■ محەمەد نوری .. رۆسۆ پێشتر وتویەتی: بەرژەوەندی سەرەكی‌و بنەڕەتی هەمو پادشایەك لەوەدایە كە میللەتەكەی لەدۆخێكی لاوازدابێتو توانای بەرەنگاربونەوەی نەبێت.. كاتژمێر یانزەیە، یەك كاتژمێری ماوە بۆ دواساتەكان، كاتژمێرێكیش بەسەر سەعات دەدا تێپەڕیوە. كەواتە نزیكبوینەتەوە لەكۆتاییەك، نزیكدەبینەوە لەكەوتنە گەورەكان، لەنەمانی بەهاو پێوەرە دروستەكان. خەریكە دەگەین بەكۆتایی هەمو شتێك. هیچ مانایەك بۆ شۆڕش‌و دەسەڵاتو هەڵبژاردن‌و تەنانەت ژیانیش لەم كۆمەڵگایەدانەماوە. هەموو شتەكان نەك تەنهاكەوتون، بەڵكو وردوخاشبوون. خەونەكان وەك شوشەی كریستاڵ هەلا هەلابون، ئەستەمە كەسێك یان بەنی ئادەمێك بدۆزیتەوە لەم هەرێمەدا خەونی هەبێت بۆ سبەی، رەنگەتەنها جەردەكانو قاسە بەدەستەكانی وڵات ئومید لەسەر سبەینیی ئەم وڵاتە هەڵبچنن. یەك كاتژمێری ماوە بۆكۆتایی و كاتژمێرێكیشمان تێپەڕاند بەسەرهەموو قەیران وكێشەكاندا .شەڕی براكا ن وڵاتی خەڵتانی خوێن كرد، دوایش جەنگاوەرەكانی كوشتن وەك بەرزەكی بانان بۆی هەڵهاتن . فەردە پڕكەری گومرەكان ئێستا بە چاكەت و پانتۆڵی گرانەبەهاوە مامەڵەی نەوت دەكەن .هەموو شتێك بەشكرا ،سنور ورەنگ و ناو و پیشە و تەنانەت مزگەوت وخانەقا وتەكیەكانیش دابەشكران ،ئەوان لەئەلفوبێی سەرەتاییە تا هەموو شاروشارۆچكەكانیان لەنیو خۆیاندا وەك پاشماوەی شۆڕش بەشكرد .حەیرانبێژ و كەمانچەژەن و بەند بێژەكانیشیان لەنێوان خۆیاندا بەشكرد ،تەنانەت ناوهێنانەكانیشیان بەكەیفی دڵی خۆیان هەڵبژارد ،لەوێ ئەوەی دەخوێنێت قوتابییە ، لێرە خوێنكارە،لەوێ ئەوەی دەكوژرێت ئافرەتە ، لیرە ژن .ئەوان ئاوازێكیان لەم هەرێمەدا بۆ ژیان دانا ، ئاوازی قیڕەی قازەكان ،ئەوانەشی لەدەرەوەی ئەم قیڕەیە هاوار بكات یان دەینێرن بۆ لای سەردەشت یان وەك كاوەی لێدەكەن. یەك كاتژمێری ماوە بۆ تواندنەوەی هەموو ماناكان و گلۆربوونەوەی هەنگاوەكان بۆ زەلكاوی نائومێدی .` كەس ناپرسێت :چەندان ساڵە زانكۆ وپەیمانگاكان دەرچوو فڕی دەدەنە سەر شەقامی بێ كاریی وسوڕانەوە بەدەوەری چای سەهۆڵەكە ولەفەی ئیسكان ، چارەنوسی بە كوێ دەگات؟ ئەم لەشكرە كە توڕەبوو هیچ رەنگ و سمبول و گرد و شاخێك ناناسێت ،بەهەموودا دەتەقێتەوە.ئەرێ دیمەنی ئەو بێ كاریی و جاڕەسبوون و دەستبەتاڵییەی گەنجان نابینرێت ؟ئەم لافاوە دەتوانێت بەربەستە سەختەكان تێكبشكێنیت ، نەك ئێستا بەڵكو رابردووش هەپروون بە هەپروون بكات. كاتژمێرێكی ماوە بۆ ئەوەی لە جیاتی چەپڵە بۆ كوردایەتی جڕتی گەورەی بۆ لێبدرێت .لە جیاتی شینگێڕان بۆ سەركردەكان شایی كامەرانیی بكرێت ،لە جیاتی درۆی پاراستنی كیانی كوردی ،خۆیان ببنە رۆحكێشی ئەو كیانە . یەك كاتژمێری ماوە تا هەموو پولەكان بەتەواوەتی بكەوێت. تەنانەت یەك كاتژمێری ماوە بۆ دەركەوتنی تابلۆ گەورەكەی ناو حزبەكانیش،مردنی هەندێ فیگەر و ناو لە حزبەكان بە گشتی ، ئەو دووحزبە بەتایبەت زۆر لە مەلەفەكان یەكلادەكاتەوە ،بەركەوتنەكان زیاد دەكات و تەماعی كورسییەكان خۆشتروشكاندنی ملی یەك زیاتر دەكات. مردنی هەندێ لە قەدیمەكانی كوردایەتی ، یارییەكە بەجۆرێكی تر دەگۆڕێت . (مردنی ئەو قەدیمانە ،هاوكێشەكان دەگۆڕێت،دەسەڵاتەكان پەرتردەبن). یەك كاتژمێری ماوە بۆ كۆتاییهاتن بە گەمەیەك ناوی شۆڕش وبە یارییەك ناوی كوردایەتی و بە گاڵتەبازاڕییەك ناوی ئەزموونی حكومڕانی خۆماڵییە . ئێوە وردببنەوە ببینن .. لەدوای شۆڕشی ئەیلولەوە چ تۆفانێك لە خوێن دەڕژێت لەپێناو سەركێشی و توڕەبوونی سەركردەكان،كەچی لەوسەرەوە ئەوان بەناوی مافی گەل و بەرگریكردن لە كورد دەیفرۆشنەوە ،هەر كاتێكیش دەرفەت رەخسابێت باوەشی پڕ ماچ و سۆز و پۆستیان بۆ دوژمنەكان كردووەتەوە. هەركاتێك ئەوان لەبەغدابوون عێراقیی بوون ،هەركاتێكیش ئەوان لەبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان تۆراوون، رێگای عیراقیان بە رێگای جاشایەتی ناساندوە . ئەوان پێوەری نیشتیمانپەروەرییان بە قیاسی حزبایەتی خۆیان دوریوە ،گرنگ نییە تۆ شێری شێران بیت یان دیوكوژی مەیدانبیت ،با ترسنۆكی لەرزیوو یان هەڵهاتووی هەموو جەنگەكان بیت گرنگ ئەوەیە شوناسێكی شەق و شڕی ئەوان یان ئەمان یان ئەولا یان ئەملات پێبێت . لەدوای راپەرینەوە كەس وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە ئەرێ ئێوە بەنیازی چین ؟هاتوون وەك قەومی خاكدڕ، زەوی ودارو بەردی ئەم وڵاتە ببەنە ناو گەنجینەكانی خۆتانەوە ،یان هاتوون دەسەڵاتی كوردی بچەسپێنن؟ لەدوای راپەڕینەوە كەس وەڵامێ ئەو پرسیارەی نەدایەوە كەی چاكی دەكەن،خۆ هەر وێرانتری دەكەن،كەی دەیگۆڕن خۆ هەر چەقاندووتانە ؟كەی پاكی دەكەن خۆ هەر پیسی دەكەن . یەك كاتژمێری ماوە ..زەنگی كۆتایی لێدەدرێت ،ئەوكات هەولێر بۆ سلێمانییەك جیاوازنابێت لەبەسڕە ، ئەنبار دەبێتە دهۆك بۆ هەولێرییەك..ئەوكاتە عێراقیبوون بۆ پۆست نابێت بەڵكو وەك وڵاتێك ئاسایی تێیدا دەژین دور لە هوتافی سەدساڵیی خاڵی لە شەڕی راستەقینە بۆماف . *چەمكی كاتژمێر یانزە ،ناونیشانی كتێبێكی مارتن لینگەرە.بەو مانا رۆحانییەی نە كاتژمێر دەیە كات بەدەستەوە مابێت .نە كاتژمێر دوانزەشە دونیا كۆتایی بێت ..بەڵكو یەك كاتژمێرمان ماوە بۆ كۆتایی
■مەریوان وریا قانع .. لەم ماوەیەدا ژمارەیەک نامە و پرسیاری زۆرم بۆ ھاتوە لەسەر ئەوەی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینم و گۆڕان بەرە و چی کوێ دەڕوات؟ حەزدەکەم لێرەدا زۆر بە کورتیی لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەو دۆستانە بدەمەوە و ڕا و بۆچوونی خۆم لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو. یەکەم: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسییە کە تا ساڵانێکی درێژی تریش گرنگیی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەدەستنادات. ئەم بەرنامەیە داوای کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسیی گرنگ دەکات کە ئەنجامنەدانیان جگە لە کارەساتی گەورە ھیچی تری لێ دروستنابێت. لە پێش ھەمووانیشەوە دروستکردنی چوارچێوەی نیشتیمانیی بۆ سەرجەمی کایەکان و دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە، دوای ئەویش سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و سیاسەت و کۆمەڵگا لە ھەرێمدا. بێگومان کۆمەڵێک خاڵی تریش کە ئێرە شوێنی دووبارەکردنەوەیان نییە. دووھەم: بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەنی دوو ئاکاری بنەڕەتیی و سەرەکییش بوو کە لە ھێزە گەورەکانی تری ناو ھەرێمی کوردستانی جیادەکردەوە. یەکەمیان، نەبوونی تەوریسی سیاسیی و غیابی تەواوەتی کردەی بە بنەماڵەکردنی سیاسەت بوو لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. ھیچ کەسێکی سەر بە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بەشێک نەبوو لە پێگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەکەدا، نە خێزانەکەی، نە کوڕەکانیی و نە خزمەکانی. لەباتی ئەمانە کۆمەڵێک کەسایەتی نوێ و کەسانی گەنجی سەر بەچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دروستبوون و بوون بە ڕووخساریی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە. دووھەم ئاکاری ئەم بزوتەنوەیە ئەوەبوو، ئەو پەیوەندییەی لەناو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستاندا لە نێوان سیاسەت و پارەدا ھەیە، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بوونی نەبوو. ئەمەش وایکردبوو ئەم بزوتنەوەیە ئەو گەندەڵییەی تیادا نەبێت کە لەناو ھێزەکانی تردا بەشێوەیەکی فراوان و ترسناک ھەیە. لە ڕاستیشدا کاری سیاسیی لەناو گۆڕاندا زۆرجار مانای زیان لێکەوتن و ڕیسککردن بە ژیان و کار و بژێوی ئەوانەوە کە سەر بەم بزوتنەوەیە بوون. ئەم کەسانە زۆرجار لەباتی دەسکەوت و قازانجکردن، لەبەردەم ھەڕەشەی جۆربەجۆردا بوون. ڕۆحیەتی کاری خۆبەخشیش ڕۆحیەتی ھەرە سەرەکیی ناو بزوتنەوەکە بوو. سێھەم: ئێستا ھەردوو ئەو کۆڵەکەیەی بزوتنەوەکەی لەسەر دروستبووە لە دۆخی تێکچوون و وێرانبوونێکی بەرچاودایە. ھەم تەوریسی سیاسیی لەناو بزوتنەوەکەدا لە چڵەپۆپەدایە و تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم ئێستا کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی ھەموو شتێکن لەناو گۆڕاندا. خاوەنی زەویی و زار، پارە و کۆمپانیا و میدیای بزوتنەوەکەن. ئەم خاوەندارێتیەش مەسەلەیەکی مەعنەویی و رەمزیی نییە، بەڵکو ئامرازێکە ھەم کوڕەکان و ھەم ئەوانەی لەدەوریان کۆبوونەتەوە، بەکاریدەھێنن بۆئەوەی سەرجەمی بزوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن و بەھەمان لۆژیکی تەوریسی سیاسیی ناو پارتی و یەکێتی کاریپێبکەن. کە ئەمەش تەواو تەواو ناکۆکە بە پرنسیپ و بەھا ھەرە بنەڕەتییەکانی ئەم بوزوتنەوەیە. کۆڵەکەی دووھەمی بزوتنەوەکەش، مەبەستم نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان سیاسەتکردن و پارەپەیداکردندا، ئێستا لەبەردەم لەقبوون و داڕمانێکی بەرچاودایە. ھەم ناشەفافیەت و ھەم قسە و باسێکی زۆر و ناکۆک لەسەر مەسەلەی دارایی و پارە و سەرمایەی بزوتنەوەکە لەئارادایە. چوارھەم: لەناو بزوتنەوەیەکدا کە کاری خۆبەخش وخۆبەخۆ و گرێدانەوەی سیاسەتکردن بە ژیان و خەمی گشتییەوە جەوھەرەکەی بێت، سەرمایەیەکی مەعنەوی دروستدەکات کە جیایدەکاتەوە لە ھێزەکانی تر. ئێستادا ئەم سەرمایە مەعنەویە لەبەردەم ھەڵوەشاندنەوەیەکی سەرتاسەریدایە. لەناو گۆڕاندا نوخبەیەکی خاوەن پێگەی سیاسیی و مەسڵەحەتی شەخسیی دروستبوون کە تا زیاتر قسەبکەن زیاتر ئەم سەرمایە مەعنەوەیە وێراندەکەن. پێشدەچێت ھەموو شتێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو پێگە سیاسییەی کە ھەیانە با ئەو شتانەش تەواو ناکۆکبێت بە پرنسیپە ھەرە سادە و سەرەکییەکانی ئەم بزوتنەوەیە. پێنجەم: گۆڕان قەیرانێکی گەورەی سەرکردایەتیکردنی ھەیە کە گەر بە زوویی چارەسەری نەکەن، بێگومان لەسەر بنەمای پرنسیپەکنی بزوتنەوەکە و لەدەرەوەی تەوریسی سیاسی‌دا، ئەوا بوونی سەرجەمی بزوتنەوەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
■ ئەبوبەكر كاروانی... قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌باره‌ت به هه‌رێم و حیزبه‌كان، سه‌ره‌تای دۆخێكی نوێ بوو، لانی كه‌م له چاوی هه‌ندێ له ناوه‌نده فكری و سیاسیه‌كه‌ی كوردستان. به واتای، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته هۆی دوباره داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی حیزبی و سیاسی له كوردستانی باشووردا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌كان نیشتنه‌وه، وه‌ره‌قه‌كان راكێشران، هه‌ندێ هه‌وڵی سه‌رپێیی و په‌له په‌ل درا، بێ ئه‌وه‌ی بڕژێته خانه‌ی دووباره داڕشتنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی و پێگه‌ی هێزه‌كان. له دوای ره‌وینه‌وه‌ی ته‌م و مژی دۆخه‌كه و دووباره كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌لایه‌ن حیزبه حوكمڕانه‌كانه‌وه، حیزبه ناڕازییه‌كان دووچاری جۆرێ له شڵه‌ژان و نابه‌رچاوڕوونی بوون. ساخته‌كارییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عیراقیش شوێنی خۆی گرت و جۆرێك له نائومێدی له‌ناو جه‌ماوه‌ر و حیزبه‌كاندا دروستكرد. فه‌زای سیاسی به‌جۆرێك ژه‌هراوی كرا، حیزبه ناڕازیه‌كان له‌ڕێی راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه زۆر كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، ده‌نگده‌ر هێنده‌ی تر نا‌ئومێد نه‌بێت و بڕستی ئه‌وه‌ی تیا بمێنێ، جارێكی تر بێته‌وه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وان هه‌ڵوێستی له مهر پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش چی بووه، له سۆنگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌نجامه‌كان، به كرده‌وه له‌وه‌دا شكستیان خوارد كه ئه‌م داوایه بۆ نا‌ئومێد نه‌بوونی جه‌ماوه‌ر وه‌رگێڕنه سه‌ر ره‌فتار و كرده‌ی سیاسی و به‌وه‌ش راستگۆیی خۆیان به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران بخه‌نه ڕوو. حیزبه‌كان خۆیان و ناوه‌نده فكرییهكهش، ئه‌وه‌یان لا ڕوون بوو گێڕانه‌وه‌ی ئومێد به پرۆسه‌ی سیاسی و سندوقه‌كان، پێویستی به هاوپه‌یمانیه‌تێكی فراوانی نێوان خۆیان و كه‌سێتی و چالاكوانه سیاسی و چفاكیهكانه. ره‌نگه ته‌نها ئه‌وه‌ش ببێته گرنگترین هاندان بۆ ده‌نگدانی به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم، كه دۆخه‌كه دووچاری جۆرێ له پوچگه‌رایی سیاسی كردوون. ده‌نگده‌رانی ناڕازی مافی خۆیانه به‌م حیزبانه بڵێن له ئاست لێپرسراوێتی قۆناغه‌كه و چاوه‌ڕوانی به‌شێكی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا نه‌بوون. له‌دوای ئه‌م سه‌رنه‌كه‌وتن و شكسته‌ش ئه‌م حیزبانه دوو ته‌حه‌دای تریان له‌پێشه: (أ) پابه‌ندبوون به‌و به‌لینه ئه‌خلاقیه نه‌نوسراوه‌ی نێوانیان، كه له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر. (ب) دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش پیكبێنن. یاخود له هه‌ردوو حاڵه‌تی چوونه ناو حكومه‌ت یان مانه‌وه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، بڕیاری هاوبه‌ش بده‌ن. به‌ش به حاڵی خۆم دڵنیا نیم له‌وه‌ی له‌م دوو وێستگه‌شدا حیزبه‌كان سه‌ركه‌وتوو بن چونكه رابردووی برینداریان وا ده‌كات په‌یجه سێبه‌ره‌كان وابكه‌ن بكه‌ونه گیانی یه‌ك، وه له دوای هه‌ڵبژاردن توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن. هیوادارم ئه‌م حیزبانه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بسه‌لمێنن ..
■ دڵشاد ئەنوەر ...له نێوان داعشى جیهادى و داعشى ده‌شته‌كى دا .. كامیان مه‌ترسین بۆ سه‌ر داهاتوى ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ؟ . به‌هێز بوونى بزووتنه‌وه چه‌كداریه ئیسلامیه‌كان، ده‌رئه‌نجامى ململانێى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تى یاخود ده‌رئه‌نجامى بۆشایى ئه‌منى و ناسه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌ڕ و شۆڕه‌وه‌یه. كاتێك رێكخراوى قاعیده و دواتریش بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له پاكستان و ئه‌ڤغانستان و پاشانیش چیچان دروست بوون و به‌هێزبوون، ئه‌و وڵاتانه له‌و په‌ڕى ناسه‌قامگیرى ئه‌منى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوون. له‌دواى ساڵى 1991 كاتێك بزووتنه‌وه ئیسلامیه چه‌كداریه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستانیش ته‌شه‌نه‌یان كرد، دۆخى هه‌رێم له دۆخێكى ته‌واو دژوار و ناسه‌قامگیردا بوو. هه‌روه‌ها له‌دواى به‌هارى عه‌ره‌بیشه‌وه كاتێك به‌ره‌ى نوسره‌و دواتر داعش به‌شێكى سوریایان خسته‌ژێر ركێفى خۆیانه‌وه، دۆخى نێوخۆیى ئه‌و وڵاته له‌وپه‌ڕى شڵه‌ژاندا بوو، ئاسایشى سوریا به‌شێوه‌یه‌ك تێكچوو بوو، وڵات بووبووه كوشتارگه. كاتێكیش ململانێى سیاسى و نێوخۆیى و ئیقلیمى باڵى به‌سه‌ر عێراق دا كێشابوو، ململانێى ئێران و كه‌نداو له‌لایه‌ك و هه‌رێم و به‌غداو سونه‌كان له‌لاكه‌ى تر گه‌یشتبووه لوتكه، له‌پڕ ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م داعشدا واڵا كرا‌و له‌سوریاوه بۆ عێراق په‌ڕیه‌وه. به ماوه‌یه‌كى كه‌م زۆربه‌ى ناوچه سونهنیشینهكانى عێراقى كۆنترۆڵ كرد. قسه‌كردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تى دروستبونى بزوتنه‌وه ئیسلامیه چه‌كداریه‌كان و سودوه‌رگرتنى ئه‌م بزوتنه‌وانه له‌ململانێ نێوخۆیى و ئیقلیمیه‌كان زۆرى ده‌وێت، ته‌وه‌رى ئه‌م كورته وتاره‌ى منیش نیه، به‌ڵام به‌پێویستم زانى ئاماژه‌یه‌كى كورتى پێبكه‌م. ئه‌وه‌ى من مه‌به‌ستمه به‌دیاریكراوى تیشكى بخه‌مه‌سه‌ر، پۆلێنكردنى چه‌كدارانى داعشه، بێگومان له‌ژێر ناوى داعش دا جۆره‌ها گروپ و تاقم و فیكره و تموحدارى جیاواز كۆبوه‌ته‌وه، ئاراسته‌ى كاركردنى هه‌ندێك له‌و گروپانه زیان به دیمۆگرافیاى ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، كه من باسكردنى ئه‌مه به گرنگ ده‌زانم. . داعشى جیهادى . داعشه جیهادی و ته‌كفیریه‌كان، زۆرجار له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسه‌كانیانه‌وه به داعشى ئه‌سڵ ناو ده‌بران، مه‌به‌ست له‌ناو بردنیان به‌ئه‌سڵ، ئه‌وه‌بوو له‌كاتى شه‌ڕدا ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان قورسه و بۆ مردن هاتون. واته داعشه جیهادیه‌كان، ئه‌و چه‌كدارانه ده‌گرێته‌وه به فیكر و قه‌ناعه‌ت و له‌ڕوانگه‌ى تێگه‌یشتنیانه‌وه بۆ ئاینى ئیسلام شه‌ڕ ده‌كه‌ن، شه‌ڕكردن به"جیهاد" ناو ده‌به‌ن و پێشیانوایه به‌مردنیان "شه‌هید"ده‌بن. داعشه جیهادیه‌كان، بڕوایان به‌سنور و دانیشتن له‌چوارچێوه‌ى سنورێكى دیاریكراو نیه، له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك شه‌ڕ هه‌بێت و گروپێك چه‌كدارى ئیسلامى له‌و جێگه‌یه بوونى هه‌بێت، ئه‌مان خۆیانى پێده‌گه‌یه‌نن، واته چه‌كدارى گه‌ڕۆكن. بۆ نمونه كاتێك شه‌ڕ له ئه‌ڤغانستان دژى سۆڤیه‌تى جاران دروست بوو، به‌هه‌زاران چه‌كدارى جیهادى كه دواتر به (عه‌ره‌ب_ئه‌ڤغان) ناوده‌بران، له وڵاتانى عه‌ره‌بیه‌وه خۆیان گه‌یانده ئه‌ڤغانستان و پاكستان بۆ شه‌ڕكردن، كه پێشتر له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا عه‌زام و دواتر بن لادنه‌وه قیاده ده‌كران. دواتر جیهادیه‌كان شه‌ڕه‌كه‌یان بۆ چیچان له‌ژێر فه‌رمانده‌یى خه‌تاب و ئه‌وانیتردا گواسته‌وه، پاشان به وڵاتانى تردا بڵاوه‌یان كرد و له‌هه‌ر وڵاتێك شه‌ڕ هه‌بووایه، ئه‌مان بۆى ده‌رۆیشتن و له‌وێ ده‌گیرسانه‌وه. گه‌ڕۆكى ئه‌و چه‌كدارانه وایكردووه پێش كۆتایى هاتنیان له سوریا‌و عێراق، ناوه‌نده سیاسیه‌كان قسه‌یان له‌باره‌ى دوا مه‌نزڵگه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه ده‌كرد، كه دواى هه‌ڵكه‌ندنیان له‌م دوو وڵاته، به‌ره‌و كوێ كۆچ ده‌كه‌ن، ئایا چى ناوچه‌یه‌ك نائارامه و ئه‌مان خۆیانى پێده‌گه‌یه‌نن؟ چه‌كداره جیهادیه‌كان لهجوگرافیایهكى دیاریكراودا نامێننه‌وه، ده‌گه‌ڕێن، به‌دواى شه‌ڕ و مردنهوهن، ئه‌مانه زیاتر له‌لایه‌ن وڵاتانى رۆژئاواوه به‌سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى بۆ تێكدانى ئاسایشى جیهان داده‌نرێن، هه‌ر بۆیه له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك به‌هێز بن، زلهێزه‌كان بۆ لێدانیان دێنه خه‌ت. ئینجا ئه‌م چه‌كدارانه جۆره‌ها فیكره‌و ئاراسته‌ى جیاوازیان تێدایه، هه‌ر لهتهكفیری توندڕه‌وه تا میانڕه‌و، ته‌نانه‌ت ئه‌و سهرچاوانهشى كه فهتهواى لێوه‌رده‌گرن جیاوازن، بۆیه ئه‌مانه ته‌نها له‌كاتى شه‌ڕدا پێكه‌وه‌ن، شه‌ڕ جیاوازیه‌كانیان له‌بیر ده‌باته‌وه و بهنهیارهكانیانهوه سه‌رقاڵیان ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك بێ شه‌ڕ و له جوگرافیایه‌كى دیاریكراودا بمێننه‌وه، ئه‌وا جیاوازیه فیكریه‌كانیان زه‌ق ده‌بێته‌وه، ناكۆكیه نێوخۆییه‌كانیان سه‌رهه‌ڵده‌دات و توشى گرفتى نێوخۆیى ده‌بن، به‌نمونه تێكچوونى نێوان به‌ره‌ى نوسره و داعش و دواتر تا ڕاده‌ى یه‌كتر تهكفیركردنیش گه‌یشت. بۆیه ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، ئه‌م جۆره چه‌كدارانه كه‌متر زیان بهدیمۆگرافیاى ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌گه‌یه‌نن، چونكه ئه‌مانه هه‌ل و مه‌رج رێگه‌یان پێنادات له‌و ناوچانه بمێننه‌وه و تموحى مانه‌وه‌شیان نیه، چونكه چه‌كدارى كۆچه‌رین و به‌دواى شه‌ڕه‌وه‌ن. . داعشى ده‌شته‌كى . داعشى ده‌شته‌كى ، زۆرینه‌ى چه‌كدارانى داعش پێكده‌هێنێت، هه‌موو چه‌كداره كۆنه به‌عسى و عه‌ره‌به سونه ده‌شته‌كیه‌كان ده‌گرێته‌وه، كه به‌م دواییانه چونه پاڵ داعش. ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌مانه جیاوازه له داعشه جیهادیه‌كان، ئه‌مان مه‌بده‌ئو فیكر نهیبردونهته پاڵ داعش، به‌ڵكو گرتنى ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن داعش و به‌ئه‌مرى واقیع بوونى ئه‌و رێكخراوهتوندڕهوه سونیه، له‌گه‌ڵ رقى ژێر دهستهبوونى عه‌ره‌بى سونه و باڵاده‌ست بوونى كورد و شیعه چه‌كى پێهه‌ڵگرتوون. داعشه ده‌شته‌كیه‌كان پێچه‌وانه‌ى داعشه جیهادیه‌كان، مه‌ترسیان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه ئیقلیمى و نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان نیه، مه‌وداى بیركردنه‌وه‌یان ته‌سكتره، بۆیه مه‌ترسیان بۆ سه‌ر داهاتوى ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئه‌و ناوچانه هه‌یه. ئه‌م چه‌كدارانه گهڕۆن نین، خاوه‌ن فیكر نین، به شێوه‌ى كاتى له‌گه‌ڵ داعش و گروپه توندڕه‌وه‌كانى تردان، ئینجا به‌دواى جیهاد و مردنه‌وه نین و بیر له مانه‌وه و ده‌ركردنى كورد له‌و ناوچانه ده‌كه‌نه‌وه. بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش كه ئێستا له‌باشورى كه‌ركوك په‌لامارى گونده كاكه‌یى نیشین و گونده كوردنیشینه‌كانى تر ده‌ده‌ن، داعشى ده‌شته‌كى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ن، له‌ژێر ناوى داعشدا كار بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه ده‌كه‌ن. ئه‌م داعشه ده‌شته‌كیانه هه‌ندێك له ئامانجه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق دا یه‌كده‌گرێته‌وه، بۆیه ده‌بینین عێراق نه‌رمه له‌گه‌ڵیان، چونكه به‌شێك له‌وكارانه‌ى عێراق دژى كورد پێیناكرێت، ئه‌مانه ده‌یكه‌ن. پاشانیش لاریان نیه، دووسبه‌ى له‌ژێر ناوى حه‌شدى عه‌شایه‌رى و ناوى جیاوازى تردا چه‌ك بۆ عێراقیش هه‌ڵبگرن. نمونه‌ى زیندومان بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ى ئه‌مه له‌به‌رده‌ستتایه، عه‌ره‌به كرویهكانى جه‌له‌ولا كه زۆرینه‌یان ده‌شته‌كى و كۆنه به‌عسین، كاتێك ساڵى 2014 داعش به‌هێز بوو، چونه پاڵ ئه‌و رێكخراوه و شه‌ڕى كوردیان كرد، ئێستا كه داعش لاواز بووه، هه‌موویان رۆیشتونه‌ته نێو گروپه شیعیه جیاوازه‌كانه‌وه و چه‌كیان هه‌ڵگرتووه. بۆیه ده‌كرێت لێره‌وه بڵێین ، داعشه ده‌شته‌كیه‌كان گه‌وره‌ترین مه‌ترسین بۆ سه‌ر گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ، حكومه‌تى عێراقیش چاوپۆشیان لێده‌كات و كاره‌كانیان ده‌چێته خزمه‌تى ئه‌جێنداى حكومه‌ته‌وه. وه‌كو بینیمان ساڵانى 2006 بۆ 2010 چه‌كداره ده‌شته‌كیه توندڕه‌وه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك گونده كوردنیشینه‌كانى ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى سهعدیهى پارێزگاى دیاله‌یان كرده ئامانج، هه‌موو ئه‌و گوندانه‌یان به‌كورد چۆڵكرد. ئێستاش كاتێك هه‌مان سیناریۆى ساڵى 2008 لهدهوروبهرى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر دووباره ده‌بنه‌وه، چه‌كداره ده‌شته‌كیه‌كان كورده‌كانیان به‌چڕى كردۆته ئامانج، ده‌بینین عێراق ده‌سته‌وه‌ستانه و ره‌نگه دۆخهكهشى پێخۆش بێت. بۆیه لێره‌وه ده‌كرێت بڵێین، گه‌ر حكومه‌تى عێراقى نه‌خرێته ژێر به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌ى كه به‌هه‌مانشێوه‌ى داعشه جیهادیه‌كان ، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دهشتهكیهكانیشدا بكات، ئه‌وا له‌داهاتودا ئه‌مانه زیان به كورد ده‌گه‌یه‌نن و به‌ته‌واوه‌تى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه ده‌گۆڕن.
■محەمەد نوری.. دەبێت ئەمجارەش بگەڕێمەوە بۆ تەنزێكی رۆژنامەنوسی عەرەب جەلال عامر، ئەو دەنوسێت: حزبەكان خەریكی مەسەلە گەورەكانن بۆیە هاوڵاتیانو خەڵكیان بیرچووەتەوە، ئەوان خەمی گەورەترییان هەیە لەخەمی خەڵك. با ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ئەوەی بچینە ناو پرسیارە سادەكانمانەوە، باپرسین : ١- هەموان دەزانین ئەم حكومڕانییە كوردییە لەبنەڕەتەوە شكستی هێناوە ونەیتوانیوە مۆدێلێكی دروست‌و تەنانەت كەمتر لەنیمچە باشیش پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات، هەمو دەزانین حكومەتی هەرێم حكومەتێكی داڕماوە، بەڵام بێ دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی ئەم حكومەتەو خولانەوەیان بەدەوەری یەكتردا، نەك مانەوەی ئەم حكومەتە مسۆگەر دەكات، بەڵكو لاوازی بەرامبەرەكانیش دەردەخات، بۆیە دەبێت لێیان بپرسین ئێوە خەریكی چین؟ ٢-كارەبا نییە ،تینی گەرما پشتی هەموانی شكاندوە .ئەگەر مولیدە ئەهلییەكان نەبێت خەڵك وەك چلورەی بەردەم خۆر دەتوێتەوە ،حكومەتیش بێ باك تەماشای ئەم توانەوەیە دەكات. هەمدیس دەپرسینەوە: ئایا حزبەكانی تربۆبە یەك دێڕی فەرمیش چییە باسی ئەم موسیبەتەیان نەكردوە؟ یان رەنگە پێیان شەرمبێت باسی ئەم شتانە بكەن. لەكاتێكدا ئەمە پەیوەستە بەهەموو هاوڵاتییەكەوە. لەوە خەمتر دەبێت چی بێت تابەیانی دەبێت باوەشینی منداڵ بكەی بۆئەوەی بنوێت ،حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی وپارتیش دەڵێن ئێمە خەریكی مەسەلەی گەورەین، ئایا خەمی خەڵك مەسەلەیەكی گەورە نییە؟ ٣- حكومەت وەك سوكایەتتیەك بڕیارێكی دەركردوە كە بڕیارەكەی لەنوكتەی گێلەكان دەچێت، لەبڕیارەكەدا هاتوە لەمەودوا چەتر بۆ خانەنشینەكان دابین دەكەین ،بۆیە لەكاتی وەرگرتنی موچەی ساڵێ پێشوویان هەتاو لێیان نەدا. ئەم بڕیارە لەسوكایەتی دەرچوە بوە بەدێڕێك كە یەك مانای هەیە ئەوەش: بێ منەتی وبەبچووك زانینی خەڵك.كەچی نەك هەمووی بێ دەنگە، بەڵكو وەك تەنز بڵاوی دەكەینەوە، كەچی حزبەكانی خۆیان بەجیاواز لەیەكێتی وپارتی دەناسینن لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە یەك دێڕ چییە نەیانووتوە، وەك ئەوەی كێشەی خانەنشین لەم وڵاتەی ئێمەدا كێشەی بچوكبێت وئەوان سەرقاڵی مەسەلە گەورەكانبن (لەكاتێكدا كورد مەسەلەی گەورەی نەماوە). ٤-یاری بەئەنجامی تاقیكردنەوەكان كرا‌و پرۆسەی پەروەردە سات بەسات شكست دەهێنێت‌و بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت، كەچی حزبەكانی دەرەوەی یەكیتیو پارتی نەك هەرباسی ناكەن، بەڵكو لاشیان گرنگ نییە چی لەناوسیستەمێك كەناوی سیستەمی پەروەردەیەو داهاتوی ئەم وڵاتەی لەسەر بەندە دەگوزەرێت. بۆیە دەركەوت مەسەلەی پەروەردە كێشەی بچوكەو ئەوان خەریكی مەسەلەی گەورەترن. ٥- كوشتن‌و تەقەكردن‌و ئالودەبون زیاد بوە، خەریكە هەرێم دەچێتە بازنەیەكی مەترسیدارەوە، حزبەكان بێدەنگ لەم كێشانە دەڕوانن ،وەك ئەوەی ئەم مەسەلەیە كێشەی بچوك‌و سادەبن، بێ ئاگا لەوەی كە داڕمانی كۆمەڵگا دەستپێكە بۆ كەوتنە گەورەكە كە ئیتر هیچ مانایەك بۆ ژیان لەم هەرێمەدانامێنیتەوە، كەچی هەموش بەبێدەنگی تەماشای دەكەن. ٦-كورتی وكوردییەكەی ئەوەیە: یەكێتی وپارتی گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی (گۆڕان‌و كۆمەڵو هاوپەیمانی‌و یەكگرتو) نەپێیان تێكدەدرێت، نەپێیان چاكدەكرێت، نەپێیان دەگۆڕێت. گۆڕان خەرێكی دەركردنی بەیاننامەیەو كۆمەڵ هەر كۆدەبێتەوە وهاوپەیمانی تاوتوێ مەسەلەكان دەكات ویەكگرتووش چاودێری دۆخەكە دەكات، یەكێتی‌و پارتیش حكومڕانی دەكەن.
■ مەریوان وریا قانع .. ”سەردەمە تاریکەکان ئەو سەردەمانە نین کە تەنھا دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی لە شێوازە جیاوازەکانیاندا بەرھمدەھێنن. ڕاستە بوونی ستەمگەریی لە فۆرمە جیاوازەکانیدا بەشێکە لە تاریکاییەکانی دونیا و تاریکاییەکانی سەردەمێکی مێژوویی. بەڵام لەمانە بنچینەییتر، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، نەبوونی ڕووبەرێکی گشتییە لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناویدا دەربکەون و وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی و چالاک کاربکەن. مرۆڤ لە ڕووبەری گشتیدا دەردەکەوێت، قسەدەکات، دەبیسترێت، کردە ئەنجامئەدات، تیشک دەخاتە سەر مەسەلە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، باس لەوەدەکات چیی سەرەکیی و بنەڕەتییە و چی نا، چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت. ئەو ڕووبەرە گشتییە نیشانیئەدات چ شتێک لە خەیاڵ و عەقڵ و ھەستی کەسەکاندا ئامادەیە، خەڵک خەون بە چییەوە دەبینن و چ چاوەڕوانییەکیان ھەیە، کەسانەکان کێن و دەتوانن چی بکەن و چی ئەنجامبدەن. ”سەردەمی تاریک“ ئەو سەردەمەیە کە ڕووبەری گشتیی ئەم کارانەی بۆ ئەنجامنادرێت. درۆی ڕێکخراو دەبێتە گوتاری باڵادەستی ناو ئەو ڕووبەرە، ترس حوکمڕانیی دەکات، سیاسەت لەباتی چالاکی بەرھەمھێنانی ژیانێکی گشتیی ماقوڵ و پلورال، دەبێت بە کردەی درۆکردن و شاردنەوەیەکی بەردەوام، بۆشایییەکی گەورە لە متمانەکردندا دروستدەبێت و کەس باوەڕ بەوەناکات چی دەگوترێت و چ لێکدانەوەیەک بڵاودەکرێتەوە. لە سەردەمی تاریک‌دا ئەو قسانەی دەکرێن لەباتی ئەوەی نیشانیبدەن چی ڕوویداوە و چی ڕووئەدات، بەشێکن لە کردەی شاردنەوەی شتەکان و داپۆشینیان. زمان لەباتی نیشاندانی دونیا لە ھەقیقەتەکانی خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوە و چەپاندن و ساختەکردنی ھەموو ئەو ھەقیقەتانە. ئەمەیە وا لە ھانا ئارێنت دەکات گەورەترین شێوازی بێمافکردنی مرۆڤ لە بێمافکردنی لە بوونی ڕووبەرێکی گشتیی‌دا ببینێت کە تیایدا بیر و ڕاو بۆچوونەکان گرنگیان ھەبێت و کردەکانیش بتوانن کاریگەریی بەجێبھێڵن. لەھەر شوێنێکدا ڕا و بۆچوون مانای نەما و کردەکانیش بێ‌نرخ و بێکاریگەریی کران، لەوێدا سەردەمێکی تاریک ئامادەیە. ئەوەی ئێستا لە دونیای ئێمەدا ڕوودەدات کوشتنی ئەو ڕووبەرە گشتییە کە تیایدا، لەسەرێکەوە، جگە لە درۆ و شاردنەوە و نھێنیکاریی و پیلان و ناپاکیی و وێرانکردنی تەواوەتی متمانە شتێکی تری ئەوتۆ لەناویدا ڕوونادات. لەسەرێکی دیکەشەوە ھەموو میکانیزمەکانی سەرکوتکردن و وەڕسکردن و ڕێگرتنی لە ھەر کردەیەکی مانادار تیادا ئامادەکراوە. ھانا ئارێنت ئەم جۆرە ساتەوەختانە بە ساتەوەختی تاریک ناودەبات، بەڵام بەبێئەوەی نا‌ئومێد ببێت. چونکە پێیوایە لەناو سەردەمە مێژووییە تاریکەکانیشدا مرۆڤ ھێشتا مافی ئەوەی ھەیە گەشبین بێت و تیشکێک ببینێت کە ھێما بۆ دونیایەکی ڕووناکتر بکات.“ پەرەگرافێک لە پرۆژەی نووسینێکی تازەی من لەسەر ھانا ئارێنت
■ عه‌لی حه‌مه ساڵح... یه‌کێتی و پارتی به پیلان و به‌رنامه، کار بۆ دروستکردنی کێشه‌و زه‌قکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی گۆڕان ده‌که‌ن، چه‌ند ئامانجێکیان هه‌یه. -له‌بیربردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی موچه‌و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری و داهاتی نه‌وت. -لاوازکردنی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ئێمه گرفتمان هه‌یه له گۆڕان ئاساییه‌و چاره‌سه‌ری ده‌که‌ین، نه‌مانتوانیوه شوێنی کاک نەوشیران پڕبکه‌ینه‌وه ڕاسته‌و هه‌وڵده‌ده‌ین، به‌ڵام نه خیانه‌تمان کردووه‌و نه له‌دزی تێوه‌گلاوین و نه ته‌سلیمبووین، ئه‌دامان وه‌ک پێویست نیه، ئه‌مه ڕاسته‌و ده‌بێت پێداچونه‌وه بکه‌ین... کێ پرسیاری له‌سه‌ر دارای گۆڕان هه‌یه، سه‌ردانی ژوری کارگێڕی و دارایی بکات، من خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی هاوکاریم بۆ گۆڕان کۆکردووه‌ته‌وه‌و ئاگاداری داهات و خه‌رجی گۆڕانم و هه‌رگیز ڕێگا بە کەسێکی دیکه نادەین خراپ به‌کاری بهێنێت.. تۆش که هه‌ڵسوڕاوی گۆڕانی مافی خۆته ورده‌کاری بزانیت و لێره‌شه‌وه داواده‌که‌م ژوری کارگێڕی و دارایی ڕاپۆرتی مانگانه بخاته به‌رده‌ست هه‌ڵسوڕاوان و ڕای گشتی. کۆمپانیای وشه، کاک نه‌وشیروان پێش گۆڕان دروستیکرد، مۆڵه‌تی کارگه‌یه‌کی چیمه‌نتۆی ورگرت پاشان له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رێک به ١٥٪ بووبه هاوبه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دارایی ته‌له‌فزیۆنه‌که دابین بکات، ئێستا‌و ئاینده‌ش گرده‌که‌و که‌ناڵه‌که ١٠٠٪ له خزمه‌ت گۆڕان ده‌بن، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه هه‌مان سیاسه‌تی ٢٠٠٩یه، نهمهترێکی گرده‌که فرۆشراوه نه بۆ کارێکی دیکه به‌کارهاتووه... گۆڕان نه‌ک داهاتی نیه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، به‌ڵکو ده‌بێت مانگانه سواڵ و قه‌رز بکرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زاگاکانی ڕاگه‌یاندن و حیزب.. بڕیاری گۆڕانیش هه‌ر له جڤاته‌وه ده‌درێت. بۆنمونه، یه‌ک لیستی و ڕیفراندۆم ...هتد، کێ ده‌توانێت بڕیارێکی سیاسی گۆڕان بڵێت له ده‌ره‌وه‌ی جڤات درابێت. گۆڕان پێویستی به پێداچونه‌وه‌و خۆڕێکخستنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری هاوڵاتیان و ده‌نگده‌رانه، پێویستی به‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی له‌کاتی خۆیدا بکرێت و به‌رده‌وام نوێبوونه‌وه له پێکهاته‌ی جڤات و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندندا بکرێت. له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیه، ١٠٠٪ په‌یوه‌ندیه‌کان بچڕێندراوه، پێشنیار ده‌که‌م به‌فه‌رمی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی که ئێستا سڕ کراوه به فه‌رمی هه‌ڵوه‌شێته‌وه. هه‌موو هه‌وڵێک بۆ بچوککردنه‌وه‌ی گۆڕان له ئێستادا خزمه‌ته به پارتی و یه‌کێتی، تاریککردنی ئه‌م وڵاته‌یه بۆیه تکایه هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ئاگاداربن.
■ چیا عەباس .. مێژویەکی یەکڕیزی کورد لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی هەڵساندنەوەی دوای شکستی ١٩٧٥ دەیزانی شەڕ بۆچی دەکات و لەگەڵ کێ دەیکات. کاتێک شەڕی نێوان شۆرش و رژێمی بەغدا لە ١٩٧٥ دەستی پێکردەوە دەیان هەزار کورد لە هەمو چین و توێژەکانەوە و هەزاران خوێندکاری پلە جیاکان رویان لە ناوچە ئازادکراوەکان کرد، هەزاران کارمەند و کادری حزبی و ئیداری لە دەزگا حیزبی و ئیداریە جیاکانی شۆرشدا کاریان دەکرد و دەیان هەزار پێشمەرگە و هێزی یەدەک لە بەرەکانی جەنگدا بون. ئەم بەشداریە میللیە لە مێژوی سەدەی رابوردوی کوردایەتی لە باشور بەهێزترین شێوازی یەکریزی و یەکگرتویی بو. خوالێخۆشبو مەلا مستەفا کە رابەری شۆڕشی ئەیلول بو دەیگوت: گرنگ نیە چ بیر و بۆچونێکت هەبێت، گرنگە کوڕی میللەتەکەت بمێنێتەوە. لە شۆرشی هەڵساندنەوەی دوای شکست هەزاران گەنجی شارەکان و گوندەکان لە سەختترین دۆخدا شەڕی مان و نەمانیان دژ بە رژێمەکەی بەغدا دەکرد. وێڕای مەترسی زۆر گەورە لەسەر ژیان و ماڵیان پشتگیری و پشتیوانی بێئەندازەی خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بۆ ئەو خەباتە نیشانەیەکی زیندوی تر بون بۆ یەکڕیزی و ئیرادەی یەکگرتوی میللەت. یەکێتی کە سەر قافڵەی ئەو شۆڕشە بو باوەڕی بە فرە رەنگ و بۆچون بو، بۆ خۆشی چەترێکی گەورە بو بۆ کۆکردنەوە و یەکڕیزی. وەسفکردنی ئەم یەکگرتویی و یەکڕیزیە زادەی خەیاڵ نیە، هەر کەسێک بە هۆشیاری و ویژدانەوە ئاگای لەو سەردەمانە بوە ئەم راستیانە دەسەلمێنێت. وێڕای ستەمکاری توند و بەرفراوانی رژێمە جیاکانی بەغدا بەرامبەر بە کورد، بەڵام کورد توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت، لە سەر خاکی خۆی بمێنێتەوە، هەڵسێتەوە، بەرەنگاری بەغدا بێتەوە، پێداگری لە مافەکانی بکات و توانیشی پشتگیری بەشێکی دنیای دەرەوە بۆ پرسەکەی بەدەست بهێنێت. ئەمانە لە سەردەمێکدا رویانداوە جیهان لە سایەی یاسا‌و رێسا و کۆدەکانی شەڕی ساردا گوزەری دەکرد، سەردەمێک بەزاندنی سنورەکانی ئەو شەرە زۆر ئەستەم بو، بە تایبەت بۆ کوردی دابەشکراو و بێ دەوڵەت و گەمارۆدراو. لەو سەردەمانەدا هیچ سەرکردە و هێزێکی کوردی بیریان لەوە نەدەکردەوە سازش لە سەر یەک سانتیمەتر خاکی کوردستان بکەن، بۆیە خاک پێش ماف کرۆکی بزافی کوردایەتی بو. مەلا مستەفا دەیگوت ئەگەر واز لە یەک پارچەی بچوکی کوردستان بێنم دەبێت سەری خۆم هەڵگرم، مام جەلال لە سەردەمی ململانێی لەگەڵ مەلا مستەفا لە ناوچەی قەرەداغ زۆر بە توندی بەگژ ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای عێراقدا دەوەستێت کاتێک مشتێکی خۆڵی قەرەداغ بە "ارض العروبة" ناو دەبات. لەو قۆناغانەدا خەباتی کورد بۆ خاک و ناسنامە و ماف بو. کەم نین ئەوانەی لە پێناو ئەو ئامانجانەدا ژیان و گیان و ماڵیان بەخشیە نەتەوەکەیان. کاک نەوشیروان لە سەر راپەرین دەڵێت یەکڕیزی و یەکگرتویی کورد و مانەوەی لە سەر خاکی خۆی لە زەمینە بەهێزە بنەڕەتیەکانی راپەرین بون، بۆیە ئەو سەرکەوتنە مەزنەش بە دەستهێنرا. هەڵوەرینی یەکڕیزی کاتێک دوای راپەرین هێزە کوردییەکان چێژی پارە و گەرمی دەسەڵاتیان کرد، ئەمەریکاش هانی دەدان و پارەی بە سەریاندا دەبەخشیەوە، ئیتر هەڵوەرینی یەکڕیزی کورد دەستی پێ‌کرد. بۆ چەند تورەکەیەکی دۆلاری گومرگەکان دو هێزی کوردایەتی کەوتنە گیانی یەکتر، شەڕێکیان بەرپا کرد کە بێجگە لە ماڵوێرانی و تێکشکاندنی یەکڕیزی و دابەشکردنی خاک و حوکمڕانی هیچیان لی دروێنە نەکرد. شەڕەکە بە زەبری ئەمەریکا راگیرا، تارمایی و سەرابی یەکڕیزیەکی زۆر لەرزۆک لە رێککەوتنی واشنتۆن بۆ راگرتنی شەڕەکە هاواریان دەکرد. دوای رێککەوتنی ستراتیژی ئیتر شتێک بەناوی یەکڕیزی رەسەن نەما، ئەو یەکڕیزیەی ئیدیعایان دەکرد وەهمێکی ئیبداعی خۆیان بو، هەر دولا بە توندی دەستیان پێوە گرتبو تا لە دابەشکردنی غەنیمەی عێراق و کوردستان، تایبەت دوای روخاندنی سەدام، پشکی شێریان بەرکەوێت، ئەمە کرۆکی ئەو سەردەمەی بە ناو یەکریزی بو. دەسەڵات دروستبونی گۆڕانی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر یەکڕیزی دەبینی، ئەوان بۆ خۆیان راست بون، چونکە پێناسەیان بۆ یەکڕیزی لە دیدگای خۆیانەوە داڕشتبو. کاتێک دەستیان بە سزادانی سیاسی، نانبڕین، دەرکردن، گرتن، کوشتن، تۆقاندنی گۆڕانخوازان کرد مەبەستیان بو یەکڕیزی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان بپارێزن. ئەوان خۆیان غافڵ دەکرد لەوەی جیاوازی و ململانێی تەندروست کۆڵەکەیەکی گەورەی یەکڕیزیە، بەو جۆرە کار و رەفتارانە دژ بە گۆڕان کفنێکی تریان بە بەری یەکڕیزیدا کرد. گۆڕان بەردەوام رایدەگەیاند: لە کوردستان چی خوا پێی ناخۆشە پێمان دەکەن و لە بەغداش داوای یەکڕیزیمان لێدەکەن، لە گەڵ ئەوەشدا لە چەند پرسێکی گرنگدا یەکڕیزیەکی کاتی لە بەغدا بەرامبەر چەند پرسێکی گرنگ پێڕەو دەکرا. دورخستنەوەی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان سەلماندیان بانگەشەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ یەکڕیزی لە ئیدیعایەکی بێ بنەما زیاتر نەبوە. دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق، دەسەڵات و چەند هێزێکی تر دەستیان بە چڕینەوەی قەوانی یەکڕیزی کردوەتەوە. سەیرە، بەشێک لەو هێزانە لە هەڵبژاردنێک بۆ عێراق، نەک بۆ کوردستان، ساختە لە هاو هێزە کوردیەکانیان بکەن، دواتر بێن داوایان لێ بکەن لە ساختە و تاڵانیەکە چاو بپۆشن و بەرامبەر بەغدا یەکڕیز بن، ئەمە لە تراجیدیایەکی کۆمیدی ئاسا زیاتر نیە. هەمو دەزانین کورد لە باشور لە ئێستادا لە گێژاوی قەیرانی سەختی سیاسی و ئابوری و ئیقلیمیدا دەگوزەرێت، تەنها یەک بژاردەی لە بەردەمدایە بۆ راگرتنی دۆخی هەرێم و رێگری لەوەی بەرەو خراپتر بروات، ئەویش حزوریەتی لە بەغدا. بۆیە یەکڕیزی کورد لە بەغدا کۆڵەکەی بنەڕەتیە بۆ چەسپاندنی کاریگەری ئەو حزورەی، بەڵام چ جۆرە یەکڕیزیەک و بنەماکانی ئەو یەکڕیزیە چین؟ وەک باسم لێکرد نیو سەدە لەمەوپێش کورد بۆ خاک و ناسنامە و ماف یەکڕیز بو، ئێستا دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لە راپەرین و ١٥ ساڵیش دوای روخاندنی سەدام با بزانین پرسەکانی خاک و ناسنامە و ماف بە کوێ گەیشتون؟ چونکە دیدگای هاوبەش بۆ ئەو جومگانە یەکڕیزی کورد بەرقەرار و بەرجەستە دەکەن، مەحاڵە کاتێک هەر یەکێک بۆ ئەو جومگانە لە ئاوازێک بخوێنێت یەکریزیش ببێتە واقیع. گەرانەوە بۆ دەستوری عێراق و شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵات و هێزەکانی کورد پێوەری بنەرەتین بۆ هەڵسەنگاندنی رۆڵی لایەنی کورد لەو سێ پرسە گرنگەدا. خاك کاک نەوشیروان لە سەر پرسی خاك نوسیویەتی: "له پێش روخانی به‌عس دا، كورد به‌هێزترین یاریكه‌ری سیاسی مه‌یدانه‌كه بو... له دوای روخانی به‌عس، كورد له عێراق دا، له پاش چه‌ندین ساڵ خه‌بات و چاوه‌ڕوانی هه‌لێكی مێژویی بۆ هه‌ڵكه‌وت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له خواسته سه‌ره‌كییه‌كانی، به تایبه‌تی دیاریكردنی سنوری كوردستان، بچه‌سپێنێ. ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆی دا بیقۆستایهتهوه له‌وانه بو ده‌سكه‌وتی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری پێشمه‌رگه‌یی گه‌وره‌ی به‌ده‌س بهێنایه و، بیتوانیایه هه‌ندێ له كێشه كۆنه‌كانی به‌لادا بخستایه له‌وانه كێشه‌ی سنوری كوردستان، كه ماكی دێرینه‌ی زۆر به كێشه‌كانی تری بوه. سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌هۆی ململانێ ی حیزبیی ناوخۆیانه‌وه، بۆ رازی كردنی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌م هه‌له‌ی له ده‌س دا ".(کۆتایی نوسینەکە) دەسەڵاتی کوردی رازی بو خاکەکەی بخاتە ژێر رەحمەتی چەند رێککەوتن و یاسای کاتی و راپرسیەوە، هیچ کام لەوانە راشکاوانە باسیان لە سنوری کوردستان نەکردوە، بە هەڵسپێردراوی و لە تەم و لێڵیدا پرسی خاك پشتگوێخرا. ئەم واقیعە زەمینەخۆشکەر بو تا لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هەمان پشتگوێخستنی خاک بە شێوەیەکی تر فۆرمێلە بکرێت، کرۆکەکەی لە مادەی ١٤٠ و چەند بڕگەیەکی تری دەستورەکەدا کۆکراوەتەوە. ١٣ ساڵ بەسەر تێپەڕاندنی دەستوردا تێپەڕیوە، نەک بەشێک لەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە بەڵکو پێچەوانەکەی بۆتە ئەمری واقیع. ئەوانە کێ بون هاریکاری و کارئاسانیان بۆ بەغدا کرد تا زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان داگیر بکاتەوە؟ ئەوانە کێ بون پاش سەدان پێشمەرگەی شەهید و هەزاران بریندار و ماڵوێرانیەکی گەورە لە بەرەنگاربونەوەی داعش و بەرگری لە خاکی کوردستان زۆربەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانیان بە " جرة قلم" ێک بەخشیەوە بە دەسەڵاتی بەغدا؟ ئیتر پێمان ناڵێن چۆن بێینە ژێر باری ئەو یەکڕیزیەی داوای دەکەن؟ ساڵانێکە بەردەوام هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بە ئارەزوی خۆیان لە خاکی کوردستاندا دێن، دەرۆن، دەمێننەوە، بوردومانی دەکەن، پەلاماری هاوڵاتیان دەدەن، دەیانکوژن، ماڵ و ژیانیان وێران دەکەن، سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی زێدی باو و باپیرانمان دەکەن و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانیمان بێ بەها دەکەن، کەچی دەسەڵاتی کوردی جارجار نوزەیەکی لێوە دێت، هاوکاتیش داوای یەکڕیزی دەکەن. خەڵکی باش لە ئاڵۆزی پرسی کوردایەتی لە ناوچەکە تێدەگات، هاوکاتیش ئاست و توانای هێزی خۆمان بەباشی هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام ئەمە ئاوە ناگەیەنێت بێدەنگ بین، بۆچی پێمان ناڵێن لە چیدا لە گەڵتانا یەکریز بین؟ لە بێدەنگیدا یاخود لە رەتکردنەوەی ئەم داگیرکردن و تەعەدایانەدا؟ پرسی خاک پێشئەوەی سیاسی بێت هەستی ئینتیمایە بۆ نیشتمان، کاتێک ئەو هەستە شڵەقا و کاڵبوەوە هەر سیاسەتێک بۆی بگریتەبەر کورت دەهێنێت. فەلەستینیەکان ئارەزومەندانە بۆ دەیان ساڵ لە کامپەکانی ئیغاسە لە رەوشێکی زۆر خراپ‌دا مانەوە، چونکە ئینتیمایان بۆ خاک وای لێکردبون لە هیچ شوێنێک خانویەک دروست نەکەن تا جێگیر نەبن. ئێستا کە لە سەر بەشێکی خاکەکەیان دەژین بە هۆکاری هەست و تێڕامانی جیایان بۆ پرسی خاک و ئایندەی هەر چیەک بکەن هەر لەو دو دڵی و نائارامیەدا دەمێننەوە کە تێی کەوتون. ناسنامە جاران لە دەستورە کاتییەکانی عێراقدا دەنوسرا: عێراق بەشێکە لە جیهانی عەرەبی، کورد و عەرەب شەریکن لە نیشتماندا... تا کاتی دەستوری هەمیشەیی عێراق هیچ کام لە حکومەتەکانی بەغدا مامەڵەی کوردیان وەک شەریک نەکردوە، بەڵکو وەک چەتە (قطاع الطرق) و دوژمن و بەکرێگیراوی بێگانە و ... تاد. لە مێژەوەش بەغدا کاری جدی بۆ تەعریبکردنی کودستان و گۆرینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی چەند ناوچەیەکی کوردستان کردوە. با سەیرێکی دەستوری هەمیشەیی عێراق بکەین بزانین چی دەڵێت. پێشەکی زۆربەی دەقی دەستورەکە جەخت لە ناسنامەی ئیسلامی عێراق دەکات و ئیسلام بە سەرچاوەیەکی بنەرەتی بۆ یاسا دانان پێناسە کردوە. لە بەشێکی تری دەستوردا هاتوە کە عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و ئەندامێکی دامەزرێنەر و چالاکی کۆمکاری عەرەبیە و پابەندە بە میساقەکەی و بەشێکە لە دنیای ئیسلامی. هەر کەسێک خەمی ئاشنابونی بە میساقی کۆمکاری عەرەبی هەبێت دەتوانێت بە وردی سەیری پرۆتۆکۆلی ئەسکندەریەی ساڵی ١٩٤٤ بکات کە کرۆکی میساقەکەیە تا بزانێت چی تێدایە. هاوکات لە ١٨ تا ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٠٣ شاندێکی باڵای کۆمکاری عەرەبی سەردانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کرد، شاندەکە راپۆرتێکی بۆ کۆمکار بەرزکردەوە، ناوەرۆکی راپۆرتەکە هەمان نەفەسی شۆڤینیزمی عەرەبی بەرامبەر بە پرسی کوردی لە خۆ گرتوە. لە پێناسەکردنی عێراقدا ئەوەندە جەخت لە ناسنامەی ئیسلامی و عەرەبی عێراق کراوە لە دور یا نزیک باسی کوردی وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد نەکردوە، دەستور زۆربەی تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەتەوەییەکانی کوردی لە چوارچێوەی هاوڵاتی عێراقی و ئیسلامدا پێناسە کردوە. هێزە کوردیەکان لەم کاڵکردنەوەی ناسنامەی کورد بێدەنگ بون. ئێستا لە پێگەیەکی لاوازەوە پەرۆشی خۆیان بۆ دەستور دەردەبرن، لە کاتێکدا ناسنەمەی نەتەوەییان لە دەستور و لە ئەرزی واقیعدا ( کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان) وەک چێشتی مجەوری لێکراوە ناتوانن لە سایەی ئەو زەمینە لەرزۆکەدا یەکریزیەکی کاریگەر بەرامبەر بە عێراقی عەرەبی بەدیبهێنن. کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر سەلماندی ناسنامەی نەتەوەیی و خاک کرانە خۆراکی سیاسی، ئاکامە لۆژیکەکەشی ئەوەیە ماف بۆ خۆی کاڵدەبێتەوە. ماف مافەکانی کورد پرسێکی رەوای ئەزەلیە، نە یەزدان و نە قورئان و نە دەستور و نە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیانسرنەوە، ئەوەی دەتوانن لە پێشێلکردن و رێگری لێیان یاخود دانپینان و کارئاسانی بۆیان زیاتر نین. با بێین بزانین مافەکانی کورد لە کوردستان و لە عێراق بە کوێ گەیشتون؟ سەرەتای شۆرشی ئەیلول کورد داوای قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەتوان و ئازادکردنی دەستگیراوەکان و گەڕانەوەی کارمەندانی کورد بۆ سەر کارەکانیانی دەکرد (گەڕانەوە بۆ پێش روداوەکان)، لە گەڵ بەهێزبونی شۆرش و یەکریزی هێدی هێدی سەقفی داواکاری کورد بۆ لامەرکەزیەت و دواتر بۆ ئۆتۆنۆمی و ئۆتۆنۆمی راستەقینە بەرز دەبوەوە، دوای راپەرین کورد فیدراڵیەتی وەک قۆناغێک لە بەکارهێنانی مافی خۆچارەنوس کردە بنەمای سەرەکی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ بەغدا. لە دەستوری هەمیشەییدا فیدراڵیەت بۆ سیستەمی حوکمرانی عێراق چەسپێنراوە، وێرای دڵگرانی و نارەزایی چەند لایەنێکی عێراقی کورد ئەو سیستەمەی لە چوار پارێزگا و چەند ئیدارەیەکی کوردستان چەسپاندوە. ئەم فیدراڵیەتەی کورد لە دیدگای دەسەڵاتدارانی عێراقدا جۆرێکە لە ویلایەتەکانی سەردەمەکانی فەرمانرەوایی ئیسلام لە ناوچەکە، فیدرالیەتێکی ئیداری کە دەبێت لە دوا مەتافدا گوێرایەڵی کۆشکی ئەمیر و سوڵتان بێت. ئەم راستیە لە پەرچەکردارەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرکەوت، کاتێک بەغدا هێزی میلیشیای بەکارهێنا بۆ داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان، گەر بۆشی بلوایە زۆر زیاتر دەرۆیشت، زەنگێکی مەترسیدار بیسترا کە ئەوە وێستگەی هەستیاری گرنگ بو کە بەغدا بە جدی کار بۆ ئیفلیجکردنی فیدرالیەت دەکات بەمەبەستی تەواو هەڵوەشاندنەوەی، بەغدا تا ئەم چرکەیەش بەردەوامە لەو جۆرە کارانەی. دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر ئەم واقیعە دەستە و وەسان وەستاوە. پاش سەرنەکەوتنی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزی ئەوەی تیا نەماوە فشاری کاریگەر بخاتە سەر بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا پەرۆشە بۆ گەڕانەوەیەکی گەرم بۆ بەغدا، نێوان ئەم لاوازی و پەرۆشیە داوای یەکڕیزی دەکات. لەم دۆخەدا خەڵکی تێدەگەن داواکەی دروستە، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە بنەماکانی یەکریزی و ئاراستەکانی چین، چونکە بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات پێشتر لەو بوارەدا دەستیان داغان کراون. راستیەک و یەکڕیزی کورد بە گشتی خۆی غافڵ کردوە لە راستیەک، ئەویش کە مەحاڵە هێزێکی ئیسلامی سیاسی، بە هەمو مەزهەبەکانیەوە، رێگە بدات لە ناو جەرگەی دەسەڵات و دەروبەریدا کیانێک یا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بێت و ببێتە مەترسی لە سەری. ئەزمونی ریفراندۆم زیندوترین نمونەیە، رەوشی کورد لە رۆژهەڵات و باکور لە گەڵ دو مەزهەبە گەورەکەی ئیسلام هەمان پەیاممان پێدەڵێت. ئەگەر رژێمە عەلەویەکەی ئەسەدیش بەهێزتر بێتەوە هەمان مەترسی چاوەروانی ئەزمونی رۆژئاواش دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ئەزمونە بە چەمکی بنەرەتی هاوڵاتیبون داڕێژراوە و پرسی نەتەوەیی بە تەنها بناغەی پێکهاتەکانی نیە. راستە کورد ناچار کراوە لە گەڵ ئەم واقیعەدا مامەڵە بکاتک، کەوتۆتە سەر خۆمان چۆن لە سەر بنەماکانی ئەو مامەڵەکردنە رێککەوین، یەکریز و یەکگرتو بین. ئێستا دەسەڵاتدارانی دو حزبی حاکمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی هەستیاریان هەیە داوای یەکڕیزی دەکەن. عەرەب دەڵێت: "فاقد الشیء لا یعطیە" ، دو هێزی دەسەڵاتدار لە گەڵ یەکتر ناتەبان، ناکۆکن لە سەر تێڕامانی بنەرەتیان بۆ پرسی کوردایەتی و حوکمڕانی. ئەگەرچی ناو بە ناو خاڵی هاوبەش دەکەنە جومگەکانی دەسەڵاتی هاوبەشیان، بەڵام هیچکات نەیان توانیوە ئەو خاڵانە بکەنە نمونە و پێوەرێک بۆ یەکریزی نەتەوەیی، لەو روەوە دەیان ئەزمونی تاڵ و سەخت لە بیرەوەریدان، تایبەت ئەو حوکمرانیە بچوکە دابراوەی ئێستا لە هەرێم و ئەو فەرمانرەواییە سەربەخۆیەی هەر یەك لە زۆنی خۆی بەرێی دەکەن. هەرچی یەکێتیشە کاتێک توانی یەکریزی ناو ماڵەکەی خۆی بپارێزێت، توانی گوتاری سیاسی خۆی یەک بخات، توانی لە ناوچەی دەسەڵاتیدا هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئەمنی بەرجەستە بکات، ئەو ساتە بانگەشەی بۆ یەکریزی دەبێتە جێی متمانە. چارە ئەم وەهمی یەکڕیزییە پێویستی بە چارەیە، بە پێچەوانەوە وەک سوڕانەوە لە بازنەیەکی داخراوی بێ بەهادا دەمێنێتەوە. چارەی بنەڕەتی ملکەچ کردنە بۆ ئیرادەی میللەت، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونەکان دەست پێدەکات و دەبێت دوا وێستگەی سازدانی کارنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی چر و پر بێت، کارنامەیەک بە وردی خاڵ لە سەر وشەکان دابنێت، کارنامەیەک زەماناتی جێبەجێکردنی مسۆگەر بکرێن، کارنامەیەک کۆکەرەوەی خاڵە گرنگ و ئەرێنەکانی هێزەکانی کوردستان بێت، دور لە فروفێڵ و پاشقولگرتن و ساختەکاری سیاسی و ........ تاد. کاتێک ئەمە کرا یەکڕیزی کورد دەبێتە ئەمری واقیع، ئەوسا هیچ پێویست بە بانگەشە بۆی و هەڵدان بە شان و شەوکەتیدا ناکات، چونکە دەبێت یەکڕیزی زادەی قەناعەت و دیدگا و خەم و خەونی هاوبەش بێت، ئەگینا تەنها بە قسە و داواکاری وەک وەهم و سەرابێک دەمێنێتەوە.
■ ستران عەبدوڵڵا .. پێكهاتەی شیعە لەڕێی سێ جۆر نوێنەرایەتییەوە خۆی دەردەخات كە هێندە گوزارشت لە فراوانبوونی پەراوێزی بەردەمیان دەكات، هێندە ئاماژەی تەنگژەو پەرتەوازەیی نییە. تەجرەبەی وێستگەكانی دیكەی حكومەتەكانی تر، لەدوای رووخانی سەدامەوە، دەریدەخات پەرتەوازەیی شیعە لە پشكی حكومڕانییان كەمناكاتەوە، بەڵكو وەك لابۆری تاقیگەكان چۆن ئاوی تێبكرێت ناڕژێ، لە یەك ئاستی دابەشبووندا دەگیرسێتەوە. دوو ململانێكاری ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی، ئێران‌و ئەمریكا، كە لە گۆڕەپانی عیراقدا نفوزدارن، دەكەونە ململانێیەكی واوە كە شیعەی زۆرینە وەبەرهێنانی تێدا بكات، كامیان زیاتر پێكهاتەی شیعە رازی بكات تا پردی پارێزگاری بژاردە سیاسییەكانی ئاوەدان بكاتەوە. ئەمجارەش پەرتەوازەیی شیعەكان هەر وای لێ دەكەوێتەوە كە دەستكەوتەكانیان پارێزراو دەبێو پریشكی ناكۆكییەكانیان بەسەر كورد‌و سوننەدا قڵپ دەبێتەوە. دابەشبوونی ئەمجارەی شیعە بەسەر سێ ناوی جواندایە، كە لە ناوەرۆكدا هەمان هەژموونی ئەوان دووپات دەكاتەوە: فەتح و سائیرون و نەسر. واتا: (حوكمڕان‌و ئۆپۆزسیۆن‌و هێزی سەربازی). -سائیرون شیعەی ناوەوەیە كە سەدر سەرۆكایەتییان دەكات، لەگەڵ رەوتی شەقام‌و ناڕەزایی تێكەڵبوونو لەهەڵبژاردندا یەكەمییان هێناوەتەوە. -شیعەی حوكمدار، كە دووجار بەناوی دەوڵەتی قانوونەوە حزبی دەعوەی لە حوكم جێگیركرد، ئەمجارە نەسری داوە بە عەبادی‌و قانوونی بۆ مالكی بەجێهێشتووە. عەبادی بە قەرەباڵغی سەركەوتنی رەسمی بەسەر داعشدا گەلەكۆمەكێیەكی بۆ خۆی دابینكرد، هەرچەندە یەكەمی نەهێناوە، بەڵام سەنگی لە قبوڵی نێودەوڵەتی گەورەیە. -شیعەی عەسكەری كە فەتح نوێنەرایەتییان دەكات. ئەمانە نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبـی و باڵی سەربازیی شیعە دەكەن، كە خوێنیان بۆ بەرەنگاری داعش خەرج كردووەو خۆیان وا دەردەخەن عیراقیان لە دابەشبوون پاراستووە. بەم جۆرە شیعەی ناوەوە (كە بەدەستەواژەی نەدیم جابری شیعەی ئەنسارن) هێڵێكن بەرامبەر شیعەی دەرەوە (موهاجرین)، (كە ئەمانە لە مەنفای بەرەنگاری بەعس بوون‌و لە ژێر چەتری ئەنجومەنی باڵادا بەدر و دەعوەیان پێدەگوتن). ئێستاش دوو گروپن (نەسر و سەدر). دەوڵەتی قانوونی مالكیش یەدەكە بۆ هەر لێقەومانێك. ڕاستە هێشتا ساغنەبۆتەوە ئەم سیانە چۆن هاوپەیمانێتی دەكەن‌و كێ سەركاریان دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئەمریكا عەبادی دەوێ و ئێرانیش بێ پێداچوونەوەو رێكخستنەوە سەدری ناوێت. فەتحەكەی هادی عامریش لەسەر زەوی هێزی هەیەو حیسابی موستەحەقی خۆی لە پشكێكی سەنگینی ئەمنی‌و سەربازیی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە. رەنگە وابێ عەبادی سەرۆك بێت‌و سەدر باوكی رۆحانی‌و عامریش دەستی پۆڵاینی تەمبێكردن بێت بۆ هەر هێزێك دژی پشكەكانی ماڵی شیعە بێت. بۆ ئەوەی كورد‌و سوننەش نەبنە كارەكتەری ئۆپۆزسیۆن دەكرێ وا بكەن لقی چوارەمی پێكهاتەی شیعە (دەوڵەتی قانوون-ەكەی مالكی) لە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆندا كارا‌و كاریگەر بێت. كێ ئەم مەتەڵە هەڵدێنێ؟ ئەوە سوننەیە لەدوای كەوتنی سەدام هەر بچووك دەكرێتەوە، لێ دەروجیرانی عەرەبی عروبی‌و سوننەی عوسمانلی دەیانهێننەوە كایە، بەو حاڵەشەوە ئەمجارەش لاوازكراونەتەوە، بۆیە تازە مەگەر لەچوارچێوەی كەینوبەینی ئیقلیمی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكەدا رۆڵیان بۆ مسۆگەر بكرێتەوە، كە بەشی عیراقیشی تێدابێت، دەنا لە ناوخۆی عیراق ژێرخانی هێزیان تەفروتوناكراوەو بەتەنیا وەك سوننی عیراقی نابنە هەقداری بەهێز. ئەم باسە بۆ خەفەتخواردن لە سوننە نییە، كە هەشتا ساڵ خەفەتیان دایە كوردی بەلەنگاز، بەڵكو بۆ تەجرەبەو عیبرەتە، ئەگەر گەرەكمانە شتێك فێربین. دوو ساڵی چووە كوردستان بە كۆمەڵێك زام و برینەوە هەوڵی هەڵسانەوە دەدات، بیرۆكە زۆرە بۆ ئەوەی گەڵاڵەنامەی هەبێت داخۆ چی بكات؟ بەس وەختی ئەوە نییە بیرۆكە بە تەجرەبەی هەڵەو ڕاست بسپێرین، بیرۆكەی سەددەرسەت ڕاستمان دەوێت، ئەم بیرۆكانە ئیرادەی كاری دەوێت كە بتوانێت برینەكان ساڕ‌ێژ بكات. یەكبوونو بەرنامەی هاوبەش گرنگە، كۆبوونەوەكەی هەولێریش هەنگاوێكی لەجێی خۆیدایە، بەڵام هەموو شتێك نییە. دەتوانێ كۆدی مەتەڵ بكاتەوە. كە كۆد كرایەوە، دەزانین لەودیوو چی هەیەو دەبێ چی و چۆن كار بكرێت؟. - کوردستانی نوێ
■ نیاز عه‌بدوڵڵا... له ئایاری ساڵی 2006 له كاتی ئاماده‌بوونی له رێوره‌سمی سوێندخواردن و ده‌ست به‌كاربوونی كابینه‌ی 5ی یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له په‌یامێكیدا له‌ناو ئاماده‌بووان وتی "ئه‌گه‌ر كوردستان به‌هێزبێ ئه‌وا به‌گشتی عێراق به‌هێز ده‌بێ و ئه‌گه‌ر كوردستان یه‌كگرتوو بێ ئه‌وا عێراق هه‌مووی یه‌كگرتوو ده‌بێ، ئه‌گه‌ر كوردستان فیدڕاڵی بێ ئه‌وا عێراقیش فیدڕاڵ ده‌بێ." به تێپه‌ربوونی 12 ساڵ به‌سه‌ر قسه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، هه‌رێمی كوردستان هێشتا خاوه‌نی حكومڕانییه‌كی دیموكرات و حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی به‌هێز نییه و گه‌نده‌ڵ و پێشێلكاری بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤه. له‌ناوخۆدا نه‌ك هه‌ر یه‌كگرتوو نییه، هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌میشه وه‌ك بژارده‌ی دووه‌می پارتی و یه‌كێتی دژ به یه‌كتر و هێزه سیاسییه‌كانی تر ئاماده‌یی هه‌یه. بنه‌ما و ده‌سه‌ڵاته فیدڕاڵییه‌كانی هه‌رێم به دروستی و به ئامانجی حوكمڕانییه‌كی باش پیاده نه‌كراون و به‌رگرییان لێ نه‌كراوه، سیاسه‌تی پیادهكراوی ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌ربازی هه‌رێم بۆته هۆی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی قه‌واره‌ی سیاسی و فیدڕاڵی هه‌رێم. عێراق له ساڵی 2012 بووه ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پیشه‌سازییه ستراتیجییه‌كان (نه‌وت و گاز)، له‌به‌ر پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی توانی له ریزبه‌ندی ده‌یه‌می گه‌نده‌ڵترین و ناشه‌فافترین وڵاته‌كانی جیهان بێته ریزبه‌ندی یانزه‌م. به‌ڵام له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 ئه‌ندامییه‌تی عێراق هه‌ڵپه‌سێردرا، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی هه‌رێمی كوردستان به پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی هه‌نارده و داهاتی كه‌رتی نه‌وت و گاز به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كانی عێراق بۆ رێكخراوه‌كه. به‌پێی پێوه‌ره‌كان ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی راپۆرته پیشكهشكراوهكانی عێراقی فیدڕاڵ راپۆرته‌كانی خۆی پێشكه‌ش به ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بكات، به‌ڵام به درێژاریی 7 ساڵی رابردوو هه‌رێمی كوردستان نه‌ك هه‌ر له‌ناوخۆی هه‌رێم راپۆرتی تایبه‌ت به شه‌فافییه‌تی له‌و كه‌رته پێشكه‌ش به په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی نه‌كرد، به‌ڵكو نه‌یتوانی ببێته پشتیوان و هانده‌ری عێراقیش بۆ پابه‌ندبوونی به بنه‌ماكانی شه‌فافییه‌ت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چه‌ندین ئاستی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵی به پێشێلكردنی ده‌ستوور تاوانباركردووه و ره‌خنه‌ی له شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نادیموكراتی گرتووه، له‌ناوخۆی هه‌رێمیشدا نه‌یتوانیوه په‌رله‌مانێكی به‌هێزتر له به‌غداد و هه‌ڵبژاردنی خولی و خاوێنتر و، خاوه‌ندارێتی ئه‌نجوومه‌نێكی به‌هێزتری دادوه‌ری بكات. بۆ نموونه; به‌پێی مادده‌ی 89ی ده‌ستوور پێویسته ده‌زگای داواكاری گشتی به‌شێك بێت له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌زگا گرنگه خراوه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له وه‌زاره‌تی داد. كوردستان كه به‌شێكی ده‌سه‌ڵاته فیدڕاڵییه‌كان و بنه‌ماكانی حوكمڕانییه‌كی ره‌شیدی پیاده نه‌كردووه، به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانی حكومه‌تی عێراق نه‌بوون به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر ململانێی سیاسی نادادپه‌روه‌ر و نادیموكراتی جێبه‌جێی نه‌كردووه. وه‌ك جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 120ی ده‌ستووری عێراق كه رێگا به بوونی ده‌ستوورێكی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، به‌ڵام كاركردن بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی قۆرخكار به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م هاتنه بوونی ده‌ستووری هه‌رێم. هه‌رێم به بانگه‌شه و دروشمی حیزبی و میدیایی نابێت به عێراقێكی جیاوازتر له‌و عێراقه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت، پێویسته له‌ناوخۆ و له ئاستی عێراقیش كار بۆ به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوی حوكمڕانییه‌كی دیموكرات و ره‌شید بكرێت، نه‌ك هه‌رێم سه‌ركه‌وتنی خۆی له شكستی عێراقدا ببینێته‌وه و ئه‌وه بكاته بنه‌مای جیاوازییه‌كانی.
■ سەلام عەبدولڵا.. ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش ماوەیەك رایگەیاند كە سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكان كە بە حەشدی شەعبی ناوزەد دەكرێت بەسەر داعش دا سەركەوتن و بەجۆرێك پێناسەی دەكرد كە گوایە ئیدی كۆتایی داعش هاتووە وڵات بەرەو سەقامگیری دەڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرانی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و شارەزایانی دیاردەی داعش ئەو ڕاستیەیان دەزانی كە داعش تەنها بە هێزی چەكداری كۆتایی نایەت، چونكە ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە بنەمایەكی مێژووی قووڵی هەیەو پشت بە كۆمەڵێك دەق دەبەستێت كە تا ئێستا كاریگەری لەسەر مێشك و رەفتارو هەڵسوكەوتی خەڵكێكی زۆر هەیە كە هەندێكیان مەرج نییە بەناوی داعشەوە بن، بەڵام لە گەوهەردا هەر یەكن، بۆیە هەمیشە لایەنگرو هەواداران و تیرۆریستانی نوێی بۆ پەیدا دەكەن و بەو پێیەش تەنها بە هەڵمەتی سەربازی لەناو ناچن و لە هەل و مەرجی نوێ‌دا سەرهەڵدەدەنەوە. زۆرینەی سیاسییەكانی عێراق وایاندەزانی بە كەوتنی مووسڵ كۆتایی داعش‌یش دێت، بەڵام واقیع پێچەوانەی سەلماند، ئەوەتا ئێستا لە زۆربەی ئەو ناوچانەی دەركرابوون و راونرابوون سەرهەڵدەدەنەوە و چالاكی تیرۆریستی خۆیان دەكەن، چونكە لە گرتنی مووسڵدا وا چاوەڕوان دەكرا كە بە هەزاران داعش كە لەنێو شاری مووسڵدا بوون بكوژرێن یان دەسگیر بكرێن كەچی بە گرتنەوەی مووسڵ لە پڕۆسەیەكی تەمومژاویدا ئەو هەموو داعشە ون كران و دیارنەمان كە پێویستە بە گومانەوە سەیر بكرێت، هەروەك چۆن تەسلیم كردنی ئەو شارە گەورەیە لە ماوەیەكی یەكجار كەمدا و بۆ تەنها چەند سەد داعشێك جێ گومان و رامانە كە بۆ سوپای عێراق داكۆكیەكی ئەوتۆی لەو شارە نەكرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەكی قورس و گەلێك مۆدێرنی ئەمەریكی بەلێشاو بۆ بەجێهێشتن. بە هەمان شێوەش سوپای عێراق لەناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم بێ شەڕ و تەقە كشایەوە و ئەو ناوچانەش بۆ داعش بەجێ هێشت كە پێشمەرگە قارەمانەكانی هەرێمی كوردستان بەخێرایی فریای ئەو ناوچانە كەوت و نەیهێشت بكەوێتە دەست داعش. ئێستا كە ئەو ناوچە كوردستانیانە كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بێ پاساو تەسلیمی سوپا‌و میلیشیا عێراقییەكان كرایەوە ئەوا جارێكی تر ئەو ناوچانەی خستۆتە بەردەم داعش و هێزەكانی خۆیان لەو ناوچانە دوورخستۆتەوە كە گومان دەكرێت مەبەست لەو كشانەیەوە رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ داعش كە مەبەست لێی راونانی دانیشتوانی كوردی ئەو دەڤەرەیەو بە واتایەكی تر تەعریب لەژێر هەڕەشەی داعشدا كە ئێستا نە سوپای عێراق و نە میلیشیای حەشدی شەعبی ناتوانن بە ئاشكرا ئەو كارە ئەنجام بدەن و چۆڵ كردنی ئەو ناوچانە لە كورد بخەنە ئەستۆی داعش. بۆیە ئێستا هاوپەیمانان لە هەوڵی ئەوەدان پێشمەرگە بگێڕنەوە بۆ ئەو ناوچانە و بە هاوكاری لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن.
■ دڵشاد ئەنوەر .. ته‌قینه‌وه‌ى كۆگاكانى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربه هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، سه‌ره‌تا له هه‌ولێره‌وه ده‌ستیپێكرد، دواتر گه‌یشته سلێمانى و ئه‌مڕۆش له دهۆك كۆتایى هات. سه‌ره‌تا گرنگه هه‌موو لایه‌ك بیزانێت، ئه‌و كۆگایانه نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه به‌ڵكو ته‌قێنراونه‌ته‌وه، به ده‌لیلى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه: 1-گه‌ر هۆكارى ته‌قینه‌وه‌ى ئه‌و كۆگایانه، شۆرتى كاره‌با بێت، ئه‌وا مه‌عقول نیه شۆرتى كاره‌با به ته‌سه‌لسول و له‌یه‌ككاتدا، كۆگاى هه‌رسێ پارێزگاكه بگرێته‌وه، شۆرتى كاره‌با سوتفه ساڵى جارێ یان زیاتر له جێگه‌یه‌كى دیاریكراو ڕووده‌دات. ئینجا گه‌ر هۆكاره‌كه به‌رزى پله‌ى گه‌رمیش بێت، خۆ ناكرێ پله‌ى گه‌رمى هه‌ولێر و دهۆك به‌راورد بكرێ، پله‌كانى گه‌رما جیاوازن و كه‌س بڕوا به‌وه ناكات، گه‌رماى هه‌ولێر و دهۆك به‌راورد بكرێ به‌وه‌ى هه‌ردووكیان بوونه‌ته هۆى ته‌قینه‌وه، له‌كاتێكدا دوو ناوچه‌ى دوور له‌یه‌ك و جیاوازن له‌ڕووى كه‌ش و هه‌واوه. 2- ته‌قینه‌وه‌ى كۆگان به زنجیره‌ى یه‌ك له دواى یه‌ك، ئه‌وه‌ى لێده‌خوێنرێته‌وه كه مه‌سه‌له‌كه پلان بۆ دارێژرراوه و پێشوه‌خت یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌رى رێكه‌وتوون. 3-هه‌ندێ رۆژنامه‌وان و كه‌ناڵى نافه‌رمى، هۆكارى ته‌قینه‌وه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌گێرنه‌وه گوایه ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان پلانن و بۆ شاردنه‌وه‌ى چه‌كه دزراوه‌كان، ئه‌مه له‌ڕووى مه‌نتقیه‌وه نه‌گونجاوه، چونكه: یه‌كه‌م/ هیچ لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له پێدانى چه‌ك به هه‌رێم پێكنه‌هێنراوه، تا ئه‌مان له‌ترسى لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆگاكان بته‌قێننه‌وه. دووه‌م/ پارتى و یه‌كێتى خۆیان خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى موتڵه‌قن، له‌ناوخۆى هه‌رێمیش كه‌س ناتوانێت لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بكات كه‌چه‌كیان لایه، بۆیه كه‌واته خۆیان ئازادن له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كانه و هیچ مه‌ترسیه‌ك له ئارادا نیه تا كۆگاكانیان بیته‌قێننه‌وه. سێیه‌م/ گه‌ر ئهمهریكاو هاوپه‌یمانان بیانه‌وێت لێكۆڵینه‌وه له‌و چه‌كانه بكه‌ن كه داویانه‌ته هه‌رێم، یه‌كێتى و پارتى دڵنیان ناتوانن به‌م ته‌قینه‌وانه هاوپه‌یمانان فریو بده‌ن ، چونكه سوتاندنى كۆگاكان ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده كارێكى ساویلكانه‌یه بۆ تاكێكى ئاسایش جێگه‌ى پێكه‌نینه، چا ج چاى ئه‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه به‌و هه‌موو ئیمكانیاتانهوه فریو بده‌ن ! واته ئه‌مان ده‌زانن هاوپه‌یمانان و وڵاته زلهێزه‌كانیان پێ فریو نادرێت، بۆیه ناچن كۆگا بته‌قێنه‌وه. 4-گریمان ته‌قینه‌وه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌كێشه‌ى ناوخۆى حیزبه‌كانه‌وه هه‌یه، باشه گه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكانى سلێمانى ده‌ستى تهكهتولێكى دیاریكراوى له پشته‌وه بێت، یان ئه‌وانه‌ى هه‌ولێریش په‌یوه‌ندیان به ناكۆكیه ناوخۆییه‌كانى پارتیه‌وه هه‌بێت. ئه‌ى باشه بۆ ته‌قینه‌وه‌كان به زنجیره‌و له‌سنورى پارتى و یه‌كێتى به‌دواى یه‌كدا ڕویاندا ؟ تۆ بڵێى ته‌كه‌توله نارازیهكانى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ یه‌ك رێككه‌وتبن و پێكه‌وه كاره‌كه‌یان ئه‌نجامدابێت، كه‌واته ئه‌مه‌ش خارجى مه‌نتقه، واته گه‌ر كێشه‌ى ته‌كه‌تول بووایه، نه‌ده‌بوو هه‌ردوو زۆنهكهى بگرتبایه‌ته‌وه. 5- شێوازى ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكانى ته‌قه‌مه‌نى ، ته‌وقیته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان، زوو ئاماده‌بوونى هێزه ئه‌منیه‌كان و رێگرى كردن له ڕوماڵى رۆژنامه‌وانان، ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن كه كۆگاكان به‌پلان و رێككه‌وتنى هه‌ردوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه. 6-ئایا ته‌قاندنه‌وه‌ى كۆگاكان پلانێكى وڵاتانى ئیقلیمیهو به‌یه‌كێتى و پارتى خۆیان هه‌رێمیان له‌چه‌ك داماڵى ، یاخود ئاماده‌كاریه بۆ ته‌سلیم كردنى پێشمه‌رگه به عێراق ، به‌وه‌ى كه ئه‌مان ئاماده‌نه‌بن چه‌كه‌كان بده‌نه عێراق و پێشوه‌خت بیته‌قێننه‌وه، یاخود هۆكارى تر‌ى له‌پشته، بێگومان داهاتوو وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه.
■ عەبدوڵا حەوێز ... لە زاری رۆیتەرز و رۆژنامەنوسێکی تری بیانی کە لەوێ بوون. - شەری پردێ بەشێک بوو لە شەری کۆنترۆڵکردنی تەواوی پارێزگاى کەرکووک چونکە پردێ (واتە ئاڵتون کۆپری) دوا ناچەى پارێزگاى کەرکووکە، لە دەرەوەى پردێوە ئیتر بە پارێزگاى هەولێر هەژمار دەکرێت - بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئامانجی هێزە عێراقیەکان کۆنترۆڵکردنی پردێ کە دوا خاڵی پارێزگاى کەرکووک بووە و توانیویانە لە دواى شەڕێکی سێ کاتژمێری کۆنترۆڵی بکەن (١) - واتە شەری پردێ تەنها سێ کاتژمێری خایاندووە و بە کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکە لەلایەن هێزە عێراقیەکان تەواو بووە - پەیامنێری رۆژنامەى لۆس ئەنجۆس تایمز کە لە کاتی شەرەکە لەوێ بوو دەڵێت هێزە عێراقیەکان تەنها فەرمانی ئەوەیان پێ‌بوو کە شارۆچکەى پردێ کۆنترۆڵ بکەن و ئامانجیان نەبوو چیتر پێشرەوی بکەن لە دەرەوى پارێزگاى کەرکووک (٢). - وەک لە ڤیدیۆکانیش دەردەکەوێت، هیچ روبەروبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەنێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە رووینەداوە، هەرچەندە هەندێ چەکی قورسی وەک هاوەن و تۆپ لەلایەن پێشمەرگەوە دەتەقێنرێن بەڵام وەک لەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت (٣) هیچ ئامانجێکی دیاریکراو نیە و زیاتر پیشاندانیەتی وەک شەرێکی راستەقینە. ئەو هێزانەى پێشمەرگە وەک لە سەیتەرەکە دەرکەوێت لە سنوری پارێزگاى هەولێرن و هیچ پێشرەویەک لەلایەن هێزە عێراقیەکان بۆ سنوری پارێزگاى هەولێر نیە. . سەرچاوەکان: ١- https://uk.reuters.com/…/iraqi-forces-complete-kirkuk-provi… ٢- https://twitter.com/nabihbulos/status/990468238285987841 ٣- https://www.youtube.com/watch?v=2Ld_wBuh50w
■ نیاز عه‌بدوڵڵا.. له ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێك 4 كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و زێره‌ڤانی له هه‌ولێر و سلێمانی ته‌قیونه‌ته‌وه و سوتاون، كه بریتین له; یه‌كه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زێره‌ڤانی له گوندی ره‌شكینی نزیك گه‌ڕه‌كی 32ی پارك له هه‌ولێر. دووه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له باره‌گای فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی له‌سه‌ر شه‌قامی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز. سێیه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له ناحییه‌ی به‌حركه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر له به‌رامبه‌ر گوندی هه‌رشه‌م. چواره‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی 70 له ناوچه‌ی تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی. جگه له بیانووه دووباره وتراوه‌كانی وه‌ك "شۆرتی كاره‌با" و "خراپ هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌كان" و "به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما" وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌ییه‌كانی یه‌كه‌كانی 70ی یه‌كێتی نیشتیمانی و 80ی پارتی دیموكرات، زانیارییه‌كی جیاوازتریان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری فرۆشتنی چه‌كه‌كانی ناو ئه‌و كۆگایانه یان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه بۆ ژێر ركێفی پارتی و یه‌كێتی و، شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی گه‌نده‌ڵی نه‌خستۆته روو. ئه‌مه له كاتێكدایه گومان له‌سه‌ر بردن و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه هه‌یه كه له لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه دراونه‌ته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و، پێشتریش لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه نووسراوی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه كردووه. له ساڵی 2016 ه‌وه وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژ به داعش له ناویاندا وڵاتی ئه‌ڵمانیا به تووندی ره‌خنه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتووه، به‌هۆی فرۆشتنی ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ هاوكاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش درابوونه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌ڵام دواتر له بازاڕه‌كانی مامه‌ڵه پێكردنی چه‌ك بیندرانهوه، له ناویاندا چه‌كی جۆری "میلانۆ" كه چه‌كی دژه تانك بوو. له‌ناو هه‌لومه‌رجی نا دامه‌زراوه‌یی و یه‌كنه‌گرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و خاوه‌نداریكردنی میلیشیای حیزبی له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی، ململانێی خۆ پڕچه‌ككردنی ئه‌و هێزانه به‌رده‌وامی هه‌یه. چونكه ئه‌و دوو حیزبه ژماره‌ی هێزه‌كانیان و جۆری چه‌كه‌كانیان رۆڵی بینیوه له ده‌رخستنی هێزی سیاسی‌یان له وه‌ستانه‌وه‌ی دژ به یه‌ك و هاوپه‌یمانێتییه‌كانیان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامانی گشتی. دواتریش بیندران ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش درابوونه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بۆ سه‌ركوتكاری دژ به خۆپیشانده‌ران له مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 له سنووری پارێزگای سلێمانی به‌كارهێندران. له‌گه‌ڵ سوتانی به دوای یه‌كی كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له ماوه‌یه‌كی كورتدا، گومانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن به‌رامبه‌ر به ئه‌گه‌ره‌كانی شاردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كان و به‌كارهێنانیان بۆ مه‌رامی حیزبی. بۆیه دووكه‌ڵی سوتاوی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان گومانه‌كان كۆتایی پێناهێنێت، به‌ڵكو شه‌فافییه‌ت و ئاشكراكردنی راستی رووداوه‌كان و به دامه‌زراوه‌یی بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌توانێت وه‌ڵامی راستی رووداوه‌كان بداته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌م رووداوانه هاوكاتن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت به‌پێی مادده‌ی 9ی ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بكات له چوارچێوی هێزه‌كانی سوپای عێراق، له‌ناویاندا بابه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی چه‌ك.
■ دانا حەمەعەزیز.. دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر ڕێکەوتنەکەی تاڵەبانی و بارزانی لەبەردەم مادلین ئۆلبرایت، تەنها یەك هەنگاویش بۆ ئاشتی نەنراوە، سنورەکان تۆختر و سەنگەرەکانی شەڕی ناوخۆ قایمتر کراون، تەنانەت بە درێژایی چیای سەفین چەندین قەڵا و بنکەی سەربازی مۆدێرن درووستکراون، سەیتەرەوانەکانی دێگەڵە و کا موسەك و دۆڵی ئالانە و خانەقا دڕتر بوون. ئازادیی و پرۆسەی سیاسی لە هەولێر وبادینان بەتەواوی کۆتایی پێهاتوە و پارتی هەموانی کردۆتە دەرەوە و بە حزبەکانی سلێمانی ناویان ئەبا! یەکخستنەوەی ئیدارەکان نەك کۆتایی بە دوو ئیدارەیی نەهێناوە، بەڵکو شاڵاوێکی مەترسیداری بۆ گۆشەگیرکردن و فەرامۆشکردنی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك بەدوای خۆیدا هێناوە. چ تاونێکە لە زیادە پارەی دزراوی نەوت، بودجەی گوندێکی وەك ئامێدی دوو هەزار ئەوەندی بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بێت، کەرکوک لە کاولە بچێ و جادەی کەلار و ڕانیە ڕێگەی مەرگ بن. هیچ بایەخێك بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت وگاز نەدراوە لە دەڤەری سلێمانی وگەرمیان. لەگەڵ شەڕی داعشدا پارتی بیرە نەوتەکانی دبس کە لە سەدا هەفتای نەوتی کەرکوکە، دابڕی و سنوری ئەمبەر و ئەوبەری (زێ)ی داهێنا و پردێی کردە سنور. میلانەکانی ئەڵمانیا لای پارتین و کۆمەکەکانی دەرەوە بۆکورد هەمووی لە بادینان و هەولێر یان زۆنی ئاب گل ئەدرێنەوە. خراپیی حوکمڕانیی یەکێتی لەباسکردن نایە، بەڵام ئەوەی ڕوونترە دەسەڵاتی هەولێر خێری ئەم دەڤەرەی ناوێ، بەجوۆرێك چاوی بە خوێندکارێکی گەنجیش کە لێرە یەکەم ئەبێ هەڵنایە و، شەرێكی بۆ دروست ئەکا! ٢٧ ساڵە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك باجی جوگرافیا ئەدەن، برایم خەلیلیش لەجیاتی خێر، وەك چەکێکی کوشندە دژی ئەم ناوچەیە بەکار ئەهێنرێ. فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەو تاکە دەروازەیەی ئێرەی بەدنیای دەورەو ئەبسەتەوە، بەهۆی ڕیفرادۆمەوە، لە موئامەرەیەکی نێوان ئەنقەرە و هەولێردا، نیمچە داخراوە. سەدامیش هەر ئەوەی دەیوست کە هەولێر پایتەختی سلێمانی و گەرمیان بێ بەڵام پایتەختێکی زاڵم، زاڵمتر لەعهدی خۆی! ٢٧ ساڵ زۆرە، دەڤەری شۆڕش و قوربانی و ڕاپەڕین لەژێر ڕەحمەتی زوڵمی هەولێردابێ، هەولێرێك کە خۆی داگیرکراوبێ. ئیتر چاوەڕێی چین و لە پێناوی کەم دەسکەوتدا گەرمیان و سلێمانی و کەرکوك برسی و گۆشەگیر ئەکەن، غیرەت و شەهامەت ئەوەیە ئەم زوڵمەی لەسەر هەڵگرن، ژیانی بۆ بگێڕنەوە و بە بەغدای ببستنەوە.
