Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرت: نامیق رەسوڵ دادگایەكی نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوفەل عاكوب، پارێزگاری نەینەوا‌و (7) بەرپرسی تری پارێزگای نەینەوا دەركرد.  دادگاكە داوا لە هەموو دەروازە سنورییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و فڕۆكەخانەكانی عێراق‌و هەرێم دەكات، رێگەنەدەن ئەو كەسانە بچنە دەرەوەی وڵات. لە فەرمانەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوادا هاتووە" پارێزگاری نەینەوا‌و چەند بەرپرس‌و فەرمانبەرێكی تری پارێزگاكە بەهۆی ئەو سكاڵایەی كە  لە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی نەزاهە لەسەریان تۆماركراوە، پێویستە دەستگیربكرێن". بە گوێرەی میدیاكانی عێراق، پارێزگاری نەینەواو ئەو فەرمانبەر‌و بەرپرسانە تۆمەتباركراون بە "گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات‌و پێشێلكاریی دارایی"، جگە لە بەرپرسیارێتییان لە رووداوی نقومبوونی كەڵەكە گەشتیارییەكەی روباری دیجلە، كە زیاتر لە (100) كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. كێ ئەوانەی فەرمانیان بۆ دەرچووە ؟ ئەو كەسانەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بریتین لەم كەسانە: * نەوفەل عاكوب- پارێزگای نەینەوا * عەبدولكەریم عەلی فازل جبوری- یاریدەدەری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕیی * مونا عەبدولمەجید جحێشی- فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگا، تایبەت بە كاروباری هاوڵاتیان * واجدە جەعفەر حەبیب تائی- بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان * كیفاح محەمەد شەهاب جبوری- بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەشی پرۆژەكان لە دیوانی پارێزگا * باسل مەحمود حەسەن- سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە دیوانی پارێزگا * مەحمود یەحیا لهێبی- پرۆگرامساز لە دیوانی پارێزگا * نازك ساڵح محەمەد قەساب- تێبینەر لە دیوانی پارێزگا  هەرێم پارێزگاری نەینەوا دەستگیردەكات؟ لە فەرمانی دەستگیركردنی پارێزگاری نەینەوادا ئاماژە بەوەدراوە"  ئێستا نەوفەل عاكوب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە". دادوەرێكی دادگای نەینەوا كە قسەی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، دەڵێ" دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بە رەسمی داواكاری ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە پارێزگای نەینەوا دەستگیربكات، كە ئێستا موسڵی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە". سیناریۆكەی هاشمی دووبارە دەبێتەوە؟ ساڵی 2011 تاریق هاشمی، كە ئەوكات جێگری جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەتۆمەتی بەشداریكردن لە چەند كردەوەیەكی "تیرۆریستی"ی یاداشتی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، هاشمی بەغدادی بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوكات رایانگەیاند" هاشمی رادەستی حكومەتی بەغداد ناكەنەوە، چونكە كەیسەكەی رەهەندی سیاسی هەیەو پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە"، پاشان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق وتی:" هاشمی میوانی ئێمەو كاتێك دێت دەچێتە بەردەم دادگا"، بەڵام هاشمی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیا بەجێهێشت‌و لەوكاتەوەتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق، دادگای عێراق بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای لەسێدارەدانی بۆ هاشمی دەركرد. لە چەند ساڵی رابردوودا لەكاتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەغداد، حكومەتی عێراق هەرێمی تۆمەتباردەكرد بە داڵدەدانی ئەو كەسانەی كە لەلایەن دادگانی عێراقەوە یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوەو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، ئێستا لە هەولێرە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەوفەل عاكوب پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا، پەیوەندی باشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان نەوفەل عاكوب دەستگیردەكەن‌و رادەستی دادگای لێكۆڵینەوەەی نەینەوای دەكەن ؟ یان هاوشێوەی هاشمی لە هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵدێت؟ رۆژانی داهاتوو رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە روون ببێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا جگە لە داواكردنی فەرمانی دەستگیركردن، داواش لە فڕۆكەخانە‌و دەروازە سنورییەكانی هەرێم كراوە رێگە بە پارێزگار نەینەوا‌و ئەو بەرپرسانەی پارێزگاكە نەدرێت بچنە دەرەوە.  


(درەو میدیا):  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی لەماوەی هەفتەیەكدا دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرهەم ساڵح قسەی كردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو ناكۆكییەی كە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بەرهەم ساڵح دروستبوو، چارەسەربكرێت.  سەرچاوەكە وتی:" پارتی دەیەوێت پرسی پەیوەندییەكانی بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوتی دانوستانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستنەكات". (درەو میدیا) زانیویەتی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، دوای بەشداریكردنی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە لەو كۆبونەوەیەدا كە بەمدواییە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ لایەنە سیاسییەكان لە كۆشكی سەلام لە بەغداد رێكیخست. لە یەكێك لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی هەرێم نیازپاكی پارتی بە بەرهەم ساڵح راگەیاندووە سەبارەت بە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، هەروەها داوای كردووە بەرهەم ساڵح رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد. هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەتایبەتی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەردوو حیزبدا دروستكرد. ئاسایبوونەوەی پەیوەندی بەرهەم ساڵح لەگەڵ پارتی، پێشبینی دەكرێت كاریگەری ئەرێنی لەسەر رەوتی ئەو دانوستانە هەبێت كە بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی لەنێوان وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و یەكێتی بەڕێوەبچێت. (درەو میدیا) لە چەند كاتژمێری داهاتوودا زانیاری ورد لەبارەی دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی پارتی‌و یەكێتی ئاشكرادەكات.


درەو میدیا:  هەواڵی بڕینی  موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە رەت دەكرێتەوەو " هیچ بڕینێك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناگرێتەوە" د. رێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە درەو میدیای راگەیاند" پێویست بە ترس ناكات چونكە هیچ جۆرە بڕێنێك لە پارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە موچەی فەرمانبەران ناگرێتەوەو ئەو موچەیەی فەرمانبەران ( 522 ملیار) دینارە جێگرە" سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبونەوەی بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد" لە لیژنەی دارایی پرسی گومرگەكانی هەرێم وروژێنراوە كە پێشتر رێكەوتنێكی 27 خاڵی لەسەركراوەو بەپێی رێكەوتنەكە هەرێم برێك پارەی گومرگەكان رادەستی بەغداد دەكات، بەڵام ئێستا ئەگەرێك هەیە هاوشێوەی نەوتەكە هەرێم پارەی گومرگیش رادەستنەكات، بۆیە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و هەندێك لە هێزە سیاسیە عێراقیەكان لەگەڵ ئەوەن كە هێندەی زیانی ئەو بڕە پارەی گومرگەی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتونەتە ئەوەی كە بڕینی پارە لە بری گومرگی هەرێم نابێت لە موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم (12.67%)كە ببڕدرێت هاوشێوەی بڕینی بەشە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم كە بەپێی بڕگەی( ج لە مادەی 10 یاسای بودجەی عێراق) لە كۆی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت نەك لە موچە" د. رێبوار كەریم "دڵنیاییدا كە بە هیچ شێوەیەك دەستكاری موچەی فەرمانبەران ناكرێت و لەو پارەیە نابڕدرێت خۆ ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕرێت نەك لە 522 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران" 


راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی یەكەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بەرێوە دەبرێن، بە پێی نوێترین راپۆرتی(ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) لە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، لەكۆی (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆریان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە. بەپێی راپۆرتەكەی ئینستتیۆتی پەی حزب دەستی خستۆتە بیناقاقای زانكۆكان " زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات" تەوەری ئیداری و پەیكەری كارگێڕی یەكەم/سەربەخۆیی زانكۆكان: زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات، هەڵسەنگاندن نیە بۆ ئەو كەسانەی پۆستی كارگێڕییان هەیە، ئەوانەی زانكۆكان بەڕێوەدەبەن ئەوەندەی لە خەمی ئەوەدان سەروی خۆیان كە وەزارەت و وەزیرە لێیان ڕازی بێت، بیر لە خوارەوە ناكەنەوە و هەڵسەنگاندنی خوارەوە پێوەر نیە بۆ ئەدای كاركردنیان، دیارە ڕەزامەندی وەزیریش ئەوەندی وەلائی حیزبی و شەخسیە پێوەری تر لەبەر چاو ناگیرێت. وەزارەت بە ئامانجی سەربەخۆبوونی زانكۆ حكومیەكان لە ڕوی داراییەوە و كردنی زانكۆكان لە زانكۆی بەكاربەرەوە بۆ زانكۆی بەرهەمهێن، سیستەمی خوێندنی ئێوارانی لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان داهێنا و چەندین هەزار خوێندكار هەنوكە لە زانكۆ و پەیمانگاكان بە شێوازی ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن، داهاتی زانكۆكانیش بە جۆرێك بوو كە لە 70% بۆ زانكۆكان و لە 7% بۆ وەزارەت و 23% بۆ وەزراەتی دارایی بوو، ئەم سیستەمە وای كرد زانكۆكان ببنە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار، كە بەشی پێداویستەیەكانی خۆیانی دەكرد، بەڵام ئەم داهاتە لە لایەن هەندێك لە سەرۆكی زانكۆكانەوە تەخشان و پەخشان كرا و بێ ئەوەی یەك لیژنە و یەك چاودێری دارایی لێیان بپرسێتەوە، دەبوایە وەزارەت رێنمایی وردی (یەكگرتوو) دەربكات بۆ چۆنیەتی خەرج كردنی ئەم پارانە لە خوێندنی ئێواران، چونكە بەشێوازێكی ناڕێك مامەڵەی لەگەڵدا كرا، كەچی تا ئێستاش وەزارەت خۆی لەقەرەی ئەم بابەتە نەداوە و (زانكۆكان هەموویان وەك یەك داهاتیان زۆر نیە) بۆیە بەناڕێكی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و كراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا جارێكی تر وەزیر ئەم سیستەمەشی هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن كار بەم بڕیارە ناكرێت و خوێندنی ئێواران لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان بە تەواوی داخرا (هەندێك زانكۆی لێ بەدەركرا لەبەر نەبوونی زانكۆ یاخود كۆلێجی تایبەت لەو شارەدا)، لە كاتێكدا چارەنوسی سەدان خوێندكار بەم بڕیارە نادیارە، چونكە چەندین خوێندكار لە قۆناغی یەكەمی سەرجەم بەشە زانستیەكان كەوتون یاخود عبورن یاخود پارەیان داوە و خوێندنیان لە ساڵی یەكەمدا دواخستووە، كەچی كەس نازانێت چارەنوسیان بە كوێ دەگات، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەشەی تری داهاتەكەش، كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت ناعەدالەتی هەیە لە دابەشكردنەوەی لەلایەن خودی وەزیرەوە.   دووەم/ نەبوونی سەڵاحیات و دەسەڵات لە خوارەوەی وەزارەت لای سەرۆكی زانكۆ و ڕاگرەكان: زۆرینەی دەسەلاتەكان لەسەرەوەو لە وەزارەتە، سەرۆكی بەش و راگرەكان و تا ئاستێك سەرۆكی زانكۆكانیش دەسەلاتێكی ئەوتۆیان بۆ شۆڕنەكراوەتەوە خوارەوە، جا چ لەرووی داراییەوە بێت یاخود لەرووی كارگێڕییەوە، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی ئیشوكارەكان زۆر بەسستی بەڕێوە بچن و لەگەلێ كاتدا بابەتێك كە پێویستی بەبڕیارە چەندان مانگ دوادەكەوێت چونكە دەسەلات لای وەزارەتە. تەنانەت بەپێ‌ ی یاسا یاخود ڕێنمایی دەسەڵات دیاری نەكراوە بۆ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان مەگەر سەرۆكی زانكۆ ئەگەر خۆی بیەوێت دەسەڵاتیان بۆ دابەزێنێت ئەویش بەشێوەیەك ئەو دەسەڵاتە دادەبەزێنێت كە ڕەمزی بێت.   سێیەم/ نەگونجاویی پەیكەری وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان و زانكۆكان: زانكۆ حكومیەكان لەپەیكەری كارگێڕییاندا وەك یەك نین، بۆ نمونە بەشێك لە زانكۆكاندا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆیا بۆ كاروباری خوێندكاران هەیەو بەشێكیان نیانە، بەشێكیان سیستەمی فەكەلتی و سكول تیایاندا پەیرەو دەكرێت و بەشێكی تریان كۆلێژ. چوارەم/ گرفتی پڕنەكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان: زۆرینەی پۆستەكانی زانكۆكان بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، بە فەرمی كەسەكان دانانرێن و دانەنراون، هەرچەندە چەند جارێك بانگەشەكراوە بۆ پێشكەشكردنی سیڤی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە بەتالانەو چاوپێكەوتنیش لەگەل لیژنەی راسپێردراوەوە كراوە لەگەل ئەو كەسانەی خوازیاربوون ئەو پۆستانە بگرنە ئەستۆ، بۆ نمونە: پۆستی دوو راوێژكار لە وەزارەت، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی چەرموو، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی هەڵەبجە، راگری دەیان كۆلێژ و پەیمانگە و چەندان پۆستی تر كە سالانێكە بەتاڵن.   پێنجەم/ زانكۆی بە وەكالەت: یەكێ لە دیاردە سەرسوڕهێنەرەكان لە زانكۆكاندا ئەوەیە كە زۆرینەی پۆستە باڵاكانیان بە وەكالەت بەڕێوە دەبردرێن،كە ئەمەش دیاردەیەكی نایاسایی و گوماناوییە، هۆكارەكەیشی بۆ بێ بڕیاریی وەزیری خوێندنی بالاو دەست تێوەردانی حزبی و میزاجی شەخسی دەگەڕێتەوە، كە بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پۆستەش بە وەكالەت دەبێتە مایەی لاوازی پرۆسەی بەڕێوەبردن لەزانكۆكاندا، ئەگەر سەیرێكی لیستی ئەنجومەنی زانكۆكان بكەین ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دەردەكەوێت، بۆ نمونە:   ئەگەر بڕوانینە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، دەبینین لە (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، وە چەندینیان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە.  


درەو میدیا: دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانیان،  بۆ ماوەی پێنج رۆژ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم سزادەدات، داواش لە سەرجەم  تۆڕە هاوبەشەكانی كۆڕەك دەكات لەو ماوەیەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو تۆڕە بپچڕێنن.لەبەرامبەردا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بڕیارەكەی دەستەی راگەیاندنی عێراق بە نادادپەروەر و ستەمكارانە لەقەڵەمدەدات . دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق نوسراوێكی ئاراستەی كۆمپانیا هاوبەشەكانی كۆڕەك تیلیكۆمی كردووە، داوای لێكردوون لە رۆژی 24ی ئازاری 2019ەوەبۆ ماوەی 5 رۆژ هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك بپچڕێنن. دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق لە نوسراوەكەیدا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم تۆمەتباردەكات بەوەی سەرپێچیكردووە لە بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵەتی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیای تەلەفۆنی گوازراوە، بەتایبەتی ماددەی 19ی گرێبەستەكە، كە پەیوەستە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پارێزگاریكردن لە ژمارە‌و پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی دەستەی تایبەت بە ئیمزاكردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری پاراستنی ژمارە لەگەڵ كۆمپانیای هۆڵەندی " portingxs" جێبەجێكاری پڕۆژەكە. هەروەها ئاماژەیبەوەشداوە كە سەرەڕای ئاراستەكردنی نوسراوی رەسمی و ئاگاداركردنەوە لە رێگەی نامەی ئەلیكترۆنی كە جەخت لەسەر ئەو بابەتە كراوەتەوە، سەرەڕای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە لەلایەن كۆمپانیای ئەسیر‌و ئاسیاسێڵەوە لە رۆژی 17/3/20109 دوای رەچاوكردنی سەرجەم تێبنییەكان كە كۆمپانیاكان خستویانەتەڕوو لەوانەش كۆمپانیای كۆڕەك بە ئامادەبوونی نوێنەرەكانیان، بەڵام پرسەكە پێچەوانەیە و ئاماژە بە ئامادەنەبوونی جدی كۆمپانیای كۆڕەك دەكات لە جێبەجێكردنی پابەندبوون بە گرێبەستەكە، سەرەڕای بە ئەنقەست ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم پڕۆژەكە و سەرپێچیكردنی رێنمایی و ئاراستەكانی دەستە و بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵًەتپێدان". لەبەرامبەردا و لە رونكردنەوەیەكدا كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی  دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق  نەدەبوو ئەو بڕیارەی بدایە كە بە زیانی هاوڵاتیانە، و ئەو بڕیارە بە ستەمكارو نادادپەروەر لەقەڵەمدەدا، راشی دەگەیەنێت كە چەندین جار روبەرووی ئەو جۆرە بڕیارانە بونەتەوە. كۆڕەك تیلیكۆم كۆرەك تیلیكۆم كۆمپانیایەكی هاوبەشی سنوردارە لە عێراقدا تۆماركراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی GSM‌و ساڵی 2000 دەستی بە پێشەكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كرد سەرەتا تەنها لە هەرێمی كوردستان، پاشان لە 17ی ئابی ساڵی 2007  كۆڕەك یەكێك بوو لەو سێ كۆمپانیایەی كە مۆڵەتی كاركردنی سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل، بنكەی سەرەكی لە شارۆ1كەی پیرمامە. سیروان بارزانی كوڕی سابیر مستەفا بارزانی، كە دامەزرێنەری كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمە ساڵی 1971 لە دایكبووە‌و جگە لە كاری بازرگانی، فەرماندەی سەربازییەو پلەی لیوای لە نێو هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەو لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخمور بووە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەر لە كۆتایی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا ئاشكرادەكات. وەفدی دانوستاكاری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ جارێكی تر لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام كۆبونەوە. كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیارە رۆژی (27)ی ئەم مانگە جارێكی تر وەفدی هەردوولا كۆببنەوە. یەكێتی نیگەرانە ! سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بە وەفدی دانوستانكاری پارتییان راگەیاندووە، چەندین كۆبونەوەی تریش بكەن ناگەنە رێككەوتن، ئەگەر وەفدی پارتی بەمشێوەیە بمێنێتەوە‌و هیچ كەسێكی لە بنەماڵەی بارزانی تێدا نەبێت. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە لە كۆبونەوەی داهاتوودا كە وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات، مەسرور بارزانی یاخود نێچیرڤان بارزانی بەشدار بێت، چونكە هەر رێككەوتنێك لەنێوان هەردوولا بەبێ ئامادەبوونی كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی، گرەنتی جێبەجێكردنی نییە. وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئەگەر چارەسەریان پێنەبوو، باشترە بۆ كۆبونەوەی داهاتوو سەردانی سلێمانی نەكەن. لەبەرامبەردا وەفدی پارتی وتویانە، ئەوان راسپێردراون دانوستان لەگەڵ یەكێتیدا بكەن، بەڵام داواكارییەكەیان دەگەیەنن. یەكێتی داواكاری نوێی هەیە ! وەفدی یەكێتی كە لە كۆبونەوەی پێشوودا جەختیان لەسەر دابەشكردنی چوار پۆستە باڵاكە (ئەنجومەنی ئاسایش- وەزیری ناوخۆ- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە) كرد، بەجۆرێك دوو پۆستیان بۆ پارتی‌و دوو پۆستەكەی تر بۆ یەكێتی بێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جەختیان لەسەر هەمان داواكاری كردەوە. سەرباری چوار پۆستەكە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی جارێكی تر فایلی دەسەڵاتی دادوەرییان هێناوەتەپێش. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری‌و ئەنجومەنی شورا) رێكبخرێنەوە، چونكە ئەو پۆستانە لە دەرەوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنن‌و نابێت پارتی تێیاندا زۆرینە بێت، بەڵام ئەمە بەشێَك نییە لە پاكێجی یەكێتی بۆ پۆستەكان.  وەفدی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جارێكی تر داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی پێدانی ئەو وەزارەتەی بە یەكێتی رەتكردوەتەوە‌و رایگەیاندووە، ئەو وەزارەتە لای سەرۆكی حكومەت دەبێت واتە مەسرور بارزانی. بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی پێشنیازیان كردووە یەكێتی ئەم پۆستانە وەربگرێت كە زۆرینەیان ئێستاش لەدەستی یەكێتیدان‌و پۆستەكان ئەمانەن: •    وەزیری پێشمەرگە •    جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی •    دەزگای ئاسایش •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    دەزگای زانیاریی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم ! سەرچاوەیەكی تری ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، ئەگەر پارتی بەبێ یەكێتی ئەو دامەزراوەیە كارابكاتەوە، سەرچڵی دەكات‌و پەیوەندییەكانی هەردوولا دەچێتە ئاستێكی خراپەوە. ئەم قسانەی وەفدی یەكێتی دوای ئەو پەیامە هات كە بەمدواییە پارتی بۆ یەكێتی نارد‌و تێیدا هۆشداریدا "ئەگەر یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، لەو دامەزراوەیەدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، (درەو میدیا) پێشتر ئەم زانیارییەی بڵاوكردەوە. وەفدی پارتی جارێكی تر دڵنیاییان بە یەكێتی داوە كە جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد دەكەن‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام یەكێتی وەكو كۆبونەوەی پێشوو جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت ئەو جێگرە بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی دیاری بكرێت، نەوەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی بۆ دیاری بكات. ئەگەری رێككەوتن ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رەنگە دواجار پارتی‌و یەكێتی بگەنە رێككەوتن، ئەگەر پارتی سەرباری ئەو پۆستانەی كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بەڵێنی بەیەكێتی داوە، ئەم پۆستانەی تریش بۆ یەكێتی جێبهێڵێت: •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی خوێندنی باڵا یاخود وەزارەتی پەروەردە •    وەزارەتی كشتوكاڵ  •    دەستەی وەبەرهێنان پارتی گەشبینە  سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی باش بووە‌و لەسەر پۆستەكان ناكۆكی نێوان هەردوولا كەمبوەتەوە‌و لەسەر چوارچێوەی گشتییەكان رێككەوتوون‌و ئێستا بەربەستی گەورە نەماوە. چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبونەوەی رۆژی 27ی ئەم مانگەدا پارتی زۆرینەی داواكارییەكانی یەكێتی جێبەجێ بكات، بۆئەوەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان‌و بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا. پارتی پێیوایە ئێستا یەكێتی وەكو سەرەتای دانوستانەكان داواكاری زۆر گەورەی نەماوە كە توانای جێبەجێكردنی نەبێت، بەتایبەتیش پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك كە سەرەتا دانوستانەكانی توشی ئیفلیجی كردبوو. پارتی بەنیازە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بەڵام هێشتا گومانی هەیە لەوەی یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت"‌و خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی بدزێتەوە، ئەگەر دڵنیاببێتەوە لەوەی یەكێتی نیازی رێككەوتنی هەیە، رەنگە زۆربەی داواكارییەكانی بۆ جێبەجێ بكات.  


ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت  رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك لە كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بەبۆنەی جەژنی (نەورۆز)ەوە خەڵك ئاهەنگ دەگێڕن، زۆرێك لەوانەی بەشداری ئەو ئاهەنگانە دەكەن بەتەواوەتی لە چیرۆكی جەژنەكە تێنەگەیشتوون، نەك هەر ئەوان مێژوونوسەكانیش لەبارەی چیرۆكی جەژنی نەورۆزەوە قسەی جیاوازیان هەیە. كورد و ئێرانییەكان و خەڵكی ئەفغانستان و چەند وڵاتێك و نەتەوەیەكی تری ناوچەكە نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێن. لەبارەی نەورۆزە بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنچینەی وشەی نەورۆز لە وشەیەكی پەهلەوی كۆنەوە هاتوە و مێژووەكەی بۆ 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وشەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە: نەو: نوێ روز: رۆژ وشەی نەورۆز بەواتای (رۆژێكی نوێ) دێت. لەبارەی مێژوی نەورۆزەوە وەكو جەژنێكی میللی قسەوباسی جیاواز هەن: هەندێك لە مێژوونوسان چیرۆكی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە چاخی سۆمەرییەكانەوە و دەڵێن سۆمەرییەكان یەكەم گەل بوون كە ئەم جەژنەیان كردووە. مێژوونوسانی كورد زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی شارستانی سۆمەری پێكدەهێنێت و هەر لەو سەردەمەوە كورد لە چیاو ئەشكەوتنەكاندا لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بە ئاگركردنەوە و ئاهەنگگێڕان جەژنیان كردوە. مێژووی نەورۆز لای كورد مێژونوسانی كورد لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەورۆزەوە دوو بۆچونی سەرەكییان هەیە: بۆچونی یەكەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە دروستبونی دەوڵەتی ماد بەر لە 700 ساڵ وەكو یەكەمین دەوڵەتی كوردی بۆچونی دووەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە. ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دەوڵەتی مادەوە دەڵێن لە پێش زایندا هیچ روداوێك نییە كە كورد وەكو نەتەوەیەك شانازی پێوە بكات جگە لە دروستبونی دەوڵەتی ماد، بۆیە نەورۆز بەبۆچونی ئەوان جەژنی سەرەتای دروستبونی یەكەمین دەوڵەتی كوردییە. لە بەرامبەردا ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە دابەشبون بەسەر دوو بەشدا: بۆچونی یەكەم: ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دروستبونی دەوڵەتی مادەوە، ناتەبان لەگەڵ چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەردا و دەڵێن زوحاك دواین پادشای دەوڵەتی ماد بووەو پادشایەكی ستەمكار نەبووە، فارسەكان مێژوویان شێواندوە. ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچونەن زیاتریش دەڕۆن و لەبارەی كاوەی ئاسنگەرەوە دەڵێن كاوە تەنانەت كورد نەبووە، ئەگەر كوردیش بوبێت بەو كارەی كە كۆتایی بە حوكمڕانی دەوڵەتی ماد هێناوە وەكو دەوڵەتێكی كوردی ناپاكی كردوە‌و بۆ ئەوە نابێت كورد شانازی پێوە بكات. بۆچونی دووەم: ئەمە بۆچونە باوەكەیە لەناو خەڵكدا، ئەم بۆچونە نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی پادشایەكی ستەمكار كە زوحاكە، ئەفسانەكان باس لەوە دەكەن ئەم پادشایە كە دەوترێت دواین پادشای حوكمڕانی دەوڵەتی ماد بوو پادشایەكی ستەمكار بووە، كەسێك بەناوی كاوەی ئاسنگەر شۆڕشی لەدژ بەرپا كردووە و زوحاكی كوشتووە، ئیتر ئەو رۆژە ناوی لێنراوە نەورۆز و ساڵانە وەكو هەڵاتنی رۆژێكی نوێ بەبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە. سەرەتای ساڵی كوردی و روخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە مێژوونوسە هاوچەرخەكانی كورد لە كتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێ: لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە.. سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ .... دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە. ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا". بۆچونێكی تر: هەندێك لێكدانەوەی تر هەن بۆ ریشەی وشە و مێژووی نەورۆز وەكو جەژنێكی میللی خەڵكی كورد، هێمنی موكریانی مێژووی نەورۆز دەبەستێتەوە بە ریشەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردەوە لە چاخە دێرینەكاندا و دەڵێ لە كۆندا كورد ئاژەڵدارییان كردووە، سەرەتای وەرزی بەهاری كاتی زاینی ئاژەڵی مەڕدارەكانی كورد بووە، لەو رۆژەدا كە رۆژی مەڕزاینە مەڕدارانی كورد ئاهەنگیان گێڕاوە و ئەمە بوەتە نەریت و جەژنی نەورۆز لەم ریشەیەوە دروستبووە. زەردەشت و نەورۆز هەندێكی تر ریشەی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە ئاینی زەردەشتیییەوە وەكو ئاینێكی كۆنی كورد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاگركردنەوە دەهێننەوە كە سیمبوڵێكی هاوبەشی نەورۆز و ئاینی زەردەشتیییە. فارسەكان چی دەڵێن ؟ بەشێوەیەكی گشتی مێژونوسانی فارس ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە پادشایەكی خۆیانەوە كە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی سەختدا یارمەتی خەڵكی داوە، هەندێكی تر ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە كەسایەتییەكەوە بەناوی (حاجی فەیروز)، ئەم كەسە بە جلە سورەكانی و رەشكردنی روخساری دەناسرێتەوە، حاجی فەیروز بەو روخسارەوە بە شەقامەكاندا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ هاتنی وەرزی بەهار كردووە و گۆرانی میللی وتوە، ئێرانییەكان ئەم حاجی فەیروزە دەبەستنەوە بە سیاوەشەوە كە یەكێك لە پادشا كۆنەكانی ئێرانە. یەكێك لە نەریتە دیارەكانی جەژنی نەورۆز لە ئێران ئامادەكردنی خوانێكە كە حەوت جۆری خواردنی تێدابێت بەمەرجێك هەر حەوت خواردنەكە ناوەكانیان بە پیتی (سین) دەستپبێبكات، ئەم نەریتە ناوی لێنراوە (حەوت سینەكە). نەورۆز لە جیهاندا نزیكەی 300 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان ساڵانە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەوهۆیەوە نەورۆز ئێستا تاڕادەیەك بوەتە جەژنێكی جیهانی، بەهۆی ئەوەی لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەم جەژنە بەرز رادەگیرێت ساڵانە سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی دەكەن. ئێستا جگە لە كوردستان، لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و ناوەڕاستی ئاسیا و تەنانەت باكوری چین خەڵك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێوە ئاهەنگ دەگێڕن. بەهۆی ئەو ناوبانگە جیهانییەی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2000ەوە پەیدای كرد، ساڵی 2009 رێكخراوی یونسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان جەژنی نەورۆزی وەكو یەكێك لە كۆنترین جەژنەكان خستە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە. هەروەها كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2010 لەسەر داوای چەند وڵاتێك لەوانە" ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئەلبانیا، ئێران، توركیا، مەكەدۆنیا، تاجیكستان، قیرغیزستان، كازاخستان و هندستان بە بڕیاری 64/253 رۆژی 21ی ئاداری بە رۆژی جیهانی نەورۆز دیاریكرد.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  دوێنێ تەواوی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدابوون، لە هەمان رۆژدا وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ پارتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سیادیدا. لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا. چەند كاتژمێرێكی كەم لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تەواوی باڵە جیاوازیەكانیەوە لە پێشوازی سەرۆكە گەنجەكەی پەرلەمانی عێراقدا بوون، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە جلی كوردیەوە لەگەڵ چەندین سەركردەی تری حزبەكەی پێشوازیان لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقكرد، دواتر و بە كەژاوەیەكی رەسمیەوە گەیاندیانە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و لەوێ لەلایەن سەرۆك كۆمار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، لە پێشوازیدابون. ئەم گرنگی پێدانەی سەركردەكانی یەكێتی بە تەواوی باڵە جیاوازەكانیەوە لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند كاتژمێرێك دوای رەتكردنەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوو.  یەكێتی بەدوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و پێگەی پەرلەمان دەكات، لەلایەك رەتكردنەوەو لەلایەكیش پێشوازی گەرم.   رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا كە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ناو یەكێتی و پارتیەوە وەریگرتووە، لە كۆبونەوەی دوێنێ 19/3/2019 دا یەكێتی بە رەسمی بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن و رەتی دەكەنەوە، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وزاری سیادیدا، لەبەرامبەردا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندووە رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە رەزامەندی خۆتانەو لەبەرامبەردا هیچ خاڵ و پۆینتێكی تر وەرناگرن.  وەفدی یەكێتی داوای دوو وەزارەتی سیادیان كردووە لە نێویاندا وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی لەم هەنگاوەی چەند ئامانجێك دەپێكێت: یەكەم: یەكێتی دەیەوێت سێ پۆستی سیادی بەدەستبهێنێت، لە پێناو رازیكردنی باڵە جیاوازەكانی ناوخۆیدا، بەو پێیەی لە ئێستادا ركابەر بۆ قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت درووست بووەو دەیانەوێت ئەو كارەكتەرانە رازی بكەن.  یەكێتی دەیەوێت، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی و پۆستی وەزیری ناوخۆ بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ( حاكم قادر یان عیماد ئەحمەد) مسۆگەر بكات كە لە ئێستادا هەردوكیان داوای جێگری سەرۆكی حكومەت دەكەن، بە واتایەكی تر ئەم هەنگاوەی یەكێتی بۆ رازیكردنی تەواوی باڵە ناكۆكەكانی ناوخۆیەتی. دووەم: رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەردوو كاندیدی ئەو پۆستە( بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) راستە هەریەكەیان لەسەر باڵێكی ناو یەكێتی ئەژمار دەكرێن، بەڵام بەدانانی ئەوان هیچ لە ناكۆكیەكان كەمناكاتەوەو هیچیان كارەكتەری پلە یەكی ناو باڵەكان نین، سەرەڕای لێهاتووی خۆیان، بۆیە هەرلەسەرەتاوە مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی یەكێتی بە بێبایەخەوە سەیری ئەو پۆستەیانكردووە. سێیەم: یەكێتی پێی وایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نەك هەر گرنگ نابێت بەڵكو رەنگە لە هەندێك رووداو هەڵوێستدا ببێتە بار بەسەر شانی یەكێتیەوە، بەو پێیەی پارتی ئەو دامەزراوەیەی قۆرخكردووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پارلەمان پارتین ، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و لیژنەگرنگەكان لای پارتین ، ئیدارەو كارگێری و سكوێرتی پەرلەمان لای پارتیە، لە هەمانكاتدا پارتی 45 پەرلەمانتاری هەیەو بە ئاسانی دەتوانێت بەبەردەوامی دەنگی زیاتر لە 60 ئەندام مسۆگەر بكات، بۆیە رەنگە سەرۆكی پەرلەمان تەنها وەك كارەكتەرەێكی رەمزی بمێنێتەوە.  سەرۆكی پەرلەمان لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووخول پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلابووە، ئەویش لە خولی دووەمی پەرلەمان ( عەدنان موفتی ) لە خولی سێیەمیش دوو ساڵ ( ئەرسەلان باییز) بووە ئەمە سەرەرای لەدوای 2003 تا 2005 و یەكخستنی دوو ئیدارە بە تەناوب  لە نێوان ( رۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد)دا سەرۆكی پەرلەمان ئاڵوگۆڕی پێكرا، بەڵام پەرلەمانتارانی هەمان خولی یەكەم بوون كە جەوهەر نامیق سەرۆكی بوو.  یەكێتی ترسی لەوەیە كە ئەگەر لە ئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت دەركردن و پەسەندكردنی تەواوی ئەو یاسایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەم خولەدا بە ویستی خۆی تێیان بپەڕێنیت، دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی، خۆ ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش ناڕازی بێت، بە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تێدەپەڕێنرێت، بۆیە یەكێتی پێناچێت لانی كەم تا تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەو پۆستە وەربگرێت.   


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ-محەمەد رەئوف پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵگرت‌و ئامادەیە جێگرێكیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام كێشەی چوار پۆستە باڵاكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی ئەمڕۆ جارێكی تر كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە سلێمانی. كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی. یەكێتی هۆشداری دەدات ! (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر یەكێتی لە هەموو سەرۆكایەتی‌و جومگە سەرەكییەكانی حكومەتدا هاوبەشی راستەقینە نەبێت، بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام ناشبێت بە ئۆپۆزسیۆن !". یەكێتی بەم پەیامە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هۆشداری بە پارتی داوە لەبارەی ئەگەری جیابوونەوە‌و دووئیدارەیی. كێشەی چوار پۆستەكە  سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی جەختی كردووە لەسەر داواكارییەكانی كۆبونەوەی پێشوو. رۆژی 12ی ئەم مانگە وەفدی یەكێتی‌و پارتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی داوای كردووە لە كۆی (4) پۆستی باڵا، دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان). یەكێتی پۆستی وەزیری ناوخۆی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش داناوە، پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و دەیەوێت لەكۆی ئەو چوار پۆستە دوانیان ببات، بەڵام پارتی تائێستا رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لەو پۆستانە بە یەكێتی بدات. لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستە كە ئێستا بووەتە جێگای ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكی ئەوتۆیان نەداوە، تەنیا وتویانە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم چەند پۆستێكی گرنگ بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام رایانگەیاندووە داواكارییەكانی یەكێتی دەبنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی، یەكێتی ئێستا چاوەڕوانە پارتی لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستەوە لە كۆبونەوەكەی دوای نەورۆزدا وەڵامی لێبگێڕێتەوە. لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم سەرچاوەیەك باڵا نزیك لە دانوستانەكان، بە (درەو میدیا)ی رایانگەند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی رەزامەندی نیشانداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بدرێت بە یەكێتی. بەڵام وەفدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە مەرجی هەبووە، مەرجەكەش ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكرێت، نەك دەسەڵاتی نەبێت‌و سەرۆكی هەرێم خۆی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكات. ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا پۆستێكی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە. لەبارەی وەزارەتەكانەوە نوێترین پەرەسەندن كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رویدا، هەڵگرتنی ڤیتۆ بوو لەسەر ژمارەیەك وەزارەت لەلایەن وەفدی پارتییەوە. پارتی ئەمڕۆ دەرگای گفتوگۆی لەسەر هەندێك وەزارەت لەگەڵ یەكێتی كردەوە كە پێشتر ئامادەنەبوو بەهیچ جۆرێك گفتوگۆیان لەسەر بكات، لەوانە پۆستەكانی وەزارەتی (شارەوانی‌و تەندروستی). بەڵام یەكێتی لەمبارەیەشەوە مەرجی هەبووە‌و داوایكردووە، تەواوی پۆستە وزارییەكان بخرێنەسەر مێزی گفتوگۆ‌و بەدانوستان یەكلابكرێنەوە، نەك پارتی هەندێك وەزارەت بەبێ گفتوگۆ بۆخۆی یەكلابكاتەوە. بەبێ هیچ رێككەوتنێك كۆبونەوەی ئەمڕۆش كۆتایی هات، وەفدی یەكێتی‌و پارتی چارەنوسی دانوستانەكانیان سپارد بە كۆبونەوەیەكی تر كە بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوەبچێت. پارتی چی دەكات ؟ دوێنێ پارتی دواین پەیامی خۆی لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یەكێتی گەیاند، ناوەڕۆكی پەیامەكە بریتییە لەوەی " ئەگەر یەكێتی بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنادرێت". سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی دركی بەوە كردووە یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت" تا ئەوكاتەی پارتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە، یەكێتی دەیەوێت لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بكات كە ئێستا هاوپەیمانی پارتییە‌و تۆڵەی روداوەكانی 30ی حوزەیرانی 2013 لە گۆڕان بكاتەوە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، پارتی لەوە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكات‌و دواین وادە بۆ یەكێتی كۆتایی ئەم مانگەیە، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، پارتی بەبێ یەكێتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە‌و مەسرور بارزانیش رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەنیازە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، پرۆژەیاسا كۆنەكەی خۆی كە ساڵی 2015 لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد، جارێكی تر بگەڕێنێتەوە بۆ ناو پەرلەمان. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی‌و یەكێتی لە كۆتایدا ناگەنە رێككەوتن‌و پارتی بەبێ یەكێتی‌و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواردەكاتەوە. بەم هەنگاوە هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و بەپێچەوانەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر پارتیدا راوەستابوو، لە خولی پێنجەمدا یەكێتی دەبێتە جەمسەرو لەبەرامبەر پارتیدا رادەوەستێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی یارییەكە ناڕوونە‌و كات وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.    


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكەن، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكتان پێنادرێت" ئەمە دواین پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتای دروستبونییەوە تائێستا بەردەوام یەكێك لە سەرەكیترین كێشە‌و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم دامەزراوەیە ساڵی 2005 لەدوای یەكسختنەوەی هەردوو ئیدارەی پارتی‌و یەكێتی، دروستكرا. لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دووئیدارەیی، یەكیگرتەوە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتی‌و پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، چارەسەركردنی كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ساڵی 2005دا ماوەی زیاتر لە (6 مانگ) پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی دواخست. دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا. لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوە بوو كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت. كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا لەوەدا كورتنەبوەتەوە كە كێ لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، ئەم دامەزراوەیە بەپێی یاسا ژمارەیەكی زۆر دەسەڵاتی پێدراوە كە زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی دامەزراوەكانی تردا بەریەك دەكەون، ئەمەش كێشەكە قوڵتركردووە. دواین پەرەسەندنەكان مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، نزیكەی شەش مانگ تێپەڕێوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، هاوشێوەی ساڵی 2005، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بووەتە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم پێكهاتنی كابینەی نوێدا. پارتی خوازیارە بەر لە پێكهێنانی حكومەت، دامەزاروەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، یەكێتی نایەوێت بەشداری ئەو پرۆسەیە بكات. بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوێنێ پارتی پەیامێكی لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاڕاستەی یەكێتی كردووە‌و لە پەیامەكەدا هۆشداری بە یەكێتی داوە "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات‌و دەیەوێ دوای كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بە حكومەت‌و پەرلەمانی نوێوە بكات، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت. لەلایەكی ترەوە یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی هەر لە سەرەتاوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دیاریكردووە‌و پرۆژەی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، ئەگەر بەشداریشی كرد، ئەوا پرۆژەكەی ساڵی 2015 بێنێتەپێشەوە، كە یەكێتی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد. لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری هەردوولادا، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئێوە دەتوانن بەردەوام بن لەسەر رێوشوێنەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی رامەوەستن.  بزوتنەوەی گۆڕان چی دەڵێ ؟ لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا، زیاتر چاوەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، بەوپێیەی گۆڕان لە رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر ئەو دامەزراوەیە هەبووەو لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە خولی پێشوودا سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەكانیان دورخرانەوە. دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەپێی پەیڕەو ناوخۆی ئەو بزتنەوەیە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبدا. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری هەندێك راوبۆچونی جیاواز، جڤاتی نیشتمانی پابەندبوونی بە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەش بڕیاردراوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بێت لە پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا.  كورتەی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەم سێ خاڵەدا كورت دەبێتەوە: •    دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە، وەكو خۆی. •    سەرۆكی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت. •    لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی دەكرێت‌و لەوێدا جێگیردەكرێت بەكورتی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی بۆ دەستور دواخستووە، ئەمەش هەمان داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ لەم خولەشدا پەرلەمان دەتوانێت دەستور تێپەڕێنێت یاخود نا.   


(درەو میديا):  سەرچاوەیەك لە دیوانی پەرلەمانی كوردستانەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوێنێوە دەستكراوە بە مامەڵەی كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی:"  لەلایەن ئیدارەی پەرلەمانی كوردستانەوە بەشێوەی (قیست) گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) دەكرێت بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلی (لاندكرۆزەر 2019 )، كە نرخی هەر یەكێكیان (75 هەزار دۆلار)ه"، ئەم پارەیە بە زمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە (7 دەفتەرو 50 گەڵا)، كۆی گشتی پارەی  111 لاندكرۆزەرەكە دەكاتە ( 8 ملیۆن و 325 هەزار دۆلار) واتا ( 800دەفتەر دۆلار ). سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، گرێبەستەكە بەشێوەیەكە سەرەتا پەرلەمانی كوردستان لە 30%ی پارەكەی بە سێ قیست دەدات بە كۆمپانیاو، دواتر مانگانە بڕی (1 ملیۆن دینار) لە موچەی  پەرلەمانتاران دەبڕدرێت، پێدەچێت دواتر ئەو بڕە پارەیەش لە پەرلەمانتاران وەرنەگیرێتەوە، بەناوی پەرلەمانتاران خۆیانەوە دەبێت و لە كۆتایی خولەكەش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. دوێنێ پەرلەمانتارانی كوردستان یەكەم موچەی بێ پاشەكەوتیان وەرگرت، كە موچەی هەریەكێكیان بڕی (8 ملیۆن و 200 هەزار) دینار بوو، كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار.  لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوەو پەرلەمانتاران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان داوایانكرد بەشێوەی قیست ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت و مانگانە لە پارەكەیان ببڕدرێت، ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە هاوشێوەی بڕیارەكەی خولی پێشووە.


راپۆرتی: نامیق رەسول، فازل حەمەرەفعەت، محەمەد رەئوف یەكێتی‌و پارتی تیمی نوێی دانوستانیان دیاریكرد، تیمە نوێیەكان زیاتر لە تیمی رێكنەكەوتن دەچن، وەك لە تیمی رێككەوتن، یەكێتی بەشداری كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات‌و باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە حكومەت، لەبەرامبەر ئەمەدا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە قایم بكاتەوە. رۆژی 5ی  ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا رێككەوتنیان ئیمزاكرد، لەدوای ئەو رێككەوتنەوە ئەو دوو هێزە هێندەی لەیەكدی دوركەوتونەتەوە، هێندە لەیەكدی نزیك نەكەوتونەتەوە، واتە رێككەوتن بە تامی رێكنەكەوتن. لە نوێترین پەرەسەندندا هەردوولا تیمی دانوستانكاری خۆیان ئاڵۆگۆڕكرد، بە تەماشاكردنی ئەندامانی نوێی وەفدی دانوستانكاری هەردولادا دەردەكەوێت جارێكی تر بە ئاڕاستەی رێكنەكەوتن هەنگاودەنێن، نەك رێككەوتن. گۆڕینی تیمی دانوستانكار لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تیمێكی نوێ بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی پێكهێنرا، ئەندامانی نوێی تیمی دانوستانكاری یەكێتی زۆرینەیان لەو كەسانەن كە تاڕادەیەك توندن بەرامبەر پارتی، ئەندامانی تیمەكە بریتین لە:  •    عیماد ئەحمەد- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەدنان حەمەی مینا – ئەندامی سەركردایەتی •    بافڵ تاڵەبانی •    لاهور شێخ جەنگی – ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ- ئەندامی سەركردایەتی لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەم هەنگاوەی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەفدی دانوستانی خۆی گۆڕی، بەتەماشاكردنی تیمە نوێیەكەی وەفدی دانوستانكاری پارتیش دەردەكەوێت، پارتی لەبری ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دەیەوێت بە هەمان زمانی وەفدی یەكێتی گفتوگۆ بكات، وەفدە نوێیەكەی پارتی بریتین لە: •    كەمال كەركوكی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    كاكەمین نەجار- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەلی حوسێن- ئەندامی سەركردایەتی •    هێمن هەورامی- ئەندامی سەركردایەتی •    دڵشاد شەهاب- ئەندامی سەركردایەتی •    عەلی عەونی- ئەندامی سەركردایەتی •    فرسەت سۆفی- ئەندامی پێشووی پەرلەمان یەكێتی بەتەمای چییە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی دوێنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سازش بۆ پارتی نەكرێت‌و پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بسپێردرێت بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی ئەو دوو هێزە رێككەوتنیان هەیە‌و دەتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمجارە نایەوێت شانی خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا تۆزاوی بكات‌و دەیەوێت سیناریۆی 30ی حوزەیرانی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەبكاتەوە.  لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوەكراوە، ئەوان بە وەفدی پارتی رادەگەیەنن كە لە ساڵی 2015دا پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خستوەتەڕوو، تائێستا سورن لەسەر ئەو پرۆژەیە. یەكێتی بەمە لەلایەك دەیەوێت بە پارتی بڵێت" ئێمە نایەینە ژێر باری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم"، لەلایەكی تریش بە بزوتنەوەی گۆڕان بڵێت"  ئێمە پەشیمان نین لە پرۆژەكەی 2015، ئەوە ئێوەن پاشگەزبونەتەوە". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە خۆی رابگرێت‌و لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكات، تا پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی دێت.  یەكێتی كێرڤی داواكانی بەرزدەكاتەوە  لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە كۆكبوون لەسەر ئەوەی "نابێت یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بچێتە ناو حكومەتەوە، كە تەواوی پۆست‌و دەسەڵاتەكان لای پارتی بێت". دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی وتی:" دەمانەوێت لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین، هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم، لە بڕیارەكاندا هاوبەش بین، لە پەرلەمان‌و  حكومەتدا  هاوبەش بین، لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت‌و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا هاوبەش بین". وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بە دوو خاڵی تر كرد، كە تاڕادەیەك بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتییە: •    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتە ئیداری‌و مالییەكان دابەشبكرێت‌و شۆڕبكرێتەوە. •    ئەگەر پارتی بەجدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت‌و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت‌و خەڵكی لە دڵەراوكێ نەبێت، كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا، بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. یەكێتی ئیدارەی خۆی رێكدەخاتەوە ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی چڕ هەیە لەبارەی پرسی لامەركەزیەت‌و تاڕادەیەك دوو ئیدارەیش، رەنگە ئەمە ئامادەكاری بێت بۆ ئەو قۆناغەی كە یەكێتی لەگەڵا پارتی ناگاتە رێككەوتن. یەكێتی بەنیازە دوای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشداری لە حكومەتی هەرێم بكات، تەنانەت ئەگەر پۆستەكانیش بەدڵی خۆی نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە رێكبخاتەوە، چ لەڕووی  سەرچاوەكانی داهاتەوە چ لەڕووی پۆستە ئیدارییەكانەوە، یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە حكومەتی نوێدا بەریدەكەوێت، هاوكات دەیەوێت دەستی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی سنوردار بكات.   


( درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" ئاماری دوو مانگ ئۆپەراسیۆن و شەڕی لە دژی چەكدارانی داعش لە باغوزی دێرەزۆر بڵاوكردەوەو بە گوێرەی ئەو ئامارە لەو ماوەیەدا ١٣٠٦چەكداری داعش كوژراون. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كینۆ گابریەل وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگەیاند "شەڕی كۆتاییهێنان بە تیرۆر، كە لەلایەن هێزەكانمەوە لە رۆژی ٩ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ / ١٩ی بەفرانبارەوە دەستپێكرد بەردەوامە. لە قۆناغی ئێستادا هەڵمەتی هەسەدە لە دژی داعش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. رێكخستنی داعش لە سنوورێكی بچووكدا لە باغۆز، لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر گەمارۆدراوە". گابریەل رایگەیاند، هێزەكانیان هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی كە لەلایەن داعشەوە كرابوون بە قەڵغانی زیندوو رزگاركردووە‌و گواستویاننتەوە بۆ ناوچەی ئارام و دوای ئەوەش ئەو تاكە گوندە، كە چەكدارەكان داعشی تێدا ماوە گەمارۆدراوە. گابریەل.لەبارەی شەڕڤانە شەهیدەكانی هەسەدە لەو شەڕەدا و وردەكاریی ئامارەكانی تر ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: * ئەو چەكدارانەی داعش و بنەماڵەكانیان كە خۆیان رادەستكردووە: ٢٩ هەزار و ٦٠٠ كەسن، (زیاتر لە ٥ هەزاریان چەكداری داعشن).  * ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش  كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكاندا و لەلایەن هێزەكانی هەدەسەوە دەستگیركراون: ٥٢٠ كەسن. * ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی رزگاركراون: ٣٤ هەزار كەسن. * ژمارەی چەكدارە كوژراوەكان لەو ماوەیەدا: ١٣٠٦ چەكدار‌و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش. * ٨٢ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ٦١ شەڕڤانیش برینداربوون.  


درەو میدیا:   ئەمڕۆ جڤاتی گشتی ‌بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە میكانزیمی دابەشكردنی پۆستەكان كۆبونەوەو دوو راسپاردەی ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانكردووە. بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیای كە لە چەند ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە كە ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی گشتیدا گفتوگۆ كراوە لەسەر میكانزمی دابەشكردنی پۆستەكان لە كۆبونەوەكەدا بە جدی گفتوگۆكراوە لەسەر ئەوەی" ئەو كەسانەی پێشتر لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان وەرگرتووە، نابێت كاندیدبكرێن بۆ پۆستەكان و سیڤیەكانیان رەتدەكرێتەوە" خاڵێكی تر لە كۆبونەوەكەدا كراوە بە بنەما بۆ دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان ئەوەیە كە" هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەیەكەوە كاندیدەكان یەكلا دەكەنەوە بۆ پۆستەكان" بە پێی وتەی ئەندامێكی جڤاتی گشتی، ئەم خاڵە "رێگری دەكات لەوەی هەر ئۆرگان و ناوەندێكی تری گۆڕان دەستوەربدات لە دیاریكردن و دانانی كاندیدەكان لە پۆستەكاندا"   جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكانی لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە كرد و دەكات كە بڕیارە سبەی یەكشەممە كۆببێتەوە  لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە: •   جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان  •     یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •   وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان  •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    بریكاری وەزیری پەروەردە •     دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    12%ی بەرێوەبەرە گشتی و راوێژكارەكان    


درەو میدیا:  لەدوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە سلێمانی بەرێوەچوو، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: دەمانەوێت لە جوومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم و بڕیارەكاندا هاوبەش بین لە پەرلەمان و  حكومەتدا  هاوبەش بین لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندیەكانی دەرەوەدا . ئاماژەی بەوەشكرد، هەرگیز نەمان وتووە و نامانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەڵام بەشداریمان لە كابینەی نوێی حكومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێكی راستەقینە بین. یەكێتی جیاوازی لەگەڵ پارتی هەیە وتەبێژی یەكێتی بە روونی راگەیاند كە" ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ باردەرانی پارتی هەیەو دەبێت ئەو جیاوازییانە چارەسەربكەین"  -    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتەكانی ئیداری  و مالی دابەشبكرێت و شۆڕبكرێتەوە. -    ئەگەر پارتی بە جدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت و خەڵكی لە دڵە راوكێ نەبێت كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. پارتیش كێشەی ناوخۆیی هەیە سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە یەكێتی ناتوانێت پۆستەكانی یەكلا بكاتەوە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە وتەبێژی یەكێتی دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر ئێمە، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی وەك هەموو حزبێكی تر، كێشەی هەیە، هەرخۆی تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەو رێگایەی كەبینیتان، بەشێكە لە مقایەزیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حزبیانەو ناوخۆیی كە من نامەوێت زۆر لەسەری بڕۆم.  دەقی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وتەبێژی یەكێتی   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand