(درەو میدیا): دوای ململانێیەكی توند لە نێوان ژمارەیەك ركابەر بۆ سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوەبچێت، كەمێك لەمەوبەر لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا عەلی حەمە ساڵح بكاتە سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی كوردستان. كێبەركێكان لە نێوان عەلی حەمە ساڵح و عەبدوڵای مەلا نوری بووە هەریەكە لە كوێستان محەمەد و ئاراس وەلی و مستەفای سەید قادر هاتووە بۆ سەرۆكی لیست.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ سەرچاوە: بەشی عەرەبی "DW" بە فەرمی وەفدێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بێ مەرج لەگەڵ بەشار ئەسەد گەیشتە دیمەشق، ئەوەش لە كاتێكدایە بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەیی هێزە كوردییەكان رادەگەیەنێت بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی ئەسەد لە شەری كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلبدا، ئایا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەسەد دواهەمین كارتی دەستی كوردە لە رۆژئاوا ؟ ئەمە یەكەمجارە بەرپرسانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بچنە دیمەشق بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی سوریا، تائێستا وردەكاری و ئامانجی ئەو دانوستان بە تەواوەتی ئاشكرانەبوون، جگە لەوەی باس لەوەدەكرێت كە داهاتووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریا تاوتوێدەكرێت، ئەوەش لەسەر زاری بەرپرسێكی كوردەوە ئاشكرابووە، هەر لە هەمان چوارچێوەشدا هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ریاز دەرار رایگەیاند پێشبینیدەكرێت سەرەتا دانوستانەكان تایبەت بن لە كاروباری وەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەڵام ئێستا پیشبینیدەكرێت بەرەوپێشچوونی نوێ هەبێت و دانوستانەكە لەوە فراوانتربێت و وتیشی :" دیدار و كۆبوونەوەكان هەندێكیان ئەمنیین و هەندێكیشیان سیاسیین". چەند رۆژێك بەر لەم دانوستانە ئاڵدار خەلیل هاوسەركی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی " تەڤدەم" ئامادەیی كوردی نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی نەهێشتنی تیرۆر لە ئیدلب" ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە دیمەشق رایگەیاند دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی باشووری سوریا، ئامانجی داهاتووی پارێزگای ئیدلب دەبێت، ئەوەش بەواتای ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا و دیمەنی سوریا دێت. چی بە دیاریكراوی لە نێوان كورد و رژێمی سوریادا دەگوزەرێت. كورد چ سودێك دەكات لەهەر رێككەوتنێك لەم كاتەدا لەگەڵ سوریا كە ئێستا پێگەیان لاوازە؟ " دواهەمین كێشەی بەردەم ئەسەد" هەماهەنگی نێوان كورد و رژێمی سوریا ئەگەرچی تا ئێستا راستەوخۆ نەبووە، بەڵام نوێ نییە، و لە ماوەی رابردوودا چەندینجار گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كوردیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە ئاسانكاریی بۆ حكومەتی سوریا كردووە لە كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكدا، پێش ئەم دانوستانەش هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمدواییە چەند رێوشوێنێكی گرتبەر كە وەك ئامادەكارییەك بۆ رێككەوتنێكی خێرا لەگەڵ دیمەشق دەبینرا، وەك رادەستكردنی چەند ناوچەیەكی شاری حەسەكە بە هێزەكانی سوریا و لابردنی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای كوردستان لە چەند شەقامێك و گۆڕینی ناوی هێزەكانی ئاسایشی كوردی. ئامادەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ دانوستان كردن لەگەڵ حكومەتی سوریا دوای دواهەفتە لە لێدوانێكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دێت كە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند دوای كۆنترۆڵكردنەوەی رووبەرێكی بەرفراوانی سوریا " تاكە كێشە لەبەردەمیدا " هێزەكانی سوریای دیموكراتە، وتیشی:" سەرەتا ئێستا ئێمە دەرگامان واڵا كردووە بۆ دانوستان ... ئەگەر ئەوە رووینەدا ئەوا پەنا بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانە بە هێز دەبەین ئەمریكییەكان هەبن یان نەبن". رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە نزیكە لە ئۆپۆزسیۆنەوە باوەڕی وایە سوریا ئێستا چەند تەوافوقێك بەخۆیەوە دەبینێت كە هەندێك لایەن لە لایەن هێز ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە ناچاركراون بچنە نێوی، ئەوەش بە ئامانجی رێكخستنەوەی كارتەكان و بەهۆی دژایەتیكردنی تیرۆرەوە كە بووە بە پاساو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەستوەردان بكەن لە سوریا. بە بۆچوونی رامی عەبدولڕەحمان كورد بە گوشاری روسیا رەزامەندی نیشانداوە دانوستان لەگەڵ ئەسەددا بكات و بەبێ مەرجیش، رامی لەو بارەیەوە دەڵێت:" هیچ لایەنێك نییە لە سوریا بە ئیرادەیەكی سەربەخۆوە جموجوڵ بكات، رژێمی سوریا كاتێك بانگهێشتنی كورد دەكات بۆ دانوستان لەسەر داواكاری روسیا كردوویەتی كە هەوڵ بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی سوریا دەدات". هەلێكە بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیا؟ كورد لە رۆژئاوای كوردستان خۆیان بێ پشت و پەنا بینیوە لە رووبەڕووبونەوەی توركیا لە عەفرین كاتێك واشنتۆن پشتی تێكردن، دیمەشق تەنها بە هەڕەشە و بێدەنگی مۆسكۆش لەو كاتەدا وەك هەڵكردنی تیشكی سەوز بوو بۆ ئەردۆغان، لەبەرئەوە هیچ بژاردەیەك لە بەردەم كورددا نەماوە جگە لە دانوستان لەگەڵ ئەسەدن ئەوەش بە بۆچوونی یوخن هیپلەر شارەزای ئەڵمانیی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو پسپۆرە ئەڵمانییە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " وتی:" كوردەكان ناخوازنن خۆیان بە گەمارۆدراوی لەلایەن توركیا و رژێمی سوریاوە كە روسیا پشتگیری دەكات، ببینن، بە تایبەتی كە درك بەوەدەكەن ئێستا و زیاتر لە كاتی پێشوو، ناتوانن گرەو لەسەر پشتیوانی واشنتۆن بكەن لە سایەی هەڵوێستە ناجێگیرەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاكە قورسە پێشبینی و خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست و بڕیارەكانی بكرێت". ئاماژەدانی لێپرسراوێكی كورد بۆ ئامادەیی هێزە كوردییەكان بۆ هاوكاریكردنی رژێمی سوریا لە شەڕی پارێزگای ئیدلب كە هاوسنوری توركیایە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندایە، دەكرێت وەك هەلێك بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیای دوژمنی جێگیری كورد بخوێنرێتەوە، دوای كۆنترۆڵكردنی عەفرین لە ئازاری رابردوودا. بە بۆچوونی هیپلەر ئەم هەنگاوەی كورد، هەوڵێكە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە رژێمی سوریا لە چوارچێوەی لێكنزیكبوونەوەكانی ئێستا بە تایبەتی كە دوژمنەكە هاوبەشە، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان باوەڕی وایە كە كورد هەڵەیەكی گەورە دەكات ئەگەر بە كردەوە لەو شەڕەدا بەشداری بكات و دەڵێت:" باشترە ئەوان كار بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی عەفرین بكەن، نەك قوربانی بە رۆڵەكانیان بدەن". چارەنوسی خۆبەڕێوەبەریی كورد هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هێزە كوردییەكانی وەك " یەپەگە و یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزانەن و پشتیوانی ئەمریكایان هەیە 28%ی خاكی سوریایان لەژێر دەستدایە، دوای سوپای حكومەتی سوریا دووەم هێزە لەسەر خاكی سوریا و لەم چەند ساڵەی دوایشدا ئەو هێزە كارایی خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا سەلماندووە. كورد لە سوریا لە شەڕ و ململانێی چەند ساڵی رابردووی سوریادا یەكێك بووە لە لایەن سودمەندەكان، دوای چەندین ساڵ لە ستەمی حكومەتی سوریا بە سەركردایەتی حزبی بەعس، كورد لەسەرەتای قەیرانی سوریادا توانی دوای كشانەوەی هێزەكانی سوریا لە ساڵی 2012 ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی و پاشان سیستنی فیدراڵی پێش دوو ساڵ رابگەیەنێت، ئێستا كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەوڵدەدات پارێزگاری لە دەستكەوتە گرنگەكانی بكات كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستی هێناون، كە ئەوەش وادەردەكەوێت قورس بێت لە كاتێكدا كە دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریادا دەكات پێگەی وەك پێشووتر بەهێز نییە، بەڵام بەرای هیپلەری شارەزای كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوە پێشبیندەكرێت هەردوو لایەن لە نیوەدا بگەنە یەك بگەنە رێككەوتن و لەو بارەیەوە دەڵێت:" كوردەكان هەوڵدەدەن ئەوەی دەكرێت زۆرترین بەدەستبهێنن، و رژێمی سوریاش ئەگەر رێككەوتن لەسەر مافی ئۆتۆنۆمیی كرا هەوڵدەدات دەسەڵاتیان كەمبكاتەوە و لە كۆتاییدا دوای سازشكردنی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن، چونكە رژێمی سوریا هەرچەندە پێگەی لە دانوستاندا بەهێزە، بەڵام لەبەرژەوەندیی نییە بچێتە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێكدا كە دوای خۆی دووەم هێزە لە سوریا". دەربارەی وردەكاریی و سروشتی رێككەوتنەن ئەو پسپۆرە ئەڵمانیا بۆچونی وایە قورسە پێشبینی ناوەرۆكی رێككەوتنەكە بكرێت، بەڵام باوەڕی وایە كە هەر چۆنێك بێت دۆخی كورد ناچێتەوە پێش 2011 و دەڵێت:" باوەڕم وایە كە رژێمی سوریا رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر ئۆتۆنۆمییەك كە دەسەڵاتی سیاسیی دیاریكراوی هەبێت، بەڵام كوردەكات سودی ئابوریی و بە رادەیەكی زیاتر سەربەخۆیی رۆشنبیری لێ بەدەستدەهێنن".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە دیمەشقی پایتەختی سوریایە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە كۆبونەوە و گفتوگۆدایە. وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان خاتوو (ئیلهام ئەحمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە. سایتی "هاوارنیوز"ی نزیك لە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆژئاوای كوردستان هەواڵی سەردانی وەفدەكەی بۆ دیمەشق پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند" سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی دیمەشقە". سایتەكە ئاماژەی بەوەكردووە" سەردانەكە بەمەبەستی دانوستانە لەگەڵ رژێمدا، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو بابەتانە چین كە لە نێوان هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت". ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ دیمەشق كە هەواڵەكەی بەشێوەیەكی فەرمی لە راگەیاندنەكانی سەربە حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە. نزیكەی یەك لەسەر چواری خاكی سوریا ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی شەرڤانانی كورددایە، بۆیە بەپێی لێكدانەوەكان ئامانجی سەرەكی ئەم سەردانەی وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان بۆ دیمەشق، كردنەوەی چەند كەناڵێكی نوێ بێت لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی كە بتوانرێت بەهۆیەوە پارێزگاری لە "خۆبەڕێوەبەری"ی كورد بكرێت لە سوریا. "كۆبونەوەیەكی بێ ئەجێندا" ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ڤیەنناوە لە لێدوانێكى تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی رایگەیاند" كۆبونەوەكانی وەفدەكەی رۆژئاوا لە دیمەشق هیچ ئەجێندایەكی دیاریكراوی نییە و كۆبونەوەكانی بەرفراوانن و هەندێكیان كۆبونەوەی ئەمنی و هەندێكی تر كۆبونەوەی سیاسی دەبێت". "نازانم كێ لە بەرپرسانی حكومەتی سوریا بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن و وەفدەكە چەند رۆژی تر لە دیمەشق دەمێنێتەوە" ئەمە بەشێكی ترە لە قسەكانی هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات. خزمەتگوزاری.. تەوەرێكی گرنگ پێشبینی دەكرێت سەرەتای كۆبونەوەی وەفدی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی رژێمی سوریا زیاتر جەختكردن بێت لەسەر فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوا كە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕڤاناندان. ریاز درار هەر لەو لێدوانەدا لەبارەی كۆبونەوەكانی دیمەشقەوە دەڵێ" دەبێت ئێمە خۆمان كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، بەشی ئەوەش بابەتمان هەیە كە دانوستانیان لەسەر بكەین". ئەمریكا نیگەران دەبێ ؟ ئەم نزیكبونەوەیەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ رژێمی سوریا، كۆمەڵێك پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمریكا پشتیوانی لە شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و سەربازانی ئەمریكی هێشتا لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوا جێگیرن. بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كە ئێستا نوێنەرانی رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەیدا دەكەن، بونی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاوای كوردستان وەكو "داگیركەر" ناوبرد و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ كردنەدەرەوەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانگی ئایاری رابردوو ئەسەد بۆیەكەمجار ئاماژەی بەوەكرد كە ئامادەیە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات گفتوگۆ بكات. نزیكبونەوەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لە حكومەتی دیمەشق رەنگە پەیوەندی بە نیگەرانییەكانی ئەوانەوە هەبێت لەبارەی سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و لێدوانی دژبەیەكی بەرپرسانی واشنتۆن لەبارەی سوریاوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای لەژێر دەستدایە، لەم ناوچەیەدا روبەرێكی بەرفراوانی خاكی كشتوكاڵی و سەرچاوەی نەوت و ئاو هەیە. لەشەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" سنوری قەڵەمڕەوی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناوچە كوردنشینەكانی تێپەڕاند و گەیشتە شاری "رەققە" كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن. لەماوەی (7) ساڵ رابردووی قەیرانی ناوخۆی سوریادا، كورد لە رۆژئاوای كوردستان تاڕادەیەكی زۆر خۆی لە شەڕكردن دژ بە رژێمی سوریا پاراستوە، بەڵام سەرباری ئەوەش چەندجارێك پێكدادان لەنێوان هەردولا رویداوە. گرفتی بەنداوی تەبقە ساڵی رابردوو شەڕڤانانی سوریای دیموكرات بە پاڵپشتی ئەمریكا چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە بەنداوی "تەبقە" دەرپەڕاند كە گەورەترین بەنداوی سوریایە، بەمدواییە گفتوگۆیەك لەنێوان لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سوریا دەستیپێكرد بۆ گەڕانەوەی كارمەندانی دەوڵەت و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە. لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەڵێ" لەبارەی بەنداوی تەبقەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك وەفددا كراوە كە لە دیمەشقەوە هاتون"، جەختیش دەكات لەسەر ئەوەی "ئەمە یەكەمجارە وەفدی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات سەردانی دیمەشق بكات". لەماوەی رابردوودا لەسەر داوای توركیا، كورد لەو دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسیانە دورخرایەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرەشتییان دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سوریا. توركیا كە ئەندامی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆ ژئاوای كوردستان بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سوریا ناودەبات و وەكو گروپێكی "تیرۆرستی"ی لەسەر ئاستی جیهان دەیناسێنێت. ئەمەیە وایكردووە كە ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات پێشبینی شكستهێنانی ئەو كۆبونەوانە بكات كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دەكات و ئێستا هەوڵی دروستكردنی لیژنەیەك دەدات بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەجۆرێك لیژنەكە نوێنەری حكومەت و ئۆپۆزسیۆن و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ لەخۆبگرێت. ریاز درار رایگەیاند" پرسی لیژنەی دەستوریی پرسێكی لاستیكییە.. لەوبڕوایەدام ئەم لیژنەیە لە داهاتودا بە ئەركی خۆی هەڵناسێت و بەبێ هیچ ئەندامێك دەرگای ژنێڤ دادەخات". كورد سەربەخۆیی ناوێت ! كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەم قۆناغە چاوی لە سەربەخۆیی و جیابونەوە لە سوریا نییە، تەنیا دەیەوێت بگاتە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەنەكان كە بتوانێت لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەوە پارێزگاری لەو "خۆبەڕێوەبەری"یە بكات كە بە خوێن و شەڕ بەدی هێناوە.
درەو میدیا: بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ 2019, لە كۆی 850 ملیۆن دۆلاری تەرخانكراو بۆ سوپای عێراق، 290 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دانراوە, لە كاتێكدا لە بودجەی سەربازی ساڵی 2017، ئەمریكا 415 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو، لە بودجەی سەربازی ساڵی 2018 شدا 365 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو, واتا لە 2017 بۆ 2019 ئەمریكا 125 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشمەرگە كەمكردۆتەوە. تەرخانكردنی بودجە لە پرۆژە بودجەی سەربازی ئەمریكا كە بە یاسای (رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی) ناسراوە, لەنێو ئەو پارەیەی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تەرخانكراوە، بەشێكی بۆ پێشمەرگە دادەنرێت. ئەگەرچی پێشتر لە یاسای بودجەی ئەمریكا ناوی هێزی پێشمەرگە نەهاتبوو بەڵام لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی سەربازی ئەمریكا بۆ ساڵی 2019 ناوی پێشمەرگە هاتووە، ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق، بۆیە لە چوارچێوەی پشتیوانییەكانیان بۆ حكومەتی عێراق، هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەش دەكەن لەدوای دەركەوتنی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا لە 2014 ەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا مەشق و راهێنان بە هێزە سەربازیەكانی عێراق دەكات و لەناویشیاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
(درەو میدیا): دوای بڕیاردان لەسەریان یەكێتی گۆڕانكاری لە پۆستە حزبیەكانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە بەم شێوەیە: - رابەری سەید برایم لە بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەوە بۆ لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن لە شوێنی قادر عەزیز - بورهان سەعید سۆفی وەك بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی رابەر سەید برایم - سیروان كوێخا نەجم وەك بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی بەرزان ئەحمەد كوردە - عەبدولباری زێباری وەك بەرپرسی مەڵبەندی بایدینانی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی هەرێم كەمال ئاغا - سامان گەرمیانی وەك بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی محەمەد عەبدوڵا ئەگەرچی لەسەرەتادا ئەو گۆڕانكاریانە ناڕەزایی و ناكۆكی سەركردەكانی لێكەوتەوە، بەڵام دواتر گۆڕانكاریەكان چونە بواری جێبەجێكردنەوەو بڕیارە گۆڕانكاری دیكەش بكرێت.
درەو میدیا: خاوەنی گوتارێكی رەوان و سەرنج راكێشە، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێكی دیارە، هەموو تواناكانی خستە خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەرهەمێكی كەمی چنیەوە. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەو پیاوەی سەرۆكی دوو كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئێستا لە دواین پرۆژەی سیاسیدا سەرۆكایەتی هێزێكی سیاسی نوێ دەكات بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری". لەیەكەم ئەزموندا وەكو سیاسییەكی سەربەخۆ و سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەرهەم ساڵح لە پرۆسەی هەڵبژاردندا گلا و بە ئامانجەكەی نەگەیشت، ئەو هۆكاری گلانەكەی بۆ ساختەكاری پلان بۆ داڕێژراوی هاوڕێكانی پێشووی لە یەكێتی نیشتیمانی دەگەڕێنێتەوە. بەرهەم ساڵح لە یەكەم تاقیكردنەوەدا رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح وەكو نوێترین هێزی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان یەكەم چانسی خۆی لەو هەڵبژاردنەدا تاقیكردەوە. ئەگەرچی گوتار و هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح لە بنەڕەتەوە زیاتر بەرەو ئاڕاستەی هەرێم و دۆخی هەرێم بوو، بەڵام چووە یارەكەی بەغدادەوە، بەرهەمی بەرهەم ساڵح لەو پرۆسەیەدا چنینەوە تەنیا (2) كورسی بوو، لە یەكەم بەشداریدا چانسێكی خراپی هێنا. بەپێی ئەنجامی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیدی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە پلەی شەشەمدا بووەو (46967) دەنگی بەدەستهێناوە كە دەكاتە تەنها (1) كورسی. لە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمیش، هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح لە پلەی چوارەمدا بوو، ( 50561) دەنگی بەدەستهێنا كە بەهەمان شێوەی سلێمانی (1) كورسی مسۆگەركرد، لە دهۆكیش دەنگەكانی نەگەیشتە ئاستی كورسییەك. هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی دیكەدا تانەیان لە ئەنجامەكانداو رایانگەیاند، ساختەكاری زۆریان لێكراوە، داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانیان كرد. دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەنجامەكە هەر بە دڵی هاوپەیمانی نەبوو، بەپێی ئەنجامی نافەرمی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هاوپەیمانی لە نێوان پلەی پێنجەم و شەشەمدایە لە پارێزگای سلێمانی بە جۆرێك، لە ناوەندی پێشڕەو ژمارە 126102 وێستگەی ژمارە 1، لیستی هاوپەیمانی لە پلەی شەشەمدایە كە 19 دەنگی هێناوەو دەكەوێتە دوای پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كە 21 دەنگی هێناوە. بەپێی ئەو رێژەیەی كە لەلایەن، ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی لە پەیامی ماڵئاواییدا ئاماژەی بۆكرد" هاوپەیمانی هێزی شەشەمە لە سلێمانی و 1836 دەنگی بەدەستهێناوەو پارتی هێزی سێیەمە و 3001 دەنگی بەدەستهێناوە، بزوتنەوەی گۆڕان ( 6220 ) دەنگ و یەكێتی (5495) دەنگیان بەدەستهێناوە. لە پارێزگای هەولێریش بەپێی ئەو ئەنجامە نافەرمییانەی بڵاوكراونەتەوە، لە ئەژماری دەستیی دەنگەكان، هاوپەیمانی هێزی چوارەمە، بەگوێرەی خشتەیەك كە 15 سندوقی لە خۆگرتبوو، هاوپەیمانی (338) دەنگی بەدەستهێناوەو لەدوای پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێوەیەو پلەی چوارەمی گرتووە. بەراوردێك لەنێوان بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید ئەگەر بەراورد بكرێت لەنێوان دەنگەكانی هاوپەیمانی و (نەوەی نوێ) كە دوو پارتی سیاسی بوون بۆ یەكەمجار 12ی ئایار بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، دەردەكەوێت (نەوەی نوێ) دوو ئەوەندەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) كورسی هێناوە، لە سلێمانی (نەوەی نوێ) چوارەم و (هاوپەیمانی) پلەی شەشەمە، لە هەولێریش (نەوەی نوێ) دووەم و (هاوپەیمانی) لە پلەی چوارەمدایە. هۆكارەكانی كەمی دەنگی هاوپەیمانی زەرەرمەندی سەرەكی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح بوو، خۆی هۆكاری سەرەكی زیانەكە بۆ ساختەكاری دەگەڕێنێتەوە، هەندێك كەس وا لێكیدەدەنەوە، لەو هەڵبژاردنەدا بەرهەم ساڵح بەپلەی یەكەم لەلایەن یەكێتی نیشتیمانییەوە بە ئامانجگیراوە، چونكە ئەگەر هاوپەیمانی دەنگ و كورسی زۆری بهێنایە، رەنگە كاریگەری لەسەر ناوخۆی یەكێتی هەبوایە، بۆیە تەركیزی سەرەكی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار لەسەر هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح بوو. بەڵام ئەمە تەنیا هۆكار نەبوو بۆ گلانی هاوپەیمانی لە یەكەم ئەزمونی پێشبڕكێی هەڵبژاردندا، یەكێك لە هەڵەكانی هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح كە هۆكار بوو بۆ ئەو گلانە، پەلەكردنیان بوو لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لەكاتێكدا هێشتا پارتە نوێیەكە نەكەوتبووە سەرپێی خۆی و بنكەی رێكخراوەیی و میدیایی و دارایی و جەماوەری تۆكمە نەبوو بوو، كە دەبوو خۆی زیاتر ئامادە بكردایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە بنەڕەتەوە گوتار و تەركیزی و روئیای هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح ئاڕاستەی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو، نەك بەغداد. ئێستا كە بەرهەم ساڵح لەبەردەم دووەم تاقیكردنەوەدایە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، دروست نازانرێت گوتاری چۆن دەبێت، بەڵام سەرباری ئەو شكستە، خۆی و هاوپەیمانێتییەكەی چەندین خاڵی هێز و لاوازیان هەیە، كە دەبێت بەشێوەیەكی هاوسەنگ كار لەسەر هەردوكیان بكات، ئەگەر بیەوێت لە دەرگای سەركەوتن بدات. یەكەم/ خاڵە بەهێزەكانی هاوپەیمانی 1- ئەم هێزە تێكەڵەیەكە لە رەوتە سیاسییە جیاجیاكان، لیبراڵ، ئیسلامی، سەربەخۆ و ..، ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ ئەم فرەجۆرییەدا بكرێت، رەنگە لە هەڵبژاردندا دەنگێكی زۆری دەنگدەرانی پێ كێش بكرێت. 2- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لەڕووی وتاربێژییەوە لەناو سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان باشترینە، بەڵام خاوەنی گوتارێكی نەرمە خۆ ئەگەر گوتارەكانی تۆزێك رادیكاڵتر بكات بەرامبەر بە هێزە دەسەڵاتدارەكان، رەنگە بتوانێت ژمارەیەكی زیاتر لە دەنگی دەنگدەران بۆ هاوپەیمانێتییەكەی كێش بكات. 3- بەرهەم ساڵح لەو ماوەیەی سەرۆكی حكومەت بوو، بەهۆی لەباری دۆخی ئابورییەوە ژمارەیەك پرۆژەی جێبەجێ كردووە لەوانە "تواناسازی و سلفەی زەواج، قەرزی بچوك و قەرزی عەقار"، دەتوانێت لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەم پرۆژانە بداتەوە بە گوێی دەنگدەراندا بۆ كێشكردنی دەنگ و سۆزیان بۆ هاوپەیمانێتییەكەی، بەڵام ناكرێت ئەمە بكاتە بانگەشەی سەرەكی چونكە خاڵی لاوازیشی هەیە. 4- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دوای دروستبونی یەكجار بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، ئەویش هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بوو، هاوپەیمانی ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەی رەتكردەوە و باسی لەوەكرد ساختەكاری گەورە بەرامبەر بە دەنگەكانی كراوە، دەتوانێت هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆی وەكو ستەملێكراوێك نمایش بكات و لەو رێگەیەوە سۆزی دەنگدەران بۆ خۆی راكێشێت. دووەم/ خاڵە لاوازەكانی هاوپەیمانی 1- هاوپەیمانی لە یەكەم بەشداریكردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو لە 12ی ئایار، توشی شكستێكی گەورە هات، ئەمە دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەری لەسەر دەنگدەرەكانی دابنێت و نائومێدی لای لایەنگرانی دروست بكات، دەرفەتی بەخشینەوەی ئومێدیش زۆر كەمە، بەهۆی ئەوەی ماوەی نێوان هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو و هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، ماوەیەكی كەمە. 2- لاوازی گوتاری سیاسی هاوپەیمانێتییەكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار شتێكی ئەوتۆی نوێی بە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان نەوت، ئەگەر بەهەمان گوتارەوە بچێتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێناچێت بتوانێت سۆزی دەنگدەران بۆ خۆی كێش بكات، میدیای ئەم حزبە میدیایەكی تەقلیدییە و شتێكی نوێی بۆ دەنگدەران نەخستوەتەڕوو، بە واتایەكی تر لەدایكبوونی میدیاكەی لە بارودۆخی هەڵبژاردندابوو، نەكەوتە سەرخۆی. 3- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە تائێستا بەروونی جیابونەوەی تەواوەتی خۆی لە یەكێتی نیشتیمانی رانەگەیاندووە و زیاتر وەكو مینبەرێك لەناو یەكێتی مامەڵە دەكات، ئەمە دەنگدەرانی دوردونگ كردووە، زۆرێك لە دەنگدەران هەمان ئەو گومانانەیان هەیە كە لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان هەیانبوو، كە پێیانوابوو گۆڕان بەشێكە لە یەكێتی و جیابونەوەكەی سیناریۆی سیاسییە. 4- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لەو ماوەیەی كە سەرۆكی حكومەت بووە چەندین رەخنەی لەسەرە، بەتایبەتی كوژرانی خۆپیشاندەران، دەكرێت لایەنە ركابەرەكان ئەم بابەتە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەسەر هاوپەیمانێتییەكەی گەورە بكەن. 5- بەرهەم ساڵح خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەناو سەركردەو فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیدا، بەڵام نەیتوانیوە تەوزیفیان بكات و بیانخاتە خزمەتی هاوپەیمانێتییەكەیەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لەو كەسە نزیكانەی پاشەكشێی لێ بكەن و چیتر پاڵپشتی نەكەن. 6- نارونی گوتاری هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح بەرامبەر بە پارتی و خودی مەسعود بارزانی، كە تەواوی پۆستە هەستیارو بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان لەلای ئەوانە، زیاتر و وتەو لێدوانەكان و هەڵوێستەكانی هاوپەیمانی نەرم و خاترگرتنی پێوە دیاربوو بەرامبەر بە پارتی. 7- سەرنەكەوتن لە درووستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە ناڕازیەكان و بەتایبەتیش گۆڕان، چونكە بیرۆكەو بنەمای درووستبوونی هاوپەیمانی هەوڵدان بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات و درووستكردنی بەرەیەكی بەهێز. هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی بەڕێوەبچێت، دەبێتە ئەزمونێكی یەكلاكەرەوە بۆ هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح، ئەگەر دەنگ و كورسی زۆر بەدەستبهێنێت، ئەوا بەرهەم ساڵح بە گوڕوتینێكی گەورەوە دێتەوە ناو گۆڕەپانە سیاسییەكەو دەبێتە كارەكتەرێكی كاریگەر، خۆ ئەگەر وەك هەڵبژاردنی رابردوو بەهەر هۆكارێك دەنگ و كورسییەكانی كەم بێت، خۆری هاوپەیمانی و پێگەی خۆشی بەرەو ئاوابون دەچێت. بەڵام ئاوابوونی خۆر بەواتای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی نیە بەو پێیەی چانسی بەرهەم ساڵح هەمیشە كراوەیە لەناو هێزەكانی دیكە و یەكێتی و بەردەوام لەسەر سینیەك زێڕ سەرۆكی كابینەی حكومەت و سەرۆككۆماری بۆ دەخرێتە بەردەم، لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لە هاوپەیمانی و لیستی جیا.
درەو میدیا: "مەلا سەلیم شووشكەیی،پەرمانتارەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی،كەسێكە سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعشە و لە دادگا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و پێویستە دەستگیر بكرێت" ئەمە وتەی تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێرە، كە لەدوای روداوەكەی بینای پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی رێوشوینەكان ئاماژەی بۆكردووە. لەبەرامبەردا سەلیم شوشكەیی لە راگەیەنراوێكدا وتویەتی" زۆر بەتوندی ئەو ئەتۆمەتانە ڕەت دەكەمەوە بە هەوڵێكی دەزانم بۆ ناشرین كردنی كەسایەتیم، دەمێكە هەوڵی ناشرین كردنمان ئەدەن بەڵام سوپاس بۆ خوا گەلی كوردستان لەوە هۆشیاترە به درۆ دەلەسەكانیان باوەڕ بكات" شوشكەیی ئاماژە بەوەش دەكات " هیچ گومانی تێدا نیە هەركەسێك لەئەلفو بای یاسا بزانێ لەو ڕاستیە تێدەگات كە هەركەس پەیوەندی بە هەر گروپێكی تیرۆرستیەوە هەبێت ناتوانێت كاندیدی پەڕلەمان بێت و و ڕەزامەندی خەڵك بەدەست بێنێت" پێدەچێت روداوی پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر بیانویەكی باشی دابێت بەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاساییشی پارتی، كە پلانەكانی بۆسەر لایەنگران و مامۆستایانی ئایینی كۆمەڵی ئیسلامی چڕ بكاتەوە و بەشێك لە لایەنگران و ئەندامانیان بەتۆمەتی داعش بوون و نزیكی لەگروپە توندڕەوەكان دەستگیر بكات. لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان تارق نوری بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە" مەلا ئیسماعیل سووسەیی سێ حەفتەیە دەستگیر كراوە و ددانی بەوەدا ناوە كە بەیعەتی بە داعش داوە , لە ھەولێر خەریكی جێبەجێكردنی پیلانێكی تیرۆریستی بووە و چەندین چەكیش لە ماڵەكەیدا گیراوە, بۆیە زانیمان شتێكی لەبەردەستە و دەیەوێ پیلانێك جێبەجێ بكات" ئەگەرچی مەلا ئیسماعیل سووسەیی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی نیە، بەڵام ئەوەی گومانەكە زیاتر دەكات بۆچی لەو كاتانەی داعش لەوپەری بەهێزیدا بووەو چەندین جاریش نزیك بۆتەوە لە هەولێر بەتایبەت لە ساڵانی 2014, 2015 , 2016, ئەو مامۆستایانە پلانەكەیان جێبەجێنەكردووەو نەچونەتە ناو داعش بەڵام لە ئێستادا كە داعش بەتەواوی لاواز بووەو لە ناوچەكە دووركەوتۆتەوە، ئاساییش درك بەو پلانە دەكات. لە چەند ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنیەكانی پارتی لە هەولێر چەندین هەنگاویان نا بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی بەتۆمەتی جۆراوجۆر و هاوكات دورخستنەوەی ئەو مامۆستا ئایینیانەی كە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی كە لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە مامۆستا ئیدریس كاریتانی و مامۆستا نادر كانی كوردەیی دوورخراونەوە لە وتاردان. رەنگە كۆمەڵی ئیسلامی و لایەنگرانی باجی هەڵوێستەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و جموجوڵ و بەشداری جدیان بێت لە پرسە سیاسی و خۆپیشاندانەكاندا، هاوكات بەردەوام كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری بەهێز بووە لە شاری هەولێر و لە هەڵبژاردنی رابردوودا دوو پارلەمانتاری هەبوو. رەنگە بەشێكی ئەو هەنگاوانەی هێزە ئەمنیەكان دەستواڵاكردنیان بێت بەپەسەندكردنی یاسای ( تیرۆر) كە رۆژی 1/7/2018 بۆ جاری چوارەم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەكەی درێژكرایەوە. یاسای ژمارە 3 ی بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا لە 18 ماددە پێكهاتووە، رۆژی 3-4-2006 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسندكراوە، تاوەكو ئێستا 4 جار لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەی كاركردن بەو یاسایە دوو ساڵ، دوو ساڵ، درێژكراوەتەوە. دوایینجار رۆژی 1/7/2018 بۆ جاری چوارەم پەرلەمان ماوەی یاساكەی درێژكردەوە.
درەو میدیا: بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، دوای ئەوەی هەریەك لە سۆران عومەر و عەبدولستار مەجید دیاریكرابوون بۆ سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی كوردستان، دواجار بە قازانجی سۆران عومەر یەكلاكرایەوەو لە ئێستادا كۆمەڵی ئیسلامی لیستەكەی بەسەرۆكایەتی سۆران عومەر ئامادەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان. یەكگرتووی ئێسلامی كوردستانیش مستەفا عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەستنیشان كردووە بۆ سەرۆكی لیستەكەی كە پێشتر باس لە ئەبوبەكر هەڵەدنی و شێركۆ جەودەت دەكرا. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، عەبدوڵای حاجی مەحمودی برای محەمەدی حاجی مەحمودی كردۆتە سەرۆكی لیست كە لەگەڵ پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان بە لیستی سەردەم بەشداری دەكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی كردۆتە سەرۆكی لیستەكەی كە بە كەسایەتیەكی نزیكی مەسرور بارزانی دادەنرێت. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە بەسەرۆكی لیستەكەی، لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی كە رەنگە بۆ خولی داهاتوو سەرۆكی پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەركەوێت نەوەی نوێ ئەگەرچی هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی كەسایەتیەكی بێلایەنی بەهێزی دەستبكەوێت بیكاتە سەرۆكی لیستەكەی بەڵام بەپێی زانیاریەكان شاسوار عەبدولواحێد خۆی سەرۆكی لیستەكە دەبێت. هەرچی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریە دوای هەوڵێكی زۆر بۆ دیاری كردنی كەسێكی بێلایەن بەسەرۆكی لیستەكەی بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاریانداوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بكرێتە سەرۆكی لیستەكە. بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا سەرۆكی لیستەكەی یەكلا نەكردۆتەوە، كە پێشتر باس لە عەبدوڵای مەلا نوری دەكرا بۆ سەرۆكایەتی لیستی گۆڕان، بەڵام لە ئێستادا ناوی عەلی حەمە ساڵح و برزۆ مەجیدو عەبدوڵای مەلا نوری هەیە بۆ سەرۆكی لیست، كە هێشتای یەكلا نەكراوەتەوە، كە رەنگە هەمان سیناریۆی دیاریكردنی سەرۆكی لیستی پەرلەمانی عێراق روبداتەوە، كە پێشتر باس لە دانانی ئارام شێخ محەمەد دەكرا، بەڵام دواتر ناوی عەدنان عوسمان و یوسف محەمەد هاتە ئاراوەو دواتر یوسف محەمەد كرا بەسەرۆكی لیست. وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیداكانی پەرلەمانی كوردستان تا رۆژی 25ی تەموزی 2018یە،سبەی سەعات 3 وادەی وەرگردنی ناوی كاندیداكان تەواو دەبێت ئەگەر كۆمسیۆن وادەكە درێژ نەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی دەنگۆی دواخستنی هەیە بەڵام، هەڵبژاردنی خولی پێجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوە بچێت، كە خولی یەكەم 1992 و خولی دووەم 2005 و خولی سێیەم 2009 و خولی چوارەم لە 2013 ئەنجامدراوەو تا ئێستا بەردەوامە .
(درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی كۆتایی دووبارە پشكنینەوەی كەمئەندامانی هەرێمی كوردستان، لە ( 103623) كەمئەندام ( 81111 ) لە پشكنینەكە دەرچوون، ئەو ئامارانە لەلایەن رێكەوت حەمەرەشید، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەوەكالەتەوە راگەیەندرا. ئەنجامی ئەو لیژنەیەی دیاریكرابوو بۆ پشكنینەوەی كەم ئەندامان بەمشێوەیە بوو: كۆی گشتی ـ ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت بەر لە كارەكانی لیژنەكەی وەزارەت: 103623 ـ ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 6910 ـ ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 96713 ـ رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 15602 ـ رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە 81111 پارێزگای هەولێر: ژمارەی تەواوی خاوەنپێداویستی تایبەت: 37069 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوت: 1257 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 35812 رێژەی دەرچوو لەپشكنینەكە: 30251 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 5561 پارێزگای سلێمانی: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 29352 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 4892 ئەوانەی چاوپێكەوتنەكەیان ئەنجامداوە: 24460 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 20634 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 3826 پارێزگای دهۆك: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 23028 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 410 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 22618 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 18214 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 4404 پارێزگای هەڵەبجە: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 7107 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 204 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتنەكە: 6902 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 6190 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 713 ئیدارەی گەرمیان: ژمارەی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت: 7067 ئەوانەی نەچون بۆ چاوپێكەوتن: 147 ئەوانەی چون بۆ چاوپێكەوتن: 6920 رێژەی دەرچوو لە پشكنینەكە: 5822 رێژەی دەرنەچوو لە پشكنینەكە: 1098
(درەو میدیا): - وەزارەتی ناوخۆ 121 هەزار841 كەس - وەزارەتی پێشمەرگە 118 هەزار642 كەس - دەزگای ئاساییشی هەرێم 31 هەزار 431كەس - ئەنجومەنی ئاساییش 6 هەزار 476كەس - خانەنشینی سەربازی 133 هەزارو 435 كەس - كۆی گشتی 411,825 موچەخۆر لە هێزی ئەمنی و چەكدارین ژمارەكان لە پرۆژە بودجەی 2013ی حكومەتی هەرێمەوە وەرگیراوە
(درەو میدیا): عوسمانی حاجی مەحمود سەركردەی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند، دەستی لە ئەندامی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری گۆڕان دەكات. عوسمانی حاجی مەحمود لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (شارپرێس) وتی:" وازم لە ئەركی لێپرسراوییەتی و حیزبی هێناوە". سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی دەڵێت" باسكردنی وردەكارییەكان بەپێویست نازانم، بەڵام هۆكارەكەم لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی 10-3-2018دا بەوردی باسكردووە، هەروەها لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەشمدا كە ئاڕاستەی بەڕێز ڕێكخەری گشتی و بەڕێزان ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیم كردووە، ئاماژەم بە بەشێك لە هۆكارەكان كردووە". لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە واتای ئەوە نایەت پشتیوانی لە هێزێكی سیاسی تر بكات، عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەكردووە" لە هەڵبژاردنى داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پشتیوانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات." سەبارەت بە نەوشیروان مستەفاش، عوسمانی حاجی مەحمود دەڵێ" بەڕێز كاك نەوشیراون، سەركردە و رەمزێكی گەورەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردە، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و مێژوونوس و نوسەر و تێكۆشەرێكی مەزنی سادە و خۆنەویست بوو، لە پێگەیەكی بەهێز و كاریگەرەوە هەموو ژیانی لە پێناوی سەرفرازی گەلەكەیدا تەرخانكردووە، لە هەمان كاتیشدا، لێپرسراو و هاوڕێی زۆربەمان بووە، لەبەرئەوە، ئەركی ئەخلاقی هەموومانە ئەو راستیانە دەربارەی بەڕێزیان لە یادنەكەین و مێژووی خەبات و پڕۆژە سیاسییەكەی زیندوو بهێڵرێتەوە. وەك چۆن هەر هێرشێك بۆ سەر بەڕێزیان بە ناڕەوا دەبینم، هەروەها بەكارهێنانی ناوی ئەویش لە لایەن هەندێك كەسەوە كە خۆیان داوەتە پاڵ ناوی ئەو و هێرشدەكەنە سەر كەس و لایەنی تر، بە هەمان شێوە بە ناڕەوا دەبینم". عوسمان حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، لە خانەی راپەڕاندن سكرتێری باژێرەكان بوو.
درەو میدیا: بۆ ماوەی چوار كاتژمێر سێ چەكدار بینای پارێزگای هەوڵێریان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵكرد، دوای چوار كاتژمێر لە هێرشەكە، هێزە ئەمنیەكان توانیان سێ چەكدارەكە بكوژن. لە كاتژمێر 7:45ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، سێ چەكدار هێرشییان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، لەسەرەتادا بە تەقەی ئەو سێ چەكدارە پۆلیسێك بەناوی ( ئەحمەد سەلیم گەردی) بریندار دەبێت و گوللەك بەر شانی دەكەوێت، هاوكات سێ چەكدارەكە فەرمانبەرێكی پارێزگای هەولێر بەناوی "فەرحان شەقڵاوەیی" كە كریستیانە و تەمەنی 55 ساڵە، بریندار دەكەن لە رێگە بەرەو نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات. واتا لە كۆی گشتی سێ چەكدارەكە كوژراوەو پۆلیسێك بریندارەو فەرمانبەرێكیش بەهۆی تەقەی چەكدارەكانەوە گیانی لەدەستداوە، سەڕەرای زیانی زۆر بە ناوەوەی بینای پارێزگای هەولێر. نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەبەردەم پارێزگای هەولێر رایگەیاند: كە كردەوەیەكی تیرۆرستی بووە. هاوكات تارق نوری بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر رایگەیاند: ناسنامەو ناوی تیرۆریستەكان دیارن و لەلامان ئاشكراون خەڵكی هەولێر. دژه تیرۆری كوردستان، رایدهگهیهنێت، ههرسێ تیرۆریستهكه، به ناوهكانی (رههێڵ محهممهد رۆستهم مووسا) له دایكبووى ساڵی ٢٠٠٢، (بیلال سلێمان عهبدولڕهحمان ئهحمهد) لهدایكبووی ساڵی ٢٠٠٠، (عهبدولرهحمان رهحیم قادر حوسێن) له دایكبووی ساڵی ٢٠٠٢، هێرشهكهیان ئهنجام داوه پرسیاری جدی لای هاوڵاتیان ئەوەیە، لەو رێو شوێنە ئەمنیە توندانەی كە لە هەولێردا هەیە، چۆن سێ چەكدار بە ئاسانی دەتوانن دەستبگرن بەسەر بینای پارێزگای هەولێر كە رەمزی پایتەختی هەرێمی كوردستانەو هەمیشە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، كۆنترۆڵكراوەو بەتایبەتیش لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا، رێو شوێنی توند بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەگیرایەبەر؟
(درەو میدیا): لە سنوری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادانێكی چەكداری لەنێوان گەریلاكانی یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویدا. رەزا میرزایی فەرماندەی ئەمنی پارێزگای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)، هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە و ئاشكرایكرد، لەو شەڕەدا 11 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون كە (8) كەسیان خەڵكی شاری (مەریوان) و سێ كەسەكەی تریان خەڵكی شارۆچكەی (قروە)ن. بەڵام بەپێی هەواڵێكی (ئاریەن تیڤی) نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان، لەو شەڕەدا كە كاتژمێری (2)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی (دەری) نزیك شاری مەریوان رویداوە، (15) كەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران كوژراون. ئاریەن تیڤی ناوی (10) كەس لە كوژراوەكانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردەوە و لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەرەكە) رایگەیاند"گەریلاكان لە تۆڵەی شەهیدكردنی چوار گەریلای (یەرەكە) لە هەورامان و مەریوان و تیرۆركردنی ئێقباڵ مورادی خەباتكاری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) لە پێنجوێن، ئەو چالاكییەیان ئەنجامداوە". یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە "یەرەكە" ناسراوە، باڵی سەربازی پارتی كۆمەڵگەی دیموكرات و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار"ە. قەرارگای "حمزە سیدالشهداو"ی سەربە هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە هەمان شێوەی هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەپێی زانیاری ئەم قەرارگایە، لە شەڕەكەدا (10) كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون.
(درەو میدیا): هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەتەواوی رانەگەیەندراوە، هەرێمی كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنێكی دیكەئامادە دەكات، كە بەشێك لە هێزەكان لەگەڵ دواخستنیدان و بەشێكیشیان لەگەڵ ئەنجامدانیدان لە كاتی خۆیدا كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوودا بەرێوەبچێت. حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی داهاتوو، بەڵام كۆمەڵێك كێشە لەبەردەم ئەو هەڵبژاردنەدایە، بەتایبەتیش كە بڕیارە لە 30/12 داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەبچێت، لەبەرئەوە ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەی تەنها دوو مانگدا دوو هەڵبژاردن بەرێوەبچێت و پێشتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، واتا لە ماوەی تەنها 7 مانگدا سێ هەڵبژاردن بەرێوە دەچێت، لەلایەكی تر هێشتا ئەنجامی ئەژماری دەستیی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رانەگەیەندراوە و ئەستەمە بەمزوانە بتوانرێت حكومەتن نوێی عێراق پێکبهێنرێت و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بکەوێتە سەر رێچکەی ئاسایی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆیوونەوەی رەسمیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و بەشێك لە لایەنەكانی دیكەش بە نارەسمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام دواجار تۆپەكە لە گۆڕەپانی پارتیدایە و ئەو بڕیاردەری كۆتاییە لەو پرسەدا. كێ لەگەڵ هەڵبژاردنەوە كێ لەگەڵ دواخستنێتی؟ بەشێك لە حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەوە بەشێكی دیكەیان لەگەڵ ئەنجامدانیان: - یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا "یەكێتی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی كردووە و رایگەیاندووە بارودۆخی هەرێم و كوردستان توانای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی نیە لە ماوەی تەنها 2 مانگدا. مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەی پشتراست كردەوە و رایگەیاند" بە پارتیمان وتووە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەرێوەبچێت، بەڵام ئەگەر لەكاتی خۆشیدا بكرێت ئێمە ئامادەین". رەنگە بەشێك لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان پەیوەندی بە ئامادەنەبوونی ناوخۆیی و تەركیزخستنیان بێت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق. - پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا دەنگ و كورسی زۆری بەدەستهێناوە و بە خوێندنەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش پارتی بارودۆخی ناوخۆیی باشە و لەسەر ئاستی هەرێمیش بە بەراورد بە حزبەكانی دیكە ئاستی جەماوەریی خۆی بە باش دەزانێت، لەبەرئەوە بارودۆخەكە بە قازانجی پارتیە. - بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی بەردەوام رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنە، بەڵام چەندین فاكتەر كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نەبێت، ئەوانیش، كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەم دۆخەوە چونە ناو هەڵبژاردنەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كورسی و دەنگەكانی دەبێت، هاوكات ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئەیلول كاریگەری خراپی لەسەر جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان كردووە و نائومێدی زۆری دروستکردووە، چونكە تا ئێستا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كاریگەری لەسەر شەقامی كوردی ماوە و نیگەرانی هاوڵاتیان بەهۆی ساختەكارییەوە نەڕەویوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان لە ئامادەكارییدایە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتووە، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی گۆڕان نیە و چاوەڕوان ناكرێت كورسییەكانی رابردووی بهێنێتەوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نیە، بە پێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" رایەكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی هەبووە، كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو نائومێدیەكی زۆری بۆ هاوپەیمانی پێ بوو كە لەیەكەم ئەزمونی خۆیدا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، نەیانتوانی قەبارەی راستەقینە و دەنگی راستەقینەی خۆیان بۆ دەركەوێت، هاوپەیمانی كە بڕیار بوو وەك هێزێكی گەورە دەربكەوێت، بەڵام لە یەكەم هەڵبژاردندا بە قەبارەیەكی بچوكەوە دەركەوت، لەبەرئەوە لەگەڵ ئەوەی ئامادەكاری بۆ كاندیدەكانی دەكات، بەڵام ئەگەر هێزە ناڕازییەكان لەگەڵ بایكۆتی هەڵبژاردن بونایە ، هاوپەیمانیش بەشداری نەدەكرد، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە قازانجی هاوپەیمانی نیە. - نەوەی نوێ، كە لە یەكەم ئەزمونی هەڵبژاردندا لەچاو هێزەكانی دیكە دەنگو كورسی زۆری هێنا، بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە خۆی ئامادەكردووە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و بەتەواوی لەگەڵ هەڵبژاردندایە لە وادەی خۆیدا، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی نەوەی نوێیە، بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو و خراپی دۆخی حزبەكانی دیكە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە قوربانییەكی دیكەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بوو و دەنگێكی كەمی بەدەستهێنا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، لە ئامادەكاریدایە بۆ هەڵبژاردن بەڵام لەم بارودۆخەدا پێی وایە پێویستیان بە خۆ رێكخستنەوە و دروستكردنی ئومێد هەیە بە شەقام و لایەنگرانیان، بۆیە پێیان باشە هەڵبژاردن دوابخرێت، تا بە گوڕ و تێنێكی نوێوە بەشداری بكەن، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی یەكگرتووی ئیسلامی نیە، چاوەڕەوان ناكرێت كورسییەكانی رابردوویان بهێننەوە. - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێشتر ئاڵوگۆڕی پرسی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد، بەڵام لە ئامادەكاری هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی كۆمەڵی ئیسلامی نیە. دواجار دواخستن یاخود ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 30ی ئەیلولی داهاتوو لەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەموو هێزەكانی دیكە چاویان لە دەستی پارتییە كە ئایا هەڵبژاردن دەكات یاخود دوای دەخات؟، چونكە ئەوەی پەیوەستە بە دواخستنی هەڵبژاردنەوە هەمووی لەدەستی پارتیدایە ( سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی كۆمسیۆن، دەسەڵاتی دادوەریی ). بە خوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی حزبەكان و ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر لە 30ی ئەیلول بەرێوەبچێت، لە سودی پارتی و نەوەی نوێیە و لە زیانی لایەنەكانی دیكەیە.
راپۆرتی: سەرتیپ قەشقەیی *پارتی دیموكراتی كوردستان وهكو تاكه هێزی ههرێمی كوردستان، لیستی كاندیدانی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستانی ئامادهكردووه، لهماوهی چهند كاتژمێری داهاتووش بڕیاری كۆتایی لهسهر ناوی كاندیدهكان دهدات، ناودارترین كاندیدهكانیش بریتین له : ( هێمن ههورامی، دلشاد شههاب، سهربهست لهزگین، فرسهت سۆفی، دلشاد شهعبان). پارتی ئامادهیی تهواوی ههیه بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و داواكاری دوو لایهنی سیاسیشی لهبارهی دواخستنی ههڵبژاردنهكان ڕهتكردۆتهوه. *هاوپهیمانی بۆ دیموكراسی و دادپهروهری ئامادهیی تهواوی نییه بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و، تاوهكو ئێستاش له دانانی كاندیدهكان سهركهوتوونهبووه، بۆچوونێك لهناو ئهو حزبه ههیه بهژداری پڕۆسهكه نهكهن و بهیهكجاری بایكۆت بكهن. ههربهپێی زانیارییهكان هاوپهیمانی بۆ دیموكراسی و دادپهروهری، ههموویان لهسهر ئهوه كۆكن دهبێت د.بهرههم ساڵح سهرۆكی لیستهكه بێت، ئهگهر نا بهژداری ههڵبژاردن ناكهن، پێدهچێت شكانی ئهو حزبه له ههڵبژاردنی ڕابردوو له لایهن یهكێتی هیوای بۆ نههێشتبنهوه. *ههرچی بزوتنهوهی گۆڕانه تاوهكو ئێستا ناوو سیڤی كاندیدانی یهكلانهكردۆتهوه، كێشهی سهرهكی ئهوهیه لیژنهی باڵای ئامادهكاری ههڵبژاردن لهگهڵ ئهوهنین ئهندامانی پێشووی پهرلهمان خۆیان كاندیدبكهنهوه، جگه له عبدالله مهلا نوری وهكو سهرۆكی لیست. زانیارییهكان ئاماژهبهوهدهكهن، ژمارهیهك ئهندامی پهرلهمانی پێشوو فشاردهكهن تاوهكو خۆیان كاندیدبكهنهوهو لهسهر ئالیهتی خۆ كاندیدكردنیش بڕیاری نوێ دهدرێت. * له بارهی یهكگرتووی ئیسلامیهوه ههرچهنده ئهبوبهكر ههڵهدهنی وهكو سهرۆكی لیست دیاریكراوه، بهڵام ئهوانیش ئامادهكاری تهواویان نییه بۆ ههڵبژاردن و ڕهنگه پاڵپشتی دواخستن بكهن. * یهكێتی نیشتمانی كوردستان له ههموو هێزهكانی دیكه شپرزتره بۆ ههڵبژاردن، زۆربهی سهركردایهتی ئهو حزبهش لهگهڵ دواخستنن، دووجاریش داوای فهرمیان له پارتی كردوه، بهڵام پارتی ڕهتیكردۆتهوه. بهپێی زانیارییهكان لاهوری شێخ جهنگی لهگهڵ دواخستنی ههڵبژاردنهو، وابڕیاریشه فراكسیۆنی یهكێتی له پهرلهمان لهبارهی دواخستن یاداشت پێشكهش بكهن. ههربهپێی زانیارییهكان تاوهكو ئێستاش ئهو كهسانهی سیڤی كاندیدبوونیان پێكهشكردووه یهكلاینهبۆتهوه، ئهمڕۆش كۆبوونهوهی مهڵبهندهكان لهبارهی ههڵبژاردنی ناوی كاندیدهكان بهڕێوهدهچێت و مهكتهبی ههڵبژاردنی ئهو حزبهش ئامادهكارییهكانی وهكو پێویست نییه. قوباد تاڵهبانی لهسهرۆكایهتی لیست كشایهوه ئێستا له دوای لاهور شیخ جهنگی ناوی خالد شوانی له ئارادایه. * ههرچی كۆمهڵی ئیسلامی كوردستانه ئامادهیی تهواو نییه بۆ ئهم ههڵبژاردن، ههریهك له عبدالستار مهجید و سۆران عومهر ململانێ دهكهن لهسهر وهرگرتنی پۆستی سهرۆكی لیست، بهڵام سهركردایهتی ئهو حزبه سهرۆكی لیست یهكلایدهكاتهوه. كۆمهڵی ئیسلامی كێشهی كاندیدی ههیه، ههربۆیهش مهلامهروان و شوكریه شێخانی دووباره خۆیان كاندیددهكهنهوهو ئهگهریشی ههیه شێخ فهخرهدینیش ببێته كاندید. *كاندیدانی بزوتنهوهی ئیسلامی ترسیان له دهرنهچوونیان ههیه لهگهڵ لیسته هاوبهشهكهیان لهگهڵ یهكگرتووی ئیسلامی، ههربۆیهش ئهزمهی كاندیده لهو حزبه، ههرچهند ژمارهی دووی لیسی بهرهو ئیصلاحیان وهرگرتوه، لهگهڵ رێژهی له 20% كاندیدهكان. * به پێچهوانهی ههموو هێزهكان نهوهی نوێ وهكو پارتی ئامادهیی بۆ ههڵبژاردن ههیه، بهڵام گرفتی كاندیدی بههێزی ههیه و ئهگهر شاسوار خۆی نهبێته سهرۆك لیست بارودۆخیان باش نابێت. *تاوهكو ئێستا چوونی هاووڵاتیان بۆ بنكهكانی تۆماری دهنگدان كۆمسیۆنی تووشی شۆككردوهو هاووڵاتیان ناچن بۆ ئهو بنكانه، ئهمهش ئاماژهیه بۆئهوهی رێژهی بهژداریكردن لهوپهری لاوازی دهبێت. * بهپێی زانیارییهكان زۆرێك له ئهندامانی ئهنجومهنی كۆمسیاران بڕوایان وایه ههڵبژاردن ئهنجامنادرێت لهوانهیه دوابخرێت.