Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  درەو میدیا: عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت : بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵگرتووە باشترە وەك لەوەی ڕازی بێت بە دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەش دەكات كە هیچ بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی پابەند نابێت بە بڕیارەكانی گۆڕان لە حكومەتدا. عەبدوڵا كوێخا موبارەك بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەرپرسەكانی گۆڕان لەناو حكومەت هەر فەرمانێك دەربكەن هیچ بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی گوێی لێ ناگرن شێخ جەعفەر ڕاستگۆترینیانە كە بەدەمی خۆی باسی كرد، ئەگەرنا بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت دەبێت هەر فرمانێكیان دەركرد سبەی لە بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی بپاڕێنەوە بڵێن "توخوا بەقسەمان بكەن" تا بەقسەی بكات فرمانە ئیداریەكەی جێ بەجێ بكات، چونكە هیچ دەسەڵاتێكی تری نابێت."   پێشی وایە بزوتنەوەی گۆڕان فشارێكی زۆری لەسەر بوو لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بەشێوەیەكی زۆر "نائاكاریانە" پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان درا هەوڵی دەدا سزای گۆڕان بدات، پۆستەكانی قۆرخ بكات ئەوەش هۆكارێك بوو كەبەشێك لەسەركردایەتی گۆڕان بڕیاریدا بەناچاری بچنە ژێر باڵی پارتی كە ئەو ڕاستیانە-شیان دەزانی، من ئەوە بە نەشیاو دەزانم دەكرا لەدەرەوە بەربەرەكانێی یەكێتی یا هەرلایەنێكمان بكردایە زۆر باشتر بوو ئێمە "تەسلیم" بەو واقیعە نەشیاو و نایاساییەی هەرێمی كوردستان بوینایە." عەبدوڵا كوێخا موبارەك  ئەوەش دەخاتە روو پێشتر گۆڕانیش و یەكێتی-ش دەیانوت ، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیادەیە وە قۆرخ كراوە لەلایەن بارزانیەوە ئێستا بەم شێوازە هەریەكە و لەلایەكەوە "تەسلیم بوون" بە پارتی وای لێهاتووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەندە گرنگە لەبەرچاوییان شەڕییانە لەسەر دوو جێگری ئەوە قازانجەكەی پارتیە."  ئەندامەی پێشوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشلێت" ئەگەر كاك نەوشیروان بمایە بزوتنەوەی گۆڕانی هەڵدەوەشاندەوە بەس بەم شێوازە تەسلیم بەو واقیعە نەدەبوو بەشداری حكومەتی نەدەكرد." ئەگەر نەبێتە قسەیەك لەسەرمان جاری پێشوو هەڵەیەكیان پێیكرد كە بەدڵی نەبوو، بەناچاری دەوروبەرەكەی "فریوییاندا كەبەشدار بێت لەحكومەت هەر لەیەكەم سات-یشەوە بڕوای پێی نەبوو." زۆرێك لەو برادەرانەی ئێستا خۆیان بە خاوەنی گۆڕان دەزانن و بڕیاریان بەدەستە، دەوروبەری كاك نەوشیروان لە 80% ی ببووە خەڵكی بەرژەوەندی خواز، خۆ لە دە كەس ئەگەر هەشتی یەك قسەبن ئەگەر بڕواشی نەبێت دەبێت بەناچاری قسەی زۆرینە بێت."   عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەوەشی وت" ناكرێت كەس ناوی كاك نەوشیروان بۆ شتی ئەملاو لا و بەشداری كردن لەحكومەت بەكاربێنێ كاك نەوشیروان پڕۆژەیەكی جوانی بۆ بەجێ هێشتوین، چونكە زۆربەی ئەوكارانەی دەیكەن "ئەملاو لان" من زۆر سەركردەی گۆڕان دەناسم كاتێك كاك نەوشیروان مابوو هەر "جورئەتیان "نەبوو لەبەردەم "كاك نەوشیروان "دابنیشن ئێستا دەڵێ كاك نەوشیروان وای وت و وای پێ وتین و وایكرد و وامەكەن."  سەبارەت بە مانەوەی گۆڕان لەناو حكومەت عەبدوڵا كوێخا موبارەك دەڵێت" بەو شێوازەی برادەرانی ئێستای ئێمە خۆیان لەپارتی نزیكردۆتەوە ، پێشبینی دەكەم دەریشیان بكەن نەڕۆن لەحكومەت هەر لەلایان بن."    


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ هێشتا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە كێشمەكشێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕاندایە‌و یەكلانەبووەتەوە، بەڵام لایەنە بەشدارەكانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك لیستی كاندیدەكانی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت یەكلاكردوەتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو حزبە بەشدارەكانی كابینەی نوێ دەستیكەوتووە، (درەو میدیا) كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ پۆستەكان ئاشكرادەكات، بەڵام ئەمە لیستی كۆتایی كاندیدەكان نییە‌و رەنگە لە دوا ساتەكاندا هەندێك گۆڕانكاری لە لیستی كاندیدەكاندا بكرێت. كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستەكان:  •    سەرۆكی هەرێمی كوردستان: نێچیرڤان بارزانی •     سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: مەسرور بارزانی •     وەزارەتی ناوخۆ: رێبەر ئەحمەد •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: ئاشتی هەورامی  •    وەزارەتی شارەوانییەكان: ساسان عەونی •    وەزارەتی كارەبا: نەوزاد هادی •    وەزارەتی تەندروستی: د. نزار عیسمەت •    وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن: فەرهاد ئەتروشی  كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان:  •    جێگری سەرۆكی حكومەت: قوباد تاڵەبانی •    جێگری سەرۆكی هەرێم: سێ كەس كاندیدن (جەعفەر شێخ مستەفا، حاكم قادر، عیماد ئەحمەد) •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: (بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) •    وەزارەتی پلاندانان: دەرباز كۆسرەت رەسوڵ •    وەزارەتی پێشمەرگە: سێ كەس كاندیدن (جەبار یاوەر ، شۆرش ئیسماعیل، مەحمود سەنگاوی، عەدنان حەمەی مینا، سامان گەرمیانی) •    وەزارەتی رۆشنبیری: سێ كەس كاندیدن (جەمال حسێن، ئارام حەمەی مینا، حەمەی حەمەسەعید) •    وەزارەتی كشتوكاڵ: سەعدی ئەحمەد پیرە •    وەزارەتی خوێندنی باڵا: یوسف گۆران چاوی لە پۆستەكەیەو قوباد تاڵەبانی پاڵپشتی دەكات، بەڵام ركابەرو نەیاری بەهێزی هەیە •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری بەغداد: چەتۆ ساڵح •    جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: دابان شەدەڵە •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: ئامانج رەحیم  كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستەكان:  •    جێگری سەرۆكی هەرێم: مستەفا سەید قادر •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی: سەردار قادر  •    وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی: سێ كەس كاندیدن ( دانا عەبدولكەریم لە سلێمانی، برزۆ مەجیدو چالاكی موهەندیس لە هەولێر) •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی: جەلال جەوهەر  كاندیدی حزبەكانی تر: بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشكی خۆی، پۆستێك لە كابینەی نوێی حكومەت بە حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بدات، (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بەنیازە پۆستی وەزارەتی شەهیدان‌و كاروباری ئەنفالكراوان بە سۆسیالست بدات، ئەگەر ئەو پۆستە بۆ سۆسیالیست یەكلاببێتەوە، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكە خۆی وەریدەگرێت. هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن، رەنگە پارتی پۆستی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بە سۆسیالیست بدات، ئەگەر ئەم پۆستە بۆ سۆسیالیست یەكلاببێتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود تاكە پەرلەمانتاری سۆسیالیس لە پەرلەمانی كوردستان پۆستەكە وەردەگرێت. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30 ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، حزبی سۆسیالیست بە لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی كرێكاران‌و رەنجدەرانی كوردستان كە (باپیر كامەلا) سەرۆكایەتی دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی كرد‌و هەردوو حزبەكە پێكەوە (یەك) كورسی پەرلەمانیان بردەوە. بۆیە ئەگەر سۆسیالست پۆست لەكابینەی نوێی حكومەت وەرگرێت، لە پەرلەمان كێشەی بۆ دروستدەبێت‌و پارتەكەی باپیر كامەلا لەبری پۆستەكەی حكومەت، داوای تاكە كورسییەكەی پەرلەمان دەكات. پشكی پێكهاتەكان پێكهاتەكان كە بریتین لە هەردوو پێكهاتەی (توركمان‌و مەسیحی)‌و بە شێوازی سیستمی "كۆتا" لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، ئەمجارە لە پەرلەمان‌و لە حكومەتیش پۆستی باڵایان دەبێت. پێكهاتەی توركمان لە خولی نوێی پەرلەماندا پۆستی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرتووە‌و (مونا قەهوەچی) لە پۆستەكەدا دەستبەكاربووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت كورسی تایبەت بە پێكهاتەكان لە حكومەت بدرێت بە كەسایەتییەكی سەربە پێكهاتەی مەسیحی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا بڕیارە وەزارەتی داد بدرێت بە پێكهاتەكان خۆ ئەگەر پارتی وەزارەتی داد بۆ كارەكتەرێكی خۆی  دابنێت  ئەوا وەزارەتێكی هەرێم دەدرێتە پێكهاتەكان 


درەو میدیا:  رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیلە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، كە " ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی!" لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، ئاماژەی بەوەكردووە" وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!." دەقی نوسینەكە بەڵێ ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی! وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!. ئـەوە لەكاتێكدایە دوای تەواوكردنی شەقامی ١٢٠ مەتری لەشاری ھەولێری خۆشەویست وا دەستكرا بە شەقامی ١٥٠ مەتری، كە ھەموو ئـاوەدانی و پێشكەوتنێكی پایتەختی ھەرێمی كوردستان مایەی دڵخۆشی زۆرە، بەڵام نیگەرانیەكە ڵەوەدایە بۆ ھێشتا سلێمانی لە ٦٠ ی دایەو ١٠٠ یەكەشی ئـاوایە كە ھەیە!! كێ كەمتەرخەمە؟ بەبۆچۆنی من نوێنەرە بڕیار بەدەستەكانی ئـەم شارە كەبڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان كەمتەرخەمی یەكەمن لەمەداو نازانین بۆ وادەكەن!! بەداخەوە نە پارێزگارو نەئـەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پێویستیان نییە لەو داھاتەی كەلەسلێمانی ھەیە بۆیە گەیشتینە ئـێرە..  


درەو میدیا:  بەهای گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتی دەستەی دەسپاكی ھەرێمی كوردستان نزیكەی 300 ملیار دینارەو توانراوە نزیكەی 40 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێنێتەوە. بەپێی ئامارەكەی بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان : -    بەهای گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ( 297 ملیار و 586 ملیۆن ) دینار كە دابەشبووە بەسەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان.  -     پارێزگای ھەولێر بەھای گەندەڵی بە ( 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 ھەزار و 200 )دینار خەملێندراوە، بڕی پارەی گەڕێندراوە لە كەیسەكانی گەندەڵی بریتیە لە 3 ملیار دینار مانگانە و 36 ملیار دیناری ساڵانە . -    پارێزگای سلێمانی:  بەھای گەندەڵی بە( 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 ھەزار و 94 )دینار خەملێندراوە. بڕی پارەی دەستبەسەردا گیراو لەو پارێزگایە بریتییە لە 17 ملیۆن و 45 ھەزار دینار، بەھای پارەی گەڕێندراوە لە سلێمانی 2 ملیار و 381 ملیۆن و 82 ھەزار و 500 دینار . -     پارێزگای دھۆك، بەھای گەندەڵی لە( 8 ملیۆن و 551 ھەزار) دینار.   


درەو میدیا:  بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەماوەی 14 رۆژدا 3 هاوڵاتی كوژراون و 29 تۆمەتباریش دەستگیركراون. ئەمرۆ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری كاروچالاكیەكانی بۆ ماوەی 14 لە 1/4/2019 بۆ 14/4/2019 راگەیاند:   ئەمرۆ 2019/4/15، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەرێوەبەری‌ بەشی‌ راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ روداوو كارو چالاكییەكانی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەبەرواری‌ 1/4/2019 تا 14/4/2019 بەمشێوەیە خستەرو: روداوەكانی‌ كوشتن: 1- لەبەرواری‌ 9/4/2019 لەشەقامی‌ سالم لەكافتریایەكدا هاوڵاتییەك كوژرا ئەم كێشەیە لەسەر پێنەدانی‌ پارە بووە كوژراو و بكوژ یەكتریان ناسیوە، هەموو رێكارەكانی‌ وەرگیراوەو فەرمانی‌ دەستگیركردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە. 2- (10/4/2019) كورێك لەگەڕكی‌ چوارباخ‌و لەحەوشەی‌ ماڵی‌ خۆیاندا لەسەر كێشەی‌ كۆمەڵایەتی‌ باوكی‌ خۆی‌ دەكوژێت بەچەقۆ بەهاوكاری‌ برایەكی‌ تری‌ پاش ئەنجامدانی‌ رێكارە یاساییەكان هەردوو تۆمەتبارەكە خۆیان ڕادەستی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ كردووە. لەكاتی‌ پشكنینی‌ ماڵی‌ ئەو هاوڵاتییەی‌ كەكوژراوە بڕی‌ 9 نۆ ملیۆن دینار دۆزرایەوە كە كەسوكاریشی‌ نەیانزانیوە كە ئەو بڕپاریەی‌ هەیەو پارەكەش درایەوە بەكەسوكاری‌. 3- لە 12/4/2019 هاوڵاتییەك كوژرا لەگەڕەكی‌ مامەیارە كەسێكی‌ تریش بریندار بوو بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئازادی‌‌و تیمەكانی‌ بەڵگەی‌ تاوان چونەتە شوێنی‌ رووداوەكەو كەمتر لە 24 كاتژمێر كەسێك دەستگیركراوە بەو تۆمەتە كە گومانی‌ زۆری‌ لەسەرەو ئێستا بەندە بەبڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ مادەی‌ 406 ی.س. دەستگیركردنی‌ 29 تۆمەتبار لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان 105: 1- دەستگیركردنی‌ 4 تۆمەتبار كە هەستاون بەفێڵ كردن‌و هەرەشەكردن لەهاوڵاتیان‌و بڕی‌ 8800 دۆلاریان لەهاوڵاتیان وەرگرتووە. 2- تۆمەتبارێك هەستاوە بەشكاندنی‌ جامی‌ ئوتومبیل‌و بڕی‌ 14 هەزار دۆلارو 5 ملیۆن‌و 400 هەزار دیناری‌ دزیوە، دواتر دەستگیركراوەو دەستبەسەر پارە دزراوەكەشدا گیراوە. 3- پێنج تۆمەتبار هەستاون بەساغكردنەوەی‌ پارەی‌ تەزویر لەناو بازارو بری‌ 7000 دۆلاری‌ تەزویریان پێگیراوە. 4- دو تۆمەتبار هەستاون بەوەرگرتنی‌ پارە لەهاوڵاتیان بەفێڵ كە گوایە لەدەزگاكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم دایان دەمەزرێنێت. 5- شەش تۆمەتبار هەستاون بەدزینی‌ ماتۆرسكیل‌و دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتان لەناو بازاردا. 6- دو تۆمەتبار هەستاون بەكێشانی‌ ماددەی‌ هۆشبەر، لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە دەستگیركراوەو رادەستی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ كراون. 7- تۆمەتبارێك هەستاوە بەدزینی‌ كێبڵی‌ كارەبا لەگەرەكی‌ كارێزەوشك. 8- دو تۆمەتبار هەستاون بەدزینی‌ موبایلی‌ هاوڵاتیان‌و خراپ بەكارهێنانی‌ ئامێرەكانی‌ پەیوەندیكردن. 9- تۆمەتبارێك هەستاوە بەساختەكردنی‌ ساڵانەو بەڵگەنامەی‌ ئوتومبیل. 10- ئافرەتێكی‌ تۆمەتبار دەستگیركرا كە داوای‌ وردكردنەوەی‌ دراوی‌ 10 هەزار دیناری‌ لەهاوڵاتیان كردووە بۆئەوەی‌ بزانێت چەندی‌ پارە پێیە دواتر داوایكردووە كاری‌ نەشیاوی‌ لەگەڵ بكەن بەمەبەستی‌ دزینی‌ پارەكەیان دوای‌ دەستگیركردنی‌ هەندێك بەڵگەنامەی‌ پێگیراوە كە زیاتر لە 100 هەزار دۆلاری‌ لای‌ خەڵك داناوە بەقەرز. 11- دەستگیركردنی‌ سێ تۆمەتبار كە بەنیازبون بەڵگەنامەی‌ ساختە دروستبكەن. 12- تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە چەندین تاوانی‌ دزی‌ ئەنجامداوە لەدوكان‌و سوپەرماركێتەكان. 13- دو تۆمەتبار دەستگیركران كە هەستاون بەدزیكردن لەماڵان لەگەرەكی‌ چوارچرا. 14- دەستگیركردنی‌ دو تۆمەتبار كە بەبری‌ 15 هەزار دۆلار شیرینیان لەهەولێرەوە هێناوە بۆ سلێمانی‌ پارەیان نەداوە بەخاوەنی‌ كۆمپانیاكەو فەرمانی‌ دەستگیركردنیان هەبووە، لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەختیارییەوە دەستگیركران. 15- دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەختیارییەوە كە زیاتر لە 2784 وێنەی‌ ئافرەتی‌ لەموبایلەكەیدا بوەو وێنەكانی‌ دەستكارییكردووەو ناردویەتییەوە بۆ هەندێك لەو ئافرەتانەو داوای‌ پارەی‌ كردووە تا وێنەكانیان بڵاونەكاتەوە. 16- دەستبەسەر 5 دەمانچەو كڵاشینكۆفدا گیراوە. 17- دەستگیركردنی‌ دو تۆمەتبار لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماواوە لەسنوری‌ قەزای‌ سەیدسادق كە تۆمەتبارن بەتاوانی‌ دزیكردن‌و دانیان بەئەنجامدانی‌ چوار تاوانی‌ دزیكردنی‌ دیكەشدا ناوە.  كاروچالاكییەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتن 104 130 حاڵەتی‌ بەهاناوەچونی‌ هاوڵاتیان تۆماركراوە. 32 كێشەی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌ تۆماركراوە. 9 حاڵەتی‌ روداوی‌ هاتوچۆ تۆماركراوە. دەستگیركردنی‌ یەك تەقەكەرو دەستبەسەرداگرتنی‌ یەك چەك لەجۆری‌ دەمانچە. 13 ئوتومبیل دەستیبەسەرداگیراوە كە بێ سەرەتابون‌و فەرمانی‌ دەستبەسەرداگرتنیان هەبووە. هێزی‌ تایبەتی‌ بارەگا - لێكردنەوەی‌ پەردەی‌ جامی‌ ئوتومبیل 350 - لێكردنەوەی‌ لەزگەی‌ جام رەشی‌ ئوتومبیل 78 - دەستبەسەرداگرتنی‌ چەقۆو بۆكس خەنجەر 62 - دەستبەسەرداگرتنی‌ نۆ دەمانچە - دەستبەسەرداگرتنی‌ یەك كڵاشینكۆف‌و یەك چەكی‌ ویلتەر  بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ - راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان  


لە تیف شێخ مستەفا پێی وایە كە ماوەی 10 ساڵە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆتە كێشەیەكی یاسایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لەوبارودۆخە پرۆژەیەك دەخاتە روو . پێشنیاز دەکات کە سیستمی سیاسی هەرێم بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی .  دەقی پرۆژەكە  پڕۆژەیەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و کێشەی لایەنە سیاسیەکانیش . ماوەی ١٠ ساڵە سەرۆکایەتی ھەرێم بۆتە کێشەیەکی جدی یاسایی و سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ئێستاشدا ھەر ئەو پۆستە بۆتە کۆسپی جدی لەبەردەم پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ،بۆیە ئەگەر لایەنەکان ھەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن ئەم پێشنیارە دەخەمە ڕوو پێم وایە دەبێتە ھۆی چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەروەھا چاڕەسەرکردنی کێشەی خەڵکیش کە خۆی لە دیموکراتیزەکردنی سیستەمەکەدا دەبینێتەوە سەرەڕای ڕازی کردنی داواکاری لایەنە سیاسیە ناکۆکەکانی.  لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت یان ھەرێم سەرەڕای ئەوەی پێویستە لە پەرلەمان ھەڵببژێردرێ پێویستە دەسەڵاتی ڕاستەقینەشی نەبێت بەڵکو دەسەلاتەکانی تەنھا کۆمەڵێک دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵی و تەشریفاتین ودەسەڵاتی ڕاستەقینەی جێبەجێکردن لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانە بۆیە پێشنیاز دەکەم کە سیستەمەکە بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی .  بەمەش کێشەی ھەموو لایەنەکان و کەسەکان چارەسەر دەبێ بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکەم :پارتی : پارتی چەند ئامانجێکی ھەیە دەیەوێت لەم پێک ھێنانی حکومەتەدا بەدەستیان بێنێت لە پێش ھەمویانەوە مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پایتەخت بەدەست خۆیەوە بێت و ترس لەسەر دەسەڵاتەکەی دروست نەبێت، جگە لەوەش دۆزینەوەی پۆست و پێگەش بۆ نێچیرڤان بەرزانی بەجۆرێک بالانس لەنێوان ئەوو مەسرور بەرزانی پارێزراو بێت ،سەرەڕای ئەوەی کە پارتی دەیەوێت پێگەی بەڕێز مەسعود بارزانی بە قەولی خۆیان وەک مەرجەعێکی سیاسی پارێزراو بێت ،لەم پڕۆژەیەدا ھەرسێک ئامانجەکەی پارتی دێنە دی  ١- بەنیسبەت مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی فیعلی لەلایەن پارتیەوە مسۆگەر دەبێت بۆی چونکە دەسەڵاتی فیعلی لای سەرۆک وەزیرانەئەویش لە پارتیەو بەدیاری کراویش مەسرور بەرزانیە،سەرۆکی ھەرێمی پرۆتۆکۆڵیش ھیچ دەسەڵاتی نیەو بونێکی ڕەمزی ھەیە وپارتی ترسی لێی نابێت ھەروەکو چۆن لە بەغداد پۆست ی سەرۆکی وەزیران دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بۆ شیعەکان مسۆگەر کردوەو ترسیان لەسەرۆکی کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان نیە ھەرکەسێک بن . ٢- سەبارەت بە مەسعود بەرزانی پارتی دەیەوێت ئەگەر ھیچ پێگەیەکی ڕەسمیشی نەبێت وەک مەرچەعێکی سیاسی پرس پێکراو بمێنێتەوە ،بۆیە باشترین پێگە بۆ ئەو بۆئەوەی ئەومەرامەیان بۆ بێنێتە دی و مەسعود بەرزانی لەسەرۆکی پارتیەوە ببێتە ئەوەی خۆیان دەیانەوێ ،لەسەرۆکایەتی حیزبەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە،لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنیێکی سیاسی ڕاوێژکاری لە سەرۆکی حیزبە سیاسیە بەشدار بوەکانی حکومەت پێک بھێنرێ ومەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی بکات و بەشێوەی دەوری کۆببێتەوەو ڕاوێژ بدات بە حکومەت و پەرلەمان و ھەر جارەش بەگوێرەی پێویستی بابەتەکە میوانداری سێ سەرۆکایەتێەکە یان یەکێکیان بکات،نمونەی واشمان لە وڵاتانی پێشکەوتو ھەیە سەرۆکەکانی پێشوو بۆ سود وەرگرتن لە شارەزایی سیاسیان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی و ڕاوێژکاری ،باشترین نمونەش فەڕەنسایە کە ھەموو سەرۆک کۆمارە پێشوە زیندوەکان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی دەستوری فەڕەنسا ٣-نێچیرڤان بارزانی بکرێتە سەرۆکی پارتی لە ھەمان کاتیشدا ئەندامیش دەبێ لە ئەنجومەنی سیاسی کە مەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی دەکات. دوەم : یەکێتی و گۆڕان یەکێتی و گۆڕان کە جاران وایان نیشان دەدا کە ھەردوکیان لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینەن و بەقەولی خۆیان خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی سیستەمەکە ببێتە پەرلەمانی و سەرۆکیش ببێتە دەسەڵاتیکی پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی ،ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە جێگری ئەو سەرۆکە فول دەسەڵاتەی تا دوێنێ داوای نەھێشتنی دەسەڵاتەکانیان دەکرد ،بۆیە کردنی سیستەمەکە بە پەرلەمانی ئامانجی ھەردوکیان بەدی دەھێنێ یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێم وەربگرێ ئەویتریان پۆستی جیگر لەجیاتی ئەوەی ئێستا کە ھەردوکیان شەڕیانە لەسەر جێگرێک یان دوو جێگر،بەمەرجێ ئەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی وەرگرت سەرۆکی پەرلەمان بدات بەوەی تر  سێیەم : لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن: سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینە بەبێ ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە نابێت ،لە سیستەمە دیموکراتیەکان دەسەڵات نەک ھەر دژایەتی ئۆپۆزسێۆن ناکات بەڵکو کاردەکات بۆ دروست بوونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا ،چونکە ڕادەی دیموکراتی ھەر سیستەمێک بەبونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا دەپێورێت ،خۆشبەختانە لەم خولەدا تا ئێستا نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزسێۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندوە ھیوادارم کۆمەڵیش ئەگەر بەشداری پێنەکرا بەدڵی خۆی لەحوکمەتدا بچێتە پاڵیان و یەک بەرەی بەھێزی ئۆپۆزسێۆن پێک بێنن ،بەمەرجێ لەلەیەن دەسەڵاتەوە دان با ئۆپۆزسێۆن دابنرێ و کوتلەی ئۆپۆزسێۆن لە پەرلەمان بەرامبەر کوتلەی دەسەڵات بێت لە ھەموو یاساو بابەتەکان مافی ڕا دەربڕین و چاودێری کردنی حکومەت و مافی پێشکەش کردنی پڕۆژەی بەدیل و مافی حکومەتی سێبەریشی ھەبێت و نەوەی نوێ بەو پێیەی گەورەترین کوتلەی ئۆپۆزسێۆنە مافی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسێۆنی پێ بدرێت یاخوا ڕێک بکەون لەسەر ئەنجومەنێکی سەکردایەتی لە سەرۆکی حیزبەکانی ئۆپۆزسێۆن و سەرۆکەکەی بەشێوەی دەوری بێت بۆیە بەکورتی نەخشەی پۆستە باڵاکان بەم شێوەیەی لێدێت :  مەسعود بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری. سەرۆکی حیزبەکانی بەرەی دەسەڵات :ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری. دەشێ سەرۆکەکانی پێشوی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ببنە ئەندام لەو ئەنجومەنە،ھەرکامێکیان بیانەوێت ، بەمەرجێ ئەو ئەنجومەنە ھیچ موچەو ئیمتیازی ئیزافیان پێ نەدرێ بەلکو کارێکی خۆبەخشی بێت و تەنھا موچەی خانەنشینیەکەی خۆیان ھەبێت . نێچیرڤان بەرزانی :سەرۆکی پارتی مەسرور بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گۆڕان :سەرۆکی ھەرێم. یەکێتی : جێگری سەرۆکی ھەرێم  یان سەرۆکی ھەرێم بۆ یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان ،لەم حاڵەتەیا پێویستە سەرۆکی ھەرێم جێگری نەبێت یان ئەگەر ھەشی بێت بدرێت بە کریستیانەکان یان ئێزدیەکان.  سەرۆکی ئۆپۆزسێۆن : بۆ نەوەی نوێ یان بەڕێک کەوتن لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی ساڵانە ھەرساڵەی سەرۆکی یەکیک لە حیزبەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرۆکایەتی بکات


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ - فازڵ حەمە رەفعەت  كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی سیاسی بەگشتیی‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی پەكخستووە، لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێكى تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" . پێشترو بەدیاریكراوی ساڵی 2015، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان نەك تەنیا زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو پۆستی سەرۆكی هەرێمیشیان پێ پۆستێكی زیادەبوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە بە "كوڕی سێو لە باخەڵ"، پارتی لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنی كردووە پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و جێگرەكەش لای گۆڕان بێت، لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كردووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و جێگرێكیان لای یەكێتی بێت. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، تا ئەم ساتە سەرۆكی هەرێم كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەشە، تەنیا یەك جێگری هەیە. سەرچاوەی كێشەكە ئێستا پارتی، نە یەكێتی پێ رازی دەكرێت‌و نە گۆڕان، لە رێككەوتنی 18ی شوباتدا، پارتی‌و گۆڕان رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم جێگرێكی هەبێت بۆ كاروباری سەربازی، ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی رەتكردەوەو داوای جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی دەكرد، بەڵام پارتی هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی بە گۆڕان نەدا‌و گۆڕانی رازی كرد بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. سەرەتای كێشەكە لەوێوە سەرچاوەی گرت، پارتی لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، رێككەوتنێك كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لای یەكێتی بێت. پارتی‌و یەكێتی بەشێوەی زارەكی رێككەوتوون، بەڵام تائێستا لەسەر كاغەز رێككەوتنەكەی نێوانیان ئیمزا نەكردووە. گۆڕان دەیگۆڕێتەوە ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، گۆڕان تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت، ئەو جێگرەش لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت. پێشتر كاتێك پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕان دوو مەرجی هەبوو بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە: •    مەرجی یەكەم: پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان •    یاخود، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی مەرجەكانی گۆڕان هەرزوو لەلایەن یەكێتییەوە رەتكرایەوە، یەكێتی نە ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە ببێت، نە ئامادەشە پۆستی سەرۆكی حكومەت جێگرێكی تری بۆ زیادبكرێت. لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێتر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" . بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا ) رەنگە دواجار بزووتنەوەی گۆڕان قایل بێت بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەردا پارتی پۆستێكی جێگر لە دامەزراوەكان بۆ گۆڕان زیادبكات . یەكێتی چاوەڕێیە ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەڕوونی بە پارتی راگەیاندووە، ئەوان پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گۆڕان‌و قایلكردنییەوە نییە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كردووە‌و دەبێت رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.  لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی، لەسەرەتای دانانی یاسای سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2005دا جێگیركراوە، لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئەم پۆستە لای یەكێتی بووەو (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) لەو پۆستەدا بووە. بەپێی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ كاروباری هێزی پێشمەگە، لە بڕگەی دووەمی مادەی سیازدەیەمی یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فەرمانەكانیدا لەمڕوەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبوونیدا جێگای بگرێتەوە".  ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت، ئەم مادەیەی یاساكە وەك خۆی دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت، بەڵام ئەگەر قایل بێت بەوەی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، دەبێت گۆڕانكاری لە بڕگە یاساییەكەدا بكرێت، هاوشێوەی ئەو دەقە پێشنیازكراوەی كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێشكەشیكردووە‌و دەڵێ:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پەیڕەوێك كە لەماوەی 15ی رۆژ لەبەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت". ئیمتیازەكانی جێگری سەرۆك ئەو پۆستەی كە ئێستا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی ئیفلیج كردووە، لەڕووی داراییەوە هەندێك ئیمتیازی هەیە. یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی‌‌و بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە: •    موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. •    دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن و 500 هەزار) دینار. •    كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە. •    جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار. بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات. بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستا‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆن‌و 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر ماوەیەك سەرۆكی حكومەتیش بووە. جێگر لە پرۆژەیاساكاندا ! پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاساكانی 2015 و 2019ی لایەنە سیاسییەكاندا بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی، بەبەراورد بە پرۆژەی ئێستا هەردوو لایەنەكە زۆر جیاوازو ناكۆكە.  لە ساڵی 2015دا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، زۆربەی لایەنەكان پرۆژەیاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد (ئەو پرۆژەیاسایانە هێشتا لە سایتی پەرلەماندا ماون). ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، ژمارەیەك پەرلەمانتار، پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبوو، پرۆژەی یەكێتی‌و گۆڕان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەدیاریكراویش لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا كێشەی دروستكردووە، زۆر جیاوازە لەگەڵ پرۆژەی ئێستای ئەو دوو لایەنە، لەوانە: • لە پرۆژەیاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015، داواكراوە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت، لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمی پرۆژەكەی گۆڕاندا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیداو لەكاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە، بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی (یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووو ژمارەیەك پەرلەمانتار)دا، داواكراوە سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی هەبێت، ئێستا ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە، گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و یەكێتی داوا دەكات دوو جێگری هەبێت.


راپۆرتی: درەو میدیا بە پێچەوانەی ئێستاوە لە پرۆژە یاساكەیاندا لە 2015، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان داوای دوو جێگری دەركرد و یەكێتی داوای یەك جێگرى دەركرد بۆ سەرۆكی هەرێم ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت و یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات. لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكرا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بن هاوشێوەی سەرۆككۆماری عێراق، بەڵام ئێستا یەكێتی و گۆڕان هەردوكیان رازین سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت.    تاكە خاڵی هاوبەشی ئەو كات و ئێستای پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بووە لەناو پەرلەماندا، ئەوكات بەدەنگدانی نهێنی و ئێستا بە دەنگدانی ئاشكرا، ئەو كات بە دوو لەسەر سێ و ئێستا بە زۆرینەی رەها( 50+1 )  پرۆژە یاساكانی لە نێوان 2015 و 2019 دا لە ساڵی 2015 داو لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرێك لە لایەنەكان پرۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد( ئێستا لە سایتی پەرلەماندا هەیە) ، لەوانە ( گۆڕان ، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو، ژمارەیەك پەرلەمانتار) گەر بەراوردی ئەو پرۆژە یاسایانە بكرێت لەگەڵ ئێستا جیاوازییەكان زۆرن و تەواو پێچەوانەی پرۆژە یاساو هەڵوێستەكانی ئێستان لەوانە:. •    لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت و لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمیدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی ( یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و ژمارەیەك پەرلەمانتاردا) سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی دەبێت، وەك لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە" سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ فەرمانداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان" بەڵام لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا ئەوەشخراوەتەوە روو" ئەگەر پلەو پایەی سەرۆكی هەرێم لەبەر هەر هۆیەك چۆڵ بوو جێگرەكەی جێگەی دەگرێتەوە". بەڵام لە ئێستادا ئەوە بەتەواوی پێچەوانە بۆتەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان داوای یەك جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 دا داوای دوو جێگری دەكرد و فراكسیۆنی یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 داوای یەك جێگری دەكرد.  •    سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێم "دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندن"ە كەلە مادەی یەكەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم 2005 دا هاتووە" هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتیش 2015 ئەو مادەیە هەر لابراوە، تەنها لە پرۆژەكەی كۆمەڵدا هاتووە كە" سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای جێبەجێكردنە"  بەڵام ئێستا 2019 بە پێچەوانەوە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی هەردووكیان رازین بەوەی مادەی یەكەمی یاساكەی 2005 وەك خۆی بمێنێتەوەكە " هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو ئێستا داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات . •    لە تەواوی پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكاندا لە 2015، داوا دەكەن سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت.  •      لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوا دەكات كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە نهێنی بێت و تیایدا هاتووە" پەرلەمانی كوردستان لەنێو پاڵیوراوەكاندا لە رێگەی دەنگدانی نهێنی بە زۆرینەی دوولەسەرسێیەكی ئەندامەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت" بەڵام لە پرۆژە یاساكەی 2019 دا داوا دەكات بە زۆرینەی رەها ( 50 +1 ) و بە دەنگدانی ئاشكرا سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت. بەڵام لە  لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی  یەكێتیدا داوا دەكات دەنگدان بەسەرۆكی هەرێم لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەڵبژێردرێت بە نهێنی و دوولەسەر سێ، كە ئێستا پێچەوانەیەو رازین بەوەی بە زۆرینەی رەهاو بە ئاشكرا هەڵبژێردریت.  تەنها لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 داوایانكردووە كە سەرۆكی هەرێم بە زۆرینەی رەها بێت ( 50+1 ) و بە دەنگدانی نهێنی بێت. •    سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بێت. لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا 2015 لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمیدی داهاتووە" هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی دەبێت كە نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان‌و یەكگرتویی دەكات‌و نوێنەرایەتیی دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان و، تێدەكۆشێت بۆ زامن كردنی پابەندیی دەسەڵاتەكان بە دەستورو یاساكان‌و، هەڵدەستێت بە هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان‌و، هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتیی باڵای هێزە چەكدارەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایش بە مەبەستی پرۆتۆكۆلی‌و، سەركردایەتیی ئەم هێزانەو ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسپێردرێت" بەڵام ئێستا 2019 پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و پارتی تەواوی دەسەڵاتەكان دەداتەوە بە سەرۆكی هەرێم تا نوسینەوەی دەستور، كە فەرمانداری گشتی هێزە چەكدارەكانەو دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندنیشە زیاتر لە 22 دەسەڵاتی هەیە. لە پرۆژەكەی یەكێتیدا 2015 دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەكاتە تەشریفاتی و لە مادەی دووەمی پرۆژە یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانەی یەكگرتوویی گەل و خاكی كوردستانە، نوێنەرایەتی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتی و ئەقلیمیەكان و لە بۆنە گشتی و نیشتیمانییەكاندا دەكات و هەڵدەستێ بە هەماهەنگی كردن لە نێوان دەسەڵاتەكانی ئیتیحادو دەسەڵاتەكانی هەرێم"  كە ئەم دەسەڵاتانە هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆماری عێراقە، بەڵام ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی رازیە كە سەرۆكی هەرێم بە تەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت تا نوسینەوەی دەستور. لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 لە مادەی یەكەمدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم نوێنەرایەتی هەرێم دەكات  لە بۆنە نیشتیمانیەكان هەوڵ ئەدات بۆ پابەندی دەسەڵاتەكان بەدەستوورەوە، وەك پرۆسەیەكی پرۆتۆكۆڵی سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە دەكات"    •    لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە مادەی دووەمی بڕگەی چوارەمیدا دەڵێت" سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانیان بەر لە سوێندخواردنیان دەبێت دەست لە پۆستە حزبیەكانیان هەڵگرن" لە مادەی پێنجەمی پرۆژە یاسكەشدا داوا دەكات ئەو كەسەی خۆی دەپاڵێوێت بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی دەبێت دەستبەرداری پۆستە ئەمنی و سەربازیەكەی بێت، بەڵام لە پرۆژەكەی ئێستای گۆڕان و پارتیدا 2019 ئەو خاڵە نەهاتووە، واتا سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەتوانن پۆستی حكومی و حزبیشیان پێكەوە هەبێت.  •    لە پرۆژە یاساكەی یەكێتیدا لە مادەی شەشەم و لە مەرجەكانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم لە بڕگەی حەوتەمدا دەڵێت" بەشدارو هاوكار نەبووبێت لە هیچ پرۆسەیەك كە لەلایەن رژێمی بەعس و هێزە داگیركەرەكانی كوردستان دژ بە خاك و خەڵكی كوردستان ئەنجام درابێت" بەڵام لە ئێستادا هیچ مەرجێكی لەو شێوەیەیان نیە.  ئەگەر بەراوردێكی ووردی نێوان پرۆژە یاساكانی 2015 ی تەواوی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بكەیت بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم( كەلە ئێستادا لە سایتی پەرلەمان هەیە) ، لەگەڵ ئەو پرۆژەو هەنگاوانەی ئێستا تەواو جیاوازەو پێچەوانەی روانین و هەڵوێستەكانی ئەو كات و ئێستایە، لە كاتێكدا بەهۆی ئەو هەنگاوو پرۆژانەی 2015 ەوە هەرێمی كوردستان كەوتە بەردەم بارودۆخێكی نەخوازراو بەجۆرێك رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانكراو سەرۆكی هەرێمیش لە رێگەی ئەنجومەنی شوراوە تەمەنی خۆی درێژكردەوە.     


راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا دوو حاڵەتی كوشتنی ئاشكرا لەناو شاری سلێمانی روویداوە، لە شاری هەولێریش هاوڵاتییەك بەبەرچاوی خەڵكەوە دەكوژرێت‌و بكوژەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێت" جوان كوشتم‌و پەشیمانیش نیم".  ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی هەرێم چەندین گروپی تاوانكارییان ئاشكراكردووە، لەم رۆژانەدا باسی گەرمی شەقام باسی پێكهێنانی حكومەت نییە، كە تاڕادەیەك خەڵكی دەستیان لێشتووە، ئێستا باس باسی گروپەكانی تاوانكارییەكانە، جۆری نیشاندان‌و داننانی تاوانكاران بەتاوانەكانیان لە میدیاكانەوە، لەبری ئارامكردنەوەی دەرونی خەڵك، هاوڵاتیانی روبەرووی دڵەراوكێی زیاتر كردوەتەوە، رەنگە ئەمە بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە شێوازی روماڵكردنی هەواڵی دەستگیركردنی باندەكانی تاوانكارییەوە هەبێت لە میدیاكانەوە لەلایەك‌و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەلایەكی تر. ئامارێكی كورت لە مانگی رابردووەوە تائێستا، خەڵكی هەرێمی كوردستان بینەری كۆمەڵێك رووداوی تاوانكاری بوون، كە ئەو دیمەنانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر باری دەروونیی هاوڵاتیان جێهێشتووە، لەوانە:   •    رفاندنی پارەی موچەخۆرانی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، لە رۆژی 12ی مانگی رابردوو بەربەرچاوی خەڵكەوە‌و لەناو بازاڕدا. •    هێشتا خەڵكی شۆكی دزییە چەكدارییەكەی پارەی كارمەندانی شار بەری نەدابوون، رۆژی 7ی نیسان، ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاری تری بڵاوكردەوە، كە زیاتر لە (40) تاوانیان ئەنجامدابوو، لە كوشتن‌و رفاندن‌و دزینی پارەو ئۆتۆمبیل. •    رۆژی 4ی نیسان، ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاریی راگەیاند. •    رۆژی 4ی نیسان ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی باندێكی چواركەسی دزین‌و قوڵبڕینی خەڵكی راگەیاند.  •    رۆژی 5ی نیسان، لەناو بازاڕی هەولێر هاوڵاتییەك دەدرێتە بە دەستڕێژی گوللەو دەكوژرێت‌و بكوژەكەش دەڵێت " جوانم كوشت، پەشیمانیش نیم".  •    رۆژی 6ی نیسان، پۆلیسی هەولێر باندیكی گەورەی دزیكردن‌و كوشتن‌و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەری راگەیاند. •    رۆژی 8ی نیسان، پۆلیسی راپەڕین باندێكی دزیكردنی دەستگیركرد. •    رۆژی 9ی نیسان، لەناو كافێیەك لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، تەقە لە گەنجێك كراو كوژرا. •    رۆژی 10ی نیسان، لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی كوڕێك بە چەقۆ باوكی خۆی كوشت‌و هەڵات.  •    دەیان هەواڵی تاوانكاری تر. ژینگەی سیاسی زیادبوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری لە دوو مانگی رابردوودا، هاوكاتە لەگەڵ چەقبەستووی‌و ئیفلیجبوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و درێژەكێشانی، لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێكهێنانی حكومەت لە كۆبونەوەیەكەوە دەسپێرن بە كۆبونەوەیەكی تر، وای لێهاتووە ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، نە بۆ میدیاكان‌و نە بۆ هاوڵاتیانیش بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە، ئەم ناكۆكییە سیاسییانە وایكردووە گروپەكانی تاوانكاری سود لە بۆشایی ئەمنی‌و ناكۆكییە سیاسییەكان وەرگرن بۆ ئەنجامدانی كارە تاوانكارییەكانیان. ژینگەی ئابووری لەدوای درووستبونی قەیرانی داراییەوە ساڵی 2014، بژێوی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم پاشەكشەی كردووە، دۆخی ئابوری جۆرێك لە بێئومێدی لەناو خێزانەكان دروستكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر زۆربوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری هەبووە.  ناسەقامگیری ئابوری‌و هەڵكشان‌و داكشانی بازاڕ، قۆرخكاری‌و بێكاری ژینگەیەكی لەباری بۆ تاوانكاری‌و كوشتن‌و دزیكردن رەخساندووە، ئەمە سەرباری جیاوازی چینایەتی‌و ناعەدالەتی، چینی مامناوەند كە كۆڵەكەی راگرتنی هەموو كۆمەڵگەیەكە، لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا بەدەست ناسەقامگیریی ئابورییەوە دەناڵێنێت، لەبەرامبەردا چینێكی نوێ كە لەدوای ساڵی 2003وە كەوتنی رژێمی عێراقەوە هەڵتۆقیوە، بەردەوام لە گەشەكردندایە، ئەم چینە هەڵتۆقیوە ئەو خەڵكانەن كە بەبێ هیچ بنەمایەكی ئابوری، بوون بە خاوەنی سەرمایەی گەورە، خەڵكانی ئەم چینە كە بەبێ هیچ داهێنانێك لە هیچ بوارێكدا سەرمایەی گەورەیان لەلا كەڵەكە بووە، بوون بە نمونەی باڵا بۆ زۆرێك لە گروپە تاوانكارییەكان. ژینگەی كۆمەڵایەتی لەم ساڵانەی دوایدا دامەزراوەی خێزان، بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و بەبێ هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە، كەوتووە بەسەر پێشكەوتنێكی خێرای بواری تەكنەلۆژی‌و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن‌و سۆسیال میدیادا، باوكان‌و دیكان‌و بەخێوكەران لەلایەك‌و حكومەت لەلایەكی تر، هیچ رێوشوێنێكی دیاریكراوی ئەوتۆیان نەگرتوەتەبەر بۆ رێكخستنی ئەم بوارە، تەكنەلۆژیای سەردەم‌و خراپ بەكارهێنانی، هێندەی خێزانەكانی دوچاری داڕمانكردووە، هێندە نەبووە بە روخساری پێشكەوتنی كۆمەڵگە، دادگاكان پڕبوون لە كەیسی تایبەت بە خراپبەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن‌و سۆسیال میدیا، لەپاڵ ئەمەشدا لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی ئەوتۆی نەكردووەو میدیاكانیش بە ئەركی خۆیان هەڵنەساون، لە بەریتانیا حكومەت دەستیكردووە بە دانانی وانەی هۆشیاری لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە ناوەندەكانی خوێندندا تا قۆناغی زانكۆ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێڵەكانی ئینتەرنێت تائێستا بۆ هەموو جۆرە زانیاری‌و ڤیدیۆیەكی نەگونجاو لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی كراوەو بێسنورن، گەشەپێدانی مرۆیی لە كوردستاندا لە ئاستی خوارەوەیەداو خێزانەكان نازانن كێشەكانیان بخەنە بەردەم كێ‌و چۆن مامەڵە لەگەڵدا بكەن. گرتوخانەكانی چاكسازی بەپێی ئاماری ئەمساڵ، (3 هەزارو 450) كەس لە گرتوخانەكانی چاكسازیدا لە هەرێمی كوردستان ماوەی حوكمەكانیان بەسەردەبن. ساڵی رابردوو پەرلەمانی كوردستان، یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە (2 هەزارو 323) بەندكراو بەر لێبوردنەكە كەوتن، لەو ژمارەیە (هەزارو 281) كەسیان ئازادكران‌و (هەزارو 42) كەسی تریان ئازادنەكران، بەڵام حوكمەكانیان سوككرا، ئەمە بەپێی ئاماری فەرمی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان. پاسای لێبوردنی گشتی لەكاتی خۆیدا مشتومڕە زۆری دروستكرد، هەندێك رەخنەیان هەبوو لە لێبوردنە گشتییەكە، بەوپێیەی گرتوخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان توانای چاكسازی‌و راهێنانەوەی تاوانبارانیان نییە‌و ئەگەر ئەو كەسانە ئازادبكرێن جارێكی تر تاوان دەكەنەوە. بەمدواییە كە چەند باندێكی تاوانكاری دەستگیركران، هێزە ئەمنییەكان ئاشكرایانكرد، زۆربەی تاوانبارەكان ئەوان كە پێشینەی تاوانكارییان هەیە‌و حوكمدراون‌و هەندێكیان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون.  بەمدواییە لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێكدا وتی:" ئەوانەی بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەكرێن، پێش چاككردنیان پیاوكوژە، دەستدەكاتەوە بە كوشتن‌و دەبێتە تیرۆریست.. ئەوەی دزە دەستدەكاتەوە بەدزی..". بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بە راشكاوی دەڵێت" زیندان لە كوردستان نەك خەڵك چاك ناكات، بەڵكو ئەوەی لەناو زیندانەكاندا لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ گیراوە، فێری ماددەی هۆشبەر دەبێت".


درەو میدیا:  ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە"   جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت یا نەبێت بۆ ئێمە چیە؟ هەر ئەو كەسە دەچێت "مەعاش" وەردەگرێت هیچی تر، چیە؟ چ نرخێكی هەیە؟ هیچ نیە بەڕاستی! "بەخوا بەڕاستی ڕاستیەكەت پێدەڵێم" پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو زیاتر هیچی تر نابێت هیچ، ئەگەر بە بۆچونی من بێت هەر وەرینەگرین ئەو پۆستە(پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم)، ئاخر سەرۆكی هەرێم هی پارتی بێت و هەموو دەسەڵاتە "ئەساسیەكان" لەدەست پارتیدا بن، "بەڕێز مەسعود بارزانی" كە خۆی مابێت ڕەنگە "نێچیریش" ئەو دەسەڵات و "ئەهمیەتە" گەورەی نەبێت هەر ناوبێت كە سەرۆكی هەرێمە، ئنجا ئێمە جێگری ئەویش بین دەبێت چیمان بەدەست بێت و جێمان پێبكرێت و چ بڕیارێكمان پێدەدرێت؟ "    ساڵح ژاژڵەیی دەڵێت" ئێستا پارتی ڕازییە كە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئایا ئەو داواكارییە دێتە دی كە كاتی خۆی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكرد هەموو شتێك دێتە دی وەك داواكاری ئەوكات؟ یا ئێستا تێدەپەڕێنرێت بەڵام لەلایەك دڵی پارتی ڕازی دەكات لەلایەكی تریش هیچ شتێك بەبێ بەرژەوەندی پارتی تێناپەڕێنرێت بۆیە وەك دەڵێن پارتی بە تیرێك دوو نیشانەی شكاندووە لەلایەك گۆڕانی ڕازی كردووە لەلایەكیش پارتی دڵنیایە كەهیچ شتێك بێ بەرژەوەندی خۆیان تێناپەڕێنرێت."   ژاژڵەیی ئەوەشی وت" كۆمەڵێك خەڵك هەیە ڕەنگە قسەكانی منیان بە دڵ نەبێت و بیكەنە"زەجە" چونكە من ڕاستیەكان دەڵێم من دەڵێم ئێستا ئێمە لەپێناوی ئەوەی "ئیستقرارێك" بەهەرێمی كوردستان بدرێت توشی گیروگرفت و دوو ئیدارەیی نەبین كێشەمان بۆ دروست نەبێت ئەگەر یەكێتیش بەهانە بگرێت بۆ پۆستێك كە دراوە بە گۆڕان با بیدەن بەوان كەی ئەوە كێشەیە؟     سەبارەت بەدیاریكردنی كاندیدی پۆستەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، ساڵح ژاژڵەیی دەخت دەكاتەوە و دەڵێت" تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێك دیاری نەكراوە تەنانەت ئەو لیژنەیەش پێكنەهاتووە كەوابڕیارە كاندیدەكان دیاری بكات ئەوەی كە تا ئێستا هەیە تەنها ناوە هەندێكیان خۆیان ناوی خۆیان دەدەن هەندێكیشیان خەڵك ناویان دەبات ئەگەرنا هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێك تا ئەم ساتە دیاری نەكراوە."


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی لەڕێگەی پۆستێكەوە خستوەتە نێوان بەرداشی یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەگەر كێشەی ئەو پۆستە چارەسەر نەكرێت، رەنگە پرۆسەكەی بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. پارتی لەم خولەدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانی ئاشتبكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی كردنەوەی نوسینگەیەكەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان بڵاودەكاتەوە. كێشەیەكی نوێ رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر سەردانی شاری سلێمانی كرد. وەفدەكەی پارتی لەم سەردانەدا، تەنیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە. لەو كۆبونەوەیەدا، وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تریان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەیە، پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو پۆستەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردەوە. بەمدواییە، پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی رێككەوتنێكی نوێی كرد، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەڵێنی بە یەكێتیدا، جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی بدرێت. لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، جێگیركرا‌و بڕیارە لە خوێندنەوەی سێیەمی كۆتایی پرۆژە یاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكدا، پەسەندبكرێت. ئەو پۆستەی كە بەیەكێتی دەدرێت لە سەرۆكایەتی هەرێم ناوی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی"ە، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە، چونكە ئەگەر كاروباری سەربازی لای جێگرەكەی یەكێتی بێت، جێگرەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نامێنێت.  ئەمە هۆكارەكە بوو، كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازی پارتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەتكردەوە. گۆڕان مەرجی هەیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 6ی مانگدا، لەبەرامبەر قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی هەبووە، مەرجەكەشی ئەوە بوو، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، چونكە پێشتر گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە‌و هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی پێنەدراوە، سەرباری ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوانیان، بڕیاربووە سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش لای گۆڕان بێت. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجێك رازییە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدرێت‌و دەستبەرداری پۆستەكەی خۆی ببێت لە سەرۆكایەتی، كە وەزارەتی پێشمەرگە لای گۆڕان بێت، بەڵام یەكێتی ئامادەنییە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گۆڕان بەجێبهێڵێت. چارەسەری كۆتایی ئێستا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە‌و لە پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمدا تەنیا یەك پێشنیاز هەیە كە پێشنیازەكەی یەكێتییە بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ئەو پێشنیازەش جێگیركراوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر تاوەكو سبەینێ، پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەكات لەسەر زیادكردنی ئەو جێگرە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاساكە‌و پێشنیازەكەی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر پەسەند دەكرێت، چونكە یەكێتی بە پارتی راگەیاندووە، ئەو حەقی بە نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە‌و چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە پارتی لەگەڵیدا كردووە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەحاڵی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، وەرگرتنی پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم رەتبكاتەوە یاخود بیگۆڕێتەوە بە پۆستێكی تر، لە پرۆژەیاساكەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر یەك جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدرێت‌و ئەو پۆستەش لای یەكێتی دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی "ئەگەر ئەمجارە هەر كێشەیەك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان دروستبكرێت، یەكێتی رێككەوتنەكەی بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە‌و چیتر رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا ناكات".   گۆڕان گومانی هەیە ! هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە وەفدی پارتی كردووە، بەر لە دانانی وەزیرەكان، دەبێت پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان رادەستی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێن كە رێككەوتنیان لەسەركراوە، بەڵام وەفدی پارتی رەتیانكردوەتەوە‌و پێیان راگەیاندوون، سەرەتا وەزیرەكان دادەنرێن دواتر بەرێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان. پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم داواكارییە لە پارتی ئەوەبوو، لە كابینەی پێشوودا پارتی بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكردووە كە رێككەوتنی لەسەر كردووە. رەنگە بەشێكی تری بێمتمانەیی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەو رێككەوتنە بگەڕێتەوە كە پارتی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی لەسەر حسابی پۆستەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم. نوسینگەیەك لە سلێمانی ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنە بەتامی "دوو ئیدارەیی"، بەوپێیەی پارتی لە نیازی یەكێتی تێگەیشتووە كە ویستێكی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنی "دوو ئیدارەیی" یاخود لانی كەم "لامەركەزی ئیداریی"، بۆیە لە تەواوی جومگەكاندا پۆستی جێگری بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە بە یەكێتی بەخشیووە.  (درەو میدیا) زانیویەتی، لەم خولەدا، نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی دەكرێتەوە‌و جێگری سەرۆكی هەرێم لەو نوسینگەیەوە كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات. كردنەوەی نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی، هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ ئاشتكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانیدا، كە لە قۆناغی رابردوودا هەموو نیگەرانییەكان لەو دامەزراوەیە، لە سلێمانییەوە سەرچاوەیان دەگرت.


( درەو میدیا): بەشداری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەئودن، بەبێ هیچ پۆستێكی فەرمی، سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كوردستانی كردووەو لەگەڵ خۆی چوار وەزیری حكومەتی هەرێم و چەندین راوێژكار یاوەری دەكەن، سەرۆكایەتی وەفدی باڵای هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، ئەوە دەخاتە روو كە هێشتا بارزانی هەیمەنەی بەسەر دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستانەوەماوە، لەلایەكی تر ئوردن دەیەوێت لەرێگەی مەسعود بارزانیەوە پرۆژە ئابورییەكانی لە هەرێمدا پەرەپێبدات.   دوو وەفدی هەرێم بەشداربوون رۆژی شەممە لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن، كارەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقا بەرێوەچوو بەبەشداری چەندین سەركردەو گەورە بەرپرسانی جیهانی دەستی پێكرد. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان بە یاوەری وەفدێكی حزبی و حكومیی رۆژی هەینی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن‌و دواتر بەشداری كارەكانی كۆنگرەكەی كرد. وەفدەكەی بارزانی پێكهاتوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم. هاوكات لەگەڵ وەفدەكەی بارزانیدا، وەفدێكی حكومەتی هەرێمیش كە لە رێباز حەملان وەزیری دارایی‌و  دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و  عەلی سندی وەزیری پلاندانی حكومەتی هەرێم پێكهاتبوو بەشداری كۆڕبەندەكەیان كرد. كێ‌ سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم دەكات؟ رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەمڕۆ 6/4/2019 لە وڵاتی ئوردن وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندامێتی بەرێزان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەروەر پێداوی و د.ئومێد صباح راوێژكارانی سەرۆك بارزانی بەشداری لە كۆربەندی ئابوری دەریای مردوو (world economic forum)كرا لەژێر ناوی "بونیادنانی پلاتفۆرمی نوێی پێكەوە كاركردن". بەوتەی وەزیری دارایی وەفدەكەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابوری دەریای مردوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە سەرۆكایەتی كراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە بارزانی تەنها سەرۆكی حزبێكی هەرێمی كوردستانە‌و هیچ پۆستێكی فەرمیی لە حكومەت فەرمانگە باڵاكانی تری حكومەتدا نەماوە. ئوردن بۆچی بانگهێشتی بارزانی كردووە؟ ساڵانە كە ئەو كۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت، ئوردن بە فەرمی مەسعود بارزانی بانگهێشتی ئەو كۆڕەندە ئابورییە دەكات، دەربارەی هۆكاری ئەوە غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:" وڵاتی ئوردن دوو پرۆژەی گەورەی هەیە لە عێراقدا بەم بانگهێشتكردنەی مەسعود بارزانی ئەیەوێت پشتگیری بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمان و لایەنە عێراقیەكان دژی ئەو دوو پرۆژەیەن، چونكە هیچ سودێكی بۆ عێراق نیەو بەهەدەردانی سامانی عێراقە". پرۆژەكان چین؟ بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونیكردوەتەوە دوو پرۆژەكەی ئوردن ئەمانەن: یەكەم: حكومەتی عێراق دەیەوێت بەڕێككەوتنی وەزیری نەوتی عێراق كە دانیشتوی ئوردن بووە پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە بەنرخێكی زۆر هەرزان هەناردەی ئوردن بكات، ئەم كارەش لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی نیگەران كردووە، بەم بانگهێشتكردنە ئەیەوێت پشتگیری هەرێم بەدەست بێنێت. دوەم: ئوردن بەڕێككەوتن لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەیەوێت پرۆژەیەكی ستراتیجی گەورە ئەنجامبدات، ئەویش ڕاكێشانی بۆریەكە لە(بەسرە)وە بۆ (عەقەبە) كە(18) ملیار دۆلاری تێدەچێت، ئەو پارەش لەئەستۆی عێراقدایەو ئوردن سودی لێدەبینێت، لەبەرئەوەی بەشێكی بەنرخێكی هەرزان پێدەفرۆشرێت. پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیدەكات كە لەسەر ئەو دوو بابەتە داوایكردوە وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتبكرێت بۆ پەرلەمان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.. لە كۆتاییشدا پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بێ هەڵوێستی دەربارەی سەرۆكایەتیكردنی وەفدی هەرێم لەلایەن بارزانییەوە كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە و دەڵێت:" پێویستە بپرسین و بزانین ئەو لایانانەی كە دەچنە حكومەت ئەوانەی لە حكومەت بون، ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەوەی لەبەیندایە، بۆچی بێدەنگن؟ كاتی خۆی كە بەناشەرعی سەرۆكی هەرێم بوو هاوارمان دەكرد ئەو كارانەی ئەنجامیاندەدات نایاسایین، بەڵام ئێستا هەمومان ماوین و حیزبی تریش زیادیكردوە وە ئەو پۆستە نەماوە ئێستا، ئەی بۆ بێدەنگن". كۆڕبەندەكەی ئوردن   لە كۆڕبەندەكەی ئەمساڵدا كە بۆ دەیەمین جارە لە ئوردن بەڕێوەدەچێت‌و دوو رۆژ دەخایەنێت، عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن‌و مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی‌و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەدان وەفدی حكومیی و بزنسمان‌و رابەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان ئامادەبوون. بەوتەی رێكخەرانی لە كۆڕبەندەكەی ئوردندا رۆشنایی دەخرێتە سەر چوار تەوەری سەرەكی كە بریتین لە: * بونیادنانی نمونەیەكی نوێی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا. * داهاتووی بەڕێوەبردنی ژینگە لە جیهانی عەرەبیدا. *گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی فرە چەمكدا. * شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لە جیهانی عەرەبیدا.


راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت  لەیەكەم هەنگاودا پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵیت‌و لەنێوان داواكاری یەكێتی‌و رەتكردنەوەی گۆڕاندا بۆ زیادكردنی پۆستێكی نوێ، یەكێتی هەڵدەبژێرێت. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، كۆبونەوەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. پێشنیازێكی پارتی بۆ گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی) خستە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكەی پارتی بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە رەتكردوەتەوە. پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنیدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیدا بە گۆڕان، بەمدواییەش كە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، بڕیاریداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكات‌و ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی. گۆڕان بۆ پێشنیازەكەی پارتی رەتكردەوە ؟ لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی پارتی، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەپێی یاسای  سەرۆكایەتی هەرێم، ژمارە (1)ی ساڵی 2005، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیە‌و ئەركی ئەو جێگرەش تایبەتە بە كاروباری سەربازی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بدرێت بە یەكێتی، جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نابێت، واتە ئەو جێگرەی كە لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.   بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا بەشێوەی زارەكی پێشنیازەكەی پارتی رەتكردوەتەوە‌و لەبنەڕەتەوە چارەسەری دەوێت، پارتیش بەدوای دەرەچەیەك تردا دەگەڕێت بۆ قەرەبووكردنەوەی گۆڕان.  هێزی هەرێم یان هێزی حزب ؟ بڕگەی دووەم لە مادەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێ" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فرمانەكانیدا لەمڕووەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبونیدا جێگای بگرێتەوە". جگە لەو هێزەی پێشمەرگە كە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراون، پارتی‌و یەكێتی هێشتا هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێتی هێزێكی هەیە بەناوی هێزەكانی (70)، پارتیش هێزەكانی (80)ی هەیە، سەرباری ئەمە ئەو دوو حزبە بەتەواوەتی بڕیاری پێشمەرگەی زۆری خۆیان بەدەستەوەیە. ئەمە هۆكارەكەیە كە پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدات، چونكە ئەگەر ئەو پۆستە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بێت، بەرپرسەكە نە لە زۆنی زەرد، نە لە زۆنی سەوز فەرمانەكانی جێبەجێ ناكرێت‌و رەنگە لە كۆتایشدا كێشەی بۆ سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دروستبكات. پارتی لەیەكەم تاقیكردنەوەی گۆڕاندا ! سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدی دانوستانكاری پارتی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بە یەكێتییان راگەیاندووە" جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی دەدرێت". پارتی بەم بڕیارە لەیەكەم هەنگاوی دوای رێككەوتندا، بزوتنەوەی گۆڕانی پشتگوێ خست، ئەوكات كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بڕیاربوو سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت. رەنگە پارتی چیتر هیچ ترسێكی لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا زیاتر لەنیوەی رێگاكەی بە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیوە‌و دڵنیایە لەوەی گۆڕان توانای پاشەكشێی لە رێككەوتنەكە نەماوە. پارتی ئێستا چاوی لە راكێشانی یەكێتییە بۆ ناو پرۆسەكەی خۆی، بەدیاریكراویش پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ قایلكردنی یەكێتی. هەوڵی پێشوەختە ! بەرلەوەی پارتی بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەناو پەرلەمانەوە كاری لەسەر جێبەجێكردنی خواستەكەی كردووە، هەڵبەت ئەوەش دوای هەڵكردنی گلۆپی سەوزی پارتی. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەكاتی بەشداریكردنی لە دانیشتنی پەرلەمان لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی یاسای تایبەت بە  كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆك، پێشنیازی كردووە بڕگەی دووەم لە مادەی 13ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو بەمشێوەیە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەپێی پەیڕەوێك كە لەماوەی 15 رۆژ لە بەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت". ئەم پێشنیازەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی خرایەڕوو، پێشنیازی بەدیلی نەبوو، بۆیە لە خوێندنەوەی سێیەمیدا تەنها دەخرێتە دەنگدانەوە، بە (بەڵی) یان (نەخێر)، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە خوێندنەوەی سێیەمیدا ناتوانرێت هیچ بڕگەیەك زیادبكرێت، بەڵكو تەنها دەخرێتە دەنگدانەوەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت.    بەپێی ئەو بەڵێنەی كە ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی بە یەكێتی داوە، هەردوولا پێكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەچەسپێنن‌و دەنگی بۆ دەدەن. ئەمە لەكاتێكدایە، پرۆژەیاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی هاوبەشی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتییە. بەپێی زانیارییەكان، ئەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ناوی لێدەنرێت "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداری‌و سیاسی"، پۆستەكەی یەكێتیش دەبێت بە "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستان، دواجار وادەی سەرەتاكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەركەوتن، لەو دانوستانە تاقەتپڕوكێنەدا هەندێك لایەن بە سود‌و هەندێكی تر بە زیانەوە لێی دەرچوون. (درەو میدیا) لەم راپۆرتە شیكارییەدا لایەنی براوە‌و دۆڕاوی دانوستان دیاری دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 30 ئەیلولی 2017، لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی بەدەستهێنا. پارتی بەوپێیەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، جڵەوی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەدەستەوە بوو، بەڵام هەندێك هۆكار وایانكرد، وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرنەگرێت. پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، تاڕادەیەك كارتە بەهێزەكەی دەستی پارتییان لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا لاوازكرد. وەفدی دانوستانكاری پارتی، لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، باجیان بە هەندێك لە پشكەكانی خۆیاندا لە كابینەی نوێدا. پارتی بۆ زامنكردنی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕانی گەڕاندەوە بۆ ناو دەسەڵات، ئەمە لەكاتێكدابوو پێشتر‌و بەهۆی ناكۆكییەكانی چوار ساڵی رابردووەوە، هێڵی سوری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دانا بوو، ئەمەش جۆرێك بوو لە پاشەكشێی سیاسی پارتی لەبەردەم دەنگدەرەكانیدا لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم. سەرباری ئەمانەش، شكستی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ ماوەی زیاتر لە (6) مانگ، بەپلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی كەوتە ئەستۆی پارتییەوە. بەڵام لەبەرامبەردا، وەفدی دانوستانكاری پارتی سەركەوتوو بوو لەوەی جارێكی تر، هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لای پارتی‌و بەدیاریكراویش ئەندامانی خانەوادەی بارزانی بهێڵێتەوە. پارتی لەم خولەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەشێوەیەكی زیرەكانە لەكاتی خۆیدا كارتەكانی بەكارهێنا، توانی دوای مشتومڕێكی زۆر یەكێتی راكێشێتە ناو حكومەتەوە، لەمەشدا سودی لە رێككەوتنە پێشوەختەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بینی، سەرباری ئەو زۆرینەیەی كە لەم خولەدا خۆی لە پەرلەمان هەیەتی. یەكێكی تر لە خاڵە بەهێزەكانی پارتی لەم خولەدا، كۆتایهێنان بوو بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، كە لە چوار ساڵی رابردوودا كێشەی گەورەیان بۆ دروستكرد، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان. یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرباری گومانەكان لە ساختەكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن، دواجار یەكێتی بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (21) كورسی بردەوە. یەكێتی كە بەهۆی گومانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، زیانێكی گەورە بەر ناوبانگە سیاسییەكەی كەوت لەناو دەنگدەرانی هەرێمدا، نەیتوانی لە دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا هەندێك لەو وێنا شێواوە، بسڕێتەوە. ئەم حزبە كە رۆژگارێك بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی شاسواری مەیدانی دانوستان بوو، ئەمجارەو لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا وەكو حیزبێكی بێ دیدگا دەركەوت. وەفدی دانوستكاری یەكێتی، هیچ تێڕوانینێكی روونی بۆ بەرنامە‌و ئەجێنداكانی حزبەكەی نەبوو، ئەوەی زیاتر دانوستانی لەسەركرد، وەرگرتنی ژمارەیەكی زیاتری پۆست بوو، بۆ رازیكردنی جەمسەرە جیاوازە‌و ناكۆكەكانی ناو حیزب. یەكێتی لە وەرگرتنی پشكەكانیدا تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو، بەڵام لە زاڵكردنی گوتاری سیاسی خۆیدا شكستی هێنا، وەفدی دانوستكاری یەكێتی لەسەرەتاوە دەیویست وەكو "شەریكی راستەقینە" بچێتە حكومەتەوە، بەڵام دواجار وەكو "بەشدار"ێك چووە ناو حكومەتەوە، تەنانەت كەوتە بەردەم هەڕەشەی پەراوێزخستن لە كابینەی نوێدا‌و دیمەنەكانی پەراوێزخستنیشی بەتەواوەتی نیشان درا. یەكێتی زوو لە نیازی پارتی بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پێویستی پارتی بەو پۆستە گرنگە تێگەیشت، بەڵام نەیتوانی وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرگرێت، لەمەشدا دوركەوتنەوە یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری هەبوو، پارتی بەر لە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ خزمەتی خوستە سیاسییەكەی خۆی زامن كرد‌و كارتی دەستی یەكێتی سوتاند. یەكێتی كە حوكمڕانی زۆنێكی گەورەی هەرێمی كوردستانە، دەبوو لەگەڵ پارتیدا بڕیار بدات لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و بەشداری لایەنەكانی تر، بەڵام سودی لە خاڵی هێزی خۆی وەرنەگرت‌و جڵەوی دەستپێشخەری سیاسی لەدەستدا. یەكێتی ئەمجارەش ئەو وێنایەی لای دەنگدەرانی خۆی‌و دەرەوەی خۆشی تۆخكردەوە كە حزبێكە هیچ روئیایەكی بۆ پرۆسەی سیاسی بەگشتی‌و بەتایبەتیش سیستمی ئیداری‌و حوكمڕانی هەرێم‌و زۆنەكەی ژێر دەستی خۆشی نییە، جگە لە زامنكردنی پۆست بۆ دەستڕۆشتووەكانی. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا یەكێتی روبەڕووی تۆمەتی "خیانەت" كرایەوە لە كەركوك، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی هەلێكی گەورەی لەبەردەمدا بوو لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا، هەندێك لەو وێنایە كاڵبكاتەوە كە لەبارەی كەركوكەوە لەسەر حزبەكەی دروستكراوە، بەڵام نەیتوانی گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بكات بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا‌و قایل بوو بەوەی چارەنوسی كەركوك بداتەدەست بارزانی لە داهاتوودا. تاكە خاڵی سەركەوتنی یەكێتی لە دانوستانی ئەمجارەدا تەنیا ئەوەبوو، لەسەرەتاوە تاڕادەیەك توانی ستۆپ بە پارتی بكات‌و ناچاری بكات بەبێ یەكێتی كابینەی نوێ پێكنەهێنێت، ئەمە تاڕادەیەك گڕوتینی بە یەكێتییەكان بەخشی، بەڵام دواجار بە رۆشتنی بۆ ناو حكومەت بەشێوەیەكی پەلەپروزە‌و دوای هەڕەشەكەی بارزانی، بەهای ئەو خۆڕاگرییەشی سڕییەوە. وەفدی دانوستانكاری یەكێتی كە چەندجارێك گۆڕانكاری بەسەردا هات، لەسەرەتاوە سەقفێكی بەرزی بۆ خواستەكانی لە كابینەی نوێ دانا، بەڵام دواجار بە بڕێكی زۆر كەمتر لە خواستەكانی قایل بوو، ئەمە وایكرد دیمەنەكە وا دەربكەوێت یەكێتی داواكارییەكانی لە كابینەی نوێدا جێبەجێ نەكراوە. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا گورزێكی گەورەی بەركەوت‌و رێژەی 50%ی كورسییەكانی لەدەستدا. ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتاوە بانگەشەی ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام دواجار ئەنجامەكانی قبوڵ كرد، ئەمە لەناو دەنگدەرانی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی، بەزیان بۆ ناوبانگی بزوتنەوە شكایەوە. بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی دۆڕاند، بەڵام دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بردەوە، بە (12) كورسییەوە دەستكەوتی زۆری كۆكردەوە‌و وەكو یەكەمین لایەن لەدوای پارتییەوە سواری شەمەندەفەری دەسەڵات بوو. سەركەوتنی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆكردنەوەی پۆستی زیاتر بەبەراورد بە كورسییەكانی لە پەرلەمان، بەواتای سەركەوتنی نییە لەناو پرۆسەی سیاسیدا بەگشتی. وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بە 12%ی كورسی پەرلەمانەوە 20%ی كێكی دەسەڵاتی بڕی، بەڵام بەمە گورزێكی گەورەی دا لە وێنای بزوتنەوەكە لای دەنگدەران، بەتایبەتیش دوای چوار ساڵ ناكۆكی سیاسی لەگەڵ پارتی، جارێكی تر‌و بە لاوازی گەڕایەوە بۆ لای ئەو حزبە. تاكە خاڵی سەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتدا ئەوە بوو، توانی هێڵی سوری پارتی لەسەر خۆی هەڵگرێت، گۆڕان وایكرد پارتی ناچاربێت جارێكی تر بیباتەوە ناو مەتبەخی پێكهێنانی حكومەت‌و پرۆسەی سیاسی، لەمەشدا باجی بە هەندێك لە بنەما سیاسییەكانی خۆیدا، بەتایبەتیش لە پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم. بەشێوەیەكی گشتی، بزوتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمی دانوستان‌و دۆڕاوی یەكەمی هەڵبژاردن‌و ئەو گوتارە سیاسیانە بوو كە پێشتر خۆی بانگەشەی بۆ دەكردن. بزوتنەوەی گۆڕان كە باجی دا بە تەواوی گوتارە سیاسییەكەی خۆی لەپێناو بەشداریكردن لە حكومەت، وەكو پێویستیش نەیتوانی سود لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی وەرگرێت بۆ پچڕینی ژمارەیەكی زیاتری پۆست‌و چەسپاندنی بەرنامە سیاسییەكانی، ئەمە بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەوە كە بەشێوەیەكی شارەزایانە سودی لە ناكۆكییەكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دەبینی بۆ چەسپاندنی خواستە سیاسییەكانی.  بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ بەشداربوون لە حكومەت، گورزێكی گەورەشی لەبەری ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دا، كە رۆژگارێك خۆی سەرۆكایەتی ئەو بەرەیەی دەكرد. كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی، براوەی سێیەمی هەڵبژاردن بوو، براوە بەو واتایەی ژمارەی كورسییەكانی لەناو پەرلەمان یەك كورسی زیادی كرد. كۆمەڵی ئیسلامی كە بوو بە خاوەنی (7) كورسی، گوتاری سیاسی خۆی كە گوتارێكی ئۆپۆزسیۆن بوو، كردە قوربانی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت.  لەسەرەتاوە پارتی وەكو لایەنی دەستپێشخەر بۆ پێكهێنانی كابیەی نوێی حكومەت، كۆمەڵی ئیسلامی نادیدە گرت، بەڵام كۆمەڵ پەیامەكەی بەجددی وەرنەگرت‌و هەر گرەوی لەسەر بەشداربوون لە حكومەت دەكرد. تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كە نەخشەی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت لە كۆتاییدایە، كۆمەڵ ئیسلامی وا دەردەكەوێت هەر چاوەڕوانە بەشداری پێبكرێت، چونكە هێشتا بە فەرمی راینەگەیاندووە، دەبێت بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ئەم چاوەڕوانییە، لە دوو سەرەوە زیانی بە ناوبانگی سیاسی كۆمەڵ گەیاندووە، لەلایەك پێگەی كۆمەڵی لای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەم خولە بەتایبەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی) لاوازكردووە، لەلایەكی تر، سەنگی سیاسی حزبەكەی لەلای دوو هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌و یەكێتی) لاواز كرد. یەكێتی نیشتمانی بەمدواییە هەوڵیدا كۆمەڵی ئیسلامی وەكو كارتێك بەدەستی خۆیەوە لەبەرامبەر پارتی بەكاربهێنێت، ئەمەش نەك هێزی بە كۆمەڵ نەبەخشی، هەندێكیش زیانی بە ناوبانگە سیاسییەكەی گەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی سیاسی لێ بچنێتەوە.  بەگشتی كۆمەڵ بەم فۆرمە لە دانوستان، هەم حكومەتی لەدەستدا‌و هەم جەماوەرەكەی، هەڵبژاردنی بردەوە‌و دانوستانی دۆڕاند. كۆمەڵی ئیسلامی سەرباری مانەوەی لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵام پێناچێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو بتوانێت سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بكات لە كوردستان، ئەمەش رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زیان لە دەنگەكانی بدات. یەكگرتووی ئیسلامی ئەم حزبە دۆڕاوی گەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان 50%ی كورسییەكانی لە پەرلەمان لەدەستدا. دوای شكستی هەڵبژاردن، یەكگرتوو خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی بەلاوە گرنگتر بوو لە بەشداری لە حكومەت، ئەم حزبە سەركەوتوو بوو لەوەی خۆی لە تانەی شەقام پاراست، بڕیارە بەپەلەكەی بۆ هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن تا چوار ساڵی داهاتوو، تاڕادەیەك حزبەكەی لەو نیگەرانییە ناوخۆییانە پاراست كە لەدوای شكستی هەڵبژاردنەوە دروستبوو. بە پێچەوانەی كۆمەڵی ئیسلامی، پارتی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، چەندینجار داوای لە یەكگرتوو كرد بەشداری حكومەت بكات، بەڵام رەتیكردەوە، یەكگرتوو بەم هەنگاوە زیانە جەماوەرییەكانی خۆی لە ئاستێكدا راگرت، نەیهێشت لەوە زیاتر تەشەنەبكات. ئێستا یەكگرتوو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوونەكەی شێوازە نەریتییەكەی پێشتری خۆی تێنەپەڕاندووە، وا دەردەكەوێت ئەم حزبە لە سوڕی متبوونی تەواوەتیدا بێت. جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانرێت وەكو هێزێكی براوە ئەژماربكرێت، لەیەكەمین ئەزمونی بەشداریكردندا لە هەڵبژاردن، (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە. هەرچەندە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی گەیشتنی بە "ترۆپكی دەسەڵات" دەكرد، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەرزوو بەبێ دوودڵی ریزی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد. جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە ئۆپۆزسیۆنبوون هیچ بژاردەیەكی سەلامەتتری لەبەردەستدا نەبوو، چونكە لەلایەك پارتی ئامادە نەبوو بەشداری پێبكات، لەلایەكی تر بەشداربوونی لە حكومەت بە قەبارەی ئێستایەوە، وەكو خۆكوشتنێكی سیاسی دەبوو، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی بانگەشە سیاسییەكانی ئەو جوڵانەوەیە لەدژی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە لەلایەك‌و لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر. ئەم جوڵانەوەیە هەر لەسەرەتای دەستوپەنجە نەرمكردنەوە لەگەڵ سیاسەت لە هەرێم، كەوتە ناو هەڵەیەكی سیاسییەوە، كە ئەوەش تاڕادەیەك بە زیان بۆ ناوبانگی جوڵانەوەكە شكایەوە، ئەم جوڵانەوەیە لەسەرەتاوە بڕیاریدا پەرلەمان بایكۆت بكات، بەڵام دواجار پاشگەزبووەوە پەرلەمانتارە دەرچووەكانی ناردە ناو پەرلەمانەوە. سەرباری بەشداریكردنی، ئەندامانی ئەم جوڵانەوەیە لە پەرلەمان تائێستا جوڵەیەكی سیاسی ئەوتۆیان نەكردووە كە رایگشتی دروستبكات، گوتارو جوڵە سیاسییەكانیان لەناو پەرلەمان هێشتا گوتارەكەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبووندا تێنەپەڕاندووە. ئێستا جوڵانەوەی نوێ بووە بە هێزێكی پەرلەمانی، بەڵام هێشتا فراكسیۆنەكەی پەرلەمان نەبووە بە روخساری جوڵانەوە سیاسییەكە‌و زیاتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە گوزارشت جوڵانەوەكە دەكات. شاسوار عەبدولواحید ئێستا لەلایەك بیر لە كۆكردنەوەی شەقامی ناڕازی‌و بەتایبەتی نارازییەكانی ناو گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دەكاتەوە، لەلایەكی تریش بیر لە هێزە دەسەڵاتدارەكان‌و فەرمانڕەوایی دەكاتەوە‌و گوتارە سیاسییەكەی لە خاڵێكدا چڕنەكردوەتەوە. سەرباری ئەوەی هێزێكی نوێیە، بەڵام بەپێی قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان‌و ئەو دامەزراوە میدیاییەی كە لە پشتیەوەیە، پێدەچێت نەوەی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و دەنگی ناڕازی بكات لە كوردستان. پێكهاتەكان كەمینەكان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "پێكهاتەكان"‌و بە سیستمی "كۆتا" لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، بەبێ هیچ دانوستانێكی ئەوتۆ، بوون بە براوەی كابینەی نوێی حكومەت. پێكهاتەكان كە بریتین لە (توركمان- مەسیحی)، پۆستی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیان (كە دواتر دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) برد، ئەم پۆستە لەم خولەدا دوو ساڵ لای توركمان‌و دوو ساڵەكەی تری لای مەسیحییەكان دەبێت، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆست وەرگرن. واتا پێكهاتەكان براوەیەكی گەرەنتیكراوی هەڵبژاردن‌و براوەی كابینەی نوێی حكومەتیش بوون. ئەوانی تر حزبی شیوعی لە هەڵبژاردندا دەنگەكانی كەمی كرد، هەرزوو بڕیاری خۆی یەكلاكردەوە‌و بۆ چوار ساڵی داهاتوو بوو بە ئۆپۆزسیۆن، حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان بەمایەی خۆیەوە لە هەڵبژاردن دەرچوو، لە پەرلەمانی تاكە كورسییەكەی خۆی خستە پاڵ پارتی‌و فراكسیۆنی هاوبەشی دروستكرد، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆستێك وەرگرێت، بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنی كرد "لیستی بەرەو ئیصلاح"، هەڵبژاردنی دۆڕاند‌و تاكە كورسییەكەشی لە پەرلەمان لەدەستدا، ئەم حزبە هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە‌و پێدەچێت بەبێ كورسیش لە پەرلەمان، پۆستێكی لە حكومەت پێبدرێت.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت زیاتر لە 24 كاتژمێر تێپەڕیوە بەسەر هەواڵی راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام تائێستا رایگشتی لە وردەكاری رێككەوتنەكە ئاگادارنییە‌و سەرچاوە ئاگادارەكانیش زانیاری جیاواز بە میدیاكان دەدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە رێككەوتنەكە هێشتا زارەكییە‌و نەخراوەتەسەر كاغەز. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب، هەندێك زانیاری نوێی لەسەر پشكەكانی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەت‌و كاندیدەكان ئەو حزبە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دەستكەوتووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنە زارەكییەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كراوە، یەكێتی ئەم پۆستانە وەردەگرێت: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان  •    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (سەرۆكی حكومەت یەك جێگری دەبێت) •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی پێشمەرگە •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد •    پۆستی جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان •     پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ  •    جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش‌و سێ بەرپرسی تر لەو ئەنجومەنەدا •    دەستەكانی (دەزگای گشتی كاروباری مین- گەشتوگوزار- دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) •    60 پۆست لە (بەرپرس- بەڕێوەبەر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار)، بەشێكی زۆری ئەو پۆستانە ئێستاش لای یەكێتین دابەشكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتیدا  یەكێتی كۆتایی بە ناكۆكییەكانی هێنا لەگەڵ پارتی لەسەر پشك‌و پۆستەكانی لە حكومەت، بەڵام پێی نایە قۆناغێكی نوێی ململانێیوە، كە ئەویش چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانە لەناو حزبدا. یەكێتی نیشتمانی بەشێوەیەكی گشتی دابەشبووە بەسەر چەند جەمسەرێكدا كە بریتین لەمانە: •    كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكێری گشتی‌و گروپی پێشووی ناسراو بە "ناوەندی بڕیار" •    ماڵباتی تاڵەبانی •    گروپێك لە مەكتەبی سیاسی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر یەكێتی نیشتمانی كەوتوون، بە تەوافوق دەبێت لەنێوان ئەو جەمسەرانەی ناو حزبدا. •    پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەم پۆستە بەتەوافوق لەنێوان (قوباد تاڵەبانی)‌و (حاكم قادر حەمەجان)دا كەسێكیان دادەنرێت، بەڵام چانسی قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بەهێزترە. •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دوو ژن ركابەری لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە دەكەن (بێگەرد تاڵەبانی- رێواز فایەق)، چارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شێوازی دابەشكردنی پۆستەكانی تر لەنێوان باڵەكاندا یەكلای دەكاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە باڵەكانی یەكێتی گرەویان لەسەر ئەم پۆستە نەكردووە، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:. هۆكاری یەكەم: هیچ یەكێك لە دوو كاندیدەكەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كارەكتەری ژمارەیەك نین لەناو ئاڕاستەكانی یەكێتیدا.  هۆكاری دووەم: زۆربەی باڵەكان پێیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئیمتیازی گەورەی بۆ باڵەكان تێدا نییە. هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) یەكێتی ئەم رۆژانەی دوایی هەستی بە بایەخی وەرگرتنی ئەو پۆستە كردووەتەوە، بەتایبەتیش كاتێك پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد لەناو پەرلەماندا بەبێ یەكێتی. •    پۆستی وەزیری پلاندانان، ئەم پۆستە بۆ (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) دەبێت، وەزیری پلاندانان دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت‌و غاز كە (سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دارایی‌و سامانە سروشتییەكان) ئەندامن تێیدا، واتە بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لە ئەنجومەنی نەوت‌و غازدا دوو نوێنەری دەبێت، جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری پلاندانان. •    پۆستی وەزیری پێشمەرگە، تائێستا (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی یەكەی (70) چانسی گەورەی هەیە پۆستەكە وەرگرێت، بەڵام دوو كەسی تریش ناویان دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، ئەو دوو كەسەش بریتین لە (شۆڕش ئیسماعیل)‌و (مستەفا چاوڕەش). •    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، هەریەكە لە (عومەر فەتاح- عیماد ئەحمەد- ئەرسەلان بایز) چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا چانسی (عیماد ئەحمەد) لە هەمویان بەهێزترە. پۆستی پارێزگاری كەركوك بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، چارەنوسی پارێزگاری نوێی كەركوك كە یەكێتی خۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە دەزانێ، رادەستی كۆسرەت رەسوڵ‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كراوە لە داهاتوودا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆسرەت رەسوڵ كەسێكی نزیك لەخۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندیدكردووە‌و رەزامەندی مەسعود بارزانیشی بۆ وەرگرتووە.   گرفتێكی یاسایی ! ئەو پۆستەی كە لە سەرۆكایەتی هەرێمدا بە یەكێتی دراوە، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستە لەڕووی یاساییەوە بونی نییە‌و دروستكراوی نوێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتییە. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە یاساییە، هەردوو حزب لەسەر ئەوە رێككەوتوون، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی هەمواری برگەی (دووەم) لە ماددەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكات، كە بڕگەكە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت"، بەپێی هەموارە پێشنیازكراوەكەی یەكێتی، یاساكە بەوشێوەیە هەموار دەكرێتەوە كە "سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت". فراكسیۆنی یەكێتی دوێنێ لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنیازی زیادكردنی جێگری دووەمیان كرد بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕوان دەكرێت لە خوێندنەوەی سێیەمی پرۆژەیاسا هاوبەشەكەی پارتی‌و گۆڕاندا، داواكەی یەكێتی جێگیر بكرێت. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە رێككەوتوون پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت‌و جێگرەكەش لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.  پارتی لەبارەی زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، دڵنیایی بە یەكێتی داوە كە خۆی بزوتنەوەی گۆڕان قایل دەكات‌و زیادكردنی ئەو پۆستە كێشە دروستناكات. ناڕەزایەتی هەیە هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی ناڕازین لە رێككەوتنەكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی. بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێَتەوە، ئەوانەی ناڕازین لە رێككەوتنەكە، بۆچونی خۆیان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا رابگەیەنن. ئەوانەی نیگەرانن لە رێككەوتنەكە دەڵێن، رێككەوتنەكە ئاڵۆزە‌و گرەنتی تەواوەتی پشكەكانی یەكێتی نەكراوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و هەندێك لە داواكارییەكانی تر كە پێشتر یەكێتی لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنیان دەكردەوە.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand