تاران لە نێوان ئاگری دەرەکی و داڕمانی ناوخۆییدا؛ ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ سبەینێی نیشتمان ئامادەن؟
2026-01-09 21:49:12
سیروان عوبەید - ئەرمینیا
جوڵەکانی شەترەنجی زلهێزەکان لە دەوری ئێران و داڕمانی خێرای شەرعیەتی ناوخۆیی ڕژێم، پێمان دەڵێن کە کاتژمێری سفر لە تاران نزیکبووەتەوە. بێگومان کاتێک قەڵای ستەم دەلەرزێت، مژدەی ئازادی بۆ کورد دەبێتە واقیع، بەڵام هاوکات دەرگای مەترسییەکی گەورەش دەکرێتەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کاتێک تەپوتۆزی هەرەسی ڕژێم دەنیشێتەوە، ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک هێزێکی یەکگرتوو خاوەن پڕۆژەی نیشتمانی دەچنەوە ڕۆژهەڵات و مژدەی ئازادی دەدەن بە گەلەکەیان، یان بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد دەبێتە دەرفەتێک بۆ داگیرکەران تا بتوانن دوبارە بۆ سەدەیەکی تر لەپایتەختەکانی خۆیان نەخشەی ژیانمان بۆ دابڕێژنەوە.
لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیهان زیاتر لەهەرکات باسی لەرزینی پایەکانی قەڵای ڕژێمی ستەمکاری تاران دەکات و کاتژمێری ڕژێمە مەلاییەکەی تاران نزیکە لەوەستان. بۆ ئێمەی کورد؛ هەستێکی تێکەڵ لە دڵخۆشی و دڵەراوکێ باڵی بەسەر شەقامی کوردیدا کێشاوە. لەلایەک بێگومان، وەک هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر، دڵمان بە نەمانی ڕژێمێکی مەلایی خۆشە کە دەیان ساڵە جگە لە سێدارە، داگیرکاری، زیندان و سڕینەوەی ناسنامە، هیچی تری بۆ نەتەوەکەمان پێنەبووە. دیمەنی هەرەسی سیستەمێکی ستەمکاری لەمجۆرە کە بە خوێنی ڕۆڵەکانمان تینووە، مژدەیەکە بۆ هەموو کوردێک، بۆهەموو ئەو دایکە جەرگسووتاوانەی کە ساڵانێکە لەبەردەم زیندانەکاندا چاوەڕێی سۆراغی ئازیزانیان دەکەن. بەڵام، لە پشت ئەم دڵخۆشیەوە، ترسێکی قووڵ و بێدەنگ هەیە، کە سەرچاوەی سەرەکی لەناکۆکی و پەرت و بڵاوی ناوماڵی خۆمانەوەیە. دەپرسین: ئایا پاش نەمانی ئەم ستەمکارە، هەمان ستەمکارەکانی پێش ئەو ڕژێمە دیسان بە پشتیوانی ڕۆژئاوا دێنەوە سەر کورسی دەسەڵات کە پێشتر بەهەموو شێوازێکی نامرۆڤانە ستەمیان لە کورد کردووە و کۆمارە ساواکەی کوردیان لەناوبردووە؟ یان ئێمە وەک کورد لەڕۆژهەڵات چ پاشخانێکمان بۆ خۆمان ئامادە کردووە و بە چ پڕۆژەیەکەوە دەچینە ناو دۆخی دوای ڕووخانی ڕژێم؟
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە مێژوو تەنها بە هاوار و خۆشی ناگۆڕێت، بەڵکو بە پلان و یەکگرتوویی دەنووسرێتەوە. بەڵام، کاتێک سەیری پەرت و شەق بوونی نێو ماڵی کورد دەکەین، ئەو دووبەرەکی و پەرتەوازەییەی نێوان پارتە کوردییەکان دەبینین، پرسیارێک کە لەمێشکی هەر کوردێکی دڵسۆز سەرهەڵدەدات ئەوەیە: ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەو حاڵەی ئێستایان دەبێ چ پلانێکی ستراتیژی هاوبەشیان لە هەگبەدابێت کە هەم نیشتمانمان بۆ ئازاد بکات و هەم وەک قەڵغانێک بمانپارێزێت لەو باهۆزە دەرەکی و ناوەخۆییەی کە بێگومان لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئێستاش بەرۆکمان دەگرن؟
ئەمڕۆ وەک هەموو کوردێکی دڵسۆز، بەپەرۆش بۆ ئازادی نیشتمان و گەلەکەم، بیرم لەوە دەکردەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ تاران هەرەسی هێنا و ئێمە هەرئاوا کەرت و پەرت مابینەوە، چۆن دەتوانین بەرگەی ئەو هەموو پیلانە شوومە بگرین کە لەئێستاوە دراوسێکانمان بۆمانیان چنیوە؟ ئایا تفەنگی براکانمان دیسان لولەیان ڕوو لە یەکدی دەبێتەوە، یان ئەمجارە وانەیەک لە مێژوو فێر بووین؟ ئاخر ئازادی تەنها بە نەمانی دوژمن نایەتەدی، بەڵکو یەکمجار بە ڕێکخستن و ئاشتبوونەوەی نێوماڵی خۆمان دەست پێ دەکات.
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، و بتوانین بەرگەی ئەم زریانە بگرین، نابێت تەنها سەیری ناوخۆی کوردستان بکەین. ئێمە لە بۆشاییدا ناژین؛ بەڵکو چارەنووسی ڕۆژهەڵات بەستراوەتەوە بەو ململانێیە گەورەیەی کە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە تارانی گەمارۆ داوە. بۆیە، پێش ئەوەی بێینە سەر باسی نێو ماڵی خۆمان، دەبێت سەرەتا لەو گەمە مەترسیدارەی زلهێزەکان تێبگەین کە سێبەری شەڕی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە:
١. تاران لە نێوان بەرداشی هاوپەیمانەکان و تەماعی دراوسێکاندا:
بۆ ئەوەی تێبگەین داهاتووی ئەم ناوچەیە بەرەو کوێ دەچێت، نابێت تەنها سەیری ناو تاران بکەین، بەڵکو دەبێت چاومان لەو تەپوتۆزە بێت کە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ لە دەوری ئێران دروستیان کردووە. ئێستا دۆخەکە وەک کایەکی شەترەنجی لێهاتووە کە هەمووان خۆیان بۆ ئەگەری ڕووخانی ڕژێمەکەی تاران ئامادە دەکەن و دەیانەوێت پشکی خۆیان لەم هەرەسە ببەن.
ئاماژەی زۆر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان دابێت سەبارەت بە هێرشی دووەم و لێدان لە ڕژێمی مەلاکانی تاران.
بە واتایەکی تر ئەوەی ئێستا دەیبینین چیتر تەنها شەڕەدەنووکی دیپلۆماسی نییە. بەڵکو پێدەچێت ئیسرائیل و ئەمریکا گەیشتبێتن بەو بڕوایەی کە ڕژێمی تاران تەنها بە فشارناگۆڕێت، بۆیە ستراتیژیی لێدان لە سەری جەستەکەیان گرتووەتە بەر. بەتایبەت ئەگەر دۆخی ناوەخۆیی ئێران بەرەو ئاڵۆزتربچێت و ئەو خۆپیشاندانەی ئێستا لە وڵاتەکە لەئارادایە بەردەوام بێت، ئەگەری هێرشی ئەمەریکا زیاتر دەکات. ئەگەریش هێرش بکرێت ئەمجارە ئامانجەکە تەنها تێکدانی چەند بنکەیەکی ئەتۆمی نییە، بەڵکو ئامانجەکە سەری مارەکە و شکاندنی شکۆی سەربازی ڕژێمە لە ناوخۆدا، تا هێزە ئەمنییەکان ورەیان بڕووخێت و کۆنترۆڵی شەقامیان بۆ نەکرێت. ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەیانەوێ دەرفەتی تەواو بۆ خەڵکی ئێران بڕەخسێنن، تا خۆیان کۆتایی بەم دەسەڵاتە ستەمکارەی تاران بهێنن.
تورکیا؛ یاریزانە چاوچنۆکەکە و مەترسییەکانی بۆ سەر کورد لەڕۆژهەڵات… لێرەدا دەبێت بە وردی سەیری جوڵەکانی ئەنقەرە بکەین. تورکیا لە هەر گۆڕانکارییەکدا لە ئێران، چاوەڕێ دەکرێت بە سێ ئاراستەی سەرەکی جوڵە بکات کە دەکرێت ئەمانە بن: ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان. سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچە ئازەری نشینەکان. لەڕووی ئابووریشەوە؛ تورکیا ڕووخانی ڕژێم، وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ نەخشەی نوێی وزە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی تورکستان کە ئەگەر بۆی بچێتەسەر لەسەر حیسابی خاکی کورد بنیادی دەنێت. بۆیە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی تاران، دەستوەردانی تورکیا ئەگەرێک نیە، بەڵکو حەتمی و ستراتیژییە؛ لەو دۆخەشدا تورکیا دروستبوونی هەر بۆشاییەکی ئەمنی دەقۆزێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی، هێزەکانی بەرەو ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بجوڵێنێت یان ئاژاوەیەکی زۆر لەڕۆژهەڵات بنێتەوە. چ لەڕێگەی دروستکردنی شەڕی ناوەخۆی بێت یانیش لە ڕێگەی میلیشیاکانی و سوپاکەیەوە ناوچە سنوورییەکان و ئەو شوێنانەی کورد تێیاندا بەهێزبێت بکاتە ئامانج بەنیازی ڕێگری کردن لەدروستبوونی هەر قەوارەیەکی کوردی لە ڕۆژهەڵات کە ئامانجە سەرەکییەکەیەتی.
ڕووسیا و چین؛ لەنێوان پشتیوانی ڕژێم و تەماشاکار؟
ئاستی گوشارە دەرەکی و ناوەخۆییەکانی سەر ڕژێمی تاران، پێمان دەڵێن؛ ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە لەدۆخی خۆپیشاندانەکانی پێشوو. تەنانەت ڕووسیا و چین کە تا ئەو کاتە لەگەڵ تاراندان سوودیان هەبێت. بەواتیەکی تر، ئەگەرهێرشی ئەمەریکا هاوکاتی فراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی ناوەخۆی ئێران، دەستپێبکات، چین و ڕووسیا، خۆیان ناکەنە قوربانی ڕژێمێک کە لە لێواری مەرگدایە. بەو پێیەی ڕووسیا ئێستا سەرقاڵی جەنگی ئۆکرانیایە و تەنها ئێران وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت. چین-یش تەنها سەیری گیرفانی خۆی دەکات ئەگەر بزانێت تاران بەرەو نەمان دەچێت، یەکەم لایەن دەبێت کە ڕێککەوتنەکانی پشتگوێ دەخات و لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا دادەنیشێت.
ئەوەی لە ڤەنزوێلا، بەسەر مادۆڕی هاوپەیمانیاندا هات، هیچیان نەکرد. ڕاستیەک بوو لەسەر ئاستی دڵسۆزی و شێوازی سیاسەتی دەرەوەی چین و ڕووسیا، لەبەرامبەرهاوپەیمانەکانیان کاتێک دوچاری تەنگانە و هێرشی ئەمەریکا دەبنەوە.
گەمەی زلهێزەکان پێمان دەڵێت کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزو دژوارترە بۆ ڕژێمی ئێران کە چین و ڕووسیا بۆ ماوەیەکی درێژ قووتاری بکەن، لەکاتێکدا ڕژێمەکە ڕۆژ بە ڕۆژئاگری دەرەکی لێ نزیکتر دەبێتەوە و خۆشی بەرەو داڕمانی ناوخۆیی دەچێت. ئەمەش دەکرێ دەرفەتێکی مێژوویی بێت بۆ ئازادی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بەڵام ئەوەی لێی دەترسیین ئەوەیە؛ ئەگەر ئێمە بەم شێوازەی ئێستا پەرتەوازە بین، تورکیا و نەیارەکانی تری کورد نەک تەنها دەرفەتەکانمان دەسووتێنن، بەڵکو دەبنە مەترسییەکی تر کە بۆ چەندین نەوە کاریگەری دەمێنێتەوە.
بۆیە ڕۆژهەڵات لەناو هەموو ئەو مەترسی و کێبڕکێیە نێودەوڵەتییەدا، نابێ وەک دوورگەیەکی دابڕاو لە هاوکێشەکان دەربکەوێت. بەڵکو دەکرێ ببێتە چەقی کێشکردن بۆ هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی تری ناو ئێران. وەک مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان، کاتێک جیهان دەبینێت کورد خاوەنی پڕۆژەیەکی دیموکراسی وایە کە مافی بەلوچ و عەرەب و ئازەرییەکانیش لەبەرچاو دەگرێت، ئەو کات دەکرێ وەک ڕابەری گۆڕانکاری ڕاستەقینە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، نەک وەک کێشەیەکی لاوەکی کە تەنها لە سنوورەکاندا قەتیس مابێتەوە.
٢. ڕۆژهەڵات لە نێوان ئازادی و لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژووییدا:
کاتێک سەیری ئەو هەورە ڕەشە دەکەین کە بەسەر تارانەوەیە؛ دەبێت بزانین کە ئێمە وەک کورد تەنها تەماشاکار نین. هەر لەرینەوەیەک لە تاران، بومەلەرزەیەک لە کوردستان دروست دەکات. لێرەدا چەند ڕێگەیەک لەبەردەمماندایە کە دەبێت بۆ هەموویان پلان و تفەنگمان، ئامادە بێت. ئەگەری یەکەم: هەرەسی لەناکاوی تاران و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.. ئەمە ئەو کاتەیە کە هەموو شتێک تێکدەچێت؛ کاتێک هێرشی دەرەکی و ڕاپەڕینی شەقام یەک دەگرن و دەسەڵات کۆنترۆڵی نامێنێت. لێرەدا گەورەترین مەترسی بۆشایی ئەمنیە. ئەگەر پارتە کوردییەکان لەو ساتەدا وەک یەک دەست نەبن، شارەکانمان دەبنە گۆڕەپانی تاڵانی و پشێوی. کورد دەبێت لەم سیناریۆیەدا خێرا بێت؛ نابێت چاوەڕێ بکەین کەسێک لە تارانەوە پێمان بڵێت فەرموون، بەڵکو دەبێت خۆمان شارەکانمان بپارێزین و ئیدارەی بدەین.
ئەگەری دووەم: شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن بە واتای سووریایەکی تر.. ئەمە ترسناکترین ڕێگەیە. کاتێک ڕژێم بە ئاسانی خۆ نادات بە دەستەوە و میلیشیاکان و سوپا لە ناوچە جیاوازەکاندا بەردەوام دەبن لە شەڕ. لێرەدا کوردستان دەکەوێتە نێوان دوو بەرداش. ئەگەرهێزەکانمان یەک نەبن، دەبینە قوربانی شەڕی وەکالەت؛ واتە ڕێگەدان بەوەی هەر لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی گروپێکی کورد بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی. ئەمەش بەواتای لەدەستدانی خوێنی گەنجەکانمان دێت بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و دەسەڵاتێک کە لە کۆتاییدا هیچمان ناداتێ.
ئەگەری سێیەم: گەڕانەوەی میلیشیا توندڕەوەکان و جەنگی وەکالەت..ئ ەگەردەسەڵاتی ناوەندی لاواز بوو، ئەو گروپە چەکدارانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا وەک حەشدی شەعبی یان گروپە توندڕەوەکانی تر هەن، ڕەنگە بیانەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە. ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تاران یان وڵاتانی تر، هێرش دەکەنە سەرناوچە کوردییەکان. کورد لێرەدا کورد تەنها یەک بژاردەی هەیە: بەرگری نیشتمانی یەکگرتوو. نابێت لێگەڕێین کوردستان ببێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی حیساباتی وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها، دەبێ ئەو ئەگەرەش نادیدە نەگرین؛ کودەتای جەنەڕاڵەکان و گۆڕینی ماسکەکانی ڕژێم.
لەئەگەری فشارو تەنگاوی زۆر بۆسەر ڕژێم، ڕەنگە سوپای پاسداران یان بەشێکی سوپا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕووخانی تەواوەتی بکەن، یان ژێربەژێر لەگەڵ تڕەمپ ڕێکەوتنێک بکەن و کودەتا بکەن. جۆرێک لە شێواز و بەمیکانیزمی ڤەنزوێلا و لادانی مادۆڕ لەدەسەڵات. ئەگەر خەڵک ئێران ڕژێم نەگۆڕن، ڕەنگە ئەوان دەموچاوە سیاسییەکان لابەرن و خۆیان ببنە حاکمی سەربازی. بۆ کورد، لەڕاستیدا ئەمە یانی توندوتیژی زیاتر. جەنەڕاڵەکان هەمیشە بە چاوی جیاکاریی ، نەژاپەرستییەوە، سەیری کورد دەکەن. لێرەدا نابێت کورد تەنها بە بەڵێنی درۆینەی دیموکراسی فریو بخوات، بەڵکو دەبێت لەسەر زەوی پێگەی خۆی ئەوەندە بەهێزبکات کە لەدۆخێکی وادا کودەتاچییەکانیش ناچار بن دان بە مافەکانماندا بنێن.
هەنگاوە سەرەتاییەکانی کورد دەبێ چی بن؟
بۆ ئەوەی لەم باهۆزەدا نەخنکێین، دەبێت ئەم سێ خاڵە وەک " بەڵێن و سوێندی نەتەوەیی" ببینین..
یەکخستنی بڕیار: نابێت چیتر بڵێین ئەم حزبە و ئەو حزبۆکە. دەبێت ژوورێکی عەمەلیاتی هاوبەش هەبێت کە تەنها یەک بڕیار بدات. هەر حزبێک لەم کاتەدا بیر لەبەرژەوەندی خۆی بکاتەوە، خیانەتێکی مێژوویی بەرامبەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەکات.
لەو دۆخەدا، دەبێت هەموو تفەنگەکان بەرەو یەک ئاراستە بن. ڕاستییەکە ئەوەیە؛ لە کاتی پشێویدا، ئەگەر دوو هێزی جیاوازی کورد لە شارێکدا بن، ئەوا جەنگی ناوخۆیی هیچ دوور نییە. دەبێت پێشمەرگە ببێتە قەڵغانی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی نەک گرووپی بچوک بچوک و بارێکی تر بەسەر نیشتمان و هاونیشتمانیاندا.
پەیوەندیەکان لەگەڵ جیهان: دەبێت بەزوویی و بە یەکگرتوویی؛ بە زمانی مۆدێرن بە جیهان بڵێین و بیسەلمێنین، کە ئێمەی کورد فاکتەری سەقامگیریین نەک سەرئێشە بۆیان. بۆ ئەوەی تێبگەن کە تەنها کورد دەتوانێت ڕێگری لە تیرۆر و فەوزا بگرێت لەم ناوچەیەدا نەک خۆمان ببینە هۆکاربۆ فەوزایکی تری ناوەخۆیی خۆمان.
ترسی ئێمە لەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەداخەوە، مێژوو پێمان دەڵێت کە کورد هەمیشە لە "دوا ساتدا" هەلەکانی لەدەست داوە. با ئەمجارە وا نەبێت. یەکگرتوویی ئێمە لەم سیناریۆیانەدا تەنها بژاردەیەک نییە بۆ باشترکردنی ژیان، بەڵکو مەرجی ئازادی و مانەوەمانە وەک نەتەوەیەکی ئاشتی و ئازادیخواز.
٣. مەترسی پەرتەوازەیی وەک ژەهرێکی بێدەنگ
ئەگەر بمانەوێت بە ڕاستگۆیی سەیری دۆخی نێو ماڵی ئێستای خۆمان بکەین، دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵەدا بنێین، گەورەترین مەترسی کە تا ئێستا بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، نە تۆپخانەکانی تارانە و نە هەڕەشەی تورکیا، بەڵکو ئەو پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونە ناوخۆییەیە کە وەک "کرمی ناودار" ساڵانێکە جەستەی خۆمان دەخوات. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم کرمە" لەناوبەرین بۆ ئەوەی ئەم مەترسیەی کە ئێستا هەیە، لە ساتەوەختی بۆشایی دەسەڵاتدا کاتێک ڕژێم کۆنترۆڵی نامێنێت، وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو پێماندا نەتەقێتەوە و بەدەستی خۆمان ئەو دەرفەتە مێژووییەی دێتەگۆڕێ ئاگری تێبەرنەدەین. ئەگەرپێش ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بڕووخێت، حزبەکانمان لەسەرمێزێکی نیشتمانی کۆنەبنەوە و هەرلایەنە و بیەوێت ناوچەیەک بۆ خۆی زەوت بکات. واتە دەرفەت دان بە دوژمن تا لەبری ئەوەی هەموو وزەکانمان دژی دوژمن بێت، لولەی تفەنگەکان ڕوو لە یەکدی بن.
ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەڕاستی لە خەمی ئازادکردنی نیشتمان و گەلەکەیان بن، دەبێ لەئێستاوە نەخۆشی حیزبایەتی و عەقڵییەتی "من نەبم با کەس نەبێت" و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیای حزبی بەسەر بەرژەوەندی نەتەوەییدا، چارەسەر بکەن، کە وای کردووە جەماوەریش تووشی دڵساردی ببێت. کاتێک خەڵک دەبینن حزبەکان ناتوانن لەسەر پرسی نیشتمانی ڕێکبکەون، ئەوانیش متمانەیان نامێنێت. بەدیوێکی تر بەردەوامیدان بەو پەرتەوازەییەی ئێستا دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهانیش پشتمان تێبکات. تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپاش نایەنە ناو هاوکێشەیەکەوە کە لایەنی کوردی تێیدا یەک بڕیار و یەک گوتاری نەبێت. ئەوان ناچنە ژێر باری سەرئێشەی گرووپی بچوک بچوکی دابەشبوو. ئەوەش وادەکات دوژمنەکانمان دەرفەتەکە بقۆزنەوە وهەروڵاتێکی دەوروبەر بەتایبەت تورکیا و میلیشیاکان. بە واتایەکی تر، ئەمە ئەو ئەگەرە ترسناکەیە کە دەبێت لە ئێستاوە ڕێگری لێ بکەین. ئەگەر پارتەکانمان یەک نەبن، وڵاتانی ناوچەکە دێن و پارە و چەک دەدەنە لایەنە جیاوازەکان بۆ ئەوەی یەکدی تێکبشکێنن. کەواتە، پێش ئەوەی ئەمانە ڕووبدات دەبێ بپرسین: ئایا دەکرێ ئێمە لەبری ئەوەی خەریکی چارەسەری پرسی نەتەوە و بونیادنانی دەسەڵاتێکی کوردی نیشتمانی بین، ببینە کۆڵبەری بەرژەوەندی بێگانەکان لە ناو خاکی خۆماندا؟ یان کام حیزب و گرووپ و سەرکردەی چاوقایم دەتوانێ بەرپرسیاریەتی دۆڕانێکی وا گەورە و مێژوویی هەڵبگرێت؟ کە ڕێک بەواتای ئەوەیە: با خوێنی گەنجانی ئێمە بڕژێت بۆ ئەوەی ئەنقەرە یان هەر پایتەختێکی ترنەهێڵێت قەوارەیەکی کوردی سەقامگیردروست ببێت."
لەبەرئەوەیە؛ لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پێویستە لەئێستاوە تێبگەن کە قۆناغی داهاتوو چیتر قۆناغی سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کاتی تێپەڕینە بەرەو دامەزراوەی نیشتمانی. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان تینووی ئەوە نین حزب و گرووپات جێگەی ڕژێم بگرێتەوە، بەڵکو چاوەڕوانی ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانی دەکەن کە تێیدا هەموو دەنگە جیاوازەکان و نوخبە ئەکادیمییەکان جێگەیان ببێتەوە. تەنها ئەم جۆرە ئامادەکارییە دەتوانێت متمانە بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە هەرەسی کۆمەڵایەتی و پیلانی دەرەکی بگرێت و گەلو نیشتمان ئازاد بکات.
لێرەدا دەرمانی چارەسەر بەواتای دانانی بەرژەوەندیی نەتەوەییە لە سەرووی پیرۆزی حزبی و کەسی. هەروەک چۆن دەبێ شەقامی کوردیش فشار بخاتە سەرلایەنەکان. نابێت ڕێگە بدەین خوانەکردە مێژووی تاڵی براکوژی یان ململانێی ناوخۆیی زیانمەند لە ڕۆژهەڵات دووبارە ببێتەوە. یەکگرتوویی ئێمە لەم قۆناغەدا تەنها دروشم نییە، بەڵکو تاکە زامنی ئەوەیە کە پاش داڕمانی تاران، ڕۆژهەڵاتی نیشتمان ئازاد بێت و کورد وەک هێزێکی ڕاستەقینە بمێنێتەوە نەک وەک گرووپی پەرتەوازە کە با بەهەر لایەکدا بیەوێت بیبات.
٤. نەخشەڕێگای ڕزگاری
ئەگەر دەمانەوێت بینەری سووتانی ئەو دەرفەتە مێژووییەمان نەبین و مێژوو بەسەرماندا تێنەپەڕێت، پێویستە لە قسەی ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان بێینە دەرێ و ئەم چوار هەنگاوە بکەینە کردار. ئەمە تەنها پێشنیارێک نییە، بەڵکو تاکە دەرچەیە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵات لەناو ئەو باهۆزەدا گێژەڵووکە نەیبات.
یەک: بەزوویی پێکهێنانی ناوەندێکی سیاسی یەکگرتوو.. پارتە کوردییەکان دەبێت تێبگەن کە جیهان تاقەتی گوێگرتن لە دە مفاوز و دە پەیامی جیاوازی نییە. دەبێت دەستبەجێ ناوەندێکی باڵای بڕیار دروست بکرێت. کاتێک تاران دەڕوخێت، دەبێت تەنها یەک دەنگ لە کوردستانەوە بێتە دەرێ. بەو واتایەی کە بەرژەوەندی خەڵکی مەهاباد و سنە و ئیلام و کرماشان لە هەموو پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکان لەپێشترو مەزنترو پیرۆزتربێت. بەبێ ئەم ناوەندە، کورد لەڕۆژهەڵات وەک کەشتییەکی بێ سوکان دەبێت لە ناو زەریایەکی تووڕەدا.
دوو: هێزی پاراستنی نیشتمانی یان بەرەیەکی سەربازی کوردستانی، هەرناوێک لەمانه..
ئەمە خاڵی هەرە هەستیارە. لە کاتی داڕمانی دەسەڵاتدا، وەک لەسەرەوە باسمان کرد، ئەگەر هەر شارێک چەند هێزێکی جیاوازی تێدا بێت، مەترسی شەڕی براکوژی دروست دەکات و فەوزا دروست دەبێت. پێویستە لە ئێستاوە هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەزوویی چەکدارەکانیان لەژێریەک فەرماندەییدا ئامادە بکەن و ڕێکیان بخەن. ئەرکی ئەم هێزە تەنها بەرگرییە لە خاک و خەڵک، نەک سەپاندنی دەسەڵاتی حزب. ئەگەر تفەنگەکان یەک ئاراستەیان نەبێت، ترسی ئەوە هەیە کە شەڕی ناوخۆیی و تۆڵەسەندنەوە هەموو دەرفەت و دەستکەوتەکانمان لەڕۆژهەڵات لەناوبەرێت.
سێ: دیپلۆماسییەت کورد نابێت چاوەڕێ بکات زلهێزەکان بانگی بکەن، بەڵکو دەبێت خۆی بسەپێنێت. دەبێت بە جیهان بڵێین کە ئێمە بەدیلێکی ئامادەین بۆ بەڕێوەبردنی باشی ناوچەکانی خۆمان. دەبێت نیشانی بدەین کە کوردستان دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و دوور دەبێت لەو توندڕەوییەی کە ڕەنگە ناوچەکانی تری ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بگرێتەوە. ئەمە ئەو زمانەیە کە ئەوروپا و ئەمریکا لێی تێدەگەن نەک سیاسەتی حزبۆکانێ و گرووپ و میلیشیایی بچوک، کە لەڕووانگەی ڕۆژئاواوە تەنها سەر ئێشەی زیاتریان بۆ دەنێتەوە.
چوار: پلانی ئیدارەدانی کاتی بەپەلە..
ئەمە ئەو خاڵەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێت. داڕمانی ڕژێم یانی پچڕانی کارەبا، نان، سووتەمەنی و دەرمان. ئەگەر لە ئێستاوە تیمێکی شارەزا لە ئابووریناس و بەڕێوەبەران ئامادە نەبن بۆ ئەوەی کە چوونەوە ڕۆژهەڵات دەستبەجێ خزمەتگوزاریەکان بەڕێوەببەن، خەڵک تووشی نائومێدی دەبن و فەوزا دروست دەبێت. هاوکات دەرفەتی پلانگێڕی دەرەکی زیاتر دێتە پێشەوە. بۆیە دەبێت پلان هەبێت کە چۆن شارەکان بەڕێوەدەبرێن تا ئەو کاتەی دۆخەکە جێگیر دەبێت. ئەم ئیدارەدانە تەنها بە تفەنگ و هێزی سەربازی ناکرێت؛ ڕۆژهەڵات خاوەنی سوپایەکی بێدەنگە لە پزیشکان، ئەندازیاران و چالاکوانانی مەدەنی کە ساڵانێکە لەناو دڵی تەنگەژەکاندا مەشقی بەڕێوەبردنیان کردووە. ئەم هێزە نەرمە گەورەترین سەرمایەی ئێمەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە فەوزا بگرین و نیشانی جیهانی بدەین کە کوردستان نەک هەر نابێتە لیبیا و سۆماڵێکی تر، بەڵکو دەبێتە نموونەیەکی مۆدێرن لە ئاوەدانکردنەوە وسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەنگاوی پێنجەم: ڕێکخستنی جەماوەر
هێزی ڕاستەقینە لە دەستی خەڵکدایە نەک حزب. دەبێت پارتەکان پردێکی پتەو لەگەڵ ناوەوەی وڵات دروست بکەن؛ لەگەڵ مامۆستایان، خوێندکاران، کرێکاران و چالاکوانان. ئەگەر لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا خەڵک و حزبەکان یەک دەست نەبن، مەترسی هەیە کە گروپە توندڕەوەکان یان دەستەو تاقمی سەربە بێگانە جڵەوی شەقام بگرنە دەست و پشێوی بنێنەوە. ڕێکخستنی جەماوەری زامنی ئەوەیە کە هەرەسی ڕژێم بەرەو ئاراستەیەکی دیموکراتی بڕوات نەک بەرەو وێرانکاریەکی تر. چونکە هەموو ڕۆژێک مێژوو دەرگای دەرفەتی وا گرینگ بەڕووماندا واڵا ناکات.
ئەگەر ئەم چوار پێنج هەنگاوە نەنرێت، داڕمانی تاران لەبری ئەوەی ببێتە مژدەی ئازادی بۆ ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، مەترسی جدیی هەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ململانێی ناوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکی و تێپەڕینی دەرفەتێکی تری زێڕین کە ڕەنگە تا سەد ساڵی تریش پێینەگەینەوە.
بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەموومان بپرسین: ئایا دوای هەرەسی ڕژێم، دەمانەوێت ببینە بەشێک لە چارەسەرو بەژداری لەئازادکردن و بنیادنانی نیشتمان بکەین یان بە عەقڵییەتی حزب حزبێنە دەچینە ناو گۆڕانکارییەکان و دەبینە هۆکارێک بۆ وێرانکاریەکی زیاترو دۆڕانێکی تری مێژوویی؟
ڕاستییەکە ئەوەیە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە، بەتایبەت بەو لایەنانەی لەبەردەم هەڕەشە گەورەکاندا ناتوانن لە بەرژەوەندییە تەسکییەکانی خۆیان تێپەڕن. لەکاتێکدا کاتژمێری سفر لە تاران خەریکە لێ دەدات و ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئێمە بکەرین نەک پاشکۆ. ئەگەر ئەمڕۆ ماڵی خۆمان ڕانەماڵین و ڕێکی نەخەین، سبەی دەبێت چاوەڕێ بکەین کەسانی تر لەبری ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن. کاتەکە کاتی بڕیاردانە، نەک چاوەڕوانی.
لە کۆتاییدا، تاران چ ئەمڕۆ یان سبەی، هەرەس دەهێنێت و ئەو دیوارەی سێدارەی لەسەر هەڵچنراوە، دەڕووخێت؛ بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە: ئایا پاش ڕووخانی قەڵای ستەم لەتاران، پارتەکانی ڕۆژهەڵات دەبنە مژدەی ئازادی بۆ نەتەوەکەمان، یان دەبنە بەشێک فەوزایەکی تر؟
ئێستا کاتی ئەوەیە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بیسەلمێنن کە لە بەرژەوەندییە تەسکییەکانی خۆیان مەزنترن. ئەگەر ئەمڕۆ ماڵی خۆمان ڕێکنەخەین، سبەی حەقی سکاڵامان لەسەر کەس نابێت کاتێک بێگانەکان جارێکی تر نەخشەی چارەنووسمان بۆ دەکێشنەوە. ڕۆژی نیشتمانی و یەکگرتنە، نەک حزبایەتی؛ مێژوو تەنها بۆ ئەوانە دەنووسرێتەوە کە ئامادەن نەخشەی داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بنووسنەوە.
