاربەدەستانی كورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانیشەوە فڕین بەرەو مۆسكۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێكاری روسنەفت و كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا"، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێك كە بەمدواییانە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبارەی پەیوەندی نێوان روسیا و هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە. سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران كە بوو بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا. نێچیرڤان بارزانی كە هێشتا كێشەی نەوتی لەسەر ئاستی لۆكاڵی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووە، رەنگە بیەوێت دۆسیەی نەوتی هەرێم بباتە ناو ململانێیەكی سەختترەوە كە ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیاوە لە ناوچەكەدا، ئەمەش تونێلێكە كە ئەوسەری دیارنییە.
بەپێی مەرسومی ژماریە 1 ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رۆژی 30/9/2018 دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بڕایرەكە تەنها ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووەو هیچ ئاماژەیەك بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوە. بەپێی یاسای ژمارە ( 1 )ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم مادەی چوارەم ئاماژە بەوە دەكات كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە كات و ساتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان ( پەرلەمان ) ئەنجام دەدرێت. بەڵام چاوەڕوان ناكرێت جارێكی دیكە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان نیەتی هەیە كە لەدوای مەسعود بارزانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دابخات و چی دیكە سەرۆكایەتی هەرێم نەهێڵێت، بەو پێیەی دەوتری لە ساڵی 2005 و لەكاتی دانانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو پۆستە تەنها بەرگێك بوو بە بەری مەسعود بارزانیدا دورا بەوەی لەبەرامبەر دانانی جەلال تاڵەبانی بە سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی دانرا، بەو پێیەی لەدوای هەڵبژاردنی رابەری رزگاری خوازی گەلی كوردستان لە 19/5/1992 ئیتر مەسەلەی سەرۆك كۆتایی هات تا ساڵی 2005 كە تالەبانی كرایە سەرۆك كۆمار لەبەرامبەردا پۆستێكی سەرۆكی هەرێمیان بۆ مەسعود بارزانی دیاریكرد. هەرچەندە مەسعود بارزانی تا ئێستاش لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم كارە حزبیەكانی رادەپەرێنێت و پێشوازی لە میوانەكانی دەكات، دوایینیان پێشوازی مەسعود بارزانی لە محەمەدی حاجی مەحمود لە 7/5/2018 لە هەمان ئەو شوێنەی رەسمیەی پێشتر پێشوازی لە میوانەكانی دەكرد . پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێك بوو لەو پرسانەی كە زۆرترین كێشەو ململانێ و قەیرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە هەم مەسعود بارزانی و پارتی ماندوو بون لەو پرسەو هەم لایەنەكانی دیكە، بۆیە ئێستا هەردوولا خۆیان لەو پرسە بەدوور دەگرن و چاوی خۆیانی لێدادەخەوێنن و چاوەڕوان ناكرێت جارێكی تر بە ئاسانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم بكرێت .
بەپێی مەرسومی ژماریە 1 ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رۆژی 30/9/2018 دیاریكرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ، بڕیارەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەڵبژاردنەكە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمەوە ئەنجامدەدرێت. بڕایرەكە تەنها ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو هیچ ئاماژەیەك بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم نەكراوە.
به‌دواداچوون: نیاز عه‌بدوڵڵا "یه‌كێك له دكتۆره‌كان وتی براكه‌ی خۆت ده‌ناسیته‌وه؟ وتم به‌ڵێ، له‌ناو هۆڵی مردووه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه نزیكه‌ی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه چوومه ژووره‌وه ئه‌و له لای ده‌رگاكه داندرابوو و هێنامانه ده‌ره‌وه، قاچ و ده‌سته‌كانی هه‌ر به‌سترابوونه‌وه و خۆم كردیانمه‌وه". سه‌ردار عوسمان برای چواره‌می سه‌رده‌شت كه له ته‌نیشت گڵكۆی براكه‌ی ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد ده‌نگی له گه‌روویییه‌وه نووسابوو و چاوه‌كانی پڕ له فرمێسك بوون. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سی خانه‌واده‌كه‌یانه ته‌رمی برای هه‌شته‌می بینیوه، سه‌ره‌ڕای ئاگاداركردنه‌وه‌ی زۆری له مه‌ترسیداری رێگاكه و ئه‌وبه‌ری شاری موسڵ كه ئه‌وكات به شوێنی چالاكی تیرۆریسته‌كان ناوبانگی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی 6ی ئایاری 2010 به ئۆتۆمبێلێكی ئه‌مبۆلانس له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیان و شوفێره‌كه به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی پزیشكی داد رۆیشتن. وه‌ك سه‌ردار به (دره‌و میدیا)ی وت "ئێواره‌ی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئه‌وانه‌ی به‌شوێن كوڕه رفێندراوه‌كه‌ی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ده‌گه‌ڕێن په‌یوه‌ندی به‌م ژماره ته‌له‌فۆنه‌وه بكه‌ن كه ژماره‌یه‌كی كۆڕه‌ك تیلیكۆم بوو، ئێمه له رێگای هاوڕێكانی سه‌رده‌شت له‌و نووسراوه بڵاوكراوه‌ی كه‌ناڵه‌كه ئاگاداركراینه‌وه بۆیه په‌یوه‌ندیم به‌و ژماره‌یه‌وه كرد، كه‌سێكی كوردی زابت پۆلیس ده‌رچوو له موسڵ تا هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه چه‌ند جارێك به‌یه‌كه‌وه قسه‌مان كرد". ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس به سه‌رداری وتبوو ته‌رمی سه‌رده‌شتی له كاتژمێر 5:30ی ئێواره له گه‌ڕه‌كی وه‌حده (حي الوحدة) به ده‌ست و قاچ به‌ستراوی كه كیسه‌یه‌كی ره‌شی خراوه‌ته سه‌ر و گولله‌یه‌ك به ده‌مییه‌وه نراوه و له‌سه‌رییه‌وه ده‌رچووه، له‌سه‌ر پردی4ى موسڵ دۆزیوه‌ته‌وه و داواى كردووه بچن ته‌رمه‌كه‌ی له نه‌خۆشخانه‌ی دادوه‌ری موسڵ وه‌ربگرنه‌وه. بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه له هه‌ولێره‌وه برای چواره‌م و باوكی سه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ هه‌شت خزم و دراوسێیه‌كیان ده‌ڕۆن بۆ موسڵ، له‌وێ له رێگای په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كانیان مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له موسڵ ئۆتۆمبێلی ئه‌مبۆلانسیان بۆ دابین ده‌كات تا بچن له نه‌خۆشخانه‌كه ته‌رمه‌كه بهێننه‌وه، دواتر هه‌ر به‌و ئۆتۆمبێله به یاوه‌ره‌ی سه‌رداری برا و عوسمانی باوك تا به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان ته‌رمی سه‌رده‌شتی تیرۆركرا‌و ده‌هێننه‌وه. سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس و خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌نیا دوای 8كاتژمێر و 20 خوله‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌پێش كۆلیژه‌كه‌ی له 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی به‌یانی له كاتی چوونی بۆ خوێندن له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوی جلوبه‌رگ مه‌ده‌نی به ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نه‌فه‌ری ژماره كاتی به‌غداد رفێندرا و، له ئێواره‌ی دووه‌م رۆژی رفاندنه‌كه‌یدا هه‌واڵی بوونی ته‌رمه‌كه‌ی له شاری موسڵ به خێزانه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندرا. سه‌ردار وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یان بوو ته‌رمه‌كه‌ی بینی، دوایین كه‌سیش بوو كه ئه‌وی به زیندوویی بینی، چونكه ئه‌و رۆژی 4ی ئایار سه‌رده‌شت ده‌باته زانكۆ و چه‌ند خوله‌كێك له دوای جێهێشتنی ئه‌وێ رفاندنه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت. به‌پێی قسه‌ی خوێندكاره شایه‌تحاڵه‌كانی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات كه سه‌رده‌شت له سه‌یاره‌ی براكه‌ی داده‌به‌زێت "دوو پیاوی جل مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت ده‌كه‌ونه قسه، دیاره ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه بیخافڵێنن و نه‌چێته ناو كۆلیژه‌كه‌ی تا سه‌ردار ده‌ڕوات، بۆیه له دوای رۆیشتنی چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ناو سه‌یاره‌یه‌كی جۆری كیا-هۆندای سپی داده‌به‌زن و له‌گه‌ڵ دوو كه‌سه‌كه به زۆر و لێدان ده‌یخه‌نه ناو سه‌یاره‌كه و ده‌یڕفێنن". به‌شدار برای حه‌و‌ته‌می خێزانه‌كه‌ی به گێڕانه‌وه‌ی رووداوی رفاندنه بۆ (دره‌و میدیا) ده‌یویست ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌نێت كه به‌پێی شێوه‌ی رفاندنه‌كه‌ی، پێشتر چاودێری و ئاماده‌كاری ورد كراوه بۆ رفاندن و كوشتنی براكه‌ی. سه‌رده‌شت له وتاری "یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێی دا" له‌باره‌ی ئه‌و رێكارانه‌ی گرتبوویه‌به‌ر بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه به‌رپرسه‌كان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه كه شه‌وی رابردوو ئیهانه و ته‌هدیدی كوشتن‌یان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه كێشه‌ی پۆلیسه، دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به عه‌مید عه‌بدولخالقی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێركرد پێمی گووت له‌وانه‌یه ئه‌م ژماره‌ی مۆبایله هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه و شتی ئاوای لێ روونادات". هه‌مان رۆژ دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی به رفاندنه‌كه‌ی ده‌زانن له نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسی نزیك كۆلیژه‌كه‌ی كه بنكه‌ی پۆلیسی ئازادییه سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كه‌ن و پۆلیس به فه‌رمی له رفاندنی كوڕه‌كه‌یان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام له سێیه‌م رۆژی پاش تۆماركردنی سكاڵاكه له 6ی ئایار و دوای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له موسڵ، له هه‌ولێر له‌نێو هاوار و شیوه‌ن و گریانی هاوڕێ و خوێندكاره‌كان و خزمه‌كانی، ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان له دواوه‌ی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو ته‌نی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایه‌وه ناو كۆلیژه‌كه‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی كه چیرۆكی رفاندنه‌كه‌ی لێیه‌وه ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌ره‌و گوندی گردعازه‌بان به‌ڕێكرا تا له‌وێ به‌خاك بسپێردرێت. برا گه‌وره‌ی خانه‌واده‌كه‌ی سه‌رده‌شت، به‌كرعوسمان ناسراو به ئارام عه‌لی كه ته‌نیا ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه به‌هۆی نیشته‌جێبوونی له وڵاتی سوید نه‌یتوانی دوایین ماڵئاوایی به‌ر له به خاكسپاردنی له براكه‌ی بكات و هێشتا له‌گه‌ڵ ئازاری ساتی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی مه‌رگی براكه‌ی ده‌ژی، له‌باره‌ی راپۆرتی پزیشكی داده‌وری موسڵ و جیاوازی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه به (دره‌و میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوه‌ری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نه‌خۆشخانه‌یه کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرته‌كه، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبه‌ن". به‌ڵام خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت كاتێك ده‌چنه‌وه هه‌مان نه‌خۆشخانه پێیان راده‌گه‌یه‌نن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئه‌وان پرسیاری ئەو دکتۆرە ده‌كه‌ن كه پێشتر قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه به‌ڵام پێیان ده‌ڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گه‌ڕان به‌دوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌ست ناكه‌وێت. سه‌ركه‌وت عوسمان برای سێیه‌می سه‌رده‌شت به (دره‌و میدیا)ی وت "له دوای هێنانه‌وه‌ی سه‌رده‌شت به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر داوایكرد ته‌رمه‌كه‌ی ببه‌ینه پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه". دوای تێپه‌ڕبوونی 4 هەفتە بەسه‌ر رووداوه‌كه به‌ناوی پزیشكی دادوه‌ری موسڵ و به رێككه‌وتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه له دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوكرایه‌وه. ئارام عوسمان له باره‌ی راستی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوه‌کەیان گێڕابووه‌وه، به‌شێكی پێچه‌وانه‌ی كاتی رووداوه‌كه‌یه و راپۆرته‌كه به رێككه‌وتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنه‌كه‌ی نووسراوه له كاتێكدا 5ی ئایار گه‌یه‌ندرابووه نه‌خۆشخانه‌كه". ئه‌و سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه هه‌بوو كه له راپۆرته‌كه‌دا به‌جۆرێكی تر نووسراوه، بۆ نموونه "سه‌رده‌شت فیشه‌ك به ده‌مییه‌وه نرابوو كه‌چی له راپۆرته‌كه ده‌ڵێ به‌ر سه‌ری كه‌وتووه، له كاتێكدا شوێنی پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه بۆناو ده‌می ئاماژه‌یه بۆ هه‌ڕه‌شه و سه‌ركوتكاری نووسین و وتن و بۆئه‌و بابه‌تانه‌ی كه نووسیونی". له ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایی شه‌قام و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی دا به ناوی (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه له دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كه‌ریم سنجاری، كه ئه‌وكات ناوی لیژنه‌كه به‌هۆی پێكهاته‌ی ئه‌ندامان و فه‌رامۆشكردنی رۆژنامه‌نووس، بوونی كه‌وته به‌ر ره‌خنه و لیژنه‌كه‌ش نه‌بووه هۆی ده‌ستگیركردنی بكوژان. رۆژی 15ی ئه‌یلولی 2010 ئاسایشی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی به ناونیشانی "ناسنامه‌ی بكوژانی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشكرا ده‌كات" بڵاوكرده‌وه به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به رفاندنه‌كه‌ی له‌نێو بازگه‌كانی ده‌زگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنه‌وه و تاوتوێكردن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری له سه‌رچاوه‌ی جیاجیا له لایه‌ن لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وت كه‌سێكی سه‌ر به گرووپی ئه‌نسار ئه‌لئیسلام -انصار الاسلام به ناوی هیشام مه‌حمود ئیسماعیل ته‌مه‌ن 28 ساڵ به ره‌گه‌ز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشه‌ی فیته‌ره له پیشه‌سازی شارۆچكه‌ی بێجی ده‌ستی هه‌بووه له شه‌هیدكردنی ناوبراو". له یه‌كه‌م رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هیشام مه‌حمود برایه به‌رده‌م دادوه‌ر عه‌بدولباست فه‌رهادی له دادگای تاوانەکانی هه‌ولێر. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی رووداو به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ڵه له دۆسییه‌كه به‌وه‌ی نووسرابوو "له رۆژی 30/8/2010 ئیفاده له تۆمه‌تبار وه‌رگیراوه به‌ڵام له رۆژی 7/9/2010 ده‌ستگیركراوه" دادوه‌ر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییه‌كه‌ی دواخست. ماڵپه‌ڕی ئاوێنه له 14ی ئایاری 2013 بڵاویكرده‌وه كه "هیشام مه‌حمود ئه‌و كه‌سه‌ی تۆمه‌تباركرابوو به كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان به‌هۆی نه‌بوونی شاهید و به‌ڵگه له‌سه‌ری ئازادكراوه". به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له لایه‌ن خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان "به‌هۆی نووسینه‌كانی و ره‌خنه‌گرتن له بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیسته‌می سیاسی" تیرۆركراوه، ئاماده‌ی هیچ یه‌كێك له دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی هیشام نه‌بوون. بۆیه عوسمان حه‌سه‌ن باوكی سه‌رده‌شت به ماڵپه‌ڕی سبه‌ی وتبوو "هه‌ر كاتێك بكوژی راسته‌قینه‌ی كوڕه‌كه‌مان برایه به‌رده‌م دادگا ئه‌و كات ئێمه‌ش به خۆشحاڵییه‌وه ئاماده ده‌بین". سه‌رده‌شت له 25/12/1987له گه‌ڕه‌كی كرێكارانی شاری هه‌ولێر له دایكبووه، خێزانه‌كه‌ی پێكهاتوون له سێ خوشك و ده برا كه ئه‌و هه‌شته‌مین له دایكبووی كوڕیان بووه. سه‌رده‌شت پێشتر له وتاره رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه كردووه كه به‌هۆی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه سه‌رۆك خوایه نه كچه‌كه‌ی" لێی كراوه، وتاری یه‌كه‌می 348 وشه بوو و وتاری دووه‌می 804 وشه بوو، به‌ڵام له دوای تیرۆركردنی له دوو به‌رگی كتێبدا به‌ناوی "سه‌رده‌شت عوسمان" له‌به‌رگی یه‌كه‌مدا 1049 لاپه‌ڕه و له‌به‌رگی دووه‌مدا 866 لاپه‌ڕه له دژی تیرۆركردن و له‌دژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه و بڵاوكراوه‌ته‌وه. به زمانی كوردی و زمانه زیندووه‌كانی جیهان له رێگای به‌دواداگه‌ڕانی گۆگڵه‌وه چه‌ندین هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی نووسراوی له‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه. به‌شدار له‌گه‌ڵ برا تیرۆركراوه‌كه‌یدا ژوورێكی هاوبه‌شیان هه‌بووه بۆ خوێندن و خه‌وتن له ماڵه‌كه‌یاندا، ئه‌و تائێستاش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پاراستووه كه له كاتی كوشتنی له نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له وێنه‌یه‌كی خۆی و سێوه‌ی دایكی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی زانكۆ و ته‌نیا 12هه‌زار دیناری عێراقی. سێوه حه‌مه‌ده‌مین كه له دوای تیرۆركردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه به ته‌واوی بووه‌ته دایكێكی ره‌شپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوه‌كانی ده‌سڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئومێدی به دادگان نه‌مابێت ده‌ست بۆ ئاسمان به‌رزده‌كاته‌وه ده‌ڵێ "حه‌قی سه‌رده‌شتم له‌و خودایه ده‌وێ، ئیللا هاواری ئه‌و خودایه ده‌كه‌م، نوخشه‌ی سه‌دامیان لێ بێت هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم". سێوه‌ی دایك له‌سه‌ر گڵكۆی كوڕه‌كه‌ی سه‌باره‌ت هاوده‌نگی و هاوخه‌می خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان به (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و خه‌ڵكه ده‌ستبارییان گرتووه له‌گه‌ل خه‌مه‌كانمان، ئه‌و كوڕه زۆربێ گوناه بوو، ده‌چووه مه‌كته‌ب و ده‌هاته‌وه". ئه‌و گێڕایه‌وه رۆژێك له‌سه‌ر زۆر خوێندن گله‌یی له كوڕه‌كه‌ی كردووه پێی وتووه "رۆژێك چاوی خۆت له‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زانه داده‌نێی، ئه‌و وتی دایه خوێندن ئه‌وهای ده‌وێ، زۆر مه‌راقی خوێندن بوو، له‌و رۆژه‌ی چووه مه‌كته‌ب ساقیت نه‌بوو تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وهایان لێ‌كرد". دوای تێپه‌ڕبوونی 8 ساڵ به‌سه‌ر كوشتنی كوڕه‌كه‌یان، خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه سه‌رۆك خوایه نه كچه‌كه‌ی" له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی تری هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه به‌شدار وتی" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه تیرۆری سه‌رده‌شت ته‌نیا له كوشتنی فیزیكی و گوله بۆ ناوده‌می كۆتایینه‌هات به‌ڵكو هه‌موو ئیمكانییه‌تێكی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان خرانه خزمه‌ت ونكردنی بكوژانی راسته‌قینه له‌به‌رچاوی ئێمه و كۆمه‌ڵگا". له‌به‌رئه‌وه "دوای 8 ساڵ ئه‌و دۆسیه‌یه له لای ئێمه و خه‌ڵكی كوردستان به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه و سه‌رده‌شت له‌وه تێپه‌ڕیوه به‌ته‌نیا كوڕی خانه‌واده‌یه‌ك بێت، ئه‌و ئێستا كوڕی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه".
